دەنگدانی تایبەت: لەهەرێم (185هەزار) كەس مافی دەنگدانیان هەیە
2021-10-07 12:14:39
(درەو):
سبەینێ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، كە هێزە ئەمنییەكانو زیندانیانو نەخۆشەكانو ئاوارەكان دەگرێتەوە.
دەنگدانی تایبەت ناكەوێتە ماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنەوە، واتە لەناو بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڕێوەدەچێت، بێدەنگی هەڵبژاردن لەكاتژمێر (6)ی بەیانی رۆژی شەممەوە دەستپێدەكاتو لەم كاتەوە دەبێت هەموو كاندیدەكان هەڵمەتی بانگەشەی خۆیان رابگرن.
لە هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو كەسانەی كە دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە (185 هەزارو 972) كەسە.
ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانو كەركوك:
• پارێزگای هەولێر: (69 هەزارو 444) دەنگدەر
• پارێزگای سلێمانی: (68 هەزارو 468) دەنگدەر
• پارێزگای دهۆك: (48 هەزارو 605) دەنگدەر
• كەركوك: (46 هەزارو 60) دەنگدەر
دەنگدانی تایبەت لە عێراق:
بەتێكڕا لەسەر ئاستی عێراق (بە هەرێمی كوردستانیشەوە) ژمارەی ئەوانەی دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوەو دەتوانن سبەینێ دەنگبدەن ژمارەیان (ملیۆنێكو 75 هەزارو 727) دەنگدەرە، ئەمە لە كۆی (24 ملیۆنو 907 هەزارو 679) كەس كە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10ی ئۆكتۆبەردا مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەوانەی مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە، لەسەرتاسەری عێراق دابەشكراون بەسەر (595) بنكەی دەنگدان، كە ئەم بنكانەش بەتێكڕا (2 هەزارو 584) وێستگە لەخۆدەگرن.