Draw Media

راپۆرتی: درەو ڕەنگە هێزە شیعییەكانی نەیاری (عەدنان زورفی) لەنێوان خراپ‌و خراپتردا، بەناچاری هانایان بۆ خراپەكە بردبێتەوە. پێشئەوەی ناوی (محەمەد عەلاوی‌و عەدنان زورفی) بێتە ناو ناوانەوە، (مستەفا كازمی) چانسێكی بەهێزی بوو بۆ ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام هەندێك لەهێزە شیعییەكان بەتوندی ڕەتیانكردەوەو، بەدەستكەلای ئەمریكایان ناوبرد. كە (عەلاوی) شكستهێناو (زورفی) هاتە پێشەوە، جارێكی تر هانایان بۆ (كازمی) بردەوە. لەوەناچێت (كازمی) ئەمجارە بەنرخێكی هەرزان بچێتەوە بەردەستیان، وەك دەوترێت هێشتا ڕەزامەندی پیشاننەداوەو، لیستێك مەرجیشی بۆ هێزە شیعییەكان ڕیزكردووە، چونكە ترسی هەیە هێنانەوە پێشەوەی ناوەكەی تەنها بۆ شكستپێهێنانی (زورفی)بێ‌و، دواتر كەسێكی تر كاندیدبكەن، یان عادل عەبدولمەهدی لەشوێنی خۆی بهێڵنەوە. بەرەی دژە زورفی ڕێككەوتن دوای چەند ڕۆژێك لەكۆبونەوەو دانوستانی بەردەوام، هێزە شیعییە نەیارەكانی (عەدنان زورفی) ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، گەیشتنە رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق، بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو. بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، ڕێككەوتنە دوای ئەوە هاتووە، شەوی ڕابردوو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح"‌و نوری مالیكی سەرۆكی "ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا"و عەمار حەكیم سەرۆكی "ڕەوتی حیكمە" لەشاری بەغداد كۆبونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ترسی جدییان هەبووە لەوەی (زورفی) بتوانێت  لەڕێی ئەو پشتیوانییەی لەلایەن بەشێكی بەرچاو لە پەرلەمانتارانەوە لێدەكرێت، كابینەكەی لەدەرەوەی خواستی ئەوان لەپەرلەمان تێپەڕێنێت.  سەركردەیەك لە هاوپەیمانی "فەتح" لەلێدوانێكدا  بۆ  ڕۆژنامەی "ئەلعرەبی ئەلجەدید" ئاماژەی بەوەداوە: محەمەد یەعقوبی سەرۆكی حزبی"فەزیلە"و فالح فەیاز  سەرۆكی هاوپەیمانی "عەقد" یش، بەشێكن لەو ڕێككەوتنەی (عامری‌و مالیكی‌و حەكیم) ئەنجامیداوەو، ڕەزامەندییان پیشانداوە لەسەر كاندیدكردنی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق لەشوێنی زورفی.  ڕوونیشكردووەتەوە: هاوپەیمانی "نەسر" بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ڕەتیكردووەتەوە بەشداری ئەو ڕێككەوتنەبكات، نوری مالیكی_یش مەرجی ئەوەی هەیە (كازمیی) لەلایەن زۆرینەی شیعەكانەوە پشتیوانی بكرێت، بۆ ئەوەی پشتگیری بكات. كوردوسوننەو سەدر لەناوەڕاستدا وەستاون سەركردەكەی هاوپەیمانی "فەتح" ئەوەشی ئاشكراكردووە: موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، جەختی كردووە كەهیچ تێبینییەكی نییە لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمیی)، بەڵام بەدوو مەرج:  یەكەم: ڕێككەوتنی هەمووان (شیعەكان) لەسەر پشتیوانیكردنی. دووەم: هێزە سیاسییەكان بەشێوەیەكی ڕەسمی پشتیوانی ئەو كاندیدكردنەكەبكەن. سەدر ئەوەشی بەهێزە سیاسییەكان ڕاگەیاندووە: هاوپەیمانی "سائیرون" بەشداری دانیشتنی متمانەدان بەزورفی دەكات‌و، ئەگەر زورفی توانی نیساب تەواو بكات، ئەوا "سائیرون" دەنگ بۆ متمانەدان بە كابینەی حكومەتەكەی دەدات. بەگوێرەی سەرچاوەكە، ئەو هێزە شیعییانەی لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمیی) ڕێككەوتوون، پەیوەندییان بە هێزە كوردی‌و سونییەكانەوە كردووەو، ئەوانیش لای خۆیانەوە پشتیوانیان بۆ هەر بڕیارێك دەربڕیوە كەزۆرینەی سیاسی شیعەكان لەسەری ڕێكبەكەون، چونكە ئەو پۆستە بەپێی عورفی سیاسی لە پشكی پێكهاتەی شیعەیە.  وەك دەوترێت ئێستا بەرەی نەیاری چاوەڕێن، (عەدنان زورفی)بكشێتەوە یان لەپەرلەمان شكستبهێنێت، بۆ ئەوەی  بەنوسراوی فەرمی كاندیدكردنی (مستەفا كازمی) پێشكەش بە سەرۆك كۆمار بكەن.   پێشتر كاندیدكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەلایەن هەندێك لەهێزە شیعییەكان‌و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە بە توندی ڕەتكرایەوە، لەو گفتوگۆیانەی پێش ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی‌و عەدنان زورفی لەنێوان هێزە شیعییەكاندا بەڕێوەچوو. كازمی.. كاندیدی ناچاری! پێدەچێت ترس لەدەرچوونی زورفی وای لەهێزە شیعییەكان كردبێت بە كازمی ڕازیبن، لەبەرامبەردا هەندێك لەسەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، كازمی ئەمجارە مەرجی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكەو تائێستا ڕەزامەندی پیشان نەداوە:  مەرجەكانی  كازمی: یەكەم: پێدانی دەرفەتی تەواو بە عەدنان زورفی لەهەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت.  دووەم: دەربڕینی ڕەزامەندی هێزە شیعییەكان بە نوسراوی فەرمی سەبارەت بە ڕاسپاردنی. سێیەم: دەستوەرنەدان لە پێكهێنانی حكومەتەكەت‌و پرۆگرامی حكومەتەكەی. چوارەم: ئازادی تەواوی هەبێت لە هەڵبژاردنی وەزیرو پۆستەكانی تر. ئەوەش بەو مانایەی كاندیدكردنی كازمی پێویستی بە ڕەزامەندی ڕای كوردو سونەیە كە پێشتر محەمەد تۆفیق عەلاوی_یان ڕەتكردەوە بەهۆی پێداگری لە دیاریكردنی وەزیرەكانی بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ هێزە سیاسییەكان.  هەر لەم میانەدا، سایتی "موازین" لەزاری سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانەوە بڵاویكردووەتەوە: مستەفا كازمی كۆمەڵێك مەرجی دیاریكردووە لەبەرامبەر دەربڕینی ڕەزامەندی بە ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، چونكە كازمی ترسی هەیە ناوەكەی بۆ یاری سیاسی كێش بكرێتە ناو گۆڕەپانەكە بۆ شكستپێهێنانی عەدنان زورفی‌و، دواتر دەستنیشانكردنی كاندیدێكی تر یان هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی.  كوتلەكەی زورفی گەشبینە ئەحمەد حەمەدانی، سەركردە لە هاوپەیمانی "نەسر" دەڵێت: عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ئەوەی لەسەربوو كۆتایی پێهێناوە، پێكهاتەی كابینەی حكومەتەكەی تەواوكردووە، ئێستا چاوەڕێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ پێدانی متمانە بە حكومەتەكەی. حەمەدانی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە: تائێستا زورفی چانسی باشەو پشتیوانییەكی پەرلەمانیی گەورەی هەیە، ڕێككەوتنی نەیارەكانیشی لەسەر كاندیدكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، كاریگەری لەسەر چانسی زورفی نابێت، چونكە چانسی زورفی پشتی بە پەرلەمانتاران بەستووە. جەختیشكردووە: زورفی بەنیاز نییە بكشێتەوە، بەڵكو ئەو پێداگرە لەسەر پێكهێنانی حكومەتەكەی‌و بەدیهێنانی داواكاری چاكسازی‌و گۆڕانكاری، دوای بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان، گفتوگۆكانیشی بەردەوامە لەگەڵ پەرلەمانتاران‌و، كوتلە شیعی‌وسونی‌و كوردییەكان پشتیوانی دەكەن.


درەو: " یەكێتی و پارتی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنایان كردە دەسكەلایەك بۆ تۆڵەی سیاسی و زیندوكردنەوەی كولتوری ناوچەگەرێتی" ئەمە بۆچونی سەنتەری توێژینەوەو راپرسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە كە لەلایەن د. یەحیا عومەر رێشاوەیەوە ئامادەكراوە.  سەنتەری توێژینەوەی یەكگرتوو دەڵێت"حكومەتە هەرێم لە ڕێوشوێنەكانی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم نەخۆشیە دەیەوێت بوونی (ئیداریی- سیاسی)یانەی خۆی بسەلمێنێت و وەك بەهانەیەك بۆ دواخستن و دەستكاریكردنی مووچەی كارمەندان بەكاری بهێنێت". دەقی شیكارییەكەی  سەنتەری توێژینەوەو راپرسی یەكگرتوو: (كۆرۆنا)  لە پەتایەكی سروشتیەوە بۆ جەنگێكی ساردی سیاسیی  سەنتەری توێژینەوە و ڕاپرسی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان شیكاریی: پ.ی.د.یەحیا عومەر ڕێشاوی  6/4/2020 دەستپێك پەتای (كۆرۆنا) وەك نەخۆشیی و دیاردەیەكی جیهانیی، شوێنەوارە تەندروستیی و جەستەییەكانی تێپەراند، بەرەو شوێنەواری گەورە و كاریگەر لەسەر سێكتەری بازاڕی جیهانیی و ئابوریی وڵاتان و بواری پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و باری دەرونیی خەڵك، هەروەها بەرەو ژینگەی خوێندنگە و زانكۆكان و ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان بە شێوەیەكی گشتیی، كاریگەریەكان گەشتە بواری سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لەسەر ئاستی جیهان.  ئەمرۆ ئەم نەخۆشیە تەنها پەتایەك نییە و پزیشكەكان و نەخۆشخانەكانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردبێت، بەڵكو باس و خواسی سەركردە سیاسیەكانی جیهان و كاروبارەكانی حوكمرانییە لە جیهاندا  و سەرجەم دۆسیەكانی بۆ ماوەیەك خستۆتە سەر ڕەفە، باس هەر باسی نەخۆشی (كۆرۆنا)یە و هیچی تر.  تەنانەت بە هۆی ئەم پەتایەوە چەندین كۆنفراس و كۆبونەوەی گرنك و هەستیاری سیاسیی و ئابوریی و زانستیی لەسەر ئاستی جیهان دواخراون بۆ كاتێكی نادیار، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕێكخراوی تەندورستیی جیهانیی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختی بوون و زەرورەت و خۆسەلماندندان.  ئەم ڤایرۆسە ڤیستیڤاڵ و پاڵەوانێتیە وەرزشیەكانی وەستاند، گەشتی ئاسمانیی پەكخست، جموجوڵی گەشتیاریی لە جیهاندا دووچاری ئیفلیج بوون كرد، كاریگەریی لە سەر سەدان سێكتەری دیكەی ژیانی مرۆڤایەتی دروست كرد، وێرای هەموو ئەمانە ئەم ڤایرۆسە نەبینراوە دزەی كردە نێو كۆشك و ساختمانی سەركردە سیاسیەكانی جیهان و (ترامب و ئەنجیلا مێركل و بۆریس جۆنسن و رۆحانیی) خستە بەر تیشكی (میدیایی – سیاسی) و (پەرژینرێژ - كەرەنتینە) كردن و پشكنینی وردی تەندروستییەوە.  (كۆرۆنا) و سرینەوەی نەیارەكان لە ئێستادا (كۆرۆنا) وەك ئامرازێك بۆ یەكتر سڕینەوە و توڵەكردنەوە بە كاردەهێنرێت، لەگەڵ تەشەنەكردنی ئەم پەتایە كێشە و ململانێ ئاشكرا و سڕبوەكانی نێوان وڵاتان، جارێكی دیكە سەریان هەڵدایەوە، بۆ نموونە كاتێك حكومەتی ئەمریكیی لەسەر زاری (دۆناڵد ترامب)وە رێگەی گەشتكردنی بۆ ئەوروپا لە هاوڵاتیانی گرت و (بەریتانیا)ی لێ جیا كردەوە ! ئەو كاتە دەركەوت كە چۆن ئەم پەتایە تێكەڵ بە سیاسەت كراوە و ڕاستی ململانێی نێوان وڵاتانی زلهێز و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی خستە ژێر پرسیارەوە.    هەر لەسەرەتاوە باس و خواسی ئەوەی گوایە ئەم ڤایرۆسە بەرهەم و دروستكراوی ئەمریكایە و دەیەوێت لە رێگەیەوە تۆڵە لە نەیار و دوژمنەكانی وەك (چین و ئێران) بكاتەوە، بوویە باس و خواسی هەندێك لە دەزگا میدیاییەكان و پانتاییەكی بەرفراوانی لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان داگیر كرد، تەنانەت لە (چین) پەنجەی تۆمەتباریی بۆ سوپای ئەمریكیی بەوەی دەیانەوێت جەنگێكی (ڤایرۆسیی – بایلۆجیی) لە جیهاندا بەرپا بكەن درێژكرا، لە بەرامبەردا سەرۆكی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (دۆناڵد ترامب)، لە تویتێكیدا ڤایرۆسی كۆرۆنای بە (ڤایرۆسی چینیی)! ناوزەد كرد، بەمشێوەیە شەڕێكی میدییایی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەرپا بوو، هەندێك لە سیاسەتمەدارانی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش رایانگەیاند كە ئەم ڤایرۆسە تاقیكردنەوەیەكی زانایانی (چین) بووە و لە دەستیان دەرچووە !،  هەروەها پەنجەی تۆمەتیان بۆ (ڕوسیا) درێژ كرد بەوەی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای بە دروستكەری ئەم ڤایرۆسە تۆمەتبار كردووە، كار گەیشتە ئەوەی لە سەرەتای بڵاوبونەوەی پەتاكە (دۆناڵد ترامپ)، حزبی دیموكراتیی وڵاتەكەی خۆی تۆمەتبار بكات، بەوەی دەیانەوێت فوو بكەنە بابەتەكە و قەبارەیەكی گەورەتر لەخۆی پێ بدەن !،  جگە لەوەی لە زاری سەركردە باَلاكانی ئێرانەوە چەندین جار لێدوانی ئەوە درا كە ئەم  پەتایە ڤایرۆسێكەو لە تاقیگەكانی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە تایبەت بۆ ئێران دروست كراوە و ڕەوانە كراوە !  لە لایەكی دیكەوە بەشێك لە چاودێران پێیان وایە بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم نەخۆشیەو زۆربوونی قوربانیەكان لە (ئیتاڵیا)، بۆ مشەخۆریی هەندێك لە كۆمپانیاكانی جل و بەرگی (فاشیۆن)ی ئیتاڵیی دەگەڕێتەوە، ئەوان بەڕێگەیەكی نافەرمی و قاچاخ و دوور لە ئاگاداری حكومەت، دوو كرێكاری چینی كە  نەخۆشیەكەیان گرتووە، هێناوە بۆ ئیتاڵیا و لە ڕێگەی ئەوانەوە پەتاكە بڵاوبووەتەوە.  هەر لەم شەرە سیاسی و میدیاییەدا سعودیە و ئێران كەوتنە هێرشی میدیایی بۆ سەر یەكتر، وەزارتی تەندروستیی ئَێران ئەو لێدوانانەی دەسەڵاتدارانی سعودیەی بەدرۆ خستەوە كە لایان وایە مۆر لە پاسەپۆرتی ئەو هاوڵاتیە ئێرانیانە نەدراوە كە لە ئێرانەوە گەراونەتەوە بۆ سعودیە، لای خۆیەوە سعودیە ئێرانی بە بەرپرسیار لە زیاتر تەشەنەكردنی ئەم ڤایرۆسە لەقەڵەمدا، لەبەرامبەردا بەرپرسانی ئێرانیی داوایان لە سعودیە كرد كۆرۆنا نەكاتە بابەتێكی شەڕ و تەسفیەی سیاسی، هەر لەم میانەیەدا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش بابەتی كۆرۆنای بە هەلێكی باش زانی و وەك كارتێكی فشار بەرامبەر حكومەتی ئێرانیی بەكاری هێنا، (ئەنجومەنی نیشتیمانیی بەرگریی ئێرانیی) لە تاراوگە رژێمی ئێرانیان بەوە تۆمەتبار كرد كە لە ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا درەنگ كەوتوون و بووەنەتە هۆی تەشەنەكردنی نەخۆشیەكە.  لە (لوبنان)یش شەڕێكی (سیاسی – میدیایی) لە نێوان حیزبوڵڵا و پارتە سیاسیەكانی دیكەی گۆڕەپانی سیاسی لوبنان و نێوان حكومەتی لوبنانیدا لەسەر ئەم بابەتە دروست بووە، (كۆرۆنا) وەك ئامرازێك بۆ تۆڵەسەندنەوە لەیەكتر بەكار دەهێنرێت.      هەرم لەم میانەدا هەریەك لە حكومەتەكانی میسرو ڤەنزویللا هەڕەشە و سزای توندیان ئاراستەی هەموو ئەوانە كرد كە دەیانەوێت كۆرۆنا بە سیاسیی بكەن، دەزگا ئەمنیەكانی میسر چاودێرییان خستوەتە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و  سێ چالەكەوانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیان بەوەی دەنگۆو قسەی هەڵبەستراویان لەسەر ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی كۆرۆنا لە میسر بڵاو كردووەتەوە دەستگیر كرد. لە ئیسرائیلیش (نەتانیاهۆ) داوای لە حزبە سیاسیەكان و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی كرد، پێكەوە هاوپەیمانێتیەك دروست بكەن بۆ ڕووبەرووبونەوەی پەتای (كۆرۆنا).    (كۆرۆنا) و جیهانگەرایی و دەوڵەت بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە و شوێنەوارەكانی ئەو راستیەشی دوپاتكردەوە، كە لەگەڵ بڵاویی و گەورەیی و هەژمونی كۆمپانیا ئابوریە زەبەلاحەكانی دونیا و لەگەڵ ئەوەی زۆربەی سێكتەرە ئابوریی و خزمەتگوزاریی و تەندروستییەكان لە نێو چنگی  كۆمپانیای تایبەت و فرە رەگەزەكانن لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هێشتا دامەزراوەی دەوڵەت و حكومەت ڕۆڵیان بە بەهێزیی ماوەتەوە، ئەوە حكومەت و دەزگاكانیەتی كە دەتوانێت ڕووبەرووی ئەم جۆرە قەیرانانە ببێتەوە، چەمكەكانی نەمانی دەوڵەت و نەمانی سەروەری وڵاتانی نێو دیاردەی جیهانگەرایی خستە ژێر پرسیارەوە. بەڵام بە دیوێكی تردا بڵاوبونەوی ئەم پەتایە وابەستەیی ئابوری زۆرێك لە وڵاتانی لە كاتی قەیرانەكاندا بۆ وڵاتانی زلهێز دەرخست، ئەمەش ڕێگە خۆشكەرە بۆ ئەوەی وڵاتانی زلهێز زیاتر هەژمون و دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و ژمارەی وڵاتە وابەستەكان زیاتر بن.   دیارە بڵاوبونەوەی ئامرازە میدیاییانەكان و بە تایبەت كەناڵە ئاسامانیەكان و تۆڕی ئینتەرنێت و  تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و جیهانگەرایی میدیا بە شێوەیەكی گشتی، پاڵپشتێكی گرنگ بوون بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوە ببێتە ڕووداوێكی جیهانیی و جگە لەوەی پەتاكە پەیوەستە بە تەندروستی و ژیان و مردنی مرۆڤەكانەوە و بابەتێكی هەستیار و مەترسیدارە لەسەر ئێستا و داهاتوی مرۆڤایەتیی، بەجۆرێك هەندێك لە چاودێران باس لە جیهانی (پێش و پاش كۆرۆنا) دەكەن. لەبەر ئەوەی پەتاكە جیاوازی نەكرد لە نێوان وڵاتانی پێشكەوتوو وڵاتانی دواكەوتوودا، پێیان وایە ئەم پەتایە دەبێتە هۆی پێداچونەوەیەكی ڕیشەیی لە سیاسەتی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بەشێوەیەكی گشتی. ئەگەر نەڵێین ڤایرۆسەكە و نەخۆشیەكە زیاتر بەرۆكی ئەو وڵاتانانەی گرتەوە كە لە سەر ئاستی جیهاندا بە وڵاتانی پێشكەوتوو ناوزەد دەكرێن، وەك چین و وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا.  خاڵێك لێرەدا جێگەی ئاماژە پێكردنە، ئەو مەترسیەیە كە ڕووبەرووی جیهان دەبێتەوە لە حاڵەتی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە بكەوێتە دەست ڕێكخراوە تیرۆریستیەكان و  وەك چەكێكی قركردن بۆ سەر وڵاتێكی دیاریكراو بەكاری بهێنن.  ڕەنگە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، بەئاگا هێنانەنەوەیەك بیًت بۆ مرۆڤایەتی و ئەوانەی پێشكەوتنەكانی مرۆڤ و شارستانێتیەكەیان لەلوتكە و بە كۆتایی مێژوو دەبینی، ئەم ڤایرۆسە لاوازی مرۆڤی بەرامبەر هەندێك لە دیاردە سروشتیەكان دەرخست،  پەیامێكی دایە سیاسیەكان و زانایان لە سنورداریی توانا و ئیمكانیاتیان لە رووبەرووبونەوەی هەندێك لەو قەیران و هەڕەشانەی ڕووبەرووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەبێتەوە.  كۆرۆنا و نەوت و سیاسەت ئەوەی وەك دیارەدەیەكی ئاشكرا لە بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لەسەر ئاستی جیهان دەبینرێت، كاریگەریەكانیەتی لەسەر سێكتەری وزەو نرخی نەوت،  بەجۆرێك بڵاوبونەوەی (كۆرۆنا) نرخی بەرمیلێك نەوتی گەیاندە نزمترین ئاست، نزیك بوویەوە لە (20$)- نە‌وتی برینت لە‌ 1/4/2020 بە 21.74% تۆماركراوە‌-. كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر باری دارایی و ئابووری وڵاتان دروست كردو شەڕەكە بە خەستی لە نێوان (ڕوسیا و سعودیە)دا سەریهەڵدا، كاتێك ڕوسیا ویستی ئەم بارودۆخە  بقۆزێتەوە و بوونی خۆی لە بازاڕی نەوتدا بسەلممێنێت و هێڵی بەرهەمهێنانی دەستكاری نەكرد، لەبەرامبەردا سعودیە هەندێ ڕێوشوێنی گرتە بەر كە بوویە هۆی دابەزێنی نرخی نەوت و ئەو ئاسەوارە مەترسیدارانەی كە لەسەر ئابوری جیهانی دروست كرد، هەندێكیش بابەتەكە دەگەڕێننەوە بۆ تیۆری پیلانگێڕیی و سیاسەتی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت.  دابەزینی نرخی نەوت حكومەت و وڵاتانی زلهێزو خاوەن وزەی ناچار كرد بكەونە گفتوگۆ، لە دواین لێدوانی فەرمیدا حكومەتی سعودیە ڕایگەیاند (دۆناڵًد ترامپ) داوای لە سعودیە كردووە تا سەقامگیریی بگەرێتەوە بۆ بازاری نەوتی جیهانیی بەرهەمهێنانی لە نەوت كەم بكاتەوە، هەرچۆن بێت (كۆرۆنا) شڵەژانێكی خستە نێو بازاڕو نرخی نەوت و كاریگەریی لەسەر پەیوەندیە (ئابوری - سیاسی)یەكانی جیهان دروست كرد. ئەگەر وەك نمونە باس لە عێراق بكەین لەسەر ئەم كاریگەریانە، ئەوا عێراق لە بوودجەی ساڵی 2020 یەك بەرمیل نە‌وتی بە 56 دۆلار خەمڵاندووە و بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازار زیاتر لە 105 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە كراوەو هەر بەرمیلێك بەتێكڕا بە 21 دۆلار فرۆشراوە. كۆی داهاتاكەشی نزیكەی سێ ملیار دۆلار بووە. ئەمە لە كاتێكدایە قەبارەی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە مانگی شوبات 98 ملیۆن بەرمیل بووە، كۆی داهاتاكەی 5.5 ملیار دۆلار بوو، بودجەی 2020 ی عێراقیش لەسەر بنچینەی نرخی نەوتی 56 دۆلاری ڕێكخراوەو هێشتاش پەسەند نەكراوە، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستی 20 دۆلار كورتهێنانی بودجە بە ڕادەیەكی بەرچاو بەرز دەكاتەوەو ئاسەوارەكانی لەسەر بواری ئابووری كاریگەریی لەسەر ڕەوشە سیاسیەكە دروست دەكات.  (كۆرۆنا) و كەرتی تەندروستی و بزنس لەمەودوا لەپاڵ هێزی سەربازی و هێزی ئابوریی وڵاتاندا، لە داهاتوودا هێز و توانای (تەندروستی)ش دەبێتە  پێوەرێك بۆ توانا و هەژموونی وڵاتان، (كۆرۆنا) زۆر بە ڕوونی دەریخست سیستەمی ئابووری و تەندروستیی و پەروەردەیی وڵاتێك دەتوانێت وەك هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی دەركەوێت، دیارە ئەم پەتایە بووە وێناو دەرخەری سیاسەتی تەندروستیی هەندێك وڵات و ڕادەی هەماهەنگیی و لێك تێگەشتنی نێوان دەزگا حكومیەكان لە هەندێ وڵاتدا، (لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2020 لانی كەم چوار پەتای كوشندەی جیهانیی لەسەر ئاستی جیهان بڵاوبوەتەوە: سارس، مێرس،  H1N1و كۆرۆنا)، بۆ نموونە ئیتاڵیا، كە هەندێك لە چاودێران حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە نەیانتوانی لە ئاستی ڕووداوەكەدابن و هەماهەنگی پێویست نەكراوە بۆ چۆنێتی ڕووبەرووبونەوەی پەتاكە.  جگە لەوەی ئەم پەتایە لەرزۆكی و فشۆڵی سیستمی تەندروستی هەندێ وڵاتی گەورە و دەوڵەمەندی دەرخست، بەوەی ئەم سیستمە بەرگەی بارێكی كتوپری لەم شێوەیەی نەگرت و  بەپێی هەندێك ڕاپۆرتی تەندروستی جیهانیی بۆ ساڵی 2019 هەموو وڵاتانی جیهان توانای بەرگریی ئەم جۆرە نەخۆشیانەیان زۆر لاوازە و بەشێكی زۆر لە  سیستمی تەندروستی تەنها بۆ دەوڵەمەندەكانە و هەژارەكان ناتوانن سوودی لێ وەربگرن.  لە لایەكی دیكەوە ئەم پەتایە كێشە و گرفتەكانی نێو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپای دەرخست، هەندێك لە وڵاتانی وەك ئیتاڵیا و ئیسپانیا گازەندەیان ئاراستەی یەكێتی ئەوروپا كرد، كە لەم قەیرانەدا وەك پێویست هاوكاری و هەماهەنگیان لەگەڵ نەكردوون و لە نیوەی رێگەكەدا بەجێیان هێشتوون، هەندێك لەو وڵاتانە هەر لە ئێستەوە بیر لەوە دەكەنەوە كە لەو یەكێتیە بكشێنەوە.  هەر لەم میانەیەدا شەڕی كۆمپانیاكانی (دەرمان)یش وەك كارتێكی سیاسیی لەسەر ئاستی جیهان خۆی خزاندە نێو باس و خواسی ئەم پەتاو نەخۆشیە و هەندێك تۆمەت دەخەنە پاڵ كۆمپانیاكانی دەرمان و لە پشتیشیانەوە هەندێك لە حكومەتەكان، بەوەی دەیانەوێت پێكوتە و  چارەسەری ئەم نەخۆشیە بكەنە فرسەتێكی دەوڵەمەند بوونی زیاتر و بەكارهێنانی وەك كارتی فشاری سیاسی بۆ سەر وڵاتانی تر. خۆ ئەگەر وڵاتێك ئامادە بێت لە ململانێی سیاسیدا مافی ژیان لە هاوڵاتیانی وڵاتێكی دیكە بسەنێتەوە، چەكی كیمیایی و ئەتۆمیی بەرهەم بهێنێت و ئەگەر بیەوێت بەكاری بهێنیت، دوور نیە ڤایرۆسێكیش بۆ هەمان مەبەست بۆ سرینەوەی بەرامبەرەكەی بەكار بهێنێت. مێژوی مرۆڤایەتی و جەنگە جیهانیەكانیش دەیان نمونەی لەم شێوەی لە خۆگرتووە، ئەگەرچی لە بارودۆخی سیستمی ئێستای جیهانیدا بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكانە بەدوور دەزانرێت، بەڵام مەحاڵیش نیە، هەربۆیە نووسەرێك پێی وایە كە پێویستە وڵاتان چاو بە پەیوەندیەكانیان لە بواری سێكتەری سیاسیی و تەندروستیدا بخشێننەوە و (جیهانگەریی تەندروستیی) بۆ بەدەمەوە هاتن و چارەسەركردنی ئەم پەتا جیهانیانە دروست بكەن.  (كۆرۆنا)ی گرێدراو بە (سیاسەت) لە هەرێمی كوردستان لێرەدا پێویستە ئاماژە بە تێكەڵبونی ئەم پەتایە بە ململانێكانی نێوان (یەكێتی و پارتی) لە هەرێمی كوردستاندا بكەین، بە جۆرێك هەندێك جار بڵاوكردنەوەی نەخۆشیەكە و ڕێوشوێنەكانی بەرگریی لە نێوان هەردوو دەڤەر، لە زاری بەشێك لە بەرپرسە سیاسەكانەوە دەبیستراو لەڕێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە ئەم شەڕە لەسەرەتای بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە گەرم كراو كولتوری دەڤەر و ناوچە و هەژمونی دەسەڵاتی نێوان هەردوو حزب جارێكی تر سەریهەڵدایەوە، (كۆرۆنا) حزبەكانی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان لایەنەكان و دواكەوتنی موچە هێنایە دەنگ، ( لە دەرنجامی پەتای كۆرۆنا) بەیاننامەیان دەركرد و كەناڵە سیاسیەكانی حزبە سیاسیەكان لە باس و خواسی جموجوڵی سیاسی و گۆڕانگاریە سیاسیەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و كوردستان، گۆڕرا بە باس و خواس و شرۆڤەكردنی وردەكاریی پەتاكە، جگە لەوەی لێكەوتەكانی پەتاكە تێكەڵ كرا بە ململانێكانی نێوان هێزە نەیارەكانی نێو شاری سلێمانی و تۆمەتباركردنی یەكتر و شەری میدیایی، كار گەشتە باسكردنی نەبونی نەخۆشی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و سكاڵا تۆمار كردن و تەشەنەكردنی بابەتەكە بۆ شەری میدیایی و گەیاندنی بە دادگاكان. هەروەها حكومەتە هەرێمی كوردستان لە ڕێوشوێنەكانی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم نەخۆشیە دەیەوێت بوونی (ئیداریی- سیاسی)یانەی خۆی بسەلمێنێت و وەك بەهانەیەك بۆ دواخستن و دەستكاریكردنی مووچەی كارمەندان بەكاری بهێنێت، ئەمەش بووبە هۆی ئەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان و حزبەكانی دیكە و ئەندام پەرلەمانەكانی هەرێم لە بەغدا هەڵویستی توند بەرامبەر حكومەت دەرببڕن و بەیاننامە دەربكەن، حكومەت ناچار بكەن لەم بڕیارەی لە بارودۆخی بڵاوبونەوەی نەخۆشی (كۆرۆنا)دا پاشگەز ببێتەوە.  دەرەنجام 1ــ (كۆرۆنا) قەیران و ململانێی نێوان وڵاتانی تۆختر كردەوەو ئەم پەتایە تێكەڵ بە سیاسەت كرا، ڕاستی ململانێی نێوان وڵاتانی زلهێزو پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی خستە ژێر پرسیارەوە. 2ــ ئەم پەتایە لە لایەن هەندێك هێزی سیاسی و سەركردە سیاسیەكانەوە بەكار دەهێنرێت بۆ تەسفیەی حسابات و تۆڵەكردنەوە لە نەیارە سیاسیەكانیان.  3ــ دامەزراوەی حكومەت ڕۆڵیان بە بەهێزی ماوەتەوە و حكومەت و دەزگاكانیەتی كە دەتوانێت رووبەرووی ئەم جۆرە قەیرانانە ببنەوە، چەمكەكانی نەمانی دەوڵەت و نەمانی سەروەری دەوڵەت كەوتنە ژێر پرسیارەوە.  4ــ پێدەچێت دەرەنجامەكانی ئەم پەتایە ببێتە هۆی پێداچونەوە بە سیاسەتی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەڵەتیەكان و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بەشێوەیەكی گشتی. 5ــ تیۆری پیلانگێڕیی هێشتا لە نێو شیكردنەوە سیاسیی و ئابوریی و تەنانەت تەندروستیەكاندا حزوری هەیە و كاریگەریی لەسەر هەڵوێستی وڵاتان هەیە.  6ــ رەنگە لەداهاتوودا هێز و توانای (تەندروستیی) ببێتە پێوەرێك بۆ توانا و هەژموونی وڵاتان، سیستمی تەندروستیی دەتوانێت وەك هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتێك دەركەوێت. 7ــ هێزەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا بە تایبەت (یەكێتی و پارتی)، بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیەیان كردە دەسكەلایەك بۆ تۆڵەی سیاسی و زیندوكردنەوەی كولتوری ناوچەگەرێتی.  ========================= لە نوسینی ئەم شیكاریەدا سوود لەمانەی خوارەوە وەرگیراوە:    https://www.aljazeera.net/news/politics/2020/3/12/%D9%83%D9%88%D8 فیروس "كورونا".. سلاح مستجد للفوز بمعارك سیاسیە https://www.shorouknews.com/columns/view.aspx?cdate=14032020&id=30ca750d-de32-4583-aafb-840a155f5adc هل یغیر فیروس كورونا من السیاسە العالمیە؟ https://elaph.com/Web/opinion/2020/03/1285398.html تداعیات فیروس كورونا الجغرافیە – السیاسیە زریان رۆژهەڵاتی، كاریگەریە سیاسی و ئەمنییەكانی كۆرۆنا لەسەر كوردستان، ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو. زانیاریەكان سەبارەت بە نرخی نەوت بە سوپاسەوە لە پسپۆری ئابوری (بیلال سەعید) وەرگیراوە.


 راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لەدوو هێڵەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ پارتی، لەگەڵ یەكێتیش هێڵێكی كردوەتەوە، لایەنەكانی تری هەرێمی كوردستان جگە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی فوئاد حسێنی وەزیری دارایی، هیچ بەرچاوڕونییەكیان نییە، شەڕی ئێران‌و ئەمریكا لە دانانی عەدنان زورفی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا ماڵی شیعەی پەرتكردووە، رەنگە كوردیش بەبێ كێشەی لێی دەرنەچێت، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری دانوستانی لایەنە كوردییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بڵاودەكاتەوە.   سەرەتای قۆناغێكی نوێ كەمتر لە دوو هەفتە لەبەردەم عەدنان زورفیدا ماوە بۆ ئەوەی كابینەی حكومەتەكەی بخاتەبەردەم پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە. زورفی لەسەر پشكی پێكهاتەی شیعەكان راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمە نەریتێكە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003وە لە عێراق داكەوتووە، پۆستی سەرۆك وەزیران دەبێت لە دەستی كەسێكی شیعەمەزهەبدا بێت. زورفی شیعەیەكی جیاوازە، ئەو لە بری ئێران وەلائی بۆ ئەمریكا هەیە، دەوترێت ئەمریكا پشتیوانی بەهێزی لێدەكات‌و دەیەوێت حكومەتەكەی سەركەوێت، ئەمە وایكردووە زورفی بەلوتبەرزییەوە مامەڵە بكات، ئەوانەی لە نزیكەوە دەیناسن دەڵێن ئێستا تەنانەت ئامادە نییە وەڵامی نامە‌و پەیوەندی تەلەفۆنی هەموو كەسێك لەناو توێژی سیاسی عێراقدا بداتەوە. لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانییەوە ناو ماڵی شیعە لە عێراق بەتەواوەتی پەرتەوازە بوو، ئەمە قۆناغی دوای "حاجی قاسم"ە، نەبوونی كۆدەنگی لەناو شیعەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران وایكرد دواجارو بۆ یەكەمجار ئەمریكییەكان بەشێوەیەكی بەهێزتر داخڵی هاوكێشەی سیاسی عێراق ببن، تاران ناتوانێت لایەنە شیعەكان یەكبخات، بەڵام واشنتۆن بۆ سەرخستنی عەدنان زورفی، لایەنگرانی خۆی لە عێراق لەوانە محەمەد حەلبوسی سوننەمەزهەبی سەرۆكی پەرلەمان‌و هاوپەیمانە كوردەكان‌و هەندێك لە شیعە دۆستەكانیشی یەكخستووە، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی سیاسی نوێ دەبێت لە عێراق ئەگەر ئێران خۆی كۆنەكاتەوە. زورفی‌و شیعەكان شیعەكان لەسەر عەدنان زورفی ناكۆكن، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدرو حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، پشتیوانی لە زورفی دەكەن، شیعەكانی تر یاخود ئەوانەی ناویان لێنراوە "ولائییەكان"‌و بەتەواوەتی پشتیوانی لە ئێران دەكەن، زورفی بە كاندیدی "دەزگای هەواڵگری ئەمریكا" ناودەبەن‌و بەتوندی لەدژی راوەستاونەتەوە، ناڕێكی ناوماڵی شیعە وایكردووە هێشتا پێكهاتەكانی تر بەتەواوەتی متمانەیان بە دۆخەكە نییە‌و ناتوانن بەشێوەیەكی راستەوخۆ دانوستان لەگەڵ زورفی دەستپێبكەن، بەڵام سەرباری ئەمەش ئەوانەی بەدۆستەكانی ئەمریكا ناسراون، تاڕادەیەك قسەی خۆیان لەگەڵ زورفی بڕیوەتەوە. ئیسماعیل قائانی كە شوێنی قاسم سولەیمانی وەكو فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پڕكردوەتەوە، لەدوای دەستبەكاربوونیەوە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ یەكەمینجار سەردانی عێراقی كرد، قائانی هاتبوو بۆ ئەوەی نێو ماڵی شیعە رێبكخاتەوە، ئەوەی بە ئاشكرا وتی‌و ویستی لە ژورە تاریكەكان بچێتە دەرەوە ئەوە بوو كە "ئێران قایل نییە بەوەی عەدنان زورفی ببێت بە سەرۆك وەزیرانی عێراق"، بەڵام ئەوەی كە نەیوت ئەوەیە، رەنگە ئێران لە پشتەوە زۆر كێشەی لەگەڵ دانانی زورفیدا نەبێت، بەتایبەتی ئەگەر حكومەتەكەی زورفی وەكو ئەوەی بڕیاری لەسەردراوە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام بێت‌و سەرباری ئەوە تاران بە دانانی وەزیرە وەلائییەكانی خۆی لە عێراق، حكومەتەكەی زورفی ئابلۆقە بدات تا ئەوكاتەی یەكساڵی تەمەنی خۆی تەواو دەكات‌و بارگە‌و بنەی خۆی دەپێچێتەوە‌و دەڕوات، بەڵام ئاڵنگارییە گەورەكە بۆ تاران ئەوەیە بۆ یەكەمینجارە لە عێراقی دوای سەددامدا واشنتۆن دەستی باڵای هەیە لە دانانی سەرۆك وەزیرانێكی شیعەمەزهەبدا، ئێرانییەكان ترسیان هەیە ئەمە ببێت بە پێشینەیەكی خراپ‌و دۆسیەی عێراقیان لەدەست دەربچێت‌و بەغداد بۆ ئەمریكییەكان چۆڵ بكەن. میدیای فەرمی ئێران بەمدواییە یەكێك لە بەڵگەنامە دزەكراوەكانی سایتی ویكیلیكسی بڵاوكردەوە تایبەت بە عەدنان زورفی كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی دەستبەكاربوونی زورفی وەكو پارێزگاری نەجەف، بەپشتبەستن بەو بەڵگەنامەیە زورفییان تۆمەتباركرد بەوەی "پیاوی ئەمریكایە". زورفی لەو سەردەمەی كە پارێزگاری نەجەف بووە، شەڕی لەدژی میلیشیاكانی سوپای مەهدی كردووە كە سەربە موقتەدا سەدر بوون، شیعە وەلائییەكان بەردەوام ئەمە بەبیری موقتەدا سەدردا دەهێننەوە بۆ ئەوەی دەست لە پاڵپشتیكردنی زورفی هەڵگرێت، بەڵام سەدر هێشتا بەروون‌و راشكاوی دژایەتی خۆی بۆ زورفی رانەگەیاندووە‌و پاڵپشتی دەكات. ئەمڕۆ هەشت گروپی چەكداری شیعە لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەڕەشەیان كرد هێرشبكەنەسەر هێزەكانی ئەمریكا، عەدنان زورفیشیان وەكو كاندیدی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ناوبردو‌و هۆشدارییان بە پەرلەمانتاراندا دەنگ بە كابینەكەی نەدەن، ئەمانە گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران بوون. سوننەكان‌و عەدنان زورفی لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی بووە بە ژمارەیەكی گەورەی ناو پێكهاتەی سوننەكان، حەلبوسی پێگەكەی وەكو سەرۆكی پەرلەمان‌و توانا داراییە بەهێزەكەی لە خزمەتی سیاسەتەكانی خۆیدا بەكاردەهێنێت، ئەو پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كورد هەیە، یەكێك لەوانە بوو كە توانی شكست بە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی پێشووی عێراق بهێنێت، ئەو بەپێچەوانەی سەركردەكانی تری سوننە لەدوای روخانی سەددامەوە، زیاتر بەلای كورددا شكاوەتەوە‌و دەیەوێت كورد بەكاربهێنێت بۆ راستكردنەوەی پێگەی سوننە لە عێراق، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لێكتێگەیشتنێكی كرد‌و حكومەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەباربرد، لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشدا پەیوەندی توندوتۆڵی هەیە‌و ماڵێكیشی لە سلێمانی هەیە. حەلبوسی لەوانەیە پاڵپشتی لە عەدنان زورفی دەكات‌و دەیەوێت كابینەكەی سەركەوێت، حەلبوسی‌و بەرهەم ساڵح، دوو دوانەی سەرۆكایەتین لە عێراق كە ئێرانییەكان پێیانوایە یەكلابونەتەوە بۆ ئەمریكا، لەحاڵێكدا هەردووكیان بەرلەوەی پۆستەكانیان وەربگرن بەڵێنی ئەوەیان بە ئێرانییەكان دابوو پشتیوانی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەن، ئێرانییەكان پێیانوایە هەردووكیان بەڵێنەكەی خۆیان شكاندووە، بەڵام ئیتر ئەمە عێراقی دوای "حاجی قاسم"ە‌و هاوكێشەكان لە گۆڕانكاریدان. كورد لە كابینەی زورفیدا عەدنان زورفی كاندیدی راسپێدراوی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، لە سەرەتاوە پارتی دیموكراتی كوردستان بە دوردونگی تەماشای كاندیدكردنی زورفی كرد، چونكە لەلایەك كاندیدی بەرهەم ساڵح بوو، لەلایەكی تریش ناوماڵی شیعە كۆدەنگ نەبوون لەسەر كاندیدكردنی. زورفی لەدوو رێگەوە خۆی گەیاندە ناو دڵی پارتی، لەلایەك لەرێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە هێڵێكی گەرمی پەیوەندی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردەوە‌و لەلایەكی تر لەڕێگەی فوئاد حسێنی كۆنەدۆستی خۆی، هێڵێكی تری پەیوەندی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی رێكخست. ئێستا فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق بە نوێنەرایەتی كورد دانوستان لەگەڵ زورفی دەكات، بە ئاشكرا دووجار لەگەڵ زورفی كۆبووەتەوە، بەڵام ژمارەی گفتوگۆ نائاشكراكانی نازانرێت، لەم سەرەتاوە فوئاد حسێن زەمانەتی ئەوەی لە عەدنان زورفی وەرگرتووە خۆی لە پۆستی وەزارەتی دارایدا بمێنێتەوە، واتە فوئاد حسێن بەر لە كورد، دانوستانی بۆ خۆی كردووە‌و خۆی زامن كردووە. زورفی تاڕادەیەك پارتی مسۆگەر كردووە، بەمدواییە لەرێگەی محەمەد حەلبوسی‌و نوێنەرێكی یەكێتییەوە لە بەغداد هێڵێكی پەیوەندی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی كردەوە، لاهور شێخ جەنگی بەدۆستەكانی ئەمریكا لەناو یەكێتی تەماشا دەكرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هاوسەرۆكەكەی تر كە بافڵ تاڵەبانییە بەدۆستی ئێرانییەكان ئەژماردەكرێت‌و تاران دەتوانێت كاریگەری لەسەر دابنێت، هێشتا سەرەتای گەمەكەیە، بەڵام رەنگە لە كۆتایدا زورفی یەكێتی بەسەر دووبەرەی لاهور‌و بافڵدا دابەشبكات. لاهور شێخ جەنگی كە ئێستا دانوستانی لەگەڵ زورفیدا دەستپێكردووە، دەیەوێت ئەمجارە یەكێتی بەجیا بچێتە ناو دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە، هەندێك لە یەكێتییەكان دەڵێن لە دانوستانەكانی پێشوودا مەسعود بارزانی خۆی كردووە بە خاوەنی دەستكەوتەكان، لەكاتێكدا ئەوانیش پاڵپشت بوون. بەڵام رەنگە ئەمریكییەكان لەدوا ساتەكاندا یەكێتی‌و پارتی لەسەر پشتیوانی لە عەدنان زورفی یەكبخەن، هەڵبەت ئەگەر ئێرانییەكان پێشوەختە كاری خۆیان لەسەر بەشەكەی تری یەكێتی نەكردبێت. لەنێوەندی پارتی‌و یەكێتیدا، پارتە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان دۆشداماون، چاوەڕوانی یەكلابونەوەی هەڵوێستەكان دەكەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە چەند رۆژی رابردوودا فوئاد حسێن بە تەلەفۆن قسەی كردووە لەگەڵ جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و لەبری عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە كە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە، هاوكات قسەی لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی‌و سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كردووە، وردەكاری ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە نازانرێت، بەڵام ئەوەی كە دەزانرێت ئەوەیە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان پەیوەندیداربوون بە دۆسیەی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق. جەمال كۆچەری ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" ئەو وەفدەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ دانوستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی دروستكراوە وەكو خۆی ماوە‌و یەكگرتوو دەیەوێت لەچوارچێوەی وەفدی لایەنە كوردستانییەكان بەشداری دانوستان لەگەڵ عەدنان زورفی بكات". بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی سەرباری ئەوەی هەندێك لە نوێنەرەكانیان لە پەرلەمانی عێراق دژی ئەوەبوون لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بەشداری دانوستان بكەن، بەڵام دواجار حزبەكانیان بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بەشداری دانوستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی كرد، چاوەڕوان دەكرێت بۆ دانوستان لەگەڵ عەدنان زورفی هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە. زورفی دركی بەوە كردووە، هەندێك لە نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق پابەند نابن بە بڕیاری سیاسی وەفدی لایەنە كوردییەكان، بۆیە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) هەوڵیداوە هێڵێكی دانوستان لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە ناڕازییانە بكاتەوە‌و ئەوانیش بخاتە ناو بازنەكەی خۆیەوە، بەڵام تائیستا بەهۆی دۆحی كوروناوە هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی لەگەڵدا نەكردوون. لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بڕیاری پارتە سیاسییەكانی خۆیاندا، هەندێك لە نوێنەرانی كورد بەتایبەتی لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو هەروەها پەرلەمانتارە جیابووەوەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرگەردان بوون‌و دەیانەوێت لەسەر بنەمای بەرنامەی حكومەتەكەی دەنگ بە كابینەكەی زورفی بدەن یاخود رەتی بكەنەوە.  


راپۆرتی: درەو بەرەی ڕەتكەرەوەی (عەدنان زورفی) گرەو لەسەر نەگۆڕیی نەریتی سیاسی دەكەن لەعێراق، ئەو نەریتەی پایەكی گرنگی پشكێنەیەو پرۆسەی سیاسی لەسەر بنیاتنراوە. ئەوان لەو بڕوایەدان كوردو سوننە سەركێشی شكاندنی ناكەن‌و خۆیان ناكەن بە بەشێك لەكێشەكانی ناوماڵی شیعە، وێڕایی فشاری ژێر بەژێری تاران كە بەردەوام كاریگەری هەبووە لەیەكلاكردنەوەی هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق. لەبەرامبەردا (زورفی)یش، هاوشانی پشتیوانیكردنی لەلایەن هەندێك لەهێزە شیعییەكانەوە، گرەو لەسەر هاوڕێیەتی‌و نزیكایەتی دەكات لەپەرلەمانتاران، بەوپێیەی خۆی پەرلەمانتارەو پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵ زۆرێكیان، ئەوەش وەك دەوترێت ڕۆڵی دیارهەبووەو، توانیویەتی قەناعەت بە هەندێكیان بكات، تەنانەت بە پێچەوانەی ڕای هێزە سیاسییەكانیشیان متمانەی پێدەن. وێڕایی بەردەوامی ناكۆكییەكان‌و شكستهێنانی هەوڵەكانی بۆ ڕازیكردنی ئەو هێزە سیاسییانەی ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە‌و، پێش تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە دەستورییەی لەبەردەمیدایە بۆ پێشكەشەكردنی كابینەی حكومەتەكەی كە كەمتر لە دوو هەفتەی ماوە، ئەمڕۆ (عەدنان زورفی) سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو پرۆگرامی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كرد. پرۆگرامی زورفی پرۆگرامی حكومەتەكەی زورفی كۆمەڵێك خاڵ‌و بڕگەی گرنگی تێدایە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای عێراق كە دیارترینیان ئەمان:  + ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەماوەیەك  كە  سالێك تێپەڕنەكات. + پاراستنی خۆپیشاندەران‌و جێبەجێكردنی داواكارییە ڕەواكانیان‌و لێپرسینەوە لەبكوژانی خۆپیشاندەران‌و هێزە ئەمنییەكان‌و ڕادەستكردنیان بە دادگا.  +  ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو تەرخانكردنی بودجەیەكی گونجاو بۆ بنبڕكردنی. + پەلەكردن لە تەواوكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2020و تێپەڕاندنی لەپەرلەمان. + كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان بۆ چارەسەكردنی كورتهێنانی دارایی كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە.  + هێشتنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت‌و كردنەدەرەوەی هێزی چەكدار لەشارەكان‌و كۆتایهێنان بە دیاردەی چەكداری تێیاندا. +  چارەسەركردنی دۆسیەی ئاوارەكان‌و كاركردن بۆ گێڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان. + ئەنجامدانی چاكسازی لەوەزارەت‌و دامەزراوەكانی حكومەت. + زورفی ئەمجارە حەشدی شەعبی لەبیرنەكردو، لە پرۆگرامی حكومەتەكەیدا جۆرێك لەدڵنیای دانێ‌‌و بەڵێندا، هەوڵ بۆ بەهێزكردنی تواناكانیان بدات‌و، ڕێگە بگرێت لەهەر كردنە ئامانجێكی دەرەكی عێراق. تۆپەكەی هەڵدایە پەرلەمان بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانی عێراق، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەنیازە داوا لەپەرلەمانی پەرلەمان بكات لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبونەوەیەك ڕێكبخات بەمەبەستی دەنگدان لەسەر حكومەتەكەی. گرەوی (زورفی) لەسەر كۆكردنەوەی زۆرترین پەرلەمانتارە لەو كوتلانەی كە ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە، بەوپێیەی خۆی پەرلەمانتارەو هاوڕێیەكی نزیكیانە. نوسینگەی (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە سەرۆكی پەرلەمان كارنامەی وزاری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بەدەست گەیشتوووە.  زۆرینەی پێویستی كۆكردووەتەوە (نەدا شاكر جەودەت) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسر" كە كوتلەكەی(زورفی)یە لەپەرلەمان،  لەلێدوانێكدا بۆ سایتی "بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاندووە: زورفی توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت‌و، پێشبینی دەكەن لەم هەفتەیەدا پەرلەمان كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر كابینەی حكومەتەكەی. لای خۆیەوە، بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق لەتویتێكدا دەڵێت: ئاماژە نوێكان دەریدەخەن، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو زۆرینەی پێویست بۆ تێپەڕاندنی كابینەی بەدەست دەهێنێت هەر كات ئەنجومەنی نوێنەران توانی دانیشتنێكی تایبەت بۆ پێدانی متمانە بە حكومەت ڕێكبخات لەماوەی دەستوریی دیاریكراودا. ئاماژەی بەوەشداوە: هەندێك لەو كوتلانەی لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتیانەن كە ڕاسپاردنی (زورفی) ڕەتدەكەنەوە، دانوستانكاری لاوەكی دەنێرێن بۆ زانینی پشكیان لەحكومەتی داهاتوو. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان ئەوەی وایكردووە، (زورفی) بەو شێوە چاوەڕواننەكراوە بەرنامەی حكومەتەكەی ڕەوانەی پەرلەمان بكات، دوو هۆكارن:  یەكەمیان: جوڵاندنی پرسی نایاسایبونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەڕاسپاردنی (زورفی)لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دوێنێ‌ هەینی سەرۆكایەتی كۆمار مەرسومی  دامەزراندنی ئەو دادوەرەی كشاندەوە كە نیسابی یاسایی بڕیارەكەی دادگای تەواوكرد.   دووەمیشیان: دەنگۆی بەهێز هەیە (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەسەردانەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوویدا بۆ بەغدادو كۆبونەوەی لەگەڵ هێزە شیعییەكان سەركەوتوو نەبووەو نەیتوانیوە هەڵوێستی هێزە شیعییەكان یەكبخات، ئەمەش گوڕێكی باشیداوە بە (زورفی) بۆ جوڵەكردن‌و دەرفەتی تێپەڕاندنی حكومەتەكەی زیاتر كردووە.  لەلایەكی ترەوە زورفی پشتیوانی ئەمریكای بۆ خۆی مسۆگەركردووەو  ئەمریكا دەیەوێت كابینەكەی زورفی تێپەڕێت و كۆتایی بە پرسی كابینەی نوێی حكومەت بهێنێت و لەوێوە عێراق لە چنگی ئێران دەربهێنێت گرەوەكە لەسەر هەڵوێستی كوردو سونەیە ئەوە لەكاتێكدایە، هێزە نزیكەكانی  ئێران، بەدیاریكراوی هاوپەیمانی"فەتح"و"ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا" تائێستا بەتوندی دژی ڕاسپاردنی (زورفی)ین‌و، پێداگریدەكەن لەسەر كشانەوەی یان شكستپێهێنانی لەپەرلەمان.  (عامر فایز) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" ئەمڕۆ شەممە لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: كوتلە شیعییەكان دابەشبوون لەنێوان ڕەتكردنەوەو پەسەندكردنی ( زورفی)، ئەو دابەشبوونەش دیمەنەكە ئاڵۆزتر دەكات‌و تێپەڕاندنی كابینەی (زورفی) قورس دەكات، ئەگەر ئەوە بەهەند وەربگرین كە كوتلە سونیی‌و كوردییەكان پێشێلی عورفی سیاسی قبوڵنەكەن، كە تەئكید لەسەر پێویستی ناونانی سەرۆك وەزیران دەكات لەلایەن  گەورەترین كوتلەی پەرلەمانەوە. گروپە چەكدارەكان هەڕەشە دەكەن هەر لەچوارچێوەی ململانێكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا، 8 گروپی چەكدار ( عەسائیبی ئەهلی حەق، كەتائیبی سەید ئەلشوهەدا، حەرەكەی ئەوفیا، حەرەكەی جوندولئیمام، حەرەكەی نوجەبا، كەتائیبی ئیمام عەلی، سەرایای عاشورا، سەرایای خۆراسانی) كە خۆیان بە بەرەی (مقاوەمە) ناوبردووە لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا، (عەدنان زورفی)یان بە بەكرێگیراو و، كاندیدی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ناوبردووەو، بەهەموو شێوەیەك تێپەڕاندنیانی حومەتەكەیان ڕەتكردووەتەوە، هۆشداریشیان داوە بە سەرۆك كۆماری عێراق بەوپێیەی بەراسپاردنی ناوبراو پێشێلی داواكاری خۆپیشاندەران‌و ڕێنماییەكانی مەرجەعەیەتی كردووە‌و، ئاشتی كۆمەڵایەتی خستووەتە مەترسییەوە. هاوكات ئیدانەی ئەو  پەرلەمانتارانەشیان كردووە كە پشتیوانی (زورفی) دەكەن، بەپێویستیان زانیوە داوای لێبوردن بكەن لەو هەڵەیەی كردوویانە.     


درەو:  وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنی قەدەغەی هاتوچۆی بۆ توندترین ئاست بەرزكردەوە، ماركێت و نانەواخانەكانیش دادەخرێن، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) هۆكاری بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەركەوتنی ئەنجامێكی نوێی پشكنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە . ئەمشەو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا  بۆ بەرزترین ئاستی خۆی توند كردەوە، تا ڕادەی داخستنی ماركێت و نانەواخانەكان بۆ ماوەی (48) كاتژمێری داهاتوو. ئەم رێوشوێنە نوێیەی وەزارەتی ناوخۆ ئەمشەو بووە هۆی درووستبونی قەرەباڵغی لەناو دوكان و ماركێتەكان و بەرزبونەوەی نرخی هەندێك كاڵاو كەلوپەل. بڕایارەكەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوە هات ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی چەند جارێك و لە چەند كاتێكی جیادا لیستی توشبوانی كۆرۆنای بڵاوكردەوە. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) هۆكاری سەرەكی پشت بڕیارە توندەكەی ئەمشەوی وەزارەتی ناوخۆ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تیمێكی تایبەتی تەندروستی بەشێوەی هەڕەمەكەی لە بازاڕو شوێنە گشتیەكاندا سامپڵیان لەناو خەڵكو ئەو كەسانەدا وەرگرتووە لەدەرەوەی بازنەی توشبوان و بەركەوتەی توشبوان خەڵكانێكی زۆر هەن توشی كۆرۆنا بوون، ئەم سامپڵە نوێیە بەرپرسانی نیگەران كردووە لەوەی بازنەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی هەندێك لە وڵاتانی رۆژئاوا هێندە فراوان بێت كە توانای كۆنترۆڵكردنیان نەمێنێت. بەرپرسانی هەرێم هەستیان بەوە كردووە كە ئاستی پابەند بوون بە رێنماییەكان كەمیكردووەو جموجوڵی پیادەڕۆ لە شەقامەكان زیادی كردووە، مەترسیان هەیە كە ئەمە ببێتە هۆی گواستنەوەی تیمی پێشەوەی شەڕی روبەروبونەوەی كۆرۆنا كە پێكهاتوون لە ( هێزە ئەمنیەكان و كارمەندانی تەندروستی) .  بەپێی دوایین ئاماری رەسمی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە هەرێمیك وردستان بەم شێوەیەیە: كۆی ژمارەی توشبوان: 214 ژمارەی مردوان: 2 ژمارەی چاكبوان: 74 ژمارەی مانەوە لە نەخۆشخانە: 138  رێژەی مردن: 1% رێژەی چاكبون: 35% كۆرۆنا لە ئاستی جیهاندا كۆی ژمارەی توشبوان: 1,095,208 ژمارەی مردوان: 58,795 ژمارەی چاكبوان: 228,118  


راپۆرتی: درەو چاوەڕواندەكرێت لەچەند كاتژمێری داهاتوودا هەموو ڕیسە سیاسییەكە لەعێراق ببێتەوە بەخوری‌و ململانێكان بگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. ڕۆژی هەینی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڕیاریدا بەكشاندنەوەی مەرسومی سەرۆكایەتی تایبەت بەدامەزراندنی دادوەر (محەمەد كوبەیسی) وەك ئەندامێكی ڕەسەن لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق. كشاندنەوەی مەرسومەكە لەسەر بنەمای پەسەندكردنی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بوو لەسەر بڕیارێكی دادگای بەرایی كەرخ كە فەرمانیدا بەنادەستوری بوونی مەرسومەكەی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكایەتی كۆمار كرد. لەبەیاننامەكەدا،كە ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاویكردووەتەوە، هاتووە: جارێكی تر ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوا لەئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ پەلەكردن لە دارشتنی دەقێكی جێگرەوە بۆ چارەسەكردنی بۆشایی دەستوری‌و یاسایی بەهۆی نەبوونی دادگایەك  نیسابی یاسای تەواوبێت، پەنای بۆ ببرێت لە ململانێ‌ دەستوری‌و یاساییەكاندا. نیساب تەواو نەبووە بەپێی مادەی 3  لەیاسای  ژمارە 30 ساڵی 2005  نیسابی یاسایی بۆ بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە 9دادوەر تەواودەبێت، بەڵام بەكشاندنەوەی مەرسومی دامەزراندنی ئەو دادوەرە، نیسابی یاسایی لە یاسایبونی ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە كێشەی تێدەكەوێت. (بەرهەم ساڵح ) سەرۆك كۆماری عێراق، پێش ئەوەی (عەدنان زورفی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ڕابسپێرێت، ڕۆژی 16/3/2020 نامەیەكی ئاراستەی دادگای باڵای فیدراڵی كرد، سەبارەت بە یاسایی بوونی ئەو هەنگاوەی ناویەتی كە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ هێزە سیاسییەكان (زورفی) ڕاسپاردووە، لەبەرامبەردا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێك وەڵامی سەرۆك كۆماری دایەوە كە ئەوە لەدەسەڵاتەكانی خۆیەتی‌و هیچ پێشێلكارییەكەی یاسایی تێدانییە. سەرۆك كۆمار ناچارە پاشگەزبێتەوە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە ڕۆژی 17ی مانگی ئازاری ڕابردوو دەرچوو، ئیمزای 9 دادوەری لەسەربوو، یەكێك لەو دادوەرانە (محەمەد كوبەیسی)بوو، كە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەئێستادا مەرسومی دامەزراندنەكەی كشاندووەتەوە، كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات. بەوپێیەی كێشەی یاسایی بۆ مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی) دروستدەكات‌و ڕەنگە لەچەند كاتژمێری داهاتوودا سەرۆك كۆماری عێراق ناچاربێت مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی)یش بكشێنێتەوە. پێشتریش، بڕیارەكە مشتومڕێكی توندی دروستكرد لەنێوان دادگای باڵای فیدراڵی‌و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، (فائق زێدان) سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند: مافی ڕاسپاردنی كاندید بەبێ‌ ڕەزامەندی ئەو كوتلەیەی كاندیدی كردووە، بەهیچ جۆرێك ناگوێزرێتەوە بۆ سەرۆك كۆمار، چونكە ئەو شرۆڤەیە هەڵەیە بەتایبەت لەدادگایەكەوە دەرچووە، كە نیسابی یاسایی تەواو نییە. نەیارەكانی زورفی هەڕەشە دەكەن (محەمەد غەبان) سەرۆكی كوتلەی "فەتح" لەپەرلەمانی عێراق، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك هۆشداریداوەتە (بەرهەم ساڵح) و دەڵێت:"ئەگەر سەرۆك كۆمار مەرسومی ڕاسپاردنی عەدنان زورفی نەكشێنێتەوە ناچار دەبین بە ئاشكراكردن‌و خستنەڕووی ئەو بەڵگەنامانەی دەریدەخات دەستور پێشێلكراوەو بەتاڵی پرۆسەی ڕاسپاردنەكە دەسەلمێنێت".   پێشتریش (غەبان) ئاماژەی بە بڕیاری دەستەی گشتی دادگای تەمیزی فیدراڵی كردبوو لە 17/3/2020و، پاڵپشت بەو بنەما یاساییەی دەڵێت، ئەوەی لەسەر بەتاڵ بنیاتبنرێت بەتاڵە، داوای لەسەرۆك كۆمار كرد مەرسومی تایبەت بە ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) هەڵبوەشێنێتەوە، ئاماژەی بەوەشكردبوو، هەر هەوڵێك بۆ خۆدزینەوە لەو بڕیارە تێناپەڕێ‌‌و بەپێچەوانەی ئەوە پێشێلكارییە دەستورییەكان ئاشكرادەكەن كە لەو ڕێیەوە پرۆسەی ڕاسپاردنەكە ئەنجامدراوە.    لێكەوتەكانی كشانەوەی مەرسومەكە (عەدنان شەریفی) پسپۆڕی یاسایی لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "موازین" دیارترین لێكەوتەكانی كشاندنەوەی مەرسومی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق تایبەت بەدامەزاردنی ئەو دادوەرە وەك ئەندامێكی ڕەسەن لەدادگای فیدراڵی لەچەند خاڵێكدا دەستنیشانكردووە: 1-وەستانی تەواوەتی دادگای فیدراڵی لە ئەنجامدانی كارەكانی بەوپێیەی دوای كشانەوەی مەرسومی سەرۆكایەتی كۆمار نیسابی یاسایی دادگاكە تەواونابێت بۆ بڕیاردان. 2- سەرۆكایەتی كۆمار وەڵامی بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی‌و نامەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوەتەوە كە بڕیاری دامەزراندنی دادوەر (محەمەد كوبەیسی) بە نایاسایی داناوە، بەوپێیەی ئەو دادوەرە ڕەوانەی خانەنشینی كراوەو مافەكانی تایبەت بە خانەنشینی وەرگرتووە، بەوەش هەر  بڕیارێك كە لەدادگای فیدراڵییەوە دەرچووە بە بەتاڵ ئەژمار دەكرێت. 3- لەسەر ئەوبنەمایەش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆك كۆمار بۆ ڕاسپاردنی كەسایەتییەك بۆ پێكهێنانی حكومەت نایاساییەوەو، ڕەنگە ناچاربێت پەنا بۆ كشاندنەوەی ڕاسپاردنەكەی بەرێت. 4- دەسەڵاتی دادوەری لەحاڵەتی بۆشایی دەستوریدایەو پێویستە لەسەر ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەكی جێگرەوە بۆ مادەی 3 لەیاسای دادگای فیدراڵی دەربكات كە دادگا هەڵیوەشاندەوە بەهۆی نادەستوری بوونی، كە مافی  خۆ كاندیدكردنی بۆ ئەندامێتی دادگاكە داوە بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری‌و پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە. 5- ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەتوانێت چارەسەری ئەو كێشەیەبكات‌و وڵات ڕزگاربكات لەو بۆشاییە مەترسیدارە بە دەركردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینكردنی ئەو دادوەرە  لەسەر داوای دادگای فیدراڵی بەوپێیەی دادوەری یەدەگەو بەوپێیەش دەبێت هەموو ئەو پاداشتانەی كۆتایی خزمەت وەریگرتووە بیگێڕێتەوە، چونكە یاسای دادگای فیدراڵی تەمەنی ئەندامانی دادگاكەی دیارینەكردووە.  بە بۆچوونی ئاگایانی دۆخی عێراق، سیناریۆی نزیك ئەوەیە، بەمنزیكانە هەندێك هێزی سیاسی لەدادگای بەرایی سكاڵایەك تۆماردەكەن لەسەر ئەو بنەمایەی ئەو مەرسومەی (زروفی)لەسەر ڕاسپێردراوە، لەئاكامی بڕیارێكی پێچەوانەی یاسا سەرچاوەی گرتووە لە دادگای فیدراڵی بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی. دادگای بەرایی_یش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی) دەردەكات، سەرۆك كۆماریش بەناچاری مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی) دەكشێنێتەوە، بەوەش هەنگاوە سیاسییەكان دەگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەكەم‌و، جارێكی تر ڕاسپاردنی كاندیدو پرسی گەورەترین كوتلە دێتەوە پێشەوە.   


(درەو): جارێکی تر تاوانی کوژرانی کچان و ژنانی کورد لەسەر کەیسی "شەرەف" بووەوە بەمانشێتی میدیاکانی ئەوروپا. رۆژنامەی (دەیلی مەیل ) کە یەکێکە لە رۆژنامە بەناوبانگەکانی بەریتانیا چیرۆکی کوژرانی کچێکی کوردی بەناوی (بەناز مەحمود) بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، بەناز تەمەنی (۲۰ ساڵ) بووەو لەگەڵ خێزانەکەیدا لە باشوری لەندەن ژیاوەو خێزانەکەی یەکێکن لە خانەوادە دیارەکانی ناو رەوەندی کورد لەو ناوچەیە. رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، بەناز لە هاوسەرەکەی جیابوەتەوە بەهۆی ئەوەی ئازاری داوەو کوڕێکی تری خۆشویستووە، ئەمە لەلایەن خێزانەکەیەوە وەکو "تاوانی شەرەف" لێکدراوەتەوە، بۆیە مەحمودی باوکی و ئاری مامی، بەنازیان کوشتووە. بکوژەکانی دوای خنکاندنی بەناز، تەرمەکەیان لە باخی ماڵەکەیان شاردوەتەوەو پۆلیس لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەی گەڕانیدا بەدوای بەناز، تەرمەکەی دۆزیوەتەوە. دوای چوار مانگ پرۆسەی دادگایی، دادگا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر هەریەکە لە مەحمودو ئاری برایدا سەپاندووە. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی جێگای مەترسییە، ئەم جۆرە تاوانانە کە تایبەتن بە مەسەلەی "شەرەف"، لەناو هەندێک لە توێژەکانی کۆمەڵگەی بەریتانیا دوبارەدەبنەوە، بەتایبەتی  ئەو کۆمەڵگایانەی کە باوک سالارین و پیاو تێیاندا بەشێوەیەکی ستەمکارانە حوکم دەکات و دەبێت ژنان بەبێ پرسیارکردنی فەرمانەکان جێبەجێ بکەن، بەپێچەوانە دوچاری مردن دەبنەوە لەژێرناوی "پاککردنەوەی شەرەف"دا. ئەگەر چی رووداوەكە لە ساڵی 2006 رویداوە بەڵام ئەمرۆ بەناوبانگترین رۆژنامەی بەریتانی وەك كاریگەریترین رووداو چیرۆكەكەی گێراوەتەوەو بڵاویكردۆتەوە 


درەو:  نوسەرو شارەزایەكی ئەمریكی داوا لە وڵاتەكەی دەكات رۆڵبگێرێت لە گێرانەوەی ئەو (ملیار )دۆلارەی هەرێمی كوردستان كە لە لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە،  لەبارەی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ روبەروبونەوەی قەیرانی كۆرۆنا و دارایی دەڵێت" مەسرور بارزانی سەركەوتوو بووە لە روبەروبونەوەی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام كەمكردنەوەی موچەو دەماڵەی موچەخۆران كابینەكەی دەخاتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەوە، كە كابینەكەی پێش خۆی هەوڵی چاكسازی لەباربرد".   (مایكل نایتس) شارەزا لەكاروباری سەربازی‌و ئەمنیی عێراق‌و ئێران‌و وڵاتانی كەنداو لەوتارێكدا بە ناونیشانی(چۆن دەكرێت خزمەتی بەرژوەندی ئەمریكا بكرێت لەڕێی ڕزگاركردنی ئابوری كوردستان)، كە لە پێگەی (THE WASHNGTON INSTITUTE )  نوسیویەتی" بۆ جاری دووەم‌و لەماوەی چەند ساڵێكدا هەرێمی كوردستان، ئەو بەشەی عێراق كە زۆرترین پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات، ڕووبەڕووی داڕمانی ئابوری دەبێتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و، بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، تەواونەكردنی چاكسازییە ئابورییەكان‌و، نەبوونی یەدەگی سیادی" (مایكل نایتس) لەبارەی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمەوە ئاماژە بەوەدەكات: هەرێمی كوردستان وەك حكومەتێكی نیمچە سەربەخۆ پشت بە دوو سەرچاوەی داهات دەبەستێت، یەكەمیان داهاتی تایبەت بە هەناردەكردنی نەوت كە داهاتی سەرەكییە‌و، ڕۆژانەی 320 هەزار بەرمیل نەوت بەشەریكی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم‌و هەندێك كۆمپانیای تری نێودەوڵەتی هەناردە دەكات، لەگەڵ نزیكەی 170 هەزار بەرمیل كە هەرێم خۆی ئیدارەی دەدات. سەرچاوەی دووەمیشیان ئەو پارەیەیە كە لەبەغدادوە دەستی دەكەوێت‌و، ساڵانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت. (نایتس) دەشڵێت: لەكۆتایی ساڵی 2019دا، ئابوری هەرێم تا ئاستێك لەدۆخێكی باشدا بوو لەسایەی نرخی نەوت كە64 دۆلار بوو بۆ بەرمیلێك، بەڵام قەیرانەكانی ئێستا ئەو وێنە ئومێد بەخشەی لەناوبرد، وێڕایی دابەزینی بودجەی بەكاربردنی مانگە بە نزیكەی 950 ملیۆن دۆلار، داهاتەكانی هەرێم لە 648 ملیۆن دۆلار تێپەڕناكات. ئەوەش خۆی لەو پارەیە دەبینێتەوە لەبەغداوە بۆ دێیت كە بڕەكەی (328) ملیۆن دۆلارە. لەگەڵ ئەوەی بەسەربەخۆ دەیفرۆشێت كە بڕەكەی 270 ملیۆن دۆلارە، داهاتە ناو نەوتییەكانیشی 50 ملیۆن دۆلارە. ئەو كورتهێنانە مانگانەیەی دروست دەبێت بڕەكەی 300 ملیۆن دۆلارە، ئەوەش سەركردەكانی هەرێمی هانداوە بۆ بیركردنەوە لە كەمكردنەوەی پێدانی پارە بە وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەكان كە بڕی مانگانەی بە 270 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، وەك بەدیلی كەمكردنەوەی مووچە. ئەو نوسەرە ئەمركییە لەبارەی چۆنییەتی ڕزگاكردنی ئابوری هەرێمەوە نوسیویەتی: لەسایەی ئەو قەیرانی داراییە، حكومەتەكان مەیلیان بەلای كەمكردنەوەی پارەی وەبەرهێنەرە بیانییەكاندایە، ئەوە لەكاتێكدایە متمانەی وەبەرهێنەرەكان بە كوردستان زۆر لاوازە بەهۆی زنجیرە قەیرانەكانی ڕابردوو، تەنانەت پێش ئەم دۆخەش، هەرێم لەكۆتایی ساڵی 2019 لەپێدانی پارەی وەبەرهێنەرەكان دوادەكەوت بەهۆی  سڕكردنی یەدەگی دارایی لە بانكی دەریای ناوەڕاست(بحر ئەلمتەوەست) لەلوبنان. (نایتس) لەبارەی ئەولەویەتی سیاسەتی ئەمریكا لەكوردستان لەم دۆخەدا بەوپێیەی یەكێكە لە بەهێزترین هاوڕێ نزیكەكانی ئەمریكا لەناوچەكە بەپێویستی دەزانێت ئەمریكا هاوكاری هەرێم بكات لەڕێی: 🔹  زامنكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی بەغداد بۆ ساڵی 2020، كاتێك نەوت لەنزیكەی 30 دۆلار لەنگەر دەگرێت هەرێم ناتوانێت خەرجییەكانی لەڕێی فرۆشتنی نەوتەوە دابین بكات. پێویستە لەسەر واشنتۆن هەژموونی خۆی‌و دامەزاروە داراییە نێودەوڵەتییەكان بەكاربهێنێت بۆ زامنكردنی ئەوەی كوردەكان ڕووبەڕووی سزای نادادپەروەرانە نەبنەوە. بەپێویستیشی دەزانێت  بەرپرسانی ئەمریكا پێداگری بكەن لەسەر پێدانی پشكسی هەرێم لەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانەی دەدرێتبە عێراق بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. 🔹  زامنكردنی پێدانی شایستە داراییەكان لەلایەن هەرێمەوە بە وەبەرهێنەرە بیانییەكان. پێویستە لەسەر وەزارەتی وووزەی ئەمریكا دەستبەجێ‌ بە بەرپرسانی هەرێم ڕایگەیەنێت كە پلانی ئێستایان بۆ دواخستنی پارەی كۆمپانیاكان كە 4 مانگ دواكەوتووە بۆ 9 مانگی تر دوابخرێت بەلانی كەمەوە، ئەو متمانە كەمەی وەبەرهێنەران ماویانە بەهەرێم ئەوەش لەناودەبات. لەبری ئەوە  پێویستە بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ وەبەرهێنەرەكان كۆببنەوەو ڕێككەوتنێكی بەپەلە بكەن لەسەر داواخستنی شایستەداراییەكان بەڕەزامەندی هەردوولا. جوڵەكردنی بەپەلە كارێكی بنەڕەتییە، چونكە داڕمانی وەبەرهێنەرێك دەبێتە هۆی ترساندنی ئەوانەی تریش. 🔹 هاوكاریكردن لە ئاڵوگۆڕكردنی دیزلی هاوردەكراو بە غازی كوردی. وەزارەتی ووزەی ئەمریكا لەدۆخێكی باشدایە بۆ پشتیوانیكردنی پلانی هەرێم كە بەنیازی فراوانكردنی دابەشكردنی غازی سروشتتیە بەجۆرێك وێستگەكانی ووزە بگرێتەوە كەتائێستا بە دیزیلی گران بەهای هاوردەكراو كاردەكەن، ڕەنگە ئەم هەنگاوە مانگانە ملیۆنان دۆلار بۆ كوردەكان بگێڕێتەوەو، 750 میگاوات كارەبای زیادەش بە بڕەپارەیەكی كەم بەرهەمبهێنێت. 🔹 كڕینی نەوت كورد.  یەدەگی ستراتیجی ئەمریكا لەئێستادا نەوت بە نرخێكی هەرزان دەكڕێت، زۆربەی ئەو نەوتە لەبەرهەم هێنەرە ئەمركییەكان دەكڕێت،  بەڵام بوار هەیە هەندێكی لەدەرەوە بكڕێت، بۆ نمونە واشنتۆن دەتوانێت نەوتی خاوی كورد بكڕێت وەك شێوەیەك لەشێوەكانی قەرزی درێژخایەن‌و ئاسان لەم دۆخە ناهەموارەدا. 🔹  پشتیوانیكردنی پێشمەرگە. ئەمریكا لەئێستادا 17 ملیۆن دۆلاری مانگانە  دەدات بە هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبوڕووبونەوەی داعش‌و ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەو هاوكارییە ساڵی ڕابردوو لە 23 ملیۆن دۆلارەوە كەمكرایەوە بۆ ئەو بڕەو، بڕیارە مانگی نیسان بە تەواوی ڕابوەستێت. پێویستە واشنتۆن لەسەر پێدانی ئەو هاوكارییە بەردەوامبێت تا ئەو كاتەی پێویست دەكات‌و، بڕكەشی زیادبكرێتەوە بۆ ئاستی ڕابردوو. 🔹 هاوكاریكردن لە گێڕانەوەی پارەكان لە بانكی (بەحر ئەلمتەوەست)،  هەرێمی كوردستان خاوەنی یەك ملیار دۆلاری سڕكراوە لەو بانكە لوبنان_یە، ئەوەش بڕە پارەیەكە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕانگاری  ئابوری هەرێم لەمەودای نزیكدا. بەوپێیەی ویلایەتەیەكگرتووەكان  وەبەرهێنەرێكی سەرەكی‌و لایەنێكی چالاكە لەبواری خزمەتگوزاری دارایی، ڕەنگە بتوانێت پرۆسەی گێڕانەوەكە خێرابكات. 🔹 دڵنیاكردنەوەی مەسرور بارزانی‌و  دەستكردن بە چاكسازییەكان، سەرۆكی وەزیرانی  هەرێمی كوردستان  پابەندە بەجێبەجێكردنی چاكسازی ئابوری، بەڵام حكومەتی پێشوو ئەو هەوڵەی لەسەرەتاوە لەباربرد لەڕێی نەهێشتنی كۆتوبەندەكان لەسەر كەمكردنەوەی مووچە لەكۆتایی ماوەی ویلایەتەكەی (كۆتایهێنان بە سیستمی پاشەوكەوتی مووچە)، كە ئەوەش تێچووی  200ملیۆن دۆلاری مانگانەی خستووەتە ئەستۆی حكومەتی ئێستا. مامەڵەی چالاكی مەسرور بارزانی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا تواناو بەهێزیی ئەو دەردەخات وەك ڕیفۆرمخوازێكی ئابوری، كەمكردنەوەی مووچەو دەرماڵەكانیش لەم قۆناغەدا بەیەكەم تاقیكردنەوەی بەردەمی دادەنرێت. 


(درەو): محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی پێشووی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (روسیا الیوم): 🔹 لە پرسی پێکهێنانی حکومەتدا محەمەد حەلبوسی لە پێکهاتەی سوننەو نوری مالیکی و چەند لایەنێکی هاوپەیمانی فەتح لە دژم بوون و ئەوان هۆکاربوون نەتوانم حکومەتەکە پێکبهێنم. 🔹 سەرەتا بەتەواوەتی لەگەڵ کورد تێڕوانینمان جیاوازبوو، بەڵام لە کۆتایدا لەگەڵ کورد گەیشتمە رێککەوتنی تەواوەتی، هەرچەندە دەرکەوت کورد لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حەلبوسی هەبوو لەبارەی ئەوەی پێکەوە بەشداری حکومەت بکەن یاخود بەشدار نەبن. 🔹 ئیران هیچ رۆڵێکی نەبوو لە کاندیدکردنمدا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام ئێرانییەکان دەیانزانی من کەسێکم کە دژیان نیم و لە ململانێی ئێران- ئەمریکادا لە ناوەڕاستدا راوەستاوم. 🔹 من پەیوەندیم دێرینم لەگەڵ ئەمریکیەکان هەیە، بەڵام پەیوەندییەکانم سیاسی نەبوون، ئەمریکیەکان لە کاندیدکردنم بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران سەرەتا هەڵوێستیان روون نەبوو، بەڵام دواترو دوای چەند دیدارێک لەگەڵ باڵیۆزو قسەکردن لەگەڵ مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە بۆیان رونبووەوە کە من پاڵپشتی لە ئێران ناکەم و بێلایەنم. 🔹 پێموایە دەرفەتی عەدنان زوری بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە رێژەی ٥۰٪ تێناپەڕێت. 🔹 ئێستا ناوی هەریەکە لە عیزەت شابەندەرو عەبدولکەریم عەبتان و مستەفا کازمی دەهێنرێت بۆ کاندیدکردنیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەبۆچونی من لە کۆتایدا هەموو ئەم ناوانە لادەبرێن و کەسێکی تر کاندید دەکرێت. 🔹 هیچ رێککەوتن و سازشێکم بۆ موقتەدا سەدر نەکرد، یەکەم دانوستان کە کردم لەگەڵ سائیرون و فەتح بوو، داوام لێکردن بەهیچ جۆرێک دەستوەردان نەکەن و حکومەت بەشێوەی پشکێنە نابێت، ئەوان پێیان وتم رەزامەندن لەسەر ئەو مەرجانە.


درەو: 🔻 نەوتی برێنت لە 23دۆلارەوە بۆ 31 دۆلار بەرزبوەوە 🔻 نەوتی خاو لە 20 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار بەرزبوەوە درەو: نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوەوە لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سوعودیە . لەدوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەوە ترەمپ رایگەیاند پێشبینی دەكەم رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبكرێـەوە بەوەش راستەوخۆ نرخی نەوتی بەرزكردەوە بە جۆرێك نرخی نەوتی برێنت لە 23 دۆلارەوە بۆ 31 دۆلار بەرزبوەوەو نرخی نەوتی خاویش لە 20 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار بەرزبوەوە.   🔹 ئێستا نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا بەم شێوەیەیە: 🔸 نەوتی برێنت: 31.68 دۆلارە 🔸 نەوتی خاو : 25.87 دۆلارە   🔹 بەڵام لە 2020/3/30 نرخی نەوت بەم شێوەیە بوو : 🔸 نرخی نەوتی برێنت : 23.3 دۆلار 🔸 نرخی نەوتی خاو : 20.34 دۆلار


درەو: مانگانە(80 ملیۆن ) دۆلار لە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەدرێت بە توركیاو بۆ مانگی چوار تەنها (60) ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ حكومەت دەمێنێتەوە. بەپێی راپۆرتی نهێنی و تایبەتی ئامادەكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ مانگی چوار (پێشبینیكراوی حكومەتی هەرێم) بەم شێوەیەیە:. •    رۆژانە هەرێمی كوردستان  (435 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەدەكات. •    بەرمیلی نەوت بە (20 دۆلار) دەفرۆشرێت  •    داهاتی مانگی چواری نەوتی هەرێم (261 ملیۆن) دۆلار دەكات لەو بڕە (261 ملیۆن) دۆلارە •    (30 ملیۆن ) دۆلار بۆ توركیا مافی گواستنەوەی نەوت •    (50 ملیۆن ) دۆلار بۆ قەرزی توركیا  •    (60 ملیۆن ) دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت •    واتا (120 ملیۆن )دۆلار دەمێنێتەوە كە (50%)ی بۆ كۆمپانیا بەرهەمهێن دەچێت، واتا لە مانگی چواردا تەنها (60 ملیۆن) دۆلار دەمێنێتەوە. ئەم شیكاریە راپۆرتی تایبەت و ئامادەكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ مانگی چوار.  بەڵام هەر بەپێی راپۆرتەكە لە مانگی رابردوودا پارەی نەوتی هەرێم بۆ موچە (295 ملیۆن) دۆلار بووە، بەڵام بۆ مانگی چوار دەبێت بە (60 ملیۆن) دۆلار، واتا داهاتی نەوتی هەرێم بۆ موچە (80%) كەندەبێتەوە. بەڵام بەپێی لێكدانەوەو زانیاری پەرلەمانتارانو شارەزایانی بواری نەوت داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم زۆر لەو بڕە زیاتر بووە كە حكومەتی هەرێم باسی كردووە بە جۆرێك: •    حكومەتی هەرێم پێشتر مانگانە تەنها بڕی (295ملیۆن) دۆلاری داوەتە حكومەت بۆ موچە لە كاتێكدایە:  •    هەرێم رۆژانە (470 هەزار ) بەرمیل نەوتی رەوانە كردووو  •    نرخی بەرمیلێك نەوتی بە (50 دۆلار ) فرۆشتووە •    داهاتی یەك مانگی نەوتی هەرێم ( 700 ملیۆن) دۆلار بووە لەو بڕە حكومەت تەنها (295 ملیۆن) دۆلاری داوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە كەواتا ( 405ملیۆن) دۆلاری دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر (200ملیۆن) دۆلاریشی بۆ قەرزو كرێی كۆمپانیاكان بچێت (205 ملیۆن) دۆلاری دەمێنێتەوە. ناشەفافی و ئاڵۆزی لە داهاتی  نەوت گومانەكانی گەندەڵی لەو كەرتەدا زیاتر كردووە، بە جۆرێك لەدوای پرۆسەی سەربەخۆی نەوتەوە هەرێمی كوردستان بەردەوام لە قەیرانی داراییدا بووە.   


راپۆرتی: درەو راپۆرتێكی نهێنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاماژە بەوە دەكات بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت و دابەشكردنی موچە لە  رۆژ45 تا 60 رۆژ دوابخرێت، لەبەر ئەوەی داهاتی مانگی چوار تەنها (520ملیۆن) دۆلارەو (419) ملیۆن دۆلار لەدەستدراوە.  بەپێی پەیپەرێكی ئامادەكراوی كە لەلایەن تیمێكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادەكراوەو ناوەڕۆكەكەی لەبەردەستی (درەو)دایە، كۆمەڵێك پێشنیاز دەخاتە بەردەست حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرباز بوون لەو بارودۆخەكەی كە ئێستا روبەروی حكومەت بۆتەوە بەتایبەتیش بۆ موچەی مانگی داهاتوو كە لە ناوەڕاستی مانگی چواردا دابەشدەكرێت. پەیپەرەكە باس لە داهاتی خەمڵێنراوی مانگی چوار دەكات كە لە كۆی ( 939) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (520 ملیۆن) دۆلار كەمیكردەوە كە بەم شێوەیەیە:. -    داهاتی نەوتی هەرێم كە رۆژانە ( 435) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت و داهاتی مانگێكی فرۆشی نەوت بە (20)دۆلار بۆ هەربەرمیلێك دەكاتە ( 261 ملیۆن) دۆلار، لەم بڕە: -    60 ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت -    30 ملیۆن دۆلار بۆ توركیا مافی گواستنەوەی نەوت  -    50 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی توركیا  -    120 ملیۆن دۆلار دەمێنێتەوە كە (50%) بۆ كۆمپانیای بەرهەمهێن دەچێت كەواتا هەرێم لە مانگی (4) تەنها (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە لە فرۆشی نەوتی هەرێم. -    داهاتی ناوخۆ بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی (4) تەنها (60ملیۆن) دۆلار دەرێت -    ئەگەر بەغداد بۆ مانگی (4) پارە وەكو خۆی بنێرێت (383 ملیۆن) دۆلار. -    17 ملیۆن دۆلار هاوكاری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی  -    كۆی گشتی داهاتی خەمڵێنراو بۆ مانگی (4) دەكاتە (520 ملیۆن) دۆلار. -    ئەگەر بەراوردی داهاتی مانگی (1) بە مانگی (4 ) بكەین لە داهاتی ناوخۆ و فرۆشی نەوتی هەرێم (419ملیۆن) دۆلار لەدەستدراوە.    پێشنیاز بۆ موچەی مانگی چوار (كە موچەی مانگی یەكە): لیژنە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی كردووە كە لە مانگی (4) كە داهاتی گشتی (520) ملیۆن دۆلار دەبێت(475 ملیۆن) دۆلاری بۆ موچە تەرخانبكرێت كە خۆی پێویستی بە(755 ملیۆن) دۆلار هەیە و (45 ملیۆن) دۆلاریش بۆ میزانیەی تەشغیلی بێت. لیژنەكە 3 پێشنیازی كردووە:-  پێشنیازی یەكەم:   بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت ( بۆیە لە راگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لەوە كرایە كە دەستكاری موچە ناكرێت) چونكە یاسای چاكسازی ئامادە نیەو پارەیەكی زۆریشمان بۆ ناگەڕێتەوەو موچە لە ماوەی (30 )رۆژدا دابەش نەكرێت بەڵكو (45) رۆژ یان (60) رۆژ جارێك بێت پێشنیازی دووەم:  ئێمە مانگانە پێویستمان بە (755 ملیۆن) دۆلار هەیە بۆ موچە بەڵام ئێستا (475 ملیۆن) دۆلارمان بۆ دابیندەكرێت كەواتە دەبێت (279 ملیۆن) دۆلار كەمبكرێتەوە لە موچەی مانگی (4) كە دەكاتە (37%)ی كۆی گشتی موچە وە دیاری بكەین زۆترین موچە (3) ملیۆن دینار بێت و كەمترین موچەش (250 هەزار) دینار بێت لە شارستانی سەربازی ەوە موچەی خانەنشینی (60 ) رۆژ جارێك موچەیان پێبردرێت چونكە ناتوانین بە پێی یاسا موچەكانیان كەمبكەینەوە. پێشنیازی سێیەم: -    هەموو (30) رۆژ جارێك موچە بدەین بەم شێوەیە: -    یەكەم: تەواوی موچەی بنەڕەتی (50%)ی دەرماڵەی بنەرەتی و خێزان و منداڵ بدەین -    دووەم: (50%) دەرماڵەی ترسناكی بۆ ئەو كەسانەی كە بەكردەیی لە كەرتی سەربازی و ئەمنی كاردەكەن بدەین 


راپۆرتی: درەو زیاد لەهۆكارێك وادەكەن ترس لەڕوودانی كودەتای سەربازی لەعێراق گریمانەیەكی واقیعی‌و چاوەڕوانكراو بێت نیگەرانیی بەردەوامی ئەمریكا لەهەژموونی ئێران لەعێراق و ئەو جەنگە كراوەیەی واشنتۆن لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی شیعە لەعێراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێكردووە، چۆڵكردنی چەند بنكەیەكی سەربازی‌و، كۆكردنەوەی هێزەكانی لەدوو بنكەی سەربازی(حەریرو عەین ئەسەد)و بەهێزكردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەكان‌و دانانی سیستمی بەرگری پاتریۆت لێیان،  گیرۆدەبوونی تاران بە پەتای كۆرۆنا، ڕاسپاردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ لەعێراق لەدەرەوەی خواستی هێزەكانی نزیك لەتاران، كۆمەڵە ئاماژەیەكن بۆ ئەگەری رودانی كودەتا لە عێراقدا.   كودەتای سەربازی یەكێك بوو لەو كارتە بەهێزانەی ئەمریكا لەسەروبەندی هەوڵەكانی بۆ ڕووخاندنی رژێمی پێشوو كاری لەسەر دەكرد، ئامانجی واشنتۆن لەوكاتەدا هاندانی فەرماندەكانی سوپای عێراق بوو بۆ ئەنجامدانی كودەتا بەسەر رژێمی (سەدام حسێن)دا، بەڵام هەوڵەكانی شكستهێناو، سەرەنجام لەڕێی هێزەوە ئەوكارەی كرد. لێروە بەدواوە، بڕوای باو كودەتای وەك زۆرێك لەڕووداوە خوێناوییەكانی تری لەعێراق كرد بە بەشێك لەمێژوو. دیموكراسی‌و بەشداری پێكهاتە جیاوازەكان لەناوەندی بڕیاری سیاسی، كۆتایهاتنی سەردەمی تاكحزبی‌و دابەشبوونی هێز بەسەر كۆمەڵێك ناوەندی جیاواز، ئەو قەناعەتەی  تۆخكردەوە كە عێراق سەردەمی كوەدەتای تێپەڕاند.  بەڵام زۆری پێنەچوو ترس لەكودەتا هاتەوە ناو فەرهەنگی سیاسی‌و، ئەمریكاو سیاسییەكانی عێراق چی وەك ترسێكی جدی‌و، هەمیش وەك كارتی سیاسی بەكاریانهێنا.  كودەتا وەك كارتی فشار لەسەردەمی (نوری مالیكی)داو، بە دیاریكراوی ساڵی 2008 ترس لەئەگەری ڕوودانی كودەتا لەعێراق وەك مەترسییەكی جدی هاتەوە بەرباس، ژمارەیەك لەسەركردە عێراقییەكان لەوانە(عادل عەبدولمەهدی، مەسعود بارزانی، ئەحمەد چەلەبی) وەك ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو ئاماژەیان پێدا. ئەمریكییەكان لەو سەردەمەدا ڕۆڵی دیاریان گێڕا لەگەورەكردنی مەترسی ڕوودانی كودەتا لەعێراق،  ئەوەش زیاتر بۆ دروستكردنی فشار بوو لەسەر حكومەتی (نوری مالیكی) بۆ ئیمزاكردنی ڕێككەوتنی ئەمنیی لەگەڵ واشنتۆن بەو مەرجانەی خوازیاریبوون. ململانێكانی ناو هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەش لەوكاتەدا ڕێگەخۆشكەر بوو بۆ قسەكردن لەئەگەری ڕوودانی كودەتا، بەپاساوی شكستهێنانی دەسەڵات لەعێراق‌و، بەبنبەست گەیشتنی پرۆسەی سیاسی. هەرێمی كوردستانیش لەوكاتەدا لەگەڵ حكومەتەكەی (نوری مالیكی) لەكێشمەكێشدا بوون‌و، سوپای عێراق پرۆسەی سەربازی (هەڵمەتی سوارچاكان)ی ، لەناوچەكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق دەستپێكردبوو، لەگەڵ هێزی پێشمەرگەش ڕووبەڕوو وەستابوون، بۆیە وروژاندنی ئەو پرسە لەوكاتەدا بایەخی خۆی هەبوو. دوای ڕەوینەوەی دۆخەكە، باسكردن لە كودەتا لەعێراق وەك سیناریۆیەك لێكدرایەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی، ئەمریكا ئەوەی ویستی بەدەستیهێناو ڕێككەوتنەكەی بەمەرجەكانی خۆی تێپەڕاند. سیاسییەكانی عێراقیش هەریەكەو بەجۆرێك توانیان پێگەی خۆیان‌و ئاراستە سیاسییەكان لەململانێكاندا بەهێزبكەن، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع لەئارادا نەبوو، یان دواتر دەنگی نەما، ئەگەری ڕوودانی كودەتا بوو لەعێراق!. تاران وروژاندویەتی ئێستا جارێكی تر ئەم مەسەلەیە هاتووتەوە بەرباس، بەڵام ئەوەی ئەمجارە پركەسەی وروژاندووە نە ئەمریكایەو نە سیاسییەكانی عێراقن، بەڵكو دەزگا هەواڵگری‌و ئەمنییەكانی ئێرانن، كە بەوتەی خۆیان زانیاری وردیان لەسەر جموجۆڵەكانی واشنتۆن لەعێراق دەستكەوتوەو، كودەتای سەربازی وەك ئەگەرێكی نزیك‌و چاوەڕوانكراو بۆ هەڵگێڕانەوەی سیستمی حوكم لەعێراق لەئارادایە. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، واشنتۆن سەرقاڵیی تارانی بە پەتای كۆرۆنا قۆستوەتەوەو دەیەوێت دەسەڵات لەبەرژوەندی خۆی بگۆڕێت لەعێراق. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌  لەعێراق كەهێزەكانی نزیك لە ئێران بەچاوی ترس‌و گومانەوە لێیدەڕوانن.  ڕۆژنامەی "ئەلجەریدە"ی كوەیتی ڕۆژی 22 مانگی ئازاری ڕابردوو لەزاری سەرچاوەیەك لە(فەیلەقی قودسی) ئێرانییەوە بڵاویكردەوە: سوپای پاسدارانی ئێران‌و گروپە چەكدارەكانی سەربە حەشدی لەحاڵەتی ئامادەباشیدان‌و، پێشبینی دەكەن كودەتا سەربازی بە پشتیوانی ئەمریكا لەبەغداد ڕووبدات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات.  بەوتەی سەرچاوەكەی سوپای قودس، واشنتۆن سەرقاڵیی تارانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا قۆستوەتەوەو هەوڵی جێبەجێكردنی پلانی كودەتا دەدات لەعێراق، وتوشیەتی: بەرپرسانی ئێران بەچڕی لەگەڵ كوردو سوننە كەوتونەتە گفتوگۆ بە ئامانجی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەك بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پلانە نوێكەی ئەمریكا. وروژاندنی پرسی كودەتا لەعێراق لەلایەن ئێرانەوە، هاوكاتە لەگەڵ هاتنە پێشەوەی  ناوی (عەدنان زورفی) پارێزگاری پێشوی نەجەف‌و سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی نەسر، كە ڕۆژی 17 مانگی ئازاری ڕابردوو لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، هێزەكانی نزیك لەئێران بەتوندی دژی وەستاونەتەوەو ڕاسپاردنەكە بە پلانێكی ئەمریكی دەزانن بۆ لێدانی بەرەی"مقاومە" وەك خۆیان دەڵێن. بەتایبەت لەم كاتەدا كە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق لەشەڕێكی دەستەویەخەدان.  "درۆی كودەتا" (ماجید سامەرائی)نوسەرو ڕاگەیەندكاری عێراقی لەوتارێكدا لەژێر ناونیشانی "درۆی سیناریۆی كودەتای سەربازی لەعێراق" دەڵێت: لەكاتێكدا جیهان‌و عێراق سەرقاڵی دابینكردنی توانای پێویستن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كارەساتی پەتای كۆرۆنا، رژێمی تاران بایەخ نادات بەمردنی ملیۆنان كەس لەوڵاتەكەی یان لەعێراق، بەڵكو ئەو سەرقاڵی ڕووبەڕووبونەوەی كێشەكانی هەژمونیەتی لەعێراق. دەشڵێت: حزبە میلیشاكانی ئێران نیگەرانن لەڕاسپاردنی (عەدنان زورفی)و هەموو توانا سیاسی‌و ئیعلامییەكانیان خستووەتەكار بۆ شكستپێهێنانی، بە وروژاندنی مەسەلەی پیلانگێڕی. (سامەڕائی) لەبەشێكی تری وتارەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات: كودەتای سەربازی لەعێراق درۆیەكی ئێرانی ناشرینە، ئەمڕۆ دووبارە دەبێتەوە، بیرمانە پێش چەند مانگێگ چۆن بانگەشە بۆ ئەو چیرۆكە كرا بەهەواڵێك گوایە (تاڵیب شغاتی) سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق هەوڵی كودەتای داوە، دواتر لەلایەن خۆیەوە بەدرۆخرایەوەو ئاماژەی بەوەكرد كە پێگەی دەزگاكە هاككراوە.  شیعەكان لەوەشدا ناكۆكن سیاسییەكانی شیعە ڕای جیاوازیان هەیە، باقر جەبر زوبەیدی یەكێك لەسەركردە دیارەكانی شیعە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: ئەوانەی گرەو لەسەر كودەتایەكی چاوەڕوانكراو دەكەن، یان وەك داهۆڵ لەسەر دوو ئاست بەكاریدەهێنن( كەرەستەو ناكۆكی) بەتایبەت ناكۆكییە شیعییەكان كە سنوری لۆژیكی تێپەڕاندووەو بووەتە ناكۆكی شەخسی. كەرەستەكانیش گرنگترینیان  بوونی سوپای ئەمریكایە لە(بەلەدو تاجی‌و شەرقات‌و كەركوك)، كە بڵاوەیان پێكراوە لە هەردوو بنكەی (حەریر) لەهەولێرو (عەین ئەسەد) لە ئەنبار جێگیركراون بۆ پاراستنی هێزەكانیان لەهێرشی مووشەكی. زوبەیدی لەبەشێكی تری نوسینەكەیدا دەڵێت: ئەم هەنگاوە هاوكات لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی بەمدواییە لەوەزارەتی بەرگری‌و فەرماندە سەربازییەكان ڕوویداوە، بە تایبەت لە فەرماندەی دەزگا گرنگ‌و هەستیارەكان كە لەسەر ئەمریكا حساب دەكرێن، كە بە نوكی ڕەمەكە دادەنرێن لەهەر جوڵەیەك بۆ ئەنجامدانی كودەتای سەربازی، وێڕای هەندێك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و هێزە نەرمەكانی تر.  لای خۆیەوە، (حەسەن فەدعەم) پەرلەمانتاری ڕەوتی حیكمە، لەتویتێكدا دەڵێت: ئەوەی باسی كودەتای سەربازی یان پیلانگێڕی دەكات بۆ ڕووخاندنی سیستمی سیاسی لەعێراق، نەزانە یان لەڕیزی دوژمنە. دەشڵیت: عێراق لەوە بەهێزترو هۆشیار ترە كەهەندێك پێشبینی دەكەن، هەر پیلانگێڕییەك لەئارادبێت شكست دێنێت وەك چۆن پیلانگێڕی داعش شكستیهێنا. جوڵەكان ئاسایی نین بەڕای شارەزایان، كۆمەڵێك ئاماژەی جدی بونیان هەیە كە هۆكاری واقیعین بۆ ئەوەی خوێندنەوەی  جوڵەیەكی نائاسایی بۆ بكرێت. بەرپرسانی ئەمریكا لەزیاد بۆنەیەكدا نەیانشاردووەتەوە پلانی پەلوپۆكردنی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانیان هەیە كە بەسەرچاوەی هەڕەشەی دەزانن بۆ سەربەرژوەندییەكانی واشنتۆن‌و ژیانی سەربازانیان لەعێراق.     ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆ بە هێزانەی كە ئاماژە بەوەدەكەن بەرپرسانی واشنتۆن لەچەندین كەناڵی جیاوازەوە نیگەرانی خۆیان لە هەژموونی ئێران بە بەرپرسانی عێراق گەیاندووە‌و، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان لێكردوون ئەگەر سنورێك بۆ دەستوردانی ئێران دانەنێن، هەمان مامەڵەی تاران_یان لەگەڵ دەكەن‌و دەستبەرداریان دەبن خۆیان بەتەنها ڕووبەڕووی قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەكان ببنەوە.   لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ سەرچاوەیەكی سیاسی، تەنانەت میدیاكانی ئەمریكاش باسیان لەئەگەری ڕوودانی كودەتا لە عێراق نەكردووە، بەڵام ڕۆژنامەكانی ئەمریكا بەڕوونی باس لەئامادەكارییەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لەگروپە چەكدارەكان، ڕێكسختنەوەی هێزەكان‌و دانانی سیستمی مووشەكی پاتریۆت_یش لەهەردوو بنكەی سەربازی (حەیرو عەین ئەسەد) لەهەولێرو خۆرئاوای عێراق كە لەئێستادا ئەمریكا سەرقاڵیەتی، بەڕای بەشێك لەچاودێران لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندایە بۆ قۆناغێكی سەختر. زۆرێك لە ئاگایان‌و زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكانیش خوێندنەوەیەكی دوورتر بۆ ئەو جوڵە سەربازییانە ئەمریكاو  كشانەوەی هێزەكانی دەكەن لەبنكە سەربازییەكانی (كەی وەن‌و قائیم‌و گەیارە). پێیانوایە مەسەلەكە تەنها وەشاندنی گورزی سەربازی نییە لە گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەڵكو لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكی فراوانتردایە كە ئامانجی سەرەكی كۆتایهێنانە بەپرۆسەی سیاسی لەعێراق‌و دورخستنەوەی نوخبەی سیاسی ئێستایە لەدەسەڵات، كە واشنتۆن پێیوایە زۆرێك لەهێزە بڕیار بەدەستەكانی وەلائیان بۆ ئێرانە.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت حكومەتی  هەرێمی كوردستان دەستكاری موچەی موچەخۆران ناكات، بەپێی كۆكردنەوەی داهات موچە دابەش دەكات، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پێدەچێت ماوەی دابەشكردنی موچە لە (30) رۆژەوە درێژبكرێتەوە بۆ (45) رۆژ، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو كێشەی موچەی نابێت.  لە بڕینەوە بۆ درێژكردنەوە ! فشارەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناچاركرد خۆی بەدوور بگرێت لە بڕینی موچەی موچەخۆران ، لەبری ئەوە حكومەت چاوی لە زیادكردنی داهات‌و درێژكردنەوەی كاتی دابەشكردنی موچەیە لە (30) رۆژەوە بۆ (45) رۆژ كەمتر یان زیاتر، ئەمە بەپێی ئەو داهاتانەی كە مانگانە وەزارەتی دارایی دەستی دەكەوێت بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆران. رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ئەوەی تائێستا وتراوە لەسەر موچەی موچەخۆران، هیچی راست نیەو هەتا ئێستا هیچ بڕیارێك لەوباریەوە نەدراوە، نە بڕیاردراوە بە بڕینی موچەو نە نیازیشی هەیە دەستكاری موچەو دەرماڵەی موچەخۆران بكرێت". بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای قەیرانەكاندا، بڕیاردراوە دەستكاری موچە نەكرێت، بۆ دەرماڵەكانیش تەنها ئەو دەرماڵانە ببڕدرێت كە نادادپەروەرانەن‌و ئەو كەسانە لێ سودمەند دەبن كە مافی وەرگرتنی ئەو جۆرە دەرماڵانەیان نییە‌و ئەمە جیاوازی دروستكردووە لەنێوان وەزارەتێك بۆ وەزارەتێكی تر. هەوڵەكانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی  قەیرانی دارایی، بەشێوەیەك دەبێت لەبری دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، بیر لە زیادكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە بە چەندین میكانیزم‌و شێوە، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران جارێكی تر لەرێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆدەبێتەوە، بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەم بابەتەوە لە كۆبونەوەی سبەینێدا دەدرێت. موچەی مانگی داهاتوو ئامادە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە كە موچەی مانگی (12/2019)ی موچەخۆران دابەشدەكرێت، پارەی موچەی تەواوی وەزارەتەكانی لەبەردەستدایە، ئەوەش دوای گەیشتنی پارەكەی بەغداد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بۆ موچەی مانگی داهاتوو كە موچەی مانگی (1/2020)ە، تا ئاستێك ئەویش چارەسەركراوە، كە بڕیارە لە رۆژی 17/4/2020 دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی 1/2020 بكرێت، چارەسەرەكە بەو شێوەیەیە كە بڕێك پارەی تایبەتی حكومەتی هەرێم لە بانكی (RT)ی لە هەولێر هەڵگیراوە، زیاتر لە (150 ملیۆن) دۆلارە كە دەكاتە نزیكەی (200 ملیار) دینار، لەگەڵ پارەكەی بەغداد كە (441 ملیار) دینارە، لەگەڵ داهاتی ناوخۆو داهاتی نەوت، موچەی مانگی داهاتووش ئامادە دەبێت. بەڵام حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی (2/2020) و مانگەكانی دواتر كێشەی بۆ دروست دەبێت، بۆیە دەیەوێت بەشێوەیەك موچە دابەشدەكات، كە ماوەكەی درێژبكاتەوەو هەفتانە موچەی چەند وەزارەتێك دابەشدەكات، تا داهاتی زیاتر بگاتە دەست حكومەت‌و دابەشی بكات.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەت لەبری دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، چەند هەنگاوێك دەگرێتەبەر كە ئەمانەن: •    ئەوەی پەیوەندی بە موچەی موچەخۆرانەوە هەیە، دەستكاری ناكرێت. •    لەبری بڕینی تەواوی دەرماڵەكان، هەوڵی رێكخستنەوەیان دەدات بەم شێوەیەیە: -    دەرماڵە جێگیرەكان سێ جۆرن ( بڕوانامە، هاوسەرگیری، منداڵ) ئەو دەرماڵانەن كە هەركەسێك سەرەتا دادەمەزرێت بۆ دەبەسترێت بەبێ جیاوازی لەنێوان وەزارەت‌و فەرمانگەكانی حكومەت. -    دەرماڵە ناجێگیرەكان كە ژمارەیان (21) جۆرەو پاڵپشتی یاساییان هەیە، لە وەزارەت‌و فەرمانگەیەكەوە بۆ وەزارەت‌و فەرمانگەیەكی دیكە جیاوازە. •    موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە مانگی رابردوو (898 ملیار دینار بووە، (54%)ی دەرماڵەیەو (46%)ی موچەی بنەڕەتیە، بۆیە حكومەتی هەرێم بە نیاز نیە دەستكاری دەرماڵەكان بكات، بەڵام بەپێی یاسای چاكسازی‌و ئەو دەسەڵاتەی كە پەرلەمانی كوردستان لە مادەی (5)ی یاساكەدا بە ئەنجومەنی وەزیرانی داوە، دەرماڵەكان رێكدەخاتەوە، بۆ نمونە دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانەی كە هەمان ئەرك دەبینن، بەڵام دەرماڵەكەیان لەنێوان وەزارەتی (خوێندنی باڵاو پەروەردە)دا جیاوازە، دەرماڵەكەیان رێكدەخرێتەوە، بۆ هەمان شێوە بۆ هەموو وەزارەتەكانی تریش. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی لیژنەی ( پەیڕەوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی)دا، بڕیاریانداوە ئەو دەرماڵانە رێكبخەنەوەو دەرماڵەی هەندێك لەو كارمەندو موچەخۆرانە ببڕێت كە بەوشێوەیەن. •    تا ئاستێك تیمی حكومەت لە كابینەی نۆیەم كە لە ( پارتی، یەكێتی ، گۆڕان) پێكهاتووە، كۆكن لەسەر ئەو بۆچونەی كە دەڵێ:" لەبری بڕٍینی موچەو دەرماڵە، دابەشكردنی موچە بەپێی ئەو داهاتە بێت كە كۆدەكرێتەوەو دەخرێتە بەردەست وەزیری دارایی و ئەوكات دابەشی بكات، ئیتر ئەگەر ماوەی دابەشكردنی موچە بۆ 45 رۆژیش درێژبێتەوە ئاسایی بێت". حكومەت بەنیازی چیە؟ حكومەتی هەرێمی كوردستان دركی بەوە كردووە بڕینی موچەو دەرماڵەو پاشەكەوت بەئاسانی لای موچەخۆران هەزم ناكرێت، بۆیە ئامادە نیە قەیرانێكی تر بۆخۆی دروست بكات، لیژنەی باڵای روبەرووبونەوەی قەیرانەكان بیری لە چەند هەنگاو رێكارێك كردوەتەوە لەوانە: •    رێكخستنەوەی داهاتەكان، ئەویش لەرێگەی زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیاكان‌و چاكسازی لە خاڵە سنورییەكان. •    جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەتایبەتیش خانەنشینی پلە باڵاكان‌و رێكخستنەوەی دەرماڵەو بڕینی دووموچە. •    دواخستنی پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت.  •    سەندنەوەی قەرزەكانی حكومەت لای كۆمپانیاو سەرمایەدارەكان.  داهاتەكانی حكومەت بەپێی خشتەیەك كە دەست (درەو) كەوتووە، داهاتی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچەی ئەم مانگە (12/2019 ) بریتی بووە لە (898 ملیارو 555 ملیۆن) دینارە، بەم شێوەیەیە: •    داهاتی فرۆشی نەوت: (345 ملیارو 203 ملیۆن) دینار •    پارەی بەغداد: (453 ملیار) دینار •    تەمویلی هاوپەیمانان: (21 ملیار) دینار •    داهاتی ناوخۆ: (91 ملیارو 232 ملیۆن) دینار •    پارەی قەرزی بانكە ئەهلییەكان كە دەبڕدرێت لە موچە (11 ملیارو 880 ملیۆن) دینار. لە نێوان دوو مانگدا، پارەی موچەی موچەخۆران نزیكەی (6 ملیار) دینار زیادی كردووە، لە (892 ملیارو 828 ملیۆن) دینارەوە زیادی كردووە بۆ (898 ملیارو 555 ملیۆن) دینار. سەبارەت بە هۆكاری زیادكردنەكە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، بەهۆی بەرزكردنەوەی پلەی سەربازی‌و دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆو پەیمانگاكانەوە بووەو چاوەڕەوان دەكرێت بەهۆی دامەزراندنەكانەوە لە مانگی داهاتوودا كۆی موچە ببێتە (903 ملیار) دینار.   داهاتی هەرێم لەئێستادا •    پارەی بەغداد: (441 ملیار) دینار •    تەمویلی هاوپەیمانان: (21 ملیار) دینار •    داهاتی ناوخۆ: بەپێی وتەی بەرپرسان لەئێستادا بۆ نزیكەی (30 ملیار) دینار دابەزیوە، بەڵام بەو رێكارانەی كە بڕیارە حكومەت بیگرێتەبەر وەك زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیا گەورەكان‌و سەندنەوەی قەرزەكان لە كۆمپانیاكان، چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای پەتای كۆرۆنا داهاتی ناوخۆ مانگانە بگاتە زیاتر لە (300 ملیار) دینار. •    داهاتی نەوت كە لەم مانگەدا (345 ملیارو 203 ملیۆن) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچەی موچەخۆران، پێناچێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە، چاوەڕەوان دەكرێت تەنها بڕی (150 ملیار) دینار بخرێتە بەردەست وەزارەتی دارایی، بەڵام ئەگەر كۆمپانیاكانی نەوت قەرزەكانیان لە حكومەت وەرنەگرنەوە كە مانگانە (200 ملیار) دینارە، چاوەڕەوان دەكرێت سامانە سروشتیەكان بتوانن مانگانە (300 ملیار) دینار بخاتە بەردەست وەزارەتی دارایی بۆ موچە.   بەم شێوەیە ئەگەر حكومەت ئەو رێكارانە بگرێتە بەر، پێدەچێت بتوانێت بەسەر قەیرانەكەدا زاڵ بێت‌و داهاتی مانگانەی بگەیەنێتە زیاتر لە ( ترلیۆنێك) دینار، كە مانگانە (898 ملیار) دینار بۆ موچەو (150 ملیار) دینار بۆ خەرجی وەزارەتەكانە.       


درەو: بزوتنەوەی گۆڕان پاكێجێكی (6) خاڵی داوەتە سەرۆكایەتی حكومەت و لیژنەی باڵای قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و تێدا دەڵێن" پشتیوانی بڕینی موچەو پاشەكەوت ناكەین". سەرچاوەیەك لە لیژنەی باڵای قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان پاكێجێكی شەش خاڵیان داوەتە دەست سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە كۆبونەوەی رابردوودا لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دراییەوە دراوەتە دەست سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوە كە ئەوە بۆچونی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕانە. ناوەڕۆك و پوختەی شەش خاڵەكەی بزووتنەوەی گۆڕان كە دەست (درەو) كەوتووە پێكهاتوە لە: 🔹 بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ بڕینی موچە موچەخۆرانی هەرێم و پاشەكەوتی موچەدا نیە. 🔹 چاكسازی و شەفافیەت لە بواری نەوت، كە خۆی دەبینێتەوە لە (داهاتی نەوت، خەرجیەكان، فرۆشی نەوت) و گرنگی جێبەجێكردنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان. 🔹پێداچوونەوە بە خاڵە سنورییەكان و لەسەرجەم بوارەكاندا  🔹 وەرگرتنی باج لە تەواوی كۆمپانیاكانی نەوت و ئەو كۆمپانیایانەی كە باج نادەن. 🔹 وەرگرتنەوەی قەرز لە تەواوی كۆمپانیاو سەرمایەداران كە لە ئێستادا قەرزەكان گەیشتۆتە نزیكەی ( ترلیۆنێك) دینار. 🔹  جێبەجێكردنی مادە گرنگ و سەرەكیەكانی یاسای چاكسازی كە لەپەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، هەروەها یاسای چاكسازی یەك پاكێجەو تەنها لەم یاسایەدا كورتناكرێتەوە. 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand