Draw Media

(درەو)- AFP سبەینێ (١٠ی ئۆکتۆبەر) ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەدا لە عێراق، بەبێ پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ و بودجە، ئەمە بەھۆی ئیفلیجییەکی سیاسییەوە کە ھەڕەشەی بێبەشکردنی وڵات دەکات لە پرۆژەکانی ژێرخان و دەرفەتی چاکسازی کە عێراق زۆر پێویستی پێیەتی. عێراق کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و ماندووە بە دەست چەندین دەیە ناکۆکییەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا داھاتێکی زۆری نەوتی بەدەستھێناوە، ئەم پارانە لە بانکی ناوەندیدان کە یەدەگی دراوی بیانی تێیدا گەیشتوەتە (٨٧ ملیار) دۆلار. بەڵام سودوەرگرتن لەم پارانە بۆ ئەو پرۆژانەی کە عێراق پێویستی پێیانە، بەستراوەتەوە بە پێکھێنانی حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەتی و بودجەیەک کە کۆنترۆڵی خێرایی خەرجییەکان بکات. حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی ماوەی ساڵێکە بەشێوەی کاربەڕێکەر بەڕێوەدەچێت و دەسەڵاتی ئەوەی نییە پرۆژەی بودجەی بۆ پەرلەمان پێشنیاز بکات. یەسار مالیکی پسپۆڕی ئابوری لە (میدڵ ئێست ئیکۆنۆمیک سیرڤی) دەڵێ" پرۆژەکانی ژێرخان پێویستیان بە بە چەندین ساڵ دابینکردنی خەرجی جێگیر ھەیە لەلایەن حکومەتەوە"، ئاماژە بەوە دەکات" دۆخی سیاسی گێژاوێکی گەورەی دروستکردووە ئەمەش دۆخی عێراقی لەبەردەم وەبەرھێنەراندا لاوازتر کردووە بەتایبەتیش کە خۆی لە بنەڕەتەوە دۆخێکی لەرزۆکە". باسلەوە دەکات" قەیرانە سیاسییەکە چوەتە سەر ئەو مەترسییانەی تر کە ماوەیەکی زۆرە ھەن، بەتایبەتیش دۆخی ئەمنی و گەندەڵی". ھێشتا ناکۆکییە سیاسییەکان لەنێوان ھەردوو کەمپە دیارەکەی شیعەدا بەردەوامە، رەوتی سەرد لە لایەک و چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە لاکەی تر، کە چەند کوتلەیەک لە خۆدەگرێت و نوێنەرایەتی حەشدی شەعبی دەکەن، چوراچێوە ھاوپەیمانێتی گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانە کە چونەتە ناو دەزگاکانی دەوڵەتەوە، سەرباری ئەمە دوای ساڵێک لە ھەڵبژاردنەکان کە دوودڵی دەنگدەرانی عێراقیی بەخۆوە بینی، لایەنەکانی قەیرانە سیاسییەکە شکستیان ھێناوە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و ھێشتا حکومەتی نوێ پێکنەھاتووە. " لە دەسچوونی دەرفەتە گەورەکان" ٢٩ی ئاب لە بەغداد کردەوەی توندوتیژی سەریھەڵدا لەنێوان جەنگاوەرانی رەوتی سەدر لە لایەک و  ھێزە ئەمنییەکان و ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەکی تر، نزیکەی ٣٠ کەس لە لایەنگرانی سەدر بوون بە قوربانیی. خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەمدواییە لە بەردەم دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەو رووداوانەی والێکدایەوە کە دەکرێت "زەنگی ئاگادارکردنەوە" بن و وتی" ھێشتا دۆخەکە زۆر ناجێگیرە". باسی لەوەکرد" زۆرێک لە عێراقییەکان متمانەیان بە توانای چینی سیاسیی وڵاتەکەیان نەماوە کار لەپێناو وڵات و گەلەکەیاندا بکەن". لەکاتێکدا بانکی نێودەوڵەتی گەشەی ئابوری عێراقی لەماوەی ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤ بەرێژەی ٤،٥٪‏ خەمڵاندووە، بەڵام " پێشبینی تەواوەتی ئابوری دەورە دراوە بە بڕێکی زۆر مەترسی، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنێکی زۆر بە نەوت و بەردەوامی چەقبەستنی بودجەو دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ" بەپێی ئەوەی لە راپۆرتی مانگی حوزەیراندا ھاتووە. بەھۆی نەبوونی بودجە، عێراق ئەمڕۆ لەسەر بنەمای یاسای فیدراڵی ئیدارەی دەوڵەت خەرجییەکانی دەکات، واتە ئەوەی لە بودجەی پێشوودا خەرج کراوە دابەشکراوە بەسەر ١٢ مانگدا، ئەمەش رەنگدانەوەی واقعی ئەو داھاتانە نییە کە وڵات لە ٢٠٢٢دا بەدەستی ھێناون. بەڵام " ئەمانە کەمترین بودجەن.. رەنگدانەوەی رابردوون نەک ئێستاو داھاتوو، دەرفەتی گەشەی ئابورییان تێدا نییەو عێراق بێبەش دەکەن لە پرۆژە ستراتیژییە گەورەکان" ئەمە بەگوێرەی قسەی مەزھەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران. راوێژکارەکە بە (فرانس پرێس)ی وت" دەرفەتی زۆر لەدەستدەدەین، دەرفەتی وەبەرھێنان بە پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی پلان بۆداڕێژراو". بۆ نمونە، ھاوینی رابردوو عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای "تۆتاڵ ئینێرژی"ی فەڕەنسیدا ئیمزا کردووە کە چەندین پرۆژە لەخۆدەگرێت بەتایبەتیش لە بواری سودوەرگرتن لە غازو وزەی خۆر، بەبەھای ١٠ ملیار دۆلار کە بەشێکی پارەکەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت و ھێشتا لە سەرەتادایە. " حکومەتی عێراق بەجددی کاردەکات بۆ خێراکردنی کارکردن تێیدا و ھەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەمی" ئەمە بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە. لە کەرتی نەوتدا پرۆژەکانی تر بەشێوەیەکی "ھێواش" بەڕێوەدەچن، لەگەڵ نەبوونی حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەتییەوە، وەزارەتی نەوت ناتوانێت پارە دابین بکات، ئیمزا بکات، گرێبەست بۆ ئەو پرۆژە بنەڕەتییانە بکات" ئەمە بەپێی لێکدانەوەی یەسار مالیکی. "خەڵک ماندوون" بۆ دابینکردنی خەرجییە بەپەلەکان، پەرلەمانی عێراق لە مانگی حوزەیراندا یاسای پاڵپشتی خێرای دەرکرد بە بەھای (٢٥ ترلیۆن) دینار (١٧ ملیار دۆلار)، رێگا بە پڕکردنەوەی پێداویستییە خێراکانی دانیشتوان و کڕینی دانەوێڵە دەدات بۆ گرەنتیکردنی "ئاسایشی خۆراک"، بەڵام گرەنتیشە بۆ كڕینی وزەو کارەبا لە دەرەوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٣ بەبێ بوونی بودجە، دەبێت دەسەڵاتداران یاسایەکی نوێ دەربکەن ھاوشێوەی ئاسایشی خۆراک یاخود بەردەوام بن لەسەر خەرجکردن لەسەر بنەمای ١٢ مانگ، واتە " سەرلەنوێ خەرجییەکان کەمبکرێنەوە" وەکو ئەوەی یەسار مالیکی دەڵێت. لەکاتی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی وەکو وەزیری دارایی لە مانگی ئابدا، عەلی عەلاوی خاوەنی پرۆژەی چاکسازی ئابوری کە پرۆژەکەی نەبوو بە واقعێکی بەرجەستە، درێغی نەکرد لە دیاریکردنی کێشەکە بە راشکاوییەکی تەواوەوە. لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نوسی" ھەموو پلان و بەرنامەکانی حکومەت بەردەوام کۆتوبەندکراون بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان چینی سیاسی لەبەریەکھەڵوەشاودا".  ئاماژەی بەوەکرد" ھەموو بانگەوازەکانی چاکسازیی بەھۆی چوارچێوەی سیاسی ئەم وڵاتەوە پەکیانخراوە". لەناو ھەموو ١٠ گەنجێکدا ٤ کەسیان بێکارن، بەگوێرەی قسه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە لەکاتێکدایە یەک لەسەر سێی دانیشتوان کە ٤٢ ملیۆن کەسە، لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن. سەرباری داھاتی زۆری نەوت، ژیانی ئەمین سەلمان ستینی کە خانەنشینێکی سوپای عێراقە، زۆر باش نەبووە، ئەو لەناو خۆپشاندەرانی یادی سێ ساڵەی راپەڕینی تشرینی ٢٠١٩دا بوو کە خۆپیشاندانێکی بێ پێشینە بوو دژی رژێم و گەندەڵی. ئەم پیاوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغداد وتی" وڵات بە قەیرانێکی سیاسیدا تێدەپەڕێت و ئەمە کاریگەریی لەسەر خەڵک دەبێت. خەڵک ھەمووی ماندوون". ئەم پیاوە ھیچ پارەیەکی نییە جگە لەبڕی ٤٠٠ ھەزار دینار (٢٧٤ دۆلار)، ئەمەش بڕێکە کە بە زەحمەت بەشی قوتی رۆژانەی دەکات، کوارەکانیشی بێکارن. باسلەوە دەکات" عێراق ملیارانی تێدایە، پارەو زێڕی ھەیە، بەڵام سیاسەتمەداران جگە لە حزبەکانیان و گیرفانی خۆیان ھیچی تریان بەلاوە گرنگ نییە".


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) میسر و سعودیە و ئێران سێ وڵاتی گەورە و گرنگیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستن. سێ مۆدێلی جیاوازن لە دەوڵەتی دەسەڵاتگەر، کە سێ جۆر لە سیستمی سیاسیی و سێ جۆر لە کۆمەڵگای جیاوازیان، بەرھەمھێناوە.  ئەو سیستمە سیاسییەی لە میسری سەردەمی جەمال عەبدول ناسردا لە نێوان سەرەتای ساڵانی پەنجاوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی ھەفتا دروستکرا، ئەو سیستمە بوو کە ناوی ”سۆسیالیزمی عەرەبی“ لێنرابوو. سیستمێکی تاک حیزبی و تاک ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتگەر بوو، بەڵام دابینکەری زۆربەی خزتمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا بوو، لەوانەش دابینکەری خوێندن و خزمەتگوزاریی تەندروستیی خۆڕایی، دابینکردنی ئاو و کارەبا و خۆراک و خانوبەرە و کار. دەسەڵاتیش لەناو ئەم سیستمەدا لە چینە ئەرستۆکراتیی و فیوداڵەکانەوە گوازرابووەوە بۆ چینی ناوەڕاست، بە تایبەتی بەشەکانی خوارەوەی چینی ناوەڕاست. لە کایەی تیورەی سیاسیدا باس لە بوونی ”سەودایەکی دەسەڵاتگەرانە“ لەناو ئەم جۆرە سیستمانەدا دەکرێت، کە تیایدا دەوڵەت و حوکمڕانن خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ کۆمەڵگا دابیندەکەن، لە بەرامبەرردا کۆمەڵگا واز لە مافە سیاسییەکانی دھێنێت و کایەی سیاسیی لە وڵاتەکەدا دادەخرێت. بە مانایەکی دیکە سیستمەکە تەنھا پۆلیس و سوپا و دەزگاکانی تری بەکارھێنانی توندوتیژیی بەڕێوەی نابات، بەڵکو لەپاڵیدا ئەو جۆرە ”سەودا دەسەڵاتگەرە“ش ئامادەیە، کە لەبەرامبەر بێدەنگبوونی سیاسیدا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دابیندەکات. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵات لە دونیای دوای کۆلۆنیالیزمدا بە گشتیی و لە میسردا بە تایبەتیی، دەسەڵاتێکی ناسیۆنالیزتی عەلمانی چەپگەر بوو، ئەگەرچی دژایەتی دینیی نەدەکرد، بەڵام ڕێگەی بەھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی نەئەدا ئامادەبن و کاربکەن و بەھەموو جۆرێک سەرکوتیدەکردن. دوای مردنی عەبدول ناسر و ھاتنی سادات، ڕژێمە تازەکەی سادات، دەسکارییەکی ڕیشەیی ئەم سیستمە سیاسییە دەکات و کۆتایی بە ئاکاری سۆسیالیستانەی دەوڵەت دەھێنێت.  سادات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەلەپوری ناسریزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و سۆسیالیزم، دەرگا بەڕووی ئیخوانی موسلیمیندا دەەکاتەو و زیندانیکراوەکانیان ئازاددەکات،  بواری گەڕانەوە بە ئیخوانە ھەڵاتوەکانیش بۆ سعودیە و وڵاتانی خەلیج دەبەخشێت. ئەمانیش بە دووشتەوە دەگەڕێنەوە بۆ میسر: سەرمایەیەکی زۆر و سەلەفیزمی وەھابی. بە حوکمی ئەوەیش کە نەیاندەتوانی لە ئاستی سیاسیدا خۆیان ڕێکبخەن و وەک ھێزێکی سیاسیی ئامادەبن، بۆیە لەڕێگای کۆمەڵگای مەدەنیی و ڕێکخراوی خێرخوازیی و سەندیکای جیاوازەوە بەناو کۆمەڵگای میسریدا بڵاوبوونەوە. ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی تایبەت بەخۆیان بڵاوکردەوە و لە زانکۆکاندا چالاکییەکی زۆر و ھەمەلایەنیان دەستپێکرد. لەو شوێنانەشدا کە دەوڵەت بەھۆی خەسخەسەی ئابورییەوە، بەبێ خزمەتگوزاریی بەجێیھێشتبوون ئەوان دەستیانکرد بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەڵام ھاوشان بە بڵاوکردنەوە و پەرەدان بە فۆرمە ئیخوانییە سیاسیی و سەلەفییەکەی دینداریی. ئیخوانی موسلیمین لە مسیردا توانی بەشێکی گرنگیی چینی ناوەڕاست و ژمارەیەکی گەورەی بەشە ھەژارەکەی میسر بخاتە دوای خۆی. ھێزە ڕادیکاڵەکانی ئیسلامی سیاسییش، کە لەھەمان ژینگەدا میسردا دروستبووبوون، لەوەدا سەرکەوتن لە ساڵی ١٩٨١ دا خودی سادات بکوژن. بەڵام دەوڵەتی میسری لەوەدا سەرکەوت کۆتایی بە ھەڕەشەی سەربازیی ئیسلامی ڕادیکاڵ بھێنێت، ھەزارانی لێ کوشتن و لێگرتن و ڕاونان. بە کورتییەکەی دەوڵەت لە میسردا نەبوو بە دەوڵەتێکی دینیی، بەڵام کۆمەڵگاکە لە خوارەوە و لە ڕێگای ئامادەگی بەرفراوانی گروپە ئیسلامییەکانەوە، گۆڕدرا بۆ یەکێک لە کۆمەڵگا ھەرە دینییەکانی ناوچەکە. لە کۆتایی ساڵانی ھەفتاوە، تا دوای کۆدەتاکەی ژەنەراڵ سیسی بەسەر دەسەڵاتی ئیخوانی موسلیمین و محەمەد مورسی لە ٢٠١٣دا. کۆمەڵگای میسریی لە یەکێک لە کۆمەڵگا عەلمانییەکانی ناوچەکەوە دەگۆڕێت بۆ یەکێک دیندارترین کۆمەڵگاکان. لە ئێستادا بڕێک لە دورکەوتنەوە لەو دیندارییە ئیخوانییە سەلەفییە لە میسردا لەئارادایە. ھاوکێەشەکە لە میسردا بەم شێوەیە بوو: دەوڵەتێکی نادینیی دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی کۆمەڵگایەکی دینیی. ئەمەش وادەکات ململانێ لە میسر لەگەڵ دەوڵەت و حوکمڕاناندا لەسەر دین و دینداریی و بەگشتیکردنی لەشی دینیی، نەبێت. دین ئەو ڕۆڵە سەرەکیی و گرنگە لەم ململانێیەدا نەبینێت.  لە سعودیەدا دۆخەکە تەواو لەم دۆخەی میسر جیاوازە. دەوڵەت و وڵاتی سعودیە بەرھەمی ڕێکەوتنێکی مێژووییە لەنێوان خێزانی ئال سعود و خێزانی محەمەدی کوڕی عەبدولوەھاب دا. لەم ڕێکەوتنەدا دەسەڵاتی سیاسیی و حوکمڕانیی بۆ ئالی سعود بووە و دەسەڵاتی دین لەناو کۆمەڵگادا بۆ بنەماڵەی عەبدول وەھاب بووە. ئەمیر و پادشاکانی سعودیە حوکمڕانی سیاسیی وڵاتەکەبوون و دەزگاکانی دەوڵەت و پێگە سیاسییەکانی وڵاتەکەیان بەدەستبووە، ئیشکردنیش لەناو کۆمەڵگادا بۆ دەزگا دینییەکان بەجێھێڵدراوە کە سەر بە ڕێبازی سەلەفیی وەھابین، بێگومان دەزگا دینییەکان بەشێکی گەورەی ھێزی خۆیان لە ھێزی دەوڵەت و ڕازیبوونی بنەماڵەی ئال سعودەوە بەدەستھێناوە. ئەم دۆخە بەتایبەتی لە دوای شۆڕشی ئێرانیی ساڵی ١٩٧٩ ەوە تۆختر دەبێتەوە. پیاوانی دینیە وەھابییەکان نەک تەنھا مزگەوتەکان و فێرگە دینییەکانیان دەخرێتە لەژێردەست، بەڵکو دادگاکان و سیستمی خوێندن و فێربوون، سانسۆری میدیا و نووسین و بڵاوکردنەوەشیان پێدەدرێت، ئەمە جگە لە سانسۆری ژیانی گشتیی و دامەزراندنی پۆلیسی دینیی کە ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکە بە گشتیی و چۆنیەتی دەرکەوتنی لەشی ئافرەت لە کۆمەڵگادا، چاودێریکردوە. بە ھۆی ئەم دابەشکردنەی دەسەڵاتەوە بنەماڵەی ئال سعود وەک بنەماڵەیەکی دینیی و دەسەڵاتەکەیان وەک دەسەڵاتێکی دینی دەرناکەوێت، ئەوان نوێنەری سیاسیی وڵاتەکەن، وەھابیزمیش نوێنەری دەسەڵاتی دینییە لە وڵاتەکەدا. بە مانایەک لە ماناکان دابەشکردنی ئەم دوو دەسەڵاتە بەسەر دوو گروپی کۆمەڵایەتیی جیاوازدا بووە. ڕاگرتنی ئەم ھاوکێشەیە لە نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینیدا بنەمای ئیشکردنی ئەو سیستمەیە لە سعودیەدا سەروەربووە. بەڵام لە ساڵانی نەوەد بەدوا، بنەماڵەی ئال سعود و لەگەڵیدا دەسەڵاتی سیاسیی لەو وڵاتەدا بەھێزتر و فراوانتر دەبێت، تا ئەو شوێنەی بتوانن ھەنگاو بە ھەنگاو سنوور بۆ دەسەڵاتی دینیی لە وڵاتەکەدا، دابنێنن و کاریگەرییەکانی لەناو ژیانی گشتیدا کەمتربکەنەوە. ئەمە ھاوشان بە دروستبوونی بزاوتی ژنان و دروستبوونی ھێز و کەسایەتیی و میدیای لیبرال لە سعودیەدا. ئەم دۆخە لەمڕۆدا بەو خاڵەدەگات کەسێکی وەک محمەد بن سەلمان بە بڕیارێک سەپاندنی پۆشینی بەزۆری حیجاب لە وڵاتەکەدا پەکبخات و ئافرەتان مافی ھەڵبژاردن یان ھەڵنەبژاردنی حیجابیان بۆ بگەڕێتەوە.  ھەروەھا دەسەڵاتی پۆلیسی دین و پیاوانی دین و دەزگا دینییەکانیش، تا ڕادەیەکی زۆر، سنوورداربکات، ھەروەھا بەرنامەی ڕیفۆرمکردنی دینیی و سنووردارکردنی وەھابیزم، لە وڵاتەکەدا بسەپێنێت.  لەباتی ئەوەی دەسەڵاتی دینیی وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ، لە پاڵ دەسەڵاتی سیاسیدا ئامادەبێت، دەسەڵاتێک بێت لەژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سیاسیدا. ئەم دۆخەش ھەم ئازادییەکی زیاتر بە دەسەڵاتی سیاسیی لە وڵاتەکەدا دەبەخشێت، کە بێگومان دەسەڵاتێکی دەسەڵاتگەری خێزنیی و بنەماڵەییە، ھەم بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە لە سانسۆر و دەسەڵاتی وەھابیزم و دەزگاکانی ئازادببێت.  کۆمەڵگای سعودی خۆیشی، بە بەراورد بە کۆمەڵگای میسری، کەمتر دیندار و زیاتر ڕوو لە عەلمانیەتە. ھۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆ ماوەیەکی درێژ، دەسەڵاتی دینیی لە سعودیەدا، بە ھاوکاریی دەسەڵاتی سیاسیی، جۆرێکی تایبەت لە دینداریی بەزۆر بەسەر ھەمواندا سەپاندوە و دینی کردوە بە سانسۆرێکی بەربڵاو بەسەر ژیانەوە. ھەموو دیندارییەکی سەپێنراویش بەردەوام کاردانەوەی پێچەوانە، دژ بەو دیندارییە بەرھەمدەھێنێت.  ھەرچی دۆخی کۆمەڵگای ئێرانیی و دەسەڵاتی دەوڵەت لە ئێراندایە، تەواو جیاوازە لەوەی لە میسر و سعودیەدا ھەیە و ئامادەیە. لە ئێراندا دەوڵەت دەوڵەتێکی دینییە و ئەوەی حوکمڕانە عەقڵیەت و دەزگا و میکانیزمەکانی تیورەی ”ویلایەتی فەقیە“ کە خومەینی داھێنەرەکەیتی. لە ئێراندا شوناسی دەوڵەت و شوناسی حوکمڕانەکان، بە پێچەوانەی میسر و سعودیەوە، لەسەر دین دروستبووە، دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینیی بە توندیی بەناویەکداچوون و دەسەڵاتی ڕەھبەری وڵاتەکە، کە دەسەڵاتێکی دینییە، لەسەروی ھەموو دەسەڵاتەکانی ترەوەیە و لەھەموویان بەھێزترە. دەوڵەت لە ئێراندا فۆرمێکی تایبەت لە دینداریی بەسەر کۆمەڵگای ئێرانیدا دەسەپێنێت و بەشێکی گەورەی شەرعیەتی دەسەڵاتی دەوڵەت خۆیشی، لەو سەپاندنەوە سەرچاوەدەگرێت. ئەمە وایکردوە کۆمەڵگای ئێرانی، کە لە بەشێکی زۆری چل ساڵی ڕابردوودا لەدۆخی بەرگرییکردنێکی بەردەوامدابووە بەرامبەر بەو مۆدێلە تایبەتەی حوکمڕانیی، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگایەکی عەلمانیی ھەم دژ بەو دەوڵەتە دینییە و ھەم دژ بەو فۆرمە لە دینداریی سەپێندراو. ئەمە وادەکات یاخیبونەکانی ئەمڕۆکەی ئێران ڕەھەندێکی دژەدینیی گرنگ و بەھێزی ھەبێت و فڕێدانی حیجاب لەناویدا بگۆڕێت بۆ یەکێک لە کردە و سیمبۆڵە ھەرە سەرەکییەکانی یاخیبوون لەو وڵاتەدا. دروستبوونی شوناسی دەوڵەت و شوناسی حوکمڕانان لەسەر دین، وا دەکات، ئێران نەتوانێت وەک سعودیە، بە ئاسانی بڕیاری بە ئیختیارکردنی حیجاب بدات. یان بڕیاری کەمکردنەوە، یان پەراوێزخستنی دەسەڵاتی ئەو دەزگا دینییە پۆلیسیانە بدات، کە سانسۆری چۆنیەتی دەرکەوتن و جوڵەی لەشی ئێرانییەکان لە ژیانی گشتیدا دەکەن.  ھەموو دەسکاریکردنێکی چۆنیەتی دەرکەوتنی لەشی دینیی لە ئێراندا کێشەی گەورە بۆ کۆی تیورە و سیستمی ویلایەتی فەقیە دروستدەکات، لە کاتێکدا ئەم دۆخە نە لە میسر و نە لە سعودیەدا بوونی نییە. یاخیبوونەکانی ئەمڕۆکەی ئێران خواستی گۆڕانی سەرجەمی سیستمی حوکمڕانییەکەیان ھەیە، شەپازلەیەکی ھێجگار گەورەشە لە ڕوخساری ھەر دەسەڵاتێکی سیاسیی شوناسەکەی لەسەر دین دروستبکات و جۆرێکی تایبەتی لە دیندارییش بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت. بێگومان شەپازلەیەکی گەورەشە لە ڕوخساری ھەر دەسەڵاتێک ڕێزی مافە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی خەڵکی ناو کۆمەڵگاکە و ڕێزی ئازادییە بنەڕتییەکانیان، نەگرێت.  بە کورتییەکەی، میسر و سعودیە و ئێران سێ مۆدێلی جیاوازی حوکمڕانیی دەسەڵاتگەر و ئەوتۆریتێرن، جیانەکردنەوەیان لەیەکتری ڕێگرە لەبەردەم تێگەیشتن لە ھەریەکێکیان.


درەو: توێژەر: سەروەر عەبدوڵا- وەرزنامەی ئێرانناسی   بەرایی ستراتیجی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پێكهاتەی كۆمەڵایەتی، باری ئابووریی، ڕۆشنبیریی و سیاسی ئەو هۆكارانەن وادەكات بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ماوەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا (1979) لەچاو ناوچەكانی دیكەیدا زۆر جیاوازبێت، بەجۆرێك لەكۆتایدا بگاتە ئەوەی دۆست و هاوخەباتی دوێنێ ببێتە دوژمنی سەرسەختی ئەمڕۆ و بەرهەمی شیرینی شۆڕش ببێتە هۆكاری جەنگی خوێناوی لە نێوان هێزە كوردییەكان. پاش ڕووخانی ڕژێمی شاه لە 1979 ئەوەندەی پێناچێت شەڕ دەكەوێتە نێوان هێزە كوردییەكان و سوپای پاسداران و هێزەكانی پارێزگاری كردن لە شۆڕش. هەڵكەوتەی ناوچەكە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببێتە مۆڵگە و حەشارگەی زۆرێك لە نەیارانی حكومەتی دوای شۆڕش، بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی ڕێگە خۆشكەر دەبێت بۆ زۆرێك دەستبەرن بۆ پشێوی نانەوە و یەكلایكردنەوەی كێشە لەمێژینەكانیان لەگەڵ نەیارانیان، بۆنمونە كوشتنی (عەبە حەبیب) لە پێكدادانەكەی (بیانی تەواونەكراوی ساواك) لە مەریوان لە (19/07/1979) و كوژرانی 12 ئەندامی مەكتەب قورئان جۆرێك بووە لە تۆڵە و كۆنەقین “بەرپرسی چەكدارەكان (عەبە حەبیب) ڕووی دەمیكردە فەرمانداری نیزامی یەكێتی جوتیاران و ڕایگەیاند: ئەوا من خۆم دەدەم بەدەستەوە، بەڵام بە مەرجێك ڕادەستی نامەردم نەكەیت، پاش خۆ بەدەستەوەدان ئاژەڵێكی سروشت دڕندە تەقەی لێكرد و كوشتی … زۆرینەی دانیشتوانی ئەوسای مەریوان ئاگاداربوون عەبە حەبیب كەوتە بەر پەلاماری ئاگری تۆڵەی، كە ویستبووی كێشەی سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی خۆی و عەبە حەبیب بەوشێوە قێزەونە تۆڵە بكاتەوە”1. لەبەرئەوەی كۆمەڵگەی كوردی بەدرێژای دەسەڵاتی شاهنشاهی نەیتوانیوە ئازادانە بەشداری چالاكییە سیاسییەكان بكات و لە كەشوهەوایەكی دیموكراسیدا برەو بە تێگەیشتنە سیاسی و ڕۆشنبیرییەكانی خۆی بدات، بۆیە دەبینیت كاتێك شۆڕش دەستپێدەكات هەمووان لەهەوڵی ئەوەدان گرووپ و حیزبێك دروست بكەن و لەژێر ناوێكدا كار بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی بكەن! ئەم زەمینەیە دەبێتە هۆكاری دەركەوتنی کۆمەڵێک حیزبی بێ ئامانج و بێ پەروا “ساڵی (1979) دەیان حیزب، ڕێكخرا، دەستەو تاقم لە كوردستانی ڕۆژهەڵات خۆیان ناساند … پلاكاردێكی بە شەقڵەیەكەوە كردبوو، دروشمێكی لێ نووسیبوو یان دێوەجامەیەكی هەڵدابوو. هێندەی بڵێیت یەك و دوو ڕەچەڵەکی حیزب و ڕێكخراوەكان بەری ئاسمانی گرتبوو”2. دواجار نەبوونی هۆشیاری سیاسی و یەكڕیزی حیزب و ئەجێندایەكی یەكگرتوو لەلایەك و دەركەوتنی ئەم هەموو هێزە سیاسییە چەك بەدەستە لەلایەكی دیكەوە دۆخەكەی بۆ پێكدادانی بەرژەوەندی هێزی چەكدارەكان سازاند. بۆ نموونە لە شاری مەریوان هەڵكوتانە سەر لایەنگرانی مەكتەب قورئان دەرفەتی ئەوە دەدات بە دەست حكومەتی شۆڕشییەوە هێز بجوڵێنێت بەرەو ناوچە كوردییەكان و مەریوان. “لە ئێوارەی (20/07 تاوەكو 11/08/1979)، زۆرینەی ئەندامانی (بارەگای بەرگریی لە ئازادی شۆڕش) بەبێ جیاوازی گرووپ و ڕێكخراوەی بەشدار بوون لە داكۆكیردن لە شاری مەریوان، بەڵام بەشدارییەك بوو بەبێ ئامانج و بەرنامە و ستراتیژییەكی دیاریكراو، هەركەس بە گوێرەی بیرو بۆچوونی تاكە كەسی خۆی لە كوورەخانەكەی موسەوی تاوەكو جەنگەڵبانی پاڵیدابوو بە دیوارێك یان بن بەردێكەوە و سەنگەری لێدابوو”3. لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە ئەو زەمینەسازییەی بۆ پێكدانانی هێزە كوردییەكان هاتۆتە ئاراوە دەستكراوەی زیاتر دەدات بەو گرووپەی كە بڕاوان وایە كێشە و قەیرانەكانی كوردستان دەبێت لە ڕێگەی هێزەوە چارەسەر بكرێت ئەویش بە پاڵپشتی خودی كوردەكان، واتە فارس نەكرێتە قوربانی بۆ ئارامكردنەوەی ناوچە كوردییەكان. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدەدەین خاوەندارێتی هێزێك ڕوون بكەینەوە، كە دەبێتە ڕێگە نیشاندەری سوپای پاسداران بۆ هاتنە ناو شارە كوردییەكانەوە بەئاسانترین ڕێگە، هێزێكی چەپەكان ئەحمەدی موفتی زادە وەك سەركردەیەكی ئایینی-نەتەوەی بەدامەزرێنەری دەزانن و خۆشی بەدرۆی دەخاتەوە، بەجۆرێكی دیكە ئێرانییەكان لەژێر ناوی موفتی زادەدا هەوڵدەدەن گەنجانی كوردی بۆ ناونووس بكەن، ئەو هێزەش (پێشمەرگەی مسوڵمانی كورد)ە. تێڕوانینی دەسەڵات بۆ چارەسەری قەیرانی ئاسایشی  شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان 1979 ئاڵۆزیی شارە كوردییەكان لە ڕۆژانی شۆڕش و دواتردا بەجۆرێك دەبێت، كۆنتڕۆڵ لەدەستی هێزێكی تایبەتدا نامێنێـەوەو دەسەڵاتی ناوەند بەتەواوەتی لاواز دەبێت. لە بانە و مهاباد حیزبی دیموكرات كۆنتڕۆڵ دەگرێتە دەست، لە سنە و مەریوان دەوروبەری كۆمەڵە دەیەوێت بەهەر جۆرێك بووە (پادگان) كۆنتڕۆڵ بكات، بۆیە تاران لەڕێگەی ناردنی لیژنەكانییەوە دەیەوێت بگاتە چارەسەرێك و ئارامی بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەكە4، ئەویش لەبەرئەوەی هاوسنوور بوون لەگەڵ عێراقدا هەمیشە جۆرێك لەمەترسی بووە بۆیان. ئێمە بۆئەوەی زیاتر لەبەرنامەی تاران تێبگەین، گرنگە دیدگاكانی ئەوان بزانین بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لێرەدا بەگشتی چوار تێڕوانین جێگەی قسە لەسەركردنن: ١ . چارەسەری قەیرانەكان لە ڕێگەی دانوسان و لێكتێگەیشتنەوە: ئەم كۆمەڵە بڕوایان وا بووە دەسەڵاتی ناوەند دەبێت لە ڕێگەی ناردنی لیژنە و دانیشتن لەگەڵ نوێنەرایەتی كورد و سەركردایەتی سیاسی ئەوكاتەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دانیشتنی بەردەوام ئەنجام بدرێت بۆ لێكتێگەیشتن و گەیشتن بە ڕێكەوتن، بڕوای بە چارسەری ئاشتیانە هەبوو، هیچ پێویست بە بەكارهێنانی هێز ناكات. ٢ . ئەم تێڕوانینە لە گۆشەنیكای ڕووداو و جیاوازییەكانی دوژمنانی شۆڕشەوە سەیری كێشەكانی كوردستانی دەكرد، بۆیە هەر ئارامگرت و چاوەڕێكردنێكی بەواتای لەدەستدانی كوردستان و مەترسی بۆسەر ئێران دەبینی. تەنها چارەسەری لەبەشداری پێكردن و هاوكاریكردنی خەڵكیدا دەبینی. بوونی سوپای پاسداران و هێز تەنها ئامادەییەكی سەربازیی و ئاسایشیی نییە لە ناوچەكەدا، بەڵكو بوونێكی گرنگە بەتایبەت ئەوكاتەی خەڵكی ناوچەكە بەشداری دەكەن و دەبن بە بەشێك لەو هێزە سەربازییە، واتە بوونێكی کولتووری تێكەڵ بە بابەتەكە دەبێت و بەمشێوەیەش دەكرێت ئارامی بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە!”محەمەد بروجەردی یەكێك لە سەركردە سەربازییە ناسراوەكانی كوردستان بڕوای وابوو، كە بەبێ پەیوەستبوونی خەڵكی كورد بە بوارە ئاسایشییەكە و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی ئاسایشی ناتوانرێت لەم ناوچەیەدا كاربكرێت”5. واتە بە بڕوای بروجەردی كۆماری ئیسلامیی ئەگەر دەیەوێت كێشە و پشێوییەكان چارەسەربكات، دەبێت كاربكات خەڵكی كوردستان خۆیان بێنە پێشەوەو ئەرك و بەرپرسیارتی وەربگرن و هاوكاری بكەن. بەپێی سەرچاوە فارسییەكان دواجار هەر ئەم دیدگایە دەبێت بەهۆی دروستكردنی هێزی پێشمەرگەی مسوڵمان. دروستكردنی هێز لەخۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆیان! لەهەمانكاتدا دەوڵەت لە بورارەكانی ئابووریی، کولتووری و كۆمەڵایەتیدا داواكری و پێداویستییەكانی خەڵكی دابین بكات. ٣ . هەرچی دیگای سێیەم هەیە بڕوای تەواوەتی وابووە، چارەسەری قەیرانەكانی كوردستان تەنها لەڕێگەی  كولتوورییەوە دەكرێت و هیچ جێگەیەكی بۆ بەكارهێنانی هێز نەهێشتبوویەوە. بڕوای وابوو دەبێت زەمینە لە بوارە كولتوورییەكاندا بسازێنرێت بۆ ئەو لایەنانەی لەم بوارەدا كاردەكەن و چارەسەری كێشەكان لەڕێگەی سەندیكا و ڕێكخراوەكانەوە بدۆزنەوە. دەتوانین بڵێن مەكتەب قورئان و ئەحمەدی موفتی زادە یەكێك بوون لە سەرسەخترین لایەنگرانی ئەم دیدگایە6، بەڵام خۆیان دواجار دەبنە قوربانی دەستی ئەو لایەنانەی بڕوایان بە هێز هەبوو لەچارەسەركردنی كێشەكاندا. نەبی الله ڕۆحی دەڵێت “لە ئەنجامدا شوێن كەوتووانی ئەم دیدگایە لە ناوچەكەدا بوونە قوربانی توندوتیژییەكانی هێزە شۆڕشییەكان”7. واتە لەبەرئەوەی چەك هەڵناگرن بەئاسانی هێزە چەكدارەكان توانیوایە ڕووبەڕوویان ببنەوە. ٤ . بە بووچوونی ئەم كۆمەڵە تەنها چارەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداریی و سەركوتكردنی هێزە ناڕازییەكان و دەرپەڕندنیانە لە ناوچەكە. ئەمانە ئەو كەسانەبوون كە لە ڕابردووشدا وەك فەرماندەی سەربازیی كاریان كردبوو، هیچ جیاوازییەكیان لە نێوان شۆڕشگێران و كۆبوونەوەی خەڵكی ئاساییدا نەدەكرد و بڕوایان وابوو هەمووان دەبێت بە توندترین شێوە سەركوت بكرێت. جا وەك دەردەكەوێت دواجار ئەم بۆچوونە بۆ چارەسەری كێشەكان قسەی كۆتای خۆی دەكات و لەڕێگەی هێز و سەركوتكردنی هەر جووڵانەوەیەكەوە ناوچە كوردییەكان كۆنترۆڵ دەكاتەوە و جێگەیەك بۆ خەباتی مەدەنی نامێنێتەوە8. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەكرێت دیدگا و تێڕاونینی كورد و سەركردایەتی كورد و چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە بۆ دوو دیدگا دابەش بكرێت. دیدگایەكیان هەر لەسەرەتاوە تاوەكو كۆتای چارەسەری فارسەكانی بە جۆرێك لە كات كڕین و دەرفەت قۆستەوە لەلایەن حكومەتەوە بۆ خۆ بەهێزكردنەوە تەماشاكردووە. هیچ بڕوایەكی بە تاران نەبووە بۆ چارەسەری كێشەكان. لایەنگرانی ئەم دیدگایەش بریتیبوون لە هێزە چەكدارەكانی وەك حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵە. دەكرێت هۆكاری سەرەكی ئەم بڕوا نەبوونەش بە دەسەڵاتی نوێی و ڕابەری شۆڕشەكە لەوە سەرچاوەی گرتبێت: ئەم دوو هێزە لەڕووی مێژووی کولتووری سیاسی ئێران و مامەڵەكانی ناوەند لەگەڵ كورددا هەرگیز ئاشتییانە نەبووە، چونكە ناوەند بڕوایان بە شتێك نەبووە بەناوی كێشەی كورد و مافەكانی كوردەوە. هێزێكی وەك دیموكرات لە سەردەمی پێشەوا قازی محەمەدەوە بۆی دەركەوتووە هەركات ناوەند بەهێزبوو یەكەم كاری بریتیی دەبێت لە سەركوتكردنی كوردە سیاسی و ناڕازییەكان، بۆیە بەهەمان دیدگاوە لە شۆڕش و كۆمارە نوێكەی ڕوانیوە و بڕوایان وابووە، هەركات دەسەڵاتی ناوەند هێزی بۆ بگەڕێتەوە و جێگیر ببێت ڕێگە بە هێزی كوردی نادات لەناوچەكەدا ئامادە ببن، لەبەرئەمە هەر لەسەرتاوە كاریان بۆ خۆ باڵادەستكردن و دەركردن و لاوازكردنی دەسەڵاتی تاران كرد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا. هۆكارێكی دیكە ئەوەیە ئەم هێزە نوێیە شۆڕشگێڕە بە سەركردایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی، هێزێكی مەزهەبییە و لەبەرامبەردا ئەمان هێزێكی دیموكرات یان كۆمۆنیستین و هیچ كات ڕێگەیان نادەن لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن و لەئایندەدا چالاكی سیاسی ئەنجام بدەن9. هەروەها گوتار و دیگای حكومەتە شیعییەكەی خومەینی هیچ ڕوون نەبووە بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد و نەیانتوانیوە بە ڕوونی گفتی چارەسەری كێشەكانیان لێوەربگرن10.جگە لەوەی كۆمەڵێك چەمك و ئاماژەی سیاسیی هەبووە سەركرایەتی كورد پێداگری لەسەر كردووە، بەڵام لە فەرهەنگی تاراندا هیچ پێگەیەك بۆ ئەم چەمكانە بوونی نەبووە، وەك ئەوەی حیزبی دیموكرات داوای دیموكراتی دەكات بۆ ئێران و خودموختاری بۆ كوردستان، بەڵام دیموكراتی و خودموختاری دوو چەمكن لە (قوم) هیچ پێگە و قورساییەكیان نییە و بە چەمكە ڕۆژئاوای و فەرهەنگییەكان باسیان دەكەن11. ئەمە بەو واتایە نییە هێزێكی وەك دیموكرات هەر لە سەرەتاوە وەك بڕوای بە جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە هەبوو، ئەوەتا خودی ئەبولحەسەن بەنی صەدر لە كتێبی (خیانت بە امید) بە ڕوونی باسی ئەوە دەكات كە لە ڕۆژەكانی دەستنیشانكردنی وەك (سەرۆككۆماری ئێران) نوێنەری دكتۆر قاسملۆ دەچێت بۆلای و گفتی ئەوە دەدات: ئەوان وەك حیزبی دیموكرات بڕوایان بە هێز و شەڕ نییە بۆ چارەسەری كێشەكانی كوردستان12، بەڵام دۆخەكە جۆرێك لەكۆنترۆڵ دەرچووە بەڵێن و پەیمانەكان ناتوانن تاسەربن! هۆكارێكی دیكە وادەكات كورد بڕوا بە تاران نەكات ئەوەیە، حكومەتە نوێكە مەزهەبی عەیارە و جگە لە تێگەیشتن و تێڕوانینی مەزهەبی هیچ شتێكی دیكە نابینێت، لەولاشەوە هێزێكی وەك كۆمەڵە و دیموكرات تێڕوانینێكی چەپی ماركسی ڕادیكاڵیان هەیە، كە زۆرجار تەنانەت زمانی گفتوگۆ و نوسین و لێدوانەكانیشیان كێشەی دروستكردوون بۆ نموونە شێخ عیزەدین لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەی (اطلاعات) كە لە ژمارەی ڕۆژی (15/3/1979)دا لە لاپەڕە 10 بڵاوكراوەتەوە بە ڕوونی داوا دەكات كە ئابووریی ئێران لە ڕووی سیستەمەوە بگۆڕێت بۆ سیستەمێكی ئابووری سۆشیالیستی، هەر لەهەمان لێدواندایە ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ كۆمۆنیستەكانی ئێراندان و لەناو ئێراندا چاكی دەكەن، هەروەها وتی “ئەگەر جوبرەئیل لە ئاسمانەوە بێت و یاساگەلێك بهێنێت كە خودموختاری كوردستانی تێدا نەبێت، ئێمە ئەوە قبووڵناكەین”13. بۆیە ئەمان ناتوانن بڕوا بەوە بكەن لە ئایندەدا دەتوانن لەگەڵ هێزێكی مەزهەبیدا بەگفتوگۆ چارەسەر بدۆزنەوە. لەبەرامبەردا دیگای دووەم لەناو كوردەكاندا لەسەرەتاوە بڕوای بەوە هەیە كە دەكرێت لەڕێگەی ڕێكەوتنامە و دانیشتنی سیاسیەوە لەگەڵ تاران بگەنە ڕێكەوتن و تەنها چارەسەر بدۆزنەوە، كە ئەمەش دیدگای هێزە ئیسلامییە سوننیەكەیە كە ئەحمەدی موفتی زادە نوێنەرایەتی دەكات، لەگەڵ ئەوەی تا كۆتای بەرگری لە بۆچوونەكەی دەكات، بەڵام لەدوای تێپەڕینی چەند مانگێك بەسەر شۆڕشدا دەگەنە ئەو بڕوایەیی دەسەڵاتی قوم ئەوەندەی دیدگایەكی پیلانگێڕی و كێشە نانەوەی بەسەردا زاڵە بڕوای بە زمانی گفتوگۆ نییە بۆ چارەسە14، بۆیە لەو تێگەیشتنەیان بۆ حكومەتی ناوەندی پەشیمان دەبنەوە، تادەگاتە ئەوەی بڕیاری بڕینی هەموو هاوكاریی و هەماهەنگییەك دەدەن لەگەڵ حكومەت و كاربەدەستان و سیاسییەكاندا15. هەوڵە لەپێشینەكان بۆ ڕوونەدانی جەنگ ئەوەی زیاتر دەتوانێت تێگەیشتنی موفتی زادە و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی مسوڵمان لەلایەك و هێزە چەكدارە كوردەكانی دیكە لەلایەكی دیكە ڕوونتر بكاتەوە بریتییە لەهەوڵەكانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان بەتایبەت كۆمەڵە بۆ ڕێگری لە پێكدادانی سەربازیی. لەڕاستیدا پەیوەندی موفتی زادە و هێزە چەپەكان باسێكە بەدرێژای دەركەوتنی لە كایە ڕۆشنبیری و سیاسییەكاندا ئامادەیی هەیە و بەجۆرێك لە جۆرەكان هەمیشە لە كێشەدا بوون لەگەڵ یەكتردا، بەڵام بە سەرهەڵدانی شۆڕش دەچێتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، بەتایبەت ئەو كاتەی هەوڵی تیرۆركردن و ڕشتنی خوێن دەكەوێتە نێوانیانەوە. موفتی زادە لە كتێبی دەربارەی كوردستاندا باس لە هەوڵە بێ ئاكامەكانی دەكات بۆ نزیكردنەوە و دروستكردنی كۆدەنگییەك لە نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكاندا. هەر لەسەرەتای شۆڕشەوە موفتی زادە بە سەفەرێكی تایبەت و بە مەبەستی بینین و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرانی چەپ و لایەنە سیاسییەكاندا دەچێتە سەقز، و لەماڵی مەلا عەبدوڵڵای ئیمامی مزگەوتی گەورەی سەقز كۆدەبنەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا و دوای گفتوگۆیەكی چەند كاتژمێری دەگەنە ئەوەی ڕێكەوتنامەیەكی سێ ماددەیی واژۆ بكەن، بەڵام دواتر و لە غیابی موفتی زادەدا (كۆمەڵە و شێخ عیزەدین) تەواوی ئەو ڕێكەوتنامەیە هەڵدەوەشێننەوە، ئەمە لەكاتێكدا ئەوان بە پێچەوانەوە موفتی زادە بە بەرپرسیار دەزانن، كە بووە هۆی “ڕوودانی ڕووداوی موسیبەتباری كۆتایی مانگی ئەسفەندی 1357 (مانگی دووی 1979)، كە نزیكەی 500 مرۆڤی بێ تاوان لەو ڕووداوەدا كوژران”16. لەهەوڵی دووەمدا بۆئەوەی شەڕی ناوخۆ دروست نەبێت ئەحمەدی موفتی زادە لە هاوینی ساڵی 1358 (هاوینی 1980)دا دەچێتە گوندی (بغدە كندی) و لەوێ لەگەڵ سەركردایەتی كۆمەڵە و دیموكراتدا كۆدەبێتەوە: لە كۆمەڵە: شێخ عیزەدین حوسەینی و براكەی جەلال حوسەینی، لە برادەرانی حیزبی دیموكراتیش محەمەد خەرازی ئامادە دەبن. دوای باسێكی چەند كاتژمێریی، موفتی زادە دەرباری بارودۆخی كوردستان (سنە) و ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و بەچارەسەر نەكردنی ئەگەری هەیە لەئایندەدا چی ڕووبدات، باس دەكات و ڕوونكردنەوە دەدات، دەرئەنجامی ئەم دانیشتنەش بەهەمان شێوە دەركردنی ڕێكەوتنامەیەك بووە، “كاسێتە تۆماركراوەكانی ئەم دانیشتنەش لەلایەن جەلال حوسەینییەوە دەستی بەسەرداگیرا، دەقی ڕێكەوتنامەكەش كە واژۆ كرا، بڕیاربوو لەلایەن (محەمەد خەرازی)ەوە بڵاوبكرێتەوە، بەڵام ئەو ئەم كارەی هەرگیز ئەنجام نەدا”17. دواتر بڕیاردەدرێت لە (مانگی چواری 1979) لە شاری كرماشان بۆ نزیكبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەیەك گرێ بدرێت، بەڵام سەرانی گرووپە سیاسییەكانی ناوچەكە بە هاوڕێیەتی شێخ عیزەدین لەبری ئەوەی بێنە كرماشان، بەپێی بەرنامەیەكی یونسی (پارێزگاری كاتی كوردستان–سنە-) ڕۆیشتن بۆ چاوپێكەوتنی ئیمام و دەسەڵاتدارەكانی ناو حكومەت! دەتوانین بڵێین كۆتا هەوڵی موفتی زادە بۆ نزیكردنەوەی سیاسییەكانی كوردی ڕۆژهەڵات بریتی دەبێت لە بانگهێشتكردندیان بۆ بەستنی كۆنفرانسێك كە دواتر بەناوی (كۆنفرانسی خودموختاری)ەوە ناوی دەركردن، بەڵام دواتر كۆمەڵە و شێخ عیزەدین بەشداری ناكەن و هەر نەتوانرا ئەو كۆدەنگییە دروستبكرێت! ئەمە ئەو سێ هەوڵە شێلگیرانەی موفتی زادەیە بۆئەوەی كوردەكان بكاتە خاوەنی یەك پاكێجی و كۆدەنگی، بەڵام وەك دەردەكەوێت دواجار هێزە سیاسییە چەك بەدەستەكان بەرنامە و ئەجێندای دیكەیان دەبێت. مامۆستا محەمەدی ئیمامی لەم بارەیەوە دەڵێت “خەڵكی ئێران بەتایبەت گەلی كوردستان وایان بیردەكردەوە كە دەبێت هەموو یەك دەنگ و یەك ڕەنگ بن، بەڵام ڕێكخراوە چەپەكان بەداخەوە خۆیان لەخەڵك جیادەكردەوە. هەرچەندە لە ڕواڵەتدا بەنێوی خەڵكەوە خۆیان نیشان دەدا، بەڵام زۆربەی خەڵكیان بە كۆنەپەرست و دواكەوتوو دادەنا. بەتایبەت ئەگەر كەسێك لەسەر بیروباوەڕی ناسیۆنالستی و نەتەوایەتی پێداگر بووایە یان بیویستایە بەناوی دین و مەزهەبەوە بێتە مەیدانەوە.. ئەو تاو و یاوەی ئایدۆلۆژی ماركسیست-لینینستی پەردەیەكی بەسەر چاو و گوێیاندا هێنابوو كە هیچ كەسیان جگە لەخۆیان نەدەبینی، هەرقسەیەك لەگەڵ بیر و بۆچوونی ئەوان یەكی نەگرتایەتەوە پێیان پڕوپووچ بوو”18. بە بۆچوونی ئیمامی گەوەرترین هۆكار كە بووە بەرەبەست لە نزیكبوونەوەی هێزە كوردییەكان لەیەكتری بریتیبوو لە قبووڵنەكردنی یەكتری19. یەكێك لەزەمینەكانی گەشەكردنی هێزە سیاسی و مەدەنییەكان بریتییە لە ڕەخساندنی كەش و هەوایەكی ئارام و كردنەوەی دەرگاكانی گفتوگۆ، وەك دەردەكەوێت موفتی زادە ویستوویەتی ئەم زەمینەبە بسازێنێت و دواتر بۆ گەشەكردنی ڕەوتەكەی بیقۆزێتەوە، بۆیە دەبینیت لە ڕۆژی مانگرتنی خەڵكی شاری سنە لە مزگەوتی گەورەی ئەو شارە وتارێك پێشكەش دەكات و هەموو لایەك لە هاوڵاتیانی كوردستان (سنە) بەڕاست و چەپیانەوە بانگهێشت دەكات بۆ دانبەخۆداگرتن و زیندووكردنەوەی گیانی برایەتی و یەكتری قبووڵكردن، “ئەگەر كاك ئەحمەد لە كۆبوونەوە و وتارەكانی پێشووتریدا وردە گلەیی لە چەپەكان هەبووایە لەو ڕۆژەداو لە وتارەی مزگەوتی گەورەی سنەدا زۆر بەزمانێكی نەرم و پێداگریكردن لەسەر برایەتی و یەكێتی قسەی كردووە”20. كورتەی ڕووداوی مانگرتنەكە بەمشێوەیە دەبێت: دوای ئەوەی بارودۆخی شاری سنە بەرەو ئاڵۆزتر دەبرێت و ئاسایشی هاوڵاتیان دەكەوێتە ژێر مەترسییەوە، خەڵكی شار دەست دەكەن بە مانگرتنێكی كۆمەڵی لە مزگەوتی گەورەی ئەو شارە، لەهەمانكاتدا داوا لە حكومەتی ناوەند دەكەن بەشداری ڕاستەوخۆ بكات و هەوڵی جدی بدات لە دامركاندنەوەو دانانی نەخشە ڕێگایەك بۆ ئەو بارودۆخە، بۆ ئەم مەبەستەش چوار نوێنەر لەشاری سنەوە بەرەو تاران بەڕێدەكەن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ خودی (موهەندیس بازرگان)، دوو لەو نوێنەرانە بەڕێزان (حاجی مەلا سدیقی عەلایی و ئاغا یونس)ی بووە. ئەمان دەچن و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوەند كۆدەبنەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە وا دەردەكەوێت هەندێك سیاسیش لەناوەند بڕوایان وابووە كە دەبێت بەهێز و زەبر ڕووبەڕووی چەپەكان ببنەوەو لێیان بدرێت و دەربكرێن، ئەحمەدی موفتی زادە ئەم زانیارییەی لە كەسانی ناو ئەو لیژنە چوار كەسییەوە بیستووە، بۆیە ترسی ئەوەی لەلا دروست دەبێت، ئەم بۆچوونە جێبەجێ بكرێت و ئەم مانگرتووانە بڕوا بە ئاوا پێشنیارێك بكەن و هەوڵبدەن بە شەڕ ڕووبەڕووی ئەو حیزبانە ببنەوە، بۆیە وەك ئیمامی دەیگێڕێتەوە ئەو ڕۆژە موفتی زادە لەمزگەوتی گەورەی سنە وتارێكی زۆر نیشتمان پەروەرانەی دڵسۆزانە پێشكەش دەكات “دوای نوێژی عەسر كاك ئەحمەد وتاریدا، لە وتارەكەیدا خەڵكی بانگكرد بۆ ئارامی و خۆڕاگری بەرامبەر ناكۆكییەكان و برا چەپەكان بۆ هاوكاری لەگەڵ جەماوەر بۆ دابینكردنی مافی سروشتی كە خواد داوییە بە نەتەوەی كورد و دەستهەڵگرن لە توندوتیژی. هەمووانی بانگكرد بۆ هاوكاری و یەكێتیی و لابردنی چەند بەرەكی. بەتایبەتی زۆر پێداگری كرد لەسەرئەوەی ئەو برادەرانەش (مەبەست كۆمەڵە و چریكەی فیدای) هەر ڕۆڵەی ئێوەن، ئێوە هەوڵبدەن كە ناكۆكی نەمێنێ و دژایەتی بنێننە گۆڕ. دەیگوت دەبێت بەئارامی لەگەڵ یەكتر هەڵسوكەوت بكەن، دەیگوت دەخیلتان بم ئەگەر ئەو برادەرانەش ناكۆكییەكیان پێكهێناوە ئێوەی جەماوەر ئەوان بە سەبر و حەوسەڵە ناچاربكەن، لە توندوتیژی دژی ئەوان خۆبپارێزن. تكاتان لێدەكەم، لێتان دەپاڕێمەوە بڕێك كاری ناڕەوای ئەوان ناچارتان نەكات بەوەی خوا نەخواستە قەترەیەك خوێنی كوردێك بەدەستی كوردێك بڕژێت، بە هاوكاری و سەبر و یەكدڵی و لێبوردەیی هەموو شتێك چارەسەر دەكرێ. دەزانم ئێوە بە هەر هۆیەك هەیە زۆر توڕەن و دڵتان دەردە دارە، بەڵام هەرچی بێت ئەوانە برا و كوڕی ئێوەن، نەكا خوانەخواستە مەبەستێكی خراپتان هەبێت لەگەڵیان. داواتان لێدەكەم دووبارە بۆ خاتری خوا مەبنە هۆی ئەوەی كە ئاو لێڵ بكەن بۆ دوژمنانی هەردوو لا”21. لەم وتارەدا ئەوەی بەلای ئەحمەدەوە گرنگ بووە زمانی تفەنگ و خوێن ڕشتن نەیەتە گۆڕێ، لەلایەكی دیكەوەش ئەوە دەردەكەوێت، كە ئەو شتێكی بیستووەو لە هەوڵێك ئاگادارە بۆئەوەی بارودۆخی ڕۆژهەڵات بەرەو خوێنڕێژی و شەڕ بڕوات، بەڵام هەر دوای ئەم وتارە لەناكاو كەسێك لەناو جەماوەرەكەدا بە تفەنگێكی (ژێسێ)وە هەڵدەستێتەوە و تفەنگەكەی بەرزدەكاتەوە و دەقیڕێنێت “ڕابەر، بەخوا ڕازی بیت و ڕازی نەبیت ئێمە لێیان نابوورین و هێرش دەبەینە سەر بنكەكانیان”. دوای ئەوەی ئەم قسەیە لەناو جەماوەرەكەدا دەكات لەمزگەوت دەچێتە دەرەوەو ژمارەیەكی زۆر لەئامادەبووان شوێنی دەكەون و موفتی زادە لەكاتی وتارداندا بەجێدەهێڵن! بەجۆرێك بارودۆخەكە لەكۆنترۆڵ دەچێتە دەرەوە! “قەت ئەوەندە كاك ئەحمەدم بەناڕەحەتی نەدیبوو، هاواریكرد لەخەڵكەكە نەڕۆن، بە قسەیان نەكرد. ئەمجار هاواریكرد لەو مامۆستا و مەلایانە كە لەوێ بوون و گوتی مامۆستایانمان! بۆ خاتری خوا فریا كەون! بەری ئەو هێرشە ناڕەوایە بگرن، بۆخۆشی بە پەلە ڕۆیشتە دەرەوە. ئێمەش بە شوێنیدا ڕۆیشتین. كە چووینە دەرەوە هەزاران كەس ئاوا بە هوڕاكێشان و دروشم دان لە مزگەوتی جامیعەوە بە شەقامی شاپوری پێشوودا سەرەوخوار بەرەو مەیدان بەڕێكەوتین… ئێمەش هیچ چارەمان نەبوو ئەوە نەبێت بە ئوتومبیل و بە پیادە ڕوومانكردە چەمی (قەتارچیان) لە كوچەو كۆڵانانەوە كە سەربڕ (كورت بڕ) بوو بەرەو مەیدانی ئیقباڵی پێشوو بەڕێكەوتین، چونكە جەماوەرەكە دەبوو بچوایەتە مەیدانی ئەم بەر و لەوێوە بەسەر پردی (مەڵا وەیسا) بڕۆشتایە بۆ مەیدانی ئیقباڵ و لەوێوە بۆ شەقامی (شەشی بەهمەن)ی پێشوو، چونكە بنكەی حیزبە چەپە چەكدارەكان كە بریتیبوون لە چریكەی فیدای و جەمعییەت (كە لە دوایدا لەگەڵ چەند گرووپێكی بچكۆلە بوونە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ) لە نزیك شەقامی (ئەدەب) سەنگەریان گرتبوو. ئێمە دەستەی مەلایان و زۆرێك لەكەسایەتییەكانی سنەیی، سەقزی، بانەی، بۆكانی و مەریوانی، كە جەماوەرێكی زۆرمان پێكهێنابوو، بە ڕێنمای كاك ئەحمەد، زووتر لە جەماوەرە تووڕەكە گەیشتینە ئەوەڵی مەیدانی ئیقباڵ، لەو تەنگە بەرییەدا لەبەر سینەماكە بەڕیز ڕاوەستاین، دوو سێ ڕیز مەلا لەپێشەوەو باقییەكەی ڕیز بە ڕیز وەستان. ئێمە هەموو دەستمان لەیەك هەڵپێكا كە ببینە هێزی بەرگری … كاتی نوێژی شێوان بوو جەماوەر گەیشتە پێشەوە. كاك ئەحمەد دەستووریدا بڵندگۆیەكی دەستیان هێنا. گوتی بانگی شێوان بدەن. لەوێ بانگ گوترا و جەماوەریش كەئەوەیان زانی لە حەرەكەت كەوتن و لەجێی خۆیان دانیشتن. باوەڕبكەن سەرەتایان لەمەیدانی ئیقباڵ (ئازادی – ئێستا -) بوو، دواییەكەیان لە مەیدانی گەورە لای مزگەوتی والی بوو. كاك ئەحمەد وتارێكی زۆر دڵسۆزانەی دا و خەڵكی بانگكرد بۆ ئارامی، تا ئەندەزەیەك لە پیلانەكەی تێگەیاندن و هۆشداری پێدان. چونكە كاتی نوێژی شێوان بوو هەرلەوێ هەركەس دەستنوێژی هەبوو نوێژیانكرد. ئیتر ئەو پیلانە سەری نەگرت و جەماوەر بەرە بەرە بڵاوەیان لێكرد”22. لەگەڵ ئەم هەوڵەشێلگیرانەی بۆ ڕوونەدانی شەڕ! بەڵام دواجار وایان بڵاوكردەوە كە موفتی زادە فتوای جیهادی لەدژی هێزە چەپەكان داوە و ئەو ئێوارەیە خەڵكی بۆ جیهادی ئەوان بەڕێكەوتوون. بەمشێوەیە و دواجار ئەحمەدی موفتی زادە بارودۆخی ئەو ئێوارەیەی سنە كۆنتڕۆڵ دەكات و ئەو پیلانەی بۆ هەڵگرساندنی شەڕ و تێوەگلانی موفتی زادە داڕێژرابوو پوچەڵ دەكاتەوە و سەرناگرێت. بەڵام دواجار ئەم هەوڵانە ناتوانن بەر بە پیلانەكان بگرن و دواتر هێزێكی چەكدار بەناوی هێزی پێشمەرگەی مسوڵمانی كوردەوە دروست دەكەن و جەنگ دەهێننە ناو ماڵەكانەوە. پێشمەرگەی مسوڵمان و سەرەتای دەركەوتنیان یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی لە مانگەكانی سەرەتای شۆڕش و بەتایبەتی تر دوای كۆچی ئەحمەدی موفتی زادە و یارانی بەرەو كرماشان دەبێتە جێگەی باسوخواس و سەرقاڵی و گرفتێكی زۆر بۆ موفتی زادە و ڕەوتەكەی بریتییە لە دروستكردنی هێزێكی چەكدار لە كوردی شارەكانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە كرماشان و پاشان تەشەنەكردنی بۆ شارەكانی (جوانڕۆ، كامیاران، پاوە و مەریوان)23 كە بە هێزی (پێشمەرگەی مسوڵمانی كورد) ناودەردەكەن. چیرۆك و مەبەستەكانی ئەم هێزە پڕچەكە كوردە جیاوازە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە قۆناغێكدا كەس نایەوێت خۆی بكاتە خاوەنی و هەرلایەنەو خاوەندارییەتی دەداتە كەسێكی دیكە! لەوەش گرنگتر ئەوەیە دەسەڵاتی ناوەندی و سەرپەرشتیارانی هێزەكەن كە بۆ كۆكردنەوەی ئەندام دەیدەنە پاڵ ئەحمەدی موفتی زادە، بەڵام هێزە كوردییەكان بۆ لێدان لە مەكتەب قورئان و خراپكردنی ناوبانگی هەوڵدەدەن موفتی زادە بەدامەزرێنەر و ڕێكخەری ئەم هێزە سەربازییە بناسێنن! هەرەوەك ئاماژەی بۆ كرا، لە ڕۆژان و مانگەكانی دوای شۆڕشدا شارەكانی دیكەی ئێران كەم كەم بەرەو ئارامی دەڕۆیشتن، بەڵام ناوچە كوردییەكان بەپێچەوانەوە ببووە مەنزڵگەی ململانێیەكی قورسی سیاسی و سەربازیی، كۆمەڵێكیان لە هەر شارێكی ئێراندا جێگەیان نەبوایەتەوە دەهاتنە ناوشارە كوردییەكان و دەستیان بەچالاكی دەكرد كە بەشێك لەمانە پاشماوەی سەردەمی شا و دەزگای ساواك بوون24! بەداخەوە كوردەكانیش لەم پیلانەوە تێوەگلابوون، بارودۆخەكە بەجۆرێك لەكۆنترۆڵ دەرچووبوو، دەسەڵاتی ناوەند نائومێدبوون لە ناوچە كوردییەكان و پاشەكشەی پارسەنگی هێزی دەوڵەتەكەی بازرگان و بەنی سەدر، بەرنامەو كاریانی بۆ سەقامگیری كوردستان بەتەواوەتی گۆڕیبوو. هێزە كوردییە چەك بەدەستەكانیش لەبەرئەوەی بڕوایان بە ناوەند نییە هەرچی دەرفەتیان دەدرێتێ زیاتر هەنگاو بەرەو زمانی تفەنگ دەنێن! لەم سەروبەندەدا دەبێت هێزێكی چەكدار بە فەرمی دروست بكرێت، ئەمانیش بەهەمان شێوە زمانی تفەنگ دەكەن تاكە هۆكاری گەڕاندنەوەی سەقامگیریی و ئارامكردنەوەی ناوچەكە، ئەم هێزەش ناوی خۆیان دەنێن پێشمەرگەی مسوڵمانی كورد. سەرەتای بیرۆكەی دروستكردنی ئەم هێزە چەكدارە لەو كاتەوە دەست پێدەكات كە (محەمەد بروجەردی) دەڵێت “لەجیاتی ئەوەی پۆل پۆل گەنجە شیعەكان لە كوردستان بە كوشت بدەین دەبێت كارێك بكەین كە كوردەكان لەبەرامبەر یەكەوە بوەستن. لەبەرئەوە ئەگەر لە داری وشكیش بووە دەبێت پێشمەرگەی كوردی دەوڵەتی دروست بكەین”25. بەڵام هەندێكی دیكە بڕوایان وایە بیرۆكەكە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی بڕوایەكی قووڵ لەناو هێزە دەسەڵاتدارە ئێرانییەكەی ناوچەكەدا بەوەی “ڕۆڵی خەڵكی و بەرقەراركردن و جێگیركردنی ئاسایش و ئارامیی لە ڕێگەی خەڵكییەوە بۆ خەڵكی، كە بریتییە لە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی سیاسەتی (بەجەماوەرییكردنی ئاسایش) لە بەڕێوەبردنی قەیرانی كوردستاندا”26. چیرۆكی پەیدابوونی ئەم هێزە لەزاری یەكێك لەدامەزرێنەرەكانییەوە بەم شێوەیەیە “ئێمە لە مەریواندا بووین 25 كەس لە پێشمەرگەی مسوڵمان، لە 23 تیردا (19/07/1979) شەڕێك كراو حەبیب و كۆمەڵێك كەس شەهید كران ئێمەش بەم ژمارە كەمەوە شەڕمانكرد و لەشار ڕاوماننان و دەرمانكردن و چوون بۆ دێهاتەكانی دەوروبەر. ئێمە تا ماوەیەك لەشاردا دانیشتین و ئەوان دووبارە هاتنەوە، ئێمەش بەو ژمارە كەمەو بەو چەك و تفاقە كەمەوە كە هیچێكی وامان پێنەبوو، ئەمجارە هەڵساین و ئیتر لەمەریوان دەرچووین و چویین بۆ كرماشان، لەوێ بووین بە دوو دەستەوە، دەستەیەكمان ئەوەبوو كە بچین بۆ لای ئیمام (ئایەتوڵڵا خومەینی)، وا ڕێكەوت ئەم شتە بەر من و محەمەدی برام و باوكم كەوت كەبچین بۆ خزمەت ئیمام، هاتین بۆ فڕۆكەخانە و بینیم (شەهید چەمەران)یش لەوێ بوو، ئەویش زۆر موحیبەتی هەبوو، وتی بۆ كوێ دەچن؟ وتمان دەمانەوێت بچین بۆ خزمەت ئیمام و باسی ڕووداوەكانمان بۆ ئەویش كرد … ئێمە چووینە خزمەت ئیمام كاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ بوو، چووینە ئەوێ و دوای دە دەقیقەیەك یەكسەر بینیمان … بینیمان ڕەهبەر بەجلێكی سپییەوە هاتە دەرەوە .. فەرمووی بەخێر بێن یاخوا … بۆچی هاتوون؟ وتمان قوربان بارودۆخەكە ئاوایەو ئێمە هاتووین 25 كەس پێشمەرگەی مسوڵمان و زۆرمان بۆ هاتووە، توانای بەرگریمان نەبووە، بەڵام ڕۆحییەتمان بەهێزە و ئیمكانیاتمان زەعیفە”27. دوای ئەوەی پرسیاریان لێدەكات ئێوە كێن، ئەم دەستەیەش لەوەڵامدا دەڵێن “ئێمە پێشمەرگەین و مسوڵمانین، ئێمە خۆمانمان ناوناوە پێشمەرگەی مسوڵمان، واتە خۆمان فیدای شۆڕش و ڕەهبەر كردووە، ئەویش قسەكەس زۆر پێخۆشبوو”28. وەك لەم گێڕانەوەیەدا دەردەكەوێت هیچ ئاماژەیەك بەوە ناكرێت كە دەسەڵات دەیەوێت خەڵكی بەشێوەیەكی ڕێكخراوەیی ئاڕاستە بكات، بەڵكو زۆرتر قسە لەسەر خۆڕسكبوونی هێزەكە دەكرێت و خاوەندارێتی نادرێتە هیچ لایەنێكی دیاریكراو، لەهەمانكاتدا باس لەوە دەكات ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارییان هەبووە، بەمەدا دەردەكەوێت ئەم هێزە لە شوێنێكەوە توانیویانە دەستیان بە چەك بگات. بەڵام دواتر دەردەكەوێت كە ئەم هێزە بۆخۆی ڕێ و ڕەسمێكی سەربازییان هەیە بۆ ئەندام وەرگرتن “ئەندامی وەرگیراو لەگەڵ ئەوی لەیەكە و كەتیبەكانی شەڕ و مانۆڕیدا جێگیر دەكران، پارێزگارییان لەناوچەكانی خۆیان گرتە ئەستۆ. ناوچەی شار و دێهاتەكان بەپێی ئاستی ئاسایش و ئارامییان دابەشكرابوو، هەر ناوچەیەک بەپێی بارودۆخی ئەمنی هێزی بۆ دادەنرا، ئەو ناوچانەی هێزی شۆڕشگێڕی لێبووە و نائارام بووە لە ئەولەوییەتی كاردا دادەنراو. لە قۆناغی دووەمدا و پاش ئەوەی كەسەكان ناونوس و دڵنیابوون لێیان پڕچەك دەكران و ناونیشانی پێشمەرگەی مسوڵمانیان پێدەدرا”29. تەنانەت لە ناوچەی كرماشان سەربازگەی تایبەتییان بۆ كردوونەتەوە و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ڕاهێنانیان پێدەكراو. بەهەرحاڵ، محەمەد عەلی حەیدەری لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دێتە سەرباسی وەرگرتن و ناونانی ئەم هێزە لەلایەن خودی ئایەتوڵڵا خومەینییەوە: لەدوای ئەوە “ئیمام بڕیاریدا كە سازمانێك بەناوی سازمانی پێشمەرگەی مسوڵمان دروست بكرێت”30. لەدوای ئەم دانیشتنە كورتە ئەم دەستە لە كورد دەبرێن بۆ بینینی لیژنەی شارەزایان (خبرگان) و لەوێ “هەموو بەرپرسان كۆبوونەوە و ئەم بەیاننامەیە دەركرا: كە بەڵێ شتێك بەناوی (سازمانی پێشمەرگان)ەوە دابنرێت، بۆیە سازمان بۆ دوو ناوەوە دروستكرا: یەكێكیان سازمانی پێشمەرگانی مسوڵمان، یەكێكیش سازمانی وەحدەتی ئیسلامی. لەوێدا ئەم دوو لقە دەمەزراو ناسێنرا، پاشان هاتینەوەو لەناو كرماشاندا مقەڕمان بۆ دانرا”31.ئەوەی لێرەدا ئاشكرایە، ئەم هێزە هەوڵیانداوە شەڕو پێكدانەكەی شاری مەریوان بكەنە دەرفەتێك بۆ ڕاگەیاندنی خۆیان و دەركەوتنیان، كە دواتر دەردەكەوێت ئەم جۆرە لە هەڵبژارندنی كات پیلانی پێشوەختە بوو. هەر ئەمەش وادەكات هێزە كوردییەكان بە تایبەت (كۆمەڵە و چریكی فیدایی و یەكێتی جوتیاران) ئەحمەدی موفتی زادە وەك كەسایەتی پشت هێزەكە دەبینن، چونكە كوژرانی ژمارەیەك لە لایەنگرانی مەكتەب قورئان لەلایەن ئەندامانی یەكێتی جوتیاران و هێزەكانی ناو شاری مەریوان لە 23 پوشپەڕدا، هەروەها ڕاستەخۆ دەركەوتنی ئەم هێزەش لەو كاتەدا وادەكات كە هەست بە پەیوەندییەك بكەن لە نێوانیاندا! لەگەڵ ئەمەشدا سەرچاوە فارسییەكان (محەمەد بروجەردی) بە دامەزرێنەری ئەم هێزە دەناسێنن و ئەوەی دەچێتە تاران بۆ گفتوگۆ و نەخشە كێشانی ئەم هێزە ئەوە، لەپاڵ ئەویشدا ئاماژە بە ناوی (حاجی محەمەد الله مورادی) دەكەن “بەپێی سەرچاوەی مێژوویی تۆماركراو لە فەیلەقی بەیتولقودسی و گفتوگۆی پێگەی میهر لەگەڵ ژمارەیەك لە پێشمەرگە دێرینەكانی مەیدانی خەبات و قوربانیدان لەو پارێزگایە، شەهید محەمەد بروجەردی فەرماندەی فەیلەقی سوپای ڕۆژئاوا لە پایزی 1980بە هاوكاری هەندێك لە فەرماندەكانی دیكە سوپای پێشمەرگەی مسوڵمانی دامەزراند”32. واتە لە دیدگا و تۆماری فارسەكاندا ئەم هێزە خاوەنێكی دیكەی هەیە و پاڵەوانەكە ئەوە. هۆكاری دروستبوونەكەشی ئەو پشێوی و باڵادەستبوونەی هێزە كوردییەكان و نانەوەی پشێوی و نارامیی لە ناوچە كوردییەكان و ئازاربایجانی غەربی، هەروەها فتواكەی (مامۆستا عوسمان) كە دەڵێت: هەر پێشمەرگەیەك سەری دە پاسداری شۆڕشی ئیسلامیی ببڕێت چوونە بەهەشتی بۆ واجب دەبێت33، بۆ فارسەكانیش ئەمە واتای گۆڕینی جەنگەكەیە بۆ جەنگێكی مەزهەبی. لەكۆتایدا ئەم هێزە دەست بەكار دەبێت و چالاكییە سەربازییەكانی دەست پێدەكات و لەیەكەم كاری بەرنامە بۆ داڕێژراویاندا هێرش دەكەسە سەر شاری كامیاران و لەماوەیەكەدا دەتوانن هێزە كوردییەكە لەو شارە بكەنە دەرەوە. ئەمەش دەبێتە سەرەتای گەڕانەوەی هێز بۆ سوپای پاسداران، چونكە ئەم هێزە كوردییە لەبەرئەوەی لە هۆز و كەسایەتی و خەڵكی ناوچەكە دروستكرابوون لەبارەی شار و ناوچەكانەوە پڕ زانیاری بوون و دەبوونە بەرچاوڕوونی هێزە فارسییەكە و لەماوەیەكی كەمدا دەیانتوانی شار و ناوچەكان بگرنەوە دەست، هەر بۆیە لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا بە هێزە (جاش)ەكە بەناو بانگن. ڕۆڵ و تێڕوانینی موفتی زادە بۆ دروستبوونی هێزی پێشمەرگەی مسوڵمان بەپێی سەرچاوە فارسییەكان هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە دەربارەی ڕۆڵی ئەحمەدی موفتی زادەیە لە دروستبوونی ئەم هێزەدا، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە و ئاماژەی بۆ كراوە، لە سەروبەندی دەركەوتنی ئەم هێزەدا چەند ڕووداوێكی نەخوازراو و كوشتن بەسەر لایەنگران و شوێنكەوتوانی مەكتەب قورئاندا دەهێنرێت لەلایەن هێزە چەپەكانەوە لە مەریوان و سنەدا. وەك “هەڵكوتانە سەر بنەماڵەی (نمكی) كوشتنی سێ برایان، و كوشتنی براكانی (شلبی)، هەروەها كوشتنی: شەهاب ئاروەند، صدیق بەهاران، محێدین ئازەرپیران، ساڵەح ڕەشیدی لە مەریوان”34. هەروەها ئەو كۆمەڵكوژییەی لەسەرەوە ئاماژەی بۆ كرا لە شاری مەریوان و لە بینا تەواو نەبوووەكەی ڕێكخراوی ساواكدا لە (19/07/1979). دیارە موفتی زادە لەبارەی ئەم ڕووداوانەوە هەڵویستی هەبووە و قسەی كردووە35، بۆیە وا دەركەوتووە ئەو پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لە دروستكردنی ئەم هێزەدا! بەڵام بەپێچەوانەوە یەكێك دەبێت لەڕێگرە سەرسەختەكان بۆئەوەی ئەم گرووپە دروست نەبێت و دەست بەكار نەبن، چونكە ئەو دەستەیەی چوونە تاران (محەمەد عەلی حەیدەری) و هاوڕێكانی بەلای موفتی زادەوە بۆ جۆرێك لە ئیزن وەرگرتن چوون بۆ شەڕكردن و لەدوای گەڕانەوەیان لەتاران خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کرد. ئەو شەڕە ناوخۆیی و برا كوژییەی ڕوویدا، ئەو هەموو هەوڵێكیدا دروست نەبێت، دروست دەبێت و كوردێكی زۆر بەدەستی كورد دەبێتە قوربانی ئاگرێك، كەخۆی هەڵگرسێنەری سەرەكی نییە، بەڵكو بۆ كەسان و لایەنگەلێكی دیكەی دەكات. دوای دروستبوونی هێزی چەكداری پێشمەرگەی مسوڵمان ڕاستەوخۆ دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە مەكتەب قورئان و ئەحمەدی موفتی زادە لەپشتەوەی ئەم بەرنامەیەن، وەك دەردەكەوێت ئەمەش لەبەرئەوە وتراوە تاوەكو خەڵكی بێن و ناوی خۆیان لەناو ئەم هێزەدا بنووسن و دەستبدەنە چەك و بڕۆنە شەڕی براكان! بەڵام هەر زوو ئەحمەد هەوڵدەدات ئەم دەنگۆیە بەدرۆ بخاتەوە، ئەمەش لە چەند ڕێگەیەكەوە، سەرەتا نامەی ڕاستەوخۆ دەنووسێت بۆ بەرپرسانی تاران لەوانە (ئایەتوڵڵا مونتەزری)، پاشان بەیاننامە دەنووسێت و بە تیراژی 3000 دانە بەناو شارەكانی كوردستاندا بڵاوی دەكاتەوە و لەمزگەوتەكانی دەخوێنرێتەوە، لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە دەستەیەكی 20 كەسی لەوانەی وا بەنیازن یان چوونەتە ژێرباری ئەم بیروبۆچوونەوە بانگهێشتیان دەكات بۆ ماڵەكەی خۆی لە كرماشان و بە وردودرشتی بەرنامەو پیلانەكانی پشتی ئەم هەوڵ و هێز دروستكردنەیان بۆ ڕوون دەكاتەوە. ئەم كارەی موفتی زادە بە جۆرێك دەنگ دەداتەوە هەر لەو ڕۆژانەدا دەبێت ڕۆژنامەی كەیهان لە ژمارەی ڕۆژی (17/11/1358) دەنووسێت “شكل گیری سازمان مردمی پیشمرگان مسلمان كرد از سوی موفتی زادە مورد مخالفت قرار گرفت”36، واتە: (دروستكردنی ڕێكخراوی جەماوەری پێشمەرگەی مسوڵمانی كورد لەلایەن موفتی زادەوە دژایەتی كرا). هەروەها بەڕێز سەعدی قورەیشی لەبارەی هەوڵەكانی موفتی زادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم كارەی دەسەڵات لە گفتوگۆی بەرنامەی تەلەفزیۆنی (ڕوودا و مێژوو)ی كەناڵی (NRT) دەڵێت “كاك ئەحمەد لە ڕێبەندانی ساڵی 1358 (1961)دا لە سەركۆنە و بەرپەرچدانەوەی تەواوی ئەم گرووپانەدا نامەیەكی نووسی، ئەو نامەی دابە من و من هێنام لە مزگەوتی جامعەی سنە خوێندمەوە، كە هەر جەماعەت و دەستەو گرووپێك بەناوی منەوە خەریكن خۆیان ڕێكدەخەن و چەكدار دەبن و شەڕ لە كوردستان هەڵدەگرسێنن دژی ئەو گەلە، ئەوانە لەمن نین و من بێ بەریم لەم شتانە. هەر دوای ئەوەش نامەیەكی بۆ ئایەتوڵڵا مونتەزری نووسی، هەرلەوێش ئەوە ڕەد دەكاتەوە و سەركۆنەی دەكات”37. ئەو بەیاننامەیە كە لە بەرواری (17/10/1358) (7/1/1980) بە واژۆی خودی موفتی زادەوە نێراوە نووسراوە: بسم الله الرحمن الرحیم هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگادارن لەبەر بارودۆخی هەنوكەیی و لەبەر ڕێگری لەهەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوە و خوێنڕژانێك، ماوەیەك لەمەوپێش ژمارەیەك لە مسوڵمانانی سنە و هەندێك لەناوچەكانی دیكەی كوردستان بەرەو شارەكانی دیكەی ئێران كۆچمانكرد. لەئێستادا كە ڕووبەڕووبوونەوەی میللەت و شۆڕشی ئێران لەگەڵ داگیركەردا فۆڕمێكی دیكەی وەرگرتووە، دووبارە بۆ تەئەكید كردنەوە لەسەر ڕاگەیاندنەكانی ڕابردوو، هەروەها لەنێوانیاندا بەیاننامەی چەند ڕۆژی پێشوو كە برادەرانی كۆچكردو لەبارەی هەمان بابەتەوە بڵاویانكردەوە، بەقەتعی ڕایدەگەیەنم كە دروستكردنی هەرجۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەك لە كوردستان یان هەر گۆشەیەكی تری ئێران و هاندان بۆ شەڕی ناوخۆ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپگەل و چین و توێژەكانی كۆمەڵگەدا لەژێر هەرناونیشانێكدا بێت، چ ناوی ئیسلامی یان نا ئیسلامی بێت، هەنگاوێكە دژی میللەت و بە زیانی میللەتی ئێران و ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ خزمەتێكە بە ئامانجەكانی دژی خەڵك و دژی ئیسلامیی و خاوەن هێزەكانی داگیركەر. لەبەرئەوە ئەمجۆرە هەنگاو و دەستپێشخەریانە سەركۆنە دەكەم. هەروەها هەواڵ لەملاو ئەولا بڵاودەكرێتەوە و باس لەوە دەكەن كە كەسانێک هەن دەیانەوێت لەم بوارەوە دەستپێشخەری بكەن و لەڕێگەی سود وەرگرتن لە ناونیشانی ئیسلامی و بەكارهێنانی ناو و وێنەی بەندە كاری خۆیان دەبەستنەوە بە منەوە.هەموو ئەمانە من بەدرۆی دەخەمەوە و كارێكی بەو شێوەیە پێچەوانەی نەخشە ڕێگای خۆمی ئەژمار دەكەم. والسلام علینا و علی عبادالله الصالحین واژۆ: ئەحمەد موفتی زادە ناوەڕۆكی نامەكە زۆر ڕوونە و بەئاشكرا بێ بەری بوونی خۆی لە هەر جۆرە هەوڵێك بۆ دروستكردنی هێزێكی چەكداری لەو شێوەیەی ڕەتكردۆتەوە. تێڕوانینی موفتی زادە بۆ پیلانی پشتی هێزی پێشمەرگەی مسوڵمان دوای لە كۆنترۆڵ دەرچوونی ئاسایشی شارە كوردییەكان و بەتایبەت سنە، ئەحمەدی موفتی زادە بە فەرمی داوا دەكات هەندێك پێداویستی سەربازیی بدرێت بە لایەنگرانی بۆئەوەی بتوانن لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی خۆیدا كار بۆ گەڕانەوەی ئاسایش بكەن بۆ شارەكانی سنە و مەریوان، لە هەمانكاتدا كارێك بكرێت چەك بەئاسانی نەگاتە دەستی هەموو كەسێك و لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە سنوردار بكرێت. بۆئەم مەبەستەش چەندین جار داواكاری بەرز دەكاتەوە و لەگفتوگۆكانیدا لەگەڵ بەرپرسان قسەی لەسەر دەكات، بەڵام وەك دەردەكەوێت دەسەڵاتی ناوەند و فەرماندە سەربازییەكان ناچنە ژێرباری ئاوا داواكارییەكەوە، پشێوییەكان هەتا بێت زیاتر دەبن38، بەڵام كاتێك پێشمەرگەی مسوڵمان دروست دەبێت ڕاستەخۆ پێداویستی سەربازیی دەخەنە بەردەستیان و ئامادەیان دەكەن بۆ شەڕ، هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی ئەوەی موفتی زادە دەركەوتنیان بە هەوڵێكی مەترسیدار بزانێت بۆسەر ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیانی كورد. بۆ ڕێگری كردنیش لە بڵاوبوونەوەیان دەست دەكات بە هەوڵدان، لەپاش دەركردنی ئەو بەیاننامەیەیی ئاماژەی بۆ كرا ڕاستەوخۆ داوادەكات كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەو كەسانەدا ئەنجام بدات كەبەنیازی ئاوا كارێكن، بۆئەمەش نزیكەی بیست كەسیان بانگ دەكات و بەوردی مەترسییەكان و پیلان و ماڵوێرانییەكانی پشتی ئاوا كارێكیان بۆ باس دەكات. موفتی زادە لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیەوە دەڵێت “ئەوكاتە دەمزانی پێشمەرگانی مسوڵمان خیانەتەو دەوڵەت بۆئەوەی كاری لەناو كوردەواریدا بچێتە پێشەوە لەناوخەڵكدا بڵاوی دەكردەوە و دەیگوت پێشمەرگانی مسوڵمان هی ئەحمەدە، بۆئەوەی مسوڵمانەكان باوەڕ بكەن. ئێستاش ئاگادارم و خەبەرم هەیە لەزۆرێك لە شارو دێهاتی كوردەواریدا ئەو میللەتە مسوڵمانە، مەزڵوم و فەقیرە باوەڕیانكردووە كە پێشمەرگانی مسوڵمان هی منە، لەكاتێكدا هەر ئێستا خەریكن بەناوی منەوە لە بانە و لەم شارانەدا شیعار دەدەن [واتە بەناوی منەوە قسە دەكەن]، دەزانن خۆم لەژێر چاودێریدام و لەماڵەوە دەستبەسەرم، دەزانن چەند كەس لە منداڵە (گەنجە) مسوڵمانەكانمان گیراون …”39. لەم ڕوونكردنەوەیەدا موفتی زادە دەیەوێت بڵێت: دەسەڵات لەلایەكەوە بۆئەوەی هانی خەڵكی كوردەواری بدات لەناو هێزی پێشمەرگە مسوڵماندا ناوی خۆیان تۆمار بكەن هاتووە سود لەناو و نازناوی ئەو وەردەگرێت و وابڵاو دەكاتەوە موفتی زادە لایەنگرو هاوڕایە لەگەڵ ئەم كارانەدا! لەلایەكی دیكەوە لەماڵەكەی خۆی لەكرماشان خراوەتە ژێر چاودێری ئاسایشەوە و دەستبەسەركراوە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان و لایەنگرانی لەوكاتەدا لەزیندانەكان توند كراون و مەحكوم بەزیندانین، كە ئەمانەش هەموو كرداری دژ بیەكن. لەدرێژەی لێدوانەكەیداو لەوەڵامی ئەوەی چۆنە بەفەرمی بڕیارتداوە ئیتر ئامادە نیت هاوكاری لەگەڵ حكومەت و دەسەڵاتی ناوەندا بكەیت، بەڵام لەم لاوە هاتوویت هێزی چەكدارت بەناوی مسوڵمانەوە دروست كردووە، وەك دیارە حكومەت بۆ ئەم كارە هاوكاریت دەكات، دەڵێت “كاكە گیان! كەسێك پەیوەست نەبێت بەهیچ بنەمایەكی شەرافەتەوە و گوێ بەڕاستی و درۆ نەدات دەتوانێت هەموو قسەیەك بكات، هەموو تۆمەتێك بۆ هەموو كەسێك دروست بكات و دروست بكرێت، بەڵام ڕاستی بابەتكە ئەوەیە لەدوی 5-6 مانگ لە شۆڕش، كاتێك زانیم ئەوانە هێزیان پەیداكردووە و خەریكە لادەدەن لەسەر ڕێگەی ئەوەی وابەڵێنیان لەسەر داوەو خەریكن ناڕاستی بنوێنن لەگەڵ نەتەوەی كورد، كەوتمە بەرهەڵستیان، هەرئەوەنەبوو لە (حوسەینیەی ئیرشاد)دا قسەمكرد، بەڵكو لە (پەیام بە نەتەوەی ئێران) كە نامەیەكی دورودرێژ بوو، لەچەندین جێگەدا باسمكردووە كە تەواوی نەتەوەی ئێران داچڵەكێت و بزانێت ئەوانە خائینن و ئەوانە خراپن بۆ ئەو شۆڕشە. لەلایەكی دیكەوە ئەو كتێبانەی نووسیومە و هەیە، لەگەڵ ئەو بەیاننامانەدا، هەروەها ئەوكاتەی خەریك بوون (سازمانی پێشمەرگانی مسوڵمان)یان دروست دەكرد، ژمارەیەكی زۆر لەوانە هەر لەكرماشاندا بوون، ناردم بە شوێنیاندا كە نزیكەی 20 كەس لەوانەی وا خەیاڵیان بوو ئەو سازمانە دامەزرێنن (هاتن) بەوردو دێژی بۆمباسكردن و ڕوونمكردەوە بۆیان، كەلە كتێبی (دەربارەی كوردستان)دا هەندێكیم باسكردووە … حاڵیمكردن ئەوە خیانەتە بە نەتەوەی كورد، ئەوە خزمەت نییەو باوەڕمەكەن كەئەو حكومەتە خەریكە سازمانی پێشمەرگانی مسوڵمان دروست دەكات بۆئەوەی نەتەوەی كورد ڕزگار بكات، بۆئەوەیە شەڕی ناوخۆ دروست بكات، بێن ومەردی مەردانە مەهێڵن ئەم شەڕە ناوخۆییە دروست ببێت. پێمووتن: ئەگەر من كەیفم لەشەڕی ناوخۆ بووایە لە كوردستان (سنە) دەمامەوەو نەدەهاتمە دەرەوە (كرماشان). من كاتێك زانیم ئەگەر لە كوردستان بمێننمەوە دەبێت تووشی شەڕی ناخۆ ببم لەگەڵ ئەو گرووپە ئەمەریكایی و ڕووسانە، لەبەرئەوە هاتمە دەروە لە كوردستان، تاوەكو ئەم ماڵ ئەو ماڵ نەكەمە دوژمنی یەكتری، با ئەم شار و ئەو شار نەكەمە دوژمنی یەكتری، با شار و دێهات نەكەمە دوژمنی یەكتری، ئەم دێ و ئەو دێ، براو برا نەكەمە دوژمنی یەكتری. ئەو هەرایەكە ئەمەریكا و ڕووسا لە كوردستاندا سازیانكردووە و وردە ووردە خەڵكی وریا دەبێتەوە و دەزانێت ئەو هەرایە خیانەتەو دوژمن سازیكردووە… با كارێك نەكەین میللەت دەستی بچێتە خوێنی یەكتری و شەڕی ناوخۆ دروست نەبێت”40. وەكخۆی ئاماژەی بۆ دەكات ئەم پێداگرییەی لەسەر دروست نەبونی شەڕی ناوخۆ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەرئەنجامەكەی ئەوەی دەبێت سنە بەجێدەهێڵێت بۆ هەمیشە ناتوانێت بیبینێتەوە تائەوكاتەی تەرمەكەی دەهێننەوە و لەوێ دەیناژن! موفتی زادە لە دانیشتنی لەگەڵ پێشمەرگانی مسوڵماندا باسی ئەجێدندای ترسناكی دەسەڵاتی ناوەندی بەرامبەر بە كوردی بۆ كردوون و بۆچوونی خۆی بۆ ڕوونكردونەتەوە”دەمزانی لەم حكومەتەدا دەستەیەكی خائین و ناكەس هەن پێیانخۆشە شەڕی ناوخۆ لەناو میللەتی كورددا دروست بكەن و دەستەیەك بدەن بەگژی دەستەیەكی دیكەدا، كەی شەڕی ناوخۆیان تێدا دروست بوو ئەوان ئیتر بڕۆن و بۆخۆیان دانیشن و پاڵی لێبدەنەوە. جا سیاسەتی ئەو دەوڵەتە بەهێزانەش هەروایە: شەڕ لەنێوان نەتەوەكاندا دروست دەكەن بۆ قازانجی خۆیان. سەیرمدەكرد ئەمانیش پێیانخۆشە لەناو كوردەواریدا شەڕ دروست ببێت، لەنێوان مسوڵمانان و ئەو گرووپە كۆمۆنیستانەدا و دواتر خۆیان دڵنیا و ئاسودە ببن. ئەو كۆچەمكرد لە كوردستان و هاتمە دەروە بۆئەوی ئەو شەڕە نەبێت. من نەمدەویست شەڕ ببێت لەكوردستانداو دەشمزانی ئەو خائینانە شەڕ دەكەن، ئەمەریكا و ڕووس فەرمانیان پێكردون شەربكەن، ئەمەریكا و ڕووس دەیانەوێت دەسەڵات پەیدا بكەن لەكوردستاندا و بیخەنە ژێر ڕكێفی خۆیانەوە. منیش نەمدەهێشت و دەمزانی ئەمەریكا و ڕووس دوژمنی كورد و تەواوی نەتەوەكانی دونیان …. جا شەڕی ناوخۆی كەوتە ناو میللەتێكەوە پەنا بەخوا ئەو میللەتە وێران دەبێت، دەچێت بە قوڕدا”41. جگەلەم دیدگا سیاسی و مێژووییە، ئەو بۆ پەشیمانكردنەوەی ئەو كۆمەڵە لە پێشمەرگە مسوڵمان دێت لە دیدگا شەرعییەكەشەوە بۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو، پێیوایە بوون بە ئەندام لە هێزی پێشمەرگە مسوڵماندا و چەك هەڵگرتن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە كارێكی نادروستە”پێشمەرگە مسوڵمانەكانم حاڵی كردوو ووتم: برالە ئەگەر لەڕووی شەرعییەوە ئەو شەڕە دروست بووایە لە كوردستان نەدەهاتمە دەرەوە، وەرن مەردو مەردانە مەیكەن”42. هەروەها لە بەیاننامەی ژمارە (86)ی بەرواری (17/7/1358)-(9/10/1979)دا كە یەكێكە لەبەیاننامە دورودرێژەكانی دەربارە بارودۆخی كوردستان ئەو مەترسیانەی ڕووبەرووی بۆتەوە، لەوێدا دەنووسێت “خوایە تۆ شایەت بە تا چی ئەندازەیەك خوێن و گیانی گەنجانی نیشتمانم لەلا خۆشەویست بوو، تا چی ئەندازەیەكیش هەوڵمدا ڕێگری بكەم لەڕژانی ئەو خوێنە خۆشەویستانە، تا چی ئەندازەیەكیش هەوڵمدا ئەم شۆڕش – ئەم خوێنی دە هەزار شەهیدە – بێتە بەرهەم و بەفیڕۆ نەچێت، تا چی ئەندازەیەك ئەم شۆڕشەم خۆشدەویست و لەبەرخاتری ئەو فشارو دەردی سەرییەكانم تەحەمول دەكرد”43. لێرەدا بەتەواوەتی دەردەكەوێت ئەحمەدی موفتی زادە چەنێك كاری لەسەر ئەوەكردوە ئەم خوێنانە نەڕێژرێن. وەك لە بەڵگەنامەو لێدوانەكاندا هاتووە، دوای ئەم ڕوونكردنەوەیەی موفتی زادە دەبێت ژمارەیەك لەوانەی بڕیاریانداوە بەشداری بكەن لەو هێزە چەكداریەدا دەكشێنەوەو بەگوێی موفتی زادە دەكەن و ناچنە شەڕی كوشتنی براكانەوە، بەڵام ژمارەیەكیان وەك (محەمەد عەلی حەیدەری) و باوك و براكەی دەچن و ئەو هێزە چەكدارە دروست دەكەن و بەئاڕاستەی ڕشتنی خوێنی براكان دەچنە جەنگێكەوە لەهەردوو سەرەوە تەنها كۆمەڵگەی كوردی زەرەری تێداكرد. پەیوەندیكردن لە تارانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە مسوڵمان هەوڵەكانی ئەحمەدی موفتی زادە بۆ ڕێگری كردن لە دروست بوونی ئەم هێزەدا تا ئەوجێگەیە دەچێت، كە پەیوەندی دەكات بەلایەنی دەسەڵاتەوە، واتە موفتی زادە بۆئەوەی لەڕێگەی ئەم هێزەوە زەمینەی شەڕی ناوخۆ نەسازێت لەسەر چوار ئاست كاری كردووە: یەكەم هەوڵیداوە ئەو گەنج و كەسانەی دەیانەوێت بەشداری بكەن لە دروستكردنی هێزی پێشمەرگە مسوڵماندا پەشیمانیان بكاتەوە و ڕوونكردنەوەیان پێبدات، دووەم، بەماوەیەكی زۆر پێشتریش و لە چەندین هەوڵدا لەگەڵ سەركردایەتی كورد دانیشتووەو لەبارەی ئەم هەوڵە مەترسیدارانەوە ڕوونكردنەوەی داوە44، سێیەم، لەگەڵ كەسانی بەرپرس و خاوەن نفوز و دەسەڵات لەحكومەتدا قسەی كردوەو دەربارەی مەترسییەكانی ئاوا هێزێك ئاگاداری داوە، لایەنی چوارەبڵاوكردنەوەی ئاگاداری نامە و وتاری مزگەوتەكان، ئەویش كاتێك دەزانێت هیچ كام لەوانە كاری خۆیان ناكەن! بۆیە دێت ڕاستەوخۆی میللەت ئاگادار دەكاتەوە، وەك پێشتر باسمانكرد. ئێستا قسە لەسەر ئەو نامەیە دەكەین كە لەبەرواری (2/8/1359) – (24/10/1980) دەینێرێت بۆ ئایەتووڵا مونەتەزیری. بەشێكی نامەكەی تاییبەتە بەو هێزە چەكدارەی پێشمەرگانی مسوڵمان و لەبارەیانەوە بە مونتەزری ڕادەگیەنێت: “بەرپرسانی دەسەڵاتدار هەوڵیاندا دروستكردنی سوپاس پێشمەرگانی مسوڵمان، ئەم هێزە دەوڵەتییە لەگەڵەئەوەی من زۆر دژی بووم پەیوەست بكەن بەمنەوە: تاوەكو گەنجانی خاوەن باوەڕ بڕۆن و خۆیان ناونووس بكەن، هەروەها زەمینەی خۆشەویست بوونی لەناو كوردانی مسوڵماندا بسازێنن. لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا كاتێك ئەم سوپایە هاوڕێ لەگەڵ هێزە دەوڵەتییەكانی دیكەدا دەچنە ناو سنە و هەندێك ناوچەی دیكەی شار و گوندەكانی كوردستانەوە، بە بەردەوام بوون لەسەر هەمان سیاسەتی هەڵخەڵەتاندن، و پێدانی وێنەو ووتنی شیعاراتی پشتیوانی لە من و دەوروبەرم، ئەم كارەیان كردووە، بەڵام هەر لە سنەو هەندێك ناوچەی دیكە وابیردەكەنەوە بارودۆخەكەیان كۆنتڕۆڵكردووە هەستدەكەن بارودۆخەكە گۆڕاوە، و تەنانەت چەند جارێك بە ڕوونی بە پێشمەرگەكان ڕادەگەیەنن، كە هەركەسێك لایەنگری موفتی زادەیە دەبێت چەك دانێت و لە سوپا بچێتەدەرەوە! (وەك ئاماژەی بۆ كرا پێشتر بە شێوەیەكی فێڵبازانە، ژمارەیەك نائاگا و بێ خەبەر لە ناوەڕۆكی بابەتەكەو بێ خەبەر لە دژایەتی كردنی من بۆ ئەم سوپایە لە سوپا خۆیان ناونووس دەكەن)، بەڵام بابەتێكی زۆر سرنجڕاكێش ئەمەیە: ئێستاش لە هەندێك لە شارو دێهاتەكانی ئازەربایجان و دەورەبەری كە هەست دەكەن لاواز و بێ هێزن، دووبارە هەمان سیاسەتی پێشتر جێبەجێ دەكەن [واتە بەفێڵ و تەڵەكە ناوی ئەحمەد بۆ مەبەستی خۆیان بەكار دەهێنن]، هەواڵ دەگات: دەیان و سەدان مسوڵمانی گوندەكان بە خەیاڵی ئەوەی لە “سوپای موفتی زادە” بەشدار دەبن، كەوتوونەتە داوەكەوە! … سەیرە كە یاریكەرانی ئەم سیاسەتە ناشیانە”بانێكە و دوو هەوا” ئاگایان لێی نییە لەكۆتایدا خۆ ڕۆژێك هەردێت ئەم دوو ڕەنگییە و بەسەریەكدا پژانە ئاشكرا دەبێت …”45. بەم شێوەیە لەنامەكەدا بە ئاشكرا و جارێكی دیكە بێ بەری خۆی لەم سوپایە دەردەبڕێت و بچوكترین كرداریان نانخاتە ئەستۆی خۆی و هاوەڵەكانی. دەرئەنجام لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دەگەینە ئەوەی هێزی پێشمەرگە مسوڵمانی كورد، هێزێكی ڕێكخراوی بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە بەتایبەت و لەژێر بەرنامەی: سیاسەتی بەكارهێنانی هاوڵاتی كورد بۆ گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچە كوردییەكان و كردنیان بە گژی هێزە كوردییەكاندا دامەزراوە، لەگەڵئەوەی سەرچاوە و تۆماری مێژووی دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام محەمەد بروجەردی بە داینەمۆی بیری ئەم هێزە دادەنرێت هەروەها هەندێك لە كوردەكانی وەك (محەمەد عەلی حەیدەری) و باوكی باس لەوە دەكەن ئەوان دەستپێشخەر بوون. ئەوەی دەردەكەوێت دواجار كوردەكان دەچنە شەڕێكی خوێناوییەوە لەبەرامبەر یەكتردا و بەجۆرێك بكوژ و كوژراو هەر لە كورد دەبێت. هەر لەم لێكۆڵینەوەیەدا ئەوە دەردەكەوێت كە ئەحمەدی موفتی زادە وەك كەسایەتییەكی خاوەن هێز و دامەزرێنەری مەكتەب قورئان هیچ ڕۆڵێكی نابێت لەدروست كردنی ئەم هێزەدا و بە پێچەوانەوە لەو كەسانەدەبێت زۆر بەسەرسەختی دژایەتی خۆی بۆ دروستكردنی ئاوا هێزێك دەردەبڕێت و هەموو ڕێگەیەك جگە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی چەكداری دەگرێتەبەر بۆ دروست نەبوونیان. لەبەرامبەردا هێزە سیاسیەكانی دیكەی وەك دیموكرات، كۆمەڵە، و چریكەی فیدای بە هەمانشێوە دژایەتی دروست بوونی ئەم هێزە دەكەن، لەلایەكەوە دەیدەنەپاڵ موفتی زادە و ئەو بەخاوەنی دەزانن، لەلایەكی دیكە هەوڵدەدەن بە هێزی چەكداری ڕووبەڕوویان ببنەوە، بەڵام ئاكامی كار بەوە دەگات، لەبەر ئەو پاڵپشتە لۆجستی و سەربازییەی لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە بۆیان دەنێرێت دەتوانن لەماوەیەكی كاتیدا هێزە چەكدارە كوردەكانی دیكە بخەنە دەرەوەی نەخشەی جوگرافی-سیاسی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە. سەرچاوەكان و پەراوێزەكان 1. میرزا، حمە صدیق، 2019،بەرهەمی ڕەنج و كار، ئەم بەرهەمە كەزانیارییەكانی لێوەرگیراوە (735) لاپەڕەیە، بەڵام نەمانتوانی شوێنی لەچاپدانی پەیدا بكەین، لا287. 2. زەرزا، حامید ڕەشیدی، 2002، كورتەباسێك لەسەر چەند ڕووداوی مێژوویی، بەشی یەكەم، چاپی یەكەم، ئادیلاید، ئوسترالیا، لا 100. 3. میرزا، حمە صدیق، 2019،بەرهەمی ڕەنج و كار، ئەم بەرهەمە كەزانیارییەكانی لێوەرگیراوە (735) لاپەڕەیە، بەڵام نەمانتوانی شوێنی لەچاپدانی پەیدا بكەین، لا288 4. مەبەست لە لیژنەی چوار قۆڵی (ئایەتوڵا تاڵەقانی، بەهەشتی، ڕەفسەنجانی و بەنی بەصەدر)ە، كە خوێنەر بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەبارەی هاتنی لیژنەكانی تاران بۆ شارەكوردییەكان و بەتایبەت پارێزگای سنە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ: عەبدوڵا، سەروەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە سەركردەیەكی كاریزما و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما، سلێمانی، لا279-330 ) محمد بروجردی (1333-1362) (1955-1983) لەسەرەتای شۆرشدا یەكێك بووە لەكەسە نزیكەكان و جێگەی باوەڕی خومەینی. لەكاتی گەڕانەوەی ئیمام بۆ ئێران بروجردی دەبێتە بەرپرسی پاراستنی ئیمام خومەینی، بۆ ئەم ئەركەش لەلایەن (ئایەتوڵا بەهەشتی و عراقی)ەوە دەستنیشان دەكرێت. ماوەیەكیش سەرپەرشتی (زیندانی ئەوین) بووە، پاشان یەكێكە لەو دوانزە كەسەی كە لەلای خامنەئی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دادەمەزرینێت. محەمەد ئەو كەسە بوو كە بەفەرمانی خومەینی چووە ناو شاری پاوەو لەوێوە هەموو جوڵانەوەكانی كوردی سەركوت كرد. دوای دروستكردنی ڕێكخراوی (پێشمەرگەی كوردی مسوڵمان) لە لایەن (بەهەشتی و ڕەفسەنجانی)ەوە دەكرێتە بەرپرسیارن. وەك سەركردەیەكی مەیدانی تەواوی جوڵانەوەكانی كوردستانی لە ژێر دەستدا بووەو سەرپەرشتیاری هەموو جوڵانەوە سەركوتكەرەكانی بووە كە لەو ماوەیەدا دژی كوردو جوڵانەوەی ئازادی خوازیی كورد ئەنجام دراوە. لە (22/05/1983) لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڵاتی لە ڕێگەی (مەباهات) مین (بۆمب) دەتەقێتەوە پێیداو دەكوژرێت. بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سەردانی پێگەی فەرمی ڕۆژنامەی همشهری بكەن www.hamsharion/ine.ir. 5. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا25. 6. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما، لا 197-208. 7. هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا26. 8. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا23-26. 9. دكتۆر ئەبولحەسەن بەنی صەدر لەدوای ئەوەی لە ئێرانی دەچێتە دەرەوە، لە چالاكییە سیاسی و نووسینەكانیدا ئاماژە بە دیدگای دەوڵەتە مەزهەبییە نوێكەی ئێران دەدات و ڕوونی دەكاتەوە زۆر چەمك و سیستەم هەیە ئایەتوڵا خومەینی بڕوای پێی نییە و كاریان پێناكات، خوێنە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەم باسە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ: بەنی صدر، ابولحسن، 1360، خیانت بە امید، انتسرا در صفحە انترنیت، https://www.goodreads.com/book/show/8474506. 10. خوێنەر بۆ زیاتر خوێندنەوە لەبارەی ئەم هۆكارەوە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ لێدوان و نووسراوەكانی سەركردە دكتۆر عەبدولرەحمان قاسملۆ، كە لەزۆر جێگەدا ئاماژەی بۆ كۆۆدووە كە دیدگای حكومەتی ناوەند بە نیسبەت چارسەری كێشەی كوردەوە ناڕوونە! 11. بڕوانە: بەنی صدر، ابولحسن، 1360، خیانت بە امید، انتسرا در صفحە انترنیت، https://www.goodreads.com/book/show/8474506. 12. بەنی صدر، ابولحسن، 1360، خیانت بە امید، انتسرا در صفحە انترنیت، https://www.goodreads.com/book/show/8474506، لا75 13. بۆ زانیاری زیاتر بگەڕێنەوە بۆ پێگەی ئەلكترۆنی (نمایندە)، بابەتەكانی (بحران كردستان از اغاز تا فرجام – 6) مێژووی 24 فرداد 1392 (https://namayande.com/tag). 14. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما. 15. بڕوانە: موفتی زادە، ئەحمەد، 1358، دربارە كردستان، چاپ اول، ئیران. 16. فتی زادە، احمد: 1385، دربارەی كردستان، انتشارات نور، چاپ اول 1359، لا103. 17. هەمان سەرچاوەی پێشوو. 18. ئیمامی، حاجی مامۆستا مەلا محەمەد 1399: بیرەوەرییەكانی حاجی مامۆستا ئیمامی، وەرگێڕان و ئامادەكردنی سەید هیدایەت هیدایەتی، چاپی یەكەم، چاپەمەنی خانی، سەقز، ڕۆژهەلاتی كوردستان، لا 310-311. 19. هەمان سەرچاوەی پێشوو. 20. هەمان سەرچاوەی پێشوو. 21. ئیمامی، حاجی مامۆستا مەلا محەمەد 1399: بیرەوەرییەكانی حاجی مامۆستا ئیمامی، وەرگێڕان و ئامادەكردنی سەید هیدایەت هیدایەتی، چاپی یەكەم، چاپەمەنی خانی، سەقز، ڕۆژهەلاتی كوردستان، لا 314. 22. ئیمامی، حاجی مامۆستا مەلا محەمەد 1399: بیرەوەرییەكانی حاجی مامۆستا ئیمامی، وەرگێڕان و ئامادەكردنی سەید هیدایەت هیدایەتی، چاپی یەكەم، چاپەمەنی خانی، سەقز، ڕۆژهەلاتی كوردستان، لا 315-316. 23. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا27. 24. عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما. 25. بڕوانە: بابەتی بڵاو بووەوە لە ئینتەرنێت بەناونیشانی: ڕد ڕوغی اشكار، ئامادەكردنی ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆ لە ئەهلی سوننە. 26. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا26. ) مەبەست پێكدادانەكەی بینای تەواو نەبووی ساواك و كوژرانی عەبە حەبیب و هاوڕێكانی، كە هەموویان ئەندامی مەكتەب قورئان بوو (لە پێشەكی بابەتەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە). 27. حەیدەری، محەمەد عەلی ، 22 بهمن 1399 (10/2/2021)، چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی لەكەناڵی ناوخۆی (سنە)/ كردستان، بەرنامەیەكی تایبەت بە ساڵوەگەری شۆڕشی گەلانی ئێران. 28. هەمان سەرچاوەی پێشوو. 29. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا31. 30. حەیدەری، محەمەد عەلی ، 22 بهمن 1399 (10/2/2021)، چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی لەكەناڵی ناوخۆی (سنە)/ كردستان، بەرنامەیەكی تایبەت بە ساڵوەگەری شۆڕشی گەلانی ئێران. 31. هەمان سەرچاوەی پێشوو. 32. موقع مهر، 7 مهری 1399، پیشمرگان کرد مسلمان پیشگام در دفاع از انقلاب/سازمانی در خدمت مردم، https://www.mehrnews.com/news/5033694 33. بڕوانە: پێگەی تەسنیم نیوس، 2 مرداد 1396، سازمان پیشمرگان کرد چگونه شکل گرفت؟، https://www.tasnimnews.com/fa/news/1396/05/02/1472900 ) بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی ئەم ڕووداوەوە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ كتێبی:  عەبدوڵا، سەروەت، 2010، كاك ئەحمەدی موفتی زادە، دەروازەیەك بۆ خەباتێكی نەناسێنراو، چاپی یەكەم، دووەم، سێیەم، سێمانی، چاپخانەی سیما. 34. امینی، حەسەن 1384، انتساب پیشمرگان مسلمان بە كاك احمد مفتی زادە ڕا تكژیب می كنم، گفت و گو با حسن امینی، ویژەنامە كردستان/چشم انداز ایران، 37. 35. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما. 36. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا28. 37. قورەیشی، سەعدی، 2020، ڕودا و مێژوو، بەشێك لە مێژوی مەكتەب قورئان و كەسایەتی كاك ئەحمەدی موفتی وادە،بەرنامەی تۆماركراو كەناڵیی ئێ ڕ تی، https://www.youtube.com/watch?v=GXnq4sHjNn4 38. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما. 39. گفتوگۆیەكی تۆكاركراوەی كاك ئەحمەد موفتی زادە لەبارەی دەنگۆی دروستكردنی هێزی چەكداری پێشمەرگانی مسوڵمان و ڕادەی پەیوەندی ئەم هێزە بە كاك ئەحمەدو مەكتەب قورئانەوە. مێژووی ئەم گفتووگۆیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی ساڵی 1980 لە شاری كرماشان.     ) هەر لەم وەڵامەوەیە ئێمە بە وردی دەتوانین هۆكارەكانی پشت كۆچی كاك ئەحمەد و بەشێك لە یارانی بۆ شاری كرماشان پەیدا بكەین، و لە مەبەستی ئەو كۆچە مێژووییە تێبگەین! 40. گفتوگۆیەكی تۆكاركراوەی كاك ئەحمەد موفتی زادە لەبارەی دەنگۆی دروستكردنی هێزی چەكداری پێشمەرگانی مسوڵمان و ڕادەی پەیوەندی ئەم هێزە بە كاك ئەحمەدو مەكتەب قورئانەوە. مێژووی ئەم گفتووگۆیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی ساڵی 1980 لە شاری كرماشان. 41. هەمان سەرچاوەی پێشوو. 42. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما، لا436. 43. نگاهی گزرا به زندگی و مبارزات علامە احمد مفتی زادە، بەیاننامەی ژمارە (86)ی بەرواری (17/7/1358)-(9/10/1979). 44. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما. 45. نامەیەكی كاك ئەحمەد موفتی زادە بۆ خوالێخۆشبوو ئایەتوڵا مونتەزری، لەبەرواری (2/8/1359) – (24/10/1980)


(درەو): تا ئێستا دوو كەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە كوشتنی عەقید (هاوكار جاف) دەستگیركراون، بەپێی زانیارییەکان دانیان بە تێوەگلانیاندا ناوە، كەسە نزیکەکانی کوژراوەکە دەستی تۆمەت بۆ بەرپرسانی یەكێتی رادەكێشن، مەسرور بارزانی سورە لەسەر بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكانی، بەرپرسانی یەكێتی لە گفتوگۆدان بۆ کۆتایھێنان بە كەیسەكە. دوێنێ لە ھەولێر دوو بۆمبی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەكەی ( عەقید هاوكار جاف) فەرماندەی دژە تیرۆری یەكێتیدا تەقیەوەو گیانی لەدەستدا. عەقید هاوكار بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەكێتی لە موسڵ و دهۆك و هەولێر لەدوای رووداوەكانی 8ی تەمووز لایەنگری لاهور شێخ جەنگی بووە، هەربۆیە لە پۆستەكەی درووخراوەتەوەو هەر لە هەولێر ماوەتەوە، لەوکاتەوە یەکێتی کەسێکی تری لە شوێنەکەی داناوە بە ناوی (یاسر شەبەكی) كە خەڵكی بەعشیقەی موسڵە. بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو)، لە چەند هەفتەی رابردوودا (هاوكار جاف) چوتە لای ئەژی ئەمین جێگری سەرۆكی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و ئیتر گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی. (درەو) زانیویەتی، بڕیاربووە ئەژی ئەمین فەرمانی دەستبەكاربوونەوەی وەك بەرپرسی دژە تیرۆر بۆ دەربکات، ئەمەش بەرپرسانی دژە تیرۆری یەكێتی نیگەران كردووە. لە دوای كوشتنی هاوكار جاف هێزە ئەمنییەكانی هەولێر (دژە تیرۆری پارتی) دەچنە گەڕەكی شەهیدانی یەكێتی لە پشت مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر و دوای روبەرووبونەوەیەك (یاسر شەبەكی)و یەكێك لە پاسەوانەكانی دەستگیرکرا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دەستگیركراوەکان دانیان بەوەدا ناوە لە پلانى کوشتنەکەدا تێوەگلاون، بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا چەند كەسێكی تری ماوە دەستگیر بكرێن، بۆیە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکە دواخراوە. ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە بەرپرسانی یەكێتی لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی پرسەكە كۆتایی پێبهێندرێت و زیاتر لەوە كێشەكە ئاڵۆزتر نەكرێت، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان سورە لەسەر بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكان و پێیوایە ئەوە خەرقێكی ئەمنی گەورە بووە لە هەولێر كراوەو ئەمنیەتی هەولێری خستووتە ژێر پرسیارەوە، لە هەمانكاتدا ئەو كەسە كوژراوە فەرماندەیەكی دیاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بووە.    


 شیكاری: درەو # کێڵگەی نەوتی تەق تەق لە ساڵی (2021) بەتێکڕا ئاستی بەرهەم گەیشتووە بە (5 هەزارو 940) بەرمیل لە ڕۆژێکداو لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022)دا بەتێکڕا ئاستەکە زیاتر دەبەزیوەوە گەیشتووە بە (4 هەزار و 850) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. واتە بەرهەمی کێڵگەی تەق تەق لەماوە نێوان ساڵی (2011) بۆ ساڵی (2022) بە ڕێژەی (93%) بەرهەمهێنان دابەزیوە، ئەگەر بەراوردەکە بە ساڵی (2014) بکەین ئاستی دابەزینەکە دەگاتە (95%). # لە کێڵگەی نەوتی شێخان تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزار و 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، تا ساڵی (2021) تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە گەیشتووە بە  (43 هەزار و 440) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) ئاستەکە گەیشیووە بە (44 هەزار 900) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. بەم پێیەش ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە لە ماوەی نێوان ساڵی (2013) بۆ ساڵی (2022) بڕی بەرهەم هێنان بە ڕێژەی (3107%) زیادی کردووە. # کێڵگەی نەوتی تەق تەق لە زۆنی سەوز هەردوو کۆمپانیای (ئەداکس پیترۆلیۆم)ی چینی و و (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی کاری تێدا دەکەن. # کێڵگەی نەوتی شێخان لە پارێزگای دهۆک کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی کاری تێدا دەکات. # کیڵگەی نەوتی تەق تەق (30) بیر و شێخان (15) بیری نەوتی تێدایە. کێڵگەی نەوتی تەق تەق ناوچەی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی تەق تەق بە (60) كم لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری كەركوك، (85) كم باشوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر و (120) كم لە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانیەوە دوورە. لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە بەڵام لە ژێر قەڵەمڕەوی دەسەڵاتدارانی پارێزگای سلێمانیە. ڕووبەری گشتی ناوچەی گرێبەستی تەق تەق نزیکەی (951) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. پشكه‌كان دابەشکراون بەسەر كۆمپانیای (ئەداکس پیترۆلیۆم)ی چینی و بەڕێژەی (36%) و (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی (44%) و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.‌ ئەگەرچی لەسەرەتاوە بە یەکێک کە کێڵگە گەورەو پڕ بایەخەکانی  بواری بەرهەمهێنانی نەوت لێی دەڕواندرا، ئاستێکی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەبوو، بەڵام خێراییەکی زۆر چاوەڕاون نەکراو ئاستی بەرهەمەکەی ڕووی لە داکشان کرد. لەم کێڵگەیەدا بۆ یەكەم جار لە ساڵی (1978)دا لەلایەن ڕژێمی عێراقی ئەوكاتەوە (3) بیرە نەوت لێدراوە و بەڵام هیچ وەبەرهێنانێکی تێدا نەکرداوە، لەداوی ڕاپەڕینەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی (1994-1996) ئەو (3) بیرە نەوتەی پێشتر هەڵکەندراوبوون  سەریان لادرایەوە و  دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو. تا ساڵی (2002) نەوتی خاوی کێڵگەکە گەیەندرایە پاڵاوگەی نەوتی سلێمانی و بەشێوەیەكی سەرەتایی  بەنزین و گازۆیل و نەوتی سپیان بە بڕێكی كەم لێ بەرهەم دەهێنا. لە (17/7/ 2002) وە بەڕەسمی گرێبەست واژۆكراوە لە گەڵ كۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) توركیدا كە تا ئەو كاتە 6-7 بیرە نەوت هەبوە. بەڵام لەوکات بە دواوە لە سنوری کێگەکەدا ژمارەی برەکان گەیشتووە بە نزیکەی (30) بیری هەڵکەندراو. لەساڵی (2012) دا بە درێژایی (78) كم بۆری ئەم كێڵگەیە بەسراوەتەوە بە وێسگەی خۆرمەڵەوە  و لەوێشەوە بۆ بۆری بەندەری جیهانی توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوت. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم کێگەیەدا بەخێرایی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکەدا ڕووی لە بەرزبوونەوە دەکرد و چاوەڕێی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەکرا، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕێ دەکرا ڕوویدا، بە جۆرێک ئاستی بەرهەمی نەوتی لە کێڵگەکەدا لە ساڵی (2012) بریتی بوو لە (75 هەزار) بەرمیلی ڕۆژانەو لە ساڵی (2014) بەرهەمەکەی گەیشتە (130 هەزار) بەرمیلی ڕۆژانەو بەرپرسانی کۆپانیاکانی وەبەرهێن لە کێڵگەکەدا ئاماژەیان بەوە دەکرد لە کە داهاتووی نزیکدا بەرهەمی ڕۆژانە دەگەیەنین بە (200 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام لەو کاتد بەدواوە ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە زۆر بەخێرایی دادەبەزێت و بەپێی دواین ئامارەکانی کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) لە ساڵی (2021) بەتێکڕا ئاستی بەرهەم گەیشتووە بە (5 هەزارو 940) بەرمیل لە ڕۆژێکداو لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022)دا بەتێکڕا ئاستەکە زیاتر دەبەزیوەوە گەیشتووە بە (4 هەزار و 850) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. بە پێیەش دەتوانین بڵێین ئاستی بەرهەمی کێڵگەی تەق تەق لەماوە نێوان ساڵی (2011) بۆ ساڵی (2022) بە ڕێژەی (93%) بەرهەمهێنان دابەزیوە، ئەگەر بەراوردەکە بە ساڵی (2014) بکەین ئاستی دابەزینەکە دەگاتە (95%). بۆ دابەزینی ئاستی بەرهەمی کێڵگەی نەوتی تەق تەق لە ماوەی سالانی (2011 - 2022) بڕوانە (چارتی ژمارە (1)). چارتی ژمارە (1)  کێڵگەی نەوتی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان دەکات، کێڵگەکە دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆک، قه‌زای شێخان ده‌گرێته‌وه‌ بە (60) کم لە پارێزگای هەولێرەوە دوورە، ڕووبه‌ری کێڵگەکە نزیکەی (283) کیلۆمەتر دووجایە، کۆمپانیاکە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە و 80%ی پشکی کارکردنی لە چوارچێوەی گرێبەستی شێخان هەیە. گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگەی شێخام لە ساڵی 2007 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەخشراوە، ساڵی (2009) لە یەکەم بیر لە کێڵگەدا بەناوی (SH-1) دۆزرایەوە، بۆ یەکەم جاریش تەمموزی ساڵی (2013) کێڵگەکە گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنان. لەو کاتەوە، زیاتر لە (100 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە. بەجۆرێک کۆی گشتی تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزار و 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کێڵگەکە بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە تا ساڵی (2021) تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە گەیشتووە بە  (43 هەزار و 440) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) ئاستەکە گەیشیووە بە (44 هەزار 900) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. بۆ زانیاری دەربارەی گەشەی بەرهەمی نەوتی کێڵگەی شێخان لە ماوەی (2013 بۆ 2022) بڕوانە (چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) بەم پێیەش ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە لە ماوەی نێوان ساڵی (2013) بۆ ساڵی (2022) بڕی بەرهەم هێنان بە ڕێژەی (3107%) زیادی کردووە، ئەمەش بۆ ئەو پەرەپێدان و وەبەرهێنانە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیاکە لە کێڵگەکەدا ئەنجامی دەدات. کێڵگەکە (14) بیری تێدایە بەرهەمەکانیان دەگوزارێنەوە بۆ دوو وێزگەی عەمبارکردنی نەوتی کێڵگەو لەوێوە بە بۆری نەوتی کوردستان دەگوزارێتەوە، بەم جۆرەی لە خشتەکەدا هاتووە؛ خشتەی بیرە نەوتییەکانی کێڵگەی شێخان هەروەها (بڕوانە نەخشەی ژمارە (1)) کە ژمارەی بیرو کارەکانی کۆمپانیای وەبەرهێنەر دەردەخات. نەخشەی ژمارە (1) کێگەی نەوتی شێخان   ماوەتەوە بوترێت بەپێچەوانەی کێڵگەی نەوتی شێخان بە پێچەوانەی کێڵگەی نەوتی تەق تەقەوە، بە خێراییەکی زۆر گەشەی پێدراوە (چارتی ژمارە (3)) بە ڕوونی گەشەی نەوتی شێخان و پاشەکشەی بەرهەمی تەق تەق نیشان دەدات لە ماوەی ساڵانی (2011) بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی (2022). چارتی ژمارە (3) بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی هەردوو کێڵگە نەوتییەکە، بڕوانە؛ -    درەو میدیا؛ به‌رهه‌می کێڵگه‌کانی (تاوکێ، ته‌ق ته‌ق، سارتا) ڕووی له‌ دابه‌زین کردووه؛‌ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10971&fbclid=IwAR1S_C8Yp6ScP_YCINHJqJSkIBXNdiaNy6jzsL47EOOle6V2Qbf2zXp1RBI -    سپی میدیا، نوێترین زانیاری لەسەر ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم https://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=101129&Jor=22 -    روداوو، ئاستی بەرهەمهێنانی كێڵگەی نەوتی تەق تەق بەرزدەبێتەوە https://www.rudaw.net/sorani/business/150820143 -    نەوزادی موهەندیس، هۆکارەکانی کەمبوونەوەی نەوتی تەق تەق؛ https://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=671 -    Genel energy, Production, Taq Taq; https://genelenergy.com/operations/production/taq-taq/?fbclid=IwAR1w41YY6oLDwfvgWuHsDBAaOt3XIOrDS7Bo48woodkPl3Rm91NEy154NbU -    Iraq business news, Genel Energy expects Continued Growth; https://www.iraq-businessnews.com/2021/01/20/genel-energy-expects-continued-growth/ -    Taq Taq throws a spotlight on KRG's future https://www.argusmedia.com/en/news/1432338-taq-taq-throws-a-spotlight-on-krgs-future -    Iraq business news, Genel Shares Crash on Taq Taq Reserve Downgrade; https://www.iraq-businessnews.com/2016/02/29/genel-shares-crash-on-taq-taq-reserve-downgrade/ -    Gulf Keystone Petroleum, Operations, Track record & performance https://www.gulfkeystone.com/operations/?fbclid=IwAR25bO4n1B57TYO9y1kF_yBVxneiX6Gw_dLZKp2Ndva7d_fDfHzbL4UWljk#production -    OIL GAS JORNAL, Genel working to debottleneck Iraq Taq Taq oil output; https://www.ogj.com/exploration-development/article/17257578/genel-working-to-debottleneck-iraq-taq-taq-oil-output  


(درەو): بڕیاری دابەزاندنی ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لەناو گروپی ئۆپێك پڵەسدا، ئەمریكای لە سعودیە توڕە كردووە، دیموكراتەكان داوا دەكه‌ن ئاستی فرۆشی چەك بە سعودیە كەمبكرێتەوە، بایدن ترسی هەیە بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و پیران نرخی بەنزین بەرزببێتەوە. ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ویلایەتە یەكگرتووەكان تاوتوێی چەند بژاردەیەك دەكات سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە، ئەمە دوای ئەوەی سعودیە لەگەڵ وڵاتانی تری گروپی ئۆپێك پلەس رێككەوتنی كرد لەسەر كەمكردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت.  بلینكن وتی: لەبارەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سعودیە بەچڕی لەگەڵ كۆنگرێسدا راوێژ دەكەین.  وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەدیاریكراوی باسی لەو هەنگاوانە نەكرد كە واشنتۆن تاوتوێی دەكات، بەڵام دوێنێ دیموكراتەكان لە كۆنگرێسی ئەمریكا داوایان كرد ئەمریكا ئاستی فرۆشی چەك بە سعودیە كەمبكاتەوە.  هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا گومانیان لە پەیوەندییە ئەمنییەكانی وڵاتەكەیان هەیە لەگەڵ سعودیە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا توڕەییەكی زۆر هەیە سەبارەت بە كوژرانی خەڵكی مەدەنی لەو هێرشانەدا كە سعودیە لە یەمەن ئەنجامیان دەدات، ئەمە سەرباری پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە سعودیەدا.  ئیدارەی جۆ بایدن نیگەرانە لەوەی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەر لە هەڵبژاردنی نیوەی ئەنجومەنی نوێنەران‌و پیرانی ئەمریكا كە بڕیارە رۆژی 8ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، چونكە دیموكراتەكان دەیانەوێت پارێزگاری لە كۆنترۆڵی خۆیان لەناو ئەو دوو ئەنجومەنەدا بكەن.  تائێستا بایدن ئەو هەنگاوانەی ئاشكرانەكردووە كە بڕیارە دژی دابەزاندنی ئاستی وەبەرهێنانی نەوت بیانگرێتەبەر، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ" واشنتۆن كارێك ناكات كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی خۆی بگەیەنێت".  


ئامادەكردنی: نەوزادی موهەندیس •    ڕۆژی 4 شەممە ڕێكەوتی 5/10/2022 وڵاتانی ئۆپێك+ لە شاری ڤییەنا كۆبونەوەی 45هەمینی لیژنەی چاودێری و كۆبونەوەی 33هەمینی وەزاری خۆی ئەنجامدا بەمەبەستی گفتوگۆكردن دەربارەی گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لە بازاڕەكانی نەوتی جیهانیدا و گەیشتنە ئەو بڕیارەی كە: •    لەسەرەتای مانگی 11/2022وە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە كەمدەكەنەوە لەبەرهەمهێنان واتە مانگانە 60 ملیۆن بەرمیل.كە ئەمە گەورەترین كەمكردنەوەیە لەدوای پەتای كۆڕۆناوە لەمانگی ئازاری 2020وە.ئۆپیك+ وەك ڕێكخراوێكی میحوەری خۆی بەبەرپرسیار دەزانێت لەبەرامبەر ئابوری جیهاندا و هەربۆیە ئەم بڕیارەی لە بەرژەوەندی وەبەرهێنەران و بەكاربەرانی نەوتدا داوە و وەك سیاسەتێكی جێگیری پێشووتری خۆی. •    هۆكارەكانی ئەم بڕیارە: 1.نرخەكانی نەوت ڕوو لە دابەزین بوو كە مەترسی دەكرا بێتە سەر 50 دۆلار لە 120 دۆلارەوە پێش 3 مانگ و لەم ماوەی مانگ و چەند هەفتەیەدا ڕێژەی 35% لە نرخەكان دابەزیبوون و هاتنە خوار 90 دۆلارەوە. 2.بڕی بەرهەمهێنانی نەوت زۆرتر بوو لە بڕی داواكراو لە بازاڕەكاندا((عرض و طلب)). وەك وەزیری نەوتی سعودیە امیر عبدالعزیز بن سەلمان دەڵێت (( ئەم دۆخەی ئێستای بازاڕەكانی نەوتی جیهانی زۆر تەمومژاویە و لەماوەی 30 ساڵی ڕابووردوودا وەك كەسێكی بە ئەزموون لەو بوارەدا دۆخی وام نەبینیوە)).  *  باشیەكانی ئەم بڕیارە: 1. دەبێتە هۆی ڕاگرتنی هاوسەنگی نرخەكانی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا. 2. عرض و طلب هاوسەنگدەبنەوە. 3.ڕێگا نادات كە نرخەكان زیاتر داببەزێت. * كاریگەریە خراپەكانی ئەم بڕیارە: ئەم بڕیاری كەمكردنەوەیە بەتەنها زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنێت كە داهاتێكی كەم یان مام ناوەندیان هەیە،چونكە بەرزی نرخەكانی نەوت دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی كاڵاو واڵاكان بۆ هەمووان. •    ئەمریكا بۆ لەم بڕیارە پەست و توڕە و ترساویشە: ئاشكرایە ئەمریكا گەورەترین بەكاربەری نەوتە لەجیهاندا و پێویستی زۆری بەنەوت هەیە و لەوماوەیەی پێشووشدا لە یەدەگی ستراتیجی خۆی نەوتی زۆری بەكارهێناوە،بۆیە ئەمریكا هەمیشە گەرەكێتی نرخی نەوت لە نێوان 50-80 دۆلاردا بێت. بەكەمبونەوەی ئەو بڕە نەوتە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخەكانی نەوت لەجیهاندا لەسەر ئەمریكا زۆر دەكەوێت و لەناوخۆشیدا دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و غازی سروشتیش. بەتایبەتیش لەم كاتەدا كە لە ئەمریكادا سەرقاڵی هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی كۆنگرێسی ئەمریكان و پارتی دیموكراتەكان بەسەرۆكایەتی بایدن دەترسن كە شكستبێنن. و ئەم بڕیارە بەكارێكی دوژمنكارانەی سعودیە و ئیمارات و كوێت دادەنێن بۆ خۆیان و دەڵێن پاڵیانداوەتەوە بە ڕووسیاوە.و كۆی بڕیارەكەش بە كورتبینی وەصف دەكات. •    كاریگەریەكانی  بڕیارەكە لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان: ئاشكرایە عێراق چوارهەم وڵاتی بەرهەمهێنی ئەم گروپەیە و پێنجەمیشە لە بڕی یەدەگی نەوتی جیهاندا كە بە 140 ملیار بەرمیل دادەنرێت. عێراق لەمانگی 9/2022دا بەم شێوەیە بەرهەمی نەوتی هێناوە: بڕی 98765153 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە داهاتەكەی بریتیە لە 8.733 ملیار دۆلار ڕۆژانە 3.292000 بەرمیلی هەناردەكردوە بەتێكڕای 88.83 دۆلار بۆ 1 بەرمیل نەوت ئەو بڕەی كە لەپشكی عێراق كەمدەبێتەوە لە ئەنجامی ئەم بڕیارەدا بریتیە لە 220هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.كەوەك وەزیری نەوت و كۆمپانیای سۆمۆ دەڵێن زۆر كاریگەر نابێت چونكە دەتوانین لەناوخۆدا ئەو بڕە ساغبكەینەوە. بڕیارەكە بۆ عێراق باشە و دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتی مانگانە. •    بۆ سەرهەرێمی كوردستان كاریگەری باشە و بەهەمان شێوە نەوتەكەی بەنرخی زیاتر دەفرۆشێت. بەڵام دەبێت هەرێمی كوردستان خۆی ئامادەبكات بۆ هەر ئەگەرێك لە ئایندەدا بە زیادكردنی بڕی بەرهەمی نەوتی جیهانی و دابەزینی نرخەكان  لەكاتێكدا ئەمریكا فشارەكانی بۆ سەر سعودیە و ئیمارات و كوێت زیاتر بكات بۆ بەرزكردنەوەی بڕی بەرهەمیان و لەكاتی ڕاوەستانی جەنگی ڕوسیا و ئۆكرایناشدا، لەو كاتەدا حكومەتی هەرێم داهاتی كەم دەكات وناتوانێت تەنانەت مووچەش لەكاتی خۆیدا بدات بۆیە گەرەكە كە حكومەتی هەرێم: 1.    تابتوانێت داهات زیاد بكات  بۆ ڕۆژی تەنگانە و یەدەگی دراوی نەختینەی هەبێت. 2.    داوا لەحكومەتی بەغداد بكات بۆ ناردنی 200ملیار دینارەكەی مانگانە. بەم شێوەیە دەكرێت كاریگەریە خراپەكانی دابەزینی نرخەكانی نەوت لەسەر هەرێمی كوردستان كەمبكرێتەوە.


راپۆرت: درەو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی (30) ساڵە، لەم تەمەنەدا بەهۆكاری شەڕی ناوخۆ‌و ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە پەرلەمان (7) جار تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە‌و ئێستا دەیەوێت بۆ جاری (هەشتەم) درێژكردنەوە بكات، بەپێی پێشنیازە یاسای ئامادەكراو كە لەلایەن (85) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) واژۆیانكردووە، تا كۆتایی وەرزی پاییزە لە 2023  واتا تا 2023/12/31 .   پەرلەمان‌و درێژكردنەوە پەرلەمانی كوردستان ئێستا تەمەنی دەبێت بە (30 ساڵ)، لەم تەمەنەدا پەرلەمان (7) جار بەهۆكاری شەڕی ناوخۆیی‌و ناكۆكی سیاسی پارتی‌و یەكێتییەوە تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە‌و ئێستا ئامادەكاری بۆ درێژكردنەوەی (هەشتەم) دەكات.  تەنیا خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان (4) جار پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە.  •    یەكەم درێژكردنەوە: یەكەم درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا بوو، بە بڕیاری ژمارە (1)و بەواژۆی (جەوهەر نامیق سالم) سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، لە رۆژی 27/5/1995، تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە (ئەوكات پەرلەمانی كوردستان ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی بوو).  لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە:  -    خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق یەك ساڵ درێژ دەكرێتەوە لە بەرواری (4/6/1995)ەوە. * دووەم درێژكردنەوە: لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لە رۆژی 3/6/1996 بە واژۆی (نەژاد ئەحمەد عەزیز ئاغا) لە جیاتی سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بۆ ماوەی (3) مانگ تەمەنی ئەنجومەنی نیشتمانی درێژكراوەتەوەو لەمادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: - خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لە رۆژی 4/6/1996ەوە بۆ ماوەی (3) مانگ درێژ دەكرێتەوەو قابیلی درێژكردنەوەی دیكەشە. * سێیەم درێژكردنەوە: مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ (3) رۆژ دوای رووداوەكانی 31ی ئابی 1996، پەرلەمانی كوردستان بە واژۆی (جەوهەر نامیق سالم) بەبڕیاری ژمارە (2) لە رۆژی 3/9/1996 تەمەنی پەرلەمانی بۆ ماوەی (2) ساڵ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: - دەوری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق تاكو 4/6/1998 درێژ دەكرێتەوە. * چوارەم درێژكردنەوە: ئەمجارە تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەیەكی نادیار تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن درێژكرایەوە، پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە (9) لە رۆژی 15/4/1998 كە واژۆی (جەوهەر نامیق سالم)ی لەسەرە تەمەنی  خۆی درێژكردەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت‌و لە مادەی یەكەمی پڕیارەكەدا هاتووە: - ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لەكاردا دەبێت تا هەڵبژاردنی تازەو بەستنی یەكەم دانیشتنی خۆی. لەدوای پرۆسەی ئاشتی، یەكێتی‌و پارتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەی بە دەوری دەبێت‌و ناوی خولی پەرلەمانی كوردستانیشان نا خولی گواستنەوە، هەر لەوكاتەشەوە ناوی (ئەنجومەنی نیشتمانی) گۆڕدرا بە (پەرلەمانی كوردستان). ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی (د. رۆژ نوری شاوەیس) بەبڕیاری ژمارە (21) لە 15/10/2002 بڕیاریدا: - ماوەی ئیشوكاری ئەنجومەنی نیشتمانی سەرەتا لە 4/10/2002ەوە تا هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەن دانیشتنی یەكەمی بەناوی (خولی گواستنەوە) دەبێت. - سەرۆك و جێگر پلە یان مەنسەبیان دەگۆڕنەوە ئەم ئاڵوگۆڕە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت تاكاتی هەڵبژاردنی خولی دووەم. • پێنجەم درێژكردنەوە: لە رۆژی 13/5/2009 پەرلەمانی كوردستان لە خولی دووەمدا تەمەنی خۆی درێژكردەوە لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 4/6/2009 كۆتایی پێدێت بەردەوام دەبێت و پەرلەمان دەمێنێتەوە تاكو هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ •    شەشەم درێژكردنەوە: پەرلەمانی كوردستان لە خولی سێیەمداو لە دانیشتنی رۆژی 30/6/2013 خولی هەڵبژاردنی بۆ ماوەی نزیكەی (3) مانگ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی دانیشتنەكەدا هاتووە: -    خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20/8/2013 تەواو دەبێت بەردەوام دەبێت و پەرلەمان تا 1/11/2013 لەسەر كاری خۆی دەمێنێت و هەڵبژاردن لە 21/9/2013 ئەنجام دەدرێت. •    حەوتەم درێژكردنەوە: پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی خۆیدا لە 24/10/2017 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی یەك ساڵ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرەلمانی كوردستان دوو خولی گرێدانی تر لەكاردا دەبێت لە بەرواری 6/11/2017 ەوە.          


درەو: (7) ئەندام واژۆیانكرد ژمارەی دەنگەكانیان (21,715 ) (5) پەرلەمانتار واژۆیان نەكرد ژمارەی دەنگەكانیان (114,635). درەو: ئەو پەرلەمانتارانەی فراكسیۆنی گۆڕان كە واژۆیانكردووە: گوستان سەعید: 825 دەنگ شاخەوان رەئوف بەگ: 2782 دەنگ یاسین خدر: 3205 دەنگ جەلال محەمەد: 2803 دەنگ بەڵێن عەبدوڵا: 1268 دەنگ  رزگار محەمەد: 3157 دەنگ  گۆران عومەر: 7675 دەنگ  كۆی گشتی دەنگی ئەو ئەندامانەی فراكسیۆنی گۆڕان واژۆیانكردووە: 21,715 دەنگ ئەوپەرلەمانتارانەی فراكسیۆنی گۆڕان كە واژۆیان نەكردووە: عەلی حەمەساڵح: 91,934 دەنگ شیرین ئەمین: 13919 دەنگ ئاشنا عەبدوڵا: 3121 دەنگ شایان عەسكەری: 3378 دەنگ دابان محەمەد: 2283 دەنگ كۆی گشتی دەنگی ئەو پەرلەمانتارانەی فراكسیۆنی گۆڕان واژۆیان نەكردووە: 114,635 دەنگ


شیكاری: درەو بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم لە ساڵی (2013)دا پرۆژە یاسایەک بە واژۆی (15) پەرلەمانتارەوە پێشەکەش کرا، بەڵام لەم خولەدا (85) پەرلەمانتار واژۆیان کردووە. لە (2013) دا پارتی و یەكێتی و پێكهاتەكان واژۆیان كرد بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم، لە (2022)دا پارتی و یەكێتی و گۆڕأن و پێ:هاتەكان واژۆیان كردووە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هرەێم. دەروازە ئەنجامدانی هەرڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، یەکێکە لەو گرفتە هەمیشەیی و دووبارەبووانەی هەموو چوار ساڵ جارێک بەرۆکی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان و پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستانی گرتووە.  بەشی سەرەکی کێشەکەش بەستراوە بە نەبوونی دەستورێکی نوسراو لە هەرێمی کوردستان، کە ڕێگەی بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێم لە سەروو هەمووانیشەوە (یەکێتی و پارتی) خۆش کردووە، کە هەمیشە بە خواستی خۆیان هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن یان تەمەنی پەرلەمان و دامەزراوە یاسایی و سیاسییەکانی درێژ بکەنەوە. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992، ماددەی (51)؛ "ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە، لە یەکەم دانیشتنەوە دەست پێدەکات و، لە دوا دانیشتنی ساڵی چوارەمدا کۆتایی دێت". پشت بەست بەم یاسایە، لە (19/5/1992) یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان بەڕێوەچوو لە (4/6/1992) یەکەم دانیشتنی خۆی گرێدا، بەم پێیەش تا (4/11/2022) تەمەنی پەرلەمان دەبێتە (30) ساڵ و (5) مانگ، لەم ماوەیەشدا تەنها (5) خولی هەڵبژاردن بەڕێوەچووە، واتە ئەگەر هەر خولێکی پەرلەمان (4) ساڵی تەواو بێت، ئەوا (20) ساڵ پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردندا کاری کردووە. تا (6/11/2022)، یەک لە سەر سێی تەمەنی پەرلەمان و ماوەی (10) ساڵ و (5) مانگ لە دەرەوەی ماوەی یاسایی خۆیدا بووە. لە ئێستاشدا هەوڵ هەیە تەمەنی پەرلەمان بۆ جاری (هەشتەم) درێژ بکرێتەوە، چونکە لە خولەکانی ڕابردووەدا (حەوت) جار درێژکراوەتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا جیاوازی ڕاو بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان ڕووندەکەینەوە لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی کاری پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و دواخستنی هەرڵبژاردن لە نێوان هەردوو ماوەی (30/6/2013) لە خولی سێیەمی پەرلەمان و (6/11/2022) کەوا بڕیارە خولی سێیەمی پەرلەمان و ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی تێدا درێژ بکرێتەوە. یەکەم؛ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ویلایەتی سەرۆکی هەرێم لە (30/6/2013) دوای ئەوەی ڕۆژی (25/7/2009) خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، هاوکات ڕۆژی 20/8/2009 خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری فراکسۆنەکانی؛ لیستی کوردستانی  (یەکێتی و پارتی)، بزوتنەوەی گۆڕان، لیستی چاکسازی و خزمەتگوزاری (یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان و حیزبی ئایندەی کوردستان) و (9) لیست و قەوارەو پارتی سیاسی دیکە، یەکەم دانیشتی ئاسایی خۆی گرێدا. بەم پێیەش بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992، ماددەی (51)؛ "ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە، لە یەکەم دانیشتنەوە دەست پێدەکات و، لە دوا دانیشتنی ساڵی چوارەمدا کۆتایی دێت". واتە دوا ڕۆژی خولی سێیەمی پەرلەمان ویلایەتی سەرۆکی هەرێم 20/8/2013 دەبێت. بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی ئەوی ناکۆکی توندی سیاسیی و یاسایی هەبوو لەگەڵ لایەن سیاسییەکانی دیکە بەتایبەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو) لە پرسی مانەوەی (مەسعود بارزانی) لە پۆستەکەی و دووبارە خۆکاندیدکردنەوەی. لەلایەکی دیکەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کێشەی قوڵی ناوخۆی و لاوازی حیزبەکەیدا بوو، بۆیە هەردوو لایەن خوازیاری ئەوەبوون هەڵبژاردنی پەرلەمان و بەڕێوەنەچێت و ویلایەتی سەرۆکی هەرێم درێژبکرێتەوە. بەڵام بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتیش بزوتنەوەی گۆڕان سەرسەختانە لە ڕێگەی فراکسیۆنەکەیەوە لە نێوە پەرلەمان و لە دەرەوەش فشاری زۆری کرد بۆ ئەوەی ئەو درێژکردنەوەیە ڕوونەدادە، بەڵام پارتی و یەکێتی بە هاوکاری دەنگی پێهاتەکان ڕۆژی (30/6/2013) دوو پرۆژە یاسای بردە نێو هۆڵی پەرلەمان کە یەکەمیان "پرۆژە یاسای درێژکردنەوەی خولی هەڵبژاردنی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق" بوو. پرۆژەی دووەم کە هەمان ڕۆژ (15) پەرلەمانتار کەناویان لە (خشتەی ژمارە (1))هاتووە واژۆیان لەسەر کردبوو "پرۆژە یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی كوردستان ـ عێراق" بوو. خشتەی ژمارە (1) بۆیە دوای مشتومڕێکی زۆرو تەنانەت بەریەککەوتنی پەرلەمانتارن هەردوو پرۆژە یاساکە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند کرا، بە جۆرێک؛ بەپێی یاسای ژمارە (18)ی ساڵی 2013، یاسای درێژکردنەوەی خولی هەڵبژاردنی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان، ماددەی یەکەم؛ "خولی هەڵبژاردنی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق کە لە (20/8/2013)دا تەواو دەبێت، و پەرلەمان تا (1/11/2013) لەسەر کاری خۆی دەمێنێت، و هەڵبژاردن لە (21/9/2013) ئەنجام بدرێت. بەپێی یاسای ژمارە (19)ی ساڵی 2013، یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ماددەی یەکەم؛ "ویلایەتی سەرۆکی هەرێم کە لە (20/8/2013)دا تەواو دەبێت، بەردەوام دەبێت، درێژ دەکرێتەوە تا (19/8/2015) کە ئیتر بۆ دووەم جار یارای درێژکردنەوە نیە".  هەردوو پرۆژەکە بەم دەقانەی سەرەوە چەسپێندراو بوون بە یاسا، هەر زوو بۆ ڕۆژی دواتر لە (1/7/2013)، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو) لە دەرەوەی پەرلەمان و فراکسیۆنەکانیان لە ناوەوەی پەرلەمان دژ بەو هەنگاوە بەیاننامەی توندیان دەرکرد بڕوانە (هاوپێچی یەکەم؛ ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن  و هاوپێچی دووەم؛ ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ 30/6/2013 ی‌ په‌رله‌مان). بەم پێیەش هەڵوێستی لایەنە سەرەکییەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیەبوو (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2)) دووەم؛ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ویلایەتی سەرۆکی هەرێم لە خولی پێجەمی پەرلەمان لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردن سێ كۆبونەوەیان كردووە: كۆبونەوەی یەكەم: رۆژی 26ی ئایاردا لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر بەسەرپەرەشتی خاتوو (جینین پلاسخار) نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن.  كۆبونەوەی دووەم: رۆژی 9ی حوزەیران لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەرپەرەشتی كرد‌و خاتوو پلاسخارت ئامادە بوو، جارێكی تر لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی‌و وادەی بەڕێوەنی هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێككەوتن،   كۆبونەوەی سێیەم: رۆژی 10ی ئاب جارێكی تر كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان بەئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان‌و بە سەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوە. بەڵام هیچ یەکێک لەو کۆبوونەوانە لایەنە سیاسییەکانی نەگەیاندە ڕێککەوتن، چونکە لەبارەی کۆمەڵێک لەمپەرو پرسی جیدییەوە ناکۆک بوون، جا ئەو ناکۆکیانە لەپێناو دواخستنی هەڵبژاردن بوو یان هەر بەڕاست لەمپەرەکان جدی بوون ئەوە جێگەی پرسیارە؟ چونکە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەبوو بۆ لابردنی لەمپەرەکان، هەر بۆیە ئەو لەمپەران بووە جۆرێک لە دان ڕۆکردن بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، ئەو ناکۆکیانەش لە (خشتەی ژمارە (3))دا ڕونکراوەتەوە. خشتەی ژمارە (3)) هەر چۆنێک بێت ئەو لایەنە سیاسییانەی نەیانویست هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت گرەوەکەیان بردەوەو ئێستا تەنها ئەو بژاردانە بەردەستن کە تەمەنی پەرلەمان و ویلایەتی سەرۆکی هەرێم تا کەی درێژ دەکرێتەوە. ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ڕۆژی (6/11/2022) کۆتایی تەمەنی پەرلەمان دێت و بەجیاواز لە ساڵی (2013) لەمپەرێکی ئەوتۆ لە ئارادا نیەو لە پەرلەمانی كوردستان فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان)، (85) واژۆیان كۆكردەوە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی (پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم) فراكسیۆنەكانی (یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، سەربەخۆكان و پێنج ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان) واژۆیان لەسەر پرۆژەکە نەكردووە. بەپێی زانیارییەکان لە پەرلەمانی كوردستان واژۆ كۆكراوەتەوە بۆ پێشنیازە یاسایەك بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی تا ئێستا زانراوە (85) ئەندامی پەرلەمان واژۆیان كردووە بۆ درێژكردنەوە بەم شێوەیە: -    فراكسیۆنی پارتی (45) ئەندام واژۆیان كردووە -    فراكسیۆنی یەكێتی (22) ئەندام واژۆیان كردووە -    پێكهاتەكان (11) ئەندام واژۆیان كردووە -    فراكسیۆنی گۆڕان (7) ئەندام واژۆیان كردووە. (5) ئەندام واژۆیان نەكردووە ئەوانیش (عەلی حەمە ساڵح، ئاشنا عەبدوڵا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین، شایان عەسكەری)، ئەمەش پێچەوانەی خواستی بزوتنەوەکەیانە کە لە ساڵی (2013) سەرسەختانە داکۆکیان لەوە دەکرد نابێت تەمەنی پەرلەمان و ویلایەتی سەرۆکی هەرێم درێژ بکرێتەوە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)) لە بارەی ڕای لایەن و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم لە نێوان (30/6/2013) و (6/11/2022). خشتەی ژمارە (4) هاوپێچی یەکەم هاوپێچی دووەم  


  درەو:  ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم كۆی داهاتی گەڕاوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان (974) ملیار دیناربووە، هەرێم لە مانگی ئەیلولدا بە بەهای (ملیارێك و 28 ملیۆن) دۆلاربووە، بەڵام ئەوەی بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم ماوەتەوە (452 ملیۆن) دۆلار بۆ خەزێنەی حكومەت ماوەتەوە. پوختە داهاتی نانەوتی •    داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم  بۆ مانگی ئەیلول = (287 ملیار) دینارە (بەپێی دوا لێداوانی وەزیری دارایی هەرێم) •    یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینار •    پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (0) دینار داهاتی نەوت (هه‌نارده‌ی ده‌ره‌کی به‌ بۆری) •    هەرێمی کوردستان  لە مانگی ئەیلولی (2022)دا  بڕی (13  ملیۆن و 220 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای  بەندەری جیهانی تورکیاوە. •    تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت  بۆ مانگی  ئەیلول (89.79) دۆلارە.  •     لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (77.79) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (13  ملیۆن و 220 هەزار) بەرمیل X (77.79) دۆلار = (1 ملیار و 28 ملیۆن و 383 هەزار و 800 ) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (1 ملیار و 28 ملیۆن و 383 هەزار و 800) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 491 ملیار و 156 ملیۆن و 510 هەزار) دینار. •    بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (44%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. -    کەواتە: (1 ملیار و 28 ملیۆن و 383 هەزار و 800) دۆلار  X (56%) = (575 ملیۆن و 894 هەزارو 928) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (575 ملیۆن و 894 هەزارو 928) دۆلار X ((1450 دینار = (835 ملیار و 47 ملیۆن و 645 هەزار 600) دینار خەرجی نەوتە. -    (1 ملیار و 28 ملیۆن و 383 هەزار و 800) دۆلار  X (44%) = (452 ملیۆن و 488 هەزارو 872) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (452 ملیۆن و 488 هەزارو 872) دۆلار X (1450) دینار= (656 ملیار و 108 ملیۆن و 864 هەزار 400) دینار. کۆی داهات لە مانگی ئەیلول 2022 (دینار) (656 ملیار و 108 ملیۆن و 864 هەزار 400) داهاتی نەوت + (287 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان = (974 ملیار و 608 ملیۆن و 864 هەزار 400) دینار  ئەم خشتەیە وردەکاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی ئەیلولی 2022


درەو: دوێنێ بۆ ماوەی (20) خولەك بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبونەوە. سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند دوێنی لە پەراوێژی مەراسیمی ساڵیادی كوچی دوایی مام جەلال كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، بۆ ماوەی (20) خولەك بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبونەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا كۆبونەوەكە لەسەر داوای بەرهەم ساڵح بووەو بە مەسرور بارزانی راگەیاندووە، دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ بارزانی ئاسایی بكاتەوەو هەڵە تێگەیشتن هەبووە، بۆیە دەیەوێت ئەو هەڵە تێگەیشتنە راست بكاتەوە. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئێستاش هێڵی سوری لەسەر بەرهەم ساڵح هەیەو رازی نیە بە دووبارە دانانەوە لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بافڵ تاڵەبانیش تا ئێستا سورە لەسەر ئەوەی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە بەرهەم ساڵحە.  


(درەو): دوو (حاجی) ئێستا رابەرایەتی بزوتنەوە دەكەن، هەردووكیان خۆیان بە حەق دەزانن، یەكێكیان دەڵێ شەرعیەتی كۆنگرەم هەیە‌و ئەوەی تریان دەڵێ شەرعیەت لای منە.  بزوتنەوەی كۆن بە رابەرایەتییەكی نوێوە هێڵی گۆڕانكاریی لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی، لای خۆیەوە گۆڕانكارییەكانی كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی هەڵوەشاندەوە كە شوباتی ئەمساڵ بەڕێوەچوو. كۆنگرەی 12 بۆ جاری سێیەم (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز)ی كردەوە بە رابەری گشتیی، ئەمە ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، چونكە بەپێی پەیڕەو "حاجی عیرفان" مافی ئەوەی نەبوو خۆی كاندید بكاتەوە، تاكە كاندیدی بزوتنەوە بۆ پۆستی رابەر لە كۆنگرەدا (كامیل حاجی عەلی) بوو، بەڵام بەهۆی ئەو پێوەرەی دیاریكرابوو كە بەدەستهێنانی دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بوو  بۆ رابەرایەتی، "حاجی كامیل" سەرنەكەوت و بەم میكانیزمە رابەری پێشوو لە پۆستەكەیدا هێڵدرایەوە. هێڵی گۆڕانكاری كە لە ساڵی 2019وە لەناو بزوتنەوە سەریهەڵداوە، ئەمڕۆ بەناوی (بزوتنەوەی ئیسلامی)یەوە خۆی راگەیاندو رابەرایەتی بزوتنەوەكەیان لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز سەندەوەو بەخشیی بە (كامیل حاجی عەلی). دكتۆر محەمەد بازیانی سەرۆكی بزاڤی چاكسازی و گەشە لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیەدایە كە كامیل حاجی عەلی رابەرایەتی دەكات و یەكگرتنی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەكەو هەڵوەشاندنەوەی بزاڤی چاكسازی راگەیاند. رەوتی گۆڕانكاریی لە دادگاكانی كوردستان سكاڵای یاسایی لەبارەی پێشێلكاری و ئەنجامەكانی كۆنگرەی 12ی بزوتنەوە تۆمار كردووە، بەڵام هێشتا دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەوە نەداوە، ئەوان جگە لە تۆماتباركردنی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیان، باس لە ساختەكاریش دەكەن لە دەنگدانی كۆنگرەدا. سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی 12ی بزوتنەوە بەفەرمی ئاڵای بزوتنەوەی پێشكەشی كامیل حاجی عەلی كردو وەكو رابەری بزوتنەوە ناساندی. ئەوەی ئەمڕۆ راگەیەندرا لەڕووی ناوەوە هەمان بزوتنەوە كۆنەكەیە، بەڵام بە رابەرێكی نوێوە. دوای ئەم گۆڕانكارییە ئێستا بزوتنەوەی ئیسلامی لەیەك كاتدا دوو رابەری هەیە كە بریتین لە هەریەكە (حاجی عیرفان)و (حاجی كامیل)، تا ئەو كاتەی دادگا بڕیاری خۆی یەكلادەكاتەوەو ناوی حزبەكە‌و رابەرایەتییە یاساییەكەی بە یەكێكیان دەبەخشێت. كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی رۆژی 5ی شوباتی ئەمساڵ بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرەی 12ی خۆی لە شاری هەولێر بەست.  عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوە دوو خولی خۆی تەواو كرد بوو،‌ بەپێی پەیڕەوی بزوتنەوە مافی ئەوەی نەبوو خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكاتەوە، ئەمە وایكرد تەنیا كامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكات.  لایەنگرانی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بۆ رێگرتن لە سەركەوتنی كامیل حاجی عەلی پێوەرێكیان دیاریكرد، پێوەرەكە ئەوە بوو "ئەو كەسەی دەبێت بە رابەر دەبێت دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەگەر ئەم دەنگەی بەدەستنەهێنا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەر دەمێنێتەوە". ئەم  میكانیزمە مشتومڕی دروستكرد لەبارەی ئەوەی بنەماڵەی عەلی عەبدولعەزیز نایانەوێت رابەرایەتی بزوتنەوە تەسلیمی كەسی تر بكەن، بەڵام ئەوكات عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی رابەری ماوەتەواوبوو دەیوت" ئەمە بۆ ئەوەیە پلانگێڕییەكەی مامۆستا مەلا عوسمان دووبارە نەبێتەوە".  عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لەناو كۆنگرەدا وتی:" مامۆستا مەلا عوسمان (یەكەم رابەری بزوتنەوە) موئامەرەیەكیان لێكرد‌و بە جیاوازی یەك دەنگ (13 دەنگ بەرامبەر بە 12 دەنگ) لە رابەرییان خست، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دەبێت رابەر بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت".   بەم میكانیزمە، كامیل حاجی عەلی كە تاكە كاندید بوو دەنگی 50+1ی كۆنگرەی بەدەستنەهێنا‌و عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەكو رابەر مایەوە.  لەبارەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لەلایەن مەلا (عوسمان عەبدولعەزیز) لە ئێران دامەزراوەو تا ئێستا (12) كۆنگرەی بەستووە. ئایاری 2001 عەلی باپیرو ژمارەیەك لەسەركردەكانی تری ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوە‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (كۆمەڵی داگەریی كوردستان).  دوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعس لە هەرێمی كوردستان، یەكەم شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان ساڵی 1993 لەنێوان بزوتنەوەی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا روویدا، لەم شەڕەدا یەكێتی رابەری گشتی بزوتنەوە (عوسمان  عەبدولعەزیز)ی دەستگیركرد‌و دواتر لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئازادی كرد‌و بارزانی لە پیرمام پێشوازی لێكردن، لەچوارچێوەی هەوڵێكی ئێرانییەكاندا دوای یەكەمین شەڕی ناوخۆیی، بزوتنەوەی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كۆتاییان بە شەڕ هێناو رێككەوتنیان كرد، لەوكاتەوە تاوەكو ساڵی 2001 ناوچەی هەڵەبجە‌و خورماڵ‌و هەورامان بوو بە ناوچەی جێ هەژموونی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و لەو ساڵەدا لەچوارچێوەی شەڕی "دژ بە تیرۆر"دا، هێزەكانی ئەمریكا هێرشیان كردەسەر هەندێك گروپ كە لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوبونەوە، (عەلی عەبدولعەزیز) دووەم رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیشیان دەستگیركرد، ئیتر لێرە بەدواوە بزوتنەوە ناوچەی هەژمون‌و هێزی چەكداری خۆی لەدەستدا‌و كۆمەڵی ئیسلامیشی لێ جیابووەوە.  لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا كە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی لەژێر ناوی "لیستی ئیسلامی" بەشداریكرد‌و (49 هەزارو 108) دەنگی بەدەستهێنا، كە رێژەی 5%ی تێكڕای دەنگەكانی ئەو هەڵبژاردنەی پێكدەهێنا.  ساڵی 2009 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم بزوتنەوەیە (27 هەزارو 147) دەنگی بەدەستهێناو دوو كورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەی دەنگەكانی كەمیكرد‌و تەنیا (7 هەزارو 481) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە.  ساڵی 2013 لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بزوتنەوەی ئیسلامی (21 هەزارو 834) دەنگی بەدەستهێنا‌و یەك كورسی بردەوە.  بەپێی داتاكانی بەردەستی (درەو)، لە ساڵی 1992 بۆ 2013 دەنگی بزوتنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا لە (49 هەزار) دەنگەوە بۆ (21 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، واتە نزیكەی 50%ی دەنگەكانی خۆی لەدەستداوە. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری كرد‌و هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، لەهەمان ساڵدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد‌و بەشداری نەكرد. 


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران تا دێت گەورەتر و فراوانتر دەبێت. ژمارەیەکی زۆری شارەکانی ئەو وڵاتە و بڕێکی زۆر لە زانکۆ و خوێندنگاکانیش نەمانی توانا و تەحەمولی قبووڵکردنی ئەو ڕژێمە سیاسییە دینییە نیشان ئەدەن، کە چوار دەیەیە لە ئێرندا حوکمڕانە. سیستمی حوکمڕانیی لە ئێراندا سیستمێکی دەسەڵاتگەر و ئەوتۆریتێرە. لە ئەدەبیاتی زانستیدا دەوڵەتی ئێرانی بە سیستمی ”جووت دەوڵەتیی“ Dual state یان دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا ناودەبرێت. لە ئاستێکدا دەستور و ھەڵبژاردن و پەرلەمان و سەرۆک کۆمارێکی ھەڵبژێردرا و سوپایەکی فەرمی و حکومەتێک ھەیە، کە بە فەرمی بەرپرسن لەبەردەم پەرلەمانێکی ھەڵبژێردراودا. ( بە ھەموو نووقسانییەکانی ئەم سیستمەوە) کەچی لە سەرێکی دیکەوە ڕەھبەر و مەجلیسە ھەڵنەبژێراوەکانی دەوروبەری ڕەھبەر ھەن، بە دەسەڵاتێکەوە گەورەتر و زیاتر لە دەسەڵاتی سەرۆککۆمار وحکومەت و پەرلەمان. لە پاڵ ئەمانەشدا ئامادەگیی ”سوپای پاسداران“ کە سوپایەکی نافەرمییە و ئەرکە سەرەکییەکەی بریتییە لە پاراستنی شۆڕشەکەی خومەینی، لە دژەشۆڕشەکانی ناو ئێران خۆی. ئەوەی ئەم دوو بەشەی سیستمی حوکمڕانیی لە ئێراندا بەیەکەوە گرێئەدات تیورەی ”ویلایەتی فەقیە“ە، کە تیورەیەکی دینیی سیاسییە و بەو سیستمە ”جووت دەوڵەتییە“  ناوەرۆک و شوناسێکی دینیی، دەبەخشێت. ڕەھبەر دەسەڵاتێکی گەورە و کۆنترۆڵنەکراوی ھەیە، بڕیارەکانی نەک قابیلی ڕەتکردنەوەنین، بەڵکو قابیلی گفتوگۆ لەسەرکردنیش نین. لە ھەموو خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا تەنھا لە ئێراندا ئەم سیستمە بوونی ھەیە و ھەر ئەمەشە تایبەتمەندییەکی گەورە بە سیستمی حوکمڕانیی لە ئێراندا دەبەخشێت. (تێکەڵکردنی ئەم سیستمە ئێرانییەی حوکمڕانیی، بۆ نموونە، بە سیستمی حوکمڕانیی لە سعودیە یان لە میسر یان لە مەغریب یان لە تونس یان لە تورکیا یان لە سوریا، ھتد.. ھەڵەیەکی تیوریی و مەنھەجیی گەورەیە). ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕووئەدات یاخیبوونی زۆرینەی کۆمەڵگای ئێرانییە، بە تایبەتی یاخیبوونی نەوە نوێکانە، لەو  سیستمە تایبەتە. کۆنترۆڵکردنی ژیانی ڕۆژانە و سنووردارکردنێکی گەورەی ئەو ئازادییە سادانەی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا پێوستی پێیەتی، بەناوی دینەوە، ئاکاری سەرەکیی ئەم سیستەیە. بەرجەستەترین فۆرمی کۆنترۆڵکردنی ژیانی ڕۆژانەش، خۆی لە کۆنترۆڵکردنی لەشی ئافرەتان و شێوازی دەرکەوتنیان لەناو ژیانی گشتیدا نمایشدەکات. ئەوەی لە ئێستادا ڕووئەدات وەڕسبوونی ئەو کۆمەڵگایەیە لەم سیستمە تایبەتەی حوکمڕانیی، کە لەپاڵ قەیرانە ئابوریی و ژینگەیەیی و سیاسییە گەورە و بەردەوامەکانیدا، ھەڵگری ئەو فۆرمە پەڕگیرەش لە کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی ئازادییە سادەکانی ناو ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکانیشە. لە کۆنترۆڵکردنی توانای بەیەکەوەبوونی نێر و مێ بە یەکەوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی جل و بەرگ و پۆشاک و بۆ چۆنیەتی دەرکەوتن لەناو ژیانی گشتیدا، بە تێپەڕین بەناو کۆنترۆڵکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیکردن و بوارەکانی تەفریحی ڕۆژانە لەناو یانە و شوێنە گشتییەکانی پشووداندا.   ھەمو ئەمانە لەپاڵ تەماحی وڵاتەکە بۆ بوون بە ھێزی ژمارەیەکی ناوچەکە و پەیداکردنی ھەیمەنە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا. ئینجا بوون و ئامادەگیی دیاسپۆرایەکی ئێرانی چالاک لە دەرەوەی ئێراندا، کە لەم ساتەدا لە جوڵەیەکی دەرەکیی بەردەوامدایە  لە بەشێکی بەرچاوی شارە گەورەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیادا. ئاشکرایە ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا ڕووئەدات یاخیبوونی نەوەی سێھەمی شۆڕشی ئێرانییە بەڕووی ئەو واقیعە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و دینیی و ڕەمزییەدا کە ئەو شۆڕشە و بکەرە دینییە حوکمڕانەکانی لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ئێستا دروستیانکردوە. واقیعێک لەپاڵ تیورەی ”ویلایەتی فەقیە“دا، دروستبووە. سێ ڕەمز و کردەی سەرەکیی لە ئێستادا دەرکەوتی یەکەمی شوناسی ئەم بزوتنەوەی ناڕەزایەتییە، نیشانئەدەن. یەکەمیان ئاگر، دووھەمیان حیجاب، و سێھەمیشیان، سەما. ئەوەی دەیبینین کچانێکی گەنجن، بە دەم سەماکردنەوە حیجابەکانیان دادەکەن و لەناو ئاگردا دەیسوتێنن. ئەوەی ڕووئەدات نیشاندانی ھەوڵدانی لەشێکە بۆ خۆپاکژکردنەوە لە خڵتە زۆرەکانی ئەو سیستمە حوکمڕانییەی چل ساڵە ئامادەیە، ھەوڵدانی لەشێک بۆ ئازادبوون و چێژوەرگرتن لە ژیان. ئەوەی دەیبینین تاکەکەسێکە دەیەوێت ھەم خۆری بەربکەوێت و ھەم سەما بکات و ھەم ترسی نەبێت لەوەی کەسێک لە دواوە ڕایبکێشێت و بیبات و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات. تاکەکەسێک دەیەوێت ئازادبێت. ئەو فیکرەش کە بەرگریی لە ئازادییەکانی تاکەکەس دەکات و مافەکانی ژیانی دەسەلەمێنێت، فیکرێکە زیاد لە سێ سەدە مێژووی ھەیە و لە ئێستاشدا لە بەشێکی گەورەی جیھاندا ئامادەیە. لەسەردەمی ھیگڵەوە ئەو ڕاستییە سادەیە فێربووین کە لە دونیای مۆدێرندا شتێک بەناوی ئازادییەوە لە دەرەوەی دەوڵتەدا بوونی نییە و بوونی نابێت، ئازادیی پەیوەستە بە بوونی دەوڵەتەوە، بەڵام دەوڵەتێک کە ھەم خۆی بەشێکبێت لە پرۆسەی دەرکەوتن و بەرجەستەبوونی ئازادیی لەناو مێژوودا، ھەم خۆیشی دروستکەر و پارێزەری ئەو ئازادییە بێت کە کۆمەڵگایەکی ھاوچەرخ پێویستیی پێیەتی. ئەوەی دەوڵەتی مۆدێرن دەکات بە دەوڵەت ئەو پەیوەندییە پتەو و ھەمەلایەنەیە کە بە ئازادییەوە ھەیەتی. لەم دیدگا ھیگڵیەوە، ئەوەی لە ئێراندا ھەیە و ئامادەیە ئەو شێوازەیە لە دەوڵەت، کە نەک لەسەر بنەمای بەرجەستەبوونی ئازادیی لەناو مێژوودا دانەمەزراوە، بەڵکو خۆیشی لە دۆخی پەلاماردانێکی ڕۆژانەدایە بۆسەر فۆرمە ھەرە سادە و ھەرە ڕۆژانەییەکانی ئازادیی.  گرەو کردن لەسەر ئایندەی بزوتنەوەکە لە ئێستادا زەحمەتە، تەنھا عەقڵیەتێکی فاڵگرەوە دەتوانێت باس لە سەرکەوتن یان ژێرکەوتنی حەتمی بزوتنەوەیەکی لەم بابەتە بکات. ئەوەی لە ئێستادا بکرێت ئەنجامبدرێت، جگە لە پشتگیریکردنی یاخیبوونەکان، ھەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەوەی ڕووئەدات، نەک پێشبینیکردنی دەرەنجام و ئاراستەی گەشەکردنی ڕووداوەکان. مێژووی ئێران، وەک مێژووی ھەر کۆمەڵگایەکی دیکە، ”فێڵ“ ی تایبەتی خۆی ھەیە و ئەم فێڵەش وادەکات نەزانرێت بۆ کوێ دەڕوات و بەچی دەگات. ”فێڵی مێژوو“ بەو مانایەی ھیگڵ لە ڕوانینیدا بۆ مێژوو باسیدەکات.  فێڵی مێژوو لای ھیگڵ پەیوەندیی بە وێناکردنی ئەم فەیلەسوفەوە بۆ مێژوو وەک جوڵەیەک ھەیە، کە بەردەوام دوو ئاستی ھەیە: یەکەمیان ئاستی بینراوی مێژووە، واتە ئەو مێژووە بەرچاوەی کە دەیبینین و ڕووداوەکانی لەبەردەمماندا ڕووئەدات. ئاستی دووھەمیان، ئاستی بوونی مێژوویەکی دیکە و ناوەکیی و نەبینراوە، کە وەک چوارچێوەی مێژووی یەکەمیان، کاردەکات. لای ھیگڵ مێژوو کورتنابێتەوە تەنھا بۆ ئاستە ناوەکییەکەی. ئاستی دووھەمی مێژوو زۆرجار مێژوو بەرەو ئاراستە و خاڵێک پاڵ پێوەدەنێت، کە بکەرەکانی ناو ئاستی یەکەمی مێژوو، نایبینن و ھەستی پێناکەن. بۆ ڕونکردنەوەی ئەم خاڵە ھیگڵ باس لە نموونەی جەنگ و پەلامارەکانی ناپۆلیۆن بۆ ئەوروپا و بەشەکانی تری جیھان، دەکات. مێژووی بەرچاوی ھێرشەکانی ناپلیۆن، مێژووی وێرانکاریی و دیکتاتۆریەت و ھەوڵدانی پەیداکردنی ھەیمەنەیە بەسەر چەندان وڵاتانی جیھاندا. لەناو فەرەنسا خۆیشیدا مێژووی سەرکوتکردنی بەشە ناڕازییەکانی ناو کۆمەڵگای فەرەنسی دوای شۆڕشی فەرەنسییە. لەم ئاستەدا ناپۆلیۆن ژەنەڕاڵێکی سوپای پڕ تەماحە، ھەم پەلاماری کۆمەڵگای فەرەنسیی و ھەم پەلاماری وڵاتانی تری ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقاش ئەدا و خەونی دەستگرتنی بەسەر جیھاندا، ھەیە. بەڵام لەژێر ئەم مێژووە بینراوەوە، مێژوویەکی ناوەکیی نەبینراو ھەبووە، کە مێژووی بڵاوبوونەوەی بەھاکانی ”ئازادیی و یەکسانیی و برایەتیی و عەقڵانیەت و دیموکراسیەت” بوو. فێڵی مێژوو، سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم بەھایانە بوو لەو شوێنانەدا بەر پەلامارە وێرانکەرەکانی ناپۆلیۆن کەوتوون.  لە پەیوەندیدا بە یاخیبونەکانی ئەمڕۆکەی ئێرانەوە دەکرێت بڵێین، ڕاستە گرتن و کوشتن و ڕاونان و پەلاماردن لە ئاستی یەکەم و بەرچاوی مێژووی ئەم ساتەوەختەدا ھەن و ئامادەن و دەشێت تەواو خوێناویی و وێرانکارانەش بن، بەڵام فێڵێکی مێژوویش ئامادەیە، کە پابەستە بە بڵاوبوونەوەی مافە گەردونییەکانی مرۆڤ و خواستی زیاتر و زیاتری ئازادیی و ویستی پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی و ڕێزگرتن لە تاکەکەسەوە.   لەناو ئێراندا مێژوویەکی ناوەکیی تایبەت ھەیە کە کەسانی وەک شای ئێران و سوپا و ساڤاک و خومەینی و پاسداران و ڕۆشنبیرانی وەک عەلی شەریعەتی و جەلالی ئالی ئەحمەد و شەریعەتمەداریی و ئەوانیتر دروستیانکردوە. بەڵام ئاستێکی دەرەکی مێژووش ھەیە، کە مێژوویەکی جیھانییە، مێژووی لەدایکبوون و بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی مافەکانی مرۆڤ و بیرۆکەی یەکسانیی و دیموکراسیەت و ڕێزگرتنی کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی جیاوازییەکانە. لەمڕۆکەی جیھاندا ھیچ مێژوویەک بوونی نییە ھەردوو دەرکەوتەکەی مێژووی تێدانەبێت و ھەردوو دەرکەوتەکەی مێژوو بەیەکەوە نەژیی. بەشە یاخیبووەکەی کۆمەڵگای ئێرانی ھێز لەو بەھایانەوە وەردەگرێت کە لە مێژووە دەرەکیی جیھانییەکەوە دێت و بە جیھاندا بڵاودەبێتەوە، کۆمەڵێک بەھا کە وێنایەکی تر بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ و پەیوەندیی و ژیان، پێشنیاردەکات و نیشانئەدات. لە چل ساڵی ڕابردوودا فێڵێک لە فێڵەکانی مێژوو لە ئێراندا بەرجەستەبووە. ئایەتوڵا و حوکمڕانە دینییەکەی ئەو وڵاتە دەیانویست لە ئێراندا کۆمەڵگا و مرۆڤێکی دینیی گوێڕایەڵ دروستبکەن کە تیورەی ویلایەتی فەقیە ناوەرۆک و چوارچێوەکانی ژیانیان، دەستنیشانبکات، کەچی چل ساڵی حوکمڕانی ئەو ھێزە دینییانە کۆمەڵگایەکی عەلمانیی و یاخی دروستکردوە، ناکۆک بە خواست و ویست و ئیرادەی ئایەتوڵاکان. ئەمە ئەو فێڵەیە کە مێژوو لە ئێراندا ئەنجامیداوە و پیادەیکردوە. لە ئێێستاشدا فێڵی تازەی مێژووی لەو وڵاتەدا ئامادەیە، کە فێڵی گواستنەوە و بەناوەکیکردنی بەھاکانی تاکەکەس و مافەکان و ئازادییەکانە  و ھەوڵدانی کردنیانە بە ئاکاری ژیانی ئەو نەوانەی کە چیتر ناتوانن لەگەڵ تیورەی ویلایەتی فەقیە و دەوڵەتی دینیدا بژین. ئەو خاڵەی پێویستە لە بنەڕەتەوە ئاشکرابێت ئاگاداربوونە لەو ڕاستییە کە مرۆڤ تەنھا بە ھۆشیاریی خۆیەوە لەناو مێژووی بەرچاو و ناوچەیی خۆیدا کارناکات، بەڵکو مێژوویەکی دەرەکییش ھەیە، کە بەھا و دید و ڕوانینی جیاوازیی تێدایە و ئەویش بەشدارە لە ئاراستەکردن و جوڵاندنی مێژووە ناوەکییەکەدا. ئەوەی لە ئێراندا ڕووئەدات، تەنھا یاخیبوونێکی ناوەکیی نییە بەڕووی دەوڵەتێکی دینیدا، بەڵکو مێژوویەکی دەرەکیش ئاراستەی دەکات کە پڕە لە بەھاکانی مافی تاکەسیی و ئازادیی و یەکسانیی و سەربەخۆیی. ھتد.. بینینی ئەم ئاڵۆزییە مەرجێکی گرنگیی تێگەیشتنە لەوەی لە ئێستادا و بەبەرچاومانەوە ڕووئەدات، بەڵام بەبێ کەوتنە ناو تەڵەی بیرکردنەوەی جەبریی و حەتمیگەراییەوە. نە شتێک بەناوی حەتمیەتی سەرکەوتنەوە لەئارادا نییە، نە بەناوی حەتمیەتی کەوتنەوە. ئەوەی ھەیە مێژوویەکی ئاڵۆزی خەباتی ڕۆژانەی خەڵک و بەگەڕخستنی ئیرادەی دەسکاریکردنی جیھانە. بەڵام خەبات و ئیرادەیەکی گۆڕانکاریی کە لەناو ئێراندا ڕوویان بە چەندەھا کۆسپی گەورە و ڕێگری ھەمەجۆردا تەقیقوەتەوە و دەتەقێتەوە. 


درەو: داهات و فرۆشی نەوتی كەركوك نزیكەی دوو هێندە زیادی كردووە لە مانگی ئابدا داهاتی نەوتی كەركوك (105) ملیۆن دۆلار بووەو لە مانگی ئەیلولدا داهاتەكەی گەیشتووەتە (193 ملیۆن) دۆلار. هەناردەی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لەمانگی ئابدا ( ملیۆنێك و 109 هەزارو 528) بەرمیل بووە، نرخی بەرمیلێك لەو مانگەدا (95) دۆلار بووە كۆی گشتی داهاتەكەی دەكاتە (105 ملیۆن و 405 هەزار ) دۆلار  هەناردەی كیڵگە نەوتییەكانی كەركوك لە مانگی ئەیلولدا ( 2 ملیۆن و 169 هەزارو 180) بەرمیل بووەو نرخی بەرمیلێك لە مانگی ئەیلول لە (88.83) دۆلار بووە كۆی داهاتەكەی دەكاتە  ( 193 ملیۆن) دۆلارە. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەی نەوتی كەركوك لە نێوان مانگەكانی ( ئاب و ئەیلول)ی 2022 بەم شێوەیەیە: •    هەناردەی نەوتی كەركوك لە مانگی ئەیلول 2022: (2 ملیۆن و 169 هەزارو 180) بەرمیل بووە •    هەناردەی نەوتی كەركوك لە مانگی ئابی 2022: (ملیۆنێك و 109 هەزارو 528) بەرمیل بووە لە نێوان مانگی ئاب و ئەیلولدا جیاوازیەكە ( ملیۆنێك و 59 هەزارو 652 )بەرمیلە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك لە مانگی ئابدا  دوو هۆكار بووە: •    خەزنكردن و هەڵگرتنی نەوتی بەرهەمهێنراوی كەركوك. •    پێداویستی ناوخۆیی و زیادبوونی بەرهەمی پاڵاوگە ناوخۆییەكان. سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی كەركوك ئەوكات بە (درەو)ی راگەیاند: بەرهەمی رۆژی 31/8/2022 نەوتی كەركوك (340 هەزار) بەرمیلە بەمشێوەیە دابەش بووە: •    (85 هەزار) بەرمیل نەوتی بەڕێژەی (25%)ی خەزن كراوە لە خەزانەكانی كەركوكدا كە توانای خەزنكردنی (3 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەیە. •    (255 هەزار) بەرمیلی بەكارهێندراوە بەرێژەی (75%) بەم شێوەیە: -    (49هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی كراوە، واتا لەكۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی كەركوك كە (340 هەزار) بەرمیلە (14%) دەكات. -    (206 هەزار) بەرمیلی لەناوخۆدا بەكارهاتووە بەم شێوەیە: •    (40 هەزار) بەرمیلی بۆ پاڵاوگەی كار. •    (39 هەزار) بەرمیلی بۆ پاڵاوگەی بازیان •    (52 هەزار) بەرمیلی بۆ پاڵاگەی بێجی •    بەشەكەی تریشی بۆ پاڵاوگەكانی ترو  وێستگەكانی كارەبایە  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand