ساڵێک دوای جەنگ
2023-02-26 13:03:08
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ساڵێک بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی خوێناویی و وێرانکەری نێوان روسیا و ئۆکرانیادا تێپەڕی، لەم ساتەوەختەدا نەک هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە و بێدەنگکردنی چەکەکان لە ئارادا نییە، بەڵکو ئەگەری خەستبوونەوەی زیاتر و پەنابردن بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیش، ئەگەرێکی زیندوو و ئامادەیە. کۆی چاوەڕوانیی و پێشبینیەکان سەبارەت بە کۆتایی جەنگەکە تەواو ڕێشبینن و نائومێدکەرن، خاڵێکی رووناک، جەند بچوکیش بێت، بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە نییە و نابینرێت. بێگومان قوربانیی ڕاستەوخۆ و ژمارە یەکی جەنگەکە ئەو هەموو کوژراو و بریندارانەیە کە دەرەقەتی جەهەنەمی ئەم ساڵە خوێناوییە نەهاتن و هەمووشتێکیان دۆراند. هاوکات جەنگەکە ماڵوێرانییەکی مادیی گەورەشی دروستکردوە کە لە روخانى دەیان گوند و شاری بچووک و گەورەدا بەرجەستەیە. بە هەزاران هەزار ماڵ و کۆڵان و گەرەک و شوێنانیترى ئەو وڵاتە بەتەواوی روخاون و تەختی زەوی کراون. بە ملیۆنان کەسیش بوون بە پەناهەندە و بێماڵ، هەم لەناو وڵاتەکە خۆیدا و هەم لە ولاَتانی دەوروبەردا. تا ئەم ساتە بڕی ئەو پارەیەی لەو جەنگەدا سەرفکراوە نزیکەی سێ تریلیۆن دۆلارە.
لەپاڵ ئەم کاولکارییە گەورەیدا ئەم جەنگە دۆخی ئابوریی جیهانی گۆڕیوە و کێشەی گەورەی بۆ ژمارەیەکی گەورەی دانیشتوانی چەندان وڵاتی جیهان دروستکردوە. دوو قەیرانی ئابوریی گەورەی بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەم جەنگەن، کە قەیرانی وزە و قەیرانی خۆراکە. لە بەشێکی گەورەی جیهاندا هەست بە نووقسانەیەکی گەورە لە پەیداکردنی وزەدا و لە وێشەوە بەرزبوونەوەی نرخی وزە دەکرێت، بە تایبەتی بەرزبوونەوەی نرخی غاز کە پشکێکی گرنگیی ئابوریی جیهان لە چەندان وڵاتی جیاوازدا پشتیان پێبەستبوو. هاوکات ئەم جەنگە پێگە و هێزی ئەو دەوڵەت و ناوچانەی کە خاوەنی وزەن، بە تایبەتی خاوەنی غازن، بەهێزتر و گرنگتر کردوە، ئەگەرچی تیایاندا چەندان سیستمی سیاسیی ئامادەیە، کە لە ناکۆکییەکی گەورەدان بە سەرەتایترین مافەکانی مرۆڤ.
هەرچی قەیرانی خۆراکە قەیرانێکی گەورە و هەستپێکراو کە دیسانەوە لە زیاد لە بەشەکی جیهاندا دروستبووە. ئەم قەیرانە هۆکاری بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی خۆراک و پێداویستییە ڕۆژانەییەکانی مرۆڤە لە خۆراک، بە جۆرێک لە زیاد لە کۆمەڵگایەکدا جەندان توێژی کۆمەڵایەتی دروستبوون ناتوانن ڕۆژانە ئەو بەشە خۆراکە سەرەتاییە بکڕن کە بۆ بەردەوامیدا بە ژیان پێویستە. فۆرمی ترسناکی هەژاریی دروستبووە کە بۆنی سەدە کۆنەکانی ناو مێژوویان لێدێت. لە وڵاتێکی وەک هۆڵەندەدا، کە یەکێکە لە وڵاتە دەولَەمەندەکانی جیهان و من سی سالَە تیایدا دەژیم، دەیەها، ئەگەر نەڵێم سەدەها، ئەوا دەیەها ناوەندی دابەشکردنی خۆراکی پێویست بەبێ بەرامبەر دروستکراوە بۆ هاریکاریکردنی ئەوانەی توانای کڕینی خۆراکی ڕۆژانەیان نییە. هاوکات دەوڵەتی هۆڵەندی هاریکاریی مادیی پێشکەش بە هەموو هاوڵاتییەکی ئەو وڵاتە کرد بۆ بەرەنگاربوونی بەرزبوونەوەی نرخی وەزە. ئەو ولاتانەی کە ئەم توانا مادیی و ئابورییەی هۆلەندایان نییە هەردوو قەیرانەکە ژیانی ژمارەیەکی گەورەی دانیشتوانەکانیان بە شەوەیەکی راستەوخۆ خراپ و پڕ کێشەی گەورە کردوە.
وەک زۆرێک لە جەنگەکانی جیهان، ئەم جەنگەش، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ویست و خواست و سایکۆلۆژیای بیمار و بە حیساباتی هەڵەی سەرکردەیەکی تاکڕەو و خودشەیداو گروپە داخراوەکانی دەوروبەرییەوە هەیە. ڤلادیمێر پوتین پاڵەوانی ژمارەیەکی هەڵگیرسانی ئەم جەنگە خوێناویی و بەردەوامبوونیەتی. لە خەیاڵی ئەم پیاوەدا ئەم جەنگە هەم جەنگێکی کوتوپڕ و هەم جەنگێکی خێرا و کورتخایەن دەبێت، سوپای وڵاتەکەی لەماوەی جەند ڕۆژێکی کەمدا ئامانجەکانی بەدیدەهنێت و خواستی روسیا بەسەر ئۆکرانیادا دەسەپێنێت. پوتین لێردا کۆپیەکی تازەی سەدام حوسەین و جەنگە هەشت ساڵەکەی بوو لەگەلَ ئێراندا لە نێوان ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨. ئەو حیساباتە هەڵەیەی سەدام حسێن لە پەلاماردانی ئێراندا کردیی پوتین لە پەلاماردانی ئۆکرانیادا دووبارەیکردەوە. سەدامیش پێي وابوو لە جەنگێکی لەپڕ و خێرا و کورتخایەندا چۆک بە ڕژێمە ئیسلامییەکەی ئێران، دادەدات، کەچی جەنگەکە هەشت ساڵی خایاند و هەردوو وڵاتەکەی لەڕووی مرۆیی و ئابوریی و مادییەوە، وێرانکرد. وەک وتم مۆدێلێک لە سیستمی سیاسیی و سەرکردەی سیاسیی لە پشتی ئەم جۆرە جەنگەوەن، کە لە بیست ساڵی رابردودا ڕوویان لەزیادبوون کردوە.
لە ئێستادا و دوای ساڵێک لەم جەنگەی ئێستا دەبێت هیوامان بەوەبێت ئەم جەنگەی پوتینیش وەک جەنگە کوشندەکەی سەدام حوسەین و ئایەتولاَ خومەینی لێنەیەت و زوتر و خێراتر کۆتایی پێبێت و بکوژێنرێتەوە.
ئەوەی دەشێت لەرووی فیکرییەوە و لە پەیوەندیدا بەم جەنگە تازەیەوە کەمێک لەسەری بوەستین، سەرلەنوێ گرنگیی پەیداکردنەوەی زیاتر و زیاتری مۆدێلی «دەولَەت نەتەوە» و پرنسیپەکانی وەک «سەروەریی نیشتیمانیِی»ە. وەک لە نموونەکەی هۆڵەندادا نیشانم دا، لە دوای پەتای کۆرۆناوە، جارێکی تر دەوڵەتی نەتەوە بوەتەوە بەو چوارچێوە سەرەکییە گرنگ و بەهێزەی، کە کۆمەڵگاکان لە کاتی روودانی کارەسات و هاتنەکایەی تەحەدای گەورەدا بۆی دەگەڕێنەوە و پەنای بۆدەبەن. ئەو قورساییە گەورەیەی لە ساڵی هاتنی کۆرۆناوە بۆ دروستبوونی ئەم جەنگە، بۆ دەوڵەتی نەتەوە گەڕاوەتەوە، کەم وێنەیە لە مێژووی ئەم دەزگا سیاسییە نوێیەدا. خەڵکانێکی گەورە هەم ئامادەن جەنگی بۆ بکەن، هەم وەک تاقە پەناگایەک لە کاتی پێویستدا بۆی بگەڕێنەوە و پشتی پێببەستن. ئەمەش وەڵامێکی بەرچاوی ئەو تێز و تیورانەن کە باس لە کۆتایی دەولَەتی نەتەوە و لاوازبوونی ڕۆلَی لە ژیانی کۆمەلاَیەتیی و سیاسیی و ئابوریدا دەکەن.
لەسەرێکی دیکەوە ئەم جەنگە هێز و گوڕێکی نوێی بە پرنسیپی «سەروەریی نەتەوەیی» یان «سەروەریی نیشیتمانیی» بەخشەیوە و گەرِاندییەوە ناو سێنتەری سیاسەتی جیهانییەوە. ئۆکرانییەکان بەناوی بەرگریکردن لە «سەروەریی نەتەوەیی» خۆیانەوە بەگژ لەشکری روسیدا دەچنەوە و دەجەنگن. جیهانیش لە ئیدانەکردنی روسیا و لە داکۆکیکردن لە ئۆکرانیەکان و ئۆکرانیادا، بۆ هەمان پرنسیپ دەگەڕێنەوە. جەمکی «سەروەریی نەتەوەییی»ش یەکێکبوو لەو چەمکانەی لە ساڵانی نەوەدی سەدەی بیستەمەوە لەژێر ڕەخنەکردن و پێداچوونەوەی بەرفراواندا، بوو. کۆتایی کۆمۆنیزم و بەهێزبوونی یەکێتی ئەوروپا و گەشەکردنی پرۆسەکانی بەجیهانیبون، لەناویاندا بە تایبەتی بەجیهانیبوونی ئابوریی و دروستبونی دەزگا و کۆمپانیای فرەنەتەوەیی و سنووربەزێن، کۆمەڵێک زانای سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەرەو ئەوەبرد باس لە لاوازبوون و پەراوێزکەوتنی چەمکی «سەرەوەیی نەتەوەیی» بکەن و قسە لە دروستبوونی یەکە و ئۆرگانی بان نەتەوەیی تازە بکەن، کە نەک تەنها توانای سنووردارکردنی دەسەلاَتەکانی دەولەتی نەتەوەییان هەیە، بەڵکو بەرەو دەرەوەی مێژووش پاڵیان پێوەدەنێن. جگە لەمانە پێ لەسەر ئەو راستییانە دادەگیرا کە مرۆڤایەتی ڕووبەرووی کۆمەڵێک کێشەی گەورە و ترسناک بووەتەوە کا ئاکارێکی جیهانیان هەیە و لە ئاستی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەدا چارەسەر ناکرێن، لەوانەش بۆ نموونە، کێشەی ژینگە و کێشەی تێرۆر، کێشەی کۆچ، هتد... ئەم دۆخەش هۆکارێکی دیکە بوو وا لە کۆمەڵێک زانای سیاسیی بکات پێیانوابێت سەردەمی «دەوڵەت نەتەوە» و سەردەمی «سەروەریی نەتەوەیی» کۆتاییان پێهاتوە یان پێدێت.
بێگومان بەشێک لەم ڕەخنانە لە دەوڵەتی نەتەوە لە پرنسیپی سەروەری نەتەوەیی ڕاستن و هێزی گەورەتر و تەریب بە دەولَەتی نەتەوە دروستبوون و کاردەکەن، کێشەگەلێکی زۆریش هەن پێویستیان بە چارەسەری جیهانیانەیە، بەڵام ئەم ڕاستییە شەرعیەت بەو پەڕگیرییە تیورییە نادات کە پێیوایە «دەوڵەتی نەتەوە» و چەمکی «سەروەریی نەتەوەیی» وەک دیاردەی تێپەڕ وێنابکەین و هەردووکیان بکەنە دەرەوەی مێژووی جیهانی ئەمڕۆەوە. هەم ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەم جەنگ لە ئۆکرانیادا ڕۆلَی هەردووکیانی لە ژیانی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا بە شەوەیەکی بەرچاو بەهێز کردوە و وزە و گوڕێکی گەورەی پێبەخشیون.
یەکێک لە دەرەنجامە ترسناکەکانی تری ئەم جەنگە تازەیە لە ئاستی تیوریدا گەڕاندنەوەی جەنگە بۆناو هۆشیاریی و یاداوەریی بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکانی جیهان، بەهێزکردنی رەهەندە سەربازیی و سوپاییەکانی کۆمەڵگا و گونجاندانی سیستمە یاساییەکانە لەگەڵ ئەگەری بەردەوامی بەرپابوونی جەنگدا. ئەوەی بە بەرچاومانەوە ڕووئەدات، ئەوەی ئێستامان بۆ دروستدەکات کە لەناویدا دەژین، ئەوەی لە ئێستایبوونماندا ڕووئەدات، بوونی جەنگە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنەها مرۆڤی سەر ئەم ئەستێرەیە، دابەزینی جەنگە بۆ ناو چۆنیەتی ڕەکخستنی ژیانی ڕۆژانەی سەدان ملیۆن مرۆڤ. هەموو ئەمانە دەشێت جارێکی دیکە بەهێزبوونەوەی خواست و داواکردنی مردن لە مرۆڤی لێبکەوێتەوە لە پێناوی پاراستنی وڵات و نیشتیمان و نەتەوەدا. دوای ساڵێک لە جەنگ جیهان زۆر ناشیرینترە لە ساتەوەختی بەر لە جەنگەکە.