خاڵی هێزو لاوازی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردن
2021-10-04 13:24:20
راپۆرت: درەو
بەشی شەشەم
ساڵی 2018 لە دوو هەڵبژاردندا دوچاری شكستێكی گەورە بوو، یەكەمین حزبی سیاسی بوو بەبێ بەهانە هێنانەوە دان بە شكستەكەیدا بنێت، بەوهۆیەوە بەر لە شەش مانگ لەوادەی خۆی كۆنگرەی بەست، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەكەمین تاقیكردنەوەیە لەبەردەم دەرەنجامەكانی كۆنگرەی هەشتی یەكگرتووی ئیسلامیدا، (درەو) لەم راپۆرتەدا خاڵی هێزو لاوازی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە، تا رۆژی هەڵبژاردن، رۆژانە هەرجارەو بە راپۆرتێك دۆخی حزبە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكرێتەوە.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە رۆژی 6/2/1994 دامەزراوە، ئەمیندارەكەی (سەڵاحەدین محەمەد بەهادین)ە، جگە لە (4) ساڵی ئەمیندارێتی محەمەد فەرەج، لەسەرەتاوەی دامەزراندنی یەكگرتووەوە ئەمینداری حزبەكەیە، واتە سەلاحەدین محەمەد بەهادین ماوەی ئەمیندارێتی یەكگرتووە لەلایەن سەڵاحەدین محەمەد بەهادینەوە (23) ساڵە كەسی یەكەمی ئەم حزبەیە.
لەدواین دوو هەڵبژاردندا كە لە عێراقو هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكگرتوو لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە گورزی گەورەی بەركەوت، لە هەڵبژاردنی هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا یەكگرتوو رێژەی 50%ی كورسییەكانی لەدەستداو رێژەی كورسییەكانی لە (10) كورسییەوە بۆ (5) كورسی ئەم خولەی پەرلەمان دابەزی.
هەمان ساڵ واتە 2018 لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، یەكگرتوو (2) كاندیدی سەركەوتن بۆ پەرلەمان، بەڵام بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عێراق رێژەی دەنگەكانی لە (192 هەزار) دەنگەوە بۆ (98 هەزار) دەنگ دابەزی، واتە دەنگەكانی بەرێژەی 49% كەمی كرد.
دوای ئەو شكستانەی كە لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو پەرلەمانی عێراق لە 2018دا توشی بوو، یەكگرتووە وەكو یەكەمین پارتی سیاسی هەرێمی كوردستان دانی نا بە شكستی خۆیداو بڕیاریدا كۆنگرەی خۆی بەهۆی ئەم شكستەوە بۆ شەش مانگ لە وادەی دیاریكراوی خۆی پێش بخات.
یەكگرتوو كۆتا رۆژەكانی مانگی كانونی یەكەمی 2019 كۆنگرەی هەشتەمی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا جارێكی تر سەلاحەدین محەمەد بەهادین وەكو ئەمینداری حزبەكە هەڵبژێردرایەوە، هەندێك گۆڕانكارییان لە پەیكەری حزبەكەدا كرا، بەڵام دەستكاریی پرسە جێ مشتومڕە بنەڕەتییەكان نەكرا، بەتایبەتیش جیاكردنەوەی سیاسەت بوو لە بانگەوازی ئاینیی.
هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق یەكەمین تاقیكردنەوەیە بۆ ئەنجامەكانی كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو.
خاڵە لاوازەكانی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردن:
• سەرباری ئەو شكستە گەورانەی لە دوو هەڵبژاردنی رابردووی عێراقو كوردستاندا توشی بووە، كەمپەینی بانگەشەی ئەم حزبە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هیچ ئاماژەیەكی بۆ هەستانەوەو گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشتری یەكگرتوو تێدا بەدی ناكرێت.
• سیستمی نوێی هەڵبژاردن لە عێراق كە فرەبازنەیی تەواوەتییە، هاوشێوەی هەموو پارتە بچوكەكانی تر لە بەرژەوەندی یەكگرتوودا نییەو دەنگەكانی دابەش دەكات بەسەر بازنە جیاوازەكانی هەڵبژاردندا، ئەمەش وادەكات ژمارەیەكی زۆری دەنگی ئەم حزبە لە كێبركێی بازنەكاندا بفەوتێت.
• یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام رادیكاڵ نییە، ئەمە وایكردووە لەبەرامبەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر بەتایبەتیش جوڵانەوەی نەوەی نوێو كۆمەڵی دادگەریی كەمتر نەخشو كاریگەریی ئۆپۆزسیۆنبوون لەلای دەنگدەران بەجێبهێڵێت، سیاسەتی یەكگرتوو لەدوای دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنەوە، جۆرێك لە سەرلێشێوانی پێوە دیارە، ئەم حزبە پێگەی خۆی لەناو گەمە سیاسییەكاندا نادۆزێتەوە، هەمیشە چاوەڕێی تەواوبونی یاری ئەوانی تر دەكات، لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار لەسەر رۆڵی خۆی دەدات.
• لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لە ساڵی 2003، یەكگرتوو لەنێوان پرسی نێودەوڵەتیبوونو نەتەوەیبووندا قەتیس ماوە، لەدوای روخانی رژێمەوە تاڕادەیەك پشتی لە بازنە جیهانییەكەی رەوتی ئیخوان موسلیمین كردووەو وەكو رەوتێكی نەتەوەیی دەردەكەوێت، پاڵپشتی بەهێزی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كرد، بەڵام پارتی بوو بە ئاڵاهەڵگریی پرسی نەتەوەییو هیچ دەستكەوتێكی لەناو نەتەوەخوازەكانی كوردستاندا نەچنییەوە، بەمدواییانە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆسەر ریشەی فیكری خۆیو بچێتەوە ناو بازنە ئیخوانییەكەی، بەتایبەتیش بەپێچەوانەی دوو كۆنگرەی پێشتری خۆیەوە، لە كۆنگرەی هەشتەمدا پرسی نەتەوەیی كەمڕەنگ تر دەركەوت، بەمدواییەش لە پرسی كێشەكانی تونسدا ئەمینداری حزبەكە بەیاننامەی بڵاوكردەوەو پشتیوانی خۆی بۆ ئیخوان موسلیمن راگەیاند.
• لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، یەكگرتوو پەیوەندییەكانی لاواز بووە، ئەم حزبە كە رۆژگارێك پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ توركیا هەبوو، ئێستا پارتی شوێنەكەی گرتوەتەوە، لەگەڵ ئێرانیشدا لەدوای ریفراندۆمەوە پەیوەندییەكانی ساردو سڕی تێكەوت، بەڵام بەمدواییە یەكگرتوو هەوڵی چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی دەدات، ئەمینداری یەكگرتوو یەكەمین سەركردەی پارتێكی سیاسی هەرێمی كوردستان بوو كە پرسەنامەی بۆ كوژرانی قاسمی سولەیمانی ئاڕاستەی ئێران كرد.
• لاوازی گوتاری میدیایی یەكگرتوو بەبەراورد بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر، ئەمە لە حاڵێكدایە كە زۆرینەی ئەو میدیاكارانەی ئێستا میدیای لایەنە سیاسییەكانی تر بەرێوەدەبەن، لە كارگەكەی یەكگرتووەوە بەرهەمهێنراون.
• یەكگرتوو لەسەرەتای دامەزراندنییەوە خاوەنی تۆڕێكی رێكخستنی بەهێز بوو كە كاری لەسەر خێزان دەكرد، ئەم ساڵانەی دوایی لەم بوارەشدا پاشەكشەی كردووە.
• لەڕووی ئابوریو سەرچاوەی داراییەوە دوای (27) ساڵ تەمەن، هێشتا نەیتوانیوە ئابورییەكی خۆبەڕێوەبەر دروستبكات، لەسەرەتای درووستبونییەوە یەكگرتوو سودی لە كۆمەكی رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتانی دەرەوە وەردەگرت، لەدوای راگەیاندنی جیهانی "شەری تیرۆر"ەوە، زۆرێك لەو سەرچاوە داراییانەی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی سەختی حەواڵەی دارایی رێكخراوە ئیسلامییەكانەوە، كۆكردنەوەی ئابونەوە لە كادرانی حزب، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی یەكگرتوو بووە، ئەم سەرچاوەیەش ئێستا لاواز بووە.
• یەكلانەبوونەوەی سیاسەتی یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتیو پارتی وەك دوو لایەنی دەسەڵاتدار، نەبوونی میكانیزمێكی روون بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵیو پرسی چاكسازیكردن، بەجۆرێك وای لێهاتووە ئێستا خەڵكو دەنگدەر چاوەڕێی هیچ موفاجەئەیەكی سیاسی لە یەكگرتوو ناكات، ئەم حزبە بەردەوام لە خەمی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیو سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆدایە، هەمیشە لەبری ململانێكردن لەگەڵ ئەم دوو هێزە، هەوڵی نێوەندگیریكردنی لەنێوانیاندا هەڵبژاردووە، لەدواین كۆنگرەدا سەلاحەدین محەمەد بەهادین وتی:" واقیعە كوردییەكەمان باش نەخوێندوەتەوە".
خاڵە بەهێزەكانی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردن:
• سەرباری پاشەكشێكان، هێشتا بەبەراورد بە پارتە سیاسییەكانی تر، خاوەنی رێكخستنێكی تۆكمەیە، لایەنگران و ئەندامانی گوێڕایەڵی پرەنسیپە حیزبیەكانن.
• ئایدیۆلوژیای ئایینی وەك پرەنسیپی حیزبی كە ئەمەش هەست و سۆزی هاوڵاتیانی موسڵمان بەلای خۆیدا رادەكێشێت و خاوەنی چەندین بانگخوازی بەناوبانگە كە دەنگی زۆر بۆ ئەو حیزبە كۆدەكەنەوە.
• پارێزگای دهۆك بوەتە گرێكوێرەی هەڵبژاردنی زۆرێك لە حیزبەكانی كوردستان، بەڵام یەكگرتوو توانیویەتی ئەو گرێیە بكاتەوە و ناوچەگەرێتی تێپەڕاندووە، چەند دەنگی لە سلێمانی هەیە ئەوەندەش لە بادینان، تاكە حیزبە ئەو هاوسەنگییەی راگرتووەو چاوەڕێ دەكات لەم هەڵبژاردنەدا كاندیدەكەی لە دهۆك سەركەوێت.
• تاكە حزبە كە هەڵگری پاشگری "ئیسلامی" بێتو بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكات لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش دوای ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی ناوی خۆی گۆڕیو پاشگری ئیسلامی لێكردەوە هەروەها بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد، دەكرا سود لەم پاشگرە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن وەربگرێت، بەڵام تائێستا دەستی بۆ نەبردووە، بەتایبەتیش كە ململانێ گەورەكەی یەكگرتوو لە بازنەی (3) دایە لە پارێزگای هەڵەبجە لەبەرامبەر كۆمەڵی دادگەریی كوردستان.
• سەرباری ئەوەی لە چەندین كابینەی حكومیدا لە هەرێمی كوردستان بەشداربووە، بەڵام بەرپرسەكانی ئەم حزبە لە پۆستە حكومییەكان، لە گەندەڵی گەورە تێوەنەگلاون.
هەڵبژاردنو كاریگەیی
تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر، هێشتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ساردو سڕە.
بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵێك بابەت هەن كە لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاریگەرییان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردنی دەنگدەران لە پرۆسەكە هەروەها لایەنە سیاسییەكان دروستكردووە، لەوانە:
• تێكچونەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمو سەپاندنی لێبڕینی موچە بەسەر فەرمانبەراندا لە كابینەی نۆیەمدا كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە.
• دروستبوونی كێشە بۆ پشكی هەرێمو موچەی فەرمانبەران لە بەغداد، كە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی لەرزۆكی تری نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەنددا كێشەیە بۆ ساڵێكی دارایی (2021) چارەسەركرا.
• نەبوونی كێبركێی بەهێز لەنێوان لایەنەكاندا، پارتی بەتەنیاو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانیش پێكەوە بە یەك هاوپەیمانێتی چونەتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمانە هەمویان پێكەوە لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاوبەشی یەكترنو دەنگدەر وەكو هێزی ركابەری یەكتر تەماشایان ناكات.
• لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی- جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی- بزوتنەوەی ئیسلامی)و لایەنەكانی تر، هەریەكەیان بەجیا چونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنو نەیانتوانیوە هێزێكی یەكگرتووی بەهێز لەبەرامبەر حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن دروست بكەنو كاریگەری بەهێز لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن دروست بكەن.
• سیستمی نوێی هەڵبژاردن كە لەدوای روخانی سەددامەوە بۆ یەكەمینجارە تاقیدەكرێتەوەو شێوەی فرەبازنەیی تەواوەتییە، كاریگەری لەسەر كەمپەینی هەڵبژاردن دروستكردووە، كێبركێی لایەنەكانی لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ناو بازنەكانی هەڵبژاردن بچوككردوەتەوە.