Draw Media

ئەكتەرێكی كۆمیدیی بەرەو سەرۆكایەتی وڵات هەنگاو دەنێت

ئەكتەرێكی كۆمیدیی بەرەو سەرۆكایەتی وڵات هەنگاو دەنێت

2019-04-01 12:14:15


راپۆرتی: نامیق رەسول
ڤۆلۆدیمێر زلینسكی، ئەكتەری كۆمیدی لە ئۆكرانیا رۆڵبینینی لە زنجیرە درامایەكی تەلەفزیۆنیدا دەكاتە راستی‌و نزیكە لەوەی كورسی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە هەژارەی ئەوروپا بەدەستبهێنێت كە بووەتە سەرچاوەی ململانێی نێوان روسیا‌و خۆرئاوا.
زلینسكی لەو زنجیرە درامایەدا رۆڵی مامۆستایەكی مێژوو دەبینێت كە كتوپڕدەبێت بە سەرۆكی وڵات.


زلیسنكی‌و كورسی سەرۆكایەتی
رۆژی یەكشەممە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئۆكرانیا بەڕێوەچوو، بە گوێرەی ئەو راپرسیانەی لە نزیك بنكەكانی دەنگدان كراون، ڤۆلۆدیمێر زلینسكی، ئەكتەری كۆمیدی زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێناوە‌و پێدەچێت لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكاندا زلینسكی ركابەری پترۆ بۆرۆشینكۆ سەرۆكی ئێستا ئۆكرانیا بكات، كە 21ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
سەرەڕای ئەوەی رەخنەگرانی تێبینیان لەسەر تواناكانی بۆ حكومدار‌و ناڕوونی بەرنامەی هەڵبژاردنی، بەڵام زلینسكی ئەكتەری كۆمیدی سودی لە ئاراستە جیهانییە وەرگرتووە كە تێیدا دەنگدەران دەستبەژێری سیاسی رەتدەكەنەوەو ئەو ئاراستەیەش لە ئۆكرانیا كە چەند ساڵێكە بەدەست كێشەی ئابوری‌و سكانداڵی گەندەڵییەوە زۆر بەبەهێزی ئامادەیە.
شارەزایی زلیسنكی تەمەن 41 ساڵ لە حكومداریدا تەنها لەوەدایە كەلە ئەڵقەیەكی تەلەفزیۆنیدا رۆڵی مامۆستایەكی مێژووی گێڕاوە كە بەشێوەیەكی كتوپڕ دەبێتە سەرۆكی وڵات.
بە گوێرەی ئەو راپرسیانەی كە لە كاتی هاتنە دەرەوەی دەنگدەران لە بنكەكانی دەنگدان ئەنجامدراون، زلیسنكی زیاتر 30%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە بەرامبەر بە 18%ی بۆ پترۆ بۆرشینكۆی سەرۆكی ئێستای ئۆكرانیا‌و یولیا تیمۆچینكۆی سەرۆك وەزیرانی پێشووتریش بە كۆكردنەوەی 14%ی دەنگەكان لە پلەی سێیەمدا دێت.


لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەنجامی ئەو راپرسیانە زیلنسكی رایگەیاند ئەوە هەنگاوێكە بەرەو سەركەوتنێكی گەورە، بۆرۆشینكۆش بەدەستهێنانی پلەی دووەمی بە وانەیەكی قورس وەسفكرد، تیمۆچینكۆش ئەنجامەكانی رەتكردەوەو رایگەیاند ئەوەندەی دەنگ هێناوە كە بتوانێت لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكەدا كێبركێ بكات.
پێشبیندەكرێت لیژنەی هەڵبژاردنەكانی ئۆكرانیا ئەمشەو بەشێك لە ئەنجامەكان رابگەیەنێت كە ئاشكرایكرد رێژەی بەشداریكردن تا كاتژمێر 12 بەكاتی گرینیچ گەیشتوەتە 45%و ئەوەش رێژەیەكی زیاتری بەشدارییە بەبەراورد بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2014.
ئۆكرانیا ئەو وڵاتەی كە كەوتوەتە دەروازەی یەكێتی ئەوروپاوە‌و ژمارەی دانیشتوانەكەی 45 ملیۆن كەسە، هەژارترین وڵاتی ئەوروپایە و سەرەڕای دووركەوتنەوەی لە روسیا و رووكردنە رۆژئاوا، ئێستا لە بە خراپترین قەیراندا گوزەر دەكات لە ساڵی 1991ەوە كە سەربەخۆیی بەدەستهێناوە.
ساڵی 2014 لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئۆكرانیادا، لایەنگرانی خۆرئاوا دەسەڵاتیان گرتە دەست، پاشان روسیا نیچمە دوورگەی كریمیای ئۆكرانیای داگیركرد‌و شەڕ‌و ململانێ لە خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە لەگەڵ جوداخوازەكاندا دەستیپێكرد كە هەتا ئێستا 13 هەزار كوژراوەی لێكەوتوەتەوە.
سەركەوتنی ئەكتەرێكی كۆمیدیی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئۆكرانیادا، بە واتای ئەوەدێت كە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لە چینی سیاسی ئێستا كە نغرۆی گەندەڵین، نیگەرانن، هەروەها ئاماژەیەكیشە كە هاوڵاتیانی ئۆكرانیا دوای پێنج ساڵ لە جموجوڵی لایەنگرانی خۆرئاوا لە گۆڕەپانی سیاسیدا نائومێدبوون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand