راپۆرتی: درەو دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژی بەسەر ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، تائێستا هیچ ئاسۆیەك بەدیناكرێت ئاماژە بە كۆتایی یان چارەسەری ئەو قەیرانە بكات كە لەدوای ڕەتكردنەوەی ناوبراو سەریهەڵداوە لەلایەن هەندێك لەهێزە شیعییە دیارەكانەوە، كە بەهێزە نزیكەكان لە ئێران ناودەبرێن. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان (زورفی) لەڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوەوە گفتوگۆكانی بەشێوەیەكی نافەرمی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەستپێكردووە. ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقییەوە بڵاویكردووتەوە، خەمی ژمارە یەكی (زورفی) لەئێستادا كردنەوەی هێلێكی پەیوەندییە لەگەڵ ئەو لایەنانەی بەتوندی ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە. بەوتەی سەرچاوەكە، (زورفی) چاوەڕوانی نەكردووە بەوشێوەیە ڕەتبكرێتەوە لەكاتێكدا پەرلەمانتاری سەربە كوتلە شیعییەكان ئامادەی ڕێوڕەسمی ڕاسپادنی بوونو، بەشێكیشیان سەر بەو كوتلانەن كە ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە. كۆبونەوەیەكی بێئەنجام بەگوێرەی ئەو زانایارییانەی میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، لە كۆبونەوەكەی شەوی پێنج شەممەی ڕابردوودا كە " هادی عامریو نوری مالیكیو عەمار حەكیمو فالح فەیازو نوێنەری عەسائیب" سەركردە دیارەكانی بەرەی ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنی (زورفی) ئامادەیبوون، بڕیاریانداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكو ناردنی بۆ لای (بەرهەم ساڵح) بەرفەرمی ڕەتكردنەوەی زروفی پێڕابگەیننو لەبری ئەو داوای ڕاسپاردنی كاندێكی تری لێبكەن. تائێستا هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لەلایەن ئامادەبوونی كۆبونەوەكەوە بڵاونەكراوتەوە كە ئاخۆ گەیشتوونەتە چی ئەنجامێك. بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكۆبونەوەكە كە بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"قسەیكردووە: ناكۆكیو شڵەژان باڵی كێشاوە بەسەر كۆبونەوەكەدا، لایەنەكان نەیانتوانیوە هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوەو كۆتایی گەڵاڵە بكەن، وێڕایی ئەوەی سەرجەمیان ڕاسپاردنەكە ڕەتدەكەنەوە. بەگوێرەی سەرچاوەكە، گفتوگۆی ئامادەبووان زیاتر تەركیزی لەسەر فراوانكردنی بنكەی ڕەتكردنەوەی (زورفی)بووە، لەڕێی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی كۆدەنگی ناوماڵی شیعە بۆ ڕەتكردنەوەی ناوبراو و، دروستكردنی فشار لەسەر كوتلەكانی تر تا پشپیتوانی خۆیان بكشێننەوە، بەتایبەت ڕەوتی سەدر. سەدرییەكان گەشبینن بە تێپەڕاندنی (حاكم زاملی) سەركرد لەڕەوتی سەدر لەلێدوانێكدا بۆ سایتی"بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاندووە:" عەدنان زورفی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لەدۆخێكی قورسدایە، ناكۆكی سیاسیو جیاوازی هەیە لەسەر ڕاسپاردنی، هەندێك لەو ڕەتكردنەوانە فشارە بۆ بەدەستهێنانی هەندێك لەوەزارەتەكانو پۆست لە حكومەتی نوێدا". ناوبراو پێشیوایە:"ئەركی زورفی ئاسانتر دەبێت لەئەركی محەمەد تۆفیق عەلاوی، بەهۆی پشتیوانیكردنی لەلایەن گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەكانو پشتیوانی دەرەكی". (زاملی) دەشڵێت: هەندێك لە كوتلە شیعیو سوننیو كوردییەكان پشتیوانی دەكەن، لەبەر ئەوە (زورفی) پێویستی بە هەندێك لەسازانە لەگەڵ كوتلە نەیارەكان، ئەوەش وادەكات ئەگەری تێپەڕاندنی حكومەتەكەی لەپەرلەمان چاوەڕوان كراوبێت. ئاگایانی دۆخی عێراق بەقورسی دەزانن سوننەو كورد بچنە ناو حكومەتێكی كێشەو قەیراناوی، لایەنە شیعییەكان چۆن نەیانتوانی بەبێ كوردو سوننە (عەلاوی) تێپەڕنن لەپەرلەمان، بەهەمان شێوە كوردو سوننەش ناتوانن بەبێ كۆدەنگی یان لایەنی كەم ڕەزامەندی زۆرینەی هێزە شیعییەكان هەوڵی تێپەڕاندنی حكومەتی زورفی بدەن. ڕەنگە تاكە دەرفەتی بەردەم (زورفی) هەوڵدان بێت بۆ یەكلاكردنەوەی دۆخی خۆی لەناو ماڵی شیعە پێشئەوەی لەگەڵ كوردو سوننە هەوڵی لێكگەیشتن بدات. ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" لەدرێژەی زانیارییەكاندا بڵاویكردووەتەوە: هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی (عەدنان زورفی) بە كاندیدێكی "تەسویە" بۆ ڕازیكردنی لایەنەكان، كە ئەویش كاندیدی پێشوو (نەعیم سوهەیل)ەو، سەرۆك كۆماری عێراق هێندەی نەمابوو كاندیدی بكات ئەگەر لە دوا ساتەكاندا ناكۆكی نەكەوتایەتە نێوان سەركردەكانی شیعەوە. شەڕی مالیكیو عەبادی زیندوكردووتەوە لەكاتێكدا ئیئتلافی نەسر كە لەلایەن (حەیدەر عەبادی)یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت دەڵێت: (زورفی) كاندیدی سەرۆك كۆمارە دوای ئەوەی ڕەزامەندی بەشێك لەهێزە شیعییەكانو پەرلەمانتارانی كوتلە جیاوازەكانی بەدەستهێناوە. دەوڵەتی یاسا كە (نوری مالیكی) سەرۆكایەتی دەكات، ئاماژە بە لیستێك دەكات بەناوی 170 پەرلەمانتاری شیعەوە كە كاندیدكردنی (زورفی)ڕەتدەكەنەوە. (بەها نوری) وتەبێژی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: كوتلە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانی بونیاتنان، هاوكات كوتلەی حیكمەش لەكۆبونەوەی دوو ڕۆژی ڕابردوویاندا بەفەرمی هەڵوێستی خۆیان لە كاندیدكردنی (زورفی) ڕاگەیاندووەو ناوبراو ڕەتدەكەنەوە. ڕاشیگەیاندووە: سەرۆك كۆمار پێشیلی دەستوری كردووەو وڵاتی خستووەتە ناو قەیرانێكی نوێ لەبر ئەوەی پارێزەری یاساو دەستور بێت. تەئكیدیشی كردووە، كوتلەی بونیاتنان كە ژمارەی پەرلەمانتارەكانی 170 كەس زیاترە لەكۆی 329 پەرلەمانتار، كاندیدكردنی (زورفی) ڕەتدەكەنەوەو، بەشداری حكومەتی داهاتووش ناكەن تەنانەت ئەگەر متمانەی پەرلەمانیش بەدەستبهێنێت.
ئامادەكردنی: پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەددین ستراتیژی هەرێم خۆشبەختانە هێشتا هەرێمی كوردستان لە پێگەی یەكەمی رێگرتنە لە پەتای كۆرۆنا و رێگەی نەداوە گوڕ بستێنێ و لەكۆنترۆڵ دەربچێ. ستراتیژی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاكە تاوەکو ئێستا ئەوە بووە كە رێگە لە هاتنەژوورەوەی بگرێ و دواتریش كە هاتە ناوەوە، رێگە لە تەشەنەكردنی بگرێت. پێویستە ئەو رێكارانە هەتا ماوەی چەند مانگێك بەردەوام بن، چونكە ڤایرۆسەكە هێشتا لە دەورەبەری هەرێم و وڵاتانی جیهان لە تەشەنەكردندایە. هەر كاتێكی هەرێم و خەڵكی هەرێم لەپابەندبوون بەو ستراتیژە خاو ببنەوە یان كۆڵ بدەن، ئەوا پەتاكە لەناكاو دەگاتە رادەی مەترسیدار. لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە پەتایەكە تێیاندا خەریكی تەشەنەكردنە، هەوڵدراوە خێرایی تەشەنەكردنەكە كەمبكەنەوە و لووتكەی لێشاوی پەتاكە دوا بخەن، واتە لوتكەی كێرڤەكە پان بكەنەوە (سەیری وێنەكە بكە)، تاوەكو دەرفەت بدەنە سیستەمی تەندروستییەكەیان بە چارەسەری نەخۆشەكان رابگات. لەو نێوەشدا گرنگی زیاتریان بە بەرزكردنەوەی توانای سیستەمی تەندروستییان داوە. هەڵبەتە ئەو جۆرە ستراتیژە لە ئایندەدا بۆ هەرێمی كوردستانیش پێویست دەبێ چونكە لە دەرەنجامدا ڤایرۆسەكە هەر دزە دەكات، بەڵام هەتا درەنگتر بێ ئەوا باشترە. بەداخەوە ئەو جۆرە ئەركە قورسە بۆ ئەو ماوە درێژە خەڵك و حكومەت تووشی ماندووبوونی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دەكات، بەڵام چارەش نییە، چونكە بۆ هەرێم تاكە رێگەی بەردەوامبوونە. شاراوە نییە كە سیستەمی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لەو ئاستەدا نییە كە بەرگەی لێشاوێكی لەناكاوی نەخۆشی تووند یان كوشندە بگرێت، نە لە ئێستا و نە لە ئاییندە. بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵكی هەرێمی کوردستان لە رێكارەكانی ئێستایاندا بەردەوام بن و بە پێی توانا و بۆ ماوەیەكی زۆر درێژ (چەند مانگێك) رێگە لە هاتنە ناوەوە و تەشەنەكردن بگرن. رێژەی چاكبوونەوە ئامارە بڵاوكراوەكان لە زۆربەی راپۆرتە پزیشكییەكان باس لەو نەخۆشانە دەكەن كە لە نەخۆشخانەكان خەوێندراون، نەك ئەوانەی لە ماڵەوەن و نەخۆشییەكەیان سووكە یان لەبنەڕەتەوە لە مرۆڤەكەدا بەدەر نەكەوتووە. دیارە جیاوازی نێوان خەڵك گەلێك زۆرە، جا هەر لە رۆژی توشبوونەوە هەتا دوا دەرەنجامی نەخۆشیەكە جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە. بۆ نموونە: لەو كاتەی كە ڤایرۆسەكە دەگاتە لەشی كەسێكی ساخ، دوای چوار یان پێنج رۆژ نیشانە سەرەتاییەكان سەر هەڵدەدەن، بەڵام لە هەندێ كەسدا دوای دوو رۆژ و لە هەندێكی دیكە دوای دوو هەفتە بەدەردەكەون. ئەوەشە نهێنی ئەو دوو هەفتە كەرەنتینەی كە لە ئێستادا جێبەجێ دەكرێ. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، نەخۆشەكان هەست بە بێتاقەتی و تا و كۆكە دەكەن. هەندێكیان تەنگەنەفەسی، گەروو كەوتن، بەڵغەم و هێڵنج و سكچوویی تووش دەبن پێش ئەوەی تووشی هەوی سیپەلاك و بۆڕیەكانی هەناسە ببن. هیچ كام لەو نیشانانە لە سەدا سەدی خەڵك رووی نەداوە. درێژەی نەخۆشییەكە و قورسییەكەی و قۆناخی چاكبوونەوەش دیسانەوە جیاوازن. هەیانە چەند رۆژێك دوای نەخۆشكەوتن چاك دەبنەوە و لە هەندێكیشیان دوو تاوەکو سێ هەفتە دەخایەنێ. بە واتایەكی دیكە، جیاوازییەكان بێ سنوورن لەنێوان خەڵك. ئەو جیاوازییانەش دەگەڕێنەوە بۆ جیاوازی تەمەن و ئاستی تەندروستی و ئاستی بەرگری لەشی نەخۆش، ژمارەی (جورعەی) ئەو ڤایرۆسانەی دەچنە لەشەوە، بارودۆخی نەخۆش، یان چۆنیێتی مامەڵەكردنی نەخۆشەكە لەگەڵ نەخۆشییەكەی و ئاستی خزمەتە پزیشكییەكەی دەستی دەكەوێ. بە شێوەیەكی گشتی، لەو رۆژەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەچێتە لەشی مرۆڤەوە، لە سەرەتادا بە خێرایی گەشە دەكات و تەشەنە دەكات و نیشانەكانی نەخۆش لە مرۆڤەكە سەرهەڵدەدات. دواتر كە بەرگری لەش دێت بەسەر نەخۆشیەكەدا زاڵ ببێت، ئەوا ژمارەی ڤایرۆسەكان روو لە كەمبوون دەكەن. لە دوای هەڵسانەوە و چاكبوونەوە هەتا چەند رۆژێك لیكاوی دەم و بەرغەم و پیسایی هەناوی نەخۆشەكە ڤایرۆس هەڵدەڕێژێتە دەوروبەر، بەڵام دوای ئەوە، نەخۆشەكە بە تەواوی چاك دەبێتەوە و بەرگری لە دژی ڤایرۆسەكە پەیدا دەكات و دەگەڕێتەوە ژیانی ئاسایی. ئیتر ئەو كەسە چیتر هەڕەشە نییە بۆ كۆمەڵگە و نابێتە سەرچاوەی بڵاوكردنەوەی ڤایرۆس. بە پێچەوانەوە، ئەوانە ئازادن و باشترین كەسن كە رێگەیان پێبدرێت تێكەڵاوی خەڵك بن، كار بكەن یان خزمەتی نەخۆشی نوێ بكەن. ئەوانەی كە بە تووندی دەیگرن كێن؟ دوای شیكردنەوەی زیاتر لە 44 هەزار نەخۆشی چینی، ئامارەكانی كە لە مانگی شوبات بڵاوكرانەوە (لە لایەن CDC ئەمەریكی پوختەكراون) وای دەگەیەنن كە: – زیاتر لە سێچارەگی نەخۆشەكان تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵیەوە بوو، وە تەنیا سەدا دوویان لە ژێرەوەی 20 ساڵیدا بوون – لەوانە، نزیكەی یەك لە پێنج كەس بە تووندی نەخۆشیەكەی گرت و پێویستی بە نەخۆشخانە بوو – لەنێو ئەوانیشدا، دەوروبەری چارەگێكیكان (%30-20) پێویستی بە چارەسەری چڕ (ئینعاش) هەبوو – لەنێو ئەوانیشدا نیوەیان چاكبوونەوە بە شێوەیەكی گشتی، رێژەی چاكبوونەوە و مردن لەو كەسانەی كە بە تووندی نەخۆشییەكەیان گرت بەپێی تەمەنی نەخۆش و ئاستی تەندروستی (نەخۆشی پێشوەختە) جیاواز بوو. ئەو دوو خشتەیە پوختەی كۆمەڵێك بڵاوكراوەی وڵاتی چینن (مانگی شوبات): ئەو دوو خشتەیە هەر بۆ تێگەیشتنە، ئەگینا رێژەكان لە بەپێی شوێن و كات و وڵات و جۆری توێژینەوەكان دەگۆڕین. ئامار و ئەزموونی وڵاتی چین و ئێران، ئیتاڵیا و بەریتانیا و ئەمەریكیا زۆر لێك جیاوزن. خۆ پاراستن لەناو ماڵ مایەی خۆشحاڵییە كە هاووڵاتیان و كۆمەڵگەی هەرێم ئاستی هۆشیارییان سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و رادەی پابەندبوونیان بە رێنماییەكان تەندروستییەكان زۆر بەرزبووەتەوە، ئەوەش هاوكاری حكومەتی كردووە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان. هاوكات خەڵك زیاتر لە جاران بیر لە پاكوخاوێنی و خۆپاراستن دەكەنەوە، كە لە هەڵسوكەوتی رۆژانەیان رەنگی داوەتەوە، بەڵام گرنگە كە رێكارەكانیان لەسەر بنەمای زانستی بن و بە پێی پێویست بن، بەبێ ئەوەی بگەنە رادەی وەسواسێتی یان رەفتاری هەڵە تێكەڵ بە هی راست بكرێ. – خێزان لە ماڵەوە: پێویستە ماڵ و كەلوپەل و خواردن بە گشتی بە پاكوخاوێنی رابگیردرێ، هەروەك رۆژانی ئاسایی، لەوە زیاتر پێویست نییە. – دوای گەڕانەوە بۆ ماڵ، دەستشوشتن بەبێ دواكەوتن زۆر گرنگە. ئەو شتومەكانەی لە دەرەوە هاتوون، بە پێی توانا خاوێن بكرێنەوە و ئەوەی شوشتنی بووێ بشۆردرێت. – پێویستە جلوبەرگی دەرەوە لەگەڵ هی ناوماڵ جیاواز بن، بەڵام پێویست ناكات جلوبەرگی دەرەوە زوو زوو بشۆردرێن، چونكە هەڵواسینیان شەو تا بەیانی (بۆ 12 سەعات) بە ووشكی لە كەنتۆردا بەسە بۆ ئەوەی هەر ڤایرۆسێكی لەسەر نیشتبێ بمرێ. – هەڵبەتە، ئەندامانی خێزان كە لەگەڵ یەكتر دەژین و هەمیشە تێكەڵ بەیەك دەبن، لە رۆژێكدا بە دەیان جۆر ئاڵوگۆڕی تەماس و هەناسە و كەلوپەلی ناوماڵ دەكەن، بۆیە زۆر زەحمەتە (بگرە مەحاڵە) بتوانن خۆیان لە یەكتر بپارێزن. خۆ ئەگەر یەكێكیان ڤایرۆسی تووشبوو ئەوا زەحمەتە ئەوانی دیكە لێی بپارێزرێن. بۆیە دەبێ زیاتر تەركیزی خێزان لەسەر ئەوە بێ كە ڤایرۆس لە دەرەوە نەیەتە ناو ماڵ. واتە، ئەگەر كەسی دیكە نەهاتە ناو ماڵ و خاوەنماڵیش نەچووە دەرەوە ئەوا پێویست ناكات بە زیادەوە ماڵ پاك بكرێتەوە وەیان هەر جارێك ئەندامانی خێزان دەستیان بەیەكتر كەوت دەست بشۆن. – كە سەردانی ماڵێك دەكەیت، باشترە بێ تەوقەكردن و بە دووە پەرێزیەوە لەگەڵ یەكتر دانیشن، وە بە زیادەوە خۆت لە ئەندامە پیر و نەخۆشەكانی خێزانەكە بپارێزی بۆ ئەوەی بیانپارێزی. هاوكات، پێویستە كەمترین كات لەو ماڵە بمێنیەوە و بە پێی توانا لە هەوای كراوە دانیشن یان لەكاتی دانیشتن لەناو ماڵدا دەرگە و پەنجەرەكان بۆ هەواگۆڕكێ بكەنەوە. – كە میوان رۆیشت، باشترە هەر كەلوپەلێكی دەستی پێكەوەتووە وەیان بەكاری هێناوە (كورسی و مێز و دەسكی دەرگا و قاپ و كەوچك هتد)، بسڕدرێتەوە یان بشۆردرێت. دوای ئەوە، بابەتەكە لەبیر بكرێت. – شوشتنی جلوبەرگ (بە جلشۆر- غەسالە) و قاپ و قاچاخ (بە شلە و سابوونی ئاسایی) بەسن بۆ ئەوەی لە ڤایرۆس پاك ببنەوە، بۆیە پێویست بە بەكارهێنانی هیچ ماددەیەكی دیكە ناكات. هاوكات دەستشوشتن بە سابوون بەسە بۆ ئەوەی ڤایرۆسی سەر دەست بكوژێ وەیان هەڵیخلیسكێنێ. – مەرج نییە خەڵك هەموو كاتەكەی لە دیوی ژوورەوەی ماڵ بەسەر ببات، بەڵكو دەكرێ پیاسە و وەرزش بەدەوروبەر و باخچە گشتییەكان و دەشت و دەر بكات، بەڵام بەبێ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ خەڵكی دیكە تێكەڵاو ببێ. هەڵبەتە مانەوەی ئەندامانی خێزان لەناو ماڵدا بۆ ماوەی درێژ و نادیار كارێكی ئاسان نییە، بەڵام باجێكی بچووكە لەچاو ئەو باجە مەزنەی كە لە دەرەنجامی بێباكی لەو پەتایە دەدرێ، كە لەوانەیە بە درێژایی تەمەن لەبیر نەكرێ.
راپۆرتی: درەو لەناو قەیرانی دارایی و بارودۆخی ئاڵۆزی كۆرۆنادا شەڕو ململانێی نێوان هاوسەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگاتە ئاستی یەكتر تۆمەتباركردن و تەقینەوە، چەندین فایلی نهێنی سیخوری و گەندەڵی لەسەر یەكدی هەڵدەدەنەوە. لە كاتێكدا شەقام و كوچەو كۆڵانەكان بۆ هاوڵاتیان قەدەغەكراوەو دەرگا بەروی زیاتر لە 5 ملیۆن هاوڵاتی كوردستاندا داخراوە، بەڵام دوو دەزگای هەواڵگری كە لەچوارچێوەی یەك دەزگای فەرمی هەرێمدا بەناوی (ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان)ەوە كاردەكەن، دەرگای ململانێی توند بەروی یەكدیدا دەكەنەوە. دەزگای زانیاری كە راستەوخۆ لەلایەن (لاهور شێخ جەنگی) هاوسەرۆكی یەكێتیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئاساییشی گشتی و دەزگای پاراستن راستەوخۆ لەلایەن (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەرپەرشتی دەكرێت،یەكتری بە سیخور و گەندەڵ و فاشیل تۆمەتبار دەكەن . ئەم ملانێیانە لەسەر كەیسی دەستگیركردنی كەسێكە بەناوی ((رۆژگار رزگار) كە پاسەوانی وەزیری پێشوی دارایی هەرێمی كوردستان (رێباز حەملان) بووەو لە 11ی حوزەیرانی 2019 لە هەولێر دەستگیركراوە، بەپێی زانیاریەكانی (درەو) كەسوكاری ( رۆژگار رزگار كە پلەی مولازمی هەیەو پێشتر شۆفێری د. فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق بووەو لە 2010 ەوە گواستراوەتەوە بۆ لیوای (3)ی كۆسرەت رەسوڵ)، لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی هەوڵی چڕیان هەبووە بۆ ئەوەی كەیسەكە یەكلابكرێتەوە بەڵام دوای ئەوەی بۆیان یەكلانەكرایەوە، بەرهەمی ئەو هەوڵانە تەنها یەك ئەنجامی هەبوو ئەویش دوای زیاتر لە 6 مانگ رێگە بە بینینی كوڕەكەیان دراوەو چەند جارێك لە زیندان بینویانە، دواتر كەسوكارەكەی كەیسەكەیان بۆ رایگشتی ئاشكراكرد. ئەمڕۆ ئاساییشی گشتی هەولێر بەفەرمی كەیسەكەی بۆ رای گشتی ئاشكراكردو لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت: (رۆژگار رزگار لە كاتی ئەركی فەرمی خۆیدا لە ژێر سەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای زانیاری كاری سیخوریی ئەنجامداوە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێكی بیانی لە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان. بە دیاریكراوی تۆمەتباركردنی دەستگیركراوەكە بەوەی لەژێر سەرپەرشتی دەزگای زانیاری یەكێتیدا كاری سیخوری بۆ وڵاتێكی بیانی كردووە، دەزگای زانیاری یەكێتی توڕەكرد كە سەرۆكی ئەو دەزگایە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەبەست لەسیخوڕیكردنی بۆ وڵاتێكی بیانی لە رونكردنەوەكەی ئاساییشی هەولێردا ( ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران)ە، رەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی توڕەبونەكەی دەزگای زانیاریی بێت بەتایبەتیش لە كاتێكدا لە ساڵی 2014 و شەڕی دژ بە داعشدا ئەم دەزگایە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا بۆ درووست بووەو تۆمەتباركردنی بەوەی كە لەگەڵ ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران كار دەكات، زیان بە ناوبانگی دەزگاكە لای كۆماری ئیسلامی ئێران دەگەیەنێت. وەڵامێكی توند لەلایەن دەزگای زانیاریەوە تەنها بە ناوهێنانی دەزگای زانیاری یەكێتی بەسەرپەرشتیكردنی كاری سیخوری، دەزگای زانیاری رونكردنەوەیەكی دوورودرێژی بڵاوكردۆتەوە كە دەستی بۆ چەندین كەیس بردووە كە پێشتر بڵاونەكراتەوە. بەپێی زانیاریەكانی (درەو) ئەم وەڵامدانەوە توندەی دەزگای زانیاری یەكێتی بە رەزامەندی زۆرینەی رەهای سەركردایەتیە نوێیەكەی یەكێتی بووە، لاهور شێخ جەنگی لەدوای هەڵبژاردنیەوە وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی نەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و نەلەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە بەفەرمی پیرۆزبایی لێنەكراوە، تەقینەوەی ناكۆكی لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ سەركردەكانی پارتی سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی دوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، لەوكاتەوە تا ئێستا ئەو پەیوەدیانە بە گرژی و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕن . دەزگای زانیاری یەكێتی لە رونكردنەوەكەیدا تۆمەتەكانی ئاساییشی پارتی رەتدەكاتەوەو چەندین دۆسیەی هەستیاری تری ئاشكراكردووە لەوانە : • (250 ملیۆن) دۆلار لەلایەن كۆمپانیایەكی روسیەوە بە بەرتیل دراوە بە یەكێك لە كوڕەكانی بنەماڵەی سەرۆكی حكومەت. • ئەو شەوەی داعش لە هەولێر نزیك بوەوە سەرۆكی دەزگای زانیاری هاتە هەولێر و دڵنەوایی كاك مەسروری دایەوەو وتی " مەترسن ئێمە پارێزگاریتان لێ دەكەین" • وەكچۆن خودی سەرۆكی حكومەت حكومتێكی فاشیل بەڕێوە دەبات دامو دەزگاكانیشی لە رابردوودا كە سەربە ئەوبون خەڵكانێكی فاشیل بەڕێوەی دەبەن كە هیچ هەشتێكی بەرپرسیارێتیان نیەو تاكە ئینتیمایەك هەیان بێت ئینتیمایە بۆ بنەماڵە. چاوەڕێ دەكرێت كە دەزگای پاراستن و ئاساییشی گشتی پارتی لە وەڵامی راگەیانراوە توندەكەی دەزگای زانیاریدا دانپێدانانی دەستگیركراوەكە بڵاوبكاتەوە، ئەمەش دۆخێكی ئەمنی نوێیە كە رەنگە لەسەروەختی ترسی خەڵكە لە ڤایرۆسی كۆرۆناو قەیرانی دارایی، ترسێكی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان درووست بكات. ئەم دۆخە نوێیە رەنگە سەرەتای بەریەككەوتنی نوێی نێوان پارتی و یەكێتی بێت بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕەوان دەكرا كە لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی یەكێتیەوە پەیوەندییەكان زیاتر بەرەو ئاسایی بونەوە بڕۆن، لەهەموو حاڵەتەكانیشدا رەنگە دەرگای گفتوگۆو ئاشتی نێوان هەردوولا كراوە بێت و هاوشێوەی روداوەكانی پێشتر كە پەیوەندییەكانیان بە چەندین هەورازو نشێویدا تێپەڕیوە هێور بێتەوەو، بەتایبەت لەم بارودۆخەدا هەردولایان پێویستیان بەیەكدی هەیە. دەقی ڕوونکردنەوەکەی ئاساییشی هەولێر: روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی (رۆژگار رزگار محمد )پاسەوانی وەزیری دارایی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. لە کاتی ئەرکی فەرمی خۆیدا لە ژێر سەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای زانیاری کاری سیخوریی ئەنجامداوە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی بیانی لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، وەزارەتی دارایی و خودی وەزیری دارایی ئەو کات. دوای ئەوەی بەڵگەی سەلمێنەر کەوتنە بەردەست، بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و دانی بە تەواوی کارە سیخورییەکانی دانا و تەواوی وردەکاری لە بەردەم دادوەری لێکۆلینەوەدایە. ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ١٩\٣\٢٠٢٠ دەقی رونکردنەوەکەی دەزگای زانیاری: لهپێناو چهواشهكردنی رایگشتی و بۆ داپۆشینی شكستهكانی حكومهت، ئهمڕۆ ١٩ی ٣ی ٢٠٢٠، بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی ههولێر له رونكردنهوهیهكدا، بڵاویكردۆتهوه گوایه كهسێك بهناوی (رۆژگار رزگار محهمهد) لهژێر سهرپهرهشتی دهزگای زانیاری، كاری كردووه بۆ لایهنێكی بیانی! ئێمه لهم بوارانهدا، باش دهزانین كه یهكێتی و (دهزگای زانیاری)، بوختانی وا ههڵناگرێت. ئهم كارانه ئهگهر بكرێن، ئهوا له خودی نوسهرانی رونكردنهوهكهی ئاسایش دهوهشێتهوه. بۆیه نه ئاسایش و نه پاراستنی پارتی، به شایانی وهڵامدانهوه نازانین، چونكه تازه ههموو خهڵكی كوردستانیش شارهزای گوفتار و كرداری نابهجێیانن. بهڵام كهسی یهكهمی حكومهتی ههرێم بهرپرسیاردهكهین لهم پهلامارهی بۆ سهر ناوبانگی دهزگاكهمان، دهستی دراوهتێ. لهبهرئهوهی ناوبراو تا ئێستا و بهنایاسایی سهرپهرشتیاری دهزگاكانی ئاسایش و ههواڵگری ههرێمشه، بهمافی دهزگاكهمانی دهزانین كه راستهوخۆ سكاڵای یاسایی لهسهر ئهم و، ههر كهسێكی تر تۆمار بكهین كه بێ بهڵگهی باوهڕپێكراو، ههوڵی لهكهداركردنی پیرۆزییهكانی گهلهكهمان بدات. بۆ رای گشتی خهڵكی كوردستانیش چهند خاڵێك رادهگهیهنین: ١. ئێمه به ههموو شێوهیهك ناوهڕۆكی رونكردنهوهكهی ئاسایشی ههولێر لهسهر (دهزگای زانیاری) رهتدهكهینهوه. ئهو بابهتهی ئاسایشی ههولێر، درۆ و دهلهسه و پیلان و شهڕی سیاسییه و هیچ ئهسڵ و ئهساسێكی نییه. دهزگای زانیاری نه ئهو كهسه دهناسن و، نه بههیچ لایهنێكی تری ناوخۆیی یان بیانییان ناساندوه و، نهكاری لهوجۆرهشیان لێدهوهشێتهوه. ئهوه ئاسایشهكهی ههولێره كه لهو كارانه شارهزایه. ئهوانن ههمو جارێك، لهكاتی قهیرانێكدا، بابهتێك دروست دهكهن، له ژێر ئهشكهنجه، سیناریۆ و دانپێدانانی جیاجیایان پێ بهرههم دههێنن و، خهڵكی بێ تاوان وهكو تاوانبار دهخهنه سهر تهلهڤزیۆن. لهمهشدا به دووری نازانین، بۆ سهرقاڵكردنی خهڵك و بیربردنهوهی قهیرانی حوكمڕانیی و ههوڵه نهێنییهكان بۆ پاشهكهوتكردنهوهی مووچه، سیناریۆكانی سهردهشت عوسمان و قوربانییهكانی تر، دووباره بكهنهوه. روونكردنهوهی بنهماڵهی (رۆژگار رزگار)یش، كه پاش رونكردنهوهكهی ئاسایش بڵاویان كردۆتهوه، ههمان بۆچوون پشتڕاست دهكاتهوه. ٢. ئاژاسی زانیاری، لهچوارچێوهی (ئاژانسی پاراستن و زانیاری \ زانیاری) ههرێمی كوردستان دا، دهزگایهكی فهرمی ههرێمی كوردستانه و سهر به ئهنجومهنی ئاسایشه، كه خودی مهسرور بارزانی ماوهیهك راستهوخۆ سهرپهرهشتیاری بووه. بۆیه ههر جوڵهیهك كرابێت، دیاره (مهسرور بارزانی) ئاگاداری بووه. ئهگهریش ئاگادار نهبووبێت، ههڵبهت ناوبراو، شایستهی ئهو پۆسته نهبوه و نهیتوانیووه ئاگاداری كاروباری رۆژانهی دامهزراوهكانی بێت. ٣. ئێمه چاوهڕوانی ئهوهمان دهكرد ئاسایشهكهی سهرۆكی حكومهت لهم كاتهدا، لهجیاتی چهواشهكردن، بهدواداچوونی كردبا بۆ ئهو (٢٥٠) ملیۆن دۆلارهی كه قووتی میللهتهكهمانه و لهلایهن كۆمپانیایهكی وزهی روسیاوه، به بهرتیل دراوه به یهكێك له كوڕهكانی بنهماڵهی سهرۆكی حكومهت. لهم دۆخه ناخۆشهدا، كه بهناوی دابهزینی نرخی نهوت و ههڕهشهی ڤایرۆسی كۆرۆناوه لهسهر خهڵكی كوردستان، خهریكه مووچهی مووچهخۆرانمان دهخهنه ژێر ههڕهشهی شهپۆلێكی تری بڕین و برسێتی، پێویستبوو ئاسایشی ههولێر، ناوی ئهو كوڕه ئاشكرا بكات كه (٢٥٠) ملیۆن دۆلار بهرتیلی وهرگرتوه تا غاز و نهوتی كوردستان و ناوچهی دهسهڵاتی ئیدارهی سلێمانی، بۆ كۆمپانیایهكی بیانی ههڕاج بكات. ناوی ئهو كهسهی بهرتیلهكهی وهرگرتوه، لای ئێمه پارێزراوه و، ئهگهر بێدهنگییمان لێ كردوه، بۆ ئهوهیه خهڵكی كوردستان لهمهزیاتر به ههواڵی ناخۆش نیگهران نهكرێن، و دهرفهتێكیش بدرێت به ئاسایشی ههولێر ناوهكه ئاشكرا بكات. لهم كاتی قاتوقڕییهدا، لهجیاتی تۆمهت دروستكردن بۆ (دهزگای زانیاری)، ئهركی ئاسایشی سهرۆكی حكومهته به خهڵكی كوردستان بڵێت ئهو (٢٥٠) ملیۆن دۆلاره لای كێیه. ٤. ئێمه له (دهزگای زانیاری)، لهپێناو پاراستنی ژیانی خهڵكی كوردستان، گوێمان به ههڵوێست و كهمتهرخهمییهكانی ئاسایشی ههولێر نهداوه و، ههركات ههڕهشه و مهترسیمان لهسهر پایتهختی كوردستان درك پێ كردبێت، ئاگادارمان كردوون. بهڵگهمان ههیه كه چهندین جار زانیاری گرنگمان پێداون لهسهر بوونی كردوهی تیرۆریستی و تهقینهوه له ههولێر، و ههموو جارێك بههۆی ئهو زانیارییانه، كه بهشهونخوونیی تێكۆشهرانی (دهزگای زانیاری) بهدهستهاتوون، ههولێر و ئاسایشهكهی پارێزراوه. بهداخهوه، جارێكیش كه هۆشدارییهكهی ئێمهیان لهسهر بوونی كردهوهیهك به ههند وهرنهگرت، كارهسات روویدا. وێڕای ئهم راستیانه، هیچ كات ئاسایشهكهی سهرۆكی حكومهت، ماندونهبوونێكیشی لێ نهكردین. ٥. دهزگای زانیاری له مێژووی درهوشاوهی خۆی دا، سهدان شههید و قوربانیی داوه لهپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامیی خهڵك و ههرێمی كوردستان. لهبیری سهرۆكی حكومهتدا ماوه ئهو شهوهی داعش له ههولێر نزیك بۆوه، سهرۆكی دهزگای زانیاری هاته ههولێر و دڵنهوایی كاك مهسروری دایهوه و وتی "مهترسن ئێمه پارێزگاریتان لێ دهكهین". وهڵامی ئهو پارێزگارییه ئهوه نهبوو، ئێستا تۆمهتمان بۆ دروست بكهن! ٦. بۆ ئاگاداریی خهڵكی بهشهرهفی كوردستان، ههموو كادر و كارمهندانی (دهزگای زانیاری) و (دهزگای دژه تیرۆر)، لهگهڵ بڵاوبونهوهی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بهڕهچاوكردنی پێویستییهكانی ههرێمی كوردستان لهبواری تهندروستی، له مانگی رابردۆوه، نیوهی موچهی خۆیان بهخشیوه به كاری خێرخوازی بۆ بیناكردنی نهخۆشخانه و پێداویستییهكانی و، (رێكخراوی مام)، بێ جیاوازی له ناو ههرێمی كوردستان و كهركوك و ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم، سهرقاڵی دابینكردنی پێداویستییهكانن بۆ خهڵكی كوردستان. ٧. دوای ئهم پهلاماره ناوهخته، ئیتر ئێستا به روونی دهركهوت، كه وهكچۆن خۆدی سهرۆكی حكومهت، حكومهتێكی فاشیل بهڕێوه دهبات، دامودهزگاكانیشی كه لهرابردو سهربهئهو بوون، خهڵكانێكی فاشیل بهڕێوهی دهبهن كه هیچ ههستێكی بهرپرسیارێتییان نییه و تاكه ئینتمایهك كه ههیانبێت تهنها ئینتمایه بۆ بنهماڵه، ئهوانهش كه نهچوونهته ژێر باری بنهماڵه، له بوارهكهی خۆیاندا چهند بهزر و دڵسۆز و شارهزاش بووبن، دووریان خستونهتهوه، كه ئێمه به توندی ئهم رفتار و شێوازی كاركردنه رهتدهكهینهوه و قبوڵی ناكهین. وتهبێژێك بهناوی دهزگای زانیاری ١٩ ی ٣ی ٢٠٢٠.
درەو: غیابی قاسم سولەیمانی بە تەواوی بەناوماڵی شیعەوە دیارە، دوای نزیكەی چوار مانگ لەدەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی نەیانتوانیوە كۆدەنگی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دروستبكەن، پێدەچێت ڕاسپاردنی زروفی_یش لەبری حكومەتێكی نوێ، كۆمەڵێك كێشەی نوێ بخاتە سەر خەرمانی كێشەكانی عێراق. هێزە شیعییەكانی نزیك لەئێران لەكۆبونەوەی ئێوارەی دوێنێ سێشەممەدا، ڕێككەوتن لەسەر ڕەتكردنەوەی هەنگاوەكەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بەڕاسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق. دابەشبوونی ناوماڵی شیعە لەدیارترین كوتلە سیاسییەكانی ئەو سەربازگەیەی زورفی ڕەتدەكەنەوە:" دەوڵەتی یاسا" بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، "هاوپەیمانی فەتح" بەسەرۆكایەتی هادی عامریو، "سادقون" بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی، هاوكات "ڕەوتی حیكمە"ش بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوەو، تێیدا شێوازی ڕاسپاردنەكەی ڕەتكردووەتەوە. بەوتەی شارەزایانی كاروباری عێراق، هەڵوێستی ئەو هێزانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە (بەرهەم ساڵح) پەراوێزی خستوونو پرسو ڕای پێنەكردوون، لەكاتێكدا ئەوان تێبینیان هەیە لەسەر (زروفی)و بەنزیك لە جەمسەری ئەمریكی دەزاننو هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریكیشە. هەڵوێستی نەرێنیشی هەیە لەسەر گروپە چەكدارەكانو داوای هەڵوەشاندنەوەیان دەكات. وێڕای ئەوەی كە بژاردەیەكی ئێرانی نییە ئەوەش هۆكارێكی كافییە بۆ ئەوەی تەواوی ئەو هێزانە ڕەتیبكەنەوە. لەبەرامبەردا، (عەدنان زورفی) لەلایەن هەندێك هێزی گرنگی وەك "هاوپەیمانی سائیرون" بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، "هاوپەیمانی نەسر" بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، وێڕایی هەندێك لەهێزە سوننیو كوردیو كەمینەكان. نەریتی سیاسی شكاند دەرەنگانێكی شەوی ڕابردوو، چوار كوتلەی دیاری پەرلەمانی عێراق كە ئەوانیش:"هاوپەیمانی فەتح، دەوڵەتی یاسا، كوتلەی نەهجی نیشتمانی، كوتلەی گرێبەستی نیشتمانی" بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو تێدا راسپاردنی(زورفی)یان لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ڕەتكردەوەو، ڕایانگەیاند: ئەم ڕاسپاردنە پێشێلی تەواوی سیاقە دەستوریو نەریتە سیاسییەكانی كردووە، ئەوەش لەڕێی ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلەو، دواتر ڕاسپاردنی كاندیدێكی تر بێئەوەی زۆرینەی هێزە پەیوەندیدارەكان ڕەزامەندییان لەسەربێت. بەپێی نەریتی باوی سیاسی لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە لەساڵی 2005دا ئەنجامدرا، هێزە شیعییە سەرەكییەكان كاندیدەكەیان پێشكەش بەسەرۆك كۆمار دەكەنو ئەویش لای خۆیەوە ڕایدەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام بەرهەم ساڵح لەم نەریتە لایداو، پاڵپشت بەدەستور كە مافی كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی دەداتێ، ئەگەر گەورەترین كوتلەی پەرلەمان شكستیهێنا لەدیاریكردنی، لەوەشدا دادگای فیدراڵی باڵای عێراق پشتیوانی هەنگاوەكەی سەرۆك كۆماری كرد. نیساب تەواو نەبووە پەرلەمانتارەكانی "هاوپەیمانی فەتح" تانەیان لەبڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی داوەو بە ناشەرعی دەزانن. نەعیم عەبودی پەرلەمانتاری كوتلەی سادقون لەتویتێكدا دەڵێت: "بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەپێدانی دەسەڵات بەسەرۆكی كۆمار بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیران بەتاڵەو بڕیارێكی نایاساییە، چونكە بە بەشداری (محەمەد ڕەجەب كوبەیسی) وەك ئەندام بڕیارەكە دەكراوە، لەكاتێكدا دادگا ئەندامبوونی ناوبراوی هەڵوەشاندووەتەوە، بەوەش نیسابی دادگا بووە بە 8 ئەندامو نیساب تەواونەبوە، هەر بڕیارێكیش لێوەی دەربچێت بەهەند وەرناگیرێت ". لای خۆیەوە، ڕیاز مەسعودی پەرلەمانتاری "هاوپەیمانی سائیرون" لەدیدارێكی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاندووە: سەرۆك كۆمار پشتیبەستووە بە مادەی 76 لەدەستوری عێراق كاتێك زورفی ڕاسپاردووە. وتیشی: پشتیوانی هاوپەیمانێتییەكەی بۆ زورفی لەپێناو بەدیهێنانی داواكارییەكانی هاوڵاتیانە كە كەسێكی بەتوانای پێویستە بۆ دەستەبەركردنی لەڕێی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە. زورفی لەیەكەم لێدوانیدا بە بۆنەی ڕاسپاردنییەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ بەڵێنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی دا لەماوەی ساڵێكدا لەكاتی پێكهێنانی حكومەتەكەیەوە. دانوستان دەستپێدەكات سەرچاوەیەكی سیاسی نزیك لە (زورفی)بە ڕۆژنامەی ئەلعەربی جەدید_ی ڕاگەیاندووە: ڕۆژی پێنج شەممە زورفی بەچڕی دەست بە گفتوگۆكانی دەكاتو، لەو هێزانەوە دەستپێدەكات كە ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە. ڕەنیشكردووەتەوە، كاردەكات بۆ زامنكردنی زۆرینەیەكی مسۆگەر لەپەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی حكومەتەكەی، بۆ ئەوەی ئەو شكستە دووبارە نەكاتەوە كە بووە هۆی شكستهێنانی محەمەد تۆفیق عەلاوی ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی حكومەت. بەوتەی سەرچاوەكە: ئەركەكەی زورفی ئاسان نابێت، بەهۆی بوونی هێزی كاریگەر كەخاوەن پێگەی گەورەن لەپەرلەمانو ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە. هەروەك سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سوننیو كوردییەكانیش ئەنجامدەدات بە ئامانجی قەناعەت پێكردنیان بە پرۆگرامی حكومەتەكەی. بە بڕوانی بەشێك لەچاودێران، لێكەوتەكانی غیابی قاسم سولەیمانی لەم دۆخە هەستیارەدا بە تەواوی لەناوماڵی شیعەدا ڕەنگیداوەتەوە، دوای نزیكەی چوار مانگ لەدەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی نەیانتوانیوە كۆدەنگی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دروستبكەن، لەكاتێكدا خۆپیشاندانەكانی خەڵكی عێراق لەمانگی شەشەمی نزیكدەبێتەوەو، چەندین كێشەی نوێش عێراقی لەلێواری داڕمانی یەكجاری نزیكردووەتەوە.
راپۆرتی: درەو ئەو پیاوەی كە لە دوێنێوە راسپێردراوە بەپێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق، لەبارەی هەرێمی كوردستان بۆچی تایبەتی خۆی هەیەو پێشتر و بەرلە وەرگرتنی ئەم ئەركە نوێیە گوزارشتی لە بۆچونەكانی كردووە، ئەو گرتنی شاری كەركوك لە16 ئۆكتۆبەردا لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبیەوە بە هەنگاوێكی نیشتمانی ناودەبات، دژی رێكەوتنی نهێنی عادل عەبدولمەهدی بووە لەگەڵ هەرێمی كوردستان. هەندێك لە لایەنە شیعەكان عەدنان زورفی بەدواین حەلقەی ئەو زنجیرە سیناریۆیەی ئەمریكا ناودەبەن كە لە عێراقدا پیادەی دەكات پێیان وایە سەرۆك كۆمار دەستوری پێشێلكردووە لە راسپاردنیدا . لەسەر نەوتو بودجە چی دەڵێت؟ (زورفی) لەمانگی شوباتی ڕابردوودا كۆمەڵێك دیداری تەلەفیزیونی لەگەڵ میدیا عێراقییەكان ئەنجامداوەو، بەشێكی بەدیاریكراوی تایبەت بووە بە قسەكردن لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم_بەغدادو، بودجەو نەوتی هەرێمی كوردستان. (زورفی) لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەو ئامانجانەی هەوڵی بەدیهێنانی دەدات لەو حكومەتەكەی بڕیارە پێكیبهێنێت، باسی لەهەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە. لەگەڵ ئەوەی هەندێك لەپەرلەمانتارە كوردەكانیش لەپەرلەمانی عێراق (زورقی) بەكەسێكی هاوسەنگو واقیعی دەزاننو دەڵێن دژی وابەستەكردنی پرسی بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستان بووە لەململانێكانی نێوان هەرێمو ناوەند، بەڵام لەكۆتایدا ئەو كەسێكی نزیكە لە حەیدەر عەبادیو، دوورنییە ناوبراو كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی دروستنەكات، بەتایبەت كە عەبادی مێژوویەكی هەیە لەململانێكردن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، خەڵكی كوردستانیش بەقورسی باجەكەیانداوە. (زورفی) لەمانگی شوباتی ڕابردوودا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی دیجلە، بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی بۆ جوڵاندنی هێزو گرتنەوەی شاری كەركوك لە16 ئۆكتۆبەر بەبڕیارێكی نیشتمانی وەسفدەكات، دەشڵێت: عەبادی هیچ بەرژوەندییەكی شەخسی نەبووە لەكەركوكو پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیرانی ئێستا هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی پێشخۆی جێبەجێبكات. هەر لەو چاوپێكەوتندا ئاماژەی بەتەواوی ئەو بەدواداچونانەش دەكات كە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر وردەكاری ڕێككەوتنی نەوتی هەرێمو بەغداو بڕی بەرهەهەمێنانی نەوت لەهەرێمی كوردستان كردویەتیو تەئكیددەكات، هەر ڕێككەوتنێكی نهێنی لەنێوان هەرێمو بەغداد لەو بوارەدا بوونی هەبێت قبوڵی ناكەنو لێپێچینەوە لەحكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەكەن. لەچاوپێكەوتنێكی تریشدا لەگەڵ كەناڵی عێراقیە (زورفی) دەڵێت: لە دەسەڵاتێكی ناوەندیی بەهێز دەڕوانین لە چارەسەركردنی پرسەكانی ئاسایشو نەوتداو، هەر ڕێككەوتنێكیش حكومەتی ناوەند لەگەڵ هەرێم ئەنجامی بدات لەدەرەوەی چوارچێوە فەرمییەكان پێشێلكردنی دابەشكردنی سامانی وڵاتەو لەحكومەت دەپێیچینەوە. زورفی و ئەمریكا؟ هەندێك لە لایەنی شیعەكانی عێراق عەدنان زورفی بە دوایین حەلقەی ئەو زنجیرە سیناریۆیانەی ئەمریكا ناو دەبەن لە عێراق و ناوچەكەدا، كە بە پشتیوانی خۆپیشاندان دژ بە عادل عەبدولمەهدی دەستی پێكردو دواتر بە هەوڵی پەرتكردنی لایەنە شیعەكان و رێكنەكەوتنیان لەسەر كاندیدێك، كە دواجار لە رێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆكی كۆماری عێراقەوە، ئەمریكا كاندیدی خۆی دیاریكرد، بەڵام دوا ئاستەنگی بەردەم ئەمریكا پەرلەمانی عێراقە كە لایەنە شیعەكان تیایدا باڵادەستن و ئەگەر بیانەوێت، نایەڵن لەسەر كورسی ئەنجومەنی وەزیران دابنیشێت. لە دوایین پەیامیدا "قەیس خەزعەلی" ئەمینداری گشتی عەسایبی ئەهلی حەق كە ئاراستەی (بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراقی كردووە دەڵێت كەسێكی كاندیدكردووە (عەدنان زورفی) تۆمەتبارە بە گەندەڵی و لەپۆستی پارێزگاری نەجەف لەكارخراوە بەهۆی بەهەدەردانی ماڵی گشتی و قۆرغكردنی پۆستەكەی و خاوەنی دۆسیەیەكی تەواوە لە دەستەی نەزاهە" هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن (هادی عامری)یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت سەرۆك كۆماری عێراق تۆمەتبار دەكەن كە هەنگاوی نایاسایی و نادەستوری ناوەو رەتی دەكەنەوە، هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەكردووە: سەرۆك كۆمار لەلایەك پێشێلی دەستوری كردووەو لەلایەكیش پابەندنەبووە بە سازانی نێوان هێزە سیاسییەكان، بۆیە بەپرسیارێتی تەواوی ئەم هەنگاوە ئیستفزازییە دەخەینە ئەستۆی سەرۆك كۆمارو، هەموو ڕێوشوێنێكیش دەگرینەبەر بۆ ڕێگەگرتن لەو سوكایەتییە بە دەستورو یاسا. زیاد لە پەیامێكی ناردووە وەك دەوترێت دواجار بازەكە لەسەر شانی (عەدنان زورفی) سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی نەسر لەپەرلەمانی عێراق نیشتەوە، بەڵام هێشتا دیارنییە بەشانییەوە دەمێنێتەوە یان هاوشێوەی بازەكەی سەرشانی محەمەد عەلاوی دەفڕێت. (زورفی)لەگەڵ ئەوەی لە دوای 2003وە چەندین پۆستی لەحكومەتە یەك لەداوی یەكەكانی عێراقدا وەرگرتووە بەڵام ناوێكی زۆر دیارنەبووە، پێشبینی ئەوەش نەكراوە ڕۆژێك لەڕۆژان ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت عێراق لە دۆخێكی هەستیاری وەك ئێستادا كە كێشە بەكێشە ئەڵێت بڕۆ ئەولاوە. ئەمە وێنە گشتییەكە لەناوەندە سیاسی و تەنانەت شەقامی عێراقیش، بەڵام پێدەچێت ئەم بۆچوونە بەنیسەبەت (زورفی) خۆیەوە دروست نەبێتو ئەو لەمێژبێت چاوەڕوانی ئەوەی كردبێت بۆ ئەركە ڕابسپێرێت. (زورفی) لەمانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2019داو، لەلاپەرەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك داوای لەسەرۆك كۆماری عێراق كردووە دەرفەت بداتە كاندیدێك لەدەرەوەی ئەو هێزانەی حكومەتی پێشویان پێكهێناوە رابسپێریت، نوسویەتی:" هەموو ئەو كوتلانەی لەپێكهێنانی حكومەتی پێشوودا بەشدارییان كردووە، مافیان نییە لەكاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووو، پێویستە لەسەر سەرۆك كۆمار ڕۆڵی هەبێو دەرفەت بدات بەكاندیدكردنی كەسێكی سەربەخۆ لەو كوتلەیەی كە پاڵشتی شەقامی توڕە دەكاتو، نەبووە بە بەشێك لەو هاوپەیمانێتیەی عەبدولمەهدی هەڵبژارد". لەكۆتا ڕۆژی ساڵی 2019شدا، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە داوایەكی ڕاستەوخۆی ئاراستەی سەرۆك كۆمار كردووەو، داوای لێكردووە كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕابسپێرێت كە هاوشانی داواكاریو لەئاستی قوربانی لاوانو خۆپیشاندەراندا بێت. (عەدنان زورفی) یەكێكە لەسیاسییە چالاكەكان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانو لەسەر زۆرێك لەپرسو پێشهاتەكانی عێراق ڕاشكاوانە بۆچوونی خۆی دەربڕیوە، بەردەوام خۆشی وەك كەسێكی نزیك لە خۆپیشاندەران پیشانداوەو سەرسەختانە بەگری لێكردوون. دژی پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بووە (عەدنان زورفی) لەگەڵ ئەوەی بەوە ناسراوە بەردەوام پشتیوانی خۆپیشاندەرانی كردووەو هێرشی توندی كردووەتە سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیزرانی عێراقو، بەحكومەتی پیاوە خەڵەفاوەكە وەسفیكردووە، بەڵام دژی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بوو لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكاو لەپۆستێكدا نوسیوتی" پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق كارێكە گوزراشت لە لێزانی سیاسی ناكاتو بەكارێكی نامەدروس دادەنرێت كەعێراق دەخاتە ناو دابڕانێكی نێودەوڵەتیو دووچاری سزای دەكات، بەتایبەت دوای ئەوەی وێنەی هەندێك لەسەركردەكانی دەوڵەت دەركەوتن لەو كارەدا". ئەوەی جێی سەرنجە، (زورفی) لەكاتی ڕاگەیاندنی ئامانجەكانی حكومەتەكەشیدا هیچ ئاماژەیەكی بەكردنە دەرەوەی هیزەكانی ئەمریكا نەكرد، كە هێزە شیعییەكانی نزیك لە ئێران بە بڕیارێكی گرنگ و چارەنوسازی دەزاننو مەرجی یەكەمی دەربڕینی ڕەزامەندییان بۆ ڕاسپاردنی "محەمەد عەلاوی". تەنیا یەكجاریش ناوی حەشدی شەعبی هێنابوو، ئەویش لەگەڵ باسكردنی هێزی پێشمەرگەدا وەك دوو هێز لەچوارچێوەی سیستمی بەرگری عێراقدا. لەپۆستێكی پێشوتریشداو، لەسەروبەندی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق(عەدنان زورفی) لەپۆستێكدا نوسیویوتی: دۆسییەی كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا پەیوەستە بە حكومەت، ئەو قەبارەی ئەو مەترسیانە دەخەمڵێنێت كە هەڕەشەن لەسەر وڵاتو توانا سەربازیو ئەمنییو لۆجستییەكان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستا.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت تەنیا (250) رۆژە دەستبەكاربووە، كەوتووە بەسەر قەیرانێكی سەختی دارایدا، موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین ناكرێت، لە گفتوگۆو راگۆڕینەوەدایە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە، چەند سیناریۆیەك بۆ روبەڕووبونەوەی دۆخە نوێیەكە تاوتوێ دەكرێت، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەهەموو سیناریۆكاندا مەسرور بارزانی كە پارتییەكان بە "براگەورە" ناوی دەبەن، ناچارە دەست بۆ كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران ببات و موچەی وەزیرو پەرلەمانتارو پلەباڵاكان بۆ 25% كەمبكاتەوە، لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر دەخوێنێتەوە. عێراقو هەرێم لەبەردەم قەیرانێكی دارایی قوڵدا بەپێی داتاكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاستی هەناردەی نەوت تاوەكو مانگی رابردوو، بەتێكڕا لە رۆژێكدا گەیشتووەتە (3 ملیۆنو 391 هەزار) بەرمیل، مانگی رابردوو بەتێكڕا عێراق هەر بەرمیلێك نەوتی بە (51) دۆلار فرۆشتووە، كۆی داهاتی نەوت لەو مانگەدا (5 ملیارو 52 ملیۆنو 528 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام ئێستا ئیتر بارودۆخەكە گۆڕنكاری بەسەردا هاتووە، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا، داهاتی مانگانەی عێراقیش كەمدەكاتەوە. ئێستا نرخی نەوت لە بازاڕدا بۆ (27 دۆلار) بۆ هەر بەرمیلێك دابەزیوە، نەوتی عێراق بە نزیكەی 7 دۆلار كەتر لە بازاڕ دەفرۆشرێت، واتە بەبەراورد بە مانگی رابردوو، نەوت لە بازاڕی جیهانیدا رێژەی 50%ی بەهای خۆی لەدەستداوە. ئەگەر عێراق بەهەمان رێژەی مانگی رابردوو نەوت هەناردە بكات كە رۆژانە (3 ملیۆنو 391 هەزار) بەرمیلە، هێشتا بەراورد بە مانگی رابردوو رێژەی 60%ی ئەو داهاتە لەدەستدەدات كە بەهۆی فرۆشی نەوتەوە دەستیكەوتووە. مانگی رابردوو عێراق بڕی زیاتر لە (5 ملیار) دۆلاری داهاتی نەوتی دەستكەوتووە، بەڵام بۆ ئەم مانگە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە نیوەی ئەو پارەیەی دەستدەكەوێت كە دەكاتە نزیكەی (2 ملیارو 34 ملیۆن) دۆلار، ئەمە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر خەرجی گشتی دەبێت، چونكە عێراق بۆ بەدەستخستنی داهات بەرێژەی 95% پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە. بەپێی لێكدانەوەیەكی ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ساڵی 2020 عێراق مانگانە پێویستی بە (4 ترلیۆنو 400 ملیۆن) دینار هەیە تەنیا بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران، واتە ئەو داهاتەی كە بەهۆی فرۆشی نەوتەوە دەست عێراق دەكەوێت هێشتا نزیكەی (2 ترلیۆن) دیناری كەمترە لەو بڕە پارەیەی كە پێویستە بۆ دابینكردنی موچە. هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن لەم مانگەوە عێراق دەكەوێتە ناو سەرەتاكانی قەیرانێكی قوڵی داراییەوە، رەنگە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 2014وە عێراق لە دابینكردنی موچەی فەرمانبەراندا دوچاری كێشە ببێتەوە، ئەمەش بیانو دەدات بە دەست بەرپرسانی عێراقەوە كە چیتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ رادەستكردنی نەوت، خەرج نەكەن. كۆبونەوە ڤیدیۆییەكەی حكومەت ئێستا كە هەموان بەدیاریكراویش نوێنەرانی كورد لە بەغداد باسلەوە دەكەن عێراق دوچاری قەیرانێكی قوڵی دارایی دەبێتەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو هاوبەشەكانی لە كابینەكەدا چی دەكەن بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە نوێیە، كە یەكەمین تاقیكردنەوەی گەورەیە بۆ مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا. دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆبووەوە، لە ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆبونەوەكە لەڕێگەی سكایپەوە بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەو كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی بەچڕی لەگەڵ وەزیرەكانیدا گفتوگۆی لەبارەی ئەو قەیرانە داراییە چاوەڕوانكراوە كردووە، مەسرور بارزانی داوای لە وەزیرەكان كردووە پێشنیازی خۆیان بۆ چۆنیەتی كۆكردنەوەی هەموو داهاتەكانی حكومەت بخەنەڕوو، بۆئەوەی حكومەت لەڕێگەی كۆكردنەوەی داهاتەكانییەوە لەم قەیرانە نوێیەدا لانی كەم بتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بكات. داهاتی نەوت داهاتی نەوت كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی حكومەتی هەرێمە، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەتی وەزیران بوو، شێخ باز سەرۆكی كۆمپانیای كار كە هێشتا هیچ پۆستێكی فەرمی پێنەدراوە، بەشداربوو لە كۆبونەوە ڤیدیۆییەكەدا، شێخ باز وەكو وەزیری نەوت لە داهاتوودا بەشداری كۆبونەوەكە بوو. (درەو) زانیوەیەتی لەبارەی داهاتی نەوتەوە، لە كۆبونەوەكەدا باسلەوەكراوە، لەدوای دەركردنی قەرزو دابەزینی نرخی نەوت، ئێستا مانگانە تەنیا (85 ملیار) دینار لە داهاتی نەوت بۆ حكومەت دەمێنێتەوە. پێشترو بەر لە دابەزینی نرخی نەوت، داهاتی نەوتی هەرێم مانگانە (750 ملیار) دینار بووە، لەو پارەیە، بڕی (295 ملیۆن ) دۆلار خراوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی، پاشماوەی پارەكە رۆیشتووە بۆ قەرزی كۆمپانیاكانو كرێی گواستنەوەو كرێی سكیوریتی، بەمشێوەیە: • 200 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی كۆمپانیاكان رۆیشتووە • 60 ملیۆن دۆلار بۆ كرێی گواستنەوەی نەوتەكە رۆیشتووە • 8 ملیۆن دۆلار بۆ سكیوریتی رۆیشتووە ئێستاو دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا، داهاتی نەوتی هەرێم بەمێشوەیەی لێدێت: • ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕی جیهانیدا (27) دۆلارە، هەرێم بەردەوام بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕی جیهانی نەوت دەفرۆشێت، واتە ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی هەرێم بووە بە (17) دۆلار. • هەرێم رۆژانە نزیكەی (450 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەپێی نرخە نوێیەكە، كۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم لە یەك مانگدا دەكاتە (229 ملیۆن) دۆلار. • لەكۆی ئەو داهاتەشی بەهۆی فرۆشی نەوتەوە دەستدەكەوێت، دوای دەركردنی كرێی گواستنەوەو سكیوریتیو قەرزی كۆمپانیاكان، لە هەر بەرمیلێك نەوت، بڕی تەنیا (5) دۆلار وەكو داهات بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، ئەم بڕەش بەكۆی گشتی بۆ یەك مانگ دەكاتە (70 ملیۆن) دۆلار. داهاتی ناوخۆ لەپاڵ كەمبونەوەی داهاتی نەوت بەهۆی دابەزینی نرخەوە، حكومەتی هەرێم بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو سنورداركردنی هاتوچۆی مەرزەكانەوە، لە داهاتی ناوخۆشدا زیانی گەورەی بەركەوتووە. ئەمڕۆ لەبارەی كەمبونەوەی داهاتی ناوخۆوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە سلێمانی وتی:" ئێمە لەپێناو پاراستنی تەندروستی خەڵكدا، قوربانیمان بە داهاتەكانی ناوخۆ داوە". بەر لە هاتنی كۆرۆنا، مانگی رابردوو كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ كە گەڕاوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم بڕی (270 ملیار) دینار بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیراندا باسكراوە، ئێستا داهاتی ناوخۆ بۆ نزیكەی (25 ملیار) دینار دابەزیوە، واتە داهاتی ناوخۆ بەبەراورد بە مانگی رابردوو (10 هێندە) كەمیكردووە، ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر كۆی گشتی داهاتی حكومەتو پرسی دابینكردنی موچە دەبێت. كۆی داهاتی هەرێم لەسەردەمی كۆرۆنادا ئێستا دوای دۆزینەوەی هەردوو سەرچاوە سەرەكییەكەی داهاتی حكومەت (داهاتی نەوتو داهاتی ناوخۆ)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆی گشتی داهاتی مانگانەی بەمشێوەیە دەبێت: • ئەو پارەیەی كە بەغداد بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەنێرێت كە مانگانە بڕەكەی (453 ملیار)دینارە، ئەمە سەرچاوەیەكی باشی داهاتە بۆ حكومەت، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت، سەرچاوەكان لە بەغدادەوە باسلەوە دەكەن، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە عێراق كردووە، پێناچێت چیتر بەغداد بتوانێت ئەو پارەیە بۆ هەرێم بنێرێت. • داهاتی ناوخۆی هەرێم لەدوای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە ئێستا (25 ملیار) دینارە، ئەگەر سنورەكان بكرێتەوەو جموجوڵی بارزگانی دەستپێبكاتەوە رەنگە ئەم داهاتە بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێشتری خۆی كە مانگانە نزیكەی (270 ملیار) دینار بوو. • ئەو پارەیەی كە ئەمریكییەكان مانگانە وەكو یارمەتی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگەی دەكەن كە مانگانە نزیكەی (20 ملیار) دینارە. • داهاتی نەوتی هەرێم لەسەردەمی كۆرۆنادا ئێستا مانگانە نزیكەی (70 ملیۆن) دۆلارە. واتە بەپێی ئەژمارە نوێیەكان، ئێستا كۆی گشتی داهاتی حكومەتی هەرێم مانگانە (583 ملیار) دینارە، ئەمە لەكاتێكدایە تەنیا بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆران، حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (881 ملیار) دینارە، واتە ئەگەر پارەكەی بەغدادیش بەبەردەوامی بۆ هەرێم رەوانە بكرێت، هێشتا كابینەی مەسرور بارزانی لە دابینكردنی موچەی موچەخۆراندا دوچاری كورتهێنانێكی گەورە دەبێتەوە، كە كورتهێنانەكە بەهاكەی دەگاتە نزیكەی (300 ملیار) دینار لە یەك مانگدا، ئەمە سەرباری ئەوەی كە خەرجی وەزارەتەكانی حكومەت مانگانە (150 ملیار) دینارە. سیناریۆكانی حكومەت بۆ قەیرانەكە نزیكەی (250) رۆژە مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی وەرگرتووە، بەڵام روبەڕووی قەیرانێكی گەورە بووەتەوە كە داهاتووی دەسەڵاتەكەی دەخاتە مەترسییەكی گەورەوە. مەسرور بارزانی كە بۆ یەكەمجار لە ژیانی سیاسی خۆیدا پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی وەرگرت، تازە حكومەتی هەرێم لە قەیرانێكی دارایی گەورە رزگاری بووبوو، رەنگە ئەو پێشبینی نەكردبێت جارێكی تر قەیرانی لەوجۆرە روو لە كوردستان بكاتەوە، بەتایبەتیش كە نرخی نەوت لەبازاڕی جیهانیدا تاڕادەیەك بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیو شەڕی "داعش"و خەرجی شەڕەكان كۆتاییان هاتو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیش چیتر ترسی برینی پارەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە نەما. ئەوەی ئێستا مەسرور بارزانی روبەڕووی دەبێتەوە هەمان سیناریۆی قەیرانە كە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای لە دەستپێكی كارەكانی كابینەی هەشتەمدا روبەڕووی بووەوە، بەڵام بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە. ساڵی 2014 كە نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی هەشتەم روبەڕووی قەیرانی دارایی بووەوە، سەرەتای قەیرانەكە بە شەڕی "داعش" دەستیپێكردو دواتر قەیرانی دابەزینی نرخی نەوتی بەدوادا هات، هەر لەوكاتەشدا بەغداد موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرت، ئێستا سیناریۆكە هاوشێوەیە، لەبری "داعش" قەیرانی "كۆرۆنا" رووی لە مەسرور بارزانی كردووە، هاوكات لەگەڵ كۆرۆنادا نرخی نەوت بۆ هەرێم بەرێژەی 60% دابەزیوە، هاوكات بەغدادیش دوچاری قەیرانی دارایی بووەو رەنگە هاوشێوەی 2014 موچەی هەرێم نەنێرێت. لەم بارودۆخەدا مەسرور بارزانیو كابینەكەی چی دەكەن بۆ ئەوەی لە یەكەم تاقیكردنەوەدا بەكەمترین زیان لێی دەربچن: بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی تاتوێی چەند سیناریۆیەك دەكات بۆ رووبەڕووبونەوەی قەیرانەكە كە ئەمانەن: سیناریۆی یەكەم: (درەو) زانیویەتی یەكێك لەو سیناریۆیانەی كە مەسرور بارزانی چاوی لە جێبەجێكردنیەتی بۆ گەڕاندنەوەی داهات بۆ حكومەت لەم قەیرانەدا، بڕینی دەرماڵە ناجێگرەكانی فەرمانبەرانە. ئێستا دەرماڵەكان رێژەی 54%ی كۆی ئەو بڕە پارەیە پێكدەهێنن كە بۆ موچەخۆران خەرجدەكرێت، واتە لە كۆی (881 ملیار) دیناری موچەی فەرمانبەران، بڕی (475 ملیار) بەتەنیا بۆ دەرماڵەكان دەچێت. دەرماڵە لە هەرێمی كوردستان (جگە لە دەرماڵە جێگیرەكان) بەپێی رێنماییو بڕیار لە ئەنجومەن وەزیران دەركراوە، بۆیە حكومەت تەنیا بە راگرتنی ئەو بڕیارانەی خۆیو بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت ئەو دەرماڵانە رابگرێت. ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانی كوردستان لە مادەی 5ی یاسای چاكسازیدا دەسەڵاتی رێكخستەوەی دەرماڵەكانی سپاردووە بە ئەنجومەنی وەزیران. سیناریۆی دووەم: لەم سیناریۆیەدا مەسرور بارزانیو كابینەكەی رەنگە ناچار ببن بگەڕێنەوە بۆسەر بڕینی موچەی فەرمانبەران، ئەوەی كە پێشترو لەسەردەمی كابینەكەی نێچیرڤان بارزانیدا ناوی لێنرابوو "پاشەكەوتی موچە". ئەگەری جێبەجێكردنەوەی سیستمی پاشەكەوت لەسەر موچەی فەرمانبەران سەختترین هەنگاوێك دەبێت كە مەسرور بارزانی پەنای بۆ ببات، چونكە ئەو كە پێشتر پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، خەونی ئەوەبوو بە گەڕاندنەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرمانبەران، دەستكەوتێكی مێژووی بۆ یەكەمین ئەزمونی خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا تۆمار بكات. (درەو) زانیویەتی، مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوەی كردووە لە هیچ حاڵێكدا نایەوێت جارێكی تر پەنا بۆ پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بباتەوە. سیناریۆی سێیەم: ئەم سیناریۆیە كە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەری جێبەجێبوونی زۆر بەهێزە، خۆی دەبینێتەوە لە كەمكردنەوەی موچەی مانگانەی (وەزیرو پەرلەمانتارو پلەباڵاكان) بۆ رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی كە ئێستا وەریدەگرن، ئەمە لەپاڵ جێبەجێكردنی تەواوی ماددەو بڕگەكانی یاسای چاكسازی كە بەمدواییە لە پەرلەمانی كوردستان جێبەجێكرا، مەسرور بارزانی بەم هەنگاوە دەیەوێت لەسەرەتاوە دڵنیایی بە خەڵك بدات هەر قەیرانێك رووبدات بەر لە هەمووان موچەی ئەوانە كەمدەكاتەوە كە پلەی باڵایان هەیە، لە یەكەم هەنگاودا مەسرور بارزانی دەستپێشخەری كردو رایگەیاند موچەكەی خۆی تەرخان دەكات بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
درەو: لەبەرامبەر ئەوەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك رەخنەیان گرتووە لە دواكەوتنی موچەی پێشمەرگە، لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە كە لەسەر پشكی یەكێتیە، لە پۆستەكانیان لابراون، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم دوو پێشێلكاری بەرامبەر بە پێشمەرگە كردووە، لەكاتی خۆیدا موچەی پێنەداون و لە ریزبەندی یەكەمی وەزارەتەكان دەریكردوون. لە چەند رۆژی رابردوودا هەریەك لە عەمید ڕوكن (ڕێبوار عەلی) فەرماندەی لیوای 1ی پیادەی كەركوك لەیەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لیوا (سەربەست زێباریی) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رشتەكان لەوەزارەتی پێشمەرگە لە پەیجی تایبەتی خۆیان رەخنەیان لە دواكەوتنی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە گرتبوو. بەپێی زانیاری و بەدواداچونەكانی (درەو) لیوا سەربەست زێباری پورزای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە واتا (دایكیان خوشكە) هاوكات خوشكەزای هوشیار زێباریە. عەمید روكن رێبوار عەلی نوسیبوی: "وەزارەتی پیشمەرگە و وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەریم باش بزانن جام كە پربوو لێی ئەڕژیت ، بەسە هەتا كەی حیساب بۆ هیزی پیشمەرگە ناكەن لە پیداویستی و خۆراكی رۆژانەیان و سوتەمەنی پیویست و پلە بەرزگردنەوە و كەمی موچە ، لەسەروی ئەمانەشەوە بە فەرمان دەوامی پشیمەرگە زیاد دەكەن بەبیانوی مەترسی داعش و لەهەمان كاتدا موچە دابەش ناكریت. ئەگەر پیشمەرگە نەبیت نەوەزیری پیشمەرگە نە هینی دارایی و نەسەرۆكی حكومەتەكەیش یەك سەعات خۆتان راگیر ناكەن لەو پایانە ، تێرمان خوارد لە درۆ نە كەستان پیشمەرگەن و نە كەستان هاوخەمی ئیمەن . بەسە هەتا جامەكە زیاتر پر نەبووە ئاوریك لەحالی هیزی پیشمەرگە بدەنەوە" لیوا سەربەست زێبارییش نوسیبووی:" شەرمە بو وەزیری مالیە كو اڤرۆ موچیت وزارتا پیشمرگا راوستینیت بلا حكومتا هەریما كوردستانی و وزیر مالیە بیراخوە لە برگریا پیشمرگا بكەت كو اوان چەند شهید برینداریت دای و خوینا خوە كرە قوربانی بوبەرگری كرن لاخا كوردستانی و هەریما كوردستانی، وەزیری مالی بلا باش بزانیت اگەر اڤ پیشمەرگە نەبان امرو او لڤینە خوشیە و ارمی دا نەتبون اوجا لسرڤان همو زحمەت و نە خوشیادا لهمو تناگڤیا وروژیت سەخت و دژواردا موچی ڤان قهرمانا تاخیر دكەن" ئەمڕۆ بەفەرمانی شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ( لە پشكی یەكێتی) ئەو دوو ئەفسەرە لە پۆستەكانیان دورخرانەوە، لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركانی ھێزەكانی پێشمەرگە هەواڵەكەی پشتڕاستكردۆتەوەو رایگەیاندووە" دورخستنەوەی هەردو فەرماندەكە بەهۆی لادانیان لەپرەنسیپی سەربازیو بڵاوكردنەوەی بابەت لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دورخراونەتەوە" لەلایەن خۆشیەوە لیوا (ئەیوب یوسف سەعید)، فەرماندەی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای3و7ی هێزەكانی پێشمەرگە كە بە لیواكانی كۆسرەت رەسوڵ ناسراوە، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك رەخنەی توندی لە دواكەوتنی موچەی پێشمەرگە گرتوو رایگەیاند: 🔹ئاگادارتان دەكەینەوە كە باردودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە ناسەقامگیرە و بە دۆخێكی خراپ و نالەباردا گوزەر دەكەن و گەیشتۆتە راددەیەك كە جێگای قبوڵكردن نەبێ 🔹پێشمەرگە نابێ و ناكرێ باجی هەڵە و سیاسەتی چەوت بدات، چونكە لە هەمو دۆخێكدا وەك هێزی پارێزەرو داكۆكیكار لە مەیداندابوین و بێ وچان خزمەتمان كردوە. 🔹ئەو لایەنانەی لەم دۆخە بەرپرسیارن بە فەرمی نەیەنە سەر خەت و موچەی پێشمەرگە لە نزیكترین كاتدا دابین نەكەن ئەوا ئێمە هەلوێستی جدییمان دەبێت، دڵنیاشتان دەكەینەوە كە لە تواناماندا هەیە ئەنجامی بدەین 🔹بڕینی موچە و قوتی هێزەكانی پێشمەرگە كە مافی رەوای خۆیانە و ئەبوایە جیاواز لە هەمو چینەكانی تری كۆمەڵگا خزمەت بە پێشمەرگە بكرایە و ژیانیان بۆ دابینبكرایە نەك مافەكانی خۆشیان لێ زەوتبكرێت. 🔹داوا لە هەمو هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەین بێ جیاوازی هەڵوێست وەرگرن و پشتیوانمان بن و بێنە سەر خەت لەسەر ئەم باسە رەوایە. حكومەتدوو پێشێلكاری بەرامبەر بە پێشمەرگە كردووە سەرەرای دواكەوتنی موچەی پێشمەرگە كە دەبوو مانگانە لە 5ی مانگەوە موچەیان وەربگرتایە، لە هەمانكاتدا حكومەت پێشێلی بڕریارێكی پەرلەمانی كوردستانی كردووە تایبەت بە دواخستنی موچەكەیان كە دەبوو یەكەم وەزارەت بوونایەوە لە ریزبەندی وەزارەتەكاندا بۆ وەرگرتنی موچە، بەڵام هەریەك لە وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ موچەیان وەرگرتووە، هێشتا وەزارەتی پێشمەرگە موچەی وەرنەگرتووە. بەپێی بڕیاری ژمارە(19) كە لە رۆژی 23/7/2014 دەرچووە لە بڕ"ەی یەكەمدا هاتووە: وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی موچەی مانگانە یەكەم وەزارەت دەبێت. بەو پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو پێشێلكاری بەرامبەر بە پێشمەرگە كردووە: یەكەم: لەكاتی خۆیدا بەبێ هیچ بیانویەك موچەی پێشمەرگەی دواخستووە. دووەم: پێدانی موچەی پێشمەرگەی لەپلەی یەكەم دەرهێناوە كە بڕیاری پەرلەمانی كوردستانە
درەو: عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راسپێردرا، كابینەیەك لەبەردەم بەرژەوەندی سیاسیەكان و توڕەیی شەقام و پەتای كۆرۆنادایە، ئەوانەی پشتیوانی دەكەن بەكەسێكی گونجاوی دەزانن بۆ ئەم قۆناغەو نەیارەكانیشی بە بازرگانی سیاسییە ناوی دەبەن. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو كەسایەتییەكی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ڕاسپارد كە تەنها چەند كاتژمێرێكە ناوی هاتوەتە ناو ڕاگەیاندنەكانەوەو، پێشتر هیچ ئاماژەیەك نەبووە بەكاندیدكردنی، تەنانەت لەدواین دانوستانەكانی لیژنە حەوت قۆڵییەكەشدا وەك یەكێك لەكاندیدەكان ناوی نەهاتووە. بەڵام سەرباری ئەوەش، پێناچێت بەرهەم ساڵح بەبێ پرسو ڕاو ئاگاداری هێزە شیعییەكان (عەدنان ئەلزورفی) ئەمینداری بزوتنەوەی وەفائی عێراقیو پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسرو پارێزگاری پێشووی نەجەفی بۆ ئەو پۆستە ڕاسپاردبێت. (عەدنان ) گەرچی كەسێكە جێی مشتومڕەو پێشتر چەندین پۆستی ئیداری باڵای لەحكومەتی عێراق وەرگرتووە، بەڵام ئەوانەی پشتیوانی دەكەن بەكەسێكی بەهێزو لێزانو گونجاوی دەزانن بۆ ئەم قۆناغە، نەیارەكانیشی دەڵێن، بازرگانێكی سیاسییەو ناوی پەیوەستە بەچەندین دۆسیەی گەندەڵی گەورە بەتایبەت ئەوكاتەی پارێزگاری شاری نەجەف بووە. راسپاردنی عەدنان زورفی لە كاتێكدایە: - عێراق لەبەردەم پەتایەكی كوشندەی كۆرۆنادایە - ناڕەزایی شەقام بەردەوامە - ململانێی هێزە سیاسیەكانی عێراق لەوپەڕی شێواویان هەیە - عێراق لە چاوەڕەوانی قەیرانێكی دارایی گەورەدایە - گرژیەكانی ئەمریكا و لایەنگرانی ئێران لەسەر گۆڕەپانی عێراق لە لوتكەدایە. - عەدنان ئەلزورفی كێیە؟ + عەدنان عەبد خزەییر عەباس ئەلزورفی ساڵی 1966 لەنەجەف لەدایكبووە. +هەڵگری بڕوانامەی ماجستێرە + ساڵی 1983 پەیوەندیكردووە بەحزبی دەعوەی ئیسلامی +ساڵی 1988 دەستگیراكراوەو حكومی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە +ساڵی 1991 لەزیندانی ئەبوغرێب هەڵهاتووەو بەشداری لەڕاپەڕینی شەعبانییە كردووە +ساڵی 2004 بزوتنەوەی وەفائی عێراقی دامەزراندووە +ساڵی 1991_1994 لە خێوەتگەی ڕەفحا لە عەرەبەستانی سعودییە پەنابەر بووە +ساڵی 1994_2003 لەویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا نیشەجێبووە +ساڵی 2003_2004 ئەندامی تیمی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بووە +ساڵی 2004_2005 پارێزگاری نەجەف بووە +ساڵی 2006_2009 بریكاری كاروباری هەواڵگری بووە لەوەزارەتی ناوخۆ +ساڵی 2009_2015 پارێزگاری نەجەف بووەو دواتر لەكارخراوە. +پەرلەمانتارە لەهاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی لەسەر پارێزگای نەجەف. + ناوی لە زۆرێك لەو دۆسیانەی پارێزگای نەجەفدا دێت كەگومانی گەندەڵی گەورەی تێدایە.
درەو: ئێستا هەموو چاوەكان لەسەر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، دوای شكستهێنانی لیژنە حەوت قوڵییەكەی شیعەكان لە دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. ئەو لەچەند ڕۆژی ڕابردودا نامەیەكی ئاراستەی كوتلە شیعییەكان كردبوو، تێیدا دوای لێكردبوون پەلەبكەن لەدیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، كە ڕەزامەندی كورد و سوننەشی لەسەربێت. سەرۆك كۆمار ئەمڕۆ دووشەممەی وەك دواین وادە بۆ دیاریكردبوون. ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی ئەو مۆڵەتە نوێیەی دەستوری عێراق بۆ ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی دیاریكردووە، سبەینێ 17 دوا وادەیە بۆ ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق. (نەبیل تەرفی) سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون كە شكستی كۆبونەوەی لیژنە حەوت قۆڵییەكەی هێزە شیعییەكانی ڕاگەیاند، لەلێدوانێكدا بەسایتی "بەغدادئەلیوم" راگەیاندووە: هاوپەیمانێتییەكەیان سەرۆك كۆماری ئاگاداركردووەتەوە، كە دەسەڵاتە دەستورییەكانی خۆی بەكاربهێنێتو كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕابسپێرێت. دەوڵەتی یاساش كە لایەنێكی سەرەكی لیژنە حەوت قوڵییەكەیە، لەبەیاننامەیەكدا وێڕایی داننان بە شكستی دانوستانی لیژنەكە، تەئكیدكردووە: بەبێ سازان ڕازینابن هیچ كەسێك بۆ ئەو پۆستە ڕابسپێردرێت. لای خۆیەوە (حەنین قەدۆ) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێكدا بۆ هەمان سەرچاوە ڕایگەیاندووە: سەرۆك كۆمار بۆ ڕاسپاردنی كەسێك بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت لەماوەی ڕاگوزەرلەبەردەم دوو بژاردەدایەو سێهەمی نییە، ڕاسپاردنی كەسێك بەبێ دەستوردانی كوتلە سیاسییەكان، یاخود ڕاسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلە. (باسم خەشان) پەرلەمانتاری عێراق لەبارەی شكستهێنانی لیژنە حەوت قۆڵییەكە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە: ناكۆكییەكانی شیعە_شیعە هۆكارەكەی بەرژوەندی شەخسیو حزبیو سیاسییە."هەندێك لایەن دەیانەوێت دۆخی عێراق بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوەو، عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی بەردەوامبێت لەپێناو درێژەكێشانی هەژموونی لەحكومەتی عێراق". ڕاشیگەیاندووە: فشارە جەماوەرییەكان لەسەر سەرۆك كۆمار چڕتر دەبنەوە لەپێناو ئەنجامدانی ئەركە دەستورییەكانیو، ڕاسپاردنی كەسایەتییەك بەبێ گەڕانەوە بۆ كوتلە سیاسییەكان. (عەلی تەمیمی) شارەزای یاسایی دەڵێت: سەرۆك كۆمار دەتوانێت بەپێی مادەی 81 لەدەستوری عێراق كەسێك ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت لەدەرەوەی كوتلەسیاسییەكان، یان كاندیدی گەورەترین كوتلە. (تەمیمی)لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاماژەی بەوەكردووە: بابەتی گەورەترین كوتلە كۆتایهات كە پەیوەست بوو بە كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەت لە بڕگەكانی یەكو سێو پێنج لە مادەی 76 دەستور، كار بە مادەی 81 یەك و دوو و گواستنەوە بۆ دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار دەكرێت كە ئەو شوێنی سەرۆك وەزیران بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە دەگرێتەوەو، ڕۆڵی عادل عەبدولمەهدیو هەموو ئەوانەی لەگەلیدا بوون كۆتایهاتووەو، پێویستە ئیدارەی وڵات ڕادەستی سەرۆك كۆمار بكات. دەشڵێت: بەپێی بڕگەی دووەم لەمادەی 81 سەرۆك كۆمار كەسێك ڕادەسپێرێت دور كوتلەی گەورەو حزبەكان، بەومانایەی ئەو ئازادەو ناچار نییە بە هیچ بژاردەیەك، ئەگەر پەرلەمانیش دەنگ بەو كەسە نەدات كە ڕایدەسپێرێت، سەرۆك كۆمار دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوەو داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات بەپێی مادەی 64 چونكە سەرۆك كۆمار دوو پۆستی هەیە لەیەك كاتدا، بەوەش كێشەكانی وڵات هەمووی چارەسەردەكات. ئەو شارەزا یاساییە لەدرێژەی قسەكانیدا دەلێت: ئەگەر ناكۆكیش لەسەر ئەوە هەبێت، سەرۆك كۆمار دەتوانێت پەنا بەرێتە بەر دادگای فیدراڵی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە بەپێی مادەی بڕگەی 2 لەمادەی 93ی دەستور. تائێستا دیارنییە سەرۆك كۆماری عێراق خۆی یەكلایەنەو بەبێ گەڕانەوە بۆ كوتلە سیاسییەكان پێش تەواوبوونی وادەی دەستوری یان ئەو مۆڵەتەی خۆی دەستنیشانیكردووە كەسێك ڕادەسپێرێت بۆ ئەركە یان نا. ئەگەر ڕایبسپێرێت كەسێك لەدەرەوەی ئەو كەسایەتیانە ڕادەسپێرێت كە لەسەر مێزی لایەنە شیعییەكان گفتوگۆی لەسەر كراوە یان لەو فەلەكە ناچێتە دەرەوە؟. گەرچی ئەگەری دووەمیان ئەگەرە بەهێزەكەیە، بەڵام ئەگەر سەرۆك كۆمار خۆشی كەسێك ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتو لەفەلەكی ئەوناوانەش لانەدات كە لەكۆبونەوەی لایەنە شیعییەكاندا گفتوگۆی لەسەركراوە، بەوشێوەیەش هیچ گەرەنیتییەك نییە چارەنوسی لەچارەنوسی عەلاوی باشتربێت. چونكە ئەگەر شیعەكان كۆدەنگیان لەسەر یەكێك لەو ناوانە هەبوایە كە چەند ڕۆژێكە لەمیدیا عێراقییەكاندا قسەیان لەسەر دەكرێت، لەدواین ساتە هەستیارەكانی دانوستاندا شكستهێنانی كۆبونەوەكانیان ڕانەدەگەیاندو ڕێككەوتنیان لەسەر دەكرد، ئەوە وێڕایی داواكارییەكانی كورد سوننە، كە ئەوانیش دیسان دەتوانن بەرەبەستی جدی لەبەردەم تێپەڕاندنی حكومەتی نوێ دروستبكەن.
درەو: لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لە ئیتالیا (3 هەزارو 590) كەس توشی كۆرۆنا بوون و (368) كەس مردوون و (369) كەس چاكبونەتەوە. لەسەر ئاستی جیهانیش ( 12هەزارو 771) كەس توشبوون و (681)كەس مردوون (هەزارو 837) كەس چاكبونەتەوە. دوێنی 15/3/2020 🔹توشبون: 21.157 🔹مـــردن : 1.441 🔹چاكبوەوە: 1.966 🔹كەیسی ماوە: 17.750 ئەمرۆ 16/3/2020 🔹توشبون: 24.747 🔹مـــردن : 1.806 🔹چاكبوەوە: 2.335 🔹كەیسی ماوە: 20.603 لەسەر ئاستی جیهان دوێنێ 15/3/2020 🔹توشبوو: 157.300 🔹مردن: 5.844 🔹چاكبوەوە: 75.941 ئەمرۆ 16/3/2020 🔹توشبوو: 170.071 🔹مردن: 6.525 🔹چاكبوەوە: 77.778 ئامارەكان لەم لینكەوە وەردەگیرێت
درەو: بەراورد بە 48 كاتژمێری رابردوو زیادبونی رێژەی توشبون و مردن بە كۆرۆنا لە جیهاندا بە رێژەی (50%) كەمیكردووە. لە ماوەی 48 كاتژمێری رابردوو ( 2020/3/13 - 2020/3/14 ) ژمارەی توشبوان( 16 هەزارو 86 )كەس زیادیكردووە و ژمارەی مردن بە كۆرۆنا( 718) كەس زیادیكردووە، بەڵام لە 24 كاتژمێری رابردوودا ( 2020/3/14 - 2020/3/15 ) ژمارەی توشبوان ( 8 هەزارو 740 ) كەس زیادی كردووەو ژمارەی مردووان (287) كەس زیادی كردووە، واتا رێژەی توشبون و مردن لە نێوان 48 كاتژمێری رابردوودا بەرێژەی زیاتر لە (50%) كەمیكردووە. كاتژمێر شەشی ئێوارە ئامارەكان وەرگیراوە لە (worldometers.info) تەنها لەماوەی 24 كاتژمێردا بەراوردی نێوان ( 2020/3/14 - 2020/3/15 ) 🔹11 وڵاتی دیكە توش بوون بە كۆرۆنای راگەیاند 🔹287 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹1975 كەس چاكبونەتەوە 🔹 8740كەس توش بون لە كاتێكدا لەماوەی 24 كاتژمێردا لە نێوان ( 2020/3/13 - 2020/3/14 ) 🔹15 وڵاتی دیكە توش بوون بە كۆرۆنای راگەیاند 🔹718 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹3572 كەس چاكبونەتەوە 🔹 16086كەس توش بون 13/3/2020 🔹131 وڵات توش بوون بە كۆرۆنای 🔹5.080 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹70.690 كەس چاكبونەتەوە 🔹 138.132كەس توش بون 14/3/2020 🔹146 وڵات توش بوون بە كۆرۆنای 🔹5.798 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹74.262كەس چاكبونەتەوە 🔹 154.218كەس توش بون 15/3/2020 🔹157 وڵات توش بوون بە كۆرۆنای 🔹6.085 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹76.219كەس چاكبونەتەوە 🔹 162.958كەس توش بون
درەو: كۆرۆنا بەملیارەها دۆلار زیانی لە سەرمایەدارو دەوڵەمەندانی جیهان داوە: 🔹 جیف بیزۆس دامەزرێنەری ئەمازۆن ( 8 ) ملیار دۆلار 🔹بێرنارد ئارنۆ خاوەنی لویس فویتۆن و دیور" ( 7.7 )ملیار دۆلار 🔹مارك زوكەربێرگ دامەزرێنەری فەیسبوك ( 5.7) ملیار دۆلار 🔹 بیل گیتس دامەزرێنەری هاوبەشی مایكرۆسۆفت (5.3 )ملیار دۆلار 🔹لاری بیدج یەكێك لە دامەزرێنەرانی گوگل (4 )ملیار دۆلار سەرچاوە: RT
بەدواداچون: محەمەد رەئوف " ئیتالیا زۆر شڵەژاوە، بارودۆخەكە زۆر سەختە، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە رەنگە ئەمە سەختترین دۆخ بێت كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت" ئەمە قسەی "سالڤۆ تۆسكانۆ" نوسەرو رۆژنامەنوسی ئیتالی هاوپیشەمە كە لە رێگەی چاتەوە گفتوگۆمانكرد سەبارەت بە مەترسیەكانی كۆرۆنا لەسەر ئیتالیا. ساڵی 2016 لە چوارچێوەی بەرنامەی ( IVLP) لە ئەمریكا بۆ ماوەی مانگێك پێكەوە "سالڤۆ تۆسكانۆ" خولی ( رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری)مان بینی، ئەمڕۆ ویستم هەواڵی بپرسم، دوای ئەوەی سەیری ئامارە فەرمییەكانم كرد و بۆم دەركەوت كە ئیتالیا دووەم وڵاتی جیهانە لەروی توشبون و مردن بە كۆرۆنا، نوێترین ئامار (17 هەزارو 660) كەس لە ئیتالیا توشی كۆرۆنا بوون و (هەزارو 266)كەسیش مردوون. بەردەوام لەگەڵ "سالڤۆ تۆسكانۆ" نوسەرو رۆژنامەنووسی ئیتالی گفتوگۆ دەكەین ئەو كەسێكی روخۆش و دەم بەخەندەیە، بەڵام ئەمڕۆ مەترسیەكانی كۆرۆنا لەسەر وڵاتەكەی كاری تێكردبوو، ئەمڕۆ كە هەواڵم پرسی وتی" هاوشێوەی تەواوی هاوڵاتیان منیش لەماڵی خۆمان كەرەنتینەكراوم... دۆخەكە زۆر سەختە.. بەڵام دڵنیام تێیدەپەڕێنین". دەقی گفتوگۆ كورتەكەمان. پرسیار: ئێستا بارودۆخی ئیتالیا لەگەڵ كۆرۆنادا چۆنە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: بارودۆخەكە زۆر سەختە، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە رەنگە ئەمە سەختترین دۆخ بێت كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت. درەو: ژمارەی ئەوانەی لە ئیتالیا دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون چەندە، چەند كەس مردوون ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: تاوەكو دوێنێ ۱٥ هەزار كەس توشی كۆرۆنا بوون لە ئیتالیا و زیاتر لە هەزار كەسیش بونەتە قوربانی. پرسیار: حكومەت چی كردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: رێوشوێنی بێ پێشینە گیراوەتەبەر، ئیالیا شڵەژاوە، خوێندنگەو بازاڕو دیسكۆ و ریستۆرانتەكان داخراون، داوا لە خەڵك دەكرێت تا دەتوانن لەماڵەكانیاندا بمێننەوە، بەبێ كارێكی پێویست ناتوانیت لەماڵەكەت بچیتەدەرەوە، ئەمە رێوشوێنێكی نائاساییە بۆ راگرتنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمە شێوازێكی دراماتیكییە لە باكوری ئیتالیا بەتایبەتی لە لۆمباردی. پرسیار: دەوترێت هەموو خەڵكی ئیتالیا كەرەنتینە كراون، حكومەت بەم هەنگاوەی دەتوانرێت رێگری لە كۆرۆنا بكات ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: ئەمە خۆپاراستنێكی روكەشە، ئەگەر خەڵك لەگەڵ یەكتر مامەڵە نەكەن، ڤایرۆسەكە ناتوانێت زیاتر بڵاوببێتەوە، ئەمە ئەو شتەیە كە ئێمە لێرە هەوڵی بۆ ئەدەین، هەروەك ئەوەی لە چین كراو سەركەوتوو بو، حكومەت دەیەوێت لەم رێگەیەوە لەماوەی ۱۰ بۆ ۱٤ رۆژدا ئەنجامێكی باشی لەسەرتاسەری وڵات دەستكەوێت. پرسیار: كۆرۆنا مەترسی لەسەر دۆخی ئابوری لە ئیتالیا دروستكردووە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: بەدڵنیایی، بارودۆخەكە زۆر دراماتیكییە، بەڵام لەوباوەڕەدام ئیتالیا تێیدەپەڕێنێت. پرسیار: رێوشێونەكانی جكومەت یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی توش بوون بە ڤایرۆسەكە؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: لەوباوەڕەدام، ئیتالییەكان ئێستا هۆشیارترن، پێدەچێت لەسەرەتاوە هەندێك كاتمان لەدەستدابێت، بەڵام ئەمە هەمان ئەو شتەیە كە هەفتەی رابردوو لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاش رویدا. پرسیار: ئەی رۆژنامەنوسان و میدیاكان رۆڵیان چۆنە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: میدیاكان رۆڵێكی نائاسایی دەگێڕن لە ئاگاداركردنەوەی خەڵكدا، بەدڵنیایی لەبارودۆخێكی وەكو ئێستادا هەواڵی ناڕاست زۆر بڵاودەبێتەوە، بۆیە لێرەدا رۆڵی گرنگی رۆژنامەنوسان دەردەكەوێت بۆ گەیاندنی هەواڵی دروست بە خەڵك. پرسیار: بەبڕوای ئێوە لەم بارودۆخەدا دەبێت رۆژنامەنوسان چۆن كاربكەن؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: رۆژنامەنووسان نابێت ترس بڵاوبكەینەوە، بەڵام لەكاتی گونجاویشدا پێویستە بارودۆخەكە رابگەیەنین. پرسیار: لە ئیتالیا رۆڵی میدیا لەنێوان حكومەت و خەڵكدا چۆنە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: هەر كەسە بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەسێت، خەڵك بەدرێژایی رۆژ بەدوای زانیاریدا دەگەڕێن، ئێستاش دوای كەرەنتینەكردنی ملیۆنان كەس لە ماڵەكانیاندا، ئەمە زۆر زیادی كردووە. پرسیار: ئێستا تۆ وەكو رۆژنامەنوسێك چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەیت؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: منش وەك هاوڵاتیان لە ماڵكەی خۆمدا كەرەنتینەكراوم و پەیوەستم بە رێنماییەكانەوە، بەڵام بەبۆچونی من تاكە شتێك كە پێویستە رۆژنەمەنوسان لەم بارودۆخەدا بیكەن ئەوەیە راستییەكان بڵێن. ............... ئیتالیا دەكەوێتە باشوری كیشوەری ئەوروپاوە - ژمارەی دانیشتوان: (60 ملیۆن و 507 هەزار) كەسە - روبەری گشتی: (301 هەزارو 338) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. - سیستمی حوكم: كۆماری پەرلەمانیە - سەرۆك: سێرجیۆ ماتارێلا - سەرۆك وەزیران: جۆزیبی كۆنتی
ئامادەكردنی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف ساڵی 2009 دیپلۆمی باڵای لە كۆرۆنادا بەدەستهێناوەو یەكەم كەس بووە جۆرێكی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەناوی (IB) لە عێراق ئاشكراكردووە، ساڵی رابردووش هەر لە كۆرۆنادا لە زانكۆی لیڤەرپوڵی بەریتانیا بڕوانامەی دكتۆرانی بەدەستهێناوەو بەمدواییە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، چوار توێژینەوەی زانستی لەسەر كۆرۆنا هەیە، وایلێهاتووە هاوڕێكانی بۆ تەنز پێی دەڵێن" بەخوا ئەم كۆرۆنایە دەستی تۆی تێدایە". ئەو دكتۆر (زانا حەمید) پسپوری ڤایروسی كورونایە لە تاقیگەی سەنتەری بەرەنگاربونەوەی كورونا لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ نزیكەی (14) كەسی تردا لە سەنگەری پێشەوەی شەڕدان دژ بە كۆرۆنا لە تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی سەرچنار، كە تایبەتكراوە بە كەرەنتینەكردنی ئەو كەسانەی دوچاری كۆرۆنا بوون. ئەو زانیاری وردی لەبارەی كۆرۆناوە هەیە، بەپێی ئەو قسانەی كە بۆ (درەو)ی كرد، كۆرۆنا ڤایرۆسێكە كە لە 1937 دۆزراوەتەوەو ئاشكراكراوە، ڤایرۆسەكە كلاسیكییەكەی كۆرۆنا كە بە "بابە گەورە"ی ئەم ڤایرۆسە نوێیە دەناسرێت، كۆرۆنای مریشكە، واتە لە مریشكو كێلگەكانی پەلەوەر دەداتو لەناویان دەبات، بەپێی بەدواداچونەكانی دكتۆر زانا، ئەم ڤایرۆسە كۆرۆنا كلاسیكییە ساڵی 2017 بڕی (23 ملیۆن) پاوەن زیانی بە ئابوری بەریتانیا گەیاندووە، ئەمەش ئەو زیانە بووە كە بە كێڵگەكانی پەلەوەری كەوتووە، بابە گەورەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڤاكسینی لەناوبردنی دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە توانایەكی بەهێزی هەیە لە خۆگۆڕیندا، بۆیە زۆرجار ڤاكسینەكان كاریگەرییان لەسەر لەناوبردنی نییە. دكتۆر زانا ترسی هەیە، ڤایرۆسە نوێیەكەی كۆرۆنا كە بە "كۆڤید- 19" ناسراوە، هاوشێوەی كۆرۆنای مریشكی لێ بێت، كە لەناو خەڵكدا بە "ئەنفلۆنزای باڵندە" ناوبانگی رۆشتبوو، ئەو دەڵێ ئەو حاڵەتانەی كە بەهۆی كۆرۆنای مریشكەوە دەمردن، دەركەوت ڤایرۆسەكە لە گورچیلەی داونو لەوڕێگەیەوە لەناوی بردون، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هێشتا نازانین "كۆڤید-19" لە چ كۆئەندامێكەوە گورزی مردن لە مرۆڤەكان دەدات. گرنگترین كارێك كە چینییەكان كردیان بەبڕوای دكتۆر زانا ئەوەبووە كە ڤایرۆسی كۆرۆنای "كۆڤید- 19"یان خستوەتە ناو "بانكی جینات"ەوە، چونكە ئەمە رێگەخۆش دەكات بۆ ئەوەی پشكنەرە تەندروستییەكان لە داهاتوودا لێكۆڵینەوەی وردتر لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە بكەن كە ئێستا هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووەو زیانێكی گەورەشی بە ئابوری وڵاتان گەیاندووە. ساڵی 2016 دكتۆر زانا لە بەریتانیا لەچوارچێوەی تاقیكردنەوەكانیدا، ڤایرۆسە كلاسیكییەكەی كۆرۆنای لەسەر خانەی مرۆڤ چاندووە، بۆی دەركەوتووە ڤایرۆسەكە لەتوانایدایە خانەكان بكوژێت، چارەسەری بۆ ڤایرۆسەكە دۆزیوەتەوە، بەڵام وەكو خۆی دەڵێ ئەو چارەسەرەی تەنانەت لەسەر وێبسایتی زانكۆی لیڤەرپوڵ-یش (زانكۆكەی خۆی) دانەناوەو نایەوێت كەس بیبینێت، چونكە دەیەوێت بەهۆی ئەو دۆزینەوەیەوە پۆینتی بڕوانامەكەی وەرگرێت. ئەو لەشێوازی روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسدا پشت بە رێسای رێگریكردن لە بڵاوبونەوە دەبەستێت، نەك چارەسەری كەیسی تاكەكەسی، واتە توێژەرە وەك لەوەی تەنیا كەسێك بێت كە لە تاقیگەیەكدا پشكنین بۆ كەسەكان بكاتو دواتر رایبگەیەنێت كەسێك دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە یاخود نا. دكتۆر زانا هێشتا كاری جددی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ نەكردووە، واتە كاركردنێك بەوشێوە قوڵییەی كە خۆی دەیەوێت، ئەمەش بۆ دوو هۆكاری دەگەڕێتەوە، هۆكاری یەكەم ئەوەیە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ "كۆڤید- 19" خۆی ڤایرۆسێكی نوێیەو لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە ناوی كەوتوەتە ناوانەوە، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە دكتۆر زانا ئێستا لە كوردستانەو لێرە هاوشێوەی بەریتانیا تاقیگەی باشی بۆ پشكنین دەستناكەوێت، ئەو تاقیگانەی كە لە كوردستان هەن، لەڕووی كوالیتییەوە لیڤڵیان (1 و 2)ە، دكتۆر زانا دەڵێ لێكۆڵینەوە لە ڤایرۆسە نوێیەكە پێویستی بە تاقیگەی لیڤڵ (3و 4) هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش لەماوەی 16 رۆژی رابردوودا كە لە كەرەنتینەی سەرچنار لە سلێمانی كاریكردووە، بە هەندێك زانیاری سەرەتایی لەبارەی ڤایرۆسەكەوە گەیشتووە، یەكێك لەو زانیارییانەی كە دەستی دكتۆر زانا كەوتووە ئەوەیە توانیویانە لە سلێمانی ڤایرۆسی "كۆڤید- 19" لە كەسی ساغدا بدۆزنەوە، واتە كەسێك كە هیچ نیشانەیەكی توشبوونی بە ڤایرۆسەكە تێدا نییە لەوانە كۆكە یاخود تا. دكتۆر زانا لەگەڵ هاوڕێیەكیدا بەناوی دكتۆر (پێشنیار)، پێشنیاری ئەوەیان بۆ بەرپرسانی تەندروستی كردووە، لەدۆخێكی وەكو ئێستادا بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە، شێوازی روماڵكردنی گروپ بۆ گومانلێكراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجام بدرێت، ئەم شێوازە ئەوەیە تیمەكە لەبری ئەوەی پشكنین بۆ هەزاران كەس بكات، ئەو كەسانە دابەش دەكات بەسەر چەند گروپێكداو لەناو ئەو گروپانە سامپڵ وەردەگرێت، ئەگەر گومانی دوچاربوون هەبوو، ئەوكات پشكنین بۆ هەموو كەسەكانی ناو گروپەكە دەكات، ئەمە شێوازێكی تایبەتی گەڕانە بەدوای ڤایرۆسدا. دكتۆر زانا گەشبینە، دەڵێ" ئێمە لە قۆناغێكی باشی رێگریكردنداین لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرباری ئەوەی لەڕووی زانستییەوە تێبینیمان لەسەر كەرەنتینەكان هەیە، بەڵام ئەوە باشترین ئۆپشن بوو". گرنگترین كارێك كە لە سلێمانی كراوە ئەوەیە، دكتۆر زاناو هاوڕێكانی توانیویانە توانای پشكنینی ڤاپرۆسی كۆرۆنای "كۆڤید-19" دابمەزرێنن، بەڵام كارە خراپەكە كە ئەوانی توشی نیگەرانی كردووە، گەڕانەوەی خەڵكە بۆ كوردستان بەشێوەی قاچاخ لە دەرەوەی وڵاتەوە. هێشتا چارەسەری سەرەكی ڤایرۆسی "كۆڤید- 19" نەدۆزراوەتەوە، چارەسەرێك كە جیهانیی بێتو هەمووان بتوانن لێی سودمەند بن، بەڵام سەرباری ئەوەش هەر بەو چارەسەرانەی پێشتر بۆ ڤایرۆسەكە دۆزراونەتەوە، توانراوە دۆخی تەندروستی چەندین كەس رزگاربكرێت، دكتۆر زانا كە پشكنینی بەردەوام بۆ دۆخی تەندروستی توشبووەكان دەكات دەڵێ ئەو چارەسەرانە كاریگەرییان هەبووەو چەند نمونەیەكی لەبەردەستدایە كە دۆخیان باشتربووە، واتە نیشانەكانی وەكو كۆكەو تایان تێدا نەماوە. دكتۆر زانا زۆر بە گەشبینییەوە دەڵێ:" ئێمە ئێستا لەوپەڕی قۆناغی كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكەداین، ئێمە ئێستا لە قۆناغی هێرشكردنداین بۆسەر ڤایرۆسەكە، ماوەی سێ رۆژە قۆناغی هێرشمان دەستپێكردووە، ئێستا هەموو ئەو كەسانەمان وەرگرتووە كە لە باشماخ كاردەكەن، لەقۆناغی داهاتوودا دێینە سەر ئەو كەسانەی كە لەناو بازاڕەكاندا كاردەكەنو بەركەوتنیان لەگەڵ خەڵكی تردا هەیە". هەندێك دەپرسن ئایا ئەو كۆرۆنایەی كە ئێستا لە كوردستان تۆماركراوە یاخود ئەوەی لە ئێران هەیە، هەمان ئەو ڤایرۆسەیە كە لە چین هەیە، دكتۆر زانا ناتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، چونكە ئەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی ورد هەیەو دەیەوێت ئەم كارە لەڕێگەی زانكۆی لیڤەرپوڵەوە بكات، بەتایبەتیش ئەوەی پرۆژەكە لەڕووی داراییەوە پێویستی بە پارەیەكی زۆر هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش باسی لەوەكرد، دووجۆر لە ڤایرۆسەكە دەناسرێتەوە یەكێكیان زۆر بەهێزەو ئەوی تر ئاساییە، ئەوەی تائێستا لە كوردستان هەیە شێوە ئاساییەكەی ڤایرۆسەكەیە. هەموو ئەنجامی ئەو پشكنینانەی كە راگەیەندراونو دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەلایەن ئەو تیمانەوە ئاشكراكراون كە دكتۆر زاناو هاوڕێكانی كاری تێدا دەكەن، واتە ئەوان رۆژانە لەنزیكەوە كۆرۆنای "كۆڤید- 19" دەبینن، خەڵك خۆی لە ڤایرۆسەكە دەشارێتەوە، ئەمان بەدوای ڤایرۆسەكەدا دەگەڕێن، بەڵام بە دەبڵ كەمامەو عەینەكو جلوبەرگی تایبەتییەوە، لەشوێنی كاركردنیان نەك نان ناخۆن، بەڵكو تەنانەت ئاویش ناخۆنەوەو تەوالێتیش بەكارناهێنن، بۆیە پێش ئەوەی بچنە سەركارەكانیان، بەتەواوەتی خۆیان ئامادە دەكەن، نزیكەی 2 ملیۆن كەس لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەنیا چاویان لەسەر ئەم تاقیگەیەیە، لە كەلارو راپەڕینو هەڵەبجەو لە كەرەنتینەكانی ناو شاری سلێمانییەوە رۆژانە سەدان سامپڵ بۆ پشكنین رەوانەی تاقیگەكەی دكتۆر زاناو هاوڕێكانی دەكرێت. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ ئەوانەی لە ڤایرۆسەكە ئەترسن ئەوەیە، ئەوانەی لە كەرەنتینەكاننو توشبوون، زۆربەیان ئەندامی یەك خێزانن، واتە كەسی نزیكی یەكترنو دەردەكەوێت ڤایرۆسەكە هێشتا چوارچێوەی خێزانی بۆ ناو كۆمەڵگە بەتەواوەتی نەبڕیوە، حاڵەتیش تۆماركراوە كە خەڵك هەڵگری ڤایرۆسەكە بووەو بەبێ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە كراوەو ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا نەماوەو بەردەوامیش پشكنینی بۆ دەكرێت بۆ ئاگاداربوون لە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەكە. تاكە چارەسەرێك كە ئێستا بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای جۆری "كۆڤید-19" بەكاردەهێنرێت، وەكو دكتۆر زانا باسی دەكات ئەو ئەنتی بایۆتیكانەیە كە بۆ زۆر ڤایرۆس دەبن، "ڤایرۆسەكان راستە لەیەكتر جیاوازن، بەڵام لە زۆر سیفەتیشدا لەیەكتر دەچن، هەندێك ئەنتی ڤایرۆس هەیە، ئەو سیفەتە هاوبەشانە بەكاردەهێنێت". دكتۆر زانا گەشبینە بە ئاستی هۆشیاری خەڵك بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە، بەڵام مەترسی گەورەی ئەو ئەوەیە ڤایرۆسەكەیان لەناو كەسانێكدا دۆزیوەتەوە كە لەڕووی تەندروستییەوە ساغنو رەنگە كەسانێكی تر هەبن بەهەمان شێوە هەڵگری ڤایرۆسەكە بن، بەڵام بەهۆی ئەوەی نیشانەكانیان تێدا نییەو كەرەنتینە نەكراون، بیگوازنەوە بۆ كەسانی تر. تاكە كەسێك كە تائێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانیو هەرێمی كوردستان دوچاری كۆرۆنا بوبێتو گیانی لەدەستدابێت مامۆستایەكی ئاینی بوو بەناوی "مەلا رەشید"، دكتۆر زاناو هاوڕێكانی پشكنینی كۆرۆنایان بۆ ئەو پیاوە كردووە، ئەو دەڵێ:" ئێمە كە دەستنیشانمان كرد هەڵگری كۆرۆنایە، دوای چەند كاتژمێرێك كۆچی دوایی كرد، رێژەی ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا زۆر نەبوو، بۆیە دڵنیانین ئایا بەهۆی كۆرۆناكەوە گیانی لەدەستداوە یاخود نەخۆشی تر". هەندێك دەڵێن ڤایرۆسەكە لە هەوادا نییەو راستەوخۆ بەبەركەوتن دەگوازرێتەوە، هەندێكی تر باسی ئەوە دەكەن لە وەرزی گەرمادا ڤایرۆسەكە نامێنێت، دكتۆر زانا هیچ یەكێك لەم چیرۆكانە پشتڕاستناكاتەوە، ئەو دەڵێ كاتێك ڤایرۆسەكە نامێنێت كە هەڵگرانی ڤایرۆسەكە نەمێنن. مانەوە لە ماڵەوەو تێكەڵنەبوون لەگەڵ قەرەباڵغی، هەروەها بەكارهێنانی جێڵی كحول بۆ پاكژكردنەوەی دەستو پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكانی ترەوە، بەڕای دكتۆر زانا رێگای سەرەكین بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە.
درەو: راپۆرتی: BBC (ڤلادیمێر پۆتن) سەرۆكی ڕوسیا لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا وتی، پشتیوانی دەركردنی یاسایەك دەكات ڕێگەی بدات خۆی بۆ دوو خولی تری سەرۆكایەتی كاندیدبكات، كارێك كە دەستوری ڕوسیا تائێستا قەدەغەی كردووە، بەوەش سەرۆكی ڕوسیا دەبێتە تازەترین لەو زنجیرە درێژەی دەسەڵاتدارانی وڵاتان، كە نەیانویستووە دەسەڵات بەجێبهێڵن. چی وا لەكەسەكان دەكات دەسەت بەدەسەڵاتەوە بگرن تا ئاستی ئەنجامدانی گۆڕانكاركاری، تەنانەت پێشێلكردنی ڕێساكانیش لەپێناو مانەوە لەدەسەڵاتدا؟. سامان؟ (نیك چیسمان) نوسەری بەشدار لە كتێبی(چۆن هەڵبژاردنەكان ساختەدەكەیت) دەڵێت: "وەڵامەكە ئاسانە ئەویش گەندەڵییە، دەتوانن پارەیەكی زیاتر بەدەستبهێننو، بمێننەوە بۆ پارێزگاریكردن لە سامانەكەیان، بەڵام واقیع ئاماژە بە كۆمەڵێك شتی ئاڵۆزتر دەكات ". بەوتەی چیسمان، ئەوەی دەسەڵاتداران لە لەدەستدانی سامانەكەیان زیاتر لێدەترسن، دادگایكردنیانە دوای وازهێنایان لەدەسەڵات، هۆكارگەلێكی لۆژیكیشیان هەیە وایان لێبكات بترسن. بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەی كە چیسمان لەكتێبەكەیدا بڵاویكردووەتەوە، 43% لەو سەركردەكانی ئەفریكا كە وازیان لەدەسەڵات هێناوە دادگایكراون، نەفیكراون یان لەسێدارەدراون، لەنێوان ساڵانی 1960بۆ 2010. ئەمە مەترسییەكی گەورەیە بەڵام هەموو مەسەلەكە نییە. كەسە نزیكەكان سەركردەكان هەست بە فشاری ئەوانە دەكەن كە لەدەوروبەریانن، لەنمونەی خانەوادەكانیانو هاوپەیمانە سیاسییەكانیان تەنانەت فەرماندەكانی پۆلیسو سوپاش. ئەمانە كە هاوكارییان پێشكەش بەسەركردەكان كردووە لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات. چیسمان دەڵێت:"تەنانەت كاتێك كە پێتوایە كاتی بڕیاردان هاتووە، كۆمەڵێك كەس دەبینیت لە دەرگاكەت دەدەن و پێت دەڵێن(نەكەی) ئەمە لەبەرخاتری تۆنییە، پرسەكە پەیوەستەبەهەزاران كەس، ئەوانەی كاریانكردووەلەپێناوتو قوربانیان داوە بۆت". چیسمان گەیشتووتە بە بەڵگەیەك كە ئاماژە بەوە دەكات ئەو كەسانەی كە لەدەوری ڕۆبەرت مۆگابی سەرۆكی پێشوی زیمبابۆی بوون لەم ساڵانەی دوایدا، لەوانەبوون كە كاریگەرییان هەبوو لەدەستگرتنی بەدەسەڵاتەوە. بەڵام پێدەچێت پرسێك هەبێت لەو یارییە قوڵتربێت، یان شتێك كە پەیوەستە بەهەژموون، كە دەسەڵات خۆی لەخۆیدا هەیەتی. خێوی دەسەڵات نوسەر (داتشەر كیلتنر) زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر لەكتێبەكەی بە ناونیشانی ( موفارەقەی دەسەڵات) لەسەر ئەمە قسەی كردووە. دوو بارییەكە لەوەدایە ئەو كەسانەی دەگەنە سەر كورسی دەسەڵات كەسانی كۆمەڵایەتیو خۆشەویستن، متمنانەی چواردەوریان بەدەستدەهێنن، ئەگەر سەرۆكی یانەیەكی تێنسی لۆكاڵی بێت، بۆ نمونە، یان كۆمپانیایەك، یاخود سەرۆكی دەوڵەتێك بێت. بەڵام كاتێك ئەمانە دەسەڵات دەگرنە دەست، بەتەواوی دەبنە خێوێكی تر. كۆمەڵێك لێكۆڵینەوە لەوباریەوە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی پێدانی دەسەڵات بە كەسەكان، تەنانەت ئەگەر بەهەڕەمەكیش دیاریبكرێنو بۆ ماوەیەكی كورتیش بێت، دەبێتە هۆی گۆڕینی هەڵسوكەوتیان، بەجۆرێك مامەڵە دەكەن كەسوودی لێببینن، سۆزیان بەرامبەر ئەوانی تر لەدەستدەدەن، وێڕای ئەوەی زۆرربەی جار وا هەستدەكەن ئەوان لەسەر هەقن. دەبنە كەسانی قێزەونو هەڵپەكار، ڕەنگە بایكۆتی ئەوانی تر بكەن، یاخود خۆیان بەدوور بگرن لەتەماشاكردنی ئەو كەسانەی قسەیان بۆ دەكەن. یەكێك لە بەناوبانگترین تاقیكردنەوەكانی (كیلنتر) سەبارەت بەو دیاردەیە لە نەوەدەكانی سەدەی پێشوودا ئەنجامدراوەو، لەسەر كۆمەڵێك خوێندكاری زانكۆ كراوە، دابەشی گروپی بچوك كراون، هەر گروپێكیان لە سێ كەس پێكاهاتوون، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەسەڵات دراوە بە كەسێكیان. دەڵێت:"پێمان ڕاگەیاندن بەپێی دەرخستەكانمان ئێوە لێهاتوویی باشی سەركردایەتیكردنتان تێدایە" ئەوە درۆیەك بوو، هەریەك لەمانە ئەركێكیان بە گروپەكەیان سپارد، دوای 30 خولەك، لێكۆڵەرەوەكان بڕێك بسكویت_یان لەبەردەم هەر گروپێك دانا. ئەو كەسەی كە دەسەڵاتی پێدراوبوو بەشێوەیەكی سەرەنجڕاكیش زیاتر لەبەشی شایستەی خۆی بیسكویتەكەی خوارد، بەشێوەیەكی نا ئاسایی بسكویتەكەی دەخواردو دەنگی دەهاتو پارچەی لێدەكەوتەخوار. هەستكردن بەدەسەڵاتداری خۆشە لێكۆلێنەوەكان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كاتێك دەسەڵات دەدەیت بە كەسانێك، وایانلێدێت كەمتر هەست بە كۆتو بەند بكەن. هەروەك لێكۆڵینەوەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، منداڵانی دەوڵەمەند زیاتر مەیلیان بۆ دزینی شتی بچوك هەبێت لە كۆگاكان، بەبەراورد بە منداڵی هەژارەكان، یاخود تێكەڵاوبوون بە هەڵسوكەوتی سێكسی نائاسایی دوای باڵغبوون، یان خراپەكاریكردن لەگەڵ هاوڕێكانیان. كیلتنر دوای ئەوەی بەشێوەیەكی چڕ دیراسەی دەسەڵاتی كردووە لەژینگەی كۆمپانیاكان، دەڵێت:"ئەو كەسانەی هەژموونی زۆریان هەیە، لەسێ كار كە ئەنجامی دەدەن دوانیان خەسڵەتی نا سەقامگیری تێدایە". كیلتنر پێیوایە، خاوەن دەسەڵات تووشی جۆرێك لە ئالودەبوون دەبێت، بەبێ سەپاندنی كۆتو بەند، كەسەكان بەدوای بەدیهێنانی بەرژوەندیو حەزو چێژەكانیادا دەگەڕێن. دەشڵێت:" ئەوانەی خاوەن دەسەڵاتن هەست بەخۆشی زیاتر دەكەن، هەستدەكەن خاوەنی پێگەو ڕێزێكی زیاترن. مێشكیان ئارامترەو تەندروستیان باشترە، هەروەك هەست بە باشبوونی دۆخیان دەكەن لەژیاندا". ڕیاكاران كیلتنر دەڵێت، دەسەڵاتداران مەیلیان هەیە هاوشێوەی ئەو نەخۆشانە مامەڵە بكەن كە بەشی هەڵسوكەوتی نامەدروسو هەڵپەكارانە لەمێشكیاندا تووشی پوكانەوە بووە، ئاماژەی بەوەشكردووە، لێكۆڵینەوەكەی سوخمایندەر زانای بواری مێشك لەم بوارەدایە. ئەو سەرنجە بەفیعلی بووەتە هۆی هەندێك كاردانەوە كە شایەنی بایەخدانن لەلایەن كەسانێكەوە كە بەدەست كێشەی مێشكەوە دەناڵێنن. كیلتنر دەڵێت:" یەكێك لەوانە بۆی نوسیم(توشبووی نەخۆشی مشێك)" چۆن جورئەتی ئەوە دەكەیت؟ من لەهەڵسوكەوتەكانمدا لێهاتوترم بە بەراورد بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا. بۆیە شتێكی لۆژیكییە سەرۆكی بەهێز لەخۆبایی بێت، چونكە پێیوایە ئەو تاكە كەسە كە دەتوانێت سەركردایەتی بكات. چیسمان دەڵێت: "شتێكی تر ئەوەیە ساڵانە كەسانێك دادەمەزرێنن كە پشتیوانیان دەكەن، ئەوانەش دوور دەخنەوە كە نەیارییان دەكەن، ڕەنگە هیچ خەمڵاندنێكیان نەبێت بۆ ئەوەی كە دەیكەن هەڵەیە". هەروەك لەدەستدانی دەسەڵاتیش، كاریگەری دەرونیی زۆر گەورەی دەبێت، بەجۆرێك لێكۆڵینەوەكان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی كاتێك خاوەن دەسەڵاتەكان هەست بە لەدەستدانی دەسەڵات دەكەن، بەشێوەیەكی توندتیژ هەڵدەچنو ڕەفتاردەكەن. تاقیكردنەوەی مەعدەنی كەس پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر دەسەڵات كەسەكان گەندەڵ دەكات، بۆچی هەموو سەركردەكان خەسڵەتی سەركوتكاریو لەناوبردنیان تێدانییە؟ ئەلكساندەر سیسلاك، مامۆستای زانستی دەرونی لە وارشۆ، ساڵی 2018 دوو لایەنی زۆر جیاوازو تەواو ناكۆكو ناتەبای لەلایەنەكانی دەسەڵات دەستنیشانكردووە. دەسەڵات توانای كۆنترۆڵكردنی ژیانی كەسانی تر دەدا بە كەسی دەسەڵاتداری بەهێز، هەروەك كۆنتڕۆڵكردنی زیاتری ژیانی خۆشی پێدەبەخشێت. مەبەستی كەسەكان ئەوەیە، كاتێك دەڵێن كەسێك خاوەنی دەسەڵاتە، كاتێك كەسێك هەژموونی زیاتری دەبێت بەسەر ژیانیدا، زۆربەی كات هەڵسوكەوتێكی ئەرێنی دەگرێتەبەر. دەسەڵات هەندێك ئاسەواری ئیجابیشی هەیە. بەڵام لەحاڵەتی لەدەستی ئەم كۆنتڕۆڵەدا، بۆ نمونە با بڵێن ئەو دەوڵەتەی كە تۆ بەرپرسیاری لێی لەحاڵەتێكی پشێویدایە، لەوكاتەدا ڕەنگە كاریگەری گەندەڵبوونی دەسەڵات زیاتربێت لە كاریگەرییە ئەرێنییەكەی. سیسلاك دەڵێت:" دەسەڵات باشەو دەكرێت لەپێناو بەرژوەندی گشتی بەكاربهێنرێت، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەو نرخە بیت كە ئەو دەسەڵاتە دەیسەپێنێت". دەشڵێت: ئەگەر سەركردەكان زانیاری ئەو دوو بارییەیان هەبێت، دەكرێت دەست بەلایەنە باشەكەیەوە بگیرێتو دەستبەرداری لایەنە خراپەكەی بن. لەسەر ئەو بنەمایەش، ئەو قسەیەی دەدرێتە پاڵ ئەبراهام لینكۆڵن سەرۆكی ئەمریكا پێدەچێت لۆژیكی بێت كە دەڵێت: "زۆرینەی پیاوان دەتوانن بەرگەی سەختییەكان بگرن، بەڵام ئەگەر ویستت مەعدەنی پیاوێك تاقیبكەیتەوە، دەسەڵاتی بدەرێ". سەرچاوە: بی بی سی