Draw Media

رێكخەری گشتی گۆڕان: نامانەوێت خێرمان پێبكرێت

رێكخەری گشتی گۆڕان: نامانەوێت خێرمان پێبكرێت

2019-03-05 20:38:40


درەو میدیا: 
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەكی  لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكەی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی كۆبوەوە و رایگەیاند: "گەلەكەمان دوای دەیان ساڵ لە خەبات و تێكۆشان بۆ دەستەبەركردنی مافە رەواكانی، لەم رۆژەدا و لە پێنجی ئازاردا بە سەرۆكایەتی ئەندازیاری راپەرین رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە دەروازەی راپەرین دەستی پێكرد و لە رانیەوە پەرەی سەند و هەمو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە و لە نەورۆزدا تاجی سەركەوتنی خستە سەر خەباتی گەلەكەمان و هەمو دام و دەزگاكانی رژێمی راماڵی".

ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕێككەوتنەكەیانی لەگەڵ پارتی بۆ هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكەی رونكردەوەو وتی: پارتی جەختی لەوە كردووەتەوە نابێت پێیەكیان لە حكومەت و پێیەكیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت، "وەفدەكەی گۆڕانیش وتویانە ئەوەمان قبوڵە، بەڵام لەبری ئەوە شەش مانگ دەوەستین بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لابردنی پاشەكەوت و باشكردنی بژێوی خەڵك و دابینكردنی خزمەتگوزاریی."

عومەر سەید عەلی دەشڵێت"دوای شەش مانگ ئەگەر زانیمان هیچ هەنگاوێك نییە بە ئاڕاستەی چاكسازی و باشكردنی بژێوی خەڵك، ئەوا گۆڕان وەك لایەنێكی سیاسی و بەشدار لە حكومەت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبێتەوە، وەك دو لایەنی سیاسی دادەنیشینەوە و دەڵێین ئەوە شەش مانگ تێپەڕی هیچ دەستپێشخەرییەك نیە، بۆیە ئاگاداربن و پێویستە هەنگاو بنرێت، بەڵام شەش مانگی دیكەش دەدەینەوە حكومەت، ئەگەر زانیمان دوای ئەوە هەر هیچ بەرەو پێشچونێك نییە ئەوە ئێمە رادەوەستین و ئینجا دێین قسە بۆ خەڵك و میللەتی خۆمان دەكەین و هەڵوێستی دیكەمان دەبێت، شاندی پارتیش ئەوەی قبوڵ بوە."

بەپێی میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان كە ناوەڕۆكی وتەكانی عومەر سەید عەلییان بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی پشكی گۆڕان لە حكومەت، ئەوەی خستووەتەڕوو، "جەختمان كردوەتەوە كە ناماناوێت لەپشكی خۆمان زیاترمان بدرێتێ‌و خێرمان پێ بكرێت، بەڵكو دەمانەوێت بە قەبارەو قورسایی خۆمان لە زاخۆ تا خانەقین بەپێی پرەنسیپی ستونی و ئاسۆیی بەشداربین لە هەمو دام و دەزگاكان و داوای زیاتر ناكەین، ئەوانیش پێیان باش بو."

عومەر سەید عەلی دەربارەی پۆستەكانی گۆڕان ئەوەی خستووەتەڕوو، جێگری سەرۆكی هەرێم بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتوە، هەروەها ئەو دەستەیەی بۆ چاكسازی دادەمەزرێت كە بەرپرسەكەی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت دەبێت، لەگەڵ چوار وەزارەت و بریكاری وەزارەتەكانی چوار وەزارەتی دیكە و سێ بەڕێوەبەری گشتیی دیار لەوانە؛ ئەمینداری پێشمەرگە و بەڕێوەبەری گشتییەك لە پەرلەمان یەكێكیش لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە.

هەربەپێی رێككەوتنەكە؛ لە وەزارەتەكان بەپێی ئەو (12%)ی گۆڕان هەیەتی بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژكاریان بەردەكەوێت‌و دەبێت لەماوەی سێ مانگدا ئیستیحقاقی خۆیان پێ بدرێت.

لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی، عومەر سەید عەلی باسیلەوە كردووە، چوار رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی هەیە، دوانیان لەسەر ئاستی حزبیی‌و دوانیان لەسەر ئاستی حكومەتە خۆجێییەكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە، بەڵام "یەكێتی هیچیانی جێبەجێ نەكردووە."

ڕێكخەری گشتی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم كۆتاییەدا یەكێتی چەند جارێك داوای كۆبونەوەیان لە گۆڕان كردوە، "ئێمە وتومانە ئێوە یەك هەنگاو بنێن، ئیمە ئامادەین، وتومانە لە هەڵەبجە فەرمان بۆ پارێزگار دەركراوە بۆ جێگری پارێزگار و قائیمقامیش دەربكەن كە مافی ئێمەیە با دەست بە كارەكانیان بكەن دوای ئەوە ئێمە ئامادەین بۆ دانیشتن، بەڵام نەیانكردوە."

عومەر سەید عەلی، دەشڵێت"دوای چەند كۆبونەوەیەك لەنێوان پارتی و یەكێتی، دوێنێ ڕێككەوتن و لەژێر وێنەی ڕەوانشاد جەنابی مام جەلال واژۆیان كرد، مام جەلال بە ڕەحمەت بێت كە لە ژیاندا بو بە ئامادەبونی ئەو ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئێمە كرد و جێبەجێیان نەكرد، ئومێد دەكەین ئەو ڕێككەوتنەی دوێنێ لەژێر وێنەی مام جەلال كردویانە جێبەجێی بكەن بۆ خزمەتی گەلەكەمان."
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand