Draw Media

هەڵبژاردن لە عێراقدا هەر ئەوە بەرهەم دەهێنێت كە ئێستا هەیە

هەڵبژاردن لە عێراقدا هەر ئەوە بەرهەم دەهێنێت كە ئێستا هەیە

2021-10-07 18:36:11


راپۆرتێكی شیكاری دەربارەی هەڵبژاردنەكان
سەرچاوە: سایتی ئەنجومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەندییەكانی دەرەوەر
گرنگە بۆ ئەوروپییەكان واقیع بین بن سەبارەت بە توانای حكومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم، لە كاتێكدا حكومەتی ئیئتیلافی داهاتووی عێراق پێكدێت لە ژمارەیەك گروپی محافزكار كە دژی ریفۆرم و گۆرانكارین. بۆیە كۆسپ و لەمپەرەكانی وڵاتەكە لە چارەسەركردنی ئەو ئاڵنگارییە ماوە درێژانەی كە ناسەقامگیری ناوخۆیی دروست كردووە بەردەوام دەبێت.
رۆژی 10ی ئۆكتۆبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چەند مانگێگ بەر لە وادەی یاسایی خۆی بەرێوە دەچێت، ئەویش بۆ جێبەجێ كردنی بەڵێنەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. كازمی ئەو بەڵێنىەی دا كاتێك كە پۆستەكەی وەرگرت لە مانگی 5ی 2020دا، ئەویش پاش شەپۆلێكی فراوانی خۆپیشاندان كە داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی پێشویان دەكرد.
هەرچەندە داواكارییەكەی خۆپیشاندەرانی جێبەجێ كرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەو ریفۆرم لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا، بەڵام هەڵبژاردنەكە ئەو چاكسازییە گشتگیرە بەرهەم ناهێنێت لە سیستمی سیاسی عێراقدا كە خۆپیشاندەران داوایان دەكرد.
هەربۆیە روبەرێكی گەورەی كۆمەڵگەی عێراقى بێهیوا بوون لە سیستمەكەو بریاری بایكۆت كردنی هەڵبژاردنیان داوە.
هەڵبژاردنەكە چاوەروان دەكرێت گفتوگۆو دانوستانێكی ماوە درێژ بە دوای خۆیدا بهێنێت بۆ پێكهێنانی حكومەتە نوێیەكە. پاش ئەوە پێشبینی دەكرێت پارتە سیاسییەكان بگەنە رێكەوتنێك بۆ دابەشكردنی دەسەڵات هاوشێوەی ئەوەی كە ئێستا بونی هەیە.
حكومەتی داهاتوو رەنگە پابەند بونی خۆی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە بواری ئابوری و ئەمنی رابگەیەنێت، بەڵام هێشتا ئاستەنگی گەورە بونی دەمێنێت لەبەردەم ئەنجامدانی ئیجرائاتی لەو شێوەیە.
هەرچەندە ئەوروپاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵیانداوە هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە لە عێراقدا بەرێوەبچێت لە رێگەی پشتیوانی كردنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و چاودێری كردنی هەڵبژاردنەكە لە نزیكەوە، بەڵام پێویستە دان بەوەدا بنێن كە بەشێكی زۆر لە عێراقییەكان تەواوی سیستمی سیاسی بە نا شەرعی دەزانن.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پیشوەختەو یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا ناتوانێت ئەو چاكسازییە لە سیستمی سیاسیدا بەرهەم بهێنێت كە خۆپیشاندەران داوایان دەكرد. یاساكە ئەوەی لێ چاوەرێ دەكرا كە دەنگدەران لە جیاتی حیزب كەسایەتی و كاندیدی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن لە ناوچەو ناوەندەكانی خۆیاندا ئەویش بە دابەش كردنی وڵاتەكە بۆ بازنەی بچوكی هەڵبژاردن. 
بەڵام پرۆسەی پێكهێنانی بازنە نوێیەكانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی بەرفراوان بە سیاسی كراون كە ئەوەش رێگە خۆشكەرە بۆ ئەوەی یارییەكی گەورە بە ناوەندەكانی دەنگدانەوە بكرێت كە هێزە باڵا دەستەكان لێی سودمەند دەبن. پارتە نوێییەكان و كاندیدە سەربەخۆكان روبەرووی توندوتیژییەكی ئاراستەكراو بونەتەوە لە لایەن گروپە چەكدارەكانی سەربە هێزە دەسەڵاتدارەكان.
ئەگەر زۆرە دەنگدەرانی ئاسایی كە سەر بە هیچ حیزبێك نین بایكۆتی هەڵبژاردنەكە بكەن چونكە ئەوان پێیانوایە هەڵبژاردنەكە هەڵبژاردنێكی ساختە دەبێت. ئەمە جگە لەوەی متمانەیان نەماوە بەوەی كە بتوانرێت چاكسازی لە سیستمی سیاسیدا بكرێت.
بەپێی دوایین راپرسییەكان، رێژەی بەشداری بەشێوەیەكی گشتی كەمتر دەبێت لە هەڵبژاردنی 2018 كە رێژەی بەشداری 44% بوو. هەرچەندە ئەگەری ئەوە هەیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق شێوازی ئەژماركرنی دەنگەكان بگۆرێت و ببێتەهۆی بەرزكردنەوەی رێژەی بەشداریی بەشێوەیەكی ناراست.
هیچ یەكێك لە حیزبەكان یان هاوپەیمانێتییەك ناتوانێت دەنگی پێویست بهێنێت بۆ پێكهێنانی حكومەت بە تەنها. بەڵكو دانوستانێكی دورودرێژ لە نێوان لایەنەكاندا بە دوای هەڵبژاردندا دێت لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر لە كیانە سیاییەكان پێشبركێ دەكەن بۆ كۆنترۆڵ كردنی پۆستە كاریگەرو پر دەستكەوتەكانی حكومەت.
سەدرییەكان، كە پێشبینی دەكرێت كە دەنگێگی باش بە دەست بهێنن، ئەگەری ئەوە هەیە كار لەگەڵ كاراكتەرە میانرەوەكانی دیكەی شیعەدا بكات وەك عەممار حەكیم و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوتر بۆ بەرگری كردن لە مستەفا كازمی بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا.
بەڵام ئەمەش ئاسان نابێت لە كاتێكدا ئەگەری زۆر هەیە (هاوپەیمانی فەتح) كە زیاتر هێزێكی پەرگیرو توندرەوە بەرهەڵستی كازمی بكەن بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكە.
ئەم گروپەش زیاتر حیزبە پەرگیرەكانی وەك عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەی حیزب الله لەخۆ دەگرێت كە بە توندی بەرگری لەوە دەكەن دەسەلاتێكی ناوەندی بەهێز هەبێت و نایانەوێت هێزە تائیفییەكان بكەونە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی ناوەندی و حكومەتێكی سەربەخۆ دروست ببێت دور لە دەست تێوەردانی ئێران.
سەرەرای جیاوازییەكانیان، سەرجەم  پارتە دیارەكان سودمەندی سەرەكین لەو سیستمە سیاسییەی كە ئێستا بوونی هەیە، بۆیە چاوەروانی ئەوەیان لێناكرێت هەوڵی ریفۆرمی جدی و گەورە بدەن بۆ چارەسەركردنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی لە سیستمی ئابوری عێراقدا كە بەشێوەیەكی مەترسیدار ناجێگیرە. 
دواجار، پاش چەندین مانگ لە دانوستان، لەو ماوەیەدا وڵات بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەچێت بەرێوە لەگەڵ برێكی كەم لە یاسای نوێ و چالاكی یاسادانان، پارتەكان لە باشترین حاڵەتدا دەگەنە چارەسەرێكی هاوبەش كە حكومەتێك بەرهەم دێنێت هاوشێوەی ئەوەی ئێستا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand