Draw Media

  درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی ئەیلولی 2022  راگەیاند:  •    داهاتی نەوت لە مانگی ئەیلولی رابردوودا گەیشتوەتە (8 ملیارو 773ملیۆن‌) دۆلار، واتا ( 12ترلیۆن و 720ملیار) دینار  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئەیلولی گەیشتوەتە (98 ملیۆن‌و 765 هەزارو 153 هەزار) بەرمیل‌ رۆژانە (3 ملیۆن و 292 هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئەیلولی  گەیشتوەتە (88.83) دۆلار.    وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی ئابی 2022  راگەیاند:  •    داهاتی نەوت لە مانگی ئابی رابردوودا گەیشتوەتە (9 ملیارو 784ملیۆن‌) دۆلار، واتا (14ترلیۆن و 620ملیار) دینار  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئابی گەیشتوەتە (101ملیۆن‌و 859هەزارو 528هەزار) بەرمیل‌ رۆژانە (3 ملیۆن و 286هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئابی  گەیشتوەتە (96) دۆلار.    وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی تەموزی 2022  راگەیاند:  •    داهاتی نەوت لە مانگی تەمووز رابردوودا گەیشتوەتە (10ملیارو 608ملیۆن‌) دۆلار، واتا (15ترلیۆن و 381ملیار) دینار  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (102ملیۆن‌و 385هەزارو 49هەزار) بەرمیل‌ رۆژانە (3 ملیۆن و 303هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (103) دۆلار. 


درەو: بەپێی ڕوپێوییەکی (ڕێکراوی کاری نێودەوڵەتی) لە نیوەی دووەمی ساڵی 2021؛ # ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بە تێکڕا نزیکەی (18%)ە، پارێزگای دهۆک (24.1%)، پارێزگای هەولێر (17.7%) و پارێزگای سلێمانی (11.9%)ی تێدا تۆمار کراوە. # بە تێکڕا لە ڕووی بەشداری هێزی کارەوەلەسەر ئاستی عێراق پارێزگای هەولێر گەورەترین بەشداری هەیەو ڕێژەکەی دەگاتە (47%)، لەدوای ئەویش پارێزگای سلێمانی دێت بە (46.3%) و دواین پارێزگاش ئەنبار دێت بە (31.7%). # لە ڕووی بێ کارییەوە، لەسەر ئاستی گشتی عێراق بە تێکڕای (16.3%) تومار کراوە. لەسەر ئاستی پارێزگانیش نەینەوا بەرزترین ڕێژەی بێکاری تێدا تۆمار کراوەو ڕێژەکە گەیشتووە بە (32.8%)، پاشان موسەنا (27.3%)، زیقار (25.8%)، پارێزگای دهۆک (24.1%) و بەسرە (21.8%) ڕێژەی بێ کاری تێدا تۆمار کراوەو دواین پارێزگاش کە کەمترین ڕێژەی بێ کاری تێدا تۆمار کراوە بابل ە کە (5.5%)ە.  # دەستی هێزی کار لە عێراقدا دابەشبووە بەسەر (9%)ی دەستی کار سەرقاڵی کاری کشتوکاڵن، (23%) کاری پیشەسازی دەکەن، نزیکەی (63%) لە سێکتەری خزمەتگوزاریدان و (4%) ی هێزی کار لە سێکتەرە ئابوردییەکانی دیکەدا کاردەکەن. # دەستی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان دابەشبووە بەسەر (8%)ی دەستی کار سەرقاڵی کاری کشتوکاڵن، (17%) کاری پیشەسازی دەکەن، نزیکەی (73%) لە سێکتەری خزمەتگوزاریدان و (2%)ی هێزی کار لە سێکتەرە ئابوردییەکانی دیکەدا کاردەکەن. ڕوپێوی هێزی کار لە عێراق بۆ ساڵی 2021 بەپێی ڕوپێوێکی (ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی) بە هەماهەنگی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا لە نیوەی دووەمی ساڵی (2021) ئەنجام دراوە. لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕوپێوییەکی نیشتمانی و گشتگیر ئەنجامدراوە، تێیدا دۆخی کار و بێکاری و قەبارەی کرێکاران و بێکارانی سەرجەم عێراقی تێدا خراوەتەڕوو، ئەم ڕوپێویەش یەکێکە لە ڕوپێوییە گرنگەکان، کە بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و دەستەی ئاماری هەرێم و دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق بەڕێوەچووە. ڕوپێوییەکەش کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگ دەردەخات دەربارەی بازاڕی کار و تایبەتمەندی شارو ناوچەکانی عێراق و ئاستی پێداویستی هەلی کار، یارمەتیدەریش دەبێت بۆ داڕشتنی سیاساتی گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا. بۆ ئەنجامدانی ڕوپێوییەکەش (16 هەزار و 400) خێزان لە سەرانسەری عێراق وەک عەینە وەرگیراون. لەم ڕاپۆرتەدا بەشێک لەو ئامارانە دەخەینەڕوو. یەکەم؛ ئاماژە سەرەکییەکانی هێزی کار و کاری نیوەناچل لە عێراق بۆ ساڵی 2021 بەپێی ئەو ڕوپێوییەی کە بەهەماهەنگی (ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا) لە نیوەی دووەمی ساڵی (2021) ئەنجام دراوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق کە تەمەنیان لە سەرو (15) ساڵەوەیە ژمارەیان (26 ملیۆن و 91 هەزار) کەسە، (10 ملیۆن و 304 هەزار)یان وەکو هێزی کار دێنە هەژمار. لەو ژمارەیەش (8 ملیۆن و 601 هەزار)یان لە کاردان و (1 ملیۆن و 703 هەزاریان) بێ کارن. ژمارەی ئەوانەشی لە دەرەوەی هێزی کارن بە هۆکاری خوێندن یان تەمەن یان هەر شتێکی دیکەوە (15 ملیۆن و 787 هەزار) کەسن. هاوکات ژمارەی ئەوانەی کاری نیوەناچڵیان هەیە بۆ هەردوو جۆری "نیوەناچڵ لە کات"ی کارکردن و "نیوەناچڵ لە شێوازو جۆر"ی کارکردن ژمارەیان داگاتە (683 هەزار) کەس. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت (1 ملیۆن و 43 هەزار) کە بێنە نێو هێزی کارە لە عێراقدا. بۆ وردەکاری زیاتر دەربارەی هێزی کار لە عێراق بەپێی ڕەگەزو تەمەن بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) هەر سەبارەت بە هێزی کارو ڕێژەی بێکاری بەپێی ڕوپێوییەکە کۆی ڕێژەی بەشداری هێزی کار لە بازاڕی کاری عێراقیدا بریتیە لە (39.5%) و ڕێژەی دامەزراندن بەرامبەر بە ژمارەی دانیشتووان دەگاتە (33%)، تێکڕای ڕادەی بێکاری (16.5%) تێدەپەڕێنێت، ئەوانەشی کاری نیوەناچڵ لە (کات و جۆر)ی کاردا ئەنجام دەدەن (23%)ن و ڕێژەی بێکاری و  هێزی کاری چاوەڕوانکراو دەگاتە (24.2%). بۆ وردەکاری زیاتر دەربارەی ڕێژەی هێزی کار و بێکاری و کاری نیوەناچڵ لە عێراق بۆ ساڵی (2021) بەپێی ڕەگەزو تەمەن بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) دەربارەی شێوازی دابەشبوونی ڕێژەی هێزی کاری دانیشتوانی عێراق بەپێی ڕەگەز و تەمەن و  ئاستی خوێندەواری و پێکهاتەی دانیشتوان لە تەمەنی کاردا لە ناو هێزی کار و دەرەوەی هێزی کار بەپێی ڕەگەز و تەمەن، هاوکات ڕێژەی گەنجان لەدەرەوی پەرەوەردەو کار و ڕاهێنان بەپێی ڕەگەز لە پارێزگاکانی عێراق، تێکڕای داهاتی فەرمانبەرانی فەرمی بەپێی ڕەگەز بە(مانگ و سەعات) بەپێی ڕوپێوییەکە بۆ ساڵی (2021) بڕوانەی چارتەکانی ژمارە (1، 2، 3، 4 و 5) چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) چارتی ژمارە (4) چارتی ژمارە (5) دووەم؛ ڕێژەی بەشداریکردنی هێزی کار و ڕێژەی بێکاری بەپێی پارێزگاکان بەپێی ڕووپێوییەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق، لە ڕووی بەشداری هێزی کارەوە پارێزگای هەولێر گەورەترین بەشداری هێزی کاری هەیە ڕێژەکەی دەگاتە (47%)، لەدوای ئەویش پارێزگای سلێمانی دێت بە (46.3%)، پاشان پارێزگای سەڵاحەدین بە (41.1%)، بەسرە بە (40.7%) و بەغداد (40.6%). دواین پارێزگاش ئەنبار دێت بە (31.7%). لە ڕووی بێ کاریشەوە، لەسەر ئاستی گشتی عێراق بە تێکڕای (16.3%) تومار کراوە. لەسەر ئاستی پارێزگانیش نەینەوا بەرزترین ڕێژەی بێکاری تێدا تۆمار کراوەو ڕێژەکە گەیشتووە بە (32.8%)، پاشان موسەنا (27.3%)، زیقار (25.8%)، پارێزگای دهۆک (24.1%) و بەسرە (21.8%) ڕێژەی بێ کاری تێدا تۆمار کراوەو دواین پارێزگاش کە کەمترین ڕێژەی بێ کاری تێدا تۆمار کراوە بابل ە کە (5.5%)ی تێدا تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری زیاتر دەربارەی ڕێژەی بەشدارت لە کار و ڕێژەی بێکاری لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بۆ ساڵی (2021) بڕوانە (چارتی ژمارە (6)) چارتی ژمارە (6) بەڵام سەبارەت بە ڕێژەی بەشداری هێزی کار و ڕێژەی بێ کاری لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2021) ئامارەکانی بەم جۆرەیە؛ -    لەسەر ئاستی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تێکڕای ڕێژەی بەشداری لە هێزی کار بریتیە لە (44.3%) و تێکڕای ڕێژەی بێکاری بریتییە کە (17.9%). -    پارێزگای هەوڵێر (47%) هێزی کاری تێدا بەگەڕخراوەو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم لە پلەی یەکەمدایە، بەڵام لە ڕووی بێ کارییەوە لە سەر ئاستی هەرێم بە پلەی دووەم دێت و (17.7%)ی هێزی کاری تێدا بێ کارە. -    پارێزگای سلێمانی (46.3%) هێزی کاری تێدا بەگەڕخراوەو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم لە پلەی دووەمدایە، بەڵام لە ڕووی بێ کارییەوە لە سەر ئاستی هەرێم بە پلەی دووەم دێت و (11.9%)ی هێزی کاری تێدا بێ کارە. -    پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی هەرێم لە دوای هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێرەوە دێت لە هەردوو دۆخی بەبێ کاری و خستنەگەڕی هێزی کارەوە، بە جۆرێک؛ (39.6%) هێزی کاری تێدا بەگەڕخراوەو لەسەر ئاستی هەرێم لە پلەی سێیەمدایە، لە ڕووی بێ کارییەوەشەوەهەر پلەی سێیەم دێت و (24.1%)ی هێزی کاری تێدا بێ کارە. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (چارتی ژمارە (7)) چارتی ژمارە (7) سێیەم؛ پشکی دەستی کار لە سێکتەرە ئابورییە سەرەکییەکانی عێراق لە ساڵی 2021 دەستی ئەوە هێزەی لە عێراقدا لە کاردایە دابەشبووە بەسەر سێ سێکتەری سەرەکی ئابوری کە بریتین لە سێکتەرەکانی (کشتوکاڵ، پیشەسازی و خزمەتگوزاری) بە جۆرێک لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق؛ -    بە رێکڕا نزیکەی (9%)ی هێزی کار سەرقاڵی کاری کشتوکاڵن. -    بە رێکڕا زیاتر لە (23%)ی هێزی کار سەرقاڵی کاری پیشەسازین. -    نزیکەی (63%)ی هێزی کار لە سێکتەری خزمەتگوزاریدا کاردەکەن. -    زیاتر لە (4%) ی هێزی کار لە سێکتەرە ئابوردییەکانی دیکەدا کاردەکەن. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (8)) سەبارەت بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زانیارییەکان بەم جۆرەن؛ -    لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم؛ نزیکەی (8%)ی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ و (17%)ی لە کەرتی پیشەسازی و (73%)ی لە کەرتی خزمەتگوزاری و (2%)ی لە کەرتە ئابورییەکانی دیکە کار دەکەن. -    پارێزگای هەولێر؛ (5%)ی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ و (19%)ی لە کەرتی پیشەسازی و (75.5%)ی لە کەرتی خزمەتگوزاری و (0.5%)ی لە کەرتە ئابورییەکانی دیکە کار دەکەن. -    پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە؛ نزیکەی (11%)ی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ و (18%)ی لە کەرتی پیشەسازی و (70.5%)ی لە کەرتی خزمەتگوزاری و (0.5%)ی لە کەرتە ئابورییەکانی دیکە کار دەکەن. -    پارێزگای دهۆک؛ (5%)ی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ و (19%)ی لە کەرتی پیشەسازی و (75.5%)ی لە کەرتی خزمەتگوزاری و (0.4%)ی لە کەرتە ئابورییەکانی دیکە کار دەکەن. بڕوانە (چارتی ژمارە (9)) چارتی ژمارە (8) چارتی ژمارە (9) سەرچاوە؛  -    Iraq Labour Force Survey 2021, The International Labour Organization (ILO) partnered with the Central Statistical Organization (CSO) and the Kurdistan Region Statistics Office (KRSO) in Iraq, to implement the first national Labour Force Survey (LFS) in a decade.  


درەو: دۆسیەی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی لەسەر بافڵ تاڵەبانی كە لە سەرەتای ئەم مانگە لە دادگای سلێمانیەوە رەوانەی هەولێر كرابوو، لە هەولێرەوە رەوانەی سلێمانی دەكرێتەوە، پێشتر دۆسیەكە لە دادگای كەرخی بەغدادەوە رەوانەی دادگای سلێمانی كرابوو. سەرچاوەك لە دادگای پێداچونەوە بە (درەو)ی ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەمە 26ی ئەم مانگە  دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، دەستەی شارستانی بە نوسراوی ژمارە (742)  دۆسیەی پێداچونەوەی (لاهور شێخ جەنگی) ڕەوانەی دادگایی بەرایی سلێمانی كردەوەو بڕیارە رۆژی یەكشەمە بگاتەوە دادگای سلێمانی، واتا دادگاییكردنی ئەو دۆسێیە لە دادگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت. دۆسیەی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی كە لەسەر بافڵ تاڵەبانی لە دادگای سلێمانی تۆماری كرد، لە مانگی ئایاردا رەوانەی بەغداد كرا، دواتر لە بەغدادەوە رەوانەی دادگای سلێمانی كرایەوە، لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا لە دادگای سلێمانیەوە رەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر كرا، بڕیاردراوە لە دادگای هەولێریشەوە رەوانەی دادگای سلێمانی بكرێتەوەو لە سلێمانی پرۆسەی دادگاییەكە بەڕێوە بچێت.    بەپێی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی كە لە رۆژی 11/5/2022 لە دادگای كەرخی بەغداد لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماریكردووە هاتووە: بافڵ تاڵەبانی هەستاوە بە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە یەكێتی ئەمەش كارێكی نایاساییە، چونكە كۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتەو لە كۆنگرەدا دەنگی بەدەستهێناوەو متمانەی پێدراوە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی پەیڕەوی حزبی پێشێلكردووە، هاوكات گۆڕانكارییەكان پێچەوانەی بڕیارەكانی فەرمانگەی رێكخراوو حزبە سیاسیەكانی سەربە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقە، داواكارن ئەو گۆڕانكارییانەی لە حزبدا كراوە رابگیرێت. دوای ئەوەی لەسەر داوای بریكاری یاسایی بافڵ تاڵەبانی كەیسەكە لە دادگای كەرخی بەغدادوە گواسترایەوە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی، بریكاری یاسایی لاهور شێخ جەنگیش داوایكردووە كەیسەكە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگایەكی تری هەرێم. بە پێی نوسراوی داواكاریی بریكارەكەی لاهور شێخ جەنگی كە دەست (درەو) كەوتووە تیایدا هاتووە:  بریكارەكەم (لاهور شێخ جەنگی) لە دادگای كەرخی بەغداد سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە لەبەر ئەوەی لە حزب دووریخستووەتەوە، ئەمەش كارێكە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیە. پارێزەری بافڵ تاڵەبانی داوایكردووە كەیسەكەی لە بەغدادەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، لەبەر ئەوەی سلێمانی ناوچەی ژێر دەسەڵات و هەیمەنەی بافڵ تاڵەبانیە، هێزە حزبیەكانی بافڵ تاڵەبانی دەوری ماڵی لاهور شێخ جەنگیان گرتبوو، بۆیە داواكارین كەیسەكە بگوازرێتەوە بۆ هەر دادگایەك لە پارێزگایەكی تری هەرێمی كوردستان جگە لە سلێمانی.  لە نوسراوێكی تردا سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەستەی شارستانی داوای لە دادگای بەرایی سلێمانی كردووە دۆسیەكە رەوانەی هەولێر بكەن بەمەبەستی پێداچوونەوە. لە ئێستاشدا دۆسێكە لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێرەوە رەوانەی دادگای سلێمانی دەكرێتەوە.       


درەو: ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان)، (85) واژۆیان كۆكردەوە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی (پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم) فراكسیۆنەكانی (یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، سەربەخۆكان و پێنج ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان) واژۆیان نەكرد.  رۆژی 11/6/ 2022 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن بۆ بەڕێوەچوونی وادەی هەڵبژاردن، بۆیە بڕیاریان داوە تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ دوو وەرزی یاسادانان واتا (ساڵێك) درێژبكەنەوە. (درەو) زانیویەتی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان واژۆ كۆكراوەتەوە بۆ پێشنیازە یاسایەك بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی تا ئێستا زانراوە (85) ئەندامی پەرلەمان واژۆیان كردووە بۆ درێژكردنەوە بەم شێوەیە: فراكسیۆنی پارتی (45) ئەندام واژۆیان كردووە فراكسیۆنی یەكێتی (22) ئەندام واژۆیان كردووە پێكهاتەكان (11) ئەندام واژۆیان كردووە فراكسیۆنی گۆڕان (7) ئەندام واژۆیان كردووەو (5) ئەندام واژۆیان نەكردووە ئەوانیش (عەلی حەمە ساڵح، ئاشنا عەبدوڵا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین، شایان عەسكەری). پێشنیازە یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان واژۆی پێویستی بۆ كۆكرایەوەو ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كراو بڕیارە بەم زوایە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت و تێپەڕێندرێت. پەرلەمان‌و درێژكردنەوە پەرلەمانی كوردستان ئێستا تەمەنی دەبێت بە (30 ساڵ)، لەم تەمەنەدا پەرلەمان (7) جار بەهۆكاری شەڕی ناوخۆیی‌و ناكۆكی سیاسی پارتی‌و یەكێتییەوە تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە‌و ئێستا ئامادەكاری بۆ درێژكردنەوەی (هەشتەم) دەكات.  تەنیا خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان (4) جار پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە.  •    یەكەم درێژكردنەوە: یەكەم درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا بوو، بە بڕیاری ژمارە (1)و بەواژۆی (جەوهەر نامیق سالم) سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، لە رۆژی 27/5/1995، تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە (ئەوكات پەرلەمانی كوردستان ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی بوو).  لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە:  -    خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق یەك ساڵ درێژ دەكرێتەوە لە بەرواری (4/6/1995)ەوە. * دووەم درێژكردنەوە: لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لە رۆژی 3/6/1996 بە واژۆی (نەژاد ئەحمەد عەزیز ئاغا) لە جیاتی سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بۆ ماوەی (3) مانگ تەمەنی ئەنجومەنی نیشتمانی درێژكراوەتەوەو لەمادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: - خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لە رۆژی 4/6/1996ەوە بۆ ماوەی (3) مانگ درێژ دەكرێتەوەو قابیلی درێژكردنەوەی دیكەشە. * سێیەم درێژكردنەوە: مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ (3) رۆژ دوای رووداوەكانی 31ی ئابی 1996، پەرلەمانی كوردستان بە واژۆی (جەوهەر نامیق سالم) بەبڕیاری ژمارە (2) لە رۆژی 3/9/1996 تەمەنی پەرلەمانی بۆ ماوەی (2) ساڵ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: - دەوری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق تاكو 4/6/1998 درێژ دەكرێتەوە. * چوارەم درێژكردنەوە: ئەمجارە تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەیەكی نادیار تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن درێژكرایەوە، پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە (9) لە رۆژی 15/4/1998 كە واژۆی (جەوهەر نامیق سالم)ی لەسەرە تەمەنی  خۆی درێژكردەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت‌و لە مادەی یەكەمی پڕیارەكەدا هاتووە: - ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لەكاردا دەبێت تا هەڵبژاردنی تازەو بەستنی یەكەم دانیشتنی خۆی. لەدوای پرۆسەی ئاشتی، یەكێتی‌و پارتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەی بە دەوری دەبێت‌و ناوی خولی پەرلەمانی كوردستانیشان نا خولی گواستنەوە، هەر لەوكاتەشەوە ناوی (ئەنجومەنی نیشتمانی) گۆڕدرا بە (پەرلەمانی كوردستان). ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی (د. رۆژ نوری شاوەیس) بەبڕیاری ژمارە (21) لە 15/10/2002 بڕیاریدا: - ماوەی ئیشوكاری ئەنجومەنی نیشتمانی سەرەتا لە 4/10/2002ەوە تا هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەن دانیشتنی یەكەمی بەناوی (خولی گواستنەوە) دەبێت. - سەرۆك و جێگر پلە یان مەنسەبیان دەگۆڕنەوە ئەم ئاڵوگۆڕە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت تاكاتی هەڵبژاردنی خولی دووەم. • پێنجەم درێژكردنەوە: لە رۆژی 13/5/2009 پەرلەمانی كوردستان لە خولی دووەمدا تەمەنی خۆی درێژكردەوە لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 4/6/2009 كۆتایی پێدێت بەردەوام دەبێت و پەرلەمان دەمێنێتەوە تاكو هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ •    شەشەم درێژكردنەوە: پەرلەمانی كوردستان لە خولی سێیەمداو لە دانیشتنی رۆژی 30/6/2013 خولی هەڵبژاردنی بۆ ماوەی نزیكەی (3) مانگ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی دانیشتنەكەدا هاتووە: -    خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20/8/2013 تەواو دەبێت بەردەوام دەبێت و پەرلەمان تا 1/11/2013 لەسەر كاری خۆی دەمێنێت و هەڵبژاردن لە 21/9/2013 ئەنجام دەدرێت. •    حەوتەم درێژكردنەوە: پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی خۆیدا لە 24/10/2017 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی یەك ساڵ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرەلمانی كوردستان دوو خولی گرێدانی تر لەكاردا دەبێت لە بەرواری 6/11/2017 ەوە.    راپۆرتی پەیوەندیدار


  (درەو):  هێرشەكانی دوێنێی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر بارەگای پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، لەناو بەرپرس‌و لایەنەكانی كوردا كاردانەوەی جۆراوجۆری دروستكرد.  هەندێك بەتوندی ئیدانەیان كرد، هەندێكی تر ئیدانەیان كرد، بەڵام بەهانەیان بە كۆماری ئیسلامی داوە هێرش بكات، هەندێكی تر بێدەنگییان هەڵبژاردووە.  كاردانەوەی بەرپرس و لایەنە كوردییەكان لەبارەی هێرشەكانی ئێران بۆسەر بارەگای پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەمشێوەیە:  •    مەسعود بارزانی: ئەوە تاوانكارییە.. هەرێمی كوردستان نەكرێت بە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ناكۆكی ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێ. •    بافڵ تاڵەبانی: رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە. •    لاهور شێخ جەنگیی: خوای گەورە ئێمەی لەسەر ئەم خاكە داناوەو هیچ كەس‌و لایەنێك بە كوشتن‌و بڕین جێگەمان پێ لەق ناكات. •    شاسوار عەبدولواحید: ئیدانەی دەكەین.. ئێمە لەگەڵ خەڵكداین. •    بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق: .... (تائێستا هیچ راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكانەوە بڵاونەكردوەتەوە).  •    فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق: بەتوندترین شێوە ئیدانەی دەكەین.. ئەم كارە تاكلایەنە ئاڵۆزی لەناوچەكە زیاتر دەكات.   •    فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان: بەتوندی ئیدانەو سەركۆنەی دەكەین. •    محەمەدی حاجی مەحمود: بەنیگەرانییەوە ئەڕوانینە بۆردومانەكانی كۆماری ئیسلامی.  •    كۆمەڵی دادگەریی: ئیدانەی هەر بۆردومانێك دەكەین.. هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران بارەگاكانیان لەناوچەی نیشتەجێبوون دوربخەوە.  •    یەكگرتووی ئیسلامی: ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین، بەڵام دژی ئەوەین هەرێمی كوردستان بكرێت بە سەرچاوەی هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ. •    سێ پارتە چەپەكە (شیوعی+ زەحمەتكێشان+ بزوتنەوەی دیموكراتی): ئیدانەی دەستدرێژی ئێران دەكەین.. حكومەتی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵا تۆماربكات.  •    بزوتنەوەی ئیسلامی: .... (تائێستا هیچ راگەیەندراوێكی فەرمی لەبارەی هێرشەكانەوە بڵاونەكردوەتەوە)  •    سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت بە راگەیەندراو ئیدانەیان كرد. •    سەرۆكایەتی پەرلەمان بەزارەكی ئیدانەی كرد‌و راگەیەندراوی بڵاونەكردەوە.  دوێنێ 28/9/2022 سوپای ئێران بە موشەك و درۆنی خۆكوژ هێرشێكی فراوانی كردە سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە (زڕگوێز، كۆیە، پردێ) بەهۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا (18) كەس شەهید بوون و زیاتر لە (60) كەسیش برینداربوون، كە بەشێك لە بریندارەكان ژن و منداڵ و هاولاتی مەدەنین. 


  درەو: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا بە زۆرینەی زۆری ئەندامەكانی بڕیاریدا لەگەڵ یەكێتی و پارتی بەشدار بێت لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت. ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆیكرد لەسەر ئەوەی بەشدار بێت لەگەڵ پارتی و یەكێتی بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم؟ ئەو پرسە خرایە دەنگدانەوەو زۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بەدەستهێنا، بۆیە بڕیاردرا فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان هاوشان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی بەشدار بێت لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم. بڕیارە سبەینێ فراكسیۆنی گۆڕان وەڵامی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان بداتەوە بە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی بۆ ئەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە. رۆژی 7ی ئەم مانگە پشتیوان سادق سەرۆكی تیمی پارتی لە حكومەت وێنەیەكی خۆی و تیمی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت بڵاوكردەوەو نوسیوی بووی: كۆبونەوەیەكی بەرهەمدا لەگەڵ مستەفا سەید قادر، دانا عەبدولكەریم، هێمن هەورامی. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) تیمی گۆڕان لەو كۆبونەوەیە بەڵێنیان بە تیمی پارتی دابوو كە بەشدار دەبن لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و نوسینەوەی دەستور و بەردەوام بوون لە حكومەت.


درەو: بەیانی ئەمڕۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بە موشەك و درۆنی خۆكوژی هێرشی بۆسەر بارەگای حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان دەستپێكرد. كۆیە: لە كەمپی رۆژهەڵات لە نزیك كۆیە ئێران بە موشەك و درۆن هێرشی كردە سەر حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و بەهۆی هێرشەكەوە (4) شەهید و (18) بریندار هەیە. زڕگوێز - سلێمانی: زیاتر لە (20) هێرش لە رێگەی درۆنی خۆكوژیەوە كرایە سەر بارەگاكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستان بەهۆیەوە (3) كەس برینداربوون. شۆراو - پردێ: بەهۆی هێرشی موشەكی و درۆنەوە بۆسەر بارەگاكانی پارتی ئازادی كوردستان (5) شەهید و (14) بریندار هەیە.  


مەریوان وریا قانع    شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩ دا، نەک تەنھا فەیلەسوفێکی ڕەخنەیی گەورەی وەک میشێل فوکۆی بەرەو ئەو قەناعەتە برد کە لە ناو ئەم شۆڕشەدا جۆرێک لە ”ڕۆحانیەتی سیاسیی“ تازە لەدایکبووە، بەڵکو لە پەیوەندیشیدا بە میلەتانی ناوچەکەوە ئومێدی ئەوەیشی دروستکرد کە دەتوانن گۆڕانکاریی بکەن و ئەوەی ھەیە و دروستکراوە، بەشێوەیەکی ھەمەلایەن دەسکاریبکەن. شۆڕشی ئێرانی وزەیەکەی سیاسیی گەورەیشی بە سەرجەمی بزوتنەوە ئیسلامییەکان لە جیھاندا بەخشیی و ئیسلامی سیاسیی گۆڕی بۆ ئایدیۆلۆژیای باڵادەست، لە ناوچەکەدا. بووش بە مۆدێلێک بکرێت لاساییبکرێتەوە و شوێنپێکانی ھەڵبگیرێت. لە ئێستادا و چل ساڵێک دواتر، ئەزموونی ئێرانی نەک سەرجەمی ڕەونەقە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و ئەخلاقییەکانی دۆڕاندوە، بەڵکو لە ھەمانکاتدا ھەم بووە بە یەکێک لە ئەزموونە سیاسیە ناشیرینەکانی جیھان و ھەم گیریشی بەدەست زۆرینەی ھەرەزۆری ئەو میلەتەوە خواردوە. کە لەماوی ئەو چوار دەیەدا و لەڕێگای نەخشەسازییەکی سیاسیی دینییەوە، دروستیکردوە. لە ماوەی چوار دەیەدا دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیی، پیاوانی دین و سیاسەت بە ھاریکاریی ئابوریی نەوت، ئەو ئەندازیارەبوون کە دەسکارییەکی گەورە و ھەمەلایەنی چیەتیی میلەتی ئێران و دانیشتوانی ئەو وڵاتەیان، کردوە.  ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێرانی، بە شایەتی،شارەزایانی ئەو بوارە، نەک ئەوانەی قسەی گشتیی و حوکمی گۆترە دەردەکەن، یەکێکە لە عەلمانیترین کۆمەڵگاکانی ناوچەکە. کۆمەڵگایەکی تەواو گەنجە کە زۆرینەی ھەرەزۆریان، لەو ھەندەسە دینییە دەسەڵاتگەرە ھەڵدێن کە دەوڵەتی ئێرانیی و ئایەتوڵا حوکمڕانەکانی ناو ئەو دەڵەتە، لەماوەی چوا دەیەدا دروستیانکردوە. ئیسلامی سیاسیی حوکمڕان لە ئێراندا، زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایەی لەو فۆرمە لە دینداریی و لە ئایدیۆلۆژیای ئاینی دوورخستۆتەوە کە دەوڵەت لەسەرەوەڕا بەسەر کۆمەڵگاکەیدا، سەپاندوە. ژیانی شەخسیی و خێزانیی ئێرانیەکان تەواو ناکۆکە بو ژیانە گشتیی و ئاشکرایەی دەسەڵاتداران لەو وڵاتەدا دروستیانکردوە.  لە چوار دەیەی ڕابردوودا دەوڵەتی ئێرانی لە دەیەھا کەناڵی جیاوازەوە کۆمەگای ئێرانی پڕ کردوە لە دین، لە دینێک کە سیستمی ویلایەتی فەقیە، ویلایەتی فەقیە موتڵەق، بەرھەمیھێناوە و ئاراستەی کردوە. خاڵی سەرەکییش لەم ئەزموونەدا بریتیبووە لە مۆنۆپۆڵکردنی سەرجەمی دەسەڵاتەکان و بەکارھێنانی ئەو دەسەڵاتانەش بۆ دروستکردنی ”کۆمەڵگایەکی دینیی“ و دروستکردنی ”تاکەکەس“ و ”لەشێکی دینیی“، بە تایبەتی ”لەشێکی دینیی ژنانە“. ئەوەی ئێستا دەیبینین یاخیبوونی ملیۆنان تاکەکەسۆ ئەو وڵاتەیە، لەو لەشە دینییە دروستکراوە و لەو ھەندەسە دینییەی بەھۆیەوە ”کۆمەڵگایەکی دینیی“ دروستکراوە. ئەم یاخیبونەش یەک مانای سەرەکیی ھەیە: دەستپێکردنی یاخیبوون بەڕووی سەرجەمی سیستمە حوکمڕانیەکەدا لەڕێگای یاخیبوون لەو لەشە دینییە و لەو سیستمە ڕەمزییەی بەدەوری ئەو لەشە دینییەدا دروستکراوە. ئەگەر ڕەمزیی سەرەکیی و بنەڕەتیی ناو ئەم سیستمەش بریتیی بێت  لە حیجاب و سەرپۆشی ژنان، یاخیبوونەکانیش شێوەی یاخیبوونیان لەو حیجاب و سەرپۆشە، گرتۆتەخۆی.  ئەم دۆخەیە وادەکات حیجاب و جلوبەرگی دینیی لە سێنتەری یاخیبوونەکاندا بێت، بەگژاچوونەوەی ئەم ڕەمزە دینییانە بەگژاچوونەوەی سەرجەمی سیستمە سیاسیی و ئابوریی و دەسەڵاتگەرەکەیە، کە بە درێژایی چوار دەیە ئەو ھەندەسە تایبەتەی دروستکردنی لەشی دینییی بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا سەپاندوە.  نەبینین و پشتگوێخستنی ئەم خاڵە نەبینینی ئەو پاڵنەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەیە کە ئەو نەوە گەنجەی لە ئێراندا بردۆتە سەر شەقامەکان و نەبینینی ئەو خواستە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئینسانیانەشە، کە لەپشتی یاخیبوونەکانەوە ئامادەیە. کۆمەڵگای ئێرانی لە ماوەی چوار دەیە لە سیاسەتی دینییانەی دەوڵەت و لەژێر کاریگەریی تیورەی ویلایەتی فەقیەدا، بووە بە کۆمەڵگایەکی تەواو عەلمانیی، کە خواستی گەڕاندنەوەی دینیی بۆ ناو خواست و توانای ئازادانەی ھەڵبژاردنی تاکەکەسەکان، ھەڵگرتوە. خواستێک پێچەوانەی ئەوەی چوار دەیەیە لە ئێراندا ڕووئەدات: واتە  دابڕانی دینداریی لە ھەڵژاردنی ئازادیی تاکەکەسەکان و کردنی بە سێنتەری سیاسەتی دەسەڵاتگەرانەی دەوڵەت خۆی.  لە شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ دا بەشی ھەرەزۆری ھێز و چینە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران  بەشداربوون لە یاخیبوون دژ بە شای ئێران و حوکمڕانییە پۆلیسییەکەیدا، ژنان و پیاوانی دینیی و نادینیی، کەسان و گروپی عەلمانی و چەپگەر و لیبرال و ڕادیکاڵ، ئەندامانی چینی ناوەڕاست و چینی کرێکار و جوتیار و بازرگانان، ھەموویان بەشێکبوون لەو ھێزە گەورەیەی بەگژ ڕژێمەکەی شادا چوونەوە. لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ دا چەندان ژنانی سەر بە ھێزە چەپ و کۆمۆنیست و عەلمانییەەکان لە ساتەوەختی ناڕەزایی دەربڕینەکاندا حیجابیان دەکردە سەر. حیجاب لای ئەوان و لەو ساتەدا ڕەمزی یاخیبوون و قبووڵنەکردنی ڕژێمە سیاسییەکەی شا بوو، کە لە دیدی زۆربەیاندا وەک پۆلیسی وڵاتانی خۆرئاوا و ئیمپریالیزم لەناوچەکەدا، دروستکرابوو. حیجاب یەکێک لە ڕەمزە گرنگەکانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکە بوو. بزوتنەوەیەک کە دەیویست سیستمێکی سیاسیی کراوە و دیموکراس و دادپەروەر و کۆمەڵگایەک ڕێزگر لە کەرامەتی ئینسان دروستبکات. ئایدیۆلۆژیای شۆڕشی ئێرانی تێکەڵێکی ئاڵۆزبوو لە ئایدیۆلۆژیایەکی میلییگەرای، جیھان سێھەمیی دژە ئیمپریالیست، کە داژایەتییەکی گەورەی ئەمریکا و سیاسەتەکانی ئەمریکای لە ئێراندا دەکرد. ئاخر ئەمریکا پێشتر و لە ساڵی ١٩٥٣دا دەسەڵاتی حکومەتە ھەڵبژێراوە عەلمانییەکەی موسەدەقی ڕوخانبدوو. بە کورتییەکەی، لە ساتەوەختی شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا، حیجاب بەشێکبوو لەم دۆخە سیاسیی و فەرھەنگیی و ئایدیۆلۆژییە یاخیگەرە و یەکێکبوو لە ڕەمزەکانی بەرگریکردن و یاخیبوون. لە ڕاستیدا بۆچوونەکانی میشێل فوکۆش بۆ دۆخی ئێران و قسەکردنی لەسەر لەدایکبوونی ”ڕۆحانیەتی سیاسیی“ ھەردەچێتە ئەم قاڵبەوە، کە تیایدا ئیسلام وەک دین و حیجاب وەک جۆرێکی تایبەت لە نمایشکردنی لەش، بووبوو بە ڕەمزی یاخیبوون.   بەڵام دوای گەڕانەوەی خومەینی و دەستکردن بە دامەزراندنی ”کۆماری ئیسلامیی“، دوای سەپاندنی فەلسەفەی حوکمڕانیی ”ویلایەتی فەقیە“، دۆخێکی تەواو تازە دێتەکایەوە. لەم دۆخەدا حیجاب بە گشتیی و چۆنیەتی دەرکەوتنی لەشی ژن لەناو ژیانی گشتییدا، ھێدی ھێدی دەگۆڕێت بە شوناسی ئەو سیستمە سیاسییە تازەیەی خومەینی دروستیدەکت.  سیستمێکی دەسەڵاتگەریی دینیی، کە ھیچ جیاوازییەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و دینیی قبووڵنەبوو. سیستمێک دیدی ئایەتوڵایەکی بەسەر ھەموو کۆمەڵگادا دەسەپاند. لەم ڕەوتە نوێیەدا حیجاب لە ڕەمزی بەرگریکردنەوە گۆڕا بۆ ئامرازی سەرکوتکردن و دروستکردنی مرۆڤی کۆپیکرراو. لە ھێماکردنەوە بۆ بزوتنەوەیەکی دژە سیستمی پاشایەتی دەسەڵاتگەر و حوکمی ساواک و پۆلیسی نھێنییەوە، گۆڕا بۆ شوناسی ھێزێکی دینیی خۆسەپێنی توندوتیژ و نادیموکراس و دخراو و خوێناوی. لەشی دینیی خۆیشی بوو بە شوناسی سەرەکیی سیستمە دەسەڵاتگەرەکەی خومیەنی و بە بەرجەستەکەری سیستمەکە.  ئەوەی ئێستا لە ئێراندا دەیبینین یاخیبوونی ئەو لەشە دینییە بەزۆر دروستکراوەی ئێرانە، نەک تەنھا لە حیجاب و خۆپۆشینی دینیی، بەڵکو لە سەرجەمی میکانیزم و پرۆسەکانی دروستکردنی خودی لەشە دینییەکە خۆیشی. یاخیبوونە لەو سیستمەی ھێشتنەوەی ئەو لەشە دینییەی، بە ھێشتنەوەی شوناسیی دەوڵەت و کۆمەڵگاکەوە، گرێداوە . بڵاوبوونەوەی  ڤیدیۆی ئەو خانمە سەماکەرانەی بە دەوری ئاگرێکدا سەمادەکەن و حیجابەکانیان لەناو ئاگرەکەدا دەسوتێنن، بەرجەستەکردنی ئەم ڕاستییە سۆسیۆلۆژیی و سیاسیی و دینیی و کۆمەڵایەتییە سادەیەیە، ڕاستیی یاخیبوون لە سەرجەمی سیاسەت و میکانیزمەکانی دروستکردن و سەپاندنی ئەو لەشە دینییەی زیاد لە چل ساڵە بە بەکارھێنانی ھێز و زەبری دەوڵەت دروستدەکرێت.   ئەوەی ئێستا دەیبینین یاخیبوونێکی نوێی کۆمەڵگای ئێرانییە تەواو جیاواز لەوەی ساڵی ١٩٧٩دا ڕویدا، یاخیبوونی ئێستا نە یاخیبوونێکی ناسیۆنالیستیی و میلییانەیە، نە یاخیبوونێکی دژە ئیمپریالیستانەیە، نە یاخیبوونێکی جیھانسێھەمییانەشە، بەڵکو یاخیبوونی ملیۆنەھا لەو تاکەکەسە جیاوازانەیە، کە بەشێکی زۆریان خوێندەواری سەر بە چینی ناوەڕاستن، بەڕووی ئەو سیستمەدا کە چەندەھا قەیرانی جۆربەجۆری بۆ ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمان و فرەکولتور و فرەخواست، دروستکردوە.  ئەوەی دەیبینین یاخیبوونێکی مەدەنییانەی ھێمنە  بە میزاجێکی ناعەبوس و خۆشحاڵانەوە، تیایدا تەحەدای تاکەکەسیی و سەماکردن و نمایشکردنی لەشێکی ئازاد، ڕەگەزە سەرەکییەکانیەتی. ئەم شەپۆلە لە ناڕەزاییدەربڕین و یاخیبوون ھاوکات شەپۆلێکی ناڕێکخراوە، بەبێ ئۆرگان و ئایدیۆلۆژیا و سەرکردەیەکی کاریزمییە،  بە زۆرمانا لەو جۆری ئەو یاخیبوونانەیە کە لە کۆتایی ساڵانی ھەشتادا و لەدوای کەوتنی کۆمۆنیزمەوە لە خۆرھەڵات و ناوەندیی ئەوروپادا بینیمان.  لە پەیوەندیدا بە کورد و خەڵکی کوردستانەوە، یاخیبوونەکانی ناو ئێران ھاوکات بە یاداوەرییەکی نەتەوەیی بریندار و بە سیاسەتێکی بەردەوامی بێمافکردنێکی دەستەجەمعییەوە، گرێدراوە. پەلاماردانی ئەمڕۆکەی دەوڵەتی ئێرانیش بۆ  بارەگای ھێزە کوردییەکانی ڕۆژھەڵات، لەناوچەی سلێمانی، بە درۆن، دەرخەریی ئەو تایبەتمەندیانەیە کە بوونی کورد لەناو کۆی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا بەرجەستەی دەکات. ئەم مەسەلەیەش تەنھا یەک مانای ھەیە: دانەبڕانی یاخیبوونەکان لە کوردستان لە کۆمەڵێک داواکاریی نەتەوەیی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کوردبوونەوە ھەیە وەک شوناسێکی  چەوساوە و چەپێنراو و پەلاماردراو.    


(درەو):  كەیسێك كە پەیوەندی بە سزای ئاژەڵی بەرەڵا (مانگا)وە هەیە لە هەڵەبجە، سەریكێشا بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی زەوی‌و زار لە سنوری پارێزگاكە‌و بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی شارەوانی دەرچووە.  بەهۆی دیارنەمانی بڕە پارەیەكەوە كە بەپێی زانیارییەكان نزیكەی (12 ملیۆن) دینارە، مفەوەزێكی بنكەی پۆلیسی شارەوانی هەڵەبجە دەستگیركرا.  بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەو بڕە پارەی دیارنەماوە، پارەیەكە كە پێشتر وەكو سزا لە خاوەن ئاژەڵە بەرەڵاكانی (مانگا) ناو شاری هەڵەبجە وەرگیراوە‌و نەچوەتە سندوقی شارەوانییەوە‌و خاوەن ئاژەڵەكان سكاڵایان تۆماركردووە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بە (درەو)ی راگەیاند، مفەوەزەكەی پۆلیس دوای دەستگیركردنی هەندێك دانپێدانانی كردووە لەبارەی كەیسی ئەو پارەیە‌و كەیسی زەوی‌و زار لە سنوری پارێزگاكە، لەبەر رۆشنایی دانپێدانانیدا دادگا فەرمانی گرتنی بۆ (كوێستان ئەكرەم) سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە دەركردووە. (درەو) زانیویەتی ئەمشەو كوێستان ئەكرم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە چوەتە بنكەی پۆلیس‌و بڕیارە تا سبەینێ لەوێ بمێنێتەوە‌و دواتر بە كەفالەت ئازاد بكرێت.  (درەو) ئێوارەی ئەمڕۆ لەبارەی ئەم كەیسەوە پەیوەندی بە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نەدایەوە. 


(درەو) دەقی رێككەوتنی لایەنەكانی عێراق بۆ پێ:هێنانی حكومەت بڵاودەكاتەوە "رێككەوتنی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق" درەو:  *ھاوبەشی لە بڕیاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە ژێر سایەی دەستوردا. *ھەموو لایەنەکان پابەند بن بە گێڕانەوەی شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنی یاسا لە سەرتاسەری عێراقدا. *ھەموو لایەنەکان رێزی دەسەڵاتەکان دەگرێت کە دەستور بۆ حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ھەرێم و پارێزگاکانی دەرەوەی ھەرێمی دیاری کردووە *پشتیوانی لە ھێزەکانی سوپاو پۆلیس و حەشد و پێشمەرگە دەکرێت. *یەکخستنی سیاسەتی گومرگی سەرجەم دەروازەکان. *رێککەوتننامەی شنگال دەخرێتە بەرنامەی حکومەتەوە.ـ *ھەموو حزبە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکوک، خانەقین، نەینەوا ناوچەکانی دیالە مافی ئەنجامدانی چالاییە سیاسییەکانیان ھەیە، بارەگاکانیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە. *رێککەوتن لە نێوان پێشمەرگەو ھێزەکانی فیدراڵی بۆ پرکردنەوەی ئەمنی ھێڵی نێوانیان دەکرێت. *دابینکردن شایستەکانی ئەوانەی بڕیاری ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە. *جەختکردنەوە لە ھەماھەنگی نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ھەرێم لەسەر سەبارەت بە دۆسییە ھەواسراوەکانی ھەرێم. *بەستنەوەی سەرجەم قوتابخانە کوردییەکانی دەرەوەی ھەرێم بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە. *پێک ھێنانی فەوجی فریاکەوتن لە پۆلیسی ناوخۆیی کەرکوک. *سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم رادەسپێردرێن ب گفتوگۆکردن سەبارەت بە دۆسییەی نەوت و بودجە، تا لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستور دەردەکرێت. *لیژنەیەکی ھاوبەشی حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ھەرێم پێداچوونەوە بۆماوەکانی رابوردووی کەرتی نەوت و غازی ھەرێم دەکەن، پەیوەندی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان رێکدەخرێت. *خۆ دورگرتن پەرەسەندنەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدرالی تا ھاوڵاتیان زیان نەکات. *بە تێبینی لە رێککەوتنەکە نوسراوە « تا ئێستا گفتوگۆکانی کورد و سوننە لەسەر گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک بەردەوامە».


درەو: شەڕی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك دەوام لە دوو قوتابخانەی بازیان پەك دەخات، دای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، تا ئێستا هیچ وانەیەك لەو قوتابخانەیە نەوتراوەتەوە كە (700) قوتابی تێدایە. قوتابخانەی (رابەر) كە قوتابخانەیەكی (12) پۆلیەو لەسەر داهاتی كارگەكانی بازیان درووستكراوە لە گەڕەكێكی نزیك گەڕەكی قوتابخانەی (رەوا) كە لە ئێستادا (700) قوتابی هەیەو لە هەر پۆلێكدا نزیكەی (75) قوتابی تێدایە. مامۆستا سۆران رەسوڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەی (رەوا) بە (درەو)ی راگەیاند" لە ئێستا قوتابخانەكەمان (720) قوتابی هەیە، كەمترین پۆلمان (54) قوتابی تێدایەو زۆرترینی (75) قوتابی، لەو گەڕەكەی قوتابخانە نوێیەكەی تێدا درووستكراوە (رابەر)، نزیكەی (320) قوتابیمان وەرگرتووە، بۆیە بارودۆخمان زۆر خراپەو لەدوای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانە تا ئێستا نەمانتوانیوە وانە بخوێنین و چاوەڕێین وەزارەت و بەڕێوەبەرێتی پەروەردە كێشەكە چارەسەر بكەن. مامۆستا سۆران لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی چەندین پۆستی لەسەر ئەو كێشەیە كردووەو لە دوایین پۆستیدا نوسیویەتی:"كاتێك هەموو شتێك بە حەزو ئارەزووی حزب بێت ئەمە دەرئەنجامەكەیەتی، پرۆسەی خوێندن قوربانیە گەورەكەی دەستی حزب، قوتابخانەیەك 13 رۆژە داخراوەو قوتابخانەیەك 13 رۆژە قوربانیە"  (درەو) بەدواداچوونی كرد بۆ كێشەی قوتابخانەكە بۆی دەركەوت كێشەكە پەیوەندی بە دانانی بەڕێوەبەرێكەوە هەیە لە نێوان یەكێتی و گۆڕان. كێشەكە بەم شێوەیە: قوتابخانە نوێیەكەی بازیان (رابەر) كە (12) پۆلە بڕیاردراوە بكرێتە دوو دەوام دەوامێكی بنەڕەتی بەڕێوەبەرێكی (گۆڕان)ی هەبێت و دەوامێكی ئامادەیی بەڕێوەبەرێكی (یەكێتی) هەبێت. سەرەتا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ بەڕێوەبەرێكی (گۆڕان) بۆ دەوامی بنەڕەتیەكە دەركردووە بەڵام كۆمیتەی یەكێتی رازی نەبووە، دواتر فەرمانێكی تری دەركردووە بۆ بەڕێوەبەرێكی تر هەر سەربە (گۆڕان) و چاوەڕێیە ناوی بەڕێوەبەری ئامادەییەكەش كە بۆ (یەكێتیە) دەربكرێت بەڵام تا ئێستا نەكراوە، بۆیە ئێستا یەكێتی ناڕازیە بە بەڕێوەبەرە (گۆڕان)ەكەو دەیەوێت بەڕێوەبەری بنەڕەتیەكە بۆ یەكێتی بێت، گۆڕان سوورە لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە سەر بە (گۆڕان) بێت و یەكێتیش سوورە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە سەربە (یەكێتی) بێت، بۆیە تا ئێستا دەرگای قوتابخانە نوێیەكە نەكراوەتەوەو قوتابیانی سنوری ئەو قوتابخانە نوێیە كە ژمارەیان نزیكەی (320) قوتابیە چونەتە قوتابخانەی (رەوا) و ژمارەی قوتابیان لەو قوتابخانەیە لە (400) قوتابیەوە زیادبووە بۆ زیاتر لە (700) قوتابی، بەمەش دەوامی قوتابخانە كۆنەكە (رەوا)شیان پەكخستووەو بەهۆی زۆری قوتابیەوە دوای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانە تا ئێستا وانەیان نەخوێندووە. لە دانانی بەڕێوەبەرو یاریدەدەری قوتابخانەكاندا لە سنوری سلێمانی كۆمیتەی یەكێتی و لە سنوری هەولێر ناوچەی پارتی دەستیان هەیە لە دیاریكردنی بەڕێوەبەرو  یاریدەدرەی قوتابخانە. لە هەرێمی كوردستان: - (6 هەزارو 758) قوتابخانە هەیە - ( ملیۆنێك و 800) قوتابی هەیە - (150 هەزارو 816) مامۆستا هەیە.


راپۆرت: درەو ئەو رۆژەی بڕیاردرا كورد ریفراندۆم بكات بۆ سەربەخۆیی، بارزانی بە نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی وت:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، بەڵام سكرتێری حزبی شیوعی‌و دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس دەیانوت دەبێت دەستوری دەوڵەتەكە "عەلمانی" بێت، نوێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی داوایدەكرد وەكو مژدانەی ریفراندۆم چەند موچەیەك بەسەریەكەوە بە فەرمانبەران بدرێت، مەلا بەختیار پێشبینی هێرشی حەشدی شەعبی دەكرد‌و محەمەد حاجی مەحمود-یش دەیوت باوەڕناكەم شیعە پەلاماری كورد بدەن، سەعدی پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە، رۆژێك كە تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش نەیتوانی لەوادەی خۆی دوایبخات، لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆی بارزانی‌و لایەنەكان لە رۆژانی بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بڵاودەكەینەوە.    دۆخی كورد لە رۆژگاری ریفراندۆمدا نیسانی 2017 كە وردە وردە شەڕی "داعش" بەرەو كۆتایی هەنگاوی دەنا، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەفدێكی هاوبەشیان دروستكرد‌و سەردانی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەو سەردانانەدا باسیان لەوەكرد دەیانەوێت ریفراندۆم بكەن بۆ جیابونەوە لە عێراق‌و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. ئەوكاتەی كە پارتی‌و یەكێتی بابەتی ریفراندۆمیان وروژاند، حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدابوو، مانگانە بە پاشەكەوتیشەوە موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین نەدەكرا، لەڕووی سیاسیشەوە هەرێمی كوردستان لەناو قەیراندا بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانییەوە، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستبوو، بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركردبوو، رێگەی نەدەدات یوسف محەمەد سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەركارەكەی لە هەولێر. كێ چی دەوت ؟ لەم بارودۆخەدا بوو، رۆژی  7ی حوزەیران 2017 لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئامادەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی قسەی كردو وتی:" من دەزانم لە كوردستان كێشە هەیە، بەڵام ناكرێت ریفراندۆم ببەسرێتەوە بە كێشەكانەوە، ریفراندۆم بابەتێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بە هیچ كەس‌و لایەنێكەوە نییە.. دەبوو گۆڕان و كۆمەڵ بەشداری ئەم كۆبونەوەیەیان بكردایە چونكە پرسێكی چارەنوسسازە، بەڵام بەداخەوە بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بارزانی سەربوردێكی دۆخی كوردی لە عێراق گێڕاوەتەوە‌و وتویەتی ئێستا گەیشتوینەتە دۆخێك" عەلی غێدان لە كۆبونەوەدا هەڕەشەی كردووە هەولێر داگیربكات، نوری مالیكی پێی وتووە پەلەمەكە تا فڕۆكەی (ئێف 16)ەكانمان بەدەستدەگات ئەوكاتە هێرش دەكەین".  لە كۆتایی قسەكانیدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئێستا دوو رێگامان لەبەردەمدایە، یان ئەوەی وەكو هاوڵاتییەكی عێراقی بمێنینەوە، یاخود ئەوەی بڕیارێكی مێژوویی بدەین، با ژیان‌و مردنمان بەیەكەوە بێت، دەرفەت دێت‌و دەڕوات". سەرباری ئەوەی داوای لە حزبەكان كرد لە كۆبونەوەكەدا رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دیاری بكەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هەر لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دامەزراندنی دەوڵەت نییە". دوای قسەكانی بارزانی، بۆچونی لایەنە سیاسییەكان بەمشێوەیە بووە لەبارەی ریفراندۆمەوە:  • كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەوكاتەی یەكێتی بە نوێنەرایەتی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، وتویەتی:" پشتیوانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەم". • مەلا بەختیار كارگێڕی ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تویەتی:" لەدوای داعش مەترسی هەیە حەشدی شەعبی پەلاماری كوردستان بدات، كێشەی ناوخۆیی بە بچوك مەزانن، ئاسان نییە بەبێ چارەسەركردنی كێشەكان‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان ریفراندۆم بكرێت، پێشنیاز دەكەم وەفدێكی لایەنەكان بەبێ پارتی‌و یەكێتی سەردانی گۆڕان‌و كۆمەڵ بكەن، نواندنی نەرمی لەلایەن كاك مەسعودەوە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵدا شەرەفمەندیییەكی گەورە دەبێت". • رۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی:" سەرەتا كە سەردانی حزبەكانمان كرد لەبارەی ریفراندۆمەوە هەڵوێستیان باش بوو، ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێكی دیموكراتی عەلمانیداین". • هادی عەلی بە نوێنەرایەتی یەكگرتووی ئیسلامی قسەی كردووە‌و وتویەتی:" یەكگرتوو بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ ریفراندۆمەكەدایە‌و پێیانوایە ئەگەر كورد خۆی ئەمری واقیع فەرز نەكات كەس ئەو كارەی بۆ ناكات"، بەڵام نوێنەرەكەی یەكگرتوو داوای كردووە پێداویستییەكانی بەڕێوەچونی ریفراندۆمەكە ئامادە بكرێت، لەپێش هەمویانەوە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان. • كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی باسی لەوەكردووە" ئەوان وەكو حزبی شیوعی داوای دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن، بەڵام بەجۆرێك شوناسی دەوڵەتەكە مەدەنی‌و عەلمانی‌و دیموكراسی بێت"، بەپێچەوانەی ئەوەی بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی: ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، سكرتێری حزبی شیوعی لە قسەكانیدا باسی لەوەكردووە:" دەبێت ئەوە یەكلابكرێتەوە ئایا ئێمە ریفراندۆم بۆ چ شتێك دەكەین ؟ ئایا ریفراندۆم پەرچەكردارە بەرامبەر بە بەغداد ؟". • كامیل حاجی عەلی كە بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا، وتویەتی:" هەوڵ بدرێت هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمدا مژدە بە خەڵك بدرێت" لەمەدا مەبەستی لەوە بووە حكومەت چەند موچەیەك بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، كە ئەوكاتیش فەرمانبەران كێشەی وەرگرتنی موچەكانیان هەبووە. • بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان:" ئێمە پشتیوانی ریفراندۆم دەكەین‌و پێویستە پەلەی لێ بكرێت چونكە دواكەوتووە". • مونا قەهوەچی كە بە نوێنەرایەتی حزبە توركمانییەكەی بەشداربوو، بەتوندی پاڵپشتی ریفراندۆمی كردووە‌و پێی وابووە ریفراندۆم دواكەوتووەو وتویەتی:" دەبوو ساڵی 2003 ریفراندۆم بكرایە".  • محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان وتویەتی:" پێویست بوو گۆڕان‌و كۆمەڵیش بەشداربونایە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدانیم ریفراندۆم دوابخرێت، راستە قەیران هەیە، بەڵام ریفراندۆم لە قەیران گەورە ترە". • مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەوكاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتویەتی:" ریفراندۆم پرۆسەیەكی نەتەوەییە‌و كەس ناتوانێ دژی بوەستێت". خاڵی ناكۆكی بەگشتی لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی لایەنەكان لەسەر دوو خاڵ هاوڕابوون كە ئەمانە بوون: • هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن لە پرۆسەكەدا بە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامیشەوە. • هەموان بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمدا بوون. • زۆرینەی لایەنەكان داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان دەكرد، ئەبو كاروان وەكو  ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا‌و لەسەر ئەم بابەتە قسەی كردووە‌و داوای لە بارزانی كردووە پەرلەمان كارا بكاتەوە‌و رێگە بدات یوسف محەمەد بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بارزانی رەتیكردوەتەوە‌و وتویەتی یوسف محەمەد سەرچاوەی هەموو كێشەكان بووە‌و رێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە، بارزانی پێشنیازی كردووە ئەبو كاروان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەبو كاروان رەتیكردوەتەوە، چونكە مەبەستی پێشنیازەكەی ئەبوكاروان بۆ پینەكردن و چارەسەركردنی ناكۆكیەكان بووە نەك بەدەستهێنانی پۆستەكە ، بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە 15ی مانگی ئەیلولدا، بارزانی بە پاڵپشتی یەكێتی‌و ئەو لایەنانەی كە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پاڵپشتییان دەكرد، پەرلەمانی كوردسانی بەبێ گەڕانەوەی یوسف محەمەد كاراكردەوە‌و پەرلەمان بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی پەسەندكرد. • زۆربەی لایەنەكان باسیان لە چاككردنی دۆخی بژێوی‌و موچەی فەرمانبەرانیان كردووە بەر لە سازدانی ریفراندۆمەكە. ئەوانەی لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ سازدانی ریفراندۆم نەبوون تەنیا دوو لایەن بوون: • ئایدن مەعروف بە نوێنەرایەتی بەرەی توركمانی بەشداربوو لە كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكاندا، ئایدن دوایكردووە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغداد دانوستان بكات، هەروەها داویكردووە رۆڵی پێكهاتەكانی لە ریفرامدۆمدا دیاری بكرێت. • ئاشورییەكان بەهەمان شێوە دژی ریفراندۆم بوون، نوێنەرەكەیان كە كەسێك بووە بەناوی (یەعقوب) وتویەتی:" ئێمە پشتیوانی مافەكانی كورد دەكەین، بەڵام دەبێت رێككەوتن لەگەڵ كلدۆئاشورییەكان بكرێت، چونكە ئاشورییەكان لە كورستان چەوسێندراونەتەوە. بەرەی توركمان‌و ئاشورییەكان تەنیا لەم كۆبونەوەیەدا بەشدارییان كرد‌و دواتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیان نەكرد. پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە كاتێك قسەوباسەكانی لەبارەی ریفراندۆمەوە تەواوبوون، مەسعود بارزانی كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی دەكرد، رووی لە (هەندرێن محەمەد) سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان كردو لێی پرسی: - چەنێك كاتتان دەوێت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ سازدانی ریفراندۆم ؟". + لەو رۆژەوە بودجە بۆ ریفراندۆمەكە ئامادە دەكرێت ماوەی (120) رۆژ كاتمان پێویستە. - بارزانی بەتوڕەییەوە: ئەمە كاتكوشتنە، ئەو هەموو كاتەی ناوێت، ئەگەر نایكەن با رایبگەیەنین كە ریفراندۆم ناكرێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت من هەر ریفراندۆم دەكەم، ئەگەر ئێوە نایكەن من كاتی ریفراندۆمەكە دیاری دەكەم. لەم كاتەدا بوو كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشنیازی كرد رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بەڕێوەچێت، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بارزانی پێشنیازەكەی سەعدی پیرەی زۆر بەدڵ نەبووە‌و خوازیار بووە لە رۆژی (1)ی ئەیلول ریفراندۆمەكە بكرێت، بەڵام لەناچاریدا قبوڵی كردووە، سەعدی پیرەش پێشنیازەكەی بۆ ئەوە كردووە هەندێك كاتی ریفراندۆمەكە دوابخات بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر هەبێت بۆ بیكردنەوە‌و بڕیاردان. هەر لەم كۆبونەوەیەدا بوو كە لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستبكرێت‌و بۆ رۆژی دواتر هەر لایەنێك نوێنەری خۆی لە لیژنەكەدا دیاری بكات. كۆبونەوەی لیژنەی ریفراندۆم كۆبونەوەی دواتر لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستكراو یەكەمین كۆبونەوەی خۆی رۆژی 2017/8/7 بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كرد، ئەم كۆبونەوەیە لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە تێیدا رۆژی ریفراندۆم دیاریكرا جیاوازتر بوو، بارزانی‌و نوێنەری لایەنەكان لە لیژنەی ریفراندۆم دوای وەرگرتنی بۆچونی وڵاتانی جیهان، هەندێك لە بڕیارە توندەكەیان بۆ سازدانی ریفراندۆم پاشەكشێیان كرد‌و بەپێچەوانەی كۆبونەوەی لایەنەكانەوە كە هەست‌و سۆز تێیدا زاڵ بوو، لەم كۆبونەوەیەدا كەمێك وردترو هۆشیارانەتر قسە لەسەر سازدانی ریفراندۆم كراوە. لەم كۆبونەوەیەدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بارزانی باسی لەوەكردووە، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و باڵیۆزی ئەمریكا‌و یەكێتی ئەوروپاو كونسوڵی وڵاتانی بینیوە‌و هەمویان لەگەڵ ئەوەدانین هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بكات‌و دەڵێن كاتەكەی گونجاو نییە.  بەپێی ئەوەی باس دەكرێت لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی دوای وەرگرتنی بۆچونی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان‌و كونسوڵی وڵاتان بۆچوونی گۆڕاوە‌و پاشەكشێی كردووە‌و بە نوێنەری لایەنەكانی وتووە:" خۆتان ئەزانن لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا ئێوە كاتی ریفراندۆمتان دیاری كردووە نەك من"، واتا بەرپرسیارێتییەكەی خستوەتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆبونەوەكەدا بارزانی خۆی فشاری كردووە لە ریفراندۆمەكە لە كاتێكی زوتر لە 25ی ئەیلول بەڕێوەبچێت‌و تەنانەت وتویەتی تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت، ئەو هەر ریفراندۆم دەكات. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك یەكێك لەوانە بووە كە لە یەكەمین كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا قسەی كردووەو وتویەتی:" بۆ تەید كردنی قسەكانی كاك مەسعود ، منیش لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا دانیشتم، هەمان قسەیان كرد كە كاتەكە گونجاو نییە، بەڵام وتم ئەگەر ریفراندۆمەكە دابخەین بۆ كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەڵین دەدەن هاوكارمان بن، باڵیۆز بەڵێنی نەدا، كاك مەسعود من لەگەڵ بۆچونی تۆدام لەبارەی ئەوەی عەبادی لە مالیكی باشترە". لەبارەی هەڵوێستی یەكێتییەوە سەبارەت بە ریفراندۆم، نەجمەدین كەریم باسی لەوەكردووە لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی كەس دژی ریفراندۆم نییە‌و ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیش دەنگی داوە بە ریفراندۆم. لەم كۆبونەوەیەدا هەندێك رەخنە گیرا لەوەی بەتایبەتی لەلایەنی پارتییەوە تەخوینی ئەو كەسانە دەكرێت كە دەڵێ بەشداری ریفراندۆم ناكەن‌و دەنگ نادەن، بارزانی لەمبارەیەوە وتویەتی:" من لەگەڵ تەخوینكردندا نیم، بەڵام ئەوەی ئەوانەش دەیكەن‌و دەیڵێن لەبارەی ریفراندۆمەوە راست نییە". دوای ئەم كۆبونەوەیە، بارزانی گەشتێكی ئەوروپای كرد تاوەكو لەوێ لەناوەندە سیاسییەكان بانگەشە بۆ ریفراندۆم بكات‌و دۆست بۆ ریفراندۆمەكە كۆبكاتەوە، بەڵام لەوێ پرسیاری لێكرا لەبارەی ئەوەی بۆچی دەرگای پەرلەمانی كوردستانی داخستووە، ئەمە بارزانی نیگەران كردووە‌و بەشێوەیەكی خێرا كۆتایی بە گەشتەكەی هێناو گەڕایەوە بۆ كوردستان.  بارزانی‌و ئەوانەی پاڵپشتی ریفراندۆمیان دەكرد، بابەتەكەیان بەجددی گرتبوو، تەنانەت لیژنەیەكیان دروستكردبوو بۆ نوسینەوەی دەستوری دەوڵەتی كوردستان، ئەمە ئەوكاتەبوو كە هێَشتا ریفراندۆم نەكرابوو، ئاسۆی كاردانەوەی عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی دەرنەكەوتبوو. نامەكەی تیلرسن ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا رۆژی 23ی ئەیلول، واتا دوو رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆم بەڕێوەبچێت، نامەیەكی بۆ مەسعود بارزانی نارد، تێیدا داوای لێكرد، پرۆسەی ریفراندۆم دوابخات‌و بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی قبوڵ بكات. مەبەست لە هاوپەیمانەكان ئەوەبوو، بەریتانیا‌و ئەڵمانیا‌و فەرەنسا‌و نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتیوانی ناوەڕۆكی نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان دەكرد بۆ بارزانی. بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كە لەنامەكەی تیلرسۆندا كە لە زیاتر لە (700) وشە پێكهاتبوو، ئەوەبوو، كورد ریفراندۆم نەكات‌و لەبری ئەوە بۆ ماوەی ساڵێك بچێتە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغداد‌و ئەگەر هەیە وادەی دانوستانەكە دوای ساڵەكە درێژبكرێتەوە.  تیلرسن باسی لەوەكردبوو، ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیا‌و فەرەنسا هەوڵ دەدەن بەدیلی ریفراندۆم كە دیالۆگە لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەكان، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندبكرێت، ئەگەر بەدیلەكەش ئەنجامی نەبوو، ئەوكات ئەوان پاڵپشتی كورد دەكەن ریفراندۆم بكات، لەبەرامبەردا هۆشداری دابوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەرێم بەیلەكە قبوڵ نەكات‌و سوربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئاكامی مەترسیداری دەبێت. نامەكە بەفەرمی دانی بەوەدانابوو كە كورد لە ساڵی 1921ەوە ستەمێكی مێژوویی لێدەكرێت، باسی لەوەكردبوو، بەدیلەكەی ئەمریكا هەلێكی مێژووییە بۆ كورد كە "شایستەی تاقیكردنەوەیە". ئەمریكا لەو نامەیەی تیلرسۆندا، لەبەرامبەر ئەوەی بارزانی ریفراندۆمەكەی دوابخات، ئەمادەیی نیشاندابوو ئەم كارانە بۆ كورد بكات: •    رێككەوتنی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات‌و داهات. •    جێبەجێكردنی ماددەی 140. •    چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی وەك پێشمەرگە، فڕۆكەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی.. هتد. فوئاد حسێن كە ئەوكات سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە كۆبونەوەی رۆژی 23ی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا نامەكەی تیلرسۆنی خوێندەوە‌و وەریگێڕا بۆسەر زمانی كوردی، زۆرینەی ئامادەبوان لەگەڵ ئەوە بوون، ریفراندۆم بكرێت‌و دواتر لەگەڵ بەغداد دانوستان بكرێت. لەوكاتانەدا كە ئەمریكا نامەكەی بۆ بارزانی نارد، ئێرانیش فشارەكانی لەسەر یەكێتی توندكردەوە، وەفدێكی یەكێتی بانگهێشتی تاران كران، لەوێ پەیامی توندیان پێدرا ئەگەر ریفراندۆم بكەن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لێ دەسەندرێتەوە. مەلا بەختیار هەڕەشەكانی ئێرانی لە یەكێتی لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا خستەڕوو، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست لەوانەبوو كە پێشبینییەكەی بەوشێوەیە بوو، سەرباری هەڕەشەكان شیعە یاخود بەدیاریكراوی "حەشدی شەعبی" شەڕی كورد ناكەن". مەلا بەختیار داوای دەكرد بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوون یان نەچوونی ریفراندۆم دوابخرێت بۆ دواین ساتەكان بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی بەدیار بكەوێت، ئەم قسانەشی دوای سەردانی وەفدی یەكێتی هات بۆ تاران. هەر لەو رۆژەدا بوو، بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كرد‌و دوای گەڕانەوەی بە میدیاكانی یەكێتی راگەیاند، ریفراندۆم ناكرێت‌و كورد قایل بووە بە پێشنیازەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سەردانەدا بافڵ تاڵەبانی بەتوندی دەستی بارزانی گوشتیوە‌و داوای لێكردووە لەسەر بەڵێنی خۆی ریفراندۆمەكە نەكات، بارزانی بەڵێنی پێداوە، ئەمە هۆكارەكە بووە كە بافڵ دوای كۆبونەوەكە رایگەیاندووە ریفراندۆم ناكرێت. رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەناو بارودۆخێكی خراپی ئابوری‌و سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و لەژێر فشاری وڵاتانی ناوچەكە (ئێران، توركیا)‌و ناڕەزایەتی ئەمریكا‌و بەریتانیا‌و فەرەنسا‌و ئەڵمانیا‌و یەكێتی ئەوروپا، بارزانی‌و ئەوانەی پاڵپشتییان دەكرد، ریفراندۆمیان كرد، ریفراندۆمەكە لە چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەر بەڕێوەچوو. بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم رێژەی 72%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە ریفراندۆمەكەدا كردووە، دهۆك بەرزترین ئاستی بەشداری‌و پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە كەمترین ئاشتی بەشدارییان تۆماركرد، بەوتەی كۆمسیۆن رێژەی زیاتر لە 92%ی بەشداربوان بە"بەڵێ" دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوكات جوڵانەوەی "نەخێر لەئێستادا" كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكرد، دەیوت ساختەكاری لە ریفراندۆمەكەدا كراوە. بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە بەشدارنەبوون لەناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا، لە رۆژی دەنگدانیاندا چونە پاڵ ریفراندۆمەكە‌و عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بە "بەڵێ" دەنگیاندا بۆ جیابونەوە لە عێراق. رۆژی 1ی ئۆكتۆبەر، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەولێر بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە‌و لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا ناوی ئەنجومەنەكە بگۆڕدرێت بە "ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ئەنجومەنە نوێیەكە بڕیاریدا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەستبكرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەغداد رایگەیاند بەبێ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵدا بكات، لەپاڵ ئەمەدا ئێران‌و توركیا سنورەكانی وشكانی‌و ئاسمانی خۆیان بەڕووی هەرێمدا داخست‌و لەپاڵ ئەمەشدا دەستیان كرد بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان. بەیانی رۆژی 25ی نۆڤێمبەر، دوای كارەساتەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی ناوچە كێشە لەسەرەكان، دادگای فیدراڵی عێراق فەرمانێكی دەركرد‌و كاركردنی بە ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان سڕكرد، هەرێم كە پێشتر لەسەر بانگەوازی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد دەربڕی بوو، فەرمانەكەی دادگای فیدراڵی عێراقی پەسەندكرد‌و بەوەش قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لەپێناو دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ عێراق هەڵگرتنی ئابلۆقە لەسەر دەروازە سنورییەكان فڕۆكەخانەكانی هەرێم.


درەو:  زانا كەریم، گۆڤاری ئاییندەناسی  بەرایی     درۆکردن وەک ڕەفتارێکی مرۆیی و لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، لەناو هەموو جڤاتێکدا وەک ڕەفتارێکی ناشرین و بێزراو وێنا دەکرێت و هەر لە سەرەتای سەرەتاکانیشەوە وەک هەر بابەتێکی تر جێگای تێڕامان و قسەلەسەرکردن بووە. لە کایەی سیاسەتدا (policy)، پەیوەندیی نێوان سیاسەت و درۆ پەیوەندییەکی مشتومڕئامێزە و هەندێک سیاسەت وەک کردەیەکی پڕ درۆ و فڕوفێڵاوی دەبینن و لەم سۆنگەیەشەوە خۆیان دوورەپەرێز دەگرن لە سیاسەت (سیاسەت چ وەک کردە و چالاکی و چ وەک کایەیەکی مەعریفییش)، هەندێکیش وەک چالاکییەکی مرۆیی جوامێرانە و هونەری فەرمانڕەوایی لێی دەڕوانن و پێیان وایە درۆکردن لە کایەی سیاسەتدا وەک هەر کایەیەکی تری مرۆیی لە سنوورێکدا ڕێگەپێدراوە و دەکرێت لە سیاسەتیشدا “درۆی سپی” و “درۆی ستراتیژی” و “درۆی جوامێرانە” بکرێت([i]). بەڵام ئەوەی قسەی لەسەر نەکراوە و وەک بابەتێکی دەست بۆ نەبراو ماوەتەوە، درۆکردنە لە جڤاتی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتاندا، واتە درۆکردنی دەوڵەتان و دەوڵەتمەداران لەگەڵ یەکتریدا. لێرەوە گرنگیی ئەم بابەتە و بایەخی ئەم کتێبەی “مێر شایمەر” دەردەکەوێت، کە هەوڵێکە بە ئاقاری تیۆریزەکردنی درۆ و درۆکردن لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و داڕشتنی چوارچێوەیەکی بیردۆزییە بۆ تێڕامان لەم بابەتە.    “بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن؟ ڕاستییەکان لە بارەی درۆکردن و سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە([ii])“، ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی یەکێک لە کتێبەکانی بیریاری ئەمەریکایی “جۆن ج. مێرشایمەر”ە و هەوڵێکی ئەم بیریارەیە لە پێناو قسەکردن لە بارەی درۆکردنەوە لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. چاپی یەکەمی کتێبەکە ساڵی 2011 لەلایەن چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە. لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر غانم ئەلنەجاڕ؛ مامۆستای زانستە ڕامیارییەکان لە زانکۆی کوەیتیشەوە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و ساڵی 2016 لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ ڕۆشنبیری و هونەر و ئەدەبیاتی وڵاتی کوەیتەوە و لە دووتوێی 183 لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە([iii]).    نووسەری کتێبەکە، پڕۆفیسۆر جۆن ج. مێرشایمەر، ساڵی 1947 لە نیویۆرک لەدایک بووە، چل ساڵە مامۆستای زانستە ڕامیارییەکانە لە زانکۆی شیکاگۆ و بیریارێکی چالاک و کلیلی کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە. خاوەنی چەندین وتار و لێکۆڵینەوە و کتێبی گرنگە، لەوانە: مەرگەساتی سیاسەتی زلهێزەکان، لۆبی ئیسرائیلی و سیاسەتی دەرەکیی وڵاتە یەکگرتووەکان؛ بە هاوبەشی لەگەڵ ستیڤن واڵت. مێرشایمەر سەر بە قوتابخانەی ڕیاڵگەرایی (Realism)ە و لەنێو ئەم قوتابخانەیەشدا لەسەر تەوژمی ڕیاڵگەرای هێرشبەر (Offensive Realism) دێتە ئەژمار. درۆکردن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا    پێشتر ئاماژەمان بەوە دا کە درۆکردن لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بابەتێکی دەستلێنەدراوە و ئەم هەوڵەی “مێرشایمەر” بە سەرەتایەک دادەنرێت لەو بوارەدا. نووسەر لە کتێبێکی تەنکەڵەدا و بە شێوازێکی ڕوون و ڕەوان هەوڵی داڕشتنی چوارچێوەیەکی شیکاری دەدات، لە پێناو تیۆریزەکردنی بابەتی درۆ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و چەند بیروبۆچوونێکی بیردۆزی لە بارەی لایەنە بنەڕەتییەکانی بابەتەکەوە سەرڕێ دەخات. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو کەسێکی ئەکادیمییە و لە ناوەندێکی ئەکادیمیدا کار دەکات، کەچی شێوازی نووسینی بە جۆرێک ڕەوانە، هەموو خوێنەرێکی کایەکە و دەرەوەی کایەکەش وەکوو یەک لێی تێدەگەن و کارلێکی لەگەڵدا دەکەن.    دەستپێکی ئەم هەوڵەی مێرشایمەر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی 2003، جەنگی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرانبەر عێراق و درۆکانی ئەمەریکا لە پێناو ڕەوایەتیدان بەو جەنگەدا دەکاتە دەروازەی باسەکەی. نووسەر پێی وایە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەنجەتەکانی داگیرکردنی عێراقی لەسەر بناغەی درۆ بونیاد نابوو.    بابەتی کتێبەکە و ناوەرۆکەکەشی سەرنجڕاکێشە و ڕەنگە هۆکاری ئەم سەرنجڕاکێشییەش ئەو تێڕوانین و تەرزەبۆچوونانە بن کە نووسەر لە بارەی درۆکردنەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەیخاتە ڕوو: مێرشایمەر بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کە وا سەرکردەکان هەندێک جار هەنجەتی ستراتیژییان هەیە بۆ ئەوەی درۆ بکەن، هەم لەگەڵ دەوڵەتانی تر و هەم لەگەڵ گەلەکەی خۆشیاندا، واتە درۆی نێودەوڵەتی هەمیشە کارێکی هەڵە نییە، بەڵکوو زۆر جار دەرەنجامی بەرچاوڕوونیی سەرکردەکانە و هەندێک جاریش درۆکردن پێویستە، نەک هەر ئەمە، بەڵکوو لە هەندێک بارودۆخدا درۆکردن کارێکی فەزیلەتمەندانەیە (virtuous)([iv]).    یەکێکی تر لە ئەنجامگیرییە ورووژێنەرەکانی مێرشایمەر ئەوەیە کە پێی وایە دەوڵەتمەداران و دیپلۆماتکاران کەمترین درۆ لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، هەر چەندە سەرەتا وا دەردەکەوێت کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا درۆکردن ڕەفتارێکی ئاسایی دەوڵەتانە لەگەڵ یەکتریدا، کەچی کاتێک لە بابەتەکە دەکۆڵیتەوە، بۆت ڕوون دەبێتەوە کە بەو شێوەیە نییە و ڕێژەی درۆکردنی دەوڵەتان لەگەڵ یەکتریدا زۆر کەمە([v]). پرسیارە سەرەکییەکان    گیروگاز (إشكالية)ی سەرەکیی کتێبەکەی مێرشایمەر درۆی نێودەوڵەتییە، واتە درۆ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و سێرەی شرۆڤەکانیشی چوار پرسیاری سەرەکی دەگرێتەوە: جۆری ئەو درۆ نێودەوڵەتییانە چین کە سەرکردەکان دەیانکەن؟ بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن؟ ئەو هەنجەتە لۆژیکی و ستراتیژییانە چین کە لەپشت هەر جۆرێک لە جۆرەکانی درۆکردنەوە وەستاون؟ بەدیاریکراوی، ئەو سوودە چاوەڕوانکراوانەی درۆکردن چین، کە پاڵ بە سەرکردەکانەوە دەنێن بۆ وەها ڕەفتارێکی ناشرین؟ ئەو بارودۆخانە چین کە وا دەکەن جۆرێکی درۆ ئەگەری کردنی زیاتر یان کەمتر بێت؟ تێچووە شاراوەکانی درۆکردن چین و تا چەند کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی دەوڵەت دادەنێن؟ بە دەربڕینێکی تر: لایەنە نەرێنییەکانی درۆی نێودەوڵەتی چین؟ وەڵامە گریمانەییەکان    لەنێو ئەو گریمانانەدا کە مێرشایمەر لە کتێبەکەیدا و لە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکاندا دەیخاتە ڕوو، پێنج گریمانەیان گریمانەی سەرەکین و لە خوارەوە بەپوختی دەیانخەینە ڕوو: درۆی نێودەوڵەتی جۆری زۆرە، بەڵام گرنگترینیان درۆی نێوان دەوڵەتان و ئەو درۆیانەیە کە سەرکردەکان لەگەڵ گەلانی خۆیاندا دەیانکەن. بەزۆری سەرکردەکان کاتێک درۆی نێودەوڵەتی دەکەن، لەبەر ئەوە نییە کە وا لاواز یان گەندەڵن، بەڵکوو هۆکاری ستراتیژی و لۆژیکی لەپشت درۆکردنەکەیانەوە هەیە. مەیلی سەرکردەکان بۆ درۆکردن لەگەڵ گەلانی خۆیاندا زیاترە وەک لەوەی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا دەیکەن. واتە ئەوەندەی درۆ لەگەڵ گەلی خۆیاندا دەکەن، ئەوەندە لەگەڵ دەوڵەتانی تردا نایکەن، ئەمەش بەتایبەتی لە دەوڵەتە دیموکراسییەکانی وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا دەردەکەوێت. مەترسیدارترین جۆری درۆی نێودەوڵەتی ئەو جۆرە درۆیانەن کە سەرکردەکان لەگەڵ گەلی خۆیاندا دەیانکەن. لەبەر ئەوەی ئەمەریکا دەوڵەتێکی خاوەن هێزێکی بێشومارە و تەڤڵیهەڤی سەراپای جیهان بووە، بەزۆری سەرکردەکانی ڕووبەڕووی هەڵوێستی سەخت دەبنەوە و درۆکردن لەگەڵ دەوڵەتانی تر و لەگەڵ گەلی خۆیشیاندا پاڵنەری بەهێزی دەبێت. پەیکەری کتێبەکە    کتێبەکە لە نۆ بەش پێک هاتووە: بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ ناساندن و پێناسەکردنی چەمکی درۆکردن، لەبەشی دووەمدا جۆرەکانی درۆی نێودەوڵەتی خراونەتە ڕوو، هەروەها جیاوازی کراوە لەنێوان درۆی ستراتیژی و درۆی کەسیدا و سێرە لەسەر درۆی ستراتیژی گیراوەتەوە و پێنج جۆر درۆی ستراتیژی لە یەکتر جیا کراونەتەوە. هەریەکە لە بەشی سێیەم و چوارەم و پێنجەم شەشەم و حەوتەم تەرخان کراوە بۆ باسکردنی جۆرێکی درۆی ستراتیژی و لە هەر بەشێکدا جگە لە باسکردن و ناساندنی جۆری درۆکە، وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکییش دەداتەوە: “بۆچی و لە چ کاتێکدا هەر جۆرێک لەم جۆرانەی درۆ دەکرێن؟”. بەشی هەشتەم تەرخان کراوە بۆ لایەنی نەرێنی و ئەو زیانانەی کە لە هەر جۆرێکی درۆوە پەیدا دەبن. لە بەشی نۆیەم و کۆتاییدا کورتەتاوتوێیەکی واتای ئەم مشتومڕانە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا و سەبارەت بە خودی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی کراوە. درۆکردن چییە؟    هەنگاوی سەرەتا و گرنگی هەر باس و توێژینەوەیەک، پێناسەکردنی چەمکە سەرەکییەکانی باس یاخود توێژینەوەکەیە و بەبێ ئەم پێناسەکردنە؛ خوێنەر تووشی پەرتەوازەیی هزری و ڕێلێتێکچوون دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، مێرشایمەر بەشی یەکەمی کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆ پێناسەکردنی چەمکی سەرەکیی کتێبەکەی کە چەمکی درۆکردنە و پاشان جیاکردنەوەی چەمکەکە لەو چەمکانەی کە لە واتادا لێوەی نزیکن.    لە سەرەتاوە مێرشایمەر جیاوازی دەکات لەنێوان درۆکردن([vi]) و پێکهێنان([vii]) و پەردەپۆشکردن([viii])دا و هەرسێکیشیان لەژێر ناوی فریوداندا([ix]) کۆ دەکاتەوە، واتە فریودان لە سێ بەش پێک دێت، ئەوانیش: درۆکردن و پێکهێنان و پەردەپۆشکردنە، هەروەها فریودان پێچەوانەی ڕاستگۆیی و ڕاستبێژییە([x]). نووسەر هەریەکێک لەو چەمکانە پێناسە دەکات و جیاوازیی نێوانیشیان دەخاتە ڕوو. کاتێک دێتە سەر باسی چەمکی کلیلی کتێبەکەی کە درۆکردنە، مێرشایمەر بەم جۆرە پێناسەی درۆکردنمان بۆ دەکات: “درۆکردن بریتییە لەوەی کاتێک کەسێک قسەیەک دەکات، دەزانێت قسەکەی ڕاست نییە یان گومانی لە ڕاستیی قسەکەی هەیە، بەڵام ئومێدی وایە کەسانی تر بە ڕاستی بزانن. درۆ کردارێکی ئەرێنییە، بە ئامانجی خەڵەتاندن یان فریودانی گوێگرانێکی دیاریکراو داڕێژراوە. درۆکردن دەکرێت بریتی بێت لە دروستکردنی چەند ڕاستییەک کە کەسەکە دەزانێت هەڵەیە (درۆیە)، یان ئینکارکردنی چەند ڕاستییەک کە کەسەکە دەزانێت ڕاستە. جگە لەمە، درۆکردن تەنها پەیوەست نییە بە ڕاستێتیی([xi]) چەند ڕاستییەکەی دیاریکراوەوە، بەڵکوو درۆکردن دەکرێت بریتی بێت لە ڕێکخستنێکی ناڕاستانەی چەند ڕاستییەک بە مەبەستی وتنی بەسەرهاتێک یان چیرۆکێکی خەیاڵی. بەدیاریکراوی، کەسێک درۆ دەکات کاتێک چەند ڕاستییەک بەکار دەهێنێت -تەنانەت ڕاستییە دروستەکانیش-، تاکوو ئەوە بگەیەنێت کە وا شتێک ڕاستە، لە کاتێکدا دەزانێت کە وا ئەو شتە ڕاست نییە. لەم جۆرە حاڵەتانەدا درۆکار بەمەبەست گوێگر بەرەو ئەنجامگیرییەکی هەڵە دەبات، بەبێ ئەوەی بەڕاشکاوی ئاماژە بەو ئەنجامگیرییە هەڵەیە بکات([xii])“. جۆرەکانی درۆی نێودەوڵەتی    لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا سەرکردەکان دەتوانن حەوت جۆر درۆ بکەن، واتە حەوت جۆر درۆی نێودەوڵەتی هەیە و هەر جۆرێکیشان ئامانجێکی دیاریکراوی لە پشتەوەیە. بە گوێرەی مێرشایمەر، پێنج جۆری یەکەمیان درۆی ستراتیژین و ئامانج لە کردنیان بەدیهێنانی بەرژەوەندیی نەتەوەییە، هەر چی دوو جۆرەکەی کۆتاییشە (شەشەم و حەوتەم)؛ درۆی خۆپەرستانەن و ئامانج لە کردنیان بەدیهێنانی بەرژەوەندیی کەسێکی دیاریکراو یان کۆمەڵە کەسێکە. بۆیە ئەم دوو جۆرە درۆیە هیچ بەهایەکی ستراتیژییان نییە و نووسەر لە بارەیانەوە نادوێت، بەڵام پێنج جۆری یەکەمیان بەدرێژی باس دەکات و بۆ هەر جۆرێکیشیان بەشێکی کتێبەکەی بۆ تەرخان دەکات. ئێمەش لە خوارەوە هەر حەوت جۆرەکە بەکورتی دەناسێنین و دەیانخەینە ڕوو: درۆی نێوان دەوڵەتان (Lying between states)    درۆی نێوان دەوڵەتان یاخود درۆکردنی دەوڵەتێک لەگەڵ دەوڵەتێکی تردا، ئەو درۆیەیە کە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی دەوڵەتانی تر دەکرێت، بە ئامانجی بەدیهێنانی زاڵبوونی ستراتیژی بۆ دەوڵەتی درۆکەر یان ڕێگریکردن لە باشبوونی بارودۆخی دەوڵەتی بەرانبەر لەسەر حسابی دەوڵەتی درۆکەر. ئەم جۆرە درۆیە عادەتەن ئاڕاستەی دەوڵەتانی نەیار دەکرێت، بەڵام هەندێک جار دەوڵەتان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشیاندا دەیانکەن. ورووژاندنی ترس (fear mongering)    ئەم جۆرە درۆیە سەرکردەکان لەگەڵ گەلانی خۆیاندا دەیکەن، تایبەت بە پرسێکی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەکی و لە بارەی هەڕەشەیەکی دەرەکییەوە کە ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە. ئەم جۆرە درۆیە لە ڕەوشێکدا دەکرێت کە وا سەرکردەکان باوەڕیان وایە گەلەکانیان وەکوو پێویست بایەخ بەو هەڕەشەیە نادەن و لە ڕێگەی ئەم جۆرە درۆیەوە پاڵ بە گەلەکانیانەوە دەنێن، تاکوو شێلگیرانە هەڕەشەکە وەربگرن و ڕووبەڕووی ببنەوە. پەردەپۆشکردنی ستراتیژی (strategic cover-ups)    بریتییە لەو جۆرە درۆیەی کە بە ئامانجی شاردنەوەی سیاسەتێکی شکستخواردوو یان پەردەپۆشکردنی سیاسەتێکی جێگەی مشتومڕ لە گەل، یان هەندێک جار لە دەوڵەتانی تریش دەکرێت. دروستکردنی ئەفسانەی نەتەوەیی (nationalist myths)    ئەو جۆرە درۆیەیە کە سەرکردەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ گەلانی خۆیاندا دەیکەن لە بارەی ڕابردووی دەوڵەتەکەیانەوە. تیایدا جۆرە چیرۆکێک دەهۆننەوە کە وا “ئێمە” هەمیشە لەسەر حەقین و “ئەوان”یش هەمیشە لەسەر ناحەقن. دەستەبژێر بەم کارە هەڵدەستێت لە ڕێگای نکۆڵیکردن لەو کارانەی کە دەوڵەتەکەیان یان کۆمەڵە نەژادییەکەیان لە ڕاستیدا ئەنجامیان داوە، یان لە ڕێگەی بانگەشەی ئەنجامدانی کردەوەگەلێکەوە کە دەوڵەت یان نەژادەکەیان لە ڕاستیدا ئەنجامیان نەداوە. درۆی لیبراڵییانە (Liberal lies)    درۆی لیبراڵییانە ئەو جۆرە درۆیەیە کە بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی ڕەفتارێک دەکرێت، ڕەفتارێک کە دژبەرە لەگەڵ کۆپێکهاتی (منظومة) ئەو پرەنسیپانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرتاسەری جیهاندا ناسراون و دانیان پێدا نراوە و بڕبڕەی پشتی یاسای نێودەوڵەتین. ئیمپریالیزمی کۆمەڵایەتی (social imperialism)    ئەو جۆرە درۆیەیە کە سەرکردەکان لە بارەی دەوڵەتانی ترەوە دەیکەن، بە ئامانجی پەرەپێدانی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان، یان بۆ بەرژەوەندیی چینێکی کۆمەڵایەتی، یان دەستە و تاقمێکی دیاریکراو، ئەمەش لە پێناو لابردنی سەرنجی گەل لەسەر گرفت یان پرسگەلێکی جێگەی مشتومڕ لە ناوخۆدا بۆ بەرژەوەندیی توێژێکی بچووکی کۆمەڵگا نەک بەرژەوەندیی گشتی. پەردەپۆشکردنی ناجوامێرانە (ignoble cover-ups)([xiii])    ئەو جۆرە درۆیەیە کە سەرکردەکان لە بارەی سەرنەکەوتن و سیاسەتە شکستخواردووەکانیانەوە دەیکەن، لە پێناو بەرژەوەندیی کەسیی خۆیاندا و ئامانجی سەرەکیشییان لەم بارەدا پاراستنی خۆیان و هاوڕێیانیانە لە سزایەک کە شایانیانە (well deserved)([xiv]). لێکەوتەکانی درۆی نێودەوڵەتی    بە ڕای مێرشایمەر، هەر جۆرە درۆیەکی نێودەوڵەتی؛ لێکەوتە و پاشهاتی خۆی هەیە و هەندێک جار زیان بە سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتەکە دەگەیەنێت، هەروەها هەر جۆرە درۆیەکیش لەم درۆیانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرەی ناوخۆیی دادەنێت. مێرشایمەر بەشی هەشتەمی کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆ لێکەوتە و لایەنە نەرێنییەکانی درۆی نێودەوڵەتی لەسەر دەوڵەتی درۆکەر. بەشی نۆیەم و کۆتاییش تەرخان دەکات بۆ قسەکردن بەکورتی لەسەر واتای ئەم مشتومڕانە، بۆ سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی.   ([i]) بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە پەیوەندیی نێوان سیاسەت و درۆکردن هەروەها مافی درۆکردن لە سیاسەتدا، سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە: د. محمد المصباحي، هل يمكن الكلام عن الحق في الكذب في المجال السياسي، مجلة عالم الفكر، العدد 1/المجلد 38 (الكويت: 2009)، ص ص 209-234. ([ii]) John J. Mearsheimer, Why Leaders Lie? The Truth about Lying and International Politics (New York: Oxford University Press, 2011). ([iii]) بۆ ئەم ڕانانە، سوودمان لە دەقی ئینگلیزیی کتێبەکەش وەرگرتووە و لەگەڵ دەقە عەرەبییەکەدا بەراوردمان کردووە، بەتایبەتی لەو شوێنانەدا کە کۆت (إقتباس)مان لە کتێبەکە وەرگرتووە، هەر چەندە دەقە عەرەبییەکە لە چاپی ساڵی (2013)ەوە وەرگێڕدراوە.          ([iv]) جون جي. ميرشيمر، لماذا يكذب القادة؟ ت: أ. د. غانم النجار (الكويت: المجلس الوطني للثقافة والفنون الآداب، 2016)، ص16. ([v]) المصدر نفسه، ص ص16-17. ([vi]) الكذب: Lying ([vii]) لە دەقە ئینگلیزییەکەدا وشەی “spinning” بەکار هێنراوە و وەرگێڕی عەرەبیی کتێبەکەش وشەی “spinning”ی بە “التلفيق” وەرگێڕاوە. مامۆستا گیوی موکریانی لەبەرانبەر وشەی “التلفيق”ی عەرەبیدا، وشەی “پێکهێنان”ی بەکار هێناوە و ئێمەش لەومان وەرگرتووە و بەکارمان هێناوە. مەبەستی مێرشایمەر لە پێکهێنان (التلفيق – spinning)، گێڕانەوە و باسکردنی ڕووداوێکە کە وا کەسی قسەکەر سێرە لەسەر چەند لایەنێکی ڕووداوەکە دەگرێت و بە شێوەیەک پێکیانەوە دەبەستێت کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، لە هەمان کاتدا ئەو لایەنانەی ڕووداوەکە پشتگوێ دەخات کە خزمەت بە خۆی ناکات. کاتێک کەسێک ڕووداوێک “پێک دەهێنێت”، هەموو لایەنەکانی ڕووداوەکە ناخاتە ڕوو، بەڵکوو دەیشێوێنێت و تەنها چەند لایەنێکی باس دەکات. بە واتایەکی تر: ڕووداو و بەسەرهاتەکە درۆ نییە، بەڵکوو شێوێنراوە. واتە “پێکهێنان” جۆرێکە لە موبالەغە و شێواندن. هەروەها پێمان وایە دەکرێت لەبەرانبەر وشەی “التلفيق”دا، وشەی “چاوبەستی”ش بەکار بهێنرێت. مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ بەم شێوەیەی خوارەوە واتای وشەی چاوبەستیی لێک دەداتەوە: (چاوبەستی: هەڵفریوان و هەڵخەڵەتاندنی مەردووم). بڕوانە: گیوی موکریانی، فەرهەنگی نۆبەرە (هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2017)، لا146. شێخ محەمەدی خاڵ، فەرهەنگی خاڵ (هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2017)، لا166. ([viii]) التكتم؛ الإخفاء:    concealment ([ix])  الخديعة: deception ([x]) الصدق: telling truth ([xi]) صدق: Truthfulness ([xii]) جون جي. ميرشيمر، مصدر سبق ذكره، ص48.    ([xiii]) التغطيات الشنيعة: ignoble cover-ups ([xiv])  مستحق: well deserved


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ئێمە لە سەردەمی ”لەدایکبوونی تاکەکەس“دا دەژین، کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی دراوسێمان ساتەوەختە سەخت و پڕ قەیران و گرفتە گەورەکانی لەدایکبوونی تاکەکەس، وەک دروستکراوێکی مێژوویی تازە، دەژین. تاکەکەس وەک بوونەوەرێک نوێی ناو مێژوو، بوونەوەرێک ئەگەری ئەوەی تێدایە بگۆڕێت بۆ بکەرێکی کۆمەڵایەتیی نوێ و دونیا بە شێویەکی تر دروستبکاتەوە. ھەموو کردەیەکی دروستکردنەوەی دونیاش کردەیەکی ئاڵۆز و توندوتیژە. تاکەکەس وەک بکەر لانیکەم ھەڵگریی دوو داخوازیی سەرەکییە: سەربەخۆبوون و ئازادیی. سەربەخۆبوون و ئازادییش وەک دیاریەکی کاتی و تێپەڕ نا، بەڵکو وەک ژێرخانی ئەخلاقیی و مادیی و ڕەمزیی ئامادەگی ئەو، وەک مافێک کە ژیانی خۆی و ژیانی کۆمەڵگاکەی لەسەر بونیادبنرێت. ئەوەی ئەمڕۆکە ئێمە دەیبینین، لە سەردەمی ”بزوتنەوەی سەوز“ و ”بەھاری عەرەبیی“ و ”ناڕەزاییەکانی غازی پارک“، تا بە توڕەبوونەکانی ئەم ساتەی ناو ئێران و کوردستان دەگات، ئامادەگیی تاکەکەسێکی نائایدیۆلۆژییە، کە داخوازییە سەرەکییەکانی بریتین لە خواستی سەربەخۆبوون و ئازادبوون. سەربەخۆبوون لە دەوڵەت و لە دەسەڵاتی دینیی و نادینیی پیاوانی دین و حوکمڕانان و پاتریارکیەت، ئازادبوونیش لە کۆی ئەو پێشمەرجە ئەخلاقییە دینیی و فەرھەنگیانە کە سنووری گەورە و ھەمەلایەن بۆ ئازادیی و جوڵە و شێوەژیان و دەرکەوتنیان لەناو کۆمەڵگادا دادەنێت. ئەم لەدایکبوونە نوێیەی تاکەکەس، ئەگەری ئەوەی لەخۆیدا ھەڵگرتوە ببێت بە بکەرێکی مێژووی نوێی ناو پێکھاتی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە، بە کۆمەڵگای ئێمەشەوە.   ئاستی خوێندن و فێربوون، گەورەبوونی تواناکانی پەیوەندیکردن و بینین، ناسین و شارەزابوون بە ژیانی مرۆڤ و میلەتانی تر، فێربوونی زمانی تر، لاوازبوونی سنوورە تەقلیدییەکان، کەمبوونەوە و بێلایەنبوونی نرخی شوێن، کورتبوونەوەی مەسافەکان، ژێرخانی ئەم لەدایکبوونە تازەیەی تاکەکەسن لە کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگا دراوسێکانماندا. نەوەیەک بەڕێوەیە ناتوانێت لەناو ئەو جیھانە داخراوەدا بژیی کە باوکە دینیی و ئەخلاقیی و ڕەمزییەکان دروستیانکردوە و دەسەڵاتی خۆیشیان لەسەر ھێشتنەوە و بەردەوامیدان بەو جیھانە داڕشتوە. بەم مانایە ئەو ناکۆکییانەی لە ئێستادا لە فۆرمی ناڕەزاییدەربڕین و چوونە سەرشەقام و سوتاندنی سەرپۆش و داکەناندنی حیجابدا دەردەکەون، ناکۆکیی بونیادین و چارەسەرکردنیان پێویستیان بەدەستکاریکردن کۆی ئەو ڕەگەزە جیاوازانە ھەیە کە ئەو دونیایەیان پێ دروستکراوە.  ھاتنە دەرەوە لە ”حەریم“ی پیاوە سونەتەییەکان، چوونە دەرەوەی ئەودیوی سنوورەکانی خێزان و خێڵ و بنەماڵەی تەقلیدیی، دروستبوونی پەیوەندیی نوێ لە پاڵ و لە دەرەوەی پەیوەندیی خوێن و پەیوەندیی خزمایەتیی سونەتیدا، بیرکردنەوەی بەشێکی گرنگی نەوە نوێکان لە خۆیان وەک تاکەکەسی سەربەخۆ، وەک کەسانێک شایستەی ماف و شایستەی ژیانێک خۆیان ھەڵیبژێرن و ڕێکیبخەن، خواستی ئازادبوون و سەربەخۆبوون، خواستی دورکەوتنەوە لە میرزا و خواجاکانی ئەخلاق، ھەموویان پێدراوی سۆسیۆلۆژیی تازەی ناو ئەو واقیعە تازەن کە دروستبووە، چ لە کۆمەڵگای ئێمەدا یان لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەرماندا. ئەم دۆخە وادەکات سەرجەمی ئەو یەکە کۆمەڵایەتییانەی لەم لەدایکبوونەی تاکەکەس دەترسن، ئەو پنتانەی دەسەڵات کە نایانەوێت بکەری نوێ دروستببێت، لە ھەوڵی دروستکردنی چەندەھا ڕێگردابن بۆ پەکخستن و سنووردارکردن و لەباربردنی ئەم لەدایکبوونە تازەیە. لە خێزانی تەقلیدییەوە بیگرە بۆ پەیوەندییەکانی خزمخواھی تەقلیدیی و لەوانیشەوە بۆ بونیاد و عەقڵیەتی خێڵ و بنەماڵە، بە تێەڕین بەناو تێگەیشتنە تەقلیدییەکان لە دین و دینداریی و لە دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتیی و لە کۆی ئەو گوتارانەش کە بەناوی ڕەسەنایەتیی و خۆماڵیبوون و شوناسەوە دژ بە ھاتنەکایەی دونیایەکی نوێ، کاردەکەن. ئەو ھاوار و قیڕەقیڕە زۆرەی ڕۆژانە گوێمان لێدەبێت دەربارەی ”مەترسی ھەڵوەشاندنەوەی خێزان“، ”لەدەستدانی ڕەسەنایەتیی“، ”ھێرش بۆسەر دین و دینداریی“، یاخود ھەزاران جار دووبارەکردنەوەی ئەو ئینشا سادەیەی کە دەڵێت "قەیرانی ئەخلاقی ڕوبەڕوی كۆمەڵگاكەمان بۆتەوە“،  ”هەوڵدانی دەرەکیی گەورە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دین لەئارادایە“،  ”شوناسی مسوڵمانیەتیی و موسڵمانبوونمان لەمەترسیدایە“، ھەموویان دەربڕی ئەو ترسە تەقلیدیی و سونەتیەن کە ھێزە سونەتییە باڵادەستەکان ھەڵیانگرتوە. ترسێک کە تەنھا یەک ناوی ڕاستەقینەی ھەیە: ترسی لەدایکبوونی ئەم بوونەوەرە تازەیە، لەدایکبوونی تاکەکەس. تاکەکەسێک کە فۆرمێکی تری ژیان و فۆرمێکی تری کۆمەڵگا و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی دەوێت.  لە دیدی مندا لەدایکبوونی تاکەکەس ئەو ڕووداوە گەورەیەیە کە لەم ساتەدا لەناو نەخشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی و ڕەمزیی کۆمەڵگای ئێمە و دراوسێکانماندا ڕووئەدات. لەدایکبوونێکی پڕ لە قەیران و ترس و ئەگەری گەورەی پێکدادان، لەدایکبوونێکی زەحمەت بەڵام مێژوویی. ترسیش لەم لەدایکبوونە، بە تایبەتی ترسی ھێز و گروپە دینیی و سیاسییە داخراوەکان، ژێرخانی ئەو ڕووداوانەیە لە ئێستادا بە بەرچاوی ھەمووانەوە، ڕووئەدات.  بێگومان لەدایکبوون و ھاتنەکایەی تاکەکەس پێویستی بە ژیانێکی نوێ و کۆمەڵگایەکی نوێ و سیستمێکی ڕەمزیی نوێ ھەیە بۆئەوەی بتوانێت وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و ئازاد  بژیی و گەشە بکات. ”ژیانێکی مەدەنیی“ کە سنوور بۆ ئاواتەکان و خەونەکانی دانەنێت، ”دینێکی مەدەنیی“ وەک بوونەوەرێکی گوناھبار و بچووک سەیری نەکات، ”دەسەڵاتێکی مەدەنیی“ وەک ڕەعیەت نەیبینێت و مافەکانی لێ زەوتنەکات، ”ئەخلاقێکی مەدەنیی“ ئازادیی تاکەکەسبوون سێنتەرەکەی بێت نەک موقەدەساتی ھەمەجۆر، ”پەیوەندییەکی مەدەنیی“انەش کە بەھیچ جۆرێک لە تاکەکەسبوون و ئینسانبوونی، نەخات. بە کورتییەکەی دیدگایەکی مەدەنیی، کە تاکەکەس وەک کەسێکی خاوەن ماف و خاوەن ئازادیی و خاوەن کەرامەت و خاوەن سەربەخۆیی ببینێت و مامەڵەبکات. فشاری کولتور و کەلەپور و ئایدیۆلۆژیا و دین، نەیخنکێنێت. توندڕەوەیی مەزهەبیی و سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی سنووری کوشندە و وێرانکەری بۆ دانەنێت.  وەک ووتم لەدایکبوونی ئەم تاکەکەسە لە دۆخێکی مێژوویی تەواو قەیراناویی و زەحمەتدایە. لە ئێستادا  لە سێ ئاستی سەرەکیدا ڕووبەڕووی کۆسپ و ڕێگری گەورە و ھەمەلایەن دەبێتەوە. یەکەم: لە ئاستی سیاسەت و حوکمڕانیدا ڕووی بەو ھێزە سیاسیی و حوکمڕانە گەندەڵ و دز و جەردە و درۆزن و نابەپرسیارانەدا دەتەقێتەوە کە وڵاتەکەیان بە مرۆڤەکانییەوە لەسەر خۆیان و نەوە و بنەماڵەکانیان تۆمارکردوە، خۆیان بە سەروەر و ئەوانیتر بە ڕەعیەتێکی بێاف دەبینن و مامەڵەدەکەن. نەوەیەک لە حوکمڕانی خوێناویی و توندڕەو کە ھێزی ڕووت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگاکانیاندا بەڕێوەدەبات.   دووھەم: لە ئاستی ئابوریدا ڕوویانە بەو فۆرمە لە ئابورییدا دەتەقێتەوە کە ئابورییەکی بەرخۆریی قۆرخکراوە، بە ھەموو گوناھەکانی ئابوریی بەرخۆرییەوە. ئابوریی دروستکردنی مۆدێل و ئیغرائاتی مەسرەفگەرایی، ئابوریی ئیشنەکردن و دەوڵەمەندبوونی لەپڕ، ئابوریی دروستکردنی فۆرمی نوێی ھەژاریی و پەراوێزکەوتنی، کۆمەڵایەتیی. ئابوری دروستکردنی شار و گەڕەکی فیرعەونی و لەپاڵ شاری تەنەکەیی و ھەڕەمەکی گەورەدا، کە ھەموو بارانێک بتوانێت ببێت بە لافاو و بەشێکی گەورەی ببات. ئەم ئابورییە بەرخۆرییە، ئابوریی توندوتیژیی مۆدێل و توندوتیژیی چێژ و توندوتیژیی نایەکسانییەکی کۆمەڵایەتیی گەورەیە. لە ئاستی پەیوەندیی ئەم ئابورییە بە لەشەوە، لەسەر خواستی دروستکردنی لەشێکی ھەمیشە گەنج، ھەمیشە چێژبەخش، ھەمیشە سەرنجڕاکێش کاردەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەگەری دابینکردنی ئەم خواستانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر کۆمەڵگاکەدا دابەشبکات. ئەم مۆدێلەش لە لەش، ھەوڵئەدات ئیغرائات و خواست و پێداوستییە زۆر و گەورەکانی خۆی، بەسەر کۆی لەشەکانی تری ناو کۆمەڵگادا، بسەپێنێت. لە جۆری جلوبەر و مارکەی تایبەتی گرانبەھاوە بیگرە، بۆ نەشتەرگەریی ڕوخسار و لوت و لێو و قژ و بەشەکانی تری لەش. مەرجەعیەتی ئەم لەشە ”مەرجەعیەتێکی کاڵایی“ و ”بەرخۆر“انەیە، کە لەبەردەستی ژمارەیەکی گەورەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایەدا نییە. لە بەرامبەر ئەم مۆدێلەدا کۆسپی سێھەم دێتەکایەوە کە وەک ڕێگرێکی گەورە لەبەردەم گەشەکردنی تاکەکەسدا ئامادەیە، کە کۆسپی ھاتنەکایە و ئاوسانی تێگەیشتنێکی داخراو و سەلەفییانە و سیاسییانە بۆ دین و دینداریی. شێوە باڵادەستەکانی دینداریی لەو کۆمەڵگایانەدا کۆسپی گەورەن لەبەردەم ئازادیی و سەربەخۆیی و ماف و پێکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتیی ھێمندا. لەم دۆخەدا نوخبەیەکی دینیی سیاسیی ئامادەیە کە دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەکی بەردەوام گەشەپێئەدات و قەڵەودەکات. ئەم مۆدێەل دینیی سیاسییە لە خەمی سەپاندنی مۆدێلی ”لەشی داپۆشراو“ و ”نەبینراو“دایە، وەک میکانیزمێک بۆ دروستکردنی مرۆڤی کۆپیکراو، مرۆڤێک کە نەتوانێت تاکەکەس بێت.  مەرجعەیەتێکی تایبەتیش بۆ بەگشتیکردنی ئەم لەشە داپۆشراو و نەبیراوە، بۆ فۆرمێکی دینیی مرۆڤی کۆپیکراو، دروستدەکات کە  ”مەرجەعیەتێکی دینیی“ە، وردتر بدوێم ”مەرجەعیەتێکی دینیی سیاسییە“. ھەرسێ کۆسپەکە کۆسپی گەورەی بەردەمی تاکەکەسی ئازاد و سەربەخۆن. وانەیەک لە فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فوکۆوە فێریبووبین ئەوەیە کە دەسەڵات تەنھا لەناو کایەی سیاسیی و دەزگاکانی دەوڵەت و نوخبەکانی حوکمڕانیدا ئامادە نییە، بەڵکو لە چەندان بواری جیاوازی تریشدا ئامادەیە، لەوانەش لە بواری دروستبوونی بکەری نوێ لە مێژوودا، لە بواری لەدایکبوون و ھاتنەکایەی شێوازی ڕوانین و دیدگا و گوتاری تازەدا، لە بواری چۆنیەتی دەرکەوتن و ئامادەگی لەش لەناو ژیانی گشتیدا. بە کورتییەکەی ئەوەی ڕووئەدات و بەڕێوەیە ڕووبدات پێکدادانی ئەم بوونەوەرە تازەی ناو مێژووی ئێمەیە لەگەڵ ئەو سێ کۆسپەدا کە باسمکرد. پێکدادانە لەگەڵ ئەو مۆدێلە سیاسیی و حوکمڕانییەدا کە سەروەرکراوە. لەگەڵ ئەو سیستمە ئابورییە قۆرخ و کۆنترۆڵکراوەی بەرخۆریدا کە دروستکراوە، لەگەل ئەو  فۆرمە لە دینداریی سیاسیی، ئیخوانیی و سەلەفیی و ویلایەتی فەقیەدا، کە لەناوچەکەدا باڵادەستکراوە.   دواھەمین خاڵێک بمەوێت ھێمایەکی زۆر خێرای بۆ بکەم ئەمەیە: ھاتنەکایەی ئەم تاکەکەسە تازەیە، کە ھاوشانە بە مۆدێلێکی حوکمڕانیی داخراو و ئابورییەکی بەرخۆریی قۆرخکراو و توندەڕەویەکیی دینیی سیاسیی و سەلەفییانە، ھاوکات تێکەڵە بە دۆخی ”کەبتێکی جنسیی“ گەورە و بەرفراوان. نەوەیەک دروستبووە و نەوەیەکیش بەڕێوەیە دروستببێت، لەپاڵ زۆر شتی تردا توانای پێکھێنانی خێزان و دامەزراندنی ژیانێکی سێکسی ڕێکخراویان نییە. بەڵام ھاوکات مۆدێلێک لە پیاوانی دین و سیاسەت دەبینن، کە بەناوی نوێنەرانی خودا و کۆمەڵگاوە ئەدوێن، ژیانی سوڵتانە کۆنەکان دەژین و خاوەنی زیاد لە ژن و کەنیزەک و سەرجێیەکن. لەم ئاستەشدا دۆخێک لەئارادایە تەنھا دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی ئابوریی و دەسەڵاتی دینیی مۆنۆپۆڵ و قۆرخ نەکرابێت، بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆریش، چێژی سێکسی و توانای پەیوەندیکردن بە مێینەشەوە، مۆنۆپۆڵ و قۆرخکرابێت. بە کورتیەکەی، ئەم تاکەکەسە تازەیەی ناو مێژووی ئێمە ھاتۆتە ناو دونیایەکی تەواو قۆرخ و مۆنۆپۆڵکراوەوە، بۆیە پێکدادان و توندوتیژیی، وەک جۆرێک لە حەتمیەت و وەک قەدەرێکی مێژووی ناو ئەم دۆخە، دەردەکەوێت. 


  شیكاری: درەو: # هەرێمی كوردستان لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ (72 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو بەهاكەی (6 ملیار و 805 ملیۆن ) دۆلار بووە # لە چارەكی یەكەم داهاتی نەوت ( 3 ملیارو 63 ملیۆن ) دۆلار بووەو لە چارەكی دووەم ( 3 ملیارو 789 ملیۆن ) دۆلار بووە # لە چارەکی دووەمدا داهاتی فرۆشی نەوت (726 ملیۆن) دۆلار زیادی کردووە. # داهاتی نەوتی فرۆشراو بە پاڵاوگەکان بە ڕێژەی (168%) و  بڕی (21 ملیۆن و 609 هەزار) دۆلار کەمی کردووە.   # خەرجی تێچوونی پرۆسەی نەوت لە بە ڕێژەی (2.5%) زیادی کردووە و لە (56%)ەوە بووە بە (58.5%). # پارەی گەڕاوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم بڕی (228 ملیۆن و 144 هەزار) دۆلار زیادی کردووە بەراورد بە چارەکی یەکەم. یەکەم؛ بەراوردی نەوتی هەرێم لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022 1.    جیاوازی فرۆشی نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ (34 ملیۆن و 932 هەزار و 168) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بەڵام لە چارەکی دووەمدا بڕی (37 ملیۆن و 618 هەزار و 577) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بەم پێیەش لە چارەکی دووەمدا بەراورد بە چارەکی یەکەم (2 ملیۆن و 686 هەزار و 409) بەرمیلی نەوتی زیاتر فرۆشتووە. بەڵام بڕی ئەو نەوتەی کە فرۆشراوە بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ لە چارەکی یەکەمدا (409 هەزار و 37) بەرمیل بووەو لە چارەکی دووەمدا بریتی بووە لە (237 هەزار و 475) بەرمیل نەوت، بەم پێیەش بڕی (171 هەزار و 562) بەرمیل بە ڕێژەی (42%) کەمتری فڕۆشتووە بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ. 2.    جیاوازی بەهای نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022 پاڵپشت بە زانیارییەکان کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لە چارەکی یەکەمی (2022)دا لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلار. بەڵام کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لە چارەکی دووەمی (2022)دا لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە (3 ملیار و 776 ملیۆن و 446 هەزار و 251) دۆلار. بەم پێیەش لە چارەکی دووەمدا بەراورد بە چارەکی یەکەم (747 ملیۆن و 542 هەزار و 754) دۆلار لە داهاتی نەوت زیادی کردووە. هەرچی داهاتیشە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ لە چارەکی یەکەمی (2022) بەهاکەی بریتی بووە لە (34 ملیۆن و 453 هەزار و 394) دۆلار، بەڵام لە چارەکی دووەمدا بەهاکەی دابەزیوە بۆ (12 ملیۆن و 844 هەزار و 28) دۆلار و بە ڕێژەی (168%) و  (21 ملیۆن و 609 هەزار و 366) دۆلار کەمی کردووە.   3.    جیاوازی خەرجی نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022 لە چارەکی یەکەمدا بڕی (1 ملیار و 719 ملیۆن و 515 هەزار و 659) دۆلار بە ڕێژەی (56%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن، بەڵام لە چارەکی دووەمدا بڕی (2 ملیار و 217 ملیۆن و 305 هەزار و 4) دۆلار بە ڕێژەی (58.5%) چووە بۆ قەرز و خەرجییەکان. واتە لە چارەکی دووەمدا بە ڕێژەی (2.5%) خەرجی و پرۆسەی نەوتی هەرێم زیادی کردووە. 4.    داهاتی گەڕاوەی نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022 لە چارەکی یەکەمدا بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلار بە ڕێژەی (44%)ی داهاتی گشتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە چارەکی دووەمی (2022)دا بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن و 985 هەزار و 275) دۆلاری بە ڕێژەی (41.5%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت و بەم پێیەش، بڕی (228 ملیۆن و 144 هەزار و 43) دۆلار داهاتی نەوت زیادی کردووە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی و بە تێکڕا داهات گەڕاوە بە ڕێژەی (2.5%) دابەزییوە بە هۆی بەزبوونەوەی بەهای تێچون و خەرجی نەوتەوە. بڕوانە چارتی ژمارە (1) دووەم؛ نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی 2022 بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە (5/7/2022) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی کانونی دووەمی 2022 بۆ 31ی ئازاری 2022) بڕی (34 ملیۆن و 932 هەزار و 168) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە (86.73) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (100.44) دۆلار بووە. واتە لە چارەکی یەکەمی (2022) هەر بەرمیلێک نەوت بە (13.71) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە. هاوکات (409 هەزار و 37) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (34 ملیۆن و 453 هەزار و 394) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (84.23) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (3 ملیار و 63 ملیۆن و 356 هەزار و 891) دۆلار، لەو بڕەش (1 ملیار و 719 ملیۆن و 515 هەزار و 659) دۆلاری بە ڕێژەی (56%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەمی 2022 ئەگەر چی هێشتا دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت بڵاونەکراوەتەوە دەربارەی وردبینی دۆسیەی نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەمی (2022)، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە (23/9/2022)، زانیارییە سەرەکییەکانی پرۆسەی نەوتی هەرێمی بۆ ئەم ماوەیە خستووەتە ڕوو؛ بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی نیسانی 2022 بۆ 31ی حوزەیرانی 2022) بڕی (37 ملیۆن و 618 هەزار و 577) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (3 ملیار و 776 ملیۆن و 446 هەزار و 251) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە (100.38) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (113.54) دۆلار بووە. واتە لە چارەکی یەکەمی (2022) هەر بەرمیلێک نەوت بە (13.16) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە. هاوکات (237 هەزار و 475) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (12 ملیۆن و 844 هەزار و 28) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (54.08) دۆلار فرۆشراوە، بەم جۆرەش بێت نەوت بە نزیکەی نیوەی نرخی خۆی بە پاڵاوگە نەوتییەکان دراوە، ئەمەش جۆرێک لە پاڵپشتی حکومەت دەردەخات بۆ پاڵپشتی پاڵاوگەکان و پێداویستی ناوخۆ. هاوکات کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (3 ملیار و 789 ملیۆن و 290 هەزار و 279) دۆلار، لەو بڕەش (2 ملیار و 217 ملیۆن و 305 هەزار و 4) دۆلاری بە ڕێژەی (58.5%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن و 985 هەزار و 275) دۆلاری بە ڕێژەی (41.5%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ نەوتی هەرێم لە نیوەی یەکەمی 2022 پاڵپشت بەو داتایانەی هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی (2022)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی کانونی دووەمی 2022 بۆ 31ی حوزەیرانی 2022) بڕی (72 ملیۆن و 550 هەزار و 745) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (6 ملیار و 805 ملیۆن و 349 هەزار و 748) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕای (93.56) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی بە تێکڕا (106.99) دۆلار بووە. واتە لە نیوەی یەکەمی (2022)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە (13.43) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە. هەر بەپێی داتاکان (646 هەزار و 512) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (47 ملیۆن و 297 هەزار و 422) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (69.13) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (6 ملیار و 852 ملیۆن و 647 هەزار و 170) دۆلار، لەو بڕەش (3 ملیار و 936 ملیۆن و 820 هەزار و 663) دۆلاری بە ڕێژەی (57.4%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (2 ملیار و 915 ملیۆن و 826 هەزار و 507) دۆلاری بە ڕێژەی (42.6%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) سەرچاوە: كۆمپانیای دیلۆیت  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand