(درەو): دوركەوتنەوەی كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور لە گۆڕەپانی سیاسی وڵاتەكەی، بەمدواییە گومانی لەسەر دۆخی تەندورستی ئەو لە میدیاكانی خۆرئاوا دروستكردووە. ئەوەی زیاتر وایكرد گومان لەسەر دۆخی تەندروستی كیم جۆنگ ئون بكرێت، بەشدارنەبوونی رێبەر كیم بوو لە مەراسیمی ساڵانەی یادی لەدایكبونی (كیم ئیل سۆنگ)ی باپیرەی لە رۆژی 15ی ئەم مانگەدا، باپیرە كیم ئیل سۆنگ دامەزرێنەری دەوڵەتی كۆریای باكورە. دواینجار كە میدیای فەرمی كۆریای باكور باسی شوێنی رێبەر كیم جۆن ئون-ی كرد، رۆژی 11ی ئەم مانگە بوو، كاتێك رایگەیاند، رێبەر سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی كردووە. بەیانی ئەمڕۆش رادیۆی فەرمی كۆریای باكور رایگەیاند، رێبەر كیم سوپاسی كرێكارانو كارمەندانی كۆریای كردووە، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە باسیان لەوەدەكرد كیم جۆنگ ئون نەخۆشەو كۆچی دوایی كردووە. سایتی (یو ئێس نیوز)ی ئەمریكیی هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی كەسایەتی سەرۆكی كۆریای باكور بڵاوكردەوەو كە زانیارییەكان بۆ زۆركەس نوێن: • هەندێك قسەوباسی جیاواز هەن لەبارەی تەمەنی كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور، ساڵی 2016 وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا تەمەنی كیم جۆن ئون بە رۆژی (8ی یەنایەری ساڵی 1984) دیاریكرد، بەڵام هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژە بە هەمان رۆژ دەكەن بەڵام لە ساڵی 1983دا. • كیم كوڕی كیم جۆن ئیل سەرۆكی پێشووی كۆریای باكورەو باوكی لە ساڵی 1994وە حوكمی وڵاتی كردووە تاوەكو كۆچی دوایی لە ساڵی 2011دا، دایكی كیم ناوی (كو یونگ هوی)یە. • كیم جۆنگ ئیل باوك (7) منداڵی هەبووە، (3 كچو 3 كوڕ)، كیم جۆنگ ئون سەرۆكی ئێستای كۆریا كوڕی سێیەمو منداڵترین كوڕی كیم جۆنگ ئیل بووە لە خاتوو (كو یۆنگ هوی). • كیم جۆنگ نام زڕبرای كیم جۆنگ ئونو كوڕە گەورەی كیم جۆن ئیل-ی باوك بوو، بەهۆی ئەوەی كوڕە گەورە بوو، چانسی لە دوو كوڕەكەی تر زیاتر بوو بۆ ئەوەی لەدوای مردنی باوكی ببێت بە سەرۆكی كۆریای باكور، بەڵام دوای ئەوەی راپۆرت بڵاوبووەوە لەبارەی ئەوەی ساڵی 2001 ویستویەتی سەردانی "دیزنی لاند" بكاتو لە ژاپۆن بەتۆمەتی هەڵگرتنی پاسپۆرتی ساختەوە دەستگیركراوە، چانسی ئەوەی لەدەستدا ببێت بە سەرۆك. • رۆژی 13ی شوباتی ساڵی 2017، كیم جۆن نام-ی براگەورە لە فڕۆكەخانەی كوالا لامپور لە مالیزیا لەڕێگەی ژەهراویكردنەوە تیرۆركرا، تۆمەتی تیرۆركردنەكەی ئاڕاستەی كیم جۆن ئونی برا بچوكو سەرۆكی كۆریای باكور كرا. • كیم جۆنگ ئون ساڵی 1998 پەیوەندی بە خوێندنگەیەكی حكومییەوە كردووە لە شاری بێرن-ی سویسرا، ئەوكات هەرزەكاربووەو ماوەی دوو ساڵ لەو قوتابخانەیە خوێندویەتی، راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن كیم جۆن ئون لەژێر ناوێكی خوازراودا لەو خوێندنگەیە خوێندویەتیو ناوی "باك ئون" بووە. • بەپێی هەندێك راپۆرتەكان كیم جۆنگ ئون بەر لەوەی پەیوەندی بەو خوێندنگەیەشەوە بكات لە سویسرا ژیاوە، بەڵام ئەم راپۆرتانە تائێستا پشتڕاست نەكراونەتەوە، باسلەوەدەكرێت كاتێك تەمەنی گەیشتووەتە (17 ساڵ) بەشێوەیەكی كتوپڕ خوێندنگەكەی جێهێشتووەو گەڕاوەتەوە بۆ پیۆنگ یانگ. • لەوكاتانەدا كە لە خوێندنگەكەی سویسرا بووە، كیم جۆنگ ئون لە وانەكانی زانستی سروشتیدا ئەنجامەكانی باش نەبووە، بەڵام نمرەی باشی لە بوارەكانی مۆسیقاو خوێندنی تەكنەلۆژیدا بەدەستهێناوە. • دەوترێت ئەو زۆر حەزی لە پەنیرو جگەرەكێشانە، ئەمە بووە بەهۆی ئەوەی كێشی زیاتر ببێتو دوچاری كێشەی تەندروستی ببێتەوە. • ئارەزومەندی باسكەی ئەمریكییە، كاتێك منداڵ بووە یەكێك بووە لەوانەی سەرسام بووە بە مایكڵ جۆردن، پەیوەندی هاوڕێیەتیشی لەگەڵ دینیس رۆدمان یاریزانی پیشەگەری پێشووی باسكەی ئەمریكادا هەیەو رۆدمان لە چەند بۆنەیەكدا سەردانی كۆریای باكوری كردووەو كیم جۆنگ ئونی بینیوە. • كیم جۆنگ ئون دوو بڕوانامەی زانكۆی هەیە، یەكێكیان لە بواری فیزیا لە زانكۆی كیم ئیل سۆنگ، ئەوی تر وەكو ئەفسەر لە سوپاو لە كۆلیژی كیم ئیل سۆنگ-ی سەربازی. • كیم جۆنگ ئون ساڵی 2009 هاوسەرگیری لەگەڵ (ری سۆڵ جو)كردووەو لە ساڵی 2012وە بوون بە خاوەنی كوڕێك بەناوی (جون ئی). • بەپێی راپۆرتەكان لە ساڵی 2011وە كە دەسەڵاتی گرتوەتەدەست، كیم جۆنگ ئون زیاتر لە (300) كەسی گوللەباران كردووە، لەناو ئەمانەدا زیاتر لە (140) كەسیان گەورە بەرپرسانی وڵات بوون، ساڵی 2013 (جانگ سۆنگ سایك)ی مامی خۆی دەستگیركردو بەتۆمەتی خیانەت، كوشتی.
مههدی ئهبوبهكر - مامۆستا له كۆلیژی زانسته سیاسییهكانی زانكۆی سلێمانیی " پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دورخستنەوەی هەموو گومانەكان، بە ژمارەو داتا، بەرهەم و هەناردەكردنی نەوت بە شێوەیەكی شەفاش بخاتەڕوو، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، شكستی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووریی، و فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوت، بە شێوەی كردارەكی بۆ حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان، دەركەوت، بۆیە رادەستكردنی (هەموو یان بەشێك) لە نەوتی كوردستان بە كۆمپانیای سۆمۆ، بووە بە دیفاكتۆو چیدی حكومەتی هەرێم ناتوانرێت خۆی لێبدزێتەوە" ئەمە بەشێكە لە پرۆژەی مەهدی ئەبوبەكر مامۆستای زانستە سیاسیەكانی زانكۆی سلێمانیە ئەو مامۆستا لە پرۆژەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە "پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئێراق، بگەن بە ئەو بڕوایەی ناوچە كێشە لە سەرەكان، كێشەیەكی سیاسییە نەك كێشەیەكی دەستوریی و یاسایی". سەبارەت بە كێشەی پێشمەرگە مەهدی ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەكردووە" تەتەڵەكردنی هێزی پێشمەرگە لە كەسانی بندیوارو زیادەكان، تا لە رووی چەندایەتییەوە لەگەڵ رێژەی دانیشتوانی هەرێم بگونجێت، بەجۆرێك هەر ملیۆنێك لە دانیشتوان (10) هەزار پێشمەرگەی بەربكەوێت، یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە چوارچێوەی لەشكرێكی كوردستانیی رێكخراویی یاساییدا" دەقی پرۆژەكە دهستپێك ههرێمی كوردستان، به گوێرهی (بڕگهی یهكهم له ماددهی 117) - ی دهستوری ههمیشهیی ئێراق، ههرێمێكی فیدرالیی، وابهستهی دهوڵهتی ئێراقی فیدراله. وێڕای ئهوهی؛ بڕگهو ماددهكانی دهستور، دهسهڵاتهكانی حكومهتی فیدرالی و ههرێمهكانی، به روونی دیاریكردووه، كهچی پهیوهندییهكانی نێوان ههرێمی كوردستان كه شاری ههولێر پایتهختی حكومهتهكهیهتی، لهگهڵ دهوڵهتی ئێراق و حكومهته فیدرالییهكهی بهغدا، له بارهی پیادهكردنی دهسهڵاتهوه له تهنگژهیهكی بهردهوامدایه. له دوو ساڵی بهرێدا، تهنگژهو كێشمهكێشهكان، گهیشتن به ئاستێكی هێنده توند، كارگهیشت بهوهی له ئهیلولی 2017، ههرێمی كوردستان، له پرۆسهیهكی راپرسیی رهسمیی، دانپێدانهنراودا، كه دواتر لهژێر گوشاری دهوڵهتی ئێراق و كۆمهڵگهی نێودهوڵهتییدا، كاركردن به ئهنجامهكانی بۆ كاتێكی نادیار ههڵپهسێردرا، بڕیاری جودابوونهوهی ههرێمهكهی له ئێراق راگهیاند. به گشتیی؛ پهیوهندییهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و دهوڵهتی ئێراق، له دوای ساڵی (2005) – هوه، ههرگیز لهسهرزهمینێكی تهخت بهڕێوه نهچووه، ههردوولا ههمیشه ههورازو نشێوهكانیان بۆ مهیدانی پهیوهندییهكانیان ههڵبژاردووه. سهرهڕای ئهوهی دهستور، رێوشوێنی گونجاوی بۆ رێكخستنی پهیوندیی نێوان ههرێمهكان و حكومهتی فیدرالیی داناوه، لێ كێشهی بودجه وداهات، مهسهلهی ناوچه كێشه لهسهرهكان، پێشمهرگه، دهسهڵاتی فرۆشتنی نهوت و گاز، له ماوهی (15) ساڵی رابردوودا، ئاڵۆزترین كێشهكانی نێوان ههولێرو بهغدا بوون و بێچارهسهر ماونهتهوه. یهكهم/ رهوشی ههنوكهیی رهوشی ههنوكهیی پهیوهندییهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و دهوڵهتی ئێراق، له ئاڵۆزییهكی توندی بێدهنگ دایه، زۆربهی دۆسییهكان، به ههڵپهسێردراوی ماونهتهوه یاخود رێگهی چارهسهركردنیان گهیشتووه به كۆڵانێكی داخراو. ناوچه كێشه لهسهرهكان ناوچه كێشه لهسهرهكان، ناوچهیهكی بهرفراوان دهگرێتهوه، كۆمهڵێك شاری گرنگ و ستراتیژیی له خۆدهگرێت، دیارترینیان شاری كهركوكه (270 كم، باكوری بهغدا). ئهو ناوچانه له (ماددهی 140)- ی دهستوردا رێگهچارهسهریان به سێ قۆناغ بۆ دیاریكراوهو پێویست بوو؛ له مانگی (كانونی یهكهمی 2007) دا ههرسێ قۆناغهكه كۆتاییان بێت و چارهنوسیی ئهو ناوچانه یهكلایی ببێتهوه، بهڵام دوای دوانزه ساڵ، هێشتا چارهنوسیی ئهو ناوچانه به چارهسهر نهكراویی ماوهتهوه. له بارهی كێشهی ناوچه كێشه لهسهرهكان، ههرێمی كوردستان، حكومهتی فیدرالیی بهغدا، به كهمتهرخهم دهزانێت. ههرێمی كوردستان، بهغدا بهوه تۆمهتبار دهكات؛ بودجهی پێویست بۆ جێبهجێكردنی (ماددهی 140) دابین ناكات، و لهمپهر له بهردهم ئاسایكردنهوهی ئهو ناوچانهدا دادهنێت، و رێگه بۆ بهردهوامبوونی سیاسهتی تهعریب و گۆڕینی باری دیمۆگرافیای ئهو ناوچانه خۆشدهكات. لهدوای ساڵی (2007) – هوه خودی (ماددهی 140) بوو به كێشهیهكی دهستوری، چونكه لایهنی حكومهتی فیدرالیی بانگهشهی بهسهرچوونی ماددهكهی دهكرد، ههرێمی كوردستانیش پیداگیریی لهسهر بهردهوامبوونی دهكرد، تا دواجار له مانگی (تهمموزی 2019) دادگای باڵای فیدرالی له بڕیارێكدا؛ بهردهوامبوونی ئهو ماددهیهی رایگهیاند. له ساڵانی رابردوودا، ئهو ههوڵانهی بۆ چارهسهركردنی ناوچه كێشه لهسهرهكان، دراون، ههوڵی گهورهو كردارهكی نهبوون، بهڵكو زۆربهیان چوارچێوهی (قۆناغی قهرهبووكردنهوه) – یان تێنهپهڕاندووه. لهوهدا ههرێمی كوردستانیش كهمتهرخهمی گهورهی دهكهوێته ئهستۆ، چونكه رێگاكانی گوشاركردنی بۆ جێبهجێكردنی (ماددهی 140) نهگرتۆتهبهر، زۆرینهی گلهیی و گازهندهكانی تهنیا له رووی میدیاییهوه بووه، و نه پهڕیوهتهوه بۆ ئاستی سیاسیی و دیپلۆماسیی. دهتوانین ئاماژه بهوه بدهین؛ ههردوو سهرۆككوهزیرانی پێشوو، نێچیرڤان بهرزانیی و نوری مالكیی له ساڵی (2013) رێككهوتننامهیهكیان ئیمزا كرد كه به (رێككهوتننامهی حهوت خاڵیی) ناسراوه، ئهو رێككهوتننامهیه كه دواجار ههردوولایان خۆیان له جێبهجێكردنی دزییهوه، دوو خاڵیان تایبهتن به ناوچه كێشه لهسهرهكان و چارهسهركردنی دۆخی ئهو ناوچانه له رووی تهناهیی و كارگێڕییهوه. كێشهی پێشمهرگه بابهتی پێشمهرگه، یهكێكه له كێشه ههمیشهییهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و دهوڵهتی ئێراق، بهگوێرهی (بڕگهی پێنجهم له ماددهی 121) – ی دهستور، ههرێمهكان؛ مافی دروستكردنی هێزی پۆلیس، ئاسایش و پاسهوانی ههرێم – یان ههیه. ههرێمی كوردستان گهرهكێتی له چوارچێوهی ئهو ماددهیهدا، هێزی پێشمهرگه بكات به بهشێك له سیستمی بهرگریی ئێراق، تا مووچه، چهك و تهقهمهنیی بكهوێته ئهستۆی بهغدا، بهڵام حكومهتی فیدرالیی، به پێچهوانهوه دهیهوێت خۆی لهو ئهرك و باره دهرباز بكات. ههرچهنده به یاسای بودجهی ئێراق له ساڵهكانی (2007، 2009، 2011، 2012)، سهرۆككوهزیران پابهند كراوه، تا رێككهوتن لهگهڵ سهرۆكی ههرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچه، چهك و تفاقی هێزی پێشمهرگه بكات، بهڵام ئهو ماددانه ههرگیز جێبهجێنهكراون. ههردوو لایهنی ههرێم و حكومهتی فیدرالیی له ساڵانی رابردوودا، له ههوڵی ئهوهدا بوون؛ (حهفتا ههزار) پێشمهرگه له چوارچێوهی دوو (فیرقهی سهربازیی) رێكبخنهوه، دیسان ئهو بژاردهیهش شكستیهێناو نهگهیشتن به رێككهوتن، بۆیه تا ئێستا مهسهلهی پێشمهرگه، یهكێكه له بواره كێشه لهسهرهكان و هۆكارێكی كاریگهری خراپببوونی پهیوهندییه رهسمییهكانه. كێشهی نهوت و بودجه كانزای نهوت، سهرچاوهی زۆربهی كێشهكانی ئێراقه، ئهم كانزا به نرخه له بری ئهوهی رۆڵی سهرهكی له پێشخستنی وڵاتدا بگێڕێت، به هۆی خراپی بهڕێوهبردنهوه، بووه به سهرچاوهیهكی سهرهكی كێشهكان زۆروزهوهندهكان، به تایبهتیی كێشهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و بهغدای پایتهخت. سهرهڕای ئهوهی داڕێژهرانی دهستوری ئێراق، له (ماددهی 112) ههوڵیاندانهوه؛ له بنهڕهتهوه چارهسهری كێشهی نهوت بكهن، بهڵام له جێبهجێكردندا، ئهو ماددهیه تهنیا وهكو مهرهكهبی سهركاغهز ماوهتهوهو ههردوو حكومهتی فیدرالیی و ههرێمیی پێوهی پابهند نهبوون. له كۆبوونهوهیهكی پهرلهمانی كوردستاندا له ساڵی (2013) سهرجهم فراكسوێنهكانی پهرلهمان، دهنگیان به سهربهخۆفرۆشتنی نهوتی ههرێمی كوردستان - دا. حكومهتی ههرێمی كوردستان به پشتبهستن به رێگهپێدانی پهرلهمان و به یاسای ژماره (22) ساڵی (2007)، كه به یاسای نهوت و گاز- ی ههرێمی كوردستانی ئێراق ناسراوه، له ساڵی (2014) – هوه، به ئاشكرا دهستی به سهربهخۆفرشتن و ههناردهكردنی نهوت بۆ دهرهوه كرد. له رۆژی (28) مانگی ئایاری ههمانساڵدا، نێچیرڤان بهرزانیی سهرۆكی ئهوسای حكومهتی ههرێم، له كۆبوونهوهیهكدا لهگهڵ دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان گوتی: " بهپێی یاسای پهرلهمانی كوردستان، بڕیاری فرۆشتنی نهوتی ههرێمی كوردستانمان داوه. بهپێی ئهو یاسایه؛ پهرلهمان و خهڵكی ههرێمی كوردستان، سهرجهم حزبه سیاسییهكان پشتگیریی له فرۆشتنی نهوتی ههرێمی كوردستان دهكهن، بۆیه له فرۆشتنی نهوت بهردهوام دهبن. لهگهڵ ئهوهشدا ههرێمی كوردستان، ئامادهیه له پرسی فرۆشتنی نهوتدا؛ كۆمپانیای سۆمۆ ههر له سهرهتای پرۆسهكهوه تا كۆتایی له ههموو ڕوویهكهوه چاودێریی پرۆسهكه بكات، لهگهڵ لایهنی پهیوهنداری حكومهتی ههرێمی كوردستان، لهناو پرۆسهكهدا بێت. بهڵام ههرێمی كوردستان پرۆسهكه رادهستی سۆمۆ ناكات، چونكه خهڵك و حكومهتی ههرێمی كوردستان تازه ههنگاو بهرهو دواوه نانێن". حكومهتی فیدرالیی له بهغدا، له كۆتاییهكانی ساڵی (2015)، به هۆی پابهند نهبوونی حكومهتی ههرێم، به یاسای بودجهو رهتكردنهوهی رادهستكردنی (250 ههزار) بهرمیل به كۆمپانیای سۆمۆ، بڕیاریدا؛ بهشی ههرێمی كوردستانی له بودجهی ئێراق، رابگرێت. به هۆیهوه قهیرانێكی دارایی گهوره له ههرێمی كوردستان سهریههڵدا. حكومهتی فیدرالیی له بهغدا، بۆ رادهستكردنی بهشی حكومهتی ههرێم له بودجه، ساڵانه له رێگهی یاسای بودجهوه ههوڵی ئهوه دهدات؛ حكومهتی ههرێم ناچار بكات بهشێك له نهوتهكهی رادهستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، بهڵام ههمیشه ئهو داوایهی بهغدا، له لایهن ههرێمهوه رهتكراوهتهوه. دووهم/ داهاتووی كیشهكان ناوچه كێشه لهسهرهكان به گوێرهی ئهو ئاماژه سیاسییانهی له بهغداوه تێبینیی دهكرێن، له داهاتووی نزیكدا كێشهی ناوچه كێشه له سهرهكان، چارهسهر ناكرێن، بهڵكو بهپێچهوانهوه؛ پێشبینی دهكرێت ململانێكردن لهسهر ئهو ناوچانه له نێوان ههولێرو بهغدا- دا قوڵتر ببنهوه. ئهوهی تێبینیی دهكرێت؛ بهغدا نیازی نییه، بچێته ژێرباری جێبهجێكردنی (ماددهی 140)، ئهو نیازهش به روونی له گوتاری حزب و گروپه چهكداره دهسهڵاتدارهكاندا دهردهكهوێت. سهرهڕای ئهوهش؛ كۆمپانیاكانی نهوت به تایبهتی كۆمپانیای (برتش پترۆلیۆم)، دهبێته لهمپهرێكی دی لهبهردهم چارهسهركردنی كێشهكهدا، چونكه ئهو كۆمپانیایه به تهواوی دهستی بهسهر نهوتی كهركوكدا گرتووه. كێشهی پێشمهرگه ئهم كیشهیه، لهچاو كێشهكانی تردا، زۆر زهقنهكراوهتهوه، بهڵام به گوێرهی پێشبینییهكان، له گفتوگۆو دانوستاندنهكانی نێوان ههولێرو بهغدا، دهبێته یهكێك له كێشه ئاڵۆزهكان، به تایبهتیی له دوو رووهوه، یهكهم: پێگهی هێزی پێشمهرگه له ناو سیستمی بهرگریی ئێراق، ئایا پێشمهرگه دهبێت به بهشێك له وهزارهتی بهرگریی یان دهبێت به بهشێك له وهزارهتی ناوخۆ؟ پهیوهستبوون به ههریهكێك لهم دوو وهزارهتهوه، كاریگهری لهسهر؛ ئهرك، شێوازی رێكخستن، جۆری چهك، ئیمتیازو مووچهی پێشمهرگه دهبێت. دووهم: ژمارهی پێشمهرگه، له ساڵانی رابردوو، حكومهتی فیدرالیی بهغدا، ئاماده نهبوو سهرجهم هێزهكانی (70) – ی سهر به یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزهكانی (80) – ی سهر به پارتی دیموكراتیی كوردستان، له چوارچێوهی هێزهكانی حكومهتی فیدرالیی جێگه بكاتهوه، تهنیا رهزامهندی لهبارهی وهرگرتنی (70) ههزار پێشمهرگهوه دابوو. ئهوهی تێبینیی دهكرێت؛ حكومهتی ئێراق، له داهاتوودا لهو ژمارهیهش پاشگهز دهبێتهوه. بهو شێوهیه دهرگایهكی گهوره لهسهر فروانبوونهوهی كێشهی پێشمهرگه دهكاتهوه. كێشهی نهوت و بودجه لهم ساتهی ئێستادا، ئهم كێشهیه باوكی سهرجهم كێشهكانی تره، بۆیه ئهوهی پێشبینیی دهكرێت، ههردوولا ئارهزووی چارهسهركردنی ئهو ئارێشه دهكهن، بهڵام كهڵهكهبوون و تێكهڵاوبوونی پهڕاوهكان، لهمپهرێكی گهورهیه لهبهردهم گهیشتن، به چارهسهرێكی ریشهیی ههمیشهیی. ههرچهنده ههردوولا له یاسای بودجهی ساڵی (2020)، بهههمانشێوهی یاسای بودجهی ساڵی (2019) گهیشتن به چارهسهرێكی نیوهچڵ، بهشیوهیهك ههرێم پابهند كرا، رۆژانه (250) ههزار بهرمیل رادهستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، بهڵام دهستلهكاركێشانهوهی حكومهتی بهغدا، بووه هۆی ئهوهی ئهو یاسایه رۆشنایی نهبینێت، حكومهتی ههرێمی كوردستانیش، ئهوهی بهههلزانی و بهردهوام بوو لهسهر رادهستنهكردن و فرۆشتنی سهربهخۆیانهی نهوت به كۆمپانیای سۆمۆ. سێیهم: پێشنیازو چارهسهر ناوچه كێشه له سهرهكان به بۆچوونی ئێمه چارهسهری ناوچه كێشه له سهرهكان، پێویسته چهند ههنگاوێكی بۆ ههڵبنرێت كه گرنگترینیان ئهمانهن: 1- پێویسته ههردوو حكومهتی ههرێمی كوردستان و حكومهتی ئێراق، بگهن به ئهو بڕوایهی ناوچه كێشه له سهرهكان، كێشهیهكی سیاسییه نهك كێشهیهكی دهستوریی و یاسایی. 2- به رهچاوكردنی خاڵی یهكهم، دهست له ماددهی (140) ههڵبگیرێت، چونكه له لایهك به كردهوه دهركهوت ئهو میكانیزمانهی بۆ چارهسهركردن دیاریكردوون، له ئاستی چارهسهری ئهو كێشهیهدا نین. له لایهكی ترهوه؛ دهستگرتن بهو ماددهیهوه دهرگای كاتێكی بێسنور له بهردهم بهغدا- دا دهكاتهوه، و دهتوانێت دهیان ساڵی تر، جێبهجێكردنی دوا بخات، چونكه ئهو ماوهیهی دهستور دیاریكرد بوو كۆتایی هاتووه، وسنورێك له رووی كاتهوه بۆ جێبهجێكردنی نهماوهتهوه. 2- ئامادهكردنی پرۆژهیهكی ئهڵتهرناتیڤ بۆ جێگرتنهوهی (ماددهی 140)، كه میكانیزمهكانی گێڕانهوهی ناوچه كێشه له سهرهكانی بۆ سهر ههرێمی كوردستانی به روونی تێدا خرابێتهڕوو. ههروهها پێویسته دهستهبهری سیاسیی و یاسایی له بارهی ئهم مهسهله ههستیارانهشهوه بخاتهڕوو: أ- پارێزگاریكردن له سهروماڵ و ژیانی عهرهبه هاوردهكان، توركمانهكان و كلدۆئاشورییهكان له سهرجهم ناوچه كێشه له سهرهكان به تایبهتیی كهركوك. ب- دهستبهركردنی مافی عهرهبه هاوردهكان، توركمانهكان و كلدۆئاشورییهكان، له دامودهزگاكانی بهڕێوهبردنی سهرجهم ناوچه كێشه له سهرهكان به تایبهتیی كهركوك، بهجۆرێك ههر پێكاتهیهك ههستی ئهوهی لا دروست بێت، كه له بهشی خۆی زیاتری پێڕهوا بینراوه. ج- دهستهبهركردنی مافی كۆمپانیاكانی نهوت، له رووی كنهو گهڕان، ههناردهو به بازاڕكردنهوه، به جۆرێك متمانهیان لا دروست بكرێت كه گهڕانهوهی ناوچه كێشه له سهرهكان، گرفت و لهمپهر له بهردهم رهوتی كارو مافهكانیان دروست ناكات. د- حكومهتی ههرێم له چوارچێوهیهكی یاسایی و ئهخلاقییدا (واته: بێگزی و ساخته كردن)، ههموو توانایهكی بخاتهگهڕ، بۆ ئهوهی له ههڵبژاردنی ئهنجومهنی خۆجێیهتی، له سهرجهم ناوچه كێشه له سهرهكان به تایبهتیی كهركوك، پێكهاتهی كورد، زۆربهی كورسیی ئهنجومهنهكان بهدهستبهێنێت، بهو جۆره دهتوانرێت بۆ حكومهتی بهغداو كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی بسهلمێندرێت كه نهتهوهی كورد زۆرینهی ناوچه كێشه له سهرهكان پێكدههێنێت. هـ - به ههموو جۆرێك ههوڵبدرێت لایهنی سێیهم، به تایبهتی (نهتهوه یهكگرتووهكان)، تێكهڵاوی گفتوگۆیهكان نهبن، چونكه بهشداری لایهنی سێیهم له بری چارهسهر كێشهكه ئاڵۆزتر دهكات. كێشهی پێشمهرگه پێشنیازهكان بۆ چارهسهری كێشهی پێشمهرگه لهم خاڵانهدا چڕ دهكهینهوه: أ- تهتهڵهكردنی هێزی پێشمهرگه له كهسانی بندیوارو زیادهكان، تا له رووی چهندایهتییهوه لهگهڵ رێژهی دانیشتوانی ههرێم بگونجێت، بهجۆرێك ههر ملیۆنێك له دانیشتوان (10) ههزار پێشمهرگهی بهربكهوێت. ب- یهكخستنی هێزی پێشمهرگهی كوردستان، له چوارچێوهی لهشكرێكی كوردستانیی رێكخراویی یاساییدا. ج- پێداگیریكردن لهسهر ناوی هێشتنهوهی ناوی پێشمهرگه، رێگه نهدان به گۆڕینی بۆ (پاسهوانی ههرێم) وهكو له (ماددهی 121) دهستووردا هاتووه. د- پێداگیریكردن لهسهر وابهستهكردنی پێشمهرگه به وهزارهتی بهرگریی ئێراقهوه، چونكه بهو شێوهیه دهبێت به بهشێك له سوپای ئێراق و مافی دهستكهوتنی سهرجهم جۆرهكانی چهك، دروستكردنی هێزه جۆربهجۆرهكانی وشكانیی و ئاسمانیی دهبێت. كێشهی نهوت و بودجه لهو بڕوایهداین، به بێ چارهسهركردنی ئهم كێشهیه، توانای ههنگاونان بۆ چارهسهركردنی سهرجهم كێشهكانی تر، دهگاته بنبهست، بۆیه دهتوانین له چهند خاڵهدا پێشنیازهكانمان بۆ چارهسهری ئهم كێشهیه بخهینهڕوو: أ- پێویسته حكومهتی ههرێمی كوردستان، بۆ دورخستنهوهی ههموو گومانهكان، به ژمارهو داتا، بهرههم و ههناردهكردنی نهوت به شێوهیهكی شهفاش بخاتهڕوو. ب- له ماوهی شهش ساڵی رابردوودا، شكستی سیاسهتی سهربهخۆیی ئابووریی، و فرۆشتنی سهربهخۆیانهی نهوت، به شێوهی كردارهكی بۆ حكومهتی ههرێم و خهڵكی كوردستان، دهركهوت، بۆیه رادهستكردنی (ههموو یان بهشێك) له نهوتی كوردستان به كۆمپانیای سۆمۆ، بووه به دیفاكتۆو چیدی حكومهتی ههرێم ناتوانرێت خۆی لێبدزێتهوه. ج- له گفتوگۆكاندا ههوڵبدرێت له بهرانبهر رادهستكردنی ههر (100) ههزار بهرمیل نهوتدا، ههرێمی كوردستان رێژهی (5 %) – ی له بودجهی گشتیی بۆ دابینبكرێت. بهو شێوهیه؛ دابینكردنی بودجه به گوێرهی رێژهی دانیشتوان كه تا ئێستا له بهرانبهر ههرێمی كوردستان پهیڕهوكراوه، كۆتایی پێدێت، ئهوكات حكومهتی ههرێم، دهتوانێت به گوێرهی پێداویستی ناوخۆ، نهوت رادهستی بهغدا بكات. د- ههوڵی ئهوه بدرێت، ههر رێكهوتنێك له بارهی نهوت و بودجهوه دهكرێت، بۆ ماوهی (10) ساڵ كهمتر نهبێت، چونكه رێككهوتنی ساڵانه، له مافهكانی ههرێم كهمدهكاتهوه. له لایهكی تریشهوه رێككهوتنی ساڵانه بواری بیركردنهوهو پلاندانان بۆ جێبهجێكردنی پرۆژهی درێژخایهن ناهێڵێتهوه، چونكه بهردهوام مهترسیی رێككنهكهتن یان كهمبوونهوهی بودجه له ئارادایه. هـ - پێویسته ههرێمی كوردستان، سهرجهم ئهو كۆمپانیایانه دابمهزرێنێت كه له (ماددهكانی 10، 11، 12، 13) – ی یاسای نهوت و گازی ههرێمدا هاتووه. و- پێویسته ههرێمی كوردستان، سندوقی داهاتهكانی نهوت كه بهگوێرهی (ماددهی 15) له یاسای نهوت و گازی ههرێم باسكراوه، دابمهزرێنێت، بۆ ئهوهی داهاتی ئهو بهشه نهوتهی ههرێم دهیفرۆشێت، بگهڕێتهوه بۆ خهڵكی كوردستان و بخرێته خزمهت پرۆسهی بنیاتنان و ئاوهدانكردنهوهی ههرێمی كوردستانهوه.
درەو: لە نێوان بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر و مەكتەبی سیاسی پارتی لە سەڵاحەدین و ماڵی نێچیرڤانی بارزانی و هۆڵی سەعد عەبدوڵادا كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەبارچوو. بڕیاربوو رۆژی 22ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە، ئەم كۆبونەوە یەكەم دیداری مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتی بوو دوای كۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە، لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچوو، دوای سێ رۆژ هێشتا چارەنووسی ئەو كۆبونەوەیە یەكلا نەبۆتەوە، كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی دواخستنی كۆبونەوەكەوە وتی "بە هۆكاری هونەری كۆبونەوەكە نەكراو تەنسیق نەكرابوو لەسەر كات و شوێنی كۆبونەوەكە". بەپێی بەداواداچونەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە سەرەتا بڕیار بووە كۆبونەوەكە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بەڕێوە بچێت و بۆ یە یەكێتی ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ پێشوازی لە مەكتەبی سیاسی پارتی و تا ئەو رادەیەی كە خواردنیش بۆ وەفدی هەردوولا ئامادەكراوە، بەڵام وەفدی پارتی یەكێتیان ئاگاداركردوەتەوە كە ئامادەنین بۆ كۆبونەوە بێنە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی. بە پێی زانیارییەكان وەفدی پارتی پێشنیازی بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتیانكردووە لە سەڵاحەدین بۆ بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكە، مەكتەبی سیاسی یەكێتیش ئەو پێشنیازەیان رەتكردۆتەوە، دواتر پارتی ئۆفەرێكی تری خستۆتە بەردەم یەكێتی بۆ بەرێوەچوونی كۆبونەوەكەو پێشنیازی كردووە وەفدی هەردوولا لە ماڵەكەی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆببنەوە، وەفدی یەكێتی رازی بوون لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوەكە بكرێت بەڵام بە مەرجێك، نێچیرڤان بارزانی خۆی ئامادەی دیدارەكە بێت، وەفدی پارتی بە وەفدی یەكێتیان راگەیاندووە كە نێچیرڤان بارزانی لە كۆبونەكەوە بەشدار نابێت و كەریم سنجاری بەنوێنەرایەتی ئەو بەشداری كۆبونەوەكە دەكات، یەكێتی ئەم پێشنیازەی رەتكردەوەو پێنشیازێكی نوێی خستۆتە بەردەم مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەویش ئەوە بووە كە كۆبونەوەكە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بەڕێوەبچێت، بەڵام مەكتەبی سیاسی پارتی رەتی كردۆتەوەو كۆبونەوەكە نەكراوە. بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەم گفتوگۆ و پێشنیازی شوێن گۆڕینەوەیە لە نێوان دوو نێوەندگیر كراوە، لە پارتی دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی و لە یەكێتی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی. وەفدی یەكێتی بۆ كۆبونەوەكە بریتی بووە لە ( رزگار عەلی، سۆران جەمال تاهیر، شاڵاو عەلی عەسكەری، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، بورهان سەعید سۆفی) پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمی ناوی وەفدەكەی بۆ ئەو كۆبونەوەیە رانەگەیاند، بەپێی زانیاریەكانی (درەو) وەفدەكەی پارتی پێكهاتبوون لە ( فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد، رێبەر ئەحمەد، دڵشاد شەهاب). بڕیاربوو لەم دیدارەدا یەكێتی و پارتی لەبارەی پەیوەندییەكانی نوێی هەردوو حزب بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی و پرسی شەراكەت لە حكومەت و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق گفتوگۆ بكەن. رێككنەكەوتن لەسەر شوێنی كۆبونەوەكە ئاستی هەستیاری پەیوەندی نوێی یەكێتی و پارتی نیشان دەدات لەدوای كۆنگرەی چواری یەكێتی و هەڵبژاردنی تێمێكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی یەكێتی، لەدوای هەڵبژاردنی ئەو سەركردایەتیە نوێیەشەوە تا ئێستا پارتی بەفەرمی دانی پێدا نەناوە، لەناو پارتیدا نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسێكە كە بەفەرمی مامەڵە لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتیدا دەكات.
راپۆرت: فازڵ حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەرلەوەی دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببات، چەندین بژاردەی تری لەبەردەمدایە كە لەرێگەیانەوە دەتوانێت داهاتێكی زۆر بۆ حكومەتو دابینكردنی موچە كۆبكاتەوە، ئەو ناونیشانی "چاكسازیی" خستوەتەسەر كابینەكەی، ئەم قەیرانە دەرفەتی ئەوەی پێدەدات بەبێ سڵەمینەوە چاكسازییە ریشەییەكان جێبەجێ بكاتو خۆی لەو قەیرانە كوشندەیە رزگاربكات كە بەمیراتیی لە (17 ساڵ) حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای بۆی ماوەتەوە. بەپێی بەدواداچونێكی (درەو) چەند بژاردەیەكی خێرای چاكسازی هەن ئەگەر مەسرور بارزانی دەستیان بۆ ببات، لەماوەیەكی دیاریكراودا دەتوانێت بڕی (400 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەت كۆبكاتەوەو ناچار نەبێت دەست بۆ موچەی موچەخۆران ببات. هەموان باسی دەكەن جگە لە مەسرور بارزانی حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی قەیرانێكی دارایی سەخت بوەتەوە، هەموان (میدیای ناوخۆو دەرەوە) باسی قەیرانە نوێیەكەی هەرێم دەكەن، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی تائێستا هیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە بۆ رایگشتیو خەڵكی كوردستان نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە وەكو سەرۆكی حكومەت دەستبەركاربوو بەڵێنیدا "راستگۆو شەفاف" بێت لەگەڵ خەڵكدا. ئێستا جارێكی تر حكومەت هاتوەتەوە سەر پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەران یاخود دواخستنی وادەی دابەشكردنی موچە لە (30 رۆژەوە بۆ 60 رۆژ)، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كابینەی مەسرور بارزانی بۆ كۆكردنەوەی داهاتەكانی جگە لە دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران، هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەستدایە ؟ بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بەر لە دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، كابینەی مەسرور بارزانی زیاتر لە رێگەیەكی لەبەردەستدایە داهاتیان لێوە كۆبكاتەوەو بەجۆرێك لە جۆرەكانی گوڕی قەیرانە داراییەكە كەمتربكاتەوە. رێگاكانی كۆكردنەوەی داهات بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە چایرۆسی كۆرۆنا، ماوەی دوو مانگە داهاتی ناوخۆی هەرێم كەمیكردووە، كە یەكێكە لەسەرچاوەكانی دارایی حكومەت، بەپێی قسەی بەرپرسان لەم دوو مانگەدا داهاتی ناوخۆ مانگانە لە (270 ملیار) دینارەوە بۆ (80 ملیار) دینار كەمیكردووە، هەندێكیش زیاتر دەڕۆن دەڵێن داهاتی ناوخۆ نزیكبووەتەوە لە سفر. داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو سەرچاوانەی دارایی حكومەت كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا خۆی لە بنەڕەتەوە بەدەست ناشەفافیەتو خراپی ئیدارەدانەوە ناڵاندویەتی، مەسرور بارزانی لەڕێگەی رێكخستنەوەی ئەم كەرتە گرنگەوە دەتوانێت سەرچاوەی دارایی داهاتی ناوخۆ زیاتر بكات، بەڵام چۆن ؟ خاڵە سنورییەكان خاڵە سنورییەكان یەكێكن لە سەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی ناوخۆ، لەم كەرتەدا بەپێێ بەدواداچوونەكانی (درەو) مانگ هەبووە (7 هەزار) لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كۆمپانیاو سەرمایەدارو هەندێك خەڵك كراوە، ئەمە بەچەند رێگایەك كراوە، هەندێكجار بە لێبوردنی تایبەتی بەرپرسان لە حكومەت، هەندێكجار بە سودوەرگرتن بە یاسای وەبەرهێنان، یاخود لەژێر ناوی پرۆژەی خێرخوازیو پاڵپشتیكردن لە كاری بازرگانیی، ئەم لێخۆشبوونە گومرگییانە بڕەكانیان جیاوازەو لە (هەزار دۆلار)ەوە دەستپێدەكات بۆ (3 هەزار) دۆلارو سەروتریش، كۆی گشتی ئەم لێخۆشبونە گومرگییانە بە تێكڕا بۆ یەك مانگە بەهاكەی بە (20 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەم بڕە پارەیە رۆیشتووەو نەگەڕاوەتەوە بۆسەر داهاتی وەزارەتی دارایی. رەنگە كابینەی مەسرور بارزانی دوجار لەژێر فشاری قەیرانی داراییدا هەستی بە بەفیڕۆچوونی ئەم بڕە پارەیەی مانگانە كردبێت، بۆیە حكومەتی بە نوسراوی ژمارە (2949) لە رۆژی 23/4/2020 لێخۆشبونە گومرگییەكانی راگرت، بەڵام كەی ؟ كاتێك ئیتر دۆخەكە لە دەست دەرچووە. سەرباری لێخۆشبوونی گومرگی، هەر لە خاڵە سنورییەكان چەندێك كاروبار هەن كە زیانیان بە دارایی حكومەت گەیاندووەو لەبەرامبەردا كۆمەڵێك خەڵكی حزبیو دەستڕۆیشتوییان لەسەر سامانی گشتی دەوڵەمەندكردووە. لە خاڵە سنورییەكانی هەرێمدا (12) كۆمپانیا بەناوی جیاجیاوە كاردەكەن، مانگانە قازانجی ئەم كۆمپانیایانە دەگاتە (50 ملیۆن) دۆلار، لە حاڵێكدا حكومەت بەو ژمارە زۆرەی كارمەندەوە كە هەیەتی خۆی لە توانایدایە كاری ئەم كۆمپانیایانە بكاتو داهاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی. بۆ نمونە ئێستا كۆمپانیای پاكژكردنەوەی (تعقیم) لە خاڵە سنورییەكاندا هەن، ئەم كۆمپانیایانە بۆ (تعقیم)كردنی هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (10 دۆلار) وەردەگرن، بۆ مانگێك داهاتی ئەم كۆمپانیایانە دەگاتە (450 هەزار) دۆلار، لەم داهاتە كۆمپانیاكان 15% بە حكومەت دەدەن. دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا تەنها داهاتی مەرزی پەروەێزخان (80 ملیار) دینار بووە، مانگانە بەهۆی قاچاخشێتییەوە لە مەرزەكان (30 بۆ 40 ملیۆن) دۆلار زیان بەر داهاتی حكومەتی هەرێم دەكەوێت". باجی كۆمپانیاكان لە وڵاتانی جیهان وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكان، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتە، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی پشت بە فرۆشتنی نەوت بەستراوە وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات، ئەم كەرتە گرنگەی سەرچاوەی داهات پشتگوێ خراوە. لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم بەمدواییە وردە وردە هەموو كەرتە گشتییەكان رادەستی كۆمپانیاكانو كەرتی تایبەت دەكات، بەڵام لەبەرامبەردا پرسی وەرگرتنو رێكخستنەوەی باجەكان وەكو خۆیەتیو گۆڕانكارییەكی وەهای تێدا نەكراوە كە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە خێراییەی كە ئەمساڵانەی دوایی لە ژمارەی كۆمپانیاكاندا رویداوە. بەپێی قسەی وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان ئێستا بە بیانی و خۆماڵییەوە (29 هەزار و 400) كۆمپانیا لە هەرێمدا هەن، لەم ژمارەیە (4 هەزارو 100) كۆمپانیا بیانینو ئەوانەی تر ناوخۆین. وەرگرتنی باج لە كوردستان زیاتر لەسەر پرۆژە بچوكەكان جێبەجێدەكرێت وەكو دوكانو كۆمپانیا بچوكەكان، بەڵام كۆمپانیا گەورەكان زۆرجار خۆیان لە پێدانی باج دەدزینەوە یاخود لەلایەن بەرپرسانی حزبییو حكومەتەوە لێخۆشبونیان بۆ دەكرێت. بۆ نمونە كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان بەخشراون لە باج، ئەمە لەژێر ناوی هاندانیان بۆ كاركردن لە كەرتی نەوتدا هەرێمدا، لێخۆشبوونی باجی كۆمپانیانی نەوت ساڵانە بە نزیكەی (90 ملیۆن) دۆلار ئەژماردەكرێت كە ئەمەش زیانێكە بەر داهاتی حكومەت كەوتووە. سەرباری كۆمپانیای جۆراوجۆر لە بوارەكان، بەمدواییەش لە هەرێمی كوردستان دروستكردنی كۆمپانیای (سكیوریتی) سەریهەڵداوە، بەپێی زانیارییەكان ئێستا لە هەرێم (63) كۆمپانیای سكیوریتی هەیە، ئەم كۆمپانیایانە زۆربەیان باج بە حكومەت نادەن، سەرباری ئەمانە وەزارەتی ناوخۆ (63 هەزار) یەكەی پاسەوانیی هەیەو مانگانە موچەیان بۆ دابین دەكات، ئەمانەش قورساییان لەسەر سەرچاوەی داهاتی حكومەت دروستكردووە. سەرباری خاڵە سنورییەكانو باج، ئەمدواییە بەهۆی داخستنی فەرمانگەكانی حكومەت لەچوارچێوەی رێوشوێنەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەت ئەو داهاتەی لەدەستداوە كە لە باجو كاروباری فەرمانگەكانی دەستی دەكەوت، ئەم بوارەش هەندێك پێویستی بە رێكخستنەوەی زیاتر هەیە ئەگەر حكومەت بیەوێت سەرچاوەی داهاتەكانی زیاتر بكات. داهاتی نەوت كاتێك هەرێمی كوردستان سەرچاوەی سەرەكی داهاتی خۆی بەستەوە بە فرۆشی نەوتەوە، رەنگە بەرپرسان بیریان لەوەنەكردبێتەوە ئەم كاڵایە رۆژێك لە رۆژانی دوچاری قەیرانی شكانی نرخ دەبێتەوە، ئاخر زەمەنێكو تائێستا نەوت وەكو "زێڕی رەش" ناودەبرێت. لە ساڵی 2014وە هەرێم بەتەواوەتی داهاتی خۆی رادەستی فرۆشی نەوت كردو لەپێناوەشدا قوربانی دا بە بەشە بودجەی خۆی لە بەغداد كە تائەوكات مانگە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دیناربوو. لەوكاتەوە كە حكومەتی هەرێم بۆ داهات بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، دوجار نرخی نەوت لە جیهاندا دوچاری داڕمان هاتووە، جارێك ساڵی 2014و دوای دەركەوتنی رێكخراوی داعش، ئەمجارەش هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە جیهاندا. بەپێی راپۆرتێكی نهێنی تیمی حكومەت كە بەمدواییە ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت كراوەو كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، لەدوای دابەزینی نرخی نەوتەوە، ئێستا مانگانە لە فرۆشی نەوت (60 ملیۆن) دۆلار دەمێنێتەوەو دەدرێت بە وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران، ئەمە لەكاتێكدایە بەر لە داڕمانی نرخی ئەم داهاتە مانگانە (295 ملیۆن) دۆلار بووەو رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە (داهاتی نەوت لە هەموو حاڵەكاندا زیاتر بووە لەو پارەیەی كە بەناوی داهاتەوە رادەستی وەزارەتی دارایی دەكرێت، ئەمە ئەو بەشە نادیارە نەوتە كە بەردەوام باسدەكرێت). بژاردەی بەردەم حكومەتی هەرێم لە زەمەنی داڕمانی نرخی نەوتدا ئەوەیە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكاتو لەبەرامبەردا پشكی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق وەربگرێت، ئەمە ئێستا پێشنیازێكە كە كابینەی مەسرور بارزانی دوای بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی ئابوری، دەگەڕێتەوە بۆسەریو تاوتوێی دەكات. خۆ ئەگەر كابینەی مەسرور بارزانی لەسەر رادەستكردنی تەواوەتی نەوت لەگەڵ بەغداد نەگەیشتە رێككەوتن، هێشتا حكومەت هەندێك بژاردەی تری لەبەردەستدایە كە دەتوانێت بەهۆیانەوە داهاتی ئەو نەوتە زیاتر بكات كە خۆی دەیفرۆشێت، چۆن ؟ ئێستا مانگانە (100 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت دەڕوات بۆ سێ بوار: • كۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوت • كۆمپانیاكانی گواستنەوەی نەوت • كۆمپانیاكانی سكیوریتی نەوت ( لەكاتێكدا حكومەت خۆی دوو لیوای پاسەوانی نەوتو گاز هەیەو مانگانە موچەیان بۆ دابین دەكات). رێكخستنەوەی ئەم خەرجییانە، بڕێكی زۆر داهاتی فرۆشی نەوت بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە. سەرباری ئەمە رێكخستنەوەو شەفافكردنی كەرتی نەوت دەتوانێت سەرچاوەی داهاتی زیاتر بۆ حكومەت دابین بكات، هەرێمی كوردستان چووەتە سەر نەخشەی وڵاتانی فرۆشیاری نەوت لە جیهاندا بەڵام هێشتا نەیتوانیوە پێداویستی سوتەمەنی لە ناوخۆ دابین بكات، كاڵا كاتێك هەناردەی دەرەوە دەكرێت كە پێداویستی ناوخۆی پڕكردبێتەوە، بەڵام هەرێم بەنزین لە ئێرانو توركیاو ئیماراتەوە هاوردە دەكات، بۆ نەوتی سپیی ماڵانیش چاوی لە دەستی بەغداد، ئەم قەیرانە داراییە نوێیە دەرفەتی ئەوە بە حكومەت دەدات بیر لەوە بكاتەوە لەبری هاوردەكردنی بەنزینو نەوتی سپی لە دەرەوە، لەناوخۆدا خۆی بەرهەمی بهێنێت. حكومەتی هەرێم ئەگەرچی ناتوانێت هەموو ئەو نەوتەی كە بەرهەمی دەهێنێت لە بازاڕی ناوخۆدا ساغ بكاتەوە، بەڵام لەم قەیرانەدا بژاردەی ئەوەی لەبەردەستدایە رۆژانە زیاتر لە (100 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو لە پاڵاوگەكانی ناوخۆ ساغ بكاتەوەو بەنزینو گازوایل و نەوتی سپی لێ بەرهەم بهێنێت، بەپێی خەمڵاندنی دڵشاد شەعبان پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەگەر ئەم (100 هەزار) بەرمیل نەوتەی رۆژانە لەناوخۆدا ساغ بكرێتەوە، مانگانە حكومەتی هەرێم (130 ملیۆن) دۆلار داهاتی دەستدەكەوێت. چاكسازیكردن لە كەرتی نەوتدا سەرباری ئەوەی داهاتی حكومەت زیاتر دەكات، جۆرێكیش لە متمانە بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنە بیانییەكانی نەوت دەگەڕێنێتەوە، كە بەمدواییە دڵیان بە كاركردن لە هەرێمی كوردستان ساردبوەتەوەو هەندێكیان دەستیان كردووە بە فرۆشتنی پشكەكانیان، كۆمپانیاكانی نەوت نیگەرانن لەوەی هەركاتێك حكومەتی هەرێم دوچاری قەیرانی دارایی دەبێتەوە سەرەتا دەست بۆ راگرتنی شایستە داراییەكانو دواخستنی پێدانەوەی قەرزەكانی ئەوان دەبات. هەرێمی كوردستان سەرباری نەوت، خاوەنی غازی سروشتییە، غاز سەرچاوەكەی زۆربەی دەكەوێتە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتییەوە، كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی كاری بەرهەمهێنانو فرۆشتنی غازەكە دەكات، بەڵام گواستنەوەی غازەكە بۆ ناو شارەكان دراوە بە كۆمپانیا ناوخۆییەكانو بەمدواییە كاری ئەم كۆمپانیایانەهەندێك گرژی لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دروستكرد، رێكخستنەوەی ئەم كەرتەش لەسەر بنەمایەكی ئابوری، رەنگە هەندێك داهاتی زیاتر بۆ حكومەت بگەڕێنێتەوە. قەرزی كۆمپانیاكان بەمدواییە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی بۆ چاكسازیكردن پەسەندكرد، ئەمە بە یەكەم هەوڵی جددی بەئاڕاستەی چاكسازیكردن ئەژماردەكرێت، هەرچەندە یاساكە نەگەیشتوەتە ئاستی چاكسازییەكی بەرفراوان كە هەموو كەرتەكان بگرێتەوە، بەڵام لەلایەن كابینەی مەسرور بارزانییەوە وەكو بناغەیەك بە ئاڕاستەی چاكسازی وێنا دەكرێت، لەم یاسایەدا بە بڕگەیەك حكومەت ناچاركراوە ئەو قەرزانە لە كۆمپانیاو سەرمایەداران وەربگرێتەوە كە پێشتر پێیداون. وەزارەتی دارایی لەسەر بنەمای یاساكەی پەرلەمان لە رۆژی 28/1/2020دا رێنمایی دیاریكرد، تێدا ماوەی سێ مانگی دیاریكرد بۆ ئەوەی كۆمپانیاو سەرمایەداران قەرزەكانیان بگەڕێننەوە بۆ حكومەت، بەپێی فەرمانەكە ئێستا قەرزارەكان كەمتر لە هەفتەیەك مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پارەكان بۆ حكومەت بگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە حكومەت دەتوانێت دەست بەسەر ئەو موڵكو ماڵانەدا بگرێت كە وەكو بارمتە (رهن) بۆ وەرگرتنی قەرز لای حكومەت دایانناوە، چ وەرگرتنەوەی قەرزەكان، چ دەستگیرتن بەسەر بارمتەی كۆمپانیاكان لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئەگەر بڕیارەكە وەزارەتی دارایی وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت حكومەت لەم زەمەنی قەیرانەدا هەندێك داهاتی بۆ دەگەڕێتەوە. لەنێوان ساڵانی (2007 بۆ 2011) كاتێك ئابوری كوردستان بوژانەوەی بەخۆوە دەبینی (واتە بەرلەوەی بەغداد بەشەبودجەی هەرێم ببڕێت) كۆمپانیاو بازرگانەكان لەڕێگەی بانكە بازرگانییەكانەوە قەرزیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرت. كۆی قەرزەكە (751 ملیار) دینارەو بە جیاوازی ئەو سودەی چوەتە سەری لە ئێستادا گەیشتوەتە زیاتر لە (یەك ترلیۆن) دینار، رێژەی سودی قەرزەكە كە حكومەت لەسەر كۆمپانیاو سەرمایەدارەكان دایناوە لە (3% بۆ 11%) دەستپێدەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، نزیكەی (150) كۆمپانیاو سەرمایەدار سودمەندبوون لە وەرگرتنی ئەو قەرزەی حكومەت كە لەبنەڕەتەوە بۆ مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بووە بە هاوڵاتیان. یاسای چاكسازی لە موچەدا یاسای چاكسازی كە لە پەرلەمان دەرچووە، بەشێكیشی تایبەت كراوە بە چاكسازی لە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكانو رێكخستنەوەی موچەی خانەنشینی كەسوكاری شەهیدانو زیندانییە سیاسییەكان، ئەم یاسایە دوای پەسەندكردنی تائێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێكردنی پێشبینی دەكرێت بڕی نزیكەی (20 ملیار) دینار هات بۆ حكومەت بگەڕێنێتەوە. حكومەت چۆن خۆی لە قەیرانەكە رزگار دەكات ؟ ئەوەی لەم راپۆرتەدا باسكرا، هەندێك رێوشوێنن كە (درەو) بەدواداچوونی بۆ كردوونو دەكرێت حكومەت بەر لەوەی بیر لە دەستكاریكردنی موچەی موچەخۆران بكاتەوە، پەنایان بۆ ببات بۆ زیادكردنی سەرچاوەكانی داهاتی خۆی. فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمیش وەكو كەسێكی شارەزای بوارەكە هەندێك رێگەی پێشنیازكردووە بۆ حكومەت تاوەكو بتوانێت لەم قەیرانەدا سودیان لێ ببێنێت، كە ئەمانەن: • پێویستە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت دابنیشێتو هەوڵ بدات دانەوەی مستەحەقاتی كۆمپانیاكان هەندێك دوابخات تا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوەو ئەوانیش ئامادەن ئەو كارە بكەن، چونكە دۆخی ئابوری لە جیهان تێكچووەو نرخی نەوت دابەزیوە. • پێویستە حكومەت فشاری زیاتر لە گومرگەكان بكات، تاوەكو هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ كاركردنو هەموو داهاتەكە بۆ وەزارەتی دارایی بگەڕێننەوە. • حكومەتی هەرێم زەویی زۆری هەیەو زۆر گەورەن، بەهای هەندێكیان ڕەنگە بگاتە ملیارێك دۆلار، ئەوانە بفرۆشن لە ڕێگەی موزایەدەی ڕاستەوخۆوە، چونكە دۆخی ئابووری باش نییە و لەجیاتی ئەوەی ئەو زەویانە بەلاش بدرێتە وەبەرهێنەران بفرۆشرێن بۆ خەرجیی حكومەت. . ناكرێت زەویەكی باش بە بەلاش بدرێتە وەبەرهێنەر (لە بەغداد پێشتر ئەم هەنگاوە جێبەجێكراوە). • پێویستە حكومەت بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دوو سێ مانگەی داهاتوو بتوانێ دۆخەكە بەئاسانی تێ پەڕێنێت، جگە لەوەش، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بەغدا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەبێ كێشە بەشی خۆی وەرگرێت. قەیران وەكو میراتێكی بەجێماو قەیرانی داراییو ناشەفافی سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستاندا، ئەو پێش ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم وەرگرێت، ماوەی (17 ساڵ) سەرۆكی حكومەت بووە، مەسرور بارزانی ماوەی (9 مانگ)ە دەستبەكاربووە، سەرباری ئەوەی نێچیرڤانو مەسرور هەردوكیان لەناو یەك مەنزومەی خێزانیدان، بەڵام بەرپرسیارێتی (17 ساڵ) سەرۆكایەتی حكومەت بەراورد ناكرێت بە (9 مانگ). مەسرور بارزانی خۆشی چەندجارێك لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا باسلەوەدەكات ئەو قەیرانانەی كە ئێستا دوچاری كابینەكەی بوەتەوە، بە میراتی لە كابینەكانی پێشووەوە بۆی ماوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی كە بە ئەندازیاری بڕینی موچەی فەرمانبەران لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە" دادەنرێت، لە كۆتایی تەمەنی (17 ساڵیی) خۆیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەڵگرت، بەوەش گورزێكی بەهێزی لە كەمەری مەسرور بارزانی ئامۆزی دا، كە دوای ئەو پۆستی سەرۆكی حكومەت وەرگرت، هەندێك والێكدەدەنەوە ئەو هەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوە بوو، مەسرور بارزانی دوای خۆی نەتوانێت بەئاسانی دەست بۆ رێكخستنەوەی موچەی فەرمانبەران بباتو دەرفەتی ئەوەی نەبێت جارێكی تر پەنا بۆ پاشەكەوتی موچە بباتەوە. سەرباری ئەمە، نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری ئابوری سەربەخۆی هەرێمی كوردستان بوو، كە ئەو بیرۆكەیە وایكرد بەغداد بەشە بودجەو موچەی هەرێم ببڕێتو ئەوەی ئێستا هەیە درێژكراوەی ئەو قۆناغەو بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانییە، نێچیرڤان لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دور لە چاوی بەغداد دەستكەوتی ئەوەی دەستكەوت بەتەواوەتی جڵەوی كەرتی نەوت بكات، بەجۆرێك ئێستاشی لەسەربێت كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی حكومەت دەكات هێشتا ئەو هەژمونی بەسەر بواری نەوتدا هەیە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە ئێستا مەسرور بارزانی دەیەوێت بەشێوەیەكی تەواوەتی نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكات، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە كۆتایی بە دەستڕۆیشتوویی نێچیرڤان بهێنێت. سەرباری ئەوەی بەشی زۆری ئەو قەیرانانەی كە ئێستا روبەڕووی حكومەت بووەتەوە ریشەیان بۆ كابینەكانی پێشوو دەگەڕێتەوە، بەڵام هیچ بەهانەیەكیش نییە بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی چاكسازییەكی گشتگیر ئەنجامبداتو یەكەم ئەزمونی سەرۆكایەتی خۆی لە حكومەت لە شكستهێنان رزگاربكات، بەتایبەتیش كە ناونیشانی چاكسازی لەسەر كابینەكەی داناوە.
🔻 "داوای دەکرد سیستمی حوکمڕانیی سعودیە بکرێت بە پادشایەتی دەستوریی" (درەو): دوێنێ لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا، عەبدوڵا حامید لە زیندانی سعودیە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد. عەبدوڵا حامید یەکێک لە دیارترین زیندانییە سیاسییەکان بوو لە سعودیە، ئەو کەسێکی مافناس بوو، بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە حوکمڕانیی لەسعودیە، (٧) جار دەستگیرکراوەو لە دواینجاردا لە ساڵی ٢٠١٣دا حوکمی (١١ ساڵ) زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە. حامید کە تەمەنی (٦٩ ساڵ) بوو، لە ساڵی ٢٠١٣وە ژیانی لە یەکێک لە زیندانەکانی سعودیە بەسەردەبرد، بەمداییە لە زیندانی دوچاری جەڵتەی مێشک بوو، چالاکوانان داوای ئازادکردنیان دەکرد، بەڵام ئازاد نەکرا. عەبدوڵا حامید بەر لە چەند مانگێک نەشتەرگەرییەکی دڵی بۆکراوەو دوای ئەو نەشتەرگەرییە توشی جەڵتەی مێشک بووە، ئێستا کە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە کۆچی داوایی کردووە، رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ دەڵێن دەسەڵاتدارانی سعودیە بەئەنقەست باری تەندروستییان پشتگوێ خستووە بۆ ئەوەی بمرێت. عەبدوڵا حامید ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ مافناسەکانی کۆمەڵەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی دامەزراند کە بە "حسم" ناسرابوو، رێکخراوەکە دەسەڵاتدارانی سعودیەی تۆمەتباردەکرد بە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی سەدان کەس بەهۆکاری سیاسیی. ساڵی ٢٠١٤ دادگای ریاز بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەکەی عەبدوڵا حامید، بە بەهانەی نەبوونی مۆڵەتی کارکردن. هەما ساڵ رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئیدانەی دەستگیرکردنی عەبدوڵا حامیدو محەمەد قەحتانیی هاوڕێی کردو وەکو دەستگیرکراوانی بیروڕا ناوی هێنان و دوایکرد ئازاد بکرێن. هەندێک عەبدوڵا حامیدو هاوڕێکانی وەکو خەڵکانی ریفۆرمخواز لە سعودیە ناودەبەن، بەتایبەتیش لەوەدا ئەوان پێیانوابووە سیستمی حوکمڕانی لە سعودیە پادشایەتی رەهایەو دەبێت چاکسازی تێدا بکرێت و بکرێت بە پادشایەتییەکی دەستوریی. عەبدوڵا حامید هاوکات لەگەڵ ئەوەی مافناس بووە، توێژەرو بیرمەندو شاعیریش بووە، بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری ئەدەبدا لە زانکۆی ئەزهەر هەبووە. ماوەیەک مامۆستای زانکۆ بووە لە سعودیەو لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە چالاکییەکانی کردووە لە بواری مافەکانی مرۆڤداو چەند کتێبێکیشی هەیە. لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە لە سعودیە عەبدوڵا حامید قسەیەکی هەیە کە دەڵێ:" ناتوانین لە توندوتیژیی و توندڕەوەی رزگارمان ببێت مەگەر بەوەی رێگە بە خەڵک بدەین بەبێ هیچ فشارێک بیروبۆچونی خۆیان دەرببڕن، چونکە کۆتوبەندکردنی ئازادی رادەربڕین وادەکات خەڵک پەنا بۆتوندوتیژی ببەن". مردنی عەبدوڵا حامید بۆ قەتەرو رەوتی ئیخوان موسلیمین کاڵایەکی باشی میدیایی بوو بۆ رەخنەگرتن لە سعودیە بەتایبەتیش لەکاتێکدا ئەوان هێشتا کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس (جەمال خاشوقچییان دانەخستووە). عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی موسوڵمانی جیهان دوای مردنی رایگەیاند:" عەبدوڵا حامید شەهیدی رێگای ئازادی بوو".
(درەو): "بەهۆی ئەو زیانانەی كردوویەتی كۆمپانیای دانە غاز بە نیازە پشكەكانی بفرۆشێت، ئەگەر دانە غاز هەوڵبدات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجامیداوە، ئەوا ئابوری هەرێم ڕووبەڕووی گورزێكی نوێ دەبێتەوە، لەكۆتایی ساڵی 2019وە حكومەتی هەرێم دەستیكردووە بە دواخستنی گێڕانەوەی قەرزە شایستەكانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران، كۆمپانیای دانە غازو هیلال داوای 11 ملیار دۆلاریان لەحكومەتی هەرێم كرد وەك قەرەبووی ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە، چاودێران پێشبینی دەكەن هەرێمی كوردستان دووچاری كورتهێنان بێت لەپێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش سەردەكێشێت بۆ توڕەیی زیاتری شەقامو ڕەنگە لەكۆتایدا ببێتە هۆی تەقینەوەی قەیرانێكی كۆمەڵایەتی فراوان" ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێكی شیكاری ماڵپەری عێراقی 24. دەقی راپۆرتەكەی عێراقی 24 هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی گورزێكی ئابوری نوێ دەبێتەوە، دانە غاز بەنیازە پشكە داراییەكانی بۆ فرۆشتن بخاتەڕوو كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی ڕایگەیاند، كۆمپانیاكەیان لەمیانی كۆبونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتی كۆمپانیاكە ڕەزامەندی پشكدارەكانی بەدەستهێناوە بۆ دەستكردن بە دیراسەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی سودەكانی جیاكردنەوەی كاری گەڕانو بەرهەمهێنان لە كۆمپانیایەكی سەربەخۆی نوێ، بەجۆرێك ئەویش بخرێتە چوارچێوەی بازاڕی ئەبوزەبی بۆ كاغەزی دارایی. ئەوەش مانای وایە كۆمپانیاكە بەنیازە پشكە دارییەكانی( موڵكەكانی) بفرۆشێت، بەهۆی ئەو زیانانەی بەم دواییە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. كۆمپانیاكە لەبەیاننامەیەكدا كە لەپێگەی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت: بەپێی ئەو ڕێوشوێنە پشكدارانی ئێستا پشكیان دەبێت لەهەردوو كۆمپانیا جیاوازەكە، كە یەكێكیان تایبەتمەند دەبێت بە كاری گەڕانو بەرهەمهێنان، كە پرۆسەكانی كۆمپانیاكە دەگرێتەوە لە هەرێمی كوردستانی عێراقو میسر، كۆمپانیاكەی تریش تایبەتمەند دەبێت لەبواری گواستنەوەو چارەسەركردن، كە پرۆسەكانی پرۆژەی غازی ئیمارات لەخۆ دەگرێتو پەیوەستە بە پرسی ناوبژیوانی و قەرەبووكردنەوە. دانا غاز كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەو لەبواری غازی سروشتی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكات، لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2005دا دامەزراوە، لە ڕیزی كۆمپانیاكانی بازاڕی ئەبوزەبییە بۆ كاغەزی دارایی. كۆمپانیای دانا غازو هیلال داوای 11 ملیار دۆلاریان لەحكومەتی هەرێم كرد وەك قەرەبووی ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە، لەئەنجامی پێنەدانی شایستە داراییەكانی چەند ساڵی ڕابردوویان، هەروەك ئەو دوو كۆمپانیایە توانیان لەساڵی 2015 سكاڵایەكی تر لە حكومەتی هەرێم ببنەوە كە لە لەندەن تۆماریان كردبوو لەسەری. بەوپێیەش دوو ملیار دۆلاریان وەرگرت وەك قەرەبووی پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێم بە بڕگەكانی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ئەو دوو كۆمپانیایە ئیمزای كردووە، كە لەبواری وەبەرهێنانە وزە لە هەرێم كاردەكەن. حكومەتی هەرێم قەرزی كۆمپانیا ئیماراتییەكان بەشێوەی سولفە دەدات، بەڵام لەئێستادا زیانەكانی، كۆمپانیاكە ناچاری دەكات كە پشكەكانی بفرۆشێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیانە بەردەوامەی لەساڵی 2007وە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. ئەگەر كارەكانی دانا غاز پەكی بكەوێت، یاخود هەوڵبدات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی كوردی ئەنجامیداوە، ئەوا ئابوری هەرێم ڕووبەڕووی گورزێكی نوێ دەبێتەوە. پسپۆڕان پێیانوایە، هەرێمی كوردستان خاوەنی لاوازترین ئابورییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەجۆرێك هیچ توانایەكی نییە لەپەنابردن بۆ سود وەرگرتن لە دراوی یەدەگی سیادی عێراق كە 60 ملیار دۆلارەو، باری شانی گران بووە بە قەرز كە لە 10 ملیار دۆلار تێپەڕدەكاتو نزیكەی 70% تێكڕای بەرهەمی ناوخۆییەتی. هەروەها ناتوانێت دانوستان بكات بۆ بەدەستهێنانی قەرزی سیادی یان چەردەی هاوكاری. هەرێمی كوردستان لەكۆتایی ساڵی 2019وە دەستیكردووە بە دواخستنی گێڕانەوەی قەرزە شایستەكانی وەبەرهێنەران لەسەری بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە. بانكی "البحر المتوسگ"یش، گورزێكی ئازاربەخشی ئاراستەی هەرێمی كوردستان كرد دوای سڕكردنی بڕی یەك ملیار دۆلار، كە هەرێم لەڕێی پرۆسەیەكی نایاساییەوە لە لوبنان گلیدابووەوە. چاودێران وایدەبین، هەرێمی كوردستان دووچاری دۆخێكی كارەستاوی ئابوریی ببێت، لەئەنجامی قەرزە كەڵەكەبووەكانیو، كۆمپانیا وەبەرهێنەكانیش داوای قەرزەكانیان بكەن، كە پێشبینی دەكرێت حكومەتی هەرێم نەتوانێت بیانداتەوە. پێشترو لەدوو ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی فراوانی بەخۆوە بینی بەهۆی قەیرانی ئابورییەوە، بەڵام هێزە كوردییەكان لەڕێی بەكارهێنانی توندوتیژییەوە ڕووبەڕووی بونەوە. چاودێران پێشبینی دەكەن هەرێمی كوردستان دووچاری كورتهێنان بێت لەپێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش مانای توڕەیی زیاتری شەقامو ڕەنگە لەكۆتایدا ببێتە هۆی تەقینەوەی قەیرانێكی كۆمەڵایەتی فراوان. سەرچاوە: عێراقی 24
درەو: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق سەرقاڵی گەڕێكی تری دانوستانە لەگەڵ هێزە شیعییەكان، ئەمجارە بە لیستێكی جیاواز لەناوی ئەو كاندیدانەی لەدوو ڕۆژی ڕابردوو بڵاوكرانەوە، لەگەڵیان دادەنیشێت. ئەم هەنگاوانەی كازمی دوای ئەوە دێت، زۆرینەی ئەو ناوانەی كاندیدی كردبوون بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان لەلایەن هێزە شیعییەكانەوە ڕەتكرانەوە، هاوكات هەندێك لەهێزو لایەنە سونییەكانیش دابەشكردنو ئەنجامدانی گۆڕانكاریان لە هەندێك لە وەزارەتەكان ڕەتكردەوە، بەوپێیەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەپشكی خۆیان بووە. بۆی دیاركراوە بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، لایەنە شیعییەكان بەكازمی_یان ڕاگەیاندووە: پێویستە كاندیدەكانی كابینەكەی لەو ناوانە هەڵبژێرێت كە بۆیان پێشنیاز كردووە، نەك لەدەرەوەی ئەو لیستەو بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیارو پرس و ڕاوێژی ئەوان. بەشێك لەهێزە سیاسییەكان ڕەخنەی ئەوە لەكازمی دەگرن، زۆرینەی ئەو ناوانەی كاندیدی كردووە بۆ وەزارەتەكان لاوازنو هەندێكیشیان دووبارەنو چانسیان زۆر كەمە لەپەرلەمان تێبپەڕن، ئەوەش ڕەنگە وابكات كازمی فریای ئەوە نەكەوێت جارێكی تر كۆمەڵێك ناوی تر پێشكەش بە پەرلەمان بكات، بەتایبەت كە نیوەی ئەو ماوە دەستورییەی لەبەردەمیدایە بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی بەرەو تەواوبوون دەچێت. ڕەتكردنەوەی زۆرێك لەناوی كاندیدەكانو بەردەوامی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر هەندێك لەوەزارەتەكان، ئەركی كازمی هێندەی تر ئاڵۆزكردووە، بەجۆرێك هەندێك بەدووری نازانن هەمان چارەنوسی (محەمەد عەلاوی)هەبێت، ئەوە لەكاتێكدایە تائەم ساتەش لایەنە شیعییەكان پشتیوانی دەكەن بۆ تێپەڕاندنی حكومەتەكەی لەپەرلەمان. ناكۆكییەكە توندە لەدیارترین ئەو وەزارەتانەی ناكۆكییان لەسەرە، (نەوتو دەرەوەو كارەباو داراییو بەرگریو ناوخۆو پیشەسازی)ن. كازمی بەنیازبووە كەسانی سەربەخۆ بۆ وەزارەتەكانی بەرگریو ناوخۆ دەستنیشابكات، بەڵام فشاری لایەنە شیعی و سونییەكان ناچاری كردووە پاشگەزبێتەوە لەو بیرۆكەیە. دەزگای ئاسایشی نیشتمانیو هەواڵگریو دەزگا ئەمنییو سەربازییەكانی تریش ناكۆكی توندیان لەسەرە، حزبە سیاسییەكان بەهەموو شێوەیەك ڕەتیدەكەنەوە ئەو پۆستانە بدرێت بە كەسانێك كە ئەوان دیارییان نەكەن. میدیا عێراقییەكان باس لەكۆبونەوەیەكی چاوەڕوانكراودەكەن كە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێتو تێدا كازمی لیستی كابینە نوێیەكەی پێشكەش بە هێزە سیاسییەكان بكات، یەكێك لەو سیناریۆیانەشی قسەی لەبارەوە دەكرێت، پێشكەشكردنی كابینەكەیەتی بە پەرلەمان بەبێ پڕكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی كە ململانێی توندی لەسەرە، بەتایبەت وەزارەتەكانی بەرگریو ناوخۆو پیشەسازیو، كازمی خۆی بەوەكالەت بەڕێوەیان بەرێت، هاوشێوەی نوری مالیكی لەویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی وەزیراندا. كازمی وەزعی خراپە بەدر زیادی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون دەڵێت، تائەم ساتە كازمی لەدۆخێكی سەختدایە، پێویستبوو ناوبراو سود لەئەزموونی ئەوانەی پێشخۆی وەربگرێتو، پێشتر لەسەر میكانیزمێك ڕێك بكەوتایە پێش ئەوەی ناوی كاندیدەكان دەستنیشانبكات. زیادی بە "سۆمەرییە نیوز"ی راگەیاندووە: ئەو فشارانەی لە ڕاسپێردراوانی پێشوو كران، هەمان ئەو فشارانە ڕووبەڕووی كازمی بووەتەوە، بەتایبەت لەلایەن كوردو سوننەوە لەوەی پەیوەستە بە كاندیدە دیاركراوەكانیان بۆ وەزارەتەكان. ڕاشیگەیاندووە: كازمی میكانیزمی كاركردنی لەدەستداوە، دۆخەكە ناڕەحەت بووە، بەیانی ناوەكان دادەنرێنو ئێواران دەگۆڕێن، ئەمەش دۆخی كازمی زۆر ئاڵۆزكردووە تا ئەم ساتە. بەدڵی حزبەكان نەبێت تێناپەڕێت لەبەرامبەردا "دەوڵەتی یاسا" پێیوایە، دەبێت سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ئەو بڕوایەی لابچەسپێت ئەگەر ڕەزامەندی هێزە سیاسییەكان بەدەستنەهێنێت، ناتوانێت پێكهاتەی حكومەتەكەی تێپەڕێنێت. خالد ئەسەدی سەركردە لە ئیئتیلافی "دەوڵەتی یاسا" لەچاوپێكەوتنێكدا كە ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" وردەكارییەكەی بڵاوكردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆزە. كازمی ڕووبەڕووی سەختیو فشاری جۆراوجۆر دەبێتەوە، هەندێكیان پەیوەستن بە بنەڕەتی پێكهاتەی حكومەتو، هەندێكی تریشیان پەیوەستن بەو كەسایەتییانەی پێشنیازكراون بۆ وەزارەتەكان. بەپێویستیشی زانیووە كازمی ئەو دەرفەتەی لەبەردەمیدایە لەدەستی نەداتو، ناتوانێت كابینەكەی تێبەپەڕێنێت بەبێ ڕازیكردنی هێزە سیاسییەكان. ئاماژەی بەوەشداوە: دەوڵەتی یاسا لەبنەڕەتەوە تێبینی هەبووە لەسەر ڕاسپاردنی كازمی، بەڵام بەهۆی ڕەزامەندی زۆرینەی شیعەوە پەسەندی كردووە. تەئكیدیشی كردووە: بەردەوامیی دەستوەردانی دەرەكی وڵاتانی كاریگەر لەعێراق ڕۆڵی دیاری هەیە لەپێكهێنانی حكومەت، بەدیاركراوی دەستوەردانی ئێرانو ئەمریكا.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چانسێكی نوێ تاقیدەكاتەوە، دەیەوێت نەوتی هەرێم بەتەواوەتی رادەستی بەغداد بكات، بەمە لەلایەك كێشەی موچە بۆ هەمیشە لەكۆڵی خۆی بكاتەوە، لەلایەكی تریش دۆسیەی نەوت لەدەستی نێچیرڤان بارزانی دەربهێنێت، ئەمە پێشنیازێكی نوێیە كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت بیخاتە بەردەم بەغداد. دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم لەوپەڕی خراپیدایە، ئەگەر بەغداد پارەكە نەنێرێت بۆ ئەم مانگە 30%ی موچەی فەرمانبەرانی پێدابین دەكرێت، بەمەش حكومەت لە ئیفلاسبوون نزیك دەبێـتەوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكارییەكەی بڵاودەكاتەوە. حكومەت لەبەردەم موفلیسبووندا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی قوڵی داراییدایە، راگرتنی پارەكەی بەغداو دابەزینی نرخی نەوتو داهاتی ناوخۆ، كابینەی مەسرور بارزانی بەتەواوەتی لە ئیفلاسبوون نزیككردوەتەوە. حكومەتی هەرێم بۆ موچەو خەرجییەكانی تری، مانگانە پێویستی بە (ترلیۆنێكو 50 ملیار) دینار هەیە، بەڵام بۆ ئەم مانگە تەنها (271 ملیار) دیناری لەبەردەستدایە. عێراق پارەكە رادەگرێت ؟ بەپێی نوسراوێك كە رۆژی 1/4/2020 ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاڕاستەی نوسینگەی وەزیری دارایی عێراقی كردووە، داواكراوە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان رابگیرێت كە مانگانە (453 ملیار) دینارە. ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لە نوسراوەكەیدا دەڵێت ئەو بڕە پارەیەی كە لە 1/1/2020وە وەكو موچەی موچەخۆران، بەغداد دەیدات بە حكومەتی هەرێم: • كۆمپانیای سۆمۆ جەختی كردووە، ئەو بڕە نەوتەی خاوەی رێككەوتنی لەسەركراوە بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ساڵی 2019، هەرێمی كوردستان رادەستی نەكردووە. • لەسەر ئەو بنەمایە، پێویستە وەزارەتەكەتان (وەزارەتی دارایی) خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم رابگرێتو، ئەو بڕە پارەیەش كە دوای تەوابوونی ساڵی دارایی 2019 بۆ هەرێم خەرجكراوە، پێچەوانەی یاسایەو دەبێت هەرێم بیگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد. لەوەڵامی ئەم نوسراوەدا، بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، نوسراوێكی ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كردو تێیدا داوای لێكردن نوسراوێكی نوێ ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بكاتەوەو تێیدا فەرمان بكات بە خەرجكردنی پارەكەی هەرێمی كوردستان، چونكە بەوتەی بەشیر حەداد نوسراوەكەی پێشووی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران نایاساییەو زیان بە یەكڕیزی نیشتمانی لە عێراق دەگەیەنێت. دەركردنی بڕیارەكەی ئەمدواییەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ راگرتنی پارەی موچەی هەرێمی كوردستان، لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كابینەی عادل عەبدولمەهدی دواین رۆژەكانی تەمەنی خۆی بەڕێ دەكات. رێبوار كەریم یەكێك لە پەرلەمانتارە كوردەكانی پەرلەمانی عێراق دەڵێ:" دەركردنی ئەم بڕیارە فشارێكی سیاسی زۆر ئاشكرای (د.عادل عەبدولمەهدی)یە، چونكە تا چەند رۆژێك لەمەوبەر وای دەزانی چانسی بەردەوامبونی هەیە وەك سەرۆك وەزیران". رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەكرد، عەبدولمەهدی كە زانی چانسی نەماوە، بۆیە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو دوو كاری كرد، یەكێكیان ئەم بڕیارەیەو ئەویتریش راگەیەندراوێكە كە مەبەست لێی ئەوەیە، ئەگەر منیش نەمێنم ئێوە ئەبێ زۆر بەزوویی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پێدەچێت بۆ ئەم مانگە ئەو بڕە پارەیە كە (453 ملیار) دینارە، لە بەغداوە رەوانەی هەرێم بكرێت. ئێستا هەموو هەوڵێكی حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەیە ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەم مانگە رەوانە بكرێت، مانگی داهاتوو كابینەی نوێ پێكدێتو بەرپرسانی هەرێم چاوەڕوانی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێدراوی نوێی عێراق ناكەن هەوڵی بڕینی پارەكەی هەرێم بدات. مەسرور بارزانی چانسێكی نوێ تاقیدەكاتەوە (درەو) زانیویەتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لەڕێگەی ئەو وەفدەی كە چەند رۆژی رابردوو ناردی بۆ بەغداد، بەڕوونی بە بەرپرسانی بەغدادی راگەیاندووە: • هەرێم ئامادەیە تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، واتە كۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم نەك ئەو (250 هەزار) بەرمیلەی كە لە بودجەی 2019دا رێككەوتنی لەسەركرا. • بۆ رادەستكردنی تەواوەتی نەوت بە بەغداد، حكومەتی هەرێم دوو مەرجی داناوە كە ئەمانەن: یەكەم: بەغداد پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بدات كە مانگانە نزیكەی (950 ملیار) دینار دەبێـت. دووەم: بەغداد خۆی چارەسەری كێشەی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوتو پارەی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان بكات. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی بەم دەستپێشخەرییە نوێیەی لەگەڵ بەغداد بۆ رادەستكردنی تەواوەتی نەوت بە بەغداد: • دەیەوێت بەیەكجاری كێشەی نەبوونی موچەی فەرمانبەران لەكۆڵی حكومەتی هەرێم بكاتەوەو دۆسیەكە رادەستی بەغداد بكاتو چیتر لەحاڵی نەبوونی موچەدا هیچ گلەییەك لە كابینەكەی نەكرێت. • لەلایەكی تر مەسرور بارزانی بەم هەنگاوە دەیەوێت بەتەواوەتی دۆسیەی نەوت لە دەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای دەربهێنێت. مەسرور بارزانی كە یەكەمجارە خۆی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە، لەگەڵ روبەڕووبونەوەی لەگەڵ یەكەم قەیرانی دارایدا، چەندجارێكە لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا باسلەوەدەكات ئەو قەیرانەی ئێستا بەرۆكی كابینەكەی گرتووە، میراتی كابینەكەی پێشووە بۆی بەجێماوە واتە میراتی كابینەكانی (نێچیرڤان بارزانی)یە. نۆ مانگ تێپەڕیوە بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، تائێستا مەسرور بارزانی نەیتوانیوە بەتەواوەتی دۆسیەی نەوت لەدەستی خۆیدا جڵەو بكات، سەرباری ئەمە مەسرور بارزانیو پارتی دیموكراتی كوردستان هێشتا پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیان پڕنەكردوەتەوە، شێخ باز سەرۆكی كۆمپانیای كار ئێستا وەكو نوێنەری سەرۆكی حكومەت بۆ كارەباری وزە بەشداری لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا دەكات. "بەغداد موفلیسە" ساڵی 2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی كرد، دوای گەڕانەوەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" بەغداد موفلیسە، پارەی نیە"، ئەم قسەیە هێشتا لە گوێی خەڵكدا دەزرنگێتەوە، دوای ئەم قسەیە نێچیرڤان بارزانی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی راگەیاند، ئەوكاتو تائێستا بەغداد موچەی فەرمانبەرانی بەبێ پاشەكەوتو دواكەوتن دابەشدەكات. بەڵام پێدەچێت كاریگەری قسەكەی نێچیرڤان بارزانی لە ئێستاوە دەربكەوێت، لەدوای دابەزینی نرخی نەوتو دەركەوتنی قەیرانی كۆرۆناوە، قاسەكەی بەغدادیش بەرەو "موفلیسبوون" دەڕوات. موفلیسبوونی ئەمجارەی بەغداد گورزی بەهێز لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم بەبێ ئەو پارەیەی كە مانگانە لە بەغدادەوە بۆی دێت، بەداهاتەكانی خۆی توانای دابینكردنی تەنیا (30%)ی موچەی موچەخۆرانی هەیە. ئەگەر بەغداد بۆ ئەم مانگە پارەكەی نەنێرێت، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتەواوی ئیفلاس دەكات. داهاتەكانی هەرێم سەرچاوەی ئەو داهاتانەی كە ئێستا لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، بۆ موچەی ئەم مانگە ئەم بڕە پارانەن: • (170 ملیار) دینار پارەی هەڵگیراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكی (RT)ی هەولێر • (21 ملیار) دیناری پارەی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە • (30 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ • (50 ملیار) دیناری داهاتی نەوت (271 ملیار) دینار كۆی گشتی ئەو داهاتەیە كە بۆ ئەم مانگە لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە. بۆ خەرجیو موچە، حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (ترلیۆنێكو 50 ملیار) دینار هەیە، بۆ موچەی ئەم مانگەی موچەخۆران پێویستی بە (893 ملیار) دینارە. واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ پارەكەی بەغداد بڕی (779 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت لەو پارەیەدا كە پێویستیەتی بۆ دابینكردنی موچەو خەرجی وەزارەتەكان. تەنیا لەو پارەیەدا كە پێویستیەتی بۆ دابینكردنی موچە، بۆ ئەم مانگە حكومەتی هەرێم بڕی (622 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، واتا توانای دابینكردنی تەنیا (30%ی)ی پارەی موچەی دەبێتو (70%)ی پارەی موچەخۆرانی پێدابین ناكرێت. ئەو پارەیەی كە مانگانە بەغداد بۆ موچە رەوانەی هەرێمی دەكات (453 ملیار) دینارە، (12 ملیار) دیناری ئەم پارەیە بەرلەوەی بگاتە كوردستان دەچێت بۆ قەرزی بانكە ئەهلییەكان، ئەوەی كە دەمێنێتەوەو رەوانەی هەرێم دەكرێت مانگانە بڕی (441 ملیار) دینارە. ئەگەر ئەم مانگەش بەغداد بڕی ئەو (441 ملیار) دینارە رەوانەی هەرێم بكات، ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە (712 ملیار دینار)، لەم حاڵەشدا هێشتا حكومەتی هەرێم بۆ موچەو خەرجی بڕی (338ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، ئەگەر پارەكەی بەغدادیش بدرێت، هێشتا بۆ دابینكردنی موچەی ئەم مانگە حكومەت بڕی (181 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت. وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەیەكی وەزارەتی دارایی كە وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووە، بۆ موچەی مانگی رابردوو كە موچەی مانگی (2019/12) ئەو داهاتانەی كە لەبەردەستی وەزارەتی دارایدا بووە، بەم شێوەیە بووە: • (345 ملیارو 203 ملیۆن) دینار داهاتی فرۆشی نەوت • (441 ملیار) دینار تەمویلی بەغداد • (21 ملیار) دینار تەمویلی هاوپەیمانان • (91 ملیارو 232 ملیۆن) دینار داهاتی ناوخۆی هەرێم • (898 ملیارو 555 ملیۆن) دینار كۆی گشتی داهاتەكان بووە كە دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ خەرجكردنی موچە. بەپێی راپۆرتێكی نهێنی تیمی ئەنجومەنی وەزیران كە خراوەتە بەردەست سەرۆكی حكومەتو وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووە، داهاتی خەمڵێنراوی مانگی چوار لە كۆی ( 939) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (520 ملیۆن) دۆلار كەمیكردووەو بەم شێوەیەی لێهاتووە: * داهاتی نەوت: هەرێم رۆژانە (435 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، داهاتی مانگێكی فرۆشی نەوت بە (20) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، دەكاتە (261 ملیۆن) دۆلار، لەم بڕە: - 60 ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆزنەفت - 30 ملیۆن دۆلار بۆ توركیا، ئەمە مافی گواستنەوەی نەوتەكەیە - 50 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی توركیا - 120 ملیۆن دۆلار دەمێنێتەوە كە (50%) بۆ كۆمپانیای بەرهەمهێن دەچێت، واتە هەرێم لە مانگی (4) تەنها (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە لە فرۆشی نەوت، (ئێستا كە نرخی نەوت دابەزیوە، ئەم پێشبینییەی تیمەكەی حكومەت كورتتریش دەهێنێت) - داهاتی ناوخۆ بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی (4) تەنها (60ملیۆن) دۆلار دەبێت، (ئەم داهاتەش بەهۆی رێوشوێنەكانی كۆرۆناوە ئەم داهاتەش كەمترە لەوەی تیمەكەی حكومەت پێشبینی كردووە). - ئەگەر بەغداد بۆ مانگی (4) پارە وەكو خۆی بنێرێت (383 ملیۆن) دۆلار. - 17 ملیۆن دۆلار هاوكاری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی - كۆی گشتی داهاتی خەمڵێنراو بۆ مانگی (4) دەكاتە (520 ملیۆن) دۆلار. - ئەگەر بەراوردی داهاتی مانگی (1) بە مانگی (4 ) بكەین، تەنیا لە داهاتەكانی ناوخۆو نەوتدا، حكومەت بڕی (419 ملیۆن) دۆلاری لەدەستداوە. پێشنیاز بۆ موچەی مانگی چوار لیژنە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی كردووە لە مانگی (4)دا كە داهاتی گشتی (520) ملیۆن دۆلار دەبێت (ئەمە ئەگەر پارەكەی بەغدادیشی لەسەر بێت)، بڕی (475 ملیۆن) دۆلاری بۆ موچە تەرخان بكرێت كە خۆی پێویستی بە (755 ملیۆن) دۆلار هەیەو (45 ملیۆن) دۆلاریش بۆ میزانیەی تەشغیلی بێت. راپۆرتەكە سێ پێشنیازی خستوەتە بەردەم سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێدانی موچە، وا دەردەكەوێت سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشنیازی یەكەمی قبوڵكردووە. پێشنیازی یەكەم دەڵێ:" بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت، چونكە یاسای چاكسازی ئامادە نیەو پارەیەكی زۆریشمان بۆ ناگەڕێتەوەو موچە لە ماوەی (30 )رۆژدا دابەش نەكرێت، بەڵكو (45) رۆژ یان (60) رۆژ جارێك بێت".
(درەو): دادگای باڵای هەرێمی فرانكفۆرت لە ئەڵمانیا زنجیرەیەك دانیشتنی دەستپێكرد بۆ دادگایكردنی پیاوێكی عێراقی كە تۆمەتبارە بە كوشتنی منداڵێكی ئێزیدیو ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەدژی ئێزیدییەكان. بەپێی قسەی بەرپرسان، ئەو پیاوەی كە ئێستا دادگایی دەكرێت ناوی (تەها ج)ەو تەمەنی (37 ساڵ)ە، تەها ئەندامی رێكخراوی "داعش" بووە، ئەو لەگەڵ هاوسەرەكەی بەناوی (جێنیفەر ف) تۆمەتبارن بە كوشتنی منداڵێكی ئێزیدی. بەپێی كۆنوسی دادگا، تەها لە مانگی ئازاری ساڵی 2013وە پەیوەندی بە رێكخراوە "داعش"ەوە كردووەو تاوەكو ساڵی رابردوو لەناو ئەو رێكخراوە لە شارەكانی رەقەی سووریاو عێراقو توركیا چەندین بەرپرسیارێتی وەرگرتووە. تەها بەهاوكاری جێنیفەری هاوسەری، لە مانگی حوزەیرانی 2015دا ژنێكی ئێزیدی بەناوی (نورا) لەگەڵ منداڵێكی پێنج ساڵانی ئەو ژنەدا بەناوی (رانیا) وەكو كویلە كڕیوەو لەگەڵ خۆیدا بردونی بۆ فەلوجە. بەپێی قسەی رۆژنامە ئەڵمانییەكان، نورا چەندجارێك لەبەردەم دادگا لە میونخ قسەی كردووەو باسی لە ئازارو ناڕەحەتیانە كردووە كە لەگەڵ (رانیا)ی كچیدا لەسەردەستی ئەو پیاوە دوچاری بوون. ژنە ئێزیدییەكە باسی لەوەكردووە، هاوینی ساڵی 2015 رانیای كچی میزی بە فەرشی ماڵی تەهادا كردووە، بەوهۆیەوە تەها ئەو منداڵەی بە پەنجەرەیەكی دەرەوەی ماڵەكەیدا هەڵواسیوە كاتێك پلەی گەرما گەیشتوەتە (50) پلەی سەدی، بەوهۆیەوە منداڵەكە لە تینوێتیدا گیانی لەدەستداوە، سەرباری ئەمە، تەها دایكی ئەو كچەی ناچاركردووە بەو گەرمایە بەپێی پەتی لە دەرەوە هاتوچۆ بكاتو ئەوە بووەتە هۆی سوتانی قاچەكانی، دادگا دەڵێ نوراو رانیای كچی لەلایەن ئەو پیاوەی ئەندامی "داعش"ەوە دوچاری برسێتی كراونەتەوە. نوراو رانیای كچی هاوینی 2014 كاتێك داعش چووەتە ناو شەنگال، رفێندراون، داواكاری گشتی ئەڵمانیا دەڵێ ئەو دایك و كچە چەندجارێك لە بازاڕی كۆیلەكاندا فرۆشراون. سەرباری ئەمە، تەها تۆمەتبارە بە تاوانی دژە مرۆییو تاوانی جەنگیو قاچاخچێتیكردن بە مرۆڤەوە. (جێنیفەر ف) هاوسەری تەها ماوەی ساڵێكە لە میونخ دادگایی دەكرێت بەتۆمەتی كوشتنی ئەو منداڵە ئێزیدییەی كە لە فەلوجە لەگەڵ تەهای هاوسەریدا بەجێیان هێشتووەو لە تینوێتیدا گیانی لەدەستداوە. تەها لە رۆژی 16ی ئایاری 2019 لە یۆنان دەستگیركراوەو رۆژی 9ی ئۆكتۆبەر رادەستی ئەڵمانیا كراوەو رۆژی دواتر راگیراوە. لە پرۆسەی دادگایكردنی جێنیفەری هاوسەری تەهادا، ئامال كلۆنی پارێزەری بەرەگەز لوبنانیو نادیە موراد، نوێنەرایەتی دایكی كچە ئێزیدییەكە دەكەن، نادیە خۆشی یەكێك لەو كچە ئێزیدییانەیە كە لەلایەن داعشەوە رفێندراوە، نادیە ساڵی 2018 خەڵاتی نوبڵی ئاشتی پێدرا. ئامال كلۆنیو نادیە موراد هەڵمەتێكی نێودەوڵەتییان دەستپێكردووە بۆ داننان بە پاكتاوكردنی ئێزیدییەكان لەلایەن رێكخراوی "داعش"ەوە، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن سەلماندنی ئەوەی "داعش" بەرامبەر بە ئێزیدییەكان كردویەتی وەكو "پاكتاوكردن" لەبەردەم دادگادا، كارێكی قورسە، چونكە دەبێت ئەوە بسەلمێندرێت كە لەلایەن داعشەوە ئیرادەیەك هەبووە بۆ ئەوەی پاكتاوی رەگەزیی ئێزیدییەكان بكرێت. ئەلیكسەندەر شفارتس كە مافناسێكی ئەڵمانییە لە زانكۆی (لایبزیغ) دەڵێ:" هیچ نوسراوێك نییە كە فەرمان بكات بەوەی ئێزیدییەكان پاكتاو بكرێن". تاوەكو بەر لە ساڵی 2014و هاتنی داعش، ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق (550 هەزار) كەس بووە، ئەمە یەك لەسەر سێی كۆی ژمارەی ئێزیدییەكان لە جیهاندا پێكدەهێنێت، لەدوای ساڵی 2014وە (100 هەزار) كوردی ئێزیدی ناوچەكانی خۆیان بەجێهێشتووەو روویان لە تاراوگە كردووە، بەتایبەتیش ئەڵمانیا. مانگی ئابی ساڵی 2014 چەكدارانی رێكخراوی "داعش" سەدان كەس لە هاوڵاتیانی كوردی ئێزیدییان لە شەنگال كوشتو هەزاران كەسی تریان ناچاركرد لەناوچەكانی خۆیان ئاوارە ببن، دەیان كچو ژنی ئێزیدیشیان وەكو كەنیزەك دەستبەسەركرد. داعش زیاتر لە (6 هەزارو 400) ئێزیدی رفاند، لەو ژمارەیەك (3 هەزارو 300) كەسیان توانیویانە لەدەستی چەكداران هەڵبێن، چارەنوسی ئەوانی تر تائێستا نادیارە.
(درەو): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕووبەڕووی گەورەترین نەهامەتی بووەتەوە لەمێژووی خۆیدا، بەتایبەت كە چەند مانگێكی تر و بەدیاریكراوی لەمانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەچێتەوە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی. داڕمانی كارەساتاوی نرخی نەوت، هەڕەشە لە ئایندەی سیاسی خۆیو پارتی كۆماری دەكات لە ویلایەتە نەوتییە گرنگەكان لەخۆرئاواو ناوەڕاستی خۆرئاوای ئەمریكا، هاوشانی دروستكردنی فشارێكی چڕ لەسەری لەلایەن لۆبی كۆمپانیا نەوتییەكانو پشتیوانەكانی لە كۆنگرێس. ئەو كۆمپانیایانە لەپشتیوانە بەهێزەكانی بوون لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016دا، بەوەش هەر دەستبەردابونێك لێیان، ئایندەی سیاسی ترەمپ ڕووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە. لەگەڵ ئەوەی ترەمپ چەندین جار بەڵێنیداوە بە ڕزگاركردنی ئەو كۆمپانیایانە لەداڕمان، ڕەنگە لەئێستادا كەرەستەیەكی كەمی لەبەردەستدابێت بۆ ڕزگاركردنیان. ترەمپ ئێوارەی سێ شەمەی ڕابردوو لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" ڕێگەنادەین پیشەسازی نەوتو غاز ئەمریكی دووچاری داڕمانبێت، داوامان لە وەزیرانی ووزەو گەنجینە كردووە پلانێك دابڕێژن بۆ ڕەخساندنی هاوكاریكردنی ئەو كۆمپانیا گرنگانەو، وەزیفەكان تێیاندا سەقامیگربن لەئایندەدا ". بازاڕەكانی نەوت دەكەون دوای "دووشەمەی ڕەش" پیشەسازی نەوتی ئەمریكا نزیكەی 10 ملیۆن كارمەندی خستوتەكار، پێش داڕمانی نەوت بەوشێوە مەترسیدارە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نزیكەی 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بەرهەمدەهێنا. بەڵام سیناریۆ پێشنیازكراوەكان بۆ ڕزگاركردنی پیشەسازی نەوتی ئەمریكی كامانەن، بەتایبەت ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان ڕووبەڕووی مایە پووچبوون دەبنەوە، دوای ئەوەی بڕە پارەیەكی زۆریان داوە بە كڕیاران بۆ ڕزگاربوون لە گرێبەستەكانی ئایار، بەهۆی نەبوونی شوێنی ئەمباكردن بۆ نەوتەكانیان؟. تائێستا ترەمپ سێ پێشنیازی لەبەردەمدایە، ئەویش پێشكەشەكردنی پشتیوانی دارایی ڕاستەوخۆ پێیان تابتوانن قەرزەكانیان بدەنەوەو، دەستەبەركردنی شوێنی ئەمباركردن لە گەنجینەی یەدەگی ستراتیجی ئەمریكی، یاخود قەدەغەكردنی هاوردەی نەوت لەو وڵاتانەی نەوت بۆ ئەمریكا هەناردە دەكەن. لەسەر ئاستی دەستەبەركردنی هاوكاری دارایی، لۆبی كۆمپانیا نەوتییەكان لەكۆنگرێس داوا لە بانكی یەدەگی فیدراڵی"بانكی ناوەندی ئەمریكا" دەكات، بە دروستكردنی میكانیزمێكی نوێ بۆ هاوكاریو بەوپێیەش قەرز پێشكەش بە كۆمپانیاكان بكرێت كە بەهاكەی بە نزیكەی 600 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەوەش بەگوێرەی شیكردنەوەیەك كە "ئۆیەڵ پرایس"بڵاویكردووتەوە. زۆرێك لەكۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا لەسەرەتای جەنگی نەوتی نێوان ڕیازو مۆسكۆو داخستنی ئابوری ئەمریكاو ئەو ئابورییانەی لەئاسیاو ئەوروپا نەوتی خاوی هاوردە دەكەن، بەدەست كێشەی بەڕێكردنی بەرهەمەنەوتییەكانییەوە دەناڵێنن. لەئێستادا دەیان بارهەڵگری زەبەلاحی نەوت لەكەناراوەكانی كالیفۆرنیا لەنگەریانگرتووەو چاوەڕێی كڕیار دەكەن. شرۆڤكاران پێیانوایە، مایەپووچبوونی كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان تەنها لەخاوەنەكانیاندا ناوەستێت، بەڵكو لێكەوتەكانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بانكەكانی ئەمریكاو بازاڕی سەندەدات. بەگوێرەی ڕۆژنامەی "فاینانشناڵ تایمز" گەورە قەرزدەرەكان بەم كۆمپانیایانە بانكە گەورەكانی لەنمونەی "جی بی مۆرگان"و"سیتی گروپ"و "بانك ئۆف ئەمریكا"و "وێل فارگۆ"ن. ئەوەش بەونامایەی، ڕزگارنەكردنیان دروستبوونی قەیران لەكەرتی بانكی دەگەیەنێت كە ڕووبەڕووی داڕمان بووەتەوە لەنرخی پشكەكانی لەبازاڕی"وۆڵ ستریت". سەبارەت بە بژاردەی دووەمیش بۆ ڕزگاركردنی كۆمانیا نەوتییە بەردینەكان، ئەوەیە قەدەغەی هاوردەی نەوت لەسعودیەوە بكرێتو، ڕەنگە لەسەرجەم وڵاتانی "ئۆپێك پلەس" بەڕوسیاشەوە. ئەوەش یەكێك لەو بژاردانەی ترمەپ لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ڕۆژی شەمەی ڕابردوودا قسەی لەبارەوەكرد. ئەم بژاردەیە ڕەنگە لەلایەن كۆنگرێسەوە بەخێرایی پەسەندبكرێت، بەهۆی توڕەیی سیاسییەكانی ئەمریكا لە نوقمكردنی بازاڕی نەوت لەلایەن كۆمپانیای ئارامكۆو چالاككردنی قەیرانی داڕمانی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو. بەڵام شرۆڤەكاران دەڵێن، ڕەنگە ئەم بژاردەیە پیشەسازی نەوت ڕزگارنەكات، چونكە ئەو نەوتەی ئەمریكا لەوڵاتانی "ئۆپێك پڵەس" هاوردەی دەكات 3 ملیۆن بەرمیل تێپەڕناكات، كە زۆربەی لە سعودیەو ڕوسیاوەیە. بانكی "گۆڵد ساكس" ڕۆژی سێ شەممە لەیاداشتێكدا ڕایگەیاند:" پیشەسازی نەوتی ئەمریكا چەند ملیۆن بەرمیل نەوتێك لەهەفتەكانی داهاتوودا لەدەستدەدات". بانكەكە پێشبینی كردووە: فشار لەسەر گرێبەستەكانی نەوتی خاوی تەكساس بۆ مانگەكانی حوزەیران هاوشێوەی مانگی ئایار بەردەوامبێت. ترەمپو سعودیە.. ئیبتیزازكردن كۆتایی نایەت شارەزایانی بواری نەوت بەدووری نازانن لەمانگی داهاتوودا نەوتی خاوی كۆمپانیاكان ڕووبەڕووی "قەسابخانەی نرخەكان" ببێتەوەو ئەمریكا ناچاربكات بە داخستنی دەیان بیرە نەوتی بەردین. مایكل گارفی سەرۆكی بەشی ووزە لەبانكی "ئادۆر كابیتاڵ" وەبەرهێنانی سویسری پێیوایە، گەڕانەوەی نرخەكان بۆ ئاستی سروشتی خۆی، ڕەنگە پێویستی بە ماوەیەكی درێژبێت. گارفی لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری فۆربس ڕایگەیاندووە:"ئێمە لەسەرەتای ماوەی تاقیكردنەوەی پیشەسازی نەوتیداین". هەرچی بژاردەی سێیەمیشە، كە تەرخانكردنی ڕووبەڕێكە لە گەنجینە نەوتییەكان لە گەنجینەی یەدەگی ستراتیجی ئەمریكا بۆ بەرهەمی كۆمپانیا نەوتییەكان، ترەمپ وتی: ڕووبەڕبەڕی 77 ملیۆن بەرمیل لە گەنجینەی ستراتیجی دەدات بە كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان. بەڵام شارەزایان پێیانوایە، ئەو بڕە تەنها بەشی چەند ڕۆژێك دەكات بۆ گلدانەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا كە لەئێستادا بەرهەمهێنانی نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە، شارەزایان پێشبینی دەكەن، ئەمبارە نەوتییە بازرگانییەكان لە ناوچەی كاشینگ لە ئۆكلاهۆما لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا پڕببن. هاوكات بانكی "گۆڵدمان ساكس" پێشبینی دەكات، لەباشترین حاڵەتدا قەیرانی نرخ لەمانگی حوزەیران بەردەوام بێت. ئەوەش بەومانایەی بەشێوەیەكی كرداری لەماوەی هاویندا بەكارهێنانی نەوتی ئەمریكی بەرزدەبێتەوە، ڕەنگە لەدەرەوەی پلانی بەرزبوونەوەی داواكاری بێت لەسەر وزە لەویلایەتە یەكگرتووەكان. لەنێو بژاردە پێشنیازكراوەكانی تریشدا، فشاركردنە لەسەر "ئۆپێك پڵەس" بۆ جێبەجێكردنی زیاتری كەمكردنەوەی تێكڕای بەرهەمهێنان. بەڵام پێدەچێت ئەم بژاردەیە سەرنەگرێت، بەهۆی ئەو لێدوانانەی لە مۆسكۆوە بڵاوبووتەوە. بەگوێرەی ڕۆیتەرز، كریملین ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە: هێشتا زۆر زووە بۆ هەڵهێنجانی هەر ئەنجامێك سەبارەت بەگرتنبەری هەنگاوی زیاتر بۆ ڕێگەگرتن لەدابەزینی نرخی نەوت پێش ئەوەی ڕێككەوتنی جیهانی كە كۆمەڵەی "ئۆپێك پڵەس" بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەی لە سەرەتای مانگی ئایار. سەرچاوە: ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"
(درەو): ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵو یەكگرتوو) دەڵێن لامەركەزیەتی ئیداریو دارایی یەكێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو دەبێت جێبەجێ بكرێت، فراكسیۆنی پارتی و چەند ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان هۆڵی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگایان جێهێت. ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ كۆبووەوە، كۆبونەوەكە بۆ قسەكردن بوو لەسەر دوو تەوەر (دواكەوتنی موچەی موچەخۆرانو چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروبار لە خاڵە سنورییەكان). بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە تەوەری قسەكردن لەبارەی دواكەوتنی موچەی موچەخۆرانەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە ناوی (خەدیجە عەبدولجەبار ) وتویەتی لەسەر دواكەوتنی موچە، پێویستە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماربكرێت. هەر لە گفتوگۆ لەبارەی دواكەوتنی موچە، رێكەوت زەكی لە فراكسیۆنی یەكێتی پێشنیازی زیندوكردنەوەی پرۆژەی لامەركەزیەتی ئیداریو دارایی كردووەو ئەمەی وەكو چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا ناوبردووە. دوای ئەم قسانە، فراكسیۆنی پارتیو سێ ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا كشاونەتەوە بەبەهانەی ئەوەی گفتوگۆكان لە تەوەری خۆیان لایانداوە. بارزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، قسەكردن بۆ هەموو ئەندامان ئازادە، هەروەك چونەدەرەوەی ئەو برادەرانەش لە كۆبونەوەی ئەنجومەن ئازادەو یاساییە، هەرئەندامێكی ئەنجومەن بۆی هەیە لەسەر هەر بابەتێك قسە بكات. دوای ئەوەی فراكسیۆنی پارتیو سێ ئەندامەكەی فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆبونەوەكە چونەدەرەوە، كۆبونەوەكە كۆتایی پێهات، بەڵام (درەو) زانیویەتی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردووە كە تێیدا داوای زیندوكردنەوەی پرۆژەی لامەركەزیەتی ئیداریو دارایی دەكەن. (درەو) كۆپییەك لەو نوسراوەی دەستكەوتووە، تێیدا ئاماژە بەوەكراوە" لامەركەزیی كارگێڕیو داراییو دابەزاندنی دەسەڵاتی كارگێڕیو داراییو ئاڕاستەكردنی بۆ بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا، خاڵێكی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەنێوان پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانو ئەنجومەنی پارێزگا پێویستە جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ئەو خاڵە بكرێتەوە". جوڵاندنی پرسی لامەركەزیەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە هاوكاتە لەگەڵ ئەو گرژییانەی كە بەمدواییە لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە.
راپۆرتی: درەو ئەو بەڵێنانەی هێزە سیاسییەكان بە مستەقا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراویاندا لەساوەختی ڕاسپاردنیدا بە سەرپشككردنی لەدیاریكردنی وەزیرەكانی حكومەتەكەی تاسەر نەبوو، لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكاندا، سەرجەم هێزە سەرەكییەكان پێداگریان لەسەر پشكی خۆیانو ئیستحقاقی هەڵبژاردن كرد. لەوەش زیاتر، ململانێكە لەسەر دوو ئاست قوڵبووتەوە: • ئاستێكیان، ناكۆكی كوتلە سیاسییەكانە لەسەر پشكی پێكهاتەكانیان لە وەزارەتەكان، بەتایبەت وەزارەتە سیادیییەكان. • ئاستی دووەمیشیان، ناكۆكی نێوان هێزەكانی ناو خودی پێكهاتەكانە، بەجۆرێك هەر لایەنەو چاوی لەسەر وەزارەتێكی دیاریكراو یان زیاترە بۆ خۆی بەرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی هەندێك لەمیدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، لەدانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتەدا: • دەوڵەتی یاسا داوای وەزارەتی ناوخۆی كردووە، وەگرتنی ئەو وەزارەتەی كردووەتە مەرج بۆ پاڵپشتیكردنی كازمی. • پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگری لەسەر هێشتنەوەی فوئاد حسێن وەزری دارایی دەكات لەكابینەكەی كازمی_دا. • ڕەوتی حیكمەو سائیرون هەردووكیان داوای وەزارەتی نەوت دەكەن. • سوننەكان داوای هێشتنەوەی چەند وەزیرێكو ئاڵوگۆڕی یەك دوو وەزارەت دەكەن. عەقیل ئەلردەینی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسر" لە لێدوانێكدا بۆ سایتی "بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاندووە: كوتلە سیاسییەكان تەنها داوای وەزارەت ناكەن لەكازمی، بەڵكو دەیانەوێت كاندیدی دیاریكراویشی بەسەردا بسەپێنن. جەختیشی كردووە: قسەی هەندێك هێزی سیاسی لەبارەی سازشكردنی لە پۆستی وزاریو، سەرپشككردنی كازمی، تەنها دروشم و بانگەشەیە. هیچ نەماوە بیدزن عەدنان زورفی ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی حكومەت، لەتویتێكدا لەبارەی ململانێی هێزە سیاسییەكانی عێراق سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكان دەەڵێت: "وڵات هیچی تیانەماوە بەكەڵكی دزی بێت، حكومەت پێكبهێنن باخەڵك بحەوێتەوە". لای خۆیەوە، مەنسور بعێجی پەرلەمانتاری "دەوڵەتی یاسا" لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ڕاگەیاند: پشكێنەی حزبی ڕێگرە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت، پێویستە لەسەر كازمی ئەو ڕێككەوتنە لەبەرچاو بگرێت كە لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان ئەنجامیداوە، بە تایبەت لەگەڵ كوتلە شیعییەكان كە كاندیدیان كردووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، كوتلە شیعییەكان لەسەرەتادا كازمی_یان سەرپشككرد، بەڵام كاتێك لەگەڵ كوتلە كوردییەكان كەوتە دانوستان مەرجی خۆیان بەسەردا سەپاند، هەروەك چۆن سوننەكانیش هەندێك مەرجیان هەبوو بۆی، ئەوەش وایكرد كوتلە شیعییەكان لە سەرپشككردنەكە پاشگەزببنەوە. جەختیشی كرد: لەئێستادا هیچكام لەهێزەكان سازش لەسەر پشكی خۆیان ناكەنو، حكومەت لەڕێی پشكێنەی حزبییەوە نەبێت تێناپەڕێت. ئەوە لەكاتێكدایە، زیاتر لە سێ یەكی ئەو ماوە دەستورییەی لەبەردەم كازمی_دایە بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی بە پەرلەمان كۆتایهاتووە، پێشتر هێزە سیاسییەكان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان، حكومەتەكەی كازمی لەپەرلەمان تێدەپەڕێت. كازمی ئاگاداردەكەنەوە بڵاوبونەوەی دەنگۆی ڕەتكردنەوەی كاندیدی هێزە سیاسییەكان بۆ وەزارەتەكانو دانانەوەی هەندێك لە وەزیرەكانی حكومەتی ئێستای عێراق لەكابینەی داهاتوودا، لەلایەن مستەفا كازمی_یەوە، هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی توڕەكردووەو، ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی هەمان چارەنوسی (زورفی) لێدەكەن، ئەگەر پابەندنەبێت بە ڕێككەوتنی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان. محەمەد غەبان سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی "فەتح" لەپەرلەمانی عێراق لەتویتێكدا ڕایگەیاندووە: زروفی_یان ڕەتكردەوە لەبەر ئەوەی بەمیكانیزمێكی پێچەوانەی دەستورو عورفی سیاسی ڕاسپێردرا، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی ئێستاش لەڕێی تەوافوقی كوتلە سیاسییەكانەوە هاتووە، نەك لەبەر ئەوەی باشترینە، یان لەهەڵبژاردنەكاندا سەركەوتووبوبێت، بەڵكو وەك دەرچەیەكو چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە دیاریكراوە، بۆیە پێویستە لەسەری پابەندی ئەو پرنسیپانەبێت كە كوتلە سیاسییەكان لەسەری ڕێككەوتوون لەگەڵی. دەنگو جوڵەكان لەفراوانبوندان توندبوونەوەی ململانێی هێزو لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ، هاوكاتە لەگەڵ فراوانبوونی ئەو دەنگە ناڕەزاییانەی لەناو هێزو لایەنە شیعییەكاندا دژ بە هەرێمی كوردستان قسەدەكەن. فالح خەزعەلی پەرلەمانتاری كوتلەی "سەنەدی نیشتمانی" كە سەربە گروپەكانی حەشدی شەعبی_یە لەپەیامێكدا كە ئاراستەی مستەفا كازمی كردووە، دەڵێت: ناكرێت پەراوێزخستنی پارێزگاكانی ناوەڕاستو باشور بەردەوامبێت، پێویستە پرۆگرامی حكومەتی داهاتوو دادپەروەربێتو ڕوونبێت لەدابەشكردنی سامانی وڵات. خەزعەلی، كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت بە داواكارییەكی گرنگ دەزانێت، داواش لەكازمی دەكات، داهاتی خاڵە سنورییەكانو نەوتو فرۆكەخانەو باج بگێڕێتەوە بۆ ژێر دەستی دەوڵەت. دەشڵێت: ڕێگەنادەن بە دووبارە بوونەوەی ئەزمونی حكومەتەكانی ڕابردوو، هانی پەرلەمانتارەكانی ناوەڕاستو باشوریش دەدات بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن. ئەوەش لەكاتێكدایە، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر حەسەن سالم پەرلەمانتاری كوتلەی "سادقون" ی سەر بە گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق لەبەیاننامەیەكدا، حكومەتی هەرێمی كوردستانی تۆمەتباركرد بە دەستبەسەراگرتنی سامانی دەوڵەتی عێراقو، داوای لەهێزە شیعییەكان كرد، سنورێك بۆ بردنی داهاتی عێراق دابینێنن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، بە تایبەت كە عێراق مانگانە بودجە ڕەوانەی هەرێم دەكات، بەڵام تائێستا هەرێم ئامادەنییە نەوتەكەی ڕادەستی بەغداد بكات. هەر لەوچوارچێەیەدا، دوێنێ لەمیدیاكاندا نوسراوێكی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوبووەوە كە ئاراستەی نوسینگەی وەزیری دارایی عێراق كراوە، تێیدا داوای ڕاگرتنی پشكی هەرێم دەكات لەبودجەی عێراق، بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم بە ڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی لەسەری پێویستە ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆی بكات. پێشتریش محەمەد غەبان سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی "فەتح" لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق، كە میدیایەكی نیمچە ڕەسمی حكومەتی عێراقە، داوایكرد پرۆسەی كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت، چەكی پێشمەرگەش بگرێتەوە.
(درەو): شارەزایەتی بواری وەبازاڕخستنی نەوت كە پێشتر لە كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" كاریكردووە، دەڵێ داڕمانی نرخی نەوتی ئەمریكی كاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت لە جیهاندا دەبێتو عێراقو وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە رێكخراوی "ئۆپێك" زەرەرمەندی گەورە دەبنو پێشبینی دەكات دواجار بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی نەوت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی ببات. لەبارەی دابەزینی نرخی نەوتەوە محەمەد جبوری- بەڕێوەبەری گشتی پێشووی وەبازاڕخستن لە كۆمپانیای سۆمۆ وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت داوا لێبوردن دەكەم كە دوێنێ شەو نەمتوانی هیچ شتێك بنوسم سەرباری ئەوەی پسپۆڕییەكەم لە بواری وەبازاڕخستنی نەوتدایە، بەڵام زۆر كەس پەیوەندییان پێوەكردم و داوایان كرد لێكدانەوە بۆ ئەم دیاردەیە بكەم (دابەزینی بەهای نەوتی ئەمریكا) بۆ ئەوەی بینرێن بۆ بەرپرسان یاخود بڵاوی بكەنەوە. لە ساڵی 1986وە بازاڕی نەوت لە نیویۆرك دروستكراوەو ناوی لێنراوە بازاڕی كاغەزیی نەوت، ئەمە گەمەیەك بوو بۆ راكێشانی بەڕەكە لەژێر پێی وڵاتانی ئۆپێك، كە پێشتر ئەوان نرخی نەوتی خاویان دیاریدەكرد، لەوكاتەوە ئۆپێك وردە وردە كۆنترۆڵی خۆی بەسەر دیاریكردنی نرخی نەوتدا لەدەستدەداتو چیتر میكانیكییەتی خواست و خستنەڕوویش هاوشێوەی كاڵاكانی تر، توانای دیاریكردنی نرخی نەوتی نەماوە، بەڵكو ئەوەی رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت كڕێنو فرۆشتنی موستەقبەلیی نەوتە لەناو بازاڕی كاغەزیدا. بازاڕی كاغەزیی نەوت وردە وردە زیاد دەكات، تا ئەو رادەیەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕی كاغەزیدا (14 هێندە) زیاترە لە قەبارەی ئەو نەوتەی كە لە بازاڕی راستەقینەدا مامەڵەی پێوەدەكرێت، لە بازاڕی واقیعی نەوتدا رۆژانە (100 ملیۆن) بەرمیل نەوت مامەڵەی پێوەدەكرێت، بەڵام لە بازاڕە كاغەزییەكەدا رۆژانە نزیكەی (هەزارو 400) ملیۆن بەرمیل نەوت مامەڵەی پێوەدەكرێت. كێشەكە ئەوەیە، ئەوانەی لە بازاڕی كاغەزیی نەوتدا مامەڵەدەكەن پێویست ناكات خەڵكانی شارەزای بواری نەوت بن، بەڵكو ئەوانە تەنیا كەسانێكن كە نرخ لێدەدەنو بەدوای بەدەستهێنانی قازانجێكی خێرادا دەگەڕێن. هەر بەوبۆنەیەوە، ساڵی 2008 یەكێك لە برایانی عێراقی راوێژی پێكردم لەبارەی لێدانی نرخ لە بازاڕی كاغەزیی نەوتیدا، رێنمایم كرد بە كڕینو قازانجكردنی بە بڕی زیاتر لە (4 ملیۆنو 500 هەزار) دۆلار، ئەوكات داوای لێكردم لەوبوارەدا هاوكاری بكەم، بەڵام من رەتمكردەوە چونكە دژی شەریعەتی ئیسلامییە!!! فرۆشتنی كاڵایەك كە بوونی نییە (ئەمە نرخ لێدانە)، رێگای كاركردن لە بواری نەوت بەشێوەی كاغەزیی ئەوەیە تۆ بڕێك بەرمیلە نەوت دەكڕیت لەشێوەی كاغەزێكدا بۆ داهاتوو، دەبێت بۆماوەی مانگێك یان دوو مانگ بێت، بەر لەو مانگەی كە دیاریكراوە، لە رۆژی 20 و 21ی هەموو مانگێكدا بەرمیلە نەوتە كاغەزییەكان دەبن بە بەرمیلی راستەقینەی نەوت، ئەوانەی كاری لێدانی نرخ دەكەن لە بازاڕە كاغەزییەكاندا، زۆرجار كە نەوتەكەیان لە كاغەزەوە دەبێت بە نەوتی راستەقینە، ئیتر نەوتەكەیان ئەمبار دەكەن، بەڵام كاتێك ئەمبارەكان لە وشكانیدا پڕدەبن، نرخی بەكرێگرتنی كەشتییەكان بە رێژەی 687% بەرزدەبێتەوە، ئیتر ئەستەم دەبێت ئەو نەوتە لە كەشتییەكاندا ئەمبار بكرێت، چونكە ئەمبارەكان لەسەر وشكانیی پڕبوون یان بەكرێگیراون. كێشەكەی دوێنێ (مەبەستی نوسەر ئەو رۆژەیە كە بەهای نەوتی ئەمریكیی بۆ خوارو سفر دابەزی) ئەوەبوو، زۆرینەی ئەوانەی نرخەكان لێدەدەن پشتیان بە لێدوانێكی ترەمب بەستبوو لەبارەی ئەوەی نرخی نەوتو ژیانی ئابوری ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام كاتێك كاتەكە لەدەستدەرچوو ئەوسا بە بارودۆخەكەیان زانی، ئەمە وای لێكردن پەنا ببەن بۆ خۆڕزگاركردن لە نەوتەكانیانو نرخی نەوتی خۆرئاوای تێكساس دوچاری داڕمان هات، هەندێك ملیۆنان دۆلار زیانو هەندێكی تر ملیۆنان دۆلار قازانجیان كرد. ئەمڕۆ وێنەكە رونترە (خراپترە)و كاریگەری دەبێت لەسەر بازاڕەكانی تریش، چونكە زۆرێك لەوانەی نرخەكان لێدەدەن لە بازاڕی مامەڵەی داراییدا، پێشبینی ئەوەیان دەكرد نرخی نەوت بەرزببێتەوە وەكو ئەوەی ترەمپ بەڵێنی دابوو !!! ئایا كاردانەوەی ترەمپ چی دەبێت !؟ ئایا قەرەبویان دەكاتەوە!؟ لەوباوەڕەدام بازاڕی نەوت تایبەت بە نەوتی تێكساس وەكو خۆی دەمێنێتەوە كە بنەڕەتی كێشەكە بوو. ئەمەش بێگومان رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕی جیهانیی دەبێتو وڵاتانی ئۆپێكو عێراق لە گەورەترین زەرەرمەندەكان دەبنو پێدەچێت سەریش بكێشێت بۆ داڕمانی تەواوەتی بازاڕی نەوت ئەگەر بارودۆخەكە چارەسەرنەكرێت، ئەوكاتە ترەمپ هەوڵی چارەسەركردنی قەیرانەكە دەداتو پێدەچێت چارەسەرەكەش سەربازیی بێت!!!
درەو: "ئەم واقیع و بارودۆخەی ئێستاتان قبوڵە باشە، قبوڵتان نیە، ئێوە لە ماڵی خۆتان و ئێمەش لەماڵی خۆمان" ئەمە دوایین پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ سەركردایەتی نوێی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. بڕیارە رۆژی چوار شەممە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە، لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان و مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتیەوە ئەمە یەكەمین كۆبونەوەی نێوان پارتی و یەكێتیە، ئەگەر كۆبونەوەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت و هەڵنەوەشێتەوە، وەكوو داننانی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە سەركردایەتیە نوێیەكەی دوای كۆنگرەی یەكێتی. دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی لە سەڵاحەدین كۆبوەوە مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب لە رێگەی سكایپەوە سەرپەرشتیكرد، لەو كۆبونەوەیەدا پارتی بڕیاریدا بارەی ئاڵۆزی و پەیوەندییەكانیانەوە لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ بكات. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە چەند كاتژمێری رابردوودا ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی ئەو كۆبونەوەیە درووست بووە، سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە رێگەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەوە پەیامێكی بۆ هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووە. (درەو) زانیویەتی لە پەیامەكەدا مەسعود بارزانی بە سەركردایەتی نوێی یەكێتی نیشتمانی دەڵێت " بەو واقیع و بارودۆخەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، رازین باشە رازی نین، ئێمە لە ماڵی خۆمان و ئێوەش لە ماڵی خۆتان". پەیامە توندەكەی مەسعود بارزانی بۆ یەكێتی لەدوای كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دێت، لە بارەی كێشەی زینی وەرتێ و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی لە بارەی كێشەكانەوە وتی " یەكێتی و پارتی هاوبەشی یەكترن و كێشەی گەورەیان لە نێواندا نیە، ناكۆكیەكان بەم زوانە چارەسەر دەبن". نێچیرڤان بارزانی لەسەرەتای گرژیەكان و كێشەی زینی وەرتێوە هەوڵی نێوەندگیری و چارەسەر دەدات، لەناو پارتیدا نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسە كە بەفەرمی دانی بە سەركردایەتی نوێی یەكێتیدا ناوەو مامەڵەیان لەگەڵ دەكات رەنگە ئەمە هۆكاری توڕە بوونی مەسعود بارزانی و ناردنی پەیامەكەی بێت بۆ یەكێتی تا لەو رێگەیەوە پێیان بڵێت قسەی یەكلاكەرەوەی پارتی لای ئەوە نەك نێچیرڤان بارزانی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئێوارەی ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی رەوانەی ناوچەكانی دەوروبەری زینی وەرتێ كردووە، هەر ئەمڕۆ پەیجی فەرمی دەزگای دژە تیرۆری پارتی ڤیدیۆی هێزەكانی خۆی لە رێگایەكیدا بڵاوكردەوە كە لە حاڵەتی ئامادە باشیدان.
(درەو): نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی تاكساس بۆ خوار سفر دابەزی، بەڵام نرخی نەوتی خاو (21 )دۆلار و برێنت (26) دۆلار راوەستاوە، دابەزینی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی تایبەتە بە بازاڕی نرخی نەوتی ئەمریكاوە بەڵام بێكاریگەری نابێت لەسەر بازاڕی نەوتی جیهان. كەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت لە بازاڕی جهانیدا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی خۆرئاوای تێكساس بۆ كەمتر لە سفر دابەزاند، ئەمە دابەزینێكی مێژوویی بوو لە نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی هاوكات لەگەڵ پڕبوونی ئەمبارەكانی نەوتدا. چاودێرانی بازاڕی نەوت دەڵێن، ئەوەی رویداوە حاڵەتێكی تایبەتە بە بازاڕی نەوتی ئەمریكی و بەهای نەوتی برێنت لە شوێنی خۆیدایەو ئەمڕۆ گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە نەبینیوە. هۆكاری دابەزینی نرخی نەوتی تاكساس دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمبارەكانی نەوت لە ئەمریكا پڕبوون، خەرجی ئەمباركردن زیاتربووە، فرۆشیارەكان دەیانەوێت بەشێوەیەكی خێرا خۆیان لە نەوتی ئەمباركراوی مانگی ئازار رزگاربكەن، بۆیە نرخی نەوتیان توشی داڕمان كرد. دابەزینە مێژوییەكەی ئەمڕۆی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكیی، بەڕای هەندێك لە چاودێران دەریخست ئەو رێككەوتنەی كە سەرەتای ئەم مانگە رێكخراوی "ئۆپێك پڵەس" كردی بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەمەبەستی جێگیركردنی نرخ لە بازاڕدا، هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییەو ناتوانێت لەم كاتەدا كە جیهان بەدەست قەیرانی كۆرۆناوە دەناڵێنێت نرخی نەوت سەقامگیر بكات. لە ساڵی ١٩٨٣وە كە دەستكراوە بە فرۆشتنی نەوتی خاوی ئەمریكی بەشێوەی گرێبەست، ئەمە نزمترین ئاستی نرخ بوو كە ئەمڕۆ نەوتی خاوی ئەمریكیی تۆماریكرد. 🔸ئەمریكا رۆژانە (15 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸سعودیە رۆژانە (12 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸روسیا رۆژانە (10 ملیۆن و 800 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸عێراق رۆژانە (4 ملیۆن و 450 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لەبارەی نەوتی خاوی (تاكساس) ئەمریكیەوە 🔹نەوتی خاوی ئەمریكی كە بە نەوتی خۆرئاوای تاكساس ناسراوە، خراپترین جۆری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان لەرووی كوالێتیەوە كە نەوتێكی سوكەو كەمترین چڕی هەیە، نرخەكەی هەمیشە لە نەوتی خاوو برێنت كەمترە لە بازاڕەكانی جیهان، نەوتی خاوی تەكساس بریتیە لەو نەوتە سوكەی لە (تاكساس و لویزیانا و باكوری داكۆتا)ی ئەمریكا بەرهەمدەهێنرێت. 🔹 نەوتی برێنت كە لە بازاڕەكانی جیهاندا نرخەكەی ئێستا (26) دۆلارەو بەشێوەیەكی كەم نرخەكەی دابەزی، ئەو نەوتەیە كە لە (دەریای باكور لە نێوان دوورگەكانی شێتلاندی بەریتانیا و وڵاتی نەرویج) بەرهەم دەهێنرێت. 🔹نەوتی خاوی ئۆپێك كە ئێستا نرخەكەی (21) دۆلارە ئەو نەوتەیە كە لە وڵاتەكانی (عێراق، ئێران، سعودیە، كوەیت ، بەحرەین ، ئیمارات، عومان، نەیجیریا، لیبیا، جەزائیر، ئەنگۆلا، كۆنگۆ، كۆڵۆمبیا، ڤەنزوێلا، گینیای ئیستیوائی و گابۆن)، بەرهەمدەهێنرێت و زۆرترین بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێكدێنێت.