ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود لەجیاتی پەرلەمان، (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق، چاوی لە مەرجەعەیەتی نەجەفە بێتە سەرخەت و لەقەیرانی وەزارەتە پڕنەكراوەكان و ململانێ هێزە سیاسیەكان قوتاری بكات، بەڵام پێناچێت كێشەكەی هەر ئەوەندە بێت، سێ وەزیری كابینەكەی كە تازە متمانەیان وەرگرتووە، دوانیان بەتۆمەتی ئەندامبون لەحزبی (بەعس) و یەكێكیشیان لەڕێكخراوی (قاعیدە)، هەڕەشەی دورخستنەوەیان لەسەرە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیا عێراقییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، ئەو وەزیرانەی هەڕەشەی سەندنەوەی متمانەیان لەسەرە ئەمانەن: ١_(نەعیم ئەلروبیعی ) وەزیری پەیوەندییەكان ، بەتۆمەتی ئەندامبون لەحزبی بەعس. ٢_(بەنگین ڕێكانی) وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، بەتۆمەتی ئەندامبون لەحزبی بەعس. ٣_ (ئەحمەد ئەلعوبەیدی) وەزیری وەرزش و لاوان، بەتۆمەتی ئەندامبون لەڕێكخراوی قاعیدە. ئەوە لەكاتێكدایە هەندێك سەرچاوە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكەن، پەرلەمانتارەكانی هاوپەیمانی (بونیاتنان) سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیارین لەسەر دوو وەزیری كابینەكەی عەبدولمەهدی كە یەكێكیان (سیادییە) و ئەوی دیكەشیان (خزمەتگوزراییە) و تۆمەتی"گەندەڵی دارایی و كارگێڕی"یان لەسەرە و بەنیازن دوای بانگهێشتكردنیان بۆ پەرلەمان متمانەیان لێبسەننەوە. لەكۆی پێنج وەزارەتە سیادییەكەی عێراق تەنها سیانیان پڕكراونەتەوەو وەزارەتەكانی (ناوخۆ و بەرگریی)یش بەبەتاڵی ماونەتەوە، ئەوانیش كێشەیەكی زۆریان بەدواوەیە. كاندیدەكانی بەرگری و ناوخۆش گومانیان لەسەرە! بەپێی بەلگەنامەیەك كە لەمیدیا عێراقیەكان بڵاوبۆتەوەو بە بەڵگەنامەی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەی ناودەبرێت، هەردوو كاندیدەكەی (وەزارەتی بەرگریی)، فەریقی فرۆكەوان (فەیسەڵ جەربا) و لیوا روكن (هشام ئەلدەراجی) كە كوتلە سیاسەكاندایە شەڕێكی توندیان لەسەریان دەكەن، سەر بە حزبی هەڵوەشاوە بوون. هەر لەو چوارچێوەیەدا (كەریم نوری) سەركردە لەڕێكخراوی (بەدر) كە (هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، (فالح فەیاز) كاندید بۆ وەرگرتنی وەزارەتی (ناوخۆ) لەسەردەمی رژێمی پێشودا زیندانی سیاسی بووە، بەڵام پێش تەواوكردنی وادەی حوكمەكەی ئازادكراوە، بەهۆی پەیوەندییە خێزانییەكان و ئەو پەیوەندییانەی لەو سەردەمەدا ئەنجامدراوە بۆ ئازادكردنی. كاندیدەكانی تریش وەزعیان شڕە سەبارەت بەكاندیدەكانی تریش، سەدرییەكان و سوننەكان بەتوندی (ئەسما سالم) بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد ڕەتدەكەنەوە، بەپاساوی ئەوەی "تەمەنێكی كەمی هەیەو ساڵی ٢٠١٥ كۆلیژی یاسای تەواوكردووە، لەپێكهاتەی (كریستیان)یشە، لەكاتێكدا وەزارەتی داد پێویستی بە دادوەرێكی پسپۆڕو بەتەمەن هەیە، وێڕای ئەوەی زۆربەی ئەو یاسایانەی وەزارەتی داد لێی بەرپرسیارە یاسای ئیسلامین". ناوەندە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەكانیش كاندیدكردنی (حەسەن ئەلروبێعی) كاندیدی (عەسائبی ئەهلی حەق) بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕەتدەكەنەوەو، دەڵێن لەگەڵ ئەوەی هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە بەڵام بەشێك نیە لەناوەندی ڕۆشنبیری، وێڕایی ئەوەی كاندیدی گروپێكی چەكدارە بۆ ئەوپۆستە، سەدرییەكانیش كە بەهێزترین كوتلەی پەرلەمانین سەرنجیان لەسەری هەیە ، بەهەمان شێوە لەسەر (قوسەی سوهەیل)یش كە كاندیدی وەزارەتی (خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییە)، چونكە ئەم دوانە پێشتر سەربە ڕەوتی سەدر بوون و وازیانهێناوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان وپارتی دیموكراتی كوردستانیش بەشێكن لەگەرمكردنی ئەم شەڕە، پارتی هێشتا سورە لەسەر بێبەشكردنی یەكێتی و بەنیازی وەرگرتنی پۆستی وەزیری (كۆچ و كۆچبەران)ە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "درەومیدیا" كەوتووە، یەكێتی لەهەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی وەزارەتی (داد)یە و نزیكیشبۆتەوە لەوەرگرتنی. عەبدولمەهدی ئەڕوات یان لەكاری دەخەن؟ لەگەڵ ئەوەی زۆربەی وەزارەتە پڕ نەكراوەكان ململانێیەكی توندییان لەسەرە، پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانی ئەو (٨) وەزارەتەی ماوە، وەك ئەگەرێك باس دەكرێت لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، لانی كەم چوار بۆ پێنج وەزارەتیان تێپەڕێت، خۆ ئەگەر كار وا بڕوات و حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) لەبری متمانە وەرگرتن بەو وەزیرانەی ماون، وەزیرە متمانە پێدراوەكانی لەكاربخرێن، ئەوا پێویست ناكات ئەمجارە (عەبدولمەهدی) دەست بەگیرفانیدا بكات و دەستلەكاركێشانەوەی حازر دەربهێنرێت، چونكە بەر لەوە حكومەتەكەی دەڕوخرێت و خۆشی دور دەخرێتەوە، كە ئەمەیان ئەگەرێكی دوورەو عێراق بەرەو گێژاوێكی گەورە دەبات. هەندێك لەئاگایانی دۆخی عێراق پێیانوایە، ئەو جموجۆڵەی بۆ خستنی هەندێك وەزیرەكانی كابینەكەی (عەبدلمەهدی) لەئارادایە، لەچوارچێوەی چڕكردنەوەی فشارەكاندایە لەسەر سەرۆك وەزیران لەپێناو دەستكەوتی سیاسی و وەرگرتنی یەكێك لەو وەزارەتانەی تائێستا پڕنەكراونەتەوەو، خستنەڕووی دۆسیەی وەزیرەكان و تۆمەتباركردنیشیان، بەشێكە لەو ململانێیە.
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود سبەینێ سێ شەممە (6) ی تشرینی دووەم، ئەمریكییەكان ڕوو لەسندوقەكانی دەنگدان دەكەن بۆ بەشداریكردن لە "هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی" كە هەردوو ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێت و خۆی لەزنجیرەیەك پرۆسەی هەڵبژاردندا دەبینێتەوە لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و ناوخۆیی (ویلایەتەكان و هەرێمەكان) و زیاتر وەك جۆرێك لە ڕاپرسیشی لێدێت بۆ بڕیاردان لەسەر حوكمی دوو ساڵی ڕابردووی سەرۆكی ئەمریكا لەڕێی پاداشتكردنی حزبەكەی یان سزادانی و پاراستنی زۆرینە یان لەدەستدانی لەیەكێك لەئەنجومەنەكانی كۆنگرێس (ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران) یان هەردووكیان پێكەوە. ئەمریكییەكان لەم هەڵبژادنەدا ڕوخساری نوێی كۆنگرێسی ئەمریكا و نیوەی دووەمی ولایەتی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ڕەنگدەكەن، دیموكراتەكان هەوڵی وەرگرتنەوەی زۆرینەی دەدەن لەكۆمارییەكان لەیەكێك لەئەنجومەنەكانی كۆنگرێس ( ئەنجومەنی پیران یان ئەنجومەنی نوێنەران) یاخود هەردووكیان پێكەوە. دەنگدەران لە "هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی" دا، دەنگ بۆ 35 كورسی ڕیپێدراو لەئەنجومەنی پیران و 435 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران و 36 حاكمی نوێ بۆ ویلایەتەكان دەدەن. هەڵبژاردنی نیوەیی چییە؟ هەڵبژاردنی نیوەیی هەڵبژاردنە بۆ دیاریكردنی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی كۆنگرێس (ئەنجومەنی پیران و نوێنەران)، لەهەندێك لەویلایەتەكانیش دەنگ بۆ هەڵبژاردنی حاكمی نوێ دەدرێت، ئەو هەڵبژاردنە بە"نیوەیی" ناودەبرێت چونكە دوای نیوەی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی ویلایەتەیە كگرتوەكانی دێت. كورسیە ڕێپێدراوەكان لەئەنجومەنی پیران كامانەن؟ كۆمارییەكان خاوەنی زۆرینەیەكی لاوازن لەئەنجومەنی پیران كە (51) كورسیە بەرامبەر (47) كورسی دیموكراتەكان و دوو كورسی سەربەخۆكان. هەڵبژاردنی نیوەیی بۆ (9)كورسی كۆمارییەكان لەئەنجومەنی پیران و دوو كورسی سەربەخۆ و 24 كورسی دیموكراتەكان بەڕێوەدەچێت، ئەوەش مانای ئەوەیە دەرفەتی پارێزگاریكردنی كۆمارییەكان لەزۆرینەكەیان زیاترە لە لەدەستدانی. كورسیە ڕێپێدراوەكان لەئەنجومەنی نوێنەران كامانەن؟ لەئەنجومەنی نوێنەران، كۆمارییەكان خاوەنی زۆرینەیەكی (236) پەلەمانتارن بەرامبەر بە (193)پەرلەمانتاری دیموكراتەكان، لەگەڵ بونی (6) كورسی بەتاڵ. دیموكراتەكان كە هەوڵی زۆرینە دەدەن لەئەنجومەنی نوێنەران پێویستیان بە لانی كەم بەدەستهێنانی (218)كورسییە، ئەوەش درەفەتێكی باشتری بۆ ڕەخساندون، چونكە هەڵبژاردن بۆ سەرجەم كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت. كاریگەری هەڵبژاردنی نیوەیی لەسەر ترەمپ چییە؟ ئەو حزبەی زۆرینەی كۆنگرێس بەدەستبهێنێت ململانێ لەسەر هەندێ لەیاسا گرنگەكان یەكلادەكاتەوە، لەگەڵ هەندێك لەسیاسەتەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە دیموكراتەكان دژین و كۆمارییەكانیش پشتیوانی جێبەجێكردنی دەكەن. سەركەوتنی كۆمارییەكان لەم هەڵبژاردنەدا نیوەی دووەمی حوكمی ویلایەتەكەی ترەمپ زۆر ئاسان دەكات، كە دەرچەیەكی باش دەبێت بۆ جێبەجێكردنی هەندێك لەیاساكان، لەنمونەی توندكردنەوەی یاساكانی كۆچ. خراپترین ئەگەرەكان سیناریۆی "مۆتەكە" بۆ سەرۆكی ئەمریكا، خۆی لەسەركەوتنی دیموكراتەكاندا دەبینیتەوە، دواتریش لەكارخستنی لەپۆستی سەرۆكایەتی، كە ئەگەرێكی دوور نیە. بەڕای (رودی غیلیانی) پارێزەری تایبەتی ترەمپ"هەڵبژاردنی نیوەیی خۆی لە دورخستنەوەو مانەوەی ترەمپ دا دەبینێتەوە" ڕاشیگەیاندووە"ڕێوشێنەكانی دورخستنەوە دەستپێدەكات ئەگەر دیموكراتەكان ببنە زۆرینە لەئەنجومەنی نوێنەران". ئەگەر دیموكراتەكان كۆنتڕۆڵی كۆنگرێس بكەن، چاوەڕوان دەكرێت ڕوبەڕوی كۆمەڵێك یاسا ببنەوە كە ترەمەپ هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدات كە دیارترینیان بەدەستهێنانی پارەیە بۆ دروستكردنی دیواری جیاكەرەوە لەگەڵ (مەكسیك) و ڕەتكردنەوەی ئەو سیستمە تەندروستیەی (باراك ئۆباما) داینا. سەرچاوە: ئاژانسەكان
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت سبەینێ 6/11/2018 دانیشتنی یەكەم كۆبونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بەهۆی ئەوەی تائێستا هەرێمی كوردستان دەستوری نییە، رێوشوێنەكانی بەڕێوەچوونی ئەو كۆبونەوەیە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت كە رۆژی 17/7ی ئەمساڵ پەسەندكرا. یەكەم كۆبونەوە چۆن بەڕێوەدەچێت؟ بەپێی ماددەی (3)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان " پەرلەمان یەكەم دانیشتنی خۆی لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێم، لەماوەی (10) رۆژدا، لە رێكەوتنی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردن دەبەستێت، لەكاتی ئاڕاستەنەكردنی بانگهێشتنامەكەدا، پەرلەمان بەشێوەیەكی ئاسایی لەكاتژمێر (12)ی دوای نیوەڕۆی رۆژی دوای ماوەی ئاماژە پێدراو، كۆدەبێتەوە". واتە بەپێی پەیڕەوەكە مافی بانگهێشتكردنی پەرلەمان بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی خولی نوێ لەدەستی سەرۆكی هەرێمدایە، بەهۆی هەڵپەساردنی دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم بە یاسایەك، ئەنجومەنی دادوەری لەبری سەرۆكی هەرێم رۆژی یەكشەممە بانگهێشتی پەرلەمانتارانی كرد بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی خولی نوێ، چونكە بەپێی یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەسەڵاتی بانگهێشتكردنی بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دراوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری. دەسەڵاتی بانگهێشتكردن بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەسەڵاتێكی تەشریفاتییە، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەگەر سەرۆكی هەرێم یاخود دەسەڵاتی دادوەری كە ئێستا ئەو دەسەڵاتەی وەرگرتووە، بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمانیش نەكات، ئەوا پەرلەمان بەبێ بانگهێشتكردن دەتوانێت رۆژێك دوای ئەو وادەیەی كە بۆی دیاریكردووە كۆبونەوەی خۆی گرێبدات. هەموو كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان بە دانیشتنی یەكەمیشەوە پێویستی بە (نیساب)ی یاسایی هەیە، واتە لە كۆی (111) پەرلەمانتار دەبێت (56) پەرلەمانتار ئامادەی ساتی كردنەوەی دانیشتەكە بن. سەرباری ئەوەی ژمارەیەك لایەنی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تائێستا نیگەرانن لە ئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام هیچ لایەنێك ئاماژەی بەوە نەكردووە كە سبەینێ بەشداری یەكەم دانیشتنی پەرلەمان ناكات. بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانو هاوپەیمانەكانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان زۆرینەن، پێشبنی ناكرێت سبەینێ هیچ كێشەیەكی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان دروست ببێت. كێ سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتن دەكات؟ بەگوێرەی بڕگەكانی ماددەی (11)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان" پەرلەمان دانیشتنی یەكەمی خۆی بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی ئامادەبوو، دەبەستێت" كە پێشی دەوترێت (رئیس السن) واتە (پیرە سەرۆك). بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی ئامادەبوو لەلایەن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بانگهێشتدەكرێتو دەبێتە سەرۆكی یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان. ئەركی پیرە سەرۆك بریتییە لە: • بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەكەم • ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پیرە سەرۆك كێیە؟ بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی كە كۆمسیۆن هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی خولی نوێی پەرلەمان كاندیدێكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە ناوی (رێڤنگ محەمەد محەمەد عەلی)، كە لەدایكبووی (7/1/1951)ی قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆكە. رێڤنگ محەمەد كە بە "رێڤنگ هروری"ناسراوە، بە (13 هەزارو 312) دەنگ سەركەوتووە بۆ پەرلەمان. پیرە سەرۆك خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە هونەرداو پێشتر بەرپرسی رێكخراوی خێرخوازی بارزانی بووە لە دهۆك و دواین كاری حزبیشی كارگێڕی لقی یەكی پارتی بووە. لەیەكەم دانیشتندا چی دەكرێت؟ بەپێی ماددەی (12)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لەیەكەم دانیشتنی خولی نوێدا كارەكان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچن: • سەرۆكی یەكەم دانیشتن لەبەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخوات • كاندیدە هەڵبژێردراوەكان لەبەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخۆن • سوێندخواردنی سەرۆكی یەكەم دانیشتنو كاندیدە هەڵبژێردراوەكان بەمشێوەیە دەبێت: " بەخودای گەورە سوێند دەخۆم، كە بەرژەوەندی گەلی كوردستانو یەكێتی خاكو گەلو شكۆو مافو ئازادییەكانی هاوڵاتیانو سامانی گشتیی بپارێزمو ئەركی ئەندامێتی بەراستییو دڵسۆزییەوە جێبەجێ بكەم". • هەر كاندیدێكی هەڵبژێردراو بەناوەڕۆكی دەقی ئەو سوێندە یاساییەوە پابەند نەبێ دەبێت سوێندەكەی دووبارە بكاتەوە • لە رێكەوتی سوێندخواردنی یاساییەوە، كاندیدی هەڵبژێردراو دەبێتە ئەندامو بە دەستبەكار ئەژماردەكرێتو گشت مافێكی ئەندامێتی دەبێتو هەموو ئەركەكانی ئەندامێتی دەكەوێتەئەستۆ • ئەگەر كاندیدێكی هەڵبژێردراو بەبێ پاساوی رەوا، لەدانیشتنی یەكەمەوە بۆ ماوەی (30) رۆژ سوێندی نەخوارد، مافی سوێندخواردنی یاسایی نامێنێت، واتە ئەندامێتی لەدەستدەدات دەستەی سەرۆكایەتی چۆن هەڵدەبژێردرێت؟ بەهۆی ئەوەی تائێستا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانەوە لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن نەكراوە، دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان بەكراوەیی دەهێڵریًَتەوەو تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنابژێردرێت كە پێكدێت لە: • سەرۆكی پەرلەمان • جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان • جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بەڵام بەگوێرەی ماددەی (14)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پەرلەمان بەزۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانو بەدەنگدانی نهێنیو راستەوخۆ دەستەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان بەم رێكارانە هەڵدەبژێرێت: • سەرۆكی یەكەم دانیشتن (پیرە سەرۆك) دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی دەكاتەوە • داوا لە پاڵێوراوان دەكات، خۆپاڵاوتنیان رابگەیەننو دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخاتو پرۆسەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات • بەپێی پیتەكانی (ئەلفبێ) داوا لە ئەندامان دەكات بۆ پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی، بەجیا دەنگ بۆ پاڵێوراوەكان بدەن • ئەندام ناوی پاڵێوراوی خوازیاری خۆی بۆ هەریەك لە پۆستەكان لەسەر پسوڵەیەكی تایبەت بەو هەڵبژاردنە دەنوسێتو بەدەستی خۆی دەیخاتە ناو سندوقی تایبەت بەو پۆستە • سەرۆكی یەكەم دانیشتن كۆتایهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن رادەگەیەنێتو داوا لە دوو لاوترین ئەندام دەكات بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەسەرپەرەشتی خۆی • ئەگەر ژمارەی دەنگەكانی دوو ركابەر یان زیاتر، بۆ هەریەك لە پۆستەكان یەكسان بوو، پرۆسەی دەنگدان دووبارە دەكرێتەوە، ئەگەر دیسان ژمارەی دەنگەكان یەكسان بوو، بەتیروپشك پۆستەكە بۆ یەكێك لە پاڵێوراوەكان یەكلادەكرێتەوە • ئەگەر بۆ هەریەك لە پۆستەكان تەنیا یەك پاڵێوراوی بێ ركابەر هەبوو، سەرۆكی یەكەم دانیشتن راستەوخۆ بە ناوهێنان، پاڵێوراوەكە بۆ پۆستەكە بە سەركەوتوو رادەگەیەنێت • سەرۆكی یەكەم دانیشتن ئەنجامی دەنگدان بۆ ئەندامان ئاشكرادەكاتو داوا لە دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردراو دەكات بچنە جێگای تەرخانكراوی خۆیان لێرەدا ئیتر كاری پیرە سەرۆك كۆتایی دێتو كۆتایی بە یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانیش دێت، تەنانە ئەگەر ئەو كۆبونەوەیە ماوەی چەندین مانگیش بخایەنێت.
راپۆرتی: ئارام مەحمود وەزیرێكی پارتی و دوو وەزیری حكومەتەكەی عادل عەبدلمەهدی ڕێوشوێنەكانی دەستەی لیپرسینەوەو دادپەروەری دەیانگرێتەوە، ژمارەیەك لەكاندیدی (8) وەزارەتەكەش هەمان تۆمەتیان ڕوبەڕو دەكرێتەوە. دوو بەعسی و ئەمیرێكی قاعیدە بەپێی بەلگەنامەیەك كە لەمیدیا عێراقیەكان بڵاوبۆتەوەو بەبەڵگەنامەی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەی ناودەبرێت، هەریەك لەوەزیری پەیوەندییەكان (نەعیم ئەلروبیعی ) و وەزیری وەرزش و لاوان (ئەحمەد ئەلعوبەیدی) و وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن ( بەنگین ڕێكانی) ڕێوشوێنەكانی لێپرسینەوەو دادپەروەری و ڕیشەكێشكردنی بەعس دەیانگرێتەوە. لەبەڵگەنامەكدا هاتووە، هەریەك لەوەزیری (ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و وەزیری پەیوەندییەكان) ئەندامی فیرقەی حزبی بەعسی هەڵوەشاوەبوون. (وەزیری وەزرش و لاوان)یش، تۆمەتی ئەنجامدانی كوشتنی لەناوچەی (لەتیفیە) لەساڵی 2004دا ڕوبەڕوكراوەتەوە، ئەوكاتەی كە (ئەمیری ڕێكخراوی قاعیدە) بووە، بەوتەی برای یەكێك لە قوربانییەكان (عوبەیدی) تێوەگلاوە لەكوشتنی براكەی لەو ناوچەیە كە دەكەوێتە خوار بەغدا و نازناوەكەشی (ئەلعانی)یە، وەك ئەوەی لەبەڵگەنامەكەدا ناوی هاتووە. كاندیدەكانیش بەعسیان تیایە بەڵگانامەكە ئاماژە بەوەشدەكات، فەریقی فرۆكەوان (فەیسەڵ جەربا) و لیوا روكن (هشام ئەلدەراجی) كە هەردووكیان كاندیدن وەرگرتنی وەزارەتی بەرگری، سەر بە حزبی هەڵوەشاوە بوون. دۆستی نزیكی عودەی بووە ڕۆژی (29) ئەم مانگەش (60) ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی پارێزگای (دهۆك) لەبەیاننامەیەكدا كە ئاڕاستەی (دەستەی لێرسینەوەو دادپەروەری) عێراقیانكرد، تیادا داوایانكرد (بەنگین عەبدوڵا ڕێكانی) وەزیری (ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن) لەحكومەتی عێراق دوربخرێتەوە چونكە یەكێك بووە لەكەسە نزیكەكانی (عودەی سەدام حسێن) كوڕە گەورەی سەرۆكی ڕژێمی پێشوی عێراق. لەبەشێكی تری بەیاننامەكەیاندا هاتووە،(بەنگین رێكانی) پلەی دیاری هەبووە لەحزبی بەعس و ناسراو بووە بەپەیوەندییە كۆمەڵایەیتەكانی لەگەڵ (عودەی) و خاڵی پەیوەندی نێوان (عودەی) و بەرپرسانی پارتەكەی (مەسعود بارزانی) بووە. لەڕۆژی (31) مانگی ڕابردوودا (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە دەستەی لێپسرینەوەو دادپەروەری كرد لێكۆڵینەوە بكەن لەكاندیدەكانی عادل عەبدلمەهدی بۆ وەزارەتەكانی حكومەتەكەی. ڕۆژی (24)مانگی ڕابردوو، پەرلەمانی عێراق متمانەی دا بەحكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و (14) وەزیری كابینەی و تائێستا (8)وەزارەت ماوە متمانەیان پێبدرێت.
راپۆرتی : ئارام مەحمود ئەمڕۆ چەردەی دووەمی سزاكانی (ئەمریكا) بۆ سەر (ئێران) چوونە بواری جێبەجێكردن، كەسێكتەرەكانی وزە و دارایی و گواستنەوەی ئاویی كردۆتە ئامانج. (حەسەن ڕۆحانی) سەرۆكی (ئێران) لە وتەیەكدا كە ئەمڕۆ تەلەفیزیۆنی وڵاتەكەی بڵاویكردەوە ڕایگەیاند" ئێران نەوتەكەی دەفرۆشێت و سزاكان دەشكێنێت كە سەرلەنوێ ویلایەتە یەكگرتووەكانی بەسەریدا سەپاندویەتی". (مایك پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەو سزایانەی وڵاتەكەی بەسەر (ئێران)دا سەپاندویەتی، (600) كەسایەتی و كۆمپانیای بواری دارایی دەگرێتەوە. (پۆمپیۆ) لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی (فۆكس نیوز)ی ئەمریكی وتیشی" ئەو سزایانە ئێران لەبازاڕی نەوت دادەبڕێت" هاوكات ئاماژەی بەوەشدا" گەلی ئێران لەو سزایانە زەرەر مەند نابێت". لەبارەی وردەكاری ئەو جیاكارییەی (واشنتۆن) بۆ ئەو (8) وڵاتەی كردووە بەردەوامبن لەكڕینی نەوتی (ئێران)، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەبێئەوەی ناوی ئەو وڵاتانە ئاشكرابكات وتی: ئەو جیاكاریی و لێخۆشبونە بۆ ماوەی (6) مانگە و ئەو وڵاتانەی ڕێگەیان پێدراوە دەتوانن نەوتی (ئێران) بكڕن، بەو مەرجەی ئەو پارەیەی نەوتەكەی پێدەكڕدرێت بخرێتە حسابێكی زامنكراوە (لایەنی سێیەم دەسەڵاتی هەبێت بەسەریدا). تەئكیدی كردووە، حكومەتی (تاران) دەتوانێت ئەوپارەیەی لەفرۆشی نەوت دەستیدەكەوێت لەچوارچێوەی پێویستی مرۆیی دیاریكراودا خەرجبكات. سزا نوێكان ڕێگە لە (ئێران) دەگرێت دۆلاری ئەمریكی لەكاری بازرگانیدا بەكاربهێنێت، ئەوەش بە گورزێكی " گورچكبڕ" دادەنرێت بۆ هەناردەكردنی نەوتی (ئێران) كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی ئەو وڵاتەیە. پێشبینی دەكرێت سزاكان كاریگەری لەسەر وڵاتانی تریش دابنێت، حكومەتی (واشنتۆن) سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت كە پابەندنابن بەسزاكان و بەردەوام دەبن لەئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ (ئێران). قۆناغی یەكەمی سزاكان * قەدەغەكردنی ئاڵوگۆڕ بەدۆلار لەگەڵ حكومەتی ئێران، لەگەڵ قەدەغەكردنی مامەڵەی بازرگانی بە كانزا بەنرخەكان و بەتایبەتیش ئاڵتون و سزادانی ئەو دامەزراوە و حكومەتانەی مامەڵە بە (ڕیاڵ)ی ئێران و مامەڵە بانكییەكان لەگەڵ (ئێران). * قەدەكردنی هاوردە یاخود كڕینی لیستێك لەكانزاكانكە دیارترینیان (ئەلەمنیۆم و ئاسن و پۆڵا)یە، لەگەڵ سەپاندنی بەربەست بەسەر كەرتی دروستكردنی ئۆتۆمبیل و فەرش لە(ئێران). *قەدەغەكردنی هاوردەو هەناردەی تەكنەلۆژیای پەیوەست بەر بەرنامەی پیشەسازی كە بەدوو هەردوو مەبەستی مەدەنی و سەربازی بەكاردێت. قۆناغی دوەمی سزاكان *سەپاندنی سزا بەسەر ئەو كۆمپانیایانەی ئیدارەی بەندەرەكانی ئێران دەدەن، لەگەڵ ئەوكۆمپانیایانەی لەبواری گواستنەوەی ئاویی و دروستكردنی كەشتی كاردەكەن. *سەپاندنی سزای گشتگیر بەسەر كەرتی وەزی ئێران و بەتایبەت كەرتی نەوت. *سەپاندنی سزا بەسەر بانكی ناوەندیی ئێران و مامەڵە داراییەكانی. مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران 1- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدرێت كە تەواوی زانیارییەكان لەسەر چالاكی سەربازیی پرۆگرامە ئەتۆمییەكانی پێشوو بزانێت و دەبێت ئێران بە تەواوی دەست لەو جۆرە چالاكییانە هەڵبگرێت. 2- واز لە پیتاندن بهێنێت و هەرگیز هەوڵی دووبارە بەكارهێنانی پلوتۆنیۆم نەدات و تیشكدەرەوە ئاوییەكانی دابخات. 3- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی بدرێت بچێتە سەرانسەری پێگە ئەتۆمییەكان لە ئێران. 4- كۆتایی بە زیاكردنی مووشەكە دوورهاوێژەكانی بهێنێت و گەشەدان بە سیستمی مووشەكی ئەتۆمیی رابگرێت. 5- هەموو هاووڵاتیانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی ئەمەریكا ئازاد بكرێن لە زیندان. 6- كۆتایی بە پشتگیری گروپە تیرۆرستییەكانی وەك حزبوڵڵا، حەماس و گروپە جیهادییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت. 7- هەموو هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە. 8- واز لە پشتگیریكردنی تاڵیبان و گروپە تیرۆرستییەكانی ئەفغانستان و ئەلقاعیدە بهێنێت. 9- كۆتایی بە هەڕەشەكانی بەرامبەر بە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا بهێنێت كە وڵاتانی سعودییە، ئیمارات و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، هەروەها هێرش لە رێگای پۆستی گەیاندن و ئینتەرنێت نەكات. 10- رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و رێگا بدات میلیشیا شیعەكان هەڵبوەشێندرێنەوە. 11- دەبێت سوپای قودس دەست لە پاڵپشتیكردنی باڵەكانی لە تەواوی جیهان هەڵبگرێت. 12- پشتگیری حوسییە یاخییەكانی یەمەن نەكات و هەوڵی بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری لە یەمەن بدات. دوای (6) مانگ لەكشانەوەی تاكلایەنەی (ئەمریكا) لەڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ (ئیران)، (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەڕۆژی (7)ی ئابی ئەمساڵ قۆناغی یەكەمی سزاكانی بەسەر (تاران)دا، سەپاند، ئەمڕۆش (5) تشرینی دووەم قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا چوونە بواری جێبەجێكردنەوە، كە بەتوندترین سزا دادەنرێت تائێستا بەسەر (ئێران)دا، سەپێنرابێت.
( درەو میدیا): بەپێی راگەیەنراوێكی (گۆشەی ئابوری ژوری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان) كە ئەنوەر كەریم ئامادەی كردووە لە مانگی ئۆكتۆبەردا هەرێمی كوردستان هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بۆریەوە (12.950.000) دوانزە ملیۆن و نۆسەدو پەنجا هەزار بەرمیلی ناردوە بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركی كە رۆژانە دەكاتە (417.741 ) 417 هەزار و 741 بەرمیل. راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە نرخی بەرمیلێكی نەوت لە مانگی ئۆكتۆبەردا 76 دۆلار بووەو هەرێمی كوردستان بە 10 دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی بۆ یە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 66 دۆلار فرۆشراوە، بەو پێیەش داهاتی مانگی ئۆكتۆبەر هەرێمی كوردستان( 854.700.00 )هەشت سەدو پەنجاو چوار ملیۆن و حەوت سەد هەزار دۆلار بووە. دەقی راگەیەنراوەكە
راپۆرتی: ئارام مەحمود وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی ڕایانگەیاند، ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی سوپای (ئەمریكا) لەڕێی گەڕان بەناوچە سنورییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی (سوریا) و نزیك سنوری (توركیا)، چاودێری دۆخی ئەمنی ناوچەكە دەكەن، ئەوەش دوای هێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوی سوپای (توركیا) دێت بۆ سەر ئەو ناوچانە. ناوچە سنورییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی سوریا (خۆرئاوای كوردستان) كەلەژێر دەستی (هێزەكانی سوریای دیموكرات)دایە و لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێت، بەشێوەیەكی بەردەوام لەدۆخێكی ئاڵۆزدایە ئەوەش بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی (ئەنكەرە) بەئەنجامدانی هێرشی سەربازی و بۆردومانكردنی ئەو ناوچانە و پەلارماردانی (یەكینەكانی پاراستنی گەل) كە بە بڕبڕەی پشتی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) دادەنرێت. ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی بڵاویكردۆتەوە، پەیامنێرەكەی لەناوچەی (دەرباسییە)ی هاوسنوری (توركیا) كەدووترین خاڵی پارێزگای (حەسەكەیە)ە، "مەفرەزەیەكی سوپای (ئەمریكا)ی بینیوە، كە پێكهاتبون لە سێ (ئۆمبیلی گولەنەبڕ) و ژمارەیەك سەربازی (ئەمریكی)یان تیادابووە، كە بەرگی سوپای (ئەمریكا)یان لەبەردابووە و ئاڵای ئەو وڵاتەش بە بەسەر ئۆتۆمبیلەكانەوە بووە. هاوكات (شۆن ڕاین) وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەڕانی مەفرزە سەربازییەكانی سوپای (ئەمریكا)ی لەو ناوچانە بەشێوەیەكی نا ڕێكخراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی تەئكیدكردۆتەوە كە پەیوەیستە بە پێشهاتە مەیدانییەكان لەو ناوچانە. بەگوێرەی سەرچاوەكە، لەڕۆژی هەینی ڕابردوەوە ئەوە دووەم مەرفرەزەی سوپای ئەمریكایە كە لەو ناوچەیە دەگەڕێت و چاودێری دۆخەكە دەكات. (مستەفا بالی) وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، بڕیارە گەڕانی یەكەكانی سوپای ئەمریكا بەدرێژایی ئەوسنورە بێت تا دەگاتە شاری (سەرێ كانی) كە (50) كیلۆمەتر لە خۆرئاوای (دەرباسییە) دوورە، تەئكیدیشی كردوە" گەڕانی سوپای ئەمریكا لەو ناوچانە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەهەڕەشەكانی توركیا و ئامانجی گەیاندنی ئەو پەیامەیە بەتوركیا كە دەست لەدوژمنكارییەكانی هەڵبگرێت". بەهۆی بۆردومانەكانی ئەم دواییەی سوپای (توركیا) بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی هەردوو شاری (كۆبانی و گرێ سپی) چوار شەڕڤانی (یەكینەكانی پاراستنی گەل)كوژران. حكومەتی (ئەنكەرە)بەشێوەیەكی بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی دەكات دژی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) لەشاری (منبج) و ناچەكانی تر، دوای داگیركردنی شاری (عفرین) بەهاوكاری گروپە چەكدارە توندەڕەوە سورییەكانی هاوپمانی، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن. لەكاردانەوەی هێرشەكانی ئەمدواییەی سوپای (توركیا)، سەرەتای ئەم هەفتەیە (هێزەكانی سوریای دیموكرات) پرۆسە سەربازییەكانیان دژ بە ڕێكخراوی (داعش) بەشێوەیەكی كاتی ڕاگرت و ڕایانگەیاند، گەر حكومەتی توركیا بەردەوامبێت لەسەر پەلامارەكانی، ئەوا بەشێوەیەكی هەمیشەیی پرۆسە سەربازییەكاینان دژ بە(داعش) ڕادەگرن، وەك دروستكردنی جۆرێك لەفشار لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تا سنورێك بۆ پەلامارەكانی (توركیا) دابنێت.
( درەو میدیا): لە راگەیەنراوێكدا ئەبوكاروان تاكە پەرلەمانتاری حزبی شیوعی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەو پارەیە رەت دەكاتەوە كە لە كۆتایی خولەكەدا دەدرێت بە پەرلەمانتاران . ئەبو كاروان لە راگەیەنراوەكەی ئاماژەی بەوە كردووە" بڕیارمداوە كە ئەو بڕە پارەیەی كە 48 ملیۆن دینارەو بە پێی یاسا بە هەموو پەرلەمانتارانی خولی چوارەم دەدرێت و پێشتریش بە ئەندامانی خولەكانی تر و وەزیر و پلە باڵاكان دراوە، وەرم نەگرتووەو وەریناگرم" دەقی راگەیەنراوەكەی ئەبو كاروان بۆ /رای گشتی رێزو سڵاو بەهەموان ڕادەگەینم، كە بریارم داوە كە ئەو بڕە پارەیەی كە ٤٨ملیون دینارە و بەپێی یاسا بە ھەموو پەرلەمانتارانی خولی چوارەم دەدریت و پێشتریش بە ئە ندامانی خولەكانی تر و وەزیروو پلەباڵاكان دراوە، وەرم نە گرتووە و وەریناگرم . ئە وە ش لەروانگە ی ھەستكردنە وە بە خراپی دۆخی ئابوری بە شێكی زوری ھاوڵاتیانە وە كە من لە ماوە ی ڕابوددودا نوینە رایە تیم كردوون . له گەل ڕیزدا ابوكاروان/ پە رلەمانتاری خولی پێشوو فراكسیونی ئازادی(٢٠١٨/١١/٥)
ڕاپۆت: ئارام مەحمود لەگەڵ ئەوەی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشدار نیە لە"هەڵبژاردنی نیوەیی" وڵاتەكەی وەك بەربژێرێك، كەبڕیارە ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بەشێكی بەرچاو لەئەمریكییەكان پێیانوایە هەڵبژاردنی ڕۆژی (6)ی ئەم مانگە وەك ڕاپرسی وایە لەسەر شەخسی سەرۆك (ترەمپ). ناوهێنانی ترەمپ دوو سەرەیە لەویلایەتە موحافزكارەكانی وەك (كەنساس و كارولاینای باشور) هیچ شتێك نیە وا لەكاندیدە كۆمارییەكان بكات خۆیان لە (ترەمپ) بەدوور بگرن، بەڵكودەتوانن پشتی پێببەستن و بەكاریبهێنن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بەهۆی ئەو پشتیوانیە جەماوەرییە بەرفراوانەی هەیەتی لەو ناوچانە. لەكاتێكدا توندبونەوەی كێبڕكێ لەنێوان ڕكابەرە كۆمارییەكان و دیموكراتەكان لەژمارەیەك بازنە، وای لەكۆمارییەكان كردووە لەهەڵمەتەكەیاندا تەركیزیان لەسەر ئابورییەكی بەهێزبێت و خۆیان لە (ترەمپ) بەدوور بگرن، لەبەرامبەردا كۆمارییەكانیش سیاستە جێ مشتومڕەكانی (ترەمپ) بیر دەنگدەران دەخەنەوە بەتایبەت لەپرسەكانی (كۆچ و تەندروستی و بازرگانی). (ترەمپ) لەماوەی دوو ساڵی سەرۆكایەتیكردنیدا لەهەردوو دۆسیەی ڕەخساندنی هەلی كار و كەمكردنەوەی هەڵئاوسان پێشكەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەمە چەكی دەربازبون ناداتە دەستی بۆ رزگاربون لەمەترسیەكان، یەكێك لەو گرەوانەی لەسەر سەركەوتنی كۆمارییەكان دەكرێت ئەوەیە، بەدرێژایی زیاتر لە 150ساڵی ڕابردوو بەدەگمەن ئەو حزبەی لەدەستدا بووە لە سزای دەنگدان ڕزگاری بووە، ئەوەش وای لەكۆمارییەكان كردووە ترسی جدیان هەبێت لەدۆڕاندن و لەدەستدانی زۆرینە لەكۆنگرێس، چونكە گەر دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن، ئەگەری میكانیزمەكانی لەكارخستنی (ترەمپ) زیاتر دەبێت. هاوكات لێكۆڵینەوەكانیش فراوانتر دەبن لەكۆنگرێس دژ بە ئیدارەی (ترەمپ) بەتایبەت لەبارەی ئەو گومانانەی كە لەسەر تێوەگلانی تیمی هەڵمەتی (ترەمپ) هەیە لەگەڵ (ڕوسیا) لە هەڵبژاردنەكانی 2016دا. ئەگەر دیموكراتەكان توانیان زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانیش بەدەستبهێنن، ڕەنگە كاربكەن بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هەموو دامەزراندنەكانی (ترەمپ) لەدادگای باڵا و سیستمی دادگای فیدڕاڵی و پۆستە جێبەجێكارییەكان لەئیدارەكەی، چونكە ئەنجومەنی پیران قسەی یەكلاكەرەوەی هەیە لەو بژاردانەی سەرۆكایەتیدا. كێبڕێكە توندە و ئەگەری بەشداری فراوان هەیە لەگەڵ ئەوەی هەندێك لەڕاپرسییەكان ئاماژە بەوەدەكەن "هەڵبژاردنی نیوەیی" دەنگدەران بەلای خۆیدا ڕاناكێشێت، بەڵام چاوەڕواندەكرێت ئاستی بەشداری ژمارەی پێوانەی تۆمار بكات بەهۆی ئەو بانگەشە فراوانەی ڕكابەرەكانی (ترەمپ) دەیكەن، بەتایبەت گەنجان. هەڵبژاردن بۆ تەواوی كورسیەكانی پەرلەمان دەكرێت لە"هەڵبژاردنی نیوەیی"دا، هەڵبژاردن بۆ سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت كەژمارەیان (435) پەرلەمانتارە، لەئێستا كۆمارییەكان خاوەنی (236) كورسی بەرامبەر(193) كورسی دیموكراتەكان و (6)كورسی بەتاڵ، زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان لەدەستدایە، بۆ ئەوەی دیموكراتەكان ئەو زۆرینەیەیان لەدەست دەربهێنن پێویستیان بە بە دەستهێنانی(23) زیاترە لەئێستا. سێ یەكی كورسیەكانی ئەنجومەنی پیران تازە دەكرێنەوە ئەنجومەنی پیران كە لە(100) كورسی پێكدێت، هەر دوو ساڵ جارێك سێ لەسەریەكی كورسییەكانی تازە دەكرێنەوە، كە ژمارەیان (35) كورسییە. كۆمارییەكان لەئێستادا خاوەنی زۆرینیەكی لاوازن كە (51) كورسییە، بەرامبەر (49) كورسی دیموكراتەكان، بەڵام وەك سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، هاوكێشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پیران لە بەرژوەندی دیموكراتەكان نیە، چونكە پێویستە لەسەریان بەرگری لە (26) كورسی خۆیان بكەن كە (6)یان هەڕەشەی لەدەستدانیان لەسەرە، لەبەرامبەردا (9) كورسی كۆمارییەكانیش هەڕەشەیان لەسەرە. ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بۆ ماوەی (6) ساڵ هەڵدەبژێرێن و ویلایەتەكەیان لەسەرەتای مانگی كانونی دووەمەوە دەستپێدەكات. لەڕووی كردارییەوە، سەرجەم ئەنجومەنە ناوخۆییەكان (ئەنجومەنی یاسادانان و ئەنجومەنی پیرانی ویلایەتەكان) تازەدەكرێنەوە، لەگەڵ دیاریكردنی (36) حاكمی نوێ لە كۆی (50) ویلایەت و تازەكردنەوەی چەندین پۆستی تر ( سەرۆكی شارەوانیەكان و ناوچەكان و دادوەرە ناوخۆییەكان....هتد). سەرچاوە: ئاژانسەكان
راپۆرتی: ئارام مەحمود سبەی دووشەممە، وادەی جێبەجێكردنی سزا نوێیەكانی ئەمریكایە بەسەر (ئێران)دا، كە سێكتەرە هەستیارەكانی ئابوری ئەو وڵاتەی كردۆتە ئامانج و ئەمریكییەكان بەتوندترین سزا وەسفیدەكەن كەتائێستا بەسەر حكومەتی (تاران)دا سەپاندبێتیان. (عەلی لاریجانی) سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پێش چوونە بواری جێبەجێكردنی سزاكان، كە بە چەردەی دووەمی سزاكان دادەنرێت لەدوای كشانەوەی تاكلایەنەی واشنتۆن لەڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، ڕایگەیاند" ئێران هەڵوێستی هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە لە یادناكات كە پشتیوانی ڕەفتارەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل یان كردووە". (لاریجانی) لەو لێدوانەیدا كە لەبارەگای پەرلەمانی ئێران پێشكەشیكرد، تەئكیدكردووە" ئێرانیەكان بۆ (دوناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای دەسەلمێنن كە ملكەچ ناكرێن". "لەكۆتایدا سەردەكەوین" دوێنێش، (عەلی خامنەیی) ڕابەڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەمیانی دیدارێكدا لەگەڵ خوێندكاران بەبۆنەی چونە ناوەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا ڕێكیخستبوو، كە ئەمڕۆ یەك شەممە ساڵیادیەتی، ڕایگەیاند" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نزیكەی (40) شەڕێكی سەربازی و ئابوری و میدیایی دژ بەئێران دەگێڕێت، ئەنجامەكەشی لەبەرژوەندی تاران بووە لەكۆتایدا" . (خامەنەیی) ئاماژەی بەوەداوە" ئامانج لەسزا ئابورییەكانی ئەمریكا كە بەسەر ئێراندا دەیسەپێنێت، وێرانكردنی ئابوری و پاشەكشێ پێكردنی وڵاتە، لەكاتێكدا ئەوەی لەڕاستیدا ڕوویدا، جوڵەكردنە بەشێوەیەكی خێراتر لەلایەن تارانەوە بەرەو "تێراخۆ" و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی. تاران چاوی لەبەڵێنەكانی خۆرئاوایە دوای پەیوەندییەكانی (محەمەد جەواد زەریف) وەزیری دەرەوەی ئێران بە بەرپرسانی ئەوروپا بۆ تاتوێكردنی پرسی پێویستی پاراستنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە و ئەو گەرەنتیانەی پێویستە لەسەر وڵاتانی خۆرئاوا بیدەن بە بۆ پابەندبونی (تاران) بە بەڵێنە ئەتۆمییەكانی، ڕۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەیاننامەیەكی درێژی بڵاوكردەوەو تیایدا چەردەی دووەمی سزاكانی ئەمریكای ئیدانە كرد. لەبەشێكی بەیاننامەكەدا هاتبو" سەپاندنی جارێكی تری سزاكان شكستێكی ئەخلاقی و سیاسی گەورەی ئیدارەی دەسەڵاتداری ئەمریكا دەگەیەنێت و دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگەنادەن ترەمپ و ئیدارەكەی ئامانجە ناشەمروعەكانیان بەدیبهێنن". دوای شەش مانگ لەكشانەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ (ئێران) و گێڕانەوە چەردەی یەكەمی سزاكان بۆ سەر (تاران) لەمانگی ئابی ڕابردودا، بڕیارە سبەی(5)تشرینی دووەم چەردەی دووەمی سزاكان بچێتە بواری جێبەجیكردنەوە، كە كەرتی و وزە و دارایی كردۆتە ئامانج. بەپێی سزاكان ڕێگە بەهیچ دەوڵەت و قەوارەو كۆمپانیایەكی بیانی نادرێت بچێتە بازاڕەكانی ئەمریكا، ئەگەر بەردەوامبێت لەكڕینی نەوتی (ئێران) یاخود مامەڵە لەگەڵ بانكەكانی ئەووڵاتەدا بكات، جگە لەو 8 وڵاتەی كە ئەمریكا لێخۆشبونی مەرجداری بۆ كردون بەشێوەیەكی كاتی. ڕوسیا بەردەوامدەبێت لەهاوكاریكردنی ئێران (ئەلكسەندەر نوڤاك) وەزیری وزەی ڕوسیا بەڕۆژنامەی (فاینەنشاڵ تایمز)ی وتووە" مۆسكۆ چاوی لەپێشخستنی بازرگاكانیەكانێتی بەنەوتی ئێران كە بە وڵاتانی تری دەفرۆشێت بەپێی ڕێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە شتومەك لەگەڵ تاران". وەزیری وزەی ڕوسیا تەئكیدی كردووە" ئەو بازرگانیە هەفتەی داهاتوش بەردەوامبێت" وەك تەحەدایەك بۆ سزاكانی (واشنتۆن) و پابەندنەبونی (مۆسكۆ) پێوەی. ئەوە لەكاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی (ئەمریكا)، (ڕوسیا)یان، لە ئەگەری هاوكاریكردنی (ئێران) لەفرۆشتنی نەوتەكەی ئاگاداركردەوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت وەزیرەكانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهەمان پلەو موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتاران خانەنشین دەبنو ئەوانیش شەش موچە پێكەوە وەردەگرن لەگەڵ دوو پاسەوان و ئۆتۆمبیلێك. 33 وەزیر كۆی وەزیرەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆك وەزیرانیشەوە بەپێی سایتی فەرمی حكومەت (23) كەسن، لەگەڵ سەرۆكی (10) دەستەو فەرمانگەی سەربە حكومەت كە پلەی وەزیریان هەیە، واتە بەكۆی گشتی (33) كەس لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بە پلەی وزیر خانەنشین دەبن. موچەی وەزیر چەندە؟ كۆی موچەو دەرماڵەی هەر وەزیرێك پێش خانەنشینبوون (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، ئەمە جگە لەو نەسریەی كە لەبەردەستیدایە. خانەنشینی وەزیرەكان هەر وەزیرێك بە بڕی (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، كۆی گشتی پارەی خانەنشینی یەك مانگی وەزیرەكان (214 ملیۆنو 500 هەزار) دینار لە داهاتی گشتی دەبات. وەزیرەكانیش هاوشێوەی پەرلەمانتارو فەرمانبەرانی ئاسایی بەپێی یاسا دوای خانەنشینبوون موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرن، موچەی شەش مانگی خانەنشینی هەر وەزیرێك (49 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، كۆی ئەو شەش موچەیەی كە وەزیرەكان دوای خانەنشینبوون وەریدەگرن (ملیارێكو 623 ملیۆنو 600 هەزار) دینار لە داهاتی گشتی دەبات. ئەگەرچی چاوەڕەوان دەكرێت بەشیك لە وەزیرەكانی كابینەی هەشت جارێكی تر لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نۆدا بمێننەوە، بەڵام (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بە گریمانە هەموویان ئەژمار كردووە. پشكی حزبەكان لە كابینەی هەشتەمدا • پارتی دیموكراتی كوردستان- 13 وەزیرو پلەی وەزیرو سەرۆك وەزیران • یەكێتی نیشتمانی كوردستان- 7 وەزیرو پلەی وەزیر • بزوتنەوەی گۆڕان- 5 وەزیر و پلەی وەزیر • یەكگرتووی ئیسلامی- 4 وەزیرو پلەی وەزیر • كۆمەڵی ئیسلامی- 3 وەزیرو پلەی وەزیر • شیوعی- 1 بە پلەی وەزیر پێكهاتەی كابینەی هەشتەم كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 18/6/2014 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە متمانەی پێدرا، كابینەكە لەم كەسانە پێكهاتووە. • سەرۆك وەزیران- نێچیرڤان ئیدریس بارزانی • جێگری سەرۆك وەزیران- قوباد تاڵەبانی • وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو- عەبدولسەتار مەجید • وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان- خالید عەبدولڕەحمان ئەحمەد • وەزارەتی پەروەردە- پشتیوان سادق عەبدوڵا • وەزارەتی كارەبا- سەڵاحەددین بابەكر محەمەد • وەزارەتی ئەوقافو كاروباری ئایینی- كەمال موسلیم سەعید • وەزارەتی داراییو ئابووری- رێباز محەمەد عبدالله محەمەد • وەزارەتی تەندروستی- رێكەوت حەمە ڕەشید كەریم محەمەد • وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی- یوسف سەمەد لوتفوللا (یوسف گۆران) • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن- دەرباز كۆسرەت رەسوڵ • وەزارەتی داد- سینان عەبدولخالق ئەحمەد چەلەبی • وەزارەتی ناوخۆ- عبدالكریم سوڵتان عەبدوڵا (كەریم سنجاری) • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی- محەممەد قادر هاودیانی • وەزارەتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوان- مەحمود ساڵح حەمە كەریم • وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار- نەورۆز مەولوود محەمەد • وەزارەتی سامانە سروشتییەكان - عەبدوڵا عەبدولڕەحمان (ئاشتی هەورامی) • وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە- مستەفا قادر (مستەفای سەید قادر) • وەزارەتی پلاندانان- عەلی عوسمان حاجی بەدری سندی • وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی- ساماڵ سەردار مەحمود • وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن- جونسون سیاوش ئەیۆ • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان- مەولود موراد محیەدین (مەولود باوە موراد) • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە- عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم • سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم- فواد حوسین • فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە- فەلاح مستەفا • فەرمانگەی میدیاو زانیاری/ وتەبێژی حكومەت- سەفین دزەیی • سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران- نێچیرڤان ئەحمەد • سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران- ئامانج رەحیم • دەستەی وەبەرهێنان- رێبوار خەلیل • فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون- نوری عوسمان • دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم- نەسرەددین سەعید سندی • ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان- پەخشان زەنگەنە • دەزگای گشتی كاروباری مین- سیراج جیهاد كورتەیەكی مێژوویی لەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو كابینەی هەشتەم كە چەند رۆژی داهاتوو وادەكەی تەواو دەبێت بەپێی زانیاریەكان: • 461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون • هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە • كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە • 163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر • 506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون • 44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیرو 260 بەرێوەبەری گشتیو 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراونو لەو پلەش نەبوون
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود جموجۆڵەكان لەناو پەرلەمانی عێراق بۆ سەر لە نوێ هەڵدانەوەی دۆسیەی كەوتنی (موسڵ) دەستیپێكردووە، كە لەناوەڕاستی 2014دا كەوتە دەست "ڕێكخراوی داعش"، "دواكەوتنی ئەودۆسیەیە بەدرێژایی چەندساڵی ڕابردوو بەهۆی تێوەگلانی كەسایەتی دیارەوە بووە لەو تاوانە" ئەمە قسەی هەندێك پەرلەمانتارە، لەكاتێكدا هەندێك لە سیاسیەكان هۆشداری دەدەن لەبونی جوڵەیەكی ترسناكی ئەندامانی "ڕێكخراوی داعش" لەنزیك شاری موسڵ كە ڕەنگە ببێتە هۆی دوبارەبونەوەی سیناریۆی ساڵی 2014. سەرچاوەیەك لەپەرلەمانی عێراق تەئكیدكردووە" ماوەی چەند ڕۆژێكە ژمارەیەك پەرلەمانتار دەستیانكردووە بەكۆكردنەوەی ئیمزا و پێشكەشكردنی بەسەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ سەر لەنوێ كردنەوەی دۆسیەی كەوتنی موسڵ بەدەستی "داعش" . سەدر دەیەوێت مالیكی بداتە دادگا سەرچاوەكە بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە" پەرلەمانتارەكان داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانی تایبەت بەو پرسە دەكەن، كە كارەكانی لەماوەیەكی دیاریكراودا بەئەنجام بگەیەنێت" ئاماژەی بەوەشداوە"پەرلەمانتارەكان بەرپرسیارێتیەكە دەخەنە ئەستۆی ئەو سەركردە سیاسی و سەربازییانەی كە لە ساڵی 2104 لەدەسەڵاتدابوون، لەسەرو هەمووشیانەوە (نوری مالیكی) فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان". یەكێك لەو داواكارییانەی ئەو پەرلەمانتارانە بەنیازن پێشنیازی بكەن" ڕێگەگرتنە لە گەشتكردنی هەموو ئەوانەی ناویان دێت لە دۆسییەی كەوتنی موسڵدا". بەپێی ئەوزانیارییانەی "درەومیدیا" دەستیكەوتووە، لیستی (سائیرون) كە (موقتەدا سەدر) ڕابەری ڕەوتی سەدر سەرۆكایەتی دەكات و بەدوژمنێكی سەرسەختی (نوری مالیكی) ناسراوە، سەرپەرشتی ئەو جموجۆڵە دەكات و لەخولی پێشوی پەرلەمانی عێراقیشدا هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ لێپێچینەوە لە(مالیكی) لەسەر دۆسیەی كەوتنی موسڵ، بەڵام هەوڵەكانی شكستیهێنا. (ستار ئەلعتابی) پەرلەمانتار لەهاوپەیمانی (سائیرون) لەبەیاننامەیەكدا دەڵێت" ئەنجومەنی نوێنەران لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر دەكات لەدۆسیەی كەوتنی موسڵ، لەپێناو لێپرسینەوە لەكەمتەرخەمەكان بەپێی یاسا". ڕاشیگەیاندووە"دۆسیەی كەوتنی موسڵ جارێكی دێتەوە بەر باس و كەمتەرخەمەكان دەدرێن بەدادگا و هەندێك لەكەسایەتییە دیارەكان بوونە هۆی پشتگوێخستنی دۆسیەی كەوتنی موسڵ وپەراوێزخستنی بۆ ماوەی چەندین ساڵ، وەك ئاماژەیەك بۆ (نوری مالیكی) و ژماریەك لەسەركردە سیاسی و ئەمنیەكانی نزیك لە ناوبراو. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە" هاوپەیمانی سائیرون دۆسیەی كەوتنی موسڵ و دۆسیەی گەندەڵی دەكاتە ئەولەویەتی كارەكانی لەپەرلەمان و كارە دەكات بۆ بەدادگای گەیاندنی ئەوانەی تێوەگلاون بەبێ جیاوازی، بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن". شەڕی پۆستە نەك كەوتنی موسڵ (سەعد مەتڵەبی) سەركردە لە (دەوڵەتی یاسا) بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە" وروژاندنی دۆسیەی موسڵ لەم كاتەدا هەولێكە بۆ بە ئامانجگرتنی (مالیكی) كە هاوكاتە لە گەڵ دەنگۆی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار" تەئكیدیشی كردووە" ئەوەی قسەی لەبارەوە دەكرێت زیاتر پەیوەستە بەپۆست وەك لەوەی پەیوەندی بە دۆسیەی كەوتنی موسڵەوە هەبێت". وتوشەیەتی" ئەوەی پەیوەستە بەوكەوتنی موسڵ، لیژنەیەك پێكهێنرا و ڕاپۆرتێكی لەبارەی كەوتنی شارەكە نوسی، هەندێك لەوانەی تێوەگلابون درانە دادگا و هەندێك لەئەفسەرەكانیش بەشێوەیەكی غیابی فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەركرا". هەر لەو باسەدا (دڵدار زێباری) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای (نەینەوا) ڕایگەیاندووە" هۆكارگەلێك لەپشت كەوتنی موسڵەوە بوون لەساڵی 2014دا، لەنێوانیاندا ناكۆكییە سیاسیەكان و بەربڵاوی گەندەڵی لەدەزگاكانی دەوڵەت" (زێباری) بەهەمان سەرچاوەی وتووە" هەندێك لەهێزە سیاسیەكان پێشتر و ئێستاش چارەنوسی موسڵیان بەدەستەوەیە و هەموو شتێك دەكەن لەپێناو بەدیهێنانی بەرژوەندییەكانیان". ترس هەیە داعش موسڵ بگرێتەوە ئەم پێشهاتانە لەكاتێكدایە، هەندێك لەسیاسیەكان هۆشداری دەدەن لە ئەگەری دووبارەبونەوەی سیناریۆی كەوتنی (موسڵ)، ئەگەر دۆخی ئەمنیی لەسەر سنوری عێراق_سوریا كۆنتڕۆڵ نەكرێت. (حاكم زاملی) سەرۆكی پێشوی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا داوا لە(عادل عەبدولمەهدی) دەكات" بەدواداچوون بۆ دۆسیەی سنور لەگەڵ سوریا بكات تا ڕوداوی كەوتنی موسڵ دوبارە نەبێتەوە، هاوكات دواشی كردووە" لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنرێت لەسەركردەو ئەفسەرو پسپۆڕانی بواری ئەمنیی بۆ داڕشتنی پلانێكی ئەمنی و چارەسەكردنی بونی "داعش" لە ناوچەی (ئەلبوكەمال)ی هاوسنوری عێراق"، ئاماژەی بەبونی جوڵەیەكی مەترسیداری ئەندامەكانی "ڕێكخراوی داعش" داوە لەناوچەكانی باشوری خۆرئاوای موسڵ، ئاماژەی بەوەشداوە: ئەوەی لەو ناوچانەی دەگوزەرێت هاوشێوەی ئەو ڕوداوانەیە كە ڕێگەی خۆشكرد بۆ كەوتنی شاری موسڵ بەدەستی داعش لەناوەڕاستی ساڵی 2014دا".
( درەو میدیا): وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزخانەی ئەمریكا بە پێشێلكردنی عورفە دبلۆماسییەكان تۆمەتبار دەكات و دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆیی وڵاتیش ڕەتدەكاتەوە. (ئەحمەد مەحجوب) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبەیاننامەیەكدا، كە وینەیەكی دەست "درەومیدیا" كەوتووە ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتەكەیان بەیاننامەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكای لەبەغداد بەرچاوكەتووە، كە تایبەتە بە "جێبەجێكردنی سزا ئەمریكییە تاكلایەنەكان دژی كۆماری ئیسلامی ئێرانی هاوسێمان". دەشڵێت"بەشی دووەمی بەیاننامەكە عورفە دبلۆماسییەكان و ڕێزگرتنی سەروەری هاوبەشی وڵاتی وەك بنەمایەكی چەسپاو لەیاسایی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووەو، عێراق دەستوەردان لەكاروبارە ناوخۆییەكانی ڕەتدەكاتەوە، بەتایبەت ئەوپرسانەی پەیوەستن بەچاكسازی ئاسایشی ناوخۆ و دۆخی هێزە ئەمنیەكانی عێراق كە ژێر دەسەڵاتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكاندان". مەحجوب لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا، داوا دەكات باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئەو لێدوانانە بسڕێتەوە كە لە لەگەڵ ڕیسا و عورفە نێودەوڵەكانیاندا یەكناگرنەوەو خۆشیان بەدور بگرن لەدووبارە كردنەوەی لەئایندەدا. چوارشەممەی ڕابردوو، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق لەبەیاننامەكدا ڕایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی شەش ڕۆژ ماوە وەك وادەی كۆتایی سەپاندنی سزاكان، ئەوە شەشەم داواكارییە بۆ ئەوەی رژێمی ئێران تا وەك وڵاتێكی ئاسایی مامەڵە بكات" پێویستە لەسەر رژێمی ئێران ڕێز لەسەروەری حكومەتی عێراق بگرێت، ڕێگەبدات بەداماڵینی چەكی ملیشیا تائیفییەكان و هەڵوەشاندنەوەیان و سەرلەنوێ تێكەڵكردنەوەیان".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەربڕی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دژ بە یاسای چاكسازی لە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران، بەو ناڕەزایەتییە لەبری ئەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران كەمبكەنەوە، بەپێچەوانەوە خانەنشینییەكەیان بۆ زیادیكردن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. رۆژی 30/12/2017 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پرۆژەیاسایەكی بەناوی "چاكسازی لە خانەنشینیو مووچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازانەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان"ی پەسەندكردو رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی كرد. ئەم یاسایە بۆ رێكخستنەوەی موچەی خانەنشینی پلە تایبەتەكان بوو، كە چەند ساڵێك بوو لە شەقام ناڕەزایەتی دروستكردبوو، ناردنی ئەو پرۆژەیاسایە وەكو هەڵدانی "تۆپێكی ئاگرین" بوو لەلایەن حكومەتەوە بۆ ناو پەرلەمان. دوو مەرج ئەو پرۆژەیاسایەی كە حكومەت ناردی بۆ پەرلەمان لەسەر بنەمای یاسای خانەنشینی پلە باڵاكانی عێراق داڕێژرابوو، كە تێیدا دوو مەرجی بنەڕەتی دانرابوو بۆ خانەنشینبوون، كە ئەمانەن: مەرجی یەكەم: تەمەن بەپێی ئەم بنەمایە پلە تایبەتەكان لەناویاندا پەرلەمانتار دەبێت تەمەنی لە (50) ساڵ كەمتر نەبێت، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە. مەرجی دووەم: خزمەت بەپێی بنەمایەكی تری ئەو پرۆژەیەی كە حكومەت بۆ پەرلەمانی ناردبوو، لەپاڵ ئەوەی دەبوو پەرلەمانتار تەمەنی (50) ساڵ بێت، هاوكات دەبوو ماوەی (15) ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت، ئەگەر نا موچەی خانەنشینی نایدەگرتەوە. پرۆژەیاساكە بەوشێوەیە گەیشتە پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنەكان راوبۆچونی جیاوازیان هەبوو، جیاوازییەكان لەسەر سێ ماددە بوون لەناو پرۆژەیاساكەدا، بەڵام چەقی ناكۆكییەكە لە ماددەی (3)دا كۆبوەوە. ماددەی (3) چی دەڵێ؟ ئەم ماددەیە داوای دەكرد یاسای خانەنشینی عێراق بكرێتە بنەما بۆ خانەنشینی پلە تایبەتەكان لە هەرێم، واتە هەر پەرلەمانتار یان پلە باڵایەك كە تەمەنی لە (50) ساڵ كەمتر بێتو ماوەی (15) ساڵ خزمەتی نەبێت، خانەنشین نەكرێت، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ ئەم بنەمایەدا نەبوونو داوایانكرد مەرجی تەمەن بۆ خوار (50) ساڵ كەمبكرێتەوە. پەرلەمان یاساكەی پەسەندكرد رۆژی 28/2ی ئەمساڵ دواجار پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەی كرد بەمەبەستی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای "چاكسازی لە خانەنشینیو مووچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازانەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان". كۆبونەوەكە داخراو بوو، واتە بەشێوەی راستەوخۆ لە میدیاكانەوە پەخشنەكرا، رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوریو كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆو وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەتو سەرۆكی دەستەی دەسپاكیو سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بەشدارییان لە كۆبونەوەكەدا كرد. دوای گفتوگۆیەكی زۆر، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ یاساكەی پەسەندكرد. ڤیدیۆكە بڵاوكرایەوە! چەند رۆژێك دوای پەسەندكردنی یاساكە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرشی توند بۆ سەر پەرلەمانو پەرلەمانتاران دەستیپێكرد، خاڵی سەرەكی هێرشو رەخنەكانیش كورت كرایەوە لەو موچەیەی كە پەرلەمانتار بەپێی یاساكە وەكو خانەنشینی پێی دەدرێت. فشاری زۆری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ژمارەیەك لە پەرلەمانتارو فراكسیۆنەكانی ناچاركرد، رونكردنەوە لەبارەی یاسا پەسەندكراوەكە بڵاوبكەنەوە، هەندێك لە فراكسیۆنەكان بێبەری خۆیان لەو ماددەیە راگەیاند كە مافی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی بەو كەسانە دەدات كە تەمەنیان لە خواروو (50) ساڵییەوەیە، لەبەرامبەر ئەم قسانەدا، جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانو بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان ڤیدیۆی دانیشتنەكەو دانگدانی پەرلەمانتارانیان بڵاوكردەوە. بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆەكەش جارێكی تر كێشەی دروستكردەوە، هەندێك لە فراكسیۆنەكان وتیان ئەوەی بڵاوكراوەتەوە ڤیدیۆی دەنگدانی كۆتاییە لەسەر یاساكە، بەڵام ئەوان لەو بڕگەیەدا كە تایبەت بووە لە موچەی پەرلەمانتاران دەنگیان نەداوە. مەرجی تەمەن چۆن هەموار كرا؟ دوای مشتومڕێكی زۆر لەناو فراكسیۆنەكان، دواجار بەزۆرینەی دەنگ ئەو بڕگەیەی كە تایبەت بوو بە تەمەن لە پرۆژە یاساكە لابراو بەپێی ئەو گۆڕانكارییەی كە كرا، رێگەدرا هەموو پلە باڵایەك لەناویاندا پەرلەمانتاران بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن موچەی خانەنشینی وەربگرن، بەڵام وەرگرتنە موچەكە بەشێوەی هەڕەمەكی نەبوو، بەڵكو بەشێوەیەك دانرا هەر پەرلەمانتارێك بەمجۆرە خانەنشین بكرێت: • رێژەی 25%ی كۆی موچەكەی • رێژەی 2.5%ی كۆی گشتی موچەكەی بۆ هەر ساڵێكی خزمەت • بۆ بڕوانامەكان بەمشێوەیە موچەی خانەنشینی دانرا: رێژەی (1%) كۆی موچەو دەرماڵە بۆ بڕوانامەی ناوەندی، رێژەی (2%) بۆ بڕوانامەی ئامادەیی، رێژەی (4%) بۆ بڕوانامەی دیبلۆم، رێژەی (6%) بۆ بڕوانامەی بەكالۆریۆس، (8%) بۆ بڕوانامەی دیبلۆمی باڵاو ماستەر، (10%) بۆ بڕوانامەی دكتۆرا یاساكە راگیرا كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 4/3/2018 سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەژێر فشاری شەقام كارپێكردنی یاساكەی راگرتو جارێكی تر گەڕاندیەوە بۆ ناو پەرلەمان. جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانو بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گەڕاندنەوەی یاساكەیان بۆ ناو پەرلەمان راگەیاند، ئەمەش پشتئەستور بەو دەسەڵاتانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بەپێی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم دران بە سەرۆكایەتی پەرلەمان، واتە مافی پەسەندكردنی یاساكان دوای دەرچونیان. بەمشێوەیە ئەو یاسایە دوای تێپەڕاندنی قۆناغەكانی جارێكی تر بووەوە بە پرۆژەیاسا لە خولی چوارەمەوە رادەستی خولی پێنجەمی پەرلەمان كرا كە بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو دەستبەكارببێت، دیار نییە لە خولی نوێدا فراكسیۆنەكان چۆن كێشەكانی ناو ئەو یاسایە چارەسەر دەكەن. كێ بەرپرسە؟ بەپێی ئەو یاسایەی كە پەرلەمان پەسەندیكرد، پەرلەمانتارێكی گەنج كە تەمەنی (30) ساڵ بێتو تەنیا خزمەتی چوار ساڵی پەرلەمانی هەبێتو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت، موچەی خانەنشینییەكەی دەبوو بە نزیكەی (3 ملیۆنو 500 هەزار) دینار. بەڵام دوای راگرتنی كاركردن بەو یاسایە، پەرلەمان گەڕایەوە بۆ یاسای هەمواركراوی (خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان) كە بەپێی ئەو یاسایە هەر پەرلەمانتارێك دوای خانەنشینبوون بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجی تەمەنو خزمەت رێژەی (80%)ی كۆی موچەو دەرماڵەكەی پێدەدرێت، واتە هەمان ئەو پەرلەمانتارە گەنجەی كە بەپێی یاساكەی پێشتر موچەی خانەنشینی مانگانەی نزیكەی (3 ملیۆنو 500 هەزار) دینار بوو، بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی كە دروستبوو، لەبری ئەوەی موچەكەی كەمببێتەوە، موچەكەی بۆ دوو هێندە زیادی كرد و بووە (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار. رەنگە هۆكاری سەرەكی ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتییەی لەكاتی پەسەندكردنی یاساكەدا لە شەقامو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستبوو، نەبوونی رێبەرانی ڕا (القادە الرای) ی گونجاو و میدیای بێلایەن بێت كە نەتوانرا وەكو پێویست لێكەوتەكانی راگرتنی كاركردن بەو یاسایەو سودو زیانەكانی بۆ خەڵك روون بكرێتەوە. خەرجی پەرلەمانتاران لە بودجەی گشتی! ئێستاو دوای راگرتنی یاساكەی پپَشتر، هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كە هەفتەی داهاتوو خولەكەی تەواو دەبێت، مانگانە بەبڕی (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار خانەنشین دەبێتو شەش موچەی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت. بەپێی یاسای خانەنشینی، هەر پەرلەمانتارێك كە خولەكەی تەواو دەبێت، خانەنشین دەكرێتو دوای خانەنشینبوون، موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت، ئەمە بۆ هەموو فەرمانبەرێكی ئاسایی دەوڵەتیش بەهەمان شێوەیە. موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان پێش خانەنشینبوون بڕی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە كە دەكاتە (6 هەزارو 800) دۆلار، بە زمانی بازاڕی دراو لە كوردستان واتە (68 گەڵا). دوای تەواوبوونی خولەكەیان، هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەبڕی (80%)ی موچەكانیان خانەنشین دەبێت، كە مانگانە دەكاتە (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار بۆ هەریەكەیان. (13) پەرلەمانتاری خولی چوارەم لە لایەنە سیاسییەكان جارێكی تر هەڵبژێردراونەتەوە بۆ خولی پێنجەم، بەوپێیەش لە خولی چوارەمدا تەنیا (98) پەرلەمانتار موچەی خانەنشینی وەردەگرن. كۆی گشتی موچەی مانگانەی ئەو (98) پەرلەمانتارەی كە خانەنشین دەبن (637 ملیۆن) دینارە. كۆی گشتی موچەی شەش مانگی خانەنشینی كە بەسەریەكەوە بە (98) پەرلەمانتاری خولی چوارەم دەدرێت دەگاتە (4 ملیارو 821 ملیۆنو 600 هەزار) دینار.
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود لەدوو ڕۆژی ڕابردودا و لەپێشهاتێكی تەمومژاوی و بێوێنەدا، هەزاران تۆن سامانی ماسی لەپارێزگای (بابل) كەدەكەوێتە ناوەڕاستی عێراق و خواروی بەغدادی پایتەخت، دووچاری لە"ناوچونی بەكۆمەڵ بوون" دیمەنەكانی ئەو ڕوداوە ڕوبەڕێكی فراوانی تۆڕە كۆمەڵایەتیە عێراقییەكانی داپۆشیوە. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە میدیا عێراقییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراونەتەوە، سەدان هەزار ماسی بەكۆمەڵ لە ناوچون و لەكەناراوەكان سەر ئاو كەوتوون، وێڕای ئەوەی بڕێكی زۆریش كراون بەژێر گڵەوە. لە فوراتەوە پەڕیوەتەوە بۆ دیجلە لەكاتێكدا ئەو پێشهاتە، لەحاڵەتێكی تایبەت بەناوچەیەكەیەوە بەرەو بەدیاردە بوون دەچێت و بۆ پارێزگاكانی باشور دەكشێت، هەندێك سەرچاوە باس لەبوونی "دەستی نادیار" دەكەن، لە لەناوچونی ئەو سامانە نیشتمانیە گرنگە. لە"ناوچونی بەكۆمەڵ"ی سامانی ماسی، سەرەتا لەقەزای (موسەیەب)ی سەربە پارێزگای (دیالە) سەریهەڵداوە و، خاوەنی حەوزەكانی ماسی سەریان سوڕماوە لە لەناوچونی ماسییەكانیان بەشێوەیەكی كتوپڕ، وەك میدیا عێراقییەكان دەڵێن. لەكۆتایی هەفتەی ڕابردودا، پۆلیسی (بابل) هاوردەكردنی ماسی زیند و بەستوی بۆ پارێزگاكە قەدەغەكرد، ئەوەش دوای لەناوچونی ماسیەكی زۆر لەقەزای (موسەیەب)، هاوكات پارێزگاری (موسەننا)ش، تاكاتێكی نادیار هاوردەكردنی ماسی بەستوی بۆ پارێزگاكە ڕاگرت. دوای بڵاوبونەوەی ئەو "نەخۆشیە نادیارە" كە لەڕوباری (فورات) لەپارێزگای (بابل) بڵاوبۆتەوە، گوازراوەتەوە بۆ ڕوباری دیجلە و گەیشتۆتە پارێزگای (واست) و هەمان دیمەن دووبارە بۆتەوە. كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان لێدوانی دژ بەیەك دەدەن وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەكدا ڕەتیكردۆتەوە"دابەزینی ئاستی ئاو هۆكاری لەناوچەنی بەكۆمەڵی ماسییەكان بێت" ڕاشیگەیاندووە" ئاستی ئاو لەو ناوچانەی نەخۆشییەكەی تیادا بڵاوبۆتەوە لەساڵانی ڕابردوو بەرزترە و بەكوالێیتەكی باشتریش بەهۆی بارینی باران و بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لەكاتی گونجاوی خۆیدا". ئەوە لەكاتێكدایە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، بریكاری هونەری وەزارەتی كشتوكاڵ، هۆكاری لەناوچونی ماسی لەڕوباری فورات لەقەزای (موسەیەب) لەباكوری پارێزگای (بابل) بۆ نزمبونەوەی ئاستی ئاو گەڕاندەوە، ڕاشیگەیاند: وێڕایی كێشەی شوێنەكانی بەخێوكردنی ماسی، پاشەڕۆ و خۆراكەكانیشیان لەناو ڕوبارەكە شیبۆتەوەو تێكچووەو ماسییەكانی ژەهراویكردووە. بەوتەی بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ"دیاردەی لەناوچونی ماسی بەو بڕە زۆرە دووەم جارە ڕودەدات، ئەوەش دوای ئەوەی جاری یەكەم لەناوچەی (جەدید ئەلشەت) لەپارێزگای (دیالە) و لەناوچەی (تارمیە) لەباكوری بەغداد. هاوكات بەرپرسێكی تر لەوەزارەتی كشتوكاڵ بۆ میدیا عێراقییەكانی ئاشكراكردووە" لێكۆڵینەوە زانستیەكانیان دەریدەخات، ماسییەكان بەكۆمەڵ و لەیەك كاتدا دووچاری نەخۆشیەكی گوازراوە بوون، كە بەدەگمەن ماسی لەعێراق توشی ئەو نەخۆشییە دەبێت بەتایبەت لەم وەرزەدا. پۆلیس و سیاسیەكان گومانیان هەیە پۆلیسی عێراق گومانی هەیە ئەو ڕوداوە تاوانكاری بێت، هەندێك لەبەخێوكەرانی ماسی لەلێكۆڵینەوەكاندا باسیان لەوە كردووە كە ڕوبەڕوی "ئیبتیزار" بونەتەوە لەپێناوی پێدانی "سەرانە" و دوای ئەوەی زۆرێكیان ڕەتیانكردۆتەوە دووچاری ئەو "كارەسات"ە، بوون. بەشێك لەخاوەنی حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی ئاماژە بە لەناوچونی سەدان تۆن لەماسیەكانیان دەكەن بەهۆكارێك كەتائێستا نازانن چییە، هەندێكیان ماسییە لەناوچوەكانیان كردووە بەژێر گڵەوە تا نەخۆشیەكە بڵاونەبێتەوە، هەندێكی تریشیان لەئاوەكان بەجێیانهێشتون، بەوتەی هەندێك سەرچاوەش" هەندێكی تر لەخاوەن حەوزەكان هەوڵیانداوە، دوای كۆكردنەوەیان لەئامێری ساردكەرەوەی تایبەت، لەبازاڕەكان بیانفرۆشن". (خەڵەف عەبدولسەمەد)سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی یاسا لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانیكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت" مەترسی هەبونی دەستی نادیار هەیە كە ئابوری عێراقی كردۆتە ئامانج و خۆی لە سامانی ماسیدا دەبینێتەوە، كە پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە لەڕووی پڕكردنی بازاڕی ناوخۆیی بەماسی". مەترسی ئەوەشی نەشاردۆتەوە كاریگەری خراپ لەسەر تەندروسی هاوڵاتیان دانێت لەڕێی خواردنی ئەو ماسییانە و داواشی لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە پشكنینی پێویست ئەنجامبدەن و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرابكەن.