وردەكاری دابەشبوونی پۆستەكانی هەرێم
2019-03-05 12:11:54
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
چارەنوسی زیاتر لە 80%ی كۆی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت لەنێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕاندا یەكلابوەتەوەو تەنیا چەند وەزارەتێك ماوە كە هێشتا گفتوگۆیان لەسەرە.
پارتی دەیەوێت بەر لە جەژنی نەورۆز پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەت رابگەیەنێت، بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا)، پۆستەكانی كابینەی نوێ بەمشێوەیە بەسەر لایەنەكاندا دابەشبووە:
چوار سەرۆكایەتییەكە
هەر چوار پۆستە سەرۆكاییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی پەرلەمان- سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری) یەكلابونەتەوە.
• پۆستەكانی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت پارتی دیموكراتی كوردستان دەیبات، نێچیرڤان بارزانی یەكلابوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، مەسرور بارزانیش بۆ سەرۆكایەتی حكومەت.
• پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش یەكلابوەتەوە بۆ یەكێتی نیشتمانی، بڕیارە ئەو حزبە سبەی كاندیدی خۆی لەنێوان هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانیو رێواس فایەق) بۆ سەرۆكی پەرلەمان یەكلابكاتەوە.
• پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان یەكلابوەتەوە بۆ پارتی، سكرتێری پەرلەمانیش بۆ پێكهاتەكان.
• پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم یەكلابوەتەوە بۆ یەكێتیو (قوباد تاڵەبانی) كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
• پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی، یەكلابوەتەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم پۆستە نوێیەو لەم كابینەیەدا دروستدەكرێت.
• پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلابوەتەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕانو (مستەفا سەید قادر) كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام دەنگۆی خۆكاندیدكردنی (محەمەد تۆفیق رەحیم)یش هەیە بۆ هەمان پۆست، (درەو میدیا) لەبارەی خۆكاندیدكردنی، پەیوەندی بە محەمەد تۆفیق رەحیمەوە كرد، ئەو خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رەتیكردەوە.
• پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، ئەم پۆستەش پۆستێكی نوێیەو لەم كابینەیەدا دروستدەكرێت، ئەم پۆستە نوێیە بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە، زیادكردنی پۆستی یاریدەدەر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، لەبەرامبەر زیادكردنی پۆستی یاریدەدەرە بۆ سەرۆكی حكومەت، كە یەكەمیان بۆ گۆڕانەو دووەمیان بۆ یەكێتی.
• پۆستی سەرۆكایەتی دەستەی دادوەری هەرێمی كوردستان، ئەم پۆستە بۆ پارتی یەكلابوەتەوە.
بەركەوتی یەكێتی لە وەزارەتەكان
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەو پۆستە وزارییانەی كە تائێستا بۆ یەكێتی نیشتمانی یەكلابونەتەوە بریتین لە (5) وەزارەتو چەند دەستەو بریكارێك كە ئەمانەن:
• وەزارەتی كشتوكاڵ
• وەزارەتی تەندروستی
• وەزارەتی شارەوانییەكان
• وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام یەكێتی شەڕی وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ دەكات، واتە ئەمە هیشتا یەكلانەبوەتەوە
• وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەڵام پارتی دەیەوێت وەزارەتی پەروەردە بە یەكێتی بدات، واتە ئەمەش هێشتا یەكلانەبوەتەوە
• بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
• جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە
• سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
• چوار ئەندام لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان
• جگە لە پۆستەكانی هەرێم، بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی، پۆستی پارێزگاری كەركوكو وەزیری دادی عێراق كە پشكی كوردن، بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە
بەركەوتی گۆڕان لە وەزارەتەكان
لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم پۆستە وزاریانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابوەتەوە:
• یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی
• وەزیری دارایی
• وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە
• سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان
• ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە
• جێگری وەزیری ناوخۆ
• دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات
• بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت
• بریكاری وەزیری پەروەردە
بەركەوتی پارتی لە وەزارەتەكان
دوای لێدەركردنی پشكی یەكێتیو گۆڕان، ئەم پۆستانە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ماونەتەوە:
• وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
• وەزارەتی ناوخۆ (یەكلانەبوەتەوە)
• وەزارەتی رۆشنبیری
• وەزارەتی داد
• وەزارەتی كاروباری شەهیدان
• وەزارەتی پلاندانان
• وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە
• وەزارەتی ئەوقاف
• سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە
• سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
• دەستەی وەبەرهێنان
• دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم
• سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (پلەكەی وەزیرە)
• راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (پلەكەی وەزیرە)
• دەزگای گشتی كاروباری مین
• فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون
• فەرمانگەی میدیاو زانیاری
• وتەبێژی حكومەتو وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم
بەركەوتی لایەنەكانی تر
پێشبینی دەكرێت پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بەشداری پێبكات لە حكومەتو لە پشكی خۆی پۆستی وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراوان یاخود دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بدات بە كەسایەتییەك لە حزبی سۆسیالست.
ئەگەری بەشداریكردنی بزوتنەوەی ئیسلامیش لە حكومەت هەیە، پێدەچێت پارتی لە پشكی خۆی، پۆستێك بەو حزبەش بدات.
بڕیارە پێكهاتەكانیش (مەسیحی- توركمان) پۆستێك لە حكومەت وەرگرن، ئەم پۆستەش پارتی لە پشكی خۆی دەیدات.