درەو میدیا لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقو لە یەكەم گەڕی وەرگرتنی متمانەدا لە پەرلەمان، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پشكی كورد دوو وەزارەتی بۆ خۆی دەستەبەر كردو چاوەڕێی وەرگرتنی وەزارەتی سێیەمیش دەكات، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش سورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی سێیەمو رەنگە بۆ وەرگرتنی متمانە لە گەڕی دووەمی متمانەبەخشیندا یەكێتی كارێكی ئەوتۆی بە پارتی نەبێت. بڕیارە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو جارێكی تر پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە بەمەبەستی متمانەبەخشین بە هەشت وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كە لە دانیشتنی پێشوودا یەكلانەكرانەوە، كورد لە گەڕی یەكەمی متمانەبەخشیندا دوو وەزارەتی وەرگرتو هەردوو وەزارەتەكە پارتی بردی، ئێستا یەك وەزارەت ماوەتەوە كە پشكی كوردەو هێشتا پەرلەمان متمانەی بە وەزیرەكەی نەداوە، هەندێك سەرچاوەش باس لەوەدەكەن، رەنگە پشكی كورد لەم كابینەیەدا بۆ (4) وەزارەت زیادكرابێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر پشكی كورد (3) وەزارەت بێت، یەكێتی دەیەوێت وەزارەتی سێیەم بۆ ئەو بێت، ئەگەر پشكی كورد بۆ (4) وەزارەت زیادبكرێت، رەنگە وەزارەتی چوارەم بدرێت بە یەكێك بە سێ لایەنەكە (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی). یەكێتی فێلێكی تر لە پارتی دەكات! (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لە بەغداد زانیاری دەستكەوتووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوشێوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار فێڵێكی تری لە پارتی كردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە قۆناغی یەكەمی متمانەبەخشیندا بە وەزیرەكان، پارتی سور بووە لەسەر ئەوەی نابێت هیچ وەزارەتێك بە یەكێتی بدرێت، لەوچوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بە تەلەفۆن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقی ئاگاداركردوەتەوە كە" نابێت یەكێتی بەشدار بێت، ئەگەرنا پارتی پاشەكشە دەكات"، بەڵام عادل عەبدولمەهدی بەهۆی ئەوەی پێویستی بە دەنگی پارتی بووە لە پەرلەمان بۆ ئەوەی كابینەكەی متمانە وەربگرێت، بۆیە لە رۆژی یەكەمی متمانەدان بە كابینەكەی هیچ وەزارەتێكی بە یەكێتی نەداوە، بەڵام وەزیرێكیشی بۆ كورد هێشتوەتەوە. ئێستا دوای ئەوەی زۆربەی وەزیرەكانی كابینەكەی متمانەی پەرلەمانیان وەرگرتووە، عادل عەبدولمەهدی پێویستی بە دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی نەماوە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەو وەزارەتەكەی كە ماوەتەوەو پشكی كوردە بدرێت بە یەكێتی. یەكێتی (خالید شوانی) كاندیدكردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە وزارییەی حكومەتی عێراق كە ماوەتەوەو هێشتا وەزیرەكەی متمانەی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، دیارنییە وەزارەتی سێیەم كە پشكی كوردە چ وەزارەتێك دەبێت، بەڵام لەدوو ئەگەر زیاتر نییە، یان وەزارەتی (كۆچو كۆچبەران)ە، یاخود وەزارەتی (داد)، یەكێتی هەریەكێك لەم دوو وەزارەتە وەربگرێت تەنیا یەك كاندیدی هەیە كە ئەویش (خالید شوانی)یە. نەوزاد هادی كاندیدی پارتییە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكانی پشتی پەردە لە بەغداوە بە (درەو میدیا) راگەیاند، پارتی سورە لەسەر ئەوەی وەزارەتی سێیەمیش بۆخۆی بباتو تاكە كاندیدی پارتیش بۆ وەزارەتی سێیەم (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێرە. بەڵام زانیارییەكان بەو ئاڕاستەیەن ئەو وەزارەتەی كە ماوەتەوە بدرێت بە یەكێتی، چونكە لەلایەك پارتی وەك پێشتر ناتوانێت ئەو فشارە لەسەر كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دروستبكاتو لەلایەكی تریش یەكێتی بە قورساییەكی زۆرەوە لە بەغدادەو دەیەوێت ئەو وەزارەتەی بۆ خۆی ببات، هاوكات عادل عەبدولمەهدیش دەیەوێت یەكێتی بەشدار بێت لە كابینەكەیدا.
نیاز عەبدوڵڵا بەشی یەكەم: نەمانی یادەوەری و وێنەی زیندوو بەر لە رووخاندنی سینەماكە لە رێگای دوو بەدواداچوونی رۆژنامەوانیم لەسەر چوار سینەما دیرینەكەی شار (سەڵاحەددین، كریستاڵ، سیروان، حەمرا)، جارێكیان عەبدولڕەزاق مەعروف حەسەن-م دواند كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بوو سینەما سەڵاحەددینی بەڕێوە دەبرد، ئەو وتی "ئێمە چەندین جار نووسراومان پێشكەش بە وەزارەتی رۆشنبیری و حكومەت كردووە بۆ هاوكاریكردنمان تا بەردەوامبین لە كارپێكردنی سینەماكە و نمایشەكان، بەڵام ناچارین بیڕوخێنین چونكە حكومەت وەڵاممان ناداتەوە و سینەماكە بۆتە دیوەخانێك و بێ كار تیایدا دادەنیشین". لە ساڵی 2006 لەو كاتەی كۆنترین سینەمای شاری هەولێر سینەما سەڵاحەدین رووخێندرا و دواتر شوێنەكەی كرایە گەراجی ئۆتۆمبێل، حكومەتی هەرێم سەدان هەزار دۆلاری دەدا بە كۆمپانیاكان و سینەماكاران تا فیلمی سینەمایی كوردی بەرهەمبێنن بەبێ ئەوەی یەك سینەما هەبێت فیلمی تیا نمایش بكرێت، سێ سینەماكەی تریش كە پڕ بوو لە یادەوەری خەڵك تا ئەمڕۆ كراونەتە كۆگای شتومەك. حەوت ساڵ دوای رووخاندنی كۆنترین سینەمای هەولێر، سەرەڕای ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایی ئێمە و چەندین ھونەرمەند و نووسەری شارەكە لە 4ی تەمموزی 2013، بەڵام بە ناوی نۆژەنكردنەوە و بە مۆدێرنكردنی، كۆنترین ھۆڵی نمایشی شانۆیی كە ھێشتا بۆنی نمایشە بەرەنگارییەكانی سەردەمی بەعسی لێ دەھات رووخێندرا و بڕی (8 ملیار و 242 ملیۆن 616 هەزار و 495 دینار)یان بۆ تەرخانكرد، هۆڵی گەل-یش نەك هەر هۆڵێكی مۆدێرنی شانۆیی لە شوێن بونیاد نەنرا بەڵكو ئێستا یەكێكە لە كەلاوەكانی پایتەخت. زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر بەڵێنی جێبەجێكردنی هۆڵە شانۆییە مۆدێرنەكە تێپەڕیوە و جگە لە پەرتەوازەكردنی بەشی مۆسیقا كە 150 ژەنیاری بە ئەزموون بوون و لەو هۆڵەدا راهێنانیان دەكرد، شارەوانی پلانی وایە چەند مەترێك لەولای هۆڵەكە لە رۆژانی داهاتوو بەناوی نۆژەنكردنەوە و بە مۆدێرنكردنی شەقامی میللی ئیسكان كاسبكارە خاوەن عەرەبانەكان لەوێ دوور بخاتەوە. تێكدانی بازاڕە میللییە دێرینەكانی هەولێر سەرەتا بە تێكدانی بازاڕی لەنگە دەستی پێكرد، دواتر بەناوی پرۆژەی بازاڕی مۆدێرن بازاڕی نیشتیمانی لێ دروست كرا و پرۆژەكەش نەك هەر تەواو نەكرا بەڵكو یەكێكە لە سیما ناشرینەكانی شار و لە ناوەوەش شوێنكی ترسناك و نائارامە. حكومەت بە ناوی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ماستەر پلانی هەولێر، كۆنترین فەرمانگە میژووییەكانی وەك دادگای هەولێر و نەخۆشخانە و قوتابخانەی بەرامبەر قەڵای هەولێری رووخاند و ئێستا كردوویەتییە گەراجی ئۆتۆمبێل. حكومەتی هەرێم لەو كاتانەی پەنا دەباتە بەر رووخاندنی ناوەندە سیموبولی و پر یادەوەرییەكانی خەڵك، دەتوانێت ئەو ناوەندانە وەك مۆزەخانە بپارێزێت و لە شوێنێكی تر پرۆژە نوێیە "مۆدێرنەكان"ی بونیاد بنێت. بەڵام حكومەت لە بەرامبەر خواستی زیادەڕۆی بۆ دەستخستنی پارە و بەكارهێنانی موڵكی گشتی، واییكردووە باكی بە سیمبولە دێرین و پڕ یادەوەرییەكانی تاك و كۆمەڵگا نەبێت و بۆی ئاساییە یادەوەری وێنەیی و ئاسەوارەكانی ئەو یادەوەریانەش بسڕێتەوە چونكە بەشێك نین لە شوناسی سەركردە حیزبییەكان. رووخاندنی ئەو شوێنانەی ناوم هێناون بەراورد دەكەم بە پرۆژەیەكی ستراتیژی گرنگ كە داهاتووی ئاسایشی ئێمەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوە بەندە، ئەویش بەنداوی بێخەمەیە. لەگەڵ هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ سڕینەوەی یادەوەری گەلانی كوردستان، بەڵام بەهۆی شوێنەكانی تر كە ناوچەی خێڵی حیزبە لە بارزان پرۆژەیەكی وەك بەنداوی بێخمە وەستێندراوه، بەو ئامانجەی ناوچەكە نەكەوێتە ژێرئاوەوە و وەك سیمبولێكی بنەماڵەیی بمێنێتەوە، لە كاتێكدا بەنداوەكە شوینێكی جێگرەوەی تری نیە بۆ دروست كردن بەو قەبارە و ستراتیژیەتە لە كوردستان. لە پاڵ بە "مۆدێرنكردن"ی ناوەندە سیمبولی و كۆنەكانی شار، حكومەتی هەرێم بە مۆدێرنكردن لە بەرزكردنەوەی باڵەخانە بەرزەكاندا دەبینێت نەك پارێزگاریكردن لە میژووی گەلانی و بونیادنانی ژێرخانی فیكری و ئابووری. بۆیە لەگەڵ هەر بەرزكردنەوەی باڵەخانەیەك لە شارەكان، ژمارەیەكی زیاتر لە خوێندكار بەهۆی هەژاری لە خوێندن دادەبڕێن و لەبەردەم ئەو پرۆژە مۆدێرنانەی حكومەت كاری دەستگێری دەكەن.
( درەو میدیا): ژەنەراڵ دەیڤد پێترایۆس بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا " CIA " و فەرماندەی پێشووتری هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق رایدەگەیەنێت بەشێك لەوانەی ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقن لەسەردەم ئەودا لە زینداندا بوون. پێترایۆس لە میانی بەشداریكردنیدا لە كۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە وتی:" چەك ئێستا لە عێراقدا زۆرینەی لە دەستی دەوڵەتدا نییە و ئەوەش مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە". وتیشی:" ئێستا لە پەرلەمانی عێراقدا كەسانێك هەن كاتێك من فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا بووم لە عێراق، ئەوان لە زینداندا بوون و ئەوەش مایەی گومان و نیگەرانییە". ئاماژەیبەوەشدا ئەو سزایانەی كە سەرەتای نۆڤێمبەری داهاتوو بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێن جیاواز دەبن و وادەردەكەوێت كە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا هیچ سازشێك بۆ ئێران نەكات، كە ئیدارەی پێشوو كردی و پێویستە لەسەر كۆمپانیاكان لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا یەكێكیان هەڵبژێرن.
(درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا دەهێڵێتەوە تا ئەو كاتەی كوتلە سیاسییەكان كاندیدی ئەو دوو وەزارەتە یەكلایی دەكەنەوە، ئەوەش هەنگاوێكە چاودێرانی سیاسی بەڕەنگدانەوەی قوڵی ئەو قەیرانە سیاسییەی وەسفدەكەن كە بەرۆكی عێراقی گرتووە. بەپێی فەرمانێكی دیوانی عەبدولمەهدی خۆدی خۆی بەوەكالەت ئەو دوو وەزارەتە بەڕێوەدەبات، لە یەكەم كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیشدا دوای وەرگرتنی متمانە بە كابینەی حكومەتەكەی ڕایگەیاند: هیچ گۆڕانكارییەك لە ناوی ئەو كاندیدانە ناكات كە پێشكەشی پەرلەمانی كردووە بۆ ئەو وەزارەتانەی تائێستا متمانەیان پێنەدراوە (خوێندنی باڵا ، ڕۆشنبیری، پەروەردە، داد، پلاندانان، كۆچ و كۆچبەران) بەوەش تۆپەكەی هەڵداوەتەوە ناو گۆڕەپانی كوتلە سیاسییەكان بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پرسە، بە تایبەت ئێستا لە پێگەیەكی بەهێزتردایە دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان و نەمانی وادەیەكی دەستوری لێی بترسێت. محەمەد كەربولی، پەرلەمانتاری عێراق و سەركردە لە هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی سوننەكان كە لە چوارچێوەی كوتلەی (بونیاتنان)دان، بە ڕۆژنامەی (شەرقلئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە"پۆستی وەزیری بەرگریی ئێمە بڕیاری لەبارەوە دەدەین, چونكە ئەو پۆستە یەكەم پشكی پێكهاتەیە و ئەوەش وادەكات سەركردەكانی ئەو پێكهاتەیە ڕێككەوتنی لەسەربكەن كە نوێنەرایەتی ئەو پێكهاتەیە دەكەن لە پەرلەمان لەڕێی ئەو كورسیانەی بەدەستیهێناوە، دووەمیش، لەبەرئەوەی كاندیدكردنی كەسێك بۆ ئەو پۆستە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان نەك كەسێكی تر، ئەویش كەسایەتیەكی سەركردەو سەربازێكی دێرینە" دەشڵێت"هیچ ناوێكی تر بۆ ئەو پۆستە تێناپەڕێت، لە ئێستا بەدواشەوە قبوڵی ناكەین كاری دەوڵەت بەوەكالەت بەردەوامبێت بە پاساوی نەبوونی ڕێككەوتن و سازان". ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئەوەشی ئاشكراكردووە"ناكۆكی لەنێوان هەردوو كوتلەی بونیاتنان و چاكسازی هێشتا بەردەوامە سەبارەت بە "فالح فەیاز" كاندیدی وەزیری ناوخۆ كە عەبدولمەهدی نەیتوانی لەناو پەرلەمان تێیپەڕێنێ بەهۆی بوونی ڤیتۆی موقتەدا سەدر لەسەری، سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە فالح فەیاز كاندیدی كوتلەی بونیاتنانە، بە تایبەت فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت و سورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن فەیازەوە، لە كاتێكدا سەدریش پێداگری لەسەر ڕەتكردنەوەی دەكات بێئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرابكات، لە حاڵەتی بەردەوامی ناكۆكییەكانیش لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆ لەنێوان هاوپەیمانی فەتح و سائیرون، ئەوا ئەو تەوافوقەی بووە هۆی هێنانە پێشەوەی عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی پەسەندكراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەڕەشەی پارچەبوونی لەسەرە.
( درەو میدیا): بارزانی هەڕەشەی بایكۆتكردن و دژایەتیكردنی حكومەتی لەعادل عەبدولمەهدی كردووە، ئەگەر وەزارەت بدات بەیەكێتی. (بەها ئەعرەجی) سەركردە لەڕەوتی سەدر و جێگری پێشوی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "شەرقیەنیوز" ئاشكرایكرد: یەكەم وەزیر كە (عادل عەبدولمەهدی) لەحكومەتەكەی دەستنیشانیكردبوو (خالید شوانی) بوو بۆ وەزارەتی داد، بەڵام لەدواین ڕۆژدا مەسعود بارزانی تەلەفونی بۆ عادل عەبدولمەهدی كردوو و پێیڕاگەیاند "ئەگەر وەزارەت بدەیت بەیەكێتی بەشداری لەحكومەت ناكەم و دژیشی دەوەستم". ئەعرەجی وتیشی"عادل عەبدولمەهدی ئەگەر بەقسەی بارزانی نەکردایە ٤٥ کورسی پارتی و هاوپەیمانەکانی لەدەست دەدا، وێڕای ئەوەی هاوپەیمانی و تەوافوقیان هەبوو، بۆیە ڕێککەوتن کرا کە وەزارەتی داد بدرێت بەکەمینەکان و لەلایەن بارزانییەوە وەزیرەکەی دەستنیشانبکرێت". پێداگری بارزانی لەوەرنەگرتنی هیچ وەزارەتێك لەلایەن یەكێتیەوە لەحكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دوای ئەوەدێت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ململانێیەكی توندیان كرد، بارزانی دەیویست ئەو پۆستە (فوئاد حسێن) وەربگرێت بەڵام هەوڵەكانی سەركەوتونەبو ، (بەرهەم ساڵح) كە لەلایەن یەكێیتی نیشتمانی كوردستانەوە كاندیدكرابو بۆ ئەوپۆستە، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا. ساڵی (2010)ش، لەگەرمەی ململانێكانی نێوان (پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان)دا، لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی ئەوكاتی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی (نوری مالیكی)، (مەسعود بارزانی) بە(مالیكی )ڕاگەیاند"ئەگەر وەزارەت بدەیت بەبزوتنەوەی گۆڕان ئەوا پارتی بایكۆتی كابینەی حكومەتی عێراق دەكات" بەوهۆیەشەوە (نوری مالیكی) بزوتنەوەی گۆڕانی لەحكومەت بێبەشكرد.
( درەو میدیا): لەبەرامبەر دیارنەمانی دەنگەكانی هاوپەیمانی و ئەو كەم و كوڕیارنەی لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هاەبووە ( ئومێد حمەرشید محمد جاف)، كاندیدی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی سكاڵای یاسایی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان و دەستەی دادوەری هەڵبژاردن كردوە. لە نوسێنێكدا كە لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی بڵاویكردۆتەوە ئەو كاندیدەی هاوپەیمانی ئاماژەی بەوەكردووە" ژمارە دەنگەكانی لیستی (١٧٢) بەپێی ئەنجامە بەراییە راگەیاندراوەكان بە رێژەی (٨٥%) لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، (٦٨٨٦) شەش هەزارو هەشت سەدو هەشتاو شەش دەنگ بووە. هەروەها بەپێی ئەنجامە بەراییە نا فەرمیەكان كە لە كۆمسیۆن بڵاوكراوەتەوە، بەرێژەی (١٠٠%) دەنگەكانی لیستی (١٧٢) گەیشتە (٨١٠١) هەشت هەزارو سەدو یەك دەنگ بەڵام لە راگەینراوی كۆتایی ئەنجامەكاندا دەنگەكانی بووە بە(٢٩٨٣) دووهەزارو نۆسەدو هەشتاو سێ دەنگ كە (٥١١٨) دەنگ لە كۆی (٨١٠١) دەنگ، كەمكراوەتەوە" ئومێد جاف ئەوەشی رونكردۆتەوە" هاوپەیمانی تەنها لیستێكە لەناو سەرجەم لیستە بەشدارەكان دەنگەكانی كەمی كردوە، بەپێچەوانەوە سەرجەم لیستەكان دەنگیان زیادی كردوە بەپێی راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان" دەقی نوسینەكەی ئومێد جاف ئەمرۆ تانەمان دا لە بریاری ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ژمارە (٦٣ لـــە ٢٠/١٠/٢٠١٨). دەرفەتان هەبوو ورد بیخوێننەوە، دەبینن چی گوزەرا. ڕووی تانە:- تانەلێدراو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند. لە بەرئەوەی بریارەكەیان نارەوایە بەمافی منو پێچەوانەی رێكارەكانی یاسایە، بۆیە لە ماوەی یاسای هەستاین بەتانە لێدانی لەبەر ئەم هۆكارانە:- یەكەم/ راگەیاندنی ئەنجام: كۆمسیۆن نەیتوانی لەكاتی خۆیدا ئەنجامە بەرایەكان ئاشكرابكات، كە پێویست بوو لەماوەی (٧٢) كاتژمێر ئاشكرابكردایە، بەپێی ماددە (٤/٩: ئاشكراكردنی ئەنجامە بەرایەكانی هەڵبژاردنەكان بەمەرجێك لە (٧٢) كاتژمێر تێپەرنەكات) لەیاسای كۆمسیۆن . لەدوای تێپەربوونی (٩٦) كاتژمێر كۆمسیۆن تەنها رێژەی (٨٥%) ئەنجامە سەرەتایەكانی بەفەرمی راگەیاندوە . دواتر ئامادەنەبووە (١٥%) بە فەرمی رابگەیەنێت. ئاشكرا نەكردنی ئەنجامە بەراییەكان بەرێژەی (١٠٠%) ئەو راستیەی سەلماند كە داتاكانی كۆمسیۆن داتایەكی حقیقی نیە و یارمەتیدەربووە بۆ یاریكردن بە ئەنجامەكان. هەروەها راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان لەنیوە شەوی پاش (٢١) رۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، و سوتاندنی بەشێك لە دەنگەكان بە بێ زانیاری قەوارەكان لەسەر داتایەكی بەرایی، پێچەوانەی یاساییە. دووم/ سوتاندنی دەنگ: سوتاندن و ئەژمارنەكردنی دەنگی دەنگدەران بە شێوازی گشتی پێچەوانە دەوەستێت لەگەڵ ئەحكامی ماددەكانی (١٢ + ٢٠ + ٣٨/یەكەم) لە دەستوری هەمیشەی عێراق، وە بریاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٩٩، ١٠٤، ١٠٦/اتحادیە/ اعلام/٢٠١٨ لــە ٢١/٦/٢٠١٨) رەدی ئەم كارەی كردوە، وە بریاری ئەو دادگایە ملزمە بۆ هەموولایەك پێویستە پابەندی بن كۆمسیۆن، بەپێی ماددە (٩٤: بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەكلاكەرەوەیەو دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن). سێهەم/ ژمارەی دەنگدەر: لە بریاری تانەلێدراودا كۆی رێژەی بەشداری بە (١٨٤٥٩٧٩) دەنگ دیاریكراوە. دەنگی پوچەڵ و بەتاڵ لە رۆژی هەڵبژاردن لە وێسگەكانی دەنگدان بریاری لەسەردراوە كە ژمارەیان (١١٦٣٨٣ + ٤٢٤٣٢ =١٥٨٨١٥) دەنگە و كاریگەریان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نیە . بەڵام دەنگی سوتاو لە (٩٦) بنكە لەئەنجامی یەكلایی كردنەوەی سكاڵاكان، دیاریكراوە بە (١١٩٦١٧) دەنگ. ئەو داتایە كۆمسیۆن داتایەكی نا دروستە كە رایگەیاندوە؟ چونكە كۆمسیۆن تەنها یەك داتایەی فەرمی بە رێژەی (٨٥%) رێژەی بەشداربووان راگەیاندوە كە ژمارەی (١٣٥٥٩٥٩) دەنگە. بە كۆكردنەوەی دەنگی دروست و سوتاوەكان (١٥٦٧٥٤٧+١١٩٦١٧= ١٦٨٧١٦٤)، دواتر وەرگرتنی رێژەی لە (٨٥%) لە دەنگی دروست و سوتاو، دەردەكەوێت ژمارەی دەنگەكان دەبێت بە (١٤٣٤٠٩٠) دەنگ. كە پێویستە هەمان ژمارە دەربچێت بەرێژەی (٨٥%)، بەڵام ئەم رێژە دەنگە جیاوازە لە رێژەی سەدی و ژمارەی دەنگە راگەیەندراوەكان. واتە (٧٨١٣١) حەفتاو هەشت هەزارو سەدو سی و یەك دەنگ جیاوازی هەیە لە نێوان دوو راگەیەندراوی فەرمی كۆمسیۆن بە رێژەی (٨٥%) بۆ ئەنجامی بەرایی و كۆتایی، كە زیاترە لە (٥) كورسی پەرلەمانی كوردستان. چوارەم/ دیارنەمانی دەنگەكانی لیستی (١٧٢): ژمارە دەنگەكانی لیستی (١٧٢) بەپێی ئەنجامە بەراییە راگەیاندراوەكان بە رێژەی (٨٥%) لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، (٦٨٨٦) شەش هەزارو هەشت سەدو هەشتاو شەش دەنگ بووە. هەروەها بەپێی ئەنجامە بەراییە نا فەرمیەكان كە لە كۆمسیۆن بڵاوكراوەتەوە، بەرێژەی (١٠٠%) دەنگەكانی لیستی (١٧٢) گەیشتە (٨١٠١) هەشت هەزارو سەدو یەك دەنگ . هاوپەیمانی تەنها لیستێكە لەناو سەرجەم لیستە بەشدارەكان دەنگەكانی كەمی كردوە، بەپێچەوانەوە سەرجەم لیستەكان دەنگیان زیادی كردوە بەپێی راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان. دابەزینێكی بەرچاوی (٥١١٨) دەنگ لە كۆی (٨١٠١) دەنگ، ئەژماركردنی بەتەنها (٢٩٨٣) دووهەزارو نۆسەدو هەشتاو سێ دەنگ نەگونجاوە لەگەڵ قورسایی رێژەی دەنگی هاوپەیمانی. لەكاتێكدا ئەم لیستە نە كۆمەڵگای نیشتەجێبوونی هاودیدانی هاوپەیمانی هەیە لە شوێنە جیاوازەكان هەرێم لە یەك ناوەندی دەنگدان بە كۆمەڵ دەنگیان دابێت یان هیزی چەكداری هەیە پەلاماری ناوەندەكانی دەنگدانی دابێت و فشارو ترس و تۆقاندنی ئەنجام دابێ بەرامبەر فەرمانبەرانی كۆمسیۆن و هاوڵاتیان، تا كۆمسیۆن بە كۆمەڵ دەنگەكانی بسوتێنێت لە (٩٦) ناوەندی دەنگدان!! پێنجەم/ بەراوردكردن: بەراوردكردن لە نێوان دەنگی راگەیەندراوی سەرجەم لیستە بەشدارەكان بەرێژەی (٨٥%) لەگەڵ ئەنجامی كۆتاییەكانیان بەرێژەی (١٠٠%) لەلایەن كۆمسیۆن، دەردەكەوێت بەتەنها لیستی (١٧٢) دەنگەكانی كراوە بە ئامانج، بەم شێوەیە:- ژ ژمارەی لیستەكان رێژەی (٨٥%) رێژەی (١٠٠%) جیاوزیەكان ١ ١٠٥/ یەكێتی ٢٨٧٥٧٥ ٣١٩٩١٢ + ٣٢٣٣٧ ٢ ١١٩/ ئیصلاح ٦٩٤٧٧ ٧٩٩١٢ + ١٠٤٣٥ ٣ ١٢٧/ سەردەم ١٣٧٠٨ ١٥٤٣٤ + ١٧٢٦ ٤ ١٣٤/نەوەی نوێ ١١٣٢٩٧ ١٢٧١١٥ + ١٣٨١٨ ٥ ١٤٨/ گۆران ١٦٤٣٣٦ ١٨٦٩٠٣ + ٢٢٥٦٧ ٦ ١٥٦/ پارێزگاران ٣٠٢٨ ٣٦٢٨ + ٦٠٠ ٧ ١٦٤/ ئازادی ٧٠٦٩ ٨٠٦٣ + ٩٦٧ ٨ ١٧٢/ هاوپەیمانی ٦٨٨٦ ٢٩٨٣ - ٣٩٠٣ كەم ٩ ١٨٣/ پارتی ٥٩٥٥٩٢ ٦٨٨٠٧٠ + ٩٢٤٧٨ ١٠ ١٩٤/ كۆمەڵ ٩٤٩٩٢ ١٠٩٤٩٤ + ١٤٥٠٢ كۆ ١٣٥٥٩٥٩ ١٥٦٧٥٤٧ ١٨٥٥٢٧ قیاس بۆ كورسیەكانی لیستی (١٧٢) بكەین لە بریاری (٦٢+ ٦٣ لە ٢٠/١٠/٢٠١٨) هاتووە لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی تەنها (٩٦) ناوەندی دەنگدان لە پارێزگاكانی سلێمانی هەولێر دهۆك. بەركەوتەی لیستی هاوپەیمانی بە رێژەی سەدی (٤.٤%) كۆ سەرجەم دەنگە سوتاوەكانی بەركەوتووە كە (٥١١٨) دەنگە. ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە قیاس بۆ دەنگەكانی لیستی (١٧٢) بكەین لە بنكەكانی دەنگدان لە پارێزگاكانی هەرێم، واتە هاوپەیمانی مستحقی ئەوەیە بە ببێت خاوەنی نزیكەی (٥) كورسی پەرلەمانی كوردستان؟! شەشەم/ كۆمسیۆن: دابەش بوونی خودی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بەسەر دووبەرەی جیاواز لەسەر راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان. دەركردنی بەینامە لەلایەن (٤) كۆمسیار كە تێدا ئاماژە بە پێشێلكاری و تێپەراندنی ئەنجامەكان دەكەن، بەڵگەن بۆ راوەستانی دادگای بەرێزتان لەسەر پێداچونەوەو هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە راگەیەندراوەكان. حەوتەم/ سكاڵاكان: بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆن لەئەنجامی پێشلكاریەكان رۆژی هەڵبژاردن (١٠٤٥) سكاڵای پێشكەش كراوە. لە بریاری ٦٢ لە ٢٠/١٠/٢٠١٨ هاتووە كە (٦١٤) سكاڵا رەدكراوەتەوە، (١٦٧) سكاڵا قبوڵكراوە. بەڵام چارەنووسی (٢٦٤) سكاڵا نادیارە؟! لەهەمان بریاردا هاتووە لە ئەنجامی قبولكردنی (١٦٧) سكاڵا، (٩٦) بنكەی دەنگدان پوچەڵكراوەتەوە لە پارێزگای هەولێر (٥٩)، لە پارێزگای سلێمانی (٢٧)، لە پارێزگای دهۆك (١١)، لە كاتی كۆكردنەوەی ناوەندەكان كۆمسیۆن بە هەڵە داتاكانی تۆماركردوە: (٥٩ + ٢٧ + ١١ = ٩٧). لەبەر ئەو هۆكارنەی ئاماژەی پێدرا، سەرجەم ئەو هۆكارانەی بۆ دادگا بەرێزەكەتان روون دەبێتەوە بریار بدەن بە: ١- ئاراستەكردنی نوسراو بۆ فەرمانگەی تانەلێدراو بەمەبەستی داواكردنی بەراییەكانی فۆرمی (٥٣) لەو بنكانەی كە سوتێنراوە، بۆ وەرگرتنی داتای دروست لەسەر دەنگەكانی لیستی هاوپەیمانی لەو (٩٦) بنكەدا كە بۆتە هۆی كەمكردنی (٥١١٨) پێنج هەزارو سەدو هەژدە دەنگی لیستەكە. ٢- ئاراستەكردنی نوسراو بۆ فەرمانگەی تانەلێدراو بەمەبەستی داواكردنی بەرایەكانی دەنگی پوچەڵككراوە كە ژمارەی (١١٦٣٨٣) دەنگە و رێژەكەی (٦.٣%) كۆی رێژەی بەشداربووانی هەڵبژرادنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانە. ٣- هەڵوەشاندنەوەی بریاری تانەلێدراوی ئاماژە بۆكراوی سەرەوە، گەرانەوەی دەنگەكانی لیستی (١٧٢)، كە مستحقی پێدانی (١) كورسیە بە زۆرینەی ماوە پاڵپشت بە ماددە (٣٦/٣: ئەو كورسیانەی لەئەنجامی دەسكەوتنی ماوەی دەنگ كە نەگاتە تێكرای هەڵبژرادن بە بەتاڵی دەمێننەوە دەبێتە هی ئەو قەوارانەی كەوا زۆرترین ماوەی دەنگیان بەدەستهێناوە بەشێوەی یەك لە دوای یەك) لەیاسای هەڵبژاردن ژمارە (١ی ساڵی ١٩٩٢) هەموواركراو.
( درەو میدیا): ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێورەسمی ڕادەستكردن و وەرگرتنی وەزارەتەكانی حكومەت بە ئامادەبونی عادل عەبدلمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بەڕێوەچوو. هەر ئەمڕۆش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی یەکەمین کۆبوونەوەی لە دەرەوەی ناوچەی سەوز ئەنجامدا. درەنگانێكی شەوی ڕابردووكابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێدراو ناوی 14 وەزیری كابینەكەی پەسەندكران.
راپۆرتی: درەو میدیا كۆمەڵێك دۆسیەی ئاڵۆزو پرسی دڕكاویی لە چاوەڕوانی شەشەم كابینەی حكومەتی عێراقدایە، كە لەدوای ساڵی 2003وە پێكدەهێنرێت و، دەكرێت بە حكومەتی ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، ئاستەنگە ئەمنیی و سیاسی و ئابورییەكان وەسف بكرێت، هاوكات دەكرێت بە یەكەم حكومەتیش دابنرێت كە لە دەرەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پێكدەهێنرێت، بەوپێیەی سەرۆكەكەی بەشداری هەڵبژاردنی نەكردووە، هەروەك زۆربەی وەزیرە كاندیدكراوەكانیش بۆ پۆستە خزمەتگوزراییەكان بەشدارییان لە پرۆسەكە نەكردووە. لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی كوتلە سیاسیيەكان بەشێوەیەكی ئاشكرا پشتیوانی لە عەبدولمەهدی دەكەن، وێڕایی مەرجەعیەتی نەجەف، بەڵام بەشێك لە چاودێران و كەسانی نزیك لە عەبدولمەهدی ترسیان هەیە لەوەی سەرۆكی حكومەت و حكومەتەكەی بتوانن دۆسیەی گەورەو گرنگ یەكلابكەنەوە كە خەڵك چاوەڕوانیی لێیەتی و، سیناریۆی دەستلەكاركێشانەوەش وەك یەكێك لە پێشبینیە چاوەڕوانكراوەكان دەخەنەڕوو، لەحالێكدا عەبدولمەهدی زانی لە شكستەوە نزیكترە لەو ئەركەی پێی سپێردراوە. حكومەتی پسپۆِرییەكان چی پێدەكرێت لە عێراق؟ حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بەیەكێك لەو حكومەتانە دادەنرێت كە زۆرترین پسپۆڕی تێدا كۆبوەتەوە بەبەراورد بەحكومەتەكانی ڕابردوو، بەڵام لاوازترینە لەوەستان بەڕووی هێزە سیاسیيەكان كە زۆرینەیان لەگەندەڵییەوە تێوەگلاون و هەموژمنێكی بەهێزیشیان هەیە لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت، بەتایبەت لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و دارایی و بازرگانی، وێڕایی بوونی كیانێكی هاوتەریب بە هێزە نیزامییەكان كە ئەویش حەشدی شەعبیە. بەرپرسێكی باڵا لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی، ڕاگەیاندووە"حكومەتی نوێ لەلایەن مەرجەعیەتی باڵای نەجەفەوە پشتیوانیيەكی گەورە دەكرێت، بەجۆرێك هیچكام لە حكومەتەكانی پێشوو ئەو پشتوانیيەیان نەبووە". لەبارەی دورو نزیكی حكومەتیش لە میحورەی ئێرانی و ئەمریكی كە ململانێیانە لە عێراق، سەرچاوەكە ڕایگەیاندووە" حكومەتی نوێ لەناوچەی خۆڵەمێشیدا دەمێنێتەوە" واتەخۆی بۆ هیچ لایەكیان یەكلاناكاتەوە. حكومەتی نوێی عێراق ڕوبەڕوی 20 دۆسیەی سەرەكی گەورەو هەستیار دەبێتەوە، كە پێویستە لەسەری بەئەنجامیان بگەیەنێت یان لایەنی كەم بەرەوپێشچونیان تێدا ئەنجامبدات لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا. دیارترین دۆسیە هەڵواسراوەكان * سەرلەنوێ بنیاتانەوەی ناوچە ئازاداكراوەكان لەباكورو ڕۆژئاواو ناوەڕاستی عێراق، كە ژمارەیەیان 48 شارو شارۆچكەیە، بەتێچوی 88 ملیار دۆلار . * دابینكردنی خزمەتگوزرای ئاو و كارەباو ژێرخانی ئابوری لەڕێگاوبان و پرد لەسەرانسەری وڵات و بە دیاریكراوی لەباشور. * چارەسەری قەیرانی ئاو و كەمبونەوەی ئاوی دیجلەو فورات دوای بڕینی 61 سەرچاوەی ئاوی هەردوو ڕوبارەكەو دروستكردنی بەنداو لەسەریان لەلایەن ئێران و توركیاوە. * دۆسیەی هێزی بێگانە: هێزی 13 دەوڵەت لەعێراق بوونی هەیە، دیارترینیان (ئەمریكا- بەریتانیا- فەرەنسا- كەنەداو- ئوسترالیا- ئەلمانیا- ئیتالیا- ئێران- توركیا)و چەند وڵاتێكی دیكەش لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگ لەدژی تیرۆر. * ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادو چارەسەركردنی دۆسیەی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەنێوان هەردوولا، بەشاری كەركوكیشەوە. * دۆسیەی نەوت و غاز. * دۆسیەی بێكاری و هەژاری كە بەشێوەیەكی بەردەوام لەهەڵكشاندایە. * دۆسیەی لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش. * دۆسیەی گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 3 ملیۆن كەس. * دۆسیەی كشانەوەی گروپە چەكدارەكان لەناوچە ئازادكراوەكان (هەندێك لەناوچە سونییەكان). * دۆسیەی مافی مرۆڤ وەك پڕبونی بەندینخانەكان لە زیندانی، بەبێ ئاڕاستەكردنی هیچ تۆمەتێك. وێڕایی چەند پرس و دۆسیەی تری تایبەت بە بوارەكانی سیاسی و ئەمنیی و ئابوری و كۆمەڵایەتی وكۆی بوارە ژیارییەكانی تر. عەبدولمەهدی ئەركەكەی سەختە زۆرێك لەئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق كۆكن لەسەر ئەوەی، ئەركەكەی عادل عەبدولمەهدی زۆر سەختە، فائق شێخ عەلی پەرلەمانتاری عێراق لەتویتێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی" ئەو پرۆگرامە حكومییەی عادل عەبدولمەهدی لەپەرلەمانی عێراق پێشكەشی كرد، (چەرچڵ) ناتوانێت جێبەجێیبكات ئەگەر (هێتلەر و سەدام حسێن)یش، پشتیوانی بكەن". درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، عادل عەبدولمەهدی "سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو" كابینەی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كردو دوای مشتومڕێكی زۆرو تێبینی پەرلەمانتاران لەسەر ناوی ژمارەیەك لە وەزیرەكانی كابینەكەی و دواخستنی دانیشتنەكە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك، سەرەنجام پەرلەمانی عێراق متمانەیدا بە سەرۆكی حكومەت و 14 وەزیری كابینەی حكومەتەكەی. وەزیر متمانە پێدراوەكان و وەزارەتەكانیان 1- وەزیری دەرەوە - محەمەد عەلی حەكیم 2- وەزیری دارایی - فوئاد حسێن 3- وەزیری نەوت- سامر غەزبان 4- وەزیری كشتوكاڵ- ساڵح ئەلحەسەنی 5- وەزیری گەیاندن- د.نەعیم رووبەیعی 6- وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن- بەنگین رێكانی 7-وەزیری كارەبا- لوئەی خەتیب 8-وەزیری لاوان و وەرزش - ئەحمەد عوبەیدی 9-وەزیری تەندروستی- عەلا عەلوان 10-وەزیری پیشەسازی- ساڵح جبووری 11-وەزیری گواستنەوە- عەبدوڵڵا ئەلمالیكی 12-وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان- جەمال ئەلعادلی 13-وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی- باسم رووبەیعی 14-وەزیری بازرگانی- محەممەد هاشم جاسم وەزیرە متمانە پێنەدراوەكان 1-فالح فەیاز-وەزیری ناوخۆ 2-فەیسەل فەنەر جەربا-وەزیری بەرگری 3- حەسەن توعەمە گەزار-وەزیری ڕۆشنبیری 4-ئەسما سالم سادق-وەزیری داد 5-قوسەی سوهێل-وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی 6-سەبا خەیرەدین ئەلتائی-وەزیری پەروەردە 7-ئەیاد ساڵح سامەرائی-وەزیری پلاندانان 8-وەزیری كۆچ و كۆچبەران -( )
درەو میدیا: لە كۆبونەوەی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دوای گفتوگۆیەكی چڕ دواجار درەنگانی شەو متمانەی بەخشەی 14 وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی و 8 وەزیری ماوەتەوە بۆ كۆبونەوەی 6ی مانگی داهاتوو، ناوی وەزیر و وەزارەتەكان بەم شێوەیەن:. 1- وەزیری دەرەوە - محەمەد عەلی حەكیم 2- وەزیری دارایی - فوئاد حسێن 3- وەزیری نەوت- سامر غەزبان 4- وەزیری کشتوکاڵ- ساڵح ئەلحەسەنی 5- وەزیری گەیاندن- د.نەعیم رووبەیعی 6- وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن- بەنگین رێکانی 7-وەزیری کارەبا- لوئەی خەتیب 8-وەزیری لاوان و وەرزش - ئەحمەد عوبەیدی 9-وەزیری تەندروستی- عەلا عەلوان 10-وەزیری پیشەسازی- ساڵح جبووری 11-وەزیری گواستنەوە- عەبدوڵڵا ئەلمالیکی 12-وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان- جەمال ئەلعادلی 13-وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی- باسم رووبەیعی 14-وەزیری بازرگانی- محەممەد هاشم جاسم
(درەو میدیا): پارتی پێداگری لەسەر وەرگرتنی چوار وەزارەت دەكات و بەنیازە وەزارەتێك بدات بەسێ لایەنەكە و یەكێتی لە وەزارەت بێبەشبكات. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە "درەو میدیا"ی ڕاگەیاند" پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراقو بەشێوەیەكی فەرمی عەبدولمەهدی ئاگاداركردووە لەوەی دەبێت پشكی كورد لە كابینەكەیدا لە سێ وەزارەتەوە بكرێت بە چوار وەزارەت". ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە ئاشكرایكرد" پارتی بەنیازە یەكێتی لە وەرگرتنی وەزارەت لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بێبەشبكات و، لەو چوار وەزارەتەی كە وەریدەگرێت، سێ وەزارەتی بۆخۆی ببات، كە یەكێكیان وەزارەتی سیادییەو وەزارەتی چوارەمیش بدات بە سێ لایەنەكە (بزوتنەوەی گۆڕانو یەكگرتوی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی)". پارتی دەیەوێت رێككەوتن لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتە بۆ سێ لایەنەكە خۆیان بەجێبهێڵێت، بەڵام گریمانە دەكرێت ئەگەر پارتی بتوانێت وەزارەتی چوارەم وەرگرێت، ئەو وەزارەتە بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان.
(درەو میدیا): لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، بەشێك لە كاندیدەكانی لیستی ئازادی گومانیان لە دەنگەكانیان هەیە پێیان وایە جێگۆڕكی بە ناوەكانیان كراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، (فاخیر رەسوڵ شێخە دێگەی)ی كاندیدی ژمارە (9)ی لیستی ئازادی حزبی شیوعی كوردستان لە دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر سكاڵای تۆماركردوەو گومانی لەوە هەیە دەستكاری دەنگەكانی كرابێت. ئەو كاندیدەی حزبی شیوعی وەكو خۆی دەڵێت" پێشتر لەلایەن كاوە مەحمودی سكرتێری حزەكەیەوە پیرۆزباییان سەركەوتنی بۆ پەرلەمان لێكراوە، بەوپێیەی تەنها لە دەڤەری رانیەو پشدەر 820 دەنگی بەدەستهێناوە". هەر لە لیستی حزبی شیوعی، كاندیدێكی سەرنەكەوتووی تر بەناوی (فەرهاد عەبدوڵا) سكاڵای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانو دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر تۆماركردووە بەتۆمەتی گۆڕینی ئەنجامی دەنگەكانی لە بەرژەوەندی سەرۆكی لیستەكە. ئێستا لە حزبی شیوعیدا گفتوگۆی زۆر لەسەر ئەو پرسە دروستبووە، بەرپرسێكی باڵای حزبی شیوعی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، گومانێك دروستبووە گۆڕانكاری لە دەنگی كاندیدەكاندا كرابێت لەبەرژەوەندی سەرۆكی لیستەكە. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، لەناو كادیرانی حزبی شیوعیدا گومانی ئەوە دروستبووە سەرۆكی لیستەكە نزیك بێت لە پارتییەوەو بەوهۆیەوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە دەنگی كاندیدەكانی تری حزبی شیوعی پێدرابێت. حزبی شیوعی بە لیستی "ئازادی" بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردو (8 هەزارو 63) دەنگی بەدەستهێنا، (محێدین حسێن) سەرۆكی لیستەكە بە كۆكردنەوەی (هەزارو 22) دەنگ سەركەوت بۆ پەرلەمان.
(درەو میدیا): كەناڵی "ڕووداو"بەئاشكراكردنی زانیاری نوێ لەبارەی وەزیرەكانی پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، ناڕاستەوخۆ وەڵامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەداتەوە. كەناڵی "ڕووداو" كە خاوەندارێتییەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە، ئەمڕۆ زانیاری نوێی لەبارەی پشكی پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ئاشكراكردووە. كەناڵی (رووداو) ڕایگەیاند، پارتی (فوئاد حسێن)ی بۆ وەزیری داراییو (بەندی ڕێكانی)ی بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن كاندیدكردووە. بڵاوكردنەوەی ئەم زانیارییە لەلایەن كەناڵی "ڕووداو"ەوە لەكاتێكدایە، دوێنێ مەكتەبی مەسعود بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا "ماوەی دوو ڕۆژە تۆڕیی میدیایی ڕووداو لەسەر ناوی بەربژێرەكانو پشكی پارتی لە پۆستە وەزارییەكانی حكومەتی تازەی عێراقو پشكی لایەنە كوردییەكان هەندێ هەواڵو زانیاری بڵاودەكاتەوە، لێرەدا ڕایدەگەیەنین كە ئەو هەواڵو زانیارییانە ڕاست نین". بڵاوكردنەوەی زانیاری نوێ لەبارەی پشكەكانی پارتی لە حكومەتی عێراق لەلایەن كەناڵی "ڕووداو"ەوە، وەڵامدانەوەیەكی ناڕاستەوخۆی ئەو كەناڵەیە بۆ ڕاگەیاندراوەكەی مەكتەبی مەسعود بارزانیو ڕەتكردنەوەی ڕاگەیەندراوەكەی دوێنێی مەكتەبی بارزانییە. بەپێی زانیارییەك كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، هۆكاری سەرەكی نیگەرانی بارزانی لە بڵاوكردنەوەی ناوی كاندیدەكانی پارتی بۆ وەزارەتەكانی حكومەتی عێراق بەدیاریكراوی پەیوەندی بە ناوی (فوئاد حسێن)ەوە هەیە. بارزانی نایەوێت وەكو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، جارێكی تر ناوی فوئاد حسێن بكەوێتە ناو ناوان، ئەگەر پێشوەخت زامنی وەرگرتنی پۆستێكی وزاری بۆ نەكردبێت، چونكە بارزانی نایەوێت جارێكی تر فوئاد حسێن دوچاری شكست بكاتەوە.
راپۆرتی: درەو میدیا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كابینەی نوێی حكومەتەكەی پێشكەش بەپەرلەمانی عێراق بكات، ئەم زانیارییانە شەوی ڕابردوو كەناڵی عێراقییەی نیمچە ڕەسمی حكومەتی عێراق ئاشكرای كرد، پێشتریش نوسینگەی عەبدولمەهدی ڕایگەیاندبوو، تاكۆتایی ئەم هەفتەیە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كابینەی حكومەتەكەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان. شەڕی وەزارەتە سیادییەكان كۆتایی نەهاتووە بەگوێرەی سەرچاوەئاگادارەكان، تائێستا مشتومڕو و گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسیەكان بۆ گەیشتن بەڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر كابینەی حكومەت بەردەوامەو لەسەر زۆرێك لەناوی وەزیرەكانیش ڕێككەوتن كراوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ ئەو مشتومڕانە گەیشتۆتە لوتكە بەتایبەت دوای دزەكردنی ناوی هەندێك وەزیری سەربەخۆ بەتایبەت بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا و ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن. هەر لەوچوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی نزیك لەعادل عەبدولمەهدی بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی،ڕاگەیاندووە" گفتوگۆی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ حزبەكان كۆتایهاتووە، دوای ئەوەی لە 70% پێكهاتەی كابینەی تەواوكردووە، لەم چەند سەعاتەی لەبەردەستیشیدا ماوە درێژە بەدیدارەكانی دەدات بۆ یەكلاكردنەوەی وەزارەت سیادییەكان كە هێشتا بەهەڵواسراوی ماونەتەوە بەهۆی ناكۆكی كوتلە سیاسیەكان كەبریتین لە وەزارەتەكانی( بەرگریی و ناوخۆ و دەرەوە و نەوت و دارایی)، ئەوە لەكاتێكدایە هەندێك لەسەرچاوەكان دەڵێن، عەبدولمەهەدی ڕەزامەندی لەسەر مەرجەكانی هەندێك لەو كوتلە سیاسیانە دەربڕیوە كە خاوەن كورسی زۆرن لەپەرلەمانی عێراق بەتایبەت هاوپەیمانی "سائیرون" و هاوپەیمانی "فەتح" كە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا كاریان كردوە بۆ ڕێكخستنی حكومەتی نوێ بەپێی پێوەرێكی هاوسەنگ لەنێوان كوتلە سیاسیەكان و خۆشیان پشكی شێریان بەركەتووە. پارتی داوای چوار وەزارەت دەكات لەگەڵ ئەو فشارانەی لەچەندڕۆژی ڕابردودا عادل عەبدولمەهدی ڕوبەڕوی بۆوە، بەڵام بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان ئاستەنگی سەرەكی كەهاتۆتە بەردەمی بەدیاریكراوی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بووە و، مەرجی ئەوەی بۆ عادل عەبدولمەهدی داناوە كە چوار وەزارەتیان پێبدرێت و خۆشیان كاندیدی بۆ دەستنیشانبكەن نەك عەبدولمەهدی دەستنیشانی بكات، بەڵام تائێستا ڕوون نیە پارتی لەگەڵ عەبدولمەهدی گەیشتۆتە ڕێككەوتن یان نا. ئەوناوانەی بڵاوكراونەتەوە ناڕاستن بەقسەی كەسە نزیكەكانی عەبدولمەهدی بێت، وەزیرە بێلایەنەكان ڕێژەی لە 40% حكومەتەكەی پێكدێنن، زۆرینەی ئەوكەسانەشی دەستنیشاینكردون خەڵكی شارەزاو پسپۆڕی ناو وەزارەتەكانن، هاوكات ئەو ناوانەشی كە دزەیان كردۆتە ناو ڕاگەیاندنەكان بەناڕاست و لێكدانەوەی كیانە سیاسەكان وەسفدەكەن. لەماوەی چەند سەعاتی ڕابردودا میدیا عێراقیەكان بەناوی سەرچاوەی نادیارەوە زیاد لەلیستێكیان لەناوی وەزیرەكانی كابینەكەی "عادل عەبدولمەهدی" بڵاوكردەوە، بەڵام تائێستا نوسینگەی عەبدولمەهدی بەشێوەیەكی ڕەسمی هیچ لێدوانێكی لەبارەی ڕاستی و ناڕاستی ئەوناوانە بڵاونەكردووە، ئێوارەی دوێنیش مەكتەبی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبو "تائێستا هچ بەربژێرێكیان بۆ وەزارەتەكانی بەغداد یەكلانەكردۆتەوەو ئەو هەواڵانەشی كەناڵی ڕوداو لەوبارەیەوە بڵاویدەكاتەوە ناڕاستن".
( درەو میدیا): موقتەدا سەدر، گەڕانەوەی دەموچاوە كۆنەكان و متمانەدان بە كابینەی نوێی حكومەت لەڕێی دەنگدانی نهێنی ڕەتدەكاتەوە. ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا كە ئەمڕۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە ڕایدەگەیەنێت "نەخێر بۆ دەنگدانی نهێنی و نەخێر بۆ دابەشكردنی دەستكەوتەكان و نەخێر بۆ پشكێنە تائیفی و نەخێر بۆ دەموچاوە كۆنەكان و نەخێر بۆ هەژمونی دەرەكی و نەخێر بۆ گەندەڵی و گەندەڵكاران و نەخێر بۆ تۆراندنی گەل". سەدر ڕاشیگەیاندووە: گەل دەیەوێت چاكسازی لە سیستمی حوكمڕانی بكرێت لەڕێی حكومەتی دەستپاكی باوكانەوە بە خەڵكانی تەكنۆكراتی بێلایەن كە سەرۆك وەزیران سەرپەرشتیان بكات، بەبێ هیچ فشارێك لەلایەن پارت و كوتلە سیاسییەكانەوە. ڕابەڕی ڕەوتی سەدر داواشی لە سەرجەم كوتلە سیاسییەكان كردووە"دەست هەڵبڕن، چونكە گەل چاوی لە ئازادی و كەرامەتە و بێدەنگ نابێت".
راپۆرتی: (درەو میدیا) "ساختەكاری" ناونیشانی دیاری دوو هەڵبژاردنی یەك لەدوای یەك بوو، كە لەماوەی كەمتر لەچوار مانگدا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوون، یەكەمیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە (12) ئایارو دووەمیشیان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (30) ئەیلول، ئەمساڵ بەڕێوەچوون. (بزوتنەوەی گۆڕانو جوڵانەوەی نەوەی نوێو یەكگرتوی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی)، كە بەهێزە دیارەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتی ناسراون یان وەك هەندێك بە"ناڕازیی" ناویان دەبەن، لەگەڵ دەركەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاماژەیان بە ئەنجامدانی ساختەكارییەكی گەورە كرد لەهەردوو هەڵبژاردنەكەو تەواوی پرۆسەكەیان ڕەتكردەوە. "بایكۆتی پرۆسەی سیاسی" یەكێك بوو لەو بژاردانەی زۆرینەی ئەم هێزانە ئاماژەیان پێكرد، وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر "بردنی دەنگی دەنگدەرانیان"، بەڵام ئەمە ڕای هەموویان نەبوو، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) هەر لەسەرەتاوە ڕایگەیاند، هێزە عێراقییەكان ساختەكارییان لێنەكردون تا بەشداری پرۆسەی سیاسی نەكەن، ئەوەی فێڵی لێكردون (پارتی و یەكێتی)یە، سەرەنجام ئەم ڕایە بووە ڕای (گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو)ش، بەو پاساوە بەشداری پرۆسەی سیاسی عێراقیان كرد. بەڕای هەندێك لە چاودێران، ئەگەر بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەو پاساوەی سەرەوە واتە پاساوی ئەوەی "هێزە عێراقییەكان ساختەكارییان لێنەكردوین" تائاستێك لۆژیكو مەعقولیەتی تێدابوبێت، ئەوا بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پاساوێكی بۆ نەماوەتەوە، بەتایبەت لەدوای ئەو تۆمەتانەی ئەو هێزانە ئاڕاستەی (یەكیتیو پارتی)یان كرد سەبارەت بە ئەنجامدانی ساختەكارییەكی بەربڵاو. یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان كە یەكێكە لە هێزە"ناڕازییەكان"، دوێنێ ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی ڕاگەیاند، جوڵانەوەی نەوەی نوێ-ش لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەیەكێك لەپێشنیازەكانیدا بۆ هێزەكانی دەرەوەی (پارتیو یەكێتی) داوای "دروستكردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن دەكات لە پەرلەمان"، (بزوتنەوەی گۆڕان)یش لەمە دورتر دەڕواتو دەڵێ "بەمەرج بەشداری حكومەت دەكات". تائێستا (كۆمەڵی ئیسلامی) هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لەدوورترین باریدا ڕەنگە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوون هەڵبژێرێت، ئەگەر بەشداری حكومەت نەكات. ئەوەی لەم بۆچونانە گەڵاڵە دەبێت، هیچكام لەم هێزانە بەنیازی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی نین، بەڵكو بژاردەكەیان لەنێوان بەشداریكردنو بەشدارینەكردنە لە حكومەت، نەك بایكۆتی پرۆسەی سیاسی و، پێیانوایە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوونو بەشداریكردن لە پەرلەمانی كوردستان جۆرێكە لە سزادانی یەكێتیو پارتیو چۆڵنەكردنی گۆڕەپانەكەیان بۆیان، لەكاتێكدا زۆرێكی تر پێیانوایە، وەڵامی "ساختەكاریی" یەكێتیو پارتی نەچوونە پەرلەمانو شەرعیەتنەدانە بە دامەزراوەیەك كە لەسەر بنەمای (باتڵو ساختە) دروستببێت، نەك بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوون كە خۆی لەخۆیدا شەرعیەتدانە بە دامەزاراوەیەك لە دەرەنجامی پرۆسەیەكی ناشەرعی "هەڵبژاردنێكی پر لە ساختەكاری" پێكبێتو بۆ چوارساڵی داهاتوو نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات. بۆچونێكی تریش پێیوایە، بەشداریكردن لە پرۆسەیەك بەم هەموو عەیبو عارەوە وەك پێشتر خۆیان بانگەشەیان بۆ كردووە، خۆی لەخۆیدا ڕازیبوونو تێپەڕاندنی پرۆسەیەكە كە گومانێكی زۆری لەسەر دروستكراوە، جگە لەوەش ئاسایكردنی پرۆسەی ساختەكاریو مامەڵەكردنە لەگەڵی وەك واقیعێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، كە لەبارە گشتییەكەیدا كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر پرۆسەی دیموكراسی دادەنێتو نائومێدییەكی گەورەش لەسەر ئاستی شەقام دروستدەكات، هاوكات ئەو ڕاستییەش دەچەسپێنێت كە سندوقەكانی دەنگدان گۆڕانكاری دروستناكەنو هەڵبژاردنیش وەك پایەیەكی گرنگی دیموكراسی لەهەموو بەهایەكی خۆی بەتاڵدەكاتەوە، جگە لەوەی تەواوی هێزەكانیش بەڕازیو ناڕازییەوە دەبنە بەشێك لەو پرۆسەیەو پێكیشەوە ئەو وێنە گشتییە تەواو دەكەن كە پێی دەوترێت پرۆسەیەكی سیاسی پڕ لەعەیبو خەوشدار لە هەرێمی كوردستان.