(درەو): بەغداد ئەمڕۆ میوانداری لوتكەیەكی سێقۆڵی دەكات لەنێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقو عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسرو شا عەبدوڵای پادشای ئوردن. ئەم لوتكەیە بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی ژمارەیەك دۆسیە، لەپێش هەمویانەوە دۆسیەی هاریكاری ئابوریو ئەمنیو بازرگانی لەنێوان هەرسێ وڵاتدا. ئەم دیدارە سێقۆڵییە كە لە میدیای فەرمی عێراقدا ناوی لێنراوە "لوتكەی 2021ی بەغداد"، چوارەمین لوتكەی سێقۆڵی نێوان عێراقو میسرو ئوردنە، چونكە لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا سەرۆكی هەرسێ وڵات سێجاری تر پێكەوە كۆبونەتەوە، كۆبونەوەی یەكەم لە 2019دا لە قاهیرە بەڕێوەچوو، ئەوكات (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، كۆبونەوەی دووەم لە ئەیلولی رابردوودا لە پەراوێزی كۆبونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەنیویۆرك بەڕێوەچوو، دواین كۆبونەوەی نێوان هەرسێ سەرۆك لەسەردەمی كۆرۆناو لە عەممانی پایتەختی ئوردن بوو. "شامی نوێ" لوتكەی سێقۆڵی نێوان عێراقو میسرو ئوردن بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی رێككەوتنێكەوە بەناوی رێككەوتنی "شامی نوێ". مانگی ئابی رابردوو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی ئەم رێككەوتنەوە بە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی وت:" ئێمە بەنیازین بچینە ناو پرۆژەیەكی ستراتیژی كە قاهیرەو بەغدادو عەممان پێكەوە كۆبكاتەوە". ئەوكات كازمی باسی لەوەكرد، ئەم پرۆژەیە "پرۆژەیەكی ئابورییە لەسەر شێوازی ئەوروپی، كە لەتوانایدایە بەشێوەیەكی ئازادتر جموجوڵ بە سەرمایەو تەكنەلۆژیا لەنێوان هەرسێ وڵاتدا بكات". لەبارەی سروشتی پرۆژەی "شامی نوێ"، حوسام عایش كە شارەزایەتی ئابوری ئوردنییە بە سایتی (الحرە)ی وتووە" ئەمە پەیمانێكی نوێیە كە ئامانج لێی دروستكردنی سیستمێكی ناوچەییە بۆ بەرگریكردن لە هەرسێ وڵات، كە بە چەند هۆكارێك هەرسێكیان زەرەرمەندبوونو بەدەست هەڕەشە ئەمنیو سیاسییەكانەوە دەناڵێنن، هەرسێ وڵات لەڕووی ئابورییەوە پاڵپشتی لە یەكتر دەكەن". لوتكەی ئەمڕۆی بەغداد بڕیاربوو رۆژی 27ی مارسی رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رووداوی بەریەككەوتنی دوو شەمەندەفەر لە شاری (سوهاج)ی میسر، مستەفا كازمی وادەی بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكەی دواخست، بەمدواییەش بەهۆی ناكۆكییەكانی ناو بنەماڵەی شاهانەی ئوردن كە میدیاكانی ئوردن ناویان لێناوە "دۆسیەی فیتنە"، جارێكی تر لوتكەی سێقۆڵی بەغداد دواخرایەوە. ئەحمەد خەزیم كە لێكۆڵەرێكی ئابوری خەڵكی میسرە، لەبارەی پرۆژەی "شامی نوێ"وە دەڵێ" ئەمە گردبونەوەیەكی ئابورییە، ئامانج لێی بەرزكردنەوەی ئاستی سەرمایەگوزارییو سودوەگرتنە لە تایبەتمەندی هەرسێ وڵات بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەك پرۆگرامو پرۆژە كە هەرسێ وڵاتەكە پێویستیان پێیەتی". لەبارەی ناونانی پرۆژەكە بە "شامی نوێ"، عەلا فەهد لێكۆڵەری ئابوری عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، عێراق ئەم ناوەی هەڵبژاردووە بۆ پرۆژەكە، چونكە دەبێت بە دەرگای ناوچەكەو هێڵی بەیەكگەیشتنی نێوان خۆرهەڵاتو خۆرئاوا، لەنێوان ئەوروپاو ئاسیادا، شامی نوێ بەواتای وێنەیەكی نوێ دێت بۆ ناوچەكە. حوسام عایش پێیوایە" تەواوكارییەكی روون لەنێوان هەرسێ وڵاتدا هەیە، هەریەكەیان تایبەتمەندییەكیان هەیە كە دەتوانن یەكتر تەواو بكەن، ئەمەش بە "وزەو غاز"، شارەزایی تەكنەلۆژیی، بازاڕی گەورە، ئەمانە پێكەوە لەڕووی دانیشتوانەوە كۆمەڵگەیەكی گەورە پێكدەهێنن كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (160 ملیۆن) بەكاربەرە، واتە نزیكەی (45%)ی كۆی گشتی دانیشتوانی وڵاتانی عەرەبی. "هەرسێ وڵاتەكە بەدەست هەمان كێشەو گرفتەوە دەناڵێنن كە كێشەی قەرزاریو بێكاریو لاوازی گەشەی ئابوریو ناسەقامگیری سیاسییە، كە دواهەمینیان ئەو رووداوانە بوون لە ئوردن رویاندا". لەبارەی بایەخی لوتكەی سێقۆڵیی بەغدادەوە، ئەحمەد خەزیم ئاماژە بۆ هێڵی نەوتی بەسرە- سینا دەكاتو دەڵێ" جێبەجێكردنی هێڵی نەوتی نێوان بەسرەو سینا، دەكرێت بڕی 16 دۆلار لە هەر بەرمیلێك لەو نەوتە كەمبكاتەوە كە هەرسێ دەوڵەت سودی لێ دەبینن، ئەمە سەرباری دروستكردنی هێڵێكی نەوت دوور لە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە". وەكو پلانی بۆ دانراوە، پرۆژەی ئەم بۆری نەوتە لە خۆرئاوای دەریاچەی (سەرسار) لە خۆرئاوای بەغدادی پایتەختەوە درێژدەبێتەوە بۆ پارێزگای ئەنبارو لەوێشەوە بۆ بەندەری "عەقەبە" لەسەر دەریای سور، میسریش دەستدەكات بۆ دانانی نەخشەی راكێشانی هێڵەكە لە بەندەری "عەقەبە"وە بۆ ناوچەی سینا لەڕێگەی دەریاوە، ئەمە بەگوێرەی قسەی خەزیم. كەرتی وزە لە میسر بەدەست هەندێك ئاڵنگارییەوە دەناڵێنێ، بەگوێرەی راپۆرتی سایتی "ئۆیل پرایس" حكومەت میسر لە ساڵی دارایی 2020-2021 پاڵپشتی بۆ بەرهەمە نەوتییەكان بەرێژەی (46%) دابەزاندووە، زیادبوونی هاوكاری وڵاتان لەگەڵ میسردا، دۆخی ئابوریو بەتایبەتی كەرتی وزەی ئەم وڵاتە دەبوژێنێتەوە. رەهەندی سیاسی پرۆژەكە بەپێی قسەی ئەحمەد خەزیم" كۆبونەوەی سیقۆڵی ئامانج لێی پێكهێنانی كوتلەیەكی عەرەبییە بۆ وڵاتانی میانڕەو". عایش هاوڕایە لەگەڵ خەزیمو دەڵێ" بوونی ئەم جۆرە كوتلانە لەناوچەكەدا هاوكاری هەرسێ وڵات دەكات لە كەمبونەوەی ئاستی شوێنكەوتەیی". لێكۆڵەرەوە عێراقییەكەش لوتكەكە دەخاتە ناو خانەی بەرژەوەندی سیاسییەوەو باسلەوە دەكات" ئەم گردبونەوەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی پشتبەستنی عێراقە بە ئێران لە هاوردەكردنی وزەدا، ئەمە سەرباری ئەوەی واشنتۆن بەردەوام عێراق لە سزاكانی دەبەخشێت لەبواری هاوردەكردنی وزەدا لە ئێرانەوە". ئەمریكا لە 31ی مارسی رابردوودا بۆ ماوەی (120) رۆژی تر عێراقی بەخشی لە كڕینی وزەی كارەبا لە ئێران، بەمەرجێك لەو ماوەیە ئاستی پشتبەستنی بە كارەبای ئێران كەمبكاتەوە. فەهد دەڵێ" رەهەندی لوتكەكە خۆی دەبینێتەوە لەوەی عێراقە بەشێكە لە وڵاتانی عەرەبیو دورخستنەوەی گومانەكان لەبارەی ئەوەی حكومەتی عێراق ئارەزووی بەلای هاوپەیمانێتی لەگەڵ تاراندا دەچێت". لەبارەی بەربەستەكانی بەردەم پرۆژەكەوە، عایش پێیوایە" بیرۆكەو پلانو بەرنامە زۆرن، بەڵام رەنگە بارودۆخ رێگە نەدات بخرێنەسەر ئەرزی واقع، لەوانە بیرۆكراتییەتو باجی گومرگیی سەرباری ئەوەی هەندێك بەخشین بۆ كاڵای ئوردنی كراوە لە بازاڕی عێراقیو بازاڕەكانی تردا". بەڵام لێكۆڵەرە میسرییەكە لەبارەی بەربەستەكانی بەردەم پرۆژەكەوە دەڵێ" لەناوچەكەدا سیاسەت، ئابوری بەڕێوەدەبات، كە سیاسەتیش هاتەناوەوە، ململانێ رودەدات". سەرچاوە: الحرە
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) ئێراننامە (11) مەبەستی پێکهێنانی یەکێک لەو دەزگا هەستیارانەی لەئێراندا (بەهۆی ئەرکە دەستوورییەکەیەوە هەیەتی، دەزگای ئەنجوومەنی شارەزایانە(مجلس خبرگان رهبری) کە ڕاستەوخۆ ئەرک و کار و مەبەستی دامەزراندنی پەیوەستە بە دەزگای ڕێبەرایەتییەوە کە لوتکەی هەموو دەسەڵاتەکانی دادوەری، یاسادانان و جێەجێکردنە. گەرچی ئەرکی ئەم دەزگایە سنووردارە و کەمترین کۆبوونەوە دەکەن، بەڵام لەدەسەڵاتییاندایە چاودێریی ڕێبەر و ئەرکەکانی بکەن و تەنانەت دەتوانن ڕێبەریش لابدەن یاخود لێپێچینەوەشی لێ بکەن، گەرچی ئەمە هیچکات لەمێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕووی نەداوە، بەڵام لە توانای دەزگاکەدا (بالقوە) ئەم دەسەڵاتەی هەیە و (بالفعل) بەکاری نەهێناوە. گەرچی وەک هەر وڵاتێکی دیکە، (لە قۆناغی ڕاگوزەردا) ئەم دەزگایە سەرەتا کاتی و تەنها بۆ قۆناغیک دانرا، بەڵام پاشتر بەهۆی ئیسلامیزەکردن و بەشیعەکردنی دەسەڵاتەوە لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقیه، وردەوردە ئەرکەکەی لە کاتییەوە کرا بەهەمیشەیی و بنەما و ڕەوایەتی هەبوونیشی (کە بریتی بوو لە پێداچوونەوەی دەستوور) گۆڕدرا بۆ بنەمایەکی ئاینی-دەوڵەتی، لە بەرایی یاسای ئەنجوومەنی شارەزایاندا هاتووە: "بە ئیلهاموەرگرتن لە ڕیوایەتی یەعقوبی کوڕی شوعەیب کە لە ئیمام سادقەوە گێڕاویەتییەوە لەبارەی زەمینەی ناساندن و دیارییکردنی جێنشینی پایەی ڕێبەری و وەلی موسڵمانان لەهەر زەمەنێکدا، بۆ پێشگرتن لە دەرکەوتنی فتورەت لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و زەمانەتی بەردەوامی حکومەتی شەرعی لەسەر بنەمانی ویلایەتی فەقیه، لە میانەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٠٧ و ١٠٨ی دەستووردا، یاسای هەڵبژاردن، ژمارەی ئەندامان، مەرج و پێڕەوی نێوخۆیی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری بەمشێوەیە ڕێکخراوە".(سایت شورای نگهبان: قانون انتخابات مجلس خبرگان رهبری: https://bit.ly/3xXjlq1 ) لەو بەراییەی یاسای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزیانەوە دەردەکەوێت، کە بنەمای بەردەوامی و هەبوونی، بنەمایەکی ئاینی-شیعی-دوانزەئیمامی-ویلایەتی فەقیهیە و پشتی بە چیرۆکێکی نێو ئەدەبیاتی نێو ئەو مەزهەبە بەستووە و بنەمایەکی وا لای دەوڵەتێکی هاوچەرخی سیکۆلار تەنانەت لای پێڕەوانی وەک سوونەمەزهەبەکانیش ڕەتکراوەیە. ئەمە لەکاتێکدا لەئیراندا گەر دابنێین سەرجەمیشی موسڵمانن (کە ئاین و پێڕەوی دیکە و بێ ئاینیشی تێدایە)، بەگوێرەی هەندێک ئامار ٢٠ ملیۆن لە کۆی ٨٥ ملیۆن دانیشتووان تەنها سوننەمەزهەبن و زۆرینەیان کورد و بەلوچ و تورکەکان و هەندێک لە فارسەکانیش دەگرێتەوە و بە باوەڕی ئاینییان بڕوایان بە ویلایەتی فەقیه و ئەنجوومەنی شارەزیان نییە. لەدامەزراوەیەکی کاتییەوە بۆ دەزگایەکی هەمیشەیی ئەم دامەزراوەیەی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی یەکەمی شۆڕش(١٩٧٩)، ئەرکی لەپێشینە و مەبەستی دامەزراندنی سەرەتا تەنها بۆ پێداچوونەوەی ڕەشنووسی دەستوور بوو کە لەو ئانەدا بۆ گشتپرسی ئامادە کرابوو. بەڵام زۆری نەخایاند و لە ساڵی ١٩٨٢دا جارێکی دیکە یاساکەی هەمووار کرایەوە و کۆی دەزگاکە و ئەرکەکانی تایبەتمەند کرا بە دیاریکردنی ڕێبەری باڵا و چاودێرییکردنی ئەرک و ڕەفتارەکانی(کە بەپێی بەندی ١٠٩ی دەستوور دیارییکراوە)، هاوکات ئەو دەسەڵاتەشی پێدرا کە لەتوانایدا بێت لە کاتی لەدەستدانی شایستەیی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، ڕێبەری باڵا لە ڕێبەرایەتی لابدات. هەروەها لە کاتی مردن یا هەر ڕووداوێکیشیدا کە بەسەر ڕێبەردا بێت، بە گوێرەی دەستووری وڵات، ئەنجوومەنی شارەزایان، ئەنجومەنی ڕێبەرایەتیی کاتیی پێکدەهێنن تا ئەوکاتەی ڕێبەری نوێ دیارییدەکەن، ئەم ئەنجوومەنە لەکارەکانی بەردەوام دەبێت و دەسەڵاتەکانی ڕێبەر بە دابەشکراوی بەسەر ئەندامەکانییدا جێبەجێ دەکەن.(بڕوانە: ئێراننامەی ٤،ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ زانیاریی زیاتر و چۆنێتی پێکهێنانی ئەم لیژنەیە و ئەندامانی و پشئەستوورییە دەستوورییەکانی، لەوێدا ڕوونکراوەتەوە). ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە هەر لەخۆکاندیدکردنیانەوە و شایستەیی و پەسەندکردنیان پاش هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردنیان بەگشتی و بەپێی دەستوور لە ئەستۆی شورای پاسەوان دایە، کە خۆی دەزگایەکی هەڵنەبژێردراوە (بڕوانە: ئێراننامەی ٣، شورای پاسەوان) بەگوێرەی دوایین هەموواری یاسای ئەنجوومەنی شارەزیانی ڕێبەری لە ٢/٩/٢٠١٥دا (١١/٦/١٣٩٤هەتاوی)، بەپێی ماددەی یەکەمی یاساکە: ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە هەشتاوهەشت(٨٨)ئەندام پێکدێت.(پێشتر ٧٣ ئەندام بوو)، ماوەی هەر خولێکی ئەندامانی هەشت(٨) ساڵە و لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، پێویستە شەش مانگ بەر لە کۆتایی هەر خولێک هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی نوێی خولی نوێ ئەنجام بدرێت. (پاش پەسەندنامەی کاندیدبوونیان لەلایەن شورای پاسەوانەوە). شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزیان بازنەییە و بەپێی پارێزگاکانی ئێران دابەشکراووە: پایتەخت (تاران): ١٦ نوێنەر. خۆراسانی ڕەزەوی و خوزستان هەریەکە ٦ نوێنەر. پارێزگای ئەسفەهان، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، و فارس هەریەکە ٥ نوێنەر. پارێزگاکانی گیلان و مازنداران یەکی ٤ نوێنەر. پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی(ورمێ) و کرمان هەریەکە و ٣ نوێنەر. هەرچی ئەردەبیل، ئەلبورز، سیستان و بەلوچستان، قەزوین، سنە، کرماشان، گولستان، لوڕستان، مەرکەزی و هەمەدان هەریەکە و ٢ نوێنەریان بەردەکەوێت. پارێزگاکانی ئیلام، بوشەهر، چوارماڵە و بەختیاری، خۆراسانی باشوور، خۆراسانی باکوور، زنجان، سمنان، قوم، کەهگیلویە و بویرئەحمەد، هورمزگان و یەزد، هەریەکە یەک(١) نوێنەری ئەنجوومەنی شارەزایانیان بەردەکەوێت. (سایت شورای نگهبان: قانون انتخابات مجلس خبرگان رهبری: https://bit.ly/3xXjlq1 ) مەرجەکانی ئەندامێتیی لەئەنجوومەندا هەر ئەندامێکی ئەنجووومەنەکە پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێت، کە شایستەیی و مەرجەکانی خۆپاڵاوتووان، شورای پاسەوان یەکلایی دەکاتەوە: - ناوبانگی بۆ دیانەت و متمانەداری و شایستەیی ڕەوشتی هەبێت. - توانای ئیجتیهادی لە ئاستێکدا هەبێت کە بتوانێت هەڵێنجان بۆ هەندێک بابەتگەلی ئاڵۆزی فیقهی و بتوانێت ڕێبەرێک کە نیشانە و مەرجەکانی ڕێبەرایەتی تێدا بێت دەستنیشان بکات. -دیدگای سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئاشنایی بە بابەتی هەنووکەیی و ڕۆژ هەبێت. - باوەڕی بە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت. - پێشینەی خراپی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبێت. - مەرج نییە نوێنەرەکانی هەر بازنەیەک دانیشتوو یان لەدایکبووی ئەو بازنەیە بن. واتە دەکرێت بۆ نمونە مەشهەدی یان تارانییەکی شیعەمەزهەب بە نوێنەرایەتی شاری سنە یان بەلوچستان ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە و ئەمەش ڕوویداوە. سەرجەمی ئەم مەرجانە و دروستییان شورای پاسەوان یەکلایی دەکاتەوە. (بڕوانە ئێراننامەی ٣: شورای پاسەوان). بەڵام بەپێی بڕگەی دووی یاسای ئەنجوومەنەکە، کەسانێک کە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی یان پەسەندی کردبن لە بۆنەیەکدا، پێویستی بە هەڵسەنگاندنی شورای پاسەوان نابێت و ڕاستەوخۆ پەسەندکراوون. (بڕوانە: یاسای ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری ١٣٩٤). ئەرک و بەرپرسیارێتی لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەنجوومەنی شارەزایانەوە، دەستووری ئێرانی، لە بەشی هەشتەمی پەیوەست بە ڕێبەری باڵا و شێوازی هەڵبژاردنی و لە ماددەی ١٠٧ و ١٠٨دا، ئاماژە بە ئەرکی ئەنجوومەنی شارەزایان کراوە، کە بریتییە لە هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ، پاش مردن، یان لادان یان بێتوانایی و لەدەستدانی مەرجێک لەمەرجەکانی ڕێبەریی. بەڵام وردەکاریی ڕۆڵ و پێڕەو و ژمارەی ئەندامان و ماوەی هەر خولێکیان بە گوێرەی یاسایەک ڕێکخراوە، کە یەکەمین جار لەلایەن شورای پاسەوانەوە، ئامادەکراوە و بەزۆرینەی دەنگی ئەوان کە (١٢)ئەندامن دەنگی لەسەردراوە و پاشتر لەلایەن ڕێبەری باڵای شۆڕشەوە پەسەندکراوە و وەک یاسایەک کاری پێکراوە و دەکرێت، بەڵام هەر بەپێی ماددەی ١٠٨ ئاماژە بەوەش کراوە، تەنها یەکەمجار شورای پاسەوان یاساکە ئامادە دەکات و هەمووار و چاکسازیی لەیاساکەدا، لەوەپاشتر ئەنجوومەنی شارەزایان خۆیان ئامادەی دەکەن و بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەژمار دەکرێت.(بڕوانە دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، ماددەی ١٠٧ و ١٠٨) بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە
راپۆرتی: بەهرۆز جەعفەر پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەن لەگەڵ دۆخی ئابوریی و دارایی دا، تا پیشەسازیی نەوت و بەرهەم هێنان لە هەرێمی کوردستان پێش ئەکەوێت، قەیرانی دارایی و گرفتەکانی خەڵکیش زیادئەکەن!. لە ناوەڕاستی (٢٠٢١) داین، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (٤٧٠ ) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت. ئایا چی ڕێگرە لەوەی کە ئەم بڕە بگەیەنێتە (٩٠٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؟. یەکەم/ گرفتەکانی بەردەم زیادکردنی ئاستی بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان جگە لەوەی پابەندی ئۆپیک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنان و هەناردەکردن. شەش کێشەی سەرەکی لە بەردەم پیشەسازیی نەوتیی هەرێمی کوردستاندان، هەر ئەو فاکتەرانەش مەترسیین لەبەردەم یەدەگ و سەرچاوەی سروشتی دا: یەک: دیرۆکی گەنەڵ ئینێرجی تورکی و کێڵگەی تەق- تەق کێڵگەی تەق تەق لە ساڵی (٢٠٠٦) ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە. لە ساڵی (٢٠١٥) ەدا بە نزیکەیی (١٥٠٠٠) پانزە هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە. بەڵام بە تێکڕا لە ساڵی (٢٠٢٠) دا ئاستەکەی دابەزیوە بۆ (٩٦٧٠) نۆ هەزارو شەش سەت و حەفتا بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە، ئەمە جگە لە بە هەڵواسراوی مانەوەی هەندێ ئەکتیڤیتی وەک هەڵکەندن -Drilling لەو ماوەیەدا. لە چارەکی چوارەمی (٢٠٢٠) دا تێکڕای بەرهەم هێنانی ڕۆژانە کەمی کردووە تا ئەوەی گەیشتوەتە (٧٦١٠) حەوت هەزارو شەش سەت و دە بەرمیل!؟. لەگەڵ هاتنی (٢٠٢١) دا لەچوارچێوەی پرۆگرامی دەستوەردان لە (بیر)ەکاندا کە بەرهەمهێنانی زیادکردوە لە بیرەکانی (TT-20z) و (TT-34y) دا. بەڵام لە کۆی گشتی دا ئاستی بەرهەمهێان لە کێلگەکە زیاتر دابەزیوە بۆ (٧٠٠٠) حەوت هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا{١}. لە کۆتا یەکشەممەی مانگی شوباتی ٢٠١٦ دا، لە درەنگانێکی شەودا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گەنەڵ ئینێرجی کە پێشوتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتش پیتریۆلیۆم -BP بوە “تۆنی هایوارد -Tony Hayward " زەنگی تەلەفۆنەکەی لێ ئەدات!. بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیایەو هەواڵێکی ناخۆشی پێیە!: "بەهای کێڵگە نەوتییەکە زۆر لەوە کەمتر دەرچووە کە ئێمە بیرمان لێ کردبوەوە…". لە کاتێکدا کۆمپانیاکەیان نزیکەی (٩) ساڵە کار ئەکات لە هەرێمی کوردستان!. کاتژمێرێک دواتر بەرەو نیوە شەوە!. کۆمپانیا بەیاننامەیەک بەرەو بۆرسەی لەندەن (London Stock Exchange ) بڵاوئەکاتەوە. تیایدا جاڕی ئەوە ئەدات کە کێڵگەی تەق-تەق لە کوردستانی عێراق نیواو نیو یەدەگەکەی کەمی کردووە. ئینجا ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوتیش هاڕەی کردوە بەهۆی شەڕو قەیرانی داعشەوە. لە (٩٨$) ی ساڵی (٢٠١٣) نەوت نرخەکەی گەیشتوە بە (٤٣$) لە (٢٠١٦) دا. پێدانی ئەم هەواڵە ناخۆشە لە نیوەشەودا بە سەرۆکی گەنەڵ ئینێرجی وایکرد (١) یەک ملیار دۆلار لە پشکەکانی لەدەست بدا، کە ئەکاتە ١/٣ یەک لەسەر سێی بەهای کۆمپانیاکە. دوای ئەمە گەنەڵ پیاچوونەوەیەکی گشتی سەربەخۆی لەسەر کێڵگە نەوتییەکەی تەق- تەق ئەنجام دا، دەرکەوت لەگەڵ کەمبونەوەی ئاستی یەدەگەکەیدا هەندێ بیر لە کێڵگەکەدا ئاو و نەوت تێکەڵ ئەکات {٢}. لەمەش سەیرتر " هایوارد” سەرۆکی گەنەڵ ئینێرجی (Ganel Energy) یە، کە بزنسمانێکی بەریتانیی تەمەن (٦٤) ساڵەیە، دکتۆرای لە جیۆ-ساینس لە زانکۆی ئیدنبۆرگ خوێندوەو، لەساڵی (١٩٨٢) ەوە لەگەڵ بی پی- BPکارئەکا، لە کۆڵۆمبیا گەران و پشکنینی ئەنجامداوە. لە (٢٠١١) سەرۆکایەتی بی پی لە بەریتانیا بە جێدەهێڵێت و، ئەبێتە کەسی بەڕێوەبەری یەکەمی گەنەڵ ئینێرجی و لە کێڵگەی تەق -تەق دا تەقە لەژیان و کۆمپانیاکەی هەڵئەسێت!. دوو: کەموکورتی و گرفتە جیۆلۆجییەکان لەسەرەتاوە کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکان وەها بۆی ئەچوون کە گەڕان و پشکنین- Exploration زۆری پێ ناچێ و تێ ناچێت، جگە لەوەش داتای گەورەو هەڵەیان لەبواری یەدەگ دا پێوترابو، کەهاتن لە هەندێ کێڵگە بەو جۆرە نەبو، وەک لە کێڵگەکانی کێوەچرمەڵەو بەردەڕەش و تازەو …تادوایی دا کۆمپانیاکان پارەیەکی زۆریان خەرج کرد، دواتر وازیان لە کارەکە هێنا. جگە لەوەش بەشێکی زۆر لە کێڵگەکان، بەتایبەت کێڵگە سەرەکییەکان ئەکەونە ناوچە شاخاوییەکانەوە زیاتر لە (٢٠٠٠) مەتری پێویستە تا بگاتە دەرهێنان، یان هەندێ جار خەزاناتەکان تووشی تێکپژان و خراپبون بونەتەوە وای کردوە نا - ئارامییەک دروست بێت لە کێڵگەکەدا و کۆمپانیاکە یەدەگ و خەزانەکەشی لەدەستداوە، وەکو لە ئاکری بیجل و بەردەڕەش و هەندێ شوێنی تر{٣}. بەدڵنیاییەوە دیاردەو کێشەی جیۆلۆجی دیکەش هەن (لەمە زیاتر لە بواری تایبەتمەندی ئێمەدا نییه). سێ: مەترسی ئەمنیەکان ئەمە زۆر ترسناکە. جاری واهەبوە دەوڵەتێک مینایەکی لەدەستداوە بە هۆکاری شەڕو تیکچونی ئاسایش، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی تەواوی یەدەگەکەی لەدەست بجێت. بەتایبەتی لەدوای ساڵی (٢٠١٧) ەوە بەردەوام ویستێک هەبوەو هەیە: لە لایەن ئێران و تورکیاو عێراقەوە کورد لە پرسی ووزە دووربخرێتەوە (لە باشورو ڕۆژئاوای کوردستان). لەدوای ڕیفراندۆم / یان (١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ەوە هەرێمی کوردستان (٣٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەدەستدا. دوای ئەم لەدەست دانەش، هێشتا بەشێکی گرنگی ئەو کێڵگانەی هەرێم گرێبەستی لەسەر کردوون و، کۆمپانیاکان وەبەرهێنانی تیائەکەن بۆ هەرێمی کوردستان ئەکەونە ناو جوگرافیای ناوچە دابڕاوەکانەوە. بۆ نمونە کێڵگەی خورمەڵە یەکێکە لە (٥) کێڵگە سەرەکییەکەی نەوت لە هەرێم بەڵام لای بەریتانیاو تورکیاو لە نەخشەشدا ئەکەوێتە ناو سنوری جوگرافیای کیڵگەی کەرکوکەوە. هەروەها سەرەکیترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گاز کە جیهان چاوی تێ بڕیوە “کۆرمۆر- Kor Mor ە لە سنوری ناحیەی قادرکەرەمی کۆن، تەنها (٢٠ ) خولەک لە دووز خورماتووەوە دوورە!. ئێستا ناحیەکە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چەمچەماڵە، بەڵام پێشوتر ڕژێمی بەعسی تیابو، حکومەتی بەعس خستبویە سەر قەزای دووزو و دووزیشی خستبوە سەر پارێزگای سەڵاحەدین. بە هەمان شێوە کێڵگەی پەڵکانە یان گەرمیان لە هەر ئاڵۆگۆڕ و جموجوڵێکی ئێران یان میلیشیاکاندا بە ئاسانی ئەکەونە بەردەم مەترسی لەناوچوون. پەڵکانە سەر بەخانەقین و دیالەیە. بەڵام هەرێم مامەڵەی بەو ناوچانەوە کردوە (هەڵبەت هەموو ئەو ناوچانە بێ هیچ ئەملاولایەک سەر بە خاکی کوردستانن). کاری ئەندازەکاریی لە کێڵگەی خورمەڵەدا بەم شێوەیە هەر گۆرانکارییەک لە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتی یان عێراق دا، یاخود هەر هەنگاوێک بێ بیرکردنەوەی وورد لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لێکەوتەکەی لەسەر ئاسایشی کێڵگە نەوتیی و گازییەکان ئەبێت و، یەدەگێکی زۆر لەدەست ئەچێت. چوار: کێشە لە جۆرێتی خام و هەروەها نا-چونیەکی نەوتەکە دا هەیە لە زۆر شوێندا نەوت و غازو کۆندینسەیت هەیە، یان نەوتی قورسە…و…ئیتر بەو شێوەیە. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دروست ئەکات. پێنجەم:نرخی نەوت متمانەی لەسەر ناکرێت لەبازاڕی ئابورییدا هەمیشە هەڵگەرانەوە لە نرخ دا ئەگەرێکی کراوەیە. لە پڕ لە دوای گرێبەستێک نرخی نەوت دا ئەبەزێت یان بە پێچەوانەوە… تادوایی. ئەمەش پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمەوە هەیە. شەشەم: دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و یەدەگ بەهۆی کۆمپانیاکان و پێشبینی هەڵەوە لە دوای ساڵی (٢٠١٥) ەوە بەهۆی دابەزینی نرخ و پێشبینی هەڵەو شەڕی داعش …و … تادواییەوە، چەندین کۆمپانیا یان کێڵگەکان و کوردستانیان بەجێهیشت، وە یان دابەزینی ئاست و توانای کێڵگەکان و داخورمانی بیرەکانیان راگەیاندووە، یاخود بەهۆی بێ ئەزمونی کۆمپانیاکانەوە. ئەمانە نمونەیەکن لەناوی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١١ بۆ ٢٠٢١) دەستیان لەکارکردن لە کێڵگەکان هەڵگرتووە بە هۆکاری جۆراوجۆر: ١/ ئەفرین پی ئێڵ سی (Afren PLC) کێڵگەی بەردەڕەشی جێهێشت. ئەم کۆمپانیایە ساڵی (٢٠٠٤) لە لەندەن دامەزراوە (دامەزرێنراوە!) وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆی بواری بەرهەمهێنانی نەوت. دواتر بوەتە ئەندام لە بۆرسەی لەندەن. لەساڵی (٢٠١٥) لە لیستی بۆرسەکە کراوەتە دەرەوە {٤}!. ٢/ کۆمپانیای مۆڵ Mol PLC ، دەستی لە کێڵگەو بیرەکانی Akri -Bijeel و باکرمان هەڵگرتوە لە سەرەتای جانیوەری (٢٠١٦) دا. مۆڵ گروپ کۆمپانیایەکی فرەڕەگەزی هەنگارییە لە بواری نەوت و گازدا، ئۆفیسی سەرەکییان لە بودابێستە{٥}. ٣/ کۆمپانیای ئۆیەل سێرچ (Oil Search Ltd) کێڵگەی تازەی بەجێهێشتوە {٦}. ئەمە کۆمپانیایەکی بواری نەوتە لە ووڵاتی “بابوا گینیای تازە- Papua New Guinea” ئەکەوێتە باشوری زەریای هێمن هاتوە بۆ کوردستان!. ٤/ کۆمپانیای شاماران لەساڵی (٢٠١٢) خۆی کۆتایی بە گرێبەستەکەی هێنا لە بلۆکی پوڵکانەو عەربەت، لەبری ئەوە بە پێی گرێبەستەکە (PSC) بڕی (٢٥) ملیۆن دۆلاری داوە بە حکومەتی هەرێم{٧}. ئەم کۆمپانیایە “ShaMaran Petroleum Corp” کەنەدییەو بەشێوەیەکی گشتی تەنها لە کوردستان وەبەرهێنانی نەوت ئەکات!. ئێستا لە کێڵگەی ئەتروش (یەکێکە لە کێڵگە سەرەکییەکان) ئۆپەرەیشن ئەکات. ٥/ دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەڵ ئینێرجی کێڵگەی غازیی سومەیڵ تەنها لەدوای (٩٠) ڕۆژ لە کارکردن لە (٢٠١٤) بە جێ ئەهێڵن و لە (٢٠١٦) بۆی ئەگەڕێنەوە{٨}. ٦/ گازپرۆمی رووسی لە سێپتەمبەری (٢٠١٧) دەستیان لە بلۆکی هەڵەبجە هەڵگرت بەڕیوەبەری گشتی گازپرۆم ڕایگەیاند “لەمە زیاتر کارکردن و پەرەپێدان لە بلۆکی هەڵەبجەدا ناکرێت”.{٩}. ٧/ ئەکسۆن مۆبێل کێڵگەکانی قەرەهەنجیر و بێتواتەو ڕۆژهەڵاتی عەربەتی بەجێهێشت لە ساڵی (٢٠١٧) ەدا {١٠}. ٨/ ئۆرێکس پیترۆلیۆم –Oryx Petroleum کۆمپانیایەکی نەوتی کەنەدییە لە (٢٠١٠) دامەزراوە!. سەیری بکەیت، لە (٢٠١٦) دا (٢٠٢) ملیۆن بەرمیل یەدەگی خەمڵاندوە کەچی لە (٢٠١٧) ەدا بوە بە (١٢٢) ملیۆن بەرمیل!. بۆیە کارەکانی لە کێڵگەی دەمیرداخ و زێی گەورە دا ڕاگرتووە {١١}. ٩/ گۆڵف کیستۆن - Gulf Keystone petroleum لە شێخ عادی و بەر بەحر کارەکانی راگرتوەو دواتر ئەبدەیتی کردۆتەوە. ١٠/ گاز پڵەس –كەڵەکەن –Gas Plus Khalakan لە ساڵی (٢٠١٤) نەوتی لە کێڵگەی شیوەشان دۆزییەوە، لە (٢٠١٦) دەستی بە بەرهەمهێنان کرد. سەرەتا (١٠٠٠٠) دە هەزار بەرمیلیان بەرهەم ئەهێنا، لە پلانیاندا بو بیکەن بە (٣٠٠٠٠) سی هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام لە (٢٠١٨) ئاستی کێڵگەکە دابەزی بۆ (٤٠٠٠) چوار هەزار بەرمیل و، دواتر بو بە (٨٠٠) بەرمیل و پاشان بۆیان دەرکەوت ئەمە بۆ کاری بازرگانی ناشێت واتە non-commercial field ە، بۆیە وازیان لێهێنا {١٢}. "زۆر کۆمپانیاو کێلگەی دیکە هەن، کارەکانیان ڕاگرتوە، یان بەتەواوی کوردستانیان بەجێهێشتووە… وە یاخود…تادوایی ". شەش: ئاڕاستەی بەرهەم و هەناردەکردن جیاوازە ئەمەش یەکێکی ترە لە گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی بەرهەم هێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ نمونە، جاری واهەیە لەسەری مندا ئەوە هەیە نەوتەکەمان بەرینە سەر دەریای سپی ناوەڕاست بە بۆڕی و ببینە بەشێک لە هاوپەیمانیتی قوبرس و یۆنان و فەرەنساو میسرو ئیسرائیل و بەریتانیاو ئەمریکا "کە ئەمانە هەمویان لەسەر ئەم حەوزەیە کۆبونەتەوە". بەڵێم لە مێشکی پەرلەمانتارێکدا ڕەنگە وابێت کە ئەوەی هەیە بیدەین بە سۆمۆ بیفرۆشێت. لەملاوە، سەیرئەکەیت ئێران خۆی دووەم یەدەگی غازی سروشتیە لەدونیادا، کەچی ئێمە بەتەنکەر بڕێک لە غازی کۆرۆمۆر ئەبەین بۆ ئێران، لەولاوە لە ئەندێشەی ئەرکدارکراوانی سیاسەتی نەوتی کوردستاندا ئەوە هەیە ئێمە هێڵەکەمان داوە بە ڕووسیا لە گواستنەوەوە تا ئەگاتە بە بازاڕیکردن!، لە لایەکی ترەوە هێڵی بۆڕی کوردستان- جەیهان سکاڵای دادگای پاریسی بەسەر هێناوین… ئیتر بەم شێوەیە هەرێم نازانێت لە کوێوە نەوت بفرۆشێت. ناچار بایی ئەوە هەبێت بیفرۆشێت بە کڕیارەکانی وەک ئیسپانیاو ئیتاڵیاو کۆریاو هیندستان و ( ئیسرائیلیش ئەمان ئەیدەن بە دوو کۆمپانیا کۆمپانیاکانیش ئەیدەن بە ئیسرائیل). دووەم/ سەرنجێک بۆسەر کۆمپانیا نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەیت، کنە بکەیت و بەدوای ناو و کارو جموجوڵ و ئەزمون و ساڵی دامەزراندنیاندا بگەڕێیت (ئێمە ناوی هیچ کۆمپانیایەک ناهێنین، بەڵام بەشێکی زۆریان وان) کە بێ ئەزمونن، یان بازرگانی کورد لە بەریتانیاو کەنەدا و ووڵاتانی دیکە دای مەزراندون بۆ ئەوەی فریای بۆندە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکەوێت. بەشێکیان ڕێک تەمەنیان هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم (٢٠٠٦) یان ساڵێک پێشووتر یان دواتر دامەزراون. بەشێکی تریان کورد و کەسانی دەستەڵاتدار هێناونی و گرێبەستی بەرهەمهێنانی بۆ کردوون، لەبەرانبەردا کەسەکە کە حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکەی بەیەک گەیاندووە دەیان ملیۆن دۆلاری وەک بۆنیس و کەمیژن بۆ خۆی وەرگرتووەو، چەندین کەسی نزیکی خۆی لە کۆمپاکەدا بە مووچەی بەرز دامەزراندووە. جگەلەهەمووئەمانە، دامەزراندنی کۆمپانیایەک لەبواری نەوت یان بوارەکانی تردا، لە ووڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی تەنها (٢٠٠$) دووسەت دۆلاری تێ ئەچێت، هەرکەسێک ئەچێت و بە ئاسانی تۆماری ئەکات لەو ووڵاتانەو، وێب سایتێک بە کۆمەڵێک بابەتی قەرەباڵەخ و دروشم و وێنەی سەرنجڕاکێشەوە دائەنات. ئینجا دێتەوە لە عێراق چەندین تەندەرو گرێبەست وەرئەگرێت و هاوبەش بۆ خۆی پەیدائەکات. لەبەرانبەردا بۆ دامەزرزاندن و تۆمارکردنی یەک کۆمپانیای بواری خزمەتگوزاریی نەوتی لە عێراقدا پێویستی بە بڕی (٣) سێ ملیار دینار هەیە!. ئیتر ئەمە هۆیەکی ئاشکراو دیارە کە بۆچی کەرتی نەوتی نیشتیمانی پێش ناکەوێت!.. کارکردن لە کێڵگەی نەوتی شێخان – کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن سەرباری ئەمانەش، کۆمپانیا نەوتییەکان چەندین گرفتی دیکەیان هەیە لە ووڵاتانی خانەخوێ دا، لەهەرێمی کوردستان بەتایبەت، بۆنمونە لە ڕووی فەلسەفییەوە جیاوازیی چینایەتی دروست ئەکەن. لەڕووی تێچووەوە تێچوویان زۆرە، پارەی پرۆگرامە کۆمەڵایەتییەکان (CSR) نادەن بە پێی گرێبەستە نەوتییەکە. کۆمپانیا هەیە دوو ساڵە پارەی پیترۆدۆلاری نەداوە بۆ خزمەتی ئەو لادێ و ناحیەو قەزایانەی تێیدا کارئەکات. بەڵێندەر (کۆنتراکتۆر) ەکان لەناو کۆمپانیاکەو دەرەوەی کۆمپانیاکەوە کۆمپانیای دیکەیان دامەزراندوەو خۆیان فەرز ئەکەن لەو ناوچانەی کێڵگەکانی لێیە، بە بیانوی عەشایەری یان ئەمانە خەڵکی سنورەکەن و ئەبێت (١٠٠) کەسیان بۆ دابمەزرێت. ئەم (١٠٠) کەسەش هەمووی نەخوێنەوار یان پسپۆڕی بوارەکە نییەو…ئینجا دوای ماوەیەک کە دەوڵەمەند ئەبن هەرخۆیان لە پشتەوە دەست ئەکەن بە داوەتکردنی خزم و کەس و بۆڵ بۆڵ ئەکەن کە خزمەتی ناوچەکە نەکراوەو.. ڕێ لە تەنکەرەکان ئەگرن و دەستەواژەی سەیر بەکاردێنن و… هەرخۆیان ئەچن کێشەکە چارەسەر ئەکەن بەرانبەر ئەوەی لە پشتەوە بەڵێنی چەند ئیمتیازێکیان ئەدرێتێ و …و…تادوایی. سێهەم: گازی سروشتی: بەرهەمهێنان، بەکارهێنان، بەفیڕۆدان لەم (ناوەڕاستی ٢٠٢١) ەدا، هەرێمی کوردستان نزیکەی (٣٥٠٠) مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست لەسەر کارەبا لە وەزری گەرما و سەرمادا زیاد دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "لەم گەرمایەدا خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەی (٤٦٠٠) مێگاوات زیادیکردووە". ئەمەش بڕێکی ئێجگار زۆرە بۆ هەرێمێکی بچکۆلانە کە پیشەسازیی و کارخانەی گەورەی بەرهەمهێنانی نییە. هەرێمی کوردستان، لە زۆر ڕووەوە بەدەر نییە لەوەی لە عێراق ئەگوزەرێت، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی ناوخۆیی (استهلاك محلی) و بە فیڕۆدان دا. هەموو سەری کاتژمێرێک لە عێراقدا بە بەهای (٢٩٠) هەزار دۆلار گاز دەسووتێت و بەفیڕۆی دەدات، واتە رۆژانە (٦.٩) ملیۆن دۆلار و ساڵانەش دەگاتە زیاتر لە (٢.٥) دوو ملیارو نیو دۆلار. ئەمە دۆخی وڵاتێکە کە یەدەگی گازە سرووشتیییەکەی بە (١٢٦.٧) تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە ئەکرێت و ساڵانە (٧٠٠) ملیۆن م٣ گاز دەسووتێنێت و بەفیڕۆی دەدات. بانکی جیهانیی لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند، ماوەی چوار ساڵی لەسەر یەکە عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت، کە زۆرترین گازی سرووشتی دەسووتێنن. چوار یەکەمەکە بریتین لە رووسیا، عێراق، ئەمریکا و ئێران. بەتەنیا ئەو چوار وڵاتە ٤٥٪ی کۆی گازی سووتێنراو لە جیهان پێکدەهێنن، ئەوان ساڵانە (١٥٠) ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنن.پرسیارەکە ئەوەیە ئەوانی دیکە گاز دەسوتێنن چونکە ووڵاتی پیشەسازیی گەورەو بەرهەمهێنانی گەورەی هەمەجۆریان هەیە، عێراق ئەم گازە ئەسوتێنێت؟! {١٣}. بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، عێراق رۆژانە (١٨.٥ تاوەکو ١٩ ) هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست بۆ کارەبا (٢٨) هەزار مێگاواتە، هاوکات (٨٥٪) ی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گاز و بەرهەمەکانی هاوتای دەبەستن. دواجار، ئەو پشتگوێخستن و کەمتەرخەمییەی لە سێکتەری گازی سرووشتیی عێراقدا هەیە، جگە لەو زیانە داراییە، بەردەوام عێراقی چاو لە دەست و ڕێی ئێران کردووە، ئێرانیش هەمیشە عێراقی وەک سەرچاوەی دابینکردنی دۆلار بینیوە، یەکێک لە رێگەکانی دابینکردنی دۆلاریش بۆ ئێران، هەناردەکردنی گاز و کارەبایە بۆ عێراق. بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت: "كارەبای عێراق بە گازی سرووشتی ئێران كاردەكات"، ئەوەش بە دەستكەوتێكی گەورە بۆ كەرتی وزەی ئێران ناودەبات {١٤}. ئەبێت چی بکرێت؟ ڕاسپاردەکان پێش هەموو شت ئەبێت پلاتفۆرمێکی هەمەلایەنە سازبدەین سەبارەت بە پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان. لە بەرئەنجامی ئەوەوە دەرئەکەوێت کە پێویستە بە تەواوی پرۆسەکەدا بچینەوە: ئەلف/ گرێبەستە نەوتییەکان. گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم شێوازی بەشداری و بەرهەمهێنانە (PSC)، بەپێی گرێبەستەکە پارە لە نێوان حکومەت و کۆمپانیاکاندا دابەش ئەکرێت. ئەوەش لەبەرئەنجامی بێرو- بڕۆیەکی زۆری بیرکارییانە بە پێی فاکتەری ئاڕ (R- Factor). کەلێن و کەموکورتی زۆر تیادا دەرئەکەوێت، لەوانە تێچووی کۆمپانیاکان کەم بکرێتەوە، دەستکەوتی حکومەت و موڵکانەی تیادا ڕەچاو بکرێت. کوالێتی کۆمپانیاکان و ئەزمونی کارکردنیان بە جۆرێک بێت کە کۆمپانیاکان بەشێوەی زانستی –ستاندار نەوت دەربهێنن، نەک کێڵگەکان وێران بکەن و ژینگەی ناوچەکان بشێوێنن بە شێوەی ئاسۆیی نەوت دەربهێنن کە ترسناکە. با/ شێوازی دەرهێنانی نەوت لە لایەن کۆمپانیاکانەوە. جیم/ پاڵاوتن و پاڵێوگەکان. بە پێی یاسای ژمارە (٢٢) ساڵی (٢٠١٧) ی تسیبەت بە نەوت و گاز لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراوە، لە هەرێمی کوردستان (٣) پاڵێوگەی فەرمی و یاسایی : زاخۆ و خەبات و بازیان هەیە. کەچی سەدان پاڵێوگەی دیکەی نا-یاسایی کراونەتەوە!. د/ هەناردەکردن ( لە هەناردەکردنەوە ئیتر ئەبێت بیر لە ئاسایشی هەرێمایەتی و هاوپەیمانێتی سیاسیی بکرێتەوە) و/ ئینجا بازاریکردن و بازار دۆزینەوە بۆ کاڵاکە ن/ ئینجا لۆبی کردن بۆ سیاسەتی ووزەو دۆزی نەتەوەیی کوردستان ----------------------------------------------------------------------------------- * دامەزرێنەرو سەرۆكی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دكتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەكان. سەرچاوەی پێویست کە لەم پەیپەرەدا بەکارهێنراون: {1}. Genel Energy (2021) https://genelenergy.com/operations/production/taq-taq/ {2}. Reuters (2016) How Hayward’s Genel lost its Kurdish oil reserves https://www.google.com/amp/s/mobile.reuters.com/article/amp/idUSL5N18N3S4 {3} Robin Mills, ‘A rocky road and Kurdish oil and independence’ (Iraq Energy Institute, 19 February 2018) {4}. Reuters (2014) Afren expects operations at Barda Rash oilfield to resume by end-October. {5}. Mol Group (2016). Relinquishment of the AKRI-BIJEEL block in the Kurdistan Region of Iraq https://molgroup.info/en/investor-relations/investor-news/relinquishment-of-the-akri-bijeel-block-in-the-kurdistan-region-of-iraq {6}. Oil and gas Journal (2017). Oil Search exits Middle East, will focus on Papua New Guinea. https://www.ogj.com/general-interest/article/17288597/oil-search-exits-middle-east-will-focus-on-papua-new-guinea {7}. ShaMaran Petroleum (2012), ShaMaran Petroleum Finalises Agreement With KRG to Relinquish Pulkhana and Arbat Blocks in Kurdistan. https://shamaranpetroleum.com/news/shamaran-petroleum-finalises-agreement-with-krg-to-122588/ {8}.Trading and operation Update' (Genel Energy plc, 20 January 2016) http://www.genelenergy.com/media/1888/genel-tradingand-operations-update-200116-final.pdf {9}. EnergyTerminal (2017) Gazprom Neft quits Halabja oilfield in northern Iraq. https://www.aa.com.tr/en/energyterminal/energy-diplomacy/gazprom-neft-quits-halabja-oilfield-in-northern-iraq/582 {10}. Bousso and Dmitry Zhdannikov, 'Chevron drills oil well in Iraqi Kurdish area after the two-year gap: sources' (Reuters, 20 September 2017) https://www.reuters.com/article/us-chevron-exploration/chevron-drills-oil-well-in-iraqi-kurdish-area-after-twoyear-gap-sources-idUSKCN1BV1UG {11}. Ron Bousso (2016), 'Shrinking oil reserves crimp Iraqi Kurdistan's allure' . Reuters. {12}. Mediterranean Institute for Regional Studies (2019), Stubborn Kurdish Petroleum Resources: Surveying Actual data and investigating the declared Numbers. Prepared by Bahrooz Jaafar and Hemn wali. Working paper. P: 25. {13}. The World Bank (2021) Seven Countries Account for Two-Thirds of Global Gas Flaring https://www.worldbank.org/en/news/press-release/2021/04/28/seven-countries-account-for-two-thirds-of-global-gas-flaring {١٤}. ڕووداو (٢٠٢١)ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: ئەو گازەی رۆژانە لە عێراق بەفیڕۆدەچێت بەشی كارەبای سێ ملیۆن ماڵ دەکات. https://www.rudaw.net/sorani/business/131020207
شیكاری: درەو لەماوەی پانزە ساڵدا (٢٠٠٥ - ٢٠١٩) ژمارەی کەتن و تاوان و تاوانکاری کە لە دادگاکانی عێراق تۆمار کراون ژمارەیان زیاتر لە (ملیۆنێك و 175) حاڵەتی تێپەڕاندووە، واتا رێژەی تاوانكاری لە عێراقدا (400%) زیادیكردووە. بۆ ڕێژەی تاوان، عێراق لە کۆی (21) دەوڵەتی عەرەبی ڕیزبەندی (17)یەمی گرتووە . لە کۆی (163) دەوڵەتی جیهانیش پلەی (159)یەمی گرتووە بۆ دۆخی خراپی تاوان، بەشی زۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری و دیاردەی تیرۆر لە ناوچەکە. كەتن و تاوان ڕێژەی بەرز و نزمی تاوان و تاوانکاری و کەتن نانەوە لە هەر وڵاتێکی دنیا ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ئاستی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی. بۆیە گرنگە بەردەوام ئامارەکانی تاوان و سەرپێچییە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن و ببنە بابەتی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون؛ لانی کەم بە ئاماجی دۆزینەوەی چارەسەرکردن و بەرپێگرتن و ئیدارەدان و کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوانکاری لە وڵاتدا. بەپێی ئامارو لێکۆڵینەوەکان و هەندێک لە سەرچاوەکان عێراق لەو وڵاتانەیە کە ڕێژەی تاوانی تێدا بەرزە، بۆ نمونە بە پێی مەوسوعەی بەیاناتی جیهانی (NUMBEO) لە ڕیبەندی وڵاتانی خاوەن ئاسایش و سەقامگیر، عێراق لە کۆی (21) دەوڵەتی عەرەبی ڕیزبەندی (17)یەمی گرتووە. هاوکات بەپێی ئاماژەکانی (ئاسایشی جیهانی ساڵی ٢٠١٩) لە کۆی (163) دەوڵەتی جیهان عێراق پلەی (159)یەمی گرتووە. بەشی زۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری دیارەی تیرۆر لە وڵاتەکەدا. ژمارەو ڕێژە و جۆری تاوانەکان لە عێراق لە ساڵی 2005-2019 یەکەم؛ تاوانە تۆمارکراوەکانی دادگاکانی کەتن؛ 1. کۆی ئەو کەتن و تاوانانەی کە ساڵی (2005-2009) بە هەموو جۆرەکانییەوە کە لە دادگاکانی کەتن تۆمار کراون ژمارەیان گەیشتووەتن (802.878) هەشت سەدو دوو هەزارو هەشت سەدو حەفتاو هەشت کەتن. 2. ڕێژەو جۆری کەتنەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانکارییانە بەسەردا هاتووەو بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە. 3. لەو ماوەیەدا زۆرترین کەتنەکان پەیوەندی بە سەرپێچی هاتووچۆ و کەمترینیشی پەیوەندی بە قومارەوەبووە. 4. بەردەوام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی عێراق ڕێژەی کەتنەکان بەرزبوونەتەوە. 5. بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر ئامارەکان بە خشتەو چارت دەخەینەڕوو. خشتەی ژمارە (1) ژمارەی کەتنەکان بە پێی ساڵ و پێوانەکردنی بەپێی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق چارتی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (2) جۆرو ژمارەکانی کەتن لە ماوەی (2005-2019) لە عێراق دووەم؛ تاوانە تۆمارکراوەکانی دادگاکانی تاوان؛ 1. لە ڕووی ئەوە تاوانانەی کە لە دادگاکانی تاوان لە عێراق تۆمار کراون لە ماوەی پانزە ساڵ و لە (2005-2019) (311.297) سێ سەدو یانزە هەزار و دوو سەدو نەوەد و حەوت تاوانی گەورەو بچوکن 2. ڕێژەو جۆری تاوانەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانکارییانە بەسەردا هاتووەو بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە. ساڵی (2008) کەمترین و ساڵی (2019) زۆرترین تاوانی تێدا ئەنجامدراوە 3. لەو ماوەیەدا زۆرترین تاوان کە چوبێتە بەردەم دادگاکانی تاوان پەیوەندی بە ماددەی هۆشبەرەوە بووە. 4. بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر ئامارەکان بە خشتەو چارت دەخەینەڕوو. خشتەی ژمارە (٣) ژمارەی تاوانەکان بە پێی ساڵ و پێوانەکردنی بەپێی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق چارتی ژمارە (2) خشتەی ژمارە (4) جۆرو ژمارەکانی تاوان لە ماوەی (2005-2019) لە عێراق سێیەم؛ تاوانە تۆمارکراوەکانی دادگاکانی نەوجەوانان؛ 1. لە ڕووی ئەو تاوانانەی کە لە دادگاکانی نەوجەوانانی عێراق تۆمار کراون لە ماوەی پانزە ساڵ و لە (2005-2019) (61.089) شەست و یەک هەزارو هەشتاو نۆ تاوانی گەورەو بچوکن لە لایەن کەسانی تەمەن خوار (18) ساڵەوە ئەنجام دراون. 2. ڕێژەو جۆری تاوانەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانکارییانە بەسەردا هاتووەو بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە. ساڵی (2005) کەمترین و ساڵی (2019) زۆرترین تاوانی تێدا ئەنجامدراوە 3. لەو ماوەیەدا زۆرترین تاوان کە چوبێتە بەردەم دادگاکانی نەوجەوانان پەیوەندی بە ڕفاندنی منداڵ و کومترینی پەیوەندی بە زیانگەیاندنی ئاساییەوە بووە. 4. بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر ئامارەکان بە خشتەو چارت دەخەینەڕوو. خشتەی ژمارە (5) ژمارەی تاوانەکانی نەوجەوانان بە پێی ساڵ و پێوانەکردنی بەپێی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق خشتەی ژمارە (6) جۆرو ژمارەکانی تاوانی نەوجەوانان لە ماوەی (2005-2019) لە عێراق سەرچاوە: د. فراس جاسم موسى و د.حيدر مثنى محمد، الجرائم والجنح في العراق...قراءة احصائية، مجلس النواب العراقي، دائرة البحوث، تاریخ النشر 15/6/2021.
