Draw Media

( درەو میدیا): لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكاندا كە ئەنجامی كۆتاییەكەی راگەیەنرا، پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدە دەرچووەكەی لە بەغداد بەناوی ئازاد حەمید شەفی كە لە لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر بوو، کورسییەکەی لەدەستداو ژنێك چوەتە شوێنەكەی. پێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق  ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری راگەیاند، بەپێی ئەو ئەنجامانە  ئازاد حەمید شەفی كە لایەنگری پارتی دیموكراتی كوردستانە و كاندیدی ژمارە 53 ی لیستی (سائیرون)ی موقتەدا سەدربوو لە بەغداد، دەنگی پێویستی بەدەستهێناو دەرچوو، هەروەك هێمن هەورامی راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئەوكات رایگەیاند، كاندیدێكیان بەناوی ئازاد شەفی لە لیستی " سائرون"ی موقتەدا سەدردا لە بەغداد هەبووە و بە گوێرەی ئەنجامە نافەرمییەكان (6153) دەنگی بەدەستهێناوە و دەرچووە. ئازاد حەمید شەفی پیشتر لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكی شارەوانی مەندەلی بووە، بەڵام پێش پرۆسەی ریفراندۆم لە پۆستەكەی لابراو لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر خۆی كاندیدكردبوو.


(درەو میدیا): سەرچاوە سیاسییە عێراقییەكان ئاشكرایدەكەن، چەند ڕۆژێكە ئێرانییەكان هەوڵەكانیان بەئاڕاستەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی شیعی چڕكردوەتەوە ، كە عەبادی و هاوپەیمانێتیەكەی (نەسر) پەراوێزبخەن و بیانكەنە دەرەوەی كابینەی حكومەتی ئایندەی عێراق، ئەوەش لە كاردانەوەی هەڵوێستی ناوبراو و جێبەجێكردنی  سزا ئەمریكییەكانی سەر ئێران . ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) ی قەتەری لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی نزیك لە هاوپەیمانی فەتح كە باڵی سیاسی گروپەكانی حەشدی شەعبیە، بڵایكردوەتەوە، هەڵوێستەكەی ئەم دواییەی عەبادی ئێرانیەكانی هانداوە بیر لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك بكەنەوە كە ملكەچی داواكانی ئەمریكا نەبێت.  ئەوەشی ئاشكراكردوە، جموجۆڵی ئێرانییەكان بەشێوەیەكی سەرەكی هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسای گرتوەتەوە، وێڕای پەیوەندیكردن بە كۆمەڵێك ڕەوت و كەسایەتی سیاسی شیعە كە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا سەركەوتووبوون. حزبوڵا هاوپەیمانەكانی ئێران یەكدەخات   سەركردەكانی حزبوڵای لوبنانیش هاتونەتە سەرخەت بۆ نێوەندگیری كردن لە نێوان هێزە شیعەكان، لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەك سەركردەی فەتح و دەوڵەتی یاسا سەردانی لوبنانیان كردوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان هاوپەیمانی سائرون كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری و نزیكردنەوەی هاوپەیمانەكانی ئێران لەیەكتر.   عامر فایز، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە، لەمدواییەدا، سەركردەكانی هاوپەیمانێتییەكەیان سەردانی (لوبنان) یان كردووە، بە مەبەستی تاتوێكردنی پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، ڕونیشكردوەتەوە، ئەوەی كراوە تائێستا لە چوارچێوەی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەدایە و نەگەیشتوەتە ئاستی ڕێككەوتن. هەر لەمباسەدا، ئەیمەن شەممەری سەركردە لە هاوپەیمانی سائیرون بەهەمان سەرچاوەی وتووە، هاوپەیمانێتیەكەیان شایستەترە بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، جەختیشیكردوتەوە، مەرجیان بۆ ئەو كوتلانەی دەیانەوێت هاوپەیمانێتیان لەگەڵ بكەن پێویستە پابەندی بەرنامەی نیشتمانی بن. ئاماژەیبەوەشداوە هاوپەیمانی سائیرون دەست بە پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە ناگرێت، بەڵام مەرجە لەلای ئەو كەسەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت كەسایەتیەكی نیشتمانی بێت، لەگەڵ زەرورەتی دووركەوتنەوە لەبنەمای پشكێنە كە حكومەتەكانی ڕابردوو پیادەیان كردوە.  سائیرون و نەسر سەرقاڵی هاوپەیمانێتین لە گەرمەی هەوڵەكانی ئێران بۆ پەراوێزخستنی عەبادی و دوورخستنەوەی لە كابینەی داهاتوو، سەرچاوە سیاسییەكان ئاماژە بە نزیبكونەوەی هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی عەبادی و هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی سەدر دەكەن، وەك هەوڵێك بۆ پێكهێنانی كوتلەیەكی پەرلەمانیی كە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی هەبێت  ئێران هەوڵی پێكهێنانی دەدا و كارەكانیشیان بەئاراستەی قەناعەتپێكردنی چەند هێزێكی تر بۆ گرێدانی هاوپەیمانی بەردەوامە.   ئیحسان شەممەری  سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی و ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەڵێت، ئەو هێزانەی كە ناوەڕاستیان گرتوە، نزیكبوونەتەوە لە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی لەسەر بنەما نیشتمانیەكان، وتوشەیەتی ئەو هێزانە پێكدێن لە (نەسر و سائیرون وحیكمە و وەتەنیە).


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی 2016ی توركیا،  جەعفەر تۆپكایا ئەفسەری دەریایی توركیا كە لە ناتۆ كاردەكات، رووبەڕووی زیندانیكردن دەبێتەوە و دەسەڵاتداران بە " تیرۆریست" دایدەنێن، بەڵام دوای ئەوەی دەتوانێت لە زیندان هەڵبێت، بڕیاردەدات بێدەنگی بشكێنێت و نهێنییەكان و دۆخی ناو زیندانەكانی توركیا بۆ خۆرئاوا و جیهان ئاشكرابكات، بەبێ‌ ئەوەی لە دەستی درێژی ئەردۆغان بترسێت. جەعفەر تۆپكایا دەیەوێت لەجیاتی هەمووان قسەبكات" لەبری ئەوانەی كە ناتوانن بگەنە رۆژنامەكان و هەتا ناشتوانن لە زینداندا بە دیداری پارێزەركانیان بگەن و ناتوانن بێ‌ تاوانی خۆیان بسلەمێنن" وەك چۆن ئەو ئەفسەرەی هێزی دەریای باسی لێوەدەكات، ئەوەش رادەگەیەنێت " لە ئەردۆغان و هەواڵگری توركیا ناترسێت" و دەخوازێت رۆژئاوا بزانێت چی لە توركیا روودەدات؟. تۆپكایا یەكێكە لەو هەزاران ئەفسەرەی توركیا كە ئەردۆغان بە پشتیوانیكردن لە " فەتحوڵا گولەن" رێبەری ئاینی تۆمەتباریان دەكات، سەرۆكی توركیا گولەن - لە ئەمریكا دەژی- بەوە تۆمەتباردەكات كە لە پشتی هەوڵی كودەتاكەی هاوینی 2016ەوەیە. ئەو ئەفسەر و سەربازانەی كە بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات مەشقیان كردووە و نیشەجێن و لە ئەركدان، بوونەتە ئامانجی ئەو شەپۆلە دەستگیركردنەی كە رۆژانە لە توركیا روودەدات و ئەردۆغان فەرمانیداوە كە هەموو ئەفسەرانی سوپا لە دەرەوەی وڵات بگەڕێنەوە بۆ ئەنكەرە بۆئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و لە زۆربەی حاڵەتەكانیشدا ئەوە پاساوێكە بۆئەوەی دەستگیربكرێن و بە پیلانگێڕی تۆمەتباربكرێن. لە لێپرسینەوەوە بۆ دەستگیركردن و زیندانیكردن هەندێك لەو ئەفسەرانەی دەرەوە ئامادەنەبوون گوێڕایەڵی فەرمانەكەی ئەردۆغان بن و لە دەرەوە مانەوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ كارێكیان هەبێت و بژێویانی پێ دابینبكەن و حكومەتی توركیا وەك كەسێكی داماڵراو لە رەگەزناكەی لێكردوون لە رێگەی پوچەڵكردنەوەی پاسپۆرتەكانییانەوە. بەڵام جەعفەر تۆپكایا بەدەم بانگهێشتێكی ئەردۆغانەوە دەچێت بۆ كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لە ئەنكەرە لە تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری ساڵی 2016دا، ئەوەش لە هەستی قوڵی بەرپرسیارێتییەوە بۆ ئەركەكانی وەك خۆی دەڵێت. تۆپكایا وایدانابوو كە بەخێرایی ئاشكرادەبێت كە هیچ پەیوەندییەكی بە هەوڵی كودەتاكە و بزوتنەوەكەی گولەنەوە نییە و ئەو ئەفسەرەی پێشوووی ناتۆ دەڵێت:" هەرگیز لە بزوتنەوەكەی گولەنەوە نزیك نەبووم و من كەسێكی عەلمانیم و پەروەردەی خۆرئاواییم هەیە و رێز لە هەموو ئاین و بیروباوەڕەكان دەگرم، بەڵام سەر بە هیچیان نیم". بەو سیفەتەی ماوەیەكی دوورودرێژە تۆپكایا ئەفسەری هێزی دەریاوانیی بووە و رێگەپێدراوێكی ئەمنی گەورەشە لە ناتۆدا هەستی بە دڵنیایی و سەلامەتی كردووە، بەڵام هاوسەركەی " میسكور" زۆر دوودڵ و نیگەران بوو. كاتێك تۆپكایا ماڵئاوایی لێكردوون و باوەڕی وابووە كە گەشتەكەی زۆر كورت دەبێت. " كۆبوونەوە" فڕوفێڵە دوای ئەوە بۆماوەی 16 مانگ تۆپكایا و هاوسەرەكەی یەكتریان نەبینییەوە و ئەو " كۆبوونەوە"یە بە تەنها فێڵ و تەڵەیەك بوو بۆئەوەی ئەو پیاوە بگەڕێنرێتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری و پاش پوچەڵكردنەوەی پاسپۆرتەكەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیربكرێت و هەر لەو ساتەوە لەلایەن هاوڕێكانی پێشووییەوە بە " تیرۆریست" وەسفكرا و تۆمەتی ئەوەشیان خستەپاڵ كە لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر سوكایەتی بە ئەردۆغان كردووە و سەرەڕای ئەوەی كە روونكردنەوەی داو جەختیكردەوە كە هەتا ئەوە كاتە هەرگیز ئەكاونتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نەبووە، بەڵام ئەوەش هاوكاری تۆپكایای نەكرد. سەرەتا تۆپكایا لە هۆڵێكی وەرزشی دەستبەسەركرا كە كرابووە زیندان، پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانیی ناوبانگ خراپی سنجان ، تۆپكایا دەڵێت بەجلەكانی خۆیەوە بۆماوەی 12 رۆژ لەسەر زەوییەكی كۆنكرێتی خەوتووە و زۆر بە زەحمەت خواردنی دەستكەتووە و هاوڕێكانی زیندانیشی بریتی بوون لە گەورە ئەفسەرانی سوپای و ئەكادیمییەكان و دادوەران و چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی و هەتا كارمەندانی تەندروستی، بەڵام لانی كەم تۆپكایا رووبەڕووی ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەرونیی نەبوەتەوە وەك زیندانییەكانی تر كە لە كاتی لێپرسرینەوەدا ئەشكەنجەدراون. تۆپكایا دەڵێت هاوسەری یەكێك لە ئەفسەرە دەستگیركراوەكانی هاوڕێی هەمیشە كە بانگدەكرا بۆ لێكۆڵینەوە بە منداڵەكانی هەڕەشەی لێدەكرا، هەروەها زیندانییەكی تریش ناچاركرابوو لە ژێر گوشاری ئەشكەنجەدان بە لێدانی تەزووی كارەبا دانپێدانێك ئیمزابكات. سەرەتا تۆپكایا خشتەیەكی زەمەنی لە دەفتەری بیرەوەرییەكانی رۆژانەیدا داناوە و لە كۆتاییدا وشەی " برۆكسل" نوسراوە، هەموو رۆژێك كە بەسەریدا تێدەپەڕی خەتێكی بەسەر ئەو رۆژەدا دەهێنا و باوەڕی وابوو كە كارەكە چەند رۆژێك دەخایەتێ و دەگەڕێتەوە بۆ برۆكسل، بەڵام تێپەڕینی 39 رۆژ ئەو ئەفسەرە لە خەتهێنان بەسەر رۆژەكاندا وەستا.                                                       بیروەرییەكانی جەعفەر تۆپكایا لە زیندانی توركیا   پاڵپشتیكردن لە ناتۆ بە ژیان باجەكەی دەدەیت لە یەكەمین دانیشتنی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا، بۆ تۆپكایا قورس دەبێت لەبەر برسێتی بەپێوە بوەستێت یان بیربكاتەوە و پاڵپشتیكردنی لە ناتۆ كە باوەڕی وابوو بەردی بناغەی لە بەرگریكردنە لە خۆی، گۆڕا بۆ بەشێك لە " تاوانەكانی" و دادوەرە ژنەكەی دادگا پێی وت :" تۆ بۆ بەرژەوەندی ناتۆ كاردەكەیت، ئەوە راستە؟" تۆپكایا بە " بەڵێ‌" وەڵامدەداتەوە و وتم:" من لەوێ‌ كار بۆ بەرژەوەندی سوپای توركیا دەكەم لە بارەگای سەرەكی و فەرماندەی سوپای توركیا فەرمانی ئەوەی پێداوم"، بەڵام نەمتوانی بە ئازادكردنم قایلیان بكەم، پاڵپشتیكرددن لە خۆرئاوا و ناتۆ ئەمڕۆ لە توركیا بە تاوانێكی گەورە دادەنرێت، بەوتەی تۆپكایا. لە ماوەی زیاتر لە  16 مانگ مانەوە لە زینداندا جگە لە پەیوەندییە تەلەفۆنیی و نامەكانی هاوسەرەكەی و منداڵەكانی هیچ شتێك ئارامی و توانای پارێزگاریكردن لە سەلامەتی عەقڵییان بە تۆپكایا نەبەخشی. لە كۆتاییدا پێی راگەیەندرا كە خۆئامادەكردن بۆ دادگاییكردنی كاتێكی دوورودرێژتر دەخایەنێت، لەوانەیە لەبەرئەوە بووبێت كە هیچ بەڵگەیەك لەدژی نەبووبێت، وەك تۆپكایا باسی لێوەدەكات، دوای ئەوە ئازاد دەكرێت بەو مەرجەی لەگەڵ دایك و باوكیدا بژی و هەفتانە سەردانی بنكەی پۆلیس بكات. پاشان پارێزەرەكەی هۆشداریدا لە بوونی چەند بەڵگەیەك و ئەگەری دووربارە دەستگیركردنەوەی و لە هەمان كاتیشدا پاسپۆرتە كۆنەكەی بۆ دەدۆزێتەوە كە هێشتا بۆ چەند مانگێكی تر كارایە و پێدەچێت پۆلیس لە كاتی پرۆسەی پشكنیندا سەرنجی ئەوەیان نەدابێت، لەبەرئەوە تۆپكایا بڕیاریدا رابكات، بەڵام نایەوێت بە دیاریكراوی چۆنیەتی جێبەجێكردنی هەڵاتنەكەی ئاشكرابكات، بۆئەوەی تەگەرە نەخاتەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێت لە داهاتوودا رابكەن. تۆپكایا  دوای هەفتەیەك بەهۆی هاوكارییەكی زۆر و چانسی خۆی گەڕایەوە شوقەكەی خۆی لە برۆكسل و پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە كرد و بۆ چەند مانگێك پشوویدا، بەڵام نەیتوانی ئەو خراپەكارییانە لە بیربكات كە لە زینداندا بینی بەرامبەر بە زیندانییەكانی تر دەكرا و زیاتر كاریگەرییان لەسەر دانا وەك لەوەی بەسەر خۆیدا هاتبوو. راستییەكان لە رێگەی تویتەرەوە دوای گەڕانەوەی بۆ برۆكسل، تۆپكایا بڕیاریدا چیرۆكەكەی بۆ رای گشتی بڵاوبكاتەوە، ئەكاونتێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كردەوە, بۆئەوەی بە دوورودرێژی ئەوەی پێدا تێپەڕیوە و ئەوەی كەسانی تر هەتا ئێستاش پێیدا تێدەپەڕن روون و ئاشكرابكات، خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت ئەوەی بڵاویدەكاتەوە بە تویتەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هەڵایەكی گەورە و كاردانەوەی پۆزەتیڤی بە ڕێژەی لەسەدا 90 لێكەوتوەتەوە. رۆژنامەكانی توركیا و ئەوانەی لەلایەن حكومەتەوە بەڕێوەدەبرێت تۆپكایا بە " ناپاك" وەسفدەكەن و چەند راپۆرتێكیان لەسەر بڵاوكردوەتەوە و باس لەوەدەكەن كە تۆپكایا و چەند ئەفسەرێكی تر كە دەستبەسەركرابوون لە ئەڵمانیا" كۆبوونەوەی پیلانگێڕی" رێكدەخەن، دەربارەی ئەوە تۆپكایا بە زەردەخنەوە وەڵامدەداتەوە و دەڵێت:" لەگەڵ هەر تویتێكدا هەست بە پشووی زیاتر دەكەم و دەزانم كە ئەوان لێی دەترسن" ئەوانە دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە و حكومەتی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدان و سوپای سەر بە ئەردۆغانن.                                                                                        تویتەكانی جەعفەر تۆپكایا ئەو ئەفسەرانەی تری پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" كە "  DW " قسەی لەگەڵدا كردوون سەرسامن بە تۆپكایا، بەڵام لە هەمان كاتدا نیگەرانن لە سەلامەتی و یەكێكیان دەڵێت:" من جورئەتی ئەوەم نییە وابكەم، دەستی درێژی ئەردۆغان دەگاتە هەموو شوێنێك و شوێنی ژیانمان و ئەوەی دەنوسین و دەیكەن دەدۆزنەوە، ئەوان كاتێك فەرمان وەردەگرن جێبەجێی دەكەن، لەبەرئەوە ئێمە لێرە لە بەلجیكا خۆمان لە رەوەندی توركیی بەدوور دەگرین". هەروەها هاوسەرەكەش بە مەترسیی كارەكەی تۆپكایای زانیوە، بەڵام هەمیشە لە بڕیارەكانیدا پشتگیری دەكات، تۆپكایا دەڵێت ناترسێت و لە بڕیارەكەی پاشگەزنابێتەوە، نایەوێت لە ئەردۆغان رابكات، بەباشی دەزانێت چاوپێكەوتن لەگەڵ سەرۆكی توركیا و ئەوانەشدا بكات كە پرۆسەی دەستگیركردنەكان بەڕێوەدەبەن:" دەمەوێت رووبەڕوو بیانبینم، ئاگاداریان بكەمەوە كە ئەوەی دەیكەن هەڵەیە". لە كۆتاییشدا دەڵێت:" ئێمە لەسەر رێگەی راستین ، پێویست زیاتر ئازا بین. سەرچاوە: بەشی عەرەبی " DW "   


■  راپۆرت: نامیق رەسوڵ لە سلێمانی زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان-UTM كرایەوە، بۆ ئەمساڵی خوێندن فێرخواز وەردەگرێت و بەردی بناغەی دروستكردنی بینای زانكۆكەش لە ناوچەی بەرزاییەكانی سلێمانی دانرا. زانكۆكە تایبەتە بە خوێندنی "تەكنۆلۆجیا لە بواری ئای تی و كۆمپیوتەر"، تیمێكی پسپۆری مالیزی ئیدارەی زانستیی و كارگێڕی و بەڕێوەبردنی زانكۆكە دەدەن، لەلایەن گروپی كۆمپانیاكانی قەیوانەوە كراوەتەوە.  زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان – UTM  بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019 خوێندكار وەردەگرێت و خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە، مۆڵەتی فەرمی و یاسایی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمەوە وەرگرتووە، بە وتەی فاخر شێخ تەیب قەیوانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باوەڕمەندانی زانكۆی قەیوان – یو تی ئێم ، نرخی خوێندن "گونجاو" دەبێت.                               فاخر شێخ تەیب قەیوانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باوەڕمەندانی زانكۆی قەیوان – یو تی ئێم كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێم شكستهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرەپێدانی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان و پەیڕەوكردنی سیستمی بازاڕی ئازاد، بووەتە هۆی ئەوەی سەرجەم ئەو سێكتەرانە كە پەیوەندییەكی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، بەرەو ئەوە بڕۆن بكەونە دەست كەرتی تایبەت. یەكێك لەو سێكتەرانەی ئێستا بەرەو ئەوە دەچێت بكەوێتە دەست كەرتی تایبەت، كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە. زانكۆی حكومیی و ئەهلییەكانی هەرێم •    زانكۆ حكومییەكان: بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا كە لە سایتی فەرمیی خۆیدا بڵاویكردوەتەوە، ئێستا لە هەرێمی كوردستان (15) زانكۆی حكومی هەیە، كە دابەشبوون بەسەر شارەكانی هەرێمدا، هاوكات دوو دەستە و ئەنجومەنێكی حكومیش هەیە، كە ئەوانیش بەپێی پسپۆری كارەكانیان ڕایی دەكەن. •    زانكۆ تایبەت و ناحكومی و ئەهلییەكان: بە گوێرەی یاسای "زانكۆ تایبەتەكان" كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، ئێستا (15) زانكۆ و لقی زانكۆیی لە شارەكانی كوردستان كراوەنەتەوە، بەكردنەوەی "زانكۆی قەیوان" ژمارەی زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێم بووە بە (16) زانكۆ و لقی زانكۆیی. جیاوازی خوێندن لە زانكۆ حكومی و تایبەتەكان •    زانكۆ حكومییەكان خوێندكار بە گوێرەی نمرەی پۆلی 12 وەردەگرن، بەوەش هەموو خوێندكارێك چانسی وەرگرتن و خوێندنی لەو زانكۆیانە نابێت، لە زانكۆ تایبەتەكان لە سەرەتادا نمرە پێوەر نەبوو بۆ وەرگرتنی خوێندكار، بەهۆی زۆری خواست لەسەریان، ئەوانیش ئێستا بە نمرە خوێندكار وەردەگرن، بەڵام بە نمرەیەكی كەمتر لە زانكۆ حكومییەكان. •    خوێندن لە زانكۆ حكومییەكان بەخۆڕاییە، بەڵام لە زانكۆ تایبەتەكان بە پارەیە، خوێندكار بۆ هەر ساڵێك و بە گوێرەی ئەو بەشەی لێی دەخوێنێت، بڕێك پارە دەدات. •    خوێندن لە زانكۆ حكومییەكاندا بە زمانەكانی ئینگلیزی، كوردی، عەرەبییە، بەڵام خوێندن لە زۆربەی زانكۆ تایبەتەكاندا بە زمانی ئینگلیزییە. •    بەهۆی قەیرانی دارایی و پشتبەستن بە كەرتی تایبەت، زانكۆ حكومییەكان زۆر قەرەباڵغترە و حكومەت نەیتوانیوە وەك پێویست هەموو پێداویستییەكی سەردەمیانە بۆ زانكۆكان دابین بكات، بەڵام لە زانكۆ تایبەتەكان بەهۆی ئەوەی هەموو كەس توانای دابینكردنی پارەی پێویستی نییە بۆ خوێندن، ژمارەی خوێندكاریان كەمترە، سەرباری ئەمە بەهۆی ئەوەی زانكۆ تایبەتەكان لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانەوە دامەزرێنراون، كەلوپەل و پێداویستی و بینا و هۆڵی خوێندنی باش و گونجاویان بۆ دابینكراوە.                                                               دانانی بەردی بناغەی زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان   پەروەردە و خوێندنگە تایبەت و ئەهلییەكان  هاوشێوەی خوێندنی باڵا، كەرتی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەرەو بە ئەهلیبوون و كەرتی تایبەت چووە، ئێستا ژمارەیەكی زۆر باخچەی ساوایان و خوێندنگەی سەرەتایی و ئامادەیی و پەیمانگای تایبەت و ئەهلیی لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا كراوەنەتەوە و رەواجێكی باشیان هەیە. بەر لەوەی قەیرانی ئابوریی بەرۆكی هەرێم بگرێت، ژمارەیەكی زۆر لە خێزانەكان منداڵەكانیان دەناردە ئەو خوێندنگە تایبەتانە، بەڵام قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی خوێندكارانی خوێندنگە تایبەتەكان كردووە و ئێستا زۆرینەی منداڵی بەرپرسان و دەوڵەمەندەكان لەو خوێندنگە تایبەتانە دەخوێنن. خوێندنگە تایبەتەكانی هەرێم بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم، كە لە سایتی فەرمی ئەو وەزارەتەدا بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی خوێندنگە و باخچە تایبەتەكان بەمشێوەیەیە: پارێزگای هەولێر:  •    66 باچخەی منداڵانی تایبەت •    52 خوێندنگەی بنەڕەتی •    1 خوێندنگەی دواناوەندیی •    35 خوێندنگەی ئامادەیی •    21 پەیمانگا پارێزگای سلێمانی: •     36 باخچەی ساوایان •    25 خوێندنگەی بنەڕەتی •    8 خوێندنگەی ئامادەیی •    10 پەیمانگا پارێزگای دهۆك: •    16 باخچەی ساوایان •    12 خوێندنگەی بنەڕەتی •    6 خوێندنگەی ئامادەیی •    4 پەیمانگا گەرمیان: •    3 باخچەی ساوایان •    4 خوێندنگەی بنەڕەتی •    2 پەیمانگا                                                               پۆلێكی خوێندنی خوێندگەیەكی تایبەت لە هەرێم جیاوازی خوێندنی حكومیی و تایبەت •    خوێندنی حكومیی بەخۆڕاییە و خوێندنی تایبەت بە پارەیە، پارەی ساڵانەی خوێندن لە خوێندنگەیەكی  تایبەتەوە بە یەكێكی تر جیاوازە. •    زمانی خوێندن لە زۆرینەی خوێندنگە حكومییەكاندا كوردییە، لە چەند خوێندنگەیەكیش كراوە بە ئینگلیزی، بەڵام لە خوێندنگە تایبەتەكاندا زمانی خوێندن ئینگلیزییە. •    بەهۆی پشتگوێخستنی كەرتی پەروەردە و فێركردن و نەكردنەوەی بینا، پۆلی خوێندنگە حكومییەكان زۆر قەرەباڵغە و خوێندنگەكان زۆرینەیان دوو دەوامن و سێ‌ دەوامیش هەیە، بەڵام لە خوێندنگە تایبەتەكان یەك دەوامە و دەوام درێژخایەنە و ژمارەی خوێندكاران لە پۆلەكاندا كەمن. •    لە خوێندنگە حكومییەكاندا خواردن بۆ خوێندكاران ئامادە ناكرێت، خوێندكاران خۆیان لەسەر خەرجی خۆیان لە حانوت و كافتریاكان پێداویستی دەكڕن و بەشێك لە خەرجی خوێندنگەكانیش لە پارەی حانوت دابیندەكرێت و بەشێكی تری ئەو پارەیەش پەروەردەكان سودی لێدەبینن، بەڵام لەبەر ئەوەی خوێندنگە تایبەتەكاندا خوێندكار بە پارە دەخوێنێت رۆژانە خواردنی بۆ ئامادە دەكرێت. •    بەهۆی قەیرانیی داراییەوە ماوەی دوو ساڵە مامۆستایانی خوێندنگە حكومییەكان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن و ئەوەش زیانێكی زۆری بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن گەیاندووە، بەڵام خوێندنگە تایبەتەكان خۆیان مامۆستا دابیندەكەن و موچەی مانگانەی پێدەدەن، یان مامۆستای خوێندنگە حكومییەكان بەشێوەی وانەبێژ و بەكرێیەكی گونجاو وانەكان دەڵێنەوە، لەبەرئەوە بایكۆت زیانی بەو خوێندنگە تایبەتەكان نەگەیاندووە و بۆ رۆژێكیش دەرگای ئەو خوێندنگە تایبەتانە دانەخراون. •    ئەگەر سەرنج بدەینە لیستی دەرچووانی تاقیكردنەوەی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و تاقیكردنەوەی وزاری پۆلی 12ی ئامادەیی، بەروونی دیارە رێژەی دەرچوون لە خوێندنگە تایبەتەكاندا بەرزترە لە خوێندنگە حكومییەكان، ئەگەرچی لە خوێندنگە حكومییەكانیش چەند خوێندكارێك لە ریزبەندی 10 یەكەمەكاندا بوون. •    بەهۆی قەرەباڵغی پۆلەكانی خوێندن و بایكۆتی مامۆستایان لە خوێندنگە حكومییەكاندا، كەمتر بایەخ بە وانەكانی پەروەردەی وەرزش و هونەر و چالاكییەكانی تر دەدرێت كە رێگایەكی باشە بۆئەوەی خوێندكار لە پاڵ پرۆسەی خوێندندا پەرە بە بەهرە و توانا و خولیاكانی تری بدات، بەڵام ئەم وانە و بابەتانە لە خوێندنگە تایبەتەكاندا زیاتر بایەخی پێدەدرێت. •    بەهۆی بایكۆت و باش بەڕێوەنەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، لە زۆبەی شار و شارۆچكەكانی هەرێم پەیمانگای تایبەت بۆ وانە وتنەوە كراونەتەوە و مامۆستایانی خوێندنگە حكومییەكان و تەنانەت ژمارەیەك لەو مامۆستایانەش بوونەتە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و پسپۆری لەو پەیمانگایانەدا وانەی تایبەت دەڵێنەوە و خولی بەهێزكردن بۆ هەموو قۆناغەكانی خوێندن دەكەنەوە و خوێندكارانی خوێندنگە حكومییەكان بەرێژەیەكی بەرچاو روویان لەو پەیمانگایانە كردووە و بە پارە بەشداری خولەكان دەكەن و دیواری دەرگای كەم خوێندنگە و قوتابخانەی شارەكان نییە كە ریكلامی ئەو پەیمانگایانەی پێوە هەڵنەواسرابێت ، بەڵام خوێندكارانی خوێندنگە ئەهلی و تایبەتەكان كەمتر روو لەو پەیمانگایانە دەكەن، بەهۆی ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە خوێندنگەكانیان بەردەوام بووە و بایكۆت ئەوانەی نەگرتوەتەوە و لەكاتی خۆیدا پرۆگرامەكانی خوێندنی ساڵ تەواوكراون.                                                              پۆلێكی خوێندنی خوێندنگەیەكی حكومیی لە هەرێم لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا بایەخێكی زۆر بە كەرتی پەروەردە و فێركردنی منداڵ دەدرێت و بودجەیەكی زۆر بۆ ئەو كەرتە تەرخان دەكرێت، بۆ نمونە لە ئیسرائیل بودجەی وەزارەتی پەروەردە لە ریزبەندی بودجەی وەزارەتەكاندا لە دوای وەزارەتی ئاسایشەوەیە و لە پلەی دووەمدایە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك هەر لە دانانی بودجەدا گرنگی و بایەخی بە وەزارەتی پەروەردە وەك پێویست نەداوە، بەڵكو ئەوە چەند ساڵێكە حكومەت بەبێ‌ یاسای بودجە و پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، كاروبارەكانی جێبەجێدەكات و ئەو قەیرانەشی كە هەرێمی گرتوەتەوە پشكی شێری زیانەكانی بەر كەرتی پەروەردە و فێركردن و خوێندنی باڵا كەوتووە، ئەوەش دەرفەتی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەران رەخساندووە كە شوێنی حكومەت پڕبكەنەوە و هەرێم بەرەو ئەو ئاقارە بەرن خوێندن بەرەو بەتایبەتبوون و ئەهلیی بوونی تەواوەتی هەنگاو بنێت.                   


■ راپۆرتی شیكاری: ئارام مەحمود پێدەچێت توندبوونەوەی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، لە قازانجی حەیدەر عەبادی بشكێتەو بۆ چوار ساڵی تر لەسەر كورسی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دانیشێتەوە، بەتایبەتی دوای یەكلابوونەوەی هەڵوێستی خۆی و ڕكابەرەكانی لەسەر ئەوسزا نوێیانەی واشنتن بەسەر تاراندا سەپاندوێتی، نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە دوو ڕكابەری دیاری (عەبادی)ین، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەتوندی دژی سزاكانی سەر ئێران وەستانەوە و هەر كامێك لەم دوانە دەسەڵاتی جیبەجێكردن وەربگرێت نەك هەر پابەند نابێت بە جێبەجێبەجێكردنی، بگرە عامری لەوەش دوورتر دەڕواو بە پێویستی دەزانێت بەغداد هاوشانی تاران ڕووبەڕووی سزاكان بێتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە عەبادی هەڵوێستێكی تەواو پێچەوانەی ئەو دوانەی هەیە و ڕاشكاوانە دەڵێت لەپێناوی پاراستنی بەرژوەندییەكانی خەڵكی عێراق پابەند دەبێت بە جێبەجێكردنی ئەو سزایانە. عەبادی لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلە نزیكبوەتەوە وێڕایی ئەم پشتیوانیە نوێیە ئەمركییە بۆ عەبادی، هەندێك زانیاری باس لەوەدەكەن، ناوبراو لەگەڵ ژمارەیەك كوتلەی سیاسی گەیشتوەتە لێكتێگەیشتنی نوێ‌ بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، هاوكات نزیكبونەوەشی لە هاوپەیمانی سائیرون و هەردوو هاوپەیمانی (نیشتمانی و بڕیار) و چەند كوتلەیەكی سوننیش، بەتایبەت دوای دووركەوتنەوەی لە ئێران. دوای سەردانەكەی ئەمدواییەی (نێچیرڤان بارزانی)یش، بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبادی، سارد و سڕی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و عەبادی چووە قۆناغێكی پێشتر، بەم مانایە عەبادی و سائیرون و كورد و سوننە لە ئایندەیەكی نزیكدا پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕادەگەیەنن. هاوپەیمانی نەسر  كە عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، ئاشكرایكردوە، لیژنەیەكی دانوستانی پێكهێناوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان لیژنەكە بەنیازە بەمزوانە سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات. خالید عوبەیدی وەزیری پێشووی بەرگری عێراق كە بەهۆی تۆمەتباركردنی بەتێوەگلان لەگەندەڵی، پەرلەمانی عێراق لە كارەكەی دووریخستەوە و ئێستا یەكێكە لە سەركردەكانی هاوپەیمانی نەسر، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردوە، گفتوگۆ سەرەتاییەكانیان لەگەڵ هەردوو وەفدی ڕەوتی حیكمە و ئیئتیلافی نیشتمانی ئەنجامی ئیجابی و تێگەیشتنی هاوبەشی لێكەوتوەتەوە و ڕێككەوتون لەسەر داڕشتنی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی حكومەتی داهاتوو و لەچوارچێوەی مودەی زەمنی دیاریكراودا، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ڕەتكردنەوەی بنەمای پشكێنە لە پێكهێنانی حكومەت، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ حیكمە و ئیئتیلافی نیشتمانی ڕێكەوتوون وەك ئامادەكارییەك بۆ واژۆكردنی پێش ڕاگەیاندنی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی بەشێوەیەكی ڕەسمی. عوبەیدی ئەوەشی ئاشكراكردوە، هاوپەیمانی سائرون و ڕەوتی حیكمە و ئیئتیلافی نیشتمانی نزیكترن لەوانەوە و لێكتێگەیشتنیشیان هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەردەوامیشن لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح. مالكی و عامری بەئاسانی وازناهێنن ئەم ململانێ توندە لەسەر پۆستی سەرۆكی حكومەتی عێراق، هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕبونی 4 ساڵ بەسەر دەستبەكاربونی حەیدەر عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی 11 ئابی ساڵی 2014دا. بەڵام پێناچێت ڕێگای دانانەوەی عەبادی بەگوڵ رازێنرابێتەوە و بەو شێوەیە ئاسانبێت كە سەركردەكانی لیستی نەسر باسی دەكەن، زۆرێك لە چاودێران وای بۆ دەچن، ئێران هەر وا بەئاسانی دەستبەرداری خاوەن بڕیاری یەكەمی عێراق نابێت بەتایبەتی لەم دۆخە ناهەموارەی تێیكەتوە، ئەمەش بەومانایەی هەوڵەكانی بۆ گەیشتنی یەكێك لە كاندیدەكانی (مالیكی یان عامری) بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت، عێراق كێشدەكات بەرە و قەیرانێكی نوێ‌ كە ڕەنگە ئاستەنگی جدی بۆ پرسی دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵات دروستبكات و كێشە و ئاستەنگی جدیش لە ڕێگای عەبادی و هاوپەیمانێتییەكەی دروستبێت. وەك دەوترێت، هێشتا مالیكی و عامری كارتی زۆریان لەدەستدا ماوە و بەوشێوەیە لاواز نەبوون عەبادی بتوانێت كێكی دەسەڵات لەبەرچاویان لەت بكات و ئەوانیش لەدوورەوە تەماشای بكەن، وێڕای تواناكانی خۆیان هێزی ئەوەشیان هەیە كوتلە شیعییەكانی نزیك لە ئێران دژبە عەبادی بجوڵێنن و جۆشدانەوەی خۆپیشاندانەكانیش بەشێوەیەكی گەرموگوڕترە یەكێكی ترە لە ئەگەرەكان. بە هەموو پێوەرەكان بەمزوانە هەوڵەكانی دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بەرهەمی دەبێت، بەتایبەت دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان و فشارە بەردەوامەكانی مەرجەعیەت بۆ پەلەكردن لەپێكهێنانی حكومەت، بەڵام وەك دەوترێت نەتیجە حسابە، ئایا ململانێكانی ئێران و ئەمریكا تاچەند كاریگەری دەبێت لەسەرخستنی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ؟ ئایا حكومەتی نوێی عێراق دڵخوازی مەكگۆرك دەبێت یان ژەنەراڵ سولەیمانی؟ ئایا كابینەی نوێ‌ هاوشێوەی  پرۆسەی هەڵبژاردن دووبەرەكی و كێشە سیاسیەكان قوڵتر دەكاتەوە یان كێشەكان دەكاتە بەشێك لە مێژوو و مژدەی قۆناغێكی نوێ‌ ڕادەگەیەنێت؟. 


( درەو میدیا):  لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمدا، رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریكرا كە لە كاتژمێر 12:00ی شەوی چوارشەممە 5/9/2018 دەستپێدەكات و 48 كاتژمێر پێش رۆژی دەنگدان كە 30ی ئەیلولی 2018 یە، كۆتایی دێت. بانگەشەی هەڵبژاردن تا كاتژمێر 8:00 بەیانی رۆژی 28/9/2018 بەردەوام دەبێت، واتە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 23 رۆژ دەخایەنێت..  رۆژی 30/9/2018 هەڵبژاردنی خۆلی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، لایەنە بەشدارەكان كێبركێ دەكەن لەسەر بردنەوەی بۆ 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان، (100 كورسی گشتی و 11 كورسی كۆتا) كە:   * ٧٠٩ كەس ناوی خۆیان كاندیدكردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان * ٢٩ لیست و قەوارە ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە *  كۆی  ژمارەی دەنگدەران ( 3,088,642)  * بۆ هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی 2013 ژمارەی دەنگدەران ( 2,717,082) دەنگدەرە * واتا ژمارەی زیادبوو ( 371,560 ) دەنگدەرە * ناوی 268 هەزار كەس لە تۆماری دەنگدەران دەرهێنراون  * ناوی 56 هەزار دەنگدەری دیكەش سڕكراون


(درەو میدیا): سەرۆكی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بەڕادەستكردنەوەی دوو ژنەی داعشیی بە ئەڵمانیا. حاكم زاملی سەرۆكی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، داوای لە حكومەتی عێراق كرد، لەڕێی گرتنەبەری سەرجەم كەناڵە نێودەوڵەتییەكانەوە داوا لە حكومەتی ئەڵمانیا بكات ئەو دوو ژنە داعیشییەی ڕادەستبكاتەوە كە لەڕێی هەرێمی كوردستانەوە بەنایاسایی ڕەوانەی وڵاتەكەیان كراونەتەوە. داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات، دەستەبەجێ تەواوی زیندانییەكانی "داعش" ڕادەستی بەغداد بكاتەوە. زاملی لە بەشێكی تری قسەكانیدا بە "سۆمەرییە نیوز"ی وتووە" بەندینخانەكانی عێراق بەتەواوی لەژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقدان و ڕێگە بەهیچ لایەنێك نادرێت دەستوەردان لە كاروباریان بكات".  ئاشكرایكردووە" زیاتر لە پێنج هەزار بەندكراوی "داعش" لە زیندانەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانن و زیاتر لەجارێكیش داوایانكردووە پرۆسە هاوبەشەكان ئاگاداری دۆخی زیندانەكانی هەرێم بن، بەڵام تائێستا ئەنجامی نەبووە. بەگوێرەی قسەی زاملی، ئەو دوو ژنە داعشییەی بەقاچاغ ڕەوانەی ئەڵمانیا كراونەتەوە لەگەڵ منداڵەكانیان، یەكێكیان خاوەنی ڕەگەز ئەڵمانییە و ئەوی تریان خاوەنی رەگەزنامەی توركییەو هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەڵمانییە، لەساڵی 2017 وە، دەستگیركراون.  


(درەو میدیا): شەپۆلێكی گەرما رووی لە ئەوروپا كردووە و وشكەساڵی سەرتاسەری وڵاتی سویدی گرتوەتەوە، ئەوەش بوەتە مایەتی هەڕەشە لەسەر باڵندە و ئاژەڵە خۆماڵی و كێوییەكانی ئەو وڵاتە. بەربوونەوەی پلەكانی گەرما دەسەڵاتدارانی سویدی ناچاركردووە، رێگە بە مانگا و رەشەوڵاخەكان بدەن بچنە ئەو كەنارانەی كە هاوڵاتیان بە رووتی و نیمچە رووتی مەلەی تێدادەكەن. سایتی " زالوكال" هەواڵی لۆكاڵی سوید دەڵێت ئەو كەسانەی كە بۆ مەلەكردن روو لە كەنارەكان دەكەن، لە هەرێمی سمالاند سكاڵایان لەسەر رێگەدان بە بوونی ئاژەڵ لە كەناراوەكان بەرزكردوەتەوە جەختدەكەتەوە كە ئەوە ناتەندروستە و مەترسی بۆسەر تەندروستی دروستدەكات. بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە سوید كێشەی بۆ جوتیارەكانی ئەو وڵاتەش دروستكردووە و ئێستا ناتوانن ئالیك  بۆ ئاژەڵەكانیان دابین  بكەن و بەشێك لە جوتیارەكان بڕیاریانداوە پێش وادەی خۆی ئاژەڵەكانیان سەرببڕن و هەندێكیشان بڕیاریانداوە بۆ فێنككردنەوەیان بیانبەنە سەر كەناری دەریاكان، ئەوەش بەوتەی كەناڵی سی ڤی تی گشتی. پیتەر بنگتسۆنن بەرپرس لە شارەوانیەكی سوید دەڵێت:" كاتێك وشكەساڵی دەبێت و ناتەوێت بە ناچاری مانگاكانت سەرببڕیت بەهۆی ئەوەوە، بەڵكو پێویستە بتوانیت فێنكیان بكەیتەوە و ئالیك و ئاویان بۆ دابینبكەیت". سكاڵاكان لەسەر بردنی ئاژەڵان بۆسەر كەناراوەكان، ئیدارەی خۆشگوزرەانی و رۆشنبیری شارەوانی فاكسۆی ناچاركرد ئەو پرسە بخاتە دەنگدانەوە و لەسەر ئەوەش بڕیاردرا كە مانگا و ئاژەڵەكانیش مافیان هەیە وەك مرۆڤ سەردانی ئەو شوێنانە بكەن. لەو بارەیەوە بنگستۆن دەڵێت، نابێت مەلەوانەكان و گەشتیارەكانی كەناراوەكان رووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی وەك ئیكۆلا بكرێنەوە، پێویستە لەسەر جوتیارەكان مانگا و ئاژەڵەكانیان نەبەنە ئەو شوێنانەی كە خەڵك دەیانەوێت مەلەی تێدا بكەن. لەناوچوونی بڕێكی زۆر ماسی لەگەڵ بەردەوامی ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ئەوروپا كردووە، هەزاران ماسی لە بەشی سویسرای رووباری راین لەناوچوون. دەسەڵاتدارانی سویسرا دەڵێن تائێستا نزیكەی یەك تۆن ماسی لەناوچوویان لە رووبارەكە دەرهێناوە، رێوشوێنی بەپەلەشیان گرتوەتە دەست بۆ رزگاركردنی ماسییەكانی ناو ئاوەكە. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە، رێژەی ئۆكسجین لە رووبارەكەدا كەمبوەتەوە و ئەوەش قورسە ماسیەكان بتوانن بژین لە رووبارەكەدا. بەناوبانگترین جۆری ماسی كە زیانی زۆری بەركەوتووە ماسی " ئەڵتیمالۆس"ە كە تەنها لە ئاوی ساردا دەژی و نەهامەتی ئەم جۆرە ماسیە كاتێك دەستپێدەكات, كە پلەی گەرما دەگاتە 23 پلەی سەدی و لە بەشی سویسرای رووبای راین پلەی گەرما بۆ زیاتر لە 25 پلەی سەدی بەرزبووتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی ئاوەكەی دابەزیوە و بووتە هۆی لەناچوونی هەزاران ماسی. دەسەڵاتدارانی سویسرا لە سێ‌ كانتۆنی ئەو وڵاتە حەوزی ئاوی ساردیان بونیادناوە بۆ ئەوەی ماسیەكان كەمێك پشوو وەربگرن تێیاندا و سەرەڕای ئەو هەوڵەشیان نزیكەی یەك تۆن ماسی لەناوچوویان كۆكردووەتەوە كە یەكسانە بە سێیەكی كۆی بەرهەمی راوی ساڵانە. لە شاری هامبۆرگی باكوری ئەڵمانیاش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە رووباری ئەلیستەر بۆ 27 پلەی سەدی ژمارەیەكی زۆر ماسی لە ناوچوون و لە بەریتانیاش بەوتەی دەستەی ژینگەی ئەو وڵاتە نزیكەی شەش هزار ماسی لە ئیسكس و نۆرفۆرك و سۆڤۆك بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەوە لەناوچوون.


(درەو میدیا): "ئەو ئەنجامانەی ئەنجومەنی كۆمیسیاران ڕایگەیاندوە، ئەنجامێكی ئاساییە بۆ خاڵێكردنەوەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران لە ناوەڕۆكەكەی" ئەمە قسەی ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی عێراقە. عەلاوی لە بەیاننامەیەكدا، راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە "نائومێدبونێكی نوێ لە پرۆسەی سیاسی" وەسفدەكات. عەلاوی ئاماژە بەوەدەكات، راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادوەرە دانراوەكان لە ئەنجومەنی كۆمیسیاران، توشی سەرسوڕمانی نەكردون، چونكە ئەوە ئەنجامێكی ئاساییە بۆ بەتاڵكردنەوەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان كە پەرلەمانی پەسەندی كرد، لەگەڵ ئەو بڕیاڕانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بەو پرسە دەریكرد. سەرۆكی ئیتیتلافی نیشتمانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 12 ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بە "چەسپاندنی ساختەكاری و ناشەفافی و  قۆرخكردنی ئیرادەی خەڵكی عێراق" ناودەبات. دەڵێت" راگەیاندنی ئەنجامەكان بەوشێوەیە، پرسیارگەلێكی وروژاندووە كە دیارترینیان بریتییە لە چارەنوسی ئەو ڕاپۆڕتەی كە لیژنە وزراییەكە بەڕاشكاوی تێیدا باسی ئەنجامدانی ساختەكارییەكی بەربڵاوی كردبوو لە هەڵبژاردنەكە و چۆنیەتی تەفسیركردنی دورخستنەوەی بەڕێوەبەری نوسینگەكانی كۆمیسیۆن و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان بەتۆمەتی ئەنجامدانی پێشێكاری و یاریكردن بە ئەنجامەكان و گەندەڵی دارایی و دواتریش وای بڵاوبكەنەوە كە ئەنجامەكان هاوشێوەن یان نزیكن لەیەكەوە". عەلاوی باسلەوە دەكات، ئەوان یەكەم كەس بوون داوای ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان كردووە، بەهۆی زۆری ڕێژەی بایكۆت و ئەو پێشێلكارییە ئاشكرایانەی لە پرۆسەكەدا كران، بەجۆرێك بووە مایەی گاڵتەجاری لای زۆرینەی خەڵكی عێراق.  عەلاوی هۆشداری ددەدات لە پەنابردن بۆ بژاردەی زۆرینەی سیاسی و تەئكیدكردن لە بنەمای شەراكەت و سازان و تێپەڕاندنی بنەمای پشكێنە لە دیایكردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق.  


راپۆرتی/ محەمەد رەئوف لە یادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستاندا، نماییشی سەربازی لە گوندی گوڵەخانەی زێدی ( محەمەدی حاجی مەحمود ) و پایتەختی سیاسی و سەربازی حزبی سۆسیالیست ئەنجامدراو، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێك پێیانوایە دەبو لەبری ئەم نمایشە حزبیە، سۆسیالیست سەرقاڵی نمایشی بەرنامەكانی بوایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و خستەڕوی تێڕاوانیيەكانی بۆ پێشخستنی ژیانی خەڵك و چارەسەركردنی كێشە زۆرو زەوەندەكانی، لەبەرامبەر ئەم ڕایەش بۆچونێكی تر هەیە دەڵێت، ئەوەى دەگوزەرێت تەحسیڵ حاسڵەو وەك چۆن یەكێتی و پارتی خاوەنی هێزن و مەهامی ئەم هێزانەش بەو شێوەیە ئاڕاستە دەكەن كە خزمەت بەمانەوەو بەهێزكردنی خۆیان دەكات، بەوپێودانەگە سۆسیالیستیش لەبری نمایشی تێڕوانینەكانی بۆ گۆڕینی ژیانی كۆمەڵگا، نمایشی هێز دەكات، ڕەنگە ئەویش وەك یەكێتی و پارتی هەمان ئەو بڕوایەی لاچەسپیبێت كە خاوەندارێتی هێزی چەكدار ڕۆڵێكی دیار دەگێرێت لە بەهێزكردنی پێگە و مانەوە لە گەمە سیاسەكاندا.    محەمەدی حاجی مەحمود لەبارەی ئەم نمایشە سەربازییەوە ئاماژەی بەوە كردووە" كە پێشتر چەندین جار مانۆڕی سەربازیمانكردووە، لە 5/3/1992 لە شەقامی سالم لە سلێمانی نماییشی سەربازیمان ئەنجامداوە، دواتر لەنەوەدەكاندا سێ چوارجار لە سەید سادق و شارەزوور نماییشی سەربازیمان كردووە، چەندین مانۆڕی سەربازیمان ئەنجامداوە و چەكی قورسی تیا بەكارهاتووە".  لەو سەروبەندەداو یەكێك لەو یادەوەرییانەی كە ڕەنگە تائەم ساتەش لەبیرەوەی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانیدا مابێتەوە، لە چوارچێوەی نماییشە سەربازیەكانی حزبی سۆسیالیسدا فڕۆكەیەكی جۆری هێلی كۆپتەری درووستكراوی دەستیيان نماییشیان دەكرد و درووشمی ( سەدام بۆیە تۆقیوە، تەیارەی حیسكی دیوە) دەوتەوە. بەڵام نماییشی سەربازی رۆژی 8/8/2018 كە لە گوندی گوڵە خانە بەڕێوە چوو جیاواز لە نماییشەكانی رابردوو زۆرترین موشتومڕو كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەگەرچی ساڵی رابردوو لە 31/3/2017 لە نمایشێكی گەورەی سەربازی لە گوندی گوڵەخانە ئەنجامدراو لەلایەن راهێنەری بیانیيەوە وانەی سەربازی وترایەوە و بە شێوەی پراكتیكی چەكی تیا بەكارهێنرا.  هێزە سەربازیيەكەی سۆسیالیست لەگەڵ هێزە چەكدارەكان لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا رێكخراون و وەزارەتێكی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام لە واقیعدا هێزەكان دابەش بوون بەسەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا، هاوكات حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش هێزی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەو هێزەی كە لە 8/8/2018 لە گوڵەخانە نماییشی سەربازیان ئەنجامدا بریتی بوون لە هێزەكانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە پێكهاتوون لە: * فەوجێكی هێزی پێشمەرگە كەلە چوارچێوەی هێزەكانی 80ی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستاندایە و ژمارەیان نزیكەی 550 كەسە * سریەیەكی سەربازیی كەلە چوارچێوەی هێزەكانی زێرەڤانی وەزارەتی ناوخۆی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستاندان و ژمارەیان نزیكەی 250 كەسە * سریەیەكی سەربازیی كە لە چوارچێوەی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتنی وەزارەتی ناوخۆی سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ژمارەیان نزیكەی 250 كەسە  * هێزێكی سەربازیی كە وەك خۆیان دەڵێن هێزێكی ناریكخراوی خۆبەخشە و لە رووداوو پەرەسەندنە سەربازییەكاندا كۆدەبنەوە و لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمود سەرپەرشتی دەكات و جموجوڵیان پێدەكات. ئەوە لەكاتێكدایە، هەموو ئەو راجیمە و تۆپە دوورهاوێژ و چەكە قورسانەی كە نماییشكران موڵكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانن و لە راپەڕینی بەهاری 1991 و روخانی رژێمی بەعس لە 2003 دەستی كەوتوون. جارجار لە پێناو پێشاندانی هێزو پێگەی خۆی، حزبی سۆسیالیست لە گوندی گوڵەخانە نماییشی سەربازی دەكات و مەشق و راهێنانی سەربازی دەكات، كە نماییشی 8/8/2018 لەلایەك پیشاندانی پێگەكەیەتی بە یەكێتی و پارتی و تەنانەت وڵاتە دراوسێكانیش بۆ ئەوەی مامەڵەی هێزی لەگەڵ بكرێت و لەلایەكیش بەشێكە لە هەڵمەتی ساردی هەڵبژاردن و گەرمكردنەوەی لایەنگرانی خۆیان. مانۆڕ یان نماییشی سەربازی مانۆڕی سەربازی كە زیاتر لە نێوان وڵاتە هاوپەیمانەكاندا ئەنجامدەدرێت، بۆ پیشاندانی هێزو توانای سەربازی و ئەو وڵاتانەو راهێنان و تاقیكردنەوەو توانای سەربازیانە. لە دۆخی ئاشتیدا مانۆڕی سەربازی وا پێناسە دەكرێت كە بریتیيە لە" راهێنانێكی سەربازی كە لە نێوان وڵاتێك یان ژمارەیەك وڵاتی هاوپەیماندا ئەنجام دەدرێت بۆ پەرەدان بە تواناو لێهاتووی مەیدانی بەهێزكردنی پەیوەندی سەربازی لە نێوان ئەو وڵاتانەی كە بەشداری مانۆڕەكە دەكەن". بەڵام لە بارودۆخی شەڕدا مەبەست لە مانۆڕی سەربازی ئەوەیە" بریتیيە لەو گوزارشتەی كە سەربازەكان بەكاری دەهێنن وەك ئاماژەیەك بۆ ستراتیژیەتێكی سەربازی لەسەر بنەمای دەستپێكردنی هێرشێكی جوڵاو و خێرا كە دوژمن توشی شڵەژان بكات و زیانی گەورەی لێبدات، بەبێ ئەوەی دووژمن بە كاتی هێرشەكە بزانێت". رەگەزەكانی مانۆڕی سەربازی یەكەم/ چاودێری و ئاراستەكردن و راپۆرت و كاراكردن دووەم/ خاڵی پەیوەندی: لێدان لە دوژمن لە كات و شوێنی گونجاودا سێیەم/ كوتوپَری: مەبەست لەم بنەمایە فێڵ و تەڵەكەی سەربازی چوارەم/ چەكی جۆراوجۆر و گونجاو  پێنجەم/ نەرم و نیانی: مەبەست لەوە كەسی سەربازی دەبێت پشودرێژوو گشتگیر وتوانای لەوە زیاتری لەبەر دەست بێت كە پێویستی پێیەتی شەشەم/ ناناوەندێتی لە فەرماندەییدا: مەبەستی لەوەیە لەناو پرۆسەی سەربازیدا بڕیاردان خێرا بێت و بەجۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ ئەو بارودۆخ و پێشهاتەی تێی دەكەوێت. نماییشی سەربازی بریتیيە لەو چالاكیەی كە هێزە سەربازیيەكان چەك و توانای خۆیانی تیایدا نماییش دەكەن بەبێ هیچ جۆرە مەشق و راهێنانێك یاخود تاقیكردنەوەی چەكێك، زۆربەی كات بریتيیە لە رێ رۆیشتنی رێكخراوی هێزە سەربازیيەكان لە شوێنێكی گشتیدا. جیاوازی نمایشی سەربازی و مانۆڕ لەوەدایە كە لە مانۆڕدا مەشق و راهێنانی سەربازی تێدا دەكرێت وچەك و تەقەمەنی تیادا بەكار دەهێنرێت، بەڵام لە نماییشی سەربازیدا زیاتر نماییش و رێرۆیشتنی سەربازیە بە شێوەیەكی رێكخراو. بۆیە ئەوەی حزبی سۆسیالیست لە 8/8 دا ئەنجامیدا دەچێتە چوارچێوەی نماییشی سەربازیيەوە نەك مانۆڕی سەربازی.    مانۆڕێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕای بەشێك لەچاودێران، ئەو نماییشە سەربازیەی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان كەلە رۆژی 8/8/2018 لە گوڵە خانە ئەنجامیدا، هەڵمەتێك بوو بۆ هەڵبژاردن و گەرمكردنی شەقامی خۆیان و نیشاندانی هێزوو توانای خۆیان بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە. چونكە لە هەڵبژاردنی 2013 ی پەرلەمانی كوردستان حزبی سۆسیالیست كورسیيەكی پەرلەمانی مسۆگەركرد و ( 12 هەزارو 501 ) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لە سێ پارێزگاكەی هەرێم تەنها (8480  ) دەنگی بەدەستهێناوە، كە بەشی كورسی پەرلەمانی كوردستان ناكات,ئەگەرچی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەگەڵ یەكێتی نەتەوەیی و حزبی كرێكاران رەنجدەران بە لیستی سەردەم بەشدارن, بۆیە هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە پارێزگاری لە كورسيیەكەی بكات لە پەرلەمانی كوردستان. حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان لە دوایین هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 بەرێوەچوو  لە پارێزگای سلێمانی ( 4895 ) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنی 1992 دا، لە سلێمانی(11,978) دەنگی هێنابوو, لە هەولێر لە هەڵبژاردنی12ی ئایاری 2018  ( 2329 ) دەنگی هێنابو لە هەڵبژاردنی 1992 لە هەولێر (8843) دەنگی بەدەستهێناوە, لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی12ی ئایاری 2018   ( 1256 ) دەنگی بەدەستهێناوەو لە هەڵبژاردنی 1992 لە دهۆك( 7983)  دەنگی بەدەستهێناوە.  پێكهاتەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ساڵی 1992 و لە پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دراو چەند هێزوو لەشكرێكی حزبەكان لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا یەكخران، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆوە بەتەواوی لێكترازان، تا پێكهێنانی حكومەتی یەكگرتووی كوردستان لە 2005 بڕیاردرا كار بكرێت بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی دژ بە داعش و بە بریاری ژمارە (19) پەرلەمانی كوردستان لە 23/7/2014 دا 21 بریاری تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەركرا، لە برگەی چوارەمی بریارەكەی پەرلەماندا هاتووە (پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی ( 6 ) مانگ لە دەرچوونی ئەم بریارەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەك بخات بەتایبەتی یەكەكانی ( 70 و 80 ) . بەڵام تا ئەمرۆش جگە لە چەند لیوایەكی هاوبەش تەواوی هێزەكان دابەش بوون بەسەر یەكێتی و پارتی و سۆسیالیستدا و جگە لە حزب بەسەر كارەكتەرە سیاسیەكانیشدا دابەشبوون. 1- وەزارەتی پێشمەرگە پێكدێت لە 16 لیوای یەكگرتوو كە هاوبەشەو نزیكەی 40 هەزار پێشمەرگەیە، هەر لیوایەكیش لە بارگا وچوار فەوج پێك دێت، هەر فەوجێك نزیكەی ٦٠٠ سەرباز وئەفسەر دەبن، هەر لیوایەكیش 2400پێشمەرگە لە خو دەگرێت.  2- هێزەكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە پێكدێن لە :. أ - هێزەكانی ٧٠ لە پێشمەرگەكانی فەرماندەی گشتی پێك دێن، سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن. نزیكەی 20.000 بیست هەزار پێشمەرگە لە خۆدەگریت وفەرمانداری گشتی شێخ جەعفەرە.  ب- هێزەكانی ٨٠ لە پێشمەرگەكانی فەرماندەیی لەشكری كوردستان (فەلەك) پێك دین، سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، نزیكەی 35.000 سی و پێنچ هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت وفەرمانداری گشتی فەریق شێروانە،    ج - هێزی پشتیوانی یەك: ئەو هێزە لە ژێر دەسەلاتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە فەرماندەیی سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانی كەنزیكەی 5.000 پێنچ هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت.  ب - هێزەكانی پشتیوانی دوو: ئەو هێزە لەژێر دەسەلاتی یەكێتی نشتیمانی كوردستانە ، بە فەرماندەیی لیوا مەریوان محەمەد ئەمین، نزیكەی 7.000 حەوت هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت.  هێزی پشتیوانی یەك و تەواوی چەكە قورسەكانی  وەك تانك، زریپۆش ، توپی دوور هاوێژ، موشەكی جوراوجور لەدەستدایەو  كە سەرجەمیان  لەژێر دەسەلاتی پارتی ویەكێتی دان. 3- فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری فریاكەوتن، كە سەربە وەزارەتی ناوخۆن ئەم هیزانەش دابەشكراونەتە سەر دوو لایەن: أ‌. زێرەڤانی: ئەم هێزانە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانە ، بە فەرماندەیی لیوا عزیز وەیسی و ژمارەیان نزیكەی 35 هەزار پێشمەرگەیە. ب‌. بەرگری فریاكەوتن: سەر بە یەكێتی نشتیمانی كوردستانن ، بە فەرماندەیی عەمید كاكەمەند و ژمارەیان نزیكەی 15 هەزار پێشمەرگەیە.   وەك چۆن هێزەكان بەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەش بوون و هێزی حزبین لەبەرگی یاسادا، بەهەمان شێوەش هێزەكەی سۆسیالیست هێزی حزبیە لە بەرگی یاساییدا، بۆیە بارودۆخی سەربازی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكە هێزەكان نەك دابەشبوون بەسەر حزبەكاندا بەڵكو لەناو حزبەكاندا بەسەر كارەكتەرەكاندا دابەش بوون و هێزەكان هێندەی ئینتیمایان بۆ كەس و حزبەكانیان هەیەو لەژێر فەرماندەیی ئەواندان هێندە لەژێر فەرماندەیی وەزارەت و دەزگا یاساییەكاندا نین.  ئەوەی نماییشكرا لە گوڵەخانە روداوێكی ناسروشت و نامۆ نەبوو, بەڵكو رەنگدانەوەی ئەو واقیعە نەخوازراوەی هێزەسەربازیەكانە كە لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، كە رەنگە یەكێتی نەتەوەیی غەفور مەخموری و حزبی زەحمەتكێشان و بزووتنەوی ئیسلامیش بیر لە نماییشی سەربازی بكەنەوە، بۆیە ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندایە هێزی پێشمەرگەی حزبیە لەبەرگی وەزارەتی پێشمەرگەدا بە هەمان سەرەتای نەوەدەكان كە لەبەرگی بەرەی كوردستانیدابوو. وێناكردنەكە بەو شێوەیەیە ئەو حزبانەی هێزی سەربازی و باڵی سەربازیان هەیە لە ئاستی هەرێم و عێراقیش حیسابی زیاتریان بۆ دەكرێت و مامەڵەی جیاوازتریان لەگەڵ دەكرێت لە ئاستی دەرەوەو ناوخۆشدا، هەروەك باڵە سەربازیەكانی ( بەدرو سەرایە سەلام و عەسایبی ئەهلی حەق و سەرایای خۆراسانی و كەتیبەكانی حزبوڵا ... هتد)باڵی سەربازی حزبە عێراقیيەكان، ئاواش لە ئاستی هەرێمی كوردستان ( هێزەكانی یەكێتی و پارتی و سۆسیالیست و زەحمەتكێشان و هتد.. هەروەها هێزەكانی شیخ جەعفەر و مەحمود سەنگاوی ومحەمەدی حاجی مەحمودو نەجاتی عەلی فاتێ و سیروان بارزانی ... هتد..)   


(درەو میدیا): حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كوژرانی 12ی سەربازی ئێرانی لە سنوری شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان راگەیاند. بەپێی هەواڵێك كە لەسەر ئەژماری تایبەتی حزبی دیموكرات لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكراوەتەوە، لە نزیك شاری شنۆ پێكدادان لەنێوان پێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات و سوپای پاسدارانی ئێران رویداوە و لەو روبەڕوبونەوەیەدا 12ی سەرباز كوژراون. سایتی "سپاە نیوز" لەزاری قەرارگای "حمزە سید الشهدا"هەواڵی رودانی پێكدادانەكەی پشتڕاستكردوە، بەڵام ئسمعەلی خەلیلزادە یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی قەرارگاكە رەتیكردەوە هیچ سەربازێك كوژرابێت. قەرارگای "سەید الشهدا" یەكێك لە گرنگترین قەرارگاكانی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانە كە ناوچەی جموجوڵی ئەم قەرارگایە دەكەوێتە پارێزگاكانی ئازەربایجانی غەربی (ورمێ) و كوردستان (سنە) و كرماشان تادەگاتە سنورەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا. سایتی ""سوپاە نیوز" هیچ زانیارییەكی تری لەبارەی پێكدادانەكەی پێشمەگەكانی دیموكرات و سوپای پاسداران ئاشكرانەكردووە تەنیا ئەوە نەبێت هێزەكەی پێشمەرگە بە "گروپێكی وابەستە بە دەزگای هەواڵگری بێگانە" ناودەبات. ئاژانسی كۆماری ئیسلامیش بەپێچەوانەی حزبی دیموكراتەوە رایگەیاند، 10 پێشمەرگە لە شەڕەكەدا "كوژراون".


(درەو میدیا): وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە ئەوان ئاگاداری سەردانكردنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بن بۆ تاران لەم هەفتەیەدا. لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فارسی وڵاتەكەی، بەهرامی قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو هیچ هەواڵ یان راگەیەندراوێكی فەرمی پێنەدراوە لەبارەی سەردانی حەیدەر عەبادییەوە بۆ تاران. هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فارس لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە" سەردانی عەبادی بۆ عێراق لە بەرنامەی كاری ئێستادا نییە". سایتی "غەدپرێس"ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، حەیدەر عەبادی لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ئێران و توركیا دەكات، كە هەردوو وڵاتەكە ئێستا روبەڕووی سزای ئەمریكا بونەتەوە. عەبادی پێشتر و لە وەڵامی پرسیارێكدا ئایا حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بەو سزا ئابورییانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، وتی: ئێمە پابەندین ئەو سزایانە دەبین و نامانەوێت بەرژەوەندی هاوڵاتیانمان بخەینە مەترسییەوە.  


(درەو میدیا): سێشەممەی داهاتوو حەیدەر عەبادی سەردانی توركیا دەكات و رۆژی دواتریش دەچێتە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران. سەردانەكەی عەبادی بۆ ئەنكەرە و تاران لە كاتێكدایە ئەو دوو وڵاتە رووبەڕووی ژمارەیەك سزای ئابوریی بونەتەوە كە لەلایەن ئەمریكاوە بەسەریاندا سەپێندراوە و بەهای دراوەكانیان بۆ ئاستێكی زۆر نزم بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دابەزێوە و عێراقیش تێیدا زەرەرمەند دەبێت بەهۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕی بەرفراوانی بازرگانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا هەیە. بەوتەی سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سەردانەكەی عەبادی بۆ ئێران كتوپڕ نییە و ماوەیەكی دوورودرێژە لە لایەن ئێرانەوە بانگهێشتكراوە بۆئەوەی سەردانی تاران بكات. جاسم محەمەد جەعفەر بەیاتی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكیدا بۆ " سۆمەریە نیوز" وتی:" عێراق پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ ئێران و توركیا لەلایەك و ئەمریكاش لەلایەكی تر هەیە، لەبەرئەوە دەتوانێت ببێتە نێوەندگیر لە نێوان ئەو دوو وڵاتە و ئێراندا بۆ چارەسەركردن  ئەو قەیرانەی كە بەهۆی بەریەككەوتنی هەڵوێستەكانەوە  هاتوەتە ئاراوە بەتایبەتیش رووداوەكانی سوریا و سزاكانی ئەمدواییەی ئەمریكا بۆ سەر ئێران". پرسێكی تر كە عەبادی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و توركیا تاوتوێیدەكات، دۆسیەی ئاوە كە كاریگەری زۆری كردوەتە سەر عێراق لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەتی كشتوكاڵ و بەوتەی جەعفەری، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەردانەكەیدا پرسی هوكاری لە بواری كارەباشدا تاوتوێدەكات.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت "هەر كەسێك لەگەڵ ئێران بازرگانی بكات، ناتوانێت لەگەڵ ئەمریكا بازرگانی بكات" ئەمە دواین قسەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە لەبارەی گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران. هەرێمی كوردستان (513) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم سنورە هاوبەشە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و ئێراندا.   لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە: • دەروازەی پەروێزخان • دەروازەی باشماخ • دەروازەی حاجی ئۆمەران جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە: • دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌ • دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن • دەروازەی شوشمێ‌ لە تەوێڵە رۆژی 25ی ئایلولی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق، ئێران بە توندی دژی هەوڵی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق وەستایەوە، لە یەكەم هەنگاویشدا دەروازە سنورییەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست، ئەوكات ئێران گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیرابوو. دوای شكستهێنانی هەوڵی جیابونەوە لە عێراق، حكومەتی بەغداد بە مەرج ئامادەبوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەگوێرەی دەستور ئەو دەسەڵاتانە بۆ حكومەتی ناوەند یەكلاكراونەتەوە.   نێچیرڤان بارزانی: ئێمە پابەندین بە عێراقەوە حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكانی رادەستی بەغداد كردەوە، بەوهۆیەوە ئێستا بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بازرگانیكردنی لەڕێگەی دەروازە سنورییەكان یاخود ئاسمانەوە لەگەڵ ئێران لەدەستی دەسەڵاتدارانی بەغدادایە. رەنگە ئەمە تاكە لایەنی ئەرێنی رادەستكردنەوەی دەسەڵاتی دەروازە سنوری و فڕۆكەخانەكان بێت، چونكە لە دۆخێكی وەكو ئێستادا كە ئەمریكا سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران زیندووكردوەتەوە، رەنجاندنی دڵی ئێرانییەكان رەنگە باجی قورسی بۆسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی زیرەكانە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران، كاتێك وتی" ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە، ئێمە ئەو یاسا و تەعلیماتانە جێبەجێ دەكەین كە لە عێراقەوە دەردەچن". بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئێران دوای شكستهێنانی ریفراندۆم و كردنەوەی دەروازە سنورییەكان، ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە، هەر ئەوكات و لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ لە هەولێر كۆنفرانسی "پەرەپێدانی هاوكارییە ئابورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران" بەڕێوەچوو، محەمەد شەریعەتمەداری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران بەشداری تێدا كرد، لە كۆنفرانسەكەدا حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران رێككەوتننامەیەكی لە بواری بازرگانیدا ئیمزاكرد. لەو كۆنفرانسەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد" قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ساڵانە (6 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووە و (359) كۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی كوردستان لقیان هەیە". بە گوێرەی هەندێك زانیاری رۆژنامەوانیش بەشێوەیەكی گشتی رێژەی 10%ی كۆی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دێت. لە كاتی پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە، هەرێمی كوردستان و ئێران زیاتر لە (6 ملیار) دۆلاری ساڵانەی بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەدەستدەدەن. ئەمەش تەنیا بەهای هەناردەكردن نییە، بەڵكو بەهای هاوردەكردنیشە، راوەستانی هاوردە لە ئێرانەوە، بازاڕی هەرێمی كوردستان دوچاری قەیران دەكات، چونكە وەكو نێچیرڤان بارزانی دەڵێ" ئێستا رێژەی 25%ی كۆی هاوردەی كاڵا و شمەك بۆ هەرێمی كوردستان لەرێگەی ئێرانەوەیە"، بۆیە لەحاڵەتی پابەندبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە ئەگەر حكومەتی هەرێم لە ماوەیەكی كورتدا بۆشایی كاڵا و شمەكی ئێرانی لە بازاڕەكاندا پڕنەكاتەوە، دووچاری كارەسات دەبێت.  بەشی گەورەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران هاوردەكردنی كەلوپەل و كاڵا و شمەكە، لەبەرامبەردا هەناردەكردن كە شادەماری ئابورییە بۆ هەر وڵاتێك، زۆر لاوازە، هەناردەی هەرێم بۆ ئێران كورت دەبێتەوە لە چەند كاڵایەكدا كە بریتین لە:  • نەوت و نەفتا بە تانكەر • پێستە و ریخۆڵە ئەم دۆخە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەدیوێكی تردا رەنگە بتوانێت هەرێمی كوردستان بكات بە ناوەندێكی گەورەی بازرگانی، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە، رەنگە بتوانێت ببێت بە رێگەی سەرەكی گواستنەوەی كاڵا و شمەك و تەنانەت دراوی قورس بۆ ئێران، بەڵام ئەمەش باجی خۆی دەبێت. سزاكانی ئەمریكا چین ؟ رۆژی سێ شەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ بڕیاری گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر ئێرانی ئیمزاكرد: سزاكانی سەر ئێران بریتین لەمانە:  • سزا لەسەر كڕینی دۆلاری ئەمریكی لەلایەن ئێرانەوە • پارچەی یەدەگ و پیشەسازی فڕۆكە • بازرگانی كانزا گرانبەهاكان • خۆراك و خواردەمەنی • فەڕشی ئێرانی • بازرگانی ئەلەمنیۆم، پۆڵا، گرانێت و خەڵوز • مامەڵەكردن لەگەڵ دراوی ئێران • پیشەسازی ئۆتۆمبیلی ئێران هەناردەی دۆلار بۆ ئێران ئێستا بەهای دراوی ئێرانی (تمەن) لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی توشی داڕمان بووە، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ راگرتنی بەهای تمەن هەوڵی دەستخستنی دۆلار دەدەن، بۆ ئەمەش هەرێمی كوردستان و عێراق نزیكترین سەرچاوەی دۆلاری ئەمریكین. لە ماوەی رابردوودا كاتێك ئەمریكا سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاوبونەوە كە باسیان لەوە دەكرد، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە (دۆلار) كۆدەكرێتەوە و رەوانەی ئێران دەكرێت، ئێرانییەكان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار هەوڵدەدەن ئاسانكاری زیاتری بازرگانی بكەن تاوەكو لەرێگەی هەناردەی كاڵا و شمەكەوە دۆلار لە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە كۆبكەنەوە. ئێستا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری پابەندبون یان نەبونی بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران بەستوەتەوە بە بڕیاری حكومەتی عێراقەوە، ئایا حكومەتی عێراق كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لە 2003 لەژێر هەژمونی ئێراندایە بڕیاری چی دەدات؟ عێراق پابەند دەبێت بە سزاكانەوە ؟ بڕیاری پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ پێكهاتەی شیعەی عێراق كە زۆرینەی حزبە سیاسییەكانیان مێژوویەكی ریشەداری دۆستایەتی و كاری هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە، بڕیارێكی ئاسان نییە، سەرباری ئەمە عێراق (1458) كیلۆمەتر سنوری وشكانی لەگەڵ ئێران هەیە. رۆژێك بەرلەوەی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمارە كوردەكەی عێراق كە حزبەكەی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) پەیوەندییەكی مێژویی لەگەڵ ئێران هەیە، وتی" بارودۆخی عێراق و سروشتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران وادەكات سەخت بێت بۆی پابەند بێت بە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەوە كە واشنتۆن بەسەر تاراندا دەیسەپێنێت". بە پێچەوانەوە سەرۆك كۆمارە كوردەكەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی شیعە مەزهەبی عێراق زۆر بە رونتر لەبارەی سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران قسەی كرد كاتێك لە رۆژی 8ی ئەم مانگە لە كۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند"ئێمە پابەند دەبين بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران، چونكە نامانەوێت بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراقی بخەینە مەترسییەوە". هەر ئەو رۆژەی كە عەبادی ئەم قسەیەی كرد، لەناوەندی سیاسی عێراقدا مشتومڕی توند لەبارەی پابەندبون یان نەبوون بە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دروستبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تائێستا حەیدەر عەبادی و حكومەتی عێراق هیچ رێنماییەكیان دەرنەكردووە سەبارەت بە چۆنیەتی پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە. هەندێك لە حزب و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران وەكو (بەدر و مالیكی و عەسائیبی ئەهلی حەق) بەیاننامەیان لەدژی قسەكانی عەبادی بڵاوكردەوە و دژایەتی خۆیان بۆ ئەو سزایانە راگەیاند كە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، بەهانەی دژایەتیكردنەكەشیان بەوە هێنایەوە عێراق پێشتر ئەزمونی سزا و گەمارۆی ئابوری كردووە و ئەمجۆرە سیاسەتانە تەنیا زیان بە گەلی ئێران دەگەیەنێت نەك رژێمە سیاسییەكەی. عێراق هاوشێوەی هەرێمی كوردستان پشت بە هاوردەكردنی كاڵا و شمەكی ئێرانی دەبەستێت، سەرباری ئەمە گرێبەستی لە بواری كارەبا و گاز و نەوت لەگەڵ ئێران هەیە، پابەندبونی بە سزاكانی ئەمریكاوە لە ئەم ڕوەوە زیانی پێدەگەیەنێت. ئەمە وایكردووە ئێستا لەناو ناوەندی سیاسی عێراقدا بۆچونی سێیەم هاتوەتە ئاراوە و هەندێك لە سیاسییەكان دەخوازن عێراق پابەند بێت بە سزاكانەوە، بەڵام بەجۆرێك كە زیان بە ئابوری خۆی نەگەیەنێت. چارەسەرێكی مامناوەندی عێراق ساڵانە بەبەهای (12 ملیار) دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە، مانگی ئابی رابردوو حەمید حوسەینی سەرۆكی ژوری بازرگانی ئێران رایگەیاند، ئێران رۆژانە بە بەهای (20 ملیۆن) دۆلار كاڵا هەناردەی عێراق دەكات و عێراق دووەم گەورە سەرچاوەی هەناردەی ئێرانە كە خۆی دەبینێتەوە لە كەلوپەلی بیناسازی و بەرهەمە نەوتییەكان و مادە خۆراكییەكان. بەگوێرەی زانیارییەكان ئێستا جموجوڵێكی دیپلۆماسی لە عێراق دەستیپێكردووە كە كار دەكات لەسەر دۆزینەوەی دەرەچەیەكی یاسایی بۆ پاراستنی بازرگانی بەرفراوانی نێوان عێراق و ئێران بەبێ ئەوەی عێراق بكەوێتە داوی شكاندنی سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران. دیار نییە حكومەتی عێراق چۆن دەتوانێت بەرژەوەندییە ئابورییەكانی خۆی لەگەڵ ئێران بپارێزێت و هاوكاتیش پابەندبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئەو وڵاتە، بەڵام ئەزمونی پێشووی مامەڵەكردنی عێراق لەگەڵ سزاكانی ئەمریكا ئەوە دەردەخات رەنگە عێراق رێگەیەكی تر بەكاربهێنێت بۆ حەواڵە داراییەكان لەگەڵ ئێراندا بەبێ بەكارهێنانی دۆلار، ئەمەش وەكو ئاڵوگۆڕی راستەوخۆی كاڵای ئێرانی، یاخود گواستنەوەی كاڵای ئێرانی بۆ بازاڕەكانی جیهان لەرێگەی نێوەندگیری كۆمپانیا عێراقییەكانەوە. هێشتا زنجیرەیەك سزای تر ماون كە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەمریكا بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، لەمەشدا عێراق دوچاری كێشە دەبێت و ناتوانێت نەوتی ئێران بفرۆشێت. ئەم بارودۆخە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەكاتێكدایە ماوەی سێ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق كراوە، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە، حكومەتی نوێی عێراق لە حاڵی پێكهاتنیدا مەحكوم دەبێت بە بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەی ئەو سزایانەوە. لە حاڵەتی پێكهاتنیدا، ئەگەر حكومەتەكە نزیك بێت لە ئێرانەوە پابەندنابێت بە سزاكانی ئەمریكاوە، ئەمەش بڕیارێكی سەختە بۆ بارودۆخی ئێستا كە شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە شەقامی عێراقی هەیە دژ بە خراپی خزمەتگوزارییەكان و گەندەڵی، سەرباری ئەمانە، بڕیاری پابەندبون یان نەبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران لە هەردوو حاڵەتەكەدا جۆرێك لە سەرچڵیكردنە بە دۆخی ئەمنی وڵاتەوە كە ماوەیەكی كەمە دوای شەڕی دژ بە "داعش" تاڕادەیەك بەرەو جێگیربوون دەڕوات.   ئەمریكا لە عێراق كێ‌ سزادەدات؟  ئەمریكا لە ماوەی رابردوودا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنان سزای بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێران و عێراقیدا سەپاند و یەكێك لەوانەش ئاراس حەبیب سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە كاندیدی ژمارە چوارە لە لیستەی " النصر"ی حەیدەر عەبادی. لە حاڵەتی پابەندنەبوونی عێراق بە سزاكانی ئەمریكاوە، پێدەچێت دەسەڵاتدارانی واشنتۆن سزای ئەو كەسانە بدەن كە راستەوخۆ لە عێراقدا هاوكاری ئێران دەكەن لە سووكردنی سزاكانی سەریدا و لە ماوەی رابردووشدا ئەمریكا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنان سزای بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێران و عێراقیدا سەپاند و یەكێك لەوانەش ئاراس حەبیب سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە كاندیدی ژمارە چوارە لە لیستەی " النصر"ی حەیدەر عەبادی. ئاراس حەبیب ئاراس كوڕی حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پێشووتری پارتی دیموكراتی كوردستانە و كوردی فەیلییە، ئێستا سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە پێشتر ئەحمەد چەلەپی سەرۆكایەتی دەكرد . ئاراس حەبیب بەڕێوەبەری بانكی " بلاد"ی ئیسلامییە لە عێراق و ئەمریكا تۆمەتباریدەكات بە هاوكاریكردنی دارایی فەیلەقی قودس، و كەرتی بانكی عێراقی قۆزتوەتەوە بۆ ئەوەی پارە لە تارانەوە بۆ حزبولا حەواڵە بكات و بەوەش سەلامەتی سیستمی دارایی عێراقی رووبەڕووی مەترسی كردوەتەوە. ئاراس حەبیب لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو كاندیدی ژمارە چواری لیستەكەی حەیدەر عەبادیی بوو لە بەغداد.


(درەو میدیا): کۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردنەکان، لە ڕۆژی یەکشەممەوە تانەی لایەکان سەبارەت بە ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەردەگرێت. دادوەر (لەیس جەبر حەمزە)، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکان ڕایگەیاند: ئەنجومەنی کۆمیسیاران (دادوەرە دانراوەکان) لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوەوە، ڕێکەوتی ۱۲/۸/۲٠۱۸ وە،  پێشوازی لە تانەی لایەنەکان دەکات ، تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ڕۆژی ۹ ئەم مانگە بڵاویانکردوە. وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان جەختیشكردەوە، وادەی سێ ڕۆژیان دیاریکردووە بۆ وەرگرتنی تانەی لایەکان و پێویستە ڕێکارە یاساییە پیادەکراوەکانی تیادا ڕەچاوکرابێت. ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوص کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەنجامی کۆتایی دووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانی سەرجەم ئەو بنکە و وێستگانەی لە سەرانسەری عێراق ڕاگەیاند، کە ژمارەیەک لایەنی بەشداربوی پرۆسەکە تانەیان لە ئەنجامەکانی دابوو.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand