Draw Media

(درەو) دەقی پێشنیازەكانی هەرێم و وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاو دەكاتەوە

(درەو) دەقی پێشنیازەكانی هەرێم و وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاو دەكاتەوە

2023-02-25 11:00:54



درەو:
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە دەست (درەو) كەوتووە، فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق لە رۆژی 15/2/2023 وەڵامی پێشنیازەكانی هەرێمی كوردستان دەداتەوە سەبارەت بە یاسای نەوت و غاز و لەكۆی (15) پێنشیاز (10) پێشنیازی رەت دەكاتەوە. ئەو پێشنیازانە راستەوخۆ ئاراستەی وەفدی هەرێم نەكراوە، بەڵكو فەرمانگەی یاسایی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراقی كردووە، وەفدی دانوستانكاری بەغداد لەسەر بنەمای ئەو پێنشیازانە لەگەڵ وەفدی هەرێم دانوستان دەكات. 
وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم (نەوت بفرۆشێت، هێڵی بۆری نەوت‌و غازی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەبێت، یاسای نەوت‌و غازی هەرێم دوای هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جارێكی تر زیندوو بكرێتەوە)، ئەمانە وردەكاری گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەندە لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، حكومەتی هەرێم لە (15) خاڵدا پێشنیازی خۆی لەبارەی یاساكە خستوەتەڕوو، حكومەتی ناوەند (10) خاڵی پێشنیازەكانی هەرێمی رەتكردوەتەوە كە دەكاتە (67%)ی پێشنیازەكان.    


•      ماددەی 111ی دەستور
یەكێك لەو بنەمایانەی كە وەفدی حكومەتی هەرێم لە دانوستانەكانیدا بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غاز پێشكەشی وەزارەتی نەوتی عێراقی كردووە، پابەندبوونە  بە ماددەی (111)ی دەستوری عێراقەوە. 
ماددەی (111)ی دەستور دەڵێ" نەوت‌و غاز لە هەموو هەرێم‌و پارێزگاكان، موڵكی هەموو گەلی عێراقە". 
حكومەتی عێراق لەمەدا هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی هەرێم، چونكە پێوایە ئەم ماددەیەی دەستور بنەمایەكی باشی لەسەر موڵكایەتی نەوت‌و غاز دیاریكردووە‌و تایبەتمەندی بە هیچ لایەك نە حكومەتی ناوەندو نە حكومەتی هەرێم، نەداوە. 

•     ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ
لەبارەی دروستكردنی ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ لە یاسای نەوت‌و غازدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیازی كردووە دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ  ئەندامێتی ئەم ئەنجومەنە بە تەوافوق بێت لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم، رێگە بەوە نەدرێت ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە لایەنی جێبەجێكاری یاسا بن‌و دەڵێ كۆمپانیا نیشتمانییەكانی نەوت لایەنی جێبەجێكارن‌و تایبەتمەند نین لەبواری دانانی سیاسەت‌و بەڕێوەبردنی مۆڵەتەكان.
لەمەدا حكومەتی ناوەند هاوڕایە لەگەڵ پێشنیاری حكومەتی هەرێم‌و پێیوایە هاوتایە لەگەڵ بنەمای شەفافیەت‌و بێلایەنی لە بڕیاردان‌و رێگری لە بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان دەكات، بەڵام پێشنیاز دەكات دەسەڵاتی ئەوە بە ئەنجومەنی نەوت‌و غاز بدرێت میوانداری سەرۆكی كۆمپانیای نیشتمانی نەوت بكات لە خولەكانی دانیشتنی ئەنجومەنەكەدا، بەوپێیەی كۆمپانیای نیشتمانی نەوت لایەنی بەرپرسە لە جێبەجێكردنی یاسا.

•      پێدانی مۆڵەت
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، پێدانی مۆڵەتی (دۆزینەوە‌و دەرهێنان)ی نەوت لە دەسەڵاتی ئەو لایەنانەدا بێت كە لە دەستوردا دیاریكراوە، لەبەرامبەردا گرێبەستەكانی تایبەت بە كێڵگەكانی هەرێم بە تەنیا لە دەسەڵاتی هەرێمدا بێت، ئەمە پاڵپشت بە ماددەی (115)ی دەستور.
حكومەتی فیدراڵ ئەم پێشنیازە رەتدەكاتەوە‌و دەڵێ" دەستور دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی دۆزینەوە‌و دەرهێنانی نەوتی بە هیچ لایەك نەداوە، بەڵكو لە ماددەی 112دا نوسیویەتی حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بە ئیدارەدانی نەوت‌و غازی دەرهێنراوی كێڵگەكانی ئێستا.

•    دەسەڵاتی بەغداد بەسەر نەوتی هەرێمدا
  حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە بەڕێوەبردنی نەوت‌و غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی پێش جێبەجێكردنی دەستوری عێراق لە 2005، واتە ئەو كێڵگانەی ناویان لێنراوە "كێلگەكانی ئێستا"، بەشێوەیەكی هاوبەش بێت لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم.
حكومەتی ناوەند لەسەر ئەم پێشنیازەش قایلە، چونكە پێیوایە پێشنیازەكەی هەرێم گونجاوە لەگەڵ بڕگەی یەكەمی ماددەی (112)ی دەستوردا.
بڕگەی دووەم لە ماددەی (112)ی دەستور دەڵێ" حكومەتی فیدراڵی هەڵدەسێت بە ئیدارەدانی نەوت‌و غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی ئێستا لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان... ئەمە بەیاسا رێكدەخرێت".
ئەوەی لەم بابەتەدا وەكو سەرچاوەی ناكۆكی دەمێنێتەوە‌و دەبێت هەولێرو بەغداد رێككەوتنی لەسەر بكەن، شێوازی بەڕێوەبردنە "هاوبەش"ەكەیە.

•    گواستنەوەی خاوەندارێتیی !
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە لە یاسای نەوت‌و غازدا رێگا بە "گواستنەوەی خاوەندارێتی نەوت‌و غاز بدرێت بۆسەر كەسانی تر لە خاڵی رادەستكردندا".
(درەو) زانیویەتی، حكومەتی ناوەند لەم پێشنیازەدا لەگەڵ حكومەتی هەرێم ناكۆكە‌و دەڵێ ناكرێت بڕگەیەكی لەم شێوەیە لەناو یاسای نەوت‌و غازدا جێگیر بكرێت، چونكە پێچەوانەی ماددەی (111)ی دەستورە كە دەڵێ "نەوت‌و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە". 
حكومەتی عێراق پێشنیاز دەكات رێكخستنی بابەتی گواستنەوەی موڵكایەتی نەوت‌و غاز بەجێبهێڵدرێت بۆ ئەو گرێبەستانەی فرۆشتن كە بۆ ئەو مەبەستە ئیمزا دەكرێن. 


•    سیاسەتی نەوت‌و غاز
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە (ئەنجومەنی فیدراڵ)‌و (ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت‌و غاز) ئامادەكردنی سیاسەتی ستراتیژی نەوت‌و غاز بگرنە دەست.
حكومەتی ناوەند دژی ئەم پێشنیازەی حكومەتی هەرێمە، دەڵێ" ئەم پێشنیازە پێچەوانەی دەستورە‌و دەكرێت دەرگا بەڕووی دروستكردنی ئەنجومەن لە پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت بكاتەوە، سەرباری ئەمە دەبێتە هۆی فرەیی لەو لایەنانەی كە بەرپرسن لە دانانی ستراتیژیەتی گشتیی نەوت‌و غاز. 

•    كێ هەماهەنگیی دەكات ؟
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ ئەركی ئاسانكاری هەماهەنگیی لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم‌و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت (ئەوانەی لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون) بگرێتە ئەستۆ.
حكومەتی ناوەند لەگەڵ ئەم پێشنیازەدا هاوڕایە‌و دەڵێ دژی ئەوە نین بابەتی هەماهەنگیی لەناو ئەركەكانی ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵدا بێت. 

•    دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غاز
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، لە یاسای نەوت‌و غازدا ئەم دەسەڵاتانە بدرێت بە ئەنجومەنی نەوت‌و غاز لە هەرێمەكاندا:
•    دانانی بنەما گشتییەكانی سیاسەت‌و پلانی نەوت لە هەرێمەكاندا، بەتەنیا خۆی ئەم دەسەڵاتەی هەبێت. 
•    پەسەندكردنی گرێبەستەكانی نەوت لە هەرێمدا. 
•    دیاریكردنی ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمدا. 
حكومەتی ناوەند دژی ئەم پێشنیازەیە، دەڵێ دروستكردنی ئەنجومەنی نەوت‌و غاز لە هەرێمدا بەواتای فرەیی دێت لەسەرچاوەی بڕیاردا، دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە دەرگای لەسەر دروستبوونی ئەنجومەنی هاوشێوە لە پارێزگاكاندا (ئەوانەی لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون) دەكاتەوە‌و پێچەوانەیە لەگەڵ بیرۆكەی دامەزراندنی ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ. 


•    میكانیزمی پەسەندكردنی گرێبەستەكان
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، هەرێم ئیمزا لەسەر مۆڵەتی دۆزینەوەكانی نەوت بكات‌و دواتر بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ‌و ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەرێم، ئەگەر ناكۆكی هەبوو لەبارەی گرێبەستەكەوە، بڕیاری كۆتایی لەو گرێبەستانەدا كە لەچوارچێوەی دەسەڵاتی هەرێمدان، بۆ ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەرێم بێت. 
حكومەتی ناوەندیی ئەم پێشنیازەی رەتكردوەتەوە، دەڵێ" دژی ئەمەین، چونكە پێشتر ئێمە پێكهێنانی ئەنجومەنی نەوت‌و غازمان لە هەرێم رەتكردوەتەوە". 

•    چاودێری پرۆسەكانی نەوت‌و غاز 
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، خۆی بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ ئیدارەی پرۆسەكانی تایبەت بەو كێڵگانە بدات كە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش جێبەجێكردنی دەستور‌و حكومەتی هەرێم سەرپەرەشتی هەموو پرۆسە نەوتییەكان لەناو هەرێمدا بكات، ئەمە پاڵپشت بە ماددەی (115)ی دەستور.
حكومەتی ناوەند لەوەدا هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی هەرێم كە بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئیدارەی كێڵگەكانی بەر لە جێبەجێكردنی دەستور بدات لە هەرێم، بەڵام دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم سەرپەرەشتی پرۆسەكانی نەوت بكات‌و دەڵێ" بەگوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی 112ی دەستور، ئیدارەدانی نەوت‌و غاز دەبێت هاوبەش بێت". 

•    سیستەمی دارایی
حكومەتی هەرێم پێشنیازی ئەوەی كردووە لەڕووی داراییەوە پشت بە (یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007) ببەستێت.
حكومەتی ناوەند ئەم پێشنیازەی رەتكردوەتەوە، دەڵێ" ناكرێت پشت بە یاسایەك ببەسترێت كە دادگای باڵای فیدراڵی هەڵیوەشاندوەتەوە".

•    گواستەوەی نەوت 
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، بەگوێرەی دەستور خاوەندارێتی تۆڕەكانی بۆری گواستنەوەی نەوتی خاو رێكبخرێت‌و هەرێم‌و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، مافی ئەوەیان هەبێت هێڵی بۆری نەوت‌و غاز دروست بكەن‌و خاوەندارێتی لێ بكەن، لەچوارچێوەی بازنەی ئیداری تایبەت بەخۆیاندا. 
حكومەتی ناوەند دژی ئەم پێشنیازەیە، دەڵێ" دەستور نوسیویەتی كە خاوەندارێتی نەوت‌و غاز بۆ گەلی عێراقە‌و رەشنوسی یاساكە گەرەنتی ماددەیەكی كردووە كە دەڵێ: خاوەندارێتی هێڵەكانی بۆری نەوت‌و غاز بۆ حكومەتی فیدراڵییە، بەوپێیەی خزمەتگوزاری گشتین‌و دەبێت بۆ خزمەتی گشتیش بن، ئەمە پاڵپشت بە بنەما گشتییەكانی هاتوو لە یاسای مەدەنی عێراقدا.

•    كێ نەوت بفرۆشێت ؟ 
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، هەرێمی كۆمپانیایەكی بەبازاڕخستنی تایبەت بەخۆی هەبێت‌و داهاتی نەوتی خاو بخاتە حسابێكی نێودەوڵەتییەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدا بێت‌و داهاتی فرۆشی نەوتی حكومەتی فیدراڵیش بخرێتە حسابێكی ترەوە.
حكومەتی ناوەند ئەم پێشنیازەشی رەتكردوەتەوە‌و دەڵێ" ئەم پێشنیازە پێچەوانەی یاسای رێكخستنی وەزارەتی نەوت‌و پەیڕەوی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتە، كە بەتەنیا ئەو خاوەنی دەسەڵاتە لە فرۆشتنی نەوتی خاودا، هەروەك پێشنیازەكە پێچەوانەی حوكمەكانی یاسای ئیدارەی دارایی‌و یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵە كە دەڵێ دەبێت هەموو داهاتەكانی فرۆشی نەوتی خاو بخرێتە حسابێكەوە كە بۆ ئەو مەبەستە دەكرێتەوە". 

•    هەڵوەشاندنەوەی یاسا دژەكان !
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، چارەسەری بارودۆخی ئێستا بكرێت‌و هەموو ئەو یاسایانە هەڵوەشێندرێنەوە كە دژن لەگەڵ یاسای نوێی نەوت‌و غازدا (لەحاڵی پەسەندكردنیدا)، یاساكە هەندێك حوكمی ئینتقالی لەخۆبگرێت بۆ چارەسەری دۆخی ئێستای هەرێم، لەماوەیەكی زەمەنی گونجاودا، ئەمە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی كە پێچەوانەی دەستورن. 
حكومەتی ناوەند لەمەدا هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و دەڵێ لە رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازدا بە ماددەیەك زامنی ئەوە كراوە هەموو ئەو یاسایانە هەڵوەشێتەوە كە دژن لەگەڵ ئەم یاسا نوێیەدا. 


     

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand