سەردەمی درۆ یان قۆناغی پاش حەقیقەت

Draw Media

2021-10-07 10:41:39



ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
بەپێی لێکۆڵینەوەکان مرۆڤی مۆدێرن لە ڕۆژێکدا تاوەکو 200 جار درۆدەکات. هەموو قسەکردنێک دە دەقیقە بخایەنێت لانی کەم یەک درۆی تێدا دەکرێت. درۆ دەتوانێت دڵخۆشکەر یان تۆقێنەر، بنیاتنەر یان تێکشکێنەر بێت. درۆ هەیە شادیی دەهێنێت وەک حیکایەتی بابانۆئێل کە دیاری جوان و خۆش بۆ منداڵان دەهێنێت، درۆش هەیە دەتوانێت دڵشکان و بێمتمانەیی بەرهەمبهێنێت وەک درۆی کەسێک لەگەڵ خۆشەویستەکە. درۆ چەندە دەتوانێت پێکەنیناوی بێت وەک لێداوانەکانی وەزیری ڕاگەیاندنی حکومەتەکەی سەدام، محەمەد سەعید سەحاف، هێندەش دەتوانێت گریاناویی بێت وەک ریفراندۆم و درۆی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی. لە ڕاستیی دوورناکەوینەوە کاتێک بڵێین کەم سیاسیی هەیە درۆ و فشەی گەورە و بچوکی نەکردبێت. سیاسییەکانی ئێمە خۆیان بە درۆزن نازانن، بەڵکو بە خۆیان دەڵێن درۆزان. کێشەی تێکئاڵانی درۆ و حەقیقەت لەوێوە دەستپێدەکات کاتێک مەسافەیەک لەنێوان زانین و جەهلدا نەمێنێت، سنوورێک لەنێوان پێکەنین و گریاندا نەمێنێت، فەزایەک لەنێوان بێدەنگیی و هاتوهاواردا نەمێنێت، لە کۆتاییشدا  پێوەرێک نەمێنێتەوە کە جیاکاری عەقلانی و ئەخلاقیی لەنێوان درۆ و حەقیقەتدا بکات. 

لەدونیای ئێمەدا ئەمەندە درۆ کراوە کە مرۆڤ چیتر بڕوای بە هیچ شتێک نەماوە. دۆخی کۆمەڵگای ئێمە لە مەشهەدی گۆڕەپانی دوای جەنگێکی پڕوکێنەر دەچێت دژ بە حەقیقەت، گۆڕەپانێکی لێڵ و تەمومژاویی کە کەس نازانێت ڕاستییەکان لە کوێن. سەرکەوتنی درۆ لەم جەنگەدا لە توانا و هێزی درۆکردندا نییە، بەڵکو لە لاوازبوونی بەهای یاسایی و ئەخلاقییەکانە دژ بە درۆ، درۆ چیتر کردەیەکی ناشیرین و بەدکارییەک نییە سزای هەبێت. ساڵانێکی زۆرە هەرێمی کوردستان بووە بە بەهەشتێک بۆ درۆزنان و دۆزەخێک بۆ حەقیقەت. 

سیاسەت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا چیتر لەسەر ئەو ستراتیژە کارناکات قەناعەت بە خەڵک بهێنێت بڕوا بە درۆکانی بکات، بەڵکو بە هەموو هێزییەوە کار لەسەر ئەوەدەکات بیر لە ڕاستیی نەکرێتەوە. ئەو کەسەی بیر لە ڕاستیی بکاتەوە بە بکەرێکی مەترسییدار بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، نامۆ بە کۆمەڵگا و گەمژە لەقەڵەمدەدرێت. دادگاییکردنی چالاکوانانی ناوچەی بادینان بەرجەستەکەری ئەو ڕاستییەن کە چیتر نەک تەنها گوتنی ڕاستییەکان، بەڵکو بیرکردنەوەش لێیان ڕوبەڕوی سزات دەکاتەوە. دادگاکانمان چیتر شوێنێک نیین بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان، بەڵکو بوون بە جێگایەک بۆ سزادانی ئەوانەی باس لە حەقیقەت دەکەن. ئەم جیهانە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەی لە ئێستادا کۆمەڵگای ئێمەی تیادەژی، بریتییە لەو قۆناغەی کە لە زانستە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا بە قۆناغی دوای حەقیقەت Post-Truth ناودێڕکراوە. ئەم قۆناغە یەکێکە لە مەترسییدارترین قۆناغی کۆمەڵایەتیی کە تەنها کۆمەڵگای ئێمە ئالودەی نەبووە، بەڵکو بووە بە دیاردەیەکی نێونەتەوەیی.
حیزبەکان لە دونیای ئێمەدا بوون بە ماشێنێکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی درۆ و سیاسییەکانیش ماندوو نابن لە نوێنەرایەتییکردنی درۆکان. سیاسییەکانمان درک بەوەدەکەن کە گەلەکەیان هیچ متمانەیەکی ئەوتۆیان پێیان نەماوە و بڕوایان بە حیکایەتەکانیان نەماوە، بۆیە ستراتیژەکەیان گۆڕیوە و بەردەوام باس لە دیموکراسیی و پەرلەمانتاریزم و هەڵبژاردنی بێگەرد دەکەن، باس لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەکان و دادپەروەریی و یەکسانیی و تەنانەت ئازادیی ڕادەربڕینیش دەکەن، بۆئەوەی ئەم چەمکانەش لە مانا و بەهاکانیان دابماڵن و بیانکەن بە بەشێک لەو درۆیانەی کە ژیانی سیاسییان لەسەر بەندە. لە هەرێمی کوردستاندا دۆخێک بەرهەمهێنراوە کە درۆکردن، گەندەڵیی، دزیی و هتد ببن بە کۆڵەکە نوێکانی پێکەوەژیانی مرۆییمان. سیاسەت و سیاسییەکان تا ئەو شوێنە هاوڵاتییانی ئەم دەڤەرەیان بە درۆ ماندووکردووە کە قەناعەت بەخۆیان بهێنین، گەڕان بەدوای حەقیقەت وەک گەڕان بەدوای ئەو گیراوەیە وایە کە تەنەکەمان بۆ دەکات بە ئاڵتون.

درۆی سیاسەت و نەمانی متمانە وای لە هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق کردووە کە ساڵانی ڕابردوو بایکۆتی بەرفراوانی هەڵبژاردنەکان بکەن. بایکۆتی دەستەجەمعیی لەڕاستییدا تەنها نیشاندانی بێمتمانەیی هاونیشتیمانیانی وڵاتێک نییە بە پرۆپاگەندە و درۆی حیزب و سیاسەتمەدارەکان لەکاتی هەڵبژاردندا، تەنها تەعبیر لە غیابی ئۆپۆزیسیۆن ناکات، بەڵکو هەوڵدانی تاکەکانی کۆمەڵگایە بۆئەوەی لەگەڵ خۆیاندا ڕاستگۆبن و درۆ لەگەڵ خۆیاندا نەکەن. لێرەدا کردەی بایکۆت لەگەڵ جیهانبینییە ئەخلاقییەکەی کانتی فەیلەسوفدا یەکدەگرێتەوە کە دەڵێت مرۆڤ هیچ پاساوێکی نییە بۆ درۆکردن، تەنانەت درۆکردن لەگەڵ بکوژێکێش بۆئەوەی رێگریی لەوەبکات بگاتە قوربانییەکەی، لای ئەم فەیلەسوفە دروست نییە. بێگومان چون بۆ هەڵبژاردنیش مانای ئەوە نییە کە کەسی دەنگدەر کارێکی نادروستدەکات، چونکە هەوەکو چۆن بایکۆت مافە، ئاوهاش دەنگدان مافە و دەشێت کەسی دەنگدەر بڕوا و متمانەی بەو کەس و حیزبانە هەبێت کە دەنگیان دەداتێ. کێشەی بنەڕەتی هەڵبژاردن لە وڵاتی ئێمەدا تەنها لەوەدا نییە کە پەیمانی زۆر دەدرێت و کەمترینیان جێبەجێدەکرێت، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە مەسافەیەک لە نێوان فشەکردن و درۆکردندا نامێنێتەوە. فشەکردن دێوێکی فوکاهیی هەیە و دەشێت ڕۆڵی تەنفیسی کۆمەڵایەتیی بگێڕێت و خەڵک بهێنێتە پێکەنین، بەڵام درۆکردن تەنها نائومێدیی و خەندەی تاڵ بەرهەمدەهێنێت.

بە بۆچوونی من ساڵانێکە سیاسەتمەدارانی هەرێم لەوەکەوتوون نوێنەری گەلەکەیان بن، بەڵکو نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو درۆیانەن کە بۆ هاونیشتیمانیانی بەرهەمدەهێنن. لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا سیاسەت ئەو دۆخە مەترسییدار و ناشرینەی بەرهەمهێناوە کە دەڵێت؛ گەر درۆیەک بەردەوام دووبارەبکەیتەوە نابێت بە حەقیقەت، بەڵکو دەبێت بە سیاسەت. ساڵانێکی درێژە سیاسەت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کار بەو تێزەی ماکیاڤێلی دەکات کە دەڵێت؛ ئینسانەکان حەزبەوەناکەن درۆیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام کەسی هەڵخەڵەتێنەر هەمیشە ئەوانە دەدۆزێتەوە کە رێگە بە هەڵخەڵەتاندنیان دەدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand