كێبەركێی كاندیدەكان لە بازنەی (3)ی هەڵەبجە
2021-10-09 08:33:21
درەو:
لە بازنەی (3)ی پارێزگای سلێمانی كە (هەڵەبجە، شارەزوور، سەید سادق، پێنجوێن) دەگرێتەوە، كاندیدە ژنەكەی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) كورسی یەكەم دەبات و كورسی دووەم بە ئەگەری زۆر بۆ كاندیدەكەی كۆمەڵی دادگەریە، كاندیدەكانی پارتی و یەكگرتوو نەوەی نوێ كێبەركێ لەسەر كورسی سێیەم دەكەن.
بازنەی (3) هەڵەبجە
بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (هەڵەبجە + سەیدسادق + شارەزوور + پێنجوێن) زیاتر لە (213) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون و هیچ کانیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا نییەو سەرجەم کاندیدەکان سەر بە (8) لایەنی سیاسی جیاوازن و لە کێبڕێکێدان بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))
ئەنجامی دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (3) لە هەڵبژاردنی تایبەت ( ئەنجامی نافەرمی)
ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3))
شیکردنەوەی بازنەی (٣):
لەم بازنەیەدا (3) کاندید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت.
كورسی یەكەم/
چرۆ حەمە شەریف كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان ( یەكێتی و گۆڕان) چانسی دەرچونی لە هەموو كاندیدەكانی تر زیاترە، بەو پێیەی كاندیدی ( یەكێتی و گۆڕان)ە كە بەلەبەرچاوگرتنی دەنگی پێشوو ( یەكێتی 25473 و گۆڕان 18912) دەكاتە ( 44385) دەنگ بە پێی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت (1896) كە دەنگەكانی سێ ئەوەندەی دەنگی لایەنەكانی ترە، بۆیە ئەگەری دەرچوونی لە هەموو كاندیدەكانی تر زیاترە.
كورسی دووەم:
ئەحمەد حاجی رەشید كاندیدی كۆمەڵی دادگەری كوردستان ئەگەری زۆرە كورسی دووەمی بازنەی (3) بەرێت بەلەبەرچاوگرتنی دەنگی پێشوو كە لەدوای یەكێتی و گۆڕان زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە (15946) دەنگ و ئەنجامی دەنگدانی تایبەت كە دەنگی دووەمی ئەو بازنەیەیە (585) دەنگ. بۆیە بە خوێندنەوەی دۆخی ململانێكان و ئاستی دەنگدان ئەگەری زۆرە كاندیدەكانی كۆمەڵ كورسی دووەم بەرێت.
كورسی سێیەم:
بۆ كورسی سێیەم كێبەركێی توند لە نێوان كاندیدەكەی پارتی (ئەشواق جاف) كاندیدەكەی یەكگرتوو (موسەنا ئەمین) كاندیدەكەی نەوەی نوێ (ئاریان تاوەگۆزیدایە.
1- كاندیدەكەی پارتی ئەگەری بردنی كورسی سێیەمی زۆرترە بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی لەو بازنەیە ( 13815) دەنگی هەبووە، دوێنیش رێككەوتنی لەگەڵ حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كردووەو ئەو حزبە بڕیاری داوە لەو بازنەیە دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدات كە لە هەڵبژاردنی رابردوو حزبی سۆسیالیست نزیكە (پێنج هەزار) دەنگی هەبووە، بەلەبەرچاوگرتنی دەنگدانی تایبەتیش كە كاندیدەكەی پارتی دەنگی سێیەمی هەیە (469) دەنگ چاوەڕوان دەكرێت كاندیدەكەی پارتی كورسی سێیەم بەرێت.
2- موسەنا ئەمین كاندیدی یەكگرتوو كێبەركێكاری بەهێزی بردنەوەی كورسی سێیەمە دەنگی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی پێشوو لەو بازنەیە ( 14541) دەنگ و لە دەنگدانی تایبەتیشدا ( 353) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆیە لە حاڵەتی نەبردنی كورسی سێیەم لەلایەن كاندیدەكەی پارتیەوە ئەگەری زۆرە موسەنا ئەمین كورسی سێیەم بەرێت.
3- ئاریان تاوەگۆزی كاندیدی نەوەی نوێ لە بازنەی سێ لە هەڵبژاردنی رابردوو نەوەی نوێ لەو بازنەیە كەمترین دەنگی هەبووە كە ( 6871) دەنگ و لە دەنگدانی تایبەتیشدا كەمترین دەنگی هێناوە كە ( 174) دەنگە، بە پێی لێكدانەوەكان ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی نەوەی نوێ لاوازە هەرچەندە دەنگدانی گشتی ئەو پرسە یەكلا دەكاتەوە.