ئەو فڕۆكەوانەی سمێڵی بوو بە مۆدێل
2019-03-05 09:14:01
راپۆرت: بی بی سی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
فڕۆكەوانی هیندی "ئەبهیناندان فارسامان" كە بەمدواییە پاكستان ئازادی كرد، بووە بە كەسایەتییەكی نیشتمانیو ئیلهام بۆ چەندین كاری هونەریو ریكلام، ئەوەش بەهۆی شێوازی قژو سمێڵەكەی.
سمێڵەكەی كە لە دەسكى ماتۆڕ دەچێت بەجۆرێك بەربڵاو بووە كە زۆرێك لە پیاوانی هیندی دەیانەوێت لەو بچن.
ئەو فڕۆكەوانە دوای چەند كاتژمێرێك لە دەستگیركردنی پاش خستەخوارەوەی فڕۆكەكەی لەلایەن هێزەكانی پاكستانەوە، بوو بە پاڵەوانێكی نەتەوەیی.
رۆژی هەینی كە گەڕایەوە بۆ ماڵەكەی، وەكو پاڵەوانێك پێشوازی لێكرا.
لەوكاتەوە فڕۆكەوانەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناوبانگی دەركردووە، زۆرێك لە هیندییەكان وەكو سیمبولی ئازایەتی بەباڵایدا هەڵدەدەن.
كۆمپانیای (ئەمول) كە بەناوبانگترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی شیرەمەنییە لە هیندستانو ریكلامەكانی لەسەر بنەمای ئەو بابەتانە ئامادە دەكات كە لەناو خەڵكدا بەربڵاون، ریكلامێكی لەسەر شێوازی سمێڵی فڕۆكەوانەكە بەرهەمهێنا.
ئاهەنگگێڕانی خەڵك بەبۆنەی گەڕانەوەی فڕۆكەوانەكە
ئەو سمێڵەی كە لە دەسكى ماتۆڕ دەچێت، لە هیندستان شتێكی غەریب نییە، لە فیلمەكانی بۆلیوددا ئەو جۆرە سمێڵە بەستراوەتەوە بە كەسانی شەڕەنگێزەو ئەفسەرە دڵڕەقەكانی سوپاو پۆلیسو تەنانەت قاچاخچییە بەدناوەكانیشەوە.
بەڵام لەم رۆژانەی دوایدا سومعە بۆ سمێڵ گەڕێندرایەوەو ئێستا بووە بە سیمبولی ئازایەتیو نیشتمانپەروەری.
رۆژی دوو شەممە لە شاری بانگالوری باشور سەرتاشخانەیەك دەرفەتێكی خۆڕایی بۆ هەر كەسێك رەخساند كە بیەوێت وەكو فڕۆكەوانەكە بێت.
عیمران قریشی خاوەنی سەرتاشخانەی (نانیش ساكور) بە (بی بی سی) وت:" ئەبهیناندان كاری گەورەی كردووە لە پێناو وڵاتەكەماندا. هەستم بەوە كرد دەبێت هەوڵبدەم هەموو روخسارێك وا لێبكەم كە لەو بچن".
سێ كەس سمێڵیان وەكو "ئەبهیناندان" چاككرد، یەكێكیان تیجاس چاودری بوو كە وتی:" ئەو وەكو رێزلێنانێك لە فڕۆكەوانەكە ئەو كارە دەكات"، ئاماژەی بەوەكرد" ئەو كاری زۆری لەپێناو وڵاتەكەماندا كردووە، من ناتوانم ئەو كارە بكەم".
تیجاس چاودری دەیەوێت سمێڵی وەكو فڕۆكەوانەكە چاك بكات
نافین كومار كە شۆفێری ئەمبوڵانسە، ئەویش وەكو فڕۆكەوانەكە سمێڵی چاككردووە، ئەو وتی:" ئەبهیناندان پاڵەوانێكی راستەقینەیە، بۆیە من سمێڵی خۆم وەكو ئەو چاك دەكەم".
زۆر كەس بایەخیان بەو شێوازە داوە، بەڵام تاكهور دەڵێ:" سمێڵی درێژنییە بەو ئاستەی كە بتوانێت وەكو دەسكی ماتۆڕ چاكی بكات، كە پێشی دەوترێت چەك بەدەست"، لەبری ئەوە، زۆرینەی پیاوان قژیان كورتدەكەنەوە، كە ئەو شێوازە لای ئەفسەرانی سوپا ناسراوە.
لە چەندین ناوچەی تری وڵات، خەڵكانێك وێنەی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردوەتەوە كە سمێڵی خۆیان وەكو دەسكی ماتۆڕ چاككردووەو دەڵێن ئەو شێوازەیان لە فڕۆكەوانەكەوە وەرگرتووە.
فڕۆكەوانەكە بووە بە سیمبولی نیشتمانی
یەكەمجار رۆژی 27ی شوبات هیندییەكان فڕۆكەوانەكەیان بینی، كاتێك وەزارەتی راگەیاندنی پاكستان پارچە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا فڕۆكەوانەكە بە چاوی بەستراوو روخسارێكی خوێناوییەوە دەركەوت، بەڵام دواتر پارچە ڤیدیۆكە سڕدرایەوە.
دواتر لە ڤیدیۆیەكی تردا فڕۆكەوانەكە بینرا، كە كوپێك چای دەخواتەوەو پەڕۆكە لەسەر چاوی لابراوەو وا دەردەكەوێت بارودۆخی باشە، هەروەك ناوی خۆیو پلە سەربازییەكەی دەڵێتو باسلەوە دەكات "خەڵكی ئەوپەڕی باشورە" بەڵام رەتیدەكاتەوە هیچ وردەكارییەكی تر لەبارەی ئەركەكەی بدركێنێتو دەڵێ" پێویست نییە لەوبارەیەوە هیچتان پێ بڵێم".
ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەكی خێرا بڵاوبووەوە، خەڵك ستایشی لەسەرخۆییو ئازایەتی فڕۆكەوانەكەیان كرد، پاش ماوەیەكی كەم هاشتاگی "ئەبهیناندان بگەڕێننەوە" راگەیەندرا، تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پڕبوو لە نزاكردن بۆ گەڕانەوەی فڕۆكەوانەكە بە سەلامەتی.
رۆژی هەینی كاتێك فڕۆكەوانەكە رادەستی دەسەڵاتدارانی هیندستان كرایەوە، خەڵكێكی زۆر بە ئاڵای هیندستانەوە لەسەر سنور لە ویلایەتی پونجاب كۆبوتەوە.
لە زۆرێك لە شارەكانی هیندستان بە هەڵدانی یارییە ئاگرینەكان پێشوازی لە گەڕانەوەی فڕۆكەوانەكە كرا، لەناویاندا شاری دەلهی پایتەخت.