کەناڵی (العربیە) کۆمپانیای "قەیوان" بە قاچاخچێتی نەوت تۆمەتبار دەکات 

Draw Media

2020-10-13 20:57:01



 (درەو):
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
کەناڵی (العربیە)ی سعودیە، ژمارەیەک بەڵگەنامەی لەسەر کۆمپانیای "قەیوان" بڵاوکردەوە، کە کۆمپانیایەکی سنوری یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
راپۆرتەکە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی چەند دیکۆمێنتێکەوە کۆمپانیاکە تۆمەتبار دەکات بە قاچاخچێتی نەوت.

پوختەی راپۆرتەکە
ماوەی (٩ ساڵ)ە بەهۆی قاچاخچێتی و یاریکردن بە گرێبەستە حکومییەکانی نەوت و بڕی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، عێراق ملیاران دۆلاری لەدەستچووەو وڵات بێبەش بووە لە داهاتی ئەو گرێبەستە فەرمییانەی کە لەنێوان کۆمپانیا عێراقییەکان و لایەنە نزیکەکانی ئێراندا کراون.
(العربیە) بەڵگەنامەی فەرمی دەستکەوتووە کە ئاشکرایدەکات (٣) کۆمپانیای عێراقی بۆ گواستنەوەی نەوت، کە خاوەندارێتییان بۆ یەک خێزان دەگەڕێتەوەو موڵکی کۆمەڵێک بران، سەرپێچی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکانیان کردووەو گرێبەستەکانی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانیان قۆرخکردووە، ئەمەش بەپێی دانپێدانانی دەستەی نەزاهەی عێراق.
ئەم کارە وایکرد محەمەد حەلبوسی سەرۆک پەرلەمانی عێراق لە دێسەمبەی ٢٠١٩دا فەرمانیدا بە دروستکردنی لیژنەیەکی کاتیی بۆ لێکۆڵینەوە لە گرێبەستی پرۆژە نەوتییەکان و گرێبەستی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و گرێبەستی کۆمپانیای سۆمۆ لە ساڵی ٢٠١٥وە تا کۆتایی ٢٠١٩. 
چیرۆکی ئەم کۆمپانیایانە نوێ نین، ریشەیان دەگڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١١، کاتێک دەزگای دژە تیرۆر نوسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کردو دەریخست کۆمپانیای "قەیوان" کە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بوار گواستنەوەی نەوتەو خاوەنەکەی (سەعد تەیب)ە، لە ساڵی ٢٠١١وە تێوەگلاوە لە قاچاخچتی نەوت و موشتەقاتەکانی لەڕێگەی تانکەرەوە لەناوچەی"قادر کەرەم"ی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران. ئەمەش دوای یاریکردن بە نوسراوە فەرمییەکانی تایبەت بە بارەکانیی، پرۆسەی بەقاچاخبردنەکە لەڕێگەی هەردوو دەروازەی (باشماخ)و (پەروێزخان)ەوە بووە بۆ بەندەر (عەباس)و بەندەر (ئیمام) لە ئێران لەڕێگەی تانکەری خەڵکەوە.
زانیاری پشتڕاستکراوە لە سەرچاوە عێراقییەکانی بواری نەوتەوە هەیە ئاماژە بەوەدەکات، شێوازی قاچاخچێتییەکە، کە نوسراوی لایەنە حکومییەکان لە عێراق باسیان لێوەکردووە، لەڕێگەی تێکەڵکردنی بڕێک لە نەوتی بەقاچاخبراوی ئێران و نەوتی عێراقەوە کراوەو لەڕیگەی کۆمپانیای "قەیوان"و ئەو کۆمپانیایانەوە رەوانە دەرەوە کراوە کە روپۆشکراون بەوەی کۆمپانیای عێراقین و گرێبەستی فەرمییان هەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی هاوکێشەیە بەمشێوەیەی لێ بێت" ١٠٪ی نەوتی عێراق و ٩٠٪ی نەوتی ئێران".
ئەم ئاگادارکردنەوەیە، توڕەیی لایەنی فەرمی عێراقی لێکەوتەوە.. ساڵی ٢٠١٢ بڕیاردرا بە راگرتنی کۆمپانیای "قەیوان" لە کارکردن و خرایە لیستی رەشەوە.
بەڵام (العربیە) بەڵگەنامەی فەرمی دەستکەوتووە "کە بە نهێنی و تایبەت ناوبراوە"و لە وەزارەتی نەوتی عێراق- نوسینگەی زانیاریی و مۆڵەتە ئەمنییەکانەوە لە ١٨ی سێپتێمبەری ٢٠١٦ ئاڕاستەی کۆمپانیای سۆمۆ کراوە، تێیدا داوا کراوە رێوشوێنی یاسایی بگیرێتەبەر لەبەرامبەر کۆمپانیای "قەیوان"و پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکە یەکلابکرێتەوەو نوسیویەتی" دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئاگاداریکردوین لاری نیە لە مامەڵەکردن لەبارەی کۆمپانیای ناوبراو، تا ئەوکاتەی چاودێری بابەتەکە دەکەن"، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت کۆمپانیاکە بەردەوام بووە لەسەر کارە بازرگانییەکانی.
سوپرایزەکە لە ١٢ی ئەپرێڵی ٢٠١٧د بوو، کاتێک نوسینگەی مۆڵەتە ئەمنییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەستی کۆمپانیای "قەیوان"ی کردەوە بۆئەوەی جارێکی تر دەست بەکاربکاتەوە لەسەردەمی سامر غەزبان وەزیری پێشووی نەوتی عێراق لە حکومەتەکەی عادل عەبدولممەهدیدا، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکە بە نوسراو بەڵێنیدا چیتر نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بەبێ رەزامەندی وەزارەتی نەوت نەگوازێتەوە.
جیاوازییەکە لێرەد ئەوەیە، ئەم رووداوە هاوکات لەگەڵ گۆڕینی تیمی کۆمپانیای وەبازاڕخستی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رویداوە، کە دکتۆر فلاح عامری بەڕێوەبەری سۆمۆ لە ئەرکەکەی دورخرایەوەو دکتۆر عەلا یاسریی خراوەتە شوێنەکەی و بە فەرمانی یاسریی ١٤ کارمەندی سۆمۆ گواستراونەتەوە، ئەمەش لە ١٢ی سێپتێمبەری ٢٠١٩دا رویداوە، واتا دوای پێنج مانگ لە دەستپێکردنەوەی چالاکیی بازرگانیس کۆمپانیای "قەیوان" بەشێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا، ئەمە نیشانەی سەرسوڕمان لەسەر هۆکاری گۆڕینی تیمی سۆمۆ دروست دەکات.
ساختەکاریی و یاریکردن بە بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانەی کە بەپێی تایبەتمەندی وەبازاڕخستنی عێراق نین، لەم سنورەدا رانەوەستا، ساڵی ٢٠١٩ وەزارەتی نەوتی عێراق نوسراوێکی ناردو هۆشداریدا بە کۆمپانیای "قەیوان" بەوەی زیادەڕۆیی کردووە لە بڕی هەناردەکراوی غازی شلدا، هانیدا بۆ ئەوی یاریکردن بە بڕی هەناردەکراو رابگرێت.
(العربیە) بەڵگەنامەیەکی دەستکەوتووە کە دەریدەخات وەزارەتی نەوت لە مارسی ٢٠١٩دا بەبڕی (٣٣ ملیۆن) دۆلار سزای دارایی بەسەر کۆمپانیای "قەیوان"دا سەپاندووە، ئەمەش بەهۆی یاریکردنی بە تایبەتمەنی وەبازاڕخستنی نەوتەوە.
وەکو هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە، کۆمپانیای تر دەرکەوت کە کەڤەری کۆمپانیای "قەیوان" بوون، لەوانە کۆمپانیای "شعاع الگاقە" کە سەلاح رەمەزان حەسەن بەڕێوەی دەبرد (٥٠٪ی پشکەکانی کۆمپانیاکەی هەبوو) هەروەها کۆمپانیای "أرچ المشكاە" کە حەیدەر سەعدون خاوەندارێتی دەکرد (١٠٠٪ی پشەکەکانی)، ئەم کۆمپانیایانە دەستیانگرت بەسەر هەموو گرێبەستەکانی کۆمپانیای سۆمۆداو لە بەرژەوەندی کۆمپانیای "قەیوان" قۆرخیان کرد، ئەمەش لەڕێگەی بەشداریکردن بە چەندین ناوی جۆراوجۆر لەو کەمکردنەوانەی کە کۆمپانیاکانی بواری فرۆشتنی نەوت دەیانکرد بۆ فرۆشتنی بەرهەمی زیادەی نەوتیی لە پاڵاوگەکان. 
نوسینگەی پشکنەری گشتی لە وەزارەتی نەوتی عێراق لە ٢٠١٩/٤/٢٥دا ئەم بابەتەی ئاشکراکرد.
بابەتەک لێرەدا رانەوەستا، دەستەی نەزاهەی عێراق- فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە رۆژی ٨ی سێپتێمبەری ٢٠٢٠دا بڕیاریدا لێکۆڵینەوە بکات لەبارەی ئەوەی "کۆمپانیای سۆمۆ فرۆشتنی بەرهەمی نەفتای لە ئەمبارەکانی حەدیسەو کەرکوک  داوا بە کۆمپانیاکانی شعاع الگاقەو أرچ المشكاە و قەیوان و ئەم کۆمپانیایانەش خاوەندارێتییان بۆ یەک خێزان دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵێک بران، ئەمەش پێچەوانەی رێنمایی پێدانی گرێبەستە حکومییەکانە.
ئەوەی جێگەی پێکەنین و گریانیشە لەم دۆسیەیەدا، قەبارەی دژبەیەکیی نێوان قسەو کردارە، (العربیە) بەڵگەنامەیەکی دەستکەوتووە کە رۆژی ١٧ی ئایاری رابردوو لە لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق دەرچووەو سەرپێچی گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوتی رەش و سکاڵاکان لەدژی کۆمپانیای سۆمۆ نیشان دەدات سەبارەت بە زیادکردنەکانی بواری بەرهەمە نەوتییەکان و ناڕەزایەتی لیژنەکە لەبارەی کەمکردنەوەی نرخی زیادکردنەکە بەرێژەی ٥٠٪ بۆ کۆمپانیای "شعاع الگاقە"ی کەڤەری کۆمپانیای قەیوانە، ئەمەش بووەتە هۆی بەهەدەردانی پارەیەکی زۆری سامان گشتیی، بەپێی ئەمەش بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ رەوانەی لێکۆڵینەوە کراوە.
سەرباری ئەمە، لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا ناڕەزایەتی لە لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراقەوە هاتووە سەبارەت بە گرێبەستی پاڵاوتنی نەوتی خاو لەلایەن کۆمپانیای "قەیوان"ەوە، باسلەوەکراوە پرۆسەی پاڵاوتنەکە بووە بە قازانج بۆ پاڵاوگەکان و زیان بۆ وەزارەتی نەوت و بەهەدەردانی سامانی گشتیی، داواکراوە پێدانی نەوت بە پاڵاوگەکەی قەیوان رابگیرێت و هاوسەنگی بۆ گرێبەستەکە بگەڕێندرێتەوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە گرێبەستی پاڵاوتنی نەوتی خاو لەگەڵ کۆمپانیای "قەیوان" کە خاوەنی پاڵاوگەی بازیانە لە سلێمانی، بۆ ماوەی شەش مانگ نوێکراوەتەوەو دەکرێت جارێکی تریش نوێ بکرێتەوە، ئەمەش بۆ پاڵاوتنی ٣٨ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێکدا، بەمەش سەری ناڕەزایەتی لیژنەی وزەی پەرلەمان کێشرا بەدیواردا.
(العربیە) چەندینجار هەوڵیدا لەگەڵ ئاڵا تاڵەبانی پەرلامانتاری یەکێتی و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی قسە بکات لەبارەی پرۆسەی قاچاخچێتییەوە، بەڵام کەس وەڵامی نەدایەوە.
دوای هەموو ئەمانە، ئەو پرسیارەی کە خۆی دووبارە دەکاتەوە ئەوەیە، کێ پاڵپشتی کۆمپانیای "قەیوان" دەکات کە سەرباری ناڕەزایەتی و نوسراوە فەرمییەکان، بەردەوامە لەسەر کارکردن و گرێبەستەکانیی و کۆمپانیا عێراقییەکانی تر لە رکابەرێتی دوردەخاتەوە ؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand