چارەنوسی موچە پاشەكەوتكراوەكان چۆن یەكلادەكرێتەوە؟
2019-03-08 19:00:03
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
دواجار دوای زیاتر لە 3 ساڵ و رەوانەكردنی (522 ملیار) دینار لەلایەن بەغداوە، بڕیاری هەڵوەشانەوەی تەواوەتی پاشەكەوتی موچە درا، كە لە ئێستادا داهاتەكانی هەرێم زیاتر لە( یەك ترلیۆن دینار)ەو حكومەت دەتوانێت كۆی موچە بدات و مانگانەش بەشێك لە پاشەكەوتی موچەی موچەخۆران بداتەوە.
نەوت و پاشەكەوتی موچە
بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری بڕیاری پاشەكەوتی موچە دەگەڕێننەوە بۆ ( قەیرانی دارایی و دەركەوتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە).
رەنگە هەر یەك لەو هۆكارانە كاریگەری خۆیان هەبێت، بەڵام هۆكاری راستەقینە، رێكنەكەوتنی حكومەتی هەرێم و بەغداد بوو لەسەر پرسی نەوت و دواجار بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی بڕی و لەوێوە قەیرانی دارایی لە هەرێم درووست بوو.
حكومەتی عێراق تا ساڵی 2013 بەشە بودجەی هەرێمی دەنارد كە ساڵی 2013 مانگانە بڕی ( یەك ترلیۆن و 200 ملیار دینار)ی بۆ هەرێم دەنارد كە ( 850 ملیار) دیناری بۆ موچەو ( 350 ملیار) دیناریشی بۆ وەبەرهێنان و خەرجیەكان بوو، كە ساڵانە دەیكردە ( 14 ترلیۆن و 400 ملیار ) دینار، لە پرۆژە بودجەی 2014 ی عێراقدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندكرا بە رادەستكردنی ( 400 هەزار بەرمیل ) نەوتی رۆژانە، بەڵام هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو بەو بڕیارەو لەسەرەتای ساڵی 2014دا حكومەتی عێراق پشكی هەرێمی بڕی، لەوێوە قەیرانی دارایی روبەرووی هەرێم بووە كە ( 6) مانگ پێش دەركەوتنی داعش بوو ( داعش لە 10/6/2014 دەركەوت)، بۆیە سەرچاوەی قەیرانی دارایی هەرێم، رازی نەبوونی حكومەتی هەرێم بوو بە رادەستنەكردنی (400 هەزار) بەرمیل نەوت بە بەغدا و برینی بەشە بودجە.
بڕیاری پاشەكەوتی موچە
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری ژمارە ( ٦٤)ی (3/2/2016 ) سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران وموچەخۆرانی دەركرد. كەبەپێی سیستمەكە موچەی فەرمانبەران بەپێی زۆرو كەمی موچەكانیان پاشەكەوت دەیانگرتەوە بەشێوەیەك كەلە ( ۱٥٪ بۆ ۷٥٪ )ی موچەكانیان بۆیان پاشەكەوت دەكرا.
لە 28/3/2018 دا و لەژێر فشاری توندی خۆپیشاندەراندا حكومەتی هەرێم دەستكاری پاشەكەوتی موچەیكرد بە جۆرێك لە ( 10% بۆ 75%)ی پاشەكەوتەوەو كەمكرایەوە بۆ ( 10% بۆ 30%) جگە لە پلە تایبەتەكان.
سەرئەنجام ئەمڕۆ 8/3/2019 حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیەكجاری پاشەكەوتی موچەی هەڵوەشاندەوە، كە ئەم بریارەی دوای گەیشتن و دڵنیابوون لە ناردنی (522 ملیار) دیناری مانگانە لەلایەن بەغداوە بوو، كە ئەم بڕیارە تەنها بۆ یەك ساڵە، كە سەرەرای چەسپاندنی لە بودجەی گشتی 2019ی عێراق رێكەوتنی بەرپرسانی هەرێم و حكومەتی عێراقی لەسەرە، بەڵام دەبێت لە ساڵی داهاتوو هەرێمی كوردستان رێكەوتنی تەواو بكات لەگەڵ بەغداد لەسەر پرسی نەوتەكەی.
چارەنووسی موچە پاشەكەوتكراوەكان
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆری موچە قەرزاری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە لە 3/2/2016 تا 8/3/2019 بەم شێوەیە:.
• لە ساڵی 2015 موچەی تەواوی مانگەكانی ( 9 – 10 – 11 -12 )ی موچەخۆران پاشەكەوتكراوە كە مانگانە كۆی موچە لەو كاتەدا ( 850 ملیار ) دینار بووە موچەی تەواوی هەر چوار مانگەكە دەكاتە ( 3 ترلیۆن و 400 ملیار دینار)
• لە ساڵی 2016 نیو موچەی 12 مانگا دەكاتە ( 5 ترلیۆن و 100 ملیار) دینار.
• لە ساڵی 2017 نیو موچەی 12 مانگا دەكاتە ( 5 ترلیۆن و 100 ملیار) دینار.
• لە ساڵی 2018 سێیەكی موچەی 12 مانگا دەكاتە ( 2 ترلیۆن و 550 ملیار) دینار.
كۆی گشتی موچەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆران لای حكومەتی هەرێم دەكاتە ( 16 ترلیۆن و 150 ملیار دینار)، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزاری موچەخۆرانی هەرێمە.
بە نمونە ئەگەر موچەی مامۆستایەك وەربگرێن كە موچەكەی (یەك ملیۆن) دینار بووبێت، كە ( 400 هەزار دیناری پێدراوەو 600 هەزار دیناری بۆ پاشەكەوتكراوە) بەرێژەی 60%، بەو پێیە چەند قەرزی لای حكومەتە:.
• لە ساڵی 2015 موچەی تەواوی مانگەكانی ( 9 – 10 – 11 -12 )ی موچەخۆران دەكاتە ( 4 ملیۆن دینار)
• لە ساڵی 2016 نیو موچەی 12 مانگا دەكاتە ( 7 ملیۆن و 200 هەزار ) دینار.
• لە ساڵی 2017 نیو موچەی 12 مانگا دەكاتە 7 ملیۆن و 200 هەزار ) دینار.
• لە ساڵی 2018 بڕی پاشەكەوت كەمكرایەوە بۆ 20% و موچەی 12 مانگا دەكاتە ( 2 ملیۆن و 400 هەزار) دینار.
كۆی گشتی موچەی پاشەكەوتكراوی مامۆستایەك ئەگەر موچەكەی ( یەك ملیۆن ) دینار بوبێت، ئەوا دەكاتە ( 20 ملیۆن و 800 هەزار دینار).
داهاتی ئێستای حكومەت چەندە؟
ئێستا حكومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2019 مانگانە بڕی (522 ملیار) دینار لە بەغداوە بۆ دێت، لەگەڵ داهاتەكانی تری ناوخۆ كۆی داهاتەكەی دەبێتە ( یەك ترلیۆن و 44 ملیار دینار) سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمیش بەم شێوەیەیە:
• بڕی (522ملیار)دینار لە بەغدادەوە بۆ هەرێم دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران دەبێتو بڕی (68 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت .
• سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت زیاتر لە (700 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرزو خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (500 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە.
بەپێی دوایین راپۆرتی ( دیلۆیت) لە مانگەكانی ( تەموز ، ئاب ، ئەیلولی 2018 ) مانگانە حكومەتی هەرێم بایی ( 754 ملیۆن دۆلار) نەوتی فرۆشتووە.
• داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت.
• ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (24 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەداتو ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت.
بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێكو 167ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (881 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكاتو سەرباری ئەوەش (286ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە.
واتا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها بڕی ( 359 ملیار) دیناری پێویستە بۆ موچەی موچەخۆران بەو پێیەی بڕی ( 522 ملیار ) دیناری لە بەغداوە بۆ دێت تەواوكاری تا ( 881 ملیار دینار)ی موچە دەكاتە ( 359 ملیار ) دینار، لە كاتێكدا كۆی داهاتەكانی هەرێم بەبێ پارەكەی بەغداد زیاتر لە ( 700 ملیار دینار)ە.
بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ موچە بڕی ( 286 ملیار) دیناری بۆ دەمێتەوە ئەتوانێت مانگانە ( 100 ملیار دینار) تەرخانبكات بۆ دانەوەی پاشەكەوتی موچە.