(درەو): لیژنەی بلۆككردنی دارایی تیرۆرستان لە عێراق، دارایی پێنج رێكخراوی بلۆككرد، یەكێك لە رێكخراوەكان بارەگاكەی لە سلێمانییەو خاوەنەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی بۆردی زانكۆی ئەمریكییە لە سلێمانی بووە. بەپێی نوسراوێكی (لیژنەی بلۆككردنی دارایی تیرۆرستان)ی سەربە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دارایی ژمارەیەك رێكخراوەو خاوەنەكانیان بلۆك دەكرێت. نوسراوەكە رۆژی 16ی ئازاری ئەمساڵ دەرچووە، تێیدا بەپشتبەستن بە حوكمەكانی یاسای روبەڕوبوونەوەی سپیكردنەوەی پارەو پارەداركردنی تیرۆرستان، لیژنەی بلۆككردنی دارایی تیرۆرستان ناوی پێنج رێكخراو و كەسی خستوەتە لیستی ئەوانەوە كە داراییەكانیان بلۆك دەكرێت. یەكێك لەوانەی كە لەناوی لە لیستەكەدایە (عەزام جەواد مەهدی عەلوش) دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری رێكخراوی (سروشتی عێراق)ە. عەزام عەلوش یەكێكە لە دامەزرێنەرانی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی و ئێستا سەرۆكی بۆردی زانكۆكەیە بووە، رێكخراوەكەشی (سروشتی عێراق) بارەگاكەی لە سلێمانییە لە شوقەكانی پاك سیتی لە نزیك سیتی سەنتەر. عەلوش یەكێكە لەو كەسانەی كە خۆی وەكو چالاكوانو شارەزایەكی بواری ژینگە دەناسێنێت، ئەو لە ساڵی 2003وە بە سپۆنسەری رێكخراوە كۆمەكبەخشە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتیش رێكخراوە ئەمریكییەكان، سەرۆكایەتی هەڵمەتێك دەكات بەناوی "بوژاندنەوەی هۆڕەكانی باشوری عێراق). بەپێی بڕیارەكە جگە لە دارایی، هەموو سەروەتو سامانی گوازراوەو نەگوازراوەی ئەم كەسانە بلۆك دەكرێت، كە نوسراوەكە وەكو كەسانی "گومانلێكراو" ناوی بردوون: • رێكخراوی (شەمس رافیدەینی خێرخوازیی) كە سەرۆكی رێكخراوەكە ژنێكە بەناوی (فاتمە حەسەن جاسم قەیسی). • رێكخراوی (سروشتی عێراق) كە سەرۆكەكەی (عەزام جەواد مەهدی عەلوش)ە. • دامەزراوەی (لاوانی جیهان بۆ راهێنانو گەشەپێدان) كە سەرۆكەكەی (ئەبان ئیدریس داود)ە. • كۆمەڵەی (پەروەردەی ئیسلامی) كە سەرۆكەكەی (زیا بەدری حەمودی)یە. • رێكخراوی (دەستپێشخەران بۆ فریاگوزاریو گەشەپێدان) كە سەرۆكەكەی (عەباس حسێن جبوری)یە.
درەو: مەسرور بارزانی داوای (350 ملیۆن) دۆلار لە سەرمایەداران دەكات و دەڵێت: پارەمان لەدەرەوە هەیەو دەیهێنینەوەو قەرزی ئێوەی پێدەدەینەوە. دوێنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە سەرمایەدارێكی بەشداربووی كۆبونەوەكەوە دەستی كەوتووە، سەرۆكی حكومەت تەنها (10 خولەك) لەگەڵ سەرمایەداران كۆبوەتەوەو بە كورتی و پوختی پێی وتوون" بەڵێنمانداوە پێش جەژنی رەمەزان موچەی موچەخۆران خەرجبكەین، بۆیە پێویستمان بە (350 ملیۆن) دۆلارە، دەبێت هاوكاریمان بكەن". سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرمایەدارانی راگەیاندووە" پارەمان لەدەرەوە هەیەو دەیهێنینەوەو ئەو قەرزانەی ئێوەی پێدەدەینەوە، ئەم پرسەش نابێت لە راگەیەندنەكان بڵاو ببێتەوە" لەدوای (10 خولەك) مەسرور بارزانی كۆبونەوەكەی سپاردووە بە قوباد تاڵەبانی جێگری، دواتر قوباد تاڵەبانی سەرمایەدارانی هانداوە بۆ هاوكاریكردنی حكومەت و رزگاركردنی لەو دۆخە سەختەی تێی كەوتووە. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) نوێنەرو بەرپرسی چوار بانك ئامادەی كۆبونەوەكە بوون و سەرۆكی حكومەت داوای لە سەرمایەداران كردووە لەو بانكانە پارە رابكێشن و وەك قەرز بیدەن بە حكومەت، تەنانەت بڕی پارەشی بۆ سەرمایەداران دیاری كردووە: - ئەحمەد ئیسماعیل خاوەنی كۆمپانیای ماس (25 ملیۆن) دۆلار - شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار (15 ملیۆن) دۆلار - غەفور خۆشناو خاوەنی كۆمپانیای خۆشناو (15 ملیۆن) دۆلار بەو شێوەیە هەر سەرمایەدارەو بڕێك پارەی بۆ دیاریكراوە وەك قەرز بیدات بە حكومەت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) (25) سەرمایەدار ئامادەی كۆبونەوەكە بوون (22) سەرمایەداری لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و (3) سەرمایەداری شاری سلێمانی كە ئەوانیش(سەعد فایەق كۆڵەك خاوەنی كۆمپانیای كۆڵەك، هیوا رەئوف خاوەنی كۆمپانیای هیوا رەئوف، شێخ سەعید، لە كۆمپانیا قەیوان) لە سلێمانی زۆرێك لە سەرمایەداران بەشداریان نەكردوو لە هەولێریش كۆمپانیا گەورەكانی وەك ( ستێر، كۆڕەك، سەڵاحەدین) بەشداریان نەكرد. ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتووە" هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دۆخێكی سەختی ئابوری بوەتەوە" دواتریش وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" كورتهێنانێكی زۆرمان هەیە لە داهاتی هەرێمی كوردستان و بەپێی ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە موچەی موچەخۆران دابەش دەكرێت". حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (898 ملیار) دینارە، بەڵام داهاتەكانی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و كۆرۆناوە، رووی لەكەمی كردووەو تا ئێستاش بەغداد موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە كە مانگانە بڕەكەی (453 ملیار) دینارەو (441 ملیار) دیناری دەگاتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان. ماوەی زیاتر لە (60) رۆژە موچەخۆران موچەیان وەرنەگرتووەو تەنها (6 ) وەزارەت دوای (60) رۆژ موچەی وەرگرتووە..
درەو: مەسرور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرمایەدار کۆبووەتەوەو داوای قەرزی لێکردوون بۆ دابینكردنی موچەو بەشێكی زۆری سەرمایەداران نەچونە بۆ كۆبونەوەكە. بەپێی زانیارییەک کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست (درەو) کەوتووە، دوێنێ لە شاری هەولێر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرمایەداران كۆبوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، لەو كۆبونەوەیەدا (25) سەرمایەدار ئامادەی بوون، (22) سەرمایەداری هەولێرو دهۆك و (3) سەرمایەداری سلێمانی. لە کۆبونەوەکەدا مەسرور بارزانی بە سەرمایەدارەکانی راگەیاندووە" حكومەت بە بارودۆخێكی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت، بۆیە لەم بارودۆخەدا رووی لە ئێوە كردووە". مەسرور بارزانی داوای لە سەرمایەدارەکان کردووە قەرز بە حکومەت بدەن، سەبارەت بە میكانیزمی قەرزەكە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرۆكی حكومەت هەندێك بانكی دیاریكردووەو داوایکردووە سەرمایەداران بچن لەو بانكانە پارە رابكێشن و بە قەرز بیدەنە حكومەتی هەرێم. مەسرور بارزانی بەڵێنیداوە لەماوەی (یەك مانگدا) ئەو قەرزانە بۆ سەرمایەدارەکان بگەڕێنێتەوە. موچەی کردووە بە نیوە دوای زیاتر لە (60) رۆژ، حكومەتی هەرێم تەنها موچەی (6) وەزارەتی دابەشكردووە (وەزارەتەكانی ( تەندروستی، پێشمەرگە، ناوخۆ، شەهیدان، دارایی، ئەنجومەنی ئاساییش). کابینەی مەسرور بارزانی ماوەی (60 رۆژ جارێك) موچە دابەش دەكات، دەوێت داهاتی نەوت و ناوخۆی دوو مانگ لێكبدات بۆ ئەوەی موچەی مانگێكی موچەخۆرانی پێ دابیین بكات. • بەپێی راپۆرتێكی نهێنی ئەنجومەنی وەزیران كە دەست (درەو) كەوتووەو ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەتكراوە، پێشنیاز كراوە باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت، بەڵام دابەشكردنی موچە لە (30) رۆژەوە بۆ (45) رۆژیان (60) رۆژ درێژ بكرێتەوە. • ئێستا حكومەت ئەو پێشنیازە جێبەجێ دەكات و دابەشكردنی موچە گەیشتوەتە (60) رۆژ. • موچەخۆران بە (60) رۆژ تەنها یەك موچە وەردەگرن، واتا لێرەدا (50%)ی موچە وەردەگرن. • ئەگەر فەرمانبەرێك مانگانە (500 هەزار) دینار وەربگرێت، ئەوا بۆ ئەو (60) رۆژە یەك جار وەری دەگرێت و بۆ مانگێك دەكاتە (250 هەزار) دینار. • لەسەردەمی كابینەی پێشوی حكومەتی هەرێم و پاشەكەوتی موچە، ئەگەر فەرمانبەرێك (500 هەزار) دیناری وەربگرتایە (30%) لە موچەكەی پاشەكەوت دەكرا، بەو پێیەش لەكۆی (500 هەزار) دینار (350 هەزار) دیناری وەردەگرت، واتا ئەو موچەیەی ئێستا دابەش دەكرێت، زۆر زیاتر لە پاشەكەوت لە موچەخۆران دەبڕێت داهاتی حكومەت ئێستا سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و راگرتنی دەوامەوە كەمیكردووە، بەپێی راپۆرتێكی تایبەتی حكومەتی هەرێم بۆ مانگی نیسان داهاتەكانی حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە بووە: • 60 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت (ئێستا داهاتی نەوت لەو بڕە زیاترە ) • 60 ملیۆن دۆلار داهاتی ناوخۆ (ئێستا داهاتی ناوخۆ لەو بڕە زیاترە) • 21 ملیار دینار پارەی هاوپەیمانان • هێشتا پارەكەی بەغداد نەگەیشتووە كە ( 441 ملیار) دینارە • 170 ملیار دینار پارەی ماوەی حكومەت لە بانكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا توانای دابەشكردنی موچەی تەواوی وەزارەتەكانی نیەو دەوێت پێش جەژن موچەكە دابەش بكات، بەڵام ئەگەر بەغداش پارەكە بنێرێت، حكومەت ناتوانێت موچەی تەواوی وەزارەتەكان بدات. موچەو داهاتی هەرێم 🔹 كۆی موچەی مانگی رابردووی فەرمانبەران ( 898 ملیار و 555 ملیۆن و 100 هەزار دینار) بووە بەم شێوەیە: 🔹 داهاتی فرۆشی نەوت كە رادەستی وەزارەتی دارایی دەكرێت ( 345 ملیار و 203 ملیۆن و 100 هەزار دینار)، ئێستا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە كەمیكردووە، بە پێی نوێترین راپۆرتی دیلۆیت داهاتی نەوت مانگانە (620 ملیۆن) دۆلار بووە كە دەكاتە ( 745 ملیار) دینار، بەڵام حكومەت تەنها (345 ملیار) دیناری داوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە. 🔹 داهاتی ناوخۆ ( 91 ملیار و 232 ملیۆن ) دینار، بەهۆی وەستانی دەوام و كۆرۆناوە كەمی كردووە 🔹 تەمویلی هاوپەیمانان (21 ملیار) دینار 🔹 پارەكەی بەغداد ( 453 ملیار) دینار، بەڵام ( 11ملیارو 880 ملیۆن) دیناری لێدەبڕێت بۆ بانكە بازرگانیەكان، واتا ( 441 ملیارو 120 ملیۆن)دینار لە بەغداوە دەگاتە دەست وەزارەتی دارایی هەرێم تا ئێستا بڕیاری خەرجكردنی لێنەدراوە و بڕیارە پێش جەژن بریاری خەرجكردنی بدرێت
(درەو): سێ بەرپرسی ئەمنی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی کە لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەکانیان وەرگرتووە، دەستیان لە ئەندامێتی بزوتنەوەی گۆڕان کێشایەوە. سەرچاوەیك لە ژووری حكومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، هەریەك لە عەمید (ئاری رەئوف بێگەرد) بەڕێوەی پۆلیسی ژینگەو دارستانی سلێمانی، عەقید (دڵشاد عەبدوڵا حەمە) بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی 104و عەقید (هاوڕێ نەجم محەمەد) بەڕێوەبەری پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكانی سلێمانی ، ماوەی چەند رۆژێكە نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە. بەپێی قسەی سەرچاوەکە، نامەكە بە سێ نوسخە ئاڕاستەی هەریەك لە (رێكخەری گشتی، ژوری حكومەت و پەرلەمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی)ی بزوتنەوەی گۆڕان کراوە. ئەو سێ بەرپرسە ئەمنییە کە لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەکانیان وەرگرتووە، لە نامەكەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە" هیچ پەیوەندییەكی رێكخراوەییان بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوەو وەك كەسانی سەربەخۆ دەمێننەوە". هەر لەو نامەیەدا باسیان لەوەکردووە" ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەكانیان بە كەسانی تر پڕ دەكاتەوە، ئامادەن پۆستەكەیان رادەست بكەن، چونكە ئەو پۆستانە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتووە". (درەو) زانیویەتی چەند کەسێک لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان تەکلیفیان لێکردوون بمێننەوەو دەستلەکارنەکێشنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێسود بووە.
راپۆرتی: دڵشاد ئهنوهر - دەنگی ئەمریكا کوشتنی خەڵکی سڤیل و هێرشی چەکداری لەناوچە کێشە لەسەرەکان بەردەوامیان هەیە، تێکەڵ بوونی ئەجێندای جۆرا و جۆر و بوونی دەیان گروپی چەکداری لەو ناوچانە، وایانکردووە ناسینەوەی "هێرشبەرەکان" ئاسان نەبێت. داعش تەنها رێکخراوی چەکدارە، نکوڵی لەو هێرشانە ناکات کە ئەنجامیان دەدات و بەرپرسیارێتی لەبارەیانەوە ڕادەگەیەنێت، لەکاتێکدا دەیان گروپی تری چەک بەدەستی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت لەو ناوچانە بوونیان هەیە و بانگەشەی پاراستنی ئەمنی دەکەن، بەڵام زۆرجار سەقامگیری لەبەرژەوەندیاندا نیە. ئەنجامدانی هێرشی چەکداری لەناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ هەر گروپ و لایەنێک قورس نیە، بەو پێیەی ناوچەکە سەقامگیری تێدا نیە و یەکتری تۆمەتبارکردنی گروپەکانیش وایکردووە، بە ئاسانی تاوانەکان ون بکرێن و نەتوانرێت لێپێچینەوە ئەنجام بدرێت. شەوی دووشەممە، لەکاتێکدا سەرقاڵی دروێنەکردن بوون، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لەگوندی مێخاس ی سەربە قەزای خانەقین، دوو جوتیاری کاکەییان کوشت و تراکتۆرەکانیشیان سوتاندن، کە شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکە گومانی دروستکردووە. ڕەجەب کاکەیی، کە چالاکوانێکی کاکەییە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گومان دەکەین، تەقەکردن لەگوندەکانمان و شکاندنی کێلی قەبرەکانمان، لەگەڵ کوژرانی گوندنیشینە کاکەییەکان لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکوک و ئەنبار، دەستی سیاسییان لە پشتەوە بێت." وتیشی"داعش هەر تاوانێک ئەنجام دەدات، دواتر ئەنجامدانی تاوانەکە ڕادەگەیەنێت، بەڵام زۆرێک لەو هێرشانەی دەکرێنە سەرمان، ئەو ڕێکخراوە بەرپرسیارێتی خۆی ڕاناگەیەنێت، شێوازی هێرشەکانیش جێ پەنجەی داعشیان پێوە دیار نیە." بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی بواری داکۆکیکار لە کەمینە ئاینیەکان بۆ نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق ئامادەکراوە، دەنگی ئەمەریکا زانیاری لەبارەی ناوەڕۆکەکەیەوە دەستکەوتووە، تێیدا گومانی ئەوەنیشاندراوە کە دەستی سیاسی لە پشت هێرشی سەر گوندە کاکەیی نیشینەکانەوە هەبێت. لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژەبەوەکراوە ئەو چەکدارە "نەناسراوانە"ی کە دوو کەسی کاکەییان لەگوندی مێخاسی سەربە قەزای خانەقین کوشتووە، دواتر بەرەو ناوچەی پەڵکانەی نزیک نەفتخاتەی مەندەلی ڕۆیشتوون، ئەو ناوچەیە هێز و گروپی دەرەوەی داعشیشی تێدایە. هەروەها شەوی سێشەمە، گروپێک چەکداری تری نەناسراو، هێرشیان کردە سەر گوندی تەفرەقەی سەربە قەزای خانەقین، ژن و پیاوێکی کوردیان کوشت، کە پیاوەکە پێشمەرگە بووە، منداڵە 5 ساڵیەکەشیان رفاندوون، دواتر منداڵەکە ڕزگار کراوە. زانیار جەوهەر کە چالاکوانێکی کوردە لەقەزای خانەقین، ئاماژەی بەوەکرد ژن و پیاوە کوژراوەکە، شیرینیان کڕیووە و خۆیان بۆ ئاهەنگی ساڵیادی کچە بچوکەکەیان ئامادە کردووە، وتی"بەڵام گروپێک چەکدار شاییان لێکردن بە شین، ژن و پیاوەکەیان کوشت." ئەو هێرش و کوشت و بڕانەی لەناوچە کێشە لەسەرەکان ئەنجام دەدرێن کوت و پڕ ئاشکرا دەبن و ڕاگەیاندنەکان بڵاویان دەکەنەوە، بەڵام ئاشکراکردنی ناسنامەی چەکدارە هێرشبەرەکان، ئەو "کۆدە" یە هێشتا پەی پێنەبراوە. جگە لە چەکدارانی داعش کە بە ئاشکرا هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن، دەیان گروپی تری سوننە و شیعە لەو ناوچانە هەن، نکۆڵی لەهەر تاوانێک دەکەن کەدەخرێتە ئەستۆیان، بەڵام هەر گروپە و ئەجێندای تایبەت بەخۆی هەیە و جێبەجێکردنی توندوتیژی دەوێ. کورد تەنها لایەنە لەناوچە کێشەلەسەرەکان دەستەوەستانە و گروپی ئەجێندا جیاواز هێرشی دەکاتە سەر، لەکاتێکدا داعش لەو ناوچانە بەپاساوی ئاینی بۆ ئەنجامدانی هێرش دەستکراوەیە، هەروەها "چەکدارە عەرەبە شۆڤێنیەکان"ی تریش، بە هەوڵدان بۆ دەرپەڕاندنی کورد لەو ناوچانەو داگیرکردنی زەوی و زارەکانیان تۆمەتبار دەکرێن. گروپە چەکدارە شیعەکانیش، کە دەیان گروپی جۆراوجۆرن لەو ناوچانە، بە نانەوەی پێشوی بۆ درێژەدان بەمانەوەی خۆیان تۆمەتبار دەکرێن، بەو پێیەی نا سەقامگیری ئەمنی تەمەنیان درێژدەکاتەوە،ئەمە جگە لەوەی لە گرفتی پەیوەندیدار بە جیاوازی مەزهەبی و سیاسی و جێبەجێکاری ئەجێندای دەرەکیشدا گلاون. بەشێک لەبەرپرسانی کورد، بەدووری نازانن هەندێک میلیشیای شیعی لە تێکدانی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان گلابن، پێیانوایە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ چەک کردنیان، وادەکات هەوڵی دروستکردنی پشێوی بدەن، تا مانەوەیان بە پێویست بزانرێت. محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدەنگی ئەمەریکای وت"شەوی ڕابردوو، لەگەڕەکی تین ی شیعە نیشین ی خورماتوو، بانگبێژی مزگەوتێکی سونە کوژراوە." وتیشی"کوژرانی بانگبێژەکە لەو گەڕەکە، لەکاتێکدایە پڕە لەچەکدار و دەستی داعشیشی پێ ناگات." ناوچە کێشەلەسەرەکان کە بەشێک لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین دەگرێتەوە، کورد و شیعە و سوننەشیان تێدایە، ئەو لایەنانە هەمیشە هەوڵی باڵادەست بوونیان لەو ناوچانە داوە و یەکتریان بە "کوشت و بڕکردن" ی یەکتری تۆمەتبار کردووە.
درەو: 🔻 دوو پەرلەمانتاری کوردی سەربە پارتی و یەکێتی تێدایە 🔻 دۆسیەی یەکێکیان دزی و ئەوی تر بەرتیلە (درەو): ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق دەکات، دوان لەوانە پەرلەمانتاری کوردن و یەکێکیان سەربە پارتی و ئەوی تر سەربە یەکێتییەو دۆسیەکانیان دزی و بەرتیلوەرگرتنە. سایتی سۆمەریەنیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتار هەڵگرێت. ئەوانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوا دەکات پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت، چەند پەرلەمانتارێکن کە تۆمەتی گەندەڵی و دۆسیەی بڵاوکردنەوەو چەند کەیسێکی تریان لەسەرە. دادگا دەیەوێت لێکۆڵینەوەکانی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانە تەواوبکات، بۆ ئەمە پێویستی بەوەیە پارێزبەندیی یاساییان لە پەرلەمانەوە لەسەر هەڵبگیرێت. بەگوێرەی قسەی سەرچاوەکە، ئەو پەرلەمانتارانەی کە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی داوای کردووە پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت بریتین لە: 🔹 قاسم الفهداوي 🔹 مثنى السامرائي 🔹 كاظم الصيادي 🔹 عبد الله عبد الحميد ذياب 🔹 صادق السلطاني 🔹 هريم كمال 🔹 فائق الشيخ 🔹 عالية نصيف 🔹 محمد اقبال عطوان العطوانی 🔹 كاظم فنجان الحمامي 🔹 احمد عبد الله الجبوري 🔹 علي الصجري 🔹 ندى شاكر جودت 🔹 طلال الزوبعي 🔹 مناهل جليل علي 🔹 بشار الكيكي 🔹 فلاح حسن زيدان
درەو: بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە باخەكەی لە مێرگەپانی ناوچەی سلێمانی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئێوارە خوانێك بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی رێكبخات و تیایدا ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بەشداری لەو خوانەدا بكەن، بەڵام كاتەكە تێپەڕی و ئێوارە خوانەكە نەكرا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕازیی بووە لەسەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمان، لەكاتێكدا كە هێشتا پارتی بڕیاری خۆی بۆ كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتی یەكلانەكردۆتەوە. ناڕەزاییەتیەكەی مەسعود بارزانی گەشتەكەی مێرگەپانی نێچیرڤان بارزانی هەڵوەشاندەوە، نێچیرڤان بارزانی لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی نوێی یەكێتیەوە هەوڵی نێوەندگیری و لێكنزیك كردنەوەی یەكێتیە نوێیەكان و پارتی دەدات، بەڵام چەند جارێك لەلایەن مەسرور بارزانیەوە هەوڵەكانی رووبەروی شكستكراوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی جارێك ماڵەكەی خۆی و جارێكی تر بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كردە خانەخوێ بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وپارتی، بەڵام هەردووجارەكە كۆبونەوەكان هەڵوەشێنرانەوە. ماوەیەكە نێچیرڤان بارزانی نیگەرانە لە مامەڵەو بڕیارەكانی مەسعود بارزانی مامی و مەسرور بارزانی ئامۆزای بەتایبەتیش لە پرسی پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران لە رۆژی 7ی ئایاردا، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم، بكاتە شوێنی لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان و درووستكردنی كۆدەنگیەك كە خۆی تێیدا سەنتەر بێت، بەڵام هەوڵەكانی لێ تێكدەدرێت، بۆیە ئێستا هەوڵەكانی هێناوەتە دەرەوەی بینای سەرۆكایەتی هەرێم و بەشێوەی نافەرمی نەخشەی پەیوەندیەكی نوێی خۆی لەگەڵ سەركردایەتیە تازەكەی یەكێتی دادەدرێژێت. نێچیرڤان بارزانی هەركات لەناو پارتی و خانەوادەكەی روبەرووی ئاستەنگ بوبێتەوە، روی ئاراستەكەی كردۆتە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جاران لە مام جەلال و ئێستاش لە لاهور شێخ جەنگی و بەرهەم ساڵح. لە كۆندا مەسعود بارزانی نیگەران بوو لە دەستوەردانی جەلال تاڵەبانی لە ناكۆكیە ناوخۆییەكانی بنەماڵەكەی، ئێستاش نیگەرانە لە پەیوەندییەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی، رەنگە ئەمە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی كۆبونەوەكەی نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح بووبێت ..
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف سبەینێ تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی كۆدەبێتەوە، لە كۆی (67) پۆست كە رێككەوتنی لەسەركردووە، تائێستا گۆڕان تەنیا (5) پۆستی لە كابینەی مەسرور بارزانیدا وەرگرتووە، لەدوای كۆبونەوەكەی 7ی ئایاری پەرلەمانەوە هەندێك ناڕەزایەتی لەناو گۆڕاندا لەبارەی مامەڵەی پارتییەوە دروستبووە، بەڵام هێشتا زۆرینە پشتیوانی ئەوە دەكەن جارێكی تر لەبەر هیچ هۆكارێك پەیوەندییەكان لەگەڵ پارتی تێكنەدەنەوە، رێكخەری زیاتر لە سێ مانگە لە سویدەو بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە. كۆبونەوەیەكی وزاریی بڕیارە سبەینێ تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت لەگەڵ تیمی وەزیرەكانی پارتیدا كۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی گۆڕان لەو كۆبونەوەیەدا پەیامێكی زارەكی بزوتنەوەی گۆڕان بە تیمی پارتی دەگەیەنن، لەبارەی نیگەرانییەكانیان تایبەت بە هەنگاوەكانی چاكسازیو جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی حكومەت لەبارەی چاكسازییەوە. سەرباری ئەمە بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا بەشێكی زۆری پۆستەكانی لە كابینەی مەسرور بارزانیدا پڕنەكردوەتەوە، ئەمە یەكێكی ترە لە نیگەرانییەكانی گۆڕان لە پارتی. گۆڕان رێككەوتنی بەشداریكردنی لە حكومەت لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە، بەڵام ماوەیەكە لەرێگەی حكومەتو وەزیرەكانییەوە پەیامەكانی بۆ پارتی دەنێرێت نەك لەرێگەی مەكتەبی سیاسی پارتییەوە، رەنگە گۆڕان لەوە تێگەیشتبێت هەموو رێگاكان دەچنەوە بانە، واتە دەچنەوە بەردەم مەسرور بارزانی، بۆیە رێگە خێراكەی حكومەتی هەڵبژاردووە. خانەو حكومەت كۆبونەوە ئەمڕۆ خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان تیمەكەی لە حكومەت كۆبووەوە، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم یەكێك بوو لەوانەی بەشداربوو لە كۆبونەوەكەدا. شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، چەند رۆژێك لەمەوبەر لە وتارێكدا نیگەرانی خۆی لە سیاسەتی پارتی راگەیاندو داوایكرد فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان بكشێتەوە. ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن باسی لەوەكرد، بزوتنەوەی گۆڕان تاوتوێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتیو بەشداریكردنی لە كابینەی مەسرور بارزانی دەكات. گۆڕان كە بەشداری حكومەتی كرد، ماوەی ساڵێكی وەكو ئەزمون دیاریكرد بۆ هەڵسەنگاندنی بەشداربوونی لە حكومەتەكەو ئەگەری بڕیاردان لەبارەی مانەوە یاخود كشانەوە لە حكومەت، ساڵەكەی گۆڕان ئێستا (9 مانگ)ی تێپەڕیوەو بەپێی زانیارییەكانی (درەو) تیمی گۆڕان لە حكومەتو شێوازی مامەڵەكردنی مەسرور بارزانی رەزامەندن. لەناو خانەی راپەڕاندندا كە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای زیاتر لە (9 مانگ) بەشداریكردن لە حكومەتو رێككەوتن لەگەڵ پارتی، شەماڵ عەبدولوەفا تاكە كەسە تائێستا بەڕوونی رەخنە لە سیاسەتەكانی پارتی بگرێتو ئەندامەكانی تری خانە بێدەنگن. بەگشتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا زۆرینەیەك قایلن بەرێككەوتنی بەشداری لە حكومەتو كەمینەیەك نیگەرانو ناڕازین. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم یەكێك لەوانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەی ئەمڕۆ خانەی راپەڕاندنی كرد لەگەڵ تیمی گۆڕان لە حكومەت، بەپێی زانیارییەكان وەزیری دارایی زانیاری بە بزوتنەوەكەی داوە لەبارەی دانوستانەكانی تیمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد. هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان پێشبینی ئەوە دەكەن كابینەی مەسرور بارزانی قەیرانی دارایی تێپەڕێنێتو لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بگاتە رێككەوتن. بەپێچەوانەی رەزامەندی تیمی حكومەتەوە، تیمی گۆڕان لە پەرلەمان، واتە فراكسیۆنی گۆڕان نیگەرانە لە پارتی، بەدیاریكراوی لە روداوەكەی رۆژی 7ی ئەم مانگەی پەرلەمان كە تێیداو لە پرۆسەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتار سۆران عومەر، پارتی، عەلی حەمەساڵح فراكسیۆنی گۆڕانی خستە ناو گەمەكەوەو گومانی لەسەر دروستكرد، سەرباری نیگەرانییەكانی عەلی حەمەساڵح، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە نییە لەسەر ئەو بابەتە هیچ پەیامێكی نیگەرانی ئاڕاستەی پارتی بكات. رێكخەر دەگەڕێتەوە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەڕێوەبچێت، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە كوردستانی بەجێهیشتووەو لە سویدە. (درەو) زانیویەتی، ئامادەكاری دەكرێت بۆ گەڕانەوەی رێكخەری گشتی لە سویدەوە بۆ كوردستان، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كە ئەویش ماوەیەك بوو لە دەرەوەی وڵات بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا گیری خواردبوو، دوێنێ گەڕایەوە بۆ كوردستان. بەگوێرەی زانیارییەكان، بافڵ تاڵەبانی پێشنیازی بۆ عومەر سەید عەلی كردووە پێكەوە بەفڕۆكەكەی ئەو بگەڕێنەوە، بەڵام رێكخەری گشتی گۆڕان رەتیكردوەتەوە. كۆبونەوەی سبەینێی تیمی گۆڕان لەگەڵ پارتی، لەكاتێكدایە ئێستا پەیوەندییەكانی یەكێتیو پارتی بەقۆناغیكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێتو ماوەی چەند هەفتەیەكە بەهۆی ناكۆكییەكانیانەوە نەیانتوانیوە وادەیەك بۆ بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی نێوانیان دیاری بكەن. بزوتنەوەی گۆڕان بەمدواییە لەڕێگەی وەفدێكەوە سەردانی یەكێتی كرد، دواتر یەكێتی لەرێگەی وەفدێكەوە وەڵامی دایەوەو سەردانی مەكۆی سەرەكی گۆڕانی كرد لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی. (درەو) زانیویەتی، لە پرسی لامەركەزیەتی ئیداری كە ماوەیەكە یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكات، گۆڕان رایگەیاندووە، كە پەیوەستە بە رێككەوتنەكەیەوە لەگەڵ پارتیو تەنیا لەچوارچێوەی كارنامەی حكومەتدا پشتیوانی لە لامەركەزیی دەكات. گۆڕان بەپرۆسەیەكی سەختدا تێپەڕی تاوەكو لە كابینەی نۆیەمدا بەشداریكرد، بۆیە نایەوێت بە ئاسانی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا گومانی لە ناكۆكییەكانی ئێستای یەكێتی لەگەڵ پارتی هەیەو پێیوایە ناكۆكییەكی كاتییەوە لەماوەیەكی كورتدا هەردولا دەگەنە رێككەوتنو كێشەكانیان چارەسەر دەكەن، بۆیە نایەوێت لەم شەڕەدا بەلای یەكێتیدا بشكێتەوە. گۆڕان خوازیاری بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی سێ قۆڵی-یە لەنێوان هەرسێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت، بەڵام یەكێتی تائێستا وەڵامی ئەم پێشنیازەی نەداوەتەوە. لە بەغدادیش فراكسیۆنی گۆڕان نیگەرانن لە پارتی، پشكەكانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دابەشكراو گۆڕان بێبەشكرا، تیمی گۆڕان لە بەغداد بەپێچەوانەی تیمەكەیان لە كابینەی مەسرور بارزانی، بەردەوام رەخنە لە سیاسەتەكانی پارتی دەگرن. جڤاتی نیشتمانی كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، ماوەی سێ مانگە كۆنەبوەتەوە، دواین كۆبونەوەی بۆ هەڵسەنگاندنی ماوەی شەش مانگی بەشداری گۆڕان بوو لە حكومەت، بەبێ هیچ بڕیارێك مانەوەی لە حكومەت پەسەندكرد. پۆستە پڕنەكراوەكان ژمارەیەك پۆست هەن كە بەپێی رێككەوتنی نێوان گۆڕانو پارتی، گۆڕان (67) پۆستی كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەركەوتبوو، بەڵام لەو ژمارەیە تائێستا تەنیا (7) پۆستیان وەرگیراونو ئەوانی تر هێشتا پڕنەكراونەتەوە. ئەو پۆستانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە تائێستا پڕنەكراونەتەوە ئەمانەن: • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی • بریكاری وەزیری كارەبا • بریكاری وەزیری شارەوانی • (48) پۆستی بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكار • دوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان • دوو نوێنەرایەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات • ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە • سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان • بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستەكان
(درەو): راپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی: • پێشبینییەكان بۆ ئابوری عێراق لە شەش مانگی رابردوودا خراپتر بوون. • پێشبینی دەكرێت داهاتی ناوخۆیی لە ساڵی 2020دا بەرێژەی 9,7% كەمبكات، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو ئاستی گەشەی ئەرێنی ئابوری عێراق گەیشتوەتە 4,4%. • لە ساڵی 2003وە ئەمە خراپترین ئاستی ئابورییە كە لەمساڵدا عێراق بەخۆیەوە دەبینێت. • ئەو بارودۆخەی كە لە عێراق هەیە، تەنانەت بەر لە قەیرانی دابەزینی نرخی نەوتیش، تواناكانی وڵاتی سنورداركردبوو لە ئیدارەدانو كەمكردنەوەی لێكەوتە ئابورییو كۆمەڵایەتییەكانی دابەزینی نرخو كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتو رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرنا. • پشتبەستن بە نەوتو رۆڵی بەرفراوانی كەرتی گشتی لە چالاكییە ئابوریو بازرگانییەكان لە عێراق گرفت بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ خەڵك دروستدەكات كە زۆربەیان گەنجن. • زیادبوونی دامەزراندن لە كەرتی گشتیو دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینییو حەواڵەی جۆراوجۆری داراییو كەبونەوەی داهاتی نەوت، پێشبینی لێكەوتی زیانبەخشی ئابورییان لێدەكرێت. • تەنانەت ئەگەر نرخی نەوت لە دەوروبەری (30 دۆلار)یشدا رابوەستێت، ئەگەر چاكسازی نەكرێت، پێشبینی بانكی نێودەوڵەتەتی ئەوەیە: - بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 رێژەی 29%ی كورتهێنانی دەبێت. - تەنیا بۆ موچەی موچەخۆران عێراق پێویستی بە (67 ملیار) دینارە، واتە زیاتر لە 39%ی كۆی داهاتی ناوخۆیی. - لەم بارودۆخەدا ئەگەر پشت بە دابینكردنی دارایی لەناوخۆدا ببەسرێت، یەدەگی بانكی ناوەندی كەمدەبێتەوەو زیان بە بودجەی گشتی بانكەكە دەگات، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی فشاری هەڵاوسانو نرخی دراو. • پێویستە عێراق دەستبكات بە جێبەجێكردنی ئەجێندای چاكسازییەكی ئابوری گشتگیر بە ئاڕاستەی ئەوەی كەرتی تایبەت سەركردایەتی گەشەی ئابوریو رەخساندنی هەلی كار بكات.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمە رەفعەت جارێكی تر (11) كورسی كەمینەكان لە پەرلەمانی كوردستان بەلای پارتی دیموكراتی كوردستاندا كەوت، ئەمە قسەوباسی لەبارەی پێداچوونەوە بە كۆتایی كەمینەكان لە پەرلەمان گەرمكردەوە، كۆتای كەمینەكان لە دەرەوە روخسارێكی بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێم بەخشیوە، بەڵام لەناوخۆی هەرێم بووە بەبەشێك لە ململانێی سیاسی لایەنەكان. لە 23ی حوزەیرانەوە بۆ 7ی ئایار رۆژی 23ی حوزەیرانی ساڵی 2015 پەرلەمانی كوردستان روداوێكی گرنگی بەخۆوە بینی، پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم كرد، لەم رۆژەدا پەرلەمانی بەتەواوەتی دابەش بوو بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی یەكەم فراكسیۆنی پارتیو بەرەی دووەم لایەنەكانی تر، كورسی كۆتاكان لەم دابەشبوونەدا چونەپاڵ بەرەی پارتیو دژی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو كۆتایهێنان بوون بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان واتە (مەسعود بارزانی). دوای پێنج ساڵ لەم رووداوە، دوێنێ (7ی ئایار) پەرلەمان روداوێكی هاوشێوەی لەبەرگێكی نوێدا بەخۆوە بینی، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) پەرلەمانی دابەشكرد بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی پارتیو بەرەی لایەنەكانی تر پێكەوە، لەم روداوەشدا هاوشێوەی 23ی حوزەیرانی 2015، كورسی كۆتاكان لە پەرلەمان بێلایەنی خۆیان نەپاراستو چونەپاڵ بەرەی پارتییەوە. ئەمە مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپشتیوانی كورسی كۆتاكان پارتی توانی نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی پەرلەمان مسۆگەر بكات، ئێستا ئیتر هاوشێوەی 23ی حوزەیران، جارێكی تر پرسی كورسی كۆتاكان لە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی گەرمو جێگەمشتومڕە. لەبارەی كۆتاوە كۆتا (Quota) وشەیەكی لاتینییە بەواتای پشك یاخود بەش دێت، لەڕووی مێژوییەوە ئەم زاراوەیە دەبەسترێتەوە بە مەفهومی "جیاكاریی ئەرێنی"، یەكەمجار ئەم زاراوەیە لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا لە ویلایەت یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سیاسەتی "قەرەبووكردنەوەی گروپە بێبەشكراوەكان" واتا كەمینە رەشپێستەكان بەكارهێنراوە، لەچوارچێوەی ئەم سیستمەدا بەشێوازی "كۆتا" هەموو دامەزراوە فێركارییەكان ناچاركران رێژەیەكی دیاریكراوی لەو كەسانەی كە وەریاندەگرن، تەرخان بكەن بۆ كەمینە رەشپێستەكان، ئەمە پەرەی سەند بۆ ئەو وڵاتانەی تریش كە كەمینەكان تێیاندا هەستیان بە مەحرومیەت دەكرد. واتا لە بنەڕەتەوە شێوازی كۆتا بریتییە لە جیاكاریی لە سیستمدا بۆ گروپێك یاخود توێژێك خەڵك، كە بەپێی بنەماكانی ئەو سیستمە توانای ئامادەگییان نییەو لەڕێگەی "كۆتا"وە زامنی بەشداربوونیان بۆ دەكرێت. كۆتا لە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان كەمایەتی نەتەوەییو ئاینیی هەیە، ئەمە وایكردووە بۆ زامنكردنی بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی، سیستمی "كۆتا"یان لەسەر جێبەجێ بكرێت. لە پرۆسەی هەڵبژادنی پەرلەمانو ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، كورسی تایبەت بە كەمینەكانی (توركمان، مەسیحی، ئەرمەن)ی دیاریكراوە، لە پەرلەمانی كوردستان كەمینەكان لە كۆی (111) كورسی، بە شێوازی كۆتا (11) كورسییان بۆ دانراوە، لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانیو دهۆك-یش بەتێكرا (9) كورسی كۆتا بۆ كەمینەكان یاخود وەكو ئەوەی ناوی لێنراوە بۆ "پێكهاتەكان" دانراوە. لەبنەڕەتەوە تەرخانكردنی ئەم كورسیانە بۆ كەمینەكان بەشێوەی "كۆتا"و لەدەرەوەی سیستمی پەیڕەوكراوی هەڵبژاردنە گشتییەكان، بۆ ئەوەیە ئەو كەمایەتییانە نوێنەرایەتییان لەناو پەرلەمانو ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هەبێتو بتوانن گوزارشت لە چینو توێژەكانی خۆیان بكەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كەمینەكانو پرسی "كۆتا"ی كەمینەكان بووە بەبەشێك لە گەمەیەكی سیاسی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەكان، بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان كورسی كۆتاكان بۆ لێدان لە نەیارە سیاسییەكانی لەڕووی یاساییەوە بەكاردەهێنێت، ئەمەش لەبنەڕەتەوە گومانی لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەری لە سیستمی "كۆتا"ی كەمینەكاندا دروستكردووە، چەند ساڵێكە لە شەقام ناڕەزایەتییان لەسەر ئەم بابەتە دروستبووەو هەندێك داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانو بڕگەی تایبەت بەكۆتای كەمینەكان. هەوڵێكی شكستخواردوو ! ساڵی 2015 كاتێك كۆتای كەمینەكان، واتە (11) كورسیی پێكهاتەكان لە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم چوونە پاڵ پارتیو دژی كۆتایهێنان بە وادەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی وەستانەوە، لە سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە كە ئەوكات یوسف محەمەد سەرۆكایەتی دەكردو سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەوڵێك دەستیپێكرد بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. هەوڵەكە بریتی بوو لە پێشنیازێكی راوێژكاری دەستورییو یاسایی سەرۆكی پەرلەمان كە داوایدەكرد یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، یەكێك لە بڕگەكانی پرۆژە پێشنیازەكە باسی لە كورسی كۆتای كەمینەكان دەكرد، ئەمە نوێنەری پێكهاتەكانی ناو پەرلەمانی توڕەكرد. هەندێك لە نوێنەری كەمایەتییەكان، هەوڵەكەی نوسینگەی سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمانیان وەكو لێدان لە مافی كەمینەكان پێناسەدەكردو دەیانوت پێشنیازەكە دەیەوێت كورسی كۆتاكان كەمبكاتەوە. بەڵام راوێژكارەكانی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان باسیان لەوەدەكرد، پێشنیازەكە بۆ كەمكردنەوەی كورسییەكان نییە، بەڵكو بۆ دروستكردنی كەشێكی دیموكراسیو كێبركێیە لەناو پێكهاتەكاندا تاوەكو لەو رێگەیەوە بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان دیاری بكەن. كورتەی پێشنیازەكە ئەوەبوو، كورسی كۆتایی كەمینەكان بۆ (3) كورسی كەمبكرێتەوە، دەبوو فراكسیۆنەكانی ئەم پێشنیازە بكەن بە داواكارییو رەشنوسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی بۆ ئامادە بكەن، بەڵام چەند مانگێك دواتر بەهۆی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە دەرگای پەرلەمان داخراو ئەم هەوڵەش لەبارچوو. كێشەكە لە كوێدایە ؟ ژمارەی كەمینەكانی (مەسیحی، توركمان، ئەرمەن) لە هەرێمی كوردستان لەبەردەستدا نییەو خەڵكی سەربەو پێكهاتانە تۆماری دەنگدانی تایبەت بە خۆیان نییە، بۆیە نازانرێت لەسەر چ بنەمایەك (11) كورسییان لە پەرلەمان بۆ دیاریكراوە، هەندێك ئەو ژمارە كورسییە بەبەراورد بە ژمارەی ئەو كەمینانە بە زۆر دەزانن. سەرباری ئەمە، یاسای هەڵبژاردن بازنەی هەڵبژاردنی كورسی كۆتاكانی جیانەكردوەتەوە، ئەمە وایكردووە خەڵكانێك لە دەرەوەی ئەو پێكهاتانە دەنگ بە كاندیدی كۆتاكان بدەن، پارتی دیموكراتی كوردستان تائێستا سودی لەم كەلێنانەی یاسای هەڵبژاردن بینیوەو لە رێگەی دەنگدەرانی خۆیەوە ئەو كەسانەی لە كورسی كۆتاكان بۆ پەرلەمانو ئەنجومەنی پارێزگاكان سەرخستووە كە دڵخوازو گوێڕایەڵی پارتین، پێشبینی دەكرێت لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا لایەنەكانی تر پەنا بۆ ئەم گەمەیە ببەن، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرێتەوە، نوێنەرایەتی كەمینەكان بەتەواوەتی لە ململانێی لایەنەكاندا دەتوێتەوە، لەبری نوێنەری راستەقیەی خۆیان، نوێنەریان لەناو پارتە دەسەڵاتدارەكاندا دەبێت. لەلایەكی ترەوە ئەوەی پرسیاری دروستكردووە ئەوەیە، جگە لەم سێ پێكهاتەیە كە (11) كورسییان لە پەرلەمان بۆ تەرخانكراوە، لە كوردستان چەند پێكهاتەیەكی تر هەن كە رەنگە ژمارەیان لە پێكهاتەیەكی وەكو ئەرمەنەكان زیاتر بێت، بەڵام لە پەرلەمان هیچ كورسییەكیان بۆ تەرخان نەكراوە، بۆ نمونە پێكهاتەی كاكەییەكان، یاخود زەردەشتییەكان كە بەمدواییە ژمارەیان ڕووی لەزیادبوون كردووە. ئەم ساڵانەی دوایی كە هەڵەبجە وەكو پارێزگایەكی نوێ ناسێندرا، بڕیاردرا لە ئەنجومەنی ئەو پارێزگا نوێیەدا كورسییەكی "كۆتا" بۆ پێكهاتەی كاكەییەكان تەرخان بكرێت، كە ژمارەیەكی زۆریان لە سنوری ئەو پارێزگایەدا دەژین. ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە لەژێر ناوی كۆتای كەمینەكان، لەدەرەوە روخسارێكی بە پرۆسەی سیاسی هەرێم بەخشێوە، بەڵام لەناوخۆدا نەیتوانیوە نوێنەرایەتییەكی راستەقینە بۆ ئەو كەمینە ئاینیو نەتەوەییانە لە دامەزراوەكاندا فەراهەم بكات، نەتەوە یەكگرتووەكانو ئەمریكاو ئەو وڵاتانەی كە چاودێری دۆخی سیاسی هەرێم دەكەن ئاگاداری وردەكاری ئەم بابەتانەنو دەزانن ئەوەی كە هەیە نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكان نییەو هەر لەناو حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە چەندین راپۆرتییان لەوبارەیەوە بەدەستگەیشتووە. كۆتا لە هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا لە یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستاندا لەساڵی 1992، پێكهاتەكان (5) كورسیان لە پەرلەمان بۆ دیاریكرا، بەپێی بڕیارێكی سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی كە لە 8\4\1992 دەرچوو، ئەو (5) كورسییە بەتەنیا بۆ پێكهاتەی مەسیحییەكان تەرخانكرا. لەیەكەم پرۆسەی هەڵبژاردندا لە هەرێمی كوردستان، بۆ بردنەوەی كورسی كۆتاكان، واتە پێنج كورسییەكەی مەسیحییەكان، (4) لیستی پێكهاتەی مەسیحی بەشداریانكرد. كۆی دەنگی مەسحییەكان لەو هەڵبژاردنەدا (12 هەزارو 59) دەنگ، لەم ژمارەیەك (88)ی دەنگی پوچەڵ بوو، دەنگی راستەقینە (11 هەزارو 971) دەنگ بوو، لەسەر ئاستی كوردستان لە كورسی كۆتاكان، بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری (6 هەزارو 543) دەنگی بەدەستهێناو (4) كورسی بردەوە، یەكێتی مەسیحییەكانی كوردستان (2 هەزارو 757) دەنگی بەدەستهێناو كورسییەكی بردەوە. بەهای كورسییەكی كۆتا لە یەكەم هەڵبژاردندا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (هەزارو 500) دەنگ بوو، لەكاتێكدا بەهای كورسیەكی گشتی لەو هەڵبژاردنەدا نزیكەی (9 هەزارو 672) دەنگ بوو. ساڵی 2004 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستانی هەمواركردەوەو ژمارەی كورسی كۆتاكانی لە (5) كورسییەوە زیادكرد بۆ (11) كورسی، بەمەش ژمارەی تێكڕای كورسییەكانی پەرلەمان لە (105) كورسیەوە زیادی كرد بۆ 111 كورسی. ناوچەی هەڵبژاردن ناوی لیستەكان لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان كە ساڵی 2005 بەڕێوەچوو، كۆتاكان لەچوارچێوەی لیستی نیشتیمانی دیموكراتی كوردستان دەنگیانداو (11) كورسییەكەیان لەچوارچێوەی ئەو لیستەدا بوو. بەڵام لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 25/7/2009 بەڕێوەچوو، لیستی كۆتاكان بە سەربەخۆیی بەشداریانكردو 11 كورسی خۆیان هێنا، بەم شێوەیە: • لیستی رافیدەین: 2 كورسی • مجلس الشعبی الكلدانی السریانی الاشوری: 3 كورسی • الحركە الدیموقراطیە التركمانیە: 3 كورسی • لیستی توركمانی هەولێر: 1 كورسی • لیستی اصلاح التركمانی 1 كورسی • ارام شاهین داود باكویان 1 كورسی. لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 21/9/2013 بەڕێوەچوو، كۆتاكان بە لیستی سەربەخۆ بەشدارییان كردوو 11 كورسی خۆیان بەدەستهێنا بەمشێوەیە: • لیستی رافیدەین: 2 كورسی • ئەنجومەنی گەلی كلدانی و سریانی و ئاشوری: 2 كورسی • لیستی پێشكەوتنی توركمانی: 2 كورسی • لیستەكانی دیكەش یەكی 1 كورسیان مسۆگەركردووە لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 30/9/2018 بەڕێوەچوو، كۆتاكان بە لیستی سەربەخۆ بەشدارییان كردوو 11 كورسی خۆیان بەدەستهێنا، بەمشێوەیە: كورسییەك بە 194 دەنگ ! لە خولی پێنجەمدا ژمارەیەك لە كاندیدی كۆتاكان بە كەمترین دەنگ سەركەوتن بۆ پەرلەمان، لەوانە: • سارا دڵشاد ئەبوبەكر لە لیستی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە (194) دەنگ بووە بە پەرلەمانتار • ئازاد ئەكرەم بەهرام لە لیستی میلەتی توركمانی (346) دەنگ بووە پەرلەمانتار • ئایدن مەعروف سەلیم لە بەرەی توركمانی بە (866) دەنگ بووە بە پەرلەمانتار • روبینە ئویملك عەزیز لە هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی بە (815) دەنگ بووە پەرلەمانتار • فەرید یەعقوب ئیلیكا لە لیستی رافیدەین بە (896) دەنگ بووە پەرلەمانتار • كلارا عودیشۆ یەعقوب لە ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشوری بە (687) دەنگ بووە پەرلەمانتار • فاهیك كەمال سوغون لە پێكهاتەی ئەرمەن بە (615) بووە پەرلەمانتار • مونا نەبی نادر لە لیستی چاكسازی توركمانی بە ( 2236) دەنگ بووە بە پەرلەمانتار كۆتا لە ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە ئەنجومەنی سێ پارێزگاكەی هەرێم كە بەتێكڕا لە (90) كورسی پێكدێت، (9) كورسی بەشێوازی كۆتا تایبەتكراوە بە كەمینەكان، بەمشێوەیە: • ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: 30 كورسییە، 5 كورسی بۆ كەمینەكانە • ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: 32 كورسییە، 1 كورسی بۆ كەمینەكانە • ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: 28 كورسییە، 3 كورسی بۆ كەمینەكانە لە ئەنجومەنی پارێزگاكانیش هاوشێوەی پەرلەمان، كورسی كۆتاكان لە ململانێ سیاسییەكاندا سودی لێبینراوە، لە هەولێر بەپشتیوانی كورسی كۆتاكان لە ئەنجومەنی پارێزگا، پارتی بەبێ لایەنەكانی تر حكومەتی خۆجێی پارێزگاكەی دروستكرد. ئێستا پرسی كورسی كۆتاكان لەژێر گومانی گەورەدایە، بۆ پاراستنی مافی ئەو پێكهاتانە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بەجۆرێك یاسای هەڵبژاردن هەمواربكەنەوە كە ئەو كەمینە ئاینیو نەتەوەییانە بتوانن ببن بە خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیانو لە ململانێ سیاسی نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەكان دوربخرێنەوە.
(درەو): نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کە لەدوای دەستبەکاربوونییەوە دەیەوێت بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم بکات بە شوێنی کۆدەنگی لایەنەکان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ لە پەرلەمانەوە ریسەکەی لێکردەوە بە خوری. ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان و بەزۆرینە پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی هەڵگرت. ئەمە پەرلەمانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد، بەرەی پارتی و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ بەرەی لایەنە ناڕازییەکان لە هەڵگرتنی پارێزبەندی کە بریتی بوون لە (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، شیوعی). بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بۆ دادگایکردنی سۆران عومەرو هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری پەرلەمانی دابەشکردو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کاردانەوەی توندی دروستکرد. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسا سەرۆکی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لەم روداوانەدا بێدەنگەو تا ئەم ساتە هیچ قسەیەکی نەکردووە. نێچیرڤان بارزانی لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە هەوڵ بۆ کۆکردنەوەو دروستکردنی کۆدەنگی دەدات لەنێوان لایەنەکان لەبارەی پرسە سیاسییەکانەوە، بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندی نێوان لایەنەکان پێی نایە سەرەتای قۆناغێکی نوێ، بەڵام ئەو بێدەنگە. بەکارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی بۆ سەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی و گوێنەدان بە نیگەرانی لایەنەکانی تر، هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و "یەکڕیزی"ی لایەنەکانی خستە مەترسییەوە. بڕیارە رۆژی شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم و بەنێوەندگیری نیچیرڤان بارزانی بەڕێوەبچێت، بەڵام قسەکانی ئەمڕۆی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی یەکێتییەوە، فراکسیۆن و بەرپرسانی یەکێتی نیگەران کردووە، بەیاننامەی فراکسیۆنی یەکێتی قسەکانی هەورامی وەکو هەوڵێک بۆ تێکدانی کۆبونەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم ناودەبات.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پێنج ساڵ بەر لە ئێستا پارتی دژی ئەوە بوو لایەنەكان بەپشتبەستن بە "زۆرینە"ی پەرلەمانیی كۆتایی بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بهێنن، بەڵام ئەمڕۆ خۆی لە پرسێكی ئاسایدا چەكی زۆرینەی بەكارهێناو بێ گوێدانە ناڕەزایەتی لایەنەكان، پارێزبەندی یاسایی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) هەڵگرت، لە مێژووی (28) ساڵی رابردووی پەرلەمانتار، ئەمە دووەم حاڵەتی هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتاران. پارێزبەندی لە مێژووی پەرلەماندا پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە بۆ دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چوار پەرلەمانتار، لە مێژووی (28 ساڵەی)ی پەرلەماندا، ئەمە دووەم هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی بوو لەسەر پەرلەمانتاران، یەكەم هەوڵ لە خولی سێیەمدا بوو لەسەر پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان (پێشەوا كانی وەتمانیی)،. هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لە بنەڕەتەوە ئامانج لە بڕیارەكە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر (سۆران عومەر) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی. سۆران بەمدواییە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی حزبەكەی باسی لەوەكرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆمپانیاو بانكی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەمە مەسرور بارزانی توڕەكرد، لەڕێگەی نوێنەری خۆیەوە لە دادگا سكاڵای یاسایی لەسەر سۆران عومەر تۆماركرد. دوای تۆماركردنی سكاڵا یاساییەكە، فراكسیۆنی پارتی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر كرد، سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر داوای پارتی هەڵگرتنی پارێزبەندی خستە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە. لە سەرەتاوە ئامانجی پارتی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر سۆران عومەر، بەڵام پارتی لیستەكەی فراوان كردو چەند ناوێكی تری بۆ زیادكرد، بەمشێوەیە: • ئومێد خۆشناو- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی • عەلی حەمەساڵح - سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان • شیرین ئەمین- ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە، دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتاران، بۆیە دانیشتنی ئەمڕۆی بەجێهێشت بۆ جێگرەكەی (هێمن هەورامی) كە سەربە پارتییە. هێمن هەورامی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران خستە دەنگدانەوە، زۆرینەی پارتی كە ئامادەی دانیشتنەكە بوون، پارێزبەندییان لەسەر (سۆران عومەر) هەڵگرتو داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەر (ئومێد خۆشناو و عەلی حەمەساڵحو شیرن ئەمین) رەتكردەوە. پارتی بە دەنگنەدانی بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر (عەلی حەمەساڵح) سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانو (شیرین ئەمین) ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان، بزوتنەوەی گۆڕان بەگشتیو سەرۆكی فراكسیۆنەكەی خستە ژێر پرسیارەوە لەبەردەم رایگشتیداو وەكو هاوپەیمانێكی خۆی بزوتنەوەی گۆڕانی نمایش كرد، ئەمە لەحاڵێكدا بوو فراكسیۆنی گۆڕان بایكۆتی دانیشتنەكەی كردو دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتاران، رەنگە پارتی بەم هەنگاوە ویستبێتی تۆڵەی بایكۆتكردنەكە لە فراكسیۆنی گۆڕان بكاتەوەو لەبەردەم رایگشتیدا پرسیارو گومانی لەسەر دروست بكات، زیادكردنی ناوی عەلی حەمەساڵح بۆ لیستی ئەوانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە بوو بزوتنەوەی گۆڕان بخرێتە ناو تاقیكردنەوەیەكی قورسەوە، ئەگەرنا ئامانجەكەی پارتی هەر لەسەرەتاوە (سۆران عومەر) پەرلەمانتاری كۆمەڵ بوو. بەرەیەكی نوێ لە پەرلەمان شەش فراكسیۆنی پەرلەمان بایكۆتی دانیشتی ئەمڕۆ پەرلەمانیان كرد كە بریتی بوون لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، شیوعی). دوان لەم لایەنانە بەشدارن لە حكومەتدا كە بریتین لە هەریەكە لە (یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان)، چوار فراكسیۆنەكەی تر لە بنەڕەتەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژاردووە كە بریتین لە (، كۆمەڵ، یەكگرتوو، نەوەی نوێ شیوعی). ئەوانەی كە بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیان كرد لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان، ژمارەیان (53) پەرلەمانتار بوو، لەناو ئەمانەدا (سێ) پەرلەمانتار هەبوون كە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابونەتەوەو فراكسیۆنی تایبەت بەخۆیان نییە. كۆی دەنگی ئەوانەی كە بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیان كرد بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆنو هەڵبژاردنو راپرسی (830 هەزارو 921) دەنگ بوو، واتە هەموو ئەو فراكسیۆنانە پێكەوە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ئەو رێژە دەنگەیان بەدەستهێناوەو نوێنەرایەتی ئەو دەنگانەیان دەكرد. بەڵام لەبەرامبەردا زۆرینەكەی پارتیو هاوپەیمانەكانی لەگەڵ ئەو دوو پەرلەمانتارەی تری دەرەوەی پارتی كە بەشداربوون لە دانیشتنەكە، بە تێكڕا نوێنەرایەتی دەنگی (717 هەزارو 448) كەس بوو لە هەرێمی كوردستان. واتە بەرەی نەیارانی ئەمڕۆی دانیشتنی پەرلەمان، بەپێی دەنگی هەڵبژاردن پتر لە (120 هەزار) دەنگیان لە پارتیو هاوپەیمانەكانی زیاتر بوو، بەڵام بەپێی كورسی پەرلەمان پارتی لەوان زیاترە، ئەمە پەیوەندی بە سیستمی هەڵبژاردنو بەفیڕۆچوونی دەنگی (ماوە)ی ئەو لایەنانەوە هەیە. زۆرینەكەی پارتی لە پەرلەمان نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بە ئامادەبوونی زۆینەی (50+1)ی كۆی گشتی ژمارەی پەرلەمانتاران بەڕێوەدەچێت، واتە لەكۆی (111) پەرلەمانتار دەبێت (56) پەرلەمانتار لە هۆڵی كۆبونەوە ئامادەبن بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، پارتی لەم خولەی پەرلەمانتار بە ئاسانی ئەو زۆرینەیەی زامن كردووە. پارتی ئێستا خاوەنی (45) كورسییە لە پەرلەمان، (11) كورسی كۆتاكانیش (كەمینەكان) بۆ پارتی یەكلابووەتەوە، پارتی تەنیا بە فراكسیۆنی خۆیو كەمینەكان (56) كورسی نیسابی یاسایی مسۆگەر كردووە. بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ جگە لە (11) كورسی پێكهاتەكان، دوو پەرلەمانتاری تریش بەشداربوون كە ئەوانیش بریتی بوون لە هەریەكە لە (باپیر كامەلا)و (شادی نەوزاد). باپیر كامەلا سكرتێری پارتی كرێكارانو رەنجدەرانە، بەڵام لە پەرلەمان جگە لە پارتەكەی خۆی، نوێنەرایەتی دوو پارتی تریش دەكات، چونكە لەدواین هەڵبژاردندا، پارتەكەی باپیر كامەلا بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ حزبی سۆسیالیستو پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان كە (غەفور مەخموری)ی سەرۆكایەتی دەكات، بەشداری هەڵبژاردنی كرد، باپیر كامەلا شوێنی عەبدوڵای حاجی مەحمودی لە پەرلەمان پڕكردوەتەوە، عەبدوڵای حاجی مەحمود برای محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستە، هەرسێ لایەنەكە پێكەوە لە هەڵبژاردندا یەك كورسییان بردەوە، كورسییەكە بۆ سۆسیالیست بوو، بەڵام دوای ئەوەی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە كابینەی نوێی حكومەت پۆستی وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوانی وەرگرت، كورسییەكەی بۆ باپیر كامەلای هاوپەیمانیی بەجێهێشت. شادی نەوزاد-یش كە ئەمڕۆ بەشداری كرد لە تەواوكردنی نیسابەكەی پارتی، ئەندانی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، بەڵام لە دەستپێكی خولی ئێستای پەرلەماندا لە فراكسیۆنەكەی جیابووەو سەرۆكی جوڵانەوەكەی (شاسوار عەبدولواحید) تۆمەتبار كرد بەوەی لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی سكانداڵی سێكسیەوە هەڕەشەی لێكردووە، شادی بەشداربوو لە تەواوكردنی نیسابی دانیشتنەكە، بەڵام دەنگی بە هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتار سۆران عومەر نەداو پێشوەختە دانیشتنەكەی بەجێهێشت. نیسابی ئەمڕۆ پارتی (56) كورسی تێپەڕاندو گەیشتە (58) كورسی، ئەمە پەیامێك بوو بۆ فراكسیۆنەكانی تری ناو پەرلەمان بەوەی، تەنانەت ئەگەر هەموشیان پێكەوە كۆببنەوە، هێشتا ناتوانن بەرامبەر بە پارتی رابوەستن. ئەمە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانە، كە ئەتوانرێت بە "بەهەشتی پارتییەكان" ناوزەند بكرێت، جگە لە زۆرینەی كورسییەكان، پارتی دوو لەسەر سێی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیشی بەدەستەوەیە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان (هێمن هەورامی) پارتییە، سكرتێری پەرلەمان (مونا قەهوەچی) لەسەر پشكی پێكهاتەكان پۆستەكەی وەرگرتووە، بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە. چەكی زۆرینە ! دۆخی ئێستا پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی لەگەڵ خولی پێشوودا پێچەوانە بووەتەوە، لە خولی چوارەمدا بەرەی نەیارانی پارتی زۆرینە بوون، پارتیو هاوپەیمانەكانە زامنكراوەكانی پێكەوە توانای تەواوكردن یاخود شكاندنی نیسابیان نەبوو. ئەم بابەتە لە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو بەدیاریكراویش درێژ نەكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی (مەسعود بارزانی) گەیشتە ترۆپكی خۆی. رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 یوسف محەمەد سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەموار یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی خستە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە، پارتییەكان كە دەیانزانی بزوتنەوەی گۆڕانو هاودەنگەكانی لەو پرسەدا، دەیانەوێت لەو كۆبونەوەیەدا كۆتایی بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بهێنن، هەوڵی شكاندنی نیسابی یاساییان دا، بەشێوازی یاسایی نەیانتوانی رێگری لە دانیشتنی پەرلەمان بكەن، دواجار پەنایان بۆ رێگەچارەی سەربازی بردو رێگرییان كرد لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان كرد بۆ هەولێر. لەم مەسەلەیەدا پارتییەكان، یوسف محەمەدی سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمانو بزوتنەوەی گۆڕانیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی سازانو تەوافوقو رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتیان شكاندووەو لە پرسێكی هەستیاردا (سەرۆكایەتییەكەی بارزانی) لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینە بڕیاردەدەن. دوای نزیكەی پێنج ساڵ لەم رووداوە، ئەمڕۆ پارتی خۆی هەمان سیناریۆی دوبارەكردەوە، بەبێ گوێدانە ناڕەزایەتی زۆرینەی فراكسیۆنەكان، پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر خستە دەنگدانەوەو چەكی زۆرینەی بەكارهێنا. سەرەتایەكی نوێ زۆرینەكەی ئەمڕۆ پارتی نیشانیدا، پارتی بۆ پرسێكی ئاساییو هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێك ئامادەیە زۆرینەی خۆی بەكاربهێنێتو پشت لە تەوافوقو سازان بكات لەگەڵ هاوبەشەكانی لە حكومەت (یەكێتیو گۆڕان)، بۆیە لە پرسە هەستیارەكاندا بەئاسانی ئەم چەكە بەكاردەهێنێتو سڵ لە بەرەی نەیارانی لەناو حكومەتو لەدەرەوەش ناكاتەوە، لەحاڵێكدا كە دڵنیایە لەوەی لەڕووی یاساییەوە ئەگەر هەموو فراكسیۆنەكانی تری ناو پەرلەمان كۆببنەوە ناتوانن نیسابی یاسایی تەواو بكەن. ئەمە سەردەمێكی نوێیە، پارتی چوار ساڵی زێڕینی تەمەنی خۆی بەڕێدەكاتو رەنگە جارێكی تر دوبارە نەبێتەوە. (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، زۆرینەی پەرلەمانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتی باڵای ئەمنیو دەسەڵاتی ئابوری) لە هەرێمی كوردستان بە دەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە، هەموو ئەمانە یارمەتی پارتی دەدات بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوانی تر سیاسەتەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بەتایبەتیش لە سەردەمێكدا كە بۆ یەكەمجارە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب واتە مەسرور بارزانی رۆڵی خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقیدەكاتەوەو دەیەوێت بۆ زەمەنێكی زۆرو چەندین خولی تر لەم پۆستەدا بمێتێتەوە. سەرباری ئەمە، لایەنەكانی دەرەوەی پارتی جگەلەوەی لەچوارچێوەیەكی هاوبەشی كاری پەرلەمانیدا كۆنەبونەتەوەو ستراتیژێكی هاوبەشیان نییە، هەریەكەشیان لەناوخۆیاندا دابەشبوون بەسەر چەندین ئاڕاستەداو رەوتداو ناكۆكن.
درەو: درەنگانێكی ئەمشەو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بەخشیە كابینەكەی مستەفا كازمی. لە پرۆسەی دەنگدان بە كانیدیەدەكاندا (15 ) كاندیدی متمانەیان پێبەخشرا, ( 4) كاندید رەتكرانەوەو متمانەیان پێنەبەخشرا، هەردوو وەزارەتی دەرەوەو نەوتیش دواخران. كورد سێ وەزارەتی بەركەوت، نازەنین وسو متمانەی بەدەستهێنا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، عەبدولڕەحمان مستەفا متمانەی بەدەستنەهێناو رەتكرایەوە، وەزیری دەرەوەش كە بەر كورد دەكەوێت كاندیدەكەی دواخراوەو بەپێی زانیارییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان ( فوئاد حسێن)ی بۆ كاندید كردووە. پرۆسەی دەنگدان بە كاندیدەكانی كابینەكەی مستەفا كازمی: 🔹 عەلی عەلاوی بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی پەسەندکرا 🔹 عوسمان غانمی بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ پەسەندکرا 🔹 جومعە عناد بۆ پۆستی وەزیری بەرگری پەسەندکرا 🔹 خالید نەجم بەتال بۆ وەزیری پلاندانان پەسەندکرا 🔹 عەدنان دەرجال بۆ وەزیری وەرزش و لاوان پەسەندکرا 🔹 ماجد مەهدی بۆ وەزیر کارەبا پەسەندکرا 🔹 نەبیل کازم بۆ وەزیری خوێندنی باڵا پەسەندکرا 🔹 ناسر حسێن بۆ وەزیری گواستنەوە پەسەندکرا 🔹 حەسەن محەمەد بۆ وەزیری تەندروستی پەسەندکرا 🔹 ئەرکان شەهاب بۆ وەزیری پەیوەندییەکان پەسەندکرا 🔹 منهل عەزیز بۆ وەزیری پیشەسازی پەسەندکرا 🔹 نازەنین محەمەد وسو بۆ وەزیری نیشتەجێبوون پەسەندکرا 🔹 عادل حاشوش بۆ وەزیری کار پەسەندکرا 🔹 مەهدی رەشید بۆ وەزیری سەرچاوەکانی ئاو پەسەندکرا 🔹 عەلی حەمید بۆ وەزیری پەروەردە پەسەندکرا 🔸 عەبدولڕەحمان مستەفا بۆ وەزیری داد رەتکرایەوە 🔸 سەنا حیکمەت بۆ وەزیری کۆچبەران رەتکرایەوە 🔸 نەوار نەسیف بۆ وەزیری بازرگانی رەتکرایەوە 🔸 ئیسماعیل عەبدولڕهزا بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ رەتکرایەوە 🔹 کاندیدی وەزارەتی نەوت دواخرا 🔹 کاندیدی وەزارەتی دەرەوە دواخرا
درەو: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لەسەر پۆستی وەزارەتی داد كەوتۆتە نێوان فشاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەلایەك و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە لایەكی تر. بە پێی زانیارییەكانی ( درەو) دوێنێ مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ مستەفا كازمی قسەی كردووە ئاگاداری كردووە لەوەی بۆ پۆستی وەزارەتی داد دەبێت كەسێكی بێلایەن لەناو كورددا كاندیدی بكات، لەسەر ئەو بنەمایە مستەفا كازمی عەبدولڕەحمان مستەفای پارێزگاری پێشوتری كەركوكی داناوە. بڵاو بونەوەی ناوی عەبدولڕەحمان مستەفا وەكو كاندیدی وەزارەتی داد یەكێتی توڕەكرد، (درەو) زانیویەتی ئێوارەی ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بەتەلەفۆن لەگەڵ مستەفا كازمی قسەی كردووەو ئاگاداری كردووە لەوەی ئەگەر پارتی ( نازەنین محەمەد وسو ) بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كاندید بكات كە ئەندامی سەركردایەتی پارتیەو كارەكتەرێكی حزبیە، ئەوا ئێمەش وەكو یەكێتی قایل نین بە كاندید كردنی عەبدولڕەحمان مستەفا بۆ پۆستی وەزارەتی داد و كەسێكی خۆمان كاندید دەكەین و ئەویش ( خالید شوانیە)، هەڕەشەی دەنگنەدانی بە كابینەكەی كردووە. دوای تەلەفۆنەكەی لاهور شێخ جەنگی، مستەفا كازمی رازی بووە بە گۆڕینی كاندیدی وەزارەتی داد لە عەبدولڕەحمان مستەفاوە بۆ خالید شوانی. ململانێی پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستە وزاریەكان لە بەغداد لە كاتێكدایە بەرنامەی كابینەكەی مستەفا كازمی كە ئێستا لەبەردەم پەرلەماندایە هیچ قسەكی تێدا نیە تایبەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداد. ماوەی چەند رۆژێكە وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دووەمجار لە بەغدادەو چاوەڕەوانی رەزامەندی بەغدایە بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەڵام تا ئێستا وەفدەكە هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرتۆتەوەو چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ناڕونی ماوەتەوە، بەرپرسانی یەكێتی و پارتی لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستێكی وزاری لە بەغداد بۆ خۆیان دواجار دەستیان بۆ تەلەفۆنەكانیان برد بەڵام بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كەسيان دەستیان بۆ تەلەفۆنەكانيان نەبردووە.
(درەو): دواجار پارتی سازشی لەسەر دانانی فوئاد حسێن كرد لە پۆستی وەزارەتی دارایی، كاندیدی وەزارەتی دارایی خوشكەزاری ئەحمەد چەلەبیو ئامۆزای ئەیاد عەلاوییە. پۆستی وەزارەتی دارایی لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كە مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات لە كورد سەندرایەوە، پارتی جەختی لەسەر وەرگرتنەوەی ئەم پۆستەو دانانی فوئاد حسێنی دەكرد، بەڵام لە كۆتایدا پاشەكشێی كردو قایل بوو بەوەی لەبەرامبەر پۆستی وەزارەتی دارایی، پۆستی وەزارەتی دەرەوە وەربگرێت، كاندیدی وەزارەتی دەرەوەش تائێستا یەكلانەكراوەتەوەو دیار نییە پارتی كێ بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات. لەدوای ساڵی 2003و روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا لەناو پۆستە باڵاكاندا، پۆستی وەزارەتی دەرەوە لای كورد بوو، تاوەكو كابینەی حەیدەر عەبادی لە ساڵی 2014، لەو كابینەیەدا كورد بۆ یەكەمجار پۆستی وەزارەتی دارایی وەرگرت. پۆستی وەزارەتی دەرەوەی لەدوای روخانی رژێمەوە كە بەر كورد كەوتووە، لای پارتی بووەو لەناو پارتیشدا لای هۆشیار زێباری بووە، ساڵی 2014 كە لەبری پۆستی وەزارەتی دەرەوە پۆستی وەزارەتی دارایی درا بە كورد، بەهەمان شێوە پۆستەكە نوێیەكە بۆ پارتی بوو، پارتی هۆشیار زێباری لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە گواستەوە بۆ وەزارەتی دارایی، زێباری ماوەی وەزیرییەكەی لە وەزارەتی دارایی تەواونەكرد، لە پەرلەمان بەتۆمەتی گەندەڵی متمانەی لێوەرگیرایەوە. پۆستی وەزارەتی دارایی لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كەسێكی بۆ كاندید كراوە بە ناوی (عەلی حەیدەر عەبدولئەمیر عەباس). عەلی حەیدەر كێیە ؟ بەپێی ئەو پرۆفایلەی كە ئاڕاستەی پەرلەمان كراوە، عەلی حەیدەر لەدایكبووی ساڵی 1948ی بەغدادە. ساڵی 1968 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی لە بواری گواستنەوەو ماستەرپلانی شارەكاندا لەزانكۆیەكی ئەمریكا بەدەستهێناوە، دواترو لە ساڵی 1971 بڕوانامەی ماستەری لەبواری ئابوریو هاوكاری نێودەوڵەتی لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا بەدەستهێناوە. لە گروپی بانكی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن وەكو شارەزایی بواری وەبەرهێنانو دارایی كاری كردووەو لەماوەی ساڵی 1971 بۆ 1979 سەرپەرەشتی كۆمەڵێك پرۆژەی كردووە، بەڕێوەبەری جێبەجێكار بووە لە یەكەمین بانكە وەبەرهێنە عەرەبییە نێودەوڵەتییەكان لە لەندەن لە ساڵانی (1972- 1992). گروپێكی وەبەرهێنانی (Progas energy) لە بواری جێبەجێكردنی پرۆژەكانی بواری نەوت (1992- 2003). ئەم پیاوە یەكێك لەو كەسانە بووە كە بەشداربووە لە نوسینی بەیاننامەی لایەنە شیعەكانی عێراق لە ساڵی 2002 كە تێیدا داوای روخانی رژێمی سەددامیان دەكرد. خوشكەزای ئەحمەد چەلەبیو ئامۆزای ئەیاد عەلاوییە، لە خێزانێكی ئۆرستۆكراتییە، باوكی لەسەردەمی حوكمی مەلەكیدا لە عێراق لە دەرباری شاهانە وەكو پزیشك كاریكردووەو دواتر بووە بە وەزیری تەندروستی، لەبنەڕەتەوە بنەماڵەكەی سوننەمەزهەب بوون، بەڵام دوای ئەوەی باپیرە گەورەیان كراوە بە حاكمی ناوچەی كازمیە، بوون بە شیعەمەزهەب. سەرباری ئەمانە: • وەزیری بازرگانی بووە لە حكومەتەكەی ئەنجومەنی حوكمدا لە (2003-2004) • وەزیری بەرگری بووە لە حكومەتەكەی ئەنجومەنی حوكمدا لە (2004) • لەسەر ئیئتیلافی نیشتمانی هەڵبژێردراوە بۆ كۆمەڵەی نیشتمانی عێراق (2005) • وەزیری دارایی بووە لە (2005-2006) • مامۆستای وانەبیژ بووە لە زانكۆی برنستۆن-ی ئەمریكا (2008) • مامۆستای زانكۆی (نان یانج) بووە لە سەنگاپورە (2015) • گۆڤارێكی بەریتانی لە ساڵی (2013) وەكو چوارەم بیرمەند لەسەر ئاستی جیهان هەڵیبژاردووە.