Draw Media

هەڵبژاردن و ئەخلاقیاتی متمانەکردن بە جیهان

هەڵبژاردن و ئەخلاقیاتی متمانەکردن بە جیهان

2025-10-26 10:03:35


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
 
لە کتێبی «هەلومەرجی مرۆڤ»دا ژنە  فەیلەسوفی ئەڵمانی هانا ئارێنت، باس لە لەدایکبوونی مرۆڤ دەکات و ئەم لەدایکبوونەش وەک رووداوی هەرە گرنگی ناو بوون نمایشدەکات. لەدایکبوون لێرەدا تەنها دیاردەیەکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی ئینسانی گرنگە. ئارێنت ئەم لەدایکبوونە وەک توانایەک بۆ دروستکردنی «سەرەتای تازە»، بۆ دەستکاریکردنی جیهان، بۆ دروستکردنی شتی جیاواز، کە پێشتر نەبووبێت و نەناسراو بێت، واتە بۆ داهێنانی جیهانێکی تەواو تازە، دەناسێنێت. بەجۆرێک لەگەڵ لەدایکبوونی هەر منداڵێکدا ئەگەری دەسکاریکردن و گۆرانی جیهانیش لەدایکدەبێت.  

چەمکی «لەدایکبوون» لێرەدا تەنها لەدایکبوونێکی بایۆلۆژیی نییە، تەنها هاتنی منداڵ یان مرۆڤی تازە بۆ ناو جیهان نییە وەک رووداوێکی بایۆلۆژیی، بەڵکو رووداوێکی سیاسیشە، پێداگرتنە لەسەر توانای ناوەکیی مرۆڤ وەک ئەگەرێکی گەورە و بەهێز بۆ دەسکاریکردن و گۆڕین و تازەکردنەوەی جیهان. 

بەڵام وەگەڕخستنی ئەم توانا ناوەکییە و ئەم ئەگەری دەستکاریکردنەی جیهان، شتێکی خۆبەخۆ و ئۆتۆماتیکی نییە، مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت دەسکاری جیهان بکات، بەر لە هەمووشتێک، پێویستی بە ئازادییە. ئازادیی ئەوەی بتوانێت قسەبکات و توانای پەیوەندیکردنی بە مرۆڤەکانی ترەوە هەبێت و لەم رێگایەشەوە بکرێت گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەوەی چی باشە بیکەن و چی سود بە پێکەوەبوون و ژینگەکەیان دەگەیەنێت، ئەنجامیبدەن. ئینجا ئازادیی ئەوەیشیان هەبێت کردە و هەڵسوکەوت و پراکتیکیان هەبێت، واتە بتوانن لە ڕێگای کردارەوە شتێکی تازە دەستپێبکەن و شێوازی بەڕێوەچوونی شتەکان بگۆڕن. مرۆڤ پێویستە ئەو دوو جۆرە ئازادییەی هەبێت بۆ دروستکردنی جیهانێکی تازە. یەکەمیان، توانای پەیوەندیکردنێکی ئازاد لەگەڵ جیهان و کەسەکان و ئەو ژینگەیەدا کە دەکەوێتە ناوییەوە. دووهەمیان، ئازادیی ئەوەی بتوانێت کردە و پراکتیکی هەبێت. 

ئەگەر لەدایکبوونی هەر منداڵێک، وەک ئارێنت دەڵێت، ئەوەمان وەبیربهێنێتەوە کە جیهان کراوەیە بۆ تازەکردنەوە و دەسکاریکردن، جیهان هەرگیز پرۆژەیەکی نەگۆڕ و جێگیر و تەواوبوو نییە. توانای سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە و دروستکردنی سەرەتای تازەش، تەنانەت لە بەرامبەر چەقبەستوویی جیهاندا، یان لەناو دۆخێکی تەواو نائومێدیشدا، هەر هەیە و دەتوانێت ئامادەبێت. بەڵام، وەک ووتم، ئەم توانایە گرێدراوی ئەوەیە ئایا مرۆڤ ئازادە و دەتوانێت کردەی ئازاد پیادەبکات. ئایا جیهان خۆیشی شتێک لە کرانەوەی تێدایە، یاخود تەواو قوفڵدراو و داخراوە. هەموو ئەمانە مانای ئەوەیە، مەرجی یەکەمی دروستبوونی دۆخێک مرۆڤ بتوانێت تیایدا جیهان دەسکاریبکات، ئازادییە. کە ئازادیی نەبوو، وەک ئەوە وایە مرۆڤ کەوتبێتە ناو قەڵا و نەفەقێکی داخراوەوە.  

گەورەکان بە هێنانی مرۆڤێکی نوێ بۆ ناو جیهان، هەم بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەو میوانە و هەم بەرپرسیارێتی پاراستنی جیهانیشیان لەسەرە، بەجۆرێک ئەو جیهانە بتوانێت نەک تەنها ژیانی ئەو بوونەوەرە تازەیە لەئامێزبگرێت و بپارێزێت، بەڵکو خودی ئەو میوانە تازەیە وەک بوونەوەرێکی ئازاد و خاوەن ماف و خاوەن متمانە بهێنێتە جیهانەوە. جیهان پێویستە جێگەیەکی متمانەپێکراو بێت بۆ نیشتەجێبوون و سەرزەمینێکیش بێت بکرێت تیایدا مانا و بەرپرسیارێتی بەرهەمبهێنرێت.

بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی مانای ئەوەیە دان بەوەدا بنرێت کە جیهان موڵکی ئەو بوونەوەورە تازەیەشە کە تازە هاتۆتە ناوییەوە، وەکچۆن موڵکی ئەوانەیشە بەر لەو و دوای ئەویش هاتوون و دێنە ناو ئەو جیهانەوە. جیهان موڵکی مرۆڤە وەک شوێنێک بتوانێت تیایدا قسەبکات و دەربکەوێت و بڕیاربدات و کاربکات، لەم رێگایانەشەوە دەسکاری ئەو جیهانە بکات و تازەیبکاتەوە.

مەرجێکی دیکەی توانای دەسکاریکردنی جیهان، هەبوونی ئەو بەرپرسیارێتییەیە. وەک ووتم، لە دیدگای هانا ئارێنتەوە، هاتنی هەر منداڵێک بۆ جیهان تەنها کردەیەکی بایۆلۆژیی نیە، بەڵکو کردەیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی قوڵیشە کە بەرپرسیاریەت ژێرخانە مرۆییەکەیەتی. مرۆڤ لەاناو ئەو کردە سیاسیی و ئەخلاقییەدا، لەناو ئەو بەرپرسیارێتیەدا، جارێکی دیکە لەدایکدەبێتەوە. ئەم لەدایکبوونەوەیەش کردەیەکی سیاسییە چونکە دەشێت پرۆژەی دەسکاریکردنی جیهان بێت. هەموو کردەیەکی گۆڕین و تازەکردنەوە کردەیەکی سیاسییە. هاوکات کردەیەکی ئەخلاقیشە، چونکە هاتنی هەر منداڵێک پێویستی بە جۆرێک لە پێشوازیی و ئامێزبۆکردنەوە هەیە، وا لەو منداڵە بکات متمانە بە جیهان بکات. بوونی «متمانە بە جیهان» مەرجێکی گرنگی خواست و ویستی دەسکاریکردنی جیهانە. 

متمانە لێرەدا رۆڵێکی سەرەکیی و دەستنیشانکەر دەبینێت. متمانەی مرۆڤ بەو ژینگەیەی تیایدا دێیتە ناو جیهانەوە، متمانە بەوانەیش لەو ژینگەیەدا دەژین و هاتنی ئەو بۆ ناو جیهان وەک رووداوێکی تایبەت دەبینن و مامەڵەدەکەن. جیهان لەم ئەزموونە ئینسانییەدا دەگۆڕێت بۆ ماڵ، ماڵێک تیایدا متمانە بە بوونی پەناگایەک بۆ پاراستن، هەبێت. ماڵێک هەمووان بە هەمان ماف و بەرپرسیاریەتەوە داڵدەبدات. بەمەش هەم ڕادەی متمانەکردن بەو ماڵە و هەم بەو جیهانەیش کە ئەو ماڵە لە ئامێزدەگرێت، گەورەتر و هەمەلایەنتر، دەبێت. 

هەموو ماڵێکیش لەناو فەزایەکی مەجازیی و فەزایەکی لە وشە و زمان دروستکراودا نیشتەجێیە. هەموو ماڵێک لەناو کۆمەڵێک گوتاردا نیشتەچەیە. زمان لەناو ئەو گوتارانەدا تەنها ئامرازیی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو ئامراز و سەرچاوەی مانا و خەون و متمانەشە. ئەوەی دەگوترێت و دەنووسرێت، دەبێت شایانی ئەوەبێت متمانەی پێبکرێت، بکرێت وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف لەگەڵیدا بژیت، پێویستی بە گومان و پشکنینی بەردەوام نەبێت، کاری بەرهەمهێنانی رق و بوغز و دوژمنایەتی نەبێت. ئەو بڕەیش لە راستیی تێدابێت کە قابیلی باوەڕ و متمانەپێکردن بێت. زمان بەشێکە لە فەزایەکی مەجازیی گەورەتر. ئەم فەزا مەجازیەش پێویستە فەزایەکی کراوەبێت و توانای گەشەکردن بۆ کەسە جیاوازەکان دابینبکات. یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانیشی ئەوەبێت کە دەشێت دەسکاریی جیهان بکرێت و سەرلەنوێ بنیاتبنرێتەوە. فەزایەک خەیاڵی کەسەکان ئازادبکات بۆ وێناکردنی ئەلتەرناتیڤی جیاواز و ئەو باوەڕە لەناو مرۆڤدا بچێنێت، کە دەشێت لە جیهانێکی دیکەدا بژین. 

بەو مانایانەی سەرەوە، چەمکی لەدایکبوون لای ئارێنت چەند چەمکێکی وجودیی و بوونگەرایانەیە، باس لە هاتنی کەسێک بۆ ناو بوون لە جیهاندا، دەکات، هاوکات چەمکێکی سیاسیشە و گرێدراوە بە توانا و ئەگەری دەسکاریکردن و گۆڕینی جیهانەوە. گرێدراو بەو بیرۆکەیەوە کە ئەوەی لە ئێستادا هەیە و دروستکراوە، ئەبەدیی و هەمیشەیی نییە و ژیانی هیچ مرۆڤ و کۆمەڵگایەک بە تەواوی لەلایەن ئەم، یان ئەو هێز و ئەم یان ئەو نەوە و سەردەمەوە، قۆرخ و دیارینەکراوە. 

سەرجەمی ئەو چەمک و مانایانەی لەسەرەوە باسمکردن، بەشێکن لە سیاسەت بە مانا راستەقینەکەی سیاسەت. سیاسەت وەک چالاکیی بەرهەمهێنانی ژیانێکی گشتیی هاوبەش، تیایدا مرۆڤەکان هەم دەربکەون و بەشداربن و کردەیان هەبێت، هەم گفتوگۆبکەن و رابگۆرنەوە و گوێ لەیەکتریی بگرن. سیاسەت لێرەدا سەرزەمینی دەسەڵات و باڵادەستبوون و تەماحی کۆمەلایەتیی نییە، بەڵکو دەرەنجامی کۆبوونەوەی کەسەکانە کاتێک بەیەکەوەدەژین و بیردەکەنەوە و گفتوگۆدەکەن و کردەی تایبەت لە پەیوەندیدا بە ژیانی هاوبەش و پێکەوەییانەوە ئەنجامئەدەن. لەناو ئەمانەشدا جیهان لەگەڵ یەکتریدا دابەشدەکەن. جیهانێک هەم دەگمەنبوون و تایبەتمەندبوونی هەر یەکێک لەو کەسانە نیشانبدات، هەم ئازادیشیان بەرز بنرخێنێت و بپارێزێت، هەم کەسەکان بگۆرێت بۆ بکەری ژیانی خۆیان و ژیانی پێکەوەییان. سیاسەت لێرەدا ئامرازێک نییە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی تر، لەوانەش، بۆ نموونە، ئامارزی بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابووریی و دەستەبەرکردنی قازانجی تایبەت، بەڵکو بریتییە لە چالاکیی تەعبیرکردنێکی تاکەکەسیی و دەستەجەمعی کەسەکان لە ئازادییان، تەعبیرکردن لە پێکەوەبوونیان لەناو جیهاندا. ئەمەش لە دونیای ئەمرۆدا مانای تەعبیرکردنی کەسەکان لە خۆیان لەو جیهانەدا، وەک هاوڵاتیی یەکسان و بەرپرسیار، هاولاتیی خاوەن هەمان ماف و هەمان بەرپرسیاریەت. 

هەم سیاسەت و هەم هەڵبژاردن لە دونیای ئێمەدا، تەواو پێجەوانەی ئەو شتانەن باسمکردن. سیاسەت و هەڵبژاردن کردەیەکن نە متمانە دروستدەکەن، نە ئازادیی و نە هاوڵاتیبوونیش.  کردەیەکن سەرجەمی ئەو ئەگەرانە دەسڕنەوە کە مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی جیهان دروستکەر و جیهانگۆڕ. بۆیە ئاساییە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیش، هەڵمەتی درۆکردن و خڵەتاندن و وادەی درۆ و سڕینەوەی متمانە بە هەمووشتێک، بن. ئەگەر پێشوازیکردن لە منداڵ بۆ ناو جیهان، لای ئارێنت، دانپێدانانێکی قووڵ و هەمەلایەن بێت بە توانای مرۆڤدا بۆ دروستکردنی سەرەتا و دەستپێکی نوێ، پابەندبوون بێت بە دروستکردنی جیهانێکەوە بتوانێت ئەو توانا  تایبەتە، بگرێتەخۆی و بیپارێزێت. ئەوا سیاسەت و هەڵبژاردن بەو جۆرەی لە دونیای ئێمەدا هەن و ڕووئەدەن، ساتەوەختێکن تەواو دژ بە توانای دەسکاریکردنی جیهان. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand