Draw Media

كێ براوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی لە توركیا دەبێت؟

كێ براوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی لە توركیا دەبێت؟

2019-03-08 10:17:39


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ
رۆژی 31ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی چەند راپرسییەكیش ئەگەری زۆر هەیە پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار" ئاكەپە",  كە رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆك كۆماری سەرۆكایەتی دەكات, سەرۆكایەتی شارەوانییەكانی ئەنكەرەی پایتەخت و شارە گەورەكان لەدەستبدات، هەرچەندە ئاكەپە چەند بەرپرسێكی باڵاو ناسراوی بۆ سەرۆكایەتی ئەو شارەوانییانە كاندیدكردووە.


پرۆسەی هەڵبژاردن    
رۆژی 30 ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردن كۆتایی دێت‌و رۆژی دواتر دەنگدەرانی توركیا و باكوری كوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانییەكان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
لەو هەڵبژاردنەدا ویلایەتەكانی باكوری كوردستان و خۆرهەڵاتی توركیا دەنگدان لە كاتژمێر حەوتی بەیانی دەستپێدەكات چواری ئێوارە بە كاتی توركیا كۆتایی دێت، لە ویلایەتەكانی خۆرئاواش بنكەكانی دەنگدان كاتژمێر هەشتی بەیانی بەرووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە و پرۆسەكە تا كاتژمێر پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت و بە گوێرەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا 57 ملیۆن‌و 93 هەزار‌و 985 كەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش نزیكەی 400 هەزاریان ئاوارەی سوریان كە رەگەزنامەی توركیایان وەرگرتووە.

پارتە بەشداربووەكان
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا 12 پارتی سیاسی كێبركێ دەكەن كە بریتین لە: پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار " ئاكەپە"، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا " مەهەپە"، پارتی گەلی كۆماری" جەهەپە"، پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە"،  پارتی چاكە " ئیی پارتی"، پارتی سەعادەت, پارتی توركیای سەربەخۆ، پارتی دیموكراتی توركیا، پارتی یەكێتی گەورە، پارتی دیموكراتی چەپی توركیا، حزبی شیوعی توركیا‌و پارتی نیشتمان.
راپرسییەكان چی دەڵێن؟
دوای 18 ساڵ لە حكومڕانی و دوای داڕمانی باری ئابوری و گەوربوونی قەیرانی دارایی و ئابوری توركیا، ئەگەری ئەوە هەیە لە هەڵبژاردنەكانی كۆتایی ئەم مانگەدا پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات كۆنترۆڵی ئەنجومەنی شارەوانی شارە گەورەكان لەدەستبدات.
دوو سەرچاوە لە ئاكەپە كە قسەیان بۆ ئاژانسی " رۆیتەرز" كردووە رایانگەیاندووە كە راپرسییە نێوخۆییەكانی ناو پارتەكە دەریاخستووە كە پاڵپشتی جەماوەریی بۆ ئاكەپە دابەزیوە بۆ 32% بۆ 35% و هێشتاش 30% دەنگدەران خۆیان یەكلانەكردوەتەوە ك دەنگ بە چ پارتێك دەدەن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ساڵی 2014دا ئاكەپە 43%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەكی زۆر لە پێش سەرەكیترین ركابەرییەوە بوو كە پارتی گەلی كۆماری جەهەپەیە و كەمتر لە 25%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.


ئیستانبوڵ و ئەنكەرە
بەوتەی ئەو دوو سەرچاوەیەی ئاكەپە، ئەگەری ئەوە هەیە پارتەكە لەو هەڵبژاردنەدا شارەوانی ئەنكەرە بدۆڕێنێت و كاندیدی جەهەپە سەركەوتن بەدەستبهێنێت، لە ئیستانبوڵیش كاندیدی ئاكەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی كە بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی پێشوو و سەرۆكی پەرلەمانی توركیایە رووبەڕووی كێبركێییەكی توند ببێتەوە.
بە گوێرەی نوێترین راپرسی سەنتەری " ORC " كە دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 5 شارەوانی گەورە ئەنجامیداوە، ئاشكرایكردووە كە بن عەلی یەڵدرم كاندیدی ئاكەپە و مەهەپەی هاوپەیمانی بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ بەرێژەی 4% لە پێش ئەكرەم ئیمام ئۆغڵووەیە كە كاندیدی جەهەپە و ئی پارتییە.
ئەو راپرسییە پێشبینیكردووە كە یەڵدرم 50.9%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت‌و و ئیمام ئۆغڵوی ركابەریشی 42.6% دەنگەكان بەدەستبهێنێت.
راپرسییەكەی سەنتەری " ORC" دەریخستووە كە ویلایەتی ئیزمیر پێگەی سەرەكی جەهەپە، توناچ سویار 55.6%ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت و كاندیدی ئاكەپەش كە نیهاد زیبەكچییە 42.1%ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.
لە ویلایەتی ئەسكی شەهریش راپرسییەكە دەریخستووە كە كاندیدی جەهەپە بە جیاوازییەكی كەم پێش كاندیدی ئاكەپەوەیە و پێشبینی دەكرێت كاندیدەكەی ئۆپۆزسیۆن 49.6%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت.
بۆ ویلایەتی ئەنتالیاش كە ئاكەپە لە هەڵبژاردنی 2014 دا سەركەوتنی تێدا بەدەستهێنا، راپرسییەكە پێشبینیكردووە كە كاندیدی ئاكەپە بە جیاوازییەكی كەم سەركەوتن بەسەر كاندیدی جەهەپەدا بەدەستبهێنێت.
راپرسییەكە دەریخستووە كە كاندیدی ئاكەپە 53.9%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، و كاندیدی جەهەپەش 43.3% دەنگەكان.


هەدەپە‌و باكوری كوردستان
پارتی دیموكراتی گەلان" هەدەپە" لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2014دا شارەوانییەكانی باكوری كوردستانی كۆنترۆڵكرد، بەڵام دوای هەوڵی كودەتاكە دەسەڵاتدارانی توركیا، سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپەیان بە تۆمەتی تیرۆر لە زیندانەكان توندكرد و لە جێگەیان قەیومیان دانا، ئێستا هەدەپە لە 31ی ئازاردا دەیەوێت جارێكی تر ببێتەوە دەنگی یەكەم‌و شارەوانییەكان وەربگرێتەوە.
هەدەپە بۆئەوەی دەنگی كورد لە باكوری كوردستان پەرت نەبێتو نەچێت بۆ ئاكەپە و پارتەكانی تر هاوپەیمانێتی لەگەڵ زۆرینەی ئەو پارتانە كردووە كە لە باكوری كوردستان چالاكی دەكەن و دەنگدەرانیان كوردن.
هەدەپە لە رۆژئاوای توركیا كاندیدی بۆ سەرۆكی شارەوانی نیە، ئاكەپەش ئەو هەنگاوە بە پشتیوانیكردنی هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆن " جەهەپە‌و ئی پارتی " لێكدەداتەوە، هەرچەندە بەرپرسانی هەدەپە ئەوە رەتدەكەنەوە.


رێژەی بەشداریكردن
چاودێرانی دۆخی توركیا پێشبینیدەكەن كە رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەكەی 31 ئازاردا پاشەكشێ بەخۆیەوە ببینێت و هۆكارەكەشی بۆئەوە دەگەڕێننەوە كە لە ساڵی 2014 هەشت هەڵبژاردنی وەك ریفراندۆم و شارەوانی و پەرلەمان و سەرۆكایەتی بەڕێوەچووە، هۆكاری دووەمیش بۆ بوونی هاوپەیمانێتی دەگەڕێتەوە كە یەكەمجارە بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت و هاوپەیمانێتی لە نێوان چەند پارتێكدا كراوە كە هەڵگری بیروبۆچونی زۆر جیاوازن و بە گوێرەی راپرسییەكان پێدەچێت 20%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەشداری دەنگدان نەكەن.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand