Draw Media

كێبەركێی كاندیدەكان لە بازنەی (4)ی راپەڕین/سلێمانی

كێبەركێی كاندیدەكان لە بازنەی (4)ی راپەڕین/سلێمانی

2021-10-09 18:34:29


 
درەو:
لە بازنەی (4)ی پارێزگای سلێمانی كە (رانیە، قەڵادزێ، دوكان) دەگرێتەوە، ململانێی نێوان كاندیدەكان سەختەو زۆرینەیان دەنگەكانیان نزیكە لەیەكەوە، یەكێتی دوو كاندید و گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و پارتی كێبەركێی بەدەستهێنانی چوار كورسی دەكەن . 


بازنەی (٤)
بازنەی (4): کە ناسێنراوە بە بازنەی (پشدەر + ڕانیە + دوکان)  زیاتر لە (282) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (11) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (8) پیاو پێکهاتوون و (9) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))

ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (4))

شیکردنەوەی بازنەی (4):
لەم بازنەیەدا (٤) کاندید سەردەکەون، کە پیویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت.
یەكەم: یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم بازنەیە دوو كاندیدی هەیە ( غەریب ئەحمەد و بەدریە حسێن) لە هەڵبژاردنی رابردوو یەكێتی لەم بازنەیە (64 هەزارو 286) دەنگی هەیە لە دەنگدانی تایبەتیشدا بەدریە حسێن ( 3557) دەنگ و غەریب ئەحمەد ( 3570) دەنگی هەیە، بەلەبەرچاوگرتنی دەنگی رابردوو دەنگی ئێستا ئەگەری دەرچوونی هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی هەیە.
 
دووەم: 
كێبەركێی دوو كورسیەكەی تر لە نێوان كاندیدەكانی ( گۆڕان، كۆمەڵ، پارتی، نەوەی نوێ)دا دەبێت
1-    كاندیدەكەی كۆمەڵ (سۆران عومەر) چانسی گەورەی هەیە كورسیەك بەرێت، لە دەنگدانی تایبەتدا ( 1534) دەنگی هەیەو لە هەڵبژاردنی رابردوودا كۆمەڵ (20 هەزارو 893) دەنگی بەدەستهێناوە، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخەكەو ئەو دەنگانەی كۆمەڵ بەدەستیهێناوە ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی هەیە.
2-    كاندیدی نەوەی نوێ ( سروە عەبدولواحید) لە هەڵبژاردنی رابردوودا نەوەی نوێ لەم بازنەیە ( 18 هەزارو 58) دەنگی بەدەستهێناوەو لە دەنگدانی تایبەتیشدا (762) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆیە دەكەوێتە ململانێیەكی سەختەوە لەگەڵ كاندیدەكانی گۆڕان و پارتی.
3-    كاندیدی گۆڕان ( بەكر باییز) لەم بازنەیە بزوتنەوەی گۆڕان زۆرترین دەنگی هەبووە لە هەڵبژاردنی رابردوو (32 هەزارو 258) دەنگی بەدەستهێناوە،  كاندیدەكەی لە دەنگدانی تایبەتدا (377) دەنگی بەدەستهێناوە، لە ململانێیەكی سەختدا دەبێت لەگەڵ كاندیدەكانی نەوەی نوێ و پارتی.
4-    كاندیدی پارتی لەم بازنەیە (ناسكە عەبدوڵا)یە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لەم بازنەیە (16 هەزارو 676) دەنگی هەبووە و كاندیدەكەی لە دەنگدانی تایبەتدا ( 833) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدەكەی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا كێبەركێ دەكات لەگەڵ كاندیدەكەی گۆڕان و نەوەی نوێ بۆ بەدەستهێنانی كورسی چوارەم. 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand