Draw Media

سامانی بەرپرسە باڵاكانی كورد لە پەنەما

سامانی بەرپرسە باڵاكانی كورد لە پەنەما

2020-10-22 17:45:27


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت

پەنەما، BVI، كاریبیەن ئایلەند.. ئەم شوێنانە بەهەشتی ئەو بەرپرسانەن كە سەروەت‌و سامانەكانیان تێدا شاردوەتەوە، بەرپرسانی كورد لەم ناوچانەی جیهان كۆمپانیا بەناوی كەسانی ترەوە دەكەنەوە‌و پارەكانیان دەشارنەوە، یەكێتی 14 ساڵ بەر لەئێستا قەبارەی سەروەت‌و سامانەكەی (10 ملیار) دۆلار بووە، ئێستا (100 مليار) دۆلارە، حكومەتەكەی بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، مەسرور بارزانی پارەی بۆ موچەی فەرمانبەران دەستناكەوێت، سەروەت‌و سامانی بەرپرسان لە كوێیە ؟      

پارە دزراوەكان
"هەر كەسێك زانیاری بە حكومەت بدات لەبارەی شوێنی پارە دزراوەكانی عێراقەوە، بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار خەڵات دەكرێت"، ئەمە بڕگەیەكە لەناو یاسایەكی عێراقدا بەناوی یاسای (گەڕاندنەوەی پارە دزاوەكان).
ئەم یاسایە گرفتی تێدایە‌و بۆ دۆخی ئێستا ناگونجێت، هەندێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دەیانەوێت هەمواری بكەنەوە، چونكە مەبەست لە پارە دزراوەكان لەم یاسایەدا، ئەو پارانەیە كە تاوەكو ساڵی 2003 دزراون، واتا بەر لە روخانی رژێمی پێشووی عێراق، ئەمە لەكاتێكدایە قەبارەی پارە دزراوەكانی عێراق لەدوای روخانی رژێمی سەددام كەمتر نییە لە پارە دزراوەكانی بەر لە كەوتنی سەددام.
یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند، بەنیازن لەگەڵ چەند كوتلەیەكی تری شیعەو سوننە لە پەرلەمانی عێراق داوای هەمواركردنەوەی یاساكە بكەن، بەجۆرێك دزییەكانی دوای ساڵی 2003 بگرێتەوە.
قەبارەی پارە دزراوەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 2003وە بەدیاریكراوی نازانرێت‌و ژمارەی جیاواز لەبەردەستدان، مانگی تەموزی رابردوو رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی رایگەیاند" سیاسەتمەدارانی عێراقی نزیكەی (150 ملیار) دۆلاریان لە بانكەكانی دەرەوەدا داناوە، هەندێك دەڵێن بڕی پارەكە زیاترەو دەگاتە (300 ملیار) دۆلار".
راپۆرتەكەی (نیویۆرك تایمز) بەوردی باسی لە چۆنیەتی ناردنەدەرەوەی پارەی هەرێمی كوردستان نەكردبوو لەلایەن بەرپرسانەوە، تەنیا ئاماژەی بەوەكردبوو لە هەرێم بنەماڵەی تاڵەبانی‌و بارزانی دەستیان بەسەر گرێبەستەكاندا گرتووە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بەرپرسانی هەرێم چۆن پارەكانیان دەبەنە دەرەوەی وڵات ؟ یاخود چۆن پارە سپی دەكەنەوە ؟

118 بەرپرسی كورد لەژێر چاودێریدان
مانگی ئازاری ساڵی رابردوو، یەكێتی ئەوروپا دوای بەدواداچونێكی چەندین ساڵە لەسەر كەیسی زیادبوونی دیاردەی سپیكردنەوەی پارە لە بانكەكانی ئەوروپادا، لەڕێگەی "دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا"وە دەزگایەكی بۆ روبەڕووبونەوەی (سپیكردنەوەی پارە، ئاڵوگۆڕی پارەی زۆر، پرۆژەی وەبەرهێنانی كارەكتەرە سیاسییەكان) لەناو سنوری یەكێتی ئەوروپا، دامەزراند، ئەو دەزگایە ناوی لێنرا "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە".
(درەو) ساڵی رابردوو، بەدواداچوونی كرد بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانەی كە باسیان لەوەدەكرد بەرپرسانی حزبی‌و حوكمی كورد سەرقاڵی سپیكردنەوەی پارەن، ئەوكات دەستمان گەیشت بە كەسێكی نزیك لە "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە" لە دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا.
ئەو سەرچاوەیە بە (درەو)ی راگەیاند، (118) كارەكتەری حیزبی‌و حكومی هەرێمی كوردستان لەژێر چاودێریی وردی ئاژانسی روبەرووبونەوەی سپیكردنەوەی پارەدان لە یەكێتی ئەوروپا (ناوی بەشێك لەو بەرپرسانە لای درەو  پارێزراوە).
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا زانیاری لەسەر ئەو بەرپرسانەی هەرێم لەبەردەستدایە كە لەنێوان (2011 بۆ 2019)  پارەیان بە ناشەرعی پەیداكردووە‌و پارەكانیان رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا كردووە، هەندێك لەوانە پرۆژەی گەورەیان دامەزراندووەو موڵك و ماڵیان پێ كڕیوە (ناوی كەسایەتییەكان‌و پرۆژەكانیان لە هەندێك لە وڵاتانی وەك ئەڵمانیاو بەریتانیاو سویسراو فەرەنساو هۆڵەندا لای (درەو) پارێزراوە، تائەوكاتەی لێكۆڵینەوەكان دەگەن بەئەنجام‌و بەفەرمی بڵاودەكرێنەوە).
هەرچەند بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق وەكو پێویست زانیاری لەبارەی ئەو كەسانەوە نەداوە بە "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە"، تاڕادەیەك لە ئێستادا پرۆسەی چاودێرییەكە راوەستاوە، چونكە هەندێك كەسایەتی سیاسی كاریگەری عێراق لە لیستی گومانلێكراواندان‌و لێكەوتەكانی هەر بڕیارێكی ئاژانسەكە كاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی سیاسی عێراق دەبێت، بەرپرسانی كورد ئەوانەی پارەیان ناردوەتە دەرەوە لەمەدا سودمەندبوون‌و جارێ هیچ بڕیارێك لەسەر سامانەكانیان نەدراوە. 

پارە چۆن سپی دەكرێتەوە ؟
(درەو) چەندین چیرۆكی سپیكردنەوەی پارەی لەلایەن بەرپرسانی كوردەوە دەستكەوتووە، كە شێوازی جیاوازیان هەیە.
یەكێك لەو بەرپرسە كوردانەی كە پارە سپی دەكاتەوەو لەو رێگەیەوە سەروەتەكەی دەشارێتەوە، كەسێكە كە لە عێراق پۆستێكی باڵای هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند كەسێكی شارەزایی بواری بانكیی لە ئەوروپا دەست (درەو) كەوتوون، ئەو بەرپرسە بۆ شاردنەوەی سامانە زۆرو زەوەندەكەی كە لەڕێگەی كۆمپانیایەكی خۆماڵییەوە لە سلێمانی دەستی دەكەوێت، كۆمپانیایەكی لە (پەنەما) تۆماركردووە، سەرمایەی كۆمپانیاكەی خستوەتەسەر ژمارە بانكیی كەسێك لە دورگەكانی ڤێرجینی بەریتانیی (BVI)‌و ژمارە حسابییەكە بە (كاریبیەن ئایلەند) بەستوەتەوە، بەمشێوەیە سامانەكەی شاردوەتەوە، چونكە كۆمپانیاكان لەم ناوچانەی جیهان تاكس "باج" نادەن، بۆیە ناكەونە ژێر چاودێرییەوەو خاوەنەكانیان دەتوانن ناسنامەی راستەقینەی خۆیان بشارنەوە‌و بەناوی ترەوە تۆماری بكەن.
هەمان ئەم كارەكتەرە سیاسییە چەند ساڵێك پێشتر بڕی (900 ملیۆن) دۆلاری كەوتووەتە عەممانی پایتەختی ئوردن‌و دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، بەڵام ئەمە سامانی پشكەكانی نەبووە لە كۆمپانیاكەی سلێمانی، بەڵكو ئەو داهاتانە بووە كە بەرێگەی جیاواز لە بەغداد دەستی كەوتووە، ئەم پارەیە ماوەیەك دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، بەڵام ئێستا داخراوە. 
بەرپرسێكی تری كورد لە عێراق (ناوەكەی لای درەو پارێزراوە)، چەند ساڵێك لەمەوبەر بڕی (200 ملیۆن) دۆلاری وەكو بەرتیل لە كۆمپانیایەكی كەنەدی بەناوی (نۆرتێل) وەرگرتووە لەبەرامبەر پێدانی گرێبەستی راكێشانی هێڵی ئینتەرنێت بەو كۆمپانیایە.  
هەموو ئەم پارانە كە بەرپرسانی كورد بەشێوەی جیاجیا دەستیان دەكەوێت، زۆربەیان دەچن بۆ دورگەكانی (كەیمەن‌و پەنەما)، ئەوەش لەڕێگەی "كۆمپانیا هۆڵدین" واتا "گروپی كۆمپانیا"، ئەمانە ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیان كە لەژێر چەترێكدا كۆدەبنەوە، كۆمپانیاكە بەناوی بەرپرسەكە خۆیەوە نابێت، بەڵكو بەناوی گروپی پارێزەرانەوە دەبێت كە ئێستا زۆرێك لە كۆمپانیاكان بەوشێوەیە كاردەكەن، ناوی بەشێك لە بەرپرسانی هەرێم لای (درەو) پارێزراوە، كە لەو دوو دورگەیە پارەكانیان خستوەتەگەڕ، هەروەها بەشێكیشیان پارەو پرۆژەكانیان لە (سویسرا، قوبرس، ماڵتا، ئیستۆنیا‌و لیتوانیا..) داناوە، كە بانكەكانیان ناكەوێتە ژێر چاودێری‌و لێكۆڵینەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاوە، بۆیە یاسای بانكیی تایبەت بەخۆیان هەیەو بازرگان‌و سەرمایەداران ناو و پارەو پرۆژەكانیان پارێزراوە. ئەم وڵاتانە رێككەوتنی پەیوەست بە بانك‌و پرۆژە ئابورییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپادا واژو نەكردووە، بۆیە چاودێری‌و لێكۆڵینەوە نایانگرێتەوە. 

پارەی حزبەكان لە بانكەكانی دەرەوەدا
یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێكە لەو حزبە سیاسییانەی هەرێمی كوردستان كە بەمدواییە‌و دوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) بەدوای سامانە ونبووەكەیدا دەگەڕێت.
بەرپرسانی باڵای یەكێتی كە (درەو) قسەی لەگەڵ چەند كەسێكیان كردووە باسلەوەدەكەن، قەبارەی سەروەت‌و سامانی حزبەكەیان ساڵی 2006 كاتێك جەرد كراوە (10 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام چەند مانگێك پێش ئێستا كاتێك سەرلەنوێ جەرد كراوەتەوە بەهای موڵك‌و ماڵ‌و سامانەكەی یەكێتی ناگاتە (100 ملیۆن) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدا بەوتەی ئەوان لە سنوری یەكێتیدا كۆمپانیا هەیە تەنیا بەهای داراییەكەی (12 ملیار) دۆلارە.
بەرپرسانی نوێی یەكێتی، واتا ئەوانەی كە لەدوای كۆنگرەی چوارەمەوە دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست پێیانوایە بەشێكی زۆری سامانی یەكێتی لەلایەن كارەكتەرە دەسەڵاتدارەكانی حزبەوە رەوانەی دەرەوە كراوە، بەتایبەتیش ئەوانەی كە رۆژگارێك سەروەت‌و سامانی حزب‌و بڕیاری داراییان بەدەستەوە بووە.
لەناو پارتیش هەمان كێشە هەیە، مەسرور بارزانی كە لەدوای مەسعود بارزانی باوكییەوە كەسی دەستڕۆیشتووی حزبەكەیە، ئەم رۆژانە سەرۆكایەتی حكومەت دەكات‌و حكومەتەكەی بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، بەڵام توانای گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی نییە كە بەرپرسانی حزبەكەی كۆیانكردوەتەوە‌و لە بانكەكانی دەرەوە بەناوی ترەوە شاردویانەتەوە.
بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگای "بازل"ی نێودەوڵەتی تایبەت بەسپیكردنەوەی پارە، كە لە دیسەمبەری 2018 دەرچووە، لەسەر ئاستی جیهان لە (20) دەوڵەتدا كاری سپیكردنەوەی پارە دەكرێت، لەوانە:
•    Andorra
•    the Bahamas
•    Belize
•    Bermuda 
•    the British Virgin Islands
•     the Cayman Islands
•    the Channel Islands, 
•    the Cook Islands
•    The Island of Jersey
•    Hong Kong
•    The Isle of Man
•    Mauritius
•    Lichtenstein
•    Monaco
•    Panama
•    St. Kitts
•    and Nevis
•    Luxembourg 
•    Switzerland 
•    Malta

كورد لەناو تاڵانییەكەی عێراقدا
لەناو ئەو تاڵانییەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003 لە عێراق رویدا، كورد بێبەش نەبوو، بەرپرسانی كورد چ ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان پۆستی حكومی‌و حزبییان هەبوو، چ ئەوانەی لە بەغداد لەسەر پشكی كورد پۆستیان وەرگرت، هەندێكیان تێوەگلان لە تاڵانییەكەی عێراقدا.  
ساڵی 2014 گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی‌و سپیكردنەوەو حەواڵەكردنی پارەی بەرپرسانی عێراق ئاشكرا بوو، ئەوكات (ئەحمەد چەلەبی) سەرۆكایەتی لیژنەی دارایی دەكرد پەرلەمانی عێراق، چەلەبی سیاسییەكی زیرەك‌و بەئاگابوو، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ناوەندە هەواڵگرییەكانی خۆرئاوادا هەبوو، دیكۆمێنتی ئاشكرا كرد لەبارەی تێوەگلانی بانك‌و بەرپرسان لە تالانكردنی سامانی عێراق‌و ناردنە دەرەوەی.
دۆسیەكەی چەلەبی (72) لاپەڕە بوو، ئاشكرای كردبوو لەنێوان ساڵانی (2007 -2013) بڕی (312 ملیار) دۆلار چوەتە بانكەكانی عێراقەوە، لەوە بڕی (212 ملیار) دۆلاری چوەتە دەرەوەی عێراق، لەو نێوەندەدا بڕی (78 ملیار) دۆلار چارەنوسی نادیارە‌و نازانرێت لەلایەن كێوە بۆ كێ رۆیشتووە؟.
سەبارەت بەو حەواڵانەش، لەو ماوەیەدا (60 هەزار) جوڵەی بانكیی هەبووە، لەو (60 هەزار) جوڵەیە (30 هەزار) جوڵەی بانكیی نازانرێت لە كێوە بۆ كێ چووە؟، بەشێوەیەكی گشتی لەو ماوەیەدا رۆژانە بە تێكڕا (50 ملیۆن) دۆلار جوڵەی پێكراوە، بەشی زۆری ئەو پارەیە حەواڵەی بانكەكانی دەرەوە كراوە.
لەو (78 ملیار) دۆلارەی كە نازانرێت لە كێوە بۆ كێ رۆشتووەو چارەنوسی نادیارە، بڕی (12 ملیار) دۆلاری لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانەوە چوەتە دەرەوە، (32) بەرپرس‌و (25) كۆمپانیای هەرێمی كوردستان لەناو دۆسیەكەدان، كە دەوترێت مردنی گوماناوی (ئەحمەد چەلەبی) لە 2015دا پەیوەندی بەو دۆسیەیەوە هەبووە.
بەمدواییانە باسلەوەدەكرێت ئێستا هەموو جموجوڵێكی حەواڵەكردنی پارەی زۆر بەئاگاداری بانكی ناوەندیی عێراق دەبێت، ئەگەرچی چونە دەرەوەی پارە بە بڕی زۆر بەئاسانی ناكرێت، بەڵام لەڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە پارەی زۆر حەواڵە دەكرێت، ئەویش لەبەرامبەر هاوردەكردنی كەلوپەل‌و فێڵی ترەوە.
بەپێی راپۆرتی پەیمانگەی "بازل"ی نێودەوڵەتی كە تایبەتە بە سپیكردنەوەی پارە، لە ساڵی 2012دا لە دزین‌و سپیكردنەوەی پارەی حكومەتدا، عێراق پلەی یەكەمی هەبووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی‌و هەموو جیهان، لەم تاڵانییەدا كوردیش بەشدارە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand