Draw Media

"نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كان"

"نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كان"

2023-02-21 09:03:15


(درەو):
دوای بەرهەم ساڵح، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیش گەیشتە تاران‌و دەیەوێت لەبەردەم دادگایەكی ئەو وڵاتەدا شایەتی خۆی بدات لەبارەی كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە. 
ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێران ئاشكرایكرد، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق سەردانی ئێرانی كردووە‌و لە تاران چاوی بە ژمارەیەك لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی دەكەوێت.
زانیارییە نافەرمییەكان باسلەوە دەكەن، سەردانەكەی بۆ تاران لەسەر داوای مستەفا كازمی خۆی بووە‌و دەیەوێت لەم سەردانەدا لەبەردەم دادگایەكی تایبەتی ئێراندا، شایەتی خۆی بدات لەبارەی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە فڕۆكەخانەی بەغداد. 
هەندێك سەرچاوەی تر دەڵێن، ئێرانییەكان بانگهێشتی كازمییان كردووە بۆ تاران، چونكە هێشتا كازمی رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لەنێوان ئێران‌و هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكەدا، بەدیاریكراویش سعودیە. 
بەڵام كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محه‌مه‌د شیاع سودانی، ئێستا رۆڵی نێوەندگیری نێوان ئێران‌و سعودیەی گرتوەتە دەست‌و رۆژی 8ی ئەم مانگە سودانی لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنوساندا رایگەیاند" بەمزوانە گەڕێكی نوێی گفتوگۆی نێوان ئێران‌و سعودیە لە بەغداد دەستپێدەكات‌و لەسەرەتای كابینەكەمانەوە داوامان لە هەردوولا كردووە درێژە بە گفتوگۆكانیان بدەن".
بەپێی قسەی هەندێك سەرچاوەی تر، كازمی نیگەرانە لە هەڕەشەی بەردەوامی گروپە چەكدارەكانی سەربە ئێران لە عێراق كە بەشێوەیەكی بەردەوام هەڕەشەی كوشتنی لێدەكەن، بۆیە چوەتە تاران تاوەكو سكاڵای خۆی لەم بابەتە بكات، ئەمە سەرباری نیگەرانییەكانی لە بەدواداچوونی بەردەوامی لایەنە شیعەكان بۆ ماوەی ولایەتەكەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران‌و قەبارەی گەندەڵی‌و دزییەكان لەو سەردەمەدا. 
كازمی كە بە پیاوی ئەمریكاو خۆرئاوا لە عێراق ناوی دەهێنرا، دوای ئەم سەردانەی بۆ تاران، دەیەوێت پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە‌و جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسیی. 
كازمی دۆستی نزیكی بەرهەم ساڵح بوو، ئێستا كە هەردووكیان لە پۆستی حكومیدا نەماون، ئاڕاستەیان بەرەو تاران گۆڕیوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، چەند رۆژی رابردوو، بەرهەم ساڵح لە تاران بووە‌و لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی‌و پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی قسەوباسی كردووە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand