Draw Media

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا، چه‌ك و پاره‌ سیاسه‌تیان كۆنترۆڵ كردووه‌ 

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا، چه‌ك و پاره‌ سیاسه‌تیان كۆنترۆڵ كردووه‌ 

2021-10-09 17:34:44


سه‌رچاوه‌: نیویۆرك تایمز 
عێراقییه‌كان سبه‌ینێ رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ساڵێك به‌ر له‌واده‌ی یاسایی خۆی، ئه‌ویش پاش چه‌ندین خۆپیشاندانی گه‌وره‌ دژی حكومه‌ت.  
زۆرینه‌ی پارته‌كان په‌یامه‌كانیان ئاراسته‌ى ده‌نگده‌ران ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای ئاین و نه‌ته‌وه‌و دڵسۆزی بۆ تیره‌و تائیفه‌كانیان. 
له‌ ده‌ره‌وه‌ی باره‌گای سه‌ره‌كی (عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق)، یه‌كێك له‌ میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق، بانه‌رێكی گه‌روه‌ هه‌ڵواسراوه‌ كه‌ تێیدا بینای گۆنگرێسی ئه‌مریكا قوت دراوه‌ به‌ خێمه‌ی سور، كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ مێژوی شیعه‌كان. 
ئێستا كاتی هه‌ڵبژاردنه‌و  (عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق)، كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا و له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆرستی ناسێنراون، یه‌كێكن له‌ كوتله‌كانی په‌رله‌مان و پێشبینی ده‌كرێت باڵی سیاسی ئه‌م گروپه‌ چه‌ندین كورسی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ بباته‌وه‌. وێنه‌ی بانه‌ره‌كه‌ی به‌رده‌م ئه‌و باره‌گایه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ جه‌نگی كه‌ربه‌لا له‌ سه‌ده‌ی 17دا كه‌ مه‌به‌ست لێی به‌ڵێنی تۆڵه‌ كرنه‌وه‌یه‌، وه‌ك ناردنی په‌یامێك بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هێڵی به‌رگری هێزه‌ شیعییه‌كان ده‌به‌زێنن. 
هه‌ژده‌ ساڵ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا عێراقی داگیر كرو دیكتاتۆرێكی روخاند، له‌ ماوه‌ی به‌رێوه‌چونی پێنجه‌مین هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌و ولاته‌دا، ئه‌وه‌ زیاتر روون بویه‌وه‌ كه‌ سیستمی سیاسی له‌ ژێر كۆنترۆڵی چه‌ك و پاره‌دایه‌و هێشتا به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای تائیفی و نه‌ته‌وه‌یی دابه‌ش بووه‌. 
كێبركێكه‌ پێده‌چێت هه‌مان یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات، له‌وانه‌ش گروپه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌درو هاوپه‌یمانی میلیشیا شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێران و هه‌روه‌ها پارته‌ كوردییه‌ باڵاده‌سته‌كان له‌ هه‌رێمی كورستان. 
 به‌ڵام له‌و نێوانه‌دا روناكییه‌كی هیوابه‌خش هه‌یه‌ كه‌ یاسای هه‌موار كراوی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌روه‌ها خۆپیشاندان و ناره‌زاییه‌كانی ساڵی رابردوو كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بوو، بتوانن چه‌ند كاندیدێكی نوێ بێننه‌ پێشه‌وه‌ بو ناو په‌رله‌مان كه‌ نه‌به‌سرابنه‌وه‌ به‌ حیزبه‌ ته‌قلیدییه‌كانه‌وه‌. 
به‌ڵام قایل كردنی هاوڵاتیانی نارازی بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌ن زۆر زه‌حمه‌ت بووه‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچووه‌، به‌ جۆرێك زۆرێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت زیاتر چاویان له‌سه‌ر به‌رتیل وه‌رگرتنه‌ وه‌ك له‌ پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری. میلیشیاكان و باڵی سیاسی گروپه‌ چه‌كداره‌كان زیاتر له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێراندان وه‌ك له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیان عێراق. 
به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هیچ یه‌كێك له‌ پارته‌ سیاسییه‌كان نییه‌ كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی پێشكه‌ش كردبێت و خاڵی بێت له‌ په‌یامی دینی و تایفی و نه‌ته‌وه‌گه‌رایی. 
"له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا ده‌نگم دا به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌ خواست و داواكارییه‌كانمان به‌دی نه‌هات پاشان هه‌ڵبژاردنی دووه‌م ده‌نگمدا به‌ڵام هه‌مان ده‌موچاوه‌كان هاتنه‌وه‌ سه‌ر حوكم"، ویسام عه‌لی وای وت، له‌ كاتێكدا له‌ ناوه‌ندی شه‌قامه‌كه‌ ده‌رۆشت و ده‌عامی سه‌یاره‌یه‌كی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو كه‌ تازه‌ كریبووی. "بۆ سێهه‌م جار بریارم داوه‌ كه‌ ده‌نگ نه‌ده‌م". 
عه‌لی له‌ پارێزگای بابل، له‌ باشوری عێراق، وتی ئه‌و بۆ 14 ساڵ وه‌ك مامۆستای وانه‌بێژ له‌ یه‌كێك له‌ خوێندنگه‌ حكومییه‌كان وانه‌ی وتوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام تا ئێستا به‌ فه‌رمی دانه‌مه‌زرێنراوه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ هیچ حیزبێكی سیاسی نییه‌. 
بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی بێ متمانه‌یی، ده‌نگده‌ران كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018دا بوه‌ هۆی دابه‌زینی رێژه‌ی به‌شداری به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، ئێستا رێكخه‌رانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ كۆڵان به‌ كۆڵان ده‌گه‌رێن بۆ ئه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدان بگه‌یه‌ننه‌ ده‌ستی هاوڵاتیان. 
به‌رپرسانی كۆمسیۆن ئامانجیان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ته‌واوی ئاسانكاری بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ بكه‌ن كه‌ هیچ متمانه‌یان به‌ سیستمه‌كه‌ نه‌ماوه‌. كه‌ ئه‌وه‌ش وای لێكردوون هیچ پاڵنه‌رێكیان نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان تۆمار بكه‌ن یاخو كارته‌كانیان وه‌ر بگرنه‌وه‌. 
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 21 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌، له‌وانه‌ش یه‌ك ملیۆنیان ده‌نگده‌ری نوێن و بۆ یه‌كه‌م جار ده‌نكگ ده‌ده‌ن. سه‌ره‌رای ئه‌نجامدانی كه‌مپه‌ینێك له‌سه‌ر تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی تیك تۆك و به‌كارهێنانی چه‌ندین تاكتیكی دیكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌نگده‌رانی گه‌نج، به‌ڵام هێشتا زۆرێك له‌وان سورن له‌سه‌ر بایكۆت كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand