دوای 25 ساڵ.. ئەردۆغان ئەنكەرەو ئیستانبوڵی لەدەستدا
2019-04-01 15:42:07
( درەو میدیا):
دەوترێت:" ئەو حزبەی ئیستانبوڵ بباتەوە، هەموو توركیا دەباتەوە"، بەردەوام ئەم وتەیە لەگەڵ ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەدا هاتوەتەوە كە لە توركیا ئەنجامدراون، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەكان جەختیكردەوە ئەوەی ئیستانبوڵ لەدەست بدات، هەموو توركیا لەدەست دەدات، ئەو لێدوانەی ئەردۆغانیش بەشێكی سەرەكی هاتەدی دی و پارتەكەی لە هەڵبژاردنی شاروەوانیەكاندا دوای 25 ساڵ هەردوو سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنكەرەی پایتەختی ئیداریو ئیستانبوڵی پایتەختی ئابوریو رۆشنبیری لەدەستدا.
بە گوێرەی ئەنجامە رەسمییەكان، مەنسور یاڤاش، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە" لە ئەنكەرەی پایتەخت سەركەوتنی بەدەستهێناوەو محەمەد ئۆزحەسكی، كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان " ئاكەپە" لەو شارەدا لە پلەی دووەمدایە.
لە وتەیەكیدا بەبۆنەی بردنەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنكەرەی پایتەختەوە مەنسور یاڤاش رایگەیاند:" بەڵێ هەریەك لە ئۆزحەسكیو سیاسەتە پیسەكانی دۆڕان".
ساڵی 1994 مەلیح جۆكشاك كە پەرلەمانتاری پارتی رەفای ئیسلامی بوو، بە جیاوازی 6 هەزار 500 دەنگ بە سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنكەرە هەڵبژێدرا، ساڵی 1999 جۆكشام جارێكی تر بە سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرە هەڵبژێدرایەوە و لە ساڵی 2001یشدا چووە ریزی پارتی دادوگەشەپێدان و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە ساڵەكانی 2004و 2009و 2011 بە سەرۆكی شارەوانی ئەنكەر هەڵبژێدرایەوە، بەڵام رۆژی 28ی تشرینی یەكەمی 2017 بە داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و پۆستی سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرە رادەستی مستەفا تونە سەرۆكی شاروانی سنجان كرا.
لە هەڵبژاردنی 31ی ئازاردا محەمەد ئۆزحەسكی كاندیدەی ئاكەپە بوو بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنكەرە، بەڵام بەرامبەر مەنسور یاڤاش كاندیدی جەهەپە شكستیهێناو جەهەپ دوای 25 ساڵ توانی سەرۆكایەتی شارەوانی پایتەخت بەدەستبهێنێتەوە.
شارەوانی ئیستانبوڵ
پێش راگەیاندنی ئەنجامی رەسمی هەڵبژاردنەكان، بن عەلی یەڵدرم كاندیدی ئاكەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ سەركەوتنی خۆی راگەیاند، بەڵام جەهەپە رەتیكردەوەو جەختیكردەوە كە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ كاندیدی جەهەپە سەركەوتنی بەدەستهێناوە.
پاشان سەعدی گوڤەن، سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا كۆتایی بە مشتومڕی ئاكەپەو جەهەپە هێناو رایگەیاند كاندیدی جەهەپە زۆرینەی دەنگەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵی بەدەستهێناوە.
بە گوێرەی ئاستی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا كاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ 48.80%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوەو كاندیدی ئاكەپە 48.48%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.
پێشتریش و چەند هەفتەیەك پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، زۆرینەی ئەنجامی راپرسییەكان پێشبینی ئەوەیان كردبوو كە ئاكەپە سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵو ئەنكەرە لەدەستدەدات.