Draw Media

كۆمپانیایەكی فەرەنسی سكاڵا لەسەر كۆڕەك تۆمار دەكات

كۆمپانیایەكی فەرەنسی سكاڵا لەسەر كۆڕەك تۆمار دەكات

2020-10-14 10:22:39


(درەو):
كۆمپانیایەكی فەرەنسی سكاڵا لەسەر سیروان بارزانی‌و دەستەی پەیوەندییەكان‌و راگەیاندنی عێراق دەكات‌و داوای (400 ملیۆن) دۆلار لە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم دەكات.
كۆمپانیای "ئۆرانج"ی فەرەنسی لەبارەی پشەكانی لە كۆمپانیای "كۆڕەك تیلیكۆم"، دەستیكردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لەدژی دەستەی پەیوەندییەكان‌و راگەیاندنی عێراق.
بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز"ی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، كۆمپانیای "ئۆرانج" كە بەشێكی پشكەكانی موڵكی حكومەتی فەرەنسایە، دوای چەندین مانگ هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی پشكەكانی لە كۆمپانیای "كۆڕەك تیلیكۆم"، دواجار لەم هەفتەیەدا پەنای بردووە بۆ سەنتەری نێودەوڵەتی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە داراییەكان، كە بەشێكە لە بانكی نێودەوڵەتی.
كۆمپانیا فەرەنسییەكە باس لەوەدەكات، دەست گیراوە بەسەر بڕی زیاتر لە (400 ملیۆن) دۆلاری پشكەكانیدا لە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، دەیەوێت كۆڕەك ئەم پارانەی بۆ بگەڕێنێتەوە.

چیرۆكی كێشەی پشكەكانی كۆڕەك
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە ساڵی رابردوو سایتی (بلۆمبێرگ) بڵاویكردەوە، سیروان بارزانی برازای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رێژەی 75%ی پشكەكانی كۆمپانیای كۆڕەك بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان كڕیوەتەوە.
كڕینەوەی پشكەكانی كۆڕەك لەلایەن سیروان بارزانییەوە دوای ئەوەهات دەستەی پەیوەندییەكان‌و راگەیاندنی عێراق بە فەرمانێكی كارگێڕیی، كۆمپانیای "ئۆرانج"ی فەرەنسی لە پشكدارێتی كۆمپانیای "كۆڕەك" كردە دەرەوە‌و پشكەكانی گواستوەتەوە بۆسەر سێ وەبەرهێنی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان كە یەكێكیان (سیروان بارزانی) بوو.
ساڵی 2011 كۆمپانیای "ئۆرانج"ی فەرەنسی بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای "ئەجیلیتی" كوەیتی رێژەی 44%ی پشكەكانی كۆمپانیای كۆڕەكی كڕی. 
بە سەندنەوەی پشكی كۆمپانیا فەرەنسییەكە، رێژەی 75%ی پشكەكانی كۆمپانیای كۆڕەك بە تەنیا بوو بە موڵكی سیروان بارزانی.
هەردوو كۆمپانیای "ئۆرانج"‌و "ئەجیلیتی" لەڕێگەی وەبەرهێنانی بڕی (810 ملیۆن) دۆلارەوە، پشكیان لە كۆمپانیای كۆڕەك كڕی، بەڵام دەستەی پەیوەندییەكان‌و راگەیاندنی عێراق ساڵی 2014 رایگەیاند، ئەو گرێبەستە بۆ كڕینی پشكەكەی كۆڕەك هەڵوەشاوەتەوە، چونكە كۆمپانیا فەرەنسی‌و كوەیتییەكە پابەند نەبوون بە بەڵێنەكانیان بۆ دروستكردنی تونێل‌و دانانی تۆڕەكان.
وتەبێژی كۆمپانیا فەرەنسییەكە رایگەیاند:" پشكی ئۆرانج‌و ئەجیلیتی بەشێوەیەكی نایاسایی دەستی بەسەردا گیراوە‌و ئۆرانج بەردەوام دەبێت لەسەر گرتنەبەری هەموو هەنگاوێك بۆ وەرگرتنی قەرەبوو".
لەلایەكی ترەوە كۆمپانیای ئەجیلیتی دەڵێ" بەردەوامە لەسەر رێوشوێنە یاساییەكان لە دوبەی‌و نیویۆرك‌و سەنتەری نێودەوڵەتی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە داراییەكان، بۆ گێڕانەوەی پشكەكەی لە كۆمپانیا عێراقییەكە".
لەبەرامبەردا سیروان بارزانی كە یەكێك لە بەهێزترین پیاوانی خاوەنی كار لە عێراق بەرگری لە بڕیارەكەی دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق دەكات‌و دەڵێ" دادگاكانی عێراق پیشتوانی بڕیارەكەیان كردووە‌و بەهۆی بڕیارەكەی دەستەی پەیوەندییەكانەوە شانم داوەتەبەر مامەڵەكردن لەگەڵ قەرزەكانی كۆڕەك".

لینكی راپۆرتەكەی  رۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز"ی بەریتانی

https://www.ft.com/content/5e510882-7827-4023-bd8f-52ac71a8c7af

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand