حەیدەر عەبادی یادی 16 ئۆکتۆبەر دەکاتەوە
2020-10-16 15:39:46
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك یادی سێ ساڵەی 16ی ئۆكتۆبەر دەكاتەوە:
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆداو لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، دکتۆر عەبادی فەرمانی دا بە هێزە عێراقییەکان کە بچنە ناو پارێزگای کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ چەسپاندنی یاساو گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی ئیتیحادی و هەڵکردنی تەنیا ئاڵای عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی بە سەفقەیەکی سیاسی بازرگانی بەو ناوچانەوە دەکراو بیرە نەوتەکانی شارەکە کۆنترۆڵکرابوون و بۆ چەندان ساڵ گەندەڵکاران سودیان لێ دەبینی.
دکتۆر عەبادی پارێزگارێکی نوێی بۆ کەرکوک دانا، دوای هەڵاتنی پارێزگارە توندڕەوەکەی ( نەجمەدین کەریم) کە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم کرد و بەشداری تێدا کرد.
عەبادی دوای شکستپێهێنانی ڕیفراندۆمەکە کە ئامانج لێی تێکدانی یەکگرتوویی عێراق بوو بە زنجیرەیەک ڕێوشوێن لەگەڵ هەرێمدا یاسای یاسای سەپاند و ڕێژەی 17% بەشە بودجەی هەرێمی بۆ 12% کەمکردەوە ئەوەش وەک هەموو پارێزگاکانی تری عێراق و بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوان، هەروەها قەدەغەی فڕینی خستە سەر هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی، بۆئەوەی هەرێم ملبدات بۆ مەرجەکانی حکومەتی ئیتیحادی و بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و دەروازەکان ڕادەست بکات، ئەم هەنگاوانەی عەبادی لەلایەنی نێودەوڵەتییەوە پێشوازی گەورەی لێکرا، هەروەها عەبادی چەند لیژنەیەکی ڕەوانەی هەرێم کرد بۆ وردبینیکردنی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەوەی مووچەیان پێبدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم مەرجەکانی حکومەتی ناوەندی قبوڵدەکات و داهاتی نەوت ڕادەستدەکات، ئەوەش یەکەمجار بوو لە دوای ساڵی 1991 ەوە لیژنەکانی حکومەتی ئیتیحادی بچنە هەرێم