Draw Media

درەو: رەهبەر سەید برایم ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و راهی رەهبەر سەید برایم ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی دەستیان لە پۆستەكانیان كێشایەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: رەهبەر سەید برایم و راهی رەهبەر دوێنێ دەسلەكاركێشانەوەكەیان ئاراستەی قوباد تاڵەبانی كردووەو رایانگەیاندووە تەنها وەك ئەندامێكی سادەی یەكێتی دەمێننەوە. ئەو سەرچاوەیە هۆكاری دەسلەكاركێشانەوەكەیانی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی وەفا بەرامبەر بەو هەموو قوربانیدان و هەوڵانەی كە بنەماڵەكەیان لە پێناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا داویانە، كە لەدوای وەفاتی مام جەلالەوە، لە پشتی ماڵی مام جەلال بوونە، بەڵام ئەوان هیچ وەفایەكیان بەرامبەر بەو قوربانیدانە نەبووە. (درەو) زانیویەتی كە رەهبەر سەید برایم لە پشكی هەولێر بڕیاربووە خۆی هەڵبژێرێت بۆ بەرپرسی مەكتەب و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەڵام بەهۆی رێككەوتنی باڵەكانەوە لەسەر پۆستەكان بۆ كارەكتەرەكان پێیان راگەیاندووە كە نابێت خۆی كاندید بكات، ئەمەش نیگەرانی رەهبەری سەیدی برایمی لێكەوتۆتەوە، (درەو) ئەوەشی زانیوە كە پۆستی سەرپەرشتیاری راگەیاندنیان خستۆتە بەردەست رەهبەر سەید برایم بەڵام بەبێ ئەندامی مەكتەبی سیاسی، رەهبەر سەید برایم رەتیكردۆتەوە ئەو پۆستە وەربگرێت. رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كارگێڕ و بەرپرسی هەڵبژێردران كە بەپێی شارەكان دابەشكران: یەكەم: ئەندامانی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌: •     شاناز ئیبراهیم ئەحمەد •     قادر عەزیز •     رزگار عەلی •     رەفعەت عەبدوڵا •     دەرباز كۆسرەت رەسوڵ دووەم: لێپرسراوی مەكتەبەكانی كە راستەوخۆ دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌ : •    سەعدی ئەحمەد پیرە، مەكتەبی دەرەوە •    سۆران جەمال تاهیر، مەكتەبی پەیوەندییەكان •    شاڵاو عەلی عەسكەری، مەكتەبی رێكخستن •    بورهان سەعید سۆفی، مەكتەبی شەهیدان •    ئاسۆ مامەند، دەزگای هەڵبژاردن •    حامید حاجی غالی، مەكتەبی كۆمەڵایەتی •    لەتیف شێخ عومەر، مەكتەبی راگەیاندن •د. میران محەمەد  مەكتەبی رێكخراوە دیموراتیەكان  •رزگار حاجی حەمە   بەرپرسی مەكتەبی بیروهۆشیاری  •    ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەكێتی‌   


درەو: لەگەڵ بەردەوامیی ناكۆكی هێزە شیعییەكان لەسەر كاندیدكردنی كەسایەتییەك بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی نوێ، (بەرهەم ساڵح) سەرۆكی كۆماری عێراق ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو وەك دواین مۆڵەت دەستنیشان دەكات بۆ پێشكەشكردنی كاندیدەكەیان، ئەگەر لەو ماوەیەدا هێزە شیعییەكان نەتوانن كاندیدەیان پێشكەش بكەن،  سەرۆك كۆمار بەبێ‌ گەڕانەوە بۆیان كەسێك بۆ ئەو پۆستە ڕادەسپێرێت. كۆبونەوەی حەوت قۆڵی ئەم پێشهاتە نوێیە لەكاتێكدایە، بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان هێزە شیعییەكان كە لیژنەیەكی حەوت قۆڵیان پێكهێناوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ‌ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بڕیارە ئێوارەی سبەینێ‌ پێنج شەممە یەكەم كۆبونەوەی  تایبەت بەو پرسە ڕێكبخات. سەركردەیەكی باڵا لەدەوڵەتی یاسا كە لەلایەن (نوری مالیكی)وە سەرۆكایەتی دەكرێت ئاشكرایكردووە: سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی ڕەوانەی هێزە شیعییەكان كردووەو، تێیدا تەئكیدی لەپێویستی دەستنیشانكردنی كاندیدێك كردووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران‌و، ڕۆژی دوو شەمەی داهاتووشی وەك دوا وادە دیاریكردووە. پشتیوانی كازمیی دەكات بەگوێرەی سەرچاوەكە كە بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" قسەی كردووە: سەرۆك كۆماری عێراق ژمارەیەكی زۆر كەسایەتی لەبەردەستدایە تاوەكو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیدیان بكات، بەڵام ئەو پشتیوانی (مستەفا كازمیی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق دەكات، كە ناوەكەی لە كۆبونەوەی هێزە شیعییەكاندا بەچڕی باسدەكرێت، ئەگەر هێزە شیعییەكان تا ئەوكاتە كاندیدێك پێشكەش نەكەن، ڕەنگە (بەرهەم ساڵح) بەفەرمی (كازمیی) بۆ ئەو پۆستە ڕابسپێرێت.  سەركردەكەی دەوڵەتی قانون جەختی كردووە، (عەلی شەمخانی) كە لەدوو ڕۆژی ڕابردودا سەردانی بەغدادی كرد، پێشنیازی سەرلەنوێ زیندووكردنەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی شییعەكانی كردووە كە حەوت هێزی سەرەكی لەخۆ دەگرێت( ڕەوتی سەدر، دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی فەتج، ڕەوتی حیكمە، ئیئتیلافی نەسر، حزبی فەزیلە،  بزوتنەوەی عەتا لەگەڵ ئەنجومەنی باڵاو كوتلەی سادقون). فشارە یان هەڕەشە؟ ڕۆژی 17ی ئەم مانگە ئەو مۆڵەتە دەستورییە نوێیە تەواو دەبێت كەتایبەتە بە ڕاسپاردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ناكۆكییەكانیش لەبارەی شرۆڤەكردنی مادەی 81 دەستوری عێراق بەڕوونی دەركەوتوون سەبارەت بە گرتنە دەستی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، گەر كاتەكە تەواوبێت‌و كەسێك بۆ ئەو پۆستە ڕانەسپێردرێت. لای خۆیەوە، (عەقیل ئەلردینی) سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر دەڵێت: پەیامەكەی سەرۆك كۆمار بۆ هێزە شیعییەكان، فشاركردنە لەپێناو پەلەكردن لە دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی نوێی عێراق، بەجۆرێك كە لەلایەن هێزە سونی‌و كوردییەكانیشەوە پەسەندبكرێت، نەك بەتەنها هێزە شیعییەكان. بەوتەی ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی نەسر كە بۆ هەمان سەرچاوە دواوە، هێزە شیعییەكان ئەو دۆسییە یەكلادەكەنەوە، پێش كۆتایهاتنی ئەو مۆڵەتی سەرۆك كۆمار دیاریكردووە، ئاماژەی بەوەشكردووە، گفتوگۆكان جدین‌و ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدەكە ڕابگەیەنرێت. هەر لەوچوارچێوەیەدا (موختار موسەوی) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە: ئەو مۆڵەتەی سەرۆك كۆمار بۆ هێزە شیعییەكانی دیاریكردووە تا ڕۆژی دووشەممە بۆ دیاریكردنی كاندیدەكەیان كافی نییەو، هەموان پێویسیتان بەكاتە. دەشڵێت: سەرۆك كۆمار پەلەی كردووە لە دیاریكردنی مۆڵەتی كۆتایی بۆ هێزە شیعییەكان‌و، ئەو ناتوانێت كاندیدی سەرۆك وەزیران  پێشكەشبكات بەبێ‌ ڕێككەوتن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان‌و، پەیامەكەشی بریتیە لەهەڕەشەكردن، كە هیچ سودێكی نییە. مافێكە ناتوانێت پیادەی بكات بە بۆچوونی شارەزایانی بواری یاسا، سەرۆك كۆمار لەڕووی دەستورییەوە دەتوانێت كەسێك ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ هێزە سیاسییەكان، دوای دووجار شكستهێنانی كوتلە پەیوەستەكان لە دیاریكردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت.  لەگەڵ ئەوەی هیچ ڕێگرییەكی دەستوری نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، بەڵام لەڕووە سیاسییەكەوە سەرۆك كۆمار باش دەزانێت ڕاسپاردنی كەسێك بەبێ‌ سازانی هێزە شیعییەكان مانای وایە كاندیدەكە تێناپەڕێت‌و، چارەنوسیشی لەچارەنوسی محمەد تۆفیق عەلاوی باشتر نابێت.  


درەو: دیراسەیەكی ئەڵمانی تازە سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ "كۆڤید 19" ئاشكرایكردووە، ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكە بوون لەڕۆژانی سەرەتای توشبوونیاندا بڕێكی زۆر لە ڤایرۆسەكە بڵاودەكەنەوە. پێشبینی دەكرێت ئەم دیراسەیە هاوكاربێت بۆ شرۆڤەكردنی ئەو ڕێگا خێراو چالاكەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەهۆیەوە لەسەرانسەری جیهان بڵاوبووەوە.    دیراسەكە ئاماژە بەوەدەدات، ئەنجامی پشكنینی ئەو نەخۆشانەی كە بەشێوەیەكی مامناوەند دووچاری نەخۆشییەكە بوون یان دۆخی تەندروستییان مامناوەندە، دوای 10 ڕۆژ لەتوشبوون‌و دەركەوتنی نیشانەكان تێیاندا، نابنە هۆی گوێزانەوەی نەخۆشییەكە بۆ خەڵكانی تر. ئەم دیراسەیە، كە زانایان لەهەردوو شاری (بەرلین‌و میونشن) لەئەڵمانیا ئەنجامیدانداوە، بەیەكەم دیراسە دادەنرێت كە لەدەرەوەی وڵاتی چین ئەنجامدرابێت، كە بۆ یەكەمجار نەخۆشییەكە لەوێوە سەریهەڵداو لەزیاتر 100 وڵاتی جیهان بڵاوبونەوەتەوەو، بووەتە هۆی توشبوونی نزیكەی 120 هەزار كەس لەجیهان‌و، مردنی زیاتر لە 4 هەزار كەسی دیكەش. هاوكات بەیەكێك لەو دیراسە پێشەنگانەش دادەنرێت كە هەوڵی كێشانی ئەو نەخشەیە دەدات، چی كاتێك نەخۆشەكان دەبنە هۆی تووشكردنی ئەوانی تر. بەوتەی (مایكل ئوستەر هۆلم)، بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوە لەنەخۆشییە گوازراوەكان لەزانكۆی مینیسۆتا، ئەم دیراسەیە بەشدارییەكی زۆر گرنگە لە تێگەیشتنی مێژوویی سروشتی نەخۆشی "كۆڤید 19" و هەروەها ڕەنگدانەوەو ناوەرۆكی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە لەسەر تەندروستی گشتی. لەدیراسەكەدا، لێكۆڵەرەوەكان چاودێری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەیان كردووە لە 9 كەسی تووشبوو، تاقیكردنەوەیان لەسەر ئەنجامداون‌و، گەڕاون بەدوای پاشماوەی DNA-RNA ڤایرۆسەكە(زانیاری بۆماوەیی سەبارەت بەزیادبوون‌و گەشەكردنی ڤایرۆسەكە). هەوڵیشانداوە ڤایرۆس بەرهەمبهێنن لە (بەڵغەم‌و خوێن‌و میزو پیسایی) وەرگیراوی نەخۆشەكان لەڕێی چاندن، ئەوەش پرسێكی زۆر گرنگە لە هەوڵدوان بۆ دەستنیشانكردنی چۆنیەتی تووشكردنی كەسێك لەلایەن كەسێكی ترەوەو، ئەو ماوەیەی كە كەسی توشبوو دەبێتە مەترسی بۆسەر كەسەكانی تر. لەوەش گرنگر ئەوەیە زاناكان نەیانتواینوە ڤایرۆس بەرهەمبهێنن لەو نمونانەی لەنەخۆشەكانیان وەرگرتووە دوای ڕۆژی هەشتەم لەتوشبوونیان بە نەخۆشییەكە بەشێوەیەكی مامناوەند، یاخود لەو كەسانەی كە پێدەچێت نیشانەكانیان بەشێوەیەكی سوك لەسەر دەركەوتبێت. لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامەی زانایان پێگەیشتوون، دەرچوونی نەخۆش لەحاڵەتی دابڕانی پزیشكی ئارەزوومەندانە لەماڵەوە دەكرێت دوای 10 ڕۆژ لەدەركەوتنی حاڵەتەكە ئەنجامبدریت، بەوپێیەی مەترسی بڵاوكردنەوەی نەخۆشییەكە زۆر كەمدەبێتەوە. زاناكان ڕوونیان كردووەتەوە، توشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڕۆژانی سەرەتادا دەتوانن هەزار هێندەی توشبوانی نەخۆشی سارس لەڕۆژانی سەرەتادا، نەخۆشییەكە بڵاوبكەنەوە. ئەو ڕاستیەش هۆكاری خێرا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ شیدەكاتەوە دەكات، كە 120 هەزار كەس لەسەرانسەری جیهان توشی بوون، بەرامبەر بە تەنها 8 هەزار  لە ڤایرۆسی كۆرۆنای سارس. دیراسەكە گومانی خۆی پیشانداوە لەئەگەری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە لەڕێی پیساییەوە، ئەوەش پرسێكە كە زۆرێك لە لێكۆڵینەوەكانی ئەم دواییە سەبارەت بە ڤایرۆرسی كۆرۆنای نوێ‌ لەچین ئاماژەیان پێكردووە، لێكۆڵەرەوە ئەڵمانیانییەكان لە 13 نمونەی وەرگیراو لە پیسایی ئاستێكی باڵای پاشماوەی ڤایرۆسەكەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە لە هیچكامیان ڤایرۆس بەرهەمبهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، دیراسەكە تێبینی ئەوەی كردووە كە سەرجەم نەخۆشەكان نەخۆشییەكەیان سوك بووە، نەدۆزینەوەی ڤایرۆسەكەش لەپیسایی ئەو نەخۆشانەدا مانای ئەوەی نییە كە لەحاڵەتەكانی تردا نەخۆشییەكە ناگوێزرێتەوە، ئەوەش پاڵی بە لێكۆڵەرەوەكان‌و زاناكان ناوە بۆ ئەنجامدانی دیراسەو لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەم مەسەلەیە. زاناكان ڕایانگەیاندووە، بەپێی ئەو ئەنجامانەی پێیگەیشتوون پێویستە ئامادەكاری‌و ڕێوشێنەكانی خۆپاراستن بۆ ڕاگرتنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە تەركیز بخاتە سەر كۆئەندامی هەناسە‌و، پاراستنی ئەوانی تر لە كۆكەو پژمینی كەسانی توشبوو بە ڤایرۆسەكە. لێكۆڵەرەوەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، ناتوانرێت ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی لە نمونەی وەرگیراوی خوێن‌و میزی نەخۆشەكان بچێنرێت، بەڵام ڕایانگەیاندووە، لەئەنجامە گرنگەكانی دیراسەكە ئەوەیە ئەو كەسانەی توشبوون بەخێرایی دەستدەكەن بە گەشەكردنی لاشەی دژە ڤایرۆسەكە لەماوەی 6 بۆ 12 ڕۆژدا، ئەوەش شرۆڤەی هۆكاری توشنەبوونی نزیكەی 80% نەخۆشەكانی "كۆڤید 19" دەكات بە نیشانەی مەترسیدار. سەرچاوە: یۆرۆ تایمز      


میشل رۆبەرتس- نوسەری كاروباری تەندروستی لە BBC وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، زۆربەی ئەوانەی كە دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن، دوای نزیكەی (5) رۆژ نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت، زۆر كەسیش هەڵگری ڤایرۆسەكەن‌و هەرگیز نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت، پسپۆڕێك دەڵێ:" هیچ بەڵگەیەك نییە لەبارەی ئەوەی ئەو كەسانەی نیشانەكانیان تێدا نییە بەڵام هەڵگری ڤایرۆسەكەن، دەتوانن ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی تر بگوازنەوە". دەقی راپۆرتەكەی BBC زانایان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستی بە (پێنج) رۆژ هەیە بۆ ئەوەی نیشانەكانی لە كەسی توشبوودا دەركەوێت، ئەمەش ماوەی جێگیربوونی ڤایرۆسەكەیە. ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ناوە زانستییەكەی بە "كۆڤید-19" ناسراوە‌و لەوانەیە ببێتە هۆی (تا، كۆكە‌و كێشەی هەناسەدان)، ئێستا بەردەوامە لە بڵاوبونەوە لەسەرتاسەری جیهاندا، زیاتر لە 114 هەزاری كەسی توش كردووە. تیمێك لە زاناكانی ئەمریكا لێكۆڵینەوەیان كردووە لەسەر چەندین حاڵەتی دوچاربوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین‌و وڵاتانی تر، ئەمە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەو نەخۆشیەی كە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە رودەدات. تیمی لێكۆڵەرەوان گەیشتونەتە ئەوەی، لە زۆربەی ئەو كەسانەی كە دوچاری ڤایرۆسەكە بوون، نیشانەكان لە رۆژی پێنجەمدا تێیاندا دەردەكەوێت. سەبارەت بەو كەسانەی كە لەماوەی 12 رۆژدا نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت، پێشبینی ناكرێت هەرگیز نیشانەكانی تێدا دەركەوێت، بەڵام هەڵگری ڤایرۆسەكە دەبێت. ئەو كەسانەی كە رەنگە هەڵگری ڤایرۆسەكە بن، چ ئەوەی نیشانەكان تێیاندا دەركەوتبێت یان دەرنەكەوتبێت، توێژەران رێنماییان دەكەن بەوەی بۆ ماوەی 14 رۆژ خۆیان دابڕن (خۆیان كەرەنتینە بكەن) بۆ خۆبەدروگرتن لە گواستنەوەی پەتاكە بۆ كەسانی تر. ئەگەر ئەو كەسانە، ئەو رێنماییانە جێبەجێ بكەن كە لە بەریتانیا‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی كردەیی پشتیان پێبەستراوە، ئەوكاتە لەكۆی هەر 100 كەسێك كە بۆ ماوەی دوو هەفتە كەرەنتینە دەكرێن، تەنیا یەك كەسیان دوای دەرچوون لە كەرەنتینە نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت، ئەمە بەپێی توێژینەوەیەك كە لە بڵاوكراوەی "ساڵنامەی پزیشكی هەناوی"دا بڵاوكراوەتەوە. جاستین لیسلەر مامۆستا لە كۆلیژی جونز هۆبكنو بلۆمبێرگ-ی تەندروستی گشتی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا‌و سەرپەرەشتیاری ئەم توێژینەوەیە وتی: ئەو ئەنجامانە باشترین خەمڵاندنی "خێرا" بوو لای ئێمە تاوەكو ئێستا، توێژینەوەكە بەكۆی گشتی 181 حاڵەتی لەخۆدەگرت. بەڵام دەڵێ: هێشتا زۆر شت لەبەردەمماندا ماون كە دەبێت لەبارەی ڤایرۆسەكەوە بیزانین. هێشتا ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی گشتی نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت ناڕوونە، توێژینەوەكە هیچ خەمڵاندنێكی بۆ ئەمە نەكردووە. پسپۆڕان لەوباوەڕەدان زۆرینەی ئەو كەسانەی كە دوچاری پەتاكە دەبن، جگە لە چەند كێشەیەكی بچوكی تەندروستی هیچ شتێكیان نییە، هەندێكی تر هەرگیز نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت، واتە هەڵگری ڤایرۆسەكەن بەڵام نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت. بەڵام ئەو نەخۆشییە رەنگە بۆ هەندێك زۆر مەترسیدارو كوشندەبێت، بەتایبەتیش ئەوانەی تەمەنیان هەڵكشاوە‌و بەدەست كیشەی تەندروستی پێشترەوە دەناڵێنن. جۆناسان پۆڵ پسپۆڕ لە زانستی ڤایرۆسەكاندا لە زانكۆی نۆتنگهام لە بەریتانیا وتی: توێژینەوەكە جەختی كردووە لەسەر ئەوەی زۆرینەی حاڵەتەكان، ماوەی جێگیربوون‌و دواتریش ماوەی كەرەنتینە ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا دەگاتە 14 رۆژ. لەو شتانەی كە دڵنیایی دەدەن ئەوەیە" هیچ بەڵگەیەك نییە لەبارەی ئەوەی دەكرێت خەڵك بەشێوەیەكی رۆتینی ڤایرۆسەكە بگوازنەوە لەو ماوەیەدا كە نیشانەكان دەرناكەون". باوەڕوایە ئەو كەسانەی كە زیاتر ئەگەری گواستنەوەی پەتاكەیان هەیە ئەوانەن كە بەشێوەیەكی روون نیشانەكانیان تێدایە وەكو كۆكە‌و تا. پێدەچێت ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەكە هەبێت بەر لە دەركەوتنی نیشانەكان، بەڵام باوەڕ بەوە ناكرێت كە ئەمە رێگەی سەرەكی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە بێت. باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن‌و رێگری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە ئەمانەن: •    خۆبەدورگرتن لەو كەسانەی كە وا دەردەكەون تەندورستییان باش نییە. •    خۆبەدورگرتن لە دەستدان لە چاو و لوت و دەمت، كاتێك دەستەكانت نەشتووە. •    كلینێكس بەكاربهێنە لەكاتی باوێشك‌و كۆكەدا، دواتر كلینێكسەكە فڕێبدە ناو زبڵدان‌و دەستەكانت بشۆ. •    دەستەكانت زۆر بشۆ بە ئاو و سابون.  


راپۆرتی: درەو دوای كەمتر لەهەفتەیەك لەسەردانەكەی بۆ مۆسكۆ، (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆك كۆماری توركیا بەشێك لەنیەت‌و گفتوگۆكانی پشتی پەردەی لەگەڵ (ڤلادیمێر پۆتن)سەرۆكی ڕوسیا ئاشكراكرد. ئەردۆغان بەنیازە بە پشتیوانی ڕوسیا كێڵگە نەوتییەكانی (دەیرزور) لەژێر دەستی كورد لەرۆژئاوای كوردستان دەربهێنێت، ئەگەر لەڕێی ئەمریكاشەوە ئەمەی بۆ بكرێت كێشەی نییە، چونكە وەك (ئەردۆغان) خۆی دەڵێت، ئەو پێشنیازەی بۆ (ڤلادیمێر پۆتن)م كردووە، دەكرێت بۆ (دۆناڵدترەمپ)یشی بكات .  (ئەردۆغان) لەكاتی گەڕانەوەی لە (برۆكسل) لەناو فرۆكەكەی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: پێشنیازم بۆ سەرۆك (ڤلادیمێر پۆتن) كردووە، ئیدارەدانی كێڵگەكانی نەوتی (دەیرزور) لە خۆرهەڵاتی سوریا دابەشبكەین، لەبری ئەوەی "تیرۆرستان" لێی سودمەند بن. جوڵە مەترسیدارەكان ڕۆژی 5 ئەم مانگە‌و لەكاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی توركیاو ڕوسیا، لەمۆسكۆ، میدیاكانی توركیا ئاشكرایانكرد، سوپای توركیا هەزاران چەكداری سەر بە "سوپای نیشتمانی سوریی" ڕەوانەی (ڕیفی گرێ سپی) كردووە، كە هەندێكیان ژمارەكەیان بە 5 هەزار چەكدار خەمڵاند. ئەو جموجۆڵە سەربازییە لەكاتێكدایە، (ئەنكەرە) ماوەیەكە باس لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دەكات دژ بە هێزەكانی سوریای دیموكرات و سوپای رژیمی سوریا. لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا سوپای توركیا بەهاوكاری گروپە چەكدارەكانی سوریا هەردوو ناوچەی (گرێ سپی و سەرێكانی لە ڕیفی حەسەكەو ڕەقە) داگیركرد.  پۆتن دیراسەی دەكات  (ئەردۆغان) لەو لێدوانەیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان لەبارەی پێشنیازەكەی بۆ (پۆتن) وتویەتی: بە سەرۆكی ڕوسیام ڕاگەیاندووە، ئەگەر پشتیوانیمان بكات دەتوانین ژێرخانی ئابوری ببوژێینەوە، لەڕێی نەوتی ئەو ناوچەیەوە دەتوانین هاوكاری سوریای وێرانە بكەین لەسەرپێی خۆی ڕابوەستێت. بەوتەی (ئەردۆغان)، سەرۆكی ڕوسیا دیراسەی ئەو پێشنیازەكە دەكات كە هەفتەی ڕابردوو لە مۆسكۆ پێشكشەی كردووە، جەختیشكردووە، ئامادەیە پێشنیازێكی هاوشێوەش پێشكەشی (دۆناڵد ترەمەپ) سەرۆكی ڕوسیا بكات. سەرۆك كۆماری توركیا ڕاشیگەیاندووە: لەبری ئەوەی "تیرۆرستەكان"لێی سودمەندبن، دەرفەتی بنیاتنانەوەی سوریامان دەبێت لەڕێی داهاتی ئەو نەوتەوە، ئەوەش بۆ هەموو لایەك دەسەلمێنین كە كێ‌ هەوڵی پاراستن و یەكێتی خاكی سوریا دەدات و كێش دەیەوێت دەستی بەسەردابگرێت. ڕۆیشتن‌و گەڕانەوە هێزەكانی سوریای دیموكرات كەلەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن كۆنتڕۆڵی زۆربەی كێڵگە نەوتییەكانی خۆرهەڵاتی سوریایان كردووە، ڕوسیا حكومەتی واشنتۆن تۆمەتباردەكات بە هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی ناوچەی خۆرهەڵاتی سوریاو دروستكردنی نیمچە دەوڵەتێك لەو ناوچەیە . لەگەل دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی "كانی ئاشتی"لەلایەن سوپای توركیاوە بۆ سەر خۆرئاوای كوردستان، سوپای ئەمریكا لە16 بنكەو پێگەی سەربازی كشایەوە. بەهۆی ئەوەی ئەوەی كشانەوەكە كاردانەوەیەكی توندی شەقامی ئەمریكی‌و نێوەندە جیاوازەكانی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئیدارەی ترەمپ لەبڕیارەكەی پاشگەزبووەو، لەئێستادا لە 11 بنكەو بارەگای سەربازی لەخۆرئاوای كوردستان جێگربووتەوە، كە پێنج_یان لە حەسەكەن‌و چواریان لە دەیزور و دوانیان لە ڕەقەیە.   پاساوی ئەمریكا بۆ گەڕانەوە هێزەكانی  بۆ خۆرئاوای كوردستان پاراستنی بیرە نەوتەكان‌و مەترسی كۆنتڕڵكردنەوەی بوو لەلایەن ڕێكخراوی داعشەوە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە ساڵی 2015دا داعش مانگانە 40 ملیۆن دۆلاری لەفرۆشتنی ئەو نەتە دەستكەوتووە. (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دوای گەڕانەوەی سوپاكەی ڕایگەیاند: هەوڵدەدەین لەگەڵ كوردەكان بگەینە ڕێككەوتن كە زامنی دەستكەوتنی پارەیان بۆ بكات لەنەوتی ناوچەكە. بایەخی دەیرزور گەورەترین كێڵگەكانی نەوتی سوریا دەكەونە هەردوو پارێزگای دەیرزوروی خۆرهەڵاتی سوریا نزیك سنوری عێراق‌و، پارێزگای حەسەكە لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا.  هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنتڕۆڵی تەواوی كێڵگە نەوتیەكانی حەسەكەیان لەژێر دەستدایە، ئەو كیڵگانەشی واشنتۆن هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنیان دەدات دەكەوێتە پارێزگای دەیرزور.  لەمانگی شوباتی ساڵی 2018دا، گروپێك لە بەكرێگیراوەكانی ڕوسیاو هێزەكانی سەربە رژێمی ئەسەد هێرشیان كردە لەسەر كێڵگەیەكی نەوت لەنزیك دەیرزور كە هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنتڕۆڵیان كردووە، بەهاوكاری هێزەكانی ئەمریكا  هێرشەكە تێكشكێنرا.  ڕوسیا بەردەوام پێداگری دەكات لەوەی پێویستە حكومەتی سوریا كۆنتڕۆڵی سەرجەم دامەزراوە نەوتییەكانی سوریا بكاتەوە لەباكوری خۆرهەڵاتی سوریا. ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە لەكێڵگەكانی حەسەكە لە 150 هەزار بەرمیل نەوت تێپەڕناكات، لەكاتێكدا كێڵكەگانی دەیرزور بایەخێكی گەورەتریان هەیەو پێشتر ڕۆژانە نزیكەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی لێدەردەهێنرا.  


درەو: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی‌  نیشتمانی كوردستان  كارگێڕ و  بەرپرسی مەكتەبەكانی هەڵبژاردن كە راستەوخۆ دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە. یەكەم: ئەندامانی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌: •     •    شاناز ئیبراهیم ئەحمەد •     قادر عەزیز •     رزگار عەلی •     رەفعەت عەبدوڵا •     دەرباز كۆسرەت رەسوڵ دووەم: لێپرسراوی مەكتەبەكانی كە راستەوخۆ دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌ : •    سەعدی ئەحمەد پیرە، مەكتەبی دەرەوە •    سۆران جەمال تاهیر، مەكتەبی پەیوەندییەكان •    شاڵاو عەلی عەسكەری، مەكتەبی رێكخستن •    بورهان سەعید سۆفی، مەكتەبی شەهیدان •    ئاسۆ مامەند، دەزگای هەڵبژاردن •    حامید حاجی غالی، مەكتەبی كۆمەڵایەتی •    لەتیف شێخ عومەر، مەكتەبی راگەیاندن •د. میران محەمەد  مەكتەبی رێكخراوە دیموراتیەكان  •رزگار حاجی حەمە   بەرپرسی مەكتەبی بیروهۆشیاری  •    ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەكێتی‌


(درەو): لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆك و بەرپرسی مەڵبەندەكانی، یەكێتی كارگێڕو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێرێت.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی (5) كارگێڕ، كە رێككەوتنی باڵەكانی لەسەركراوە بەمشێوەیە دەبێت: •    دوو كارگێر بۆ كەركوك (رزگار عەلی‌و رەفعەت عەبدوڵا). •    دوو كارگێڕ بۆ هەولێر ( دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و قادر عەزیز). •    یەك كارگێر بۆ سلێمانی ( شاناز ئیبراهیم ئەحمەد). سەرەڕای كارگێڕەكان، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی (10) ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێرێت كە دەبنە بەرپرسی كاروباری مەكتەبەكانی یەكێتی،  سەرچاوە چاوازەكانی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاماماژە بەوە دەكەن كە دابەشكردنی كارگێڕو مەكتەبەكان بەسەر ئاستی شارەكاندا دابەشكراوە: پارێزگای هەولێر: 4 كارگێڕ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیان بەردەكەوێت بەڵام تا ئێستا ژمارەیەك ناو هەیە لە پارێزگای هەولێر بۆ بەرپرسی مەكتەب و كارگێر لەوانە:   - قادر عەزیز  بۆ كارگێر - دەرباز كۆسرەت رەسوڵ  بۆ كارگێڕ  - شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ  بۆ بەرپرسی مەكتەب - سەعدی ئەحمەد پیرە  بۆ بەرپرسی مەكتە  - رەهبەر سەید برایم  بۆ بەرپرسی مەكتەب  - ئارێز عەبدوڵا   بۆ بەرپرسی مەكتەب  - بورهان سەعید سۆفی  بۆ بەرپرسی مەكتە   پارێزگای كەركوك: 4 كارگێڕ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیان بەردەكەوێت بەڵام تا ئێستا ژمارەیەك ناو هەیە لە پارێزگای هەولێر بۆ بەرپرسی مەكتەب و كارگێر لەوانە:   - رەفعەت عەبدوڵا   بۆ كارگێر - رزگار عەلی   بۆ كارگێڕ  - ئاسۆ ئەڵمانی بۆ بەرپرسی مەكتەب - وەستا رەسوڵ بۆ بەرپرسی مەكتە  - ستران عەبدوڵا   بۆ بەرپرسی مەكتەب  - سیروان كوێخا نەجم  بۆ بەرپرسی مەكتەب  - رزگار حاجی حەمە بۆ بەرپرسی مەكتە  پارێزگای سلێمانی: 1كارگێڕ و 4 ئەندامی مەكتەبی سیاسیان بەردەكەوێت كە لەهەمانكاتدا بەرپرسی مەكتەبەكانن بەڵام تا ئێستا ژمارەیەك ناو هەیە لە پارێزگای سلێمانی كە دەڤەری گەرمیان و رانیەو هەڵەبجەش دەگرێتەوە لەوانە:   - شاناز ئیبراهیم ئەحمەد  بۆ كارگێر - مەحمود سەنگاوی  بۆ بەرپرسی مەكتەب - عەدنان حەمەی مینا  بۆ بەرپرسی مەكتە  - عیمان ئەحمەد  بۆ بەرپرسی مەكتەب   


 (درەو): ئێران پێشنیازی مانەوەی عادل عەبدولمەهدی كردووە لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نوری مالیكی‌و بەرهەم ساڵح پێشنیازەكەیان رەتكردوەتەوە. بەپێی هەواڵێك كە سایتی سۆمەریەنیوز لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە، ئامانجی سەرەكی لەسەردانەكەی عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ عێراق، خستنەڕووی پێشنیازێك بووە بۆ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق تائەوكاتەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت. بەپێی قسەی سەرچاوەكە، شەمخانی چاوی بە سەركردەی لایەنە شیعەكان كەوتووە‌و لەڕێگەی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی باڵای حەشدی شەعبییەوە پێشنیازی مانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی خستوەتەڕوو، بەڵام هەندێك لە سەركردەكان پێشنیازەكەیان رەتكردوەتەوە لەوانە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق. رۆژی شەممە عەلی شەمخانی بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای سیاسی‌و ئەمنی ئێران گەیشتە بەغداد‌و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای عێراق لەوانە بەرهەم ساڵح‌و عادل عەبدولمەهدی‌و فالح فەیاز‌و مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری كە دەوترێت چانسی گەورەی هەیە كاندید بكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران.


راپۆرتی: دڵشاد ئەنوەر - دەنگی ئەمریكا محەمەد حسێن، بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لێکەوتەکانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە دابەزینی نرخی نەوت، گرفتی گەورەی بۆ عێراق و هەرێم بەدواوەیە. دابەزینی نەوت بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، پێیوایە ناتوانرێت پێشبینی بۆ نرخی نەوت بکرێت، بەو پێیەی بازاڕی نەوت زۆر ناسەقامگیرە، دەڵێت"ئەو فاکتەرانەی بڕی خواست و خستنەڕوو دیاری دەکەن، ناجێگیرن و ڕۆژانە دەگۆڕێن، بەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت گەیشتە 32 دۆلار، کە بەراورد بە دوو مانگ لەمەوبەر 52% کەمیکردووە." دوو مانگ لەمەوبەر نرخی بەرمیلێک نەوت 67 دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکە گەیشتە 32 دۆلار، هەروەها کاتژمێر 10 ی شەوی ڕابردوو، 45 دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ دوو شەمە بۆ 32 دۆلار دابەزی. محەمەد حسێن، دەڵێت"بازاڕ زۆر ناسەقامگیرە، فاکتەرەکانی ناسەقامگیری بازاڕی نەوتیش هەر لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا دەگاتە ڕێکنەکەوتنی سعودیە و روسیا، یاخود روسیاو ئۆپیک، بەردەوامیان هەیە، کە بەردەوامی فاکتەرەکان، دیار نیە نرخی نەوت بۆ کوێ دەبات." کەی نرخی نەوت جێگیر دەبێتەوە؟ بەرێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، ئاماژە بەوەدەکات لەئێستادا، نزیکەی ملیۆنێک و سێسەد هەزار بەرمیل نەوت سەر ڕێژی هەیە، واتە ملیۆنێک و سێسەد هەزار بەرمیل زیاتر لەبازاڕدایە، بەراورد بەو خواستەی لەسەریەتی و کڕیارەکانی دەیانەوێت. محەمەد حسێن، دەڵێت"گەر ڕوسیا و سعودیە بیانتوانیبا، ئەو ملیۆن و سێسەد هەزار بەرمیلە کەم بکەنەوە لەبەرهەم هێنانی ڕۆژانەیان، ڕەنگە نرخی نەوت بۆ سەرووی 50 دۆلار بەرز بایەتەوە و جێگیریان بکردایە." ناوبراو دەشڵێت"کێشەکە ئەوەیە بەهۆی کۆرۆنا و کاریگەریە ئابوریەکانی کۆرۆناوە، ڕۆژانە خواست لەسەر نەوت کەم دەکات، خەڵک سەیارە بەکار ناهێنێت، گەشت و گوزار کەم بۆتەوە، کارگەیەکی زۆر داخراون، چین ساڵی پار لەمکاتەدا ڕۆژانە 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکار دەهێنا، بەڵام ئێستا 11 ملیۆن بەکار دەهێنێت." بەپێی وتەی محەمەد حسێن، گرفتەکان کەبوونەتە هۆی کەمی خواست لەسەر نەوت، وایانکردووە رەنگە دوو هەفتەی تر نەوتی زیاتر بخرێتە بازارەوە، لەکاتێکدا خواست لەسەری کەمیکردووە، دەڵێت"ژمارەکان ناسەقامگیرن و ڕۆژانە دەگۆڕێن ." بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، پێیوایە نەمانی کاریگەریەکانی کۆرۆنا و ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە بەوەی هاتووچۆی خەڵک ئاسایی بێتەوە و کارگەکان بکرێنەوە، وادەکات دۆخ هێدی هێدی ئاسایی بێتەوە. ڕێکنەکەوتنی ڕوسیا و سعودیە بەبڕوای محەمەد حسێن، ڕێکنەکەوتنی ڕوسیا و سعودیە، بۆ کەم نەکردنەوەی بڕی ملیۆن و نیوێک بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، هۆکاربوو بۆ دابەزینی نرخی نەوت، پێیوایە"گەر ڕێککەوتبایەن، دەیانتوانی نرخ لە 50 دۆلاردا جێگیر بکەن." بەرێوەبەری ناوەندی عێراق بۆ شیکاریە سیاسیەکان، باسلەوەدەکات گەر ئەو دوو وڵاتە ڕێکنەکەون، مەترسی گەورەتر لە ئارادایە و شەڕی نرخ دەست پێدەکەن، کە ئەوکات هەریەکەیان لای خۆیەوە بۆ پەیداکردنی کڕیاری زیاتر، نرخ دادەبەزێنن و بەجیا نەوت دەفرۆشن، جەخت دەکاتەوە"ئەم ترسە نرخی گەیاندۆتە 32 دۆلار." محەمەد حسێن، دەڵێت"ڕێکنەکەوتنی ڕوسیا و سعودیە، ئەنجامی تراژیدی بۆ بازاڕی نەوت بەدواوەیە." کاریگەری نەوت لەسەر ئابووری عێراق و هەرێم بەو پێیەی ئابووری عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە، بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە دابەزینی نرخی نەوت، کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی ئابووریان دەبێت. محەمەد حسێن لەو بارەیەوە، دەڵێت"داهاتی عێراق و هەرێم زیاتر لە نیوە کەم دەکات، کە داهاتیان کەم دەکاتە واتە گرفتی پارەیان بۆ دروست دەبێت، گرفتی کەمی پارەش، کاریگەری لەسەر موچەی فەرمانبەران، خەرجیە گشتیەکان و خزمەتگوزاری و هەموو کەرتەکان دەبێت." دەشڵێت"ئەو بودجەیەی بڕیاریان لێداوە، ناتوانن خەرجی بکەن، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ هەردوو حکومەت، لەوەش ناچێت بتوانن چارەسەری بکەن، چونکە هۆکارەکانی چارەسەریان لەبەردەستدا نیە." کێشەی پشت بەستن بەنەوت ئەوەیە کە چارەسەری دوور مەودای دەوێت، پلانی چل ساڵەی پێویستە، کاتێکیش دەتوانرێت ئەم پلانە دوور مەودایە جێبەجێ بکرێت وڵات لەگرفتدا نەبێت، لەکاتێکدا عێراق و هەرێم لە پێگەیەکدا نین، وەک محەمەد حسێن دەڵێت"بتوانن چارەسەری ئەم گرفتە بکەن، بۆیە دوور نیە قەیران سەرهەڵ بدات."


راپۆرتی: درەو لە گفتوگۆی دوو ڕۆژی ڕابردووی سەركردەی كوتلە شیعییەكان تایبەت بە كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌، زۆرێك لەو ناوانەی لە لیستی كاندیكراوەكاندا بوون دوورخراونەتەوەو، تەنها دوو ناو لەسەر مێزی گفتوگان ماون، ئەوانیش هەریەك لە (مستەفا كازمیی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری‌و، (عەلی شوكری)  ڕاوێژكار لەسەرۆكایەتی كۆماری عێراقن. ڕۆژی 17ی ئەم مانگە ئەو مۆڵەتە دەستورییە نوێیە كۆتایدێت كە بۆ ڕاسپاردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی عێراق دیاریكراوە، شیعییەكان گەشبینین هەفتەی داهاتوو یەكلایبكەنەوە، ئێرانیش ڕاستەوخۆ هاتووەتە ناو دانوستانەكانەوە.   هێزە شیعییەكان دەستبەرداری یەكێك لەداواكارییە دیارەكانی مەرجەعییەت‌و خۆپیشاندەران بوون، لەبری كاندیدكردنی "كەسایەتییەك جێی مشتومڕ نەبێت" بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران،  پێداگری لەسەر كەسایەتییەك دەكەن ئەزموونی سیاسی هەبێت "لەنوخبەی سیاسی بێت". لەبەرامبەر ئەمەدا مەرجی سەربەخۆیی جێبەجێدەكەن، بەو مانایەی  كاندیدەكە لەسەر هیچ كوتلەیەكی سیاسی شیعی حساب نەبێت.  مەرجە لە نوخبەی سیاسی بێت پێداگریكردن لەسەر باكگراوەندی سیاسی ئەو كەسایەتییەی دەستنیشاندەكرێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەلایەنە شیعییەكان نایانەوێت كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاریبكەن بەرچاوڕوونی پێشتری نەبێت لەسەر قەیرانە سیاسییەكانی عێراق‌و دۆسییە سەرەكییەكانی لەنمونەی، هاوكێشەی واشنتۆن_بەغداد، قەیرانی حەشدی شەعبی، بودجەی گشتی‌و وردەكارییەكانی، ڕێككەوتنی هەولێر_بەغداد، دۆسیەی هەڵبژاردن.   زۆرێك لەسەرچاوە عێراقییەكان پێیانوایە هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدی نوێ‌ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت ڕابگەیەنرێت، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی (عەلی شەمخانی) ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ بەغدادو، بەشدارییكردنی لە نێوەندگیریكردنی سەركردەكانی شیعە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن.  ڕۆژی 17ی ئەم مانگە ئەو مۆڵەتە دەستورییە نوێیە كۆتایدێت كە بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكی حكومەت دیاریكراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ناكۆكییەكی ڕوون هەیە سەبارەت بە شێوازی شرۆڤەكردنی مادەی 81 لە دەستوری عێراقی سەبارەت بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، ئەگەر ئەو وادیە كۆتایهات‌و لایەنەكان نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كەسێك.  ڕای جیاواز هەیە شارەزانی بواری دەستور بەسەر دوو ڕای جیاوازدا دابەشبوون، هەندێكیان دەڵێن سەرۆك وەزیران جێگری هەیەو ئەوان شوێنی دەگرنەوە، بەشێكی دیكەشیان پێیانوایە، سەرۆك كۆمار بەشێوەیەكی كاتیی ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات، لەكاتی ئامادەنەبوون، یان نەتوانینی سەرۆك وەزیران لەبەڕێوەبردنی كارەكەی‌و تەواوبوونی ئەو ماوە دەستورییە، بێئەوەی جێگرەوەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە. بەوتەی سەركردەیەكی دیاری سەدرییەكان، لیستی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كورتبووەتەوە لەئێستادا قسە لەسەر (مستەفا كازمیی‌و عەلی شوكری)دەكرێت، هەریەك لەمانیش لایەنی سیاسی هەن پشتیوانی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، سەركردەی كوتلە سیاسییەكانیش جەختیان كردووە لەوەی هیچ كێشەكیان نییە لەسەر خستنەڕووی ناوی نوێ‌ بۆ تاتوێكردنی. ئەو بەرپرسەی ڕەوتی سەدر كە بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)قسەی كردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، ڕەوتەكەیان هیچ تێبینییەكی لەسەر (كازمیی‌و شوكری) نییە‌و، ئەوان لەچاوەڕوانی سازانی سیاسیدان، بەڵام ناكۆكی لەنێوان كوتلە سیاسییەكان ڕەنگە پرۆسەكە دوابخات. لای خۆیەوە، (سەعد مەتڵەبی) سەركردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی (نوری مالیكی) بەهەمان سەرچاوە ڕاگەیاندووە: لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە شیعییەكان لە میانی كۆبونەوەكانی نێوانیاندا ڕێككەوتوون لەسەر خەسڵەتەكانی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌و ئەركی حكومەت، پێش ئەوەی بچنە ناو گفتوگۆی دەستنیشانكردنی كەسایەتیەكانەوە.  هەڵەی عەلاوی دووبارە ناكەنەوە ڕاشیگەیاندووە:"لەسەر هەردوو خەسەڵەتی سیاسی‌و، سەربەخۆبوون ڕێككەوتن كراوە، بەو مانایەی لەسەر هیچ كوتلەیەكی سەرەكی شیعە حساب نەبێت، ئەزموونی هەبێت لەمامەڵكردن لەگەڵ سەرجەم هێزەكان لەپێكهاتە جیاوازەكان، بۆ ئەوەی دووچاری ئەوە نەبێت كە عەلاوی تووشی بوو، ئەزموونی سیاسی زۆر گرنگە بۆ سەرۆك وەزیران". بەوتەی ئەو بەرپرسە، ڕێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی حكومەتی نوێ‌ كاتیی بێت، كاری سەرەكی ئامادەسازی بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، كە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەرداوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا (فازیل فەتلاوی) بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە: بەپێی دواین پێشهاتەكان، یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسییە دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو، بەتایبەت كە كۆبونەوەكان بەبێ‌ بچڕان بەردەوامە بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو قەیرانە، لەگەڵ بوونی گەرەنتی كە جەخت لەتێپەڕاندنی كاندیدی نوێ‌ دەكات لەپەرلەمان‌و، هێزە سیاسییە سەرەكییەكانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ پێویستە سیاسی بێت‌و ئەزموونی سیاسی هەبێت.  ترسیان هەیە  لەبەرامبەر ئەم بڕوایەی دەستەبژێری سیاسی عێراق، ڕایەكی تر پێیوایە، ئەمە داهێنانێكی تازەی دەستەبژێری سیاسییە بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران كە سیاسییەكی سەربەخۆبێت، چونكە نایانەوێت ئەو پۆستە گرنگە بۆ كەسایەتییەك بێت لەدەرەوەی بازنەی خۆیان، بەهۆی ترسیان لەدەستبردن بۆ هەندێك دۆسییە، چی ئەوەی پەیوەستە بەگەندەڵی چەند ساڵی ڕابردوو، هەم ئەوەی پەیوەستە بەداواكارییەكانی خۆپیشاندەران، كە ڕەنگە هەندێك لە هێزە سیاسییە باڵادەستەكان لەكاتی هەڵدانەوەی ئەم دۆسییانەدا تۆمەتباربكرێن.  عەلی شوكری -    عەلی یوسف عەبدولنەبی شوكری  -    ساڵی 2011 وەزیری پلاندانانی عێراق بووە -    ساڵی 2014 پەرلەمانتاری عێراق بووە  -    ساڵی 1998 دكتۆرای بەدەستهێناوە لە یاسای گشتیدا  -    عەمیدی كۆلێژی یاسا بووە لە زانكۆی سەحرای لیبیا 2004 -    عەمیدی كۆڵیژی یاسای زانكۆی كوفە بووە لە 2006 -    ئێستا راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراقە مستەفا كازمی  -    ساڵی 1967 لە بەغداد لەیدایك بووە -    بەكالۆریۆسی هەیە لە یاسا -    لە ساڵاَی 2016 ەوە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقە -    بەڕێوەبەری نوسینی بەشی عێراق بووە سایتی مۆنیتۆری نێودەوڵەتی  -    سەرنوسەری گۆڤاری (الاسبوعیە) بووە كە بەرهەم ساڵح خاوەن ئیمتیازی بووە  -    لەدوای ساڵی 2003 ماوەیەك لە شاری سلێمانی ژیاوە 


درەو: بڕی (ملیارێك) دینار دەدرێتە پارێزگارو بەرێوەبەرێتی تەندروستی سلێمانی بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا و لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا ئاگاداری خەرجكردنی نین و  پارەی كڕینی ماسك و دەستكێش لەبەردەست لیژنەكەدا نیە.  ئەمڕۆ بۆ بەدواداچونی رێكارەكانی خۆپارێزی لە نەخۆشی كۆرۆنا، سەرۆك و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لیژنەی باڵای هاوبەشی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا كۆبونەوە، سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر میكانیزمەكانی روبەرووبونەوەی كۆرۆنا، لەناویشیاندا ئەو پارەیەی كە تەرخانكراوە بۆ روبەرووبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا كە بڕی (500 ملیۆن) دینار دراوەتەوە پارێزگاری سلێمانی و (500 ملیۆن) دیناریش دراوەتە بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستی سلێمانی، بەڵام نە ئەنجومەنی پارێزگا و نە لیژنەی باڵای هاوبەشی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا نازانن ئەو پارەیە چۆن خەرج دەكرێت و بەچی دەدرێت ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، كە بۆ دەرمانرێژكردنی ناو بازاڕی سلێمانی (2)تەن دەرمان كڕدراوە هەر تەنێكی بە (9 هەزار ) دۆلار و هەردووكی (18هەزار) دۆلار بەڵام پارەكە لەلایەن دوو خێرخوازەوە تەرخانكراوەو پارەی نەخۆشخانەی (ئاسا)ش لەلایەن خێرخوازانەوە دراوە، كەواتا ئەو پارەیەی لەبەردەستی پارێزگارو  بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانیدایە چۆن و بۆچی خەرج دەكرێت؟.  (درەو) زانیویەتی كە لیژنەكان گلەییان كردووە لەوەی كە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجنەكراوەو تەنانەت پارەی ماسك و دەستكێش و پێداویستیە سەرەتاییەكانیان  لەبەردەستیاندا نیە.  بەپێی هەواڵی سایتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەی باڵای ھاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا پێكھاتووە لە  لیژنەی ( قایمقامیەت ، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی ، بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی ، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری ، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی و نوێنەری ئاسایش). ( درەو) ئەوەشی زانیوە كە لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیانكردۆتەوە لەوەی پێویستە دەوام لە تەواوی دام و دەزگاكانی سنوری جوگرافی پارێزگای سلێمانی (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین) رابگیرێت، كە پێشتر بەهۆی فشاری سەرۆكی حكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە نەتوانرا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئەو مەبەستە بكرێت. 


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئایندەی سیاسی ئەفغانستان جارێكی تر كەوتەوە بەردەم دوڕیانێك، سبەینێ رۆژێكی یەكلاكەرەوەیە، ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، لە یەك كاتدا لە دوو شوێنی جیاوازی كابولی پایتەخت دوو كەس وەكو سەرۆكی وڵات سوێندی یاسایی دەخۆن، ئەمە چیرۆكی وڵاتێكە كە خەڵكەكەی بەدەست مەحسوبیەت‌و گەندەڵییەوە دەناڵێنن‌و ئومێدیان بە چینی دەسەڵاتداری وڵاتەكەیان نەماوە چاكسازییان بۆ بكات. دوو سەرۆك‌و یەك سوێند بڕیارە سبەینێ محەمەد ئەشرەف غەنی جارێكی تر وەكو سەرۆك كۆماری ئەفغانستان لە مەراسیمێكدا سوێندی یاسایی بخوات، عەبدوڵا عەبدوڵای ركابەری بەنیازە لە هەمان كاتدا لە مەراسیمێكدا وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی بخوات، واتە لە یەككاتدا دوو كەس وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی دەخۆن. تاكە چارەسەر بۆ رێگریكردن لە دابەشبوونی ئەفغانستان لەنێوان دوو سەرۆكدا، ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەیە كە لە باڵیۆزخانەكانەوە لە كابول بەڕێوەدەچێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەنێوان ئەشرەف غەنی‌و عەبدوڵا عەبدوڵادا. ئەشرەف غەنی سەرۆك كۆمارە، عەبدوڵا عەبدوڵای ركابەری سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، ئەم دوو پیاوە ئەمە بۆ جاری دووەمە لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵات ناكۆكن، لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا عەبدوڵا عەبدوڵا بەرامبەر بە ئەشرەف غەنی شكستی هێناوە‌و دانی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا نەناوە. بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئەفغانستان تیمی ئەشرەف غەنی‌و عەبدوڵا عەبدوڵا بۆ لێدان لە مەعنەویاتی یەكتر وێنەی نامەی بانگهێشتنامەكانیان بۆ كەسایەتییەكان بەمەبەستی ئامادەبوون لە مەراسیمی سوێندخواردن وەكو سەرۆكی وڵات بڵاودەكەنەوە. غولام بەهادین جیلانی سەرۆكی دەستەی ئامادەكاری مەراسیمی سوێندخواردنی ئەشرەف غەنی بە تۆڕی هەواڵی (بی بی سی فارسی) وتووە:" ئامادەكارییەكانیان بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی ئەشرەف غەنی وەكو سەرۆكی وڵات تەواو كردووە". تەلەفزیۆنی فەرمی ئەفغانستان رایگەیاند، سبەینێ بەبۆنەی سوێندخواردنی سەرۆك كۆمارەوە لە كابولی پایتەخت پشووە. بانگهێشتنامە ئاڕاستەی ئاڕاستەی باڵیۆزی وڵاتان كراوە بۆ بەشداریكردنیان لە مەراسیمەكە، باڵیۆزی وڵاتان تێیدا ماونەتەوە‌و نازانن بەشداری لەكام مەراسیمیان بكەن. سەرچاوەیەك لە نوسینگەی عەبدوڵا عەبدوڵای سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە ئەفغانستان بە (بی بی سی فارسی) رایگەیاندووە، لەلایەن باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەوروپا‌و ئەمریكاوە نێوەندگیری لەنێوان ئەشرەف غەنی‌و عەبدوڵا عەبدوڵا دەكرێت تاوەكو سبەینێ مەراسیمی سوێندخواردنی ئەشرەف غەنی بەڕێوەنەچێت. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، ئەگەر تاوەكو كۆتایی ئەمڕۆ نەگەنە رێككەوتن، بەدڵنیایی سبەینێ دوو مەراسیمی سوێندخواردن لە كۆشكی سەرۆكایەتی‌و بارەگای سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەڕێوەدەچێت. حیكمەتوڵڵا حیكمەت وتەبێژی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی عەبدوڵا عەبدوڵا دوێنێ وتی:" عەبدوڵا عەبدوڵا لە كۆشكی سپیدار وەكو سەرۆكی وڵات سوێندی یاسایی دەخوات". بەقسەی ئەو ژمارەیەك لە سیاسەتمەدارانی گەورە‌و دیپلۆماتكارانی بیانی بانگهێشتكراون بۆ بەشداربوون لەو مەراسیمە، پشتڕاستیكردەوە كە لەنێوان هەردولادا گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر دروستكردنی یەك حكومەتی هاوبەش. ئەنجامی هەڵبژاردن‌و ناكۆكییەكان كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە ئەفغانستان ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵات‌و سەركەوتنی ئەشرەف غەنی لە هەڵبژاردنەكە راگەیاند، بەڵام عەبدوڵا عەبدوڵا ئەنجامەكان رەتدەكاتەوە‌و دەڵێ ئەو براوەی هەڵبژاردنەكەیە. هەفتەیەك لەمەوبەر ئەشرەف غەنی بەنیاز بوو وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام ئەوكاتیش عەبدوڵا عەبدوڵا هەڕەشەی كرد هاوكات ئەویش وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی بخوات، بۆیە سوێندخواردنەكەی ئەشرەف غەنی كێشەی تێكەوت‌و دواخرا، بەڵام ئەوكات سەرۆكایەتی كۆماری ئەفغانستان هۆكاری دواخستنی مەراسیمی سوێندخواردنەكەی ئەشرەف غەنی گەڕاندەوە بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بووەتە كێشە بۆ ئامادەبوونی میوانانی بیانی‌و رایگەیاند، ئامادەكاری هونەری زیاتر دەكرێت تاوەكو مەراسیمێكی بەشكۆ بەو بۆنەیەوە سازبكرێت، بەڵام عەبدوڵا عەبدوڵا وتی:" دواخستنی مەراسیمی سوێندخواردنەكەی ئەشرەف غەنی بۆ ئەوە بووە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانەی كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە دروستبووە". بەپێی ئەو ئەنجامەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڵاویكردوەتەوە، ئەشرەف غەنی رێژەی 50.64%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا عەبدوڵا عەبدوڵا رێژەی 39.52%ی دەنگەكانی هێناوە. عەبدوڵا عەبدوڵا هاوشێوەی هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆكایەتی ئەفغانستان بەدوای رێگەچارەیەكی نوێدا دەگەڕێت، خۆی ئەو رێگەچارەیەی ناوناوە "تەدبیرو حیكمەت‌و ئایندەگیریی". رۆژی 28ی ئەیلولی 2019 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەفغانستان بەڕێوەچوو، راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن نزیكەی پێنج مانگ لەوادەی خۆی دواكەوت، كاتێكیش ئەنجام راگەیەندرا، هەردوولا (ئەشرەف غەنی‌و عەبدوڵا عەبدوڵا) خۆیان وەكو براوەی هەڵبژاردنەكە راگەیاند. ئەمە لەكاتێكدا بوو بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەشرەف غەنی (923 هەزارو 592) دەنگی بەدەستهێنابوو، عەبدوڵا عەبدوڵا (720 هەزارو 841) دەنگی بەدەستهێنابوو. رێژەی دەنگی پشتڕاستكراوەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بەكۆی گشتی (ملیۆنێك‌و 823 هەزارو 48) دەنگ بوو، نزیكەی (3 ملیۆن) دەنگ بەهۆی نادروستبونیانەوە پوچەڵكرانەوە، بەبەراورد بە رێژەی دانیشتوانی ئەفغانستان كە (35 ملیۆن) كەسە هەروەها ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو كە (9 ملیۆن‌و 600 هەزار) كەس بوو، ئاستی بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنەدا بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو كەمترین رێژەی تۆماركرد. زۆرێك لە دەنگدەران بەهۆی هەڕەشەكانی بزوتنەوەی تالیبان بۆ بەئامانجگرتنی بنكەكانی دەنگدان‌و بێئومێدبوون لە چینی سیاسی‌و دەسەڵاتداری وڵات، بەشداری پرۆسەكەیان نەكرد، لە وڵاتێكدا كە بەدەست مەحسوبیەت‌و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت. هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشووتر، تیمی بانگەشەی هەڵبژاردن بەر لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تۆمەتبار كرد بەوەی لایەنداری بۆ ئەشرەف غەنی دەكات‌و رایگەیاند، تا ئەوكاتەی ئەو كارتانەی دەنگدان كە دروست نین، پوچەڵ نەكرێنەوە، دان بە ئەنجامەكاندا نانێن. ئەوكات تیمی عەبدوڵا عەبدوڵا باسیان لەوەدەكرد نزیكەی (300 هەزار) دەنگی نادروستی هەڵبژاردنەكە داخڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە كراوە، تیمەكە چەندین سكاڵایان لەدژی ئەو دەنگانە لە كۆمسیۆن تۆماركرد، بەڵام سكاڵاكانیان هیچ شتێكی ئەوتۆی لێ سەوز نەبوو. ئەمە دوبارەبوونەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2014 بوو، كە ئەوكاتیش عەبدوڵا عەبدوڵا باسی لە پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەدا دەكرد‌و دواجار بە نێوەندگیری ئەمریكا لەگەڵ ئەشرەف غەنی رێككەوتنێكیان واژۆ كرد‌و پێكەوە حكومەتێكیان دروستكرد بەناوی حكومەتی "وەحدەتی میللی"، لە ئەنجامی ئەو رێككەوتنەدا ئەشرەف غەنی بوو بە سەرۆك كۆمارو عەبدوڵا عەبدوڵاش بوو بە سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن. ئاشتی لەگەڵ تالیبان ناكۆكی ئەشرەف غەنی‌و عەبدوڵا عەبدوڵا لە كابول لەسەر دەسەڵات وەكو لێدانی گورزێك لێكدەدرێتەوە لەو رێككەوتنەی كە بەمدواییە ئەمریكا لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان ئیمزای كرد بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی‌و سەقامیگری لە ئەفغانستان‌و هاندانی حكومەتی ئەفغانستان بۆ سازدانی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ تالیبان. ئەمریكییەكان بڕیاربوو بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەفغانستان رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان ئیمزا بكەن، بەڵام رێككەوتنەكەیان بۆ گرنگ بوو، نەیانویست بدەنە دەست چارەنوسێكی نادیار، بۆیە دوایانخست بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، تاوەكو لێیان روون بێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو كێ سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە دەكات، ئایا سەرۆكی نوێ ئامادەیە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ تالیبان دەستپێبكات یاخود نا، دروستبوونەوەی ناكۆكی لەسەر دەسەڵات لە كابولی پایتەخت ئەمریكییەكانی نیگەران كردووە بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەشرەف غەنی‌و عەبدوڵا عەبدوڵا تێگەیشتی جیاوازیان هەیە بۆ چۆنیەتی گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ تالیباندا وەكو گەورەترین مەترسی بۆسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە.  


راپۆرتی: درەو شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز، كە تاقە برای دایك‌و باوكیی  پادشای سعودییە ئێستا لەژیاندا مابێت، ڕەنگە فەرمانی لەسێدەران یان حوكمی هەتا هەتایی بەسەردا بسەپێنرێت، ئەو كە ئێستا بەتۆمەتی "ناپاكی گەورە" دەستگیركراوە، دووجار لەڕیزبەندی گەیشتن بە تەختی پادشایەتی دوور خراوەتەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز چەند مانگێك لەمەوبەر ئاماژەی بە قوڵبوونەوەی كێشەكانی ناو خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودییە كرد، باسی لەكاریگەری ئەم شازادیە كردووە كە زۆرێك لە ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودییە چاویان لەدەستی بووە گۆڕانكارییەك دروستبكا‌و، لە جێنشینی پادشای ئێستا بیانپارێزێت. بەرەبەیانی ئەمڕۆ میدیاكانی ئەمریكا لەهەوالێكی بەپەلەدا دەستگیركردنی ژمارەیەك لە شازادەكانی سعودییەیان بڵاوكردەوە، كە لەنێوانیاندا برایەكی شا سەلمان پادشای سعودییەی تێدایە. پرۆسەیەك  لەدۆخێكی تەواو نادیارو تەمومژاویدا ئەنجامدراوە كە دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ دێت لەشەپۆلی یەكەمی دەستگیركردنی دەیان شازادەو بەرپرسی گەورەو دەوڵەمەندو بزنسمانی ئەو وڵاتە.  پێگەی ئەلەكترۆنی "جەزیرە"ی قەتەری  بڵاویكردووەتەوە: دەسەڵاتدارانی سعودییە لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێكی دەستگیركردنیان ئەنجامداوە كە ژمارەیەك شازادەی لە خانەوادەی دەسەڵاتدار گرتووەتەوە.  بەگوێرەی سەرچاوەكە: ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دیوانی شانشین جوڵەیەكی نا سروشتی بەخۆوە بینیوەو، بەدوایدا شازادەكان دەستگیركراون، بێئەوەی ناوەكانیان ئاشكرابكات.  ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"و "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی كە هەواڵەكەیان بڵاوكردووە، لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە ڕایانگەیاند: شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز برای پادشای سعودییەو، شازادە محەمەد بن نایف جێنشینی پێشو پادشا دەستگیركراون، هاوكات شازادە نەواف بن نایف برای جێنشینی پێشووش دەستگیركراوە.   ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ئاماژەی بەوەشكردووە، كە محەمەد بن نایف لەدوای ئەوەی لەپۆستی جێنشینی پادشا دوورخراوەتەوە، لەژێر مانەوەی زۆرە ملێدا بووە لەلایەن محمەد بن سەلمان جێنشینی ئێستای پادشای سعودییەوە.  بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەش، ژمارەیەك ئەفسەر لە دەزگاكانی ئاسایش و سوپاو پاسەوان  كە گوماندەكرێت وەلائیان بۆ ئەحمەد بن عەبدولعەزیزو محەمەد بن نایف بێت دەستگیركراون. هەوڵی كودەتایان داوە؟ ئەو سەرچاوانەی هەواڵی دەستگیركردنی شازادەكانیان بڵاوكردووەتەوە، تائێستا یەكلایان نەكردووەتەوە هۆكاری دەستگیردنەكە چییە، هەرچەندە هەندێك سەرچاوە ئاماژە بە "ناپاكی" دەكەن. ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" باس لەوە دەكات كە هەردووو شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز و محەمەد بن نایف پەیوەندییان بە هەوڵی كودەتایەكەوە هەبووە كە بانگەشەی بۆ دەكرێت‌و، دەسەڵاتدارانی سعودییە بە ئەنجامدانی "ناپاكی گەورە" تۆمەتباریان دەكەن، بەوەش ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، یان زیندانی هەتاهەتایی. هەندێك لە شرۆڤەكاران گریمانەی كودەتای ناوخۆیی بەدوور دەزانن‌و، دەڵێن ڕەنگە دەستیگركردنەكە  بەهۆی ناڕەزاییان بوبێت لەو گۆڕانكارییەكانی شازادەی جێنشین ئەنجامیدەدات. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز وەك یەكێك لەسەرچاوەكانی گواستنەوەی هەواڵەكە ئاماژەی بەوەكردووە، هەندێك لە ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودییە هەوڵی گۆڕینی ڕیزبەندی چونە سەرتەختی پادشایەتیان داوەو، شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز_یان وەك یەكێك لەو بژاردانە پێشنیازكردووە  كە لەلایەن ئەندامانی خێزانی دەسەڵاتداری سعودییەوەو دەزگا ئەمنییەكان‌و هەندێك لەوڵاتانی خۆرئاواوە پشتیوانی دەكرێت. ئاژانسی هەواڵی "فرانس 24" پرۆسەی دەستگیركردنی شازادەكانی بە ئاماژەیەكی ڕوون بۆ شوێن پێقایمكردنی محمەد بن سەلمان لەدەسەڵات لێكداتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا "بیكا فاسر" شرۆڤەكاری سیاسی لەدامەزراوەی "ڕاند" ی ئەمریكی بۆ دیراسات دەڵێت: شازادە محەمەد بن سەلمان دەستكراوە تربووە، پێشتر توانی هەموو هەڕەشەكانی بەردەم سەركەوتنی لابەرێت هەر لەزیندانیكردنی نەیارانییەوە تادەگاتە كوشتنیان بێئەوەی هیچ لێكەوتێكی هەبێت، ئەم پرۆسەیەش هەنگاوێكی ترە بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتەكەی‌و پەیامێكیش بۆ هەمووان، بە ئەندامانی خانەوادەی شانشینیشەوە، كە نەبنە بەربەست لەبەردەمیدا. هاوكات، جێفری مارتن لە ڕۆژنامەی "نیوز ویك" لەوتارێكدا نوسیویەتی:" دەستگیركردنەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دابەزینی داهاتەكانی نەوتدا  بن سەلمان شوێنپێی خۆی قایم دەكات".   كاتێكی هەستیار    ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ئەوەشی نوسیووە، ئەم دەستگیركردنە تازانە لەدۆخێكی تایبەت‌و زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت بۆ سعودییەو خانەوادەی دەسەڵاتدارو ناوچەكەش بەگشتی‌و.  بڕیارەكەی محمەد بن سەلمان لەبارەی ڕاگرتنی گەشتی ئاینی بۆ شاری مەكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ناڕەزایی لێكەوتووەتەوە. وەك سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، لەكاتێكدا  ئاهەنگەكانی ڕابواردن‌و پێدانی ڤیزای گەشتیاری بەردەوامە، مەكە خاڵیكراوە لەتەوافكاران. ڕەنگە ئەمەش بەشێكی تربێت لەمەترسییەكانی شازادەی جێنشین‌و هەستیكردووە ئەم دۆسییە لەدژی دەوروژێنرێت. لەكاردانەوەی ئەوەدا فەرمانی داوە بە دەستگیركردنی شازادەكان، بە تایبەت كە ترسێكی بەردەوامی هەبووە لە شازادە دەستیگركراوەكان‌و ئەگەری قۆستنەوەی هەر دۆسیەیەك لەدژی. جێگرەوەیەكی چاوەڕواننكراو ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا ڕاپۆرتێكی بڵاویكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتدارو دەستەبژێری پیاوانی خاوەنكار لەسعودییە دووچاری نائومێدی بوون لەسەركردایەتی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین،  دوای هێرشە موشەكیەكەی حوسییەكان بۆ سەر ژێرخانی نەوتی سعودییە كە زیانێكی ماڵی گەورەی پێگەیاند. ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتەكەیدا ڕایگەیاندبوو، هەندێ لە شازادەكانی سعودییە وەك جێگرەوەیەك لە شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیزی تەمەن 77 ساڵ دەڕوانن، كە تاكە برای شاە سەلمانە لەدایك‌و باوكی لەژیاندا مابێتەوەو، لەلایەن ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتدارو دەزگای ئاسایش‌و هەندێك لەهێزە خۆرئاواییەكانەوە پشتیوانی دەكرێت.  یەكێك لەگەورە پیاوانی خاوەنكاری سعودی كە بۆ ڕۆیتەرز قسەی كردووە، وتویوتی، هەموویان چاویان لە شازادە ئەحمەدە بزانن چی دەكات، خانەوادەكە پێیانوایە  ئەو تاكە كەسە بتوانێت پارێزگارییان لێبكات.  ڕۆیتەرز لەبەشێكی تری ڕاپۆرتەكەیدا لەزاری چاودێرانی سعودییەوە ڕایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت شازادە ئەحمەد ئامادەبێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت،. هیچ ڕۆلێكی فەرمیش ناگێڕێت‌و بەردەوام خۆی بەدوور گرتووە. شازادە ئەحمەد تاكە كەس بوو لەو سێ‌ كەسەی ئەندامانی دەستەی بەیعەت كە لەساڵی 2017 ڕەتیكردووەتەوە  شازادە محەمەد بن سەلمان ببێت بە جێنشینی پادشای سعودییە.  شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز  كێیە؟ + ساڵی 1942 لەدایكبووە. + سی‌و یەكەمین كوڕی شا عەبدولعەزیز ئال سعودە. + سەر بە باڵی ئەلسدێرییە كە دەسەڵاتدارترینن لەناو خانەوادەی پادشایەتیدا. + برای دایك‌و باوكیی شا فەهدو شازادە سوڵتان‌و شازادە توركی‌و شازادە نایف‌و شازادە عەبدولرەحمان‌و شا سەلمان پادشای ئێستای سعودییە.  + خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی سیاسی. + 37 ساڵ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی سعودییە بووە. + دووجار لە ڕیزبەندی گەیشتن بە تەختی پادشایەتی لابراوە، جارێك شاعەبدوڵا شازادە موقرینی برابچوكی پێشخست‌و، جاری دووەمیش شا سەلمان دەسەڵاتی گواستەوە بۆ نەوەكان‌و لەجێی ئەو كوڕەكەی خۆی دانا.  


(درەو): ساڵی 2014 هەولێر وەكو "پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی هەڵبژێردرا"، حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، بە نوسراوێك لە رۆژی 6/8/2013دا داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كرد، بڕی (20 ملیار) دینار تەرخان بكات بۆ هەولێر بۆ پەرەپێدانی پرۆژە گەشتیارییەكان، ئەوكات سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی بوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەبری (20 ملیار) دینار، تەنیا بڕِی (5 ملیۆن) دۆلاری بۆ هەولێر تەرخانكرد. ساڵی 2015 لەسەر داوای پەرلەمانی كوردستان، دەستەی چاودێری دارایی پرۆسەیەكی وردبینی بۆ چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو (5 ملیۆن) دۆلارە، ئەنجامدا، كۆپییەكی ئەنجامی وردبینییەكەی چاودێری دارایی دەست (درەو) كەوتووە‌و هاوشێوەی بڵاوكردنەوە چۆنیەتی خەرجكردنی (20 ملیار) دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری (سلێمانی)، بەچەند بەشێك بڵاودەكرێتەوە.   خەرجكردنی پارە بەبێ تۆماری ژمێریاریی بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، سەرۆكی دەستەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەی (پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی/ هەولێر) كەسێك بووە كە نوێنەری حكومەتی عێراق بووە‌و لەسەر فەرمانێكی پارێزگای هەولێر لە رۆژی 19/5/2013 دەستبەكاربووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنج بووە بۆ چاودێری دارایی حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ پرۆژەكە دابین نەكردووە. چاودێری دارایی دەڵێ:" ئەم دەستەیە بەدەر لە رێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومییەكان‌و مەرجی گشتی بەڵێندەرایەتی‌و رێنماییەكانی دارایی پەیڕەوكراو.. خەرجییەكانی ئەنجامداوە". خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە كە وەكو پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی بۆ هەولێر خەرجكراوە، هیچ تۆمارێكی تایبەت بە ژمێریاری نەبووە‌و لیستی تایبەت بە چۆنیەتی خەركردنی پارەكە دروست نەكراوە، بۆیە چاودێری دارایی بەناچاری پەنای بۆ دەرخستەی بانك بردووە بە (دینار)‌و بە (دۆلار). چاودێری دارایی تبێینی ئەوەی كردووە، ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەت وەكو بودجە بۆ هەولێری دابین كردووە، لە ژمارە حسابێكدا لە بانكی (كوردستانی نێودەوڵەتی) دانراوە كە بانكێكی ئەهلی-یە، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە سەرپێچییەكی زەقە‌و دەبوو پارەكە لە بانكێكی حكومە دابنرێت. رۆژی 28/10/2013 بڕی (5 ملیۆن) دۆلارەكەی حكومەت لە بانكی كوردستان دانراوە.   لەیەك رۆژدا دووجار پارەی گۆڕیوەتەوە  دەستەی باڵای پرۆژەی هەولێر پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی، لەماوەی یەك رۆژدا بڕی (4 ملیۆن) دۆلاری گۆڕیوەتەوە بۆ دینارو جارێكی تر دینارەكەی گۆڕیوەتەوە بۆ دۆلار، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە زەرەرێكی گەورەی بە گوژمەكە گەیاندووە، سەرباری ئەمە چاودێری دارایی بەهۆی نەبوونی بەڵگەی خەرجكردنەوە دەستەوسان بووە. بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، رۆژی 12/1/2014 دەستەی باڵای سەرپەرەشتیاری پرۆژەی هەولێری پایتەختی گەشتیاری هەڵساوە بە گۆڕینەوەی بڕی (4 ملیۆن) دۆلار بە دینار، بەڵام لەبەرئەوەی بەشی زۆری خەرجییەكان بە دۆلار بووە، جارێكی تر‌و لە هەمان رۆژو رۆژانی دواتردا بەشی زۆری ئەم بڕە پارەیە گۆڕدراوەتەوە بە دۆلار، ئەوەش بەهۆی جیاوازی نرخی دراو، زەرەێكی گەورەی بە گوژمەی تەرخانكراو گەیاندووە. سەرباری ئەمە چاودێری دارایی چەندین تێبینی تری لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی پارەكە تۆماركردووە كە ئەمانەن: • لە رۆژی 20/1/2014دا بڕی (50 ملیۆن) دینار بەناوی (ژمێریار)ەوە لە بودجەی پایتەختی گەشتیاری لەبانك راكێشراوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك دەست چاودێری دارایی نەكەوتووە لەبارەی ئەوەی ئەو پارەیە لە چ شتێكدا خەرجكراوە. • لەهەمان رۆژدا (209 ملیۆن) دینار لە بەدجەی پایتەختی گەشتیاری لە بانك راكێشراوە بەناوی (ر ص ح/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) لەجیاتی دانەوەی قەرز بە ناوبراو، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ:" هیچ بەراییەكمان نەدۆزییەوە كە بیسەلمێنێ قەرز لە لەناوبراو وەرگیراوە". • رۆژی 29/1/2014 بڕی (200 ملیۆن) دینار لە بودجەی پایتەختی گەشتیاری راكێشراوە لەجیاتی قەرزی كۆن بەناوی (م ش)، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ:" هیچ بەڵگەیەكمان بەدەست نەكەوت بۆچی‌و بەچی مەبەستێك خەرجكراوە". • رۆژی 25/2/2014 بڕی (30 ملیۆن) دینار لە بودجەی پایتەختی گەشتیاری لە بانك راكێشراوە بۆ خەرجی پسوڵەكان، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ:" هیچ بەڵگەیەكمان بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم خەرجیانە دەستنەكەوت".   بەهمەن قوبادی لە بودجەی پایتەختی گەشتياریدا   لەسەر بودجەی پایتەختی گەشتیاریی (300 هەزار) دۆلار دراوە بە كۆمپانیایەك بۆ ئەوەی ئاهەنگ بۆ ئەستێرەكانی عەرەب ئایدل سازبكات‌و پارەی بلیتەكان بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام پارەكان نەگەڕاوەتەوە، كۆمپانیاكەی بەهمەن قوبادی بڕی (893 هەزار) دۆلاری بۆ تەرخانكراوە بۆ ئەوەی دوو فیلم بەرهەم بهێنێت، بەڵام فیلمەكانی بەرهەم نەهێناوە، ئەمە بەشێكی ترە لە راپۆرتی چاودێری دارایی لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو (5 ملیۆن) دۆلارەی بۆ هەولێر تەرخانكراوە وەكو پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی.   هەندێك خەرجی تر بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، لەسەر بودجەی هەولێر وەكو پایتەختی گەشتیاری، لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا بڕی (300 هەزار) دۆلار خەرجكراوە بۆ كۆمپانیای (الابشر) كە بریكاری گروپی (M.B.C) بووە بۆ ئاهەنگگێڕانی ئەستێرەكانی (عەرەب ئایدڵ). بەپێی گرێبەستەكە دەبوو كۆمپانیاكە بڕی (هەزارو 500) بلیت بفرۆشێت‌و نرخی هەر بلیتێك (200) دۆلار بێت، دوای فرۆشتنی بلیتەكان داهاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ دەستەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەی پایتەختی گەشتیاریی، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ:" هیچ پشتگیرییەكمان بەرچاو نەكەوت كە بیسەلمێنێ داهاتی فرۆشتنی ئەو بلیتانە وەرگیراونەتەوە"، چاودێری داوا دەكات چارەنوسی داهاتی ئەو بلیتانە یەكلابكرێنەوە.   پاتەختی گەشتیاریی‌و كۆمپانیای "مژ فیلم" كۆمپانیای "مژ فیلم" كە خاوەندارێتییەكەی بۆ دەرهێنەری بەناوبانگیی سینەمایی (بەهمەن قوبادی) دەگەڕێتەوە لەسەر بودجەی پایتەختی گەشتیاری، بڕی (893 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە بۆ دەرهێنانی دوو فیلم، یەكێكیان ماوەی (100) خولەكە‌و ئەوی تر ماوەكەی (52) خولەكە، چاودێری دارایی لەسەر ئەم گرێبەستە چەند تێبینییەكی تۆماركردووە كە ئەمانەن: • بەپێی گرێبەستەكە گوژمەی پارەكە بەدووجار دەدرێت بە كۆمپانیای ناوبراو، یەكەمیان (450 هەزار)‌و بەشی دووەمی گوژمەكەش دوای كۆتایهاتنی هەردوو فیلمەكە دەدرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتی چاودێری دارایی، بەپێچەوانەی گرێبەستەكەوە بڕی (630 هەزار) دۆلار وەكو پێشەكی دراوە بە كۆمپانیاكە، بەبێ بوونی هیچ دەستبەبەرێكی بانكیی، ئەمە لەكاتێكدا بووە تا ئەوكاتەی دەستەی چاودێری دارایی دەستی بە وردبینی كردووە، دوو فیلمەكە بەرهەم نەهێنراون لەكاتێكدا بەپێی گرێبەستەكە پێویست بووە فیلمەكان لە ساڵی 2014 كۆتایی بهاتنایە، چاودێری دارایی پێشنیازی كردووە لەسەر ئەم كەیسە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت، چاودێری دارایی دەڵێ دەبێ لێكۆڵینەوە لە دەستەی سەرپەرەشتیاری بودجەی پایتەختی گەشتیاری/ هەولێر بكرێت چۆن پارەی حكومەتیان داوە بە كۆمپانیایەك بەبێ بوونی دەستەبەری بانكی، هەروەها لێكۆڵینەوە بكرێت لەوەی چۆن كاریان بەو كۆمپانیایە داوە لەكاتێكدا كۆمپانیاكە بە نوسراوێك لە 24/11/2014دا داوای لێبوردنی كردووە لەوەی ناتوانێت فیلمەكان بەرهەم بهێنێت.   بودجەی پایتەختی گەشتياری‌و پەڕەشوت دەستەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەی پایتەختی گەشتیاری (هەولێر) گرێبەستێكی كردووە لەگەڵ (الجناح الژهبی السویدی) بۆ فێركردنی فڕین بە پەرەشوت بۆ ماوەی دوو رۆژ لە (11)‌و (20)/ 3/2014‌و نمایشێكی تر بەناوی "پەرەگلایدەر"، بۆ ئەم دوو كارە بڕی (280 هەزار) دۆلار تەرخانكراوە، چاودێری دارایی چەند تێبینییەكی لەسەر ئەم گرێبەستە تۆماركردووە كە ئەمانەن: • گرێبەستەكە لەگەڵ ئەندازیارێكی فڕوكەوانی واژۆكراوە بەناوی (ی س/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە)، چاودێری دارایی دەڵێ هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێ ناوبراو نوێنەری كۆمپانیای (الجناح الژهبی السویدی)یە. • جیاوازی هەیە لە گوژمەكان لەنێوان گرێبەستی سەرەتایی‌و گرێبەستی كۆتایی واژۆكراودا. • سەرەتا بڕیاربووە پرۆژەكە بە (150 هەزار) دۆلار جێبەجێ بكرێت، بەڵام دواتر بری (280 هەزار) دۆلار دراوە بە كاپتن (ی س) بەشێوەی كەسیی. • چاودێری دارایی دەڵێ ئەم كارە بەبێ كێبركێ دراوە بەو كۆمپانیایە لەكاتێكدا چەندین كۆمپانیای هاوشێوە هەیە، بۆیە دەبێت لێكۆڵینەوە بكرێت.   پانزە هەزار دۆلار بۆ كردنەوەی سایتێك  بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، لەسەر بودجەی پایتەختی گەشتیاری (هەولێر) بڕی (15 هەزارو 200) دۆلار تەرخانكراوە بۆ كردنەوەی مەڵپەڕێكی ئەلیكترۆنی بۆ دەستەی (هەولێر پایتەختی گەشتیاریی)، چاودێری دارایی دەڵێ:" هیچ نییە پشتگیری راستی‌و دروستی ئەم خەرجییە بكات جگە لە پسوڵەیەك كە لە كۆمپانیای A.T.Cوە ئاڕاستەی ئۆفێسی دەستەی (هەولێر پایتەختی گەشتیاری 2014) كراوە. لەسەر هەمان بودجە چەندین خەرجی تر كراوە كە چاودێری دارایی گومانی لەسەریان هەیە لەوانە: • چالاكی نمایشی ئۆركستراو بالیە/ دیداری راگەیاندن/ دروشمی (هەولێر پایتەختی گەشتیارییە)/ بەەكرێگرتنی هۆڵ، لەبارەی خرجی ئەم چالاكییانەوە چاودێری دارایی دەڵێ لەبەر رێكنەخستن‌و پاراستنی بەڵگەی پێویست بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی خەرجییەكان نەمانتوانی پشتگیری راستی‌و دروستی خەرجییەكان بكەین. • پسوڵەیەك رێكخراوە بۆ بەكرێگرتنی هۆڵی "شەهید سەعد عەبدوڵا) بەبڕی (15 هەزارو 400) دۆلار، چاودێری دارایی تێبینی كردووە دووجار پسوڵە بۆ ئەم كارە كراوە لەلایەن دەستەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەی پایتەختی گەشتیاریی. • چالاكی فێستیڤاڵی رۆژی جیهانی منداڵان، چاودێری دارایی تێبینی كردووە، بەبێ بوونی پسوڵەی پێویست‌و هیچ بەراییەك ، پاڵپشت بە یاداشتی بەڕێوەبەری هۆبەی هونەری بڕی (15 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینار خەرجكراوە بۆ ئەم كارە، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە پێچەوانەی یاسای ژمێریاری‌و رێنماییە داراییەكانە. • پێشەنگای نێودەوڵەتی گوڵ، بەپێی راپۆرتی چاودێری دارایی بڕی (18 هەزار) دۆلار بۆ خەرجكراوە بەمەبەستی دیزاینكردنی شوێنی ئەم پێشانگایە لەلایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە بەناوی (EIAN EXPO)، ئەم پارەیە لەلایەن كەسێكەوە بەناوی (ا ج ج/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) وەرگیراوە، كە هاوڵاتییەكی سورییە‌و هیچ بەڵگەیەك نەبووە لەبارەی ئەوەی كە ئەو كەسە نوێنەرایەتی كۆمپانیاكە دەكات، سەرباری ئەوە كۆنوس رێكنەخراوە تایبەت بە خەرجییەكە. كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ مودیر ناحیە لە بودجەی پایتەختی گەشتیاریی  لەسەر ئەو (5 ملیۆن) دۆلارەی وەكو پایتەختی گەشتیاری بۆ هەولێر تەرخانكراوە، ئۆتۆمبیل بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی دیبەگە كڕدراوە، سەرباری ئەوە دەستەی سەرپەرەشتیاری پایتەختی گەشتیاری لە گوندی ئینگلیزی خانویەكیان بۆ خۆیان بەكرێگرتووە، چاودێری دارایی دەڵێ:" كرێی خانوەكە زۆرە‌و لە نوسراوەكاندا بەپێنوس دەستكاری كراوە".   خانوی دەستەی سەرپەرەشتیار لەسەر بودجەی پایتەختی پایتەختی گەشتیاریی (هەولێر)، دەستەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەكە لە گوندی ئینگلیزی لە هەولێر خانویەكیان بۆخۆیان بە كرێگرتووە بە بڕی (83 هەزار) دۆلار بۆ ماوەی سالێك، چاودێری دارایی دەڵێ سەرۆكی دەستەكە گرێبەستەكەی واژۆ نەكردووە‌و سەرباری ئەوەش بڕی پارەی گرێبەستەكە بە پێنوس دەستكاری كراوە، لەبارەی خەرجكردنی ئەم پارەیە بۆ بەكرێگرتنی خانوو، چاودێری دارایی ئاماژەی بەوەكردووە ئەو كرێیە زۆر گرانە.   ئۆتۆمبیل بۆ مودیر ناحیە هەر لەسەر بودجەی پایتەختی گەشتیاری دوو ئۆتۆمبیلی جۆری فۆرد بە بڕی (84 هەزار) دۆلار كڕدراوە، بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی یەكێك لەە ئۆتۆمبیلەكان كراوە بەناوی (تۆڵە مەهدی خۆشناو) بەڕێوەبەری ناحیەی دیبەگە، چاودێری دارایی دەڵێ:" ئەوە سەرپێچی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە).   چارەنوسی كەلوپەلەكان راپۆرتی چاودێری دارایی تێبینی كردووە هەر لەسەر بودجەی پایتەختی گەشتیاری ژمارەیەكی زۆر كەلوپەل بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگ‌و چالاكییەكان كڕدراوە، بەڵام چارەنوسیان نادیارە، بۆ ئەوەش نمونەی بە كڕینی (200) كورسی توركی كردووە بۆ ئاهەنگێك لە رۆژی 11و 20/3/2014 بەبڕی (8 هەزار) دۆلار، هەروەها كڕینی (هەزار) كورسی بەبڕی (100 هەزار) دۆلار بۆ (مدرج)ی شوێنی ئاهەنگەكان.    


راپۆرتی: درەو رژێمی سوریا تاكە براوەی ڕێككەوتنی (ئەردۆغان_پۆتن)ە، ئەو نەخشەیەی بەشەڕ لەئیدلیب سەپاندی دەستكاری ناكرێ، لەهیچ بڕگەیەكی ڕێككەوتنەكەدا ئاماژە بەكشانەوەی سوپای سوریا نەكراوە وەك ئەوەی پێشتر توركیا پێداگری ئەكرد. جگە لەوەی لەڕێككەوتنەكەدا كۆمەڵێك مەسەلەی هەستیار باسنەكراوە، دیارترینیان چارەنوسی خاڵەكانی چاودێری سوپای توركیایە كەژمارەیەكیان لەلایەن سوپای سوریاوە گەمارۆ دراون. ( ئاگربەست، رێرەوی ئارام، دەورەیەی هێزەكانی روسی – توركی) ئەو سێ خاڵەن كە ئێوارەی دوێنێی نێوان (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)ی سەرۆكی توركیا‌و (ڤلادیمێر پۆتن)ی سەرۆكی روسیا لەسەری رێككەوتن.   بڕگەكانی ڕێككەوتنەكە: 1-    وەستاندنی سەرجەم كارە جەنگییەكان بە درێژایی هێڵەكانی بەرامبەر لەناوچەی كەمكردنەوەی توندوتیژی لەكاتژمێر 12ی شەوی پێنج شەمەوە. 2-    دامەزراندنی ڕێڕەوێكی ئارام بەهەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزرارەتی بەرگری بە قوڵایی 6 كیلۆمەتر لەباكورو 6 كیلۆمەتر لەباشوری ڕێگای نێودەوڵەتی حەلەب_لازقییە. 3-    بەگەڕخەستنی كاروانی سەربازی هاوبەشی ڕوسی_توركی لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی حەلەب_لازقییە لە ڕۆژی 15ی ئازار لەترنبە(2 كیلۆمەتر لەخۆرئاوای سەراقیب) تا عەین ئەلحور. ڕێككەوتنەكە هیچ ناگۆڕێت بەپێی ڕێككەوتنەكە، ئەو هێڵانەی رژێمی سوریا كێشاویەتی وەك خۆی دەمێنێتەوە، هیچ ئاماژەیەكی تێدانییە بۆ كشانەوە لێی، وەك ئەوەی توركیا پێشتر بەشێوەیەكی بەردەام دوایدەكرد. هەروەها لەڕێككەوتنەكەدا هیچ قسەیەك لەسەر ڕێگای "ئێم5"نەكراوە، كە پێگەیەكی گرنگتری هەیە لەو پێگەیەی ڕێگای "ئێم 4" هەیەتی، كە باكوری سوریا بە باشورییەوە دەبەستێتەوە. یەكێكی تر لەو خاڵانەی كە ڕێككەوتنەكە خۆی لەباسكردنی نەداوە، كردنەوەی گەمارۆی لەسەر خاڵەكانی چاودێری سوپای توركیایە لەلایەن سوپای سوریاوە لە پارێزگاكانی (حەلەب‌و حەماو ئیدلیب).  هاوكات، لەرێككەوتنەكەدا باس لە كشانەوەی سوپای سوریا نەكراوە لەناوچەكانی جەبەل زاویەو موعرەت نوعمان‌و سەراقیب، كە بایەخی ستراتیجی گرنگیان هەیەو، هاوشانی ڕێگا نێودەوڵەتییەكانن. سوریا پابەندنابێت  (محەمەد یەحیا مەكتەبی) ئەندامی دەستەی سیاسی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) گومانی خۆی پیشانداوە كە رژێمی سوریا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بێت، وەك ئەو وتویەتی: ئەزمونەكانی پێشوو سەلمێنەری ئەوەیە كە رژێم پابەندی هیچ ڕێككەوتن‌و لێكگەیشتنێك نابێت، هاوكات باسی لەناڕوونی وردەكاری ڕێككەوتنەكەش كردووە، ئەوەش بەدەلالەتی ئەوە ناوبردوە كە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان توركیاو ڕوسیا بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە. لای خۆیەوە، (عەمید فاتح حەسون) یەكێك لەسەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە: ژمارەیەكی زۆر خاڵی ناڕوون هەیە لەڕێككەوتنەكەدا، ڕەنگە مامەڵەی مەیدانی ڕوسیاو توركیا لەچەند كاتژمێری داهاتوودا ئەو مەسەلەیە ڕونبكاتەوە، بەتایبەت چارەنوسی ڕێككەوتنی سوچی‌و، خاڵە گەمارۆدراوەكانی چاودێری سوپای توركیاو، ڕێگای "ئێم5". بەوتەی ناوبراو،  ئەوەی لە لوتكەكە بەرهەمهاتووە ڕێككەوتنێكی كاتی‌و لەرزۆكە، لەهەفتەكانی داهاتوودا پێویست بەڕێككەوتن‌و گفتوگۆی تازەدەكات. لەبارەی بژاردەكانی بەردەم توركیاش ڕایگەیاندووە: ئەمریكا بەمەرجێك پشتیوانی دەكات كۆتایی بەگرێبەستی (ئێس400) بهێنێت، پشتیوانی ئەوروپییەكانیش پەیوەستە بە ڕاگرتنی شەپۆلی كۆچبەران، لەبەرامبەریشدا ڕوسیا پێشنیازی ڕێككەوتنێكی بۆ دەكات كە كەمتربێت لەڕێككەوتنی سوچی. ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە توركیا لەنێوان ئەم بژاردانەدا كامیان هەڵدەبژێرێت؟.     پارێزگای ئیدلیب پارێزگای ئیدلیب دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای سوریا وبە درێژی 129 كیلۆمەتر سنوری بە توركیاوەیە، لە رۆژهەڵاتیەوە پارێزگای حەلەبەو لە باشوریەوە پارێزگای حەمایەو لە رۆژئاوایشیەوە پارێزگای لازقیەیە. - روبەری پارێزگای ئیدلیب ( 6 هەزارو 100 كلیۆمەتر چوار گۆشەیە) - دانیشتوانەكەی ( 3 ملیۆن و 867 هەزار) كەسە. ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی ناوچەكانی تر لەو پارێزگایە دەژین  لەدوای خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەكانی سوریاوە لە 2011 ئەو پارێزگایە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەربە توركیادایەو هەمووشیان لە دەستەیەكدا خۆیان رێكخستووە 2017 بەناوی (تەحریری شام)  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand