Draw Media

له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتیی

له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتیی

2019-03-04 15:02:50


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم 

یه‌كێتیی خواستیبوو به‌ زووترین كات له‌گه‌ڵ پارتی بگاته‌ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام نه‌یده‌توانی، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌كۆبوونه‌وه‌كانی ڕابردوو بۆچوونه‌ حكومه‌ت له‌سه‌رپارتی داینابوو، دوای ئه‌وه‌ی زانی به‌ ته‌واوی ناتوانێت ئامانجه‌كانی بهێنێته‌دی، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا، ده‌ستیكرد به‌ دۆزینه‌وه‌ی ده‌ره‌چه‌ ( مه‌خره‌جێك ) بۆ ده‌ربازبوون له‌و بارودۆخه‌ی تێیكه‌وتووه‌و بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ زیاتر په‌راوێزخستنی، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌یده‌توانی له‌و حزبه‌ ئۆباڵی ئه‌ستۆی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بخاته‌ سه‌ر ملی، رٍێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ر دواده‌كه‌وت، دواجار به‌ڵێنێكی زاره‌كی دوێنێی مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵیان كرده‌ ده‌ره‌چه‌، بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه‌و واژۆكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیان.
پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر پرسی پۆسته‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و به‌غدا هیچ كێشه‌یه‌كیان نه‌بووه‌، به‌ڵام پرسی كه‌ركوك، واژووكردنی ڕێككه‌وتنی سیاسی نێوانیان دواخستبوو، به‌ڵام دواجار له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا، یه‌كێتیی نه‌یتوانی ڕێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی و دیاریكراو، له‌باره‌ی ناوی پارێزگارو واده‌ی دانانی پارێزگار، به‌ مسۆگه‌ری له‌گه‌ڵ پارتی واژووبكات، ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ له‌ باره‌ی رێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك، سیغه‌یه‌كی لاستیكی و مه‌تاتیان داڕشتووه‌، میكانیزمیان بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركوك داناوه‌، دووباره‌ ئه‌و پرسه‌ی ده‌سپێردرێت به‌ لیژنه‌، له‌گه‌ڵ گه‌ره‌نتی پێدانی ئه‌و پۆسته‌ به‌ یه‌كێتیی.
به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوانیان ( جگه‌ له‌ قسه‌ ئینشائییه‌كانی نێو ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ باره‌ی كاری هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی به‌غداو هه‌رێم )، هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هه‌رێم خێراده‌بێت، یه‌كێتیش جگه‌ له‌ وه‌رگرتنی هه‌ردوو پۆستی سیادی ( سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت)، پێنج پۆستی وزاری وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ورده‌كاری ته‌واوی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ دراوه‌ته‌ كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش.
ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا هاتووه و زۆر به‌ دڵی یه‌كێتیی نییه‌، برتییه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی یه‌كێتیی له‌ پارتی، بۆ كاتی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك و ده‌شبێت ئه‌و پرسه‌ بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ یه‌كلایبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر پابه‌ندبوون هه‌ردوولا به‌ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌كو خۆی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand