راپرسیەك: ڕەوتی سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردن دەبێت
2021-10-06 05:33:19
درەو:
ڕاپرسی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پلاندانان
(ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پلاندانان) لە ڕاپرسییەکی گشتیدا لەسەر ئاستی (18) پارێزگاکەی عێراق و لە ڕێگەی (4 هەزار و 672) پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، بۆچونی (3 هەزار و 26) هاوڵاتی عێراقی وەرگرتووە، تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی دەرەنجامی بەشێکی ڕاپرسییەکە سەر ئاستی عێراق؛ رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی (موقتەدا سەدر) بە (348) دەنگ و بە ڕێژەی (14.81%) لە پلەی یەکەم و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی (نوری مالکی) بە (278) دەنگ و بە ڕێژەی (%11.83) بە پلەی دووەم و هاپەیمانی تەقەدوم بە (211) دەنگ و بە ڕێژەی (%8.98) بە پلەی سێیەم و پارتی دیموکراتی کوردستان بە پلەی چوارەم دێت بە ڕێژەی (7.45%) و بە دەنگی (175) بەشدابوو، هاوکات هاوپەیمانی هێزی دەوڵەتی نیشتمان بە سەرۆکایەتی (عەمار حەکیم) و (کاندیدە سەربەخۆکان) لە پلەی پێنجەمدان بە دەنگی (119) بەشداربوو و بە ڕێژەی (%5.07).
زانیاری گشتی دەربارەی ڕاپرسییەکە
1. ڕاپرسییەکە هەر (18) پارێزگاکەی عێراقی گرتووەتەوەو لە ماوەی 15/9/2021-24/9/2021 ئەنجام دراوە.
2. ڕاپرسییەکە لە لایەن (6) توێژەری ناوەندەکەوە ئەنجام دراوە کە سیانیان پیاو و سیانیان ئافرەت بوونەو لە نێویشیاندا یەکێکیان کورد بووە، هەر یەکەو ئەرکی ڕاپرسییەکەی لە (3) پارێزگادا لە ئەستۆ گرتووە.
3. ڕاپرسییەکە لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئەنجام دراوەو (4 هەزار و 672) پەیوەندی جۆراو جۆر ئەنجام دراوە و (246) پەیوەندییان رەتی کردووەتەوە بەشداربێت و (623) پەیوەندیشیان یان پەیوەندیان لەگەڵ بووە یان وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەداوەتەوە، (745) هێڵیشیان داخراوە، (32) کەسیان مافی دەنگدانیان نەبووە جا تەمەنیان لە خوار (18) ساڵەوە بووە یان بێگانە بوونە، بۆیە ئەوەی ماوەتەوە و بەشداری ڕاپرسییەکەی کردووە (3 هەزار و 26) هاوڵاتی عێراقی بوونە.
4. ڕەچاوی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی عێراق کراوە بۆ بەشداری پێکردنی ژمارەی هاوڵاتیان لە سەر ئاستی هەر پارێزگایەک. (بڕوانە خشەی ژمارە(1))
5. لەڕووی تەمەنی بەشداربووانەوە لە (18) ساڵەوە دەستی پێکردووە تا سەروو (67) ساڵ، ئەگەر چی زۆربەیان لە تەمەنی گەنجدان، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر هاوسەنگی ڕاگیراوە لە نێو تەمەنە جیاوازەکان.
6. لەڕووی ڕەگەزەوە (هەزار و 943) کەسیان بە ڕێژەی (64%) نێر و (هەزار و 83)یان بەڕێژەی (36%) لە ڕەگەزی مێ بوونە.
7. لە ڕووی ئاستی خوێندەوارییەوە لە نەخوێندەوارەوە بەشدار بوونە تا ئاستی بڕوانامەی دکتۆرا.
پرسیارەکان
یەکەم: ئایا کارتی دەنگدانت هەیە؟
بۆ وەڵامی بەشداربووان سەبارەت بەم پرسیارە لەسەر ئاستی عێراق پرسیار لە (3 هەزار و 26) هاوڵاتی کراوە و ئەنجامەکە بەو شێوەیە بووە (بڕوانە چارتی ژمارە(1))
بە شێوەیەکی وردتر و لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامەکە بە جۆرێکە لە پارێزگای کەربەلا زۆرترین و بە ڕێژەی (89%) و لە پارێزگای واست و کەمترین بەشداربوو بە ڕێژەی (41%) خاوەنی کارتی دەنگدان بوونە (بڕوانە چارتی ژمارە (2))
دووەم: ئایا بەشداری هەڵبژاردنی ساڵی (2018)ت کردووە؟
بۆ وەڵامی بەشداربووان سەبارەت بەم پرسیارە لەسەر ئاستی عێراق پرسیار لە (3 هەزار و 26) هاوڵاتی کراوە و ئەنجامەکە بەو شێوەیە بووە (بڕوانە چارتی ژمارە(3))
بە شێوەیەکی وردتر و لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامەکە بە جۆرێکە لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین بەشداربوو بە ڕێژەی (91%) و لە پارێزگای نەینەوا کەمترین بەشداربوو بە ڕێژەی (65%) بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کردووە کە ساڵی 2018دا ئەنجام دراوە (بڕوانە چارتی ژمارە (4))
سێیەم: ئەگەر بریارت داوە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بکەیت، ئامادەی دەنگ بە هەمان کەسایەتی و لایەن و لیست بدەیتەوە کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگت پێداوە؟
بۆ وەڵامی بەشداربووان سەبارەت بەم پرسیارە لەسەر ئاستی عێراق (2 هەزار و 114) کەس لە کۆی پرسیار لە (3 هەزار و 26) وەڵامەکەیان ئەوە بووە کە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن بەشێکی گەورەیان ئامادەنین دەنگ بەو لایەن و لیستانە بدەنەوە کە پێشتر دەنگیان پێداون (بڕوانە چارتی ژمارە(5))
بە شێوەیەکی وردتر و لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامەکە بە جۆرێکە لە پارێزگای بەسرە زۆرترین بەشداربوو بە ڕێژەی (91%) و لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە کەرکوکیشەوە کەمترین بەشداربوو دەنگ بە کاندید و لایەنەکانی پێشوو نادەنەوە (بڕوانە چارتی ژمارە (6))
چوارەم : نیەتت وایە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بکەیت؟
بۆ وەڵامی بەشداربووان سەبارەت بەم پرسیارە لەسەر ئاستی عێراق پرسیار لە (3 هەزار و 26) هاوڵاتی کراوە و ئەنجامەکە بەو شێوەیە بووە (بڕوانە چارتی ژمارە(7))
بە شێوەیەکی وردتر و لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامەکە بە جۆرێکە لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین بەشداربوو بە ڕێژەی (97%) و لە پارێزگای نەجەف کەمترین بەشداربوو بە ڕێژەی (66%) نیەتیان وایە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن لە رۆژی 10/10/2021 (بڕوانە چارتی ژمارە (8))
پێنجەم: گریمان نیەتت وایە بەشداری هەڵبژاردن بکەیت، ئەو لایەن کەسایەتییانە کێن ئامادەی دەنگیان پێ بدەیت؟
(2 هەزارو 349) کەس وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە، بڕوانە خشتەی ژمارە (2)