راپۆرت: درەو نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ تەواو دەبێت هێشتا حکومەتی سێقۆڵی (پارتی+ یەکێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان) رەشنوسی بودجەی ئەمساڵی نەناردووە بۆ پەرلەمان، لەنێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی مشتومڕ لەسەر دەسەڵاتی خەرجکردن هەیە، مەسرور بارزانی دەیەوێت دەسەڵاتی یەکەمی خەرجکردن لای خۆی بێت، ئەمە ئامادەکردنی رەشنوسەکەی دواخستووە، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. کوردو بودجە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ە. پێنج رۆژی تر نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ کۆتایی دێت، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم رەشنوسی بودجەکەی تەواو نەکردووە، دوای تەواوکردنی رەشنوس هێشتا کاتی تر پێویستە بۆ پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاساکە، چونکە دەبێت حکومەت رەشنوسەکە بنێرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان و لە پەرلەمان لیژنەی دارایی راپۆڕتی خۆی لەسەر ئامادە دەکات و رەشنوسەکە ماوەی زیاتر لە ١٥ رۆژ لای لیژنەکان دەمێنێتەوە دواتر دەبرێتە ناو پەرلەمان و خوێندەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت. پێشبینی دەکرێت پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستان بکەوێتە کۆتایی مانگی (٨)ی ئەمساڵ. لە ساڵی ٢٠١٣وە حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نەبووەو لە دەرەوەی یاساو چاودێری پەرلەمان داهاتی کۆکردوەتەوەو خەرجییەکانی کردووە. لەماوەی (٢٩) ساڵی تەمەنی هەرێمی کوردستاندا (١١) ساڵ یاسای بودجە هەبووەو (١٨) ساڵ یاسای بودجە نەبووە. کێشەکانی بەردەم بودجه بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، لەسەرەتای کارکردنەوە لەسەر رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١، وەزارەتی دارایی روبەڕووی چەندین کێشەو گرفت بوەتەوە کە بونەتەهۆی دواکەوتنی ئامادەکردنی رەشنوسەکه. یەکێک لە کێشەکان ئەوە بوو لەسەرەتاوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادە نەبووە داتاکانی خۆی رادەستی وەزارەتی دارایی بکات. یەکەمین کۆبونەوەی وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی رەشنوسی بودجە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بوو، ئەم کۆبونەوەیە لە روژی ٢٤ی مانگی یەکی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەرپرسی دۆسیەی نەوتە، نەوت یەکێکە لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان کە دەبێت لە بودجەدا جێگەی بکرێتەوە. بەڵام چەند سەرچاوەیەک لەناو حکومەت کە (درەو) قسەی لەگەڵ کردوون باسلەوە دەکەن، كێشەی راستەقینەی بەردەم رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێم پەیوەندی بە دەسەڵاتەكانی ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییەوە هەیە، چونکە بەپێی یاسای بودجەدا، زۆربەی دەسەڵاتی خەرجکردن دەکەوێتە لای وەزیری دارایی، ئەمەش مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی نیگەران كردووە. سەرباری ئەوەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەرگری لە دەسەڵاتەکانی لەناو بودجەدا کردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، لە رەشنوشی بودجەدا بەشێك لە دەسەڵاتەكان لە وەزیری دارایی وەرگیراوەتەوەو دراوە بە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، نەك هەر وەزیری دارایی، تەنانەت دەسەڵاتی خەرجکردن لەزۆربەی وەزیرەكان كەمكراوەتەوە. سەرباری دەسەڵاتەکان، لەناو ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی (٢١٪)ی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە یاسای بودجەدا بچەسپێندرێت و چوارچێوەی یاسایی پێبدرێت، بەڵام ئەم هەوڵە وەکو خۆی سەرکەوتوو نەبووەو دواتر بەشێوەیەكی تر جێی كراوەتەوە، کە ئەویش قسە باوەکەی سەرۆک وەزیرانە کە دەڵێ "خەرجی موچە بەپێی داهاتی بەردەست دەبێت". داهاتەکان لەناو رەشنوسی بودجەدا بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، لە رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستاند، تێکڕای داهات بۆ ماوەی یەک ساڵی دارایی بە بڕی (٢٥ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) دینار دیاریکراوە، کە بڕی (٨ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) دیناری كورتهێنانە. رەشنوسەکە داهاتەکانی هەرێمی بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەمشێوەیە دیاریکردووە: - داهاتی هەناردەكردنی نەوت: (٥ ترلیۆن و ٩٥٤ ملیارو ٦٢ ملیۆن) دینار. - باجی دەرامەت و سامان: (٥٦ ملیارو ٧٤٢ ملیۆن) دینار. - باجی كاڵاو رسوماتی بەرهەمهێنان: (٢٥٥ ملیارو ٣٣١ ملیۆن) دینار. - رسومات: (١٩٥ ملیارو ١٢٩ ملیۆن) دینار. - داهاتی تەمویلکراو: (١٨ ملیار) دینار. - داهاتی تر: (٤٨ ملیارو ١٢٢ ملیۆن) دینار. - كۆی داهات جگە لە بودجەی وەبەرهێنان و پڕكردنەوەی كورتهێنان بریتییە لە: (٦ ترلیۆن و ٣٥١ ملیار و ٧٦٠ ملیۆن) دینار. - كۆی داهاتی ناوخۆ: (٢ ترلیۆن) دینار. - پشكی هەرێم لە بەغداد: (١٢٫٦٧٪) كۆی داهات كە دەکاتە (٩ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار) دینار. خەرجی لە رەشنوسی بودجەدا كۆی خەرجییەكانی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە خەرجیانە دیاریکراوە: - خەرجی موچە - خەرجی وەبەرهێنان (خەرجی وەبەرهێنانی پارێزگاكان + وەبەرهێنانی وەزارەتەكان) - خەرجی وەزارەتەكان بودجە له ١٩٩٣وە بۆ ٢٠١٣ لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و درووستبوونی حكومەتی هەرێمەوە لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا حكومەتی هەرێمی کوردستان (١٧) ساڵ یاسای بودجەی نەبووە كە پێك دێیت لە ساڵانەکانی (١٩٩٢، ١٩٩٤، ١٩٩٥، ١٩٩٩، ٢٠٠٠، ٢٠٠٢، ٢٠٠٣، ٢٠٠٤، ٢٠٠٥، ٢٠٠٦، ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠). بە دریژایی ئەو (٢٩) ساڵە تەنها (١٢)ساڵ یاسای بودجەی هەبووە كە پێك دێت لە ساڵانەکانی ( ١٩٩٣، سێ مانگی ساڵی ١٩٩٦ ، ١٩٩٧، ١٩٩٨، ٢٠٠١، ٢٠٠٧، ٢٠٠٨، ٢٠٠٩، ٢٠١٠، ٢٠١١، ٢٠١٢، ٢٠١٣).
درەو: لەكۆی (٢٤) پرسیاری تاقیكردنەوەی نیشتمانی ئەدەبى کوردی پۆلی نۆی بنەڕەتی، (١٤) پرسیاریان وەڵامەکەی (هەژاری موکریانی) بوو، هەژار هاوڕێ مەلا مستەفا بارزانی بوو، (١٤) پرسیاری تایبەت بە هەژار موكریانی تەنیا لەیەك پەڕەدا هاتووەتەوە، لەكۆی (٤٧) لاپەڕە کە داخڵ بوو بۆ تاقیكردنەوەكان. تاقیکردنەوە لە هەژاری موکریانیدا ! دوێنێ تاقیکردنەوەی نیشتمانی (زمان و ئەدەبی کوردی) پۆلی (٩)ی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، رێژەی (٥٨٪) وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی نیشتمانی ئەدەب کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان یەک وەڵامی هەبوو کە وەڵامەکەش شاعیر (هەژاری موکریانی) بوو. ئەمە لەکاتێکدا بوو، (٤٧) لاپەڕە داخڵ بوو بۆ تاقیکردنەوەکەو سێ شاعیری تری ناوداری کورد بەشێک بوون لەم پرۆگرامە لەوانە (پیرەمێرد، وەلی دێوانە، حاجی قادری كۆیی)، بەڵام نە پرسیار و نە وەڵامی پرسیارەكاندا ناویان نەهات. ژیان و بەرهەمەکانی (هەژاری مۆکریانی) لە کتێبی ئەدەبی کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتیدا تەنیا پەڕەیەکی بۆتەرخان کراوە، واتە بەم پێوەرە زۆریەی پرسیارەکانی وەزارەتی پەروەردە لە یەک پەڕەی کتێبەکەدا دانراوە. تەنیا لە پرسیارەكانی ئەدەبی كوردیدا لەكۆی (٢٤) پرسیار، (١٤) پرسیار وەڵامەکەی تایبەت بووە بە (هەژاری موكریانی). ئەم پرسیارانە بوو بە مایەی گاڵتەجاریی، تەنزنوس شێرکۆ عبدوڵڵا لەبارەیەوە نوسی" شکسپیر لەرووی دەرونییەوە حەزئەکات هەژاری موکریانی بێت، پانزە پرسیاری تێدا بێتەوە". ئەو پرسیارو وەڵامەکانی هەژاری موکریانی - هەژار موكریانی لەدایك بووە لە ساڵی ؟ وەڵام: ١٩٢٠ - عەبدولڕەحمان كوڕی مەلا محەمەد ناوی كام شاعیرە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی - كامیان شوێنی لەدایكبوونی هەژار موكریانیە ؟ وەڵام: مەهاباد - هەژار موكریانی كەی كۆچی دوایی كردووە؟ وەڵام: ١٩٩١ - بەهیوا بووە ببێتە مەلا بەڵام كۆچی دوایی باوكی ئەم هیوایەی لەدەستداوە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی - لە سوختەخانە و مزگەوتان خوێندنی تەواوكردووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی - لەدامەزراندنی كۆماری كوردستان رۆڵی هەبووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی - هەژار موكریانی ساڵی چەند روویكردووەتە عێراق و بووەتە پەناهەندە ؟ وەڵام: ١٩٤٧ - هەژاری موكریانی بەشداری كام شۆڕشی كوردی كردووە؟ وەڵام: شۆڕشی ئەیلول - من و بولبول هونراوەی كێیە؟ وەڵام: هەژار موكریانی - شاعیری دڵداری نەبوو عاشقی كێو دۆڵ و چیای كوردستان بوو ؟ وەڵام: هەژاری موكریانی - خونجیلانەی دندۆك ؟ وەڵام: زێڕین شیعری هەژار موكریانیە - وە بیرت دێ پایزی ؟ وەڵام: پار شعری هەژار موكریانی - ئازادی خواز و پێشكەوتووخوازو ئاشتیخواز بووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی بەحیزبیکردنی پرسیارەکان پرسیارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی: - لە سێ شوێنی زنجیرە پرسیارەكەدا، چوار پرسیار لەسەر یەك وەڵامەكەی (هەژار موكریانی)یە - (١٤) پرسیار تەنیا لەیەك پەڕەدا هاتووەتەوە، لەكۆی (٤٧) لاپەڕەی کە داخڵ بوو. - هێنانەوەی پرسیاری هەڵە، بە نمونە (ئازادی خواز و پێشكەوتووخوازو ئاشتیخواز بووە) چوار بژاردەی داوە (سەبری بۆتانی، بێكەس، وەفایی، هەژار موكریانی)، وەڵامی راست هەژار موكریانیە، واتا ئەو سێ شاعیرەی تر ئازادی خوازو پێشكەوتووخوازو ئاشتیخواز نەبوون. - هەندێك لە شارەزایان و مامۆستایان وای لێكدەدەنەوە لەبەر ئەوەی هەژاری موكریانی نزیك بووە لە (مستەفا بارزانی) رابەر و دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان و شعری بۆ وتووە، بۆیە ئەو گرنگیەی لەڕادەبەدەری لەپرسیاری تاقیکردنەوەکاندا پێدراوەو ئەمە سەرەتایەکی خراپی بە حیزبیکردنی تاقیکردنەوەکانە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە. شیعرەکەی هەژاری موکریانی بۆ مەلا مستەفا ئەگەر شەوە و گرمەی هەور و بارانە ئەگەر بەفرە و شلێوەیە و تۆفانە ئەگەر گێژە و کرێوەیە و بۆرانە ئەگەر لەهەر جێدا چەتە و گۆڕانە تۆ شارەزا و رێ نیشاندەری لاوانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی ئەگەر هەوار نشێوە یان هەورازە ئەگەر لاهی و لافاوی بێ پێ بازە ئەگەر چەقهی لوور و مرهی دهعبايه هەموو دەر و دۆلێک پڕی حهزيايه ئەگەر لە بن هەر بەردێ نەعرهی دێوە هەر پنچکێک پڕی جند و خێوە باکمان نیە هێزو گوڕی دلمانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی ئەگەر دوژمن پراو پری دنیا بێ شەپۆل بداتەوە وەکو دەریا بێ چەکی دەستی لە ئێمە زۆر زۆر تربێ لە گشت درەندە وەحش و پیاو خورتر بێ خۆیان لە ناو زرێپۆشان وەشارن بۆمبا لە بن فرۆکەیان دابارن لە کوردستان تۆمان هەبێ بەسمانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی با کۆخ و لادێ و شارەکان خاپور کەن با گوللە تۆپ لاشان لە خوێنا سور کەن خوێنمان لە رێی ئهم نیشتیمانە برژی مێشکی ژن و کور و کیژانمان بپژێ لانک و منال بە ئاگرێ بسوژن با وێران کەن، ببڕن، ببەن، بکوژن لە دواتەوەین باب و براو کەسمانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی کوردین کوری چیا نەبەرد و شێرین بە کوشتنی داگیرکەرانمان فێرین لە دوژمنان تۆلە و هەقمان دەستێنین سەد قاد سەران دەبڕین، زگان دەدرێنین ئەو رۆژی کورد دەکرا بە دیل ئەو ڕۆیی یان مردن و یان ژین، یان سەربەخۆیی دوژمن کوژی، کورد پەروەری رێزانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی پرسیاری نیشتمانی بۆلی نۆی بنەڕەتی یەك پەڕە (دوولاپەڕە)ی تایبەت بەژیان و شیعرەكانی هەژار موكریانی كە (14) پرسیاری تیادا هاتووەتەوە
(درەو): ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراق كە ماوەی 25 ساڵە كۆچی دوایی كردووە، لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپلەی "وەزیر" خانەنشین كراوەو موچەكەی رانەگیراوەو كەس نیە بۆی وەربگرێت، پارەكەی كەڵەكەبووە لە بانك. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، دكتۆر (رەحیم عەجینە) ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراق كە مانگی ئایاری ساڵی 1996 لە لەندەن كۆچی دوایی كردووە، لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە بەفەرمانی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپلەی (وەزیر) لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خانەنشین كراوە. (درەو) زانیویەتی، موچەی خانەنشینی دكتۆر (رەحیم عەجینە) هێشتا نەبڕدراوەو لە بانكی (سەلام)ە لە شاری سلێمانی، پێشتر خاتوو (بوشرا پرتۆ)ی هاوسەری موچەكەی وەرگرتووە، بەڵام (بوشرا پرتۆ) خۆشی لە ساڵی 2017دا كۆچی دوایی كردووە. كەسوكارەكەی وەفاتنامەی (بوشرا عەجینە)یان رادەستی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم كردووە بۆ ئەوەی موچەی خانەنشینییەكەی دكتۆر (رەحیم عەجینە) رابگیرێت، كەچی دوای ساڵێك لە مردنی (بوشرا عەجینە)، ساڵی 2018 لە بانكی سەلامی سلێمانییەوە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە بریكارەكەی (بوشرا پرتۆ)وە كراوەو داوای لێكراوە سەردانی بانك بكات بۆ وەرگرتنی بڕی زیاتر لە (50 ملیۆن) دیناری موچەی خانەنشینی دكتۆر (رەحیم عەجینە) كە ماوەیەكی زۆر مانگانە پارەكەیان وەرنەگرتووەو لە بانكدا كەڵەكە بووە. وەكیلەكەی (بوشرا پرتۆ) لە سلێمانی، كە ناوەكەی لای (درەو) پارێزراوە، بە بەرپرسانی بانكی سەلامی وتووە" بوشرا كۆچی دوایی كردووەو چیتر ئەو بریكار نییەو ناتوانێت پارەكە وەربگرێت". دواتر لە بانكی سەلامەوە بەتەلەفۆن پەیوەندی كراوە بە (خالید) ناوێكەوە لە شاری بەغداد كە دەوترێت خوشكەزای (بوشرا پرتۆیە)، ئەم پیاوە هاتوەتە سلێمانیو بڕی زیاتر لە (50 ملیۆن) دیناری موچەی كەڵەكەبووی ئەو ساڵانەی خانەنشینی دكتۆر (رەحیم عەجینە)ی وەرگرتووە. (درەو) زانیویەتی، ئەم هەفتەیە جارێكی ترو لە بانكی سەلامەوە پەیوەندی بە بریكاری پێشووی كۆچكردوو (بوشرا پرتۆ)وە كراوەو داوای لێكراوە سەردانی بانك بكات بۆ وەرگرتنی موچەی خانەنشینی دكتۆر (رەحیم عەجینە) كە بڕێكی زۆر پارەیەو لە ساڵی 2018وە تائێستا كەڵەكەبووە. بریكاری پێشتری (بوشرا پرتۆ) جارێكی تر بەرپرسانی بانكی ئاگاداركردووە لەوەی، بوشرا كۆچی دوایی كردووەو لەوكاتەوە كۆتایی وەكالەتنامەی ئەو بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە كۆتایی هاتووە. لە دۆسیەی خانەنشینكردنی دكتۆر (رەحیم عەجینە)دا لەچەندجارێك یاسا پێشێلكراوە، چونكە ئەم پیاوە بە مردوویی خانەنشین كراوە، سەرباری ئەمە نە لە عێراقو نە لە هەرێمی كوردستان رۆژێك لە رۆژان لە هیچ پۆستێكی وزاریدا كاری نەكردووە، لەسەرو ئەمانەشەوە دوای مردنی هاوسەرەكەی وەك كەسی یەكەمی هێشتا موچەی خانەنشینییەكەی رانەگیراوە. ئەمە لەكاتێكدا روودەدات ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، فۆرمی بەسەر ئەو كەسانەدا دابەشكردووە كە بەپلەی (وەزیر) خانەنشین، تاوەكو موچەی ئەو كەسانە ببڕدرێت كە بەشێوەی نایاسایی خانەنشین كراون. لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو پێش كابینەی هەشتەم، (461) كەس بەپلەی وەزیرو بریكاری وەزیر خانەنشین كراون، ئەمانە بەشێكیان هیچ كاتێك پۆستی وزارییان نەبووەو وەكو رێزلێنان لە خەباتو تێكۆشانیان بەم پلەیە خانەنشین كراون.
درەو: سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانكردنی "كەسیی" پەرلەمانتارانی بۆ پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریە گشتیەكان قەدەغەكرد. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نوسراوێكدا بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاندووە كە هیچ پەرلەمانتارێك لەرێگەی كەسیەوەناتوانێت سەردانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون پرۆژەكانی خزمەتگوزاریە گشتیەكانی بواری بەڵێندەرایەتی و بواری وەبەرهێنان بكات، بەڵكو دەبێت بە بڕیاری لیژنەكان ئەم بەدواداچوونە بكات. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، دەرچوونی ئەم فەرمانە، دوای ئەوە هاتووە ژمارەیەك لەخاوەن پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان و بەڵێندەران لە سەرۆكایەتی پەرلەمان سكاڵایان لەسەر پەرلەمانتاران كردووە. سكاڵای خاوەنی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنەران لەسەر پەرلەمانتاران، سەرۆكایەتی پەرلەمانی خستووەتە گومانەوە لەبارەی ئەوەی بۆچی پەرلەمانتاران تەنیا سەردانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان دەكەن و سەردانی ئەو پرۆژانە ناكەن كەپارەیان تێدانیە، سەردانی تاكەكەسی پەرلەمانتاران بۆ ئەم جۆرە پرۆژانەو بەبێ لیژنەكانی پەرلەمان گومانەكەی زیاتر كردووە. بە پێی بەدوادچونەكانی (درەو) بڕیارەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەپشتبەستن بە مادەكانی (40 و 41) ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دەركراوە، كە ئەم دوو مادەیە سەردانیكردنی مەیدانی داوەتە دەست لیژنەكان نەك پەرلەمانتاران بە شێوەی تاكە كەسی. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران چونەتە ناو مامەڵەوە لەگەڵ سەرمایەداران و خاوەن پرۆژەكان لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەكدا بەرگری لە پرۆژەی سەرمایەداران دەكەن یاخود كێشەیان بۆ درووست دەكەن راسپاردنی لیژنەكانی پەرلەمان بۆسەردانی مەیدانی پرۆژەكان لەبری سەردانی تاكەكەسی پەرلەمانتاران بۆ ئەوەیە بواری مامەڵەكردنی پەرلەمانتار لەگەڵ سەرمایەداران كەمتر بكرێتەوە، كە ئەم جۆرە مامەڵەكردنە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بووە بە مۆدێلی كاركردنی شاراوەی هەندێك لە پەرلەمانتاران.
(درەو): سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا ئیشی بە كورسی كەتەلۆنییەكان هەیە لەناو پەرلەمان، دەیەوێت بە بڕیارێك لێبوردنێكی گشتی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەربكات كە بەهۆی ریفراندۆمەكەی 2017ی كەتەلۆنیاوە زیندان كراون. لە وتارێكدا لەبەردەم نزیكەی (300) كەس لە چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی كەتەلۆنیا لە بەرشەلۆنە، پیدرۆ سانشێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، حكومەتەكەی بەنیازە لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانیكراوە جوداخوازەكانی كەتەلۆنیا دەربكات. مەبەست لە "جوداخوازەكان" ئەو كەسانەن كە ساڵی 2017 هاوكات لەگەڵ ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستاندا، سەرپەرەشتی ریفراندۆمێكیان كرد بۆ سەربەخۆبوونی هەرێمی كەتەلۆنیاو جیابونەوەی لە ئیسپانیا. دەركردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ سەركردەكانی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كەتەلۆنیا لەلایەن حكومەتی ئیسپانیاوە بەمەبەستی "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ"یە لەگەڵ كێشەی ئەو هەرێمەدا كە ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە. زۆرینەی ئەو كەسانەی كە لەدوای ریفرامدۆمەكەی 2017وە لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە حوكمیان بەسەردا سەپێندراوە، بریتین لە بەرپرسانی حكومەتی پێشووی هەرێمی كەتەلۆنیا بە سەرۆكایەتی (كارلیس بۆگدیمۆن)، نۆ كەس لە ئەندامانی حكومەتی پێشووی كەتەلۆنیا بە (9 بۆ 13) ساڵ حوكمی زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە. بەپێی قسەی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا، ئەو لێبوردنە گشتییەی كە حكومەتەكەی پەسەندی دەكات رێگا لەبەردەم ئاشتەوایی دەكاتەوە، چونكە دەبێت لەبارەی كێشەی كەتەلۆنیاوە هەنگاوی یەكەم هەڵبگیرێتو ئەوان ئەم هەنگاوە هەڵدەگرن. ئۆكتۆبەری 2017 هەرێمی كەتەلۆنیا بەبێ رەزامەندی حكومەتی ئیسپانیا، بەشێوەیەكی تاكلایەنە ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامداو جیابونەوەی خۆی لە ئیسپانیا راگەیاند، هاوشێوەی ریفرامدۆمەكەی هەرێمی كوردستان، زۆرینەی وڵاتانی خۆرئاوا دژی ریفراندۆمەكەی كەتەلۆنیا وەستانەوەو پاڵپشتیان لە حكومەتی ئیسپانیا كرد. بەر لە ریفراندۆمەكە، ئەوكات وەفدێكی حكومەتی كەتەلۆنیا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ ریفراندۆمەكەی هەردوولا كرا. كەتەلۆنیا ریفراندۆمی كرد، حكومەتی ئیسپانیا هێزی ئەمنی ناردە سەر هەرێمەكە، سەرۆكی حكومەتو بەرپرسانی هەرێمەكە هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات. دوای شكستهێنانی ریفراندۆمەكەیان، هاوشێوەی ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان گەڕانەوە بۆ بەغداد بۆ دانوستان، بەرپرسانی نوێی كەتەلۆنیا گەڕانەوە بۆ لای حكومەتی ئیسپانیاو بەشداری پەرلەمانیان كردەوە. یەكێك لەو كەسانەی كە سەركردایەتی ریفراندۆمەكەی 2017ی كەتەلۆنیای كرد (ئۆریۆل جۆنكیراس) سەرۆكی پارتی چەپی كۆماری بوو، ئەم پیاوە لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە سزای زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام ئێستا پارتەكەی ئەم پیاوە یەكێكە لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی حكومەتی ئێستای ئیسپانیا. بڕیاری دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ دەستگیركراوە كەتەلۆنییەكان، ناڕەزایەتی دروستكردووە، پارتە راستڕەوەكانی ئیسپانیا، سەرۆك وەزیرانە سۆسیالیستییەكەی وڵاتەكەیان تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەم بڕیارەی دەیەوێت سازشێك بۆ "جوداخوازەكان" بكات، چونكە پێویستی بە دەنگو پاڵپشتییە كورسییەكانی پارتە كەتەلۆنییەكە هەیە لەناو پەرلەماندا. پاپلۆ كاسادۆ سەرۆكی پارتی میللی راستڕەوی ئیسپانیا ئیدانەی بڕیاری حكومەتی كرد بۆ دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ كەسانێك كە بەوتەی ئەو "پەشیمان نین لە ریفراندۆمەكەیان"، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ قسەی هەندێك لە سەركردەكانی كەتەلۆنیا كە دەڵێن دەستیان لە خەونی سەربەخۆیی هەڵنەگرتووەو بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان. لە كەتەلۆنیا هێشتا توێژێكی زۆری كۆمەڵگە دەستبەرداری خەونی سەربەخۆیی نەبووە، بەتایبەتیش پارتەكەی (كارلیس بۆگدیمۆن) سەرۆك وەزیرانی پێشتری كەتەلۆنیا، كە لەدوای ریفراندۆمەكەوە لە ترسی دادگایكردنەكانی حكومەتی ئیسپانیا رایكرد بۆ بەلجیكا. (بیری ئاراگۆنیس) سەرۆكی ئێستای هەرێمی كەتەلۆنیاش بەهەمان شێوە سەربەخۆخوازە، ئەو لەبارەی بڕیاری دەركردنی لێبوردنی گشتییەوە وتی:" ئەمە چارەسەرێك كاتییە بۆ كێشەی كەتەلۆنیا، چونكە داواكاری كەتەلۆنییەكان تەنیا لێبوردنی گشتی نییە، بەڵكو پێدانی مافی چارەی خۆنوسینیشە".
(درەو): سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا ئیشی بە كورسی كەتەلۆنییەكان هەیە لەناو پەرلەمان، دەیەوێت بە بڕیارێك لێبوردنێكی گشتی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەربكات كە بەهۆی ریفراندۆمەكەی 2017ی كەتەلۆنیاوە زیندان كراون. لە وتارێكدا لەبەردەم نزیكەی (300) كەس لە چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی كەتەلۆنیا لە بەرشەلۆنە، پیدرۆ سانشێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، حكومەتەكەی بەنیازە لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانیكراوە جوداخوازەكانی كەتەلۆنیا دەربكات. مەبەست لە "جوداخوازەكان" ئەو كەسانەن كە ساڵی 2017 هاوكات لەگەڵ ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستاندا، سەرپەرەشتی ریفراندۆمێكیان كرد بۆ سەربەخۆبوونی هەرێمی كەتەلۆنیاو جیابونەوەی لە ئیسپانیا. دەركردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ سەركردەكانی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كەتەلۆنیا لەلایەن حكومەتی ئیسپانیاوە بەمەبەستی "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ"یە لەگەڵ كێشەی ئەو هەرێمەدا كە ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە. زۆرینەی ئەو كەسانەی كە لەدوای ریفرامدۆمەكەی 2017وە لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە حوكمیان بەسەردا سەپێندراوە، بریتین لە بەرپرسانی حكومەتی پێشووی هەرێمی كەتەلۆنیا بە سەرۆكایەتی (كارلیس بۆگدیمۆن)، نۆ كەس لە ئەندامانی حكومەتی پێشووی كەتەلۆنیا بە (9 بۆ 13) ساڵ حوكمی زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە. بەپێی قسەی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا، ئەو لێبوردنە گشتییەی كە حكومەتەكەی پەسەندی دەكات رێگا لەبەردەم ئاشتەوایی دەكاتەوە، چونكە دەبێت لەبارەی كێشەی كەتەلۆنیاوە هەنگاوی یەكەم هەڵبگیرێتو ئەوان ئەم هەنگاوە هەڵدەگرن. ئۆكتۆبەری 2017 هەرێمی كەتەلۆنیا بەبێ رەزامەندی حكومەتی ئیسپانیا، بەشێوەیەكی تاكلایەنە ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامداو جیابونەوەی خۆی لە ئیسپانیا راگەیاند، هاوشێوەی ریفرامدۆمەكەی هەرێمی كوردستان، زۆرینەی وڵاتانی خۆرئاوا دژی ریفراندۆمەكەی كەتەلۆنیا وەستانەوەو پاڵپشتیان لە حكومەتی ئیسپانیا كرد. بەر لە ریفراندۆمەكە، ئەوكات وەفدێكی حكومەتی كەتەلۆنیا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ ریفراندۆمەكەی هەردوولا كرا. كەتەلۆنیا ریفراندۆمی كرد، حكومەتی ئیسپانیا هێزی ئەمنی ناردە سەر هەرێمەكە، سەرۆكی حكومەتو بەرپرسانی هەرێمەكە هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات. دوای شكستهێنانی ریفراندۆمەكەیان، هاوشێوەی ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان گەڕانەوە بۆ بەغداد بۆ دانوستان، بەرپرسانی نوێی كەتەلۆنیا گەڕانەوە بۆ لای حكومەتی ئیسپانیاو بەشداری پەرلەمانیان كردەوە. یەكێك لەو كەسانەی كە سەركردایەتی ریفراندۆمەكەی 2017ی كەتەلۆنیای كرد (ئۆریۆل جۆنكیراس) سەرۆكی پارتی چەپی كۆماری بوو، ئەم پیاوە لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە سزای زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام ئێستا پارتەكەی ئەم پیاوە یەكێكە لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی حكومەتی ئێستای ئیسپانیا. بڕیاری دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ دەستگیركراوە كەتەلۆنییەكان، ناڕەزایەتی دروستكردووە، پارتە راستڕەوەكانی ئیسپانیا، سەرۆك وەزیرانە سۆسیالیستییەكەی وڵاتەكەیان تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەم بڕیارەی دەیەوێت سازشێك بۆ "جوداخوازەكان" بكات، چونكە پێویستی بە دەنگو پاڵپشتییە كورسییەكانی پارتە كەتەلۆنییەكە هەیە لەناو پەرلەماندا. پاپلۆ كاسادۆ سەرۆكی پارتی میللی راستڕەوی ئیسپانیا ئیدانەی بڕیاری حكومەتی كرد بۆ دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ كەسانێك كە بەوتەی ئەو "پەشیمان نین لە ریفراندۆمەكەیان"، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ قسەی هەندێك لە سەركردەكانی كەتەلۆنیا كە دەڵێن دەستیان لە خەونی سەربەخۆیی هەڵنەگرتووەو بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان. لە كەتەلۆنیا هێشتا توێژێكی زۆری كۆمەڵگە دەستبەرداری خەونی سەربەخۆیی نەبووە، بەتایبەتیش پارتەكەی (كارلیس بۆگدیمۆن) سەرۆك وەزیرانی پێشتری كەتەلۆنیا، كە لەدوای ریفراندۆمەكەوە لە ترسی دادگایكردنەكانی حكومەتی ئیسپانیا رایكرد بۆ بەلجیكا. (بیری ئاراگۆنیس) سەرۆكی ئێستای هەرێمی كەتەلۆنیاش بەهەمان شێوە سەربەخۆخوازە، ئەو لەبارەی بڕیاری دەركردنی لێبوردنی گشتییەوە وتی:" ئەمە چارەسەرێك كاتییە بۆ كێشەی كەتەلۆنیا، چونكە داواكاری كەتەلۆنییەكان تەنیا لێبوردنی گشتی نییە، بەڵكو پێدانی مافی چارەی خۆنوسینیشە".
درەو: راپۆرت:رێناس ساڵح - نەوژین رۆژەکان نزیک دەبنەوە لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جیاواز لە رابردو بەیاسایەکی نوێ کێبڕکێکە دەستپیدەکات، تێدا (٩٦٣) ژن ململانیەی گەشتنە پەرلەمان دەکەن، ژنان لەبەردەم گۆڕانکاریەکی مێژویدان، حزبە سیاسیەکان گومان دەکەن کۆمەڵگە ئەو دەرفەتەبدات بە ژنان لە کاتێکدا خۆشیان بە پێی ژمارەی کاندیدەکانیان ئەو گومانەیان لەسەرە، بەڵام ئاخۆ کۆمەڵگەی عێراقی ئەم هەڵبژاردنە دەکاتە بنەمای گۆڕانکاری بۆ بەشداری سیاسی ژنان؟ لە ساڵی (١٩٨٠)ەوە لە عێراق ژنان مافی خۆپاڵاوتن و دەنگدانیان بۆ پەرلەمانی هەیە، لەوکاتەوە لە کێبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی پێگەی زیاتر، هەروەک لە دەستوردا بڕیار لە پێگەی ژن دراوە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا. ژمارەو رێژەی کورسی ژنان لە خولەکانی پەرلەمانی عێراق ژنان بە دەنگی راستەقینەی خۆیان دەگەنە پەرلەمان؟ لە هەڵبژاردنەکانی رابردودا چەندین کاندیدی ژن بە دەنگی راستەقینەی خۆیان و بەبێ کۆتا گەشتونەتە پەرلەمان، بەڵام بە پێ یاساکان رێژەی کۆتایان تێنەپەڕاندوە خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی جەختی کردەوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ سێ کاندیدی ژن لە لیستەکەیان لە پارێزگای دهۆک بە دەنگی خۆیان گەشتونەتە پەرلەمان. ئەو بۆ 'نەوژین' وتی: ”ئومێد دەکەین ژنان بە دەنگی خۆیان بگەنە پەرلەمان، بەڵام ئەوەی هەیە ژنان رۆڵی راستەقینەی خۆیان نەبینوە وەک سەرکردە یان لە پرۆسەی سیاسی ئەگەرچی ژنانی کورد بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ لە ئاستێکی زۆر باشدان بەشاهێدی گەڕیدەو مێژونوسان رۆڵی سەرکردایەتیان هەبوە لە رۆژئاواو باکوری کوردستان، لە باشوریش باشە، بەڵام دەکرێت بەروپێشی ببەین“. لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم پارتی ١٢ کاندیدی ژنی هەیە واتە لەم سێ پارێزگایە بە رێژەی ٤١،٣٪ کاندیدەکانی لە رەگەزی مێن لەهەمان کاتدا لیستی هاوپەیمانی بە رێژەی ٤١،٦٧٪ کاندیدەکانیی لە رەگەزی مێن لە سێ پارێزگاکەی هەرێم. براکۆ شێرکۆ فاتیح، وتەبێژی مەکتەبی راگەیاندی یەکێتی سوێند بە 'گۆڕی شەهیدان' دەخوات ئاگەداری زانیاریەکان نیە لە بارەی کانیدانی حزبەکەی و دەڵێت: ”بەشێکی زانیاریەکان لەسەر کانیدەکانیان دزەی پێکراوە“. ئەو ئەوەی بە نەوژین راگەیاند: ئەو کاتەی کۆمسیۆن بڕیاری کۆتایی بدات لە بارەی کاندیدەکانەوە قسەلەسەر ئەم بابەتە دەکەن. داتای کاندیدانی قەوارەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرچاوە: کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق+ پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن هەندێک قەوارە هیچ کاندیدێکی ژنیان نیە بە گوێرەی خشتەی داتاکانی کۆمسیۆن چەند قەوارەیەکی سیاسی هیچ کاندیدێکی ژناین نیە لەوانە حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان، یاخود هەندێک لایەنی سیاسی کەمترین کاندیدی ژنیان هەیە وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆی ٦ کاندیدی ئەو حزبە تەنها یەک کاندیدی لە رەگەزی مێیە. یاسین حەمە علی، بەرپرسی ژوری هەڵبژاردنەکانی گۆڕان بۆ 'نەوژین' وتی: ئەوان لەگەڵ یەکێتی تەمسیلی یەک لیست دەکەن بۆیە بۆ هەمو بازنەکان بەڕێژەی ٢٥٪ بەشدارن. ئەمەی گرێدایەوە بە هاوپەیمانیەتیەکەیان لەگەڵ یەکێتی کە ئەوان پێکەوە رێژەکە تەواو دەکەن نەوەک وەک حزب. ”تێپەڕاندنی کۆتایی ژنان ناڕونە“ یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق گۆارنکاری زۆری تێداکراوە، بەڵام لەم نێوەندەدا پرسی ژن وادەردەکەوێت چەقبەستوبێت، بەشێوەیەک ئارام جەمال، کارگێڕی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردنەکان جەخت دەکاتەوە ”هیچ گۆڕانکاریەک نایەتە بون لە ژمارەی پەرلەمانتاری ژن لەم هەڵبژاردنەی عێراق، تەنها لەیەک باردانەبێت کە ئەویش بە ناڕونی ماوەتەوە“. لە یاسا نوێکەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەبەوەکراوە لە هەربازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت کاندیدانی هەرلایەنێک ٢٥٪ لە رەگەزی مێبێت، ئەمە لەکاتێکدایە عێراق ٨٣ بازنەی هەڵبژاردن لە خۆ دەگرێت ئەمەش دەکاتە ٢٥٪ کورسیەکانی هەڵبژاردن، ناڕونی یاساکە لەوەدایە ئایا ئەگەر لە بازنەیەک کاندیدێکی ژن بە دەنگی خۆی کورسی بەدەستهێنا ئەوا لەو بازنەیە هەژماری کۆتا دەکرێت یاخود نا؟ ئارام جەمال، دەڵێت: ئەم خاڵە ماوەتەوە بەوەی ئایا کۆمسیۆن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوبڕگەیە دەکات لە یاساکە. ئەمە لە کاتێکدایە لەیاساکەی پێشوتری عێراق کۆتایی ژنان بە ٢٥٪ دیاری کرا، بەڵام لەکاتی هەژماری دەنگەکان ئەو ژنانەشی بە دەنگی خۆیان سەرکەوتن بۆ پەرلەمان لە گەڵ رێژەی کۆتاکەدا هەژمارکرابون. حزبەکان عورفی کۆمەڵگا بەبەربەست دەزانن بۆ ژنان ئەی چیانکردوە بۆ ئەوە؟ لەم هەڵبژاردنەدا هاوڵاتی دەنگ بە لیست نادات بەڵكو راستەوخۆ دەنگ بە كاندید دەدات لەو بازنەی هەڵبژاردن کە مافی دەنگدانی تێدا هەیە، حزبە سیاسیەکان عورفی کۆمەڵگە بۆ تێڕانیان بە تواناکانی ژنان بە کێشە دەزانن لەبەردەم سەرکەوتنیان. یاسین حەمە علی، بەرپرسی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان کە لە گەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن عورفی کۆمەڵگاو متمانەنەبون بە ژنان بە هۆکار دەزانێت لە کەمی کاندیدی ژن ئەمە هەمان بۆچونی خەسرەو گۆرانە و دەڵێت: ” وەک پارتی بڕوامان بە رێژەیەی کۆتا نیە بۆ ئافرەتان، چونکە چەندین ئافەرتمان هەیە توانای سیاسی چەند بەرامبەر بە پیاوە کەواتە ئەرکە رۆڵی زیاتر بە ژنان بدرێت، کۆتا بۆ پاڵپشتیە چونکە کۆمەڵگە رێگرە لە بەردەمیان“. ئەمە لە کاتێکدایە لە عێراق هیچ لیستێک هاوسەنگی رەگەزی لە ژمارەی کاندیدەکانیدا نیە، ئەوەی هەیە لە بازنەیەک بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کۆتایی ژنان کاندیدی ژن زیاترە لەو قەوارانەی کە گومان دەکەن دەنگی تەواوی کورسیەک بەدەست نەهێنن. بە نمونە پارتی لە بازنەی سلێمانی لە کۆی ٦ کاندید ٥ لە رەگەزی مێن و لیستی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕانی لە پارێزگای دهۆک هەردو کاندیدەکەیان لە رەگەزی مێن. بەڕێوبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردنەکان جەختیکردەوە هیچ حزبێکی سیاسی عێرق و کوردستان باڵانسی جێندەری لە کاندیدەکانیانن نیە، ئەو پێشی وایە قورسە ژنان لەم هەڵبژاردنە بە دەنگی خۆیان دەربچن دەشڵێت: حزبەکان پشتگیری کاندیدە پیاوەکانیاننو دەیانەوێت ژنەکان بە کۆتا دەربچن. بە پێی یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن لە هەربازنەیەک چەند کورسی دیاری کرابێت ئەوەندە کاندید سەردەکەوێت بە پێی ریزبەندی ئەو بازنەیە، کۆی ژمارەی کاندیدانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق (٢٥٦٠) کاندید و تێیدا لەو ژمارەیە ژنان بە رێژەی (٢٧،٣٣٪)بەشدارن بە (٩٦٣)کاندید، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (٤٩)ژن کاندیدن واتە بە رێژەی (٣٦،٠٢٪) ژنان لە هەرێمی کوردستان دەچنە ململانیەکانی ئەم هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە ١٠ ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
درەو: دوێنی لە شاری سلێمانی مەراسیمی واژۆكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو. (درەو) دەقی رێككەوتنەكەی دەستكەوتووەو بڵاوی دەكاتەوە. دەقی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان یاداشتی هاوپەیمانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە هەر شوێنێک کورد یەکڕێزو یەکگرتوو بێت سەرکەوتنی زامن کردووەو رەزامەندی گەلەشی بەدەست هێناوە بۆ ئەو مەبەستە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پاش چەندین کۆبونەوە گەیشتنە ئەم رێککەوتنەی خوارەوە: ماددەی یەکەم: هاوپەیمانی کوردستان ١- بەمەبەستی بەشداریکردن له هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢٠٢١ یەکێتی نشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بەناوی (هاوپەیمانی کوردستان). ٢- هەردوولا لە هەموو عێراق کاندیدەکانیان لەژێر ناوی (هاوپەیمانی کوردستان) پێشکەش ئەکەن. ماددەی دووەم: سەرۆکی هاوپەیمانی بەڕێز (لاهور شێخ جەنگی) سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دەبێت و ئەم دەسەڵاتانەی دەبێت: ١- نوێنەرایەتی هاوپەیمانێتییەکە دەکات لەبەردەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق. ٢- سەرپەرەشتی رێکارەکانی خۆتۆمارکردن و پێشکەشکردنی داواکاری و لیستی کاندیدەکان دەکات بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. ٣- سەرپەرەشتی کەمپەینی هەڵبژاردن بە هەماهەنگی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان. ٤- نوێنەرایەتیکردنی هاوپەیمانێتییەکە لە کۆڕو کۆبونەوە جەماوەرییەکان، بانگەشەی هەڵبژاردن، هۆیەکانی راگەیاندن، کۆڕو سیمینارو مێزگردو.. هتد دەکات. ماددەی سێیەم: نوێنەری رێگەپێدراو نوێنەری رێگەپێدراوی ئەم هاوپەیمانێتییە بەڕێز (دەرباز محەمەد) دەبێت، هەڵدەستێت بە رێکخستنی پەیوەندی هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق. ماددەی چوارەم: ئەرک و مافی لایەنە بەشداربووەکان ١- ئەم هاوپەیمانێتییە خۆویستانەیەو بە رەزامەندی هەردوو لایەن پێکهێنراوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢٠٢١ وە بەردەوام دەبێت تا هەڵبژاردنی داهاتوو. ٢- بەرەزامەنی هەردوولا بڕیار ئەدرێت لە بەشداریکردنی هەر لایەن و حزبێکی تر لەم هاوپەیمانێتییە. ٣- هەردوولا سەرپشکن لە پێشکەشکردنی کاندیدی کاریگەرو بەهێز بۆ بازنەکانی هەڵبژاردن. ٤- هەردوو لایەنی هاوپەیمانی پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی یەک شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن. ٥- هاوپەیمانێتییەکە پابەندە بە هەموو رێکارو رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق. ٦- لەپاش پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، هەردوولا پابەند ئەبن لەچوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان پێکەوە ئەبن لە هەر بڕیارو بۆچۆنێک سەبارەت بە هەر پێشنیارو پێشهاتێک. ماددەی پێنجەم: ئامانجەکان ١- کاردەکەین لەپێناو بەدەستهێنانی مافە دەستورییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی پرسی گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان بۆ هەرێمی کوردستان. ٢- هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و تەوازن. ٣- چارەسەر یەکجاری کێشەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک پێویستە بودجەو پشکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە. ٤- بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان. ماددەی شەشەم: بازنەکانی هەڵبژاردن ١- پارێزگای سلێمانی: جگە لە بازنەی (٣) هەڵەبجەو سەیدسادق و پێنجوێن کە بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدی نابێت، لە بازنەکانی تر (٥،٤،٢،١) هەریەکەو کاندیدێکی دەبێت. ٢- کەرکوک: بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدی دەبێت. ٣- هەولێر: بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی رۆژهەڵات و بازنەی کۆیەو خەبات کاندیدی دەبێت. ٤- یەکێتی لە پارێزگای (سلێمانی، دهۆک، هەولێر، کەرکوک، نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە، بەغداد) کاندیدی دەبێت. ماددەی حەوتەم: کەمپەینی هەڵبژاردن ١- هەردوو لایەن بەهەماهەنگی کەمپەین بۆ کاندیدەکان دەکەن. ٢- میدیای هەردوولا لە خزمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدەکانی هەردوولا دەبێت. ٣- کاروباری لوجستی و رێوشوێنەکانی هەڵبژاردن بۆ هەموو کاندیدەکان وەک یەک دەبێت. ماددەی هەشتەم: شێوازی هەماهەنگی ١- لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا بۆ رایکردنی کاروبارەکان پێکدەهێنرێت بەمشێوەە: ا- هەماهەنگکاری پەیوەندییەکان ب- هەڵبژاردن ج- راگەیاندن د- رێکخست و پەیجوری ه- کارگێڕی و دارایی ٢- ئەم لیژنە هاوبەشە کۆبونەوەی دەوری و کۆبونەوەی تایبەت بە هەر کارو بارێک دەکات بە سەرپەرەشتی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان
شیكاری: درەو لە 89%ی سەرۆكی زانكۆكان و 65%ی سەرۆك بەشەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە نایاسایی دانراون، (67%)ی سەرۆكی زانكۆكان ماوەیان بەسەرچووە، 56%ی سەرۆكی زانكۆكان پارتین و 44%ی یەكێتین، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە (240)بڕوانامەی ساختە ئاشكرا كراوە، (27%) توێژینەوەكانی زانكۆی سلێمانی و (31%) ی توێژینەوەكانی زانكۆی كۆیە لە گۆڤارە ساختەكاندا بڵاوكراونەتەوە، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان چاودێری كاری وەزارەتەكان دەكەن، بەڵام بەشێك لە پەرلەمانتاران لەناو ساختەكاریەكاندان و بەشێكیشیان بە نایاسایی هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتاریدا لە خوێندنی باڵا دەخوێنن. دۆخی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەم راپۆرتەی (درەو)دایە. پێگەی زانكۆ سەرباری ئەوەی تا دێت خوێندن و بەهای زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە دابەزینە، بە هۆکاری قەیرانی دارایی و پەککەوتنی خوێندن بە هۆی بایکۆتی مامۆستایان و هەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکات نەبستنەوەی زانکۆکان بە بازاڕی کاری هەرێم و وەستاندنی دامەزراندنی زیاتر لە حەوت ساڵ لە کەرتی گشتی و جێنەکردنەوەی دەرچووان لە کەرتی تایبەت. لەگەڵ ئەو قەیرانە دەرەکییانەی ڕووی لە زانکۆکانی هەرێم کردووەو بەشی زۆری لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوانە، بەڵام لە ناوخۆشیدا توشی قەیرانی قوڵ بووە، لەوانەش؛ ساختەکاری و دەستێوەردانی حیزبی و سەرپێچی یاسا، بڕستی لە زانکۆ و خوێندنی باڵا بڕیوە، لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەیخەینە سەر ئەو هۆکارە ناوەکییانەی کاریگەری هەرە خراپیان لەسەر زانکۆکانی هەرێم جێهێشتووە، لە داهاتوودا هەموان پێکەوە باجەکەی دەدەن. لە دنیادا زانکۆکان ڕێڕەوی مێژویان گۆڕیوە لەسەرجەم بوارە فکری و سیاسی و ئابوری و تەکنۆلۆژی و تەندروستی ...سەرجەم بوارەکانی تر، ئەوەش ئەرکی لەپێشنەیان بووەو پێش زۆر کەرتی دیکە کاری ئەوان بووە. کاتێکیش ڕەخنەیەکی جدی هەبێت دەربارەی ئەو کایە گرنگە، دەکرێت ڕاستی بکاتەوە. لێرەدا هەرە خاڵە لاوازەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەخەینە روو. بەردەوامی دەستتێوەردانی حیزب لە زانکۆکان یەکەم: لەسەر ئاستی سەرۆکی زانکۆ بەپێی یاسای یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008 ی (یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی)، لە بڕگەی یەكەمی ماددەی هەشتەمی یاساكەدا هاتووە: "زانكۆ حەرەمێكی ئارام و پارێزراوە و سەنتەرێكی هزری و شارستانییە و ئەقڵ لە كەش و هەواكەیدا گەشە دەكات و توانای داهێنان و دۆزینەوە تیایدا بەرز دەبێتەوە و نابێ دەست لە كاروباری وەربدرێ مەگەر یاسا رێگە بدات و بەرپرسیارێتی راستەوخۆی لە ئەستۆدایە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی كە لەم یاسایەدا هاتوون". بەڵام لە راستیدا دەستوەردانێكی زۆر لە كاروباری زانكۆكاندا هەیە، دەستوەردانی حیزب و ڕێكخراوە (قوتابی/خوێندكاری)ە حیزبیەكان، زانكۆكان سەربەخۆیی داراییان نیە، زۆرترین گرفتی داراییان هەیەو تەنانەت رێگەیان پێنادرێت لەو داهاتانەی خۆشیان دەستیان دەكەوێت پێداویستییەكانیان دابین بكەن. سەربەخۆیی كارگێڕییان نیە و زۆرترین دەستوەردانی حزبی لە كاروباریاندا هەیە، شیاوی یاساییان نیە و زۆرترین پێشێلكاری لە یاسادا كراوە. لە مادەی نۆیەمی یاساكەدا مەرج و رێكارەكانی دانانی سەرۆكی زانكۆكان بە روونی دەستنیشان كراون، بەڵام ئەوەی لەمەیدانی پراكتیدا پەیرەوكراوەو دەبینرێت پێشێلێكی تەواوی یاساكە هەیەو ئەمەش كاریگەریی نەرێنی و خراپی بەسەر رەوشی خوێندنی باڵادا هەیەو نەنگییە بۆ سیستەمی حوكمرانیی هەرێم كە ئەم هەموو پێشێلكارییە زەقە لەیاسادا بكرێت و بەری پێنەگیرێت و بەردەوامیش بێت. سەبارەت بە مەرج و رێكارەكانی دانانی كەسێك بە سەرۆكی زانكۆ، لە ماددەی نۆیەمی یاساكەدا هاتووە: سەرۆكی زانكۆ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەسەر پێشنیاری وەزیری خوێندنی باڵا بۆ ماوەی چوار ساڵ دادەمەزرێ و قابیلی درێژكردنەوەیە بۆ یەك جار و بەپلەی تایبەتی دەبێ و بەپێی ئەم پێوەرانەی خوارەوە: 1. بڕوانامەی دكتۆرای هەبێ. 2. بەلانی كەم پایەی پرۆفیسۆری یاریدەدەری هەبێت. 3. خزمەتی (10) ساڵ كەمتر نەبێ. 4. خاوەن تواناو شیاوی كارگێڕیی و شارەزایی و دەست پاكی و ئەمانەتی زانستی بێت لە كاركردندا. بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت یاساكە پێشێل كراوە، خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، ئێستای لە هەمو كاتێك خراپترە، بەڕێوەبردنی زانكۆكان بەو كەسانەی ماوەی یاساییان تەواوبووە بڕستی لە زانكۆكان بڕیوە، ئەمەش بەشێكی گرفتە سەرەكییەكەی خوێندنی باڵایە لە هەرێمی كوردستان. سەرجەم سەرۆكی زانكۆكان لەلایەن حزب و بە پێوەری حزبی دانراون، زۆرینەشیان ماوەی یاساییان تێپەڕاندووە، یاخود بە وەكالەت دانراون. بڕوانە خشتەی ژمارە (١) بەپێی ڕاپۆرتێکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پەرلەمانی كوردستان کە ئاراستەی هەریەک لە (سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری خوێندنی باڵا کراوە) لەلایەن هەردووە پەرلەمانتار (ئاشنا عەبدوڵا و ڕاهی ڕەهبەر)ەوە ئامادە کراوە. سەرپێچی گەورەی یاسایی لە کەرتی خوێندنی باڵادا هەیەو حیزب زۆرترین ڕۆڵی هەیە لە پڕکردنەوە پۆست و پلە و پایەکانی نێو زانکۆ دامەزراوە هاوشێوەکانیان، وەک لە ڕاپۆتەکەدا هاتووە؛ خشتەی ژمارەی (١) سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەم خشتەیەی سەرەوە دەردەكەوێت كە بەڕێوەبردنی زانكۆكان بەو كەسانەی ماوەی یاساییان تەواوبووە، یا بە وەكالەت دانراون، بەمشێوەیەی خوارەوەیە: لە كۆی (18) سەرۆكی زانكۆ و دامەزراوەی هاوتای زانكۆ، تەنها (2) كەسیان مەرجی یاساییان تەواوە واتا (89%)، (2) كەسیان بە وەكالەت دانراون و (12) كەسیان ماوەی یاساییان بەسەرچووە واتا (67%)و (2) زانكۆش پەیوەست نین بە یاساوە. هەر لە (18) کەسە (10)یان پارتی واتا (56%) و (8) یان یەکێتین واتا (44%). بەمەش زانكۆكان بوونەتە قوربانی ئەم پرسەو وەزارەتی خوێندنی باڵاش بێدەنگی لێكردوە، هێشتنەوەی ئەم پرسە بەم شێوەیە هیچ بەهانەیەك هەڵناگرێت بێجگەلە بێ بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا. دووەم: لەسەر ئاستی ڕاگر و سەرۆک بەشەکان بەپێی یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008ی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ماوەی سەرۆكی زانكۆو راگرەكانی بۆ (4 ساڵ) دیاریكردووەو دەبێت پلەی زانیستیان پرۆفیسۆری یاریدەدەر بێت. بەشێك لە سەرۆكی زانكۆو راگرەكان پلەی زانستیان بەدەرە لە یاساو پرۆفیسۆری یاریدەدەر نین و هەندێكیشیان بۆ ماوەیەك بە وەكالەت پۆستەكان وەردەگرن تا پلەی زانستییەكە وەردەگرن و دواتر پۆستەكانیان بۆ دەبێت بە رەسمی، ئەو كاتیش ماوەیەكی زۆر لەپۆستەكەدا دەمێننەوە. بەشێك لەو سەرۆكی زانكۆ و راگرانە پلەی زانستیان نیە واتە (پرۆفیسۆری یاریدەر) نین، بەناوی نەبوونی پسپۆڕییەوە دانراون، لەكاتێكدا كوردستان پڕە لە كەسانی هاوپلە بە دامەزراوو دانەمەزراوەوە، بەڵام بەهۆی مەحسوبیەت و پاڵپشتی حزبەوە، لەو پۆستانەدا دانراون. دەستوەردانی حزب لە كاروباری زانكۆدا گەیشتوەتە ئاستێك، هەندێك بەش و راگر لەبەر ئەوەی حزب نایەوێت بكەوێتە دەست كەسانێك كە حزبی نین یان سەر بە كوتلەكەی دیاریكراو نین لەناو حزبدا، سەرپەرشتیاری بۆ دادەنێن، تا كەسێكی حزبی یان لە كوتلەی خۆیان دەدۆزنەوەو لەو پۆستەدا دایاندەنێن. ناوچەگەرێتی و دەستەگەری رۆڵی هەیە لە دیاریكردنی سەرۆكی زانكۆو راگرو سەرۆك بەشەكاندا، ئەگەر لە بوارەكانی دیكەدا ناوچەگەرێتی بوونی هەبێت ئەوا لە زانكۆو پەیمانگەكاندا حەرامە، چونكە ئەو پۆستانە پەیوەندی بە زانست و توانای زانستییەوە هەیە، لە یاسای بەركاردا هیچ بڕگەیەكی نیە ئاماژە بە ناوچەگەرێتی بكات لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا. بەپێی بڕگەی یەكەمی مادەی (18)ی یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008، سەرۆكی بەش یان راگری كۆلیژ، مەرجە پلەی زانستییان لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت، بەڵام بەشێكی زۆری سەرۆك بەش و راگرەكان بەبێ ئەو مەرجە زانستیانە دانراون و بەشێكی زۆری سەرۆكی زانكۆكان ماوەی یاساییان بەسەرچووە كە بەپێی یاساكە چوار ساڵە. بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی (18) لە یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008، مەرجە بۆ پڕكردنەوەی بەشێكی زانستی ژماریەك لە ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە لە (14) كەس زیاتر نەبێت و لە (8) كەس كەمتر نەبێت و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا بن یاخود لەوانە بن نازناوی زانستی پرۆفسۆری یاریدەدەرەو لانی كەم پێنج ساڵ خزمەتی زانكۆییان هەیە، بەڵام چەندین بەش كراونەتەوەو نە پرۆفسۆری یاریدەدەرو نە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆراو نە ستافی ئەكادیمی دیاریكراویان هەیە. بەپێی راپۆرتیكی (ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) كە پشتی بەستووە بە (رێبەری ساڵی خوێندنی 2018): لەكۆی (624) بەشی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان (407) سەرۆكی بەشیان بە نایاسایی و لەدەرەوەی یاسا دانراون كە دەكاتە (65%)ی كۆی سەرۆك بەشەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و (217) سەرۆكی بەش بەیاسایی دانراون كە دەكاتە (35%)، لەزانكۆی سەڵاجەدین لەكۆی (78) سەرۆكی بەش (37) سەرۆك بەشیان بە یاسایی دانراون بەرێژەی (47%) و (41) سەرۆك بەشیان بەنایاسایی دانراون (53%)، لە زانكۆی سلێمانی لەكۆی (107) سەرۆكی بەش (64) سەرۆك بەشیان بە یاسایی دانراون بەرێژەی (60%) و (43) سەرۆك بەشیان بەنایاسایی دانراون (40%)، زانكۆی هەڵەبجە (100%) سەرۆك بەشەكان بە نایاسایی دانراون، زانكۆی پولیتەكنیكی دهۆك (96%) ی سەرۆك بەشەكان بە نایاسایی دانراون. بڕوانە خشەی ژمارە (٢)، بە جۆرێک؛ خشتەی ژمارە (٢) سەرۆک بەشەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ساختەکاری لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا یەکەم: بڕوانامەی ساختە بروانامەی ساختە دیاردەیەکە هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، بێگوومان عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە دەرەوەی ئەو مەترسییە نین، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان. وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 240 بڕوانامەی ساختەی ئاشكرا كردووە، لەو چوارچێوەیەدا و، دوای ئەنجامدانی ڕاست و دروستی (صحە صدور) بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەو بڕوانامانەی پێشکەش بە وەزارەت و زانکۆکان کرابوون، دەرکەوت ژمارەیەک لە بڕوانامەکان ساختەو (تەزویر)ن. هەندێك لەوانەشی بڕوانامەیان ساختە كردووە، مامۆستای زانكۆن و فەسڵ كراون. ساڵی 2016 وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، بوونی بڕوانامەی جیهانیی لە زمانی ئینگلیزیدا كرد بە مەرج بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە خوێندنی باڵا (ماستەرو دكتۆرا)، ئیتر ئەو كاتەوە چەندین جۆری فیڵو ساختەكاری بۆ بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە سەریهەڵدا، بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆو قوتابیانی خوێندنی باڵا پەنایان برد كڕینو ساختەكردنی بڕوانامەی جیهانیی زمانی ئینگلیزی بەتایبەت (ئایەلسو تۆیفڵ). ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن كە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتەكە بڕوانامە ساختەكان بریتییە لە 106 بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی كە لە زانكۆی سەڵاحەددین/هەولێر 26 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی سلێمانی 48 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆ هەڵەبجە 12 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی گەرمیان پێنج بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی دهۆك چوار بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی زاخۆ سێ بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی هەولێری پزیشكی دوو بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك دوو بڕوانامەی ساختە.هەروەك ئاشكرا كراوە كە لە زانكۆی كۆیە یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی سۆران یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی ڕاپەڕینیش یەك بڕوانامە هەیە. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سەدان كەس لە خوێندنی باڵادا بڕوانامەی توانستی زمانیان ساختە كردووە، بەڵام وەزارەتو زانكۆكان بەشێكی زۆری لیستی ساختەكارەكانیان شاردوەتەوە. دووەم: خوێندنی ساختە لە دەرەوەی یاسا بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی شورای هەرێم، پەرلەمانتارانی كوردستانو عێراقو خاوەن پۆستو پلە تایبەتەكان لە وەزارەتەكانو فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم، لەوكاتەی لە پۆستەكانیاندان، بۆیان نیە، پێشكەشی خوێندنی باڵا بكەن، چونكە لەیەك كاتدا هەردوو كارەكە پێكەوە ناكرێت. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، سەرباری ئەو رێنماییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی شورا، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە خولەكانی پێشوو و ئێستای پەرلەمانی كوردستانو بەرپرسانی حكومەتو فەرمانگەكان، لەناوخۆو دەرەوەی كوردستان دەخوێنن، ئەمەش پێشێلكردنی رێنماییەكانە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە وەزارەتو ئەو زانكۆیانەی كە ئەم پلە تایبەتانە لێی دەخوێنن، بێدەنگن. سێیەم: بڵاوکراوە لە گۆڤارە ساختەکان بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، دەیان مامۆستا تێوەگلاون بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە ساختەکانی جیهاندا، لەوەش ترسناکتر لەوەش ئەوەیە، ئەو توێژینەوانە رۆڵیان هەبووە لە بەرزکردنەوەی پلە و نازناوی زانستی بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆدا، بەجۆرێک مامۆستای وا هەیە سێ پلەی زانستی بەوهۆیەوە بڕیووە. گۆڤارە ساختەکان بەشێکن لە جۆرەکانی ئەو باندە نێودەوڵەتیانەی لەبواری توێژینەوە زانستیەکاندا کاردەکەن و واخۆیان دەناسێنن کە دەزگای توێژینەوە و پەبڵیشەری زانستین، بەڵام لە راستیدا تەنها دەزگایەکی وەهمی سەر تۆڕی ئینتەرنێتن کە ئامانجیان بزنس و کۆکردنەوەی پارەیە. لەمساڵانەی دوایدا ئەم جۆرە گۆڤارانە لە جیهاندا ڕوو لە زیادبونن و بەشێکی زۆریشیان ناوەندە زانستیەکانی وڵاتانی جیهانی سێهەمیان کردۆتە ئامانج، چونکە مامۆستایان و توێژەرانی ئەو وڵاتانە بەئاسانی دەبنە نێچیری ئەم باندانە. بڵاوبونەوەی ئەم دیارەدەیە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا بەجۆرێکە لەو توێژینەوانەی ساڵی 2016 لە لایەن مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستانەوە لە گۆڤارە نێودەوڵەتیەکاندا بڵاوکراونەتەوە 25% یان لەو گۆڤارە ساختەکاندا بووە. چەند توێژەرێکی گەنج سەنتەری (بایۆساینس) بەڕێوەدەبن، کە سەنتەرێکی ئەکادیمی سەربەخۆیە تایبەت بە توێژینەوەی زانستی لە بورەکانی فیزیا، کیمیا، بایەلۆجی و پزیشکی و کۆمپیوتەر. توێژەرانی ئەم سەنتەرە لەپاڵ کارە سەرەکیەکەیاندا کە هاندان و یارمەتیدانی مامۆستایانە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی بەشێوەیەکی ئەکادیمی لە جۆرناڵێکی باوەڕپێکراودا. کاردەکەن لەسەر چێککردن و هەڵسەنگاندنی ئەو توێژینەوانەی لەلایەن مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان ئەنجامدراون لە جۆرناڵە جیهانی و لۆکاڵییەکان. لە بڵاوکراوەیەکدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویانکردۆتەوە سەنتەری بایۆ ساینس دەڵێت بەپێی توێژینەوەکانمان دەرکەوت لە بواری زانستە سروشتیەکاندا 27% توێژینەوەکانی زانکۆی سلێمانی و 31%ی توێژینەوەکانی زانکۆی کۆیە و 19%ی توێژینەوەکانی زانکۆی چەرموو لە گۆڤارە ساختەکاندا بڵاوکراونەتەوە. پەرلەمانتارو خوێندنی باڵا بابەتەكە تەنیا ساختەكاری نییە، بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی شورای هەرێم، پەرلەمانتارانی كوردستانو عێراقو خاوەن پۆستو پلە تایبەتەكان لە وەزارەتەكانو فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم، لەوكاتەی لە پۆستەكانیاندان، بۆیان نیە، پێشكەشی خوێندنی باڵا بكەن، چونكە لەیەك كاتدا هەردوو كارەكە پێكەوە ناكرێت. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، سەرباری ئەو رێنماییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی شورا، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە خولەكانی پێشوو و ئێستای پەرلەمانی كوردستانو بەرپرسانی حكومەتو فەرمانگەكان، لەناوخۆو دەرەوەی كوردستان دەخوێنن، ئەمەش پێشێلكردنی رێنماییەكانە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە وەزارەتو ئەو زانكۆیانەی كە ئەم پلە تایبەتانە لێی دەخوێنن، بێدەنگن. (درەو) زانیویەتی، لە خولی ئێستا پەرلەمانی كوردستاندا، زیاتر لە (25) ئەندام پەرلەمان هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتاریی، لە خوێندنی باڵاش دەخوێنن، واتە بەپێچەوانەی یاساوە دوو كار پێكەوە دەكەن. سەرچاوەکان 1. ڕاپۆرتی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان. ٢٠٢١. 2. ئینستتیوتی پەی، خــوێندنی بــاڵا لەبەردەم ئاڵنگاری و گرفتی چارەنەكراودا، ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی خوێندنی باڵا لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (2014-2018)، کانونی دووەمی 2019. 3. ڕاپۆرتی درەو میدیا، ساختەکاری لە خوێندنی باڵا... لە لیستەکەدا پەرلەمانتار هەیە؛ http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8027 4. گۆڤارە ساختەکان زانکۆکانی هەرێم دەکەنە ئامانج، کورد پیدیا؛ https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20170610145950101439&lng=23 5. حزب لەبری وەزارەت پۆستەكانی ناو زانكۆ پڕدەكاتەوە، ڕوانگەو ڕەخنە؛ https://www.rwangauraxna.com/detail.aspx?IDNews=4751 6. لوقمان مصگفی ، عێراق و هەرێم دوو بازاڕی گەرمی بڕوانامەی ساختەن، ئاوێنە؛ https://www.awene.com/article?no=3957&auther=89
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) ئێراننامە (10) بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران بەسەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەربە باڵی توندئاژۆکان و کەسایەتییەکی نزیک لە ڕێبەری ئێران، کۆتایی هات. ئەو لە کۆی ٢٨ ملیۆن و ٩٣٣ هەزار و ٤ کەس، ١٧ ملیۆن و ٩٢٦هەزار و ٣٤٥ دەنگی بۆ تۆمارکراوە. پاش رەئیسی، دەنگی پووچ پلەی دووەم و موحسین رەزایی بە پلەی سێیەم و هیممەتی لە باڵی ڕیفۆرمیستان بە پلەی چوارەم و قازی زادە هاشمی-یش بە پلەی پێنجەم دێت.(ئەڵبەت بە حسێبکردنی دەنگی پووچەوە). جیالەوەش نیوە زیاتری وەڵاتیانی ئەو وڵاتە بایکۆتی دەنگدانیان کرد. لەڕوانگەی گوتاری هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان و بارگۆڕانی خواستی شەقامی ئێرانییەوە، یەکەمجارە خواستێکی کوردستانی شەقام و هێزە کوردییەکان، ببێتە خواستێکی سەرانسەریی نیوەی زیاتری سەرجەم ئێرانییەکان، چونکە ئەوە کوردەکان بوون لە ساڵی ١٩٧٩ەوە و لە پرسی پەسەندکردنی دەستووری ئێراندا باوەڕییان وابوو چەکی مەدەنیی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان هیچی کەمتر نییە لە شێوازەکانی دیکەی ناڕەزایی. گەرنا زۆرێک لەئێرانییەکان ئەمجارەی لێدەربچێت بە چەپ و ڕاست و ئیسلامی و پان ئێرانیستەوە لەسەر سندووقەکان دەمانەوە. لەئەنجامەکانەوە، سێ تێبینی: - یەکەم: دەنگی پووچ (سپی) پلەی دووەمی بەدەست هێناوە و نزیکەی ١٥٪ی دەنگدەران دەکات. لەکاتێکدا هیچ هێزێک نە ئۆپۆزسیۆن و نە دەسەڵات خواست و پێشنیارێکی سیاسیی وایان نەخستەڕوو. بەڵام بەشێکی خەڵک خۆی لەنێوان بایکۆت و دەنگداندا ڕێگای سێیەمی دۆزییەوە و کاریگەری و پرسی گەورەشی هەم لەسەر ڕەوایەتی کۆی پرۆسەکە و هەم لەسەر تێنەگەیشتنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەشەقامەکەی جێهێشت. دووەم: لەم هەڵبژاردنەدا و بە هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرجەم دەسەڵاتە کاریگەرەکان لەئێراندا یەکدەست دەبن و بواری ڕۆڵگۆڕێن و ڕۆڵ دابەشکردن لەسیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا نامێنێت، چونکە هەرسێ دەسەڵاتەکە (داد و پەرلەمان و حکومەت) و ڕێبەر و دەزگاکانی دیکەی وەک ئەنجومەنی شارەزایان و شورای پاسەوان و میدیای دەوڵەتی و...تاد، سەرلەبەر یەک تەوژمی سیاسیی بەڕێوەیان دەبات و بەمەش درزی نێوان دەوڵەت و حکومەت و پەرلەمان نامێنێت و بیانوو یان خۆدزینەوە لە بەجێگەیاندنی خواستی خەڵک یان هەر پرسێکی دیکە (وەک ڕێککەوتن لەگەڵ دەرەوەدا) بواری بۆ نامێنێت و چیتر هیچ دەزگایەک ناتوانێت ئەوی دی بە کەمتەرخەم لەقەڵەم بدات و خۆی بدزێتەوە، چونکە لەهەر بارێکی ئەرێنی و نەرێنیدا هەر تەوژمی توندئاژۆکانن لێی بەرپرسن. - سێیەم: هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی سەرکۆماریی، بە یەکێک لەو هەڵبژاردنانە دادەنرێت کە لەمێژووی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا کەمترین پێشوازی لێکرا بێت. بەسروشت لەم جۆرە هەڵبژاردنانەدا کە ئێران لە قولەی گۆڕانکاریی و ئەگەری گۆڕێنی ڕێبەرەکەیدایە، وا چاوەڕوان دەکرا زیاتر بەشداری پرسەکەیان بکردایە(وەک هەڵبژاردنی ١٩٨١ کە تێیدا عەلی خامینەیی بەبەشدارییەکی بەرچاوی خەڵک وەک سەرۆک هەڵبژێردراو و هەر ئەو دەنگ و پێشوازییە وایکرد ببێتە بەردەبازێک تا بگاتە پۆستی ڕێبەریش). لەم هەڵبژاردنەدا لە کۆی ٥٩ملیۆن کەس کە مافی بەشدارییان لەدەنگداندا هەبوو، نیوە کەمتر واتە (٢٨ملیۆن و ٩٣٣هەزار و ٤ کەس دەنگی تۆمارکراوە)، واتە نیوە کەمتری دەنگدەر ئەو مافەی خۆی بەکارهێنا (ئەڵبەت جیا لە گومانەکان لەسەر ساغڵەمی و ناستانداردی هەڵبژاردنەکان و شێوازی پەسەندکردنی کاندیدەکان). ئەمەش چەند فاکتەرێک دەکرێت دیاری بکرێن بۆ کەمی دەنگدەران: ١. هەڵمەتی بایکۆت: زیاتر لە شەش مانگە، کەمپەینی بایکۆت و هاندانی خەڵک بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا دەستی پێکردووە کە زۆرێک لە لایەنە ناکۆکەکانی دەرەوەی دەسەڵات (کورد، بەلوچ، موجاهیدین، پاشاییخوازەکان و ...تاد) و هەندێ ئاراستەی نێو دەسەڵاتیش وەک (باڵی ئەحمەدی نەژاد لە توندئاژۆکان، حسێن موسەوی و تاجزادە لە ڕیفۆرمیستەکان و زۆرێک لە نوخبە و گرووپ و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی نێو کۆمەڵگە)ی لە خۆدەگرت. ٢. هەریەک لە پرسە گەرمەکانی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ و خستنەخوارەوەی فرۆکە ئۆکراینییەکە کە ١٧٩ کەس تێیدا گیانیان لەدەست دا، دابەزینی بەهای تمەن و بژێوی سەخت و گرانی نرخ کاریگەری لەسەر دڵساردیی ئێرانییەکان جێهێشت بوو، لەبری ئەوەی هەڵبژاردن وەک مەراسیم و فیستیڤاڵێکی نیشتمانی (وەک جاران) لێێ بڕوانن، وەک جۆرێک لە ململانێی توند و نابەرابەر و خەمباریی پرۆسەکەیان بەڕێکرد، تەنانەت خودی لایەنگرانی دەسەڵاتیش وەک قۆناغێکی سەخت و دژوار لە هەڵبژاردنەکانیان دەڕوانی و وەک پرۆسەیەکی پاکسازیی نەیاری نێوخۆیی لەقەڵەمیان دەدا. ٣. کارنامەی هەشتساڵەی حکومەتی ڕۆحانی، ناڕەزایەتی بەدووی خۆیدا هێنا، چونکە پڕبوو لە بەجێنەهێنانی بەڵێنی زۆر و زەوەندە بە: خەڵک و بژێوی و گوزەرانیان (هەرزانی و خۆشگوزەرانی و بووژانەوەی بازاڕ) و لایەنەسیاسییەکان (ئازادیی سیاسیی)، پێکهاتەکان (ئازادیی کولتووریی و مەزهەبی و ئازادیی زمانەکان) و کرانەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بەتایبەت ئەمریکا، بەڵام سەرلەبەر هیچ یان نیوەچڵ دەرچوون و ئەمەش خەڵکی لە حکومەت و سیستەم نیگەرانتر کرد. کێن براوە و دۆڕاوەکان؟ دەرئەنجام پاش کۆتایی پرۆسەکە، دەکرێت دوو لایەن بە براوەی سەرەکی دابنرێن، توندئاژۆکانی نێودەسەڵات، بەرەیەکی فراوانی خەڵک و هێزە ئۆپۆزسیۆنە بایکۆتییەکان: ١.لەڕووی ئەنجامەوە، توندئاژۆکان جارێکی دیکە سەرجەمی دەسەڵاتەکانیان وەدەست گرتەوە و حکومەت و دەوڵەتیان خستەوە مشتی خۆ. بۆیە براوەی نێو تەوژمەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی ئێران، ئەوانن. ٢. لایەنی دووەمی براوەکان، هەوادارانی بایکۆتن کە خۆیان لە خەڵکی توڕەی شەقام، هێزە سیاسییەکانی وەک کورد، پاشاییەکان، موجاهدین، گروپێکی بچووکی نێو ڕیفۆرمیستان و هەندێکی نێو توندئاژۆکانیش دەبیننەوە. ئەمانە ڕاستە لەسەر سندووق کاندیدیان نەبوو بەڵام لەڕێگەی بایکۆتەوە تاڕادەیەک هەژموونی خۆیان بەرامبەر شەقامی ئێرانی و دەسەڵات و وڵاتانی دەرەوە نیشاندا و ڕەنگە سەرەتای هەماهەنگی ئەو هیزانەش بێت بۆ کاری پێکەوەیی لەدواڕۆژدا و ئەمە بکەنە سەرەتای ئەزموونێکی هاوبەشی سەرکەوتوو و مۆدێلێک بۆ پیادەکردن، پێجەوانەی ڕابردوو کە پەرتەوازەیی لێدانی کوشندەی بە پەیکەری ئۆپۆزسیۆن گەیاند. هەرچی لایەنی دۆڕاوی دەنگدانیشە، پشکی شێری بەر ڕیفۆرمیستەکان دەکەوێت، کە هەر لەسەرەتای پرۆسەکەوە کە کاندیدە ڕاستینەکانیان ڕەتکرانەوە، تا ئەنجامدان و دەرئەنجامی پرۆسەکە کە تێیدا کاندیدی دەستەدوویان پلەی چوارەمی بەدەستهێنا، تەنانەت لەدەنگی سپیش کەمتریان لەسەر سندووقەکان مسۆگەر کرد. کێشەی ڕیفۆرمیستان تەنها دۆڕانێکی ئاسایی و لەدەستدانی پۆستێک نییە، بەڵکو گرفتەکە بەجێمانە لەشەقام و تاقیکردنەوەیەکی سەرنەکەوتووی سەرانی ڕێبەرانی وەک خاتەمی و کەڕووبی بوو کە قیبلەی ئەو باڵەن و داوای بەشداری دەنگدان و دەنگدانیان بە هیممەتی کرد، بەڵام ئەوە هیچ کە خەڵک نەچوو بەدەم داواکانیانەوە، بەڵکو تەوژمی سیاسیی ڕیفۆرمیستانیشی بەم هەنگاوە هەڵەیە کردە نەیاری سێ تەوژمی لەخۆی بەهێزتر: یەکەم جەماوەری بایکۆتچی نێوخۆ(٥٠٪زیاتری کۆمەڵگە)، دووەم: لایەنە ئۆپۆزسیۆنە دەرەکییەکان، سێیەمیش بەجۆرێک سەنگیان تاقیکرایەوە کە توندئاژۆکانیش منەتیان پێیان نەما و چیتر ناتوانن وەک جاران لەنێو دەسەڵاتدا ئەو ململانێیە بکەن کە هەم تەمەنی سیاسیی خۆیان و هەم تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشیان چەندجارێک درێژ کردەوە. ئێراننامە : زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو. ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران
راپۆرت: درەو بەشێك لەداهاتی غرامەی مەشروب و جگەرەكێشان و سەرپێچی هاتوچۆ دەچێتە ناو سندوقی شێرپەنجەوە، كەچی ماوەی شەش مانگە پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا بەشێك لە موچەكانیان پێنەدراوە، توشبوانی شێرپەنجە سەرباری قورسی ژیان و دۆخی تەندروستیان ئێستا كەوتونەتە ناو ململانێی كەرتی گشتی و تایبەتەوە، كۆمپانیا و نەخۆشخانە ئەهلیەكان چاویان لە سەرمایەگوزاریە لە سەر ژیان و تەندروستی توشبوانی شێرپەنجە. لەم راپۆرتەدا، (درەو) وردەكاری كێشەكان دەخاتەڕوو. سەرچاوەی كێشەكە ؟ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕبووە لە لۆگۆی نەخۆشخانەی (هیوا)، خەڵك پشتیوان بۆ بەردەوامبوونی ئەم نەخۆشخانەیە دەردەبڕنو ترسیان هەیە نەخۆشخانەكە دابخرێتو پزیشكو كارمەندەكانی لە كاركردنەوە لە كەرتی گشتی، بگوازرێنەوە بۆ كەرتی تایبەت، بەمەش توشبوانی شێرپەنجە زەرەرمەند ببن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئەو شڵەژانەی ئەم چەند رۆژە روبەڕووی نەخۆشخانەی (هیوا) بووەتەوە، بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، كە هەردوو هۆكارەكە چارەسەرەكەی لای حكومەتە: هۆكاری یەكەم: عەبدولڕەحمان ساڵح بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم بڕیارێكی دەركردووە، بەپێی ئەم بڕیارە تەنیا رێژەی (2%) شایستەی دارایی ئەو كۆمپانیایانە خەرج دەكات كە دەرمان بۆ نەخۆشخانە حكومییەكان دابین دەكەن، واتا ئەگەر كۆمپانیایەك بەبەهای (ملیارێك) دینار دەرمانو پێداویستی بۆ نەخۆشخانەی (هیوا) دابین بكات، حكومەت بە (50) مانگ ئەم پارەیە بە كۆمپانیاكە دەدات، ئەم بڕیارەی حكومەت كۆمپانیاكانی لە دابینكردنی دەرمان بۆ كەرتی تەندروستی گشتی ساردكردوەتەوە، بڕیارەكە هەموو نەخۆشخانە گشتییەكان دەگرێتەوە، بەڵام كاریگەرییەكەی زیاتر لەسەر نەخۆشخانەی (هیوا) دەركەوتووە، چونكە (هیوا) نەخۆشی زۆری هەیەو بەبێ بەرامبەر چارەسەر بۆ نەخۆشەكان دەكات، پشكنینو چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە بەبەراورد بە نەخۆشییەكانی تر، گرانترە. هۆكاری دووەم: پزیشكو كارمەندانی نەخۆشخانەی (هیوا) بەپێچەوانەی پزیشكو كارمەندانی نەخۆشخانە گشتییەكانی ترەوە، ئێواران لە كەرتی تایبەتو نۆرینگە ئەهلییەكان كارناكەن، بەڵكو هەر لە نەخۆشخانەی (هیوا) دەمێننەوە، ئەمە بەهۆی ئەوەی ئەم پزیشكو كارمەندانە لەگەڵ نەخۆشەكان راهاتوونو هەندێكیان خۆیان كەسی یەكەم یان دووەمیان توشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، لەبری كاركردنی ئێوارانیان لەناو نەخۆشخانەكە، موچە یاخود پاداشتێكی دارایی دیاریكراویان پێدەدرێت، ئەو پزیشكو كارمەندانەی ئێواران لە نەخۆشخانەكە كاردەكەن، لەسەرەتای ئەمساڵەوە (1/1/2021)ەوە حكومەت موچەی بۆ خەرج نەكردوون، واتا ماوەی شەش مانگە موچەی كاركردنی ئێوارانیان وەرنەگرتووە. د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەی بە (درەو) وت ئێستا لێكتێگەیشتنی باش هەیەو لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەداین و لە ئاییندەیەكی زۆر نزیكدا كێشەكان چارەسەر دەبێت. هیوا دادەخرێت ؟ لە دوێنێوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەمپەینێك بۆ پشتیوانی نەخۆشخانەی (هیوا) دەستی پێكردووە، دوای دروستبوونی رایگشتی لەسەر بابەتەكە، دكتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" دەنگۆی داخستن یاخود فرۆشتنی نەخۆشخانەی هیوا بە كەرتی تایبەت هیچ بنەمایەكی نیەو دوورە لە راستییەوە". وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێ:" بە پاڵپشتی سەرۆكی حكومەتو هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، پێداویستیەكییەكانی نەخۆشخانەی هیوا وەكو خەرجكردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیو هاوسەنگی دابەشكردن لەسەر بنەمای یەكسانیو پابەندبوون بە رێنماییەكانی چاكسازی چارەسەر دەكرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتیو ئاسانكارییەك دەكەین بۆ كۆمپانیاكانی دابینكەر بۆ وەرگرتنی شایستەكانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینكردنی دەرمانو پێداویستی پزیشكی بۆ توشبووانی شێرپەنجە". لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیش سەردانە نەخۆشخانەكەی كردو وتی:" ئەم نەخۆشخانەیە چەپكەگوڵی مام جەلالە بۆ توشبوانی شێرپەنجە، بۆیە داناخرێت". د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستا رێژەی 80%ی خزمەتگوزارییەكان لە نەخۆشخانەكە بەردەوامە، بەڵام ناڕەزایەتیو كەمپەین بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا ئاستی خزمەتگوزارییەكانیان دانەبەزێت و لە داهاتوودا روبەرووی كێشە نەبنەوە. ململانێی كەرتی گشتیو تایبەت بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پزیشكەكانی نەخۆشخانەی هیوا كە ئێواران لەبری نۆرینگە (عیادەی ئەهلی) لە نەخۆشخانەكە دەمێننەوە، مانگانە بە موچەی دەوامی فەرمیو دەوامی ئێوارانیشەوە، بڕی نزیكەی (3 ملیۆن) دینار وەردەگرن، كارمەندەكانیش بە هەردوو دەوامەكەوە مانگانە نزیكەی (ملیۆنێك) دینار موچە وەردەگرن. ئەگەر پزیشكێكی نەخۆشخانەی (هیوا) ئێواران لە عیادەی ئەهلی كاربكات هاوكێشە ئابورییەكەی گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت، ئەم پزیشكە ئەگەر لە عیادە تایبەتەكەی خۆی رۆژانە (50) نەخۆش ببینێت، بۆ هەر نەخۆشێك بڕی (15 هەزار) دینار پارەی پسوڵە وەربگرێت، داهاتی رۆژێك كاركردنی دەبێت بە (750 هەزار) دینار، خۆ ئەگەر لەمانگێكدا ماوەی (20) رۆژ لە عیادە تایبەتەكەی خۆی كار بكات (دوای لێدەكردنی رۆژانی پشوو)، ئەوا داهاتی یەك مانگی دەبێت بە (15 ملیۆن) دینار. پزیشكەكانی نەخۆشخانەی (هیوا) ئێستا لەبەردەم دوو بژاردەدان، بە موچەیەكی (3 ملیۆن) دینارییەوە لە نەخۆشخانەكە بمێننەوە كە ماوەی شەش مانگە پارەی كاركردنی ئێوارانیان پێنەدراوە، یاخود روو لە (15 ملیۆن) دیناری مانگانەی عیادەو نەخۆشخانە ئەهلییەكان بكەن، ئەمە سەرچاوەی ترسی خەڵكو كەسوكاری توشبوانی شێرپەنجەیە. بەمدواییە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە سلێمانی كراوەتەوە بەناوی (ئەنوەر شێخە)، دكتۆر (ئەنور شێخە) بەڕێوەبەری ئەم نەخۆشخانەیە كە خۆی یەكێكە لە دكتۆرەكانی نەخۆشی شێرپەنجە، ساڵی رابردوو نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە)، دكتۆر (دۆستی نەجات) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی (هیوا)ی گواستنەوە بۆلای خۆی، ئەوكاتیش ناڕەزایەتی دروستبوو لەبارەی ئەوەی نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە) دەیەوێت نەخۆشخانەی (هیوا) قوت بدات، ئەمە ململانێیە لەنێوان كەرتی گشتیو كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ململانێیەك كە رۆژ لەدوای رۆژ كەرتی گشتی تێیدا بەرەو شكست هەنگاو دەنێت، لەم ململانێیەدا خەڵك بەگشتی لەبەرەی كەرتی گشتیدان، چونكە كەرتی گشتی لەلایەن حكومەتەوە پاڵپشتی دارایی دەكرێتو نرخەكانی بەبەراورد بە كەرتی تایبەت نەك هەرزانترە بەڵكو لە نۆخشخانەیەكی وەك هیوا بە بێ بەرامبەرە. نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە لە هەرێم نەخۆشخانەی (هیوا) تایبەت بە توشبوانی شێرپەنجە كە ئێستا رایگشتی لەسەر دروستبووە، لە ساڵی (2005) دامەزراوە، یەكێكە لە باشترین سەنتەرەكانی چارەسەری شێرپەنجە لە عێراقو هەرێمی كوردستاندا، زۆرترین نەخۆشی شێرپەنجە لەسەر ئاستی عێراق رووی تێدەكات، هەموو خزمەتگوزارییەكانی ئەم نەخۆشخانەیە بێ بەرامبەرە. مانگی ئەیلولی ئەمساڵ نەخۆشخانەیەكی تری تایبەت بە شێرپەنجەو تالاسیما لە تەنیشت نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی دەكرێتەوە، ئەمە نەخۆشخانەیەكی خێرخوازییە كە سەرمایەدارێكی شاری سلێمانی بەناوی (جەمال حاجی عەلی) دروستیكردووەو دوای تەواوكردنی بیناكەی، رادەستی وەزارەتی تەندروستی دەكرێت، نەخۆشخانەكە ناوی (جەمال حاجی عەلی بۆ چارەسەری شێرپەنجەو تالاسیما)یە، لە (5) نهۆم پێكدێتو نهۆمێك بۆ (تیشك)و نهۆمێك بۆ (نەشتەرگەری)و نهۆمێكی (60) قەرەوێڵەیی بۆ نەخۆش تەرخانكراوە، دوای تەواوبوونی، نەخۆشخانەی هیوا دەیەوێت نەشتەرگەیی شێرپەنجە بباتە ناو نەخۆشخانە نوێیەكەوە. بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت نەخۆشخانەی (جەمال حاجی عەلی) لە ماوەیەكی نزیكدا دەكرێتەوەو تایبەتە بە شێرپەنجەو بێ بەرامبەر درووستكراوەو كوالێتی لە (100%)ە. ئێستا لە هەرێمی كوردستان لەپاڵ نەخۆشخانەی (هیوا) لە شاری سلێمانی، دوو نەخۆشخانەی تری تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە هەن كە بریتین لە نەخۆشخانەی (نانەكەلی) لە هەولێرو نەخۆشخانەی (ئازادی) لە دهۆك. بەپێی قسەی بەرپرسانی تەندروستی، ژمارەی بینینو چارەسەری نەخۆش بەتەنیا لە نەخۆشخانەی (هیوا) هێندەی هەردوو نەخۆشخانەكەی هەولێرو دهۆكە. دكتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە (درەو)ی وت" تەنیا لە رۆژی (6)ی ئەم مانگەدا (500) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان كردووە، لەو ژمارەیە (150) نەخۆشی بێ بەرامبەر چارەسەری كیمیاییان بۆ كراوە". پزیشكو بەرپرسانی نەخۆشخانەی هیوا گلەییان لە حكومەتی هەرێم هەیەو دەڵێن:" بەم دۆخەوە حكومەت دەیەوێت هاوشێوەی نەخۆشخانەكانی تری شێرپەنجە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشخانەی (هیوا)دا بكات". بەرپرسان دەڵێن، هەندێك بابەت هەن كە نەخۆشخانەی هیوا لە نەخۆشخانەكانی تر جیادەكاتەوەو وا دەكات حكومەت زیاتر چاوی لەسەر بێت، بۆ ئەمەش نمونە دەهێننەوە بە: • (بەشی شێرپەنجەی منداڵ) كە ژمارەیەكی زۆر منداڵی تێدایەو لە پارێزگاكانی عێراقەوە نەخۆشی بۆ رەوانە دەكرێت. • (بەشی چاندنی مۆخی ئێسك) كە تاكە سەنتەرە لە هەرێمی كوردستانو لەسەر ئاستی عێراقەوە نەخۆشی بۆ رەوانە دەكرێت، تێچوی چاندنی مۆخێك لەسەر حكومەت ئەگەر نەخۆشەكە بباتە دەرەوەی وڵات بڕی (80 بۆ 100 هەزار) دۆلارە، بەڵام لە نەخۆشخانەی (هیوا) بێ بەرامبەرە. • میلاكی نەخۆشخانەی هیوا لە هەموو نەخۆشخانەكانی تر زیاترە. • لە هەولێرو دهۆك رێژەی نزیكەی 70%ی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكرێت، بەڵام لە سلێمانی رێژەی 95%ی لە نەخۆشخانەی (هیوا) دەكرێت. • رێژەی چاكبوونەوە بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا (47%)ە. • (50% بۆ 60%)ی ئەوانەی ئامادەكارییان بۆ كراوە بۆ چاندنی مۆخی ئێسكیان لەساڵی 2020 هی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری نەبوون، هی پارێزگاكانی تری هەرێم و عێراق بوون. سندوقی شێرپەنجە چیە ؟ بەپێی یاسایەك كە پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2012 دەریكردووە، سندوقێك بۆ كۆمەككردنی توشبوانی شێرپەنجە دروستكراوە. سەرچاوەی داهاتی ئەم سندوقە، بەگوێرەی یاساكەی بریتییە لە: • ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەت ساڵانە لە بودجەی گشتی هەرێم تەرخانی دەكات. • بەشی سندوقی لە پارەی تەرخانكراوی وەزارەتی تەندروستی. • زیادكردنی رێژەی (5%)ی ئەو باجو روسوماتانەی كە دەخرێتەسەر شتومەكو بەرهەمی زیانبەخشی تەندروستی چ بەرهەمی هاوردەكراو چ خۆماڵی ( جگەرە، خواردنەوە كحولییەكان)، بە بەرژەوەندی سندوق وەردەگرێت. • غەرامەی وەرگیراو بەپێی یاسای جگەرەكێشان. • رێژەی (50%)ی لەو بژاردانەی كە لە شتومەكو خۆراكو سەرپێچیكار بۆ مەرجە تەندروستییەكان وەردەگیرێن. • رێژەی (25%) لەو بژاردانەی كە بەپێی یاسای چاودێری تەندروستی وەردەگیرێن. • پیتاكو كۆمەك بەخشین لەدوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، گەر لە دەرەوەی هەرێم بێت. • داهاتی چالاكییەكانی سندوق. • زیادكردنی رێژەی (5%) بۆ رەسمی تۆماركردنی هەموو جۆرە ئۆتۆمبیلێكو گواستنەوەی خاوەنداێتیو نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبیل، بۆ مەبەستی سندوق وەردەگیرێت. • رێژەی (5%)ی ئەو بژاردنانەی لە سەرپێچییەكانی هاتوچۆ وەردەگیرێن. بەگوێرەی قسەی عەقید بەختیار محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، لەچوارچێوەی ئەم یاسایەدا، هاتوچۆی سلێمانی مانگانە زیاتر لە (ملیار)ێك دینار دەخاتەسەر ئەژماری نەخۆشخانەی (هیوا)و ئێستا زیاتر لە (50 ملیار) دینار لە ئەژماری نەخۆشخانەی (هیوا)دا هەیە. لوقمان وەردی ئەندانی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" پارەكانی سندوقی شێرپەنجە لە سلێمانی دەچێتە بانكی باخان، لە هەولێریش بانكی فیدراڵ". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەگشتی هەر نەخۆشێكی شێرپەنجە لەماوەی چەند مانگێكدا، چارەسەركردنی لە نەخۆشخانەی هیوا بڕی (18 بۆ 20 هەزار) دۆلاری تێدەچێت، ئەمە سەرباری خەرجی ئەنجامدانی پشكنین بۆ نەخۆشەكان كە هەر لەسەر سندوقی شێرپەنجە دەكرێت، یەكێك لە پشكنینەكان پێی دەوترێت پشكنینی (جین) كە نرخەكەی (2 هەزارو 500) دۆلارەو بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانەی هیوا بۆ نەخۆشەكان دەكرێت. بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەو ماوەیەدا كە كێشەی دەرمان هەبووە لە نەخۆشخانەكەیان بۆ یەك وەجبە چارەسەری (شێرپەنجەی مەمك) كە (21) رۆژ جارێك سەریەتی بایی (5800) دۆلار بووە، نەخۆشمان هەیە خانوی فرۆشتووە بۆ كڕینی دەرمان و چارەسەر، هەیە ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە. ئەم دەرمانانە لەسەر سندوقی كۆمەكی توشبوانی شێرپەنجە دەكڕدرێت، وەزیری تەندروستی سەرپەرشتی سندوقەكە دەكات، بەگوێرەی قسەی رۆژنامەنوس (سەرتیپ جەوهەر) سندوقی هاوكاری توشبوانی شیرپەنجە لە سلێمانی بڕی (40 ملیار) دیناری تێدابووە، حكومەتی هەرێم لەكاتی كەرەنتینەكەی ساڵی رابردوودا بڕی (27 ملیار) دیناری لێ راكێشاوە بۆ كڕینی دەرمان، لەو (27 ملیار) دینارە بڕی (21 ملیار) بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێرو دهۆك بووە بەرێژەی (78%)و بڕی (6 ملیار) دیناری بۆ نەخۆشخانەی هیوابووە لە سلێمانی واتا (22%). شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان بەپێی قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی (هیوا)، رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان لەخوار ستانداردی جیهانیەوەیە، ستانداردی جیهانی ئەوەیە لە هەر (100 هەزار) كەسێك (100) كەس توشی شێرپەنجە ببن. لە هەرێمی كوردستان ژمارەكە لەسەرو (100) نەخۆشە بۆ هەر (100 هەزار) كەسێك لە دانیشتوان، بەڵام لەبەرئەوەی (80%)ی نەخۆشەكان لەسنوری سلێمانینو ئەوانی تر لە پارێزگاكانی تری عێراقەوە دێن، بۆیە ژمارەكە دێتە خوارەوە. لەو وڵاتانەی رێژەی شێرپەنجە بەرزە لە هەر (100 هەزار) كەسێك (300) كەس توشی شێرپەنجە دەبن، لە ئەمریكا لە هەر (100 هەزار) كەسێك (400) كەس توش دەبن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لەهەر (100 هەزار) كەسێك (109) توشبوو تۆماركراون، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشێك لە نەخۆشەكانی شێرپەنجە لە پارێزگاكانی خواروی عێراقە بۆیە رێژەی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان لەخوار (100) كەسەوەیە . لەساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستان بۆ هەر (100 هەزار) كەسێك (92) توشبووی شیرپەنجە تۆماركراوەو ژمارەی توشبوان لە ساڵەكەدا (4 هەزارو 808) كەس بووە. ساڵی 2013 تووشبوون بە شێرپەنجە لە كوردستان (61) كەس بووە بۆ هەر (100 هەزار) كەسێك، هەمان ساڵ لە وڵاتێكی وەك قەتەر تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەر (100 هەزار) كەسدا (63) كەس بووە، لە ئوردن (113) كەس، میسر (143)، بەریتانیا (597 )و ئەمریكا (318).
