(درەو): بڕیاربوو ئەم هەفتەیە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ تێپەڕاندنی، بەڵام پێدەچێت ئەو سەبەتە مەرج و داواكارییەی لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە خراوەتە بەردەمی، وابكات نەتوانێت كارەكانی بەو دەستوبردییە ڕاپەڕێنێت. بەپێی دواین زانیارییەكان تا ئێستا كازمی نەیتوانیووە لەگەڵ ئەو كوتلانەی پشتیوانیان دەكەن بگاتە ڕێككەوتن، بەجۆرێك هێزە سەرەكییەكانی هەریەك لەسێ پێكهاتەی عێراق(شیعەو سوننەو كورد) كۆمەڵێك مەرجو داواكاری تایبەت بە خۆیان بۆ ڕیزكردووەو، متمانەدانیان بە حكومەتەكەی بەستووەتەوە بە جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، كازمی لەدانوستانی لەگەڵ هێزە شیعیو سوننیو كوردییەكان ڕووبەڕووی سێ جۆر مەرجو داواكاری بووەتەوە: مەرجو داوای شیعەكان بۆ كازمی • هێزو گروپەكانی هاوپەیمانی ئێران پێداگری دەكەن لەوەی پرۆگرامی حكومەتەكەی كازمی بڕگەیەكی تێدابێت بەڕاشكاوی باس لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بكات كە بڕیاریداوە بە كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لەعێراق. • بەهێزكردنی پێگەی حەشدی شەعبیو پاراستنی. • بەدەستهێنانی هەندێك لەوەزارەتە سیادیو هەستیارەكان لەحكومەتەكەیدا. ئەمە ئەكرێت بە داواكارییەكی هاوبەشی تەواوی هێزەكان دابنرێت لەعێراق بە جیاوازی پێكهاتەكانەوە، گەرچی دەخرێتە خواروی لیستی مەرجو داواكارییەكانیان، بەڵام لەواقیعدا پرسێكی جەوهەرییە بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەكان. مەرجو داوای سوننەكان بۆ كازمی هێزە عەرەبییە سونییەكانیش، كۆمەڵێك داواكاری تایبەت بە خۆیان هەیە كە بەپێی بایەخو ڕیزبەندی بەمشێوەیە ڕیزیان كردووە: • ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانكراوەكانیان. • گێڕانەوەی ئاوارەكان. • كردنە دەرەوەی گروپەچەكدارەكان لەو شارە سونییانەی كۆنتڕۆڵیان كردووە. • نیشتەجێكردنەوەی خەڵكە ڕەسەنەكان لەزێدی خۆیان. • چارەسەركردنی دۆسیەی ڕفێنراوانو ونكراوانو دەستگیركراوەكان. • قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی كردەوە تیرۆرستییەكانو هەڵە سەربازییەكان. • بەدەستهێنانی پشكی خۆیان لەحكومەت بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 2018. مەرجو داوای كورد بۆ كازمی • كورد وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك مەرجی كەڵكەبووی كۆنی هەیە، لەنمونەی جێبەجێكردنی مادەی 140و ئیستحقاقە نەتەوەییەكانی تر، بەڵام لەئێستادا ڕیزبەندی مەرجەكان بەپێی قۆناغەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. • پشكی كورد لە بودجەی عێراق. • پابەندبوون بەسەرجەم ئەو ڕێككەوتنانەی پێشتر لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ئیمزاكراوە. • پشكی كورد لەحكومەتی عێراق. ئەو دۆسیانەی چاوەڕێی كازمی دەكەن لەگەڵ ئەوەی هێزو لایەنە سیاسییەكانی عێراق لیستێكی دورودرێژ مەرجو داواكارییان بۆ كازمی ڕیزكردووە، لەملاشەوە لیستێكی دورودرێژ لە قەیرانو دۆسیەی ئاڵۆز لەچاوەڕوانی كازمی_دان هەڵیانبداتەوە، كە دیارترینیان: • ڕووبەڕووبونەوەی پەتای كۆرۆنا. • جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران. • قەیرانی داراییو دابەزینی نرخی نەوت. • دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت. • ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی. • هێشتنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەتو دانانی سنورێك بۆ هەژموونی گروپە چەكدارەكان. • هەژاریو بێكاری.
درەو: (پاشەكەوتی موچە، دەستكاریكردنی دەرماڵە ناجێگیرەكان، گۆڕانكاریكردن 25%ی كۆی موچەی فەرمانبەران) ئەو سێ پێشنیازەی وەزارەتی دارایی عێراقن بۆ دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران، كە لەلایەن پەرلەمانەوە رەتدەكرێتەوە. عەلا چەلوب فەهد، وتەبێژی نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندیییەكان لە ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكومەتی عێراقی راگەیاندووە: وەزارەتی دارایی بەپێی گۆڕانكارییە ئابوورییەكان و دابەزینی نرخی نەوت، سیستەمی نوێی موچەی فەرمانبەران دادەڕێژێتەوە. فەهد ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی لە هەماهەنگیدان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێشنیازەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، پێشنیازەكانیش بریتین لە؛ 🔹 گۆڕانكاریكردن لە 25%ی كۆی موچەی فەرمانبەران 🔹 پاشەكەوتی بەشێكی موچەی فەرمانبەران 🔹 كەمكردنەوەی دەرماڵە ناجێگیرەكان هەسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە كە بەهەموو جۆرێك دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران رەت دەكەنەوەو ئەو پێشنیازانە لەلایەن لیژنەی داراییەوە نەخراوەتەوە روو. پێشتر (درەو) لە هەواڵێكیدا بڵاویكردەوە (كۆردێك بیرۆكەی پاشەكەوتی موچە دەخاتە بەردەم بەرپرسانی عێراق) ئاماژەی بەوەكردبوو (د. فوئاد حسین) وەزیری دارایی عێراق چەند بیرۆكەو ئۆپشنێكی ئامادەكردووە بۆ بەردەم بەرپرسانی عێراق، ئەویش (پاشەكەوتی موچە یان بڕینی دەرماڵەی موچەخۆرانی عێراق)، لە پێناو رزگاربوون لەو دۆخە داراییەی كە بەرۆكی عێراقی كردووە.
(درەو): لەكاتێكدا چین ڕووبەڕووی هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی بێوێنە بووەتەوە، بەهۆی مامەڵەكردنی لەگەڵ قەیرانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تایبەت لەلایەن ویلایەتەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، پەكین بەهێواشی پشتیوانییەكانی فراوان دەكات لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا. ڕۆژنامەی "ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست" لەژمارەی دوێنێ یەكشەممەدا بڵاویكردەوە، چین لەئێستا ڕۆلێكی میحوەری دەگێڕێت لەوەی كە ئێستا بە" دبلۆماسیەتی دەمامكی خۆپارێزی" ناسراوە، بۆ ڕاكێشانی بەڕەكە لەژێر پێكانی واشنتۆن لەوڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا. پەكین بەم دواییە تیمی شارەزایانی ڕەوانەی هەریەك لە كەمبۆدیاو فلیپینو میانمارو پاكستان كردووە، بەمنزیكانەش ڕەوانەی مالیزیای دەكات، بۆ گواستنەوەی ئەزموونیان بۆ ئەو وڵاتانە سەبارەت بە چۆنییەتی ڕوبەڕووبونەوەی پەتای كۆرۆنا. هەروەك چین دەمامكی خۆپارێزیو ئامێری هەناسەدانی دەستكردی بەخشی یان ئاسنكاریكرد بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستیان پێیەتی لە باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا، كە لەلایەن خۆیانەوە پێشوازیان لەو هاوكارییانە كرد. ئامادەیی وێڕایی گومان چین زنجیرەیەك لە كۆبونەوەی تایبەتی لەڕێی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ هاوسێ ئاسیاییەكانی ئەنجامداوە، كە دواترینیان ڕۆژی سێ شممەی ڕابردوو بوو، تێیدا (لی چیانگ) سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت تاتوێی ئەزموونی وڵاتەكەی كرد لە قەلاچۆكردنی نەخۆشییەكەو دووبارە خستنەوەگەڕی دامەزراوە ئابورییەكانی، لەگەڵ سەركردەكانی گروپی وڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا ناسراو بە (ئاسیان)، لەگەڵ ژاپۆنو كۆریای باشوریشدا. ژمارەیەك لە سیاسییەكانی خۆرئاوا بە ئاشكرا گومانیان هەیە لەڕۆڵی پەكین لەچارەسەری قەیرانی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنادا، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو، تۆمەتباریدەكەن بە ناشەفافی، سەبارەت بە ژمارەی مردوانو ئەوتووشبوانەی ڕایگەیاندووە. بەڵام سەركردە ئاسیاییەكان، لەنێویاندا ڕۆدریگۆ دۆتیرتی سەرۆكی فلیپینو، شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن، هیچ لۆمەكی چین_یان نەكرد، كە نزیكترینن لێی لەڕووی جوگرافییەوە، هەروەك سنورەكانیان بەشێوەیەكی تەواوەتیش لەگەڵی دانەخست. ڕۆژنامە چینییەكە لەزاری بەرپرسێكی ئاسیاییەوە كە ناوەكەی نەهێناوە، بڵاویكردووتەوە، دواكەوتنی وەڵامدانەوەی حكومەتەكانی وڵاتانی خۆرئاوا لەمامەڵەكردن لەگەڵ بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا تایبەتمەندی بەچین بەخشی، سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتاوە بەشێوەیەكی شەفاف سەبارەت بە بڵاوبونەوەی پەتاكە مامەڵەی نەكرد. وتوشیەتی: خۆرئاوا كارێكی باشتر لەو چوارچێوەیەدا ناكات، جەختیشی كردووە، حكومەتەكەی ئاماژەی لە پەكینەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە بایەخی بەكارهێنانی ڕیكلامی میدیایی لەدروستكردنی ڕای گشتیو بەهێزكردنی هەستو سۆزی نیشتمانی لەساتەوەختی قەیرانەكاندان. دبلۆماسیەت لەنێوەندی قەیراندا شارەزایانی ئاسیایی جەخت دەكەن، هەڵمەتی چڕی دبلۆماسیەتی پەكین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو زیانەی بەر ناوبانگی كەوتووە بەهۆی مامەڵەی لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنا، لە ئاسیا ڕووبەڕووی بەرەنگارییەكی كەمتر بووەتەوە بە بەراورد بەو گومانەی وڵاتانی خۆرئاوا هەیانە. ڕیچارد هیداریان، ئەكادیمی نیشتەجێ لە مانێلای پایتەختی فلیپین دەڵێت: بەدرێژایی دوو مانگی ڕابردوو، چین هەوڵێكی زۆریداوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو بۆچوونەی دەڵێت، چین بەرپرسیارە لەو پەتا جیهانییە. هیدریان ڕاشیگەیاندووە:بۆچوونی ئەمریكا هیچ هاوكارییەكی ئەووڵاتەی نەكردووە لە دەربازبوون لە قەیرانەكەی، جەختیشی كردووە: سەرۆك ترەمپ زیاتر بایەخ بە گەمەی لۆمەكردن دەدات لەبری هەڵسوكەوتكردن وەك ڕابەرێكی جیهانی. لای خۆیەوە، شەهرمان لۆكمان، گەورە شرۆڤەكار لە پەیمانگای مالیزیا بۆ دیراساتی ستراتیجیو نێودەوڵەتی، دەڵێت: لەكاتێكدا ئەمریكا سەرقاڵی لەناوبردنی پەتاكە بوو، چین خاكێكی بەپیتی دۆزییەوە لە وڵاتانی باشوری ئاسیا بۆ دروستكردنی وێنەی ڕزگاركەر بۆ خۆی. لۆكمان ڕوونیشیدەكاتەوە: سەردانی وەفدەكانی پەكین لەو وڵاتانە ڕوومالێكی میدیایی گەورە كرا، هەروەك پێشكەشكردنی هاوكاری پزیشكی بەو وڵاتانە ناوبانگی پەكینی باشكرد لایان، حكومەتی چین لەوەدا بەشێوەیەكی بەرچاو سەركەتووبوو. *سكای نیوز عەرەبیە
(درەو): پرۆفیسۆرێكی ئەڵمانی كە بەرێوەبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ڤایرۆساتە رایدەگەیەنێت" زۆرێك لەو زانیارییانەی لەبارەی كۆرۆناوە بڵاوكراونەتەوە ناڕاستن و كەرەنتینەكردن لە ماڵەكاندا سودی نیەو كۆرۆنا بە دەستلێدان و تەوقەكردن ناگوازرێتەوە". "هندریك شتریك" پرۆفیسۆری ئەڵمانی و بەڕێوبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ڤایرۆساتو لاوازی بەرگری جەستەیی لەزانكۆی بۆن، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (ZDF) ئەڵمانی زۆرێك لەو زانیارییە باوانەی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لەبارەی ڤایرۆسەكەوە بڵاوكراونەتەوە، ڕەتیدەكاتەوەو دەڵێت: 🔹زۆرێك لەو زانیارییانەی ڕاگەیاندنەكان بڵاویانكردووەتەوە ناڕاستن. 🔹 كۆڤید_19 لەسەر ڕووكاری شتەكان ناژی. 🔹ڕووپێوێكمان لەسەر كێلونی دەرگای ئەو ماڵانە ئەنجامداوە كەچەندین تووشبووی تێدابووەو هیچ ڤایرۆسكمان نەدۆزیوەتەوە. 🔹 ڤایرۆسەكە بە دەست لێدانو تەوقەكردن ناگوێزرێتەوە. 🔹 پشیلە بەتەواوی سەلامەتە لەڤایرۆسی كۆرۆنا. 🔹 ڤایرۆسەكە تەنها لەڕێی هەواوە لەكەسی تووشبووەوە دەگوزرێتەوە بۆ كەسی بەرامبەر لەڕێی كۆكەو پژمین یان زۆر نزیكبوونەوە لێی. 🔹 كەرەنتینەكردنی كۆی خەڵك لەماڵەكانیان سودی نییە. 🔹 پێویستە تەنها ئەوانە كەرەنتینە بكرێن كە تووشبون دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكیو تاقیگەیی. لینكی وتەكانی پرۆفیسۆر هندریك شتریك
(درەو): مەسعود بارزانی لە رێگەی سكایپەوە بەشداری كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی كردوو، كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستە وزاریەكانی بەغداد و پشكی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕانی یەكلاكردەوە. ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەڵاحەدین كۆبوەوە، كۆبونەوەكە هاوكات بوو لەگەڵ گرژیەكانی ئەم دوایەی نێوان پارتی و یەكێتی و نزیك بونەوەی وادەی پێكهنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق. بە پێی ئەو زانیاریانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پارتیەوە دەست (درەو) كەوتوون، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی سكایپەوە لە بارزانەوە بەشداری لە كۆبونەوەكەدا كردووە، بەو هۆیەوە میدیای فەرمی پارتی هیچ وێنەیەكی كۆبونەوەكەی بڵاونەكردەوە. (درەو) زانیویەتی لە كۆبوەنەوەكەدا مەكتەبی سیاسی پارتی كاندیدی حزبەكەی بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی یەكلاكردۆتەوە، (فوئاد حسێن) وەك خۆی كاندیدكراوەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق، لەبری (بەنگین رێكانی) كە ئێستا وەزیری ئاوەدانكردنەوەیە پارتی بۆ هەمان پۆست (یان هەروەزارەتێكی تركە پێشبینی دەكرێت وەزارەتی بازرگانی بێت)، (نازەنین وسو) ئەندامی سەركردایەتی حزبەكەی كاندید كردووە. مەكتەبی سیاسی پارتی رەزامەند بووە لەسەر ئەوەی هاوشێوەی كابینەی ئێستای حكومەت لە كابینەی نوێدا پۆستی وەزارەتی داد لای یەكێتی بێت. هەر لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی پارتیدا رەزامەندی دراوە لەسەر ئەوەی ئەگەر پشكی كورد لە كابینەی نوێَی حكومەتی عێراق لە سێ وەزارەتەوە بۆ چوار وەزارەت زیاد بكرێت وەزارەتە زیادكراوەكە بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، (درەو) زانیویەتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەریەكە لە (یوسف محەمەد) سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا و (جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستە وزاریەیە، بەڵام تا ئەمساتە چانسی جەلال جەوهەر بەهێزترە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف 2018 ساڵی زێڕینی پارتییەكان بوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان بە (45) كورسییەوە بردەوەو زۆرینەی پەرلەمانیان كۆنترۆڵكرد، پارتی كە بوو بەبراوەی یەكەم، ئەوەندەی بیری لە دروستكردنی ئۆپۆزسیۆنێكی لاوازكردەوە، هێندە بیری لە دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز نەكردەوە، پارتی لە دروستكردنو دیاریكردنی نەخشەی نوێی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان سەركەوتوو بوو، بەڵام لە دروستكردنی نەخشەی حكومەتدا كورتی هێناوە، یەكێتی كە هاوبەشی حكومەتە، ئێستا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕێت. پارتیو ئەزمونێكی نوێی حكومەت دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی، پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بە پارتی ژمارە (1)ی بێ ركابەر لە هەرێمی كوردستان. پارتی لەو هەڵبژاردنەدا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان، (45) كورسی بەدەستهێناو لەگەڵ (11) كورسی كۆتاكاندا كە هەژمونی بەسەردا هەیە، توانی بەبێ لایەنەكانی تر (50+1)ی دەنگی ناو هۆڵی پەرلەمانو دوو لەسەر سێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆخۆی زامن بكات. ئەم سەركەوتنە گەورە، لەسەرەتاوە وای لە پارتی كرد بەجۆرێك لە بێ باكانە مامەڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تردا بكات، مەسرور بارزانی لە سێبەری ئەم سەركەوتنەدا پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت. پارتی كە لە كابینەی هەشتەمدا، ئەزمونی حكومەتی بنكەفراوانی تاقیكردبووەوەو تاڵاوی "گەلەكۆمەكی" لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی چەشتبوو كە ئەوكات لە (یەكێتی + گۆڕان+ كۆمەڵ+ یەكگرتوو) پێكهاتبوو، بۆ كابینەی نوێ ئەو ئەزمونەی دوبارە نەكردەوە. پارتی بۆ كابینەی نۆیەم، بژاردەی "حكومەتی ترۆیكا"ی پەسەندكرد، واتە حكومەتی سێقۆڵی لەگەڵ (یەكێتی + گۆڕان)، ئەم ئەزمونە نوێیەش بێ كێشە نەبوو، هەر لەسەرەتاوە دانوستانەكان، نزیكەی (10 مانگ) پێكهێنانی كابینەكەیان دواخست، یەكێتی كەیسی دانانی پارێزگاری كەركوكی بەستەوە بە بەشداریكردن لە حكومەت، پارتی ئامادەنەبوو كەركوك بكات بە بەشێك لە هاوكێشەی پێكهێنانی حكومەت، چەندجارێك رێككەوتن كراو دواتر هەڵوەشایەوە، كابینەی مەسرور بارزانی بەم ناكۆكییانەوە لەگەڵ یەكێتی دەستیپێكرد. شاگەشكەبوونی پارتی بەو زۆرینەیەی لە هەڵبژاردن بەدەستیهێنا، خەریك بوو دەگەیشتە ئاستی نادیدەگرتنی واقیعی باوی دابەشبوونی سیاسیو سنوری قەڵەمڕەوییەكان لە هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی بانگەشەی حكومەتی سەرتاسەری دەكرد، بەڵام هەرزوو بۆی دەركەوت ئەگەر یەكێتی لەگەڵ نەبێت، دەسەڵاتی حكومەتەكەی تاوەكو "دێگەڵە"یە. لەدایكبوونی حكومەت بە كێشەوە دوای دەستبەكاربونی كابینەكەش، ناكۆكییەكان كۆتاییان نەهات، قوباد تاڵەبانی كە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتبوو، ناڕازی بوو لەوەی دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری نەكراوە، ئەم پرسەش ماوەیەك دەستی حكومەتی گرتو دواجار بە چارەسەرێكی "نیوەناچڵ" كۆتایی بە مشتومڕەكان هات. كۆتایی ساڵی 2019 یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، كۆنگرەیەك كە ئەنجامەكانی دڵخوازی پارتی نەبوونو تائێستا پارتی بە فەرمی دانی پێدا نەناوە، لەدوای كۆنگرەی چوارەوە، گرژییەكانی نێوان یەكێتیو پارتی زیاتر بوون، ئەمە كاریگەری لەسەر حكومەتیش دروستكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان وەكو لایەنێكی پێكهێنەری حكومەت لەنێوان ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتیدا دۆشداماوەو لە چاوەڕێی پڕكردنەوەی پۆستەكانیدایەو تەمەنی كابینەكەش تادێت دەڕوات. كێشەی ئەمدواییەی "زینی وەرتێ" لەنێوان پارتیو یەكێتیدا، تاقیكردنەوەیەكی تربوو بۆ دەسەڵاتی كابینەی مەسرور بارزانیو دەریخست كابینەكە نەیتوانیوە سنوریی دووئیدارەیی كاڵبكاتەوە، لەسەر ئەم كەیسە تیمی یەكێتی لە حكومەت گلەیی لە مەسرور بارزانی هەیەو دەڵێ پێگەی حكومەت بۆ شەڕی حزبیی بەكاردەهێنێت، مەسرور بارزانیش دەڵێ من قسەی خۆم كردووەو هەر قسەیەكی ترتان هەیە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بیكەنو لەوێ وەڵامتان دەدەمەوە. لەدوای دەستبەكاربونییەوە، مەسرور بارزانی سەردانی زۆرنی سەوزی نەكردووە، یەكێتییە نوێیەكانی دوای كۆنگرەی چوارەم تۆمەتباری دەكەن بە نادادپەروەریی جوگرافی لە دابەشكردنی داهاتەكانی حكومەتدا. كابینەیەكی ناسەقامگیر ماوەی زیاتر لە (9 مانگ)ە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، بەڵام هێشتا كابینەكە بەتەواوەتی جێگیرو سەقامگیر نەبووەو (6) پۆست هەن پڕنەكراونەتەوە، كە ئەمانەن: • پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووەو (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە، پارتی ڤیتۆی لەسەر كاندیدەكەی یەكێتی هەیەو بە "ئۆكتۆبەرچی" ناوی دەبات، یەكێتی تائێستا ئامادە نییە كاندیدەكەی بگۆڕێت. • پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم پۆستە بەر یەكێتی كەوتووەو (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوەو تائێستا پڕنەكراوەتەوە. • پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، ئەم پۆستەش بەر یەكێتی كەوتووەو (ئیسماعیل مەحمود) كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنیو تائێستا پڕنەكراوەتەوە. • پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو هێشتا پڕنەكراوەتەوەو گۆڕان نیگەرانە. • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو هێشتا پڕنەكراوەتەوە، ئەم پۆستە پێویستی بە دەركردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان. • پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم پۆستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووەو تائێستا پڕنەكراوەتەوە، (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای كار بەمدواییانە بەشداری كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەكات، بەڵام تائێستا بەفەرمی وەكو وەزیر دانەنراوە. جگە لەمانە ژمارەیەكی زۆر لە پۆستەكانی (جێگر وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكارەكان- پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە) پڕنەكراونەتەوە، كە بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت دابەشكراون بەسەر پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕاندا. مەسرور بارزانی لە یەكەم ئەزموندا مەسرور بارزانی كە لەدوای كشانەوەی مەسعود بارزانی باوكییەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم هاتەپێشەوەو بۆ یەكەمجار خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقیكردەوە، لەدوای دەستبەكاربوونیەوە روبەڕووی كۆمەڵێك قەیران بووەتەوە. بارزانی كوڕ لەسەرەتای دەستبەكاربونیدا، بەهیوای كۆتایهاتنی قەیرانی داراییو زەمەنی پاشەكەوتی موچە، لەیەكەم بڕیاریدا دەوامی فەرمانبەرانی ئاسایی كردەوەو رێوشوێنەكانی دەوامی فەرمانبەرانی توندكردەوە، بەڵام دوای نۆ مانگ لە دەستبەكاربوونی، دوچاری هەمان قەیرانی كابینەی پێش خۆی (كابینەكەی نێچیرڤان بارزانی) بووەتەوە كە قەیرانی داراییو دابەزینی نرخی نەوتە هاوكات لەگەڵ قەیرانی نێودەوڵەتی كۆرۆنادا. مەسرور بارزانی لە خەونی هەڵگرتنی تەواوەتی پاشەكەوتنی موچەوە ئێستا بیر لەوە دەكاتەوە لەبری (30) رۆژجارێك، (45 بۆ 60) رۆژجارێك موچەی فەرمانبەران دابەشبكات. یەكێكی تر لە بڕیارەكانی مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی، نەهێشتنی رۆتینو بەرتیلدانو بەرتیل وەرگرتن بوو لە دامەزراوەكانی حكومەتدا، سەرباری ئەوەی كابینەكەی لەم بوارەدا هەنگاوی گەورەی هەڵنەهێناوە، لەلایەن یەكێتی هاوپەیمانییەوە لە حكومەت، تۆمەتباركراوە بە دۆسیەی گەندەڵیو وەرگرتنی بڕی (250 ملیۆن) دۆلار وەكو بەرتیل لە كۆمپانیای رۆزنەفتی روسی. بانگەشەكردن بۆ شەفافكردنی سەرچاوەی داهاتەكانی حكومەت، لەوانە داهاتی نەوت هێشتا شتێكی ئەوتۆی لێ سەوز نەبووە، تائێستا داهاتی نەوت هەموو ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەمدواییەش رەخنەكان لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروبار لە مەرزە سنورییەكان زیادیان كردووە. مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا هۆكاری بەشێك لە كێشەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ كابینەی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای. مەسرور بارزانی لەرێگەی تیمێكەوە حكومەت بەڕێوەدەبات كە لە هاوڕێو هاوكارەكانی پێشتری خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشو دەزگای پاراستن پێكهاتوون، دەوترێت ئەم گروپە هەژمونیان بەسەر كاروبارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانو وەزارەتەكاندا كردووە، ئەم گروپە سەرۆكی حكومەتیان بەتەواوەتی لە شەقامو میدیاكانی دەرەوەی خۆی دابڕیوە، هەموو ئەمانە وایكردووە مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا نەتوانێت بەرگە ئەمنییەكەی پێشتری، لەخۆی دابماڵێت. لاوازی ئۆپۆزسیۆن وەكو خاڵی هێزی حكومەت بەهێزترین خاڵی كابینەی مەسرور بارزانی لاوازی ئۆپۆزسیۆنە، ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هاوبەشی حكومەتەو یەكێكە لە هێزەكانی پێكهێنەری دەسەڵات، لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان زیاتر قسەی لەسەر حكومەت هەیە. ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستان لە چوار لایەن پێكدێت كە بریتین لە (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی)، ئەم لایەنانە سەرباری ئەوەی نەیانتوانیوە لەناو پەرلەمان گروپێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن، لە شەقامیشدا لاوازنو تائێستا جوڵەیەكی ئەوتۆیان نەكردووە. پارتی كە لە كابینەی هەشتەمدا بەدەست ناڕەزایەتی لایەنە پێكهێنەرەكانی ناو حكومەتەوە گیری خواردبوو، لەكابینەی نۆیەمدا بە دورخستنەوەی كۆمەڵو یەكگرتوو لە حكومەت هەوڵیدا ناڕەزایەتییەكانی ناو حكومەت كەمبكاتەوەو نەخشەی ئۆپۆزسیۆنێكی لاواز لە دەرەوە جێگیربكات، بەڵام جارێكی تر لەناو دڵی حكومەتەوە ناڕەزایەتی دەستیپێكردووەو ئەمجارە لەبری بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕێت. ئێستا پارتی هەموو جومگە بەهێزەكانی دەسەڵاتی لە هەرێمی كوردستان بە دەستەوەیە (سەرۆكی هەرێم- سەرۆكی حكومەتی هەرێم- زۆرینەی پەرلەمانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان- دەسەڵاتی دادوەریی- دەسەڵاتی ئەمنی- دەسەڵاتی ئابوری)، سەرباری ئەمانەش مەسرور بارزانی هێشتا نەبووە بە سەرۆكی كابینەیەكی بەهێز و یەكگرتوو كە دەسەڵاتی تا ئەوپەڕی سنورەكان بڕبكات. پارتی بەو زۆرینەیەی كە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەدەستیهێنا، سەركەوتوو بوو لە دروستكردنی ئۆپۆزسیۆنێكی لاواز كە كاریگەری لەسەر كابینەی مەسرور بارزانی نەبێت، ئۆپۆزسیۆنێك كە لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە ساڵی 2009دا كێشەی بۆ كابینەكانی پارتی دروستكردبوو، بەڵام لە نەخشەی دروستكردنی حكومەتدا كورتی هێناوە، لاوازی ئۆپۆزسیۆن، وایكردووە ئێستا یەكێتی وەكو لایەنێكی بەشداری حكومەت رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕێتو بۆشاییەكە پڕبكاتەوە.
درەو: بڕیارە سبەینێ وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی بودجەو نەوتی هەرێم سەردانی بەغداد بكات و وەزیری دارایی عێراقیش بیرۆكەی پاشەكەوتی موچە دەخاتە بەردەم بەرپرسانی عێراق. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند: سبەینێ وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات وەفدەكە پێكهاتووە لە: خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیەوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد سەرۆكی وەفد ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران د. ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەپێی راپۆرتێكی نهێنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ روبەربونەوەی قەیرانی دارایی كە خراوەتە بەردەم سەرۆك وەزیران و كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە، لە یەكێك لە پێشنیازەكاندا هاتووە" بەزوترین كات وەفدی هەرێم رابسپێردریت لەگەڵ بەغداد قسە بكرێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بۆ بابەتی نەوت و بودجەی هەرێمی كوردستان". هەربۆیە بڕیارە سبەی وەفدەكەی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد پرسی بودجەو نەوتی هەرێم تاووتوێ بكات، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری بە سبەی راگەیاند: لەگەڵ بەغدا رێككەوتوین رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكەین، بەمەرجی ناردنی سەرجەم شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە". سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداوە بە (درەو)ی راگەیاند: دۆخی دارایی عێراقیش هاوشێوەی هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و زیادبوونی خەرجیەكانەوە، روبەرووی قەیرانی دارایی دەبێت و بۆ چارەسەری پرسی موچەی موچەخۆرانیش (د. فوئاد حسین) وەزیری دارایی عێراق چەند بیرۆكەو ئۆپشنێكی ئامادەكردووە بۆ بەردەم بەرپرسانی عێراق، ئەویش (پاشەكەوتی موچە یان بڕینی دەرماڵەی موچەخۆرانی عێراق)ە، چونكە عێراق توانای پێدانی موچەی نابێت چونكە بۆ موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی عێراق (4 ترلیۆن و 400 ملیار) دینار پێویستە، بەڵام بەم دۆخەی ئێستاوە داهاتی نەوتی عێراق مانگانە دەگاتە نزیكەی ( 2 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلار، لە كاتێكدا لە مانگی شوباتی رابردوودا داهاتی نەوتی عێراق ( 5 ملیار) دۆلار بووە، واتا حكومەتی عێراق بە زیاتر لە ( ملیارێك) دۆلار كورتهێنانی موچەی دەبێت.
درەو: "هەرێمی كوردستان لە دووڕووەوە لە نێوەندی مترسی بەندكراوانی داعشدایە، لەلایەك بە هۆی بوونی بەندكراوەكانی فیدراڵی لە هەرێم كە بەندكراوەكانی داعشی تێدایە، لەلایەكی¬ترەوە ناوچە جێناكۆكەكان كە ئێستا زۆرترین چالاكی داعش لەو ناوچانەیه و بە نزیكی زیاتر لە 2000 چەكدار مەزەندە دەكرێن" ئەمە بەشێكە لەو مەترسیانەی كە وەك رانانێك لەلایەن كۆمەڵێك توێژەری سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی لە هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە. رانانەكەی ئەو سەنتەرە كە بەناوی (ململانێ ئەستەمەكان لە عێراق وهەرێمی كوردستان) ئامادەكراوەو بەشێكی تایبەتە بە (چارەنوسی بەندكراوەكانی داعش و مەترسییەكانی لە ئایندەدا) رانانەكە سێ سیناریۆی خۆستۆتە روو لە سیناریۆی سێیەمدا كە بەهێزترین سیناریۆیە بەشێكی سەرەكی مەترسییەكە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەگەری بەهێزیش ئەوەیە، ناوچە جێناكۆكەكان كە زیاتر لە (2000) چەكداری داعشی لێیە، پشكی گەورەی مەترسیەكە چاوەڕێیان دەكات. ئەو توێژەرانە مەترسی ئەو بەندكراوانە دەبینن ئەویش بەهۆی بەهێزبوونەوەی داعش لە فۆرمێكی تردا و گۆڕانی هاوكێشەی سیاسی لە ناوچەكەدا، هۆكارێكی تر ئەوەیە، خەڵكانی زۆر مەترسیداریان تیایە، كە دور نییە لە ئایندەدا وەكو كارتی سیاسی بەكاربهێنرێن. بە پێی بەداداچوونەكانی توێژەرانی ئەم ڕانانە ژمارەی بەندكراوانی داعش بەمشێوەیە: یەكەم: لە عێراق؛ ژمارەی بەندكراوەكان نزیكەی 19000كەسە بەسەر 1٥ گرتوخانەی فیدراڵیدا دابەشكراون، كه 3000 لەم ژمارەیە لە ڕێگەی دادگاییكردنەوەوە فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو و لە سێدارە دراون. دووەم: سوریا؛ كە زیاتر مەبەست لەو بەندكراوانەیە لە گرتووخانەكانی رۆژئاوادان و كە لەلایەن كانتۆنەكانی ڕۆژئاواوە دەسگیركراون و لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان، ژمارەی گیراوەكان نزیكەی 12000كەس دەبێت و بەسەر هەشت گرتوخانەی سەرەكیدا دابەشكراون، ئەمە جگە لەو بەندكراوانەی كە لە گرتوخانەكانی رژێمی سوریادان و ژمارەكانیان ڕانەگەیەنراوە. سێیەم: توركیا؛ بە پێی راگەیەنراوە فەرمییەكانی توركیا ژمارەی ئەوبەندكراوانەی كە لە گرتوخانەكانی توركیان، 700 كەسە. چوارەم : ئوردن؛ نزیكەی 300كەسی داعشیان بەندكردوە دەقی راپۆرتەكەی سەنتەری ئاییندەیی بەشی دووەم: تەوەری سێیەم: چارەنوسی بەندكراوەكانی داعش و مەترسییەكانی لە ئایندەدا لەدوای ئەوەی شەڕی پێچەوانە لەگەڵ داعش لە عێراق و سوریا دژ بە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا ( داعش) لە كۆتایی 2015 دەستی پێكردەوە، ژمارەی ئەوانەی كە چەكداربوون و لەشەڕەكاندا دەسگیردەكران و ئەوانەش كە لە ڕێگەی ئاشكرابوونی پەیوەندییەكانیان بە داعش و دانپیانانی بەوەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە زیاتر بوو، تا ئەوەی لەساڵی 2019دا دوا پێگەی داعش لە باغۆزی سوریا لە دەستی داعش وەرگیرایەوە، زۆرترین ژمارەی چەكدارییان لە رەققەو باغۆزی سوریا دەسگیركران، لە عێراقیش لە دوا شەڕیان لە ناوچەی حەوزەی حەوێجەی پارێزگای كەركوك دەیانیان لێ دەسگیرگرا. بەمەش كۆتایی بە دەوڵەتی خەلافەتی داعش لە ڕوی واقیعی جەنگ و پانتایی دەسەڵاتی داعش لە عێراق و سوریا هات. - ژمارەی بەندكراوان و نەخشەی دابەشبوونیان هەرچەندە ئەو ژمارانەی لەبارەی بەندكراوەكانی داعشەوە دەوترێن هیچیان ژمارەی سەلمێنراو و ورد نین، چونكە لەبەر هەستیاری بابەتەكه سەلماندنییان ئاسان نییە، هەروەها نەبوونی زانیاری تەواو لەسەریان لەلایەن دەوڵەتەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری مافی مرۆڤ. لەلایەكی-ترەوە بەنكراوەكان لە زیاتر لە دەوڵەتێكەوە هاتوون و زیاتر لە ڕەگەزنامەیەكیان هەیە، هۆكارێكی¬تر ئەوەیە، خەڵكانی زۆر مەترسیداریان تیایە، كە دور نییە لە ئایندەدا وەكو كارتی سیاسی بەكاربهێنرێن، بەڵام بە نزیكەیی و بە پێی بەداداچوونەكانی توێژەرانی ئەم ڕانانە بەمشێوەیە: یەكەم: لە عێراق؛ ژمارەی بەندكراوەكان نزیكەی 19000كەسە بەسەر 1٥ گرتوخانەی فیدراڵیدا دابەشكراون، كه 3000 لەم ژمارەیە لە ڕێگەی دادگاییكردنەوەوە فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو و لە سێدارە دراون. دووەم: سوریا؛ كە زیاتر مەبەست لەو بەندكراوانەیە لە گرتووخانەكانی رۆژئاوادان و كە لەلایەن كانتۆنەكانی ڕۆژئاواوە دەسگیركراون و لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان، ژمارەی گیراوەكان نزیكەی 12000كەس دەبێت و بەسەر هەشت گرتوخانەی سەرەكیدا دابەشكراون، ئەمە جگە لەو بەندكراوانەی كە لە گرتوخانەكانی رژێمی سوریادان و ژمارەكانیان ڕانەگەیەنراوە. سێیەم: توركیا؛ بە پێی راگەیەنراوە فەرمییەكانی توركیا ژمارەی ئەوبەندكراوانەی كە لە گرتوخانەكانی توركیان، 700 كەسە. چوارەم : ئوردن؛ نزیكەی 300كەسی داعشیان بەندكردوە. كۆی ئەم بەندكراوانە ژمارەیەكی ترسناكن و ئاماژەی هەڕەشەیەكیش لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەردەخەن، بۆیە لە ڕووی ئاسایشەوە وەكو بۆمبێكی تەوقیتكراو باس دەكرێن، بە گشتی ئەم دەسگیركراوانە هەڵگری رەگەزنامەی 54 دەوڵەتی جیاوازن، ئەمە جگە لەو خێوەتگایانەی كە خێزان و مناڵی ئەم بەندكراوانەی لە خۆگرتووە و ژمارەیان لە 100000 كەس زیاترە. ژمارەیەكی زۆر لەمانە مناڵن و لە ئێستادا وەكو پێویست بەرنامەی چاكسازی كۆمەڵایەتیان بۆ فەراهەم نەكراوە. - بەندكراوانی داعش؛ لەنێوان یاسا وململانێی سیاسییەكاندا بەوپێیەی ژمارە زۆرەكەی بەندكراوان لە رۆژئاوایه و بەشێك لەم بەندكراوانە (كە ژمارەیان 3000كەس دەبێت) خاوەنی رەگەزنامەی ئەوروپین، دوای ئەوەی ترەمپ لە راگەیەنراوێكدا داوای ئەوەی كرد، پێویستە ئەم بەندكراوانە بۆ وڵاتەكانیان بگەڕێنرێنەوە، نیگەرانییەكی گەورە لای ئەوروپیەكان بەتایبەت لای فەڕەنسا دروستكرد، چونكە ئەم وڵاتانە لەبەر چەندین هۆكاری سیاسی و یاسایی ئامادەنین نە بەندكراوەكان و نەمنداڵ و ژنەكانیان وەربگرنەوە، چونكە پێیان وایە ئەم بابەته بەر ئەوەی بابەتێكی مرۆیی بێت، بابەتێكی سەربازی و ئاسایشییە، ترسی گەورەیان ئەوەیە ئەم دۆسێیە وەكو فشارێكی سیاسی دژ بە ئەوروپا و بەرژەوەندییەكانیان بەكاربهێنرێت، بەتایبەت لەلایەن ولاتێكی وەك توركیاوه. هێزەكانی سوریای دیموكراتیش كەوتونەتە بەردەم بارگرانییەكی گەورەی مرۆیی، چونكە دابینكردنی ئاسایشی بەندینخانەكان پێویستی بە زیاتر لە 8000 پاسەوانە، ئەمە جگە لە تێچووی دارایی، تەندروستی و خزمەتگوزاریی بەندینخانە و كەمپەكان، هەروەها لایەنێكی¬تری دۆسێكە یاسایی و پرسی دادگاییكردنیانە، چونكە ئیدارەی كانتۆنەكان سزای لە سێدارەدانیان هەڵوەشاندۆتەوە. ئەو دەوڵەتانەی كە تا ئێستا ژمارەیەك ژن و مناڵی جێماوی داعشەكانیان وەرگرتۆتەوە، تەنها چوار وڵاتن(ئوستراڵیا، روسیا، سودان و عێراق). مەترسی و سیناریۆكانی ئاینده و پێگەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكەدا بابەتێكی هەستیار و هەڵواسراو، كە هەمو رۆژێك مەترسیدارتر دەبێت، چونكە رێژەی لە %60 ی ئەو كەسانەی لە كامپەكانن مناڵن یەكێك لە گریمانەی پاش گەورەبوونیان، ئەوەیە سوپایەكی گەورەیان لێ دروست ببێت بەپێیەی ئەم نەوانەی داعش بە هزری توندوتیژی بارگاوین، لەلایەكی تر دۆخی سیاسی رۆژئاوا رۆژانە لەبەر ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمیەكان نا جێگرە و ئەركە دارایی و خزمەتگوزارییەكانیش هێندە زۆرن، سەختە ئیدارەی ڕۆژئاوا، بۆ دوورمەودا بەرگەی بگرێت. جیا لەوەش تا ئێستا سێ مەترسیی كردەییان دروستكردووە بە هۆیەوە زیاتر لە 750كەس لە ژن و مناڵەكانیان هەڵهاتون، زیاتر لە 180 لە چەكدارەكانیش لە كاتی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا لە زیندان هەڵهاتن. مەترسی دووەم لە كاتی كشانەوەی ئەمریكادا لە رۆژئاوادا هاتەئاراوە. مەترسی سێیەم ئەو مەترسییه كە بەهۆی پەتای كۆرۆناوەیە، كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەگەر كارەكانی هەڵپەسێرێت، یاخود هەڵبوەشێتەوە. مەترسی چوارەم ئەوەیە پەتای كۆرۆنا لەنێو زیندانەكان بڵاوبێتەوە. هەرێمی كوردستان لە دووڕووەوە لە نێوەندی ئەم مەترسیەدایە، لەلایەك بە هۆی بوونی بەنكراوەكانی فیدراڵی لە هەرێم كە بەندكراوەكانی داعشی تێدایە، لەلایەكی¬ترەوە ناوچە جێناكۆكەكان كە ئێستا زۆرترین چالاكی داعش لەو ناوچانەیه و بە نزیكی زیاتر لە 2000 چەكدار مەزەندە دەكرێن. - سیناریۆكان یەكەم: دروستكردنی دادگایەكی نێودەوڵەتی تایبەت بە بەندكراوەكان و ناردنەوەیان بۆ وڵاتەكانیان، نەك دادگایكردنیان بە تایبەتمەندی شوێنی(أختصاص المكانی)، كە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بەم سیناریۆیە ناڕازین. دووەم: هێشتنەوەی ئەم بابەتە بەم شێوەیەی ئێستا و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دارایی و تەندروستی، كردنەوی دەرگای ئاراستەكردنی ریفۆرمی كۆمەڵایەتی هاوچەرخ بۆ مناڵەكانیان و گێڕانەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگە. سێیەم: بەهێزبوونەوەی داعش لە فۆرمێكی¬تردا و گۆڕانی هاوكێشەی سیاسی ناوچەكە، لەم ئەگەرەدا بە هۆی بوونی ئەزمونی پێشترەوە لەكاتی گرتنی موصڵ لە 2014دا، یەكەمجار پەلاماری زیندانی بادوش-یان دا، پاشان بەرەو موصڵ هێرشیان كرد و داگیریان كرد. چونكە لە ڕابردوو و ئێستادا، زیندانەكان باشترین قوتابخانەی فێركاری و پەروەردەی داعش بوون، ئەزمونی ئەبوبەكر بەغدادی لە زیندانەوە نمونەیەكی زیندووە. دەرئەنجام دەتوانین بلێین ئەم مەترسیە لە ئێستادا لەسەر ئاسایشی جیهان بە گشتی و ناوچەكە بەتایبەتی عێراق و سوریا هەستیار و ترسناكە، بە تێگەیشتن لەوەش هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی زۆرترین بنكە سەربازییەكانیان لە ناوچەكەدا ناكۆكەكان كشاندۆتەوە، مەترسییەكە ترسناكتر دەردەكەوێت، وەك بینرا لەرۆژئاوای عێراق، بە تایبەتی ناوچەی قائیم (كە چاودێری هەردوو ناوچەی رۆژئاوای عێراق و ناوچەی ئەلبوكەمالی سوریای لێوە دەكرا لە لایەن هاوپەیەیمانانەوە چۆڵكراوه)، هەروەها هەردوو بنكەی كەی وەن لە كەركوك و گەیارە لە موصڵ چۆڵكرا، بۆیە سیناریۆی سێیەم بەهێزترین سیناریۆیە و لەئەگەری ڕودانی ئەم سیناریۆیەش بەشێكی سەرەكی مەترسییەكە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەگەری بەهێزیش ئەوەیە، ناوچە جێناكۆكەكان كە زیاتر لە (2000) چەكداری داعشی لێبێت، پشكی گەورەی مەترسیەكە چاوەڕێیان دەكات.
راپۆرتی: درەو دواین لێكگەیشتنی هێزە سیاسییەكانی عێراق سەبارەت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كۆتایهاتووە. پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو لەسەر هەمان بنەمای ئەو میكانیزمە دابەشكراوە كە لەدوای ساڵی 2003وە لەعێراق پیادە دەكرێت. هێزو لایەنە سیاسییەكان لەو حكومەتە كاتییەشدا پێداگریان لەسەر پاراستنی ئیستحقاقی هەڵبژاردن كردووە، كە هەندێك بە بەدیلی دەستەواژەی پشكێنەی ناودەبات. شیعەكان بۆ هەڵلوشینی توڕەیی شەقام وا خۆیان پیشاندەدەن كە دەستبەرداری پێشكێنەی حزبی بوونو، دەڵێن: كوردو سوننە وازی لێناهێنن. پشكی پێكهاتەكان لە كێكەكە زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، حكومەتی داهاتوو لە 22 وەزارەت پێكدێت كە بەمشێوەیە دابەشدەكرێت: 🔹 11 وەزارەت بۆ پێكهاتەی شیعە. 🔹 6 وەزارەت بۆ پێكهاتەی سوننە. 🔹 3 وەزارەت بۆ كورد. 🔹 2 وەزارەتیش بۆ كەمینەكان. لەم دابەشكاریییەشدا، شیعەكان وەزارەتەكانی ناوخۆو دەرەوەو نەوتیان لەدەستدا دەمێنێتەوە، سوننەكانیش وەزارەتی بەگریو، لەبری وەزارەتی پەروەردە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەردەگرن، وەزارەتی دارایش لای كورد دەمێنێتەوە، بۆ یەكەمجاریش لەدوای 2003وە دەنگۆی ئەوە هەیە كورد لەم كابینەیەدا وەزارەتی كارەبا وەربگرێت. ئەم دابەشكارییە وزارییەش جارێكی تر لەناو هەریەكێك لەم پێكهاتانەدا ورد دەكرێتەوەو، بەپێی سەنگو قورساییو كورسی هەریەك لەهێزەكانو بایەخو گرنگی وەزارەتەكان دابەشدەكرێنەوە. پشكی حیزیەكان لەكێكەكە 🔸دابەشكاریی وەزارەتەكان لەناو پێكهاتەی شیعەدا: 🔹 هاوپەیمانی "سائیرون" كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەرۆكایەتی دەكرێتو خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانە، 3 وەزارەتی بەردەكەوێت. 🔹 هاوپەیمانی "فەتح" كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێتو دووەم هێزی شیعەكانە لەڕووی ژمارەی كورسی پەرلەمانەوە، 3 وەزارەتی بەردەكەوێت. 🔹 هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی 2 وەزارەتی بەردەكەوێت. 🔹دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی 1 وەزارەت. 🔹 ڕەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم 1 وەزارەت. 🔹 حزبی فەزیلە بەسەرۆكایەتی محەمەد یەعقوبی 1 وەزارەت. 🔸دابەشكاری وەزارەتەكان لەناو پێكهاتەی سوننەدا: 🔹 هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان كە لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، 4 وەزارەت. 🔹 ئیئتیلافی وەتەنییە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، 1 وەزارەت. 🔹 پرۆژەی عەرەبی بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، 1 وەزارەت. 🔸دابەشكاری وەزارەتەكان لەناو كورد: 🔹 پارتی دیموكراتی كوردستان 2 وەزارەت. 🔹 یەكێتی نیشتمانی كوردستان 1 وەزارەت. 🔸دابەشكاری وەزاری لەناو كەمینەكان. 🔹 كریستیانەكان 1 وەزارەت. 🔹توركمان 1 وەزارەت. ئەم لێكگەیشتنە سیاسییە كە هەندێك سەرچاوە بەسەرەتاییو هەندێكی تریش دەڵێن ڕێككەوتنی مەبەدەئیو كۆتاییە، لەلایەن سەركردە دیارەكانی شیعەو سوننەو كوردەوە ڕەزامەندی لەسەردراوەو بڕیارە لەئێوارەی ئەمڕۆ هەینییەوە ناوی كاندیدی وەزارەتەكان تاوتوێبكرێت. كاریگەری جارانیان نەماوە لەگەڵ ئەوەی دابەشكاری حكومەتی نوێ بەهەمان میكانزمی ڕابردووەوە، بەڵام هەندێك لەشارەزایانی كاروباری عێراق پێیانوایە، دانوستانەكانی ئەمجارەی پێكهێنانی حكومەت لەچوارچێوەی تەقلیدییەكەی ڕابردووی دەرچووە، بەوپێیەی پێشتر هێزە شیعییەكان تەواوی وردەكاری پشكو كاندیدەكانیان لەسەر ئاستی ناوخۆ یەكلادەكردەوە، پێشئەوەی لەگەڵ هێزە سوننیو كوردییەكان دەست بەگفتوگۆ بكەن. بەڵام لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیو سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانەوە، كوردو سوننە ڕۆڵیان بەهێزتربووە، بەجۆرێك ئەوانە بڕیاریان لەچارەنوسی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران داوە، ئەوەشی وایكردووە هێزە شیعییەكان ئەو واقیعە تازەیە قبوڵبكەن فشاری شەقام بووە لەسەریان، كەپێگەی لاوازكردوونو ناچاری كردوون پەلەبكەن لەدانوستانەكان، تەنانەت ئەگەر ئەنجامەكەشی بەتەواوی لەبەرژوەندی خۆیان نەبوببێت. هێزولایەنە شیعییەكان لەگەڵ ئەوەی ڕاسپارنی مستەفا كازمی بەجۆرێك لە جێبەجێكردنی داواكاری شەقام دەزانن بەو پێیەی ناوبراو سەر بەهیچاكم لەو هێزە سیاسییانە نییەو بەشێكیش نییە لەدەستەبژێری سیاسی تاقیكراوەی عێراق، دەیانەوێت لەڕێی گەیاندنی پەیامی سەرپشككردنی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراویشەوە، جۆرێك لەسەربەخۆیی حكومەت پیشاندنی شەقام بدەنو لەتوڕەیی شەقامی عێراقی كەمبكەنەوە. چاو بەستە پێناچێت ئەوە وێنە ڕاستەقینەكە بێت، بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لەتویتێكدا دەڵێت، هێز شیعییەكانیان هەر بەناو كازمی_یان سەرپشككردووە، ئەگینا هەر دوای تەوابوونی ئەو كۆبونەوەیەی كە تێیدا كازمی_یان سەرپشككرد لەدیاریكردنی وەزیرەكانی كابینەكەی، سەركردەكانی شیعە نوێنەریان ناردووە بۆ لای كەسی ڕاسپێردراوو داوای وەزارەتی دیاریكراویان كردووەو كاندیدەكەشیان بۆ دیاركردووە. محمەد ڕەزا پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: قسەی هێزە شیعییەكان لەبارەی سەرپشككردنی كازمی ڕەنگدانەوەی دانوستانەكانی پشت پەردەنییە، كە پڕیەتی لە فشار لەسەر ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت. بەوتەی ئەو: بەڵام دەنگوباسی پەیوەست بەو دانوستانە نهێنیانە ناگەنە ڕایگشتی، لەترسی توڕەكردنی شەقامی شیعە دژی ئەو هێزە سیاسییانەی كە نوێنەرایەتیان دەكات دوای ئەو شكستە گەورەیەی دووچاری بوون لەئیدارەدانی دەوڵەتدا. داوای بەشی خۆیان ئەكەن كوردو سوننە زۆر باكیان بە توڕەبوونی شەقام نییە، ئەوان پێیانوایە كە شەقامی شیعی لە هێزەكانی خۆیان توڕەنو ئەوان بەشێك نین لەو هاوكێشەیە، بۆیە بە ئاشكرا باس لە بەدەستهێنانی ئیستحقاقی ئەو خەڵكە دەكەن كە دەنگی پێداونو، پێویستی تەرجومەكردنی ئەو دەنگانە بۆ پۆست لەحكومەتدا، ئەمەش شیعەكانی نیگەران كردووە. حەمید مەعلە سەركردە لەڕەوتی حیكمە لەوبارەیەوە دەڵێت: سوننەو كورد نایانەوێت پابەندبن بە سەربەخۆیی بەرپرسانو حەزیشی پێناكەن، وەك ئاماژەیەك بۆ خواستو پێداگری ئەو دوولایەنە لەدیاریكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەزارەتەكان. ڕوونیشكردووەتەوە: سوننەو كورد ئیستحقاقی هەڵبژاردنیان دەوێت، لەڕێی بەوەزیركردنی ئەوانەی نوێنەرایەتیان دەكات. ئەو سەركردەیەی حیكمە ئاماژە بەوەشدەكات: شەریكەكانی نیشتمان (كوردو سوننە) دەیانەوێت ئیستحقاقەكانیان لەدەستێكی سیاسیدا بێت كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ نوێنەراتیان بكات، نەك سەربەخۆبێت، وەك ئەوەی شیعە دەیەوێت.
درەو: " لە ئایندەدا و لە سایەی نەبوونی چاكسازی و دابەشنەكردن و شۆڕنەكردنەوەی دەسەڵاتەكان و قوڵبوونەوەی زیاتری گرفتەكان، بەشێوەیەك كە ڕەنگە لەهەندێك شێوازیدا بەتایبەت لە ئاستی دیاردەی "دووئیدارەیی" و دەسەڵاتەكانی پارێزگاكاندا سیستمی حوكمڕانیی هەرێم بەرەو ناجێگیری ئیداریی و سیاسی تەنانەت لێكترازانی سیاسی و كارگێڕی هەنگاو بنێت"، ئەمە یەكێكە لەو سیناریۆیانەی كە وەك رانانێك لەلایەن كۆمەڵێك توێژەری سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی لە هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە. رانانەكەی ئەو سەنتەرە كە بەناوی (ململانێ ئەستەمەكان لە عێراق وهەرێمی كوردستان ) ئامادەكراوەو بەشێكی تایبەتە بە (سیستەمی ناناوەندێتی؛ گرفتەكان و ئاسۆكانی بەڕیوەبردن لە هەرێمی كوردستان ) ئاماژەیان بەوە كردووە" هێشتا هەولێر وەك پایتەخت لە زەینی بەشێك لە هاوڵاتیان و پارتەكاندا وەك ڕكابەری سلێمانی سەیر دەكرێت و بەپایتەختێكی نەتەوەیی-نیشتمانی (كە كراوە بێت بۆ سەرجەم لایەنەكان) سەیرناكرێت، یەكە ناناوەندییەكانی وەك پارێزگاكان دەسەڵاتەكی ئەوتۆیان لە پایتەختدا نیە" راپۆرتەكەی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی لەلایەن ( د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول، د.یوسف گۆران، د.هەردی مهدی میكە، م یاسین تەها)وە ئامادەكراوە. دەقی رانانەكە بەشی یەكەم: سیستەمی ناناوەندێتی؛ گرفتهكانی و ئاسۆكانی بهرێوهبردن لە هەرێمی کوردستان: بیرۆکەی ناناوەندێتی (اللامرکزیە-Decentralization) لە سادەترین واتایدا بریتییە لە (گواستنەوەی پرۆسەی بڕیاردان و جێبەجێکردن لە دەسەڵاتی ناوەندییەوە بۆ یەکە کارگێریی و سیاسی و جوگرافییەکانی خوارەوەی وڵات)، ئەمەش دەشێت بە دەستور ڕێکبخرێت، بەتایبەت ئەگەر لە شێوازی ناناوەندێتیی سیاسی بوو کە ناسراوە بە "فیدراڵی"، لەم کاتەشدا یەکەکان دەسەڵاتی بڕیاردانیان لەسەر ئاستی "یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری' دەبێت. هەروەک دەشێت بە یاسای ئاسایی ڕێکبخرێت ئەمەش زیاتر بۆ شێوازی ناناوەندێتی کارگێڕی کە بە کارگێریی خۆجێیەتی (الإدارە المحلیە) ناسراوە بەرکاردەبێت، لەم کاتەشدا زۆربەی کات یەکەکان دەسەڵاتی بڕیاردانیان تەنها لەسەر ئاستی جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتیەکاندا دەبێت، بۆیە بەپێی بنەما یاسایی و دەستورییە باوەکان ئەم بیرۆکەیە لەسەر چەند پایەیەکی سەرەکی ڕاگیراوە: ١- دابەشکردنی وڵات بۆ چەند یەکەیەکی جوگرافی(ههرێم، ناوچهی ئۆتۆنۆم و پارێزگا...) کە هەریەکەیەک کەسایەتییەکی یاسایی خۆی هەبێت. ٢- هەریەکەیەک بەپێی دەستور یان یاسای ئاسایی دەسەڵاتی بڕیاردانی سەربەخۆی لەسەر خۆبەڕێوەبردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی پێ دەدرێت. ٣- دانیشتوانی هەر یەکەیەک لەڕێی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆوە بڕیاردەر و کاربەدەستانی خۆیان دابنێن. ٤- بوونی سەربەخۆیی دارایی کە لە سایەیەدا هەر یەکەیەک توانای هەبێت بە سەرچاوەکانی داهاتی خۆی هەموو یان زۆربەی خەرجییەکانی خۆی دابین بکات. دامهزراندنی سیستمی ناناوهندێتی له وڵاتێكهوه بۆ وڵاتێكی¬تر به پێی ئهزمونی مێژوویی و كولتوری سیاسی و كارگێڕی جیاوازی تێدایه، هیچ كاتێك مۆدێلێك نیه كه دهقاودهق بتوانێت له وڵاتێكی¬تر وهك خۆی جێبهجێ بكرێت، تایبهتمهندی وڵات شوێنپهنجهی سهرهكی له دروستبوونی سیستمهكه دهبینێت. ئهم راستینەیه بۆ كوردستانیش دروسته. كوردستان و ههرێمهكهی زادهی ئهزمونی مێژوویی، كولتووری سیاسی، ئابوری و كۆمهڵایهتیی كۆمهڵگەی كوردستانه و ههر بۆیه دانانی سیستمێكی بهڕێوهبردنی باش و چالاك، به ناناوهندێتییهوه، پێویستی به تێگهیشتنی شێواز و بهربهسته مێژویی و كولتوورییهكانه كه زۆرجار به هۆكاری جیاوازەوە پشتگوێ دهخرێت. - كولتووری بهڕێوهبردن و ناناوهندێتی له كۆمهڵگای كوردستاندا ههرچهنده له روی مێژوییهوه كوردستان چانسی سهربهخۆیی سیاسی-ئیداری نهبووه، بهڵام بۆ ههزاران ساڵ و تا ڕوخانی دوامیرنشین (بابان) لهلایهن عوسمانییهكانهوه له ساڵی ١٨٥١، كۆمهڵگەكه به شێوهیهكی ناناوهندێتی بهڕێوه دهچوو. واقعی جوگرافی، كۆمهڵایهتی و ئابوری بهردهوام پاڵپشتی كولتووری نیمچه سهربهخۆیی و ناناوهندێتی بووه. له كاتێكدا دهوڵهتی مۆدێرن له ئهوروپا چینی ناوهڕاستی سیاسی و رۆشنبیری ئابووریی رۆڵی سهرهكی تێدا بینیوه، له كوردستاندا واقعی سیاسی، ئابووری و كۆمهڵایهتی میرنشینهكان توانای دروستكردنی گوتاری نهتهوهیی سهرتاسهریی لهسهرجهم ئاستهكان، بهكارگێڕیشهوه، نهبووه، سهرهنجام تا ناوهڕستی سهدهی نۆزدهههم زۆربهی ههرێمی كوردستان له روی كارگێڕییهوه به شێوهیهكی ناناوهندێتی بهرێوه دهبرا، ئهم كولتوورەش بۆ واقعی كۆمهڵگەی كوردستان گونجاوتر بوو. لهماوهی نێوان روخانی دوا میرنشینی نیمچهسهربهخۆی كوردستان ١٨٥١ و دروستبونی حكومهتی ههرێمی كوردستان ١٩٩٢ دوو ئهزمونی خۆبهڕێوهبردن (١٩١٩ له سلێمانی، ١٩٤٦ له مهاباد) دروست بوو، ههردوو ئهزمونهكه ناوچهیی(لۆكهڵی) بوون، جگه له هۆكاری¬تر، هۆكاری ناوخۆیی بههێزیش بۆ پهلنههاوشتنیان بۆ دهرهوهی ناوچهكانیان ههبوو. دامهزراندنی حكومهتی ههرێم (ساڵی ١٩٩٢) به قۆناغێكی گرنگی یهكگرتنهوهی گوتاری سیاسی بینرا، بهڵام راستیهك ههیه كه ههردوو پارته سهرهكییهكهی ههرێم له ئانی شۆڕشی دژ به بهعسیشهوه ناوچهكانیان دابهش كردبوو، ئهم دابهشبوونهش رهگێكی قوڵی كولتووری و جوگرافی ههبووه و تهنها ڕهنگدانهوهی ئیرادهی پارتهكان نهبووه، بهڵكو دهكرێت وهك دوو ڕهوتی مێژوویی جیاوازی ههمهلایهن دهستنیشان بكرێت. پاش ههڵبژاردنی ١٩٩٢ ههردوو پارتی سیاسیی باڵادهست (یهكێتی و پارتی) بێ ڕهچاوكردنی واقعی جوگرافی و كولتووری ههرێم ههوڵی دروستكردنی حكومهتێكی یهكگرتووی تهوافقی لهسهر بنهمای ناوهندێتی دا، سهرباری سهركهوتنه بهراییهكان، بههۆی لاوازی كولتووری هاوبهشی حوكمڕانی و دهستێوهردانی دهرهكی و بههێزی مهیلی خۆجێیی بهرێوهبردن ئهم ئهزمونه سهكهوتوو نهبوو تهنها دوو ساڵ بڕی كرد، سهرهنجام شهڕی ناوخۆ و جیاكردنهوهی جوگرافی و ئیدارهی جیاواز تا ٢٠٠٥ی لێكهوتهوه. پاش یهكخستنهوهی ئیدارهی ههرێم، له یهك حكومهتدا(٢٠٠٥) نهتوانرا شێوهی بهرێوهبردنی ههرێم به تهواوی یهكبخرێتهوه، وهزارهتی دارایی و پێشمهرگه بۆ ماوهیهك به جیاوازی مانهوه، ههوهها ئیدارهی كۆن (زهرد و سهوز) به دیفاكتۆ له زۆربهی بوارهكاندا مایهوه، مهیلی دهسهڵاتی لۆكاڵی له رێی ناناوهندێتی بهسهر دهسهڵاتی یهكگرتووی ناوهندێتی له ههولێری پایتهخت، بهتایبهت له زۆنی سهوز، بههێزتر بوو، بهم هۆیهوه چهندین یاسا و پڕۆژه یاسا بۆ ناناوهندێتی و دوركهوتنهوه له ههژمون و دهسهڵاتی ناوهند(ههولێر) گهڵاڵه كرا، ههروهها له ڕوی سیاسییهوه بوو به دروشم و داینهمۆی چهندین پارتی سیاسی. سهرهنجام پاش ١٥ ساڵ له یهكگرتنهوهی ئیداری نه حكومهتی ههولێر(پایتەخت) توانی ببێته خاوهن دهسهڵاتی تهواو له سهرتاسهری ههرێم، نه پارێزگا و ئیداره سهربهخۆكانیش توانیان دهسهڵاتی ناناوهندێتی له ناوچهكانیان به تهواوی بچەسپێنن. - شێوازەکانی جێبەجێکردنی ناناوەندێتی هەرێمی کوردستان: بە گشتی له ئێستادا هەرێمی کوردستان بە سێ شێواز ئەزموونی لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمی ناناوەندی هەیە: ١- ناناوەندێتی کارگێڕی: کە شێوازێکی فەرمییە و بەپێی یاسای تایبەتمەند هەرێم دابەشکراوە بۆ چەند یەکەیەکی جوگرافی بچوکتر وەک (پارێزگا، قەزا، ناحیە...). ٢- ناناوندێتى ناوچەیى: کە شێوازێکى نا فەرمییە و بە حوکمى جیاوازى كولتوور و مێژوی سیاسی تاڕادەیەک وهك ئەمرى واقیع دروستبوە و لە ئەنجامى شەڕى ناوخۆشدا (١٩٩٤-١٩٩٨) بە "دوو ئیدارەیى" ناسراوە، کە لەسایەیدا هەرێم وەک دوو قەڵەمڕەوى حوکمڕانى جیاواز بەناوى "زۆنى زەرد" و "زۆنى سەوز" دەردەکەوێت. ٣- ناناوەندێتی خوار ناوچەیی: کە شێوازێکە لەنێوان فەرمی و نافەرمییدا، لە سنوری زۆنی سەوزدا وەک دوو یەکەی بچوکتر لە پارێزگای سلێمانی بە (ئیدارەی گەرمیان) و (ئیدارەی ڕاپەڕین) ناسراون، سهرباری دهركردنی بڕیار بۆ قهزای سۆران و داواكردنی بۆ قهزای زاخۆ له زۆنی زهرد جێبهجێ نهكراوه. - گرفتەکانی سیستمی ناناوەندێتی لە هەرێمی کوردستان: هەرچەندە، وەک دەبینرێت شێوازەکانی جێبەجێکردنی ناناوەندێتی لە هەرێمی کوردستاندا فرەئاستە، بەڵام یەخەگیری گرفتی گەورەن، ڕەنگە گەورەترین گرفتیش بریتی بێت لە نەبوونی سەربەخۆیی دارایی، کە تیایدا وەک چۆن هەرێمی کوردستان بێ پشتیوانی دارایی حکومەتی ناوەندی لە بەغداد ناتوانێت زۆربەی خەرجییەکانی دابین بکات، هەرواش یەکە جوگرافییە کارگێڕییەکانی هەرێمیش بەبێ پشتیوانی دارایی دەسەڵاتی ناوەندی لە هەولێر ناتوانن زۆربەی پێداویستییەکانی خۆیان دابینبکەن. گرفتێکی¬تر پشتگوێخستنی ئامراز و پرۆسەی هەڵبژاردنە لە دانانی ئەنجومەن وکاربەدەستانی یەکە ناناوەندییەکاندا، کە جگە لە (پارێزگاکان)، لە ئاستی هیچ یەکەیەکی خوارووتردا (قەزا، ناحیە...) هیچ کاربەدەستیک بە هەڵبژاردنی ڕاستەخۆی هاوڵاتیان دانەنراوە. كێشهیهكی¬تر پهیوهسته به نوێنهرایهتی پارێزگاكان له پایتهختدا یان ئهوهی له یاسای دهستوریدا به دۆخی دهستوری و سیاسیی پایتهخت ناودهبرێت، هێشتا هەولێر وەک پایتهخت لە زەینی بهشێك له هاوڵاتیان و پارتهكاندا وهك ڕكابهری سلێمانی سهیر دهكرێت و بهپایتهختێکی نهتهوهیی-نیشتمانی (كه كراوه بێت بۆ سهرجهم لایهنهكان) سهیرناكرێت، یهكه ناناوهندییهكانی وهك پارێزگاكان دهسهڵاتهكی ئهوتۆیان له پایتهختدا نیه. - چاکسازی لە سیستمی بهرێوهبردن و ناناوەندێتیی هەرێمی کوردستاندا: قسهكردن له ئایندهی سیستمی ناناوهندێتی له ههرێمی كوردستان قسهكردنه له ئایندهی خودی سیستمی سیاسی كه لێره دهكرێت به چهند سیناریۆیهك وێنای بكهین: سیناریۆی یەکەم: بۆ ئایندەی نزیکی ئەم سیستەمە لە هەرێمدا ئەوەبێت کە وەک خۆی و بەکۆی گرفتەکانی ئێستایەوە بێ هیچ چاکسازییەک بمێنێتەوە، ئهم سیناریۆیه جگه لهوهی كێشهكان بهكراوهی دههێڵێتهوه، چانسی دروستكردنی سیستمێكی پتهوی حكومڕانیش كه رهزامهندی هاوڵاتیانی سهرجهم ناوچهكان بێت كهمتر دهكاتهوهو مهیلی ئینتمای نیشتمانی بهرامبهر ناوچهگهرێتی لاواز دهكات. سیناریۆی دووەم: لە ئایندەدا و لە سایەی نەبوونی چاکسازی و دابهشنهكردن و شۆڕنهكردنەوەی دهسهڵاتهكان و قوڵبوونەوەی زیاتری گرفتەکانییەتی بەشێوەیەک کە ڕەنگە لەهەندێک شێوازیدا بەتایبەت لە ئاستی دیاردەی "دووئیدارەیی" و دهسهڵاتهكانی پارێزگاكاندا سیستمی حوکمڕانیی هەرێم بەرەو ناجێگیری ئیداریی و سیاسی تهنانهت لێکترازانی سیاسی و كارگێڕی ههنگاو بنێت. سیناریۆی سێیەم: ئهم سیناریۆیه زیاتر لهسهر ئهو گریمانهیه كار دهكات كه دهكرێت ئیرادهیهكی بههێز ههبێت بۆ بههێزكردن وچالاككردن و گۆڕینی سیستمی بهڕێوهبردن له ههرێمدا به ناناوهندیكردنی سیاسی و بهشێكی زۆری دهسهڵاتهكان و هێشتنهوه و بههێزكردنی ئهو دهسەڵاتانهی كه مۆرك و ڕهههندی سیادی نهتهوهیی-نیشتمانیان ههیه. ئهم تێزهی لهم سیناریۆیه هاتوه كار لهسهر داڕشتنهوهی ههرێمی كوردستان له سهر بنهمای فیدڕاڵی به دابهشكردنی دهسهڵاتهكان بۆ چهندین ئاستی جیاواز(نیشتمانی، ئۆتۆنۆم، پارێزگاكان و قهزاكان) نێوان پایتهخت و پارێزگاكان و دروستكردنی چهندین ناوچهی ئۆتۆنۆمی (پایتهخت، ناوچهی ئۆتۆنۆمی ژماره یەک، ناوچهی ئۆتۆنۆمی ژماره دوو، ناوچهی ئۆتۆنۆمی ژمارە سێ و چواریش له ئایندهش بۆ ناوچه جێناكۆكهكان تهرخان بكرێت)، ههروهها پایتهخت بۆ دهسهڵاته گشگیرییه نیشتمانییهكان تهرخان بكرێت و پهرلهمان و حكومهتی تایبهت به دهسهڵاته حهسڕییهكان (پهیوهندی دهرهكی و بهغدا، ئاسایش)ی تێدا جێگیر ببێت. ناوچه ئۆتۆنۆمییهكانی¬تر خاوهن دهسهڵاتی خۆجێیی خۆیان بن و پهرلهمان و حكومهتی خۆجێی تایبهت بهخۆیان ههبێت، ئهم ناوچانهش لهسهر بنهمای ناناوهندێتی له چهندین پارێزگا پێكبهێندرێت. ههروهها له ئایندهدا پاش گهڕانهوهی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ههرێم دۆخێكی تایبهت یان ناوچهیهكی ئۆتۆنۆمیی جیاوازیان لێ دروستبكرێت و ببێت به بهشێك له ههرێمهكانی كوردستان. بۆ جێبهجێكردنی ئهم شێوازه له ناناوهندێتی سیاسی دهكرێت كار لهسهر ئهم پێشنیارانه بكرێن: ١.بههێزكردنی پایەکانی ناناوەندێتی لەکۆی شێوازەکانیدا، وەک پابەندبوون بە هەڵبژاردنی دەوری بۆ ئەنجومەنهكان و کاربەدەستان لەسەر ئاستی سەرجەم یەکە نیشتمانی(ههرێم و ناوچهی ئۆتۆنۆمی) خۆجیییەکان (پارێزگاکان، قەزاکان و ناحیەکان)، دەستواڵاکردنی یەکە ناوچەییەکان بۆ دابینکردنی داهات وخەرجییەکانی خۆیان. ٢.بەیاساییکردنی ئهو شێوازانەی ناناوەندێتی کە تا ئیستا به عورفی و وهك پاشماوهكانی پێش یهكگرتنهوهی ئیداره كاریان پێدهكرێت، بۆ نموونە دیاردەی "دوو ئیدارەیی" لەجیاتی ئەوەی وەک دەرئەنجامەکانی دهسهڵاتی نیمچه حزبی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، وەک دوو زۆنی کارگێڕی (ناوچهی ئۆتۆنۆمی)، کە گوزارشت لە جیاوازییە سیاسی و ئابووریی و کولتوورییە مێژووییە دوور و نزیکەکانی نێوانیان بکات، بەشێوەیەکی یاسایی ڕیکبخرێن و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنیشیان بە ئەنجومەنی هەڵبژێردراو لەلایەن هاوڵاتیانی هەرلایەکیان بسپێردرێت و سەرچاوەی دارایی و داهاتەکانیشیان لەژێر ڕکێڤی ئەو ئەنجومەنە هەڵبژێردراوانەدا بێت. ٣.ژماره و سیستمی ئێستای بهڕێوهبردنی پارێزگاكان كۆنه، هی نزیكهی سهدهیهكی سیستمی ناوهندگەرای عێڕاقه، بۆیه گهر بمانهوێت سیستمێكی ناناوهندێتی چالاك دروست بكهین دهكرێت جگه له فراوانكردنی دهسهڵاتهكانیان ژمارهی یهكه كارگێڕییهكان(پارێزگا، قهزا، ناحیه) زیاد بكرێت، ئهم چارهسهره بۆ جوگرافیای شاخاوی كوردستان و زهحمهتی رێگاوبانهكان زۆر کردەییه. بۆ نمونه ئیدارهی سهربهخۆی گهرمیان و ڕاپهڕین بكرێن به پارێزگا له سلێمانی، له ههولێر قهزای سۆران و له دهۆك قهزای ئاكرێ یان زاخۆ بكرێن به پارێزگا و بلكێندرێنهوه به ناوچه ئۆتۆنۆمییهكانیانەوە. ٤.بۆ بههێزكردنی ئاستی دهسهڵاتی نیشتمانی یهكگرتوو سهبارهت به بهرژهوهندییه باڵا نیشتمانیهكان و توندكردنی ههستی ئینتما بۆ دهسهڵات و ناسنامهی نیشتمانی گرنگه دهسهڵات و سیاسهتی دهرهكی و ئاسایشیی لهسهر بنهمای بهرژهوهندی نیشتمانی له پایتهخت كۆبكرێتهوه، قۆرخكردنی ناوهندێتی بۆ سیاسهتی دهرهوه و ئهمنی دهرهكی و ڕاسپاردنی ئهم سیاسهتانه به دامهزراوهی نیشتمانی ئاستی ئینتمای نیشتمانی هاوڵاتیان بهرزدهكاتهوه، ههروهها گرنگه دهسهڵاتی ناوهندێتی له پایتهختدا یهكهیهكی كاڕگێڕی سهربهخۆ بێت و تهنها بۆ دهسهڵاته نیشتمانییه دیاریكراوهكان تهرخان بكرێت خودی پایتهخت زیاتر روخسار و مۆركێكی نیشتمانی گشتگیری ههبێ و پێشمهرگه و دهزگا ئاسایشیەكان له ڕوی سیاسهت و دامهزراوهوه یهكبخرێنهوه. ٥.له مۆدێلی جێبهجێكردن و شۆڕكردنهوهی دهسهڵات بۆ ههرێم و یهكه ناناوهندییهكاندا، مهرج نیه سهرجهم یهكهكان بهههمان ئاست و بوار مومارهسهی دهسهڵات بكهن، بهڵكو بهپێی یاسایهكی باڵا یان دهستورێك ناوچه ئهتۆنۆمهكان و پارێزگاكان مۆدێلی دهسهڵاتی ناهاوسهنگ، واته جیاوازی نێوان ناوچهی ئۆتۆنۆم و سهرجهم یهكهكان له ئاست و بواری دهسهڵات بهپێی داواكاری یهكهكان پهیڕهو بکرێت، بۆ نمونه ناوچهیهكی ئۆتۆنۆم یان یهكهیهكی كارگێری خوازیاری دهسهڵاتی ئابوریی و داراییه كه ڕهنگه ئهوانی ته خوازیاری نهبن و زیاتر مهیلی دهسهڵاتی كارگێڕی و پەروەردە و تهندروستی هتد.. بن. له دهستور یان یاسا باڵاكهدا ناوچه ئۆتۆنۆمهكان و یهكه كارگێڕییهكان جیاوازییان دهبێت له بوارهكانی مومارهسهی دهسهڵاتدا(سیاسی، ئابوری، كارگێڕی، پهروەردە و تهندروستی)، له زۆر وڵاتی جیهاندا ئهم دهسهڵاته ناهاوسهنگه ههیه و پهیڕهو دهكرێت، بۆ نمونه له ئیسپانیا له كۆی سهرجهم ناوچهكانی ئۆتۆنۆمی كه وڵاتهكه پێكدێنن دوو ناوچه (كهتهلۆنا و باسك) دهسهڵاتی فراوانتر و جیاوازیان ههیه. ههروهها له ئیتاڵیا له كۆی ههرێمهكانی ئهو وڵاته تهنها پێنج ههرێم( سقڵیا، سردینیا، تیرینتۆ ئیدجی، ڤالی دا ئۆستا، فریولی ڤینیسیا) بهپێی مادهی١١٦ دهستوری وڵات دهسهڵاتی فراوانتریان ههیه، بۆیه دهكرێت ئهم مۆدێلانه له كوردستانیش جێبهجێ بكرێت. باڵادهستبوونی كولتوور و سیاسهتی ناوهندێتی و نهبوونی ئهزمون و شارهزایی و دامهزراوەیی بههێز بۆ بهڕێوهبردنی چالاكی یهكه ناناوهندییهكان ئاڵهنگاری گهورهی بهردهم ههر پڕۆژهیهكی راستهقینهی ناناوهندێتین له ههرێمی كوردستاندا، بهڵام لهلایهكی¬ترهوه شكستهێنانی ئێستا له داڕشتنی نمونهیهكی نوێی ناناوهندێتی چالاك و پهسهندكراو مهترسییهكانی جهمسهرگیری ناوچهیی و لێكترازان بههێز و فراوانتر دهكات، سهرهنجام پرۆسهی گهشهسهندن و جێگیربوون و بهیهكەوەمانهوهی ههرێمهكه دهخاته بهردهم چهندین ئهگهری مهترسیدار و نادیار.
درەو: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بیر لە گۆڕینی چەند وەزیرێكی لە كابینەكەی مەرسرور بارزانی دەكاتەوەو لە ئەدایان رازی نیە. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا كە بەسەر پەرشتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر ئەدای وەزیرەكانی یەكێتی كراوەو باس لە گۆڕینی ( شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە) كراوە، بەڵام گفتوگوی لەسەر كراوە، بڕیاری لەبارەوە نەدراوە. ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێیان وا بووە كە بەشێك لەو گرژیەی نێوان یەكێتی و پارتی لە زینی وەرتێ پەیوەندی بە لاوازی ئەدای وەزیری پێشمەرگەوە هەبووە، كە پێشتر واژووی لەسەر جوڵەپێكردنی لیوای 7ی هێزی پێشمەرگە كردووە بۆ زینی وەرتێ و نەیتوانیوە بڕیاری كشانەوەی ئەو هێزە بدات. لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەباشان بەڕێوەچوو پرسی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و گرژیەكانی هێزی پێشمەرگە لە زینی وەرتێ و ئەدای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەركراوە. یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا چەند پۆستێكی بەدەستەوەیە: - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت - شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە - بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ - ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا - دارا رەشید وەزیری پلاندانان - ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران - حەمەی سەعید وەزیری رۆشنبیری سەرەرای پۆستەكانی تر - رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان - جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم
(درەو): بەپێی لێكدانەوەی بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان "كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانە، حكومەت دەتوانێ بەبێ پاشەكەوت موچە بدات" دڵشاد شەعبان پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کەناڵی (رووداو): 🔹 بەپێی رێککەوتنەکەی ئۆپێک، هەرێمی کوردستان دەبێت رێژەی (۹۰ هەزار) بۆ (۱۱۰ هەزار) بەرمیل ئاستی هەناردەی نەوت کەمبکاتەوە. 🔹 بڕیارەکەی ئۆپێک لە بەرژەوەندی هەرێمە، چونکە هەرێم ئەتوانێت بە حکومەتی بەغداد بڵێ ئێوەش دەبێت پابەندبن بە بودجەی ۲۰۱۹وە، ئەوکات بەغداد مانگانە بڕی (٤۰۰ ملیۆن) دولارەکەی هەرێم خەرج دەکات، بەمەش بودجەکەی بەغداد زامن دەکرێت 🔹 دەبێ وەفدی دانوستانکاری هەرێم زەمانەتی (٤۰۰ ملیۆن) دولارەکە لە بەغداد وەرگرن لەبەرامبەر کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت. 🔹 ئەو (۱۰۰ هەزار) بەرمیل نەوتەی کە لە هەناردەکردن کەمدەبێتەوە، حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە ناوخۆدا مامەڵەی پێوە بکات بۆ ئەوەی کورتهێنانی بودجەی پێ پڕبکاتەوە. 🔹 ئێستا رێژەی ٥۰٪ی بەرهەمی نەوت و دیزڵ و LPGی هەرێم لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت، ٥۰٪ی تری لە ئێران و تورکیاو ئیماراتەوە بۆمان دێت، بۆیە (۱۰۰ هەزار) بەرمیلەکە دەتوانرێت لە ناوخۆدا ساغ بکرێتەوە. 🔹 ئەگەر تێچووی پاڵاوتنی نەوتی خاو لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بە (۱٥ دۆلار)یش ئەژماربکرێت، لە هەر بەرمیلێک نەوت حکومەتی هەرێم (٤۰ دۆلار)ی بۆ دەمێنێتەوە، ئەم پارەیە بۆ (۱۰۰ هەزار) بەرمیل، داهاتە بۆ مانگێک دەکاتە نزیکەی (۱۳۰ ملیۆن) دۆلار. 🔹 واتە دوای کەمکردنەوەی بڕی (۱۰۰ هەزار) بەرمیل لە ئاستی هەناردەکردن، حکومەت دەتوانێت مانگانە (۱۳۰ ملیۆن) دۆلاری داهاتی ئەو نەوتەی لەناوخۆدا دەستبکەوێت، ئەمە جگە لە (٤۰۰ ملیۆن) دۆلارەکەی بەغداد. 🔹 دوای کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن ئەوەی کە دەمێنێتەوە بڕی (۳۰۰) بۆ (۳٥۰) هەزار بەرمیلە کە هەناردە دەکرێت، ئەم نەوتە ئەگەر بەرمیلیشی بە (۲۰ دۆلار) بفرۆشرێت، داهاتەکەی دەکاتە نزیکەی (۲۰۰ ملیۆن) دۆلار. 🔹 یاسای چاکسازیش ئەگەر جێبەجێ بکرێت لانی کەم (۱۰۰ ملیۆن) دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە. 🔹 بەکۆی گشتی داهاتی ناوخۆ، (٤۳۰ ملیۆن) دۆلاری سافی بۆ حکومەت دەمێنێتەوە، ئەگەر (٤۰۰ ملیۆن) دۆلارەکەی بەغدادیش زامن بکرێت، ئەوا حکومەت دەتوانێت (۷۳۰ ملیۆن) دۆلاری بەبێ پاشەکەوت بدات بە موچەی فەرمانبەران و (۱۰۰ ملیۆن) دۆلاریش دەمێنێتەوە بۆ بودجەی تەشغیلی حکومەت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت ئەمە زەمەنی ئاوابوونی مەكتەب سیاسییەكانی حزبە.. لەمانگێكدا چەندین گرژی لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی رویانداوەو هیچ كۆبونەوەیەك بۆ گەیشتن بە چارەسەر نەكراوە، لە قەیرانی غازەوە بۆ شەڕە بەیاننامەی زانیاریو پاراستن، ئێستا زینی وەرتێ گەیاندویەتییە لوتكەی گرژی. كۆتایی مەكتەب سیاسییەكان رۆژگارێك بەدیاریكراویش دوای راوەستانی شەڕی ناوخۆ، مەكتەب سیاسی پارتیو یەكێتی ناوێكی دیاری سیاسەت بوون لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام لە میدیای هەردوو حزبەوە دەردەكەوتنو بڕیاری شەڕو ئاشتییان دەدا، بەڵام ئەم رۆژانە ئیدی ناوی مەكتەبی سیاسی ناوێكی درەوشاوە نییە، ئەمە زەمەنی نەوەی دووەمی سیاسییەكانو ئاوابوونی خۆری مەكتەب سیاسییەكانە. یەكێتیو مەكتەبی سیاسی كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرەی چوارەمی خۆی كرد، ئەمە یەكەمین كۆنگرەی دوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەركردەی مێژوویی حزبەكە بوو، لەو كۆنگرەیەدا یەكێتییە نوێیەكان كۆتاییان هێنا بە زەمەنی مەكتەبی سیاسییە كۆنەكان. لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان جڵەوی دەسەڵاتی حزبیان گرتەدەستو كۆتاییان بە رۆڵی مەكتەب سیاسی حزب هێنا كە زۆرینەیان لە هاوڕێ نزیكەكانی تاڵەبانی باوك بوون، ئەمە سەرەتای زەمەنی ئاوابوونی ئەو دەستەبژێرە سیاسییەی ناو یەكێتی بوو كە رۆژگارێك رۆڵی بەرچاویان لە سیاسەتەكانی حزبدا هەبوو. مەكتەب سیاسییەكانی دوێنێ یەكێتی ئێستا لەناو ئەنجومەنێكدا بەناوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كۆكراونەتەوە كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمانە كە پێكهاتوون لە (كۆسرەت رەسوڵ- مەلا بەختیار- حاكم قادر- ئەرسەلان بایز- عومەر فەتاح- جەعفەر شێخ مستەفا) ئێستا لە دامەزراوەیەكدا كاردەكەن كە هیچ رۆڵێكی بڕیاردانی لەناو یەكێتیدا نییەو تائێستا چاوەڕوانی ئەوەن ئەنجومەنی نوێی سەركردایەتی حزب دەسەڵاتیان بۆ دیاری بكات، ئەمان رۆژگارێك زۆربەیان ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بوون بۆ شەڕو ئاشتیو رێككەوتنە سیاسییەكان، بەڵام ئێستا لێكەوتوونو لە دوورەوە تەماشای رووداوە سیاسییەكان دەكەن. پارتیو مەكتەبی سیاسی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانیش دۆخەكە هاوشێوەیە، مەكتەبی سیاسی پارتی ئێستا لەجێگای نەبوودایە، مەسعود بارزانی كە بڕیاردەری سەرەتاو كۆتاییە لەناو پارتیدا، ئێستا ئیتر پشتی لە هاوڕێ كۆنەكانی خۆی كردووەو ژمارەیەك روخساری نوێی لە دەوری خۆی كۆكردوەتەوە كە هەندێكیان رۆژێك لە رۆژان پارتی نەبوونو بەمدواییە لە پرۆسەی سەنگەرگۆڕینەوەدا لە بارزانی نزیكبوونەتەوە، ئەمانە زۆربەیان گەنجن. مەكتەبی سیاسی پارتی لەدوای دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2019، چیتر ئەو رۆڵەیان نەماوەو قسەیەكیان لە سیاسەتی پارتیدا نییە. كۆتایی ساڵی 2019 زەمەنی كۆنگرەی حزبە سیاسییەكانی هەرێم بوو، یەكێتی نیشتمانی كوردستانو یەكگرتووی ئیسلامیو حزبی زەحمەتكێشان كۆنگرەی خۆیان كرد، ئەوكات پارتیش رایگەیاند كۆنگرەی چواردەیەمی خۆی لە ساڵی 2020دا دەبەستێت، (100) رۆژ تێپەڕیوە بەسەر ساڵی نوێدا، ئاسۆی كۆنگرەی پارتی نادیارە، كۆنگرەیەك كە پێشبینی دەكرێت تێیدا مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب ئەستێرەی بدرەوشێتەوەو لەبەرامبەردا گورزێكی بەهێز لە پێگەی نێچیرڤان بارزانی برازای مەسعود بارزانی بدرێتو هاوكات خۆری ژمارەیەك لە مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزب ئاوا ببێت. (رۆژ نوری شاوەیس- فازل میرانی- ئازاد بەرواری- عارف تەیفور- كەمال كەركوكی- عیزەدین بەرواری- جەعفەر ئیمنیكی- مەحمود محەمەد) رۆژگارێك دانوستانكاری باڵای پارتی بوون بۆ شەڕو ئاشتی، ئێستا ناویان ونە. زەمەنی كوڕەكان 2019 ساڵی كوڕەكان بوو، لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب قەڵەمبازێكی گەورەی داو بۆ یەكەمجار پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، لەناو یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی برازای، موشەكئاسا بۆ سەرۆكایەتی حزب سەركەوتن. لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیشدا دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەستێرەی كوڕەكانی درەوشایەوە، كۆتاییەكانی 2019 بزوتنەوەی گۆڕان رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی حزبی هەڵبژارد، كوڕانی نەوشیراوان مستەفا كە ئێستا پێگەی بەهێزیان لەناو حزبدا هەیە، نەهاتنە پێشەوە، رەنگە ئەوان وەرگرتنی پۆستی رێكخەری حزبیان بۆ قۆناغێكی تر دواخستبێت، بەڵام بێ رۆڵ نین لەناو سیاسەتەكانی حزبداو لە پشتەوە قسەی خۆیان هەیە. لە بۆشایی مەكتەبی سیاسیدا رۆڵی بەهێزی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو پارتی رۆژگارێك جێگای رەخنەبوو، تا ئەو ڕادەیەی هەندێك لە رەخنەگران باسیان لەوەدەكرد، شتێك بەناوی حكومەتەوە نییەو هەموو پرسەكان لە مەكتەبی سیاسی دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم یەكلادەكرێتەوە، ئەمە خاڵی نێگەتیڤی مەكتەب سیاسییەكان بوو، بەڵام لایەنی ئەرێنی ئەوان ئەوە بوو، لە بارە لەناكاوەكانو گرژییەكاندا دەستوەردانی خێرایان دەكردو بارودۆخەكەیان رادەگرت، پەیوەندی مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری هەردوو حزب لە پەیوەندی سیاسییەوە سەریكێشابوو بۆ پەیوەندی كۆمەڵایەتیو ئابوریش، بەڵام ئێستا كە خۆری ئەوان لە گۆڕەپانەكەدا كوژراوەتەوە، هێڵی پەیوەندی گەرمی نێوان پارتیو یەكێتیش كێشەی بۆ دروستبووە. بەمدواییە زیاتر لە چەند كێشەو گرژییەك لەنێوان هەردوو حزب رویداوەو بەبێ چارەسەر بەجێهێڵدراونو رەنگە لە هەر ساتێكدا سەرهەڵبدەنەوە، هەندێك مەترسی ئەوەیان هەیە گرژییەكان بگاتە ئاستی كشانەوەی یەكێتی لە حكومەتو دروستبوونەوەی دووئیدارەیی. هەندێك دۆخی ئێستا بە كۆتایی زەمەنی مەكتەب سیاسییەكان ناودەبن، هەندێكی تر دەڵێن ئەوانە هێشتا كاریگەرنو لە گۆڕەپانەكەدان، چاوەڕی ئەوەن گەنجەكانی حزب لە ململانێكانیان ماندوو بین، ئەوكات خۆیان بە ناچاری دەگەڕێنەوە بۆ لای ئەوانو بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن. هێڵی گەرمی پارتیو یەكێتی پارتی كە رۆژگارێك كێشەی لەگەڵ ئەوە هەبوو یەكێتی خاوەنی ناوەندێكی بڕیار نییە كە بتوانێت گفتوگۆی لەگەڵ بكات، ئێستا ئیتر بەهانەی نەماوە، یەكێتی سەركردایەتیو ناوەندی بڕیاری خۆی دیاریكردووە، بەڵام سەركردە نوێیەكانی یەكێتی دڵخوازی مەسعود بارزانی نین، تائێستا پارتی بە فەرمی دانی بە هاوسەرۆكو مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتیدا نەناوە، لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكانەوە گرژییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی زیادی كردووەو كەمنەبووەتەوە، ونبوونی رۆڵی مەكتەب سیاسییەكانی هەردوو حزب رۆڵی هەبووە لە ئاساینەبوونەوەی پەیوەندییەكان. ئێستا هێڵی گەرمی پەیوەندی نێوان پارتیو یەكێتی لەسەر ئاستی كەسە نەك مەكتەب سیاسی، لە پارتی نێچیرڤان بارزانی هەوڵی نێوەندگیریو دۆزینەوەی چارەسەر دەدات، لەناو یەكێتیش قوباد تاڵەبانی بووە بە هێڵی گەرمی پەیوەندییەكان. پارتی مەكتەب سیاسییە نوێیەكانی یەكێتی ناناسێتو پێشتر مامەڵەی لەگەڵ نەكردوون، یەكێتییە نوێیەكانیش لەبەردەم یەكەم تاقیكردنەوەدان لەبەردەم جەماوەری حزبەكەیانو ئامادەنین بەو ئاسانیە مل بۆ پارتی بدەن، ئەمە قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتییە كە نەخشەكەی كاریگەری گەورەی لەسەر داهاتووی هەرێمی كوردستان دەبێت.
راپۆرتی: درەو وەك چاوەڕواندەكرا، كۆدەنگی هێزە سیاسییەكانی عێراق لە ڕاسپاردنی مستەفا كازمی_دا، هەنگاوەكانی ناوبراوی بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی ئاسانو بێ ئاستەنگ كرد، بەجۆرێك دوای كەمتر لەهەفتەیەك لە ڕاسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، ئەمڕۆ كازمی تەواوكردنی كابینەی حكومەتەكەی ڕاگەیاندو، بەنیازە بەمنزیكانەش پێشكەش بە پەرلەمانی عێراقی بكات. كابینەكە حازرە بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرانەكانی كابینەكەی ئامادەكردووە، لەئێستادا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان سەبارەت بە تێپەڕاندنی لەپەرلەمان بەزووترین كات، لەپێناو دەستكردن بەكارەكان بەپێی ئەو ئەلەویاتانەی پێویسیتان بە ڕاپەڕاندن هەیە، وەك كازمی خۆی ئاماژەی پێكردووە. چانسی تێپەڕاندنی حكومەتەكەی كازمی لەپەرلەمان زۆر لە ڕاسپێردراوەكانی پێشخۆی بەهێزترە، (محمەد عەلاوی) ویستی بەپێچەوانەی خواستی هێزە كوردیو سونییەكان خۆی وەزیرەكانی كابینەكەی دیاریبكات، ئەوە وایكرد حكومەتەكەی ڕووناكی نەبینێت. (عەدنان زورفی)یش لەدەرەوەی خواستی زۆرینەی هێزە شیعییەكان ڕاسپێردرا، ئەوەش هۆكاری سەرەكی بوو كە هەمان چارەنوسی ئەوەی پێش خۆی هەبێت، بەڵام كازمی هیچكام لەم كێشانەی نییە. سەرۆك وەزیری قەیرانەكان كازمی وەك خۆی دەڵێت: سەرۆك وەزیری قەیرانەكانە، دەیەوێت بەهاوكاری هێزە سیاسییەكان، عێراق لەدۆخی ئێستا بپەڕێنێتەوە. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی كردووە بە ئامانجێكی دیاریكراو و سەرەكی حكومەتەكەی، لەگەڵ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاستەنگانەی بەرۆكی عێراقی گرتووە. ئەو ناچارە هەوڵی ڕازیكردنی تەواوی كوتلە سیاسییەكان بدات بۆ تێپەڕاندنی حكومەتەكەی، بەڵام ئەم خاڵە پێچەوانەی خواستی خۆپیشاندەرانە. گەرچی لە ئێستادا كۆرۆنا شەقامەكانی پێ چۆڵكردوون، بەڵام پێناچێت هەروا بەچۆڵی بمێنێتەوە. خۆپیشاندەران دەگەڕێنەوە وێڕایی چەندین قەیرانو دۆسیەی ئاڵۆز كە لەچاوەڕوانی حكومەتەكەیدان، لەگەڵ كۆتایهاتنی كۆرۆنادا، كازمی دەبێت چاوەڕوانی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكانیش بێت، بەتایبەت كە ماوەیەكە چالاكانی خۆپیشاندانەكانی عێراق لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئاماژە بەنزیكی گەڕانەوەیان دەكەن بۆ شەقامەكان. هەنگاوەكانی عادل عەبدولمەهدی بەدامەزراندنو گێڕانەوەی دەیان هەزار كەس بۆ سەركارەكانیان نەیتوانی كۆتایی بەخۆپیشاندانەكان بێنێت، ڕەنگە تاكە ڕێگە لەبەردەم كازمی_دا ئەنجامدانی كۆمەڵێك چاكسازی خێراو دانانی سنورێك بۆ گەندەڵیو، گێڕانەوەی شكۆ بێت بۆ دەوڵەت، كە فراوانبوونی هەژموونی گروپە چەكدارەكان زیانی گەورەی پێگەیاندووەو، پرسیاری جدی لەسەر ڕۆڵی دەوڵەتو دامەزراوە لەعێراق دروستكردووە. مەسەلە جەوهەرییەكە یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی كازمی لەگفتوگۆ ڕۆژنامەوانییەكەی كە لەگەڵ ژماریەك لەمیدیا عێراقییەكان ئەنجامیداو، بۆ یەكەمجارە لە دوای ڕاسپاردنییەوە ڕۆشنایی دەخاتەسەر، مەسەلەی بوونی سوپای ئەمریكایە لەعێراق، كە بەلای هێزە شیعییەكان بەگشتیو گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە خاڵێكی جەوهەرییە. كازمی لەوبارەیەوە وتی: "گفتوگۆی جدیمان دەبێت لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەبارەت بە سروشتی مانەوەیان لەعێراق، ئەوەی گرنگە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین ئەوەیە نابێت عێراق ببێت بە گۆڕەپانی تەسفیەی حسابات". وەك ئاماژەیەك بۆ ململانێی نێوان ئێرانو ئەمریكا. هێزە شیعییەكانو ئێرانییەكانیش نایەوێت دۆخی بەریەككەوتن لەگەڵ ئەمریكا لەعێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بڕوات، ڕاسپاردنی كازمی_یش لەبنەماوە بۆ ئەوان بەشێكە لەپرۆسەی هێوركردنەوەو پەنابردن بۆ بژاردەی سیاسی لەبری پەنابردن بۆ توندوتیژیو بەریەككەوتنی سەربازی، كە لەئەگەری درێژەكێشانیدا ڕەنگە كاردانەوەكانی ئەمریكا كارەساتاوی ببێت بۆ عێراقو ئێرانیش، بەوەش شیعییەكان كە بڕیاردەری یەكەمی عێراقن زەرەرمەندی گەورە دەبن تێیدا . سیناریۆی خۆیانە وەك دەوترێت بژاردەی سیاسی تاكە سیناریۆی تارانو هێزە هاوپەیمانەكانی نییە لەعێراق، بەڵكو پەنابردن بۆ توندوتیژیو هەڕەشە وەك یەكێك لەبژاردەكانو چەكێكی هەمیشەیی لەدەستیاندا هێشتووەتەوە، بەڵام میكانیزمی بەكارهێنانەكەیان گۆڕیوە. ئاگایانی دۆخی عێراق پێیانوایە، هەڕەشەی هەندێك لەگروپە شیعییەكان لە مستەفا كازمیو حكومەتەكەی، یارییەكی سیاسی ئێرانو هێزە سیاسییە هاوپەیمانەكانێتی لەعێراق، لەلایەك پشتیوانی سیاسی كازمی دەكەنو هەوڵی سەرخستنی دەدەن، لەلایەكی تریشەوە ئەو گروپانە وەك فشارێكی بەردەوامو مەترسییەكی هەمیشەیی بەكاریدێنن لەسەری، بۆ ئەوەی كازمی پرسی مانەوەی سوپای ئەمریكا لەعێراق بە مەسەلەیەكی جدی وەربگرێتو هیچ سازشێك یان گۆڕانكاری لەهەڵویستیدا نەكات، لەلایەكی تریش ئەوە بدەن بەگوێی ئەمریكییەكاندا كە هێزە سیاسییە شیعییەكان جموجۆڵی سەربازی گروپە چەكدارەكانیان ڕاگرتووە لەدژیان، ئەگینا سوپای ئەمریكا دەبێت هەمیشە لەباری نائاسایداو چاوەڕێی هێرشەكانیان بكات . تكایان لێكردوون بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی"فەتح"و ژمارەیەك لەسەركردەكانی حەشدی شەعبی جموجۆڵێكی چڕیان دەستپێكردووە بە ئامانجی ڕێگەگرتن لەتوندكردنەوەی فشاری میدیایی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كە دیارترینیان "كەتائیبی حزبوڵا"و "عەسائیب"و"نوجەبا"ن و، هەندێكیان پێشترو دوای ڕاسپاردنیشی، كازم_یان بە كەسایەتییەكی گوماناوی و نزیك لە ئەمریكا ناوبردووە. هاوكات، حامید موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" لە پەیامێكدا كە ئاراستەی گروپە چەكدارە شیعییەكانی كردووە، داوایان لێدەكات دان بەخۆیاندا بگرنو ڕێگە بە هەوڵە سیاسییەكان بدەن سەرەوەری بسەپێنێت. جەختیشی كردووە: ڕێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی دەرفەتی تەواو بدرێت بە كازمی بۆ ئەوەی ئەندامانی كابینەكەی دەستنیشان بكاتو، بەجۆرێك توانای ئەوەی هەبێت لەگەڵ كۆی ئاستنەگە ناوخۆییو دەرەكییەكان مامەڵە بكات، كەگرنگترینیان دۆسیەی سەروەریو، بڕیاری ڕۆیشتنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكایە بەپێی بڕیاری پەرلەمانی عێراق. ڕەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی ئەوەبێت كە هێزە شیعییەكان بەهەموو توانایانەوە هەوڵی سەرخستنی كازمیو حكومەتەكەی دەدەن، لەیەكەم كۆبونەوەی فراوانیشیاندا كە شەوی دووشەممەی ڕابردوو لەماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی"فەتح" بەڕێوەچوو، كازمی_یان سەرپشك كرد لەدیاریكردنی وەزیرەكانی كابینەكەی لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی پرسی هاوسەنگی تایبەت بە پێكهاتەكان. زیاد لەنیشانێكیان پێكاوە كازمی لەم قۆناغەدا بۆ شیعەكان كارتێكی سیاسی گرنگە، پێیانوایە بەدیاركردنی كازمی بە بەردێك زیاد لەنیشانێكیان شكاندووە، لەلایەك كەسێكیان ڕاسپاردووە كە نزیكە لەئەمریكییەكانو لەمانگی حوزەیرانی داهاتوودا لەگەڵیان دادەنشێتو، گفتوگۆی ستراتیجی لەبارەی ئایندەی پەیوەندییەكانی واشنتۆنو بەغداو چارەنوسی سوپای ئەمریكا دەكات لەعێراقو، ئومێدیان زۆرە لەڕێی گفتوگۆوە ئەمریكا هێزەكانی بكشێنێتەوە یان لانی كەم بوونێكی ڕەمزی بمێنێت لەعێراقو هەڕەشەكانی كۆتایبێت بۆ سەر ئێران هاوپەیمانەكانی. لەلایەكی تریش بە شەقامو مەرجەعەیەتیش دەڵێن، كەسێكیان ڕاسپاردووە، نە پێشتر تاقیكراوەتەوەو نەك جێی مشتومڕیشە، بەشێكیش نییە لەحزبە دەسەڵاتدارەكانو نوخبەی سیاسی، ئەوەش ئەو مەرجانەیە كە داواتان دەكرد.
درەو: كورد لە كابینەكەی مستەفا كازمیدا چوار وەزارەتی بەردەكەوێت، پێش بەرنامەی كار، بەرپرسانی كورد پشتیوانی خۆیان بۆ كازمی راگەیاند، ئێستا پارتی و یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی كاندیدن بۆ ئەو وەزارەتانەی بەریان دەكەوێت. ئەمڕۆ مستەفا كازمی راسپێردراو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند:" ئێستا ناوی ئەندامانی كابینەی حكومەت ئامادەیە، من دەمەوێت لەوبارەیەوە دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان بكەم" چاوەڕەوان دەكرێت ئامادەكردن و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان بۆ كازمی قورس نەبێت، بەو پێیەی پێشتر زۆرینەی لایەنە سەرەكییەكانی (شیعە، سونە، كورد) پشتیوانی خۆیان بۆ كابینەكەی دەربڕی. لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە پشتیوانی خۆیان بۆ مستەفا كازمی دەربڕێ، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) كورد لە كابینەكەی مستەفا كازمیدا (4) وەزارەتی بەردەكەوێت: وەزارەتی دارایی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن وەزیری داد، یاخود وەزارەتی بازرگانی وەزیری پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد لایەنە سیاسیەكان بەتایبەتیش ( پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان) لە هەوڵی یەكلاكردنەوەی كاندیدی ئەو وەزارەتانەدان كە بەریان دەكەوێت لە كابینەكەی كازمیدا. - پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە كابینەكەی عەبدولمەهدی دوو وەزارەتیان بەركەوت ( دارایی و ئاوەدانكردنەوە) كە هەریەك لە (فوئاد حسێن و بەنگین رێكانی) كە تا ئێستاش لە پۆستەكانیاندان، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) پارتی گرنتی مانەوەی (فوئاد حسێن)ی كردوە لە پۆستی وەزارەتی دارایی وەرگرتووە، ئەگەر لە پەرلەماندا تێپەڕێت، بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەش، تا ئێستا روون نیە (بەنگین رێكانی) لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە یان نا، چونكە لەناو پارتی ناو چەند كاندیدێكی تریش دەهێنرێت، بەڵام ئەگەری مانەوەی لە پۆستەكەیدا هەیە چونكە پارتی دەیەوێت وەزیرەكانی چوار ساڵی خۆیان تەواو بكەن. - یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كابینەكەی عەبدولمەهدیدا بە كێشەو گرفتی زۆرەوەو بە ناوی بێلایەنەوە ( فاروق شوانی) وەك وەزیری داد دانا، بۆیە پێدەچێت بۆ كابینەكەی كازمی خۆی كاندیدی خۆی دیاری بكات، كە چاوەڕەوان دەكرێت وەزیری داد بگۆڕدرێت بۆ وەزیری بازرگانی، بەپێی ئەوەی لە میدیا ناوخۆیی و عێراقیەكان بڵاوكراوەتەوە كاندیدی بەهێز بۆ ئەو پۆستە ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی و پەرلەمانتاری یەكێتی لە عێراق، ئەگەر پشتیوانی حزبكەی بەدەستبهێنێت پۆستێكی وزاریەكەی یەكێتی لە كابینەكەی مستەفا كازمی بەدەست دەهێنێت. - بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا پۆستی وزاری بەرنەكەوت، لەدوای بەشداریكردنی لە وەفدی لایەنە كوردستانیەكان، بەڵێنی پێدانی پۆستێكی وزاری پێدراوە لە كابینەی نوێدا، لە ئێستادا لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە دەكرێت، كە پێدەچێت وەزیری پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد بەر بزوتنەوەی گۆڕان بكەوێت، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) چانسی (جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، كە ئێستا لە بری ( عومەر سەید عەلی) كاروباری بزوتنەوەی گۆڕان بەرێوە دەبات، لەهەموویان زیاتر بێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.