نەگۆڕو گۆڕاوەكانی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم
2019-03-30 16:30:36
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف
دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2005 بەردەوام سەرچاوەی قەیرانو ناكۆكی بووە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، وەك لەوەی سەرچاوەی ئارامیو سەقامگیری سیاسی بێت.
لە 2005وە سەرۆكایەتی هەرێم وەكو خۆی ماوەتەوە، بەڵام ریزی نەیارەكانی سەرۆكایەتی گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
سەرۆكایەتی هەرێمو كێشەكانی !
ساڵی 2005 كاتێك سەرۆكایەتی هەرێم دروستكرا، سەرەتای كاریگەرییەكانی ئەو دامەزراوەیە لەسەر پۆستە باڵاكانی تری هەرێم دەركەوت.
ئەوكات پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتن لەسەر ئەوەی، پۆستی سەرۆكی هەرێم لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بێت، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا پارتی (مەسعود بارزانی) پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتو یەكێتیش (جەلال تاڵەبانی) پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، ئەم رێككەوتە بە زیان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمو سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی هات، پارتیو یەكێتی ئەو پۆستەیان بەشێوەی "دوو ساڵ بە دوو ساڵ" لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد.
لە ساڵی 2005 بۆ ساڵی 2009 پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەدەست پارتییەوە بوو (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆكی پەرلەمانیش بەدەست یەكێتییەوە بوو (عەدنان موفتی)، بەپێی رێككەوتنەكەی سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی كۆمار، دەبوو ساڵی 2007 نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەت رادەستی یەكێتی بكات، بەڵام ئەوكات لەچوارچێوەی نیشاندانی نیازپاكیدا، جەلال تاڵەبانی لە دوو ساڵەكەی یەكێتی خۆش بوو، پارتیش دوو ساڵەكەی خۆی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ یەكێتی جێهێشت، بەوشێوەیە پارتی بۆ چوار ساڵ هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوە بوو لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا.
ساڵی 2005 بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەبوو سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەو ساڵەدا چوار هەڵبژاردن كرابوو، پارتیو یەكێتی فریانەكەوتن هەڵبژاردنێكی تر بكەن، بۆیە بڕگەیەكیان بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم زیادكردو لەو بڕگەیەدا چەسپاندیان كە بۆ ئەو خولە سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت.
ساڵی 2005 بەهۆی ناكۆكی لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، زیاتر لە شەش مانگ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی حكومەت دواكەوت.
بارزانی وەكو تاڵەبانی نەكرد !
ساڵی 2009 جارێكی تر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم هاتەوە گۆڕێ، بەڵام ئەمجارە پارتیو یەكێتی گەڕانەوە سەر بڕگە سەرەكییەكەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرا.
ئەوكات پارتیو یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژییان هەبوو، لەوچوارچێوەیەدا هەردوولا یەك كاندیدیان هەبوو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كە مەسعود بارزانی بوو، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی خۆی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ مەسعود بارزانی دەكرد، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەدا بوو، ساڵێك دواتر پارتی پشتیوانی لە هەڵبژاردنەوەی جەلال تاڵەبانی بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كە كردی.
پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم جارێكی تر بەهۆی پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە كەوتەوە بەردەم ئەگەری دابەشكاریی، ساڵی 2010 بۆ ساڵی 2012 پۆستی سەرۆكی حكومەت بەدەست بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتییەوە بوو، ساڵی 2012 یەكێتی پۆستەكەی رادەستی پارتی كردو نیچیرڤان بارزانی لە 2012وە بۆ 2014 سەرۆكایەتی حكومەتی كرد، مەسعود بارزانی وەك جەلال تاڵەبانی نەكرد، كاتێك وادەی دەستبەكاربوونی پارتی لە سەرۆكایەتی حكومەت هات، یەكسەر پۆستەكەی لە یەكێتی وەرگرتەوە.
یەكێتی دوو ساڵی بۆ بارزانی درێژكردەوە
ساڵی 2013 وادەی یاسایی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات، بەڵام ئەوكات خولی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی نەهاتبوو، لە رۆژی 30 حوزەیرانی 2013دا یەكێتی لەچوارچێوەی رێككەوتنە ستراتیژییەكەی لەگەڵ پارتی، لەناو پەرلەمانەوە دوو ساڵ تەمەنی سەرۆكی هەرێمی درێژكردەوە، ئەوكات هەڵایەكی گەورە لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم دروستبوو، بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی هەڵمەتی ناڕەزایەتییەكانی دەكرد، بەڵام یەكێتی بە یاسا لەناو پەرلەمان چەسپاندنی دوو ساڵە زیادكراوەكەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم "یارای درێژكردنەوەی نییە".
یەكێتی هاتە ریزی نەیارەكانەوە !
ساڵی 2015 جارێكی تر كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم سەریهەڵدایەوە، تەمەنی یاسایی سەرۆكی هەرێم بە دوو ساڵە زیادكراوەكەشەوە تەواو بوو، یەكێتی ئەمجارە ئەمادە نەبوو تەمەنی سەرۆكی هەرێم درێژبكاتەوە، بەتایبەتیش كە پێشتر بە یاسا چەسپاندبووی لەو دوو ساڵە زیاتر تەمەنی سەرۆكی هەرێم درێژناكرێتەوە.
مشتومڕ لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم گەرمتر بوو، دەبوو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوە، بۆئەوەی كێشەكە چارەسەر بكرێت، پارتی هیچ پرۆژەیەكی بۆ چارەسەری كێشەكە نەبوو، بارزانی چاوەڕوان بوو، لایەنەكان خۆیان داوای لێبكەن لە پۆستەكەی بەردەوام بێت بەهۆی قەیرانی داراییو شەڕی "داعش"ەوە، بەڵام لایەنەكان وایان نەكرد.
یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی وەك چوار لایەنی سەرەكی لە پەرلەمان، پرۆژەیاسای خۆیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد.
پرۆژەی هەرچوار لایەنەكە لە دوو خاڵدا هاوبەشبوون:
خاڵی یەكەم: سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت
خاڵی دووەم: دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كەمبكرێتەوەو هاوشێوەی سەرۆك كۆماری عێراقی لێبكرێت
سەرۆكایەتی هەرێم سەری پەرلەمانی خوارد
رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 پەرلەمانی كوردستان كۆبوەوە، پرۆژەی چوار لایەنەكە كرا بەیەك پرۆژەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا.
19ی ئابی هەمان ساڵ، پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری سەرۆكایەتی هەرێم بكاتو بیخاتە دەنگدانەوە، پارتی داوای دەكرد پەرلەمان پەلە نەكات لە پرۆسەكە، بەوپێیەی رەهەندی نیشتمانی هەیە، بەڵام لایەنەكان سوربوون لەسەر ئەوەی پرۆسەكە بەردەوام بێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرۆكایەتی پەرلەمان بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوە بوو (یوسف محەمەد)، یەكێك لە هۆكارەكانی تری بۆ سوربوونی چوارلایەنەكە لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی ئەوەبوو، ئەو لایەنانە لەناو لیژنەی یاسایی پەرلەماندا دەنگی زۆرینە بوون.
ئەمریكا نێوەندگیری دەكات
شەوی 18 لەسەر 19ی ئاب، لایەنەكان لە هەولێر لەگەڵ پارتی لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كۆبونەوە، ئەمریكییەكان نێوەندگیرییان دەكردو برێت مەكگۆرك نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژ بە "داعش" بەشداری لە كۆبونەوەكەدا كرد.
كۆبونەوەكە تا بەرەبەیانی خایاند، چوار لایەنەكەو پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن، بەڵام لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا كۆبونەوەكەی پەرلەمان دوابخرێت تائەوكاتەی كێشەكە چارەسەر دەكرێت لەنێوان لایەنەكاندا.
رۆژی 19ی مانگ هیچ فراكسیۆنێك ئامادە نەبوو بەفەرمی داوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بكات لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانو فەخردەین قادر كە سكرتێری پەرلەمان بوو، چوونە ناو هۆڵی كۆبونەوەكەوە بەمەبەستی دەستپێكردنی دانیشتنەكە، بەڵام نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تەواو نەبوو، فراكسیۆنی یەكگرتوو نیسابی یاسایی تێكدا، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارەكانی پارێزگای دهۆكی ئەو حزبە ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون.
بەهۆی سوربوونی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، رۆژی دوو شەممە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 لە بازگەی (پردێ)، ئاسایشی پارتی رێگرییان كرد لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر.
چەند رۆژێك دواتر، پارتی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركردو بەهۆیەوە پەرلەمانی كوردستان پەكی كەوت، ئەو لایەنانەی كە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەی هاوبەشیان هەبوو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، بە دەركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی پەرلەمانو حكومەت، نەكشانەوەو گۆڕانیان بەتەنیا جێهێشت، تەنیا فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمان لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی كشایەوە، بەڵام وەزیرەكانی كۆمەڵیش لە حكومەت مانەوەو لەدوا ساتەكانی تەمەنی كابینەی پێشوودا یەكگرتوو و كۆمەڵ كشانەوە.
بارزانی بە بڕیاری شورا مایەوە
مەسعود بارزانی بە بڕیارێكی ئەنجومەنی شورا لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا مایەوە تاوەكو رۆژی 29ی ئۆكتۆبەری 2017، لەو رۆژەدا بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كشایەوە، ئەوەش دوای شكستهێنانی پرۆسەی ریفراندۆمو لەدەستچوونی روبەرێكی فراوانی خاكی ناوچە جێناكۆكەكان.
سەردەمێكی نوێ
لەدوای وازهێنانی بارزانی، پۆستی سەرۆكی هەرێم بەبەتاڵی مایەوە، رۆژی 11ی تەموزی ساڵی رابردوو، بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی لەسەر پرۆژەیاسایەك رێككەوتن بۆ هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەدەنگی هەردوولا پرۆژەكە لە پەرلەمان پەسەندكرا، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێی پەیوەندی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لەگەڵ پارتی.
زیندوكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم
رۆژی 30 ئەیلولی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا، پارتی بەهۆی ئەوەی رێككەوتنە ستراتیژییەكەی لەگەڵ یەكێتی لاواز بووبوو، ئەمجارەیان ئامادە نەبوو، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراو كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم بە چارەسەرنەكراوی مایەوە، لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی بەستەوە بە حكومەتەوە، پارتی تاكلایەنەو بەبێ گفتوگۆی پێشوەخت لەگەڵ هەموو لایەنەكان، كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم راگەیاند، كە (نێچیرڤان بارزانی)یە.
گۆڕانی هاوكێشەكە !
لە ساڵی 2015 كە ناكۆكی لەسەر پرسی سەرۆكی هەرێمو دەسەڵاتەكانی دروستبوو، نەیارانی پارتی زۆرینە بوون لەناو پەرلەمانی كوردستان، ئەوكات:
• بزوتنەوەی گۆڕان 24 كورسی هەبوو
• یەكێتی 18 كورسی هەبوو
• یەكگرتوو 10 كورسی هەبوو
• كۆمەڵ 6 كورسی هەبوو
• بزوتنەوەی ئیسلامی 1 كورسی هەبوو
• حزبی شیوعی 1 كورسی هەبوو
ئەم لایەنانە پێكەوە (60) كورسی پەرلەمانیان هەبوو، لەبەرامبەردا پارتی لەگەڵ كورسی كۆتاكانیشدا (48) كورسی هەبوو.
ئێستاو دوای چوار ساڵ، هاوكێشەكە گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتوو، هەم ریزی نەیارانی یاسای سەرۆكایەتی تێكچووە، هەم ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش.
بزوتنەوەی گۆڕان كە 2015 سەرۆكایەتی هەوڵەكانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیو كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەكرد، ئێستا قایلە بەوەی هەموو دەسەڵاتەكانییەوە سەرۆك بمێنێتەوەو چارەسەری ئەو پرسەی رادەستی دەستوری هەرێم كردووە.
یەكێتی نیشتیمانیش هەڵوێستی خۆی تائێستا یەكلانەكردوەتەوە، ئێستا نەیارانی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ئەگەر یەكێتشیان لەگەڵدا بێت، ژمارەیان بەمشێوەیەیە:
• یەكێتی 21 كورسی هەیە
• یەكگرتوو 5 كورسی هەیە
• كۆمەڵ 7 كورسی هەیە
• نەوەی نوێ 8 كورسی
واتە بەهەمویانەوە (41) كورسییان هەیە لەناو پەرلەماندا، ئەمە لەكاتێكدایە بەرەی بەرامبەر كە پێكهاتووە پارتیو بزوتنەوەی گۆڕانو كەمینەكان، بە (68) ئیمزاوە داوای هێشتنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمیان كردووە وەكو خۆی.
نەگۆڕو گۆڕاوەكان !
لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هەندێك بابەت هەن كە بە تێپەڕینی كات گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووەو هەندێك بابەتی تر هەن بە نەگۆڕی ماونەتەوە:
• ئەوەی لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا لەسەرەتا دروستكردنی ئەو پۆستەوە بە نەگۆڕی ماوەتەوە، ئەوەیە پارتی پێویستییەكی گەورەی بەو پۆستە هەیە، چونكە پۆستەكە پارسەنگی بنەماڵەی بارزانی رادەگرێت لەنێوان مەسعود بارزانیو نێچیرڤان بارزانی برازای، بۆ ئێستاش لەنێوان مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانیدا.
• پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی هەرێم كە پارسەنگی بنەماڵەی بارزانییە، دەسەڵاتی هەبێت، چ ئەوەی سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یان لەناو خەڵكەوە، ئەمەش یەكێكە لە بابەتە نەگۆڕەكان.
• بەتێپەڕینی كات پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی هەرێم بكات بە دامەزراوەیەك تایبەت بەخۆی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەم خولەشدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پارتی بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی هەموو لایەنەكان پۆستی سەرۆكی هەرێمی بۆ خۆی یەكلاكردەوە، ئێستا بووەتە بابەتێكی نەگۆڕ پارتی دەبێت سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتیشی لەیەككاتدا بەدەستەوە بێت، پێشتر پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوو ساڵ بە دوو ساڵ بوو، لەدروستبوونی ئەم هاوكێشەیەدا حەزی جەلال تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رۆڵی گەورەی گێڕا.
• یەكێك لەو بابەتە سەرەكییانەی كە لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەرەی نەیارانی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمە، 2015 بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی هەوڵەكانی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەكرد، بەڵام ئێستا گۆڕان پشتیوانی هێشتنەوەی دەسەڵاتەكانی دەكات، ریزی نەیارانی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی هێزێكی لێ دەچێتە دەرەوەو هێزێكی نوێی بۆ زیاد دەبێت، واتە ئەوەی بە نەگۆڕی ماوەتەوە سەرۆكایەتی هەرێمەو ئەوەشی بەردەوام لە گۆڕاندایە نەیارانی سەرۆكایەتی هەرێمن.