Draw Media

توركیا لە باكوری سوریا سیاسەتی بەتورككردن پیادە دەكات

توركیا لە باكوری سوریا سیاسەتی بەتورككردن پیادە دەكات

2019-03-07 17:48:33


راپۆرتی: بی بی سی 
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ

ماوەی چەند ساڵێكە توركیا سەرقاڵی پتەوتركردنی هەژمونیەتی لە باكوری خۆرئاوای سوریا، ئەوەش بەلای هەندێك هەوڵێكی ئەنكەرەیە بە بەتورك كردنی ئەو ناوچانە تا لە داهاتوودا بەتەواوەتی بیانلكێنێت بە توركیاوە.
ئێستا توركیا چەند ناوچەیەكی خۆرئاوای رووباری فوراتی لەژێردەستدایە, كە هاوسنورن لەگەڵ سنورەكانی باشوری خۆرهەڵاتی توركیا، ئەو ناوچەیە لە شارۆچكەی جەرابلوس لە خۆرهەڵاتەوە دەستپێدەكات بۆ كانتۆنتی عەفرین لە باكوری خۆرئاوای سوریا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن.

ئەمە چۆن روویدا؟
ئامادەیی توركیا لە ناوچەكانی باكوری سوریا تەنها بواری سەربازیی نیە، بەڵكو دەسەڵاتدارانی توركیا، بە هاوكاری گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی زمان و رۆشنبیری توركین, لەگەڵ قۆرخكردنی پرۆژە ئابورییە سەرەكییەكانی ناوچەكە.
لە ئابی 2016 توركیا لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەناوی " قەڵغانی فورات" بۆسەر چەند ناوچەیەك دەستپێكرد, كە ئەوكات لەژێر دەسەڵاتی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" دا بوون‌و لە سەرەتای ساڵی 2017 هێزەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی زنجیرەی سنوری نێوان هەردوو وڵاتیان كۆنترۆڵكرد, كە لە جەرابلوسەوە لە خۆرهەڵات دەرێژدەبێتەوە بۆ ئەعزاز لە خۆرئاوا و ناوچەی باب لە باشوور.
ئامانجی ئاشكرای ئەوكاتەی توركیا شەڕكردن بوو دژی داعش، بەڵام ئامانجە ستراتیژییە گرنگەكەی ئەوە بوو بەربگرێت لە هەژمونی شەڕڤانانی كورد كە ئەمریكا پشتیوانیان لێدەكات بە ئاراستەی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات.
لە مانگی كانونی دووەمی 2018 توركیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی نوێیان لە ناوچەكە دەستپێكرد، كە ئەمجارەیان ئامانج لێی كانتۆنی عەفرین بوو, كە لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە لەژێر كۆنترۆڵی شەڕڤانانی كورددا بوو.
لەدوای كۆنترۆڵكردنی عەفرینەوە, چەندین رێكخراوی جیهانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ و میدیا و دەزگاكانی راگەیاند باس لە خراپبوونی دۆخی ئابوری و ئەمنیی و مرۆیی دەكەن لەو بەشەی سوریادا.


فولکەی کاوەی ئاسنگەر لە عەفرین

رێككەوتنی روسیا و توركیا
ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی عەفرین ماوەی دوو مانگی خایاند و لە كۆتاییدا هێزەكانی توركیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناوچەكەیان داگیركرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 130 هەزار هاوڵاتی كورد لە عەفرین و گوند‌و ناوچەكانی دەوروبەری ئاوارەبوون‌و  لە كەمپەكانی ناوچەی شەهبا لە ریفی حەڵەب و لە دوری تەنها چەند كیلۆمەترێك لە ماڵەكانیان نیشتەجێبوون و ئاوارەكانی ناوچەی دوما‌و غۆتەی خۆرهەڵات‌و حمس‌و حەما‌و كەسانی تری ناوچەكانی سوریای سەر بە گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن جێگەیان گرتنەوە.


تاڵانکردن لە عەفرین

تاوانی جەنگ
لیژنەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤی سەربە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكیدا كە 31ی كانونی دووەمی 2019 دەریكردووە دەڵێت:" زیاتر لە 50 گروپی چەكدار لە باكوری سوریا جێگیربوون و دانیشتوانی ئەو ناوچانە بە تایبەتی عەفرین كە زۆرینەیان كوردن بەدەست كردەوەی تاڵانكاریی بەردەوامی ئەو گروپە چەكدارانەوە دەناڵێنن، كە دەبوو ئەوانە خزمەتیان بكردنایە و پارێزگاریان لە هاوڵاتیان بكردایە، هەروەها یاساو رێككاری لە ناوچەكەدا بوونی نیە و حاڵەتەكانی وەك رفاندن‌و ئەشكەنجەدان و بڵابوونەوەی میلیشیا ژیانی خەڵكی كردووە بە دۆزەخ".
هاوڵاتیانی ناوچەكە دەڵێن زۆرجار سكاڵایان بردوەتە بەر پۆلیسی خۆجێی و دەسەڵاتدارانی توركیا، بەڵام هیچ سودێكی نەبووە.
راپۆرتەكە ئاشكراشیكردووە, زۆربەی ئەو كەسانەی دەڕفێندرێن و دەستگیردەكرێن كوردن، بە تایبەتی چالاكوانان كە رەخنە لە تاڵانكردن و پێشێلكاریی یاسا دەگرن لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە.
لیژنەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان چەندین راپۆرتی بەدەستگەیشتووە دەربارەی ئەو كردەوانەی كە هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن ئەو میلشیا چەكدارانەوە رووبەڕووی دەبنەوە‌و تەنانەت بۆ راییكردنی سادەترین كاروباری رۆژانەیان داوای بەرتیلیان لێدەكەن، بە تایبەتی لەو خاڵەكانی پشكنین كە لەناوچەكەدا دایانناوە.


بڕیارەكان لە توركیاوە دێن
دانیشتوانی ناوچەكە تێبینیان كردوە هێزە سەربازییەكانی توركیا لە عەفرین‌و ئەعزاز ماونەتەوە و بینای قوتابخانەكانی ناوچەكە بۆ ئامانجی سەربازیی بەكاردەهێنن لە عەفرین سەرەڕای ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كشاونەتەوە لە ناوچەكە.
دانیشتوانی ناوچەكە كە قسەیان بۆ ئەو لیژنەیەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە ئاماژەیان بەوەداوە, ناتوانن لە عەفرین و ناوچەكانی دەوروبەری بە ئازادی جموجوڵ بكەن، ئەگەر مۆڵەت یان بەڵگەنامەی رەسمی دەسەڵاتدارانی توركیایان پێنەبێت.
دانیشتوانی عەفرین ئاماژەیان بەوەشداوە كە دادوەران و پارێزەرانی سوریا بە هەماهەنگی وەزارەتی دادی توركیا نەبێت دانامەزرێنرێن و ئەفسەرانی پۆلیسی مەدەنی‌و سەربازی لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە مەشق‌و راهێنانیان پێدەكرێت.
ئەو كەسانەی كە لیژنەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كردون، باسیشیان لەوەكردووە فەرمانگەكانی كارگێڕی و جێبەجێكردن لە عەفرین زۆر ناكاران و ناتوانن ئەو پێشێلكاریانە چارەسەربكەن كە میلیشیاكان ئەنجامیدەدەن.
لیژنەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، جەختدەكاتەوە هۆكاری تەواوەتی هەن كە دەیسلەمێنن ئەو میلیشیانە لە عەفرین تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، وەك رفاندنی خەڵك و مامەڵەی توند و ئەشكەنجەدان و تاڵانكردن و گێچەڵكردن بە ژنان.


منداڵانی گوندێکی عەفرین دوای داگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە

ناسنامەی توركی
توركیا بەشێوەیەكی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو ئەنجومەنە خوجێیانە دەكات كە ناوچەكانی نێوان جەرابلوس و باب و عەفرین بەڕێوەدەبەن، ئەم ئەنجومەنانە سەربە بەناو " حكومەتی سوریای كات" ین، كە بارەگاكەی لە توركیایەوەو فەرمانبەرەكانی موچە لە حكومەتی توركیا وەردەگرن.
ئازاری رابردوو، بەرپرسێكی ئەو میلیشیا چەكدارانەی سەربە توركیا رایگەیاند، ئەنجومەنی عەفرین لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ویلایەتی ئەنتاكیا " هاتای" توركیایە كە هاوسنوری عەفرینە.
لە راپۆرتی حوزەیرانی 2018ی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ هاتووە: حاكمی هاتای دوو كەسی بۆ سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەبردنی عەفرین دامەزراندووە.
لە ناوچەی باب، دانیشتوانی ناوچەكە داواكارییان پێشكەشكردووە بۆئەوەی ناسنامەی نوێیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە پێبدرێت، كە لە حاڵەتی سەركەوتنی ئەو پرۆژەیەدا، ئەوا بەسەر ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانیدا جێبەجێدەكرێت.

كاروباری ئابوری و ئاسایش
توركیا لە ساڵی 2017ەوە هێزەكانی پۆلیسی ناوچەكە مەشقپێدەكات، گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوەوە, دەریدەخات لە شاری جەرابلوس، كارمەندانی پۆلیس سڵاو بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەنێرن و دروشمی " بژی توركیا بژی, ئەردۆغان دەڵێنەوە".
هەندێك ئەمە وا لێكدەدەنەوە كە بەرجەستەكردنی دەسەڵاتی گەشەسەندوی توركیایە لە سویاو لایەنگرانی توركیاش دەڵێن ئەردۆغان تەنها دەیەوێت پارێزگاری لە ناوچەكە بكات نەك زیاتر.
لەرووی ئابوریشەوە جگە لەو دامەزراوە و كۆمپانیایانەی كە لە توركیا تۆماركراون, رێگە بەهیچ لایەنێكی تر نادرێت لە عەفرین یان ناوچەكانی تر كاربكات و توركیا دوو سەنتەری بۆ خزمەتگوزاری پۆستی توركیا كردوەتەوە لە هەردوو شارۆچكەی جەرابلوس و باب، چاوەڕوانیش دەكرێت بەمزوانە لە عەفرینیش بیكاتەوە.
ئەم سەنتەرانە رۆڵی بانكەكان دەگێڕن‌و تاكە ناوەندی رەسمین كە دارایی هاتوو, رۆیشتوی ئەو ناوچانە تۆماردەكەن‌و پارێزگاری غازی عەنتابی توركیا نوێنەرانی خۆی نارد بۆ كردنەوەی شارێكی پیشەسازی كە دەكەوێتە نێوان باب و حەڵەب‌و بەڕێگایەكیشەوە بەستراونەتەوە بەیەكەوە كە توركیا بونیادی ناوە، بۆئەوەی ئاسانكاری بكات بۆ پرۆسەی هەناردەكردن‌و هاوردەكردن لە نێوان ئەو ناوچانە‌و توركیادا.

خوێندن‌و رۆشنبیری
توركیا لە كۆتاییەكانی 20018دا لقێكی زانكۆی حەرانی لە باب كردەوە، كە بەشەكانی ئەندازیاری كارەبا‌و كشتوكاڵ‌و بونیادنان لەخۆدەگرێت بە زمانەكانی عەرەبی و توركیی و ئینگلیزی، لە عەفرینیش خوێندنگەیەكی ئامادەیی ئیسلامی توركی كراوەتەوە كە هاوشێوەی خوێندنگەی  پێگەیاندنی" ئیمام و خەتیب" ە، لەگەڵ چەند خوێندنگەیەكی تر‌و هەمویان لەلایەن توركیاوە بودجەی بۆ دابینكراوە.
چالاكوانان توركیا تۆمەتباردەكەن كە سیاسەتی بەتورك كردن " تەتریك" پیادە دەكات بە تایبەتی لە عەفریندا، ئەوەش لەرێگەی نەهێشتن و لابردنی هەموو سیمبوڵێكی كورد لە شارەكە‌و گۆڕینی ناوی شەقام‌و گۆڕەپانە سەرەكییەكان و شوێنە گشتییەكان و داماڵینیان لە هەموو سیمایەك كە ئاماژەبە ناسنامە كوردییەكەی بدات‌و ئاڵای توركیا‌و وێنەی ئەردۆغان لە فەرمانگە رەسمییەكان‌و خوێندنگەكان و شوێنە گشتییەكاندا هەڵواسراون.
دەسەڵاتدارانی توركیا بانگەشەی ئەوەدەكەن كە لەرووی مێژووییەوە پەیوەندی بەهێز‌و پتەویان بە باكوری سوریاوە هەیە‌و بەشێك لە شارۆچكەی باب لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ خانەوادەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم.
هەروەها توركیا پلاندادەڕێژێت بۆ نوێكردنەوە و گۆڕینی خانویەك لە عەفرین بە پاساوی ئەوەی كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری توركیای نوێ لەمیانی جەنگی دووەمی جیهانیدا بەكاریهێناوە.
بەمدواییانە حاكمی ئەنتاكیای توركیا رایگەیاند بنكەیەك هەیە كە دامەزرێنەری توركیای نوێی كەمال ئەتاتورك لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا بەكاریهێناوە كە دەكەوێتە ناوچەی راجوی سەربە عەفرین و راشیگەیاند ئەوان لە داهاتوویەكی نزیكدا كاردەكەن بۆئەوەی نۆژەنی بكەنەوە و بیكەن بە مۆزەخانەیەكی مێژوویی.

خێزانێکی ئاوارەی عەفرین

" لە نیشتمانی خۆیاندا ئاوارەن"
كاروكردەوەی گروپە چەكدارەكان لە عەفرین، بوونەتەهۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 130 هەزار هاوڵاتی ئەو ناوچانەی كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی روسیا یان هێزەكانی سوریای دیموكرات بوون لە باكوری خۆرهەڵاتی توركیا، كاتێكیش نزیكەی 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی عەفرین گەڕانەوەی بۆ ماڵەكانیان جگە لە وێرانەیەك هیچی تریان نەبینی و هەندێكیان بینیان كە ماڵەكانیان خێزانی گروپە چەكدارەكانیان تێدا نیشتەجێكراوە


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand