Draw Media

ئەو وێنەیەی لە سەمەرەی ناسینی سیخوڕ و خائینێك دەستم كەوت !

ئەو وێنەیەی لە سەمەرەی ناسینی سیخوڕ و خائینێك دەستم كەوت !

2019-03-30 14:02:59


نوسینی: سمایلی ماملێ‌
سەرنج و روونكردنەوەیەك سەبارەت بە وێنەیەكی مێژوویی
بە دەم گەڕان‌و پشكنینی ماڵپەڕو سایتەكان ، لە ناكاو لە سایتی " پارسیان " دا چاوم بە وێنەیەك كەوت كە نەك تەنیا باس‌و لێدوانەكەی ناتەواو و شپرزە بوو, سەرباقی ئەوەش بەوپەڕی قەباحەتەوە مۆری خۆی بە نێوی " پارسیان " یشی پێوە نوساندوە و شەكری شكاندوە و نوسیوێتی: " عكس دیدە نشدە از دیدار محمد رضا شاە پهلوی با قاضی محمد " بەراستی " از بی خبران كشك صلوات". ئەو بەرەڵایی و پاوانخوازیە نە یەكەم جارە و نە ئاخر جاریش دەبێ چونكە خۆنیشاندان و خۆبەزلزانین‌و بە پێخواسی وەنێوكەوتن ناهێڵێ وەك مرۆڤێك پاكانە‌و بێگەردانە و سادقانە بەرامبەر بە رەنج و تێكۆشانی كەسانی تر هەڵسوكەوت بكەن‌و لە لایەكیش خەریكن هەر بە جارێكی مێژووی راستەقینەش لە خشتە بەرن.
كەسانێك دەتوانن مۆركی خۆیانی لێبدەن كە بە تەواوی موڵكی خۆیان بێ . وێنەی مێژووی ئارشیوی میللەتەو هەموو كەس بۆی هەیە كەڵكی لێوەربگرێ و سەرچاوەكەشی بنوسێ . چەند جاران باسم كردوە‌و دیسان وێنەیەكی بەرچاو دەخەمەروو: 
برای بەڕێزم كاك حەسەنی قازی لە ماڵپەری روانگە كە بەشێكی تایبەتی سەبارەت بە كۆماری كوردستانە دەیان وێنەی لەوبارەوە كۆكردوەتەوە‌و بۆیان ناردوە و كەڵكی لێوەرگرتوە كە نەتەنیا یەك دانەش نابینی كە نێوی روانگەی لەسەر بێ ، من و دەیانی وەك من كەڵكی لێوەرگرتوە و ئەوەی پاوانخوازی بێ لە حەوت كێوان ئاوا بووە، كە چی هێندێك كە خوێنی پاوانخوازیان تێدایە لەوپەڕی بێ موبالاتی و بێ مشووری دەست بە سەر وێنەكانی مێژوویی دادگرن و خۆیانی لێدەكەنە ساحەب بەبێ ئەوەی تۆزخاڵێك لە مێژوو یان ناوەرۆكی ئەو شەخسیەتە بگەن، وە بەڵام سەبارەت بەو وێنەی بەردەست كە حەزرەتی پێشەوا قازی محەمەد لە گەڵ محەمەد رەزا شای پەهلەوی نیشان دەدا.
دەبێ عەرزتان بكەم كە:
ئەو وێنەیە بۆ یەكەمجار لە ساڵی ٢٠٠٥ كە ئەو كاتە خەریكی ئامادەكردنی پێشانگای كۆمارو هەروەها فیلمی دێكۆمێنتاری بووم دەستم كەوت، ئەویش چۆن؟
" عیسا پەژمان " سەرهەنگێكی ساواكی و خەڵكی سنەی بوو كە لە پاریسێ دەژیا، دەمێك بوو دەمهەویست سەبارەت بە خەیانەتەكان و سیخۆڕیەكانی كە لە شۆڕشی ئەیلولدا كردبووی وتوێژی لەگەڵ بكەم, كە پاش ماوەیەك بە هۆی ئەم‌و ئەو (اعتماد)م جەلبكرد, چونكە ( یەكجار زۆر لە خۆی دەترسا). ( ئەگەر هەڵەشم نەكردبێ ، حكومەتی هەرێم یان نوێنەرایەتی پارتی دیمۆكرات لە دادگای فەرانسە شكایەتیان لە عیسای كردبوو كە بەداخەوە هیچیان بۆ نەچوە سەرێ )، بەرادەیەك خۆم لێ نیزیك كردەوە كە هەفتەی سێ چوار جارم دەدیت. وتووێژەكانم لە گەڵی تەواو بوو ، تا وای لێهات رۆژێكی ئەمنی بردە ماڵە خۆی. بەدەم قسەكردن ، نازانم لە چی را هات ، عیسای پەژمان گوتی ئەمن عەكسێكی شام لە گەڵ قازی محەمەدی لە ماڵە ئەشرەفی پەهلەوی دیوە ، هەر پێم سەیر بوو ، چونكە تا ئەو كاتە لە كەسم نەبیستبوو كە قازی محەمەد شای دیبێ ، بە هەستی ( كنجكاوی ) بە عیسام كووت:" ئای پەژمان ئیمكانی ئەوە هەیە خانم ( ئەشرف پەهلوی ) ببینم؟ "، گوتی بۆ چی دەتهەوێ بیبینی؟ گوتم دەمهەوێ سەبارەت بە مەسەلەی قازی محەمەد پرسیارێكی لێبكەم ، كوتی لە نێوان نیس‌و پاریس لە هاتوچۆدایە, باشە پێی دەڵیم ، " باشە پێی دەڵێم بوو بە مانگێك " ، رۆژێك تەلێفونی بۆ كردم و گوتی سەعات ٣ وەرە فلان جێگای، چووم و ئەمنی بردە ماڵە ئەشرەفی پەهلەوی. لە ساڵۆنی ئینتیزار و چاوەڕوانی ئیشارەی بە كورسی یەك كرد و گوتی لێرە دانیشی ، لە گەڵ دوو پێش خزمەتان دانیشتم، عیسا چوە ژوورێ و پاش ١٠ دەقیقە بۆ خۆی هاتەوە ئەمنی بردە ژوورێ  كە چاوم بە ئەشرف كەوت سەرم سوڕما ، لە هەموو عومرمدا كەسم وا نەدیبوو كەوا بە ناحەزی پیر ببێ ، باوەر بفەرموون دەڵێی دراكۆلا بوو ، زۆر زۆر تێكچوو و ناحەز  كە مرۆڤ لە دیتنی دەترسا، بەڵام خودا هەڵناگرێ زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی كردم‌و گوتی : " بیا جلو پسرم ".
 چوومە پێش دەستم لە دەستی داوە و بەرامبەر بە خۆی دانیشتم و عیسای پەژمانیش هەر وەك سەردەمی شا بێ ، لەبەرامبەری راوەستابوو و متەقی لێنەدەهات, چاو شیرینیان هێنا و ئەشرف بە منی گوت: " خوب پسرم عیسا گفت كاری داری بگو",  گوتم " خانم پەهلەوی ئەمن كوردم و حەتمەن ئای پەژمان پێشوو عەرزی كردوون"؟, گوتی " بلی پسرم " ، گوتم: " دەمهەوێ بزانم كە ئێوە بە تایبەتی محەمەد رچا شای براتان بۆ چی " قازی محەمەد " تان لەسێدارەدا ، پێتان وا نەبوو بەو كارە هەرگیز نەتانتوانی كورد بۆ لای خۆتان راكێشن؟ " . لە وڵامدا گوتی : " تا اون اندازە كە من اطلاع دارم این پفیوز پدر سگ رزم ارا اعدامش كرد ". هەر كتوپڕ دەستم بۆ دووربینەكەم برد‌و گوتم: " دەتوانم ئەوەی دەفەرموی بە فیلم بیگرم ؟" ، بە داخەوە گوتی : " نخیر ابدا ", گوتم " ئاخر بەبێ تەسویر بۆم من نابێتە سەنەدێك، بەداخەوە نەیهێشت, لە كاتی رۆیشتن گوتم " ببەخشن ئای پەژمان ، ناكرێ نوسخەیەكم لەو وێنەیەی كە باست كرد بۆ وەربگری ؟ عیسای پەژمان چوە ژوورێ و پێم وایە ٢٠ دەقیقەی زیاتر پێچوو، لەناكاو بە ئەو عەكسە هاتە دەرێ، گوتی وەرم گرتوەو نوسخەیەك بۆ تۆ چاپ بكەم‌و بیگەڕێنمەوە ", گوتم " مەمنوون ئای پەژمان "، هەتا خودا هەڵدەگرێ كەیفم سازبوو، چونكە كەس لە سەردەمە لەو دیدارە ئاگادارنەبوو، پەژمان پاش ٢ رۆژ ئەو وێنەیەی دامێ.
 لە بیرمە ماوەیەكی كە تێپەڕیبوو یەكەم كەس تەلێفونم لێكرد كاك حەسەنی قازی بوو، ئەگەر هەڵەم نەكردبێ لە ساڵی ٢٠٠٨ كە بەرە بەرە سایتی روانگەو كۆماری كوردستان لە لایەن كاك حەسەنی قازی دامەزرا بە تەلێفون باسی ئەو وێنەیەم بۆ كرد و پێشم وایە ناردمە خزمەتی ، هیوادارم راستی بۆ چووبێم ، چونكە من زۆرم سوود لە كاك حەسەنی بەڕێز كەڵك وەرگرتوە. 
ئەمن ئەو وێنەیەم لە پێشانگاكەم لە سلێمانێ ، رانیە ، هەولێر هەروەها دەرەوەی وڵات ( سەرجەم ١١جار پێشانگا‌و فیلم ) هەروەها لە كتێبەكەی كۆمار دا نیشان داوە و هیچ وێنەیەك لە پێشانگای من دا نە نێوی منی لەسەر بووەو نەقەدەغە بووە كە خەڵك فیلم و وێنە بگرێ ، بە سەدان وێنە و فیلم بە هۆی دامودەزگاو مێدیاكان و هەروەها رۆژنامەنوسان و خەڵكی ئاسایی لە پێشانگاكانم گیراوەو كەس بەرگری لێنەكردوون كە كاكەم خوشكە ئەو كارە مەكە ، هەموویان ئازادبوون ، ئەمن تەواوی سەرچاوەكانم دەست نیشانكردوە ، بەڵام هەرگیز بەرگریم نەكردوە لە خەڵك ، چونكە موڵكی خەڵكە و خۆی خاوەنیەت, ئەگەر هەتا ئێستا لە پێشانگاو كتێبەكەم سەبارەت بە كۆماری كوردستان ئەو باسەم نەكردوە, چونكە بەڵگەم نەبوو، و بە داخەوە نەیهێشت فیلمی بگرم ، ئەگەر لێرەش مەجبوور بووم باسی بكەم تەنیا بۆ ئەوەمە كە بە سایتی ( اشك تمساح ) واتە " پارسیان " بڵێم ، " ئەو خورمایەی ئێوە دەیخون ، دەنكەكەی دەمێكە لە گیرفانی من دایە ". كە وایە ناماقوڵیت كردوە نێوی خۆت لە سەر وێنەیەك داوە كە تەنانەت نازانی كەنگێ‌و بۆچی ئەو وێنەیە گیراوە؟.
ئەو شپرزەیە وایلێكردووم لە داهاتوودا سەبارەت بە كتێبی " شەهیدانی حیزبی دیمۆكرات "روونكردەوە‌و شیكردنەوەیەكی مێژوویی بدەم تا هێندێك كەس پێیان وا نەبێ، زۆر جار بێ دەنگی نیشانەی تەئید نییە، بەڵام لێی گەرٍێ‌و قەیدی ناكا زۆری رەنج بە خەسار كردووم ، كاتی هاتوە بەرە بەرە زۆر شتان لە بنی كولەكە بدەم.
ئەو وێنەیە كۆتایی ساڵی ١٣٢٤ كە تازە كۆمەڵەی ( ژێ كاف) ببوو بە حیزبی دیمۆكرات، پێشەوا قازی محەمەد پاش وتوێژ لەگەڵ مەزەفەر فیروز جێگری سەرۆك وەزیر ( قوام السلگنە)و هەروەها رەزم ئارا سەرۆكی ستادی ئەرتەش لە كاخی سەعدئاباد دیدارێكی لە گەڵ محەمەد رەزا شا هەبوە: 
لە راستەوە: محەمەد رەزا شای پەهلەوی ، رەزم ئارا ( رەئیسی ستادی ئەرتەش) ، سەدری قازی ، قازی محەمەد ، مام ئەحمەدی ئیلاهی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand