Draw Media

دەنگ و پێگەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا

دەنگ و پێگەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا

2025-10-24 17:53:04


راپۆرتی شیكاری: درەو 
 

بەشی چوارەم
🔹 لە دوای ساڵی (1992)ەوە لە هەرێمی کوردستان (13) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچووەو کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەشداری (12) هەڵبژاردنیانی کردووە.
🔹 کۆمەڵی دادگەری (2) جار بە شێوەی هاوپەیمانی و (10) جار بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کردووە.
🔹 بۆ یەکەم جار لە ساڵی (2005) بەشداری هەرڵبژاردنەکانی (خولی دوومی پەرلەمانی کوردستان، خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی) بە لیستی سەربەخۆ کردووەو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (2 ملیۆن و 290 هەزار و 736) کەس مافی دەنگدانی هەبووەو کۆمەڵ (85 هەزار و 237) دەنگی بە ڕێژەی (4%) بەدەستهێناوە. 
🔹 لە دواهەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی کوردستان (2 ملیۆن و 899 هەزارو 578) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، کۆمەڵ (64 هەزارو 864) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (2.2%) کۆی گشتی دەنگدەران لە چوار پارێزگاکەی هەرێم.
🔹 ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2005)ەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێژەی (27%) زیادیان کردووە، بەڵام دەنگەکانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە ڕێژەی (24%) کەمی کردووە.

پوختە
کۆمەڵی دادگەری یەکێکە لە حیزبە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و لە (31/5/2001) دروستبووە، لە سەرەتای درووستبوونی هەتاوەکو (19/2/2021) ناوی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بووە، بەڵام لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکە ناوەکەی گۆڕدرا بە کۆمەڵی دادگەری، سەرۆکی حیزبەکە "عەلی باپیرە" و پەیڕەوی پڕۆگرامی سوننەی ئیسلامی دەکات.
حیزبەکە و سەرۆک و ئەندامەکانی پێشووتر لەنێو حیزبی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستاندا بوون بەڵام لە ئایاری (2001) بەهۆی ناکۆکییەوە جیابوونەوەی خۆی ڕاگەیاند.
لە ساڵی (1992)ەوە (13) هەڵبژاردنی گشتی (پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان)، بەڕێوە چووە، کۆمەڵی دادگەری کوردستان جگە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (19/5/1992) بەشداری سەرجەم هەڵبژاردنەکانی تری کردووە، کە لە (10) هەڵبژاردنیان بە لیستی سەربەخۆ و (2) هەڵبژاردنیان بەشێوەی هاوپەیمانی چووتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سێ (چوار) پارێزگاکەی هەرێم مافی دەنگدانیان هەیە، کۆمەڵی دادگەری کوردستان نەیتوانیوە بە هەمان ئاست ژمارەی دەنگەکانی بەرز بکاتەوە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پاڵ هەڵبژاردنەکانی (ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) کە لە (30/1/2005) بەڕێوەچوو (2 ملیۆن و 290 هەزار و 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، کۆمەڵی دادگەری کوردستان (85 هەزارو 237) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (4%) کۆی گشتی دەنگدەران.
 بەڵام لە دواین هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە (20/10/2024) بە ڕێوەچوو، لەسەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری كوردستان توانیویەتی تەنها (64 هەزارو 864) دەنگ بەدەستبهێنێت بەرێژەی (2.2%) کۆی گشتی ئەو دەنگدەرانەی مافی بەشدارییان هەبوو.
بەم پێیەش ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2005)ەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی کە لە (20/10/2024) بەڕێوەچوو بە ڕێژەی (27%) زیادیان کردووە، بەڵام دەنگەکانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە ڕێژەی (24%) کەمی کردووە (20 هەزار و 373) دەنگی لێبووەتەوە. (بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1))، لە خوارەوە پێگەی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنە گشتییەکان ڕوونکراوەتەوە.

خشتەی ژمارە (1)


تەوەری یەکەم؛ دەنگ و پێگەی کۆمەڵ لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان
یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەرێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (76.6%).
4.    سەرجەم حزبەكان بە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیشەوە جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (نیشتمانی دیموكراتی كوردستان) بەشدار بوون كە (ملیۆنێك و 570 هەزارو 663) دەنگیان بەدەستهێناو (104) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد.
5.    کۆمەڵی ئیسلامی "دادگەری" (85 هەزار و 237) دەنگی بە ڕێژەی (4%) بەدەستهێنا، (6) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێنا.
دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 25/7/2009 بەرێوەچوو.
2.    ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە
3.    (ملیۆنێك و 876  هەزارو 196) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.5%)
4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو.
5.    کۆمەڵی ئیسلامی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی (لیستی چاکسازی و خزمەتگوزاری) لەگەڵ حیزبەکانی (یەکگرتووی ئیسلامی، زەحمەتکێشان و پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان) بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردوو (240 هەزار و 842) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (12.8%)ی دەنگەکان و هاوپەیمانێتییەکە (13) کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەرێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 653 هەزارو 743) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێك و 950  هەزارو 130) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (.674%).
4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو.
5.    کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە ڕێژەی (4%) (118 هەزارو 574) دەنگی بەدەستهێناو (6) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد.
چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو.
2.    (3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێک و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (60%).
4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو.
5.    کۆمەڵی ئیسلامی "دادگەری" کوردستان بە لیستی سەربەخۆ بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی کرد و لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (109 هەزارو 494) دەنگیان بەڕێژەی (4%) بەدەستهێنا و (7) کورسی پەرلەمانیان مسۆگەر کرد.
پێنجەم؛ کۆمەڵ و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
1.    هەڵبژاردنی (خولی شەشەم)ی پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024 بەڕێوەچوو.
2.    بۆ یەکەم جار بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرێمی کوردستان دابەشی (4) بازنەی هەڵبژاردن بکرێت.
3.    لەم هەڵبژاردنەدا (2 ملیۆن و 899 هەزارو 578) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، بە ڕێژەی (65%) و (ملیۆنێک و 882 هەزار و 448) کەس لەسەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێم بە دروستی دەنگیان دابوو.
4.    کۆمەڵی دادگەری كوردستان لەسەر ئاستی هەر چوار بازنەکە (64 هەزارو 864) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (3.4%)ى کۆی دەنگە دروستەکان و (2.2%)ى کۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (3) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێنا _بەڵام حیزبەکە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕەت کردەوەو بایکۆتی پەرلەمانی کردوو تەنها یەک لە کاندیدە دەرچووەکانی لەدەرەوەی سیاسەتی کۆمەڵی دادگەری سوێندی یاسایی خوارد_ بەجۆرێک؛
-    دەنگی کۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر (20 هەزارو 265) دەنگ بوو بەرێژەی (3%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکە کە ژمارەیان (669 هەزار و 273) دەنگ بوو لە کۆی (ملیۆنێک و 22 هەزار و 906) کەس کە مافی بەشدارییان هەبوو. بەم پێیەش کۆمەڵ (1) کورسی پارێزگاکەی بردەوە لە کۆی ئەو (32) کورسییە گشتییەی تەرخانکرابوو بۆ پارێزگای هەولێر.
-    دەنگی کۆمەڵ لە پارێزگای سلێمانی (36 هەزارو 707) دەنگ بوو بەرێژەی (5.9%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکە کە ژمارەیان (626 هەزار و 224) دەنگ بوو لە کۆی (ملیۆنێک و 87 هەزار و 73) کەس کە مافی بەشدارییان هەبوو. بەم پێیەش کۆمەڵ (2) کورسی پارێزگاکەی بردەوە لە کۆی ئەو (36) کورسییە گشتییەی تەرخانکرابوو بۆ پارێزگای سلێمانی.
-    دەنگی کۆمەڵ لە پارێزگای دهۆک (3 هەزارو 677) دەنگ بوو بەرێژەی (0.7%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکە کە ژمارەیان (548 هەزار و 15) دەنگ بوو لە کۆی (729 هەزار و 347) کەس کە مافی بەشدارییان هەبوو. بەم پێیەش کۆمەڵ هیچ کورسییەکی پارێزگاکەی نەبردەوە لە کۆی ئەو (24) کورسییە گشتییەی تەرخانکرابوو بۆ پارێزگای دهۆک.
-    دەنگی کۆمەڵ لە پارێزگای هەڵەبجە (4 هەزارو 215) دەنگ بوو بەرێژەی (10.8%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکە کە ژمارەیان (38 هەزار و 936) دەنگ بوو لە کۆی (60 هەزار و 252) کەس کە مافی بەشدارییان هەبوو. بەم پێیەش کۆمەڵ هیچ کورسییەکی پارێزگاکەی نەبردەوە لە کۆی ئەو (3) کورسییە گشتییەی تەرخانکرابوو بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
تەوەری دووەم؛ دەنگ و پێگەی کۆمەڵ لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1.    هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/1/2005 بەرێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    لە (30ی كانوونی دووەمی 2005) هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، كە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی زۆربەی حیزبە كوردستانییەكانی لە خۆدەگرت توانی (2 ملیۆن و 175 هەزار و 551) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (25%) و (75) كورسی لە پەرلەمانی عێراق، هاوكات لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانیش توانی (2) كورسی بەدەستبهێنێت. واتا لە كۆی (275) كورسی ئەنجومەنی نوێنەران كورد (77) كورسی هەبوو بەڕێژەی (28%)ی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 
دواتریش لە (15/12/2005) هەڵبژاردنێكی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، كە (326) لیست و لایەن و كەسایەتی بەشدارییان تێداكرد، تیایدا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، زۆربەی حیزبە كوردستانییەكانی لە خۆگرتوو، جگە لە یەكگرتووی ئیسلامی بە لیستی سەربەخۆ بەشداریانكرد.
لەو هەڵبژاردنەدا، بەپێی راگەیەنراوی كۆتایی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لیستی هاوپەیمانی كوردستانی رێژەی (19.27%)ی دەنگەكانی عێراقی بەدەستهێنا و (53) كورسی لە كۆی (275) كورسی پەرلەمانی كوردستانی مسۆگەركرد.
دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 590 هەزارو 274) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێك و 938 هەزارو 754 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.8%).
4.    کۆمەڵی دادگەری لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (6%) و (144 هەزار و 996) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ 
-    لە هەولێر (917 هەزار و 685) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (680 هەزار و 408) کەس دەنگیداوە بە رێژەی (74.1%). کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (9%) و (62 هەزار و 706) دەنگی بەدەستهێناوە. 
-    لە سلێمانی (1ملیۆن و 098 هەزارو 451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833 هەزار و 631) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%)، کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (9%) و (79 هەزار و 149) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    لە دهۆكیش كە (574 هەزار و 138) مافی دەنگدانیان هەبووەو (424 هەزار و 715) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (73.97%)، کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (1%) و (3 هەزار و 141) دەنگی بەدەستهێناوە.
سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (2 ملیۆن و 128 هەزارو 167 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (78%).
4.    کۆمەڵی دادگەری لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (5%) و (140 هەزار و 771) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛
-    لە هەولێر (936 هەزار و 557) مافی دەنگدانیان هەبووە و (744 هەزارو 489) دەنگیداوە، بە رێژەی (79%) کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (11%) و (80 هەزار و 492) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    لە سلێمانی (1ملیۆن و 168 هەزار و459) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (893 هەزار و 226) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (76%) و کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (6%) و (57 هەزار و 102) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    لە دهۆكیش كە (612 هەزار و 66) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، (490 هەزار و 452) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (80%)، کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (1%) و (3 هەزار و 177) دەنگی بەدەستهێناوە.
چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 
1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو.
2.    (3 ملیۆن و 758 هەزارو 896) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێك و 799 هەزارو 686 ) كەس دەنگیاندا بە ڕێژەی (48%).
4.    کۆمەڵی ئیسلامی "دادگەری" لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (2%) و (91 هەزار و 973) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛
-    لە پارێزگای هەولێر (642 هەزار و 232) هاوڵاتی دەنگیداوە. کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (6%) و (36 هەزار و 782) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    لە پارێزگای سلێمانی (664 هەزار و 146) هاوڵاتی دەنگیداوە. کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (8%) و (51 هەزار و 563) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    لە پارێزگای دهۆكیش كە (489 هەزار و 308) هاوڵاتی دەنگیداوە. کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (1%) و (3 هەزار و 628) دەنگی بەدەستهێناوە.

پێنجەم؛ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم)
1.    هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو
2.    ( 3 ملیۆن و 450 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێک و 233 هەزارو 451) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (35.7%).
4.    هەر پارێزگایەکی هەرێم بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەشکرا.
5.    کۆمەڵی دادگەری لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم لە (5) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووە، لە سلێمانی (3) کاندیدو لە هەولێر (2) کاندید، لە دهۆک هیچ کاندیدێکی نەبووە،  بەڕێژەی (2%) و (64 هەزار و 156) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛
-    لە پارێزگای هەولێر (1 ملیۆن و 238 هەزار و379) مافی دەنگدانیان هەبووە و (444 هەزارو 253) دەنگیداوە، بە رێژەی (35.9%). کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (4%) و (19 هەزار و 517) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    لە پارێزگای سلێمانی (1 ملیۆن و425 هەزارو 705) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (392 هەزار و667) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (%27.5). کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (11%) و (44 هەزارو 639) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    لە پارێزگای دهۆكیش كە (822 هەزار و 703) مافی دەنگدانیان هەبووە، (395 هەزار و977) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (48.1%). کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە هیچ کاندیدێکی نەبووە بۆیە هیچ دەنگی بەدەستنەهێناوە.

تەوەری سێیەم؛ دەنگ و پێگەی کۆمەڵ لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان
1.    هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/1/2005 بەڕێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێك و 767 هەزارو 993) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (77.2%).
4.    کۆمەڵی ئیسلامی "دادگەری" کوردستان جگە لە پارێزگای دهۆک (71 هەزارو 869) دەنگی بە ڕێژەی (3%)بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛
-    کۆمەڵ لە پارێزگای سلێمانی (53 هەزارو 88) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (7.2%) بەم پێیەش (3) کورسی پارێزگاکەی بردەوە. 
-    دەنگی کۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر (18 هەزارو 781) دەنگ بوو بەرێژەی (2.9%) و توانی تەنها کورسییەکی ئەنجومەنەکە بباتەوە.
دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان 
1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (2 ملیۆن و 161 هەزارو 38 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (80%).
4.    کۆمەڵی ئیسلامی "دادگەری" كوردستان بە رێژەی (4%) (117 هەزارو 89) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛
-    دەنگی کۆمەڵ لە پارێزگای سلێمانی (55 هەزارو 457) دەنگ بوو بەرێژەی (6%).
-    دەنگی کۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر (57 هەزارو 907) دەنگ بوو بەرێژەی (8%).
-    دەنگی کۆمەڵ لە پارێزگای دهۆك (3 هەزارو 89) دەنگ بوو بەرێژەی (1%).

دەنگەکانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا - بە گرافیک-

 

 

 

 


سەرچاوە
-    دامەزراوەی میدیایی درەو، هەڵبژاردنەکانی کوردستان؛ کۆمەڵی دادگەری کوردستان، چاپی دووەم، 2025.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand