16ی ئۆكتۆبەر چی رویدا؟

2020-10-16 09:14:34



 
(درەو میدیا):

سێ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پارتی روداوەكە بە خیانەت ناودەبات و یەكێتیش بە روداوێكی نەخوازراو و شەڕی روبەرووبونەوە، لەم راپۆرتەدا راستی ئەو روداوانە خراوتەوە روو كە یەكێتی و پارتی هێندەی یەك خاكی ناوچەی جێنفوزیان لە دەستداوە، لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی ( 11,800 ) كم2 خاك لەدەستدراوەو لە ناوچەی جێنفوزی پارتی ( 15,400 ) كم2 خاك لەدەستدراوە.  

 

16ی ئۆكتۆبەر
رۆژی 6/7/2017 لیژنەی باڵای ریفراندۆم كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاریدا رۆژ 25/9/2017 ریفراندۆم بەڕێوەبچێت بۆ بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی و جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، پەرلەمانی كوردستان كە ئەوكات ماوەی دوو ساڵ بوو پەكخرابوو، دەستی بەكاركردەوە و لە دانیشتنێكدا بڕیاری ریفراندۆمی پەسەندكرد.
جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی تر هەمویان بەشداربون لە لیژنەی باڵای ریفراندۆم.
سەرباری ناڕەزایەتی و كێشمەكێشی زۆر لەسەر ئاستی ناوخۆیی و فشارەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریكاو توركیاو ئێران، لەو وادەیەی كە دیاریكرابوو، ریفراندۆم بەڕێوەچوو.
21 رۆژ دوای بەڕێوەچونی ریفراندۆم، حكومەتی عێراق كە تازە لە كۆتایی شەڕی دژ بە "داعش" نزیكدەبوەوە، بەشێوەیەكی كرداری ئاڕاستەی شەڕی گۆڕی بەرەو ئەو ناوچانەی كە لەدوای ساڵی 2003 و كەوتنی سەددامەوە كەوتبونە ژێر كۆنترۆڵی كورد. 

كۆكردنەوەی هێز.. سەرەتای روداوەكان
حكومەتی عێراق كە خۆی لە بنەڕەتەوە بە بیانوو بوو لە دەسەڵاتی كورد بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان، لەدوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بەهانەی شەڕی لەدژی كورد دەستكەوت، ئەوەشی زیاتر پاڵی بە سوپای عێراقەوە نا هێرش بكات، بەڕێوەچونی ریفراندۆم بوو لەو ناوچانە.
سوپای عێراق هەڵمەتی سەربازی بۆسەر "داعش" لە قەزای حەویجەی سەربە پارێزگای كەركوك دواخست بۆ دوای شەڕی موسڵ، ئەمە پەیامێكی روون بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەر لە ریفراندۆم كە سوپای عێراق جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك، بەڵام ئاستی هەڕەشەكە بە هەند وەرنەگیرا.
سوپای عێراق بەبیانوی شەڕی حەویجەوە هێزێكی زۆری لە سنوری كەركوك كۆكردەوە، بەر لە شەڕی حەویجە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی كەركوكی كرد، دەسەڵاتدارانی عێراق وایان نیشان دەدات كە بەهاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەگە هێرش دەكەنەسەر "داعش" لە حەویجە، بەمشێوەیە سوپای عێراق هێزی خۆی لە سنورەكە جێگیركرد وەكو ئامادەكارییەك بۆ گەڕانەوە بۆ ناو كەركوك.
بەوشێوەیەی بڕیاری لێدرابوو، سوپای عێراق هێرشی كردەسەر "داعش" لە حەویجە و سنورەكەی كۆنترۆڵكرد، هێزی پێشمەرگە بەهیچ جۆرێك بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەدا نەكرد، دوای حەویجە، سوپای عێراق بەتەواوەتی دەستی كرایەوە بۆ روبەڕووبونەوەی پێشمەرگە.
حكومەتی عێراق كە سەرەتا داوای دەكرد پێشمەرگە تەنیا ئەو ناوچانە رادەست بكاتەوە كە لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" لە ساڵی 2014 وە دەستی بەسەردا گرتوون، بەڵام ئێستا كە شەڕ كۆتایهاتووە، دەیەوێت دەسەڵاتی كورد بگەڕێنێتەوە بۆ سنوری هەرێمی كوردستان بەر لە روخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا.

قایمكردنی سەنگەرەكان
سوپای عێراق لە نزیك هێزەكانی پێشمەرگە دەستیكرد بە لێدانی سەنگەر، هێزەكانی فیرقەی نۆی تانك و پۆلیسی فیدراڵی و فیرقەی ئاڵتونی و حەشدی شەعبی لەناوچەكەدا كۆبونەوەو ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنی قورسیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا، لە رۆژی 14ی ئۆكتۆبەرەوە دەستیان بە جموجوڵ كرد.
هەڕەشەی هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆسەر پێشمەرگە لە سنوری كەركوك گەیشتە خاڵی سفر، هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەستیان بە مەترسیداری دۆخەكە كردبوو، دەرگای گفتوگۆیان لەگەڵ سەركردەكانی حەشدی شەعبی كردەوە بەمەبەستی رێگریكردن لە رودانی شەڕ، سەركردەكانی حەشد دەستپێشخەرییان بۆ گفتوگۆ قبوڵكرد، شەڕ لەبەردەرگای پێشمەرگەدا بوو، سەركردەكانی حەشد دووجار مۆڵەتیان بە فەرماندەكانی پێشمەرگەدا و هێرشیان دەستپێنەكرد، جاری یەكەم ماوەی (48) كاتژمێر و جاری دووەم ماوەی (24) كاتژمێر، بەڵام گفتوگۆكان هیچ شتێكیان لێ سەوز نەبوو.
رۆژی 15ی ئۆكتۆبەر، پەرەسەندنێكی خێرا رویدا، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ (حاجی ئیقبال پور) و (ئەبو عەممار) كە دەوترێت دوو فەرماندەی سەربازی ئێرانین، سەردانی بارەگای میحوەری (4)ی كەركوكی هێزی پێشمەرگەیان كرد، دوای كۆبونەوەكە، وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەرەكە ئاشكرایكرد، ئیڤبال پور و ئەبو عیماد پێیانوتون، بەخۆشی بێت یان ناخۆشی دەبێت پێشمەرگە ئەم شوێنانە رادەستی هێزە عێراقییەكان بكات:
•    سەربازگە كۆنەكانی كەركوك
•    بیرە نەوتەكان
•    جادە حەولییەكەی كەركوك تاوەكو گوندی كەڵوڕ لەنێوان ناحییەی پردێ و شاری كەركوك، كە شەقامی سەرەكی كەركوك- هەولێر كۆنترۆڵ دەكات
پێشمەرگە بەم پێشنیازانە قایل نەبوو، ئیقباڵ پور و ئەبو عیماد كە دڵنیابوون، پێشمەرگە ئامادە نییە ئەو ناوچانە رادەستبكات، بە وەستا رەسوڵی فەرماندەی میحوەری (4)یان رایگەیاند:
•    لەم ساتەوە چاوەڕوانی ئەوە بكەن هێرشی دەستپێدەكات
•    تاكە هۆكارێك كە هێرشەكەمان رابگرێت، ئەوەیە چاوەڕوانی كۆبونەوەی دوكان دەكەین، ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كور بڕیاریدا لەچوارچێوەی دەستوردا كێشەكانی لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات، هێرش ناكرێت

كۆبونەوەكەی دوكان
رۆژی 15ی ئۆكتۆبەر لە قەزای دوكان كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو، مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی كۆبونەوەكەی دەكرد، لە لایەنی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو مەلا بەختیار بەشداربون، پاشان بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی دەچێتە ناو كۆبونەوەكەوەو دەڵێت" دەبێت لێكتێگەیشتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بكەین، ناچارین ئەو لێكتێگەیشتنە بكەین"، مەسعود بارزانی بە بەرپرسانی یەكێتی دەڵێت" هیچ رێككەوتنێك لەئارادایە؟"، كۆسرەت رەسوڵ‌و مەلا بەختیار دەڵێن" نەخێر، چونكە هێز لای ئێمەیەو ئەگەر رێككەوتنێك هەبێت، دەبێت ئێمە ئاگاداربین"، ئەمە وا دەكات بارزانی زۆر گوێ بۆ قسەكانی بافڵ تاڵەبانی شل نەكات.
راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی دوكان هیچ شتێكی تێدا نەبوو كە وەڵامدەرەوە بێت بۆ راگرتنی هەڕەشەكانی (ئیقبال پور و ئەبو عیماد)، بەدیاریكراویش راگەیاندنی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا كێشەكانی لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكات.

رێككەوتنی یەكێتی و حكومەتی عێراق
لە رۆژانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر، كاتێك ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی توندبونەوە لەبارەی هۆكارەكانی لەدەستدانی كەركوك و لەلایەكی تر پارتی هێرشی راگەیاندنی توندی دەكردەسەر هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی و تۆمەتباری دەكردن بە "خیانەت"، بافڵ تاڵەبانی دەقی رێككەوتنێكی نێوان یەكێتی و حكومەتی عێراقی بڵاوكردەوە، كە بەپێی قسەی خۆی، لە رۆژی 14ی ئۆكتۆبەردا لەلایەن (38) كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتییەوە ئیمزای لەسەر كراوە.
دەقی رێككەوتنەكەی یەكێتی و حكومەتی عێراق بۆ رێگرتن لە روودانی شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە سنوری كەركوك، ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
•    سەركردایەتی سەربازی هاوبەش لەسنوری كەركوك پێكبهێنرێت، نوێنەری هێزەكانی ئەمریكاو پێشمەرگەو سوپای عێراقی تێدا بێت. ئەركی سەرەكی بریتییە لە دابینكردنی ئاساییش‌و ئارامی لەو ناوچانەو بارەگاكەشی لە سەربازگەی كەیوانی شاری كەركوك دەبێت.
•    هیچ هێزێكی سەربازی نەهێنرێتە ناو شاری كەركوك.
•     كێشەو ناكۆكییەكانی تر لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەڕێگەی دیالۆگ لەچوارچێوەی دەستوردا چارەسەر بكرێت.
•    نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەمریكا هاوكار‌و پشتیوان بن بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە. 
رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر، مەسعود حەیدەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی‌و هادی عامری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی رێككەوتنیان كردووە بۆ گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ ناوچە دابڕاوەكان.
بەپێی قسەی مەسعود حەیدەر، ئەو رێككەوتنەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و هادی عامری، بەسەرپەرەشتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێوەندگیری قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران كراوە.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە، ئەوكات ئاماژەی بەوەكردووە، خاڵەكانی ئەو رێككەوتنە لە بیرۆكەیەكی فەرەنسییەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ئیدارە یان دوو هەرێم، بۆ ئەوەی بەوتەی ئەو، كورد بیر لە مافی چارەی خۆنوسین نەكاتەوە لە ئایندەی نزیكدا.
ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە بەپێی ئەوەی مەسعود حەیدەر لەوكاتەدا بڵاویكردەوە، ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
•    گەڕانەوەی هێزەكانی عێراق بۆ ناوچە دابڕاوەكان‌و كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بەبێ شەڕ.
•    تەسلیمكردنی 17 یەكەی ئیداری (قەزاو ناحیەو ناوەندی كركوك) بە دەسەڵاتی ئیتحادی كە لەدوای ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدارەی ئەدات. ئەگەر ئەوانە تەسلیم نەكرێت، ئەوا عێراق داوای 11 یەكەی ئیداری تریش دەكات كە پاش 2003 هەرێم ئیدارەی ئەدات. كۆی گشتی دەبێتە 28 یەكەی ئیداری.
•    ناوەندی كەركوك ئیدارەی هاوبەش دەبێت، 15 گەڕەكی كوردی لەلایەن كوردەوە ئیدارە ئەدرێت‌و 25 گەڕەكی تری پێكهاتەكانی تر خۆیان ئیدارەی ئەدەن‌و ئەم حاڵەتە بۆ شەش مانگ بەردەوام دەبێت.
•    جێگا ستراتیژییەكانی كەركوك لەلایەن حكومەتی ئیتحادی بەڕێوەدەبرێت، سەربازگەی كەیوان‌و فڕۆكەخانەو بیرە نەوتەكانی كەركوك.
•    كردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی بەڕووی گەشتی نێودەوڵەتیدا.
•    پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی‌و كەركوك لەلایەن حكومەتی ئیتحادییەوە.
•    پێدانی مووچەی پێشمەرگەی سنووری سلێمانی بەپێی لیستی ئامادەكراو لەلایەن بافڵ تاڵەبانی.
•    دروستكردنی هەرێمی هەلەبجە- سلێمانی- كركوك.
•    تەشكیلكردنی حكومەتێك بۆ ئەم هەرێمە نوێیە.

بارزانی لە هەڵوێستی وڵاتان تێنەگەیشت!
پێش ئەوەی بافڵ تاڵەبانی هەواڵی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقی پێبدات، بارزانی چەندین هەواڵی تری سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی لەبارەی ریفراندۆمەوە بیست، بەڵام گوێی بەهیچ یەكێك لەو هەڵوێستانە نەدا.
ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو یەكێتی ئەوروپاو توركیا و ئێران بەفەرمی دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆم راگەیاند، روسیا هەڵوێستی روون نەبوو، ئیسرائیل تاكە وڵات بوو بەفەرمی پشتیوانی ریفراندۆمی كرد، بارزانی پشتی لە هۆشداریدانی ئەو وڵاتانە كرد لەبارەی سازدانی ریفراندۆم، بۆیە لە 16ی ئۆكتۆبەردا، جیهان بێدەنگ بوون لە هێرشی سوپای عێراق بۆسەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تر.

16ی ئۆكتۆبەر چی رویدا؟
كاتێك هەوڵە سیاسییەكان بۆ چارەسەر نەگەیشتە ئەنجام و كۆبونەوەی دوكان هیچ وەڵامێكە قایلكەری نەدایەوە كە هێرشی سوپای عێراق رابگرێت، شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆكتۆبەر كاتژمێر (9:30) خولەك هێزە عێراقییەكان دەستیان بە جموجوڵ كرد بە ئاڕاستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سنوری كەركوك.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە كۆیكردوەتەوە، بڕیاربووە سوپای عێراق كاتژمێر (1)ی شەو هێرش بكات، بەڵام كاتێك بینیویەتی هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشێ دەكەن، هەرزوو هێرشەكەی دەستپێكردووە.
كشانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ خەڵك چاوەڕواننەكراو بوو، چونكە ئەوكات وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری باشوری هێزی پێشمەرگەی كەركوك كە سەربە یەكێتییە لێدوانێكی داو وتی:" تەمەننا ئەكەین بێن ئەوەندەیان پێ دەڵێن با بێن.. حەشدی شەعبی دوژمنمانن"، هاوكات كەمال كەركوكی فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركوكی هێزی پێشمەرگە كە سەربە پارتییە رایگەیاند:" ئەگەر بێن دەرسێكیان پێدەدەین قەت لەبیریان نەچێتەوە".
دوای ئەم قسانە، هێزەكانی (70) كە سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوون، پاشەكشێیان كرد، هێزەكانی (80)ش كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بە هەمان شێوە كشانەوە، دیمەنی كشانەوەی پێشمەرگە هەرزوو میدیاكانی جیهانی داگیركرد، خەڵێكی زۆری كورد كەركوكیان بەرەو شارەكانی هەرێمی كوردستان جێهێشت، لە شارەكانی هەرێم خەڵك بە خەمبارییەوە پێشوازییان لە هەواڵی شكانی هێزی پێشمەرگە كرد، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك كە سەربە یەكێتی بوو، شارەكەی جێهێشت و رووی لە هەولێر كردو لەوكاتەوە تائێستا هەر لە هەولێرە، هەندێك دەڵێن بووە بە پارتی، بەڵام خۆی ئەو قسانە رەتددەكاتەوە.
بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی دابەشبوون بەسەر دوو بۆچوندا، بەرەیەك كشانەوەی پێشمەرگەی وەكو "خیانەت" ناودەبرد، بەرەكەی تر دەیانوت" كشانەوەكە تەكتیكییە و هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق نابەرامبەرەو كورد لەو شەڕەدا زیانی گەورەی بەردەكەوت ئەگەر پاشەكشێ نەكات"، لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا، هەندێك لەسەركردەكانی تری یەكێتی باسیان لەوەدەكرد، پێشمەرگە بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق كشاوەتەوە، ئاراس شێخ جەنگی برای لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری كە سەربە یەكێتییە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر لەناو شاری كەركوك دەركەوت و داوای لە خەڵك كرد بگەڕێنەوە، لەرۆژانی دواتردا زیاتر ناوی ئاراس شێخ جەنگی لە میدیاكانی كوردستانەوە درەوشایەوە، پارتییەكان وەكو "خیانەتكار" ناویان دەبرد، هەندێك لە یەكێتییەكانیش بەرگرییان لێدەكرد.
ئاراس شێخ جەنگی ئەوكات رایگەیاند، ئەوان بەو هەنگاوەیان كەركوكیان لە كارەسات رزگاركردووە، چونكە گرتنی كەركوك لەلایەن هێزە عێراقییەكان لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیدا بووەو توركیا و ئێران و تەنانەت ئەمریكاش پشتیوانی ئەوەیان كردووە دۆخی كەركوك بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش ساڵی 2003.
هەر ئەو رۆژانە بوو كە ئاراسی شێخ جەنگی هێرشی توندی دەكردەسەر بنەماڵەی بارزانی تۆمەتباری دەكردن بەوەی هۆكاری ئەو روداوانە بوون كە بەسەر كەركوكدا هاتووە و ئەوان نەوتی كەركوكیان دزیوە.
ئاراس شێخ جەنگی بەرگری لە گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان دەكرد بۆ كەركوك و دەیوت، ئەگەر حكومەتی ناوەند بگەڕێتەوە بۆ كەركوك خەڵك بارودۆخیان باشتر دەبێت، چونكە لە حكومەتی ناوەنددا یاسا سەروەرە، ئەمەش باشترە لەوەی لە كەركوك یەكێتی و پارتی دوو هێزی ئاسایشیان هەبێت، ئەو هەر لەو رۆژانەدا باسی لەوەدەكرد، لەماوەی 24 كاتژمێردا پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دادەنرێت و پارێزگار كورد دەبێت و كەسێكی یەكێتی دەبێت، بەڵام تائێستا پارێزگارێكی عەرەب بە وەكالەت كاروباری كەركوك بەڕێوەدەبات، چەند رۆژێكە هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی یادی 16ی ئۆكتۆبەر، یەكێتی هەوڵی ددەستپێكردووە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار.
رۆژی 12/12/2017 ئاراسی شێخ جەنگی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" ئامادەم بچمە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و هەموو راستی رووداوەكان وەكو خۆی لەبەردەم ئەندام پەرلەمان و راگەیەندكاران بۆ هەموو هاوڵاتیان روون بكەمەوە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی ئەوەی نایەوێت خەڵك راستییەكان بزانن، رێگری دروستدەكەن".

رۆڵی نەوت لە 16ی ئۆكتۆبەردا 
كۆنترۆڵكردنی هەردوو بیرە نەوتی (ئاڤاناو بای حەسەن) لەلایەن پارتییەوە لەدوای هاتنی "داعش" بۆ ناوچەكە و كشانەوەی هێزەكانی عێراق، دەمێك بوو یەكێتی نیگەران كردبوو، پارتی لەو دوو بیرەوە رۆژانە زیاتر لە (260 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، وەكو باسدەكرێت یەكێك لە هۆكارەكانی رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەبارەی كەركوكەوە پەیوەندی بەو بیرە نەوتانەوە هەبووە.
بەشێكی تری هۆكاری روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە پارتی كە دەستی بەسەر نەوتی ئەو دوو بیرەی كەركوكدا گرتووە، رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسی كردووە، لە حاڵێكدا حكومەتی عێراق رێككەوتنی لەبارەی نەوتەوە لەگەڵ كۆمپانیای (بریتش پترلیۆم)ی بەریتانی هەبووە، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر، كۆمپانیا بەریتانییەكە رێككەونی لەگەڵ راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت كردو هەرزوو رێككەوتنەكەش چووە بواری جێبەجێكردنەوە،  ئەمەش بە ئاگاداری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.

كورد نیوەی خاكەكەی لەدەستدا!
ئەوە لە كەركوك‌و بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم رویدا، تەنها روداوێكی ئاسایی‌و كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك نەبوو لەلایەن حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكانەوە، بەڵكو لەدەستدانی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان بوو بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، كە لەماوەی سێ ساڵی پێشتردا بەخوێنی (هەزارو 700) پێشمەرگەو برینداربوونی زیاتر لە (12 هەزار) پێشمەرگەی تر لە شەڕی دژ بە "داعش"دا بەدی هاتبوو.
ئەوەی لەماوەی (5 كاتژمێر)دا لە كەركوك‌و بەشێك لەناوچە كوردستانییەكانی تر دەرەوەی هەرێم روویدا لەدەستدانی زیاتر لە (12 هەزار) كیلۆمەتر دووجا خاك بوو، بەو پێیەی پارێزگای كەركوك بەتەواوی لەگەڵ قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین‌و ناحیەكانی جەلەولاو قەرەتەپەو جەبارە لە پارێزگای دیالە بەتەواوەتی كەوتنە دەست حەشددی شەعبی و هێزە عێراقییەكان.
سەرباری ئەوەی هەردوكیان یەكتری بە "خیانەتكردن" تۆمەتبار دەكەن، بەڵام بە تەماشاكردنی نەخشەی ئەو زەوییانەی كە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە رادەستی سوپای عێراق كراون، دەردەكەوێت هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم بەرپرسیارن لەو شكستە مێژوییە.

یەكێتی و پارتی كەمیان زیاتریان لەدەستداوە؟
لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە سنوری ناوچەی دەسەڵاتی یەكێتی (11 هەزارو 800) كیلۆمەتر دوجار خاكی هەرێمی كوردستان كەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەكانەوە، لە سنوری دەسەڵاتی پارتیش  (15 هەزارو 400) كیلۆمەتر خاك رادەستكراوە، سەرباری ئەوەی پارتی یەكێتی تۆمەتبار دەكات بە "خیانەتكردن"، بەڵام ئەو روبەرەی كە خۆی لەو رۆژانەدا چۆڵیكردووە بۆ هێزە عێراقییەكان، لە روبەرەكەی یەكێتی زیاترە.
روبەڕی گشتی خاكی ناوچە جێناكۆكەكان (44 هەزارو 330) كیلۆمەتر دوجایە، ئەم روبەرە رێژەی 51.4ی كۆی گشتی خاكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.
لەو روداوانەدا، یەكێتی نیشتمانی دەسەڵاتی لەم ناوچانە لەدەستدا:
•    كەركوك
•    داقوق
•    خورماتوو
•    دوبز
•    خانەقین
•    جەلەولا
•    قەرەتەپە
•    پردێ
لەو روداوانەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان دەسەڵاتی لەم ناوچانە لەدەستدا:
•    رۆژئاوای كەركوك
•    مەخمور
•    گوێر
•    شەنگال
•    سنونێ
•    زوممار
•    رەبیعە
•    بەعشیقە

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا
ئاشتی هەورامی روبەڕووی دادگا قورسەكە دەبێتەوە

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاكسازی پێدەكرێت؟

بەڵێ
نەخێر
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand