ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتی
2019-03-04 20:11:45
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
پارتیو یەكێتی تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە كرۆكی رێككەوتنەكەی ئەمڕۆی نێوانیان بۆ رایگشتی هەرێمی كوردستان بڵاونەكردوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكى هەرێم بۆ كاروباری سەربازی وەردەگرێتو پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكیش سپێردراوە بە حكومەتی داهاتووی هەرێم.
دوای پێنج مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دواجار ئەمڕۆ پارتی دیموكراتیو كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنیان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئیمزا كرد.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە بەمەبەستی پەسەندكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ پارتیو یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە بۆ یەكێتییە.
رێككەوتنەكە !
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای جیاوازەوە لەناو یەكێتیو پارتی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمو پشكی یەكێتی لە حكومەت، رێككەوتنی ئەمڕۆی نێوان پارتیو یەكێتی هیچ شتێكی زیاتری تێدا نییە لەو رێككەوتنەی كە رۆژی (5)ی شوبات لەنێوان هەردوولادا كرا.
(درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی قایل بووە بەو پۆستانەی كە پێشتر لە حكومەت پێیدراوە، واتە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو جێگری سەرۆكی حكومەتو پێنج وەزارەتو چەند دەستەیەك.
تەنیا پەرەسەندنێك كە لە رێككەوتنەكەی ئەمڕۆیدا رویداوە، ئەوەیە، یەكێتی بەنوسراو گەرەنتی "شەراكەتی راستەقینە"ی لە پارتی وەرگرتووە لە پرسی حكومەتداریدا لە هەرێم، بەتایبەتی لە بوارەكانی نەوتو پەیوەندییەكانی دەرەوە.
گرێكوێرەكەی كەركوك
سەبارەت بە پرسی كەركوك كە خاڵی گەورەی ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی بوو لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی هەرێمدا، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتیو یەكێتی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی چارەنوسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، حكومەتی نوێی هەرێم یەكلايی بكاتەوە، بەجۆرێك حكومەتی نوێی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكات لەسەر ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكانو دوای ئاسایكردنەوەی دۆخەكان، پارێزگارێكی نوێ لە یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت.
واتە لەبارەی دۆخی كەركوكەوە، دواجار پارتی بۆچونەكانی خۆی چەسپاندو ئەوەی بۆ یەكێتی ماوەتەوە تەنیا ئەوەیە پارێزگاری داهاتووی كەركوك كەسێك دەبێت لە یەكێتی نیشتمانی، چونكە پێشتر پارتی جەختی لەسەر ئەوە دەكرد دەبێت سەرەتا دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوەو دواتر پارێزگار هەڵبژێردرێت، بەڵام یەكێتی داوای دەكرد دەبێت سەرەتا گرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك بكرێت.
پەرلەمانو یەكێتی !
بەپێی رێككەوتنە نوێیەكە، دەبێت لە كورتترین ماوەدا، یەكێتی نیشتمانی كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی پارتی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی بكشێتەوەو كاندیدی یەكێتی بەدەنگدان لەناو پەرلەماندا وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هێشتا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووەو تەنیا (بێگەرد تاڵەبانیو رێواز فایەق)ن.
سەرۆكایەتی هەرێم
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەپێی رێككەوتنەكە، لەدوای پێكهێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمان (واتە دەستبەكاربوونی كاندیدی یەكێتی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان) یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە هەموار دەكرێتەوە، كە ئێستا پارتی پرۆژە هەموارەكەی ئامادەكردووەو، ئەویش هەمواركردنی ئەو بڕگەیە كە باس لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكاتو لە هەموارەكەدا داواكراوە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.
بەگوێرەی رێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتی، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی زیاد دەكرێتو ئەو پۆستە بە یەكێتی دەدرێت، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت.
سەبارەت بە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمو یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بڕیارە لەهەمان رۆژدا كۆتایی بە كاركردن بەو دوو یاسایە بهێنرێتو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم وەكو خۆی دەمێنێتەوەو كەمناكرێنەوە، هەموو ئەم پرۆسەیە بڕیارە لەماوەی كەمتر لە (10) رۆژدا جێبەجێ بكرێت.
سەرۆكی نوێی هەرێم، بە دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای دەستوری عێراق دەكرێت، چونكە هەرێمی كوردستان تائێستا دەستوری نییە.
بەڵام ئەگەر زیاتر لە كەسێك خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندیدكردو دەنگەكانیان لەناو پەرلەمان یەكسان بوو، ئەوكات بەزۆرینەی سادەی دەنگ كاندیدی سەرۆكی هەرێم یەكلادەكرێتەوە.
سەرۆكایەتی حكومەتو وەزارەتەكان
لەبارەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی نوێی حكومەتی هەرێمیشەوە، زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوەدەكەن، پارتی هەوڵێكی هەیە بۆ ئەوەی بەر لە جەژنی نەورۆز حكومەتی نوێی هەرێم پێكبێت.
لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان (قوباد تاڵەبانی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پۆستەكانی تریش لەناو باڵەكانی یەكێتیدا یەكلادەكرێتەوە، بەڵام پێدەچێت كاندیدی پۆستەكانی تر لەناو یەكێتی دوچاری گێرمەو كێشە ببێتەوە.
لەبارەی وەزارەتەكانیشەوە، یەكێتی لە كابینەی نوێدا (5) وەزارەت وەردەگرێت، یەكێتی تائێستا سورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ، یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆو پشكەكانی تری یەكێتی لە حكومەت سپێردراوە بەو كۆمیتە هاوبەشەی كە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەنێوان هەردوولادا دروستدەكرێت.
كێشەی بەغداد
لەسەر پرسی وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی كوردەو بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی تائێستا ئەو وەزارەتە پڕنەكراوەتەوە، مەسعود بارزانی بەڵێنی بە یەكێتی داوە ئەو پۆستە بۆ ئەوان دەبێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر كاندیدی بۆ پۆستی وەزارەتی داد راگەیاندووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت دواجار یەكێتی (خالید شوانی) لە پۆستی وەزارەتی داد جێگیر بكات.
بەرهەم ساڵحو پارتی
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەڵێنیداوە بەمزوانە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاسایی بكاتەوە، كە یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەردوو حزب بوو، بەوپێیەی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا.