Draw Media

هەڵگرتنی سزای چەك لەسەر ئێران بەواتای چی دێت ؟

هەڵگرتنی سزای چەك لەسەر ئێران بەواتای چی دێت ؟

2020-10-18 12:51:31


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ئەمڕۆ بۆ ئێران رۆژێكی گرنگ بوو، سزای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆتایی هات، ئێران ئیتر دەتوانێت هەم چەك بكڕێت‌و هەم بیفرۆشێت، ئێرانی چەك لە كێ دەكڕێت‌و چەكی خۆی بە كێ دەفرۆشێت، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە.

هەڵگرتنی سزاكان
ئەمڕۆ ماوەی ئەو سزایە كۆتایی هات كە مانگی ئازاری 2007وە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەسەر ئێرانیدا سەپاند‌و بەپێی سزاكە هاوردەكردن‌و هەناردەكردنی چەكی لە ئێران قەدەغەكرد.
ساڵی 2015، ئێران رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز (5+1) ئیمزا كرد، بەپێی ئەو رێككەوتنە رێگە بە ئێران درا دوای پێنج ساڵ لە رێككەوتنەكە چەكی كلاسیكی بكڕێت، واتا لە رۆژی 18ی ئۆكتۆبەری 2020وە كە دەكاتە ئەمڕۆ، هەروەها رێككەوتنەكە دەڵێ دوای هەشت ساڵ لە رێككەوتنەكە قەدەغە لەسەر موشەكی ئێران‌و پرۆگرامەكەی هەڵدەگیرێت واتا لە ساڵی 2023.
سەرباری ئەوەی لە ساڵی 2018وە ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی یاخود ئەوەی ئێرانییەكان ناویان لێناوە "برجام" كشاوەتەوە، بەڵام هێشتا رێككەوتنەكە بەركارە، چاودێرانی نێودەڵەتی دەڵێن مانەوەی ئێران لەناو رێككەوتنەكەی دوای كشانەوەی ئەمریكا، تەنیا لەبەر ئەوە بوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو سزایەی لەسەر هەڵگرێت.  
لە چەند مانگی رابردوودا ئەمریكا هەوڵیدا پشتیوانی نێودەوڵەتی كۆبكاتەوە بۆ درێژكردنەوەی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئێران، بەڵام لەمەدا سەركەوتوو نەبوو، روسیا‌و چین كە خاوەنی كورسی هەمیشەین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەگەڵ درێژكردنەوەی سزاكەدا نەبوون. 

چەكەكانی ئێران
گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانی دەڵێ:" جبەخانەی ئێران لە تانكی بەریتانی‌و كۆپتەری ئەمریكی كۆن پێكدێت، ئەم چەكانە ئێستا لە خۆرئاوا خراونەتە ناو مۆزەخانەوە" واتا چیتر مۆدێلیان بەسەرچووە.
بەپێی قسەی ئەو گۆڤارە، ئێران لە جەنگی هەشت ساڵەدا لەگەڵ عێراق، زیاتر لە "یەك لەسەر سێ"ی جبەخانە سەربازییەكەی لەدەستداوە، ئێستا كە سزای نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر هەڵگیراوە، ئیتر ئێران دەتوانێت چەكی نوێ بكڕێت. 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دوای كۆبونەوەی حكومەت، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران پیرۆزبایی لە خەڵكی وڵاتەكەی كرد بەبۆنەی كۆتایهاتنی وادەی سزاكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئێران‌و ئەمەی بە رۆژێكی نیشتمانی لە مێژووی وڵاتەكەی‌و سەركەوتن بەسەر ئەمریكادا وەسفكرد.
ئێستا ئێران ئیتر دەستكراوەیە لەوەی چەك بكڕێت، بەڵام هێشتا دەرفەتەكە بۆ تاران سنوردارە، چونكە:
•    ئێران لەناو كێشە دارایی‌و قەیرانێكی ئابوریدایە، ئەمە وادەكات نەتوانێت بڕێكی زۆری پارە بۆ كڕینی چەك خەرج بكات.
•    لەلایەكی ترەوە، هێشتا سزا تاكلایەنەكانی ئەمریكا لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی كە چەك بە ئێران دەفرۆشن، بەردەوامە، ئەمەش هەندێك كێشە بۆ ئێران دروست دەكات.
•    هاوكات ئێران خۆشی نایەوێت دوای هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش بەشێوەیەكی خێرا هەموو جۆرە چەكێك بكڕێت، بەرپرسان دەڵێن دەیانەوێت پشت بە بەرهەمی ناوخۆی چەك ببەستن‌و ئەگەر پارەیەكیش لەو بوارەدا خەرج بكەن دەبێت بۆ كڕینی تەكنەلۆژیای نوێی پەرەپێدانی پیشەسازی چەكی خۆماڵی بێت، بەتایبەتیش لە بواری بەرگری ئاسمانیی‌و دەریایی، نەك تەنیا كڕینی چەك.  
بەرپرسانی ئێرانی پێیانوایە ئەگەر بیانەوێت چەك بكڕین، سزا تاكلایەنەكانی ئەمریكا ناتوانن رێگر بن، چونكە ئێران پێشتر سیستمی بەرگری (ئێس 300)ی لە روسیا كڕیوە‌و ئێستاش دەتوانێت سیستمی (ئێس 400) بكڕێت. 
ئەولەویەتی ئێران بۆ كڕینی چەك دوای هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت پۆشتە‌و پەرداخكردنی هێزی ئاسمانی بێت، فڕۆكەكانی سوپای ئێران بەشێكی زۆریان تەمەنیان (40 ساڵ) زیاترە‌و پێویستیان بە نوێكردنەوەیە.
سەرباری ئەمە، ئەو فڕۆكانەی كە ئێران خۆی دروستیكردوون لەوانە ( كەوسەر، ساعیقە، قاهر 313) ئەو توانا جەنگییەیان نییە كە لەبەرامبەر فڕۆكەیەكی نوێدا مانۆڕ بكەن.
ئێستا كە سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش وادەكەی كۆتایی هات، هەریەكە لە روسیا‌و چین چاویان لەوەیە چەك بە ئێران بفرۆشن، چاودێران دەڵێن ئێران دەتوانێت چەكی نوێ بە نرخێكی هەرزانتر بكڕێت، ئەگەر بتوانێت لەو بوارەدا جۆرێك لە ركابەرێتی لەنێوان روسیا‌و چیندا دروست بكات. 
هەندێك لە چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەكەن، روسیاو چین بكەونە ركابەرێتی یەكتر بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنی فرۆشتنی چەك بە ئێران، بەڵام رەنگە زۆر دوریش نەڕۆن‌و چاوەڕێی دەرەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بكەن، سەرباری ئەمە هەردوو وڵات بەرژەوەندی ئابوری گەورەیان لەگەڵ هەندێك لەو وڵاتانی تری ناوچەكەدا هەیە كە خۆشحاڵ نین بەوەی ئێران چەكی نوێی دەستبكەوێت.
ئەو چەكانەی كە ئێران لە لیستی خۆیدا دایناون بۆ ئەوەی دوای هەڵگرتنی سزاكە بیانكڕێت، بریتین لەم چەكانە:
•    فڕۆكەی (سوخۆ سو 30)ی روسی
•    تانكی (تی-90)
•    موشەكی سیزلر-ی هێزی دەریایی روسیا
•    فڕۆكەی (جی- 10)ی چینیی

هەناردەی چەك
هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران تەنیا كڕینی چەك ناگرێتەوە، بەشێكی تری سزاكە تایبەت بوو بە هەناردەكردنی چەك.
نەیارانی ئێران لەناوچەكە لەوانە سعودیە‌و ئیسرائیل دەڵێن ئێران هەر لە سەرەتاوە پابەندی ئەم بڕگەیەی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش نەبووە، چونكە بەردەوام چەكی ناردووە بۆ هاوپەیمانەكانی لە یەمەن‌و لوبنان لەمەدا مەبەستیان لە حوسییەكان‌و حزبوڵایە. 
بۆ ئێران بابەتەكە لەمە فراوانترە، بەرپرسانی تاران باسلەوە دەكەن پیشەسازی سەربازییان گەشەی كردووە‌و كاتی ئەوە هاتووە بیفرۆشن بە وڵاتانی دەرەوە، لەوانە پیشەسازی موشەكیی‌و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان‌و ئۆتۆمبیلی سەربازیی‌و بەلەمی تیژڕە.
لەم بوارەشدا ئێران كڕیاری تایبەتی خۆی هەیە، لەوانە سوریا، عێراق، ئەفغانستان‌و ڤەنزەوێلا، هەڵبەت دەبێت كڕینی چەك لەلایەن ئەم وڵاتانەوە لە ئێران بەشێوەیەكی نهێنی بێت‌و بەدوربگیرێت لە فشارەكانی ئەمریكا. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand