راپۆرتی : درەو سەر بە هیچ حزبو لایەنێكی سیاسی نییە، تەنانەت كەسایەتییەكی دیارو ناسراوی ناو پرۆسەی سیاسی عێراقیش نییە، بەڵام لەڕێوڕەسمی ڕاسپاردنیدا زۆرینەی هێزە سیاسییەكان ئامادەبوون، وەك دەوترێت عێراق لەمێژە ئاهەنگی سیاسی لەوشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە. ڕەنگە ئەمە یەكێك بێت لەخاڵە سەرەنج ڕاكێشەكان لەپرۆسەی ڕاسپاردنی مستەفا كازمی_دا. كازمی، لەیەكێك لەهەرە قۆناغە هەستیارەكانی كە عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت، تەنها بۆ هێزە شیعییە ناكۆكەكان نەبووە خاڵی بەیەكگەیشتنو ڕێككەوتن، بەڵكو وێڕایی دروستكردنی كۆدەنگییەكی سیاسی كەموێنە لەسەر ئاستی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی عێراق، هەڵوێستی ئێرانو ئەمریكاشی یەكخست. دۆستی نەیارەكانە واشنتۆنو تاران كە ماوەیەكی زۆرە لەسەر هیچ پرسێكی عێراق نەك هەر هاوڕانین، بگرە لەناكۆكییەكی توندو ڕووبەڕووبونەوەیەكی بەوەكالەتو ڕانەگەیەندراودان، بۆ یەكەمجارە لەسەر ڕاسپاردنی كازمی جۆرێك لە هاوڕاییو مورتاحییان پێوە دیارە. هەردوو وڵات پێشوازییان لەڕاسپارنی كازمی كرد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقو ئامادەییان دەربڕی بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ حكومەتی نوێ بۆ سەركەوتن بەسەر كێشەكانیدا. وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی پێشوازی لە ڕاسپاردنی كازمی كرد، هاوكات حسێن ئەمیر عەبدولاهیان یاریدەری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: ڕاسپاردنی كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بڕیارێكی تەواو عێراقییەو هیچ لایەنێكی بیانی دەستوردانی تێدا نەكردووە. لەتازەترین هەڵوێستی واشنتۆن_یشدا، دیڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی نزیك لەلێدوانێكدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندووە: ئەگەر كازمی عێراقییەكی پابەندبێت لە بەدیهێنانی سەروەری عێراقو ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، كارێكی زۆر گەورە دەبێت، پێشمانوایە زۆرباش دەبێت بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكانمان. ڕونیشكردووەتەوە، بەغداد پێویستی بە گرتنەبەری هەنگاوە ئەگەر دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا بەهێزبكات. هاوسەنگی دەپارێزێت كازمی لەیەكەم لێدوانی تەلەفیزیۆنیدا دوای ڕاسپاردنی هیچ ئاماژەیەكی بە ناكۆكییەكانی واشنتۆنو تاران لەسەر خاكی عێراق نەكرد، تەنها ئەوە نەبێت خواستی حكومەتەكەی پیشاندا بۆ پاراستنی جۆرێك لە هاوسەنگی لەگەڵ دۆستو دراوسێكان. ئەوەش هیوای ئەوەی زیاتر كردووە، كازمی بتوانێت عێراق بگێڕێتەوە بۆ ناوچەی خۆڵەمێشی لەنێوان واشنتۆنو تاران، كە لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی_دا بەتەواوی جێیهێشتبوو و، بەشێوەیەكی ئاشكرا لایەنداریی سەربازگەی ئێرانی دەكرد. یەكێك لەو خاڵانەی كە لەبەرژوەندی كازمی_یە، نزیكییەتی لە ئەمریكییەكان، پێش ئەوەی پەیوەندییەكانی خۆی لەم ماوەیەی دواییدا لەگەڵ تاران ڕێكبخاتەوە. كازمی بەوپێیەی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بووە، پەیوەندییەكی فراوان ناوخۆییو دەرەكیو زانیاری لەسەر تەواوی هێزە سیاسییەكانو گروپە چەكدارەكان هەیە، هەموو ئەوانەش لەبەرژوەندی ئەو بوو بۆ ڕاسپاردنی. ئەسعەد جەنابی شڕۆڤەكاری سیاسی بە سایتی (حوڕە)ی ڕاگەیاندووە: كازمی بەهێزترین دەزگای ئەمنیی لە عێراق بەڕێوە بەرێوەبردووەو، ڕەزامەندییەكی فراوانیشی لەسەر بووە لە ئیدارەدانی ئەو دەزگایە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. تارانی دڵنیاكردووە بەگوێرەی سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبوڵای لوبنانی كە بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" قسەیكردووە: كازمی بەمدواییە سەردانی بەیروت_ی كردووە، بەوەش توانیویەتی ئەو تۆمەتانەی كە لەلایەن گروپەكانی نزیك لە ئێرانەوە ڕووبەڕووی دەكرێنەوە، بیڕەوێنێتەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە، سەرچاوە ئاگادارەكانی عێراق ئاشكرایان كرد: كازمی هەردوو گەورە بەرپرسی ئێرانی (عەلی شەمخانی)و(ئیسماعیل قائانی) بینیوە، كە بەم دواییانە سەردانی عێراقیان كرد. تاقیكراوەی سیاسی نییە ئەو پێشهاتە تازانەشی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق لەم چەند مانگەی دوایدا هاتونەتەگۆڕێ، بەتایبەت گۆڕانی هاوكێشەی سیاسی دوای خۆپیشاندانەكان، ڕۆڵیان هەبووە لە دیاریكردنی كازمیو، هێزە سیاسییەكان ناچار بوون كەسایەتییەك ڕابسپێرن بۆ پێكهێنانی حكومەت كە بەجۆرێك لە جۆرەكان بەشێك لەخواستی شەقامی تێدابێتو، لەو دەمووچاوە تاقیكراوانە نەبێت كە خەڵكی عێراق لێی بێزاربوونو بەسەرچاوەی نەهامەتییەكانی خۆیانی دەزانن. ئاژانسی"فرانس پرێس" لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی باڵای عێراقەوە بڵاویكردووەتەوە: ئێران دەخوازێت جۆرێك لە هێوركردنەوە لە گۆڕەپانی سیاسیو ئەمنیی عێراق بێتەكایەوە لەچوارچێوەی پرۆسەیەكی چارەسەری فراوانتر كە لەناوچەكە هاتووەتەگۆڕێو، كازمی_یش بۆ ئەم قۆناغە یەكێك لەڕوخسارەكانی ئەو پرۆسەیەیە. ئەو سەرچاوەیە جەختیكردووە: ڕاسپاردنی كازمی بەدەستكەوت بۆ عێراق دادەنرێت، بە تایبەت لەم قۆناغە ئابورییە سەختەداو، بۆ زامنكردنی تازەكردنەوەی ئەو لێخۆشبوونەی كە ئەمریكا بۆ بەغدادی كردووە لەسزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران. لای خۆیەوە، محەمەد كەریم پەرلەمانتاری عێراق بە ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی" ڕاگەیاندووە: كازمی پەیوەندییەكی هاوسەنگی هەیە لەگەڵ ئەمریكاو ئێرانو، پێشتریش دانوستكارێكی سەركەوتوو بووە لەنێوان عێراقو وڵاتانی ترو، توانایەكی باشی هەیە لەچارەسەری كێشەو قەیرانەكان. هەموویان بەدڵیانبووە عیزەت شابەندەر پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە توتیتێكدا ڕایگەیاندووە: حكومەتەكەی كازمی بەرهەمی سازانێكی ئیقلیمیو نێودەوڵەتییەو دەڵێت:"دوای چەند مانگێك لەسەر لێشوایو نائومێدی، جارێكی تر سازانی ئیقلیمیو نێودەوڵەتی باڵیكێشا بەسەر دۆخی سیاسی لەعێراق". ئەوەی وایكردووە، لێكدانەوەی سازانی ئیقیلمیو نێودەوڵەتی نزیكترین ئەگەربێت: یەكەم: پتەوی پەیوەندی كازمی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەماهەنگی نێوان دەزگای هەواڵگری عێراقو ئەمریكییەكان لەشەڕی داعش ئەم پەیوەندییەی توندوڵتر كردووە. دووەم: ئێرانییەكان هیوایان لەسەر هەڵچینوە بتوانێت جۆرێك لەهاوسەنگی ڕابگرێت. + لەسەر ئاستی ئەمنیی، بە حوكمی نزیكی لە ئەمریكییەكان سنورێك بۆ هەڕەشەو هێرشەكان دابنێو ناوچەكە لەئەگەری بەریەككەوتنێكی نوێ دووربخاتەوە. + لەسەر ئاستی ئابوریش، لێخۆشبوون بۆ بازگانیكردنی بەغداد لەگەڵ تاران درێژ بكاتەوە، كە ئێران سودی دارایی زۆری لێدەبینێت لەم قۆناغە سەختەدا. سێیەم: بوونی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ سعودییە، كە بەوتەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان، مستەفا كازمی دۆستێكی نزیكی محەمەد بن سەلمان جێنیشنی پادشای سعودیەیە. ئایندەی پەیویەندییەكان یەكلادەكاتەوە مایكل نایتس نوسەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی خۆرهەڵاتی نزیك لەتویتێكدا دەڵێت: كازمی پیاوێكی هۆشیارەو باش بیردەكاتەوە، دەتوانێت هاوسەنگی بدۆزێتەوە لەوەی پەیوەستە بەهەوڵەكانی ئێران دژی بەرژوەندییەكانی عێراق. پێشیوایە: ئەگەر حكومەتەكەی كازمی تێپەڕێت، عێراق دەرفەتێكی زۆر زیاتری دەستدەكەوێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكان سەبارەت بە هاوكارییە ئابورییەكانو، لێخۆشبوون لە سزاكانو، پشتیوانی سەربازی. ئەمركییەكان كە خۆیان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی ستراتیجی لەگەڵ حكومەتی داهاتووی عێراق ئامادەكردووەو، بڕیارە لەناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەستی پێبكەن، دانانی كەسێكی گونجاو لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی پرسێكی هێجگار گرنگ بوو بەلایانەوە. مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو گەورە بەرپرسانی تری وەزارەتەكەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەیان بەوەدا، بەنیازن لەدانوستانەكانی ئایندەدا كۆی پرسە گرنگەكان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ عێراقییەكان بە ئایندەی بوونی سوپای ئەمریكاش لە عێراق. بۆیە ڕاسپاردنی مستەفا كازمی كە پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵیان لەقۆناغی شەڕ دژی ڕێكخراوی داعش تا دەگاتە پرۆسەی لەناوبردنی ئەبوبەكری بەغدادی پێشهاتێكە جێگەی ڕەزامەندییانەو، پێشبینی دەكرێت ئەم كۆدەنگییە لەئایندەی سیاسی نزیكی عێراقدا ڕەنگبداتەوەو، بەلای كەمەوە جۆرێك لەسەقامگیری ئەمنی بهێنێتەدیو ڕێگری لەئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە بكات.
درەو: گفتوگۆی رۆژنامەوانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (مستەفا سەلیمی) لە زیندانی سەقز لە سێدارەدرا، سەلیمی رۆژی هەینی رابردوو دوای هەڵهاتنی لە زیندان دێتە باشوری كوردستان، بەڵام رادەستی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكرێتەوە، ئەو بەتۆمەتی "دزی چەکدارانە"و لایەنگری بۆ" حزبی دیموكراتی كوردستان" لە 2003 سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت. ئەرسەلان یارئەحمەد ئەندامی بەڕێوەبەری رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (درەو) رایدەگەیەنێت، پێش دەستگیركردنەوەی قسەی لەگەڵ مستەفا سەلیمی كردووەو وتویەتی " ئیتر ئازاد بووم ناگەڕێمەوە زیندان، دێم بۆ باشوری كوردستان". مستەفا سەلیمی لەگەڵ (74 ) زیندانی دیكە رۆژی 27ی ئازاری 2020 لە زیندانی سەقز هەڵهاتن، ئەو پێش ساڵی 2003 پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووە، دوای وازهێنانی لە پێشمەرگایەتی و گەڕانەوەی بۆ سەقز وگروپێكی چەند كەسیان درووستكردووەو رژێم بە یاخی ناویانی بردووە لە سەقز لە ساڵی 2003 سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، دوای (17 ) ساڵ زیندان و تەنها یەك هەفتە هەڵهاتن لە زیندان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارەدرا، دوای ئەوەی دوێنێ كەسوكارەكەی ئاگاداركرایەوەكە ئەتوانن بۆ دواجار بیبینن. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكە لەگەڵ ( ئەرسەلان ئەحمەدیار ئەندامی بەڕێوەبەری رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ) درەو: مستەفا سەلیمی كەی و لەسەر چی دەستگیرا؟ ئەرسەلان یار ئەحمەد: كاك مستەفا سەلیمی (17) ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەی نزیكەی ( 2 ساڵ و شەش مانگ) لە باشوری كوردستان پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستان بووە، دواتر وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە، بەڵام هەندێك لە هاوپێشمەرگەكانی دەڵێن "دەركراوە لە حزبی دیموكرات" كە ئەوكات حزبی دیموكرات یەك حزب بووەو دوو حزب نەبووە، دواتر دەگەرێتەوە ئێران لە سەقز گروپێك درووست دەكەن رژێمی بە یاخی ناویانی بردووە، هەڵكوتانە سەر پایەگاكان (رەبیە)ی رژێمی ئێران، لەناو هاوڵاتیانی سەقزدا "وەك یاخی ناوبراون"، یاخی بوون لە حكومەت و رژێم، جارێكیان لەوكاتەدا لە پایەگایەكی ( ئیران شا كە گوندێكی گەورەی سەربە سەقزە) هەڵدەكوتنە سەر ئەو پایەگایە, لەوێ " سەربازێك و بەرپرسی ئەو پایەگایە دەكوژن" ئەم رووداوە ساڵی 2003 بوو، لەو شەڕەدا یەكێك لە هاوڕێكانی كاك مستەفا سەلیم دەكوژرێت، یەكێكیشیان دەستگیردەكرێت و دواتر لەسێدارە دەدرێت، بەڵام كاك مستەفا سەلیمی هەڵدێ بۆ ناوچەی نەهاوەندی پارێزگای هەمەدان بۆ ماڵی خەزورانی كە لوڕن، لە بەهاری ئەو ساڵەدا لەلایەن رژێمەوە دەستگیردەكرێت، دواتر دەیهێننەوە بۆ شاری سەقزو لەوێ لە دادگای شۆڕشی سەقز دوو تۆمەتی ئاراستە دەكرێت: یەكەم: سرقەتی موسەلەحانە (دزی چەكدارانە) یان راوو روتی چەكدارانە. دووەم: پەیوەندی لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران. ئەم دوو تۆمەتەی ئاراستە دەكەن و دوایی دەڵێن:" تۆ بە تۆمەتی محارەبە" دادگایی كراوی، محارەبەش لە یاسای ئێراندا واتا دژایەتی خوا، كە حوكمەكەی سێدارەیە، حوكمی سێدارە بەسەر مستەفا سەلیمی دەسەپێنن، لەگەڵ 15 ساڵ زیندانی. درەو: لەو ماوەیەی لە زیندان بوو ئێوە ئاگادری بوون؟ ئەرسەلان یار ئەحمەد: ئەو ماوەی 17 ساڵە لە زیندان بوو، لەو ماوەیەدا چەندین جار مانی لەخواردن گرتووەو هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتكردۆتەوە كە ئاراستەی كراوە، چەندجاریش داواكەی چۆتە دادگای پێداچوونەوەی تاران دواجار لە دادگای باڵای شورای ئێرانەوە هەر ئەو حوكمەی كە بەسەریدا درابوو ( لە سێدارەدان و 15 ساڵ زیندانی) پەسەندكرا، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆمەتێكیان لایەنگری بووە بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان بەپێی هەموو پێوەرەكان دەبێتە بەندكراوی سیاسی، چونكە یەكێك لە تۆمەتەكانی سیاسی بووە. درەو: واتا جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدانەكەی مستەفا سەلیمی تۆمەتە سیاسیەكەی بووە..؟؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: بەڵێ لەبەرئەوەی تۆمەتێكی كە ئاراستەی كرابوو سیاسی بوو، دەمەوێت شتێكت بۆ روون بكەمەوە، كە لایەنی سكاڵاكار بۆ مستەفا سەلیمی ئیدارەی ( ئیتڵاعات)ی ئێران بووە، بەڵام لایەنی سكاڵاكاری شۆڕش مروەتی كە لەگەڵی زیندانی كراوە، بنەماڵەیەكی دیكەن كە كوڕەكەیان بەدەستی شۆڕش مروەتی كوژراوە، شۆڕ مردوەتی لە سێدارە نەدراوە. درەو: چۆن هەڵهاتن لە زیندان.؟؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: بەهۆی ئەوبارودۆخەی قەدەغەی هاتوچۆ و خراپی رەوشی شەقز بەهۆی كۆرۆناوە، لە 8ی خاكە لێوە (27ی ئازاری 2020) لەگەڵ ژمارەیەك زیندانی تر هەڵهاتن، زیندانیە هەڵهاتووەكانی زیندانی سەقز ژمارەیان (74) زیندانی بوو، ئەگەرچی حكومەت دەڵێت (54) كەسمان دەستگیركردونەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە نزیكەی (30) زیندانی دەستگیركراونەتەوە. درەو: لە هەڵهاتووەكان زیندانی سیاسی تیا بوو.؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: زیندانی سیاسی تەنها هەر مستەفا سەلیمی تیابوو( هەندێك دەڵێن سیاسی و بووەو هەندێك دەڵێن سیاسی نەبوو). درەو: لەدوای هەڵهاتنی لە زیندان تۆ هیچ پەیوەندی و قسەكت لەگەڵ مستەفا سەلیمی كردووە؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: بەڵی مستەفا سەلیمی پەیامی پێدام وتی ئەوا من ئازاد بووم و ئیتر ناگەڕێمەوە بۆ زیندان، وتی ئێستا لە رێگەی بانەم، بەتەلەگرام چاتمانكرد. درەو: لە چاتەكەدا مستەفا سەلیمی چی وت؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: هەر ئەوەی وت، ئەوە من ئازاد بووم و ناگەڕێمەوە زیندان، وتی ئەڕۆم بۆ بانەو دەمەوێت بێم بۆ باشور ( هەرێمی كوردستان)، بەڵام دوای ئەوەی هاتە بانە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵما نەما زۆر هەوڵم دەداو نامەم بۆ دەنارد دەنگی نەما. درەو: لەبانە چیان كرد، ئاگات لێیان نەما.؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: ئەوەندەی من بزانم لە بانە لە ماڵێك بوون لەگەڵ (4 ) هاوڕێی دیكەی كە لە زیندان هەڵهاتبوون، دواتر وا دیارە بەهۆی ئەم قەدەغەی هاتوچۆیەو كۆرۆناوە مستەفا سەلیمی بێتاقەت دەبێت لەبانە، بە هاورێكانی دەڵێت من دەڕۆم بۆ باشور، ناتوانم لەمە زیاتر لە بانە بمێنمەوە، خۆی بەتەنها جیا دەبێتەوە لە هاوڕێكانی و دێتە پێنجوێن ئەو زانیارییانەی پێم گەیشتووە ئاوا بووە: - مستەفا سەلیمی هاتۆتە ماڵێك لە گەرمك ماڵی هاوڵاتیەك بەناوی (سیروان)، بەپێی ئەو زانیارییانە پێم گەیشتووە ئەو سیروانە لە سەعات (11)ی شەو خۆی تەلەفۆنی بۆ ئاساییش كردووەو وتویەتی هاوڵاتیەكی ئێران هاتۆتە ماڵمان و بۆ دڵنیایی خۆتان و رێكارەكانی تەندرووستی دەمەوێت ئێوە ئاگادار بن، ئەو شەوە ئاساییش بردوویانەو بەیانیەكەشی بردوویانەتەوە بۆ سنور و وتویانە بە پێی رێنمایی قەدەغەی هاتوچۆ هەیەو ئێمە نایەڵێن هیچ هاوڵاتیەكی ئێران بێتە ئەم دیو ( هەرێمی كوردستان)، بەپێی زانیارییەكانی من مستەفا سەلیمی زۆریش پاڕاوەتەوەو و تەنانەت وتیان گریاوشە تا نەیگەڕێننەوە، پێشی وتوون ئەگەر بمنێرنەوە لە سێدارە دەدرێم، بەڵام بەداخەوە گەڕێنراوەتەوەو دواتر لە بانە دەستگیركراوەتەوە، ئەو زانیاریانەیە كە لای ئێمەیەو ئەتوانین تەئیدی بكەین، تا ئێستا ئەوەندە زانیاری و بەڵگەمان لایەو پێدەچێت زانیارییەكان بگۆڕێن. درەو: بەڵام دوو هەواڵ هەیە یەكیان دەڵێت هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ رادەستی هێزە ئەمنیەكانی ئێرانیان كردووەو هەندێكیش دەڵێن نا براوەتە سنوری ئێران و لەوێ ئازادكراوە؟ ئەرسەلان یار ئەحمە: بەڵێ زانیاری وام بۆ هاتووە، من زانیاری ترم پێگەیشتەوە بەڵام ناتوانم پشتڕاستیان بكەمەوە، ئەویش ئەوەیە ئاساییشی هەرێم دەست و قاچی مستەفا سەلیمیان لە گەرمك بەستۆتەوەو بردویانە بۆ پێنجوێن و دواتریش بەدەستو قاچ بەستراوی رادەستی ئێرانیان كردۆتەوە. بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوانەی دەست من كەوتووە ئاساییشی هەرێم بردویانەتە سەر سنورو وتویانە بەپێی بڕیار و یاسا نابێت هیچ ئێرانیەك لەم ماوەیە بێتە ناو خاكی هەرێم، دەبێت بگەڕێیتەوە، بردوویانەتە سەر سنورو ئازادیان كردووە. درەو: ئەم رووداوە بە دەقیقی كەی بووە؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: ئەو روداوە ئەم هەینیە نا هەینی پێشتر بووە ( واتا 3ی نیسان)، ئەو هاتۆتە هەرێم و دواتر رادەستی ئێران كراوەتەوە، چونكە دوو هەینی پێشتر 14 رۆژ پێشتر هەڵهاتن لە زیندانی سەقز (27/3/2020)واتا دوای هەشت رۆژ گەیشتۆتە پێنجوێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارەدراوەو ئەمڕۆ تەرمەكەیان رادەستی بنەماڵەكەیان كردووەتەوە بڕیارە بیبەن بۆ گوندەكەی خۆیان لە ئاوایی (ئیلو)ی سەقز بەڵام ئاگاداركراونەتەوە كە نابێت پرسەو سەرەخۆشی بۆ بگرن. دوێنێ لەگەڵ كوڕەكەی مستەفا سەلیمی قسەم كرد ( ئەشكان مستەفا سەلیمی تەمەن 25 ساڵ)، كە دوێنێ لەلایەن بەرپرسانی رژێمەوە بانكراوەو پێی وتراوە ئەمە دوادیدارە. بەڵام هەر دوێنێ لەگەڵ برای (كاك شۆڕش مروەتی) قسەمكرد كە زیندان بوو لەگەڵ (مستەفا سەلیمی) ئەویش لەگەڵ كوڕەكەی كاك مستەفا سەلیمی بانگ كرابوو، وتی بە ئێمەیان نەوتووە دوا دیدارە، بەڵام بە ماڵی كاك مستەفا سەلیمیان وتووە دوا دیدارە، ئەمڕۆش لەگەڵ برای شۆڕش مروەتی قسەم كردەوە وتی كوڕەكەمان لە سێدارە نەدراوە، ( شۆڕش مروەتی 11 ساڵ پێش ئێستا بەتۆمەتی كوشتنی كەسێك سزای سێدارەی بەسەردا دراوە) ئەو سیاسی نەبووە ئەو بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتیەوە كەسێكی كوشتووە، بەڵام ئەو لەسێدارە نەدراوە. ............................... 🔸 مستەفا سەلیمی - تەمەنی 53 ساڵ بوو - خەڵكی گوندی "ئیلۆ"ی سەقزە - 17ساڵە لە زیندانی سەقزە - پێش 2003 بۆ ماوەی ( 2 ساڵ و شەش مانگ) پێشمەرگە بووە لە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران . - ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە بۆ شاری سەقز و وازی لە حزبی دیموكرات هێناوە. - ساڵی 2003 بەتۆمەتی "دزی چەكدارانە"و "ئەندامێتی حزبێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن"و "دژایەتی كۆماری ئیسلامی" لە دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە. - 2020/3/27 لە زیندانی سەقز هەڵهاتووە - هاتۆتە باشوری كوردستان و 2020/4/3 رادەستی ئێران كراوەتەوە - بەرەبەیانی 2020/4/11 لە زیندانی سەقز لە سێدارە دراوە
راپۆرتی: دڵشاد ئەنوەر - دەنگی ئەمریكا دەستدرێژیكردنە سەر ژنێكی كەم ئەندامی دانیشتووی ناحیەی پردێی سەر بە شاری كەركوك و تۆماركردنی گرتەی ڤیدیۆیی دەستدرێژیكردنەكە لەلایەن دەستدرێژیكارەكانەوە، دەنگدانەوەیەكی گەورەی دروستكردووە، بەرپرسانی هەرێم داوای لێكۆڵینەوە دەكەن و حكومەتی عێراقیش لیژنەی بۆ پێكهێناو، بە وتەی سەرۆكی كۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی لەكەركوك، هاوسەری ژنەكە لەڕووی جەستەییەوە كەم ئەندام و مەشروب خۆرە، خەڵكی نەفس نزم دەباتە ماڵەوە، سەرخۆشی دەكەن و دەستدرێژیش دەكەنە سەر ژنەكەی." بەپێی بەدواداچوونێكی دەنگی ئەمەریكا، ئەو ژنەی دەستدرێژیكراوەتە سەر كوردە و باری دەروونی تەواو نییە، تەمەنی لەنێوان 40 بۆ 45 ساڵیدایە، بەڵام هاوسەرەكەی توركمانە و تەمەنی سەرووی 65 ساڵە، كە هاوسەرەكەشی لەڕووی جەستەییەوە كەم ئەندامە و خاوەنی منداڵێكن. زانیاریەكان ئاماژەبەوەش دەكەن، ئەو دوو كەسەی دەست درێژیان كردۆتە سەر ژنەكە، یەكێكیان پۆلیسە و پێشتر لەسەر دۆسیەی ئەخلاقی سزادراوە و لە دەوام دوور خراوەتەوە، بەڵام ماوەیەك لەمەوبەر جارێكی تر دەست بەكاربووەتەوە، هەروەها كەسی دووەمیشیان توركمانە، گەرچی باس لەوەدەكرێت كارمەندی حەشدی شەعبی بێت، بەڵام ئەو هێزە ڕەتیدەكاتەوە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت. سرود ئەحمەد سەرۆكی كۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی لەكەركوك، كە رێكخراوەكەی تایبەتە بە هاوكاریكردن و بەدواداچوون كردن بۆ كێشەكانی ژنان، بەدەنگی ئەمەریكای وت"ژنەكە باری دەروونی تەواو نیە، دوو مانگە خۆی نەشۆردووە، تەنانەت هەندێكجار، پیسایش دەكاتە ژوورەكەی خۆی." وتیشی"هاوسەری ژنەكەش لەڕووی جەستەییەوە كەم ئەندام و مەشروب خۆرە، خەڵكی نەفس نزم دەباتە ماڵەوە، سەرخۆشی دەكەن و دەستدرێژیش دەكەنە سەر ژنەكەی." دوای دەركردنی ژمارەیەك ڕاگەیەنراو و بەیاننامە لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمەوە، حكومەتی عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەكە پێكهێناوە، دۆسیەی تۆمەتبارەكان ڕەوانەی كەركوك كراون و دوو دەستدرێژیكارەش لە پردێوە براون بۆ شاری كەركوك. بەپێی وتەی سەعد حەربیە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، هاوسەری ژنەكە سكاڵای تۆماركردووە، بۆیە دەزگا ئەمنیەكان تۆمەتبارەكانیان دەستگیركردووە و لەئێستادا لەژێر لێكۆڵینەوەدان. هاوكات جەمال شكور یەكێك لە نوێنەرانی كەركوك لەپەرلەمانی عێراق كە بۆ چاودێری كردنی دۆسیەكە لەسەر خەتە، بەدەنگی ئەمەریكا وت"دوو تۆمەتبارەكە بەپێی مادەی ژمارە 393 كە تایبەتە بە دەستدرێژی ڕاگیراون." وتیشی"ژنەكە كوردە و باری دەروونی تەواو نیە، پیاوەكەش توركمانە و كەمئەندامە، باری داراییان زۆر خراپە." جەختیشیكردەوە"بەرپرسانی كورد كە هاتوونەتە سەر خەت، وەكو مەسەلەیەكی ئینسانی لە دۆسیەكەیان ڕوانیووە، نەك وەكو مەسەلەیەكی نەتەوەیی." زانیاریەكان ئاماژەبەوەش دەكەن، ماڵی ژنەكە پێشتر لەناحیەی لەیلان بووە، بەڵام بەشێك لەدانیشتوانی ناحیەكە سكاڵایان تۆماركردووە و داوای گواستنەوەیان كردوون، دواتر ماڵیان بۆ پردێ گواستووەتەوە. گومان دەكرێت ژمارەی دەستدرێژیكارەكان زیاتربێت لەو دوو كەسە، بەڵام هۆكاری تێوەگلانی دوو كەسەكە، پەیوەندی بەو گرتە ڤیدیۆییەوە هەیە، خۆیان تۆماریان كردووە و بڵاویان كردۆتەوە، كەبووە هۆی گەورەبوونەوەی دۆسیەكە. جوان حەسەن ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەدەنگی ئەمەریكای وت"ئەو دوو تۆمەتبارە ڕەنگە بۆ خۆ دەرخستن گرتەی ڤیدیۆیی دەست درێژیكردنە سەر ژنەكەیان تۆمار كردبێت." وتیشی"گرتە ڤیدیۆییەكە بووەتە بەڵگە لەسەریان، ئەگینا ڕەنگە ژمارەی دەستدرێژیكارەكان زیاتر بێت." رێكخراوەكانی ژنان لەكەركوك، هۆشداری دەدەن لەوەی كە ژیانی خێزانی لەتەواوی ناوچە كێشەلەسەرەكان بەهۆی گرفتی دارایی و شوێنەوارەكانی جەنگ لە مەترسیدایە، بۆیە داوای هەماهەنگی لەحكومەتی عێراق و هەرێم دەكەن.
نوسینی: پ. ی.د. ئارام گەڵاڵی - زانكۆی پزیشكی هارڤارد "بەراورد بە نەخۆشیەكانی پێشوو، كۆرۆنا كەمترین ژمارەی توشبوو و گیان لەدەستدانى هەیە( زیاتر ئەوانە گیان لەدەستدەدەن تەمەنیا سەروو ٧٥ ساڵە و نەخۆشیەكانی شەكرە و فشاری خوێن و تەنگەنەفەسی و كێشەی سنگ و هەناسەدانیان هەیە)، لە زووترین كاتدا ڤایرۆرسەكە دۆزرایەوە، كە ئەمەش كاری دۆزینەوەی ڤاكسین و چارەسەر ئاساندەكات، خۆپاراستن ئاسانە بەرامبەری چونكە بە دەستشتن ڤایرۆسەكە لەناودەچێت" ئەمە وتەی (د. ئارام گەڵاڵی)یە كە پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە زانكۆی پزیشكی هارڤاردی ئەمریكا. د. ئارام گەڵاڵی بەروونی دەڵێت "هیچ نەخۆشیەك نیە هێندەی كۆرۆنا كۆدەنگی لەسەر بوبێت و لە هەموو لایەكەوە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ درابێت، زانا و زانكۆی زۆربەی دەوڵەتە پێشكەوتوەكان كاری لەسەر دەكەن، تا ئێستا زیاد لە ١٠ ڤاكسین كەوتۆتە ئەوەی تاقیبكرێنەوە لە ئەمریكا و ئوستورالیا و چین، هەندێك دەرمانی چارەسەریش چونەتە قۆناغی تاقیكردنەوەوە بۆ ئەوەی بزانرێت كاریەگەری لاوەكی سلبی نیە" ئەو توێژەرەی زانكۆی پزیشكی هارڤاردنی ئەمریكا كۆمەڵێك گەشبینی سەبارەت بە كۆرۆنا لەروی (زانستی، ژینگەیی، كۆمەڵایەتی، سیاسی)یەوە خستۆتە روو: 🔸 لە ڕوی زانستیەوە: بەراورد بە نەخۆشیەكانی پێشوو كەمترین ژمارەی توشبوو گیان لەدەستدان هەیە، لە زووترین كاتدا ڤایرۆرسەكە دۆزرایەوە ئەمەش كاری دۆزینەوەی ڤاكسین و چارەسەر ئاساندەكات خۆپاراستن ئاسانە بەرامبەری چونكە بە دەستشتن ڤایرۆسەكە لەناودەچێت. 🔸 لە ڕوی ژینگەییەوە: بەهۆی كەمبونەوەی جموجۆڵی ئۆتۆمبێل و كارگەكان لە جیهاندا ژینگە زۆر بە خێراتر پاكبۆتەوە. 🔸 لە ڕوی كۆمەڵایەتیەوە: كۆرۆنا هەستی یەكسانی دا بە جیهان، دەوڵەمەند و هەژار و خاوەن دەسەڵات و بێدەسەڵات وەك یەك لەبەردەم ئەم نەخۆشیەدا یەكسانن.. 🔸 لە ڕوی سیاسیەوە: دەوڵەتان ئێستا لە جاران زیاتر هاوكاری یەك دەكەن. دەقی نوسینەكەی (پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی) بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە لایەن (WHO) ەوە بە (Pandemic) درمێكی جیهانی لەقەڵەمدراوە؛ واتە نەخۆشی و درمێكە كە لە زۆربەی وڵاتەكاندا بڵاوبۆتەوە و بەردەوام دەبێت و دەمێنێتەوە. ئێستا ئێمە لە ترس و دڵەڕاوكێی ئەم ڤایرۆسەدا دەژین، كە زۆربەی میدیا و كاربەدەستان لە جیهاندا پێوەی سەرقاڵن. بەڵام باشتر وایە خۆمان لە دڵەڕاوكێ بپارێزین و كۆمەڵێك خاڵی گەشبینی لەبەرچاو بگرین بۆ نموونە: لە ڕوی زانستیەوە: لە ساڵی ١٩١٨ دا ئەنفلۆنزای ئیسپانی (Spanish Flu) بڵاوبویەوە، كە یەك لەسەر سێی دانیشتوانی گۆی زەوی توش كرد؛ ٥٠ ملیۆن كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، كە زۆربەیان منداڵ و گەنج بوون. بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ەوە بڵاوبۆتەوە، ١.٦ ملیۆن كەس توشی بوون (كە ٠.٠٢ دانیشتوانی گۆی زەوی پێكدەهێنن) و ١٠٠ هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە، كە زیاتر ئەوانەن تەمەنیا سەروو ٧٥ ساڵە و نەخۆشیەكانی شەكرە و فشاری خوێن و تەنگەنەفەسی و كێشەی سنگ و هەناسەدانیان هەیە. ئەنفلوەنزای ئیسپانی لە ساڵی ١٩٩٩ دا (واتە دوای ٨١ ساڵ) دوو زانا بە ناوەكانی جۆهان هۆڵتن (Johan Hultin) و جێفری تاوبنبێرگەر (Jeffery Taubenberger) كۆد و سیكوێنسی ڤایرۆسەكەیان دۆزیەوە، كە پێویستن بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین و دەرمان بۆی. بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوای ١٠ ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی یەكەم حاڵەت لە چین، ناو و كۆد و سیكوێنسی ڤایرۆسەكە دۆزرایەوە، ئەمەش كاری دۆزینەوەی ڤاكسین و چارەسەر ئاساندەكات. هەروەها زوو پشكنین دۆزرایەوە بۆ دەستینشانكردنی نەخۆشەكان و جیاكردنەوە و چارەسەركردنیان. هەروەها خۆپاراستن ئاسانە بەرامبەری چونكە بە دەستشتن ڤایرۆسەكە لەناودەچێت. هیچ نەخۆشیەك نیە هێندە كۆدەنگی لەسەر بوبێت و لە هەموو لایەكەوە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ درابێت. زانا و زانكۆی زۆربەی دەوڵەتە پێشكەوتوەكان كاری لەسەر دەكەن. تا ئێستا زیاد لە ١٠ ڤاكسین كەوتۆتە ئەوەی تاقیبكرێنەوە لە ئەمریكا و ئوستورالیا و چین. هەروەها هەندێك دەرمانی چارەسەریش چونەتە قۆناغی تاقیكردنەوەوە بۆ ئەوەی بزانرێت كاریەگەری لاوەكی سلبی نیە. لە ڕوی ژینگەییەوە: بەهۆی كەمبونەوەی جموجۆڵی ئۆتۆمبێل و كارگەكان لە جیهاندا ژینگە زۆر بە خێراتر پاكبۆتەوە وەك لەوەی وڵاتە زلهێز و پێشكەوتوەكان پێشبینیان دەكرد. ئەمەش وایلێكردون كە بیربكەنەوە بۆ لەمەودوا پاكی ژینگەی زەوی ڕابگرن. هەروەها ژمارەی زۆربەی ئاژەڵەكانیش زیادیان كردوە بەهۆی كەمبوونەوەی ڕاو و پاكبونەوەی ژینەگەوە. لە ڕوی كۆمەڵایەتیەوە: كۆرۆنا هەستی یەكسانی دا بە جیهان. دەوڵەمەند و هەژار و خاوەن دەسەڵات و بێدەسەڵات وەك یەك لەبەردەم ئەم نەخۆشیەدا یەكسانن. چەندین سەرۆك وەزیران و سەرۆك پەرلەمان و پەرلەمانتار لە جیهاندا توشی كۆرۆنا بوون. هەروەها هەستی یارمەتیدان و هاریكاری و خۆشەویستی لە ناو خەلكدا بڵاوكردۆتەوە. هەروەها كۆرۆنا وایكرد دەوڵەتان بە یاساكانی كرێكاراندا بچنەوە و ئەوانەی كەمئەندامن یان لە بەر هۆیەكی دیاریكراو توانای چون بۆ شوێنی كاریان نیە، ڕێگەیان پێبدرێت لە ماڵەكانی خۆیانەوە كارەكانیان جێبەجێبكەن، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە موچە و خۆشگوزەرانی. تەنانەت دەوڵەتە سەرمایەدارەكان ئێستا زیاتر بایەخ بە مەسەلەی سۆشیالیزم دەدەن و لە گفتوگۆی ئەوەدان كە چینی هەژار مافی زیاتری هەبێت. لە ڕوی سیاسیەوە: دەوڵەتان ئێستا لە جاران زیاتر هاوكاری یەك دەكەن. بۆ نمونە، چین یارمەتی دەوڵەتەكانی تر دەدات، چونكە تێگەیشتون چین بە تەنها تەندروست بێت سودی نیە ئەگەر دراوسێكانی تەندروست نەبن. هەروەها زۆربەی وڵاتە پێشكەوتوەكان بیر لەوە دەكەنەوە كە ئەولەویاتەكانیان بگۆڕن، بودجەی سەربازی كەمبكەنەوە و بودجەیەكی زیاتر بۆ توێژینەوەی زانستی و پزیشكی تەرخانبكەن. پێدەچێت لەمەودوا فۆكەسی ئەمریكا وەك جاران لەسەر مەسەلەی تیرۆر نەمێنێت و زیاتر بایخ بە تەندروستی گشتی و توێژینەوەی زانستی بدات.
درەو: "قاسم سولەیمانی پەیوەندی پێوەكردم و وتی دەتانەوێت چیتان بۆ بكەین، منیش وتم ئەگەر بكرێت چەكی دۆشكا و ئارپێجیمان پێویستە، بەیانی رۆژی دواتر بە دوو فڕۆكەی پڕەوە هاوكارییەكانی گەیاند" ئەمە وتەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە لەبەرنامەی ( السطر الاول)ی كەناڵی ئاسمانی ( MBC) كردی. مەسعودبارزانی باسی لە سەرەتاكانی شەڕی داعش كردو ئاماژەی بەوەكرد، كە "ئێرانیەكان رۆژەكانی یەكەم هاتن و چەكی دژی ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕیان پێداین، پرسیان دەتانەوێ چیتان بۆ بكەین" سەبارەت بە ئەمریكاو هاوپەیمانانیش بارزانی وتی" ئەمریكا دوای 3 بۆ 4 رۆژ لە شەڕی داعش لە ئاسمانەوە پشتیوانیان كردین و زۆر بە باشی پشتیوان بوو، هێشتا هەولێر لە ژێر هەڕەشەی مووشەكەكانی داعش بوو، ئەڵمانیا چەكی میلانی پێداین و هاوكێشەی جەنگەكە گۆڕا" سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمیش سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد" گرنگ ئەوەیە بەریفراندۆم بناغەیەكی پتەومان دانا بۆ ئەو مافە من ناڵێم خەون، بەڵام نەوەی دوای من و دوای ئەوان دێن دەیبنین، بەڵێ بێگومان، من دڵنیام كە گەلی كورد سەلماندی بە هیچ شێوەیەك خۆی رادەستی ستەم ناكات" دەقی چاوپێكەوتنەكەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بهغدا دوای 2003 سهرۆك بارزانی: ئێمه وا پێشبینیمان دهكرد، كه دوای 2003 عێراقێكی نوێ، كه مافی ههمووانی تێدا دهپارێزرێت و فیدرالی دهبێت، بۆ ئهو كاته زۆر باش بوو، ههموو حزبهكان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یهكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبهكانی دیكه و تهنانهت پهرلهمانیش لهسهر بڕیارهكه رهزامهند بوو، بۆ ئهوهی بهشداری له دووباره بنیاتنانهوهی عێراقدا بكهین و كهس لاری نهبوو. ئهمهریكا لهسهردهم بوشی باوك مەسعود بارزانی: دوای 1991 ئهمهریكییهكان پێیان گوتین كه هێزهكانمان دهكشێنینهوه، تهنیا ناوهندێكی ههماههنگی له زاخۆ دههێڵێنهوه، ئهگهر حكومهتی عێراق هێرشی كردنه سهر ئێمه لێی دهدهین، بهڵام ئهگهر ئێوهش هێرش بكهن، ئێمه هیچ پهیوهندیمان پێتانهوه نابێت، ئهوه پهیامی واشنتن بوو. دوای ئهوهی بێل كلینتن بووه سهرۆكی ئهمهریكا، پهیامی ئهمهریكییهكان ههندێك گۆڕا، ئهوجاره گوتیان ئهگهر ئێوه هێرش بكهن، ئێمه پهیوهندیمان پێوه نابێت، بهڵام ئهگهر ئهوان هێرش بكهن، ئێمه دێینه سهرخهت، بهڵام لهو كات و ساتهی كه ئێمه خۆمان دیاری دهكهین، من بهبیرم كه پێم گوتن، لای ئێمهی موسڵمان ئهوه ههیه كه فاتیحه بۆ گیانی مردووان دهخوێنرێت، پێم گوتن ئهگهر ئێمه مردین فاتیحهمان بۆ مهخوێنن. ئهو كات و ساتهی ئێوه دیاری دهكهن كهی دهبێت؟ دهبێت، چونكه گونجاو نهبوو. پێش كهوتنی بهغدا، له سهردانێكی رانهگهیهندراو چووینه واشنتن، گهیشتینه ئهو بڕوایهی كه دهیانهوێت رژێمی بهغدا بڕووخێنن، ئهگهر ئهوان ههمان بۆچوونیان ههبێت ئێمهش ئهوهمان دهوێت، بڕوای تهواومان هات، كه لهراستیدا رووخانی رژێمیان دهوێت. پرسهكه بهو شێوهیه بوو كه گوتیان چی بكرێت باشه، منیش پێشنیازی ئهوهم كرد كه ههموو لایهنه ئۆپۆزیسیۆنهكانی عێراق كۆبكرێنهوه، ئهوهبوو له لهندهن كۆنگرهكه له مانگی كانوونی یهكهم/ دیسهمبهری 2002 بهسترا، رێككهوتن لهسهر بنیاتنانهوهی عێراق، بهڵام له رۆژی كۆتاییدا، بۆنی تۆڵهكردنهوهم كرد، گوتم بهڕێزان ههرچهنده خهریكی داڕشتنی راگهیهندراوی كۆتایین، بهڵام من قسهیهكم ههیه، قسهكهشم ئێستا ماوه بۆ ههمووان ههیه و گوتی: "پێمان باشه واز له ناكۆكییه لاوهكییهكان بهێنین، با خهڵك نوێنهری ئهمینی خۆی ههڵبژێرێت، له رێگهی دیموكراسی و ئازادی رادهربڕین، فرهیی و یهكسانی و دادپهروهری لهبهرچاو بگیرێت و كۆمهڵگهیهكی دیموكراسی بنیات بنێت". به درێژایی ژیانم، دژی دیكتاتۆر و ستهمكاری وهستاومهتهوه، 37 كهس له ئهندامی بنهماڵهكهم، له براكانم برازاكانم و ئامۆزاكانمم لهدهستداوه، زیاتر له 8 ههزار بارزانی، 182 ههزار ئهنفالی كورد، 5 ههزار شههیدی كیمیاییبارانی ههڵهبجه. دهبێت بپرسین ئایا دوای رووخانی سهددام دهكرێت من بچم 37 كهسی سهددام بكوژم، دواتر 8 ههزار كهس له هۆزهكهی له تكریت و 182 ههزار كهس له نهتهوهكهی بكوژرێن، چی دهبێت؟ با رێكبكهوین، چهند كهسن، ههزار دوو ههزار تاوانبارهكان بدرێنه دادگا و سزای خۆیان وهربگرن، بهڵام ئهوانی دیكه لێبگهڕێن. مهبهستی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی تۆڵهكردنهوه بوو؟ مەسعود بارزانی: بهڵێ بهڵێ.. پێمگوتم من ترسم له داهاتوو ههیه و وڵات بنیات نانرێت، ههندێك لهگهڵ بوون و ههندێكیان لهگهڵمدا بوون. تۆ دژی ریشهكێشی بهعس بووی؟ مەسعود بارزانی: من دژی ئهوه بووم به شێوهیهكی رهها و بهو شێوهیه مامهڵه لهگهڵ پاشماوهی رژێم بكرێت، تهنها ئهوانهی تاوانیان ئهنجامدابوو ئهوان سزا بدرێن و لێپێچینهوهیان لهگهڵ بكرێت، ئهوهی دهمێنێتهوه، رزقیان مهبڕن، من دژی ئهوهم. من دژی ریشهكێشكردنی سیاسی نهبووم، بهس دژی ئهوهبووم كه رزقی ئهوانه ببڕێت كه هیچ پهیوهندییهكان به تاوانهكانی رژێمهكهوه نییه. دهستگیركردنی سهددام حوسێن پێشبینی ئهوهت دهكرد كه سهددام بهو شێوهیه دهستگیر دهكرێت؟ مەسعود بارزانی: له راستیدا پێشبینی ئهوهم دهكرد ئهگهر كارهكه بگاته ئهو رادهیه، شتێك بكات و مێژووێك بۆخۆی درووست بكات، یان كۆتایی به ژیانی خۆی بهێنێت، بهڵام كه بینیم بهو شێوهیه له چاڵهكه دهریدههێنن، لهبهرچاوم كهوت. عێراقییهكان به دهنگێكی نزمهوه دهڵێن سهددام ستهمی لێكرا؟ مەسعود بارزانی: له راستیدا سهددام بهرپرسی ههموو تاوانهكان بوو كه ئهنجامدرابوو بهرامبهر عێراقییهكان و دراوسێكانیش، بهڵام نهدهبوو له شهوی جهژن له سێداره بدرێت، پێموایه دهبوو یان پێشتر یان دواتر بێت. پێتوایه كه لهسێدارهدانی له شهوی جهژن مهبهستدار بوو؟ دواتر گوێم لێبۆوه كه ههوڵی رفاندنی دراوه، بهڵام دواتر زۆر به دوای ئهو بابهتهدا نهچووم. كاتێك سهددامت لهژێر پهتی سێداره بینی چ ههستێكت ههبوو، ئهو كهسهی برا و كهسوكاری تۆی كوشت وا له سێداره دهدرێت؟ مەسعود بارزانی: وا ههستم كرد كه خوا تۆڵه له ستهمكاران دهكاتهوه، ئیمانێكی رههام بهوه ههیه، كه خوا دهرفهتت دهدات بهڵام پشتگوێ ناخات. پهیوهندی سهرۆك بارزانی و پۆل بریمهر مەسعود بارزانی: برێمهر كهسێك بوو شارهزایی تهواوی لهسهر ناوچهكه نهبوو، كۆبوونهوهیهكی لهگهڵ ئێمه ئهنجامدا، ههڵهیهكی دیكه ئهوهبوو كه بارهگاكهی له كۆشكی سهرۆكایهتی كۆمار بوو، بارهگای ئهنجومهنی دهسهڵاتیش بوو، ئێمهش چووین و كۆبووینهوه. گوتی من نوێنهرانی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی و سهرۆكی ئهمهریكا دهكهم، بڕیاری ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی پرۆسهكه داگیركارییه، بهڵام وشهكه ههندێك قورسه و پێویسته پابهندی بن، منیش ههموو دهسهڵاتێكم ههیه و بڕیارهكان دهدهم و ههموو دهسهڵاتێكم ههیه، بۆیه بڕیارمان داوه لهنێو ئێوه لیژنهیهكی راوێژكاری درووست بكهین، بۆ ئهوهی راستگۆش بم لهگهڵتان، مهرج نییه ههموو پێشنیاز و راوێژهكانتان وهربگیرێت. به خۆبهزلزانی دهركهوت؟ مەسعود بارزانی: منیش گوتم من نوێنهرایهتی خۆم دهكهم، ههر تاكێكیش لێره نوێنهری خۆیهتی، ئهوهی پهیوهندی بهمنهوه ههیه دهتوانی بهو شێوهیه قسه دهكهی خۆت تاقی بكهیهوه، بزانه چۆن دهبێت و چۆن دهتوانی دهوڵهتهكه و دامهزراوهكانی بنیاتبنێیهوه و تا چهند سهركهوتوو دهبی، ئهوهیان بۆخۆت دهگهڕێتهوه، بهڵام من له ژیانمدا نابمه راوێژكاری هیچ كهسێك، من بارهگاكهم له ههولێره و ئهگهر پێویستییهكتان بهمن بوو، ئهوه من له ههولێرم و فهرموون. ئهوانی دیكهش خۆیان نوێنهرانیهتی خۆیان دهكهن. وهڵامی ئهو چ بوو؟ مەسعود بارزانی: ئهو كاته زۆر باش له بیرم نییه، بهڵام ماوهی نزیكهی 2 مانگ هیچ پهیوهندییهكی بهمنهوه نهدهكرد، نهك ههر ئهوهنده، بهڵكو دهیهویست بێزارم بكات، بهڵام له ههموو شوێنهكان وهڵامی خۆمم ههبوو بهرپهرچم دهدایهوه. دواتر هات و گهڕایهوه، سهردانهكانی بهردهوام بوو وهكو ئهوهی هیچ رووی نهدابێت. ئهندامێتی له ئهنجومهنی دهسهڵات (مجلس الحكم) بهبێ ئاگاداری خۆم، ناوی منیان له لیستی ئهنجومهنهكهدا نووسیبوو، من سهرهتا رهتمكردهوه، بهڵام دواتر بینیم كهسایهتی بهڕێز داوایان كرد، گوتم ئهگهر رهتی بكهمهوه، رهنگه به شێوهیهكی دیكه بیر بكهنهوه، بهڵام من وتم لهبهر رێزی ئێوه قهبووڵمه، پێمباشتر بوو بكهم نهك ئهو دۆسته بهڕێزانهم نیگهران بكهم. مانگی نیسان من له ئهنجومهنی دهسهڵات بووم، بڕیارمدابوو، 2 بۆ 3 رۆژ له بهغدا بمێنمهوه، دوای منیش ئهوهی دێت با ئهو ئهركهكه وهربگرێت، بهڵام ئهو شهوهی گهیشتمه بهغدا، رووداوهكانی فهللوجه روویاندا، ههڵوێستێكی زۆر ناخۆش بوو، نهدهبوو بهغدا جێبهێڵم كه لهو كاتهدا هاوڕێ و هاوكارهكانم جێبهێڵم، بڕیارێكی باش نهبوو، بۆیه تا كۆتایی مانگهكه مامهوه. سهختترین شت له ئهنجومهنی دهسهڵات چ بوو؟ مەسعود بارزانی: سكرتێری ئهنجومهنم بانگ كرد، بۆ ئهوهی بزانین چۆن ئیدارهی كارهكان دهكهن، گوتی بڕیارهكان لێرهوه دهردهچن و بۆ بریمهر رهوانه دهكرێت، ئهویش یان تانه له بڕیارهكه دهدات، یان قهبووڵی دهكات. گوتم باشه تا ئێستا چهند بڕیار دهرچووه، بریمهر رهزامهندی لهسهر چهندیان داوه و تانهی له چهند بڕیاریش داوه، ئهویش گوتی 113 بڕیار دهرچووه تا ئێستا، بریمهر تانهی له 97 بڕیارداوه، منیش قسهم لهگهڵی كرد، گوتم سوێن به خوای گهوره، ئهگهر بڕیارێك دهربچێت و من واژۆی لهسهر بكهم و تۆ تانه له بڕیارهكه بدهی یهك خوولهكیش نامێنمهوه. یان له ئێستاوه پێم بڵێ ئهگهر وهكو ئهوان مامهڵه لهگهڵ دهكرێت با بزانم، یانیش هیچ بڕیارێك نادهین وهیچ واژۆ ناكهم، بهڵێنی پێدام كه وا نهبێت، لهراستیشدا پابهند بوو و تانهی له هیچ بڕیارێكی من نهدا. هیچ حاڵهتێكی تایفهگهری ههبوو لهوێ تێپهڕبێت یان شتێكی لهو بابهته؟ مەسعود بارزانی: نهخێر.. لهراستیدا ئهوانهی له ئهنجومهنی دهسهڵات بوون، كهسانی رێزلێگیراو بوون و رێزی یهكتریان دهگرت، بهڵام هیچ دهسهڵاتێكی نهبوو، ههموو دهسهڵاتهكان لای بریمهر بوون، بهڵام ئهنجومهنهكه لهگهڵ یهكتر گونجاو بوون و ههستیان به بهرپرسیارێت دهكرد. وڵاتانی عهرهبی چۆن مامهڵهیان لهگهڵ ئهنجومهنی دهسهڵات دهكرد؟ خۆیان دهپاراست، زۆربهیان و وابزانم ههموویان، بهڵام یهكهم وڵات ئێران بوو هات و پیرۆزبایی لێكردین، بهشێكیش له وڵاتانی ئهوروپی مامهڵهیان دهكرد. ریفراندۆمی سهربهخۆیی ههندێك پێیانوابوو رۆژێك دوای ریفراندۆم ههرێمی كوردستان سهربهخۆیی خۆی رادهگهیهنێت، ئایا ئهوه پلانی ئێوه بوو؟ مەسعود بارزانی: بهر له ریفراندۆم و دواتریش نهمانگوتووه كه دووهم رۆژ سهربهخۆیی رادهگهیهنین، گوتمان ئهوه دهرفهتێكه بۆ گهلی كورد رای خۆی رابگهیهنێت و بچینه گفتوگۆ لهگهڵ بهغدا، پێویسته به گفتوگۆ و رێگهی ئاشتی بگهینه چارهسهرێك، ئهوه ئامانجهكه بوو. ئایا مهسعود بارزانی لهوه دهترسا كه نهوهی داهاتووی كورد زۆر گرنگی به پرسی نهتهوهیی كورد نادات وهك نهوهی سهردهمی ئێوه؟ مەسعود بارزانی: بۆ من سهركهوتنی گهوره ئهوهبوو كه رێژهیهكی زۆر بهبڵێ دهنگیان بۆ سهربهخۆیی دابوو، نزیكهی 93%ی گهلی كوردستان دهنگیان بهڵێ بوو. لهلای منیش ئهوه گهورهترین سهركهوتن بوو. كاردانهوهی كۆمهڵگهی نێودهوڵهی چی بوو؟ چ دهوڵهتێك زۆر پشتگیری ئێوهی دهكرد؟ مەسعود بارزانی: بهشێك له وڵاتان بهر له ریفراندۆم بهڵێنی ئهوهیان دابوو كه ئهگهر پشتگیریش نهكهن دژ نهبن، بهڵام دهستبهرداری بهڵێنهكهیان بوون. كامهیان به دیاریكراوه؟ مەسعود بارزانی: دهتوانم بڵێم ههموویان، بهڵام به پلهی جیاواز. ئهی ئێران و توركیا؟ مەسعود بارزانی: ئهوان زۆر دژ بوون و ئاڵای دوژمنداریان بهرزكردهوه، وڵاتانی دهرووبهر ههموویان. واتا لهسهر ههموو شتێك ناكۆكن تهنها لهسهر ئهوه یهكیان گرت؟ مەسعود بارزانی: بهڵێ رێك ئهوهمان بینی. لهو بڕوایهدای رۆژێك له رۆژان ببینی ئهو خهونه بووهته راستی؟ مەسعود بارزانی: گرنگ ئهوهیه بناغهیهكی پتهومان دانا بۆ ئهو مافه من ناڵێم خهون، بهڵام نهوهی دوای من و دوای ئهوان دێن دهیبنین. ئایا تۆ دڵنیای له گهلی كوردی؟ مەسعود بارزانی: بهڵێ بێگومان، من دڵنیام كه گهلی كورد سهلماندی به هیچ شێوهیهك خۆی رادهستی ستهم ناكات. شهڕی تیرۆریستانی داعش مەسعود بارزانی: داعش دیاردهیهكی سهیر و نامۆ بوو، پێشتر تیرۆریستان ههبوون بهڵام له ژێر زهوی بوون، كردهوهیهكی تیرۆریستیان ئهنجام دهدا، ئۆتۆمبێلێكی بهمین چێنراو، یان خۆكوژێت خۆی دهتهقاندهوه. بهڵام داعش له ماوهی 24 هات و خۆمان بهرامبهر سهنگهرێكی ههزار و پهنجا كیلۆمهتری رێكخراوهكه بینییهوه، كه سوپایهكی بههێز و پتهو بوو، ئهوهشیان له سوپای عێراقییهوه دهستكهوتبوو. وهك زریپۆش و تانك و چهكی شكێنهر، له سووریاشهوه چهكیان دهستكهوتبوو. هێرشێكی فراوانیان كرد، بهداخهوه ئێمه توانستی ئهوهمان نهبوو، چونكه حكومهتی بهغدا رێگری لهوه دهكرد چهك بگاته پێشمهرگه، لهكاتێكدا دهستوور مافی ئهوهی داوه بگاته ئهو چهكه بگاته پێشمهرگه، ئهمهریكاش كاری لهسهر ئهوه نهكرد، ئهمهریكا و بهغدا ههردووكیان دهستبهرداری پابهندییه دهستوورییهكه بوون. لهراستیدا له رۆژانی یهكهم پێشمهرگه و هاووڵاتیان، سینگی خۆیان كرده قهڵغان و به ئیمانی خۆیان بهرپهرچی هێرشی گهوره و وهحشیانهیان تیرۆریسانیان دایهوه. داڕمانی سوپا شتێكی ئاسایی بوو له مووسڵ یان شتێك ههبوو؟ مەسعود بارزانی: هیچ كات سوپای عێراق ئینتیمای بۆ نیشتمان نهبووه، ئهگهر ههشبووبێ بۆ كهسێك بووه شتێكی ساختهبووه. ئێمه زانیاریمان ههبوو كه لهسهر سنوورهكانهوه هاتووچۆ دهكهن، له سووریاوه بۆ رۆژئاوا مووسڵ، ماوهی ساڵێك بوو ههموو سوپای عێراق له ناوچهی رومادی سهرقاڵ بوون. داعش توانست و هێزی سوپای عێراقی داڕماند بهراستی، دواتر چهكدارانی داعش هاتنه ناوچهی حهزهر له باشووری رۆژئاوای مووسڵ. ئێوه چاودێری دۆخهكهتان دهكرد؟ مەسعود بارزانی: پێشنیازمان كرد لهگهڵ بهغدا به هاوبهشی ئۆپهراسیۆنێك ئهنجام بدهین و دهریان بكهین، بهڵام گرنگی پێ نهدا، دواتر گهشهیان به كردهوهكانیان دا، خۆیان پێشخست شانهی نووستوویان درووست كرد و بازنهكانیان فراوان كرد و خهڵكی دیكهش هاوكاریان كردن، ئهو هێزهی هاته مووسڵیش هێزێكی تایفی بوون، زۆر خراپ مامهڵهیان لهگهڵ خهڵك دهكرد، تهنانهت خهڵكی مووسڵ وایاندهزانی چهكدارانی داعش نایانكوژێت و به بهزهییترن له سوپای عێراق، ئهوهش كارهسات بوو. بهغدا فهرماندهی هێزی پیاده و یاریدهدهری سوپاسالاری نارده مووسڵ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخهكه، ئهو كاته چهكدارانی داعش و تیرۆریستهكان، له بادۆش زیندانیكرابوون، له بنهڕهتیشدا داعش ئامانجی ئازادكردنی ئهو زیندانانهی خۆی بوو، سهربازگهیهك ههیه له مووسڵ بهناوی غهزلانی، ئهوێ بارهگای فهرماندهی ئۆپهراسیۆن بوون، جێگری سوپاسالار و فهرماندهی هێزی پیاده لهوێ بوون، داعش خۆیشی پێشبینی نهدهكرد مووسڵ وا به ئاسانی بكهوێت، هێرشهكهیان بۆ سهر بادۆش بوو، رهنگه پاسهوانهكان رێك كهوتبن، سهربازگهكهشیان هاوهن باران كرد، یاریدهدهری سوپاسالار و فهرماندهی هێزی پیاده ههموویان شوێنهكهیان جێهێشت و سهربازگهكهیان چۆڵ كرد و ههواڵهكهش له شار بڵاوبۆوه و داڕمان، وهك ئهوهی ئاگر له پووش و پهڵاش بهربووبێت و شانه نووستووهكانیش دهستیان بهكاركرد، داعش له جیاتی ئهوهی بچێته بادۆش هاته مووسڵ، چونكه شتێكی گهورهتری دهستكهوت مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكات بادۆش خۆی دهكهوێت. داعش خۆیشی نهیدهزانی بهو ئاسانییه دهتوانێت مووسڵ داگیربكات. ههندێك دهڵێن مالیكی مووسڵی رادهستكرد؟ مەسعود بارزانی: رهنگه نهتوانین وابڵێین، بهڵام مالیكی پشتی به سوپایهك بهست كه وایدهزانی سۆزی بۆ ئهو ههیه و تا دوا فیشهك دهجهنگێت، هێزهكهش ههموو ههڵاتن و چهك و جلی سهربازیان جێهێشت و زۆربهیان هاتنه لای هێزهكانی پێشمهرگه. مهسعود بارزانیمان بینی گهڕایهوه مهیدانی جهنگ، بهڵام به تهمهنێكی جیاواز و له قۆناغێكی جیاواز، چی وای كرد خۆی بچێتهوه مهیدانی جهنگ؟ مەسعود بارزانی: ههستم به مهترسی دۆخهكه كرد، وهحشیهتگهری داعشمان بینی له كوشتن و سهربڕین، ئهتككردنی نامووس، تهنانهت له كتێبهكانی مێژووش ئهوهمان بهرچاو ناكهوێت، رهچاوی هیچ شتێكیان نهدهكرد و ههموو تاوانێكیان ئهنجام دهدا. گهلهكهمان لهبهردهم چارهنووسێكی رهشدا بوو، ناچاربووین بچین و ئهركی خۆمان ئهنجام بدهین. زۆربهی فهرماندهكان هۆشداریان دهدا لهوهی مهسعود بارزانی بچێته بهرهكانی جهنگ چونكه شهڕهكه نزیك بوو زۆر؟ مەسعود بارزانی: رۆژهكانی سهرهتای جهنگ پێویست بوو، چونكه رهوشهكه زۆر مهترسیداربوو، داڕمان له چهند شوێنێك روویدا، ئهزموونهكه نوێ بوو، چهكدارانی داعش 1700 ئۆتۆمبێلی سهربازی گوللـهنهبڕیان له سوپای عێراقهوه چنگ كهوتبوو. چهك تهقهمهنی و پێویستمان نهبوو، بهرامبهر ئهو ئۆتۆمبێلانه هیچ شتێك كاریگهریی نهبوو، ئهوان دههاتن و سهنگهرێكیان به تهواوهتی لهناو دهبرد، له ههندێك شوێن دۆخهكه زۆر خراپ بوو، بۆ ئهوه چووم ورهیان بهرزبكهمهوه. لهوه دهترسای نهوهی ئێستای كورد نهتوانێت له ئاست دۆخهكه بێت له چاو ئهو نهوهیهی كه پێشتر به یهكهوه خهباتتان كردووه؟ مەسعود بارزانی: له راستیدا دهترسام، چونكه نهوهی كۆن ههندێكیان شههید بوون و ههندێكیان بههۆی تهمهنهوه نهیاندهتوانی لهو دۆخهدا له سهنگهربن، بهڵام له ماوهی 2 ههفتهدا، دهركهوتن كه پاڵەوانن و جێگهی شانازی بوون، بهراستی پاڵهوان بوون به مانای وشه. دوو ههفتهی یهكهم، هێرشهكانمان راگرت، دواتر پێگهی خۆمان قایمتر كرد، دواتر هێرشی پێچهوانهمان دهستپێكرد، فهرماندهی یهكێك له هێزه تایبهتهكان هێرشی كرد، بینی ئۆتۆمبێلێكی خۆكوژی داعش دێته نزیك هێزهكانی پێشمهرگه و هیچ بهربهستێكی لهبهردهم نییه، به ئۆتۆمبێلهكهی چووه بهردهمی و رێگری لێكرد لهوێ خۆی تهقاندهوه، فهرماندهكه لهوێ شههیدبوو بهڵام نهیهێشت خۆكوژهكه بگاته ناو پێشمهرگه. ئایا ئهمهریكا بهو شێوهیه هاوكاری پێشمهرگهی دهكرد؟ مەسعود بارزانی: پێشتر ئهمهریكییهكان هیچ شتێكیان پێنهدهداین و گوشاریان له بهغدا نهدهكرد كه چهك به پێشمهرگه بدهن، بهڵام دوای 3 بۆ 4 رۆژ له ئاسمانی پشتیوانیان كردین و زۆر به باشی پشتیوان بوون، دواتریش هاوپهیمانی نێودهوڵهتی زۆر باش بوو، ههرگیز سهردانی سهرۆكی فهرهنسا لهبیر ناكهم بۆ ههوهلێر (فرانسوا ئۆلاند) له 12ی ئهیلوول/ سێپتێمبهری 2014، كه هێشتا ههولێر له ژێر ههڕهشهی مووشهكهكانی داعش بوو، ئهڵمانیا چهكی میلانی پێداین و هاوكێشهی جهنگهكه گۆڕا. ههروهها سعودیه و ئیمارات و ئوردن، هاوكاریان كردین. رۆڵی ئێران چی بوو؟ مەسعود بارزانی: یهكهم رۆژهكان هاتن و چهكی دژی ئۆتۆمبێلی گوللـهنهبڕیان پێداین، پرسیان دهتانهوێ چیتان بۆ بكهین، قاسم سولهیمانی پهیوهندی پێوهكردم، منیش گوتم ئهگهر بكرێت چهكی دۆشكا و ئارپێجیمان پێویسته، بهیانی رۆژی دواتر به دوو فڕۆكهی پڕهوه هاوكارییهكانیان گهیاند. لهبارهی حهسهن نهسڕوڵڵا لهوانهیه گوێبیستی قسهكانی بووبی له بارهی هاوكارییهكانی ئێران قسهی كرد، تۆ چیت ههبوو بۆی؟ مەسعود بارزانی: برایانی عهرهب بهر له كورد وهڵامیان دایهوه، لهراستیدا نواندنێكی شكستخواردوو وچیرۆكێكی ههڵبهستراو بوو، ناشزانم هۆكاری چی بوو، دواتریش پهیوهندی پێوهكردم. داوای لێبوردنی كرد؟ مەسعود بارزانی: (به پێكهنینهوه) با ناوهڕۆكهكهی لێگهڕێین باسی ناكهم، وازی لێبێنه. سهردانی ریاز و پێشوازی شاهانهی شا سهلمان مەسعود بارزانی: تا ئێستا 4 بۆ 5 جار سهردانی سعوودیهم كردووه، ههریهكه له بهڕێزان شا فههد، شا عهبدوڵڵا و شا سهلمانم بینیوه، شا عهبدوڵڵا چیرۆكێكی بۆ گێڕامهوه كه من نهمبیستبوو، من ئاماژهم به پهیوهندی نێوان شا فهیسهڵ و بارزانی نهمر كرد، بهڵام ئهو گوتی پهیوهندییهكه كۆنتره و دهگهڕێتهوه سهردهمی شا عهبدولعهزیز، ئهوهش بۆمن شتێكی نوێ و گرنگ بوو بهراستی. هیچ گۆڕانگارییهكت له ههڵوێستیان بینیوه له بهرامبهر پرسی كورد، مهبهستم شا سهلمان شا عهبدوڵڵا و شا فههده؟ مەسعود بارزانی: لهراستیدا ههموویان ههڵوێستهكانیان مرۆیی و گهورهبووه، دوا سهردانیشم بۆ لای شا سهلمان رێزلێنانێكی زۆر روون و گهوره و دیار بوو، سوپاس و پێزانینم بۆ گهل و شای سعوودیه ههیه.
راپۆرتی: فازڵ حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف رێكخراوە خێرخوازییەكان لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی هەموو بوارەكانی تر دابەشبوون بەسەر پارتە سیاسیەكاندا، سەرچاوەی داهاتی ئەم رێكخراوانە ناڕونەو ماوە لەدوای ماوە لەكاتی قەیرانەكاندا دەردەكەون، سەرباری زۆری ژمارەیان ئەم رێكخراوە خێرخوازیانە نەیانتوانیوە دەستكاری ژمارەی رێژەی هەژاری بكەن لەهەرێمی كوردستان. كاری خێرخوازی لە هەرێمی كوردستان بەم دواییە نوسراوێكی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئاشكرا بوو كە تیایدا داوا لە رێكخراوی ( UNHCR) دەكات، هاوكاری و یارمەتیەكانی لە رێگەی رێكخراوی (دەزگای خێرخوازی بارزانی)ەوە بگەیەنێتە هەرێمی كوردستان، ئەمە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ناوەندی سیاسی هەرێمی كوردستانیش كاردانەوەی لێكەوتەوە، وا لێكدرایەوە، وەزیری ناوخۆ كە خۆی سەربە پارتیە دەیەوێت، كارە خێرخوازییەكانی سەردەمی كۆرۆنا بكات بخاتە خزمەتی حزبەكەیەوە. ئێستا لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی رێكخراوی خێرخوازی هەن دەستی باڵاو سەرچاوەی دارایی بەهێزیان هەیە، ئەمانە رێكخراوی سەربەخۆ نین و حزبە سیاسیەكان لە پشتیانەوە راوەستاون،ئەمە وای كردووە كە خەڵكی متمانەیان بەم رێكخراوە خێرخوازیانە نەبێت، لە هەرێمی كوردستان دەزگایەكی خێرخوازی یەكگرتوو نیەكە خەڵكی بە متمانەوە كۆمەكەكەی ئەوەوە بگەیەننە هاوڵاتیانی كەمدەرامەت، ئەو رێكخراوە كە لەناو گۆڕەپانەكەدان و زیاتر دەركەوتوون و باسی كارەكانی خۆیان دەكەن سەرباری زۆری ژمارەیان بەڵام نەیانتوانیوە، كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی رێژەی هەژاری و نەداری و دەستباری حكومەت بن جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزارییەكان، بۆیە زۆرجار وا لێك دەدرێت و كە كارەكانیان وەك هەڵكمەتی هەڵبژاردن و كاری حزبی لێكدەدرێتەوە. رێكخراوە خێرخوازیەكان كامانەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم دەزگایە وەكو خۆی دەڵێ" دەزگایەكی ناحكومیی و ناسیاسی و قازانج نەویستە"، ساڵی 2005 لە هەولێر دامەزراوە. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگاكەیە. بەپێی قسەی خۆی، سەنتەری پرۆژە خێرخوازییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مرۆڤە)و لەهەر كۆمەڵگەو سنوورێكی جوگرافیدا مرۆڤەكان پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی هەبێ لە هەر سێكتەرێك دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئەركی خۆی دەزانێت هاوكارییان پێشكەش بكات. ئەم دەزگایە مۆڵەتی كاركردنی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێكخراوە ناحكومیەكان وەرگرتووەو ساڵی ۲۰۱٦ دا لە ئەمریكا مۆڵەتی كاركردنی وەرگرتووە. بەپێی قسەی خۆی، دەزگاكە سنوری كاركردنی سنوری كوردستان و عێراقی تێپەڕاندووەو لە وڵاتانی (توركیا- سوریا- یۆنان- سربیا…) كاریكردووە. سەرچاوەی دارایی دەزگاكە روون نییە، بەڵام،خۆی دەڵێ" بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكان پشت بە هاوبەش و سپۆنسەرەكانی دەبەستێت كە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و كۆمپانیا ناوخۆییەكانی كوردستان و عێراقن". بارەگای سەرەكی دەزگاكە له هەولێرە، بەڵام ئۆفیسی لە چەندین ناوچە هەیە لەوانە لە (دهۆك، هەولێر، سلێمانی، كەركووك، شنگال، نەینەوا، گەرمیان)، نوێنەرایەتیشی هەیە لە ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا. دەزگای مرۆیی مام ئەم دەزگایە سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو بەپێی زانیارییەكان لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رۆڵی سەرەكی لە دروستكردنیدا هەبووە. ئەم رێكخراوە چەند هەفتەیەكە دەستبەكاربووەو فەلاح سەلاح سەرۆكایەتی دەكات كە یەكێكە لە كادیرە دیارەكانی یەكێتی لەسنوری كەركوك. هێڵی كاركردنی رێكخراوەكەو بواری كارەكانی هێشتا روون نییەو تائێستا بواری كارەكانی خۆی دەبینێتەوە لە پێشكەشكردنی كۆمەكی تەندروستی بە ناوەندە تەندروستیەكان، رێكخراوەكە دەستپێشخەرییەكیشی بەناوی "پەلەچارە" راگەیاندووە، پەلەچارە خزمەتگوزارییەكی تەندروستی دەزگاكەیە كە خەڵك دەتوانن پەیوەندی پێوەبكەن و ژمارەیەك پزیشك وەڵامی پەیوەندییەكان دەدەنەوەو لەبارەی نەخۆشییەكانەوە راوێژیان پێدەكرێت. دروستكردنی دەزگایەكی خێرخوازی بەناوی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی لەبەرامبەر دەزگای خێرخوازی بارزانی-یە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەناوی كۆچكردوو مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتەكەوە دروستیكردووە. دەزگای روانگە ئەم دەزگایە لە ساڵی ۲۰۱۳وە دەستی بەكاركردن كردووە، لەلایەن ئیدرس نێچیرڤان بارزانییەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم رێكخراوە خۆی وەكو رێكخراویێكی "ناحكومیی" پێناسە دەكات، بەڵام بەردەوام بەهۆی نێچیرڤان بارزانییەوە پێگەی بەهێزی لەناو حكومەتدا هەبووە. وەكو خۆی دەڵێت ئەركی سەرەكی ئەم رێكخراوە بریتییە لە: 🔹 هێنانەدی جیهانێك كە هەموو تاكێك دەستیبگات بە پەروەردەیەكی جۆری باش. 🔹 پەرەدان بەو سەكۆیانەی كە لاوان دەتوانن تواناكانی خۆیانی تێدا تاقی بكەنەوە. بەگشتی وەكو خۆی دیاریكردووە، دەزگای روانگە لە چوار بواری سەرەكیدا كاردەكات كە بریتین لە (پەروەردە، لاوان، ژینگە، كەسانی لێقەوماو). ئەم رێكخراوە هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتوەتەسەر هێڵی كاری خێرخوازی، لەكاتێكدا ئەم رێكخراوە پێشتر تەنیا لەڕێگەی ڤێستیڤاڵێكەوە ناسراوە كە تێیدا لاوانی بەهرەمەندی خەڵات كردووە. سەرچاوەی دارایی ئەم رێكخراوە ناڕوونە. رێباز فاون دەیشن رێباز فاوندەیشن، كە رێكخراوێكی خێرخوازییەو لە ساڵی (2007) وەك دامەزراوەیەكی ناحكومی لە بەریتانیا دامەزراوە، بەناوی كۆچكردوو ( رێباز كۆسرەت رەسوڵ) درووست كراوە كە كوڕی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێیتەوە( رێباز كۆسرەت رەسوڵ) ناونراوە و ئێستا لەلایەن (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە سەرپەرشتی دەكرێت. رێكخراوی رێباز فاون دەیشن لەم بوارانەدا كاردەكات: 🔹 پەروەردەو خوێندنی باڵا 🔹 تەندروستی 🔹 مرۆیی وەك لە پەیجی رەسمی خۆیان بڵاویان كردۆتەوە، ئەم رێكخراوە وەك دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی لە بەرێوەبەرێتی رێكخراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوی تۆماركراوە, وەك زۆرێك لە رێكخراوەكانی دیكە ئەم رێكخراوەش لە سەردەمی دەركەوتنی كۆرۆنادا سەرقاڵی كاری خێرخوازیەو بەپێی راگەیەنراوێكی كە لە 28/3/2020 بڵاویان كردۆتەوە " خواردن بەسەر شەش هەزار خێزانی كەمدەرامەت و هەژار و كەمئەندام و كەسوكاری شەهید لە كوردستان دابەش دەكەن" دەزگای خێرخوازی شەهید عەتا ئەم دەزگایە بەناوی (عەتا محەمەد حاجی مەحمود) كوڕی محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستانەوە ناونراوە كە ساڵی ۲۰۱٤ لە شەڕی دژ بە داعش لە سنوری كەركوك شەهید بوو. كوڕێكی محەمەد حاجی مەحمود بەناوی (رێبین) سەرۆكی دەزگاكەیە. بارەگای رێكخراوەكە لە گەڕەكی چوارباخی شاری سلێمانییە. بەپێی ئەوەی لە سایتی رەسمی رێكخراوەكەدا بڵاوكراوەتەوە ئامانجی دەزگاكە كە" دەزگایەكی مرۆیەو هەڵگری پەیامی مرۆڤایەتی گەورەیە بۆ دروست كردنی پەیوەندی دۆستانە و مرۆڤانە لەگەڵ ئەو خێزانە بەڕێزانەی كە پێویستیان بە هاوكاری هەیە بە بێ جیاوازی ئاین و نەتەوەو ڕەگەز و زمان." و كار دەكات بۆ: 🔹 خزمەتكردنی كەس وكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و خانەوادەی سەربەزی هێزەكانی پێشمەرگە 🔹 كەرتەكانی خوێندن وتەندروستی 🔹 گەشەپێدانی ئاستی هۆشیاری گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگا سەرچاوەی داهاتی رێكخراوەكە ناڕوونە. ئەم دەزگایە لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیاتر رۆڵی دەركەوتووەو كارو چالاكییەكانی دەبینرێت. لە نوێترین چالاكی ئەم رێكخراوە لە رۆژی 6/4/2020دابووە كە هاوكارییان گەیاندوەتە (100) خێزانی كەمدەرامەتی قەزای سەید سادق. رابیتەی ئیسلامی كورد ئەم رێكخراوە ساڵی ۱۹۸۸ لە توركیا لەلایەن كۆمەڵە كەسایەتییەكی ئیسلامی كوردەوە بە سەرۆكایەتی دكتۆر عەلی قەرەداغی دروستكراوە. هەمان ساڵ رێكخراوەكە وەكو رێكخراوێكی خێرخوازی مرۆڤدوست لە ئەڵمانیا مۆڵەتی وەرگرتووەو دواتر لقی لە وڵاتانی (سوید، بەریتانیا، ئەڵمانیا) كردوەتەوە. رێكخراوەكە لە نیوەی یەكەمی ساڵی ۱۹۹۲وە لە ناو هەرێمی كوردستان دەستی بەكاركردن كردووەو لقی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك و كەركوك كردوەتەوەو مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، ساڵی ۲۰۰٥ رێكخراوەكە مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی عێراقیش وەرگرتووە. رابیتەی ئیسلامی كورد یەكەم رێكخراوی خێرخوازیی كوردییە دوای كشانەوەی سوپای عێراق لە كوردستان، كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا له ساڵانی شەڕی ناوخۆیی حزبەكاندا، رۆڵی گرنگی هەبوو لە ئەنجامدانی پرۆژە خێرخوازییەكان. بەهۆی ئەوەی رێكخراوەكە زیاتر لە ژێر هەژموونی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا بوو، هەرزوو كەوتە ژێرفشاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان. رێكخراوەكە تۆمەتباردەكرا بەوەی زیاتر كارەكانی لە دروستكردنی مزگەوتدا چڕكردوەتەوە، سەرباری ئەمە گومان لەسەر سەرچاوە داراییەكەی دروستدەكرا. وردەكاری سەرچاوەی دارایی رێكخراوەكە روون نییە، بەڵام بەپێی ئەوەی پێشتر بەرپرسانی رێكخراوەكە خۆیان باسیانكردووە، لەسەردەمێكدا كۆمەكیان لە خەڵكی خێرخواز لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی وەرگرتووە. دوای ئەو رەخنانەی كە ئاڕاستەی دەكرا، ئەم رێكخراوە بواری كاركردنی فراوانكرد بۆ دروستكردنی قوتابخانەو بنكەی تەندروستی و پرۆژەی ئاو، ئەمە لە پاڵ یارمەتیدانی خەڵكانی هەژارو كەمدەرامەت، ئەم رێكخراوە تائێستا ماوەو بەردەوامە لە كاركردن، بەڵام چیتر وەكو نەوەدەكانی سەدەی رابردوو ناو و پێگەی لە گۆڕەپانەكەدا نەماوە، ئەمە رەنگە بەشێكی پەیوەندی بە لەدەستدانی سەرچاوە داراییەكانییەوە بێت و بەشێكی تر پەیوەندی بە بوژانەوەی دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستانەوە هەبێت. دەزگای خێرخوازی بەخشین ئەم دەزگایە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە، بارەگای سەرەكی لە گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانییە. ئەم دەزگایە سەرباری پێدانی كۆمەك بەخەڵكی كەمدەرامەت، نەخۆشخانەیەكیشی بەناوی "بەخشین"وە لە سلێمانی هەیە، نەخۆشخانەكە بەهۆی خزمەتگوزارییەكانی و هەرزانی نرخ ناوبانگێكی باشی لەناو خەڵكدا هەیە، بەمدواییە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هەندێك كێشەیان بۆ كاری نەخۆشخانەكە دروستكرد، بەڵام بەهەوڵێكی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ لەڕێگەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئێستای یەكێتییەوە نەخۆشخانەكە لە داخستن رزگاركرا. سەرباری كارە باشەكانی، بەهۆی ئەوەی ئەم دەزگایە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە، زۆرجار بە چاوی گومانەوە لەكارەكانی دەڕوانرێت. سەرچاوەی سەرەكی داهاتی دەزگاكە كۆكردنەوەی خێرو زەكاتە لە خەڵكانی دەوڵەمەند. کارەکانی شاسوار عەبدولواحید شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرباری ئەوەی کە هیچ دەزگایەکی دیاریکراوی تایبەت بە کاری خێرخوازی دروستنەکردووە، بەڵام ماوە لەدوای ماوەو لەکاتی قەیرانەکاندا جێگە دەستی خۆی لەو بوارەدا دەردەخات. کارەکانی شاسوار زیاتر وەکو کێبرکێیە لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکان و بۆ گەیاندنی پەیامێکی سیاسی روون و بێ پەردەیە، ئەو لەو رێگەیەوە دەیەوێت بڵێ من لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا لە حکومەت خێراترم، ئەوانەی شاسوار ئەنجامی داون هیچیان پرۆژەی ستراتیژی و درێژخایەن نین، سەرباری ئەوە بەکارهێنانیان لە ڕووی میدیاییەوە بۆ خزمەتکردن بە پرۆژە سیاسییەکەی، لە بایەخی مرۆیی کارەکانی کەمکردوەتەوە. خێرخوازان سەرباری ئەم رێكخراوانە لە هەرێمی كوردستان چەندین كەسایەتی و سەرمایەداری دیكە لە دەرەوەی حزبە سیاسیەكان كارەكانی خۆیان دەكەن ئەمانە ئەو كەسانەن كە ئارەزووی كاری خێرخوازیان هەیە، ئەمانە بەشێكی زۆریان بۆ خەڵكی ناسراو نین بەو پێیەی كە دەزگای راگەیاندنیان نیەو كە بانگەشە بۆ كارە خێرخوازیەكانیان بكات، زیاتر ئەمانە وەك ئارەزوویەكی ئایینی یان حەزێكی كۆمەڵایەتی ئەم كارانە دەكەن.
درەو: (55) هاوڵاتی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوەو (958) هاوڵاتی كوردیش توشی كۆرۆنا بوون. كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیكی كوردستانیان لە ئەوروپا (كەجەدەكە – ئەوروپا / KCDK-E) ئاماری گیان لەدەستدان و توشبوانی هاوڵاتیانی كوردی ئەوروپای بڵاوكردەوە كە تا ئێستا (55) هاوڵاتی كوردستانی لە ئەوروپا بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و (958)ی دیكەش تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەپێی ئامارەكە تەمەنی زۆربەی قوربانیانی ڤایرۆسەكە لە دەورووبەری (60)ساڵدایە، بەڵام سەرباری ئەوەش منداڵی (4)ساڵیشیان لە ناودایە، كە گیانی لە دەستداوە. دوێنێ كاروان جەمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا بڵاویكردەوە كە هەریەك لە (عومەری مام ڕەزا و ئەندازیار شاد حامد فەرەج و كەكە كامەرانی سەید مەجیدا) بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە لە بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە بەپێی ئامارى كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیكی كوردستانیان لە ئەوروپا (كەجەدەكە – ئەوروپا / KCDK-E ) زۆرترین هاوڵاتی كورد لە بەریتانیا بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە كە (20) هاوڵاتی كوردەو دوای ئەوەیش ئەڵمانیایە كە (11) هاوڵاتی كورد گیانیان لەدەستداوە، ئامارەكەی كەجەدەكە ئەوروپا بەمشێوەیەیەی خوارەوەیە: 🔹بەریتانیا: 20 كەس گیانی لەدەستداوە 🔹ئەڵمانیا: 11 كەس گیانی لەدەستاوە 🔹سوید: 10 كەس گیانی لەدەستداوە 🔹فەرەنسا: 9 كەس گیانی لەدەستداوە 🔹بەلجیكا: 5 كەس گیانی لەدەستداوە بەپێی ئامارەكەی (كەجەدەكە) ( 958) هاوڵاتی كورد توشی كۆرۆنا بوون بەم شێوەیە دابەشبوون بەسەر وڵاتاندا: 🔹بەریتانیا: 350 كەس 🔹ئەڵمانیا: 300 كەس 🔹فەرەنسا: 90 كەس 🔹هۆڵەندا: 54 كەس 🔹سوید: 45 كەس 🔹بەلجیكا: 42 كەس 🔹سویسرا: 37 كەس 🔹نەمسا: 34 كەس 🔹دانیمارك: 5 كەس 🔹كانەدا: 1 كەس بەپێی ئامارەكەی (كەجەدەكە)، ( 121 ) هاوڵاتی كوردستانی لە ئەوروپا كەرەنتین كراون بەمشێوەیە: بەریتانیا: 80 كەس 🔹سوید: 14 كەس 🔹فەرەنسا: 11 كەس 🔹هۆڵەندا: 7 كەس 🔹بەلجیكا: 5 كەس 🔹نەمسا: 4 كەس
راپۆرتی: درەو لەكۆتایدا بەرەی ئێران سەركەوت، هەرچەندە گروپە شیعییەكانی سەر بەو سەربازگەیە لەم كاندیدە تازەیەش(مستەفا كازمی) دردۆنگنو تۆمەتی ئەمریكبوونی دەدەنە پاڵ، بەڵام بەلایانەوە گرنگە سەرۆك كۆمار نەیتوانی عورفی سیاسی باو لەعێراق بشكێنێو، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای هێزە سیاسییەكان كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاریبكات. لەگەڵ ئەوەی ڕاسپاردنی كازمی بۆ پۆستی سەرۆك یەكێك لە قەیرانە سیاسییە ئاڵۆزەكانی عێراقی كۆتایپێهێنا، بەڵام ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە، كە هێزە سیاسیەكانی عێراق بەكوردو سوننەو شیعەوە نایانەوێت بنەمای پشكێنەی حزبیو تائیفی تێپەڕننو، هیچ دەستكارییەكی هاوكێشەی سیاسی بكرێت. ئەوەش بەومانایەی خۆپیشاندانەكانی چەند مانگی ڕابردوو لەعێراق هیچی لەواقیعی سیاسی نەگۆڕیوە، خواستی دەستگرتن بەدەسەڵاتی لەلایەن حزبەكانەوە نەهەژاندووەو، هیچ گۆڕانێك لەعێراقی پێشو دوای خۆپیشاندانەكان ڕووینەداوە. كازمی لەجێی زورفی ئەمڕۆ (مستەفا كازمی) 53 ساڵ لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، بەوەش دەبێتە گەنجترین سەرۆك وەزیر لە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە. ڕاسپاردنی كازمی دوای ئەوەهات هەر ئەمڕۆ عەدنان زورفی بە فەرمی پاشكەشێی كرد لە ڕاسپاردنی، بەوەش دۆسیەی كەسایەتی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق یەكلابوەوەو، عێراقیش لە یەكێك لە هەرە قۆناغە سەختەكانی قەیرانی سیاسی پەڕییەوە. ئەم هەنگاوە دوای ڕێككەوتنی ئەو هێزە شیعییانە هات كە بە سەربازگەی ئێران ناودەبرێن، كازمی بوو بە خاڵی بەیەك گەیشتنی دوو سەربازگە ناكۆكەكەی شیعە، كە لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوەوەوە لە ململانێیەكی سیاسی توندابوون لەسەر دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. كوردو سوننە پێش شیعە كەوتن موبارەكەی هێزە كوردییەكان بۆ ڕاسپاردنی (مستەفا كازمی)و، دواتریش پشتیوانی سوننەكان بۆ ناوبراو تەنانەت پێشئەوەی هێزە شیعییەكان بەفەرمی ڕاسپاردنی ڕابگەیەنن، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ بوونی ڕێككەوتنێكی ژێربەژێری سیاسی لەنێوان زۆرینەی هێزە شیعیو كوردیو سونییەكان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا. وەك دەوترێت ڕێككەوتنو پشتیوانی هێزەكان بەجۆرێك گەرموگۆڕی پێوەدیارە، پێش دەستپێكردنی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت، كابینەكەی (كازمی) زەمانەتی تێپەڕاندنی لەپەرمان كراوە. بەڕای ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق، ئەوەی وایكرد (كازمی) ئەو پشتیوانییە بەرفراوانە بەدەستبهێنێتو(عەدنان زورفی) نەتوانێت بەدەستی بهێنێت، زورفی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراقو هەندێك لەهێزە شیعییەكان بوو، هەرچەندە كوردو سوننە دژی نەبوون، بەڵام نەیانوسیت ببنە بەشێك لەكێشەكانی ناوماڵی شیعەو ناكۆكییەكانی نێوان لە بەرخاتری زورفی قوڵبكەنەوە، بەتایبەت ئەو بنەمایە لەعێراق یەكلابووەتەوە كە سەرۆك وەزیران كەسایەتییەكی شیعەیە. هاوكات نەشیانویست بڕیاری دیاریكردنی سەرۆك وەزیران لەدەست هێزە سیاسییەكانەوە بگوزارێتەوە بۆ دەستێكی تر، چونكە كوردو سوننەش لەئایندەدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دورنییە ڕووبەڕووی هەمان شەڕ نەبنەوە، ئەوكات شیعەكانیش هەڵوێستێكی بێلایەنانەیان دەبێو ئەم "چاكەیە"ی ئێستایان دەدەنەوە، بەوەی نەبنە بەشێك لە كێشە ناوخۆییەكانن. پشكی هەرێم ئەولەویەتە بۆ كورد پرسی جەوهەری مەسەلەی نادردنی بودجەو پشكی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەوەش بەردەوام پێویستی بەپشتیوانی ناوماڵی شیعەو ڕەزامەندی هێزە شیعییەكانە، بۆیە لەپێناو شەخسێك سەركێشی بە مەسەلەیەوە ناكات. لەپرسی پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا، پشكی خۆی لەوەزارەتەكانو دیاركردنی وەزیرەكان دوو داواكاری ترن، كە ئەگەری بەهێز ئەوەیە لەرێككەوتنە سیاسییە نهێنییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوەش یەكلاكرابێتەوە، بۆیە پشتیوانییەكە بێنرخ نییە. سوننەكانیش بەهەمان شێوەیە، كۆمەڵێك بەرژوەندیو داواكاری تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوەش لەڕێی گفتوگۆ و پشتیوانیكردنی كاندیدی زۆرینەی ناوماڵی شیعەوە دەتوانن بەدەستیبهێنن، بۆیە بۆ ئەوانیش شەخس بەلایانەوە گرنگ نییە، هێندەی ئەوەی چیان دەستدەكەوێت لەپشتیوانیكردنیدا. زورفی گرەوێكی دۆڕاو بوو هەروەك چاوەڕواندەكرا (عەدنان زورفی) ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەژێر فشاری هێزو گروپە شیعییەكانی نزیك لەئێران داوای لێبوردنی كردو لەراسپادنی بۆ پێكهێنانی حكومەت كشایەوە. زورفی لەڕۆژی 17ی ئازاری ئەمساڵ لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەدەرەوەی خواستی هێزە شیعییەكانی نزیك لەئێران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ڕاسپێردرا، ئەوەش هێندەی تر كێشە سیاسییەكانی عێراقی ئاڵۆزتر كرد. لەگەڵ ئەوەی زورفی توانی ماوەیەك سەرسەخستانە بەرگەی فشارەكان بگرێت، بەڵام لەكۆتایدا نەگەیشتە ئەوەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمانو، وەزیرەكانی ڕووناكی ببینن، هەرچەند مۆڵەتە دەستورییەكەی بەردەمی زیاتر لە هەفتەیەكی مابوو. بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە، ئەوەی وایكرد پرۆسەكە بەو خێراییە كۆتایبێت، هێزە سیاسییە شیعییەكان بەڵێنی پۆستێكی باڵایان بەزورفی داوە لەحكومەتی داهاتوو لەبەرامبەر كشانەوەیو پێداگری نەكردنی لەسەر پێكشەكردنی حكومەتەكەی بە پەرلەمان. كێشەیان لەگەڵ سەرۆك كۆمار هەبوو هێزو لایەنە شیعییەكانی نزیك لەئێران لە دیاریكردنی زورفی_دا، كێشەی سەرەكییان لەگەڵ سەرۆك كۆمار بوو زیاتر لەوەی لەگەڵ زورفی بێت. ڕاسپاردنی زورفی_یان بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای ئەوان بە پێشهاتێكی تازەو مەترسیدار دەزانی، وەك جۆرێك لە قوڵبادانو شكاندنی ئیرادەی سیاسییان لێكدەدایەوە. پێیانوابوو ئەو هەنگاوەی سەرۆك كۆمار تەواوكەری هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكایە بۆ سەر هێزە چەكدارەكانیانو هەردووكیان یەك ئامانجیان هەیە ئەویش لاوازكردنی پێگەو ڕۆڵی هێزەكانی سەر بە ئێرانە لە عێراق، بۆیە بێدەنگیان بە جۆرێك لە خۆكوژی و لاوازبوونی ڕۆڵیان دەزانی لەگۆڕەپانی سیاسیو ئەمنیی عێراقو، بەهەر نرخێك بوبێت ئامادەنەبوون قبوڵی بكەن. "كازمی باشی خراپەكانە" بەڕای بەشێك لە ئاگایانی دۆخی عێراق، مستەفا كازمی بەلای هێزو گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ عەدنان زورفی، یان بەپێوەری ئەوان ئەو كەسە نییە متمانەی تەواوی پێبكەن. پێش ئەوەی ناوی (محەمەد عەلاویو عەدنان زورفی) وەك بەربژێری پۆستی سەرۆك وەزیران بچنە سەر مێزی گفتوگۆی شیعەكان، كازمی كاندیدێكی بەهێزبوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام گروپە شیعییەكان لەنێویاندا كەتائیبی حزبوڵا چەندین تۆمەتیان دایە پاڵ كازمیو بانگەشەی ئەوەیان كرد كە دەستی هەبووە لەكوشتنی قاسم سولەیمانی_دا، بەڵام ئەوەی وایلێكردوون كازمی قبوڵبكەنو زورفی ڕەتبكەنەوە: یەكەم: ڕەتكردنەوەی زورفیو دانانی كازمی، مانای سەپاندنی بڕیاری خۆیانو ڕەتكردنەوەی بڕیاری سەرۆك كۆمار، كە بەجۆرێك لەشەری ئیرادەی دەزانن. دووەم: هێشتنەوەی بڕیاری دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی لەدەستی خۆیانو پیشاندانی ئەو وێنە بەناوەو دەرەوەش كە هێشتا ئەوان خاوەن بڕیاری كۆتاین. سێیەم: ڕێگەنەدان بە دەستبردن بۆ عورفی سیاسی لەعێراقو، گەیاندنی ئەو پەیامەش بەسەرۆك كۆمارەكانی داهاتوو كە دەسەڵاتی ئەوان تەنها ڕاسپاردنە، نەك دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران. چوارەم: ترسی جدیان هەبوو زورفی بەشێك بێت لەپرۆژەیەكی ئەمریكی بۆ لاوازكردنی گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەڵام ئەو ترسەیان لەكازمی نییە، چونكە هەر لەسەرتاوە خۆیان ناویان هێناوەتە پێشەوە. پێنجەم: زورفی لەدەرەوەی خواستی ئەوان دیاریكرابوو، بەڵام كازمی لەسەر پێشنیازی ئەوان دیاردەكرێتو لەژێر فەرمانی ئەواندا دەبێو دەتوانن بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵ بكەن. شەشەم: لەدواین سەردانی بۆ عێراق، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران چاوی بە مستەفا كازمی كەوتبوو، ئەوەش جۆرێك لەدڵنیایدا بە گروپە شیعییەكانو لەدوای ئەوەوە جارێكی ناوی كازمی هاتەوە پێشەوە.
وەرگێڕان:درەو زاناكانو لێكۆڵەرەوەكان لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەوەستان لەهەوڵەكانی زانینی سەرچاوەی پەتاكە. لەسایەی نادیاری شوێنی دروستبوونی ڤایرۆسەكە تازەكە، تێۆری جۆراوجۆری بێبەڵگە بڵاوبووەوە كە لەچوارچێوەی هەوڵە شێلگیرەكاندایە بۆ زانینی سەرچاوەی ڤایرۆسەكە. هەندێك پێیانوایە ڤایرۆسی كۆرۆنا پیلانگێڕییەكی ئابورییە، هەندێكی تر تەكنەلۆجیای نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت تۆمەتباردەكەن، لەكاتێكدا تێۆرێكی تر هەیە دەڵێت، چەكێكی بایۆلۆجیە لەچین دروستكراوە، یان سوپای ئەمریكا دروستیكردووەو هێناویەتی بۆ چین، بەڵام زۆرترین ئەو تێۆرانەی لەناو خەڵكدا باوە جەختدەكات، سەرچاوەكەی بازاڕی شاری وۆهانە. تۆڕی "CNN"ی ئەمریكی لەزاری ژمارەیەك شارەزای بواری ڤایرۆساتەوە بڵاویكردووەتەوە، هەر كەسێك بانگەشەی ئەوە بكات سەرچاوەی "كۆڤید_19" دەزانێت خەمڵاندن دەكات، جەختیشدەكەن كە هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت حكومەتی چین یان ئەمریكا ڤایرۆسەكەی لەناو خەڵك بەدەستی ئەنقەست بڵاوكردووەتەوە، تائێستاش ئەگەری هەر لەنزیك لەواقیعەوە ئەوەیە، ڤایرۆسەكە لەشەمشەكوێرەوە گوازرابێتەوە. لەگەڵ ئەوەی زاناكان تێۆری پیلانگێڕی بەدوور دەزانن سەبارەت بەوەی ڤایرۆسەكە وەك چەكێكی بایۆلۆجی بەكارهاتبێت، بەڵام ئەوان لەبارەی هەندێ پرسی ترەوە دابەشبوون، بەو تێۆرەشەوە كە بەلای زۆرێكەوە پەسەندە بەوەی ڤایرۆسەكە لە بازاڕێكی وۆهان دروستبووە، ئەوانەی لایەنگری ئەم تێۆرەن پێیانوایە ئەو بازاڕە قەرەباڵغە بەخەڵكو ئاژەڵی كێوی بەهێزترین ئەگەرە. بەڵام ئەوانەی گومانیان هەیە لەودیراسەیە جەختدەكەن چەندین كەس لە تووشبووەكانی سەرەتا هیچ پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان نەبووە لەگەڵ بازاڕەكە. ڕووداوێكی ڕێكەوت بووە لەسەرەتای مانگی شوباتدا دوو لێكۆڵەرەوەی چینی تیۆرەیەكیان خستەڕوو كە جەختدەكات ئەسڵی ڤایرۆسەكە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێكی ڕێكەوت لەیەكێك لەو دوو تاقیگەیەی دەكەوێتە نزیك شاری وۆهان. بەڵام زۆربەی شارەزایان ئەو تێۆرەیان ڕەتكردەوەو، ڕایانگەیاند هیچ بەڵگەیەك پاڵشپتی ئەتیۆرە ناكات، هەروەك حكومەتی چین ئەو تیۆرەی بەتوندی ڕەتكردەوە. لەبەرامبەردا، ڕیچارد ئەبرایت پسپۆڕی بواری چەكی بایەلۆجی لەزانكۆی ڕۆتجەر ڕایگەیاند،" تیۆری ڕووداو پێدەچێت لۆژیكی بێت و، ئەگەری گەیشتنی ڤایرۆسەكە بە مرۆڤ لەڕێی ڕووداوێكی تاقیگەوە بەدوور نازانرێت". تیۆری بازاڕ بەدوور دەزانێت وپێیوایە هیچ پەیوەندییەكی بەدروستبوونی ڤایرۆسەكەوە نییە، ڕەنگە بەشداریكردبێت لە بڵاوبوونەوەیدا، بەڵام لەشوێنێكی تری وۆهان دروستبووە نزیكەی مانگێك لەوەو پێش. لێكۆڵەرەوەكان كۆكن لەسەر ئەوەی ڤایرۆسەكە لە ئاژەڵەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ، 27 لێكۆڵەر لەبواری تەندروستی گشتی لەسەرانسەری جیهان، نامەیەكیان لە گۆڤاری "زە لانسێت"ی پزیشكی نوسیو تێیدا ئیدانەی تیۆری پیلانگێڕیان كردو، ئاماژەیان بەوەكرد:" تیۆرەكانی پیلانگێڕی هیچ ناكات جگە لەخولقاندنی ترسو پروپاگەندەو، ئەو لایەنداریانەی دەبنە بەربەست لەبەردەم هاوكاری جیهانی بۆ قەلاچۆكردنی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە". ئەو شارەزایانە بەڵگەی زانستیان خستووەتەڕوو كەپشتیوانی ئەو تیۆرە دەكات بەوەی ڤایرۆسەكە لەسەر زەوی درستبووە، یەكێك لەوانەش (بیتەر داسزاك)ە، كە شارەزایەكی دیاری ڤایرۆساتەو ماوەی 10ساڵە لە چین كاردەكاتو، ڕایگەیاندووە، ئەوان دڵنیان كە "كۆڤید_19" لە شەمشە كوێرەوە هاتووە، بەڵام بەدیاریكراوی ئەو ناوچەیە نازانن كە لێوەی سەریهەڵداوە، یان بەدیاریكراوی لەچی جۆرە شەمشە كوێرەیەكەوە بووە، هەروەك نازانن ژمارەی ئەو ڤایرۆسانەی تر كە بوونیان هەیەو ڕەنگە لەئایندەدا دەربكەون. شەمشەمە كوێرە لەلایەكی ترەوە، مشتومڕ سەبارەت بەوەیە ئاخۆ ڤایرۆسەكە ڕاستەوخۆ لە شەمشەمە كوێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، یاخود ئاژەڵێكی تر هەیە لەو نێوەندەدا، داسزاك پێیوایە ڕەنگە شەمشەمە كوێرەیەك ئاژەڵێكی ماڵی لە مەزرایەك توشكردبێت، دواتر ئەو ئاژەڵە بەزویندووی هێنرابێتە بازاڕ، لەنێو خەڵكدا ماوەتەوە لەیەكێك لە گونجاوترین شوێنەكان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسات، كەئەویش بازاڕی وۆهانی شێدارە. بەڵام ئەو دیراسەیەی كە گۆڤاری " زە لانسێت" بڵاویكردووەتەوە، هەندێك گومانی وروژاندووە سەبارەت بەو تیۆرەو، ڕونیكردووتەوە كە" نزیكەی یەك لەسەرسێی نەخۆشە سەرەتاییەكان پەیوەندییان نەبووە بە بازاڕەكەوە، لەنێو ئەوانەشدا یەكەم نەخۆش كە لە 1 كانوونی دووەم نیشانەكان لەسەری دەركەوتن، كە هیچ پەیوەندییەكەی پەتایی لەنێوان ئەو و حاڵەتەكانی دوای ئەودا نەدۆزرایەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، فنسنت راكانیلۆ مامۆستای زانستی زیندەوەرزانی وورد لەزانكۆی كۆلۆمبیا پێیوایە خەڵك چونەتە بازاڕی فرۆشتنی ماسیو هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون. ئەو تیۆرەیەكی تر بە ڕاست دەزانێتو پێیوایە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جوتیارێك بووە، ڤایرۆسەكە لە پیسایی شەمشەمە كوێرەدایە كە جوتیارەكان لەچەندین وڵات وڵات بەكاریدێنن بۆ بەپیتكردنی زەوییەكانیان، دوای تووشبوونی، ئەو جوتیارە چووەتە وۆهانو خەڵكی تری تووشكردووە. سەرچاوە: عەرەبی جەدید
درەو: "سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵا لەسەر دوو پەرلەمانتار تۆمار دەكات و داوا لەپەرلەمانی كوردستان دەكات پارێزبەندی لەسەریان هەڵبگیرێت" ئەمە بۆچۆنی سەرتیپ جەوهەر رۆژنامەنوس و كادری یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە نوسویەتی" سەرۆكی حكومەت سەرباری نەبوونی دەوام و بە رۆژی شەممە كە دەوام نیە، داوای فەرمی لەسەر دوو پەرلەمانتار تۆمار دەكات و داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی سەریان دەكات تا روبەرووی دادگا بكرێنەوە، لەسەر ئاشكراكردنی گەندەڵی و فەسادی ئەم حوكمڕانیە؟" ئەو كادرەی یەكێتی لە نوسینەكەیدا بەناوی ( رێبەر گێت) ئاماژەی بەوەشكردووە"سەرۆكی حكومەت بەرۆژی قەدەغەی هاتوچۆو بەرۆژی شەممە نوسراوی كردووە تا پەرلەمانی كوردستان دابنیشێت، بۆچی؟ بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دوو پەرلەمانتاریی یەكێتی و كۆمەڵ! لەسەر چی؟ بێگومان لەسەر گەندەڵی ملیار دۆلارەكە!!" بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەو دوو پەرلەمانتارەی كە كادرەكەی یەكێتی ئاماژەی پێكردوون هەریەك لە ( سۆران عومەر) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی و (سەركۆ ئازاد گەڵاڵی) پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە پێشتر هەردوكیان لێدوان و نوسینیان بڵاوكردۆتەوە لەسەر وەرگرتنی ( 250 ملیۆن) دۆلار شیرینی نەوت و (ملیار)دۆلارە دەستبەسەرداگیراوەكەی لوبنان> سەعید هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان داوایكردووە پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) هەڵبگیرێت، ئەو پەرلەمانتارە بە (باسنیوز)ی راگەیاندووە" دەبێت داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە". لە 1ی نیسانی رابردوو لە رونكردنەوەیەكدا نوسینگەی سەرۆكی حكومەتیه هەرێمی كوردستان رایگەیاند" سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵ خەڵكی چەواشە دەكات و لێدوانی ناڕاستی داوە گوایە داهاتی حكومەت لە خەرجی زیاترەو سەرۆكی حكومەت خاوەنداری بانكێك دەكات، بۆیە رێكاری یاسایی بەرامبەری دەگرینە بەر". پێشتریش داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزدار ( مسرور بارزانی ) لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەو راستیەکان پێکهێندرا بۆ بەدواداچوون لە دەنگۆی ئەو (۲٥۰) ملیۆن دۆلارەی کە گوایە کۆمپانیای روزنفت داویەتی بە لایەنێک و وە ئەو (۱۰۰۰۰۰۰۰۰۰) یەک ملیار دۆلار کە گوایە لە بانکێکی لوبنانە وە چەند رۆژێکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس دەکرێ" هەڵگرتنی پارێزبەندی چۆن دەبێت؟ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان شێوازی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران رونكردۆتەوە. بەپێی بڕگەی چوارەم لە مادەی (24)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان هەڵگرتنی پارێزبەندی بە دەنگی زۆرینە دەبێت و لەو بڕگەیەدا هاتووە " بڕیاری هەڵگرتنی پاریزبەندی پەرلەمان، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبوانی پەرلەمانەو لەدەرەوەی وەرزەكانی یاسادانانیش دەستەی سەرۆكایەتی بڕیار لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی دەدات" بەڵام پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان مەرجی داناوە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی و لە بڕگەی پێنجەمی مادەی (24)دا ئاماژە بەوە دەكات " بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی تەنیا بۆ ئەو كردەتاوانیەیە كە لە داواكەی دادوەردا هاتووە، لەسەر كردەكانی تری ئەندام جێبەجێ نابێت".
راپۆرتی: محەمەد رەئوف- فازڵ حەمەرەفعەت مام فەتاح كاسبكارێكی گەڕەكی كارێزانی شاری هەولێر بوو، دوو رۆژ دوای نەورۆزی ئەمساڵ بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، پاش 10 رۆژ لە مردنی ئەو، 23 كەس لە ئەندامانی خانەوادەكەی توشی كۆرۆنابوون. "ئێمە پرسەمان بۆ باوكمان دانەنا، تاوانمان چیە توشی كۆرۆنا بووین، وەزیر بەچی مافێك دەڵێت دوای چاكبونەوەتان دەتان دەینە دادگا" ئەمە وتەی عەبدولڕەزاق كوڕی كۆچكردوو مام فەتاحە. عەبدولڕەزاق هاوسەرو ژمارەیەكی زۆر لە خوشك و براو خوشكەزاو برازاكانی دوچاری كۆرۆنا بوون و هەندێكیشیان كە هێشتا پشكنینەكانیان دەرنەچووە لە كەرەنتینەدان. لە كارێزان چی رویدا؟ رۆژی نەورۆز لەگەڕەكی كارێزانی شاری هەولێر هەمان ئەو گەڕەكەی كە مام فەتاح كۆچی دوایی تێدا كرد، ژنێك كە نەخۆشی درێژخایەنی هەبوو كۆچی دوایی كرد. كەسوكاری ئەو ژنە دەڵێن پرسەیان بۆ مردووەكەیان دانەناوە دانەناوە، بەڵام ئامۆزایەكی بنەماڵەكەیان لە كۆمەڵگەی مەلا ئۆمەری سەر رێگای مەسیفەوە سەردانی كردوون بەمەبەستی سەرەخۆشی، پاش دوو رۆژ لەسەردانەكەی دەركەوتووە توشی كۆرۆنا بووە. وەكوو بەرپرسانی تەندرووستی ئاماژەی بۆ دەكەن ڤایرۆسەكە لە رێگەی ئەو كەسەوە كە لە كۆمەڵگەی مەلا ئۆمەرەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو پرسەكانی گەڕەكی كارێزان. مام فەتاح كە تەمەنی (70) ساڵ بوو دوو رۆژ دوای ئەو ژنە كۆچی دوایی كردووە، لەهەمان گەڕەك و پێكەوە دراوسێی یەكدین، بەپێی قسەی خانەوادەی مام فەتاح خزمایەتی لە نێوان هەردوولادا هەیەو كچێكی مام فەتاح براژنی ئەو ژنە بووە كە بەرلە مام فەتاح كۆچی دوایی كردووە، ئەمە وای كردووە، ئەو كەسەی كە لە مەلا ئۆمەرەوە هاتبوو بۆ پرسەكە ڤایرۆسەكە بۆ هەردوو خانەوادەكە بگوازێتەوە. وەزارەتی تەندروستی چی دەڵێت؟ بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی كە 3ی ئەم مانگە بڵاویكردۆتەوە ( 71) كەس بەهۆی ئەو دوو پرسەیەوە توشی كۆرۆنا بوون. توشبوانی گەڕەكی كارێزان حكومەتی هەرێمی خستە بواری نائاساییەوە تا ئەو رادەیەی بۆ ماوەی (48) كاتژمێر رێوشوێنی قەدەغەی هاتوچۆی تا ئەو رادەیە توند كردەوە كە تەنانەت ماركێت و نانەوا خانەكانیشی داخست. مەترسی بارودۆخەكە وای لە وەزیری تەندروستی كرد كە بڵی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی گەورەیەدایە، ئەم قسەیە لەناو خەڵكیش ترسی زۆری درووست كرد. زنجیرەی تۆماركردنی توشبوانی دوو پرسەكە بەم شێوەیە بوو: • رۆژی 3ی نیسان ( 6 )كەس توشبوون • 4ی نیسان ( 6 )كەسی دیكە توشبون • 5ی نیسان (18) كەس توشبون • 6ی نیسان (41) كەس توشبون خانەوادەی مام فەتاح بەپێی قسەی عەبدولڕەزاق كوڕی كۆچكردوو مام فەتاح كە بەتایبەت قسەی بۆ (درەو) كرد، بەتەنیا لە خانەوادەكەی ئەوان (23) كەس توشی كۆرۆنا بوون، بەم شێوەیە:. - خێزانی مام فەتاح و كوڕێكی و بوكێكی لە گەڕەكی كارێزان. - هاوسەرو دووكچی عەبدولڕەزاق كوڕی مام فەتاح لە گەڕەكی زانكۆ. - كچی كوڕێكی مام فەتاح لە گەڕەكی ئاڵتون سیتی. - كوڕێكی تری مام فەتاح لەگەڵ هاوسەرەكەی لەگەرەكی كاریزان. - كوڕێكی مام فەتاح و هاوسەرەكەی و كوڕیكی لە گەڕەكی كانی گەلی. - هاوسەرو منداڵێكی كوڕێكی تری مام فەتاح لە گەڕەكی چناری. پێشتریش وەزارەتی تەندروستی (32) كەسی توشبووی راگەیان لەناو ئەوانەدا (8) كەسیان لە خانەوادەی كۆچكردوو مام فەتاح بوون بەم شێوەیە:. - خوشكێكی خێزانی مام فەتاح لەگەڵ كچێك و دوو كوڕی لە گەرەكی سەركەوتن. - برایەكی خێزانی مام فەتاح و هاوسەرەكەی و دوو منداڵی و دایكی لەگەرەكی سەركەوتن. مام فەتاح خەڵكی (بیرێجنە)ی سەربە كۆمەڵگەی قوشتەپەی هەولێر بووە، پیاوێكی كاسب بووە. عەبدولڕەزاقی كوڕی نیگەرانە لەوەی سەرباری ئەوەی پرسەیان بۆ كۆچی باوكیان دانەناوەو پابەندی رێنماییە تەندروستیەكان بوون (وەكو خۆی دەڵێت) ، لە لایەن حكومەتەوە هەڕەشەی دادگاییكردنیان لێدەكرێت دوای چاكبونەوەیان لە پەتای كۆرۆنا. وەكو عەبدولڕەزاق باسی دەكات ئەوان خۆیان لە بنەڕەتەوە خانەوادەیەكی قەرەباڵغن و لەكاتی پرسەكەدا تەنها كوڕو كچ و براكانی سەردانی ماڵەوەیانكردووە، تەنانەت خێوەتیشیان بۆ پرسەی باوكیان دانەناوە. تەرمی كۆچكردوو مام فەتاح لە گوندەكەی خۆی بەخاكسپێردراوە عەبدولڕەزاقی كوڕی دەڵێت: هەر لەوێ بە خەڵكەكەمان راگەیاند كە ئێمە لە سەر بنەمای رێنماییەكانی حكومەت پرسە دانانێین. عەبدولرەزاق بەم شێوەیە كۆتایی بە قسەكانی هێنا" ئەم كۆرۆنایە شتێك نیە بە ئەنقەست گواستبێتمانەوە، بەڵایەكەو هاتووە، تاوانی ئێمە چیە..؟؟؟" ئێستا خانەوادەی مام فەتاح لەلایەك بەهۆی كۆچی دوایی باوكیانەوە، لەلایەكی تر بەهۆی پەرتبوونی خێزانەكەیان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناو كەرەنتینەكردنیانەوە، خەمەكەیان بووە بە دوو خەم، لەولاشەوە نیگەرانن لە قسەو باسی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و تۆمەتباركردنیان بە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە.
راپۆرتی: درەو ڕەنگە هێزە شیعییەكانی نەیاری (عەدنان زورفی) لەنێوان خراپو خراپتردا، بەناچاری هانایان بۆ خراپەكە بردبێتەوە. پێشئەوەی ناوی (محەمەد عەلاویو عەدنان زورفی) بێتە ناو ناوانەوە، (مستەفا كازمی) چانسێكی بەهێزی بوو بۆ ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام هەندێك لەهێزە شیعییەكان بەتوندی ڕەتیانكردەوەو، بەدەستكەلای ئەمریكایان ناوبرد. كە (عەلاوی) شكستهێناو (زورفی) هاتە پێشەوە، جارێكی تر هانایان بۆ (كازمی) بردەوە. لەوەناچێت (كازمی) ئەمجارە بەنرخێكی هەرزان بچێتەوە بەردەستیان، وەك دەوترێت هێشتا ڕەزامەندی پیشاننەداوەو، لیستێك مەرجیشی بۆ هێزە شیعییەكان ڕیزكردووە، چونكە ترسی هەیە هێنانەوە پێشەوەی ناوەكەی تەنها بۆ شكستپێهێنانی (زورفی)بێو، دواتر كەسێكی تر كاندیدبكەن، یان عادل عەبدولمەهدی لەشوێنی خۆی بهێڵنەوە. بەرەی دژە زورفی ڕێككەوتن دوای چەند ڕۆژێك لەكۆبونەوەو دانوستانی بەردەوام، هێزە شیعییە نەیارەكانی (عەدنان زورفی) ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، گەیشتنە رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق، بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو. بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، ڕێككەوتنە دوای ئەوە هاتووە، شەوی ڕابردوو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح"و نوری مالیكی سەرۆكی "ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا"و عەمار حەكیم سەرۆكی "ڕەوتی حیكمە" لەشاری بەغداد كۆبونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ترسی جدییان هەبووە لەوەی (زورفی) بتوانێت لەڕێی ئەو پشتیوانییەی لەلایەن بەشێكی بەرچاو لە پەرلەمانتارانەوە لێدەكرێت، كابینەكەی لەدەرەوەی خواستی ئەوان لەپەرلەمان تێپەڕێنێت. سەركردەیەك لە هاوپەیمانی "فەتح" لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعرەبی ئەلجەدید" ئاماژەی بەوەداوە: محەمەد یەعقوبی سەرۆكی حزبی"فەزیلە"و فالح فەیاز سەرۆكی هاوپەیمانی "عەقد" یش، بەشێكن لەو ڕێككەوتنەی (عامریو مالیكیو حەكیم) ئەنجامیداوەو، ڕەزامەندییان پیشانداوە لەسەر كاندیدكردنی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق لەشوێنی زورفی. ڕوونیشكردووەتەوە: هاوپەیمانی "نەسر" بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ڕەتیكردووەتەوە بەشداری ئەو ڕێككەوتنەبكات، نوری مالیكی_یش مەرجی ئەوەی هەیە (كازمیی) لەلایەن زۆرینەی شیعەكانەوە پشتیوانی بكرێت، بۆ ئەوەی پشتگیری بكات. كوردوسوننەو سەدر لەناوەڕاستدا وەستاون سەركردەكەی هاوپەیمانی "فەتح" ئەوەشی ئاشكراكردووە: موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، جەختی كردووە كەهیچ تێبینییەكی نییە لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمیی)، بەڵام بەدوو مەرج: یەكەم: ڕێككەوتنی هەمووان (شیعەكان) لەسەر پشتیوانیكردنی. دووەم: هێزە سیاسییەكان بەشێوەیەكی ڕەسمی پشتیوانی ئەو كاندیدكردنەكەبكەن. سەدر ئەوەشی بەهێزە سیاسییەكان ڕاگەیاندووە: هاوپەیمانی "سائیرون" بەشداری دانیشتنی متمانەدان بەزورفی دەكاتو، ئەگەر زورفی توانی نیساب تەواو بكات، ئەوا "سائیرون" دەنگ بۆ متمانەدان بە كابینەی حكومەتەكەی دەدات. بەگوێرەی سەرچاوەكە، ئەو هێزە شیعییانەی لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمیی) ڕێككەوتوون، پەیوەندییان بە هێزە كوردیو سونییەكانەوە كردووەو، ئەوانیش لای خۆیانەوە پشتیوانیان بۆ هەر بڕیارێك دەربڕیوە كەزۆرینەی سیاسی شیعەكان لەسەری ڕێكبەكەون، چونكە ئەو پۆستە بەپێی عورفی سیاسی لە پشكی پێكهاتەی شیعەیە. وەك دەوترێت ئێستا بەرەی نەیاری چاوەڕێن، (عەدنان زورفی)بكشێتەوە یان لەپەرلەمان شكستبهێنێت، بۆ ئەوەی بەنوسراوی فەرمی كاندیدكردنی (مستەفا كازمی) پێشكەش بە سەرۆك كۆمار بكەن. پێشتر كاندیدكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەلایەن هەندێك لەهێزە شیعییەكانو گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە بە توندی ڕەتكرایەوە، لەو گفتوگۆیانەی پێش ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاویو عەدنان زورفی لەنێوان هێزە شیعییەكاندا بەڕێوەچوو. كازمی.. كاندیدی ناچاری! پێدەچێت ترس لەدەرچوونی زورفی وای لەهێزە شیعییەكان كردبێت بە كازمی ڕازیبن، لەبەرامبەردا هەندێك لەسەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، كازمی ئەمجارە مەرجی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكەو تائێستا ڕەزامەندی پیشان نەداوە: مەرجەكانی كازمی: یەكەم: پێدانی دەرفەتی تەواو بە عەدنان زورفی لەهەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت. دووەم: دەربڕینی ڕەزامەندی هێزە شیعییەكان بە نوسراوی فەرمی سەبارەت بە ڕاسپاردنی. سێیەم: دەستوەرنەدان لە پێكهێنانی حكومەتەكەتو پرۆگرامی حكومەتەكەی. چوارەم: ئازادی تەواوی هەبێت لە هەڵبژاردنی وەزیرو پۆستەكانی تر. ئەوەش بەو مانایەی كاندیدكردنی كازمی پێویستی بە ڕەزامەندی ڕای كوردو سونەیە كە پێشتر محەمەد تۆفیق عەلاوی_یان ڕەتكردەوە بەهۆی پێداگری لە دیاریكردنی وەزیرەكانی بەبێ گەڕانەوە بۆ هێزە سیاسییەكان. هەر لەم میانەدا، سایتی "موازین" لەزاری سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانەوە بڵاویكردووەتەوە: مستەفا كازمی كۆمەڵێك مەرجی دیاریكردووە لەبەرامبەر دەربڕینی ڕەزامەندی بە ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، چونكە كازمی ترسی هەیە ناوەكەی بۆ یاری سیاسی كێش بكرێتە ناو گۆڕەپانەكە بۆ شكستپێهێنانی عەدنان زورفیو، دواتر دەستنیشانكردنی كاندیدێكی تر یان هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی. كوتلەكەی زورفی گەشبینە ئەحمەد حەمەدانی، سەركردە لە هاوپەیمانی "نەسر" دەڵێت: عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ئەوەی لەسەربوو كۆتایی پێهێناوە، پێكهاتەی كابینەی حكومەتەكەی تەواوكردووە، ئێستا چاوەڕێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ پێدانی متمانە بە حكومەتەكەی. حەمەدانی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە: تائێستا زورفی چانسی باشەو پشتیوانییەكی پەرلەمانیی گەورەی هەیە، ڕێككەوتنی نەیارەكانیشی لەسەر كاندیدكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، كاریگەری لەسەر چانسی زورفی نابێت، چونكە چانسی زورفی پشتی بە پەرلەمانتاران بەستووە. جەختیشكردووە: زورفی بەنیاز نییە بكشێتەوە، بەڵكو ئەو پێداگرە لەسەر پێكهێنانی حكومەتەكەیو بەدیهێنانی داواكاری چاكسازیو گۆڕانكاری، دوای بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان، گفتوگۆكانیشی بەردەوامە لەگەڵ پەرلەمانتارانو، كوتلە شیعیوسونیو كوردییەكان پشتیوانی دەكەن.
درەو: " یەكێتی و پارتی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنایان كردە دەسكەلایەك بۆ تۆڵەی سیاسی و زیندوكردنەوەی كولتوری ناوچەگەرێتی" ئەمە بۆچونی سەنتەری توێژینەوەو راپرسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە كە لەلایەن د. یەحیا عومەر رێشاوەیەوە ئامادەكراوە. سەنتەری توێژینەوەی یەكگرتوو دەڵێت"حكومەتە هەرێم لە ڕێوشوێنەكانی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم نەخۆشیە دەیەوێت بوونی (ئیداریی- سیاسی)یانەی خۆی بسەلمێنێت و وەك بەهانەیەك بۆ دواخستن و دەستكاریكردنی مووچەی كارمەندان بەكاری بهێنێت". دەقی شیكارییەكەی سەنتەری توێژینەوەو راپرسی یەكگرتوو: (كۆرۆنا) لە پەتایەكی سروشتیەوە بۆ جەنگێكی ساردی سیاسیی سەنتەری توێژینەوە و ڕاپرسی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان شیكاریی: پ.ی.د.یەحیا عومەر ڕێشاوی 6/4/2020 دەستپێك پەتای (كۆرۆنا) وەك نەخۆشیی و دیاردەیەكی جیهانیی، شوێنەوارە تەندروستیی و جەستەییەكانی تێپەراند، بەرەو شوێنەواری گەورە و كاریگەر لەسەر سێكتەری بازاڕی جیهانیی و ئابوریی وڵاتان و بواری پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و باری دەرونیی خەڵك، هەروەها بەرەو ژینگەی خوێندنگە و زانكۆكان و ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان بە شێوەیەكی گشتیی، كاریگەریەكان گەشتە بواری سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لەسەر ئاستی جیهان. ئەمرۆ ئەم نەخۆشیە تەنها پەتایەك نییە و پزیشكەكان و نەخۆشخانەكانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردبێت، بەڵكو باس و خواسی سەركردە سیاسیەكانی جیهان و كاروبارەكانی حوكمرانییە لە جیهاندا و سەرجەم دۆسیەكانی بۆ ماوەیەك خستۆتە سەر ڕەفە، باس هەر باسی نەخۆشی (كۆرۆنا)یە و هیچی تر. تەنانەت بە هۆی ئەم پەتایەوە چەندین كۆنفراس و كۆبونەوەی گرنك و هەستیاری سیاسیی و ئابوریی و زانستیی لەسەر ئاستی جیهان دواخراون بۆ كاتێكی نادیار، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕێكخراوی تەندورستیی جیهانیی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختی بوون و زەرورەت و خۆسەلماندندان. ئەم ڤایرۆسە ڤیستیڤاڵ و پاڵەوانێتیە وەرزشیەكانی وەستاند، گەشتی ئاسمانیی پەكخست، جموجوڵی گەشتیاریی لە جیهاندا دووچاری ئیفلیج بوون كرد، كاریگەریی لە سەر سەدان سێكتەری دیكەی ژیانی مرۆڤایەتی دروست كرد، وێرای هەموو ئەمانە ئەم ڤایرۆسە نەبینراوە دزەی كردە نێو كۆشك و ساختمانی سەركردە سیاسیەكانی جیهان و (ترامب و ئەنجیلا مێركل و بۆریس جۆنسن و رۆحانیی) خستە بەر تیشكی (میدیایی – سیاسی) و (پەرژینرێژ - كەرەنتینە) كردن و پشكنینی وردی تەندروستییەوە. (كۆرۆنا) و سرینەوەی نەیارەكان لە ئێستادا (كۆرۆنا) وەك ئامرازێك بۆ یەكتر سڕینەوە و توڵەكردنەوە بە كاردەهێنرێت، لەگەڵ تەشەنەكردنی ئەم پەتایە كێشە و ململانێ ئاشكرا و سڕبوەكانی نێوان وڵاتان، جارێكی دیكە سەریان هەڵدایەوە، بۆ نموونە كاتێك حكومەتی ئەمریكیی لەسەر زاری (دۆناڵد ترامب)وە رێگەی گەشتكردنی بۆ ئەوروپا لە هاوڵاتیانی گرت و (بەریتانیا)ی لێ جیا كردەوە ! ئەو كاتە دەركەوت كە چۆن ئەم پەتایە تێكەڵ بە سیاسەت كراوە و ڕاستی ململانێی نێوان وڵاتانی زلهێز و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی خستە ژێر پرسیارەوە. هەر لەسەرەتاوە باس و خواسی ئەوەی گوایە ئەم ڤایرۆسە بەرهەم و دروستكراوی ئەمریكایە و دەیەوێت لە رێگەیەوە تۆڵە لە نەیار و دوژمنەكانی وەك (چین و ئێران) بكاتەوە، بوویە باس و خواسی هەندێك لە دەزگا میدیاییەكان و پانتاییەكی بەرفراوانی لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان داگیر كرد، تەنانەت لە (چین) پەنجەی تۆمەتباریی بۆ سوپای ئەمریكیی بەوەی دەیانەوێت جەنگێكی (ڤایرۆسیی – بایلۆجیی) لە جیهاندا بەرپا بكەن درێژكرا، لە بەرامبەردا سەرۆكی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (دۆناڵد ترامب)، لە تویتێكیدا ڤایرۆسی كۆرۆنای بە (ڤایرۆسی چینیی)! ناوزەد كرد، بەمشێوەیە شەڕێكی میدییایی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەرپا بوو، هەندێك لە سیاسەتمەدارانی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش رایانگەیاند كە ئەم ڤایرۆسە تاقیكردنەوەیەكی زانایانی (چین) بووە و لە دەستیان دەرچووە !، هەروەها پەنجەی تۆمەتیان بۆ (ڕوسیا) درێژ كرد بەوەی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای بە دروستكەری ئەم ڤایرۆسە تۆمەتبار كردووە، كار گەیشتە ئەوەی لە سەرەتای بڵاوبونەوەی پەتاكە (دۆناڵد ترامپ)، حزبی دیموكراتیی وڵاتەكەی خۆی تۆمەتبار بكات، بەوەی دەیانەوێت فوو بكەنە بابەتەكە و قەبارەیەكی گەورەتر لەخۆی پێ بدەن !، جگە لەوەی لە زاری سەركردە باَلاكانی ئێرانەوە چەندین جار لێدوانی ئەوە درا كە ئەم پەتایە ڤایرۆسێكەو لە تاقیگەكانی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە تایبەت بۆ ئێران دروست كراوە و ڕەوانە كراوە ! لە لایەكی دیكەوە بەشێك لە چاودێران پێیان وایە بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم نەخۆشیەو زۆربوونی قوربانیەكان لە (ئیتاڵیا)، بۆ مشەخۆریی هەندێك لە كۆمپانیاكانی جل و بەرگی (فاشیۆن)ی ئیتاڵیی دەگەڕێتەوە، ئەوان بەڕێگەیەكی نافەرمی و قاچاخ و دوور لە ئاگاداری حكومەت، دوو كرێكاری چینی كە نەخۆشیەكەیان گرتووە، هێناوە بۆ ئیتاڵیا و لە ڕێگەی ئەوانەوە پەتاكە بڵاوبووەتەوە. هەر لەم شەرە سیاسی و میدیاییەدا سعودیە و ئێران كەوتنە هێرشی میدیایی بۆ سەر یەكتر، وەزارتی تەندروستیی ئَێران ئەو لێدوانانەی دەسەڵاتدارانی سعودیەی بەدرۆ خستەوە كە لایان وایە مۆر لە پاسەپۆرتی ئەو هاوڵاتیە ئێرانیانە نەدراوە كە لە ئێرانەوە گەراونەتەوە بۆ سعودیە، لای خۆیەوە سعودیە ئێرانی بە بەرپرسیار لە زیاتر تەشەنەكردنی ئەم ڤایرۆسە لەقەڵەمدا، لەبەرامبەردا بەرپرسانی ئێرانیی داوایان لە سعودیە كرد كۆرۆنا نەكاتە بابەتێكی شەڕ و تەسفیەی سیاسی، هەر لەم میانەیەدا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش بابەتی كۆرۆنای بە هەلێكی باش زانی و وەك كارتێكی فشار بەرامبەر حكومەتی ئێرانیی بەكاری هێنا، (ئەنجومەنی نیشتیمانیی بەرگریی ئێرانیی) لە تاراوگە رژێمی ئێرانیان بەوە تۆمەتبار كرد كە لە ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا درەنگ كەوتوون و بووەنەتە هۆی تەشەنەكردنی نەخۆشیەكە. لە (لوبنان)یش شەڕێكی (سیاسی – میدیایی) لە نێوان حیزبوڵڵا و پارتە سیاسیەكانی دیكەی گۆڕەپانی سیاسی لوبنان و نێوان حكومەتی لوبنانیدا لەسەر ئەم بابەتە دروست بووە، (كۆرۆنا) وەك ئامرازێك بۆ تۆڵەسەندنەوە لەیەكتر بەكار دەهێنرێت. هەرم لەم میانەدا هەریەك لە حكومەتەكانی میسرو ڤەنزویللا هەڕەشە و سزای توندیان ئاراستەی هەموو ئەوانە كرد كە دەیانەوێت كۆرۆنا بە سیاسیی بكەن، دەزگا ئەمنیەكانی میسر چاودێرییان خستوەتە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و سێ چالەكەوانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیان بەوەی دەنگۆو قسەی هەڵبەستراویان لەسەر ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی كۆرۆنا لە میسر بڵاو كردووەتەوە دەستگیر كرد. لە ئیسرائیلیش (نەتانیاهۆ) داوای لە حزبە سیاسیەكان و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی كرد، پێكەوە هاوپەیمانێتیەك دروست بكەن بۆ ڕووبەرووبونەوەی پەتای (كۆرۆنا). (كۆرۆنا) و جیهانگەرایی و دەوڵەت بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە و شوێنەوارەكانی ئەو راستیەشی دوپاتكردەوە، كە لەگەڵ بڵاویی و گەورەیی و هەژمونی كۆمپانیا ئابوریە زەبەلاحەكانی دونیا و لەگەڵ ئەوەی زۆربەی سێكتەرە ئابوریی و خزمەتگوزاریی و تەندروستییەكان لە نێو چنگی كۆمپانیای تایبەت و فرە رەگەزەكانن لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هێشتا دامەزراوەی دەوڵەت و حكومەت ڕۆڵیان بە بەهێزیی ماوەتەوە، ئەوە حكومەت و دەزگاكانیەتی كە دەتوانێت ڕووبەرووی ئەم جۆرە قەیرانانە ببێتەوە، چەمكەكانی نەمانی دەوڵەت و نەمانی سەروەری وڵاتانی نێو دیاردەی جیهانگەرایی خستە ژێر پرسیارەوە. بەڵام بە دیوێكی تردا بڵاوبونەوی ئەم پەتایە وابەستەیی ئابوری زۆرێك لە وڵاتانی لە كاتی قەیرانەكاندا بۆ وڵاتانی زلهێز دەرخست، ئەمەش ڕێگە خۆشكەرە بۆ ئەوەی وڵاتانی زلهێز زیاتر هەژمون و دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و ژمارەی وڵاتە وابەستەكان زیاتر بن. دیارە بڵاوبونەوەی ئامرازە میدیاییانەكان و بە تایبەت كەناڵە ئاسامانیەكان و تۆڕی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و جیهانگەرایی میدیا بە شێوەیەكی گشتی، پاڵپشتێكی گرنگ بوون بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوە ببێتە ڕووداوێكی جیهانیی و جگە لەوەی پەتاكە پەیوەستە بە تەندروستی و ژیان و مردنی مرۆڤەكانەوە و بابەتێكی هەستیار و مەترسیدارە لەسەر ئێستا و داهاتوی مرۆڤایەتیی، بەجۆرێك هەندێك لە چاودێران باس لە جیهانی (پێش و پاش كۆرۆنا) دەكەن. لەبەر ئەوەی پەتاكە جیاوازی نەكرد لە نێوان وڵاتانی پێشكەوتوو وڵاتانی دواكەوتوودا، پێیان وایە ئەم پەتایە دەبێتە هۆی پێداچونەوەیەكی ڕیشەیی لە سیاسەتی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بەشێوەیەكی گشتی. ئەگەر نەڵێین ڤایرۆسەكە و نەخۆشیەكە زیاتر بەرۆكی ئەو وڵاتانانەی گرتەوە كە لە سەر ئاستی جیهاندا بە وڵاتانی پێشكەوتوو ناوزەد دەكرێن، وەك چین و وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا. خاڵێك لێرەدا جێگەی ئاماژە پێكردنە، ئەو مەترسیەیە كە ڕووبەرووی جیهان دەبێتەوە لە حاڵەتی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە بكەوێتە دەست ڕێكخراوە تیرۆریستیەكان و وەك چەكێكی قركردن بۆ سەر وڵاتێكی دیاریكراو بەكاری بهێنن. ڕەنگە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، بەئاگا هێنانەنەوەیەك بیًت بۆ مرۆڤایەتی و ئەوانەی پێشكەوتنەكانی مرۆڤ و شارستانێتیەكەیان لەلوتكە و بە كۆتایی مێژوو دەبینی، ئەم ڤایرۆسە لاوازی مرۆڤی بەرامبەر هەندێك لە دیاردە سروشتیەكان دەرخست، پەیامێكی دایە سیاسیەكان و زانایان لە سنورداریی توانا و ئیمكانیاتیان لە رووبەرووبونەوەی هەندێك لەو قەیران و هەڕەشانەی ڕووبەرووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەبێتەوە. كۆرۆنا و نەوت و سیاسەت ئەوەی وەك دیارەدەیەكی ئاشكرا لە بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لەسەر ئاستی جیهان دەبینرێت، كاریگەریەكانیەتی لەسەر سێكتەری وزەو نرخی نەوت، بەجۆرێك بڵاوبونەوەی (كۆرۆنا) نرخی بەرمیلێك نەوتی گەیاندە نزمترین ئاست، نزیك بوویەوە لە (20$)- نەوتی برینت لە 1/4/2020 بە 21.74% تۆماركراوە-. كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر باری دارایی و ئابووری وڵاتان دروست كردو شەڕەكە بە خەستی لە نێوان (ڕوسیا و سعودیە)دا سەریهەڵدا، كاتێك ڕوسیا ویستی ئەم بارودۆخە بقۆزێتەوە و بوونی خۆی لە بازاڕی نەوتدا بسەلممێنێت و هێڵی بەرهەمهێنانی دەستكاری نەكرد، لەبەرامبەردا سعودیە هەندێ ڕێوشوێنی گرتە بەر كە بوویە هۆی دابەزێنی نرخی نەوت و ئەو ئاسەوارە مەترسیدارانەی كە لەسەر ئابوری جیهانی دروست كرد، هەندێكیش بابەتەكە دەگەڕێننەوە بۆ تیۆری پیلانگێڕیی و سیاسەتی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت. دابەزینی نرخی نەوت حكومەت و وڵاتانی زلهێزو خاوەن وزەی ناچار كرد بكەونە گفتوگۆ، لە دواین لێدوانی فەرمیدا حكومەتی سعودیە ڕایگەیاند (دۆناڵًد ترامپ) داوای لە سعودیە كردووە تا سەقامگیریی بگەرێتەوە بۆ بازاری نەوتی جیهانیی بەرهەمهێنانی لە نەوت كەم بكاتەوە، هەرچۆن بێت (كۆرۆنا) شڵەژانێكی خستە نێو بازاڕو نرخی نەوت و كاریگەریی لەسەر پەیوەندیە (ئابوری - سیاسی)یەكانی جیهان دروست كرد. ئەگەر وەك نمونە باس لە عێراق بكەین لەسەر ئەم كاریگەریانە، ئەوا عێراق لە بوودجەی ساڵی 2020 یەك بەرمیل نەوتی بە 56 دۆلار خەمڵاندووە و بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازار زیاتر لە 105 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە كراوەو هەر بەرمیلێك بەتێكڕا بە 21 دۆلار فرۆشراوە. كۆی داهاتاكەشی نزیكەی سێ ملیار دۆلار بووە. ئەمە لە كاتێكدایە قەبارەی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە مانگی شوبات 98 ملیۆن بەرمیل بووە، كۆی داهاتاكەی 5.5 ملیار دۆلار بوو، بودجەی 2020 ی عێراقیش لەسەر بنچینەی نرخی نەوتی 56 دۆلاری ڕێكخراوەو هێشتاش پەسەند نەكراوە، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستی 20 دۆلار كورتهێنانی بودجە بە ڕادەیەكی بەرچاو بەرز دەكاتەوەو ئاسەوارەكانی لەسەر بواری ئابووری كاریگەریی لەسەر ڕەوشە سیاسیەكە دروست دەكات. (كۆرۆنا) و كەرتی تەندروستی و بزنس لەمەودوا لەپاڵ هێزی سەربازی و هێزی ئابوریی وڵاتاندا، لە داهاتوودا هێز و توانای (تەندروستی)ش دەبێتە پێوەرێك بۆ توانا و هەژموونی وڵاتان، (كۆرۆنا) زۆر بە ڕوونی دەریخست سیستەمی ئابووری و تەندروستیی و پەروەردەیی وڵاتێك دەتوانێت وەك هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی دەركەوێت، دیارە ئەم پەتایە بووە وێناو دەرخەری سیاسەتی تەندروستیی هەندێك وڵات و ڕادەی هەماهەنگیی و لێك تێگەشتنی نێوان دەزگا حكومیەكان لە هەندێ وڵاتدا، (لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2020 لانی كەم چوار پەتای كوشندەی جیهانیی لەسەر ئاستی جیهان بڵاوبوەتەوە: سارس، مێرس، H1N1و كۆرۆنا)، بۆ نموونە ئیتاڵیا، كە هەندێك لە چاودێران حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە نەیانتوانی لە ئاستی ڕووداوەكەدابن و هەماهەنگی پێویست نەكراوە بۆ چۆنێتی ڕووبەرووبونەوەی پەتاكە. جگە لەوەی ئەم پەتایە لەرزۆكی و فشۆڵی سیستمی تەندروستی هەندێ وڵاتی گەورە و دەوڵەمەندی دەرخست، بەوەی ئەم سیستمە بەرگەی بارێكی كتوپری لەم شێوەیەی نەگرت و بەپێی هەندێك ڕاپۆرتی تەندروستی جیهانیی بۆ ساڵی 2019 هەموو وڵاتانی جیهان توانای بەرگریی ئەم جۆرە نەخۆشیانەیان زۆر لاوازە و بەشێكی زۆر لە سیستمی تەندروستی تەنها بۆ دەوڵەمەندەكانە و هەژارەكان ناتوانن سوودی لێ وەربگرن. لە لایەكی دیكەوە ئەم پەتایە كێشە و گرفتەكانی نێو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپای دەرخست، هەندێك لە وڵاتانی وەك ئیتاڵیا و ئیسپانیا گازەندەیان ئاراستەی یەكێتی ئەوروپا كرد، كە لەم قەیرانەدا وەك پێویست هاوكاری و هەماهەنگیان لەگەڵ نەكردوون و لە نیوەی رێگەكەدا بەجێیان هێشتوون، هەندێك لەو وڵاتانە هەر لە ئێستەوە بیر لەوە دەكەنەوە كە لەو یەكێتیە بكشێنەوە. هەر لەم میانەیەدا شەڕی كۆمپانیاكانی (دەرمان)یش وەك كارتێكی سیاسیی لەسەر ئاستی جیهان خۆی خزاندە نێو باس و خواسی ئەم پەتاو نەخۆشیە و هەندێك تۆمەت دەخەنە پاڵ كۆمپانیاكانی دەرمان و لە پشتیشیانەوە هەندێك لە حكومەتەكان، بەوەی دەیانەوێت پێكوتە و چارەسەری ئەم نەخۆشیە بكەنە فرسەتێكی دەوڵەمەند بوونی زیاتر و بەكارهێنانی وەك كارتی فشاری سیاسی بۆ سەر وڵاتانی تر. خۆ ئەگەر وڵاتێك ئامادە بێت لە ململانێی سیاسیدا مافی ژیان لە هاوڵاتیانی وڵاتێكی دیكە بسەنێتەوە، چەكی كیمیایی و ئەتۆمیی بەرهەم بهێنێت و ئەگەر بیەوێت بەكاری بهێنیت، دوور نیە ڤایرۆسێكیش بۆ هەمان مەبەست بۆ سرینەوەی بەرامبەرەكەی بەكار بهێنێت. مێژوی مرۆڤایەتی و جەنگە جیهانیەكانیش دەیان نمونەی لەم شێوەی لە خۆگرتووە، ئەگەرچی لە بارودۆخی سیستمی ئێستای جیهانیدا بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكانە بەدوور دەزانرێت، بەڵام مەحاڵیش نیە، هەربۆیە نووسەرێك پێی وایە كە پێویستە وڵاتان چاو بە پەیوەندیەكانیان لە بواری سێكتەری سیاسیی و تەندروستیدا بخشێننەوە و (جیهانگەریی تەندروستیی) بۆ بەدەمەوە هاتن و چارەسەركردنی ئەم پەتا جیهانیانە دروست بكەن. (كۆرۆنا)ی گرێدراو بە (سیاسەت) لە هەرێمی كوردستان لێرەدا پێویستە ئاماژە بە تێكەڵبونی ئەم پەتایە بە ململانێكانی نێوان (یەكێتی و پارتی) لە هەرێمی كوردستاندا بكەین، بە جۆرێك هەندێك جار بڵاوكردنەوەی نەخۆشیەكە و ڕێوشوێنەكانی بەرگریی لە نێوان هەردوو دەڤەر، لە زاری بەشێك لە بەرپرسە سیاسەكانەوە دەبیستراو لەڕێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە ئەم شەڕە لەسەرەتای بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە گەرم كراو كولتوری دەڤەر و ناوچە و هەژمونی دەسەڵاتی نێوان هەردوو حزب جارێكی تر سەریهەڵدایەوە، (كۆرۆنا) حزبەكانی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان لایەنەكان و دواكەوتنی موچە هێنایە دەنگ، ( لە دەرنجامی پەتای كۆرۆنا) بەیاننامەیان دەركرد و كەناڵە سیاسیەكانی حزبە سیاسیەكان لە باس و خواسی جموجوڵی سیاسی و گۆڕانگاریە سیاسیەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و كوردستان، گۆڕرا بە باس و خواس و شرۆڤەكردنی وردەكاریی پەتاكە، جگە لەوەی لێكەوتەكانی پەتاكە تێكەڵ كرا بە ململانێكانی نێوان هێزە نەیارەكانی نێو شاری سلێمانی و تۆمەتباركردنی یەكتر و شەری میدیایی، كار گەشتە باسكردنی نەبونی نەخۆشی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و سكاڵا تۆمار كردن و تەشەنەكردنی بابەتەكە بۆ شەری میدیایی و گەیاندنی بە دادگاكان. هەروەها حكومەتە هەرێمی كوردستان لە ڕێوشوێنەكانی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم نەخۆشیە دەیەوێت بوونی (ئیداریی- سیاسی)یانەی خۆی بسەلمێنێت و وەك بەهانەیەك بۆ دواخستن و دەستكاریكردنی مووچەی كارمەندان بەكاری بهێنێت، ئەمەش بووبە هۆی ئەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان و حزبەكانی دیكە و ئەندام پەرلەمانەكانی هەرێم لە بەغدا هەڵویستی توند بەرامبەر حكومەت دەرببڕن و بەیاننامە دەربكەن، حكومەت ناچار بكەن لەم بڕیارەی لە بارودۆخی بڵاوبونەوەی نەخۆشی (كۆرۆنا)دا پاشگەز ببێتەوە. دەرەنجام 1ــ (كۆرۆنا) قەیران و ململانێی نێوان وڵاتانی تۆختر كردەوەو ئەم پەتایە تێكەڵ بە سیاسەت كرا، ڕاستی ململانێی نێوان وڵاتانی زلهێزو پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی خستە ژێر پرسیارەوە. 2ــ ئەم پەتایە لە لایەن هەندێك هێزی سیاسی و سەركردە سیاسیەكانەوە بەكار دەهێنرێت بۆ تەسفیەی حسابات و تۆڵەكردنەوە لە نەیارە سیاسیەكانیان. 3ــ دامەزراوەی حكومەت ڕۆڵیان بە بەهێزی ماوەتەوە و حكومەت و دەزگاكانیەتی كە دەتوانێت رووبەرووی ئەم جۆرە قەیرانانە ببنەوە، چەمكەكانی نەمانی دەوڵەت و نەمانی سەروەری دەوڵەت كەوتنە ژێر پرسیارەوە. 4ــ پێدەچێت دەرەنجامەكانی ئەم پەتایە ببێتە هۆی پێداچونەوە بە سیاسەتی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەڵەتیەكان و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بەشێوەیەكی گشتی. 5ــ تیۆری پیلانگێڕیی هێشتا لە نێو شیكردنەوە سیاسیی و ئابوریی و تەنانەت تەندروستیەكاندا حزوری هەیە و كاریگەریی لەسەر هەڵوێستی وڵاتان هەیە. 6ــ رەنگە لەداهاتوودا هێز و توانای (تەندروستیی) ببێتە پێوەرێك بۆ توانا و هەژموونی وڵاتان، سیستمی تەندروستیی دەتوانێت وەك هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتێك دەركەوێت. 7ــ هێزەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا بە تایبەت (یەكێتی و پارتی)، بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیەیان كردە دەسكەلایەك بۆ تۆڵەی سیاسی و زیندوكردنەوەی كولتوری ناوچەگەرێتی. ========================= لە نوسینی ئەم شیكاریەدا سوود لەمانەی خوارەوە وەرگیراوە: https://www.aljazeera.net/news/politics/2020/3/12/%D9%83%D9%88%D8 فیروس "كورونا".. سلاح مستجد للفوز بمعارك سیاسیە https://www.shorouknews.com/columns/view.aspx?cdate=14032020&id=30ca750d-de32-4583-aafb-840a155f5adc هل یغیر فیروس كورونا من السیاسە العالمیە؟ https://elaph.com/Web/opinion/2020/03/1285398.html تداعیات فیروس كورونا الجغرافیە – السیاسیە زریان رۆژهەڵاتی، كاریگەریە سیاسی و ئەمنییەكانی كۆرۆنا لەسەر كوردستان، ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو. زانیاریەكان سەبارەت بە نرخی نەوت بە سوپاسەوە لە پسپۆری ئابوری (بیلال سەعید) وەرگیراوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لەدوو هێڵەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ پارتی، لەگەڵ یەكێتیش هێڵێكی كردوەتەوە، لایەنەكانی تری هەرێمی كوردستان جگە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی فوئاد حسێنی وەزیری دارایی، هیچ بەرچاوڕونییەكیان نییە، شەڕی ئێرانو ئەمریكا لە دانانی عەدنان زورفی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا ماڵی شیعەی پەرتكردووە، رەنگە كوردیش بەبێ كێشەی لێی دەرنەچێت، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری دانوستانی لایەنە كوردییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بڵاودەكاتەوە. سەرەتای قۆناغێكی نوێ كەمتر لە دوو هەفتە لەبەردەم عەدنان زورفیدا ماوە بۆ ئەوەی كابینەی حكومەتەكەی بخاتەبەردەم پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە. زورفی لەسەر پشكی پێكهاتەی شیعەكان راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمە نەریتێكە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003وە لە عێراق داكەوتووە، پۆستی سەرۆك وەزیران دەبێت لە دەستی كەسێكی شیعەمەزهەبدا بێت. زورفی شیعەیەكی جیاوازە، ئەو لە بری ئێران وەلائی بۆ ئەمریكا هەیە، دەوترێت ئەمریكا پشتیوانی بەهێزی لێدەكاتو دەیەوێت حكومەتەكەی سەركەوێت، ئەمە وایكردووە زورفی بەلوتبەرزییەوە مامەڵە بكات، ئەوانەی لە نزیكەوە دەیناسن دەڵێن ئێستا تەنانەت ئامادە نییە وەڵامی نامەو پەیوەندی تەلەفۆنی هەموو كەسێك لەناو توێژی سیاسی عێراقدا بداتەوە. لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانییەوە ناو ماڵی شیعە لە عێراق بەتەواوەتی پەرتەوازە بوو، ئەمە قۆناغی دوای "حاجی قاسم"ە، نەبوونی كۆدەنگی لەناو شیعەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران وایكرد دواجارو بۆ یەكەمجار ئەمریكییەكان بەشێوەیەكی بەهێزتر داخڵی هاوكێشەی سیاسی عێراق ببن، تاران ناتوانێت لایەنە شیعەكان یەكبخات، بەڵام واشنتۆن بۆ سەرخستنی عەدنان زورفی، لایەنگرانی خۆی لە عێراق لەوانە محەمەد حەلبوسی سوننەمەزهەبی سەرۆكی پەرلەمانو هاوپەیمانە كوردەكانو هەندێك لە شیعە دۆستەكانیشی یەكخستووە، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی سیاسی نوێ دەبێت لە عێراق ئەگەر ئێران خۆی كۆنەكاتەوە. زورفیو شیعەكان شیعەكان لەسەر عەدنان زورفی ناكۆكن، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدرو حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، پشتیوانی لە زورفی دەكەن، شیعەكانی تر یاخود ئەوانەی ناویان لێنراوە "ولائییەكان"و بەتەواوەتی پشتیوانی لە ئێران دەكەن، زورفی بە كاندیدی "دەزگای هەواڵگری ئەمریكا" ناودەبەنو بەتوندی لەدژی راوەستاونەتەوە، ناڕێكی ناوماڵی شیعە وایكردووە هێشتا پێكهاتەكانی تر بەتەواوەتی متمانەیان بە دۆخەكە نییەو ناتوانن بەشێوەیەكی راستەوخۆ دانوستان لەگەڵ زورفی دەستپێبكەن، بەڵام سەرباری ئەمەش ئەوانەی بەدۆستەكانی ئەمریكا ناسراون، تاڕادەیەك قسەی خۆیان لەگەڵ زورفی بڕیوەتەوە. ئیسماعیل قائانی كە شوێنی قاسم سولەیمانی وەكو فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پڕكردوەتەوە، لەدوای دەستبەكاربوونیەوە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ یەكەمینجار سەردانی عێراقی كرد، قائانی هاتبوو بۆ ئەوەی نێو ماڵی شیعە رێبكخاتەوە، ئەوەی بە ئاشكرا وتیو ویستی لە ژورە تاریكەكان بچێتە دەرەوە ئەوە بوو كە "ئێران قایل نییە بەوەی عەدنان زورفی ببێت بە سەرۆك وەزیرانی عێراق"، بەڵام ئەوەی كە نەیوت ئەوەیە، رەنگە ئێران لە پشتەوە زۆر كێشەی لەگەڵ دانانی زورفیدا نەبێت، بەتایبەتی ئەگەر حكومەتەكەی زورفی وەكو ئەوەی بڕیاری لەسەردراوە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام بێتو سەرباری ئەوە تاران بە دانانی وەزیرە وەلائییەكانی خۆی لە عێراق، حكومەتەكەی زورفی ئابلۆقە بدات تا ئەوكاتەی یەكساڵی تەمەنی خۆی تەواو دەكاتو بارگەو بنەی خۆی دەپێچێتەوەو دەڕوات، بەڵام ئاڵنگارییە گەورەكە بۆ تاران ئەوەیە بۆ یەكەمینجارە لە عێراقی دوای سەددامدا واشنتۆن دەستی باڵای هەیە لە دانانی سەرۆك وەزیرانێكی شیعەمەزهەبدا، ئێرانییەكان ترسیان هەیە ئەمە ببێت بە پێشینەیەكی خراپو دۆسیەی عێراقیان لەدەست دەربچێتو بەغداد بۆ ئەمریكییەكان چۆڵ بكەن. میدیای فەرمی ئێران بەمدواییە یەكێك لە بەڵگەنامە دزەكراوەكانی سایتی ویكیلیكسی بڵاوكردەوە تایبەت بە عەدنان زورفی كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی دەستبەكاربوونی زورفی وەكو پارێزگاری نەجەف، بەپشتبەستن بەو بەڵگەنامەیە زورفییان تۆمەتباركرد بەوەی "پیاوی ئەمریكایە". زورفی لەو سەردەمەی كە پارێزگاری نەجەف بووە، شەڕی لەدژی میلیشیاكانی سوپای مەهدی كردووە كە سەربە موقتەدا سەدر بوون، شیعە وەلائییەكان بەردەوام ئەمە بەبیری موقتەدا سەدردا دەهێننەوە بۆ ئەوەی دەست لە پاڵپشتیكردنی زورفی هەڵگرێت، بەڵام سەدر هێشتا بەروونو راشكاوی دژایەتی خۆی بۆ زورفی رانەگەیاندووەو پاڵپشتی دەكات. ئەمڕۆ هەشت گروپی چەكداری شیعە لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەڕەشەیان كرد هێرشبكەنەسەر هێزەكانی ئەمریكا، عەدنان زورفیشیان وەكو كاندیدی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ناوبردوو هۆشدارییان بە پەرلەمانتاراندا دەنگ بە كابینەكەی نەدەن، ئەمانە گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران بوون. سوننەكانو عەدنان زورفی لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی بووە بە ژمارەیەكی گەورەی ناو پێكهاتەی سوننەكان، حەلبوسی پێگەكەی وەكو سەرۆكی پەرلەمانو توانا داراییە بەهێزەكەی لە خزمەتی سیاسەتەكانی خۆیدا بەكاردەهێنێت، ئەو پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كورد هەیە، یەكێك لەوانە بوو كە توانی شكست بە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی پێشووی عێراق بهێنێت، ئەو بەپێچەوانەی سەركردەكانی تری سوننە لەدوای روخانی سەددامەوە، زیاتر بەلای كورددا شكاوەتەوەو دەیەوێت كورد بەكاربهێنێت بۆ راستكردنەوەی پێگەی سوننە لە عێراق، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لێكتێگەیشتنێكی كردو حكومەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەباربرد، لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشدا پەیوەندی توندوتۆڵی هەیەو ماڵێكیشی لە سلێمانی هەیە. حەلبوسی لەوانەیە پاڵپشتی لە عەدنان زورفی دەكاتو دەیەوێت كابینەكەی سەركەوێت، حەلبوسیو بەرهەم ساڵح، دوو دوانەی سەرۆكایەتین لە عێراق كە ئێرانییەكان پێیانوایە یەكلابونەتەوە بۆ ئەمریكا، لەحاڵێكدا هەردووكیان بەرلەوەی پۆستەكانیان وەربگرن بەڵێنی ئەوەیان بە ئێرانییەكان دابوو پشتیوانی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەن، ئێرانییەكان پێیانوایە هەردووكیان بەڵێنەكەی خۆیان شكاندووە، بەڵام ئیتر ئەمە عێراقی دوای "حاجی قاسم"ەو هاوكێشەكان لە گۆڕانكاریدان. كورد لە كابینەی زورفیدا عەدنان زورفی كاندیدی راسپێدراوی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، لە سەرەتاوە پارتی دیموكراتی كوردستان بە دوردونگی تەماشای كاندیدكردنی زورفی كرد، چونكە لەلایەك كاندیدی بەرهەم ساڵح بوو، لەلایەكی تریش ناوماڵی شیعە كۆدەنگ نەبوون لەسەر كاندیدكردنی. زورفی لەدوو رێگەوە خۆی گەیاندە ناو دڵی پارتی، لەلایەك لەرێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە هێڵێكی گەرمی پەیوەندی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردەوەو لەلایەكی تر لەڕێگەی فوئاد حسێنی كۆنەدۆستی خۆی، هێڵێكی تری پەیوەندی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی رێكخست. ئێستا فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق بە نوێنەرایەتی كورد دانوستان لەگەڵ زورفی دەكات، بە ئاشكرا دووجار لەگەڵ زورفی كۆبووەتەوە، بەڵام ژمارەی گفتوگۆ نائاشكراكانی نازانرێت، لەم سەرەتاوە فوئاد حسێن زەمانەتی ئەوەی لە عەدنان زورفی وەرگرتووە خۆی لە پۆستی وەزارەتی دارایدا بمێنێتەوە، واتە فوئاد حسێن بەر لە كورد، دانوستانی بۆ خۆی كردووەو خۆی زامن كردووە. زورفی تاڕادەیەك پارتی مسۆگەر كردووە، بەمدواییە لەرێگەی محەمەد حەلبوسیو نوێنەرێكی یەكێتییەوە لە بەغداد هێڵێكی پەیوەندی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی كردەوە، لاهور شێخ جەنگی بەدۆستەكانی ئەمریكا لەناو یەكێتی تەماشا دەكرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هاوسەرۆكەكەی تر كە بافڵ تاڵەبانییە بەدۆستی ئێرانییەكان ئەژماردەكرێتو تاران دەتوانێت كاریگەری لەسەر دابنێت، هێشتا سەرەتای گەمەكەیە، بەڵام رەنگە لە كۆتایدا زورفی یەكێتی بەسەر دووبەرەی لاهورو بافڵدا دابەشبكات. لاهور شێخ جەنگی كە ئێستا دانوستانی لەگەڵ زورفیدا دەستپێكردووە، دەیەوێت ئەمجارە یەكێتی بەجیا بچێتە ناو دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە، هەندێك لە یەكێتییەكان دەڵێن لە دانوستانەكانی پێشوودا مەسعود بارزانی خۆی كردووە بە خاوەنی دەستكەوتەكان، لەكاتێكدا ئەوانیش پاڵپشت بوون. بەڵام رەنگە ئەمریكییەكان لەدوا ساتەكاندا یەكێتیو پارتی لەسەر پشتیوانی لە عەدنان زورفی یەكبخەن، هەڵبەت ئەگەر ئێرانییەكان پێشوەختە كاری خۆیان لەسەر بەشەكەی تری یەكێتی نەكردبێت. لەنێوەندی پارتیو یەكێتیدا، پارتە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان دۆشداماون، چاوەڕوانی یەكلابونەوەی هەڵوێستەكان دەكەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە چەند رۆژی رابردوودا فوئاد حسێن بە تەلەفۆن قسەی كردووە لەگەڵ جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانو لەبری عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە كە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە، هاوكات قسەی لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیو سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كردووە، وردەكاری ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە نازانرێت، بەڵام ئەوەی كە دەزانرێت ئەوەیە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان پەیوەندیداربوون بە دۆسیەی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق. جەمال كۆچەری ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" ئەو وەفدەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ دانوستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی دروستكراوە وەكو خۆی ماوەو یەكگرتوو دەیەوێت لەچوارچێوەی وەفدی لایەنە كوردستانییەكان بەشداری دانوستان لەگەڵ عەدنان زورفی بكات". بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی سەرباری ئەوەی هەندێك لە نوێنەرەكانیان لە پەرلەمانی عێراق دژی ئەوەبوون لەگەڵ پارتیو یەكێتی بەشداری دانوستان بكەن، بەڵام دواجار حزبەكانیان بە هاوبەشی لەگەڵ پارتیو یەكێتی بەشداری دانوستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی كرد، چاوەڕوان دەكرێت بۆ دانوستان لەگەڵ عەدنان زورفی هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە. زورفی دركی بەوە كردووە، هەندێك لە نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق پابەند نابن بە بڕیاری سیاسی وەفدی لایەنە كوردییەكان، بۆیە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) هەوڵیداوە هێڵێكی دانوستان لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە ناڕازییانە بكاتەوەو ئەوانیش بخاتە ناو بازنەكەی خۆیەوە، بەڵام تائیستا بەهۆی دۆحی كوروناوە هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی لەگەڵدا نەكردوون. لەنێوان پارتیو یەكێتیو بڕیاری پارتە سیاسییەكانی خۆیاندا، هەندێك لە نوێنەرانی كورد بەتایبەتی لە فراكسیۆنەكانی گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو هەروەها پەرلەمانتارە جیابووەوەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرگەردان بوونو دەیانەوێت لەسەر بنەمای بەرنامەی حكومەتەكەی دەنگ بە كابینەكەی زورفی بدەن یاخود رەتی بكەنەوە.
راپۆرتی: درەو بەرەی ڕەتكەرەوەی (عەدنان زورفی) گرەو لەسەر نەگۆڕیی نەریتی سیاسی دەكەن لەعێراق، ئەو نەریتەی پایەكی گرنگی پشكێنەیەو پرۆسەی سیاسی لەسەر بنیاتنراوە. ئەوان لەو بڕوایەدان كوردو سوننە سەركێشی شكاندنی ناكەنو خۆیان ناكەن بە بەشێك لەكێشەكانی ناوماڵی شیعە، وێڕایی فشاری ژێر بەژێری تاران كە بەردەوام كاریگەری هەبووە لەیەكلاكردنەوەی هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق. لەبەرامبەردا (زورفی)یش، هاوشانی پشتیوانیكردنی لەلایەن هەندێك لەهێزە شیعییەكانەوە، گرەو لەسەر هاوڕێیەتیو نزیكایەتی دەكات لەپەرلەمانتاران، بەوپێیەی خۆی پەرلەمانتارەو پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵ زۆرێكیان، ئەوەش وەك دەوترێت ڕۆڵی دیارهەبووەو، توانیویەتی قەناعەت بە هەندێكیان بكات، تەنانەت بە پێچەوانەی ڕای هێزە سیاسییەكانیشیان متمانەی پێدەن. وێڕایی بەردەوامی ناكۆكییەكانو شكستهێنانی هەوڵەكانی بۆ ڕازیكردنی ئەو هێزە سیاسییانەی ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوەو، پێش تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە دەستورییەی لەبەردەمیدایە بۆ پێشكەشەكردنی كابینەی حكومەتەكەی كە كەمتر لە دوو هەفتەی ماوە، ئەمڕۆ (عەدنان زورفی) سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو پرۆگرامی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كرد. پرۆگرامی زورفی پرۆگرامی حكومەتەكەی زورفی كۆمەڵێك خاڵو بڕگەی گرنگی تێدایە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای عێراق كە دیارترینیان ئەمان: + ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەماوەیەك كە سالێك تێپەڕنەكات. + پاراستنی خۆپیشاندەرانو جێبەجێكردنی داواكارییە ڕەواكانیانو لێپرسینەوە لەبكوژانی خۆپیشاندەرانو هێزە ئەمنییەكانو ڕادەستكردنیان بە دادگا. + ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو تەرخانكردنی بودجەیەكی گونجاو بۆ بنبڕكردنی. + پەلەكردن لە تەواوكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2020و تێپەڕاندنی لەپەرلەمان. + كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان بۆ چارەسەكردنی كورتهێنانی دارایی كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە. + هێشتنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەتو كردنەدەرەوەی هێزی چەكدار لەشارەكانو كۆتایهێنان بە دیاردەی چەكداری تێیاندا. + چارەسەركردنی دۆسیەی ئاوارەكانو كاركردن بۆ گێڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان. + ئەنجامدانی چاكسازی لەوەزارەتو دامەزراوەكانی حكومەت. + زورفی ئەمجارە حەشدی شەعبی لەبیرنەكردو، لە پرۆگرامی حكومەتەكەیدا جۆرێك لەدڵنیای دانێو بەڵێندا، هەوڵ بۆ بەهێزكردنی تواناكانیان بداتو، ڕێگە بگرێت لەهەر كردنە ئامانجێكی دەرەكی عێراق. تۆپەكەی هەڵدایە پەرلەمان بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانی عێراق، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەنیازە داوا لەپەرلەمانی پەرلەمان بكات لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبونەوەیەك ڕێكبخات بەمەبەستی دەنگدان لەسەر حكومەتەكەی. گرەوی (زورفی) لەسەر كۆكردنەوەی زۆرترین پەرلەمانتارە لەو كوتلانەی كە ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە، بەوپێیەی خۆی پەرلەمانتارەو هاوڕێیەكی نزیكیانە. نوسینگەی (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە سەرۆكی پەرلەمان كارنامەی وزاری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بەدەست گەیشتوووە. زۆرینەی پێویستی كۆكردووەتەوە (نەدا شاكر جەودەت) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسر" كە كوتلەكەی(زورفی)یە لەپەرلەمان، لەلێدوانێكدا بۆ سایتی "بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاندووە: زورفی توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێتو، پێشبینی دەكەن لەم هەفتەیەدا پەرلەمان كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر كابینەی حكومەتەكەی. لای خۆیەوە، بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق لەتویتێكدا دەڵێت: ئاماژە نوێكان دەریدەخەن، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو زۆرینەی پێویست بۆ تێپەڕاندنی كابینەی بەدەست دەهێنێت هەر كات ئەنجومەنی نوێنەران توانی دانیشتنێكی تایبەت بۆ پێدانی متمانە بە حكومەت ڕێكبخات لەماوەی دەستوریی دیاریكراودا. ئاماژەی بەوەشداوە: هەندێك لەو كوتلانەی لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتیانەن كە ڕاسپاردنی (زورفی) ڕەتدەكەنەوە، دانوستانكاری لاوەكی دەنێرێن بۆ زانینی پشكیان لەحكومەتی داهاتوو. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان ئەوەی وایكردووە، (زورفی) بەو شێوە چاوەڕواننەكراوە بەرنامەی حكومەتەكەی ڕەوانەی پەرلەمان بكات، دوو هۆكارن: یەكەمیان: جوڵاندنی پرسی نایاسایبونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەڕاسپاردنی (زورفی)لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دوێنێ هەینی سەرۆكایەتی كۆمار مەرسومی دامەزراندنی ئەو دادوەرەی كشاندەوە كە نیسابی یاسایی بڕیارەكەی دادگای تەواوكرد. دووەمیشیان: دەنگۆی بەهێز هەیە (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەسەردانەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوویدا بۆ بەغدادو كۆبونەوەی لەگەڵ هێزە شیعییەكان سەركەوتوو نەبووەو نەیتوانیوە هەڵوێستی هێزە شیعییەكان یەكبخات، ئەمەش گوڕێكی باشیداوە بە (زورفی) بۆ جوڵەكردنو دەرفەتی تێپەڕاندنی حكومەتەكەی زیاتر كردووە. لەلایەكی ترەوە زورفی پشتیوانی ئەمریكای بۆ خۆی مسۆگەركردووەو ئەمریكا دەیەوێت كابینەكەی زورفی تێپەڕێت و كۆتایی بە پرسی كابینەی نوێی حكومەت بهێنێت و لەوێوە عێراق لە چنگی ئێران دەربهێنێت گرەوەكە لەسەر هەڵوێستی كوردو سونەیە ئەوە لەكاتێكدایە، هێزە نزیكەكانی ئێران، بەدیاریكراوی هاوپەیمانی"فەتح"و"ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا" تائێستا بەتوندی دژی ڕاسپاردنی (زورفی)ینو، پێداگریدەكەن لەسەر كشانەوەی یان شكستپێهێنانی لەپەرلەمان. (عامر فایز) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" ئەمڕۆ شەممە لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: كوتلە شیعییەكان دابەشبوون لەنێوان ڕەتكردنەوەو پەسەندكردنی ( زورفی)، ئەو دابەشبوونەش دیمەنەكە ئاڵۆزتر دەكاتو تێپەڕاندنی كابینەی (زورفی) قورس دەكات، ئەگەر ئەوە بەهەند وەربگرین كە كوتلە سونییو كوردییەكان پێشێلی عورفی سیاسی قبوڵنەكەن، كە تەئكید لەسەر پێویستی ناونانی سەرۆك وەزیران دەكات لەلایەن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانەوە. گروپە چەكدارەكان هەڕەشە دەكەن هەر لەچوارچێوەی ململانێكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا، 8 گروپی چەكدار ( عەسائیبی ئەهلی حەق، كەتائیبی سەید ئەلشوهەدا، حەرەكەی ئەوفیا، حەرەكەی جوندولئیمام، حەرەكەی نوجەبا، كەتائیبی ئیمام عەلی، سەرایای عاشورا، سەرایای خۆراسانی) كە خۆیان بە بەرەی (مقاوەمە) ناوبردووە لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا، (عەدنان زورفی)یان بە بەكرێگیراو و، كاندیدی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ناوبردووەو، بەهەموو شێوەیەك تێپەڕاندنیانی حومەتەكەیان ڕەتكردووەتەوە، هۆشداریشیان داوە بە سەرۆك كۆماری عێراق بەوپێیەی بەراسپاردنی ناوبراو پێشێلی داواكاری خۆپیشاندەرانو ڕێنماییەكانی مەرجەعەیەتی كردووەو، ئاشتی كۆمەڵایەتی خستووەتە مەترسییەوە. هاوكات ئیدانەی ئەو پەرلەمانتارانەشیان كردووە كە پشتیوانی (زورفی) دەكەن، بەپێویستیان زانیوە داوای لێبوردن بكەن لەو هەڵەیەی كردوویانە.