Draw Media

🔻 "داوای دەکرد سیستمی حوکمڕانیی سعودیە بکرێت بە پادشایەتی دەستوریی" (درەو): دوێنێ لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا، عەبدوڵا حامید لە زیندانی سعودیە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد. عەبدوڵا حامید یەکێک لە دیارترین  زیندانییە سیاسییەکان بوو لە سعودیە، ئەو کەسێکی مافناس بوو، بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە حوکمڕانیی لەسعودیە، (٧) جار دەستگیرکراوەو لە دواینجاردا لە ساڵی ٢٠١٣دا حوکمی (١١ ساڵ) زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە. حامید کە تەمەنی (٦٩ ساڵ) بوو، لە ساڵی ٢٠١٣وە ژیانی لە یەکێک لە زیندانەکانی سعودیە بەسەردەبرد، بەمداییە لە زیندانی دوچاری جەڵتەی مێشک بوو، چالاکوانان داوای ئازادکردنیان دەکرد، بەڵام ئازاد نەکرا. عەبدوڵا حامید بەر لە چەند مانگێک نەشتەرگەرییەکی دڵی بۆکراوەو دوای ئەو نەشتەرگەرییە توشی جەڵتەی مێشک بووە، ئێستا کە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە کۆچی داوایی کردووە، رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ دەڵێن دەسەڵاتدارانی سعودیە بەئەنقەست باری تەندروستییان پشتگوێ خستووە بۆ ئەوەی بمرێت. عەبدوڵا حامید ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ مافناسەکانی کۆمەڵەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی دامەزراند کە بە "حسم" ناسرابوو، رێکخراوەکە دەسەڵاتدارانی سعودیەی تۆمەتباردەکرد بە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی سەدان کەس بەهۆکاری سیاسیی. ساڵی ٢٠١٤ دادگای ریاز بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەکەی عەبدوڵا حامید، بە بەهانەی نەبوونی مۆڵەتی کارکردن. هەما ساڵ رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئیدانەی دەستگیرکردنی عەبدوڵا حامیدو محەمەد قەحتانیی هاوڕێی کردو وەکو دەستگیرکراوانی بیروڕا ناوی هێنان و دوایکرد ئازاد بکرێن. هەندێک عەبدوڵا حامیدو هاوڕێکانی وەکو خەڵکانی ریفۆرمخواز لە سعودیە ناودەبەن، بەتایبەتیش لەوەدا ئەوان پێیانوابووە سیستمی حوکمڕانی لە سعودیە پادشایەتی رەهایەو دەبێت چاکسازی تێدا بکرێت و بکرێت بە پادشایەتییەکی دەستوریی. عەبدوڵا حامید هاوکات لەگەڵ ئەوەی مافناس بووە، توێژەرو بیرمەندو شاعیریش بووە، بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری ئەدەبدا لە زانکۆی ئەزهەر هەبووە. ماوەیەک مامۆستای زانکۆ بووە لە سعودیەو لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە چالاکییەکانی کردووە لە بواری مافەکانی مرۆڤداو چەند کتێبێکیشی هەیە. لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە لە سعودیە عەبدوڵا حامید قسەیەکی هەیە کە دەڵێ:" ناتوانین لە توندوتیژیی و توندڕەوەی رزگارمان ببێت مەگەر بەوەی رێگە بە خەڵک بدەین بەبێ هیچ فشارێک بیروبۆچونی خۆیان دەرببڕن، چونکە کۆتوبەندکردنی ئازادی رادەربڕین وادەکات خەڵک پەنا بۆتوندوتیژی ببەن". مردنی عەبدوڵا حامید بۆ قەتەرو رەوتی ئیخوان موسلیمین کاڵایەکی باشی میدیایی بوو بۆ رەخنەگرتن لە سعودیە بەتایبەتیش لەکاتێکدا ئەوان هێشتا کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس (جەمال خاشوقچییان دانەخستووە). عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی موسوڵمانی جیهان دوای مردنی رایگەیاند:" عەبدوڵا حامید شەهیدی رێگای ئازادی بوو".


(درەو): "بەهۆی ئەو زیانانەی كردوویەتی كۆمپانیای دانە غاز بە نیازە پشكەكانی بفرۆشێت، ئەگەر دانە غاز هەوڵبدات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجامیداوە، ئەوا ئابوری هەرێم ڕووبەڕووی گورزێكی نوێ‌ دەبێتەوە، لەكۆتایی ساڵی 2019وە حكومەتی هەرێم دەستیكردووە بە دواخستنی گێڕانەوەی قەرزە شایستەكانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران، كۆمپانیای دانە غازو هیلال داوای 11 ملیار دۆلاریان لەحكومەتی هەرێم كرد وەك قەرەبووی ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە، چاودێران پێشبینی دەكەن هەرێمی كوردستان دووچاری كورتهێنان بێت لەپێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش سەردەكێشێت بۆ توڕەیی زیاتری شەقام‌و ڕەنگە لەكۆتایدا ببێتە هۆی تەقینەوەی قەیرانێكی كۆمەڵایەتی فراوان" ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێكی شیكاری ماڵپەری عێراقی 24. دەقی راپۆرتەكەی عێراقی 24  هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی گورزێكی ئابوری نوێ‌ دەبێتەوە، دانە غاز بەنیازە پشكە داراییەكانی بۆ فرۆشتن بخاتەڕوو  كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی ڕایگەیاند، كۆمپانیاكەیان لەمیانی كۆبونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتی كۆمپانیاكە ڕەزامەندی پشكدارەكانی بەدەستهێناوە بۆ دەستكردن بە دیراسەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی سودەكانی جیاكردنەوەی كاری گەڕان‌و بەرهەمهێنان لە كۆمپانیایەكی سەربەخۆی نوێ‌، بەجۆرێك ئەویش بخرێتە چوارچێوەی بازاڕی ئەبوزەبی بۆ كاغەزی دارایی. ئەوەش مانای وایە كۆمپانیاكە بەنیازە پشكە دارییەكانی( موڵكەكانی) بفرۆشێت، بەهۆی ئەو زیانانەی بەم دواییە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. كۆمپانیاكە لەبەیاننامەیەكدا كە لەپێگەی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت: بەپێی ئەو ڕێوشوێنە پشكدارانی ئێستا پشكیان دەبێت لەهەردوو كۆمپانیا جیاوازەكە، كە یەكێكیان تایبەتمەند دەبێت بە كاری گەڕان‌و بەرهەمهێنان، كە پرۆسەكانی كۆمپانیاكە دەگرێتەوە لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و میسر، كۆمپانیاكەی تریش تایبەتمەند دەبێت لەبواری گواستنەوەو چارەسەركردن، كە پرۆسەكانی پرۆژەی غازی ئیمارات لەخۆ دەگرێت‌و پەیوەستە بە پرسی ناوبژیوانی و قەرەبووكردنەوە. دانا غاز كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەو لەبواری غازی سروشتی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكات، لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2005دا دامەزراوە، لە ڕیزی كۆمپانیاكانی بازاڕی ئەبوزەبییە بۆ كاغەزی دارایی.  كۆمپانیای دانا غازو هیلال داوای 11 ملیار دۆلاریان لەحكومەتی هەرێم كرد وەك قەرەبووی ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە،  لەئەنجامی پێنەدانی شایستە داراییەكانی چەند ساڵی ڕابردوویان، هەروەك ئەو دوو كۆمپانیایە توانیان لەساڵی 2015 سكاڵایەكی تر لە حكومەتی هەرێم ببنەوە كە لە لەندەن تۆماریان كردبوو لەسەری.  بەوپێیەش دوو ملیار دۆلاریان وەرگرت وەك قەرەبووی پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێم بە بڕگەكانی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ئەو دوو كۆمپانیایە ئیمزای كردووە، كە لەبواری وەبەرهێنانە وزە لە هەرێم كاردەكەن. حكومەتی هەرێم قەرزی كۆمپانیا ئیماراتییەكان بەشێوەی سولفە دەدات، بەڵام لەئێستادا زیانەكانی، كۆمپانیاكە ناچاری دەكات كە پشكەكانی بفرۆشێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیانە بەردەوامەی لەساڵی 2007وە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. ئەگەر كارەكانی دانا غاز پەكی بكەوێت، یاخود هەوڵبدات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی كوردی ئەنجامیداوە، ئەوا ئابوری هەرێم ڕووبەڕووی گورزێكی نوێ‌ دەبێتەوە.  پسپۆڕان پێیانوایە، هەرێمی كوردستان خاوەنی لاوازترین ئابورییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەجۆرێك هیچ توانایەكی نییە لەپەنابردن بۆ سود وەرگرتن لە دراوی یەدەگی سیادی عێراق كە 60 ملیار دۆلارە‌و، باری شانی گران بووە بە قەرز كە لە 10 ملیار دۆلار تێپەڕدەكات‌و نزیكەی 70% تێكڕای بەرهەمی ناوخۆییەتی. هەروەها ناتوانێت دانوستان بكات بۆ بەدەستهێنانی قەرزی سیادی یان چەردەی هاوكاری.  هەرێمی كوردستان لەكۆتایی ساڵی 2019وە دەستیكردووە بە دواخستنی گێڕانەوەی قەرزە شایستەكانی وەبەرهێنەران لەسەری بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە. بانكی "البحر المتوسگ"یش، گورزێكی ئازاربەخشی ئاراستەی هەرێمی كوردستان كرد دوای سڕكردنی بڕی یەك ملیار دۆلار، كە هەرێم لەڕێی پرۆسەیەكی نایاساییەوە لە لوبنان گلیدابووەوە. چاودێران وایدەبین،  هەرێمی كوردستان دووچاری دۆخێكی كارەستاوی ئابوریی ببێت، لەئەنجامی قەرزە كەڵەكەبووەكانی‌و، كۆمپانیا وەبەرهێنەكانیش داوای قەرزەكانیان بكەن، كە پێشبینی دەكرێت حكومەتی هەرێم نەتوانێت بیانداتەوە. پێشترو لەدوو ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی فراوانی بەخۆوە بینی بەهۆی قەیرانی ئابورییەوە، بەڵام هێزە كوردییەكان لەڕێی بەكارهێنانی توندوتیژییەوە ڕووبەڕووی بونەوە. چاودێران پێشبینی دەكەن هەرێمی كوردستان دووچاری كورتهێنان بێت لەپێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش مانای توڕەیی زیاتری شەقام‌و ڕەنگە لەكۆتایدا ببێتە هۆی تەقینەوەی قەیرانێكی كۆمەڵایەتی فراوان. سەرچاوە: عێراقی 24


درەو:  مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق سەرقاڵی گەڕێكی تری دانوستانە لەگەڵ هێزە شیعییەكان، ئەمجارە بە لیستێكی جیاواز لەناوی ئەو كاندیدانەی لەدوو ڕۆژی ڕابردوو بڵاوكرانەوە، لەگەڵیان دادەنیشێت.  ئەم هەنگاوانەی كازمی دوای ئەوە دێت، زۆرینەی ئەو ناوانەی كاندیدی كردبوون بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان لەلایەن هێزە شیعییەكانەوە ڕەتكرانەوە، هاوكات هەندێك لەهێزو لایەنە سونییەكانیش دابەشكردن‌و ئەنجامدانی گۆڕانكاریان لە هەندێك لە وەزارەتەكان ڕەتكردەوە، بەوپێیەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەپشكی خۆیان بووە. بۆی دیاركراوە بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، لایەنە شیعییەكان بەكازمی_یان ڕاگەیاندووە: پێویستە كاندیدەكانی كابینەكەی لەو ناوانە هەڵبژێرێت كە بۆیان پێشنیاز كردووە، نەك لەدەرەوەی ئەو لیستەو بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ بڕیارو پرس ‌و ڕاوێژی ئەوان. بەشێك لەهێزە سیاسییەكان ڕەخنەی ئەوە لەكازمی دەگرن، زۆرینەی ئەو ناوانەی كاندیدی كردووە بۆ وەزارەتەكان لاوازن‌و هەندێكیشیان دووبارەن‌و چانسیان زۆر كەمە لەپەرلەمان تێبپەڕن، ئەوەش ڕەنگە وابكات كازمی فریای ئەوە نەكەوێت جارێكی تر كۆمەڵێك ناوی تر پێشكەش بە پەرلەمان بكات، بەتایبەت كە نیوەی ئەو ماوە دەستورییەی لەبەردەمیدایە بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی بەرەو تەواوبوون دەچێت. ڕەتكردنەوەی زۆرێك لەناوی كاندیدەكان‌و بەردەوامی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر هەندێك لەوەزارەتەكان،   ئەركی كازمی هێندەی تر ئاڵۆزكردووە، بەجۆرێك هەندێك بەدووری نازانن هەمان چارەنوسی (محەمەد عەلاوی)هەبێت، ئەوە لەكاتێكدایە تائەم ساتەش لایەنە شیعییەكان پشتیوانی دەكەن بۆ تێپەڕاندنی حكومەتەكەی لەپەرلەمان.  ناكۆكییەكە توندە لەدیارترین ئەو وەزارەتانەی ناكۆكییان لەسەرە، (نەوت‌و دەرەوەو كارەباو دارایی‌و بەرگری‌و ناوخۆو پیشەسازی)ن. كازمی بەنیازبووە كەسانی سەربەخۆ بۆ وەزارەتەكانی بەرگری‌و ناوخۆ دەستنیشابكات، بەڵام فشاری لایەنە شیعی و سونییەكان ناچاری كردووە پاشگەزبێتەوە لەو بیرۆكەیە. دەزگای ئاسایشی نیشتمانی‌و هەواڵگری‌و دەزگا ئەمنیی‌و سەربازییەكانی تریش ناكۆكی توندیان لەسەرە، حزبە سیاسییەكان بەهەموو شێوەیەك ڕەتیدەكەنەوە ئەو پۆستانە بدرێت بە كەسانێك كە ئەوان دیارییان نەكەن.     میدیا عێراقییەكان باس لەكۆبونەوەیەكی چاوەڕوانكراودەكەن كە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت‌و تێدا كازمی لیستی كابینە نوێیەكەی پێشكەش بە هێزە سیاسییەكان بكات، یەكێك لەو سیناریۆیانەشی قسەی لەبارەوە دەكرێت، پێشكەشكردنی كابینەكەیەتی بە پەرلەمان بەبێ‌ پڕكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی كە ململانێی توندی لەسەرە، بەتایبەت وەزارەتەكانی بەرگری‌و ناوخۆو پیشەسازی‌و، كازمی خۆی بەوەكالەت بەڕێوەیان بەرێت، هاوشێوەی نوری مالیكی لەویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی وەزیراندا.   كازمی وەزعی خراپە بەدر زیادی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون دەڵێت، تائەم ساتە كازمی لەدۆخێكی سەختدایە، پێویستبوو ناوبراو سود لەئەزموونی ئەوانەی پێشخۆی وەربگرێت‌و، پێشتر لەسەر میكانیزمێك ڕێك بكەوتایە پێش ئەوەی ناوی كاندیدەكان دەستنیشانبكات.   زیادی بە "سۆمەرییە نیوز"ی راگەیاندووە: ئەو فشارانەی لە ڕاسپێردراوانی پێشوو كران، هەمان ئەو فشارانە ڕووبەڕووی كازمی بووەتەوە، بەتایبەت لەلایەن كوردو سوننەوە لەوەی پەیوەستە بە كاندیدە دیاركراوەكانیان بۆ وەزارەتەكان.    ڕاشیگەیاندووە: كازمی میكانیزمی كاركردنی لەدەستداوە، دۆخەكە ناڕەحەت بووە، بەیانی ناوەكان دادەنرێن‌و ئێواران دەگۆڕێن، ئەمەش دۆخی كازمی زۆر ئاڵۆزكردووە تا ئەم ساتە. بەدڵی حزبەكان نەبێت تێناپەڕێت لەبەرامبەردا "دەوڵەتی یاسا" پێیوایە، دەبێت سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ئەو بڕوایەی لابچەسپێت ئەگەر ڕەزامەندی هێزە سیاسییەكان بەدەستنەهێنێت،  ناتوانێت پێكهاتەی حكومەتەكەی تێپەڕێنێت.  خالد ئەسەدی سەركردە لە ئیئتیلافی "دەوڵەتی یاسا" لەچاوپێكەوتنێكدا كە ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" وردەكارییەكەی بڵاوكردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆزە. كازمی ڕووبەڕووی سەختی‌و فشاری جۆراوجۆر دەبێتەوە، هەندێكیان پەیوەستن بە بنەڕەتی پێكهاتەی حكومەت‌و، هەندێكی تریشیان پەیوەستن بەو كەسایەتییانەی پێشنیازكراون بۆ وەزارەتەكان.    بەپێویستیشی زانیووە كازمی ئەو دەرفەتەی لەبەردەمیدایە لەدەستی نەدات‌و، ناتوانێت كابینەكەی تێبەپەڕێنێت بەبێ‌ ڕازیكردنی هێزە سیاسییەكان. ئاماژەی بەوەشداوە: دەوڵەتی یاسا لەبنەڕەتەوە تێبینی هەبووە لەسەر ڕاسپاردنی كازمی، بەڵام بەهۆی ڕەزامەندی زۆرینەی شیعەوە پەسەندی كردووە. تەئكیدیشی كردووە:  بەردەوامیی دەستوەردانی دەرەكی وڵاتانی كاریگەر لەعێراق ڕۆڵی دیاری هەیە لەپێكهێنانی حكومەت، بەدیاركراوی دەستوەردانی  ئێران‌و ئەمریكا.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چانسێكی نوێ تاقیدەكاتەوە، دەیەوێت نەوتی هەرێم بەتەواوەتی رادەستی بەغداد بكات، بەمە لەلایەك كێشەی موچە بۆ هەمیشە لەكۆڵی خۆی بكاتەوە، لەلایەكی تریش دۆسیەی نەوت لەدەستی نێچیرڤان بارزانی دەربهێنێت، ئەمە پێشنیازێكی نوێیە كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت بیخاتە  بەردەم بەغداد. دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم لەوپەڕی خراپیدایە، ئەگەر بەغداد پارەكە نەنێرێت بۆ ئەم مانگە 30%ی موچەی فەرمانبەرانی پێدابین دەكرێت، بەمەش حكومەت لە ئیفلاسبوون نزیك دەبێـتەوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكارییەكەی بڵاودەكاتەوە. حكومەت لەبەردەم موفلیسبووندا  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی قوڵی داراییدایە، راگرتنی پارەكەی بەغداو دابەزینی نرخی نەوت‌و داهاتی ناوخۆ، كابینەی مەسرور بارزانی بەتەواوەتی لە ئیفلاسبوون نزیككردوەتەوە. حكومەتی هەرێم بۆ موچەو خەرجییەكانی تری، مانگانە پێویستی بە (ترلیۆنێك‌و 50 ملیار) دینار هەیە، بەڵام بۆ ئەم مانگە تەنها (271 ملیار) دیناری لەبەردەستدایە.  عێراق پارەكە رادەگرێت ؟ بەپێی نوسراوێك كە رۆژی 1/4/2020 ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاڕاستەی نوسینگەی وەزیری دارایی عێراقی كردووە، داواكراوە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان رابگیرێت كە مانگانە (453 ملیار) دینارە. ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لە نوسراوەكەیدا دەڵێت ئەو بڕە پارەیەی كە لە 1/1/2020وە وەكو موچەی موچەخۆران، بەغداد دەیدات بە حكومەتی هەرێم: •    كۆمپانیای سۆمۆ جەختی كردووە، ئەو بڕە نەوتەی خاوەی رێككەوتنی لەسەركراوە بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ساڵی 2019، هەرێمی كوردستان رادەستی نەكردووە. •    لەسەر ئەو بنەمایە، پێویستە وەزارەتەكەتان (وەزارەتی دارایی) خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم رابگرێت‌و، ئەو بڕە پارەیەش كە دوای تەوابوونی ساڵی دارایی 2019 بۆ هەرێم خەرجكراوە، پێچەوانەی یاسایە‌و دەبێت هەرێم بیگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد. لەوەڵامی ئەم نوسراوەدا، بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، نوسراوێكی ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كردو تێیدا داوای لێكردن نوسراوێكی نوێ ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بكاتەوەو تێیدا فەرمان بكات بە خەرجكردنی پارەكەی هەرێمی كوردستان، چونكە بەوتەی بەشیر حەداد نوسراوەكەی پێشووی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران نایاساییە‌و زیان بە یەكڕیزی نیشتمانی لە عێراق دەگەیەنێت. دەركردنی بڕیارەكەی ئەمدواییەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ راگرتنی پارەی موچەی هەرێمی كوردستان، لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كابینەی عادل عەبدولمەهدی دواین رۆژەكانی تەمەنی خۆی بەڕێ دەكات. رێبوار كەریم یەكێك لە پەرلەمانتارە كوردەكانی پەرلەمانی عێراق دەڵێ:" دەركردنی ئەم بڕیارە فشارێكی سیاسی زۆر ئاشكرای (د.عادل عەبدولمەهدی)یە، چونكە تا چەند رۆژێك لەمەوبەر وای دەزانی چانسی بەردەوامبونی هەیە وەك سەرۆك وەزیران". رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەكرد، عەبدولمەهدی كە زانی چانسی نەماوە، بۆیە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو دوو كاری كرد، یەكێكیان ئەم بڕیارەیەو ئەویتریش راگەیەندراوێكە كە مەبەست لێی ئەوەیە، ئەگەر منیش نەمێنم ئێوە ئەبێ زۆر بەزوویی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پێدەچێت بۆ ئەم مانگە ئەو بڕە پارەیە كە (453 ملیار) دینارە، لە بەغداوە رەوانەی هەرێم بكرێت. ئێستا هەموو هەوڵێكی حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەیە ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەم مانگە رەوانە بكرێت، مانگی داهاتوو كابینەی نوێ پێكدێت‌و بەرپرسانی هەرێم چاوەڕوانی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێدراوی نوێی عێراق ناكەن هەوڵی بڕینی پارەكەی هەرێم بدات. مەسرور بارزانی چانسێكی نوێ تاقیدەكاتەوە (درەو) زانیویەتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لەڕێگەی ئەو وەفدەی كە چەند رۆژی رابردوو ناردی بۆ بەغداد، بەڕوونی بە بەرپرسانی بەغدادی راگەیاندووە: •    هەرێم ئامادەیە تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، واتە كۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم نەك ئەو (250 هەزار) بەرمیلەی كە لە بودجەی 2019دا رێككەوتنی لەسەركرا. •    بۆ رادەستكردنی تەواوەتی نەوت بە بەغداد، حكومەتی هەرێم دوو مەرجی داناوە كە ئەمانەن: یەكەم: بەغداد پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بدات كە مانگانە نزیكەی (950 ملیار) دینار دەبێـت. دووەم: بەغداد خۆی چارەسەری كێشەی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت‌و پارەی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان بكات. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی بەم دەستپێشخەرییە نوێیەی لەگەڵ بەغداد بۆ رادەستكردنی تەواوەتی نەوت بە بەغداد: •    دەیەوێت بەیەكجاری كێشەی نەبوونی موچەی فەرمانبەران لەكۆڵی حكومەتی هەرێم بكاتەوە‌و دۆسیەكە رادەستی بەغداد بكات‌و چیتر لەحاڵی نەبوونی موچەدا هیچ گلەییەك لە كابینەكەی نەكرێت. •    لەلایەكی تر مەسرور بارزانی بەم هەنگاوە دەیەوێت بەتەواوەتی دۆسیەی نەوت لە دەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای دەربهێنێت. مەسرور بارزانی كە یەكەمجارە خۆی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە، لەگەڵ روبەڕووبونەوەی لەگەڵ یەكەم قەیرانی دارایدا، چەندجارێكە لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا باسلەوەدەكات ئەو قەیرانەی ئێستا بەرۆكی كابینەكەی گرتووە، میراتی كابینەكەی پێشووە بۆی بەجێماوە واتە میراتی كابینەكانی (نێچیرڤان بارزانی)یە. نۆ مانگ تێپەڕیوە بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، تائێستا مەسرور بارزانی نەیتوانیوە بەتەواوەتی دۆسیەی نەوت لەدەستی خۆیدا جڵەو بكات، سەرباری ئەمە مەسرور بارزانی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان هێشتا پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیان پڕنەكردوەتەوە، شێخ باز سەرۆكی كۆمپانیای كار ئێستا وەكو نوێنەری سەرۆكی حكومەت بۆ كارەباری وزە بەشداری لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا دەكات. "بەغداد موفلیسە" ساڵی 2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی كرد، دوای گەڕانەوەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" بەغداد موفلیسە، پارەی نیە"، ئەم قسەیە هێشتا لە گوێی خەڵكدا دەزرنگێتەوە، دوای ئەم قسەیە نێچیرڤان بارزانی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی راگەیاند، ئەوكات‌و تائێستا بەغداد موچەی فەرمانبەرانی بەبێ پاشەكەوت‌و دواكەوتن دابەشدەكات. بەڵام پێدەچێت كاریگەری قسەكەی نێچیرڤان بارزانی لە ئێستاوە دەربكەوێت، لەدوای دابەزینی نرخی نەوت‌و دەركەوتنی قەیرانی كۆرۆناوە، قاسەكەی بەغدادیش بەرەو "موفلیسبوون" دەڕوات. موفلیسبوونی ئەمجارەی بەغداد گورزی بەهێز لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم بەبێ ئەو  پارەیەی كە مانگانە لە بەغدادەوە بۆی دێت، بەداهاتەكانی خۆی توانای دابینكردنی تەنیا (30%)ی موچەی موچەخۆرانی هەیە. ئەگەر بەغداد بۆ ئەم مانگە پارەكەی نەنێرێت، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتەواوی ئیفلاس دەكات. داهاتەكانی هەرێم  سەرچاوەی ئەو داهاتانەی كە ئێستا لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، بۆ موچەی ئەم مانگە ئەم بڕە پارانەن: •    (170 ملیار) دینار پارەی هەڵگیراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكی (RT)ی هەولێر  •    (21 ملیار) دیناری پارەی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە  •    (30 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ •    (50 ملیار) دیناری داهاتی نەوت (271 ملیار) دینار كۆی گشتی ئەو داهاتەیە كە بۆ ئەم مانگە لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە. بۆ خەرجی‌و موچە، حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (ترلیۆنێك‌و 50 ملیار) دینار هەیە، بۆ موچەی ئەم مانگەی موچەخۆران پێویستی بە (893 ملیار) دینارە.  واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ پارەكەی بەغداد بڕی (779 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت لەو پارەیەدا كە پێویستیەتی بۆ دابینكردنی موچەو خەرجی وەزارەتەكان. تەنیا لەو پارەیەدا كە پێویستیەتی بۆ دابینكردنی موچە، بۆ ئەم مانگە حكومەتی هەرێم بڕی (622 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، واتا توانای دابینكردنی تەنیا (30%ی)ی پارەی موچەی دەبێت‌و (70%)ی پارەی موچەخۆرانی پێدابین ناكرێت. ئەو پارەیەی كە مانگانە بەغداد بۆ موچە رەوانەی هەرێمی دەكات (453 ملیار) دینارە، (12 ملیار) دیناری ئەم پارەیە بەرلەوەی بگاتە كوردستان دەچێت بۆ قەرزی بانكە ئەهلییەكان، ئەوەی كە دەمێنێتەوە‌و رەوانەی هەرێم دەكرێت مانگانە بڕی (441 ملیار) دینارە. ئەگەر ئەم مانگەش بەغداد بڕی ئەو (441 ملیار) دینارە رەوانەی هەرێم بكات، ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە (712 ملیار دینار)، لەم حاڵەشدا هێشتا حكومەتی هەرێم بۆ موچەو خەرجی بڕی (338ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، ئەگەر پارەكەی بەغدادیش بدرێت، هێشتا بۆ دابینكردنی موچەی ئەم مانگە حكومەت بڕی (181 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت. وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەیەكی وەزارەتی دارایی كە وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووە، بۆ موچەی مانگی رابردوو كە موچەی مانگی (2019/12) ئەو داهاتانەی كە لەبەردەستی وەزارەتی دارایدا بووە، بەم شێوەیە بووە: •    (345 ملیارو 203 ملیۆن) دینار داهاتی فرۆشی نەوت •    (441 ملیار) دینار تەمویلی بەغداد  •    (21 ملیار) دینار تەمویلی هاوپەیمانان •    (91 ملیارو 232 ملیۆن) دینار داهاتی ناوخۆی هەرێم •    (898 ملیارو 555 ملیۆن) دینار كۆی گشتی داهاتەكان بووە كە دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ خەرجكردنی موچە. بەپێی راپۆرتێكی نهێنی تیمی ئەنجومەنی وەزیران كە خراوەتە بەردەست سەرۆكی حكومەت‌و وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووە، داهاتی خەمڵێنراوی مانگی چوار لە كۆی ( 939) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (520 ملیۆن) دۆلار كەمیكردووەو بەم شێوەیەی لێهاتووە: * داهاتی نەوت: هەرێم رۆژانە (435 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، داهاتی مانگێكی فرۆشی نەوت بە (20) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، دەكاتە (261 ملیۆن) دۆلار، لەم بڕە: -    60 ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆزنەفت -    30 ملیۆن دۆلار بۆ توركیا، ئەمە مافی گواستنەوەی نەوتەكەیە  -    50 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی توركیا  -    120 ملیۆن دۆلار دەمێنێتەوە كە (50%) بۆ كۆمپانیای بەرهەمهێن دەچێت، واتە هەرێم لە مانگی (4) تەنها (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە لە فرۆشی نەوت، (ئێستا كە نرخی نەوت دابەزیوە، ئەم پێشبینییەی تیمەكەی حكومەت كورتتریش دەهێنێت) -    داهاتی ناوخۆ بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی (4) تەنها (60ملیۆن) دۆلار دەبێت، (ئەم داهاتەش بەهۆی رێوشوێنەكانی كۆرۆناوە ئەم داهاتەش كەمترە لەوەی تیمەكەی حكومەت پێشبینی كردووە). -    ئەگەر بەغداد بۆ مانگی (4) پارە وەكو خۆی بنێرێت (383 ملیۆن) دۆلار. -    17 ملیۆن دۆلار هاوكاری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی  -    كۆی گشتی داهاتی خەمڵێنراو بۆ مانگی (4) دەكاتە (520 ملیۆن) دۆلار. -    ئەگەر بەراوردی داهاتی مانگی (1) بە مانگی (4 ) بكەین، تەنیا لە داهاتەكانی ناوخۆو نەوتدا، حكومەت بڕی (419 ملیۆن) دۆلاری لەدەستداوە.    پێشنیاز بۆ موچەی مانگی چوار  لیژنە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی كردووە لە مانگی (4)دا كە داهاتی گشتی (520) ملیۆن دۆلار دەبێت (ئەمە ئەگەر پارەكەی بەغدادیشی لەسەر بێت)، بڕی (475 ملیۆن) دۆلاری بۆ موچە تەرخان بكرێت كە خۆی پێویستی بە (755 ملیۆن) دۆلار هەیەو (45 ملیۆن) دۆلاریش بۆ میزانیەی تەشغیلی بێت. راپۆرتەكە سێ پێشنیازی خستوەتە بەردەم سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێدانی موچە، وا دەردەكەوێت سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشنیازی یەكەمی قبوڵكردووە. پێشنیازی یەكەم دەڵێ:" بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت، چونكە یاسای چاكسازی ئامادە نیەو پارەیەكی زۆریشمان بۆ ناگەڕێتەوەو موچە لە ماوەی (30 )رۆژدا دابەش نەكرێت، بەڵكو (45) رۆژ یان (60) رۆژ جارێك بێت".   


(درەو): دادگای باڵای هەرێمی فرانكفۆرت لە ئەڵمانیا زنجیرەیەك دانیشتنی دەستپێكرد بۆ دادگایكردنی پیاوێكی عێراقی كە تۆمەتبارە بە كوشتنی منداڵێكی ئێزیدی‌و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەدژی ئێزیدییەكان. بەپێی قسەی بەرپرسان، ئەو پیاوەی كە ئێستا دادگایی دەكرێت ناوی (تەها ج)ە‌و تەمەنی (37 ساڵ)ە، تەها ئەندامی رێكخراوی "داعش" بووە، ئەو لەگەڵ هاوسەرەكەی بەناوی (جێنیفەر ف) تۆمەتبارن بە كوشتنی منداڵێكی ئێزیدی. بەپێی كۆنوسی دادگا، تەها لە مانگی ئازاری ساڵی 2013وە پەیوەندی بە رێكخراوە "داعش"ەوە كردووەو تاوەكو ساڵی رابردوو لەناو ئەو رێكخراوە لە شارەكانی رەقەی سووریا‌و عێراق‌و توركیا چەندین بەرپرسیارێتی وەرگرتووە. تەها بەهاوكاری جێنیفەری هاوسەری، لە مانگی حوزەیرانی 2015دا ژنێكی ئێزیدی بەناوی (نورا) لەگەڵ منداڵێكی پێنج ساڵانی ئەو ژنەدا بەناوی (رانیا) وەكو كویلە كڕیوەو لەگەڵ خۆیدا بردونی بۆ فەلوجە. بەپێی قسەی رۆژنامە ئەڵمانییەكان، نورا چەندجارێك لەبەردەم دادگا لە میونخ قسەی كردووە‌و باسی لە ئازارو ناڕەحەتیانە كردووە كە لەگەڵ (رانیا)ی كچیدا لەسەردەستی ئەو پیاوە دوچاری بوون. ژنە ئێزیدییەكە باسی لەوەكردووە، هاوینی ساڵی 2015 رانیای كچی میزی بە فەرشی ماڵی تەهادا كردووە، بەوهۆیەوە تەها ئەو منداڵەی بە پەنجەرەیەكی دەرەوەی ماڵەكەیدا هەڵواسیوە كاتێك پلەی گەرما گەیشتوەتە (50) پلەی سەدی، بەوهۆیەوە منداڵەكە لە تینوێتیدا گیانی لەدەستداوە، سەرباری ئەمە، تەها دایكی ئەو كچەی ناچاركردووە بەو گەرمایە بەپێی پەتی لە دەرەوە هاتوچۆ بكات‌و ئەوە بووەتە هۆی سوتانی قاچەكانی، دادگا دەڵێ نوراو رانیای كچی لەلایەن ئەو پیاوەی ئەندامی "داعش"ەوە دوچاری برسێتی كراونەتەوە. نوراو رانیای كچی هاوینی 2014 كاتێك داعش چووەتە ناو شەنگال، رفێندراون، داواكاری گشتی ئەڵمانیا دەڵێ ئەو دایك و كچە چەندجارێك لە بازاڕی كۆیلەكاندا فرۆشراون. سەرباری ئەمە، تەها تۆمەتبارە بە تاوانی دژە مرۆیی‌و تاوانی جەنگی‌و قاچاخچێتیكردن بە مرۆڤەوە. (جێنیفەر ف) هاوسەری تەها ماوەی ساڵێكە لە میونخ دادگایی دەكرێت بەتۆمەتی كوشتنی ئەو منداڵە ئێزیدییەی كە لە فەلوجە لەگەڵ تەهای هاوسەریدا بەجێیان هێشتووە‌و لە تینوێتیدا گیانی لەدەستداوە. تەها لە رۆژی 16ی ئایاری 2019 لە یۆنان دەستگیركراوە‌و رۆژی 9ی ئۆكتۆبەر رادەستی ئەڵمانیا كراوە‌و رۆژی دواتر راگیراوە. لە پرۆسەی دادگایكردنی جێنیفەری هاوسەری تەهادا، ئامال كلۆنی پارێزەری بەرەگەز لوبنانی‌و نادیە موراد، نوێنەرایەتی دایكی كچە ئێزیدییەكە دەكەن، نادیە خۆشی یەكێك لەو كچە ئێزیدییانەیە كە لەلایەن داعشەوە رفێندراوە، نادیە ساڵی 2018 خەڵاتی نوبڵی ئاشتی پێدرا. ئامال كلۆنی‌و نادیە موراد هەڵمەتێكی نێودەوڵەتییان دەستپێكردووە بۆ داننان بە پاكتاوكردنی ئێزیدییەكان لەلایەن رێكخراوی "داعش"ەوە، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن سەلماندنی ئەوەی "داعش" بەرامبەر بە ئێزیدییەكان كردویەتی وەكو "پاكتاوكردن" لەبەردەم دادگادا، كارێكی قورسە، چونكە دەبێت ئەوە بسەلمێندرێت كە لەلایەن داعشەوە ئیرادەیەك هەبووە بۆ ئەوەی پاكتاوی رەگەزیی ئێزیدییەكان بكرێت. ئەلیكسەندەر شفارتس كە مافناسێكی ئەڵمانییە لە زانكۆی (لایبزیغ) دەڵێ:" هیچ نوسراوێك نییە كە فەرمان بكات بەوەی ئێزیدییەكان پاكتاو بكرێن". تاوەكو بەر لە ساڵی 2014و هاتنی داعش، ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق (550 هەزار) كەس بووە، ئەمە یەك لەسەر سێی كۆی ژمارەی ئێزیدییەكان لە جیهاندا پێكدەهێنێت، لەدوای ساڵی 2014وە (100 هەزار) كوردی ئێزیدی ناوچەكانی خۆیان بەجێهێشتووە‌و روویان لە تاراوگە كردووە، بەتایبەتیش ئەڵمانیا. مانگی ئابی ساڵی 2014 چەكدارانی رێكخراوی "داعش" سەدان كەس لە هاوڵاتیانی كوردی ئێزیدییان لە شەنگال كوشت‌و هەزاران كەسی تریان ناچاركرد لەناوچەكانی خۆیان ئاوارە ببن، دەیان كچ‌و ژنی ئێزیدیشیان وەكو كەنیزەك دەستبەسەركرد. داعش زیاتر لە (6 هەزارو 400) ئێزیدی رفاند، لەو ژمارەیەك (3 هەزارو 300) كەسیان توانیویانە لەدەستی چەكداران هەڵبێن، چارەنوسی ئەوانی تر تائێستا نادیارە.  


(درەو): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕووبەڕووی گەورەترین نەهامەتی بووەتەوە لەمێژووی خۆیدا، بەتایبەت كە چەند مانگێكی تر و بەدیاریكراوی لەمانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەچێتەوە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی. داڕمانی كارەساتاوی نرخی نەوت، هەڕەشە لە ئایندەی سیاسی خۆی‌و پارتی كۆماری دەكات لە ویلایەتە نەوتییە گرنگەكان لەخۆرئاواو ناوەڕاستی خۆرئاوای ئەمریكا، هاوشانی دروستكردنی فشارێكی چڕ لەسەری لەلایەن لۆبی كۆمپانیا نەوتییەكان‌و پشتیوانەكانی لە كۆنگرێس.  ئەو كۆمپانیایانە لەپشتیوانە بەهێزەكانی بوون لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016دا، بەوەش هەر دەستبەردابونێك لێیان، ئایندەی سیاسی ترەمپ ڕووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە.  لەگەڵ ئەوەی ترەمپ چەندین جار بەڵێنیداوە بە ڕزگاركردنی ئەو كۆمپانیایانە لەداڕمان، ڕەنگە لەئێستادا كەرەستەیەكی كەمی لەبەردەستدابێت بۆ ڕزگاركردنیان. ترەمپ ئێوارەی سێ‌ شەمەی ڕابردوو لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" ڕێگەنادەین پیشەسازی نەوت‌و غاز ئەمریكی دووچاری داڕمانبێت، داوامان لە وەزیرانی ووزەو گەنجینە كردووە پلانێك دابڕێژن بۆ ڕەخساندنی هاوكاریكردنی ئەو كۆمپانیا گرنگانەو، وەزیفەكان تێیاندا سەقامیگربن لەئایندەدا ". بازاڕەكانی نەوت دەكەون دوای "دووشەمەی ڕەش"  پیشەسازی نەوتی ئەمریكا نزیكەی 10 ملیۆن كارمەندی خستوتەكار، پێش داڕمانی نەوت بەوشێوە مەترسیدارە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نزیكەی 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بەرهەمدەهێنا. بەڵام سیناریۆ پێشنیازكراوەكان بۆ ڕزگاركردنی پیشەسازی نەوتی ئەمریكی كامانەن، بەتایبەت ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان ڕووبەڕووی مایە پووچبوون دەبنەوە، دوای ئەوەی بڕە پارەیەكی زۆریان داوە بە كڕیاران بۆ ڕزگاربوون لە گرێبەستەكانی ئایار، بەهۆی نەبوونی شوێنی ئەمباكردن بۆ نەوتەكانیان؟.   تائێستا ترەمپ سێ‌ پێشنیازی لەبەردەمدایە، ئەویش پێشكەشەكردنی پشتیوانی دارایی ڕاستەوخۆ پێیان تابتوانن قەرزەكانیان بدەنەوەو، دەستەبەركردنی شوێنی ئەمباركردن لە گەنجینەی یەدەگی ستراتیجی ئەمریكی، یاخود قەدەغەكردنی هاوردەی نەوت لەو وڵاتانەی نەوت بۆ ئەمریكا هەناردە دەكەن.    لەسەر ئاستی دەستەبەركردنی هاوكاری دارایی، لۆبی كۆمپانیا نەوتییەكان لەكۆنگرێس داوا لە بانكی یەدەگی فیدراڵی"بانكی ناوەندی ئەمریكا" دەكات، بە دروستكردنی میكانیزمێكی نوێ بۆ هاوكاری‌و بەوپێیەش قەرز پێشكەش بە كۆمپانیاكان بكرێت كە بەهاكەی بە نزیكەی 600 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەوەش بەگوێرەی شیكردنەوەیەك كە "ئۆیەڵ پرایس"بڵاویكردووتەوە. زۆرێك لەكۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا لەسەرەتای جەنگی نەوتی نێوان ڕیازو مۆسكۆو داخستنی ئابوری ئەمریكاو ئەو ئابورییانەی لەئاسیاو ئەوروپا نەوتی خاوی هاوردە دەكەن، بەدەست كێشەی بەڕێكردنی بەرهەمەنەوتییەكانییەوە دەناڵێنن. لەئێستادا دەیان بارهەڵگری زەبەلاحی نەوت لەكەناراوەكانی كالیفۆرنیا لەنگەریانگرتووەو چاوەڕێی كڕیار دەكەن.   شرۆڤكاران پێیانوایە، مایەپووچبوونی كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان تەنها لەخاوەنەكانیاندا ناوەستێت، بەڵكو لێكەوتەكانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بانكەكانی ئەمریكاو بازاڕی سەندەدات.  بەگوێرەی ڕۆژنامەی "فاینانشناڵ تایمز" گەورە قەرزدەرەكان بەم كۆمپانیایانە بانكە گەورەكانی لەنمونەی "جی بی مۆرگان"و"سیتی گروپ"و "بانك ئۆف ئەمریكا"و "وێل فارگۆ"ن. ئەوەش بەونامایەی، ڕزگارنەكردنیان دروستبوونی قەیران لەكەرتی بانكی دەگەیەنێت كە ڕووبەڕووی داڕمان بووەتەوە لەنرخی پشكەكانی لەبازاڕی"وۆڵ ستریت". سەبارەت بە بژاردەی دووەمیش بۆ ڕزگاركردنی كۆمانیا نەوتییە بەردینەكان، ئەوەیە قەدەغەی هاوردەی نەوت لەسعودیەوە بكرێت‌و، ڕەنگە لەسەرجەم وڵاتانی "ئۆپێك پلەس" بەڕوسیاشەوە. ئەوەش یەكێك لەو بژاردانەی ترمەپ لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ڕۆژی شەمەی ڕابردوودا قسەی لەبارەوەكرد.  ئەم بژاردەیە ڕەنگە لەلایەن كۆنگرێسەوە بەخێرایی پەسەندبكرێت، بەهۆی توڕەیی سیاسییەكانی ئەمریكا لە نوقمكردنی بازاڕی نەوت لەلایەن كۆمپانیای ئارامكۆو چالاككردنی قەیرانی داڕمانی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو.  بەڵام شرۆڤەكاران دەڵێن، ڕەنگە ئەم بژاردەیە پیشەسازی نەوت ڕزگارنەكات، چونكە ئەو نەوتەی ئەمریكا لەوڵاتانی "ئۆپێك پڵەس" هاوردەی دەكات 3 ملیۆن بەرمیل تێپەڕناكات، كە زۆربەی لە سعودیەو ڕوسیاوەیە. بانكی "گۆڵد ساكس" ڕۆژی سێ‌ شەممە لەیاداشتێكدا ڕایگەیاند:" پیشەسازی نەوتی ئەمریكا چەند ملیۆن بەرمیل نەوتێك لەهەفتەكانی داهاتوودا لەدەستدەدات". بانكەكە پێشبینی كردووە: فشار لەسەر گرێبەستەكانی نەوتی خاوی تەكساس بۆ مانگەكانی حوزەیران هاوشێوەی مانگی ئایار بەردەوامبێت. ترەمپ‌و سعودیە.. ئیبتیزازكردن كۆتایی نایەت شارەزایانی بواری نەوت بەدووری نازانن لەمانگی داهاتوودا نەوتی خاوی كۆمپانیاكان ڕووبەڕووی  "قەسابخانەی نرخەكان" ببێتەوەو ئەمریكا ناچاربكات  بە داخستنی دەیان بیرە نەوتی بەردین.  مایكل گارفی سەرۆكی بەشی ووزە لەبانكی "ئادۆر كابیتاڵ" وەبەرهێنانی سویسری پێیوایە، گەڕانەوەی نرخەكان بۆ ئاستی سروشتی خۆی، ڕەنگە پێویستی بە ماوەیەكی درێژبێت. گارفی لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری فۆربس ڕایگەیاندووە:"ئێمە لەسەرەتای ماوەی تاقیكردنەوەی پیشەسازی نەوتیداین".  هەرچی بژاردەی سێیەمیشە، كە تەرخانكردنی ڕووبەڕێكە لە گەنجینە نەوتییەكان لە گەنجینەی یەدەگی ستراتیجی ئەمریكا بۆ بەرهەمی كۆمپانیا نەوتییەكان، ترەمپ وتی: ڕووبەڕبەڕی 77 ملیۆن بەرمیل لە گەنجینەی ستراتیجی دەدات بە كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان. بەڵام شارەزایان پێیانوایە، ئەو بڕە تەنها بەشی چەند ڕۆژێك دەكات بۆ گلدانەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا كە لەئێستادا بەرهەمهێنانی  نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە، شارەزایان پێشبینی دەكەن، ئەمبارە نەوتییە بازرگانییەكان لە ناوچەی كاشینگ لە ئۆكلاهۆما لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا پڕببن. هاوكات بانكی "گۆڵدمان ساكس" پێشبینی دەكات، لەباشترین حاڵەتدا قەیرانی نرخ لەمانگی حوزەیران بەردەوام بێت. ئەوەش بەومانایەی بەشێوەیەكی كرداری لەماوەی هاویندا بەكارهێنانی نەوتی ئەمریكی بەرزدەبێتەوە، ڕەنگە لەدەرەوەی پلانی بەرزبوونەوەی داواكاری بێت لەسەر وزە لەویلایەتە یەكگرتووەكان. لەنێو بژاردە پێشنیازكراوەكانی تریشدا، فشاركردنە لەسەر "ئۆپێك پڵەس" بۆ جێبەجێكردنی زیاتری كەمكردنەوەی تێكڕای بەرهەمهێنان. بەڵام پێدەچێت ئەم بژاردەیە سەرنەگرێت، بەهۆی ئەو لێدوانانەی لە مۆسكۆوە بڵاوبووتەوە. بەگوێرەی ڕۆیتەرز، كریملین ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە: هێشتا زۆر زووە بۆ هەڵهێنجانی هەر ئەنجامێك سەبارەت بەگرتنبەری هەنگاوی زیاتر بۆ ڕێگەگرتن لەدابەزینی نرخی نەوت پێش ئەوەی ڕێككەوتنی جیهانی كە كۆمەڵەی "ئۆپێك پڵەس" بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەی لە سەرەتای مانگی ئایار.      سەرچاوە: ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"


 (درەو): ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو) دەڵێن لامەركەزیەتی ئیداری‌و دارایی یەكێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و دەبێت جێبەجێ بكرێت، فراكسیۆنی پارتی و چەند ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان هۆڵی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگایان جێهێت. ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ كۆبووەوە، كۆبونەوەكە بۆ قسەكردن بوو لەسەر دوو تەوەر (دواكەوتنی موچەی موچەخۆران‌و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروبار لە خاڵە سنورییەكان). بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە تەوەری قسەكردن لەبارەی دواكەوتنی موچەی موچەخۆرانەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە ناوی (خەدیجە عەبدولجەبار ) وتویەتی لەسەر دواكەوتنی موچە، پێویستە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماربكرێت. هەر لە گفتوگۆ لەبارەی دواكەوتنی موچە، رێكەوت زەكی لە فراكسیۆنی یەكێتی پێشنیازی زیندوكردنەوەی پرۆژەی لامەركەزیەتی ئیداری‌و دارایی كردووە‌و ئەمەی وەكو چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا ناوبردووە. دوای ئەم قسانە، فراكسیۆنی پارتی‌و سێ ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا كشاونەتەوە بەبەهانەی ئەوەی گفتوگۆكان لە تەوەری خۆیان لایانداوە. بارزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، قسەكردن بۆ هەموو ئەندامان ئازادە، هەروەك چونەدەرەوەی ئەو برادەرانەش لە كۆبونەوەی ئەنجومەن ئازادەو یاساییە، هەرئەندامێكی ئەنجومەن بۆی هەیە لەسەر هەر بابەتێك قسە بكات. دوای ئەوەی فراكسیۆنی پارتی‌و سێ ئەندامەكەی فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆبونەوەكە چونەدەرەوە، كۆبونەوەكە كۆتایی پێهات، بەڵام (درەو) زانیویەتی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردووە كە تێیدا داوای زیندوكردنەوەی پرۆژەی لامەركەزیەتی ئیداری‌و دارایی دەكەن. (درەو) كۆپییەك لەو نوسراوەی دەستكەوتووە، تێیدا ئاماژە بەوەكراوە" لامەركەزیی كارگێڕی‌و دارایی‌و دابەزاندنی دەسەڵاتی كارگێڕی‌و دارایی‌و ئاڕاستەكردنی بۆ بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا، خاڵێكی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەنجومەنی پارێزگا پێویستە جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ئەو خاڵە بكرێتەوە". جوڵاندنی پرسی لامەركەزیەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە هاوكاتە لەگەڵ ئەو گرژییانەی كە بەمدواییە لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە.


 راپۆرتی: درەو ئەو بەڵێنانەی هێزە سیاسییەكان بە مستەقا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراویاندا لەساوەختی ڕاسپاردنیدا بە سەرپشككردنی لەدیاریكردنی وەزیرەكانی حكومەتەكەی تاسەر نەبوو، لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكاندا،  سەرجەم هێزە سەرەكییەكان پێداگریان لەسەر پشكی خۆیان‌و ئیستحقاقی هەڵبژاردن كرد. لەوەش زیاتر، ململانێكە لەسەر دوو ئاست قوڵبووتەوە: •    ئاستێكیان، ناكۆكی كوتلە سیاسییەكانە لەسەر پشكی پێكهاتەكانیان لە وەزارەتەكان، بەتایبەت وەزارەتە سیادیییەكان. •     ئاستی دووەمیشیان، ناكۆكی نێوان هێزەكانی ناو خودی پێكهاتەكانە، بەجۆرێك هەر لایەنەو چاوی لەسەر وەزارەتێكی دیاریكراو یان زیاترە بۆ خۆی بەرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی هەندێك لەمیدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، لەدانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتەدا: •     دەوڵەتی یاسا داوای وەزارەتی ناوخۆی كردووە، وەگرتنی ئەو وەزارەتەی كردووەتە مەرج بۆ پاڵپشتیكردنی كازمی. •     پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگری  لەسەر هێشتنەوەی فوئاد حسێن وەزری دارایی دەكات لەكابینەكەی كازمی_دا. •     ڕەوتی حیكمەو سائیرون هەردووكیان داوای وەزارەتی نەوت دەكەن. •     سوننەكان داوای هێشتنەوەی چەند وەزیرێك‌و ئاڵوگۆڕی یەك دوو وەزارەت دەكەن. عەقیل ئەلردەینی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسر" لە لێدوانێكدا بۆ سایتی "بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاندووە: كوتلە سیاسییەكان تەنها داوای وەزارەت ناكەن لەكازمی، بەڵكو دەیانەوێت كاندیدی دیاریكراویشی بەسەردا بسەپێنن. جەختیشی كردووە: قسەی هەندێك هێزی سیاسی لەبارەی سازشكردنی لە پۆستی وزاری‌و، سەرپشككردنی كازمی، تەنها دروشم و بانگەشەیە. هیچ نەماوە بیدزن عەدنان زورفی ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی حكومەت، لەتویتێكدا لەبارەی ململانێی هێزە سیاسییەكانی عێراق سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكان دەەڵێت: "وڵات هیچی تیانەماوە بەكەڵكی دزی بێت، حكومەت پێكبهێنن باخەڵك بحەوێتەوە". لای خۆیەوە، مەنسور بعێجی پەرلەمانتاری "دەوڵەتی یاسا" لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ڕاگەیاند: پشكێنەی حزبی ڕێگرە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت، پێویستە لەسەر كازمی ئەو ڕێككەوتنە لەبەرچاو بگرێت كە لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان ئەنجامیداوە، بە تایبەت لەگەڵ كوتلە شیعییەكان كە كاندیدیان كردووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، كوتلە شیعییەكان لەسەرەتادا كازمی_یان سەرپشككرد، بەڵام كاتێك لەگەڵ كوتلە كوردییەكان كەوتە دانوستان مەرجی خۆیان بەسەردا سەپاند، هەروەك چۆن سوننەكانیش هەندێك مەرجیان هەبوو بۆی، ئەوەش وایكرد كوتلە شیعییەكان لە سەرپشككردنەكە پاشگەزببنەوە. جەختیشی كرد: لەئێستادا هیچكام لەهێزەكان سازش لەسەر پشكی خۆیان ناكەن‌و، حكومەت لەڕێی پشكێنەی حزبییەوە نەبێت تێناپەڕێت.  ئەوە لەكاتێكدایە، زیاتر لە سێ‌ یەكی ئەو ماوە دەستورییەی لەبەردەم كازمی_دایە  بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی بە پەرلەمان كۆتایهاتووە، پێشتر هێزە سیاسییەكان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان، حكومەتەكەی كازمی لەپەرلەمان تێدەپەڕێت.    كازمی ئاگاداردەكەنەوە  بڵاوبونەوەی دەنگۆی ڕەتكردنەوەی كاندیدی هێزە سیاسییەكان بۆ وەزارەتەكان‌و دانانەوەی هەندێك لە وەزیرەكانی حكومەتی ئێستای عێراق لەكابینەی داهاتوودا، لەلایەن مستەفا كازمی_یەوە، هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی توڕەكردووەو، ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی هەمان چارەنوسی (زورفی) لێدەكەن، ئەگەر پابەندنەبێت بە ڕێككەوتنی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان.  محەمەد غەبان سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی "فەتح" لەپەرلەمانی عێراق لەتویتێكدا ڕایگەیاندووە: زروفی_یان ڕەتكردەوە لەبەر ئەوەی بەمیكانیزمێكی پێچەوانەی دەستورو عورفی سیاسی ڕاسپێردرا، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی ئێستاش لەڕێی تەوافوقی كوتلە سیاسییەكانەوە هاتووە، نەك لەبەر ئەوەی باشترینە، یان لەهەڵبژاردنەكاندا سەركەوتووبوبێت، بەڵكو وەك دەرچەیەك‌و چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە دیاریكراوە، بۆیە پێویستە لەسەری پابەندی ئەو پرنسیپانەبێت كە كوتلە سیاسییەكان لەسەری ڕێككەوتوون لەگەڵی.  دەنگ‌و جوڵەكان لەفراوانبوندان توندبوونەوەی ململانێی هێزو لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ‌،  هاوكاتە لەگەڵ فراوانبوونی ئەو دەنگە ناڕەزاییانەی  لەناو هێزو لایەنە شیعییەكاندا دژ بە هەرێمی كوردستان قسەدەكەن. فالح خەزعەلی پەرلەمانتاری كوتلەی "سەنەدی نیشتمانی" كە سەربە گروپەكانی حەشدی شەعبی_یە لەپەیامێكدا كە ئاراستەی مستەفا كازمی كردووە، دەڵێت: ناكرێت پەراوێزخستنی پارێزگاكانی ناوەڕاست‌و باشور بەردەوامبێت، پێویستە پرۆگرامی حكومەتی داهاتوو دادپەروەربێت‌و ڕوونبێت لەدابەشكردنی سامانی وڵات. خەزعەلی، كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت بە داواكارییەكی گرنگ دەزانێت، داواش لەكازمی دەكات، داهاتی خاڵە سنورییەكان‌و نەوت‌و فرۆكەخانەو باج بگێڕێتەوە بۆ ژێر دەستی دەوڵەت.  دەشڵێت: ڕێگەنادەن بە دووبارە بوونەوەی ئەزمونی حكومەتەكانی ڕابردوو، هانی پەرلەمانتارەكانی ناوەڕاست‌و باشوریش دەدات بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن. ئەوەش لەكاتێكدایە، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر حەسەن سالم پەرلەمانتاری كوتلەی "سادقون" ی سەر بە گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق لەبەیاننامەیەكدا، حكومەتی هەرێمی كوردستانی تۆمەتباركرد بە دەستبەسەراگرتنی سامانی دەوڵەتی عێراق‌و، داوای لەهێزە شیعییەكان كرد، سنورێك بۆ بردنی داهاتی عێراق دابینێنن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، بە تایبەت كە عێراق مانگانە بودجە ڕەوانەی هەرێم دەكات، بەڵام تائێستا هەرێم ئامادەنییە نەوتەكەی ڕادەستی بەغداد بكات. هەر لەوچوارچێەیەدا، دوێنێ‌ لەمیدیاكاندا نوسراوێكی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوبووەوە كە ئاراستەی نوسینگەی وەزیری دارایی عێراق كراوە، تێیدا داوای ڕاگرتنی پشكی هەرێم دەكات لەبودجەی عێراق،  بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم بە ڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی لەسەری پێویستە ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆی بكات. پێشتریش محەمەد غەبان سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی "فەتح" لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق، كە میدیایەكی نیمچە ڕەسمی حكومەتی عێراقە، داوایكرد پرۆسەی كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت، چەكی پێشمەرگەش بگرێتەوە.


 (درەو): شارەزایەتی بواری وەبازاڕخستنی نەوت كە پێشتر لە كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" كاریكردووە، دەڵێ داڕمانی نرخی نەوتی ئەمریكی كاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت لە جیهاندا دەبێت‌و عێراق‌و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە رێكخراوی "ئۆپێك" زەرەرمەندی گەورە دەبن‌و پێشبینی دەكات دواجار بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی نەوت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی ببات. لەبارەی دابەزینی نرخی نەوتەوە محەمەد جبوری- بەڕێوەبەری گشتی پێشووی وەبازاڕخستن لە كۆمپانیای سۆمۆ  وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت داوا لێبوردن دەكەم كە دوێنێ شەو نەمتوانی هیچ شتێك بنوسم سەرباری ئەوەی پسپۆڕییەكەم لە بواری وەبازاڕخستنی نەوتدایە، بەڵام زۆر كەس پەیوەندییان پێوەكردم و داوایان كرد لێكدانەوە بۆ ئەم دیاردەیە بكەم (دابەزینی بەهای نەوتی ئەمریكا) بۆ ئەوەی بینرێن بۆ بەرپرسان یاخود بڵاوی بكەنەوە. لە ساڵی 1986وە بازاڕی نەوت لە نیویۆرك دروستكراوە‌و ناوی لێنراوە بازاڕی كاغەزیی نەوت، ئەمە گەمەیەك بوو بۆ راكێشانی بەڕەكە لەژێر پێی وڵاتانی ئۆپێك، كە پێشتر ئەوان نرخی نەوتی خاویان دیاریدەكرد، لەوكاتەوە ئۆپێك وردە وردە كۆنترۆڵی خۆی بەسەر دیاریكردنی نرخی نەوتدا لەدەستدەدات‌و چیتر میكانیكییەتی خواست و خستنەڕوویش هاوشێوەی كاڵاكانی تر، توانای دیاریكردنی نرخی نەوتی نەماوە، بەڵكو ئەوەی رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت كڕێن‌و فرۆشتنی موستەقبەلیی نەوتە لەناو بازاڕی كاغەزیدا. بازاڕی كاغەزیی نەوت وردە وردە زیاد دەكات، تا ئەو رادەیەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕی كاغەزیدا (14 هێندە) زیاترە لە قەبارەی ئەو نەوتەی كە لە بازاڕی راستەقینەدا مامەڵەی پێوەدەكرێت، لە بازاڕی واقیعی نەوتدا رۆژانە (100 ملیۆن) بەرمیل نەوت مامەڵەی پێوەدەكرێت، بەڵام لە بازاڕە كاغەزییەكەدا رۆژانە نزیكەی (هەزارو 400) ملیۆن بەرمیل نەوت مامەڵەی پێوەدەكرێت. كێشەكە ئەوەیە، ئەوانەی لە بازاڕی كاغەزیی نەوتدا مامەڵەدەكەن پێویست ناكات خەڵكانی شارەزای بواری نەوت بن، بەڵكو ئەوانە تەنیا كەسانێكن كە نرخ لێدەدەن‌و بەدوای بەدەستهێنانی قازانجێكی خێرادا دەگەڕێن. هەر بەوبۆنەیەوە، ساڵی 2008 یەكێك لە برایانی عێراقی راوێژی پێكردم لەبارەی لێدانی نرخ لە بازاڕی كاغەزیی نەوتیدا، رێنمایم كرد بە كڕین‌و قازانجكردنی بە بڕی زیاتر لە (4 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلار، ئەوكات داوای لێكردم لەوبوارەدا هاوكاری بكەم، بەڵام من رەتمكردەوە چونكە دژی شەریعەتی ئیسلامییە!!! فرۆشتنی كاڵایەك كە بوونی نییە (ئەمە نرخ لێدانە)، رێگای كاركردن لە بواری نەوت بەشێوەی كاغەزیی ئەوەیە تۆ بڕێك بەرمیلە نەوت دەكڕیت لەشێوەی كاغەزێكدا بۆ داهاتوو، دەبێت بۆماوەی مانگێك یان دوو مانگ بێت، بەر لەو مانگەی كە دیاریكراوە، لە رۆژی 20 و 21ی هەموو مانگێكدا بەرمیلە نەوتە كاغەزییەكان دەبن بە بەرمیلی راستەقینەی نەوت، ئەوانەی كاری لێدانی نرخ دەكەن لە بازاڕە كاغەزییەكاندا، زۆرجار كە نەوتەكەیان لە كاغەزەوە دەبێت بە نەوتی راستەقینە، ئیتر نەوتەكەیان ئەمبار دەكەن، بەڵام كاتێك ئەمبارەكان لە وشكانیدا پڕدەبن، نرخی بەكرێگرتنی كەشتییەكان بە رێژەی 687% بەرزدەبێتەوە، ئیتر ئەستەم دەبێت ئەو نەوتە لە كەشتییەكاندا ئەمبار بكرێت، چونكە ئەمبارەكان لەسەر وشكانیی پڕبوون یان بەكرێگیراون. كێشەكەی دوێنێ (مەبەستی نوسەر ئەو رۆژەیە كە بەهای نەوتی ئەمریكیی بۆ خوارو سفر دابەزی) ئەوەبوو، زۆرینەی ئەوانەی نرخەكان لێدەدەن پشتیان بە لێدوانێكی ترەمب بەستبوو لەبارەی ئەوەی نرخی نەوت‌و ژیانی ئابوری ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام كاتێك كاتەكە لەدەستدەرچوو ئەوسا بە بارودۆخەكەیان زانی، ئەمە وای لێكردن پەنا ببەن بۆ خۆڕزگاركردن لە نەوتەكانیان‌و نرخی نەوتی خۆرئاوای تێكساس دوچاری داڕمان هات، هەندێك ملیۆنان دۆلار زیان‌و هەندێكی تر ملیۆنان دۆلار قازانجیان كرد. ئەمڕۆ وێنەكە رونترە (خراپترە)‌و كاریگەری دەبێت لەسەر بازاڕەكانی تریش، چونكە زۆرێك لەوانەی نرخەكان لێدەدەن لە بازاڕی مامەڵەی داراییدا، پێشبینی ئەوەیان دەكرد نرخی نەوت بەرزببێتەوە وەكو ئەوەی ترەمپ بەڵێنی دابوو !!! ئایا كاردانەوەی ترەمپ چی دەبێت !؟ ئایا قەرەبویان دەكاتەوە!؟ لەوباوەڕەدام بازاڕی نەوت تایبەت بە نەوتی تێكساس وەكو خۆی دەمێنێتەوە كە بنەڕەتی كێشەكە بوو. ئەمەش بێگومان رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕی جیهانیی دەبێت‌و وڵاتانی ئۆپێك‌و عێراق لە گەورەترین زەرەرمەندەكان دەبن‌و پێدەچێت سەریش بكێشێت بۆ داڕمانی تەواوەتی بازاڕی نەوت ئەگەر بارودۆخەكە چارەسەرنەكرێت، ئەوكاتە ترەمپ هەوڵی چارەسەركردنی قەیرانەكە دەدات‌و پێدەچێت چارەسەرەكەش سەربازیی بێت!!!


درەو: "ئەم واقیع و بارودۆخەی  ئێستاتان قبوڵە باشە، قبوڵتان نیە، ئێوە لە ماڵی خۆتان و ئێمەش لەماڵی خۆمان" ئەمە دوایین پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ سەركردایەتی نوێی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. بڕیارە رۆژی چوار شەممە مەكتەبی سیاسی  پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە، لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان و مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتیەوە ئەمە یەكەمین كۆبونەوەی نێوان پارتی و یەكێتیە، ئەگەر كۆبونەوەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت و هەڵنەوەشێتەوە، وەكوو داننانی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە سەركردایەتیە نوێیەكەی دوای كۆنگرەی یەكێتی. دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی لە سەڵاحەدین كۆبوەوە مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب لە رێگەی سكایپەوە سەرپەرشتیكرد، لەو كۆبونەوەیەدا پارتی بڕیاریدا بارەی ئاڵۆزی و پەیوەندییەكانیانەوە لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ بكات. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە چەند كاتژمێری رابردوودا ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی ئەو كۆبونەوەیە درووست بووە، سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە رێگەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەوە پەیامێكی بۆ هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووە. (درەو) زانیویەتی لە پەیامەكەدا  مەسعود بارزانی بە سەركردایەتی نوێی یەكێتی نیشتمانی دەڵێت " بەو واقیع و بارودۆخەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، رازین باشە رازی نین، ئێمە لە ماڵی خۆمان و ئێوەش لە ماڵی خۆتان". پەیامە توندەكەی مەسعود بارزانی بۆ یەكێتی لەدوای كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دێت، لە بارەی كێشەی زینی وەرتێ و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی لە بارەی كێشەكانەوە وتی " یەكێتی و پارتی هاوبەشی یەكترن و كێشەی گەورەیان لە نێواندا نیە، ناكۆكیەكان بەم زوانە چارەسەر دەبن". نێچیرڤان بارزانی لەسەرەتای گرژیەكان و كێشەی زینی وەرتێوە هەوڵی نێوەندگیری و چارەسەر دەدات، لەناو پارتیدا نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسە كە بەفەرمی دانی بە سەركردایەتی نوێی یەكێتیدا ناوەو مامەڵەیان لەگەڵ دەكات رەنگە ئەمە هۆكاری توڕە بوونی مەسعود بارزانی و ناردنی پەیامەكەی بێت بۆ یەكێتی تا لەو رێگەیەوە پێیان بڵێت قسەی یەكلاكەرەوەی پارتی لای ئەوە نەك نێچیرڤان بارزانی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئێوارەی ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی رەوانەی ناوچەكانی دەوروبەری زینی وەرتێ كردووە، هەر ئەمڕۆ پەیجی فەرمی دەزگای دژە تیرۆری پارتی ڤیدیۆی هێزەكانی خۆی لە رێگایەكیدا بڵاوكردەوە كە لە حاڵەتی ئامادە باشیدان.     


(درەو): نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی تاكساس بۆ خوار سفر دابەزی، بەڵام نرخی نەوتی خاو (21 )دۆلار و برێنت (26) دۆلار راوەستاوە، دابەزینی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی تایبەتە بە بازاڕی نرخی نەوتی ئەمریكاوە بەڵام بێكاریگەری نابێت لەسەر بازاڕی نەوتی جیهان. كەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت لە بازاڕی جهانیدا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی خۆرئاوای تێكساس بۆ كەمتر لە سفر دابەزاند، ئەمە دابەزینێكی مێژوویی بوو لە نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی هاوكات لەگەڵ پڕبوونی ئەمبارەكانی نەوتدا. چاودێرانی بازاڕی نەوت دەڵێن، ئەوەی رویداوە حاڵەتێكی تایبەتە بە بازاڕی نەوتی ئەمریكی و بەهای نەوتی برێنت لە شوێنی خۆیدایەو ئەمڕۆ گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە نەبینیوە. هۆكاری دابەزینی نرخی نەوتی تاكساس دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمبارەكانی نەوت لە ئەمریكا پڕبوون، خەرجی ئەمباركردن زیاتربووە، فرۆشیارەكان دەیانەوێت بەشێوەیەكی خێرا خۆیان لە نەوتی ئەمباركراوی مانگی ئازار رزگاربكەن، بۆیە نرخی نەوتیان توشی داڕمان كرد. دابەزینە مێژوییەكەی ئەمڕۆی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكیی، بەڕای هەندێك لە چاودێران دەریخست ئەو رێككەوتنەی كە سەرەتای ئەم مانگە رێكخراوی "ئۆپێك پڵەس" كردی بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەمەبەستی جێگیركردنی نرخ لە بازاڕدا، هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییەو ناتوانێت لەم كاتەدا كە جیهان بەدەست قەیرانی كۆرۆناوە دەناڵێنێت نرخی نەوت سەقامگیر بكات. لە ساڵی ١٩٨٣وە كە دەستكراوە بە فرۆشتنی نەوتی خاوی ئەمریكی بەشێوەی گرێبەست، ئەمە نزمترین ئاستی نرخ بوو كە ئەمڕۆ نەوتی خاوی ئەمریكیی تۆماریكرد. 🔸ئەمریكا رۆژانە (15 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸سعودیە رۆژانە (12 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸روسیا رۆژانە (10 ملیۆن و 800 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸عێراق رۆژانە (4 ملیۆن و 450 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لەبارەی نەوتی خاوی (تاكساس) ئەمریكیەوە 🔹نەوتی خاوی ئەمریكی كە بە نەوتی خۆرئاوای تاكساس ناسراوە، خراپترین جۆری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان لەرووی كوالێتیەوە كە نەوتێكی سوكەو كەمترین چڕی هەیە، نرخەكەی هەمیشە لە نەوتی خاوو برێنت كەمترە لە بازاڕەكانی جیهان، نەوتی خاوی تەكساس بریتیە لەو نەوتە سوكەی لە (تاكساس و لویزیانا و باكوری داكۆتا)ی ئەمریكا بەرهەمدەهێنرێت.  🔹 نەوتی برێنت كە لە بازاڕەكانی جیهاندا نرخەكەی ئێستا (26) دۆلارەو بەشێوەیەكی كەم نرخەكەی دابەزی، ئەو نەوتەیە كە لە (دەریای باكور لە نێوان دوورگەكانی شێتلاندی بەریتانیا و وڵاتی نەرویج) بەرهەم دەهێنرێت. 🔹نەوتی خاوی ئۆپێك كە ئێستا نرخەكەی (21) دۆلارە ئەو نەوتەیە كە لە وڵاتەكانی (عێراق، ئێران، سعودیە، كوەیت ، بەحرەین ، ئیمارات، عومان، نەیجیریا، لیبیا، جەزائیر، ئەنگۆلا، كۆنگۆ، كۆڵۆمبیا، ڤەنزوێلا، گینیای ئیستیوائی و گابۆن)، بەرهەمدەهێنرێت و زۆرترین بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێكدێنێت.    


(درەو): بڕیاربوو ئەم هەفتەیە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ تێپەڕاندنی، بەڵام پێدەچێت ئەو سەبەتە مەرج و داواكارییەی لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە خراوەتە بەردەمی، وابكات نەتوانێت كارەكانی بەو دەستوبردییە ڕاپەڕێنێت. بەپێی دواین زانیارییەكان تا ئێستا كازمی نەیتوانیووە لەگەڵ ئەو كوتلانەی پشتیوانیان دەكەن بگاتە ڕێككەوتن، بەجۆرێك هێزە سەرەكییەكانی هەریەك لەسێ‌ پێكهاتەی عێراق(شیعەو سوننەو كورد) كۆمەڵێك مەرج‌و داواكاری تایبەت بە خۆیان بۆ ڕیزكردووەو، متمانەدانیان بە حكومەتەكەی  بەستووەتەوە بە جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە.   بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، كازمی لەدانوستانی لەگەڵ هێزە شیعی‌و سوننی‌و كوردییەكان ڕووبەڕووی سێ‌ جۆر مەرج‌و داواكاری بووەتەوە: مەرج‌و داوای شیعەكان بۆ كازمی •    هێزو گروپەكانی هاوپەیمانی ئێران پێداگری دەكەن لەوەی پرۆگرامی حكومەتەكەی كازمی بڕگەیەكی تێدابێت بەڕاشكاوی باس لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بكات كە بڕیاریداوە بە كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لەعێراق. •    بەهێزكردنی پێگەی حەشدی شەعبی‌و پاراستنی. •    بەدەستهێنانی هەندێك لەوەزارەتە سیادی‌و هەستیارەكان لەحكومەتەكەیدا. ئەمە ئەكرێت بە داواكارییەكی هاوبەشی تەواوی هێزەكان دابنرێت لەعێراق بە جیاوازی پێكهاتەكانەوە، گەرچی دەخرێتە خواروی لیستی مەرج‌و داواكارییەكانیان، بەڵام لەواقیعدا پرسێكی جەوهەرییە بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەكان. مەرج‌و داوای سوننەكان بۆ كازمی هێزە عەرەبییە سونییەكانیش، كۆمەڵێك داواكاری تایبەت بە خۆیان هەیە كە بەپێی بایەخ‌و ڕیزبەندی بەمشێوەیە ڕیزیان كردووە:  •    ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانكراوەكانیان. •    گێڕانەوەی ئاوارەكان. •    كردنە دەرەوەی گروپەچەكدارەكان لەو شارە سونییانەی كۆنتڕۆڵیان كردووە. •    نیشتەجێكردنەوەی خەڵكە ڕەسەنەكان لەزێدی خۆیان. •    چارەسەركردنی دۆسیەی ڕفێنراوان‌و ونكراوان‌و دەستگیركراوەكان. •    قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی كردەوە تیرۆرستییەكان‌و هەڵە سەربازییەكان. •    بەدەستهێنانی پشكی خۆیان لەحكومەت بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 2018. مەرج‌و داوای كورد بۆ كازمی •    كورد وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك مەرجی كەڵكەبووی كۆنی هەیە، لەنمونەی جێبەجێكردنی مادەی 140و ئیستحقاقە نەتەوەییەكانی تر، بەڵام لەئێستادا ڕیزبەندی مەرجەكان بەپێی قۆناغەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. •    پشكی كورد لە بودجەی عێراق. •    پابەندبوون بەسەرجەم ئەو ڕێككەوتنانەی پێشتر لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ئیمزاكراوە. •    پشكی كورد لەحكومەتی عێراق. ئەو دۆسیانەی چاوەڕێی كازمی دەكەن لەگەڵ ئەوەی هێزو لایەنە سیاسییەكانی عێراق لیستێكی دورودرێژ مەرج‌و داواكارییان بۆ كازمی ڕیزكردووە، لەملاشەوە لیستێكی دورودرێژ لە قەیران‌و دۆسیەی ئاڵۆز لەچاوەڕوانی كازمی_دان هەڵیانبداتەوە، كە دیارترینیان: •    ڕووبەڕووبونەوەی پەتای كۆرۆنا. •    جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران. •    قەیرانی دارایی‌و دابەزینی نرخی نەوت. •    دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت. •    ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی. •    هێشتنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت‌و دانانی سنورێك بۆ هەژموونی گروپە چەكدارەكان. •    هەژاری‌و بێكاری.  


درەو:  (پاشەكەوتی موچە، دەستكاریكردنی دەرماڵە ناجێگیرەكان، گۆڕانكاریكردن 25%ی كۆی موچەی فەرمانبەران) ئەو سێ پێشنیازەی وەزارەتی دارایی عێراقن بۆ دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران، كە لەلایەن پەرلەمانەوە رەتدەكرێتەوە. عەلا چەلوب فەهد، وتەبێژی نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندیییەكان لە ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكومەتی عێراقی  راگەیاندووە: وەزارەتی دارایی بەپێی گۆڕانكارییە ئابوورییەكان و دابەزینی نرخی نەوت، سیستەمی نوێی موچەی فەرمانبەران دادەڕێژێتەوە. فەهد ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی لە هەماهەنگیدان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێشنیازەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، پێشنیازەكانیش بریتین لە؛ 🔹  گۆڕانكاریكردن لە 25%ی كۆی موچەی فەرمانبەران 🔹  پاشەكەوتی بەشێكی موچەی فەرمانبەران 🔹  كەمكردنەوەی دەرماڵە ناجێگیرەكان  هەسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە كە بەهەموو جۆرێك دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران رەت دەكەنەوەو ئەو پێشنیازانە لەلایەن لیژنەی داراییەوە نەخراوەتەوە روو. پێشتر (درەو) لە هەواڵێكیدا بڵاویكردەوە (كۆردێك بیرۆكەی پاشەكەوتی موچە دەخاتە بەردەم بەرپرسانی عێراق) ئاماژەی بەوەكردبوو (د. فوئاد حسین) وەزیری دارایی عێراق چەند بیرۆكەو ئۆپشنێكی ئامادەكردووە بۆ بەردەم بەرپرسانی عێراق، ئەویش (پاشەكەوتی موچە یان بڕینی دەرماڵەی موچەخۆرانی عێراق)، لە پێناو رزگاربوون لەو دۆخە داراییەی كە بەرۆكی عێراقی كردووە.  


(درەو):  لەكاتێكدا چین ڕووبەڕووی هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی بێوێنە بووەتەوە، بەهۆی مامەڵەكردنی لەگەڵ قەیرانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تایبەت لەلایەن ویلایەتەكگرتووەكانی ئەمریكاوە،  پەكین بەهێواشی پشتیوانییەكانی فراوان دەكات لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا.  ڕۆژنامەی "ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست" لەژمارەی دوێنێ‌ یەكشەممەدا بڵاویكردەوە، چین لەئێستا ڕۆلێكی میحوەری دەگێڕێت لەوەی كە ئێستا بە" دبلۆماسیەتی دەمامكی خۆپارێزی" ناسراوە، بۆ ڕاكێشانی بەڕەكە لەژێر پێكانی واشنتۆن لەوڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا. پەكین بەم دواییە تیمی شارەزایانی ڕەوانەی هەریەك لە كەمبۆدیاو فلیپین‌و میانمارو پاكستان كردووە، بەمنزیكانەش ڕەوانەی مالیزیای دەكات، بۆ گواستنەوەی ئەزموونیان بۆ ئەو وڵاتانە سەبارەت بە چۆنییەتی ڕوبەڕووبونەوەی پەتای كۆرۆنا. هەروەك چین دەمامكی خۆپارێزی‌و ئامێری هەناسەدانی دەستكردی بەخشی یان ئاسنكاریكرد بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستیان پێیەتی لە باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا، كە لەلایەن خۆیانەوە پێشوازیان لەو هاوكارییانە كرد.          ئامادەیی وێڕایی گومان چین زنجیرەیەك لە كۆبونەوەی تایبەتی لەڕێی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ هاوسێ ئاسیاییەكانی ئەنجامداوە، كە دواترینیان ڕۆژی سێ‌ شممەی ڕابردوو بوو، تێیدا (لی چیانگ) سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت تاتوێی ئەزموونی وڵاتەكەی كرد لە قەلاچۆكردنی نەخۆشییەكەو دووبارە خستنەوەگەڕی دامەزراوە ئابورییەكانی، لەگەڵ سەركردەكانی گروپی وڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا ناسراو بە (ئاسیان)، لەگەڵ ژاپۆن‌و كۆریای باشوریشدا.  ژمارەیەك لە سیاسییەكانی خۆرئاوا بە ئاشكرا گومانیان هەیە لەڕۆڵی پەكین لەچارەسەری قەیرانی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنادا، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو، تۆمەتباریدەكەن بە ناشەفافی، سەبارەت بە ژمارەی مردوان‌و ئەوتووشبوانەی ڕایگەیاندووە.  بەڵام سەركردە ئاسیاییەكان، لەنێویاندا ڕۆدریگۆ دۆتیرتی سەرۆكی فلیپین‌و، شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن، هیچ لۆمەكی چین_یان نەكرد، كە نزیكترینن لێی لەڕووی جوگرافییەوە، هەروەك سنورەكانیان بەشێوەیەكی تەواوەتیش لەگەڵی دانەخست.  ڕۆژنامە چینییەكە لەزاری بەرپرسێكی ئاسیاییەوە كە ناوەكەی نەهێناوە، بڵاویكردووتەوە، دواكەوتنی وەڵامدانەوەی حكومەتەكانی وڵاتانی خۆرئاوا لەمامەڵەكردن لەگەڵ بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا تایبەتمەندی بەچین بەخشی، سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتاوە بەشێوەیەكی شەفاف سەبارەت بە بڵاوبونەوەی پەتاكە مامەڵەی نەكرد.  وتوشیەتی: خۆرئاوا كارێكی باشتر لەو چوارچێوەیەدا ناكات، جەختیشی كردووە، حكومەتەكەی ئاماژەی لە پەكینەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە بایەخی بەكارهێنانی ڕیكلامی میدیایی لەدروستكردنی ڕای گشتی‌و بەهێزكردنی هەست‌و سۆزی نیشتمانی لەساتەوەختی قەیرانەكاندان. دبلۆماسیەت لەنێوەندی قەیراندا  شارەزایانی ئاسیایی جەخت دەكەن، هەڵمەتی چڕی دبلۆماسیەتی پەكین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو زیانەی بەر ناوبانگی كەوتووە بەهۆی مامەڵەی لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنا، لە ئاسیا ڕووبەڕووی بەرەنگارییەكی كەمتر بووەتەوە بە بەراورد بەو گومانەی وڵاتانی خۆرئاوا هەیانە.  ڕیچارد هیداریان، ئەكادیمی نیشتەجێ لە مانێلای پایتەختی فلیپین دەڵێت: بەدرێژایی دوو مانگی ڕابردوو، چین هەوڵێكی زۆریداوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو بۆچوونەی دەڵێت، چین بەرپرسیارە لەو پەتا جیهانییە. هیدریان ڕاشیگەیاندووە:بۆچوونی ئەمریكا هیچ هاوكارییەكی ئەووڵاتەی نەكردووە لە دەربازبوون لە قەیرانەكەی، جەختیشی كردووە: سەرۆك ترەمپ زیاتر بایەخ بە گەمەی لۆمەكردن دەدات لەبری هەڵسوكەوتكردن وەك ڕابەرێكی جیهانی.  لای خۆیەوە، شەهرمان لۆكمان، گەورە شرۆڤەكار لە پەیمانگای مالیزیا بۆ دیراساتی ستراتیجی‌و نێودەوڵەتی، دەڵێت: لەكاتێكدا ئەمریكا سەرقاڵی لەناوبردنی پەتاكە بوو، چین خاكێكی بەپیتی دۆزییەوە لە وڵاتانی باشوری ئاسیا بۆ دروستكردنی وێنەی ڕزگاركەر بۆ خۆی.  لۆكمان ڕوونیشیدەكاتەوە: سەردانی وەفدەكانی پەكین لەو وڵاتانە ڕوومالێكی میدیایی گەورە كرا، هەروەك پێشكەشكردنی هاوكاری پزیشكی بەو وڵاتانە ناوبانگی پەكینی باشكرد لایان، حكومەتی چین لەوەدا بەشێوەیەكی بەرچاو سەركەتووبوو. *سكای نیوز عەرەبیە


 (درەو): پرۆفیسۆرێكی ئەڵمانی كە بەرێوەبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ڤایرۆساتە رایدەگەیەنێت" زۆرێك لەو زانیارییانەی لەبارەی كۆرۆناوە بڵاوكراونەتەوە ناڕاستن و كەرەنتینەكردن لە ماڵەكاندا سودی نیەو كۆرۆنا بە دەستلێدان و تەوقەكردن ناگوازرێتەوە". "هندریك شتریك" پرۆفیسۆری ئەڵمانی و بەڕێوبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ڤایرۆسات‌و لاوازی بەرگری جەستەیی لەزانكۆی بۆن، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (ZDF) ئەڵمانی زۆرێك لەو زانیارییە باوانەی  لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لەبارەی ڤایرۆسەكەوە بڵاوكراونەتەوە، ڕەتیدەكاتەوەو دەڵێت: 🔹زۆرێك لەو زانیارییانەی ڕاگەیاندنەكان بڵاویانكردووەتەوە ناڕاستن. 🔹 كۆڤید_19 لەسەر ڕووكاری شتەكان ناژی. 🔹ڕووپێوێكمان لەسەر كێلونی دەرگای ئەو ماڵانە ئەنجامداوە كەچەندین تووشبووی تێدابووەو هیچ ڤایرۆسكمان نەدۆزیوەتەوە.  🔹 ڤایرۆسەكە بە دەست لێدان‌و تەوقەكردن ناگوێزرێتەوە. 🔹  پشیلە بەتەواوی سەلامەتە لەڤایرۆسی كۆرۆنا. 🔹  ڤایرۆسەكە تەنها لەڕێی هەواوە لەكەسی تووشبووەوە دەگوزرێتەوە بۆ كەسی بەرامبەر لەڕێی كۆكەو پژمین یان زۆر نزیكبوونەوە لێی. 🔹   كەرەنتینەكردنی  كۆی خەڵك لەماڵەكانیان سودی نییە. 🔹  پێویستە تەنها ئەوانە كەرەنتینە بكرێن كە تووشبون دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی‌و تاقیگەیی. لینكی وتەكانی پرۆفیسۆر هندریك شتریك  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand