كێ لە هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە سودمەند دەبێت ؟
2019-03-09 11:02:27
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
دوای هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە، ئەو پارەیەی كە مانگانە دەگەڕێتەوە بۆسەر موچەی پەرلەمانتار یان وەزیرێك، 16 جار لەو پارەیە زیاترە كە دەگەڕێتەوە بۆسەر موچەی مامۆستایەك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری موچە دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتنی موچە بڵاودەكاتەوە.
دوای زیاتر لە سێ ساڵ، دواجار حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری "پاشەكەوتكردن"ی موچەی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندەوە، پاشەكەوتێك كە دیارنییە ئاخۆ حكومەت رۆژێك لە رۆژان بۆ فەرمانبەرانی دەگێڕێتەوە یاخود نا.
بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێم، لەم مانگەوە، فەرمانبەران بەپێی خشتە كۆنەكە، موچە وەردەگرن، واتە بارودۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی بەر لە مانگی شوباتی ساڵی 2016.
پاشەكەوتەكە چۆن بوو ؟
رۆژی 3ی شوباتی 2016، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبەهانەی نەناردنی بودجە لە بەغدادو دابەزینی نرخی نەوتو شەڕی "داعش"و هاتنی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە بۆ هەرێم، بڕیاری ژمارە (64)ی دەركرد، بەپێی ئەو بڕیارە، سیستمی "پاشەكەوت" بەسەر موچەی فەرمانبەراندا سەپێندرا، هەر فەرمانبەرێك بەپێی پلە وەزیفییەكەی بڕێك لە موچەكەی كەمكرایەوە، رێژەی پاشەكەوتكردنی موچە لە (15% وە دەستیپێكرد بۆ 75%).
رۆژی 28ی ئازاری 2018، لەژێر فشاری خۆپیشاندانی فەرمانبەران، حكومەتی هەرێم كەمترین ئاستی پاشەكەوتی موچەی لە 15%وە كەمكردەوە بۆ (10%)، بەرزترین ئاستی پاشەكەوتیش لە (75%)وە كەمكردەوە بۆ (30%)، بەڵام ئەمە پلە تایبەتەكانی نەگرتەوە (دواتر بە بڕیارێك پاشەكەوتی موچەی پلە تایبەتەكان لە رێژەی 75% بۆ 40% كەمكرایەوە).
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (16 ترلیۆنو 150 ملیار) دینار قەرزاری فەرمانبەرانە، ئەوەش ئەو پارەیەیە كە لە موچەی فەرمانبەران بڕدراوە لەژێر ناوی "پاشەكەوت"دا، لە رۆژی 3ی شوباتی 2016وە بۆ 8ی ئازاری ئەمساڵ، واتە دوێنێ كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوت درا.
نادادی دەستپێدەكاتەوە ؟
"پاشەكەوت"ی موچە هەڵوەشایەوە، خەڵكو فەرمانبەران (ملیۆنێكو 249 هەزار موچەخۆر لە هەرێمی كوردستاندا هەیە) دڵخۆشن، بەڵام هێشتا نیگەرانییەكان بەتەواوەتی نەڕەویونەتەوە، لەگەڵ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی موچەدا، جارێكی تر قسەوباس لەسەر نادادی لە موچەدا سەریهەڵدایەوە، بابەتێك كە بەر لە بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچەش، قسەی گەرمی شەقام بوو.
پلە تایبەتەكان (وەزیر- جێگری وەزیر- بریكاری وەزیر- راوێژكار- بەڕێوەبەری گشتی- پەرلەمانتار) ئەمانە تا ساتی دەرچوونی بڕیاری پاشكەوت، زۆرترین موچەیان وەردەگرت، بەبەراورد بە فەرمانبەرانی تر، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیاری پاشكەوت زۆرترین بڕ لە موچەی ئەم توێژە كەمكرایەوە.
كەمكردنەوەی زۆرترین بڕ لە موچەی پلە تایبەتەكان، تاڕادەیەك ناڕەزایەتی شەقامی لە بڕیاری پاشەكەوتی موچە كەمكردەوە، بەڵام بە هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە، ئەگەر بەیاسا موچەی پلە تایبەتەكان رێكنەخرێتو جۆرێك لە دادپەروەری نەچەسپێندرێت، پێدەچێت، جارێكی تر شەپۆلی ناڕەزایەتی لەبارەی نادادی موچەوە دەستپێبكاتەوە.
موچە پلە تایبەتەكان دوای پاشەكەوت !
• موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان مانگانە (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، لەسەرەتای بڕیاری پاشەكەوتدا، 75%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوت، واتە مانگانە (2 ملیۆنو 500 هەزار) دیناریان وەردەگرت، بەڵام دواتر پاشەكەوتی موچەی پەرلەمانتاران بۆ رێژەی 40% كەمكرایەوە، لەوكاتەوە تائێستا پەرلەمانتاران مانگانە (4 ملیۆنو 850 هەزار) دینار وەردەگرن، دوای هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە، موچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێك دەبێتەوە بە (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار، تائێستا هیچ یاسایەك بۆ رێكخستنەوەی موچەی پەرلەمانتارانو پلە تایبەتەكان دەرنەچووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەكیان هەیە بۆ رێكخستنەوەی موچە لەم خولەی پەرلەماندا.
• موچەی وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوتو مانگانە بڕی (4 ملیۆنو 850 هەزار) دیناریان وەردەگرت، ئەمە سەرەڕای ئەو نەسریەیەی كە لەبەردەستی هەر وەزیرێكدا هەیە. دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت، موچەی مانگانەی هەر وەزیرێك دەبێتەوە بە (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار.
• موچەی هەر جێگر وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە (5 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوتو مانگانە بڕی (3 ملیۆنو 300 هەزار) دیناریان وەردەگرت، دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت، موچەی مانگانەیان دەبێتەوە بە (5 ملیۆنو 500 هەزار) دینار.
• موچەی هەر راوێژكارێكی حكومەتو پەرلەمان مانگانە (6 ملیۆن) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوت، مانگانە بڕی (3 ملیۆنو 600 هەزار) دیناریان وەردەگرت، دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت، موچەی مانگانەیان دەبێتەوە بە (6 ملیۆن) دینار.
• موچەی هەر بەڕێوەبەرێكی گشتی مانگانە (3 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوتو مانگانە بڕی (2 ملیۆنو 100 هەزار) دیناریان وەردەگرت، دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت موچەی مانگانەیان دەبێتەوە بە (3 ملیۆنو 500 هەزار) دینار.
موچەی فەرمانبەرێكی ئاسایی دوای پاشەكەوت !
بە نمونە ئەگەر مامۆستایەك وەربگرێن كە بەر لە بڕیاری پاشەكەوتی موچە، موچەكەی (یەك ملیۆن) دینار بووبێت، ئەم مامۆستایە لەسەرەتای بڕیاری پاشكەوتی موچەدا، بڕی 60%ی موچەكەی بڕدرا، واتە مانگانە تەنیا (400 هەزار) دیناری وەردەگرت، لە قۆناغێكی تری پاشەكەوتی موچەدا، پاشەكەوتی موچەی مامۆستایان كرا بە 20%، واتە لەو ماوەیەشدا ئەم مامۆستایە كە لە بنەڕەتەوە موچەكەی (یەك ملیۆن) دیناربوو، مانگانە (800 هەزار) دیناری وەرگرتووە، دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت، ئەم مامۆستایە تەنیا (200 هەزار) دینار دەگەڕێتەوە بۆسەر موچەكەی.
بەبەراوردكردنی ئەو موچەیەی كە دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت بۆ كەسێكی پلە تایبەتی وەكو (پەرلەمانتار یان وەزیر) دەگەڕێتەوە لەگەڵ ئەو موچەیەی كە بۆ مامۆستایەك دەگەڕێتەوە، جیاوازییەكە (16) هێندەیە، واتە ئەو پارەیەی كە بەهۆی هەڵگرتنی پاشەكەوتەوە بۆ هەر وەزیر یان پەرلەمانتارێك دەگەڕێتەوە، 16 هێندەی ئەو پارەیەیە كە بۆ مامۆستایەك دەگەڕێتەوە.
وەزیر یان پەرلەمانتارێك بەهۆی هەڵگرتنی پاشەكەوتەوە، مانگانە (3 ملیۆنو 350 هەزار) دینار دەگەڕێتەوە بۆسەر موچەكانیان، بەڵام مامۆستایەك تەنیا (200 هەزار) دینار دەگەڕێتەوە بۆسەر موچەكەی.