یەكێتی: سەرشۆڕی بۆ ئەوانەی هەموو مێژوویان خۆچەماندنەوەبووە
2020-10-16 16:06:09
(درەو):
شەڕی پارتیو یەكێتی لەبارەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیو شەڕە قسەی پەرلەمانتارانەوە گەیشتە ئاستەكانی سەرەوەی حزب، دوای قسەكانی مەسرور بارزانیو بارەگانی بارزانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی راگەیەندراوی بڵاوكردەوەو هێرشی توندی كردەسەر پارتی، ئەمە لەكاتێكدایە بەمدواییە هەردوو حزب لەسەر ئەوە رێككەوتن هێرشی میدیایی بۆسەر یەكتر رابگرن.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەنراوی ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەیادی ڕووداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەردا
لە ساڵیادی ١٦ی ئۆكتۆبەردا، سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدە قارەمانەكانی پارێزگاریكردن لە كەركوك و خاكی كوردستان دادەنەوێنین، كە بە گیانی خۆیان داستانێكی بەرزی بەرگرییان تۆمار كردو نەیانهێشت چەواشەكارانی مێژوو، لە هەوڵی زڕاندنی ناو و خەبات و رێبازی پیرۆزیاندا، خەونی نەزۆك بەدی بێنن.
١٦ی ئۆكتۆبەر، دەرئەنجامی زنجیرەیەك پێشبینی هەڵەو بڕیاری نەخەمڵیووی سیاسی و ستراتیجی بوو، كە لە ریفراندۆمدا فۆرمەلە كرا و، ئەنجامەكەی بە كارەسات بۆ دۆزی رەوای گەلەكەمان، و پاشەكشێ لە دەسكەوتە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات و، دوو بەرەكی، ئاژاوە و دۆڕاندنێكی گشتیی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا هێنا.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە بەرچاوەڕونییەوە لێكەوتەو مەترسییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی نەخەمڵیووی لەمجۆرەی لە كوردستانی عێراق، لە كات و ساتێكی ناوەختدا، دەبینی و رای گشتی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانیشی لە ئەنجامدانی هەڵەیەكی لەوجۆرە هۆشیار كردەوە. بەڵام هەندێك كەس و لایەن بێ گوێدانە ئاكامەكانی هەنگاوی لەم چەشنە، گوێیان لە ئامۆژگاریی دڵسۆزان، وڵاتانی زلهێزو ئیقلیمی و پەیامی ئاشكرای نێردە دیپلۆماسییەكان نەگرت، بە تەنها ملیان نا، نیوەی خاكی كوردستان و تەواوی دەسكەوتەكانی گەلی كوردیان بردە سەر هەڵدێرانێكی سەخت، و ئەگەر وریایی فەرماندە مەیدانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەبووایە، كەركوك بەرەو وێرانی، و خەڵكی كەركوك بەرەو سەرگردانییەكی هەمیشەیی دەبران.
فەرماندەیی هێزەكانی ٧٠ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە بڕیاری لەناكاو و دروستی روبەڕونەبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی دەوڵەتی عێراق، توانی ئەو بۆشاییە كوشندەیە پڕ بكاتەوە كە لەریزی پێشمەرگەی هێزە هاوپەیمانەكانی یەكێتی دا لە كەركوك و ناوچەی كێشە لەسەر روویاندابوو. هێزەكانی تر، كە یەكێتی نەبوون، بەبێ ئاگاداركردنەوەی یەكێتی لە پاشەكشێ و چۆڵكردنی هێڵی بەرگری، سەنگەرەكانیان چۆڵ كرد، هێزەكانی ٧٠ و سەركردەكانی یەكێتی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان بە تەنها لەبەردەم لەشكری نابەرابەری هێزی هێرشبەردا بەجێهێشت. یەكێتی بە بڕیارێكی لەخۆبوردوانە، رەفتاری لەگەڵ ئەم هەڵوێستە ناجوامێرانەیە كرد، قوربانیی بە دەسكەوتەكانی خۆی دا، تا دەسكەوتە گشتییەكانی خەڵكی كوردستان، ئاوەدانیی شاری كەركوك و ژیانی كەركوكییەكان بپارێزێت و رێگە نەدات، ماڵ و حاڵی كوردانی خێرلەخۆنەدیوو، ببێتە گۆڕەپانی شەڕێكی نەخوازراو. شەڕێك كە تا ئەمڕۆش، نە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەو كاتی هەرێم، نە پەرلەمانی كوردستان، و نەهیچ دامودەزگایەكی تری هەرێمی كوردستان، بەرامبەر سوپای عێراق بڕیاری بەرپاكردنی نەدا.
بۆیە ئەمڕۆ گوتاری چەواشەكارانی مێژوو هەر چۆن بن، هەمیشەیی نین، و كاریگەری لە ورەی كەسوكاری سەربەرزی قوربانیانی یەكێتی لە ١٦ی ئۆكتۆبەر ناكەن. رۆژێك مێژوو ئەم دوو هەڵوێستە جیاوازەی سەركردایەتی ریفراندۆم و، بەرگریی پێشمەرگەكانی یەكێتی لە خاكی كوردستان، هەڵاوێرد دەكاو بە دادپەروەرییەوە دەنووسێتەوە. ئەوكات رۆحی شەهیدەكانمان ئاسودە دەبن و دادگای ویژدانی گەل، بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆی دەدات.
- دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و سەرجەم شەهیدانی بەرگریكردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان.
- سەرشۆڕی بۆ چەواشەكاران و ئەوانەش، كە هەموو مێژوویان خۆچەماندنەوە بووە.
راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك)
١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