Draw Media

لە ساڵی رابردودا 34 هەزار خوێندكار وازیان لە خوێندن هێناوە 

لە ساڵی رابردودا 34 هەزار خوێندكار وازیان لە خوێندن هێناوە 

2019-03-09 12:42:31


  راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
بەشی چوارەم 

ئامانجی سەرەكی لە پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردندا، خوێندكارە كە پێویستە كۆی پرۆسەكە لە خزمەتی پێگەیاندنیدا بێت بە شێوەیەكی زانستی ‌و دروست، لە هەرێمی كوردستاندا چەندین كێشە‌و گرفتی سەرەكی پەیوەست بە خوێندكاران هەن كە كاریگەریی خراپیان بۆسەر كۆی پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردن هەبووە.

ئاستی خوێندن و فێرکردن لە هەرێمی كوردستاندا دابەزیوەو لەگەڵا ستاندارتی نێودەوڵەتیدا ناكۆكە، یەكێك لە هۆكارەكان زۆری رۆژانی پشووەكانە كە بە شێوەیەكی بەرچاو بە هۆكاری جۆراوجۆر زیادبوون، مامۆستایان ناتوانن بەباشی پڕۆگرامەكانی خوێندن تەواوبكەن و خوێندكاران فێربكەن، یان پەلە لە تەواوكردنی پڕۆگرامەكانیان دەكەن ئەوەش كاریگەری لەسەر ئاستی تێگەیشتنی قوتابی دەبێت.
هەروەها دیاردەی وازهێنان لە خوێندن دیاردەیەكی خراپ و مەترسیدارە لە هەرێمی كوردستاندا، بە پێی ئامارەكانی خودی وەزارەتی پەروەردە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان واز لە خوێندن دەهێنن كە لە ساڵی 2018 دا ( 34 هەزارو 527 ) قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە.
وەك پێویست نەبوونی كەرتی پەروەردە‌و خوێندنی حكومی، بواری بۆ وانەی تایبەت و كردنەوەی قوتابخانەی ئەهلی رەخساندووە، وانەی تایبەتە كە لەلایەن هەندێك مامۆستای موچەخۆری پەروەردەوە پیادەدەكرێت. و
وانەی تایبەت بازرگانیەكی بەرچاوە بە پەروەردەوە دەكرێت، لە بەرامبەردا بۆ هەر وانەیەك (2-5) ملیۆن دینار لە خوێندكار وەردەگرن، گوایە بەپێی هێنانی نمرەكانیش پارە وەردەگیرێت، ئەمەش حاڵەتێكی دەروونی خراپی لای خوێندكارە هەژارەكان دروستكردووە. وانەی تایبەت، رەهەندێكی بازرگانی وەرگرتووە، نەك پەروەردەیی و زانستی.

گرفتەكانی پەیوەست بە خوێندكاران


دابەزینی ئاستی خوێندن:
ئاستی خوێندن و فێربوون لە هەرێمی كوردستاندا دابەزیوەو لەگەڵا ستاندارتی نێو دەوڵەتیدا ناكۆكە. بۆ نمونە سالی 2012-2013 لە تاقیكردنەوەیەكی نێو دەوڵەتیدا كە لە كۆمەڵگەی شەهید فاخیر مێرگەسۆری بۆ ژمارەیەك قوتابخانەو خوێندكار ئەنجامدرا كە خوێندكاران لەسەر ئاستی هەرێم بەشدار بوون. رێژەی دەرچوون تیایدا ئەوەندە نزم بوو كە رووی باسكردنی نیە. كە ئەمە زەنگێكی مەترسیدار بوو و پێویست بوو وەزارەتی پەروەردە گوێی لێبگرێت و بەدووای هۆكارەكانیدا بچوایە و بەدوای چارەسازیدا بگەڕایە، بەڵام بەداخەوە نەك هەر ئەوەی نەكرد بەڵكو ساڵانی دواتر رێژەی دەرچوون زیاتر دابەزی، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی قەیراندا زۆر كەمیكردوە.
 یەكێ‌ لە هۆكارەكان زۆری رۆژانی پشووەكانە كە بە شێوەیەكی بەرچاو بە هۆكاری جۆراوجۆر زیادبوون، مامۆستایان ناتوانن بەباشی پڕۆگرامەكانی خوێندن تەواوبكەن و خوێندكاران فێربكەن، یان پەلە لە تەواوكردنی پڕۆگرامەكانیان دەكەن ئەوەش كاریگەری لەسەر ئاستی تێگەیشتنی قوتابی دەبێت. چونكە زۆری پشووەكان كاریگەری دەبێت لەسەر پەروەردە، ئاستی دەرچوون لە پۆلەكانی یەك و دووی ناوەندی كە زۆر نزمە، بە بەراورد بە ساڵانی پیشوو… پلە بەرزەكان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و پلە ناوەندییەكان زۆر زۆر كەم بوونەتەوە، تەنها دەرچووەكان پلەكانیان لە نێوان 50 و 60 كاندا دێن و دەڕۆن. 
لەم خشتەیەدا ئاماری دەرچوون و دەرنەچوونی پێنج ساڵی رابردووی خوێندكارانی هەرێممان بۆ دەردەخات:
 

 

وازهێنان لە خوێندن:
دیاردەی وازهێنان لە خوێندن دیاردەیەكی خراپ و مەترسیدارە لە هەرێمی كوردستاندا، بە پێی ئامارەكانی خودی وەزارەتی پەروەردە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان واز لە خوێندن دەهێنن، ئەمە جگە لەوانەی كە هەر پەیوەندیان بە خوێندنەوە نەكردووە و ناونوس نەكراون كە ئەمانە هیچیان لەم ئامارانەدا نین، واتە ئەو كاتە ژمارەكە چەند قات زیاد دەكات، دیارە ئەمە هۆكاری زۆرە، هەر لە پەروەردەیی، دەروونی، كۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسی و هتد. هەندێك كات وازهێنانی خوێندكار لە خوێندن لە پاڵا هۆكارەكانی تردا دەبەسترێتەوە بە خراپی پرۆگرامی خوێندنەوە. كاری وەزارەتی پەروەردەیە لەگەڵا لایەنە پەیوەندیدارەكانی تردا هەوڵی بنەبڕكردنی، یا هیچ نا كەمكردنەوەی بدات، چونكە گەر ساڵانە ئەم رێژە زۆرەی نەخوێندەوار بڕژێنە نێو كۆمەڵی كوردەوارییەوە ئەوا بێگومان داهاتوی نەوەكانمان و كۆمەڵەكەمان باش نابێت. 
لەم خشتەیەدا ئاماری دیاردەی وازهێنان لە خوێندنمان بۆ دەردەكەوێت كە چەند قات زیادیكردووە:

پەیوەندی نەكردن بە خوێندن
بە پێی هەندێك داتای نا فەرمی كە لەبەر دەستدان رێژەی ئەوانەی تەمەنیان دەگاتە شەش ساڵان و نانێردرێنە بەر خوێندن زۆرە، بەڵام هیچ داتایەكی فەرمیمان لەبەر دەستدا نیە، كە ئەمە لە داهاتودا گرفتێكی كۆمەڵایەتی گەورەی لێدەكەوێتەوە و پێویستە وەزارەتی پەروەردە بە ئەركی خۆی بزانێت و بەدوواداچوونی بۆ بكات نەك بێدەنگی هەڵبژێرێت. 

داخل بوون و داخل نەبوونی خوێندكارانی قۆناغی (12):
یەكێ‌ لە گرفتەكان مەسەلەی داخڵا بوون و داخل نەبوونی خوێندكارانی قۆناغی (12)یە بۆ تاقیكردنەوەی كەلۆری كە ساڵانە كێشەی لێدەكەوێتەوەو ساڵانە دڵەڕاوكێ‌ بۆ خوێندكاران دروستدەكات و دەبێتە سەرئێشە بۆ بەڕێوەبەرو مامۆستایانیش، ئینجا دیاردەی واسیتەو هەڕەشەو كێشەی لێ‌ دەكەوێتەوە، لەپڕێكدا وەزارەت بڕیاری (4) دەرسی دەر دەكات و مامۆستاكان تووشی شۆك دەكەن بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی پێیان وایە (مستەوای) قوتابی 1 یان 2 یانش 5 نمرەیە، زۆر جار مامۆستا (49) ناكەتە (50) ئەوەش زۆر تێنەگەیشتنە لەو سەردەمە و نەزانینە لە فێر بوون، چونكە فێركردن پێوەر (قیاس) ی قوتابیە نەك نمرە! هیچ پاساوێك نەماوە بۆ داخل نەبوون كەچی بڕیاری پەروەردە هەر ئەوەیە ساڵانە رێگە بە ژمارەیەك خوێندكار نادات بەشداری تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ بكەن.


دەركردنی خوێندكار:
هەر چەندە دروشمی خوێندن بۆ هەموان بەرز كراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێندكارێك دوو ساڵ لە پۆلێك دەرنەچێت، ئەوە مافی ئەوەی نامێنێت لە قوتابخانەی رۆژ دەوام بكات و دەبێت بچێتە دەوامی ئێواران، ئەمەش گرفتێكە و پێویستە چارەسەر بكرێت، چونكە ئەو خوێندكارە لە خوێندن دادەبڕێت. 

دیاردەی توند و تیژی:
هەرچەندە مایەی خۆشحاڵییە لەم ساڵانەی دواییدا بە بڕیار دیاردەی لێدانی منداڵان لە قوتابخانەكاندا قەدەغە كراوە، بەڵام لەگەڵا ئەوەشدا هێشتا بونی هەیە و لە هەندێك قوتابخانەدا دەبینرێت. چونكە هیچ رێكارێك دەستنیشان نەكراوە بۆ جێگرەوەی توند و تیژی و لە گەلێك لە خوێندنگەكانیشدا چاوپۆشی لە توندو تیژی كراوە و دەكرێت. 
بۆ نمونە چەندین دەستەواژەی نەشیاو و ناپەروەردەیی هەیە كە هەندێك مامۆستا بەكاری دەهێنن، لەوانە: (لەسوچی پۆلەكەدا لەسەر قاچێك بوەستە، ئێوە بەرەڵاكراون، هەموتان دەستان بكەنەوە گوێ لەكەس ناگرم، ملت بشكێنە و دانیشە، ئەتنێرم بۆ لای بەڕێوەبەر...) ئەوە ئەو دەستەواژانەن كە هەندێك لە مامۆستایان بەكاریان هێناوە لەچەندین قوتابخانەدا، بەداخەوە بەپێی ئەوەی لێرەو لەوێ دەیبینین و دەیبستین هەرچەندە توندوتیژی دەروونی بەبەردەوامی لە قوتابخانەو خوێندنگاكاندا هەیە هاوكات جارێكی تر توندوتیژی جەستەیی بۆتەوە بەدیاردە بەتایبەت لەئەم ساڵی خوێندندا بەتایبەت تریش بۆقۆناغی 1-6بنەڕەتی، سزادان ئاسانترین و خێراترین ڕێگەیە كە مامۆستا دەتوانێت بەكاریبهێنێت وەك خۆیان دەڵێن بۆكۆنتڕۆڵكردنی پۆل و بێدەنگكردنی خوێندكارەكان، بەبێئەوەی بیر لە كاریگەرییە خراپەكانی ئەو شێواز و رەفتارانە بكەنەوە.
زۆرپرسیاری ئەوە دەكرێت ئایا مامۆستایەك خۆی لەسایەی سیستەمیكی توندوتیژدا گەورە بێت دەتوانێت نەوەیەك پەروەردە بكات كە توندوتیژ نەبێت؟؟ بیگومان ئەوە پێویستی بەڕاهێنان و رێگا نوێیەكانی رەفتاركردنە تا ئەو دیاردەو حاڵەتانە كەمبكرینەوە هەم لەلایەن خودی مامۆستاكەوە هەم لەنێوان خوێندكارەكان لەرێگەی مامۆستاو دابینكردنی ژینگەی لەبار. 
 رۆژانە بەپێی هەواڵەكانی تیڤی و تۆرەِكۆمەڵایەتییەكانەوە چەند ڕووداوێك لە بارەی توندوتیژی و ئازاردان لە قوتابخانەو خوێندنگاكانەوە دەخرێنە روو، چ مامۆستا بەرانبەر خوێندكارو چ خوێندكار بەرانبەر مامۆستا! لە ڕاستیدا بۆ یەكێك سەرنجی وورد بدات و لەو ناوەندەدا كاربكات ئەو هەواڵانە مایەی سەرسوڕمان و شۆكبوون و سەیر نییە، چونكە لە بنەمادا كۆی كۆمەڵگاو حوكمڕانی كوردی و بونیادی كۆمەڵگا لە هەموو ڕوویەكەوە مایەی سەرسوڕمان و شۆكبوونە! لە خوێندنگاكان بە شێوەیەكی گشتی هەست بەوە دەكرێت توندوتیژی و ئازاردان بە هەموو جۆرو شێوەیەك هەیە چ مادی یان مەعنەوی لە چەشنی لێدانی جەستەیی و هەڕەشەكردن و ناووناتۆرە لێنان و گاڵتەپێكردن و شكانەوەو توڕەبوون و قسەی زبرو تەریقبوونەوەو هتد...
پێویستە ناوەندەكانی خوێندن ڕێگا لە توندوتیژی بگرن و بنبڕی بكەن، كەم نین ئەو مامۆستاو بەرپرسە پەروەردەییانەی ئێستاش داخ بۆ ئەوە دەخۆن لێدان و دارو سۆندە نەماوەو دەڵێن تەنها قسەمان ماوە بیكەین" چ جۆرە قسەیەك!" و پێیان وایە كۆمەڵگای ئێمە دواكەوتوەو لێدان نەماوە! 
جگە لەوە توندوتیژی بەرامبەر مامۆستاش هەیە، و گەلێ جار مامۆستاش لێی دەدرێ و بەبێ ئەوەی یاسایەك هەبێ كەرامەتی مامۆستا بپارێزێ چەندان جار سووكایەتی بە مامۆستا كراوە و تاكو ئێستەیش كەسانی تاوانكار هیچ سزایەك نەدراون. لەهەمان كاتیشدا پەروەردە بۆ مەسەلەی سزادانی منداڵ هیچ میكانیزمێكی دیارینەكردووە لەسەری بڕوات. واتا ئەلتەرناتیڤی نییە. 


خۆكوشتنی خوێندكار:
یەكێك لەو گرفتە ترسناكانەی رووبەڕووی پەروەردە بۆتەوە خۆكوشتنی خوێندكارانە، كە لەم دوواییانە زیادی كردووە و ساڵانە ئەم حاڵەتانە دەبیستین كە روو دەدەن و راگەیاندنەكانیش باسی لێوە دەكەن، ئەگەر هۆكارەكەیشی پەروەردە نەبێت، بەڵام یەخەی پەروەردە دەگرێتەوە، چونكە لە هەندێ‌ كاتدا بەهۆی دەرنەچوون یا كەمی نمرە یا لێدان و توند و تیژی مامۆستاوە خۆی دەكوژێت. پێویستە پەروەردە بەجدی بیرێكی لێبكاتەوەو بەرنامەی هەبێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی. ساڵانە دەیان خوێندكار توشی شۆك دەبن ئەگەر خۆشیان نەكوژن بەتایبەت دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی پۆلی 12. بۆ نمونە:
-رۆژی 13/9/2014 دوای وەرگرتنەوەی نمرەی خولی دووەمی تاقیكردنەوەی قوتابخانە، دوو كچە قوتابی كۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. یەكێك لە كچەكان لە كفری بە گوللە خۆی كوشت و ئەوەی دیكە لە دەربەندیخان خۆی فڕێدایە نێو رووباری سیروانەوە، گەنجێكیش كە لەو كاتەدا هەوڵیداوە رزگاری بكات، ئەویش دەخنكێت.
-ساڵی 2015 لە سنووری قەزای رانیە، سێ كچە خوێندكار لە سێ كاتی جیاوازدا هەوڵی خۆكوشتن دەدەن، دوویان ویستیان خۆیان بخنكێنن و سێیەمیش ویستی خۆی بسووتێنێ، بەڵام هەوڵەكانیان سەرناگرێت، چونكە كەسوكاریان زوو فریایان كەوتوون و رزگاریان كردوون.
-رۆژی 7/11/2016 دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی لە شارۆكەی شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، گەنجێكی تەمەن 16 ساڵ خۆی بە پەتێك هەڵداوەسێت و كۆتا بەژیانی خۆی دێنێت.
-رۆژی‌ چوارشەممە21/1/2016 بەهۆی دەرنەچوونیەوە لە وەرزی یەكەمی خوێندن خوێندكارێك لەقوتابخانەی‌ شەهید ئارام، لە شاری سلێمانی، فیشەكێك دەنێت بەسەری خۆیەوەو بەسەختی بریندار دەبێت، پاش سێ رۆژ مانەوە لەنەخۆشخانەی‌ فریاكەوتنی سلێمانی گیان لەدەستدەدات.
-كچێكی‌ تەمەن 21 ساڵ نیوەڕۆی‌ ڕۆژی‌ شەممە 19/8/ 2017، بەهۆی‌ كەمیی‌ نمرەكانی‌ لەژورەكەی‌ خۆیدا لەگەڕەكی‌ قرگەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بەسەرپۆشەكەی‌ دایكی‌ خۆی دەخنكێنێت.
 -كچێكی خوێندكار لە كفری لە پێنج وانەدا كەوت و بە دەمانچەكەی باوكی خۆی كوشت.
-رۆژی 25/7/2017دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەی پۆلی دوانزە لەقەزای سەیدسادق كچە خوێندكارێك بەهۆی كەمی نمرەكانیەوە لەبینایەكەوە خۆی هەڵدەداتە خوارەوە بەمەبەستی خۆكوشتن، بەسەختی بریندار دەبێیت 
-رۆژی 25/3/2017 كچە قوتابیەكی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی و دانیشتووی گەڕەكی ئاشتی لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌، دوای ئەوەی نمرەی وەرزی یەكەمی تاقیكردنەوەكانی خوێندنی وەرگرتەوە و لە چەند وانەیەكدا كەوتبوو، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، هەفتەیەك لەژێر چاودێریی پزیشكدا لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی مایەوە، بەڵام بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی گیانی دەرچوو.
-رۆژی 29/10/2017 لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە شارۆچكەی چەمچەماڵ، قوتابییەكی تەمەن 13 ساڵان دوای دەرنەچوونی لە چەند وانەیەك، لە ژوورەكەی خۆیدا، خۆی كوشت.


دیاردەی مانگرتنی خوێندكاران:
یەكێ‌ لەو دیاردانەی وەك گرفتێك ساڵانە رووبەڕووی پەروەردە دەبێتەوە مانگرتنی خوێندكارانە، هەندێك لەو مانگرتن و بایكۆتكردنانەی خوێندكاران دەیكەن هۆكارەكەی رەوایە و هەندێكیشی ناڕەوا. ئەوانەی رەوان پێویستە پەروەردە گوێیان لێبگرێت و بۆیان جێبەجێ‌ بكات. بەڵام ئەوانەی ناڕەوان هەق نیە پەروەردە دەسكاری سیستەمی خۆی بكات و تەنها لە پێناو ئەوەی دەنگی ناڕەزایی نەهێلێت بەدەم داوایانەوە بچێت. پێویستە پەروەردە بەرنامەو ستراتیجی خۆی هەبێت و دوای دراسەكردنی ورد بڕیاری لێ‌ بدات، ناكرێت لەبەر خاتری ئەم و ئەو پاشگەز بێتەوە لە ستراتیجی خۆی و خاوەن بڕیاری خۆی نەبێت. 


وەرنەگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ:
نەگەرانەوەی بەشێك لە ناوی خوێندكاران ساڵانە، كە رێژەیەكی زۆرە، بەشێكی بۆ بێپلانی وەزارەتەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا دەگەڕێتەوە، بەشێكیشی جۆرێكە لە بازرگانی و بازاڕ پەیداكردن بۆ زانكۆ ئەهلییەكان لە هەرێمی كوردستاندا. جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو لە ئەمساڵدا ژمارەیەكی زۆر لە دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی لە هەرێمی كوردستان لە هیچ زانكۆ و پەیمانگایەك ناویان نەهاتەوە كە هەندێكیان نمرەی بەرزیشیان بەدەستهێناوە، ئەوەش نیگەرانی خوێندكاران و كەسوكارەكانیانی لێكەوتووەتەوە و لە ماوەی رابردوودا و چەندین خۆپیشاندانیان لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێم ئەنجامداوە.
ئەمەش دوای ئەو بڕیارەی وەزارەتی خویندنی باڵا هات كە بۆ ئەمساڵی خوێندن داینابوو كە ڕێژەی لەسەدا ٧٠ی وەرگرتن لە زانكۆو پەیمانگاكان بۆ ئەو خوێندكارانە تەرخان كرا كە لە خولی یەكەم دەرچوو بوون هەروەها ڕێژەی سەدا ٣٠ یش بۆ ئەو خوێندكارانە تەرخان كرا كە لە خولی دووەم دەرچووبوون.
نەهاتنەوەی ناوی بەشێك لەو دەرچووانە لەكاتێكدایە لەهەرێمی كوردستان ١٦ زانكۆی حكومی هەیە، كە دابەشبون بەسەر شارەكانی كوردستاندا، لەگەڵ ئەوەشدا ١٩ زانكۆ و ١٤ پەیمانگای ئەهلییش هەن كە هەندێكیان ئەمساڵ كراونەتەوەو ساڵانە بە پارەیەكی زۆر خوێندكار لە بەشەكانیان دەخوێنێت و زۆرینەی ئەو زانكۆ و پەیمانگا ئەهلیانە هی بەرپرسانی پارتی و یەكێتین. وەك بەشێك لە شارازایانی بواری خوێندن ئاماژەی پێدەكەن حكومەت لە رێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەیەوێت بەشێكی زۆر لە خوێندكاران بنێرێتە زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكان كە كرێی ساڵانەی خوێندن تیایاندا زۆرە و لە توانای ئەواندا نییە.
بەمەش وەرنەگرتنی خوێندكاران بەو رێژە زۆرە جۆرێكە لە بازرگانی و بازاڕ پەیداكردنە بۆ زانكۆ ئەهلییەكان، چونكە حزبە باڵادەستەكان هاوشێوەی كەرتەكانی دیكە دەستیان بەسەر كەرتی خوێندندا گرتووە و لە ماوەی چەند ساڵێكدا دەیان زانكۆی ئەهلیان كردووەتەوە و بە بڕە پارەیەكی زۆر خوێندكار وەردەگرن.
 بۆ نمونە: ساڵی پار وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهۆی وەرنەگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان نزیكەی پێنچ هەزار خوێندكاری بێبەشكرد لە خوێندن، بەجۆرێك ئەو خوێندكارەی كە كۆنمرەی 62 بە خوارەبێت ناوی نەگەڕاوە، بەڵام ئەمساڵ بە پێچەوانەوە بۆ لقی زانستی كۆنمرەی 50 ناوی گەڕاوەتەوە، ئەوانەی پارساڵ ئەمساڵ چاوەڕێی گەڕانەوەی ناوەكانیان بوون لە زانكۆ و پەیمانگاكان، بەڵام هیچیان ناویان نەگەڕاوە.

وانەی تایبەت:
یەكێ‌ لە دیاردە ناشیرین و ناشایستەكان، مەسەلەی وانەی تایبەتە كە لەلایەن هەندێك مامۆستای موچەخۆری پەروەردەوە پیادەدەكرێت. وانەی تایبەت بازرگانیەكی بەرچاوە بە پەروەردەوە دەكرێت، لە بەرامبەردا بۆ هەر وانەیەك (2-5) ملیۆن دینار لە خوێندكار وەردەگرن، گوایە بەپێی هێنانی نمرەكانیش پارە وەردەگیرێت، ئەمەش حاڵەتێكی دەروونی خراپی لای خوێندكارە هەژارەكان دروستكردووە. وانەی تایبەت، رەهەندێكی بازرگانی وەرگرتووە، نەك پەروەردەیی و زانستی، دەبوو وەزارەتی پەروەردە بەیاسا ئەوە رێكبخات، دەیان سەرپەرشتیار وانەی تایبەت دەڵێنەوە، زۆریان بەگرێنتی 95%پارە لەقوتابی وەردەگرن، هەندێكیان كەموزۆر ئاگایان لەپرسیاردانان هەیە، ئەوە كێشەیەو پرسیار دزەكردنی ساڵانە بێ‌ هۆ نییە! بەداخەوە بەهۆی نەبونی هەڵوێست لەلایەن وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتیەكانەوە، ئێستا زۆرترین ریكلام بۆ وانەی تایبەت دەكرێت، تەنانەت مامۆستایان لەناو پۆل و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەشانازیەكی گەورەی دادەنێنن. 

گرفتی مەلزەمە و سەرلێشێواندنی خوێندكار: 
یەكێ‌ لە دیاردە خراپەكانی ناو خوێندنگەكان بوونی مەلزەمەیە، كە زۆرترین مەلزەمە لەلایەن هەندێ‌ مامۆستاوە ئامادە كراوەو خراوەتە بازاڕەكانەوە و زۆربەیان پرۆگرام و كتێبی خوێندنەكەشیان شێواندووەو سەریان لە خوێندكارەكانیش تێكداوە. مەلزەمە دانان بووەتە دیاردەیەكی بەربڵاو و بەنەرێنی كاریگەری لەسەر قوتابی داناوە، نەك ئەرێنی، ئەمەش بازرگانییەكی دیكەیە. مامۆستا هەیە لەقوتابخانەكەی خۆی مەلزەمە بەقوتابی دەفرۆشێت و پێیان دەڵێت: ئەوە پرۆگرامی منە، قوتابیان نانووسنەوە، بەحسابی ئەوەی هەیە لەو مەلزەمەیەدایە، راڕایی و دوودڵی زۆر لای قوتابی دروستبووە، نموونە پۆلی 12حەوت كتێبە، ئەگەر هەر قوتابییەك لەهەر وانەیەكدا دوو مەلزەمە لەخۆی كۆبكاتەوە، دەكاتە 21كتێب! ئەمەش دەبوو بەیاسا رێكبخرێت. 
 هەرچەندە دروستكردنی مەلزەمە و ساغكردنەوەی بەسەر خوێندكاراندا بەپێی یاسای وەزارەتی پەروەردە قەدەغەیە، بەڵام ساڵانە و رۆژبەڕۆژ لە تەشەنە سەندندایە و لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە بە تایبەتی بۆ قۆناغی 12ی ئامادەیی، ئەوەش كاریگەری خراپی كردۆتە سەر دەرونی خوێندكاران و نیگەرانی لا دروستكردون، هەروەها لە رووی داراییەوە بارگرانی بۆ كەسوكاری خوێندكاران دروستكردوە، خوێندكارانیشی لە بەكارهێنانی كتێب دورخستۆتەوە.
لەوبارەیەشەوە مامۆستا بەكر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "پێویستە بەدەر لە وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی دیكەش بێنە سەرخەت وەك وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی رۆشنبیری، چونكە مامۆستاكان لە رێگەی چاپخانەكانەوە مۆڵەتی چاپكردنی كتێب وەردەگرن و دواتر مەلزەمە چاپ دەكەن، چاپخانەكانی سلێمانی-یش بە ئاشكرا ئەو كارە دەكەن و وەزارەتی ناوخۆ لێی بێدەنگە". وتیشی "بەپێی بەدواداچونی بەڕێوەبەرایەتیمان، ساڵانە بەمەبەستی چاپكردنی مەلزەمە، زیاتر لە 900 هەزار دۆلار بەسەر خوێندكاراندا ساغدەكرێتەوە".
دیاردەی مەلزەمە كاریگەری خراپی لەسەر خوێندكاران هەیە و پێویستە رێگەی لێبگیرێت. كڕینی مەلزەمەیەكی زۆر كە ریكلامی ئەوان و هەروەها هەڵەو ناڕونی و نەبوونی چاپی تازەی كتێبش كاریگەریی هەیە. هەرچەندە ئێستا بەپێی بریارێك كە بۆ خوێندنگاكان نێردراوە مەلزەمە قەدەغەیە، بەڵام ئەوە هیچ ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە لەبەر زۆری هەلەو كەم و كورییەكانی پرۆگرامەكان و هاوكات ئەو هۆكارانەی تریش كە لەسەرەوە باسكراوە.
قورسیی ئەركی ماڵەوە:
لە سیستەمی پەروەردەو خوێندنی وڵاتان ڕۆژ بەڕۆژ كار بۆ كەمكردنەوەی ئەركی ماڵەوەی خوێندكار دەكرێت بەڵام لە كوردستان ڕێك بەپێچەوانەوە ڕۆژ بەڕۆژ ئەركی ماڵەوە زیاتر دەبێت بەتایبەت لە قوتابخانە ئەهلییەكان كە كاتێكی زۆر لە قوتابخانەن و كاتێكی كەم لەماڵەوەن, كە هۆكاری ئەوەش بەشێكی پەیوەندی بە مامۆستایانەو بەشێكی تریشی پەیوەندی بە كاتی دەوامكردن و پڕۆگرام و.. هەیە، بۆیە پێویستە وەزارەت بیر لە ڕێگەیەك بكاتەوە چونكە گەر وابێت خوێندكار هەر لەماڵەوە بخوێنێت باشترە، چونكە بەو هەموو تێچوونەی  خوێندكار جا چ ئەوەی لەسەر پەروەردەیە یا ئەوەی خێزانەكان دەیكەن.

گرفتی ئەو خوێندكارانەی لە دەرەوە دەگەڕێنەوە:
ساڵانە ژمارەیەك خوێندكار و منداڵانی ئەو خێزانە كوردانەی لە دەرەوە دەگەڕێنەوە روو دەكەنە قوتابخانەكانی كوردستان، بەڵام لەگەڵا یەكەم رۆژی دەوامیاندا گرفتیان بۆ دروستدەبێت، هەر لە شێوازی هەڵس و كەوتی مامۆستا و سیستەمی خوێندن و پرۆگرامەكان و زمانەكانی كوردی و عەرەبی و وانەی ئایین و هتد. هەرچەندە هەوڵا دراوە میكانیزمێك دابنرێت بۆ هاوكاری كردنیان، بەڵام تاكو ئێستاشی لەگەڵدابێت گرفتەكانیان بنەبڕ نەكراوەو كێشەكانیان بەردەوامی هەیە. 

گرفتی خوێندكارە ئاوارەكان:
یەكێك لە گرفتەكانی پەروەردە خوێندكارە ئاوارەكانە، جا چ ئەو خوێندكارانی رۆژئاوابێت یاخود خوێندكارانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم یاخود ناوچەكانی ناوەراست و باشوری عیراق كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، راستەوخۆبێت یا ناراستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر پرۆسەی پەروەردەی هەرێمی كوردستان هەیە.
بە گوێرەی ئاماری نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە سلێمانی، بە هۆی شەڕی داعشەوە لە سەرەتادا، نزیكەی 80 هەزار قوتابی ئاوارەیان لە پارێزگای سلێمانی هەبووە، بەڵام لەئێستادا نیوەی خێزانە ئاوارەكان گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان و تەنها 35 هەزار قوتابی ئاوارە ماونەتەوە و بۆ ساڵی نوێی خوێندن درێژە بە خوێندن دەدەن.
لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك نزیكەی 220 هەزار قوتابی ئاوارە و 376 خوێندنگەی تایبەت بە ئاوارەكان هەیە، لەو ژمارەیەك 35 هەزار قوتابی دەكەونە سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستەش 100 خوێندنگەیان بۆ كراوەتەوە و هەزار و 136 مامۆستایان هەیە كە ئەوانیش مامۆستا ئاوارەكانن مووچەكانیان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە دابین دەكرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵدا وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بڕیاری داخستنی سەرجەم ئەو خوێندنگایانەی دەركرد كە ماوەی چەند ساڵێكە بۆ ئاوارە عەرەبەكانی نیشتەجێی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، بە گوێرەی بڕیارەكەش بۆ ساڵی نوێی خوێندن هەموو ئەو خوێندنگایانە دادەخران. ئەو بڕیارەی نیگەرانی و توڕەیی ئاوارەكانی لێكەوتەوە و چەند جارێك لە بەردەم نوێنەرایەتی سلێمانی وەزارەتی پەروەدەی عێراق قوتابیان و كەسوكاریان گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەیان كرد.
بۆ نمونە مانگی 11 ی 2018 بڕیاری داخستنی قوتابخانەیەكی تایبەت بە ئاوارەكان لە هەولێر كە ماوەی چوار ساڵە كراوەتەوە ناڕەزایی لێ كەوتەوە، خوێندكاران و كەسوكارەكانیان و مامۆستایانی قوتابخانەكە گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایانكرد بڕیارەكە هەڵبوەشێتەوە. ئەمە لەكاتێكدا  گەشتوونەتە نیوەی ساڵ و پێیانوتراوە دەبێ منداڵەكانیان بگوازنەوە بۆ قوتابخانەیەكی دیكە كە لێرەوە دوورە و پێویستیان بە ئۆتۆمبێل دەبێت بۆ گواستنەوەیان. ئەو خوێندكارانەی لەو قوتابخانەیە دەیانخوێند، بەشێكیان ئاوارەی شارەكانی باشووری عێراق بوون و بەشێكیشیان خەڵكی سوریا و ژمارەیەكیشیان خەڵكی هەولێر بوون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand