Draw Media

درەو: حوسنی مەحلی – ئەلمەیادین  توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی زەمینی بەمنزیكانە بۆ سەر باكوری عێراق، بەهەماهەنگی‌و هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە مەسعود بارزانی، ئەو هێزانەی چەند جارێك‌و لە قۆناغەكانی ڕابردوودا ئەو كارەیان كردووە. بارزانی گروپی تاڵەبانی بە خیانەتكار وەسفدەكات، بەهۆی ئەوەی هاوكاری بەغدادی كردووە بۆ شكستپێهێنانی ڕاپرسی سەربەخۆیی لە ساڵی 2017، بەڵام بیرى چووە كە ئەردۆغانی هاوپەیمانە ستراتیجییەكەی لایەنی سەرەكی بوو لە شكستپێهێنانی ئەو ڕاپرسییە.  ئەمە بەشێكە لەوتاری نوسەری دیاری توركی بە ڕەچەڵەك سوری (حوسنی مەحلی) كە لەژێر ناونیشانی" دوای باكوری سوریا..ئایا توركیا خۆی ئامادەكات بۆ داگیركردنی باكوری عێراق؟" بڵاویكردووتەوە. خۆی بۆ هێرش ئامادەكات  مەحلی لەوتارەكەیدا نوسیویەتی:" دوور لەبایەخی میدیا جیهانییەكان كە سەرقاڵی ڤایرۆسی كۆرۆنان، باكوری عێراق هێرشی ئاسمانی توركیا بەخۆیەوە دەبینێت كە پێگەو جوڵەی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیا لەشاخەكانی قەندیل دەكاتە ئامانج، وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی زەمینی بۆ داگیركردنی باكوری عێراق بەهاوكاری‌و هەماهەنگی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە مەسعود بارزانی".  لەبارەی بایەخی ئەو هەماهەنگییە سەربازییەی نێوان بارزانی‌و توركیا مەحلی دەڵێت:" ئەو هەماهەنگی‌و هاوكارییە ناوەرۆكێكی ستراتیجی بەدەستهێناوە دوای كۆتایهاتنی جەنگی نێوان هێزەكانی سەر بە مەسعود بارزانی‌و جەلال تاڵەبانی، كە بەهۆیەوە سوپای توركیا توانی بنكەی سەربازی لە زیاتر لە 10 خاڵی ناو باكوری عێراق دابمەزرێنێت، بەپشتیوانی بارزانی‌و هێزی چەكوشی ئەمریكی كە مانگی ئازاری 2003داو دوای داگیركردنی عێراق توركیایان بەجێهێشت".    دەشڵێت"ئەنكەرە تەنها بەم بوونە سەربازییەوە نەوەستا، بەڵكو سوپاكەی 27 جار چووەتە ناو باكوری عێراق تا ساڵی 2007، ئەوەش لەكاتی ئەو ڕێككەوتنەوە كە ئەنكەرە لەگەڵ بەغداد لەساڵی 1987 ئیمزای كرد، بەوپێیەش سەدام حسێن ڕێگەی دا سوپای توركیا بەقوڵایی 20 كلم بێنە ناو خاكی عێراق بۆ ڕاوەدوونانی چەكدارانی پارتی كرێكاران، كاتێك سەرقاڵی جەنگی ئێران بوو، ئەنكەر ئەم ڕێككەوتنەی كردووەتە بەهانە‌و دەڵێت، هێشتا كاری پێدەكرێت، هەروەك چۆن كار بەڕێككەوتنی ئەدەنە دەكات لەگەڵ دیمەشق لەساڵی 1998، كە ڕێگەی دەدات بە ڕاوەدوونانی چەكدارانی پارتی كرێكاران لەباكوری سوریا".  مەحلی دەڵێت: "ئەنكەرە پێیوایە دۆخی ئەم دوو وڵاتە هێشتا لەبەرژوەندی خۆیەتی، سوپای توركیا بە هاوكاری ئۆپۆزسیۆنی ئیخوانی‌و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی لەسوریا بوونی هەیە، لەعێراقیش بە هاوكاری خێڵە سونییەكان‌و پێشمەرگەی بارزانی بوونی هەیە، لەگەڵ بەردەوامی ناكۆكی نێوان هێزە شیعییەكان". ئەردۆغان شكستی بە ڕیفراندۆم هێنا لەبەشێكی تری وتارەكەیدا، نوسەر ئاماژە بە ناكۆكییەكانی ئەم دواییەی نێوان پارتی‌و یەكێتی دەكات‌و دەڵیت:" زانیارییەكان ئاماژە بە ئاڵۆزییەكی مەترسیدار دەكەن لەنێوان هێزەكانی بارزانی‌و هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەگەڵ بەردەوامی ساردوسڕی نێوان ئەنكەرەو سلێمانی، كە میانڕەوترن سەبارەت بەكێشەكانی عێراق‌و سوریاو ناوچەكە،   بارزانی گروپی تاڵەبانی بە خیانەتكار وەسفدەكات، بەهۆی ئەوەی هاوكاری بەغدادی كردووە بۆ شكستپێهێنانی ڕاپرسی سەربەخۆیی لە ساڵی 2017، بەڵام بیرى چووە كە ئەردۆغانی هاوپەیمانە ستراتیجییەكەی لایەنی سەرەكی بوو لە شكستپێهێنانی ئەو ڕاپرسیە". بەبۆچوونی مەحلی، قوڵبوونەوەی كێشەكانی پارتی‌و یەكێتی لەلایەك‌و كێبڕكێی پارتی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان، ڕەنگە پاڵ بە بارزانییەوە بنێت بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ دژی پارتی كرێكاران لەقەندیل بۆ بەدەستهێنانی سەرلەنوێ‌ ڕەزامەندی ئەردۆغان دژی ڕكابەرە مێژووییەكەی كە حزبكەی جەلال تاڵەبانییە، سوودمەندی گەورەش لەهەموو ئەم پێشهاتانە ئەردۆغانە كە پێیوایەدەتوانێت سودیان لێوەربگرێت بۆ جێبەجێكردنی پلان‌و پرۆژەكانی لە باكوری عێراق لەم دۆخە قورس‌و ئاڵۆزەیدا، ئەمجارە دوور لەدەستوردانی ڤلادیمێر پۆتن. بێدەنگی دەسەڵاتدارانی عێراق بە بۆچوونی حوسنی مەحلی ڕەزامەندی عێراق لەكۆتایی ساڵی 2015دا بۆ هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ بەعشیقە لەخۆرهەڵاتی موسڵ، بەپاساوی شەڕ دژی داعش‌و یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد، وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە حساباتەكانی توركیا لە باكوری عێراق. لەگەڵ ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەوكاتەدا هاتەگۆڕێ‌ بەهۆی داگیركردنی موسڵ‌و ناوچەیەكی فراوان لەسەرانسەری عێراق بەگشتی.  مەحلی دەڵێت: "تائێستا بە بیری هیچ بەرپرسێكی عێراقیدا نەهاتووە ڕێوشوێنی كرداری بگرێتەبەر بۆ ناچاركردنی ئەنكەرە بەكشانەوەی هێزەكانی لە باكوری عێراق.توركیا یەكێك بوو لە سودمەندەكانی ئەو دۆخە  كارتی توركمان حوسنی مەحلی، لەبارەی سود وەرگرتن لەكارتی توركمان لەعێراق لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەنكەرەوە دەڵێت:" بەدرێژایی ماوەی ڕابردوو‌و لەسەردەمی حكومەتەكانی ڕابردوودا، ئەنكەرە سود وەرگرتنی لە كارتی توركمان فەرامۆش نەكردووە، كە بەشێوەیەكی چڕ لەناوچەكانی باكوری عێراق بوونیان هەیە بەتایبەت لە كەركوك‌و موسڵ، ئەو ناوچانەی كە لەچوارچێوەی نەخشەی پەیماننامەی نیشتمانی(میللی)ناودەبرێن، كە قسەكانی ئەردۆغان‌و حساباتە تایبەتەكانیدا لە سوریاو عێراق بووەتە دەستەواژەیەكی گرنگ".  ئاماژە بەوەش دەدات، هەوڵەكانی ئەنكەرە بەردەوامبووە بۆ بەكارهێنیان وەك كارتێكی فشارو سازشپێكردن، جارێك لەگەڵ بەغداو جارێكیش لەگەڵ كورد، دوای ئەوانیش لەگەڵ ئەمریكییەكان پاش داگیركردنی عێراق لەساڵی 2003دا،  ئەوەش بایەخی ئەنكەرەی بۆ باكوری عێراق زیاتر كردوووە، كە تۆرگۆت ئۆزال سەرۆكی كۆچكردووی توركیا لەساڵی 1991دا هەوڵیدا بیخاتە سەر توركیا. نوسەر ئاماژە بە زیادبوونی بایەخی ئەنكەرە دەكات بەو ناوچەیە لەدوای  هاتنە دەسەڵاتی پارتی داد گەشەپێدان لەكۆتایی ساڵی 2002داو دەڵێت:"یەكێك لەئامانجەكانی ئەنكەرە ڕووبەڕووبونەوەی ڕۆڵی ئێرانی(شیعی) بووە لەعێراق كە لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە پشتیوانی كراوە، ئەویش لەڕێی مەسعود بارزانی یاخود گروپ‌و هێزە سونییەكان، لەدیارترینیان تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری پێشوترو ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی موسڵەوە بووە".   


(درەو): بەپێی نوسراوی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەشەش ساڵی رابردوودا بەهۆی جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ، هەرێمی كوردستان زیاتر لە (62 ترلیۆن) دیناری لە بودجەی عێراق دەستداوە، دوای ئەم زیانە زۆرانە، حكومەت ئێستا دەیەوێت نەوت رادەستی بەغداد بكات. خەرجی‌و داهاتی حكومەت لە 2019 لەوەڵامنامەیەكدا بۆ ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی لەبارەی خەرجی‌و داهات‌و ئەو زیانانەی كە بەر سەرچاوەكانی داهاتی كردووە، رونكردنەوە دەدات: حكومەتی هەرێمی لەبارەی خەرجییەكانی خۆیەوە لە ساڵی 2019 دەڵێ: •    بۆ موچەی فەرمانبەران مانگانە بڕی (895 ملیار) دیناری خەرجكردووە، كۆی ئەم پارەیە بۆ ساڵەكە (10 ترلیۆن‌و 740 ملیار) دینار بووە. •    بۆ خەرجی وەزارەتەكان مانگانە بڕی (248 ملیار) دیناری خەرج كردووە، كە بۆ ساڵەكە (2 ترلیۆن‌و 976 ملیار) دینار بووە. •    بۆ خەرخی وەبەرهێنان مانگانە (47 ملیار) دیناری خەرجكردووە، ئەم خەرجییە بۆ كۆی ساڵەكە گەیشتووەتە (564 ملیار) دینار. واتە بەپێی قسەی خۆی، خەرجی حكومەتی هەرێم لە ساڵی رابردوودا بۆ موچەی فەرمانبەران‌و خەرجی وەزارەتەكان‌و خەرجی وەبەرهێنان بەكۆی گشتی بۆ هەرمانگێك (ترلیۆنێك‌و 190 ملیار) دینار بووە‌و بۆ كۆی گشتی ساڵەكە خەرجییەكانی (14 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینار بووە. وەڵامنامەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەریدەخات، لەكۆی (14 ترلیۆن‌و 280 ملیار)ی كۆی خەرجی ساڵی رابردووی هەرێم، بڕی (5 ترلیۆن‌و 448 ملیار) دیناری لەبەغدادەوە دابین كراوە، واتەی كۆی گشتی خەرجییەكانی ساڵی رابردووی هەرێم تەنیا رێژەی (38%) لەلایەن بەغدادەوە دابین كراوە‌و ئەوی تری حكومەت لە داهاتی ناوخۆی هەرێم‌و فرۆشی نەوتەوە بەشێوەی سەربەخۆ دەستیكەوتووە، كۆی گشتی داهاتی ناوخۆی هەرێم‌و فرۆشی نەوت لە ساڵی رابردوودا بەپێی نوسراوەكەی حكومەتی هەرێم (8 ترلیۆن‌و 832 ملیار) دینار بووە. سیاسەتی ئابوری سەربەخۆو زیانە مادییەكانی ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد‌و كابینەیەكی "بنكەفراوان" بوو بە هاوبەشی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان+ كۆمەڵی ئیسلامی+ یەكگرتووی ئیسلامی)، بڕیاریدا سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ جێبەجێ بكات، لەم سیاسەتەشدا بە پلەی یەكەم بڕیاردرا هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆو دور لە چاوی بەغداد نەوت فرۆشێت. ئەوكات كە بڕیاردرا هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، هەناردەی رۆژانەی نەوت (600 هەزار) بەرمیل بوو، لێرەوە بوو هەرێمی كوردستان بوو بە خاوەنی بۆری تایبەتی خۆی بۆ هەناردەی نەوت، بەهۆی ئەم سیاسەتەوە حكومەتی ئەوكاتی عێراق كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكرد، لە پرۆژەی یاسای بودجەی 2014دا پێدانی پشكی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق بەستەوە بەوەی هەرێم رۆژانە (400 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكات، هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكرد، بەغدادیش پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی خۆی بڕی، بەپێی ئەو خشتەیەی كە ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، لەو ساڵەوە تاوەكو تائێستا، هەرێمی كوردستان بڕی (62 ترلیۆن) دینار زیانی بەركەوتووە، كە ئەمەش ئەو بڕە پارەیەیە دەبوو لەوكاتەوە بەغداد رادەستی هەرێمی بكات، ئەمە زیانی ئابوری بڕیاری سەربەخۆیی ئابوریی هەرێمە. بەپێی ئەو وەڵامنامەكەی حكومەتی هەرێم: •    ساڵی 2014 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (19 ترلیۆن‌و 999 ملیارو 616 ملیۆن) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (17 ترلیۆن‌و 719 ملیارو 616 ملیۆن) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. •    ساڵی 2015 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (14 ترلیۆن‌و 817 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (2 ترلیۆن‌و 476 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (12 ترلیۆن‌و 341 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. •    ساڵی 2016 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (12 ترلیۆن‌و 570 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم هیچ بڕەپارەیەكی وەرنەگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (12 ترلیۆن‌و 570 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. •    ساڵی 2017 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (11 ترلیۆن‌و 605 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی وەرنەگرتووە،  واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (11 ترلیۆن‌و 605 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. •    ساڵی 2018 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (6ترلیۆن‌و 776 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (3 ترلیۆن‌و 175 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هەرێم بڕی (3 ترلیۆن‌و 591 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. •    ساڵی 2019 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (9 ترلیۆن‌و 783 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (5 ترلیۆن‌و 439 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هەرێم بڕی (4 ترلیۆن‌و 343 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. واتە لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق (75 ترلیۆن‌و 541 ملیارو 834 ملیۆن) دیناربووە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتەوە، بەغداد (13 ترلیۆن‌و 370 ملیارو 533 ملیۆن) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، لەبەرامبەردا هەرێم بڕی (62 ترلیۆن‌و 171 ملیارو 310 ملیۆن)ی مافی خۆی لە بودجەی بەغداد لەدەستداوە.  


درەو: ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بەسەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبەكەو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە. كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كە لە چوارچێوەی ئێوارە خوانێكدایە، هەنگاوێكە بە ئاراستەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو ئۆگانە، كە یەكەمیان واتا مەكتەبی سیاسی یەكێتی، روخسارە نوێیەكانی حزبی تێدا كۆبوەتەوەو دووەمیشیان واتا ئەنجومەنی باڵای سیاسی پێكهاتەكەی بریتیە لە ئەندامانی پێشووی مەكتەبی سیاسی و روخسارە دێرینەكانی حزب.  ئەم كۆبونەوەیە دوای سەردانێكی لاهور شێخ جەنگی دێت بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، (درەو) زانیویەتی كۆسرەت رەسوڵ پاڵپشتی خۆی بۆ هاوسەرۆكانی یەكێتی راگەیاندووەو بڕیاریداوە پشتیوانی لە هەر سیاسەتێكی یەكێتی بكات كە ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن. پێشبینی دەكرێت لەم ئێوارە خوانەدا ئەندامانی هەردوو ئۆرگانەكەی یەكێتی لە بارەی چەند پرسێكەوە گفتوگۆبكەن لەوانە (پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، بەشداری یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەریم، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق و بەشداری یەكێتی تیایدا). دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كۆبونەوەی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد، بەڵام تا ئێستا مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەڵامی ئەو داواییەی مەكتەبی سیاسی پارتی نەداوەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەكتەبی سیاسی پارتی پێشنیازی كردووە كۆبونەوەكە بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بێت، بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوای كردووە خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشدار بێت لە كۆبونەوەكە. 


(درەو): هێشتا دەنگدانەوەی هەڵدانی مانگە دەستكردە سەربازییەكەی ئێران كە ناوی "نور_1"ی هەڵگرتووە، لەنێوەندە ئەمریكییەكان دەبیسترێت، واشنتۆن‌و ئیدارەی ترەمب لەزیاد لەبۆنەیەكدا بێزاری خۆیان لەو هەنگاوە پیشانداوە. ئێران ڕایگەیاند، ئەو مانگە دەستكردە سەربازییە"نور_1" لەڕێی موشەكێكی جۆری "قاسد" بەدوو قۆناغی هەڵدراوە، توانیویەتی بچێتە ناو بۆشایی ئاسمان‌و لەخولگەی خۆی سەقامیگربێت بەدووری 425 كلم لەرڕووی زەوییەوە. مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ویلایەتەیە كگرتووەكانی ئەمریكا لێپرسینەوە لەئێران دەكات لەسەر هەڵدانی ئەو مووشەكە كە مانگێكی دەستكردنی سەربازی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە. مانگە ئێرانییەكە سوپای پاسدارنی ئێران ڕایگەیاند، یەكەم مانگی دەستكردی سەربازی وڵاتەكەیان بەسەركەوتوویی هەڵداوە بۆ خولگەكەی، ئەوەش لەكاتێكدا پەیوەندی تاران‌و واشنتۆن لەدۆخێكی ئاڵۆزدایە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمی‌و مووشەكییەكەی. سوپای پاسداران لەبەیاننامەیەكدا كە لەسەر پێگەی ئەلەكترۆنی خۆی بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت: مانگی دەستكردی (نور) لەخولگەكەی دەسوڕێتەوە كە 425 كیلۆمەتر لەڕووی زەوییەوە دوورە. ئاماژە بەوەشدەكات: مووشەكی (قاسد)ی بەكارهێناوە بۆ هەڵدانی مانگە دەستكردەكە، بەڵام نەچووەتە وردەكاری تر لەبارەی ئەو تەكنەلۆجیایەی بەكارهاتووە. ڕاشیگەیاندووە: مووشەكە تێكەڵەیەك لە سوتەمەنی شڵ‌و ڕەق بەكاردەهێنێت. بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن، ترسیان هەیە لەوەی تەكنەلۆجیای بالیستی دوور مەودای بەكارهاتوو لە ناردنی مانگە دەستكردەكە بۆ خولگەكەی، بەكاربهێنرێت لە هاویشتنی مووشەكی هەڵگری كڵاوی جەنگی ئەتۆمی. لەبەرامبەردا ئێران ئەم بۆچوونەی ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕەتدەكاتەوە بەوەی ئەو چالاكییە ڕوپۆشێك بێت بۆ پێشختنی مووشەكە بالیستییەكانی‌و، ڕایدەگەیەنێت، هەرگیز هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نەداوە. نامەكانی ئێران محەمەد غروری، شرۆڤەكاری سیاسی ئێران دەڵێت: "ئەمریكا دەیەوێت بەم قسانە لەبارەی مانگە دەستكردەكەی ئێران تەمومژ بۆ ئەم پرسە دروستبكات، بەجۆرێك بتوانێت هەندێك دەستكەوتی سیاسی بچنێتەوە، لەسایەی ئەو دۆخەی واشنتۆن تێیدا دەژی لەسەر ئاستی سیاسی، یاخود قەیرانی تەندروستی بەهۆی كۆرۆنا". ئەو شرۆڤەكارە ئێرانییە لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی سپۆتنینگ دەشڵێت: "ترەمپ بەدوای دەرچەیەكی دەرەكیدا دەگەڕێت دەرفەتی قسەكردنی بداتێ‌ لەبارەی پرسە نێودەوڵەتییەكان، فشارەكان لەسەر ئیدارەی ئەمریكا خاو بكاتەوەو، لەو گێژاوە دەربازی بێت كە خۆی تێخستووە".  ئاماژە بەوەشدەكات: "مووشەكەكەی ئێران كۆمەڵێك پەیام لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان ئەوەیە ئەمریكا وێڕایی فشارە بەهێزەكانی لەڕێی سزا توندەكانییەوە، نەیتوانیوە چۆك بەگەلی ئێران دابدات لەڕووی سیاسییەوە‌و، سەركردایەتییەكەی ناچار بكات بۆ گەڕانەوە بۆسەر مێژزی گفتوگۆ، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت  سزاكان كاریگەریان لەسەر بڕیاری سیاسی ئێران نەبووە". جەختیشدەكات:"مووشەكەی ئێران لەكاتێكدا هەڵدرا ئەمریكا بەدەست سەرلێشواییەكی زۆرەوە دەناڵێنێت، هەروەها لەڕێی سوپای پاسدارنەوە هەڵدراوە، كە ئەمریكا لەچوارچێوەی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكاندا پۆلێنی كردووە، ئەوەش بایەخی واشنتۆنی بۆ مووشەكەكە زیاتر كردووە. وێڕای ئەوەش مووشەك‌و مانگە دەستكردەكە دروستكراوی تەواوەتی ئێران خۆیەتی، هەڵدانیشی بۆ مەبەستی سەربازی بەرگرییە، نەك مرۆیی، ئەوەش جێگەی مەترسی ئەمریكایە".  لەدرێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاندووە"هەڵدانی ئەو مووشەكە ئێران دەخاتەڕیزی ئەو وڵاتانەی خاوەنی مووشەكی كیشوەر بڕن، دەتوانێت هەر ئامانجێك بپێكێت لەهەر خاڵێكی جیهاندابێت، ئەوەش خۆی لەخۆیدا ئەو پەیامە دەگەیەنێت كە ئێران چۆكی دانەداوە بۆ ئەمریكا". ئاڵۆزییەكی ئامادە لای خۆیەوە، عیماد ئەبشناس شرۆڤەكاری سیاسی ئێران دەڵێت:" ئەو مانگە دەستكردە سەربازییە ئێرانییە كە سوپای پاسداران‌و وەزارەتی بەرگری هەڵیانداوە، دەتوانێت ڕووپێوی خاكی ئیسرائیل‌و ئەمریكا بكات، لەڕێی وێنەگرتن‌و چاودێریكردنی هەواڵگری ئەلەكترۆنی". ڕاشیگەیاندووە:"ئەو كارە بووەتە هۆی توڕەكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئێران بە ئەنقەست ئەو كارەی كرد بەڕاگەیاندنی بەشێوەیەكی فەرمی هەڵدانی ئەو مانگە دەستكردە سەربازییە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، بەتایبەت لەسایەی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی كە لەنێوان هەردوولادایە". توڕەیی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: وڵاتەكەی لێپرسینەوە لەئێران دەكات لەسەر هەڵدانی ئەو مووشەكەی كە مانگی دەستكردی سەربازیی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە. پۆمپیۆ وتویەتی:" پێویستە لەسەر جیهان لێپرسینەوە لەئێران بكات لەسەر پێشێلكارییە جیاوازەكانی‌و، واشنتۆن سەرجەم ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەربازو دبلۆماتكارەكانی لەناوچە جیاوازەكانی جیهان". وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردوە:"هەڵدانی مووشەك لەلایەن ئێرانەوە كە هەڵگری مانگی دەستكردی سەربازیی بووە بۆ ئاسمانی دەرەكی، پێشێلكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەو، دەبێت بەرپرسیارێتی ئەوە لەئەستۆ بگرن". دوای ڕاگەیاندنی هەڵدانی مانگی دەستكردی سەربازی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ترەمپ لەتویتەر نوسی" فەرمانم داوە بەهێزی دەریایی ئەمریكا بەتێكشكاندنی هەر بەلەمێكی سەربازی ئێرانی ئەگەر پەڵپ بە كەشتییەكانمان بگرێت لەناو دەریا". ئێران لەم ماوەیەی دواییدا بەدەست شكستهێنانی هەڵدانی مانگی دەستكردەوە دەیناڵاند، دواین تاقیكردنەوەی شكستخواردوو لەمانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا بوو، كە بەهۆی تەقینەوەی مووشەكەكە لەسەر سەكۆی هەڵدانی لەسەنتەری ئیمام خومەینی ئاسمانیی لەباكوری ئێران پێش هەڵدانی، سەركەتوو نەبوو.    سەرچاوە: سپۆتینگ  


درەو: مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كۆبونەوە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات، مەكتەبی سیاسی یەكێتی هێشتا وەڵامی داواكارییەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی نەداوەتەوە. سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی داوای كۆبونەوەی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردووە، سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوانیان و گفتوگۆكردن لەسەر پشكی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا. سەرچاوەكە ئەوەشی بە (درەو) راگەیاند، هێشتا مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەڵامی مەكتەبی سیاسی پارتی نەداوەتەوە بۆ كۆبونەوەو پێیان وایە مەكتەبی سیاسی پارتی بڕیار بەدەست نین و دەسەڵات لای ئەوان نیە. هەفتەی رابردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بڕیاری كۆبونەوەیاندا لەسەر داوای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەڵام لەسەر شوێنی كۆبونەوەكە رێككنەكەوتن.  پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیاریان كردووە كۆبونەوەكە  بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بێت، بەڵام یەكێتی داویانكردووە  كە خودی مەسعود بارزانی ئامادەی كۆبونەوەكە بێت. 


(درەو): سێ گەنج بەتۆمەتی كوشتنی كچێكی (20) ساڵان لە پۆلیسی سلێمانی دەستبەسەرن، رووداوەكە دوو رۆژ پێش ئێستا روویداوە، پۆلیس لێكۆڵینەوە دەكات، تۆمەتبارەكان قسەی جیاواز دەكەن لەبارەی كوژرانی ئەو كچەوە، دایكی كچەكە سكاڵای هەیە‌و ترسی هەیە دۆسیەكە دابخرێت. لەبارەی دۆسیەكەوە كاتژمێر 11ی شەوی 26ی ئەم مانگە واتە بەر لە دوو رۆژ، لە گەڕەكی چوارچرای نوێ لە باشوری شاری سلێمانی، كچێكی تەمەن (20 ساڵان) كوژرا. ماوەیەك دوای كوژرانی، پۆلیس ئاگاداركرا، تەرمی كوژراوەكە گواسترایەوە، كاتژمێر (1)ی هەمان شەو دووان لە گومانلێكراوانی رووداوەكە خۆیان رادەستی پۆلیس كردو دانیان بەوەدا نا لەكاتی رووداوەكەدا لەوێ بوون، دوێنێ شەو گومانلێكراوی سێیەم دەستگیركرا كە تۆمەتباری سەرەكی روداوەكەیە. بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتباری رووداوی كوژرانی ئەو كچە (20 ساڵانە) سێ كەسن بەناوەكانی: •    (ن، أ، ح) لەدایكبووی ١٩٩٣ •    (م، أ، م) لەدایكبوەی ١٩٩٧ •    (ك، أ، م) لەدایكبووی ١٩٩٤  ئەم سێ گەنجە ئێستا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون. چی رویدا ؟ (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی، هەندێك زانیاری لەبارەی چۆنیەتی كوژرانی ئەو كچە دەستكەوتووە. بەپێی ئەوەی سێ گومانلێكراوەكە لەبەردەم پۆلیس دانیان پێداناوە، ئەو كچە لەگەڵ سێ كوڕی هاوڕێیدا (واتە ئەوانەی ئێستا لە پۆلیس راگیراون) شەوێك بەر لە كوژرانی چونەتە ماڵی (م، ا، م) لە گەڕەكی چوارچرای نوێ، (م، ا، م) خێزاندارە، بەڵام ئەو دوو شەوە خێزانەكەی لەماڵەوە نەبووە. (م، ا، م) كە تۆمەتباری سەرەكییە لە ئەنجامدانی كوشتنەكەدا، لەبەردەم پۆلیس باسی لەوەكردووە، شەوی یەكەم تاوەكو درەنگانێكی شەو خواردویانەتەوە، بۆیە بەیانی درەنگ‌و لەدەوروبەری كاتژمێر چواری ئێوارەدا لە خەوهەستاون، پاش ئەوەی هەستاون، چوار هاوڕێكە، واتە سێ كوڕەكە‌و كچە كوژراوەكە، دەستیان بە نانخواردن كردووە‌و تا كاتژمێری 11ی شەو كاتەكەیان بەڕێكردووە. (ه، ز) بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بە فیشەكێك كوژراوە كە بەر لای چەپی سەری كەوتووە، لەبارەی چۆنیەتی كوژرانی ئەو كچەوە، گومانلێكراوانی روداوەكە قسەی جیاواز دەكەن: •    (ن، أ، ح)‌و (ك، أ، م) كە كاتژمێری (1) شەوی روداوەكە خۆیان رادەستی پۆلیس كردووە دەڵێن: لەكاتی مەستیدا (م، ا، م) دەمانچەكەی هەڵگرتووە‌و بە گاڵتەوە بە كچەكەی وتووە بتكوژم، ئیتر فیشەكێك دەرچووە‌و بەر سەری (ه، ز) كەوتووە‌و كوشتویەتی. •    (م، ا، م) كە تۆمەتباری سەرەكی روداوەكەیە قسەیەكی تری لەبەردەم پۆلیسدا كردووە‌و وتویەتی: كچەكە واتە (ه، ز) داوای لێكردووە دەمانچەكەی بداتێ بۆ ئەوەی "سناپێكی لەگەڵ بكات"، واتە وێنەی خۆی بگرێت‌و لە "سناپ چات" بڵاوی بكاتەوە، دوای ئەوەی سناپەكەی كردووە، دەمانچەكەی پێداوەتەوە‌و داوای لێكردووە دەمانچەكە پاكبكاتەوە بۆ ئەوەی پەنجەمۆری ئەوی لەسەر دەرنەكەوێت، لەكاتی پاككردنەوەی دەمانچەكەدا نەیزانیوە فیشەك لەپێشەوەیە، بۆیە فشەكێك دەرچووە‌و بەر (ه، ز) كەوتووە.  دایكی كوژراوەكە سكاڵای هەیە ئێستا ئەو سێ گەنجە بەتۆمەتی كوشتنی كچێك لە پۆلیس راگیراون، پۆلیس لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە، پەراوی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە لە پۆلیسی گەڕەكی چوارچرای نوێیە، پۆلیس هێشتا ئەنجامی لێكۆڵینەوەی بەرایی رانەگەیاندووە، ئەو دەمانچەیەی كە لەڕووداوەكەدا فیشەكەكەی لێدەرچووە، لەبەردەستی پۆلیسدایە. بەپێی زانیارییەكان، دایكی كوژراوەكە سكاڵای تۆماركردووە‌و لەبەردەم پۆلیس باسی لەوەكردووە، گومانی هەیە بكوژی كچەكەی ئازادبكرێت بەوپێیەی خەڵكانی دەستڕۆیشتووی لە پشتیوانیان لێ دەكەن. (ه، ز) كە ئێستا كەیسی كوژرانەكەی لەبەردەم پۆلیسدایە، دانیشتووی گەڕەكی (عەقاری)یە‌و لەگەڵ دایكیدا ژیاوە، باوك‌و دایكی لەیەكتری جیابونەتەوە، باوكی لە ئەوروپا دەژی. سەرچاوەكانی پۆلیس دەڵێن:" تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی ئەو كچە، پێشینەی بەكارهێنانی چەكی هەیە‌و بەر لە هەشت مانگ كەسێكی نزیكی خۆی برینداركردووە‌و پەڕاوی ئەو رووداوە ئێستاش ماوەو لە نوسینگەی توندوتیژیی گەڕەكی بەكرەجۆیە".


(درەو): ئەو هێزەی كە ئێستا لە عێراق ناوی لێنراوه "حەشدی شەعبی" بەكۆی گشتی خاوەنی (164 هەزار) كارمەندو چەكدارە، لەم ژمارەیە (110 هەزار) كەسیان حەشدی شیعین‌و ئەوانی تر حەشدی سوننە‌و كەمینەكانن، بەشە شیعەكەی ناو حەشدی شەعبی كە زۆرینە‌و دەسەڵاتدارە، بەدەست كێشەی ناوخۆی توندەوە دەناڵێنێت، سەرچاوەی كێشەكە دابەشبوونی حەشدی شیعییە بەسەر دوو رەوتدا، رەوتی وەلائییەكان واتە ئەوانەی لایەنداری ئێران دەكەن، لەگەڵ رەوتی عەتەبەكان واتە ئەوانەی عەلی سیستانی بە مەرجەعی خۆیان دەزانن. هیشام هاشمی توێژەری بواری رێكخراوە ئیسلامییەكان كە هاوكات رۆژنامەنوسێكی وردو نزیكە لە سەرچاوەی زانیارییەكانەوە لە عێراق لەبارەی وردەكاری كێشەی ناو حەشدی شەعبی راپۆرتێكی وردی بڵاوكردەوە، لەبەربایەخی ناوەڕۆكەكەی بۆ خوێنەری كورد، (درەو) دەقی راپۆرتەكەی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی. ناكۆكی وەلائی‌و مەرجەعی لەناو حەشدی شەعبیدا نوسینی: هشام الهاشمی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت روبەڕووبونەوەكە خۆی دەبینێتەوە لە ناكۆكی قوڵ لەنێوان دوو رەوتدا كە لەڕووی فیقهییەوە لەناو حەشدی شەعبیدا دابەشبوون، یەكەمیان بە سەرۆكایەتی كۆچكردوو ئەبومەهدی موهەندیس كە پەیڕەوی لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەكات‌و رەوتی دووەمیش پێكهاتەیەكە لە كۆی ئەو لایەنانەی كە وابەستەن بە "عەتەبات"ەكان‌و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵاوە لە نەجەف.  حەشد لەڕووی ئاڵاو ناو و ئەوەی كە لەسەرەتای دامەزراندییەوە لە ساڵی 2018 خراوەتە پاڵ پێكهاتەی شیعە، پێكدێت لە (67) گروپی شیعە، (43) گروپی سوننی‌و، (9) گروپی سەربە كەمینەكان لە ناوچەكانی باكوری وڵات، دەكرێت ئەو گروپە شیعانە لەڕووی پەیڕەویكردنیان لە فیقهی مەزهەبییەوە دابەشبكرێن بۆ (44) گروپی پەیڕەوكار لە خامنەیی‌و، (17) گروپی پەیڕەوكار لە سیستانی، (6) گروپی پەیڕەوكار لە مەرجەعەكانی تری شیعە لەناوخۆو دەرەوەی عێراق. ژمارەی توانای مرۆیی كۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەگاتە (164 هەزار) كارمەندو هێزی شەڕكەرو لۆجستی، یاسای ژمارە (40)ی ساڵی 2016 دەیپارێزێت‌و پشت بە پەیكەرێكی رێكخراوەیی دەبەستێت كە چەند فەرمانێكی دیوانیی لە ساڵی 2019دا بۆی داناوە، كە ئەوانیش فەرمانەكانی ژمارە (237)‌و (328)‌و (331)ن، ژمارەی توانای مرۆیی سەربە پێكهاتەی شیعە نزیكەی (110 هەزار) كەسە، پێكهاتەی سوننەش نزیكەی (45 هەزار) كەسە، پێكهاتەی كەمینەكانیش نزیكەی 10 هەزار كەسن. توانای مرۆیی حەشدی وەلائی (مەبەست لەوانەیە وەلائیان بۆ رابەری باڵای ئێران هەیە) ژمارەیان (70 هەزار) كەسە‌و حەشدی مەرجەعیەتەكانی تر لەنێویشیاندا هێزەكانی سەرایای سەلام نزیكەی (50 هەزار) كەسە. پەیكەری دەستەی حەشدی شەعبی بەپێی ئەو فەرمانە دیوانییانەی كە لە ساڵی 2019 دەرچوون، حەشدی دابەشكردووە بەسەر چەند لیوایەكدا‌و ژمارەی لیواكان (64) لیوایە‌و دابەشكراون بەسەر (8) میحوەری فەرماندەیی هێزەكانی حەشدی شەعبیدا، بەجۆرێك قەدەغەكراوە ئەو لیوایانە ئاڵاو ناوی گروپەكانی خۆیان بەكاربهینن‌و لەسەریان فەرزكراوە تەنیا ژمارەی لیواكانیان‌و ئاڵای فەرمی حەشدی شەعبی بەكاربهێنن.  فەرمانی دیوانیی ژمارە (237)ی ساڵی 2019 دەرفەتی كردەوە بۆ پچڕاندنی پەیوەندی گروپەكانی حەشدی شەعبی بە حزب‌و قەوارە سیاسی‌و ئاینییەكانەوە، فەرمانی دیوانیی ژمارە (328)ی ساڵی 2019 وای لە حەشد كرد وەك نوێنەرایەتییەكی هەماهەنگكار بەشدار بێت لەناو فەرماندەیی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرمانی دیوانیی ژمارە (331)ی ساڵی 2019 پەیكەرێكی رێكخراوەیی‌و ئیداری بۆ دانا كە پێكدێت لە: 1-    پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا كە (4) پۆستە‌و بەمشێوەیە دابەشكراوە: (3) پۆستی سیاسی بۆ بەیتی سیاسی شیعەی نزیك لە سەركردایەتی وەلائی كە ئەویش پۆستەكانی "سەرۆكی دەستە‌و نوسینگەی سەرۆكی دەستە‌و ئەمین سڕی گشتییە". هەروەها (1) پۆستی سەرۆك ئەركان بۆ سەركردایەتی وەلائی "ئێستا ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداوی"یە‌و بە فەرماندەی باڵای جێبەجێكارو ئۆپراسیۆنەكان دادەنرێت‌و (5) یاریدەدەری ئەركان‌و (8) میحوەری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هێزەكانی دەستەی حەشدی پێوەبەستراوەتەوە. 2-    پۆستی كادیرە مامناوەندییەكانی سەركردایەتی جێبەجێكار؛ كە ئەویش (5) یاریدەدەری سەرۆك ئەركانە، (3) لە یاریدەدەرەكان بە سەرۆكایەتی وەلائییەكان‌و (2) یاریدەدەر بە سەركردایەتی سەركردە خانەنشینەكان‌و یاخود راسپێردراوە سەربازی‌و ئەمنییەكان كە ئەوانیش لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی وەلائییەوە هەڵبژێردراون. 3-    پۆستی كادیرە مامناوەندییە ئیدارییەكانی سەركردایەتی لۆجستی؛ كە ئەویش (10) بەڕێوەبەرایەتییە، (7)یان بۆ ئیدارەی سەربە حەشدی وەلائی‌و (3)یان بۆ ئەو كەسە مەدەنیانەی كە بە تەزیكییە لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی وەلائییەوە هەڵبژێردراون. 4-    پۆستی كادیری ئیدارە مەیدانییەكان؛ كە ئەویش (50) بەڕێوەبەرایەتی‌و بەشن كە بەستراونەتەوە بە یاریدەدەرەكانی سەرۆكی ئەركانی دەستەی حەشدەوە، (32) پۆستی ئەو ئیدارانە سەربە حەشدی وەلائین‌و، (18)یان لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی حەشدی وەلائییەوە هەڵبژێردراون یان دانراون. بەگوێرەی ئەم وردبینییە خێرایە دەكرێت وادابنرێت كە رێژەی 80%ی پەیكەری رێكخراوەیی‌و ئیداری دەستەی حەشدی شەعبی سەركردە‌و ئیدارییەكانی سەربە مەرجەعیەتی حەشدی وەلائین، لەكاتێكدا حەشدی مەرجەعیەت‌و حەشدی سوننە‌و كەمینەكان پۆستی سەركردایەتی باڵا یاخود ناوەندییان نییە لەناو پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشددا. لایەنە ناكۆكەكان ناكۆكی رۆژ لەدوای رۆژ قەبارەی گەورەتر دەبێت لەنێوان "فرقە العباس القتالیە"ی سەربە عەتەبەی عەباسی كە عەلی سیستانی بە مەرجەعی عەقیدەیی خۆی دەزانێت هەروەها دەستەی سەرەكی، بەدیاریكراویش لەگەڵ سەركردایەتی وەلائی حەشددا، شوباتی 2018 بازنەی ناكۆكییەكان تا ئەو رادەیە فراوان بوو ئەبومەهدی موهەندیس جێگری ئەوكاتی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی زنجیرەیەك بڕیاری توندی دەركرد بۆ فشارخستنەسەر گروپە چەكدارەكانی سەربە عەتەباتەكان لەڕووی دارایی‌و ئیدارییەوە. ناكۆكی لەنێوانیان گەورەتر بوو لە میدیاكانیشدا دەركەوت، بەجۆرێك مانگی ئازاری 2018 سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رۆژنامەی "العالم الجدید"ی وتبوو:" سەرەتا هەفتەی رابردوو كۆبونەوەیەك كراوە‌و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی تێیدا بەشداربوون بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو یاسایەی كە سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی پێشكەشی كردبوو تایبەت بە دووبارە رێكخستنەوەی پەیكەری حەشد، لەكاتی گفتوگۆدا ئەبومەهدی داوای لە مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباس كردووە كە یەكێك بووە لە ئەندامانی لیژنەی راسپێردراو بە دوبارە رێكخستنەوەی پەیكەری حەشد بەگوێرەی یاسایەكی حكومی نوێ، پەیوەندی فیرقەكەی لەگەڵ گروپی عەتەبە پیرۆزەكانی سەربە مەرجەعیەتی ئاینی ئەو عەتەباتانەدا بپچڕێنێت، هاوشێوەی ئەو گروپانەی كە پەیوەندییان لەگەڵ حزب‌و رەوتە سیاسییەكانیان بڕیوە لەنمونەی عەسائیبی ئەهل حەق‌و رێكخراوی بەدر‌و گروپەكانی تر، بەڵام ئەم پێشنیازە زەیدیی توڕە كردووە‌و بە رەهایی رەتیكردوەتەوە، بەوپێیەی عەتەبە پیرۆزەكان حزب یاخود جوڵانەوەی سیاسی نین كە هەوڵ بۆ دەسەڵات‌و بەشداری لە هەڵبژاردندا بدەن، بەڵكو دامەزراوەی سەربە دەوڵەتن، مەرجەكەی ئەبو مەهدی موهەندیسی وەكو هەوڵێك بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەراوێزخستن‌و دروخستنەوەی لایەنەكانی سەربە مەرجەعیەتی باڵا لەنەجەف ناوبردووە بەبەهانەی ئەوەی بەتەواوەتی ناكۆكن لەگەڵ ئاڕاستەی ئەبو مەهدی موهەندیسدا كە ناگونجێت لەگەڵ خواستەكانی بەغدادو نەجەفدا. توندبوونەوەی كێشەی نێوان گروپی "عەتەباتەكان" لەگەڵ موهەندیسدا دوای ئەوە دەستیپێكرد كە دكتۆر حەیدەر عەبادی رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی فەوجێكی تەواوەتی فیرقەی عەباس بخرێتەسەر سوپا‌و لەڕووی رێكخراوەییەوە بەشێوەیەكی فەرمی ببەسرێتەوە بە وەزارەتی بەرگرییەوە، ئەمە شتێك بوو كە چاودێران‌و خەڵكی سەربازیی بە "گوڕانكارییەكی ئەرێنی لە كاروانی حەشدی شەعبی‌و تێكەڵبوونی لەناو ریزی هێزە نیزامییەكان" وەسفیان كرد، بەڵام سەركردە وەلائییەكان لە دەستەی حەشد دوچاری واقوڕمان بوون لەو پەرەسەندنە لەنێوان حكومەت‌و گروپی سەربە مەرجەعیەتی نەجەف، ئەمە بوو بەهۆی دەستپێكی داڕمانی پەیوەندی لەنێوان گروپی "عەتەبەكان"‌و گروپە وەلائییەكان. ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستە لە كانونی یەكەمی 2018دا بڕیارێكی فەرمی دەركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی فەرمی فیرقەی عەباس لەگەڵ عەتەبەی عەباسیدا‌و تێكەڵبوونی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی حەشد لە فوراتی ناوەڕاست بە سەركردایەتی لیوای خانەنشین عەلی حەمدانی‌و بە فەرمانی راستەوخۆی موهەندیس، ئەمە مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباسی توڕەكرد، هەڵمەتێك لێدوانی دژ بە موهەندیس ئەنجامداو رەخنەی گرت لە لایەنداریكردن بۆ تاران‌و مەرجەعیەتە ئاینییەكەی كە خۆی دەبینێتەوە لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێراندا.  لەوەڵامی هەڵسوكەوتەكانی موهەندیسدا لەگەڵ "فیرقەی عەباس"، ئەحمەد سافی بریكاری مەرجەعیەت لە نەجەف لە وتاری هەینی كەربەلادا وتی:" ئینتیما بۆ فیرقەی جەنگیی عەباس، دەبێت باجی هەبێت، بەشێك لەو باجە ئارامگرتن‌و سازش نەكردنە لەسەر بنەما‌و ناسنامە‌و بەهاكانمان، سەرباری ئەوەی بژاردەكان كراون". ئەمە جەختكردنەوە بوو لەسەر قوڵایی ناكۆكی نێوان هەردوولا. سەباح ئەزیرجاوی، یەكێك لە سەركردەكانی كەتائیبی ئیمام عەلی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی پێشتریدا، ناكۆكی نێوان گروپی عەتەبە پیرۆزەكان كە مەبەست لێی گروپەكان سەربە نەجەفن لەگەڵ هاوتاكانی لە "حەشدی شەعبی" ئاشكراكرد، كە ئەوەش ناكۆكی ئیداری، لۆجستی، تەنانەت فیكری‌و عەقیدەیشە. ئاماژەی بەوەكرد" جەنگاوەری عێراقی هەن لەگەڵ رژێم لە سوریا، بەشێكی زۆریان بەمدواییە گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەوانی تر كە ژمارەیان چەند هەزار كەسێكە هێشتا لەوێن‌و بەراشكاوی نازانین پارە لە كوێوە وەردەگرن". ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ هێزەكانی " النجبا‌و "‌و كەتیبەكانی حزبوڵا‌و بەدر خۆراسانی، كە چەند ساڵێكە بە یارمەتی دارایی ئێران‌و پاڵپشتی رژێمی سوریا لەچەند ناوچەیەكی سوریا دەجەنگن‌و دارایی حەشدی شەعبی لە عێراق قۆستراوەتەوە لەبەرژەوەندی ئەو گروپانەدا.  ئەم گروپە دژبەرانە بەشێوەیەكی مەركەزی بەستراونەتەوە بەحكومەتەوە، بەڵام لەڕووی پێدانی سەرچاوەی دارایی‌و فیكرو ئایدۆلۆژیاوە جیاوازن، گروپەكانی مقاوەمەی ئیسلامی چەند گروپێك لەخۆدەگرێت‌و بەر لە فتواكەی ساڵی 2014ی سیستانی (پێكهێنانی حەشدی شەعبی) دامەزراوە، ئەم گروپە خۆی وادەبینێت كە لە هەموو گروپەكانی تر زیاتر مافی دارایی‌و ئیمتیازاتی هەیە، بەوپێیەی لەدوای ساڵی 2003وە هاوشێوەی بەدرو عەسائیب‌و كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی دژی بوونی ئەمریكا شەڕی كردووە. ئەو، هاوكات نوێنەرایەتی هەژمونی سەربازی ئێران دەكات لەناو عێراقدا. هۆكارەكانی ناكۆكی 1-    سەركردایەتی عەتەبەی لیواكانی حەشدی مەرجەعیەت ناڵاندویەتی بەدەست گرفتی دارایی‌و لۆجستییەوە، ئەمە كاریگەری كردوەتەسەر ئاستی ئەداو لێوەشاوەیی، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو كێشانە تێكچوونی هاوسەنگییە لە دابەشكردنی داهاتی حەشد بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێوان لیواكانی حەشدی وەلائی‌و لیواكانی تری حەشددا بەتایبەتیش لیوای عەتەبەكانی مەرجەعیەت، ئەو رێگایەی كە سەركردایەتی باڵای ئۆپراسیۆنەكان لە دەستەی حەشدی شەعبی بڕیاری پێدەدات، وایكردووە لەلایەن لیواكانی حەشدی مەرجەعیەت‌و حەشدەكانی ترەوە هەست بەبێ ئومێدی‌و پەراوێزخستن بكرێت. 2-    وەرگرتنی بڕیار لەلایەن سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانەوە لە دەستەی حەشد شەفافیەتی تێدا نییە، بەشێوەیەك سەركردایەتی لیواكانی تر ئەوانەی كە بەشدار نین لە فەرماندەیی باڵا، بێبەش دەكات لە دەركردنی بڕیارەكان هەروەك بێبەشیشیان دەكات لەوەی بۆچونی خۆیان بدەن لەبارەی هەندێك لە پرسەكان‌و پێشنیازی چارەسەر بۆ دەرچوون لە قەیرانەكان.  3-    زانیاری تایبەت بە بڕیارەكانی دەستەی حەشدی شەعبی بەكەس نادرێت تاوەكو دوای دەرچوونی بڕیارەكە لەڕێگەی راپۆرتێكەوە كە لەلایەن نوسینگەی جێگری سەرۆكی پێشووی دەستەكەوە دەردەچێت یاخود سەرۆكی ئەركانی ئێستا دەستەی حەشد، ئەمەش بەس نییە‌و نابێتە هۆی ئەوەی سەركردەكانی تری لیواكان ئاگاداری ئەو بابەتانە بن كە گفتوگۆیان لەسەر كراوە. نەبوونی یەكسانیی لە بەشداریكردنی سەركردەی لیواكانی حەشدی مەرجەعیەت لە بڕیارە چارەنوسسازەكانی دەستەی حەشددا بەتایبەتیش لە بڕیارەكانی رێكخستنی پەیكەرو هەڵبژاردنی ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداوی پرسیاری دروستدەكات لەبارەی رێزگرتن لەسەر ئەو بەشدارییە، ئەگەر بەشدارییەكی كرداری هەیە ئایا بۆچونێكی پێشنیازكراوی كاریگەر هەیە لە بڕیارەكەدا كە زۆربەی كاتەكان لەپشت دەرگا داخراوەكانەوە لەلایەن سەركردایەتی حەشدی وەلائییەوە دەردەكرێن كە دەستیانگرتووە بەسەر پۆستەكانی پەیكەری رێكخراوەیی حەشدی شەعبیدا. لەم حاڵەتەدا هەروەك لە حاڵەتەكانی تریشدا ئەو پەراوێزخستنە توندەی سەركردەكانی حەشدی مەرجەعیەت رێگە بەوە نادات كاركردن لەسەر ئەم پەیكەرەدا بەردەوام بێت، بۆیە هەنگاوی ناوە بەرەو چارەسەر بەئاڕاستەی جیابونەوەی تەواوەتی لە دەستەی حەشد، بەجۆرێك لە نیسانی 2020وە لیوای عەتەباتەكان لەڕووی ئیداریی‌و ئۆپەراسیۆنییەوە پەیوەندی بە نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە كردووە‌و لەژێر فەرمانی راستەوخۆی ئەودایە.   4-    لیواكانی تر لەوانەی كە وەلائی نین (لایەنداری ئێران ناكەن) پەنجەرەی پەیوەندییان لەگەڵ سەركردەی لیوای عەتەبەكاندا كردوەتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو ئەوانەوە لەوانەشە بۆ پێكهێنانی رێكخراوێكی نوێ لەژێر هەمان چەتری یاسایی‌و دارایی دەستەی حەشدی شەعبی، چونكە بەدیاریكراوی سەرایای سەلام‌و حەشدی سوننی هیچ بەرەوپێشچونێكی راستەقینە نابینن لەو دامەزراوەیەداو دەنگی حەشدە مامناوەندی‌و بچوكەكان بەشێوەی پێویست نابیسرێت، ئەمەش پێشێلكردنی بنەمای هاوسەنگییە لەناو دەستەی حەشددا. 5-     كەسایەتییە ئاینییە مەرجەعییەكان داوایانكردووە ئەو سەركردانەی حەشد كە وەلائی نین رۆڵی ناوەندییان هەبێت لە دووبارە راستكردنەوەی پۆستەكانی پەیكەری رێكخراوەیی، بەتایبەتیش پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا لەڕووی پێكهاتە‌و شێوازی كاركردنی، بۆئەوەی زیاتر دادپەروەرانە‌و شەرعی بێت، ئەمەش لەپێناو راستكردنەوەی كەموكورتییەكانی هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتی لیواو بەڕێوەبەرایەتییە سەرەكییەكان، بەتایبەتیش لەنێوان هەموو لیواكانی دەستەی حەشدو پۆستی سەرۆكی ئەركانی دەستەی حەشد. هەروەها لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە كەسایەتییەكانی مەرجەعیەتی ئاینیی لەنمونەی سەید ئەحمەد سافی‌و شێخ عەبدولمەهدی كەربەلائی داوایانكردووە دەرفەتی راستەقینە بدرێت بە سەركردەكانی حەشدی مەرجەعیەت بۆ ئەوەی چاكسازی ریشەیی بكەن لە پێكهاتەی شێوازی كاری پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشد، ئەوەش بە چاككردنی شێوازی نوێنەرایەتی‌و وای لێبكرێت زیاتر دادپەروەرانە‌و شەرعی بێت. 6-    سەركردایەتی لیوای عەتەبەكان‌و سەرایا سەلام رەخنەیان هەیە لە بڵاوبونەوەی نوسینگەی ئابوری سەربە حەشدی وەلائی‌و لە زیاد لە بۆنەیەكدا داوایانكردووە لاببرێن‌و سزای ئەو لایەنانە بدرێت كە لەپشتی ئەو كارەوەن، ناكرێت بەهانە بۆ بوونی ئەم جۆرە نوسینگانە بهێنرێتەوە لەو ناوچانەی كە بە قوربانیدانی ئەو هێزانە ئازادكراون، نەبوونی چاودێری لەسەر ئەو نوسینگە ئابورییانە بەبەهانەی ئەوەی لایەنی سیاسین‌و ناكەونە ژێر چاودێریی دەستەی حەشدی شەعبییەوە، حەشدی وەلائی هەندێك لەو نوسینگە ئابورییانە دەپارێزن. 7-    كێشەی سەرەكی لە حەواڵەی موچەی تایبەت بە هێزەكانی حەشدو بەكارهێنانی تواناو سەرچاوەكانی دەستەی حەشدە، لەلایەن هەندێك گروپی وەلائییەوە كە سەربە لیواكانی حەشد نین، هەروەها كێشەی لیوا وەلائییە تێكەڵەكان كە باڵی سیاسی و هەندێك باڵی حكومی‌و هەندێكی تر لەناو حەشدو یەكێكی تر لە دەرەوەی دەستەی حەشد وابەستەیە بە دەرەوەی سنوری نیشتمانی پرۆژەی میحوەری مقاوەمەتەوە. لەبەر رۆشنایی ئەوەدا، پێویستی هەمواركردنی فەرمانی دیوانیی ژمارە (331) دەردەكەوێت بۆ رێكخستنی پەیكەری دەستەی حەشد، تاوەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ لەرێگەی چاودێریكردنی كاری پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا لە دەستەی حەشددا. ئاستەنگەكانی چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشد لەڕێگەی رێككنەكەوتن لەسەر ئاستی ناوخۆیی لەبارەی پرسی دوبارە رێكخستنەوە، وێنەكە روونە، رێكنەكەوتن دەبێتە ئاستەنگێكی راستەقینە لەبەردەم هەمواركردنی پەیكەری پێشنیازكراو  لە فەرمانی دیوانیی ژمارە (331)دا. ئەو گفتوگۆیانەی كە لە ساڵی 2018وە لەژێر چەتری حەشددا كراون، بە لێدوانی رەتكردنەوەی پێشوەختەی سەركردەی عەتەبەكان‌و سەرایا سەلام دەستیپێكردووە، دادپەروەری لە دابەشكردنی پۆستەكانی پەیكەری حەشددا، بەشدارییەكی گشتگیرتر، هاوسەنگی لە دابەشكردنی پۆستەكان تائێستا بابەتێكی زۆر گرنگ‌و بەبایەخن. لەسەر بنەمای ئەو پێدراوانەی پێشوو، دەتوانین تێبگەین لە داواكارییەكان بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی پۆستەكان بەسەر سەركردەكانی حەشددا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە‌و لەسەر بنەمایەكی ستراتیژی، بەجۆرێك پشكی سەركردە وەلائییەكان گونجاوبێت لەگەڵ قەبارەی توانا مرۆییەكانیان كە نزیكەی 35%ە‌و ئەو رێژەی 65%ی كە دەمێنێتەوە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشبكرێت بەسەر حەشدەكانی تردا، دەكرێت دیارترین ئاستەنگەكان ئەمانە بن: 1-    ئیشكالیەتی ئەو حەشدانەی كە پەیوەندی سیاسی‌و سەربازیی ناوخۆیی‌و دەرەكییان هەیە، رەنگە ببێتەهۆی ئیفلیجكردنی دەستەی حەشد بەهۆكاری زۆربوونی ئەگەرەكانی بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان لەگەڵ زیادبوونی رێژەی پۆستی سەركردەكانی حەشدی وەلائی، ئەمە دەبێتەهۆی بەكارهێنانی مافی ڤیتۆ بەشێوەیەكی شورەیی بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانیان‌و بەرژەوەندی هاوپەیمانەكانیان بەتایبەت لەكاتی بوونی دژبەیەكی لەنێوان جەمسەری سەركردایەتی مەرجەعەكان‌و ناكۆكی تێڕوانین لە پرسە نێودەوڵەتییەكاندا. 2-    داماڵینی چەكی گروپەكان‌و كورتكردنەوەی لە دەستی دەوڵەتدا، لەپاڵ كێشەی پلە سەربازییەكان‌و تەمەن‌و بڕوانامەی خوێندن‌و پلەبەندی سەربازی جەنگیی‌و لۆجستی.. ئەم ئاستەنگە رەنگە هێزەكانی حەشدی شەعبی بكات بە شانۆی مشتومڕی دورودرێژو قوڵ‌و لە كۆتایدا رێگر بێت لە وەرگرتنی بڕیاری یەكلاكەرەوەی خێرا. 3-    لێرە دا دەبێت تەماشای ئەگەری گونجانی ئەم سەركردایەتییانە بكەین لەژێر یاسای (40)ی 2016دا، ئایا سەركردایەتی حەشدی وەلائی ئامادەن بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی ئەو ئیمتیازاتانەی كە هەیانە لەگەڵ ئەندامە پێشنیاركراوە نوێیەكان، بەتایبەتیش مافی بڕیاردان‌و ڤیتۆكردنی بڕیار لەگەڵ ئەو گروپ‌و حەشدانەدا كە پێشتر نەیارو ركابەربوون‌و لەئێستادا بوون بە هاوڕێ ؟ 4-    گفتوگۆی ئێستا پەیوەندیدارە بە پەیوەندی نێوان ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداوی‌و مەیسەم زەیدی، هەریەكێكیان ئەتوانێت ئەوی تر تێپەڕێنێت. وەكو باسمان كرد، لیوا وەلائییەكان لەگەڵ بەلاداخستنی كێشەكەدان بەڵام بەمەرجێك لیوای عەتەبەكان لەڕووی یاسایی‌و داراییەوە ملكەچی دەستەی حەشدی شەعبی بن‌و هێزەكانیان بخەنەژێر فەرمانی نوسنیگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە لەڕووی ئیداری‌و داراییەوە. بەواتایەكی تر، سەركردەی عەتەبەكان‌و مەیسەم زەیدی ناتوانن سەركردایەتی حەشدی وەلائی‌و ئەبو فدك تێپەڕێنن. سەرباری ئەمەش حەشدی وەلائی پێویستی بە حەشدی مەرجەعیەت هەیە وەكو ئامرازێكی گرنگ بۆ بەهانەی بوونی دەستەی حەشدی شەعبی لەڕووی ئاینیی‌و پەیوندی دروستكردنی دەستەكە بە فتواكەی 13ی حوزەیرانی 2014ی مەرجەعیەتی نەجەف كە بە فتوانی "الدفاع الكفائی" ناوبانگی دەركرد، هەڵسوكەوتی راگەیاندنی حەشدی وەلائی لە شەش ساڵی رابردوودا دەریخست، فتواكەی مەرجەعیەت بەكاردەهێنن بۆ پێدانی شەرعیەتی ئاینیی بە سیاسەتە شەڕخوازانەكانی، بەڵام پرسیاری كۆتایی ئەوەیە ئایا ئەو حەشدەی كە وەلائی نییە دەتوانێت پێویستی خۆی بە حەشدی وەلائی لەڕووی سەركردایەتی‌و ئۆپەراسیۆن‌و ئەمنی‌و هەواڵگری‌و پیشەیی‌و پەیوەندی سیاسی‌و هێزی تایبەت‌و پیشەسازی سەربازییەوە، تێپەڕێنێت؟ پێشنیازەكان: ئەوانەی پێشتر دەریدەخەن پێكهاتەی ئێستای پەیكەری دەستەی حەشدی شەعبی ناگونجێت لەگەڵ سیستمی سیاسی ئێستا‌و ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەسەریدا هاتووە، ئەوانەی ئەمڕۆ نەیاری پەیكەری حەشدی شەعبین زۆر زیاترن لەوانەی كە لەسەرەتای دروستكردنیدا لەدژی بوون. سەرباری ئەمە حەشد لەئێستادا روبەڕووی چەندین قەیران بوەتەوە ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی گەورەی خۆرئاواو وڵاتانی عەرەبی عێراق هاندەدەن بۆ ئەوەی دەستەی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە‌و رۆڵ‌و دەسەڵاتەكانی لەقاڵب بدات‌و توانا مرۆییەكانی كامبكاتەوە یاخود پێداچوونەوە بكات بە پرۆسەكانی تێكەڵكردنی لەگەڵ هێزە نیزامییەكان یاخود بیكات بە هێزێكی یەدەگ كە لەكاتی پێویستدا بانگیان بكاتەوە‌و موچەیەكی خانەنشینی دادپەروەرانەیان پێبدات.. پەیكەری ئێستا حەشدی شەعبی گوزارشت ناكات لەو گۆڕانكارییە دراماتیكیە سیاسی‌و ئابوریانەی ئێستا‌و دەبێت حەشدە وەلائییەكانی تر بەهێزبكرێن لە زەمەنێكدا كە قەیرانی جۆراوجۆر‌و تێكهەڵچوو بەخۆوە دەبینێت لەوانە تیرۆری نێودەوڵەتی‌و ململانێ ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەكان‌و زیادبوونی هەژاریی، هەموو ئەمانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر پێویستی دوبارە داڕشتنەوەی پەیكەری دەستەی حەشد. لە كۆتایدا پێویستە پێوەری دیاریكراو و روون دابنرێت بۆ پۆستەكانی دەستەی حەشدی شەعبی‌و پەنابردن بۆ بەكارهێنانی یاسایی سەربازی دژ بە كەسێك كە یاخی دەبێت، هەروەها رۆڵی ئاسایش‌و یاسا‌و پشكنەرایەتی حەشد كارا بكرێت بۆ داخستنی نوسینگە ئابورییەكان‌و سزادانی سەرپێچیكاران‌و رێگریكردن لە كاری سیاسی‌و حزبی، تاوەكو ئەم دەستەیە دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت لەناو جەستەی دەوڵەتی عێراقیدا بەشێوەیەكی گونجاو لەگەڵ یاساو دەستوری عێراقدا. هەروەك پێویستە كارەكانی دەستەی حەشد ملكەچ بكرێت بۆ چاودێری دارایی‌و كارگێڕیی لەرێگەی كاراكردنی رۆڵی چاودێری حكومی‌و پەرلەمانیی بۆ رێگرتن لە دەرچوونی بڕیاری نایاسایی كە پێچەوانەی حوكمەكانی یاسای عێراقی بێت.   


راپۆرتی: درەو لەژێر فشاری شیعەكان‌و هەڕەشەی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدادوە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستبەرداری دانانەوەی فوئاد حسێن دەبێت بۆ وەزیری دارایی عێراق، بەتایبەت كە بەشێك لەپەرلەمانتارانی شیعە هەڵمەتێكی میدیای فراوانیان دژی ناوبراو دەستپێكردووەو، بەهۆكارێكی سەرەكی قەیرانی دارایی عێراقی دەزانن. ئەوەش ئەو بڕوایەی لای پارتی تۆختر كردووتەوە، ئەگەر مستەفا كازمی_یش ڕەزامەندی پیشانبدات بەدانانەوەی ناوبراو، ئەوا لەپەرلەمان دەنگی پێویست ناهێنێت، بۆیە پارتی دەیەوێت بە رێككەوتنێك لەگەڵ سونەو شیعە بیكاتە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق.    بارزانی یەكلای دەكاتەوە سەرچاوەیەكی باڵا لەپارتی دیموكراتی كوردستان كە دوایكرد ناوی نەهێنرێت بە (درەو)ی ڕاگەیاند: مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بڕیاریداوە، گەنجێكی شارەزاو پسپۆڕ لەبواری دارایی‌و ئابوری بۆ شوێنی فوئاد حسێن دەستنیشان بكات. ئەوە لەكاتێكدایە، ململانێیەكی شاراوەو ژێر بەژێر لەناو پارتی هاتووەتە گۆڕێ‌ لەسەر ئەو پۆستە.   هەر ئەمڕۆ وەسفیە شێخۆ پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكدا بۆ سایتی "بەغداد ئەلیەوم" لەوباریەوە ڕایگەیاند: پارتی پێداگری ناكات لەسەر دانانەوەی فوئاد حسێن بۆ وەزارەتی دارایی. بەگوێرەی زانیارییەكانی "بەغداد ئەلیەوم": پارتی بڕیاریداوە كەسێك لەمەكتەبی سیاسی حزبەكەی بۆ ئەو پۆستە كاندیدبكات، ئەگەر ئەو كاندیدەش ڕەتبكرێتەوە، ئەوا بیر لەدانانی بەنگین ڕێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی ئێستای عێراق دەكاتەوە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دارایی. بەڵام پێدەچێت هاتنە سەر خەتی بارزانی‌و، كۆمەڵێك پێشهاتی نوێ‌ لەچەند كاتژمێری ڕابردوودا لەبەغداد، چانسی هەموو ئەوانەی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دارایی بەتەواوی لاوازكردبێ‌و، ئەگەری بەهێز ئەوەیە پارتی دەموچاوێكی تازەی شارەزا لە كاروباری دارایی و ئابوری كاندید بكات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.  كازمی‌و مەرجی تازە لەبارەی تازەترین پێشهاتەكانی بەغدادیش، سەرچاوەیەكی سیاسی باڵای عێراق بە(درەو)ی ڕاگەیاند: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، بەلایەنە سیاسییەكانی ڕاگەیاندووە: وەزارەتەكانی (ناوخۆو دارایی‌و بەرگری) دەدات بەكەسانی سەربەخۆ. بەگوێرەی سەرچاوەكە: وەك ئیستحقاقی هەڵبژاردن، دارایی بۆ كوردو ناوخۆ بۆشیعەو بەرگری بۆ     سوننە دەبێت، بەڵام پێویستە لەسەر ئەو لایەنانەی ئەوسێ‌ وەزارتەیان بەردەكەوێت كەسانی سەربەخۆی بۆ كاندید بكەن. هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتووە، كازمی بەنیازە سێ‌ جێگر بۆ خۆی دەستنیشانبكات‌و یەكێك لەو جێگرانەش بدات بەكورد، پارتی دیموكراتی كوردستان  فوئاد حسێنی دەستنیشانكردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.  كازمی لەتازەترین لێدوانیدا كە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە  دەڵێت: پێویستە حكومەتی داهاتووە لە ئاستێكدابێت بتوانێت قەیرانەكان چارەسەر بكات، پێویستە هەموو لایەنەكان بەرژوەندی عێراق لەپێشەوە دابنێن. تەنها ئەو گوشارانە قبوڵ  دەكەم كە لەبەرژوەندی وڵات بێت. پەرلەمان هەڵدەوەشێنمەوە ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" ئاشكرایكردووە: بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق وەك ناوبژیوان بەچڕی هاتووەتە سەرخەت بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە ناكۆكە شیعییەكان‌و، چارەسەركردنی قەیرانی پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەت ئەو مۆڵەتە دەستورییەی بۆ كازمی دیاریكراوە نیوەی كۆتایهاتووەو، تەنها دوو هەفتەی لەبەردەستدا ماوە بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی، یان چوونە ڕیزی دوو ڕاسپێردراوەكەی پێشخۆی.  بەگوێرەی سەرچاوەكە، سەرۆك كۆماری عێراق هۆشداری داوەتە لایەنە سیاسییەكان لەئەگەری شكستهێنانی كازمی هاوشێوەی (عەلاوی‌و زورفی)، ئاماژەی بە ئەگەری پەنابردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و هەڵبژاردنی پێشوەخت كردووە، ئەگەر بەزوویی حكومەت پێكنەیەت. مستەفا كازمی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا شكستیهێنا لەگەیشتن بەڕێككەوتن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەكەی، بەجۆرێك زۆرینەی هێزە شیعییەكان بەشێكی زۆری ئەو ناوانەیان ڕەتكردەوە كە ناوبراو كاندیدی كردن بۆ وەزارەتەكان.


درەو:  دوای شەش ساڵ لە ئابوری سەربەخۆ حكومەتی هەرێم ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری زێڕینی پێش ئابوری سەربەخۆ و تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات. 2013 حكومەتی هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكرد، بەڵام بودجەكەی لە بەغداوە نێردرا، 2014 هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكرد و بەشە بودجەی لەبەغداد بڕدرا، 2018 هەرێم نەوتی نەنارد بەڵام ( 317 ملیار) دیناری مانگانەی لە بەغداوە بۆ نێردرا، 2019 هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكرد بەڵام مانگانە ( 453 ملیار)ی بۆ نێردرا. پێش راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ مانگانە (ترلیۆنێك و 200ملیار) دینار لە بەغداوە دەهات بۆ هەرێم كە (850 ملیار) دیناری بۆ موچەو (350 ملیار) دیناریشی بۆ خەرجی و وەبەرهێنانبوو، بەڵام لەدوای ناردنەدەرەوەی نەوت بەسەربەخۆیی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە 2014، هەرێمی كوردستانی بە بەردەوامی لەناو قەیرانی دارایی و كێشەی دابینكردنی موچەی فەرمانبەراندا بووە: 🔹لە پرۆژە  یاسای بودجەی ساڵی 2013ی عێراقدا،  حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی نوری مالكی  داوایان لە هەرێم كرد كە رۆژانە (200 هەزار ) بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، لەبەرامبەردا بەغداد بودجەكەی  تەواوەتی دەنێرێت كە مانگانە (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار بوو، هەرێم نەوتەكەی نەناردو بەو بڕیارە رازی نەبوو بەڵام بەغداد مانگانە پارەكەی بەربەردەوامی دەنارد. 🔹لە پرۆژە  یاسای بودجەی ساڵی 2014ی عێراقدا(كە دواتر پەسەند نەكراو نەبوو بە یاسا)،  حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی نوری مالكی  داوایان لە هەرێم كرد كە رۆژانە (400 هەزار ) بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، ( لەو كاتەدا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان رایگەیاندبوو كە دەتوانن رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبكەن)،حكومەتی  هەرێم بە پێشنیازەكەی بەغداد رازی نەبوو، وتی نەوت بە سەربەخۆ دەفرۆشین و پێویستمان بە بەغداد نیە، بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی و هەرێم كەوتە ناو قەیرانێكی قوڵی داراییەوە.  🔹ساڵی 2018 بەبێ پشت بەستن بە هیچ یاسایەكی بودجە  حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی مانگانە ( 317 ملیار) دیناری رەوانەی هەرێم كرد. 🔹لە  بودجەی ساڵی 2019ی عێراقدا،  حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی  داوایان لە هەرێم كرد كە رۆژانە (250 هەزار ) بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات تەواوی بەشە بودجەی هەرێم دەنێرن كە مانگانە نزیكەی (900 ملیار) دینارە، هەرێم ئامادە نەبوو هیچ بڕە نەوتێك رادەستی سۆمۆ بكات، حكومەتی عێراق بۆ ماوەی (15) مانگ  بڕی (453 ملیار) دیناری رەوانەی هەرێم كرد.  🔹 ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای (6 ) ساڵ لە بڕینی بەشە بودجەكەی لە عێراق و فرۆشتنی نەوتەكەی لەرێگەی بۆریەوە،  ئامادەیە تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، لەبەرامبەر شاییستە داراییەكانی، بەڵام حكومەتی عێراق رازی نیە و پێی وایە نەوت بەهاكەی لەدەستداوە بۆیە هەرێم نەوتەكەی رادەست دەكات.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف  - فازڵ حەمە رەفعەت   ئاشتی هەورامی لەناو خانویەكەوە لە پشت كۆشكی باكینگهامی لەندەنەوە هێشتا وەكو وەزیری سامانە سروشتیەكان، ئیدارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەدات، ژمارەیەك كارمەند و راوێژكاری بیانی لەگەڵدایە، ئێستا كە ئیتر نەوت نازناوی (زێڕی رەش)ی لەدەستداوە، ئاشتی هەورامیش لەناو وەفدەكانی هەرێم بۆ بەغداد ونەو نابینرێت.  ئاشتی هەورامی..كۆدە نهێنیەكەی نەوت  ئەم رۆژانە كە هەرێمی كوردستان بەهۆی  دابەزینی نرخی نەوتەوە، جارێكی تر دوچاری قەیرانێكی دارایی نوێ بوەوە، پۆستی وەزارەتی نەوت دوای زیاتر لە نۆ مانگ لە پێكهێنانی حكومەت هێشتا بەتاڵە، پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كە لە  2005 ەوە درووست كراوە لەو كاتەوە تا ئێستا ئەم وەزارەتە لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لە كابینەی نۆیەمیشدا كە ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پۆستە هەر لای پارتی ماوەتەوە بەڵام هێشتا پارتی ئەم پۆستەی پڕنەكردۆتەوە. لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان درووست كراوە یەك پیاو ئەم پۆستەی بەرێوەبردووە كە ئەویش ئاشتی هەورامی بووە، ئاشتی هەورامی سەرەتا لە رێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستان و پێشنیاز كرا بۆ پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، بەڵام دواتر ئاشتی هەورامی بووە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی 17 ساڵا كابینەی یەك لەدوایی یەكەكانی حكومەت.  مانەوەی ئاشتی هەورامی بۆ ماوەی 14 ساڵ لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا وای كردووە بەتەواوەتی كۆنترۆڵی كەرتی نەوت بكات لە هەرێمی كوردستان و بەبێ بونی ئەو بەرێوەبردنی وەزارەتەكە ئەستەم بێت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمدا سەرباری ئەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دوورخستەوە، بەڵام پۆستێكی نوێی بۆ داتاشی و كردی بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە. مەسرور بارزانی تا ئێستا پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی پڕ نەكردۆتەوە بەڵام بەم دواییە (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای كار بۆ كاروباری نەوتی ووزە، دەهێنێتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، مەسرور بارزانی دەیەوێت پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رادەستی شێخ باز بكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بەر لەم كارە مەسرور بارزانی دەیەوێت ئاشتی هەورامی بەتەواوەتی چەك بكات و هەموو سەرەداوەكانی دۆسیەی نەوتی لێوەربگرێتەوە، لەو رێگەیەوە دەستی نێچیرڤان بارزانی بەتەواوەتی لە دۆسیەی نەوتدا ببرێت. كێ وەزیری سامانە سروشتییەكانە چەند جارێكە وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رادەستكردنی نەوت و وەرگرتنی بەشە بودجەی هەرێم دەچێتە بەغداد، ئەوەی لەناو وەفدی كوردی لەبەغداد نادیارە وەزیری سامانە سروشتیەكانە، ئەمە بۆهەندێك جێگای تێبێنی و تێڕامانە، چونكە هیچ یەكێك لەوانەی بەناوی هەرێمەوە بۆ گفتوگۆ دەچنە بەغداد نەدەسەڵاتیان بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هەیەو نە ئاگاداری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دۆسیەی نەوتن لە هەرێمی كوردستان. بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) هێشتا دۆسیەی نەوتی هەرێم لە دەستی ئاشتی هەورامیدایە، ئاشتی هەورامی لە لەندەنەوە ئیدارەی دۆسیەی نەوت دەدات و رۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەگێڕێت.  (درەو) زانیویەتی ئاشتی هەورامی لە شاری لەندەن و لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام) كارەكانی بەڕێوە دەبات و تا ئێستا مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە دەكات، لەو بینایەدا كە ئاشتی هەورامی دەوامی تێدا دەكات ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیشی لەبەردەستدا لەگەڵ ریاوێژكارێك بەناوی ( مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرێت. (درەو) زانیویەتی بەم دواییە ئاشتی هەورامی بەشداری لە كۆبونەوەیەكی ئۆنلاینی حكومەتدا كردووە، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی چەند جارێك و بە راشكاوی لەسەر پرسی نەوت رەخنەی توندی ئاراستەی ئاشتی هەورامی كردووە، كە بەرپرسیارێتی بەشێكی لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانی خستۆتە ئەستۆی ئەو.  لەبارەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە ئاشتی هەورامی لەماوەی 14 ساڵ مانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا، وەزارەتەكەی لەناو چانتاكەی خۆیدا هەڵگرتبوو، وەزارەت لە كورد لە كوردستان خاوەنی هیچ بیناو بارەگایەكی دیاریكراو نەبوو، كە پەرلەمانتاران و دامەزراوەكانی تری چاودێری لە هەرێمی كوردستان سەردانی بكەن و وردبینی لە بەرێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا بكەن. بەم دواییەو لە كۆتایی سەرۆكایەتیە 17 ساڵیەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوێتە نزیك بانكی كوردستانەوە، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بە جێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم و جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی بێماڵ كردەوە.  ئاشتی هەورامی یەكێك لەوانە بوو كە پشتیوانی لە سیاسەتەكانی پارتی و نێچیرڤان بارزانی دەكرد بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەی سەربەخۆ و دوور لە چاوی بەغداد، كە ناوی لێنرابوو ( ئابوری سەربەخۆ) وەكو هەنگاوی یەكەم بەرەو سەربەخۆیی كوردستان و جیابونەوە لە عێراق پێناسە دەكرا، هەنگاوێك كە دواجار بووە هۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێم كە مانگانە (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دیناربوو. ئێستا كە نرخی نەوت بۆ جارێكی تر دووچاری داڕمان بۆتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بری ئابوری سەربەخۆ ئامادەیە تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات لە پێناو گەڕانەوە بۆ زەمەنی زێڕینی بەرلە راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ، بەڵام چ كاتێك، كاتێك كە نەوت نازناوی زێڕی رەشی لەدەستداوەو چیتر لە بازاڕی جیهانیدا ئەو بایەخەی جارانی نەماوە.   


 (درەو): حكومەتی عێراق بڕی ئەو پارانە ئاشكرادەكات كە لە ساڵی 2003وە تا 2013 ڕەوانەی هەرێمی كوردستانی كردووە‌و بەپێی توێژینەوەیەك لەماوەی ئەو (10) ساڵەدا بەغداد زیاتر لە (90 ترلیۆن) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە. توێژینەوەیەكی بنكۆڵكاری لەژێر ناونیشانی (پارەكانی عێراق لەكوێن ؟) كە وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووەو، باس لە چۆنیەتی دابەشكردن‌و خەرجكردنی بودجەی (15) ساڵی رابردووی عێراق دەكات واتە لە ساڵی (2003-2018). ئامارەكانی ناو ئەم توێژینەوەیە پاڵپشتە بەزانیارییە فەرمییەكانی وەزارەتی دارایی‌و پلاندانان‌و دیوانی چاودێری دارایی عێراق، تێیدا وردەكاری تەرخانكردنی پارەكان لەو ساڵانەدا بۆ سێتكتەرە جیاوازەكان ڕوونكراوەتەوە. بەشێكی توێژینەوەكە تایبەتكراوە بە بڕی ئەو پارانە كە بەشێوەی ساڵانە لەچوارچێوەی پشكی هەرێم  لەساڵی 2003وە تا ساڵی 2018 ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە. لە خشتەی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستاندا هاتوو:  •    ساڵی 2014 ئەو پارەیەی تەرخانكراوە بۆ هەرێم بڕدراوە، بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم بەگێڕانەوەی داهاتەكانی بۆ حكومەتی فیدراڵی. •    لەساڵی 2015 هەندێك پارەی تر ڕەوانەی هەرێم كراوە، لەسەربنەمای ڕێككەوتنێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان، دوای ئەوە جارێكی تر بڕە پارەكەی هەرێم بڕدراوەو، تا كاتی نوسینی ئەم ڕاپۆرتە لەساڵی 2018، هیچ زانیارییەك لەبارەی بڕی ئەو بڕە پارەیە نەزانراوە كە ساڵی 2014و 2015 ڕەوانەی هەرێم كراوە.    بەپێی ناوەڕۆكی راپۆرتەكە، لە ساڵی 2003‌و دوای روخانی رژێمی سەددام حسێنەوە تاوەكو ساڵی 2013 واتە بەر لە هاتنی رێكخراوی "دااعش"‌و دابەزینی نرخی نەوت، بەغداد ساڵانە بەمشێوەیە پارەی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە: •    ساڵی 2003 بەغداد بڕی (550 ملیۆن) دیناری رەوانەی هەرێم كردووە  •    ساڵی 2004 بەغداد بڕی (6 ترلیۆن‌و 749 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە  •    ساڵی 2005 بەغداد بڕی (3 ترلیۆن‌و 944 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە •    ساڵی 2006 بەغداد بڕی (4 ترلیۆن‌و 746 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە •    ساڵی 2007 بەغداد بڕی (5 ترلیۆن‌و 982 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە •    ساڵی 2008 بەغداد بڕی (9 ترلیۆن‌و 541 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە •    ساڵی 2009 بەغداد بڕی (8 ترلیۆن‌و 283 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە •    ساڵی 2010 بەغداد بڕی (10 ترلیۆن‌و 550 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە •    ساڵی 2011 بەغداد بڕی (12 ترلیۆن‌و 197 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە •    ساڵی 2012 بەغداد بڕی (13 ترلیۆن‌و 186 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە •    ساڵی 2013 بەغداد بڕی (15 ترلیۆن‌و 338 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە   توێژینەوەیەك file:///C:/Users/SHKAR%20PC/Desktop/444/أين%20أموال%20العراق.pdf


(درەو): دوركەوتنەوەی كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور لە گۆڕەپانی سیاسی وڵاتەكەی، بەمدواییە گومانی لەسەر دۆخی تەندورستی ئەو لە میدیاكانی خۆرئاوا دروستكردووە. ئەوەی زیاتر وایكرد گومان لەسەر دۆخی تەندروستی كیم جۆنگ ئون بكرێت، بەشدارنەبوونی رێبەر كیم بوو لە مەراسیمی ساڵانەی یادی لەدایكبونی (كیم ئیل سۆنگ)ی باپیرەی لە رۆژی 15ی ئەم مانگەدا، باپیرە كیم ئیل سۆنگ دامەزرێنەری دەوڵەتی كۆریای باكورە.   دواینجار كە میدیای فەرمی كۆریای باكور باسی شوێنی رێبەر كیم جۆن ئون-ی كرد، رۆژی 11ی ئەم مانگە بوو، كاتێك رایگەیاند، رێبەر سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی كردووە. بەیانی ئەمڕۆش رادیۆی فەرمی كۆریای باكور رایگەیاند، رێبەر كیم سوپاسی كرێكاران‌و كارمەندانی كۆریای كردووە، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە باسیان لەوەدەكرد كیم جۆنگ ئون نەخۆشە‌و كۆچی دوایی كردووە. سایتی (یو ئێس نیوز)ی ئەمریكیی هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی كەسایەتی سەرۆكی كۆریای باكور بڵاوكردەوەو كە زانیارییەكان بۆ زۆركەس نوێن: •    هەندێك قسەوباسی جیاواز هەن لەبارەی تەمەنی كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور، ساڵی 2016 وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا تەمەنی كیم جۆن ئون بە رۆژی (8ی یەنایەری ساڵی 1984) دیاریكرد، بەڵام هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژە بە هەمان رۆژ دەكەن بەڵام لە ساڵی 1983دا. •    كیم كوڕی كیم جۆن ئیل سەرۆكی پێشووی كۆریای باكورە‌و باوكی لە ساڵی 1994وە حوكمی وڵاتی كردووە تاوەكو كۆچی دوایی لە ساڵی 2011دا، دایكی كیم ناوی (كو یونگ هوی)یە. •    كیم جۆنگ ئیل باوك (7) منداڵی هەبووە، (3 كچ‌و 3 كوڕ)، كیم جۆنگ ئون سەرۆكی ئێستای كۆریا كوڕی سێیەم‌و منداڵترین كوڕی كیم جۆنگ ئیل بووە لە خاتوو (كو یۆنگ هوی). •    كیم جۆنگ نام زڕبرای كیم جۆنگ ئون‌و كوڕە گەورەی كیم جۆن ئیل-ی باوك بوو، بەهۆی ئەوەی كوڕە گەورە بوو، چانسی لە دوو كوڕەكەی تر زیاتر بوو بۆ ئەوەی لەدوای مردنی باوكی ببێت بە سەرۆكی كۆریای باكور، بەڵام دوای ئەوەی راپۆرت بڵاوبووەوە لەبارەی ئەوەی ساڵی 2001 ویستویەتی سەردانی "دیزنی لاند" بكات‌و لە ژاپۆن بەتۆمەتی هەڵگرتنی پاسپۆرتی ساختەوە دەستگیركراوە، چانسی ئەوەی لەدەستدا ببێت بە سەرۆك. •    رۆژی 13ی شوباتی ساڵی 2017، كیم جۆن نام-ی براگەورە لە فڕۆكەخانەی كوالا لامپور لە مالیزیا لەڕێگەی ژەهراویكردنەوە تیرۆركرا، تۆمەتی تیرۆركردنەكەی ئاڕاستەی كیم جۆن ئونی برا بچوك‌و سەرۆكی كۆریای باكور كرا. •    كیم جۆنگ ئون ساڵی 1998 پەیوەندی بە خوێندنگەیەكی حكومییەوە كردووە لە شاری بێرن-ی سویسرا، ئەوكات هەرزەكاربووە‌و ماوەی دوو ساڵ لەو قوتابخانەیە خوێندویەتی، راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن كیم جۆن ئون لەژێر ناوێكی خوازراودا لەو خوێندنگەیە خوێندویەتی‌و ناوی "باك ئون" بووە. •    بەپێی هەندێك راپۆرتەكان كیم جۆنگ ئون بەر لەوەی پەیوەندی بەو خوێندنگەیەشەوە بكات لە سویسرا ژیاوە، بەڵام ئەم راپۆرتانە تائێستا پشتڕاست نەكراونەتەوە، باسلەوەدەكرێت كاتێك تەمەنی گەیشتووەتە (17 ساڵ) بەشێوەیەكی كتوپڕ خوێندنگەكەی جێهێشتووە‌و گەڕاوەتەوە بۆ پیۆنگ یانگ.  •    لەوكاتانەدا كە لە خوێندنگەكەی سویسرا بووە، كیم جۆنگ ئون لە وانەكانی زانستی سروشتیدا ئەنجامەكانی باش نەبووە، بەڵام نمرەی باشی لە بوارەكانی مۆسیقا‌و خوێندنی تەكنەلۆژیدا بەدەستهێناوە. •    دەوترێت ئەو زۆر حەزی لە پەنیرو جگەرەكێشانە، ئەمە بووە بەهۆی ئەوەی كێشی زیاتر ببێت‌و دوچاری كێشەی تەندروستی ببێتەوە.  •    ئارەزومەندی باسكەی ئەمریكییە، كاتێك منداڵ بووە یەكێك بووە لەوانەی سەرسام بووە بە مایكڵ جۆردن، پەیوەندی هاوڕێیەتیشی لەگەڵ دینیس رۆدمان یاریزانی پیشەگەری پێشووی باسكەی ئەمریكادا هەیە‌و رۆدمان لە چەند بۆنەیەكدا سەردانی كۆریای باكوری كردووە‌و كیم جۆنگ ئونی بینیوە. •    كیم جۆنگ ئون دوو بڕوانامەی زانكۆی هەیە، یەكێكیان لە بواری فیزیا لە زانكۆی كیم ئیل سۆنگ، ئەوی تر وەكو ئەفسەر لە سوپا‌و لە كۆلیژی كیم ئیل سۆنگ-ی سەربازی.  •    كیم جۆنگ ئون ساڵی 2009 هاوسەرگیری لەگەڵ (ری سۆڵ جو)كردووە‌و لە ساڵی 2012وە بوون بە خاوەنی كوڕێك بەناوی (جون ئی). •    بەپێی راپۆرتەكان لە ساڵی 2011وە كە دەسەڵاتی گرتوەتەدەست، كیم جۆنگ ئون زیاتر لە (300) كەسی گوللەباران كردووە، لەناو ئەمانەدا زیاتر لە (140) كەسیان گەورە بەرپرسانی وڵات بوون، ساڵی 2013 (جانگ سۆنگ سایك)ی مامی خۆی دەستگیركردو بەتۆمەتی خیانەت، كوشتی.


مه‌هدی ئه‌بوبه‌كر - مامۆستا له‌ كۆلیژی زانسته‌ سیاسییه‌كانی زانكۆی سلێمانیی  " پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دورخستنەوەی هەموو گومانەكان، بە ژمارەو داتا، بەرهەم و هەناردەكردنی نەوت بە شێوەیەكی شەفاش بخاتەڕوو،  لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، شكستی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووریی، و فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوت، بە شێوەی كردارەكی بۆ حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان، دەركەوت، بۆیە رادەستكردنی (هەموو یان بەشێك) لە نەوتی كوردستان بە كۆمپانیای سۆمۆ، بووە بە دیفاكتۆو چیدی حكومەتی هەرێم ناتوانرێت خۆی لێبدزێتەوە" ئەمە بەشێكە لە پرۆژەی مەهدی ئەبوبەكر مامۆستای زانستە سیاسیەكانی زانكۆی سلێمانیە ئەو مامۆستا لە پرۆژەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە "پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئێراق، بگەن بە‌ ئەو بڕوایەی ناوچە كێشە لە سەرەكان، كێشەیەكی سیاسییە نەك كێشەیەكی دەستوریی و یاسایی".  سەبارەت بە كێشەی پێشمەرگە مەهدی ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەكردووە" تەتەڵەكردنی هێزی پێشمەرگە لە كەسانی بندیوارو زیادەكان، تا لە رووی چەندایەتییەوە لەگەڵ رێژەی دانیشتوانی هەرێم بگونجێت،‌ بەجۆرێك هەر ملیۆنێك لە دانیشتوان (10)‌ هەزار پێشمەرگەی بەربكەوێت، یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە چوارچێوەی لەشكرێكی كوردستانیی رێكخراویی یاساییدا" دەقی پرۆژەكە ده‌ستپێك هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوێره‌ی (بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ی 117) - ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ئێراق، هه‌رێمێكی فیدرالیی، وابه‌سته‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراقی فیدراله‌. وێڕای ئه‌وه‌ی؛ بڕگه‌و مادده‌كانی ده‌ستور، ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی فیدرالی و هه‌رێمه‌كانی، به‌ روونی دیاریكردووه‌، كه‌چی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان كه‌ شاری هه‌ولێر پایته‌ختی حكومه‌ته‌كه‌یه‌تی، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێراق و حكومه‌ته‌ فیدرالییه‌كه‌ی به‌غدا، له‌ باره‌ی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌ ته‌نگژه‌یه‌كی به‌رده‌وامدایه‌.  له‌ دوو ساڵی به‌رێدا، ته‌نگژه‌و كێشمه‌كێشه‌كان، گه‌یشتن به‌ ئاستێكی هێنده‌‌ توند، كارگه‌یشت به‌وه‌ی له‌ ئه‌یلولی 2017، هه‌رێمی كوردستان، له‌ پرۆسه‌یه‌كی راپرسیی ره‌سمیی، دانپێدانه‌نراودا، كه‌ دواتر له‌ژێر گوشاری ده‌وڵه‌تی ئێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییدا، كاركردن به‌ ئه‌نجامه‌كانی بۆ كاتێكی نادیار هه‌ڵپه‌سێردرا، ‌بڕیاری جودابوونه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ی له‌ ئێراق راگه‌یاند.   به‌ گشتیی؛ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی ئێراق، له‌ دوای ساڵی (2005) – ه‌وه‌، هه‌رگیز له‌سه‌رزه‌مینێكی ته‌خت به‌ڕێوه‌ نه‌چووه‌، هه‌ردوولا هه‌میشه‌ هه‌ورازو نشێوه‌كانیان بۆ مه‌یدانی‌  په‌یوه‌ندییه‌كانیان هه‌ڵبژاردووه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌ستور، رێوشوێنی گونجاوی بۆ رێكخستنی په‌یوندیی نێوان هه‌رێمه‌كان و حكومه‌تی فیدرالیی داناوه‌، لێ كێشه‌ی بودجه‌ وداهات، مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، پێشمه‌رگه‌، ده‌سه‌ڵاتی فرۆشتنی نه‌وت و گاز، له‌ ماوه‌ی (15) ساڵی رابردوودا، ئاڵۆزترین كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا بوون و بێچاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌.  ‌  یه‌كه‌م/ ره‌وشی هه‌نوكه‌یی ره‌وشی هه‌نوكه‌یی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی ئێراق، له‌ ئاڵۆزییه‌كی توندی بێده‌نگ دایه‌، زۆربه‌ی دۆسییه‌كان، به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه‌ یاخود رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنیان گه‌یشتووه‌ به‌ كۆڵانێكی داخراو.  ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوان ده‌گرێته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك شاری گرنگ و ستراتیژیی له‌ خۆده‌گرێت، دیارترینیان شاری كه‌ركوكه‌ (270 كم، باكوری به‌غدا). ئه‌و ناوچانه‌ له‌ (مادده‌ی 140)- ی ده‌ستوردا رێگه‌چاره‌سه‌ریان به‌ سێ قۆناغ بۆ دیاریكراوه‌و پێویست بوو؛ له‌ مانگی (كانونی یه‌كه‌می 2007) دا هه‌رسێ قۆناغه‌كه‌ كۆتاییان بێت و چاره‌نوسیی ئه‌و ناوچانه‌ یه‌كلایی ببێته‌وه‌، به‌ڵام دوای دوانزه‌ ساڵ، هێشتا چاره‌نوسیی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراویی ماوه‌ته‌وه‌.  له‌ باره‌ی كێشه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی فیدرالیی به‌غدا، به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانێت. هه‌رێمی كوردستان، به‌غدا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات؛ بودجه‌ی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی (مادده‌ی 140) دابین ناكات، و له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م ئاسایكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌دا داده‌نێت، و رێگه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی سیاسه‌تی ته‌عریب و گۆڕینی باری دیمۆگرافیای ئه‌و ناوچانه‌ خۆشده‌كات‌.  له‌دوای ساڵی (2007) – ه‌وه‌ خودی (مادده‌ی 140) بوو به‌ كێشه‌یه‌كی ده‌ستوری، چونكه‌ لایه‌نی حكومه‌تی فیدرالیی بانگه‌شه‌ی به‌سه‌رچوونی مادده‌كه‌ی ده‌كرد، هه‌رێمی كوردستانیش پیداگیریی له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی ده‌كرد، تا دواجار له‌ مانگی (ته‌مموزی 2019) دادگای باڵای فیدرالی له‌ بڕیارێكدا؛ به‌رده‌وامبوونی ئه‌و مادده‌یه‌ی رایگه‌یاند.  له‌ ساڵانی رابردوودا، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، دراون، هه‌وڵی گه‌وره‌و كرداره‌كی نه‌بوون، به‌ڵكو زۆربه‌یان چوارچێوه‌ی (قۆناغی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌) – یان تێنه‌په‌ڕاندووه‌.  له‌وه‌دا هه‌رێمی كوردستانیش كه‌مته‌رخه‌می گه‌وره‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، چونكه‌ رێگاكانی گوشاركردنی بۆ جێبه‌جێكردنی (مادده‌ی 140) نه‌گرتۆته‌به‌ر، زۆرینه‌ی گله‌یی و گازه‌نده‌كانی ته‌نیا له‌ رووی میدیاییه‌وه‌ بووه‌، و نه‌ په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ئاستی سیاسیی و دیپلۆماسیی. ده‌توانین ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین‌؛ هه‌ردوو سه‌رۆككوه‌زیرانی پێشوو، نێچیرڤان به‌رزانیی و نوری مالكیی له‌ ساڵی (2013) رێككه‌وتننامه‌یه‌كیان ئیمزا كرد كه‌ به‌‌ (رێككه‌وتننامه‌ی حه‌وت خاڵیی) ناسراوه‌، ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه كه‌ دواجار هه‌ردوولایان خۆیان له‌ جێبه‌جێكردنی دزییه‌وه‌، دوو خاڵیان تایبه‌تن به‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ رووی ته‌ناهیی و كارگێڕییه‌وه‌.   كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌ بابه‌تی پێشمه‌رگه‌، یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی ئێراق، به‌گوێره‌ی (بڕگه‌ی پێنجه‌م له‌ مادده‌ی 121) – ی ده‌ستور، هه‌رێمه‌كان؛ مافی دروستكردنی هێزی پۆلیس، ئاسایش و پاسه‌وانی هه‌رێم – یان هه‌یه‌. هه‌رێمی كوردستان گه‌ره‌كێتی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و مادده‌یه‌دا، هێزی پێشمه‌رگه‌ بكات به‌ به‌شێك له‌ سیستمی به‌رگریی ئێراق، تا مووچه‌، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی به‌غدا، به‌ڵام حكومه‌تی فیدرالیی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت خۆی له‌و ئه‌رك و باره‌ ده‌رباز بكات.  هه‌رچه‌نده‌ به‌ یاسای بودجه‌ی ئێراق له‌ ساڵه‌كانی (2007، 2009، 2011، 2012)، سه‌رۆككوه‌زیران پابه‌ند كراوه‌، تا رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچه‌، چه‌ك و تفاقی هێزی پێشمه‌رگه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌و ماددانه‌ هه‌رگیز جێبه‌جێنه‌كراون.  هه‌ردوو لایه‌نی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدرالیی له‌ ساڵانی رابردوودا، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون؛ (حه‌فتا هه‌زار) پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی دوو (فیرقه‌ی سه‌ربازیی) رێكبخنه‌وه‌، دیسان ئه‌و بژارده‌یه‌ش شكستیهێناو نه‌گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن، بۆیه‌ تا ئێستا مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه، یه‌كێكه‌ له‌ بواره‌ كێشه له‌سه‌ره‌كان‌ و هۆكارێكی كاریگه‌ری خراپببوونی په‌یوه‌ندییه ره‌سمییه‌‌كانه. كێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌ كانزای نه‌وت، سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی كێشه‌كانی ئێراقه‌، ئه‌م كانزا به‌ نرخه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ پێشخستنی وڵاتدا بگێڕێت، به‌ هۆی خراپی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌، بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كێشه‌كان زۆروزه‌وه‌نده‌كان، به‌ تایبه‌تیی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدای پایته‌خت.  سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی داڕێژه‌رانی ده‌ستوری ئێراق، له‌ (مادده‌ی 112) هه‌وڵیاندانه‌وه‌؛ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌وت بكه‌ن، به‌ڵام له‌ جێبه‌جێكردندا، ئه‌و مادده‌یه‌ ته‌نیا وه‌كو مه‌ره‌كه‌بی سه‌ركاغه‌ز ماوه‌ته‌وه‌و هه‌ردوو حكومه‌تی فیدرالیی و هه‌رێمیی پێوه‌ی پابه‌ند نه‌بوون.  له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مانی كوردستاندا له‌ ساڵی (2013) سه‌رجه‌م فراكسوێنه‌كانی په‌رله‌مان، ده‌نگیان به‌ سه‌ربه‌خۆفرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان - دا. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ پشتبه‌ستن به‌ رێگه‌پێدانی په‌رله‌مان و به‌ یاسای ژماره‌ (22) ساڵی (2007)، كه‌ به‌ یاسای نه‌وت و گاز- ی هه‌رێمی كوردستانی ئێراق ناسراوه‌، له‌ ساڵی (2014) – ه‌وه‌، به‌ ئاشكرا ده‌ستی به‌ سه‌ربه‌خۆفرشتن و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌ كرد.  له‌ رۆژی (28) مانگی ئایاری هه‌مانساڵدا، نێچیرڤان به‌رزانیی سه‌رۆكی ئه‌وسای حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان گوتی: " به‌پێی یاسای په‌رله‌مانی كوردستان، بڕیاری فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانمان داوه‌. به‌پێی ئه‌و یاسایه؛‌ په‌رله‌مان و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رجه‌م حزبه‌ سیاسییه‌كان پشتگیریی له‌ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌‌ فرۆشتنی نه‌وت به‌رده‌وام ده‌بن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا‌ هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌یه‌ له‌ پرسی فرۆشتنی نه‌وتدا؛ كۆمپانیای سۆمۆ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌وه‌ تا كۆتایی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ چاودێریی پرۆسه‌كه‌ بكات، له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌نداری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ناو پرۆسه‌كه‌دا بێت. به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌كه‌ راده‌ستی سۆمۆ ناكات، چونكه‌ خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تازه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و دواوه‌ نانێن".  حكومه‌تی فیدرالیی له‌ به‌غدا، له كۆتاییه‌كانی‌ ساڵی (2015)، به‌ هۆی پابه‌ند نه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ یاسای بودجه‌‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ راده‌ستكردنی (250 هه‌زار) به‌رمیل به‌ كۆمپانیای سۆمۆ، بڕیاریدا؛ به‌شی هه‌رێمی كوردستانی له‌ بودجه‌ی ئێراق، رابگرێت. به‌ هۆیه‌وه‌ قه‌یرانێكی دارایی گه‌وره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵدا.  حكومه‌تی فیدرالیی له‌ به‌غدا، بۆ راده‌ستكردنی به‌شی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ بودجه‌،  ساڵانه‌‌ له‌ رێگه‌ی یاسای بودجه‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات؛ حكومه‌تی هه‌رێم ناچار بكات به‌شێك له‌ نه‌وته‌كه‌ی راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌و داوایه‌ی به‌غدا، له‌ لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.   دووه‌م/ داهاتووی كیشه‌كان  ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان  به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئاماژه‌ سیاسییانه‌ی له‌ به‌غداوه‌ تێبینیی ده‌كرێن، له‌ داهاتووی نزیكدا كێشه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان، چاره‌سه‌ر ناكرێن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌؛ پێشبینی ده‌كرێت ململانێكردن له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ له‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا- دا قوڵتر ببنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی تێبینیی ده‌كرێت؛ به‌غدا نیازی نییه‌، بچێته‌ ژێرباری جێبه‌جێكردنی (مادده‌ی 140)، ئه‌و نیازه‌ش به‌ روونی له‌ گوتاری حزب و گروپه‌ چه‌كداره ده‌سه‌ڵاتداره‌‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش؛ كۆمپانیاكانی نه‌وت به‌ تایبه‌تی كۆمپانیای (برتش پترۆلیۆم)، ده‌بێته‌ له‌مپه‌رێكی دی له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌دا، چونكه‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌ ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركوكدا گرتووه‌.  كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌ ئه‌م كیشه‌یه‌، له‌چاو كێشه‌كانی تردا، زۆر زه‌قنه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌كان، له‌ گفتوگۆو دانوستاندنه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌ ئاڵۆزه‌كان، به‌ تایبه‌تیی له‌ دوو رووه‌وه‌، یه‌كه‌م: پێگه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناو سیستمی به‌رگریی ئێراق، ئایا پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت به‌ به‌شێك له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی یان ده‌بێت به‌ به‌شێك له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ؟ په‌یوه‌ستبوون به‌ هه‌ریه‌كێك له‌م دوو وه‌زاره‌ته‌وه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر؛ ئه‌رك، شێوازی رێكخستن، جۆری چه‌ك، ئیمتیازو مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت.  دووه‌م: ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌، له‌ ساڵانی رابردوو، حكومه‌تی فیدرالیی به‌غدا، ئاماده‌ نه‌بوو سه‌رجه‌م هێزه‌كانی (70) – ی سه‌ر به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزه‌كانی (80) – ی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتیی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدرالیی جێگه‌ بكاته‌وه‌، ته‌نیا ره‌زامه‌ندی له‌باره‌ی وه‌رگرتنی (70) هه‌زار پێشمه‌رگه‌وه‌ دابوو.  ئه‌وه‌ی تێبینیی ده‌كرێت؛ حكومه‌تی ئێراق، له‌ داهاتوودا له‌و ژماره‌یه‌ش پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌. به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر فروانبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌كاته‌وه‌.   كێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌  له‌م ساته‌ی ئێستادا، ئه‌م كێشه‌یه‌ باوكی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی تره‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی پێشبینیی ده‌كرێت، هه‌ردوولا ئاره‌زووی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ئارێشه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌ڵه‌كه‌بوون و تێكه‌ڵاوبوونی په‌ڕاوه‌كان، له‌مپه‌رێكی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م گه‌یشتن، به‌ چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی هه‌میشه‌یی.  هه‌رچه‌نده‌‌ هه‌ردوولا له‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی (2020)، به‌هه‌مانشێوه‌ی یاسای بودجه‌ی ساڵی (2019) گه‌یشتن به‌‌ چاره‌سه‌رێكی نیوه‌چڵ، به‌شیوه‌یه‌ك هه‌رێم پابه‌ند كرا، رۆژانه‌ (250) هه‌زار به‌رمیل راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، به‌ڵام ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌غدا، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌ رۆشنایی نه‌بینێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش، ئه‌وه‌ی به‌هه‌لزانی و به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر راده‌ستنه‌كردن و فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی نه‌وت به‌ كۆمپانیای سۆمۆ. سێیه‌م: پێشنیازو چاره‌سه‌ر ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان  به‌ بۆچوونی ئێمه‌ چاره‌سه‌ری ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان، پێویسته‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی بۆ هه‌ڵبنرێت كه‌ گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:  1- پێویسته‌ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ئێراق، بگه‌ن به‌‌ ئه‌و بڕوایه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان، كێشه‌یه‌كی سیاسییه‌ نه‌ك كێشه‌یه‌كی ده‌ستوریی و یاسایی.  2- به‌ ره‌چاوكردنی خاڵی یه‌كه‌م، ده‌ست له‌ مادده‌ی (140) هه‌ڵبگیرێت، چونكه‌ له‌ لایه‌ك به‌ كرده‌وه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌و میكانیزمانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردن دیاریكردوون، له‌ ئاستی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌دا نین.  له‌ لایه‌كی تره‌وه‌؛ ده‌ستگرتن به‌و مادده‌یه‌وه‌ ده‌رگای كاتێكی بێسنور له‌ به‌رده‌م به‌غدا- دا ده‌كاته‌وه، ‌و ده‌توانێت ده‌یان ساڵی تر، جێبه‌جێكردنی دوا بخات، چونكه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی ده‌ستور دیاریكرد بوو كۆتایی هاتووه،‌ وسنورێك له‌ رووی كاته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی نه‌ماوه‌ته‌وه‌.     2- ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یه‌كی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ جێگرتنه‌وه‌ی (مادده‌ی 140)، كه‌ میكانیزمه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی به‌ روونی تێدا خرابێته‌ڕوو. هه‌روه‌ها پێویسته‌ ده‌سته‌به‌ری سیاسیی و یاسایی له‌ باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌ هه‌ستیارانه‌شه‌‌وه‌ بخاته‌ڕوو:  أ- پارێزگاریكردن له‌ سه‌روماڵ و ژیانی عه‌ره‌به هاورده‌كان، توركمانه‌كان و كلدۆئاشورییه‌كان‌ له ‌سه‌رجه‌م ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان به‌ تایبه‌تیی كه‌ركوك. ب- ده‌ستبه‌ركردنی مافی عه‌ره‌به هاورده‌كان، توركمانه‌كان و كلدۆئاشورییه‌كان‌، له‌ داموده‌زگاكانی به‌ڕێوه‌بردنی ‌سه‌رجه‌م ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان به‌ تایبه‌تیی كه‌ركوك، به‌جۆرێك هه‌ر پێكاته‌یه‌ك هه‌ستی ئه‌وه‌ی لا دروست بێت، كه‌ له‌ به‌شی خۆی زیاتری پێڕه‌وا بینراوه‌. ج- ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كۆمپانیاكانی نه‌وت، له‌ رووی كنه‌و گه‌ڕان، هه‌نارده‌و به‌ بازاڕكردنه‌وه‌، به‌ جۆرێك متمانه‌یان لا دروست بكرێت كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان، گرفت و له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م ره‌وتی كارو مافه‌كانیان دروست ناكات. د- حكومه‌تی هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی و ئه‌خلاقییدا (واته:‌ بێگزی و ساخته ‌كردن)، هه‌موو توانایه‌كی بخاته‌گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی خۆجێیه‌تی، له ‌سه‌رجه‌م ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان به‌ تایبه‌تیی كه‌ركوك، پێكهاته‌ی كورد، زۆربه‌ی كورسیی ئه‌نجومه‌نه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، به‌و جۆره‌ ده‌توانرێت بۆ حكومه‌تی به‌غداو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بسه‌لمێندرێت كه نه‌ته‌وه‌ی كورد زۆرینه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان پێكده‌هێنێت. هـ - به‌ هه‌موو جۆرێك هه‌وڵبدرێت لایه‌نی سێیه‌م، به‌ تایبه‌تی (نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان)، تێكه‌ڵاوی گفتوگۆیه‌كان نه‌بن، چونكه‌ به‌شداری لایه‌نی سێیه‌م له‌ بری چاره‌سه‌ر كێشه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات.   كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌  پێشنیازه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌م خاڵانه‌دا چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌: أ- ته‌ته‌ڵه‌كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌سانی بندیوارو زیاده‌كان، تا له‌ رووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم بگونجێت،‌ به‌جۆرێك هه‌ر ملیۆنێك له‌ دانیشتوان (10)‌ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی به‌ربكه‌وێت.   ب- یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی له‌شكرێكی كوردستانیی رێكخراویی یاساییدا. ج- پێداگیریكردن له‌سه‌ر ناوی هێشتنه‌وه‌ی ناوی پێشمه‌رگه‌، رێگه‌ نه‌دان به‌ گۆڕینی بۆ (پاسه‌وانی هه‌رێم) وه‌كو له‌ (مادده‌ی 121) ده‌ستووردا هاتووه‌. د- پێداگیریكردن له‌سه‌ر وابه‌سته‌كردنی پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئێراقه‌وه‌، چونكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت به‌ به‌شێك له‌ سوپای ئێراق و مافی ده‌ستكه‌وتنی سه‌رجه‌م جۆره‌كانی چه‌ك، دروستكردنی هێزه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی وشكانیی و ئاسمانیی ده‌بێت.    كێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌  له‌و بڕوایه‌داین، به‌ بێ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌، توانای هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی تر، ده‌گاته‌ بنبه‌ست، بۆیه‌ ده‌توانین له‌ چه‌ند خاڵه‌دا پێشنیازه‌كانمان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ بخه‌ینه‌ڕوو:  أ- پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ دورخستنه‌وه‌ی هه‌موو گومانه‌كان، به‌ ژماره‌و داتا، به‌رهه‌م و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فاش بخاته‌ڕوو.  ب- له‌ ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوودا، شكستی سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی، و فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی نه‌وت، به‌ شێوه‌ی كرداره‌كی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان، ده‌ركه‌وت، بۆیه‌ راده‌ستكردنی (هه‌موو یان به‌شێك) له‌ نه‌وتی كوردستان به‌ كۆمپانیای سۆمۆ، بووه‌ به‌ دیفاكتۆو چیدی حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانرێت خۆی لێبدزێته‌وه‌. ج- له‌ گفتوگۆكاندا هه‌وڵبدرێت له‌ به‌رانبه‌ر راده‌ستكردنی هه‌ر (100) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتدا، هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی (5 %) – ی له‌ بودجه‌ی گشتیی بۆ دابینبكرێت. به‌و شێوه‌یه‌؛ دابینكردنی بودجه‌ به‌ گوێره‌ی رێژه‌ی دانیشتوان كه‌ تا ئێستا له‌ به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌وكراوه‌، كۆتایی پێدێت، ئه‌وكات حكومه‌تی هه‌رێم، ده‌توانێت به‌ گوێره‌ی پێداویستی ناوخۆ، نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات.  د- هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدرێت، هه‌ر رێكه‌وتنێك له‌ باره‌ی نه‌وت و بودجه‌وه‌ ده‌كرێت، بۆ ماوه‌ی (10) ساڵ كه‌متر نه‌بێت، چونكه‌ رێككه‌وتنی ساڵانه‌، له‌ مافه‌كانی هه‌رێم كه‌مده‌كاته‌وه‌. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ رێككه‌وتنی ساڵانه‌ بواری بیركردنه‌وه‌و پلاندانان بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی درێژخایه‌ن ناهێڵێته‌وه‌، چونكه‌ به‌رده‌وام مه‌ترسیی رێككنه‌كه‌تن یان كه‌مبوونه‌وه‌ی بودجه له‌ ئارادایه‌.  هـ - پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رجه‌م ئه‌و كۆمپانیایانه‌ دابمه‌زرێنێت كه‌ له‌ (مادده‌كانی 10، 11، 12، 13) – ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمدا هاتووه‌.‌  و- پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان، سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت كه‌ به‌گوێره‌ی (مادده‌ی 15) له‌ یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێم باسكراوه‌، دابمه‌زرێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتی ئه‌و به‌شه‌ نه‌وته‌ی هه‌رێم ده‌یفرۆشێت، بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و بخرێته‌ خزمه‌ت پرۆسه‌ی بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. ‌            ‌    ‌        ‌ ‌          ‌             


درەو: لە نێوان بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر و مەكتەبی سیاسی پارتی لە سەڵاحەدین و ماڵی نێچیرڤانی بارزانی و هۆڵی سەعد عەبدوڵادا كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەبارچوو.  بڕیاربوو رۆژی 22ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە، ئەم كۆبونەوە یەكەم دیداری مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتی بوو دوای كۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە، لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچوو، دوای سێ رۆژ هێشتا چارەنووسی ئەو كۆبونەوەیە یەكلا نەبۆتەوە، كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی دواخستنی كۆبونەوەكەوە وتی "بە هۆكاری هونەری كۆبونەوەكە نەكراو تەنسیق نەكرابوو لەسەر كات و شوێنی كۆبونەوەكە".  بەپێی بەداواداچونەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە سەرەتا بڕیار بووە كۆبونەوەكە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بەڕێوە بچێت و بۆ یە یەكێتی ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ پێشوازی لە مەكتەبی سیاسی پارتی و تا ئەو رادەیەی كە خواردنیش بۆ وەفدی هەردوولا ئامادەكراوە، بەڵام وەفدی پارتی یەكێتیان ئاگاداركردوەتەوە كە ئامادەنین بۆ كۆبونەوە بێنە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی. بە پێی زانیارییەكان وەفدی پارتی پێشنیازی بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتیانكردووە لە سەڵاحەدین بۆ بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكە، مەكتەبی سیاسی یەكێتیش ئەو پێشنیازەیان رەتكردۆتەوە، دواتر پارتی ئۆفەرێكی تری خستۆتە بەردەم یەكێتی بۆ بەرێوەچوونی كۆبونەوەكەو پێشنیازی كردووە وەفدی هەردوولا لە ماڵەكەی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆببنەوە، وەفدی یەكێتی رازی بوون لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوەكە بكرێت بەڵام بە مەرجێك، نێچیرڤان بارزانی خۆی ئامادەی دیدارەكە بێت، وەفدی پارتی بە وەفدی یەكێتیان راگەیاندووە كە نێچیرڤان بارزانی لە كۆبونەكەوە بەشدار نابێت و كەریم سنجاری بەنوێنەرایەتی ئەو بەشداری كۆبونەوەكە دەكات، یەكێتی ئەم پێشنیازەی رەتكردەوەو پێنشیازێكی نوێی خستۆتە بەردەم مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەویش ئەوە بووە كە كۆبونەوەكە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بەڕێوەبچێت، بەڵام مەكتەبی سیاسی پارتی رەتی كردۆتەوەو كۆبونەوەكە نەكراوە.  بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەم گفتوگۆ و پێشنیازی شوێن گۆڕینەوەیە لە نێوان دوو نێوەندگیر كراوە، لە پارتی دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی و لە یەكێتی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی. وەفدی یەكێتی بۆ كۆبونەوەكە بریتی بووە لە ( رزگار عەلی، سۆران جەمال تاهیر، شاڵاو عەلی عەسكەری، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، بورهان سەعید سۆفی)  پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمی ناوی وەفدەكەی بۆ ئەو كۆبونەوەیە رانەگەیاند، بەپێی زانیاریەكانی (درەو) وەفدەكەی پارتی پێكهاتبوون لە ( فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد، رێبەر ئەحمەد، دڵشاد شەهاب).  بڕیاربوو لەم دیدارەدا یەكێتی و پارتی لەبارەی پەیوەندییەكانی نوێی هەردوو حزب بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی و پرسی شەراكەت لە حكومەت و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق گفتوگۆ بكەن.  رێككنەكەوتن لەسەر شوێنی كۆبونەوەكە ئاستی هەستیاری پەیوەندی نوێی یەكێتی و پارتی نیشان دەدات لەدوای كۆنگرەی چواری یەكێتی و هەڵبژاردنی تێمێكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی یەكێتی، لەدوای هەڵبژاردنی ئەو سەركردایەتیە نوێیەشەوە تا ئێستا پارتی بەفەرمی دانی پێدا نەناوە، لەناو پارتیدا نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسێكە كە بەفەرمی مامەڵە لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتیدا دەكات.  


راپۆرت: فازڵ حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەرلەوەی دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببات، چەندین بژاردەی تری لەبەردەمدایە كە لەرێگەیانەوە دەتوانێت داهاتێكی زۆر بۆ حكومەت‌و دابینكردنی موچە كۆبكاتەوە، ئەو ناونیشانی "چاكسازیی" خستوەتەسەر كابینەكەی، ئەم قەیرانە دەرفەتی ئەوەی پێدەدات بەبێ سڵەمینەوە چاكسازییە ریشەییەكان جێبەجێ بكات‌و خۆی لەو قەیرانە كوشندەیە رزگاربكات كە بەمیراتیی لە (17 ساڵ) حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای بۆی ماوەتەوە. بەپێی بەدواداچونێكی (درەو) چەند بژاردەیەكی خێرای چاكسازی هەن ئەگەر مەسرور بارزانی دەستیان بۆ ببات، لەماوەیەكی دیاریكراودا دەتوانێت بڕی (400 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەت كۆبكاتەوەو ناچار نەبێت دەست بۆ موچەی موچەخۆران ببات.   هەموان باسی دەكەن جگە لە مەسرور بارزانی  حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی قەیرانێكی دارایی سەخت بوەتەوە، هەموان (میدیای ناوخۆ‌و دەرەوە) باسی قەیرانە نوێیەكەی هەرێم دەكەن، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی تائێستا هیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە بۆ رایگشتی‌و خەڵكی كوردستان نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە وەكو سەرۆكی حكومەت دەستبەركاربوو بەڵێنیدا "راستگۆ‌و شەفاف" بێت لەگەڵ خەڵكدا. ئێستا جارێكی تر حكومەت هاتوەتەوە سەر پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەران یاخود دواخستنی وادەی دابەشكردنی موچە لە (30 رۆژەوە بۆ 60 رۆژ)، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كابینەی مەسرور بارزانی بۆ كۆكردنەوەی داهاتەكانی جگە لە دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران، هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەستدایە ؟ بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بەر لە دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، كابینەی مەسرور بارزانی زیاتر لە رێگەیەكی لەبەردەستدایە داهاتیان لێوە كۆبكاتەوە‌و بەجۆرێك لە جۆرەكانی گوڕی قەیرانە داراییەكە كەمتربكاتەوە. رێگاكانی كۆكردنەوەی داهات بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە چایرۆسی كۆرۆنا، ماوەی دوو مانگە داهاتی ناوخۆی هەرێم كەمیكردووە، كە یەكێكە لەسەرچاوەكانی دارایی حكومەت، بەپێی قسەی بەرپرسان لەم دوو مانگەدا داهاتی ناوخۆ مانگانە لە (270 ملیار) دینارەوە بۆ (80 ملیار) دینار كەمیكردووە، هەندێكیش زیاتر دەڕۆن دەڵێن داهاتی ناوخۆ نزیكبووەتەوە لە سفر. داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو سەرچاوانەی دارایی حكومەت كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا خۆی لە بنەڕەتەوە بەدەست ناشەفافیەت‌و خراپی ئیدارەدانەوە ناڵاندویەتی، مەسرور بارزانی لەڕێگەی رێكخستنەوەی ئەم كەرتە گرنگەوە دەتوانێت سەرچاوەی دارایی داهاتی ناوخۆ زیاتر بكات، بەڵام چۆن ؟ خاڵە سنورییەكان خاڵە سنورییەكان یەكێكن لە سەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی ناوخۆ، لەم كەرتەدا بەپێێ‌ بەدواداچوونەكانی (درەو) مانگ هەبووە (7 هەزار) لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كۆمپانیا‌و سەرمایەدارو هەندێك خەڵك كراوە، ئەمە بەچەند رێگایەك كراوە، هەندێكجار بە لێبوردنی تایبەتی بەرپرسان لە حكومەت، هەندێكجار بە سودوەرگرتن بە یاسای وەبەرهێنان، یاخود لەژێر ناوی پرۆژەی خێرخوازی‌و پاڵپشتیكردن لە كاری بازرگانیی، ئەم لێخۆشبوونە گومرگییانە بڕەكانیان جیاوازەو لە (هەزار دۆلار)ەوە دەستپێدەكات بۆ (3 هەزار) دۆلارو سەروتریش، كۆی گشتی ئەم لێخۆشبونە گومرگییانە بە تێكڕا بۆ یەك مانگە بەهاكەی بە (20 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەم بڕە پارەیە رۆیشتووە‌و نەگەڕاوەتەوە بۆسەر داهاتی وەزارەتی دارایی. رەنگە كابینەی مەسرور بارزانی دوجار لەژێر فشاری قەیرانی داراییدا هەستی بە بەفیڕۆچوونی ئەم بڕە پارەیەی مانگانە كردبێت، بۆیە حكومەتی بە نوسراوی ژمارە (2949) لە رۆژی 23/4/2020 لێخۆشبونە گومرگییەكانی راگرت، بەڵام كەی ؟ كاتێك ئیتر دۆخەكە لە دەست دەرچووە. سەرباری لێخۆشبوونی گومرگی، هەر لە خاڵە سنورییەكان چەندێك كاروبار هەن كە زیانیان بە دارایی حكومەت گەیاندووە‌و لەبەرامبەردا كۆمەڵێك خەڵكی حزبی‌و دەستڕۆیشتوییان لەسەر سامانی گشتی دەوڵەمەندكردووە. لە خاڵە سنورییەكانی هەرێمدا (12) كۆمپانیا بەناوی جیاجیاوە كاردەكەن، مانگانە قازانجی ئەم كۆمپانیایانە دەگاتە (50 ملیۆن) دۆلار، لە حاڵێكدا حكومەت بەو ژمارە زۆرەی كارمەندەوە كە هەیەتی خۆی لە توانایدایە كاری ئەم كۆمپانیایانە بكات‌و داهاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی. بۆ نمونە ئێستا كۆمپانیای پاكژكردنەوەی (تعقیم) لە خاڵە سنورییەكاندا هەن، ئەم كۆمپانیایانە بۆ (تعقیم)كردنی هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (10 دۆلار) وەردەگرن، بۆ مانگێك داهاتی ئەم كۆمپانیایانە دەگاتە (450 هەزار) دۆلار، لەم داهاتە كۆمپانیاكان 15% بە حكومەت دەدەن. دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" لە ماوەی  چوار مانگی رابردوودا تەنها داهاتی مەرزی پەروەێزخان (80 ملیار) دینار بووە، مانگانە بەهۆی قاچاخشێتییەوە لە مەرزەكان (30 بۆ 40 ملیۆن) دۆلار زیان بەر داهاتی حكومەتی هەرێم دەكەوێت". باجی كۆمپانیاكان لە وڵاتانی جیهان وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكان، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتە، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی پشت بە فرۆشتنی نەوت بەستراوە وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات، ئەم كەرتە گرنگەی سەرچاوەی داهات پشتگوێ خراوە. لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم بەمدواییە وردە وردە هەموو كەرتە گشتییەكان رادەستی كۆمپانیاكان‌و كەرتی تایبەت دەكات، بەڵام لەبەرامبەردا پرسی وەرگرتن‌و رێكخستنەوەی باجەكان وەكو خۆیەتی‌و گۆڕانكارییەكی وەهای تێدا نەكراوە كە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە خێراییەی كە ئەمساڵانەی دوایی لە ژمارەی كۆمپانیاكاندا رویداوە. بەپێی قسەی وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان ئێستا بە بیانی و خۆماڵییەوە (29 هەزار و 400) كۆمپانیا لە هەرێمدا هەن، لەم ژمارەیە (4 هەزارو 100) كۆمپانیا بیانین‌و ئەوانەی تر ناوخۆین. وەرگرتنی باج لە كوردستان زیاتر لەسەر پرۆژە بچوكەكان جێبەجێدەكرێت وەكو دوكان‌و كۆمپانیا بچوكەكان، بەڵام كۆمپانیا گەورەكان زۆرجار خۆیان لە پێدانی باج دەدزینەوە یاخود لەلایەن بەرپرسانی حزبیی‌و حكومەتەوە لێخۆشبونیان بۆ دەكرێت. بۆ نمونە كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان بەخشراون لە باج، ئەمە لەژێر ناوی هاندانیان بۆ كاركردن لە كەرتی نەوتدا هەرێمدا، لێخۆشبوونی باجی كۆمپانیانی نەوت ساڵانە بە نزیكەی (90 ملیۆن) دۆلار ئەژماردەكرێت كە ئەمەش زیانێكە بەر داهاتی حكومەت كەوتووە. سەرباری كۆمپانیای جۆراوجۆر لە بوارەكان، بەمدواییەش لە هەرێمی كوردستان دروستكردنی كۆمپانیای (سكیوریتی) سەریهەڵداوە، بەپێی زانیارییەكان ئێستا لە هەرێم (63) كۆمپانیای سكیوریتی هەیە، ئەم كۆمپانیایانە زۆربەیان باج بە حكومەت نادەن، سەرباری ئەمانە وەزارەتی ناوخۆ (63 هەزار) یەكەی پاسەوانیی هەیە‌و مانگانە موچەیان بۆ دابین دەكات، ئەمانەش قورساییان لەسەر سەرچاوەی داهاتی حكومەت دروستكردووە.  سەرباری خاڵە سنورییەكان‌و باج، ئەمدواییە بەهۆی داخستنی فەرمانگەكانی حكومەت لەچوارچێوەی رێوشوێنەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەت ئەو داهاتەی لەدەستداوە كە لە باج‌و كاروباری فەرمانگەكانی دەستی دەكەوت، ئەم بوارەش هەندێك پێویستی بە رێكخستنەوەی زیاتر هەیە ئەگەر حكومەت بیەوێت سەرچاوەی داهاتەكانی زیاتر بكات.  داهاتی نەوت كاتێك هەرێمی كوردستان سەرچاوەی سەرەكی داهاتی خۆی بەستەوە بە فرۆشی نەوتەوە، رەنگە بەرپرسان بیریان لەوەنەكردبێتەوە ئەم كاڵایە رۆژێك لە رۆژانی دوچاری قەیرانی شكانی نرخ دەبێتەوە، ئاخر زەمەنێك‌و تائێستا نەوت وەكو "زێڕی رەش" ناودەبرێت. لە ساڵی 2014وە هەرێم بەتەواوەتی داهاتی خۆی رادەستی فرۆشی نەوت كرد‌و لەپێناوەشدا قوربانی دا بە بەشە بودجەی خۆی لە بەغداد كە تائەوكات مانگە (ترلیۆنێك‌و 200 ملیار) دیناربوو. لەوكاتەوە كە حكومەتی هەرێم بۆ داهات بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، دوجار نرخی نەوت لە جیهاندا دوچاری داڕمان هاتووە، جارێك ساڵی 2014و دوای دەركەوتنی رێكخراوی داعش، ئەمجارەش هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە جیهاندا. بەپێی راپۆرتێكی نهێنی تیمی حكومەت كە بەمدواییە ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت كراوە‌و كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، لەدوای دابەزینی نرخی نەوتەوە، ئێستا مانگانە لە فرۆشی نەوت (60 ملیۆن) دۆلار دەمێنێتەوە‌و دەدرێت بە وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران، ئەمە لەكاتێكدایە بەر لە داڕمانی نرخی ئەم داهاتە مانگانە (295 ملیۆن) دۆلار بووە‌و رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە (داهاتی نەوت لە هەموو حاڵەكاندا زیاتر بووە لەو پارەیەی كە بەناوی داهاتەوە رادەستی وەزارەتی دارایی دەكرێت، ئەمە ئەو بەشە نادیارە نەوتە كە بەردەوام باسدەكرێت). بژاردەی بەردەم حكومەتی هەرێم لە زەمەنی داڕمانی نرخی نەوتدا ئەوەیە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات‌و لەبەرامبەردا پشكی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق وەربگرێت، ئەمە ئێستا پێشنیازێكە كە كابینەی مەسرور بارزانی دوای بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی ئابوری، دەگەڕێتەوە بۆسەری‌و تاوتوێی دەكات. خۆ ئەگەر كابینەی مەسرور بارزانی لەسەر رادەستكردنی تەواوەتی نەوت لەگەڵ بەغداد نەگەیشتە رێككەوتن، هێشتا حكومەت هەندێك بژاردەی تری لەبەردەستدایە كە دەتوانێت بەهۆیانەوە داهاتی ئەو نەوتە زیاتر بكات كە خۆی دەیفرۆشێت، چۆن ؟ ئێستا مانگانە (100 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت دەڕوات بۆ سێ بوار: •    كۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوت •    كۆمپانیاكانی گواستنەوەی نەوت •    كۆمپانیاكانی سكیوریتی نەوت ( لەكاتێكدا حكومەت خۆی دوو لیوای پاسەوانی نەوت‌و گاز هەیە‌و مانگانە موچەیان بۆ دابین دەكات). رێكخستنەوەی ئەم خەرجییانە، بڕێكی زۆر داهاتی فرۆشی نەوت بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە. سەرباری ئەمە رێكخستنەوە‌و شەفافكردنی كەرتی نەوت دەتوانێت سەرچاوەی داهاتی زیاتر بۆ حكومەت دابین بكات، هەرێمی كوردستان چووەتە سەر نەخشەی وڵاتانی فرۆشیاری نەوت لە جیهاندا بەڵام هێشتا نەیتوانیوە پێداویستی سوتەمەنی لە ناوخۆ دابین بكات، كاڵا كاتێك هەناردەی دەرەوە دەكرێت كە پێداویستی ناوخۆی پڕكردبێتەوە، بەڵام هەرێم بەنزین لە ئێران‌و توركیا‌و ئیماراتەوە هاوردە دەكات، بۆ نەوتی سپیی ماڵانیش چاوی لە دەستی بەغداد، ئەم قەیرانە داراییە نوێیە دەرفەتی ئەوە بە حكومەت دەدات بیر لەوە بكاتەوە لەبری هاوردەكردنی بەنزین‌و نەوتی سپی لە دەرەوە، لەناوخۆدا خۆی بەرهەمی بهێنێت. حكومەتی هەرێم ئەگەرچی ناتوانێت هەموو ئەو نەوتەی كە بەرهەمی دەهێنێت لە بازاڕی ناوخۆدا ساغ بكاتەوە، بەڵام لەم قەیرانەدا بژاردەی ئەوەی لەبەردەستدایە رۆژانە زیاتر لە (100 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو لە پاڵاوگەكانی ناوخۆ ساغ بكاتەوە‌و بەنزین‌و گازوایل و نەوتی سپی لێ بەرهەم بهێنێت، بەپێی خەمڵاندنی دڵشاد شەعبان پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەگەر ئەم (100 هەزار) بەرمیل نەوتەی رۆژانە لەناوخۆدا ساغ بكرێتەوە، مانگانە حكومەتی هەرێم (130 ملیۆن) دۆلار داهاتی دەستدەكەوێت. چاكسازیكردن لە كەرتی نەوتدا سەرباری ئەوەی داهاتی حكومەت زیاتر دەكات، جۆرێكیش لە متمانە بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنە بیانییەكانی نەوت دەگەڕێنێتەوە، كە بەمدواییە دڵیان بە كاركردن لە هەرێمی كوردستان ساردبوەتەوە‌و هەندێكیان دەستیان كردووە بە فرۆشتنی پشكەكانیان، كۆمپانیاكانی نەوت نیگەرانن لەوەی هەركاتێك حكومەتی هەرێم دوچاری قەیرانی دارایی دەبێتەوە سەرەتا دەست بۆ راگرتنی شایستە داراییەكان‌و دواخستنی پێدانەوەی قەرزەكانی ئەوان دەبات. هەرێمی كوردستان سەرباری نەوت، خاوەنی غازی سروشتییە، غاز سەرچاوەكەی زۆربەی دەكەوێتە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتییەوە، كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی كاری بەرهەمهێنان‌و فرۆشتنی غازەكە دەكات، بەڵام گواستنەوەی غازەكە بۆ ناو شارەكان دراوە بە كۆمپانیا ناوخۆییەكان‌و بەمدواییە كاری ئەم كۆمپانیایانەهەندێك گرژی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دروستكرد، رێكخستنەوەی ئەم كەرتەش لەسەر بنەمایەكی ئابوری، رەنگە هەندێك داهاتی زیاتر بۆ حكومەت بگەڕێنێتەوە. قەرزی كۆمپانیاكان بەمدواییە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی بۆ چاكسازیكردن پەسەندكرد، ئەمە بە یەكەم هەوڵی جددی بەئاڕاستەی چاكسازیكردن ئەژماردەكرێت، هەرچەندە یاساكە نەگەیشتوەتە ئاستی چاكسازییەكی بەرفراوان كە هەموو كەرتەكان بگرێتەوە، بەڵام لەلایەن كابینەی مەسرور بارزانییەوە وەكو بناغەیەك بە ئاڕاستەی چاكسازی وێنا دەكرێت، لەم یاسایەدا بە بڕگەیەك حكومەت ناچاركراوە ئەو قەرزانە لە كۆمپانیا‌و سەرمایەداران وەربگرێتەوە كە پێشتر پێیداون. وەزارەتی دارایی لەسەر بنەمای یاساكەی پەرلەمان لە رۆژی 28/1/2020دا رێنمایی دیاریكرد، تێدا ماوەی سێ مانگی دیاریكرد بۆ ئەوەی كۆمپانیا‌و سەرمایەداران قەرزەكانیان بگەڕێننەوە بۆ حكومەت، بەپێی فەرمانەكە ئێستا قەرزارەكان كەمتر لە هەفتەیەك مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پارەكان بۆ حكومەت بگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە حكومەت دەتوانێت دەست بەسەر ئەو موڵك‌و ماڵانەدا بگرێت كە وەكو بارمتە (رهن) بۆ وەرگرتنی قەرز لای حكومەت دایانناوە، چ وەرگرتنەوەی قەرزەكان، چ دەستگیرتن بەسەر بارمتەی كۆمپانیاكان لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئەگەر بڕیارەكە وەزارەتی دارایی وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت حكومەت لەم زەمەنی قەیرانەدا هەندێك داهاتی بۆ دەگەڕێتەوە. لەنێوان ساڵانی (2007 بۆ 2011) كاتێك ئابوری كوردستان بوژانەوەی بەخۆوە دەبینی (واتە بەرلەوەی بەغداد بەشەبودجەی هەرێم ببڕێت) كۆمپانیاو بازرگانەكان لەڕێگەی بانكە بازرگانییەكانەوە قەرزیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرت. كۆی قەرزەكە (751 ملیار) دینارەو بە جیاوازی ئەو سودەی چوەتە سەری لە ئێستادا گەیشتوەتە زیاتر لە (یەك ترلیۆن) دینار، رێژەی سودی قەرزەكە كە حكومەت لەسەر كۆمپانیا‌و سەرمایەدارەكان دایناوە لە (3% بۆ 11%) دەستپێدەكات.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، نزیكەی (150) كۆمپانیا‌و سەرمایەدار سودمەندبوون لە وەرگرتنی ئەو قەرزەی حكومەت كە لەبنەڕەتەوە بۆ مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بووە بە هاوڵاتیان. یاسای چاكسازی لە موچەدا یاسای چاكسازی كە لە پەرلەمان دەرچووە، بەشێكیشی تایبەت كراوە بە چاكسازی لە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان‌و رێكخستنەوەی موچەی خانەنشینی كەسوكاری شەهیدان‌و زیندانییە سیاسییەكان، ئەم یاسایە دوای پەسەندكردنی تائێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێكردنی پێشبینی دەكرێت بڕی نزیكەی (20 ملیار) دینار هات بۆ حكومەت بگەڕێنێتەوە. حكومەت چۆن خۆی لە قەیرانەكە رزگار دەكات ؟ ئەوەی لەم راپۆرتەدا باسكرا، هەندێك رێوشوێنن كە (درەو) بەدواداچوونی بۆ كردوون‌و دەكرێت حكومەت بەر لەوەی بیر لە دەستكاریكردنی موچەی موچەخۆران بكاتەوە، پەنایان بۆ ببات بۆ زیادكردنی سەرچاوەكانی داهاتی خۆی. فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمیش وەكو كەسێكی شارەزای بوارەكە هەندێك رێگەی پێشنیازكردووە بۆ حكومەت تاوەكو بتوانێت لەم قەیرانەدا سودیان لێ ببێنێت، كە ئەمانەن: •    پێویستە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت دابنیشێت‌و هەوڵ بدات دانەوەی مستەحەقاتی كۆمپانیاكان هەندێك دوابخات تا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوەو ئەوانیش ئامادەن ئەو كارە بكەن، چونكە دۆخی ئابوری لە ‌جیهان تێكچووەو نرخی نەوت دابەزیوە.  •    پێویستە حكومەت فشاری زیاتر لە گومرگەكان بكات، تاوەكو هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ كاركردن‌و هەموو داهاتەكە بۆ وەزارەتی دارایی بگەڕێننەوە.  •    حكومەتی هەرێم زەویی زۆری هەیەو زۆر گەورەن، بەهای هەندێكیان ڕەنگە بگاتە ملیارێك دۆلار، ئەوانە بفرۆشن لە ڕێگەی موزایەدەی ڕاستەوخۆوە، چونكە دۆخی ئابووری باش نییە و لەجیاتی ئەوەی ئەو زەویانە بەلاش بدرێتە وەبەرهێنەران بفرۆشرێن بۆ خەرجیی حكومەت. . ناكرێت زەویەكی باش بە بەلاش بدرێتە وەبەرهێنەر (لە بەغداد پێشتر ئەم هەنگاوە جێبەجێكراوە). •    پێویستە حكومەت بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دوو سێ مانگەی داهاتوو بتوانێ دۆخەكە بەئاسانی تێ پەڕێنێت، جگە لەوەش، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بەغدا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەبێ كێشە بەشی خۆی وەرگرێت. قەیران وەكو میراتێكی بەجێماو قەیرانی دارایی‌و ناشەفافی سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستاندا، ئەو پێش ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم وەرگرێت، ماوەی (17 ساڵ) سەرۆكی حكومەت بووە، مەسرور بارزانی ماوەی (9 مانگ)ە دەستبەكاربووە، سەرباری ئەوەی نێچیرڤان‌و مەسرور هەردوكیان لەناو یەك مەنزومەی خێزانیدان، بەڵام بەرپرسیارێتی (17 ساڵ) سەرۆكایەتی حكومەت بەراورد ناكرێت بە (9 مانگ). مەسرور بارزانی خۆشی چەندجارێك لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا باسلەوەدەكات ئەو قەیرانانەی كە ئێستا دوچاری كابینەكەی بوەتەوە، بە میراتی لە كابینەكانی پێشووەوە بۆی ماوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی كە بە ئەندازیاری بڕینی موچەی فەرمانبەران لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە" دادەنرێت، لە كۆتایی تەمەنی (17 ساڵیی) خۆیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەڵگرت، بەوەش گورزێكی بەهێزی لە كەمەری مەسرور بارزانی ئامۆزی دا، كە دوای ئەو پۆستی سەرۆكی حكومەت وەرگرت، هەندێك والێكدەدەنەوە ئەو هەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوە بوو، مەسرور بارزانی دوای خۆی نەتوانێت بەئاسانی دەست بۆ رێكخستنەوەی موچەی فەرمانبەران ببات‌و دەرفەتی ئەوەی نەبێت جارێكی تر پەنا بۆ پاشەكەوتی موچە بباتەوە. سەرباری ئەمە، نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری ئابوری سەربەخۆی هەرێمی كوردستان بوو، كە ئەو بیرۆكەیە وایكرد بەغداد بەشە بودجە‌و موچەی هەرێم ببڕێت‌و ئەوەی ئێستا هەیە درێژكراوەی ئەو قۆناغە‌و بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانییە، نێچیرڤان لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دور لە چاوی بەغداد دەستكەوتی ئەوەی دەستكەوت بەتەواوەتی جڵەوی كەرتی نەوت بكات، بەجۆرێك ئێستاشی لەسەربێت كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی حكومەت دەكات هێشتا ئەو هەژمونی بەسەر بواری نەوتدا هەیە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە ئێستا مەسرور بارزانی دەیەوێت بەشێوەیەكی تەواوەتی نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكات، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە كۆتایی بە دەستڕۆیشتوویی نێچیرڤان بهێنێت. سەرباری ئەوەی بەشی زۆری ئەو قەیرانانەی كە ئێستا روبەڕووی حكومەت بووەتەوە ریشەیان بۆ كابینەكانی پێشوو دەگەڕێتەوە، بەڵام هیچ بەهانەیەكیش نییە بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی چاكسازییەكی گشتگیر ئەنجامبدات‌و یەكەم ئەزمونی سەرۆكایەتی خۆی لە حكومەت لە شكستهێنان رزگاربكات، بەتایبەتیش كە ناونیشانی چاكسازی لەسەر كابینەكەی داناوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand