" ئەرجەنتین" لە ناو عێراقدا مشتومڕ دەنێتەوە
2019-03-07 15:03:26
( درەو میدیا):
لێدوانێكی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەربارەی سەرچاوەی سەرەكی هاتنە ناوەی مادە هۆشبەرەكان بۆ عێراق مشتومڕێكی زۆری لە نێو عێراق و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێدەكەوێتەوە.
عەبدولمەهدی رۆژی چوارشەممە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا وتی:" مادە هۆشبەرەكان دیاریدەیەكی گەورەیە و هەوڵدەدرێت بەرفراوان بكرێت، لە ئەرجەنتینەوە دێتە عرسالی سوریا و لەوشێەوە دێتە ناو عێ{اق و لە ناو عێراقیشدا تۆڕ بۆ بڵاوبوونەوەی دروستدەكات".
ئەم قسەیەی عەبدولمەهدی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە و زۆر كەس وای لێكدەدەنەوە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بەو لێدوانەی دەیەوێت بابەتی هێنانەوەی مادە هۆشبەرەكان لە ئێرانەوە پەردەپۆش بكات.
ئەوانەی رەخنەیان لە عەبدولمەهدی گرتووە باوەڕیان وایە كە دیاریكردنی ئەرجەنتین زیادەڕوی زۆری تێدایە بەهۆی دووری نێوان عێراق و ئەو وڵاتە.
بەشداربوویەكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسیویەتی:" دووری نێوان عێراق و ئەرجەنتین 8000 میلە و چەندین وڵات كەوتوەتە نێوانیانەوە، بەڵام دووری نێوان ئەفغانستان وەك گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری مادە هۆشبەرەكان 790 میلە و تەنها ئێرانیش لە نێوان عێراق و ئەفغانستاندایە".
هەندێكی تر ئاماژەیان بەوەداوە كە لێدوانەكەی عەبدولمەهدی دەربارەی سەرچاوەی هاتنی مادەی هۆشبەرەكان، ناكۆكە لەگەڵ لێدوانی پێشووی بەرپرسە ئەمنییەكان دەربارەی هاتنە ناوەوەی مادە هۆشبەرەكان بۆ عێراق.